سەعیدى كوردی نوورسى لە سیاسەتەوە بۆ ڕزگاركردنی ئیمان
نووسینی: حەمزە محەمەد ساڵح
پێشەکی
لە ناو کورد چەندین زانا و کەسایەتى گرنگ هەیە کە لەسەر مەسەلەى کورد و کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتى، سیاسییەکانى کورد قسەیان کردووە. یەکێک لەو کەسایەتییە گرنگانە سەعیدى نوورسییە، لەگەڵ ئەوەى لە ناو زۆرینەى سەرچاوەکاندا بە سەعیدى نوورسى ناسراوە، بەڵام نیوەى تەمەنى بە ناوى سەعیدى کوردییەوە چالاکى ئەنجام داوە. بەشێوەیەکى گشتى ژیانى سەعیدى کوردى دەکرێت بە دوو سەردەمەوە، سەردەمى سەعیدى کۆن و سەردەمى سەعیدى نوێ. کە دەکرێت بوترێت سەعیدى سیاسى و سەعیدى ئیمانى. کە تاوەکو ڕاگەیاندنى کۆمارى تورکیا ژیانێکى سیاسى هەبووە، بەڵام دواتر خۆى بۆ پەروەردەکردنى قوتابییەکانى تەرخان کردووە. کە لە زۆرێک لە سەرچاوە و نووسینەکاندا ئەو هەوڵانەى لەسەردەمى ژیانى سیاسیدا بۆ مەسەلەى کورد داوێتى پشتگوێ خراوە. کە سەعیدى کوردى هەوڵى داوە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى کورد و کۆمەڵگەى کوردى بخاتە ڕوو. چونکە لە خەمى مەسەلەى کورددا بووە. لەم توێژینەوەدا بە کورتى ئاماژە بە ئەو هەوڵانەى سەعیدى کوردى دەکەین کە بۆ مەسەلەى کورد داوێتى.
پوختەیەک لە ژیاننامەی سەعیدی کوردی
سەعیدی نوورسی، یاخود کوردی ساڵی ١٢٩٥ى کۆچی بەرامبەر ١٨٧٨ز لە گوندی نوورسی سەر بە قەزای هیزانی پارێزگای بەدلیس لە دایک بووە. باوکی ناوی سۆفی میرزا و دایکی ناوی نووری خانم بوو(1). سەرەتای خوێندنی لە لای مەلا عەبدوڵڵاى برا گەورە، گوندەکەی خۆیان و مەدرەسەکانی دەوروبەری بووە. سەعید نووسی قوتابییەکی زۆر زیرەک و وریا بووە و بە خێرایی لە وانەکان تێدەگەیشت، هەر بۆیە زوو زوو مامۆستاکانی دەگۆڕی. لە کۆتاییدا و لە ساڵی ١٨٩٢ لە سەر دەستی شێخ محەممەد جەلالی، کە هێشتا تەمەنی ١٤ ساڵ بوو لە دۆغوبەیازید ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت(2) . دوای وەرگرتنی ئیجازە، دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان و ماوەیەک لای شێخ ئەمین ئەفەندی وانە دەخوێنێت(3) . دواتر چووە بۆ چاوپێکەوتنی مەلا فەتحوڵڵا ئەفەندی لە سیرت و هەموو پرسیارەکانی مەلا فەتحوڵڵای بەجوانی و بە ڕاستی وەڵام داوەتەوە. دواتر لەلایەن عومەر پاشای والی بەدلیسەوە بانگهێشتى خانەکەى دەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. ماوەیەکیش لاى حەسەن پاشای والی شارى وان دەمێنێتەوە. بەرهەمدارترین کاتی سەعید نرووسی ئەو کاتە بووە لە سەردەمی تاهیر پاشای والی واندا بوو، چونکە سوودێکی زۆری لە کتێبەکانى کتێبخانەکەی وەرگرت. ئەو ماوەی کە لە کتێبخانەکەدا بووە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە زۆرێک لە کتێبەکانی زانستەکانی دیکە بخوێنێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات. هەر بۆیە لەو بڕوایەدا بووە پێویستە زانستەکانی ناو مەدرەسە ئایینییەکان نوێبوونەوەی تێدا بکرێت. هەر لەم بارەوە سعیدى نوورسى لە خەیاڵی دروستکردنی مەدرەسەیەکدا بوو بە ناوی مەدرەسەى زەهرا یاخود زانکۆی زەهرا، کە تێیدا زانستە ئایینییەکان و زانستەکانی دیکەی پێکەوە بخوێنرێت. لەگەڵ زمانى کوردى زمانەکانى عەرەبى و تورکیشى تێدا بخوێنرێت، کە زمانى عەرەبى واجبە، کوردى جائیزە و تورکى لازمە(4). لەم بارەوە بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بخاتە بەردەم سوڵتان عەبدولحەمید، بڕیاری دا بچێت بۆ ئیستەنبوڵ. ئەم مەبەستەش بۆ ئاسانکاری چاوپێکەوتنی سەعیدی نووسی لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیددا، تاهیر پاشا نامەیەکی دا بە سەعیدی نووسی(5). دوای گەیشتی بە ئیستەنبوڵ لە ساڵى ١٩٠٧، لە نزیک مزگەوتى فاتیح ژورێک بەکرێ دەگرێت و بە وتنەوەی وانەکان بە زاناکانی ئەو سەردەمە، دەتوانێت قبووڵی خۆی بە دەست بهێنێت(6). بەڵام لەبەرئەوەی هەم داواى کردنەوەی ئەو مەدرەسە دەکرد و هەم لەبەر چاونەترسییەکەی بەرامبەر بە زانایانی ئەو سەردەمە، بە بەهانەی ئەوەی کە عەقڵی لەسەر خۆی نییە، بۆ نەخۆشخانەی مێشکى تۆپتاشی ناوچەى ئوسکودار نێردرا. بەڵام لە کۆتاییدا و لە ڕاپۆرتى پزیشکدا هیچ گرفتێکى نەدۆزرایەوە(7). دواتر لەلایەن شەفیق پاشای وەزیری ئاسایشەوە بەڵێنى بڕی هەزار قروش وەک موچەی مانگانەی بۆ دامەزراندنى وەک مامۆستا لە ناوچەکانی خۆیان پێدرا، بەڵام سەعیدی نوورسی ئەم موچەیەی ڕەت کردەوە و وتی، من بۆ وەرگرتنی خێر و خێرات نەهاتووم بۆ ئیستەنبوڵ، بەڵکو بۆ چاککردنی سیستمى پەروەردە هاتووم(8) . لەبەر ئەم هەڵوێستانە بۆ ماوەیەک دەستگیر کرا، دواتر لە ڕاگەیاندنی مەشروتیەتی دووەمدا ئازاد کرا و لە مەیدانی ئازادی سەلانیک لە ڕێكەوتی ٢٦ى تەمووزی ١٩٠٨ دژی ستەمکاری و دیکتاتۆری و باسکردن لە ئازادى وتارێکی دا. لەگەڵ ئەوەی لەم ماوەدا زانیاری زۆری لە بارەی ژیانییەوە نییە، بەڵام گریمانەی ئەوە دەکرێت کە پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقیدا هەبووبێت و لە نووسینەکانی ئەو سەردەمەیدا باسی لەم کۆمەڵەیە کردووە، کە ئەمانە ژیانی ئایینی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت نوێ دەکەنەوە. بەڵام کاتێک بینی ئەم کۆمەڵەیە لەم ئامانجە دوور کەوتووەتەوە، بە تەنیا لەگەڵ ئەنوەر پاشادا پەیوەندى هێشتەوە. سەعیدى نوورسى تاوەکو ڕووداوی ٣١ی ئازار بۆ جێگیرکردنی هزرى بەڕێوبردنی مەشروتیەت و ئازاد بەچڕى چالاکی دەکرد لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای وا بووە خەڵکی ناوچە کوردییەکان هێشتا ئامادەی وەرگرتنی ئەم هزرە نین، هەر بۆیە لە ئیستەنبوڵ باسی سوودەکانی ئازادی و سیستمی بەڕێوبردنی و بەشداریکردنی دەکرد(*) ، لەم بارەوە چەندین نووسینی بڵاوکردەوە. دواتر ئیستەنبوڵ بەرەو بۆ ئینەبۆڵ و لەوێوە بەرەو ڕیزە و باتۆم و تیفلیس بەجێ دەهێڵێت(9). لە مانگی یەکی ١٩١٠ چووە بۆ شاری وان و بە ناو عەشیرەتە کوردییەکاندا دەگەڕا و زاراوەکانی مەشروتیەت، ئازادی، ستەمکاری، ڕاوێژ و شوورای بۆ ڕوون دەکردنەوە(10). لێرەدا دووبارە باسی کردنەوەی مەدرەسەی زەهرای کردەوە. پاشان بۆ ئەم مەبەستە لە دیاربەکر، ئورف و کلیسەوە چووە بۆ شام، لە شام لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ زانا دیارەکانی شامدا چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە. لە شام لە مزگەوتی ئومەوییەکان وتاری هەینی خوێندووە. دواتر لە شامەوە چووە بۆ بەیرووت و لەوێشەوە بۆ ئیستەنبوڵ گەڕاوتەوە. لە دوای گەڕانەوەی بەشداری گەشتێکی لەگەڵ دەستەکەی سوڵتان مەحموود ڕەشاد کرد، کە بۆ سەلانیک، ئوسکوپ، پرشتینەوە و کۆزۆفە ڕێکخرابوو. ئەم گەشتە بە گەشتی ڕومێلی ناسراوە. گەشتەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کە بەڵقانەکان تێی کەوتبوون. سوڵتان مەحموود ڕەشاد بڕیاری دابوو دارولفنونێک لە کۆنسۆفەکە بکاتەوە. بەڵام بە هۆی جەنگی یەکەمی بەڵقانەکانەوە، کە تێیدا دەوڵەتی عوسمانی کۆرسۆفۆی لە دەستدا. هەر بۆیە سەعید نووسی ئەمەی بە هەل زانی و داوای کرد کە ئەو مەدرەسەی پێشتر داوای کردبوو، بکرێتەوە. داواکەی قبووڵ کرا و گەڕایەوە، ساڵى ١٩١٢ لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری تاهیر پاشای والی وان لە کەناری دەریاچەی وان بەردی بناغەی مەدرەسەکە دانر،. بەڵام بەهۆی دۆخی کەشوهەوا لە زستاندا، بڕیاری ڕاوەستانی درا. لەم ماوەدا تاهیر پاشا بەهۆى نەخۆشییەوە دەچێتە ئیستەنبوڵ و لەوێ کۆچى دواى دەکات. لە شوێنى ئەو تەحسین پاشا دادەنرێت و بڕیاریدا تاوەکو بیناکەی تەواو دەبێت، مەدرەسەی هۆڕهۆڕ، کە لە ناو قەڵای واندایە، پێشکەش بە سەعید نووسی بکرێت. لێرە بە دواوە سەعید نوورسی زۆرینەی کاتەکانی لەم مەدرەسەدا بەسەر بردووە. بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە دووبارە کارکردن لە مەدرسەکەدا وەستایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا خۆی و هەندێک لە قوتابییەکانی بەشداری جەنگی جیهانی یەکەمیان کرد. هەر لێرەدا تەفسیری ئیرشادولجوزئی نووسیوە. ساڵی ١٩١٥ ئەرکی پاراستنی بەدلیس و مووش بە ئەو سپێردرا و بە سێ بۆ چوار هەزار کەسەوە خۆبەخشانە لە وان، بەدلیس و مووش بەرامبەر ئەرمەن و ڕووسەکان وەستایەوە. لەم جەنگانەدا زۆرێک لە قوتابییەکانی لە دەستدا و خۆی بریندار دەبێت. لە بەدلیس لەلایەن ڕووسەکانەوە بە ئەسیر دەگیرێت و ڕەوانەی کۆستۆرمای قەراغی ڕووباری ڤۆڵکا دەکرێت. دوای مانەوەی دوو ساڵ لەوێ هەڵدێت و لە ڕێگەی نەمسا و ئەڵمانییەوە دێتەوە بۆ ئیستەنبوڵ. بەڵام کە دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕدا شکستی هێنا و دەوڵەت داگیر کرا، سەعیدى نوورسى تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر بووەوە و چەندین هەوڵی بۆ ڕزگارکردنی جیهانی ئیسلامی دا و لە ڕۆژنامەکاندا لە ڕێگەى نووسینەوە خەڵکى لە دژى ستەکارى و داگیرکارى ئینگلیز هۆشیار دەکردەوە(11).
کاتێک خەڵکی ناوچە کوردییەكان بەرامبەر داگیرکەر وەستانەوە، شێخی ئیسلام دوڕی زادە عەبدوڵڵا لەسەر ئەم بابەتە فەتوای دا، بەڵام سەعید نوورسی وتی، ئەم فەتوایە هیچ بنەمایەکى نییە، چونکە وەستانەوە و شەڕکردن بەرامبەر دوژمن، لە ڕێ دەرچوون نییە. دواتر بانگهێشتی مەجلیسی ئەنقەرە دەکرێت و لە مەجلیسەکەدا باسی ڕۆڵی هەستی ئایینی خەڵکی کرد لە سەرکەوتنی شۆڕشی سەربەخۆی تورکیادا. تاوەکو ئێرە بە سەردەمى سەعیدى کۆن ناسراوە، چونکە تاوەکو ئەم سەردەمە سەعیدى نوورسى ویستویەتى لە ڕێگەى سیاسەتەوە خزمەت بکات. بەڵام کاتێک بینى لە ڕێگەی سیاسەتەوە ئەم ئامانجەى بەدی نایەت، وازی لە کاری سیاسی دەهێنێت و خۆی بۆ تەقوا یەکلایی دەکاتەوە و دەیەوێت لە ڕێگەى ئیمان و ڕزگارکردنى ئیمانى خەڵکییەوە بگات بە ئامانجەکەى(12). لێرە بە دواوە بە سەردەمى سەعیدی نوێ دەناسرێت. واتە سەعیدی کۆن لە نێوان ١٨٧٨ – ١٩١٨ بە سەردەمى سەعیدى کۆن و لە نێوان ١٩٢٣-١٩٥٠ بە سەردەمى سەعیدى نوێ دانراوە. لێرە بە دواوە بە سێیەمین سەردەمی سەعید نووسی ناسراوە. بەڵام لە ڕوانگەی فکرییەوە گۆڕانکاری قووڵی بە سەردا نەهاتووە(13).
لە بەهاری ١٩٢٣ سەعیدی نوورسی ڕووی لە شاخی ئیرەک لە پارێزگای وان کرد، خۆی لە هەوڵە سیاسییەکان بە دوور گرت و بڕیاری دا خۆی بۆ پەروەردەکردنى قوتابییەکان تەرخان بکات. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە وان مایەوە، بەڵام کاتێک لە ساڵى ١٩٢٥ شۆڕشی شێخ سەعید هەڵگیرسا، نوورسی لە وانەوە بۆ ئەرزڕۆم و لە ڕێگەی کارە دەینیزەوە بەرەو ئیستەنبوڵ نێردرا. لە هاوینی هەمان ساڵ بۆ بوردور دوورخرایەوە. لێرەدا دەست بە نووسینی ڕیسالەی نوور واتە پەیامەکانی نوور دەکات.(14) لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە قوتابییانی پەروەردە دەکرد، ئەمەش بوو بە سەرەتای دەستپێکردنی ژیانێکی پڕ لە ئاوارەیی، دادگا، ئەزیەت و ئەشکەنجە. لە بەهاری ساڵی ١٩٢٦ لە بوردوەرەوە بۆ گوندی بارلاى ئیسپارتا دوورخرایەوە. بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەم گوندە مایەوە و بەشێکی زۆری لە پەیامەکانی نووری لەم گوندەدا نووسی. لە هاوینی ١٩٣٤ بۆ ئیسپارتا گوازرایەوە. لە ٢٧ى ٤ى ١٩٣٥ لەگەڵ سەد لە خوێندکارەکانی بەهۆی کۆمەڵێک تۆمەتى وەک دروستکردنی گرووپی نهێنی، کارکردن دژی ڕژێم، هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی بنەماکانی کۆمار و هەڵسوکەوتکردن دژی عەلمانییەت دەستگیر كرا و ڕەوانەی گرتوخانەی شارى ئێسکی شەهیر دەکرێت. لە دادگای ئێسکى شەهیر بەرگرییەکى زۆرى لە خۆی کرد و دواتر بەرهەمێکی بە ناوی لیماکانەوە بڵاو کردەوە. دواتر لێرەوە و بەرەو کاستۆمۆنۆ دەنێرێت. هەشت ساڵ دەمێنێتەوە. پاشان لە ٢٥ى٩ى١٩٤٣ لە پشکنینێکی پۆلیسدا بە بیانووی ئەوەی پێچەوانەی کتێبەکانی یاسایە دەگیرێت و ڕەوانەی دەینیزلى دەکرێت. سەعید نوورسی لە دەینیزلی لەگەڵ ١٢٦ لە قوتابییەکانى، کە لە شارەکانی ئیسپارتا و کاستۆمۆنۆ شارەکانی دیکەوە هێنرابوون، دادگایی کران. بەڵام لە دادگاکەدا بە هۆی ئەوەی لە پەیامەکانی نووردا بابەتی سیاسی، تەریقەت، گرووپ و .. هتد تێدا نەبوو، بەڵکو تەنیا باسی ئیمان و قورئان بوو، ئازاد دەکرێن. لە ١٩٤٤ دووبارە ئاوارەی ئافیۆن و ئەمیرداخ کرا. دواتر و دوای چوار ساڵ هەم دیسان دەگیرێت و دەکرێتە گرتوخانەی ئافیۆن، لێرە بۆ ماوەی بیست مانگ دەمێنێتەوە(15). دواتر ئازاد دەکرێت و دەنێردرێتەوە بۆ ئەمیرداغ. لە ١٤ى ٥ى ١٩٥٠ کاتێک پارتی دیموکرات هاتە سەر دەسەڵات، ئیتر سەعیدی نوورسی هاتەوە ناو کۆمەڵگە و بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بیر و بۆچوونەکانی بە ناو خەڵکیدا دەگەڕا. ساڵی ١٩٥٢ بۆ یەکەمجار لە ئیستەنبوڵ کتێبێکی بە زمانی لاتینی تورکی بە ناوی ڕابەری گەنجان بڵاوکردەوە، بەڵام بە تۆمەتى ئەوەی ئەم کتێبە دژی عەلمانییەتە، دووبارە درایە دادگا و پاشان ئازاد کرا. دواتر لە گۆڤاری سەبیلو ڕەشاد هەندێک نووسینی بڵاو کردەوە و دەڕۆیشتە هەر زانکۆیەک لەگەڵ گەنجاندا کۆدەبووەوە و باسی ئیسلامی بۆ دەکردن. بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنیەوە ئەم چالاکییانە کاریگەری خستە سەرتەندروستی. لەگەڵ ئەوەی نەخۆشییەکەی زۆر قورس بوو(16)، لەسەر داوای خۆی هێنرایەوە بۆ شارى ئورفە و لە ٢٣ى ٣ى ١٩٦٠ لە یەکێک لە هۆتێلەکانى شار ئورفە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانى خەلیل عەبدولڕەحمان بەخاک دەسپێردرێت. بەڵام دواتر بەهۆى ئەوەى کەسانێکى زۆر دەهاتن بۆ سەردانى گۆڕى سەعیدى نوورسى، کاربەدەستانى حکومەت بە هاوکارى عەبدولمەجیدى براى سەعیدى نوورسى، لە ١٢ى تەموزى ١٩٦٠ گۆڕەکەیان هەڵگرت و بەرەو ئیسپارتایان برد، کە تاوەکو ئێستاش نازانرێت لەکوێ نێژراوە(17).
بەرهەمەکانی سەعیدی نوورسی
سەعید نووسی هەر پەیامێکی لە کاتێکی جیاواز و لەسەر بابەتێکی جیاواز نووسیوە، بەڵام دواتر هەموویان ڕێکخران و بە ناوی پەیامەکانی نوورەوە بڵاوکراونەوە. بە گشتی چوار کتێبی گەورەی لە ژێر ناوەکانى وتەکان، نامەکان، لیماکان و شوعەکان بڵاوکردووەتەوە. جگە لە نووسینە عەرەبییەکانی، هەموو لە دوو بەرگدا بە ناوی کولیات و پەیامەکانی نوور بڵاوکردووەتەوە(18). سەعیدی نوورسی لە بەرهەمەکانیدا چەندین ناوی بە کارهێناوە لەوانە (سەعیدی نوورسی، سەعید کوردی، مەلا سەعید کوردی، بەدیعوزەمان سەعید کوردی، بەدیعوزەمان مەلا سەعید کوردی، مەلا سەعیدى مەشهوور و سەعید نوورسى). کە تا ڕاگەیاندنى کۆمارى تورکیا، لە بەرهەمەکانیدا سەعیدی کوردی بەکار هێناوە.(19) دواتر کە واز لە ڕێگەى سیاسەت دێنێت و خۆى بۆ پەروەردەکردنى قوتابییەکانى تەرخان دەکات، لە بەرهەمەکانیدا زیاتر ناوى سەعیدى نوورسى بەکاردەهێنێت، بەڵام لە ناوەڕۆکى بەرهەمەکانیدا لە چەندین شوێن ناوى کورد، کوردى، کوردستانى بەکارهێناوە. ئەمەش بەماناى ئەوە دێت کە شانازى بە نەتەوەى خۆیەوە کردووە و کوردبوونى خۆى نەشاردووەتەوە.(20) هەر بۆیە بەرهەمەکانیشى بەسەر دوو سەردەمەکەى ژیانیدا دابەش دەکرێت. بەرهەمەکانى سەعیدى کۆن، یان سەردەمى عوسمانییەکان بریتین لەو بەرهەمانەى کە زیاتر ناوەرۆکێکى سیاسى و کۆمەڵایەتییان هەیە. ئەو بەرهەمانەش کە لە سەردەمى سەعیدى نوێدا، واتە سەردەمى تورکیاى نوێدا نوسراون، ئەو بەرهەمانەن کە زیاتر باسى قورئان و ئیمان دەکەن.(21) بەرهەمەکانى سەردەمى سەعیدى کۆن بریتین لە (عورفى دیوانى حەربى ١٩٠٩، خوتبەى شامییە ١٩١١، دەوائول یەس، ١٩١١، مونازەرات ١٩١١، موحاکەمات ١٩١١، ڕەچەتەتول عەوام ١٩١١، ڕەچەتەتول هەوەس ١٩١٢، نوتوق ١٩١٢، تشخیصولعیلەت ١٩١٢، ئیشارەتول ئیعجاز فى مازەنى ئیعجاز ١٩١٤، تائریخى حەیاتى بەدیع زەمان ١٩١٩، نقتەتول من نورى ماریفەتوڵڵا ١٩١٩، جەوهەرەکانى حەقیقەت ١ – ١٩٢٠، سنوعات ١٩٢٠، حتوواتى سیتە ١٩٢٠، جەوهەرەکانى حەقیقەت ٢- ١٩٢١، قزڵ ئیعجاز ١٩٢١، لەممات ١٩٢١، شوعات ١٩٢١، ڕموز ١٩٢١، تڵوعات ١٩٢١، ئیشارات ١٩٢١، قەترە ١٩٢٢، زەیلول قەترە ١٩٢٢، حەببە ١٩٢٢، زەیلول حەببە ١٩٢٢، زەڕە ١٩٢٢، شەممە ١٩٢٢، زەیل ١٩٢٢، زەهرە ١٩٢٣، زەیلى زەهرە، ١٩٢٣، حەببە ١٩٢٣، زەیلول حەببە ١٩٢٣) (22).
بەرهەمەکانى سەعیدى نوێش بریتین لە: (التفکور الإمان الرفى ١٩١٨، یەکەمین دەرگاى نوور ١٩٢٥، وتەکان ١٩٢٦، مەکتوبات ١٩٢٩، لائیقەى بارلا ١٩٢٦، لێماکان ١٩٣٢، شوعاکان ١٩٣٦، لائیقەى کاستامۆنۆ ١٩٣٦، لائیقەى ئەمیرداغ ١- ١٩٤٤، لائیقەى ئەمیرداغ ٢- ١٩٤٩، کلیلێکى نوورى عالەم ١٩٥٣(23) .
سەعیدی نوورسی و بزووتنەوەی نوورییەکان
سەعید نووسی سەرەتا لەگەڵ ئەوەی کاریگەری گەورەی لە تورکیادا هەبووە، بەڵام لە جیهانی ئیسلامیدا کاریگەری ئەوتۆی نەبوو. چونکە لە دوای وەفاتی تاوەکو ساڵی ١٩٨٠ بەرهەم و قوتابییەکانى خرابوونە ژێر چاودێری وردەوە و قوتابییەکانی خاوەنی ئەو توانایە نەبوون گەشە بە بۆچوون و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بدەن. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کارکردن و بەستنی کۆنفرانس لەسەر بۆچوونەکانی، لە دوای ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆرێک لە زانکۆکاندا ماستەر و دکتۆرای لەسەر نووسراوە و لە هەندێک لە زانکۆکانی دەرەوەش چەندین کورسی بە ناوی ئەوەوە کرانەوە. لە دوای مردنی سەعیدی نوورسی شەیدایان و قوتابییانی سەعیدی نوورسی بە نوورییەکان و دواتر وەکو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدا. بزووتنەوەی نوورییەکان جگە لەوەی وەکو بزووتنەوەکانی دیکەی دونیایە، بەڵام ئەوەی ئەم بزووتنەوەی لە بزووتنەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، بریتییە لەوەی ئەم بزوتنەوە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە، نەک سیاسی. بزوتنەوەی نورییەکان خاوەنی چەند بنەمایەکی سەرەکین، کە هەڵقوڵاوی پەیامەکانی نوورن، ئەوانیش بریتین لە برایەتی، ئیخلاس، شەفەقەت و تەفەکوور. ئەم بنەمایانە سەعید نوورسی لە ئاوارەیی و لە ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی بارلای ئیسپارتا نووسی. کاتێک لەوێ بوو ژمارەی قوتابییەکانی زۆر بوون و بیری لە دروستکردنی گرووپێک، یان جۆڵانەوەیەکی گەنجان کرد بە ناوی ئیسڵاح(24). لەم سەردەمەدا لەلایەن قوتابییەکانییەوە ئەو بەرهەمانەی کە سەعیدی نوورسی نوسیبوونی بە دەست دەیان نووسییەوە بە هەموو لایەکی تورکیادا بڵاویان دەکردەوە. هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە ئەو نووسین و نامانەی بۆ قوتابییەکانی ناردبوو، ئاماژەی دروستکردنی ئەو گرووپەی تێدابوو.(25)
بزوتنەوەى نورییەکان بریتین لە شەیدایان و شوێنکەوتوانى سەعیدى نوورسى و لە پەیامەکانى نوورەوە بنەما سەرەکییەکانیانى خۆیانیان دادەڕێژن. ئەگەر لەسەرەتادا ئەم وشەیە لەلایەن دەوڵەتەوە وەکو بێڕێزى بەکارهێنرابێت ئەوا ئێستا بووە بەناوى سەرەکیان. کە بە شێوەیەکی گشتی بزوتنەوەى نوورییەکان لە چەندین گروپى وەکو (یازجلار، ئۆکۆیوجولار، یەنى ئاسیا، مەشوەرەت، کرکنجى هۆجا، کوردئۆغڵو، نەسیل) پێکهاتووە.(26) دروستبوونی بزووتنەوەی نوورییەکان بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە. لە قۆناغی یەکەمدان لە نێوان ساڵی ١٩٢٦-١٩٣٤، واتە دەرکەوتنی ئاماژەکانی بزووتنەوەکەیە لە نووسین و نامەکانی سەعیدی نوورسی-دا. قۆناغی دووەم بریتییە لە قۆناغی تاوەکو مردنی سەعیدی نوورسی، واتە لە نێوان ساڵی ١٩٣٥-١٩٦٠ کە تێیدا وردە وردە بزووتنەوەکە و سەرەتای دروستبوون دەرکەوت. قۆناغی سێیەم بریتییە لە ساڵی ١٩٦٠-١٩٨٠ و دواتر، کە تێیدا بزووتنەوەکە شێوەی گرووپی وەرگرت. بزووتنەوەی نوورییەکان زیاتر لە قۆناغی دووەمەوە دەرکەوتن، چونکە لێرە بە دواوە ئیتر بزووتنەوەکە وەکو گرووپێک بە نهێنی دژی حکومەت کاریان دەکرد و دەستگیر دەکران. لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەیەک بوو بە خاوەنی تایبەتمەندی خۆی. ئەگەر لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا سەعیدی نوورسی لە کۆمەڵگە دوودەخرایەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا قوتابییەکانیشی دووردەخرێنەوە. هەر بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی بەرامبەریان دەکرا، پێویستیان بە دروستکردنی گرووپێک، یان سەرکردەیەک هەبوو. ئەگەر لە سەرەتادا شوێنکەوتوان و قوتابیانی سەعیدی نوورسی ناوێکی تایبەتیان نەبووبێت، بەڵام ڕوانگە و هەڵوێسەکانیان بەرامبەر ڕووداوەکان شێوەی گرووپێکی وەرگرت. بزووتنەوەی نوورییەکان تاوەکو ساڵی ١٩٥١ ناوی نووریان لە خۆیان نەنابوو، بەڵام لە یادەوەری یەکێک لە قوتابییەکانیان بە ناوی بایرام یوکسێل دەڵێت، لەو سەردەمەدا لە جیاتی نوورییەکان بەدیع و زەمانیان بەکاردەهێنا. دواتر ڕیسالەی نوورییەکان و دواتر بۆ نوورییەکان کورت کرایەوە. ئەمەش بە تایبەت دوای وەفاتی سەعیدی نووسی. ئەوان خۆیان بە ئەندامی بزووتنەوەیەک، یان گرووپ و ڕێکخراو و پارتێکی سیاسی نازانن، بەڵکو خۆیان بە هۆکاری گەیاندنی پەیامەکانی مامۆستاکەیان بە خەڵکی دەناسێنن.(27)
سەعیدى نوورسى لەگەڵ ئەوەى هیچ جێگرەوەیەکى بۆ خۆى دیارى نەکردبوو، بەڵام دوای مردنی گرفت لەسەر دیاریکردنی سەرکردەیەک بۆ نوورییەکان هاتە کایەوە. لە کۆتایی ١٩٧٠ و سەرەتای ١٩٨٠ لەلایەن چەندین کەسایەتی گرنگی نوورییەکانەوە هەندێک گرووپ دروستکران. چەندین چالاکییان لە شارەکانی وەکو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەرزڕۆم هەبوو. بۆ نموونە لەلایەن یەکەمین قوتابی سەعیدی نورسی لەو سەردەمەدا کە لە بارلا بوو بە ناوی خوسرەو ئاڵتوون باشاکەوە یەکەمین گرووپ دامەزرا.(28) دامەزراندنی ئەم گروپە لە کاتێکدا بوو کە هێشتا لە ساڵەکانی شەستدا بوو. خوسرەو ئەفەندی زۆر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پێویستە پەیامەکانی نوور بە پیتی کۆنی عوسمانی بنووسێت و بڵاو بکرێتەوە. بۆیە بە شوێنکەوتووانی دەوترێت یازجلار. بەڵام ئەم گرووپە تەمەنی کەم بوو. یەکێکی دیکە لەو قوتابییانەی لە بەردەستی سەعیدی نوورسیدا گەورە بوو، بایرام یوکسێل بوو. ئەمیش لە ئەنقەرە بەپێی تێگەیشتنی خۆی هەندێک خەڵکی لە خۆی کۆکردبوووەوە. یەکێک لەو کەسانەی کە هەشت ساڵ لە خزمەتی سەعیدی نوورسیدا بوو زوبەیر کوندوزئاڵپ بوو. ئەمیش لە ئیستەنبۆڵ ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ بابەتەکان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مستەفا سونگوڕ کە یەکێکی دیکە بوو لە قوتابییەکانی، تەواوی تورکیای گەڕاو و باسی ئەوەی کرد کە تەنیا پەیامەکانی نوور ڕێبەر و پێشەوای ئێمەن. ئەم بابەتە لەناو زانکۆ و ڕۆشنبیراندا بڵاو بووەوە. هەر بۆیە لەلایەن نوورییەکانەوە لە ڕوانگەی پەیامەکانی نوورەوە لێکۆڵینەوە و شرۆڤەیان بۆ ڕووداو و چۆنێتی پاراستی بنەمەکانی ئیسلام و ئیمان دەکرد، بەڵام بەهۆی هەندێک لێکدانەوەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەبوونەوە. ئەمەش وایکرد کە بە ناوی خوێندنەوەی پەیامەکانی نوور لە مەدرەسە و ماڵەکاندا پەیامەکانی نوور بخوێنرێت. سەرەتا لە ماڵەکان و دواتر لە تەواوی تورکیا مەدرەسەی تایبەت بە خوێندنی وانەکانی پەیامەکانی نوور کرایەوە. کە بە زۆری لە شەوانی هەینی و شەممەدا وانەکان دەخوێنرا. لە ساڵی ١٩٧١ چەندین ئەندامی نوورییەکان دەستیان هەبوو لە دامەزراندنی پارتی نیزامی نیشتمانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکێکیشان پشتگیری خۆیان بۆ پارتی عەدالەت دەردەبڕی، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی لە نێوانیان. دواتر ڕوانگەی نوورییەکان بۆ بابەتە سیاسییەکان بووە هۆی دابەشبوونیان. ساڵی ١٩٨٠ بە دواوە، خوێندنی پەیامەکان لە دەرەوەی تورکیا دەستی پێکرد و لە ساڵی ٢٠٠٠ بە دواشەوە چەندین گۆڕانکان لەناو نوورەییەکاندا ڕوویدا و نوێگەری تێدا ئەنجام درا.(29)
ڕوانگەی سەعید نوورسی بۆ ئایین، کۆمەڵگە و سیاسەت
ڕوانگەی تەفسیری سەعیدی نوورسی پشتی بە ئیعجازاتی قورئان بەستووە. کە بڕوای وا بووە ئەو بە تەنیا ناتوانێت تەفسیری قورئان بکات، بەڵکو پێویستی بە لیژنەیەکی زانستى هەیە و هەر موفەسیرێک پێویستە لە مەنزوومەی تێگەیشتنی گشتی قورئانەوە ئەوەی گونجاوە لەگەڵ بواری پسپۆڕی خۆیدا ئەوە هەڵبژێرێت و تەفسیری بکات. نوورسى لەگەڵ ئەوەی هیچ بەرهەمێکی سەبارەت بە فیقهـ نییە، بەڵام پێی وا بووە ئەساسی فیقهـ بریتییە لە ئیجتیهاد و دەرگاى ئیجتیهاد تاوەکو دواڕۆژ بەردەوام کراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سەعیدی نوورسی لە ڕێگەى شیکارى بۆ ئایەتەکانی قورئان، دەیویست ئەو پەیامە بە خەڵکی بدات کە قورئان و بە گشتی بنەماکانی ئیسلام لەگەڵ زانستدا هیچ دژایەتیێکی نییە و هەردووکیان هەمان حەق دەردەخەن.(30) لەم ڕوانگەشەوە جیاکارى لە نێوان زانستە ئایینییەکان و زانستە دونیاییەکاندا نەکردووە و هەموویانى بە زانستى ئەسماى ئیلاهی داناوە.(31)
سەعید نووسی لە بەرهەمەکانیدا تێڕوانین و بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە کەلام، تەسەوف و فەلسەفە خستووەتە ڕوو. کە بڕوای وایە فەلسەفە و کەلام لایەنی عەقڵی مرۆڤیان گرتووە و تەسەوف لایەنی دڵی مرۆڤی گرتووە. لە کاتێکدا قورئان مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی کامڵ سەیر دەکات، کە لە دڵ و عەقڵ پێکهاتووە. سەعیدی نووسی پێی وا بووە ئێستا کاتی تەریقەت نییە، بەڵکو کاتی ڕزگارکردنی ئیمانە هەر بۆیە دەڵێت، پێویستە نوێکاری لە زانستە ئیسلامییەکاندا بکرێت.(32) لەم بارەوە شەریف ماردین کە یەکێکە لە لێکۆڵەر و کۆمەڵناسە تورکەکان لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی “ڕووداوی بەدیعوزەمان سەعیدی نوورسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ئایین لە تورکیای مۆدێرندا”، باس لەوە دەکات کە لە مێژووى دروستبوونى تورکیاى مۆدێرندا هەوڵى دوورخستنەوەى ئایین لە کۆمەڵگە و سیاسەت دراوە، کە سەرەتا تەنیا لە سیاسەت دوورخرایەوە و دواتر وردە وردە لە کۆمەڵگەش بێگانە کرا. شەریف ماردین دەڵێت، سەعیدى نوورسى لەم دۆخەدا ژیاوە، هەر بۆیە کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەو دۆخەوە و بنەما فیکرییەکانی بریتی بوون لە نوێگەری لە ئاییندا. دەڵێت، سەعیدی نووسی لەگەڵ ئەوەی کاریگەر بووە بە مەولانا خالیدی ناقشبەندی، بەڵام خۆی لە تەریقەت و گرووپەکان بەدوورگرتووە، چونکە سەعیدی نوورسی هەستى بەوە کرووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی فەلسەفە و ماتریالیزم و پۆزەتیڤیزم پێویستی بە بەڵگەی عەقڵی هەیە، نەک تەریقەت، هەربۆیە دەستی بە خوێندنی زانستەکانی دیکە کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا پێی وا بووە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە پێویستی بە ڕیفۆرمی سیاسی، ئایینی و ئیداری هەیە(33) هەر لەم بارەوە پێى وابووە ستەمکاری تەنیا لە بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لەناو زانست، مەزهەب و تەسەوفدا چەندین ستەمکاری بچووک بوونى هەیە. هەر بۆیە پێویستە نوێکارییان تێدا بکات. (34)
سەعیدی نووسی پێی وا بووە مێژووى مرۆڤایەتى بە پێنج پرۆسەی بنەڕەتیدا تێپەڕیوە. لە قۆناغێکدا هێز بڕیاری کارەکانی داوە، ئەمەش بریتییە لە قۆناغى وەحشیگەری. دواتر مرۆڤ و کۆمەڵگە کەمێک ڕێکخراوتر بووە ئەمیش سەردەمی بەدەوى مرۆڤە. پاشان کۆمەڵگە نیشتەجێ بووە و بابەتی موڵک هاتە ئاراوە، ئەمەش پێی دەوترێت سەردەمی موڵکییەت. دواتر بابەتی ئەسیرکردنی کەسانی دیکە هاتە ئاراوە، کە بە سەردەمی ئەسیرییەت ناسراوە. پاشان سەردەمی موڵک هاتە ئاراوە و ئیتر مرۆڤ لە ڕێگەى ڕێککەوتن و نرخەوە کارەکانى بەڕێ دەکرد، ئەم قۆناغەش پێی دەوترێت سەردەمی نرخ و پاداشت. لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای وا بووە کە مرۆڤایەتی لە داهاتوودا دەبێت بە خاوەنی سیستمێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئازادانە تر، کە پێى وابووە ئەمەش تەنیا لە سایەی ئیسلامەوە دێتە ئاراوە، چونکە دینەکانی دیکە ئەو توانایەیان نییە و دەستکاریی کراون. پێی وابوو کە ئەو مەدەنییەتەی پشتی بە ئایین نەبەستووە تەنیا بریتییە لە ململانێ، چونکە دین مرۆڤی فێری هاوکاری و یەکێتی دەکات، نەک ململانێ.(35)
ڕوانگەى سەعیدى نوورسی بۆ کورد و مەسەلەى کورد
سەعید نوورسی یەکێکە لە زانا هەرە دیارەکانی کورد و جیهانی ئیسلامی. بەرهەمەکانی و بە تایبەت پەیامەکان نوور، بوون بە سەرچاوەی دەیان توێژینەوەی زانستی و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەسەری دەبەسرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پەیامەکانی نوور بە یەکێک لەو سەرچاوانە دادەنرێن کە باسی کورد و کولتووری کوردی تێدا کراوە. بەڵام ئەو توێژینەوانەی کە لەسەری نووسراوە، زۆرێکیان بابەتی کورد و کولتووری کوردیان پشتگوێ خستوو. بۆ نموونە سەعیدی کوردی، یاخود سەعیدی نوورسی لە چەندین شوێندا باسی نەورۆزی کردووە و بە ڕۆژێکی زەمهەریر وەسفی کردووە.(36) لەم بارەوە ئاڵتان تان نووسەر، سیاسەتمەندار و ئەندام پەرلەمانی خولی ٢٦ی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی هەدەپە، دەڵێت هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی سەعیدی نوورسی لە کورد و کوردبوون دابماڵرێت. دەڵێت هەم تورکە ئیسلامییەکان دەیانەوێت سەعیدی نوورسی لە کورد و کوردبوون، هەم عەلمانییەکان دەیانەوێت سەعید نوورسی لە ئیسلامییەت دابماڵن. دەڵێت تەنانەت نوورییەکانیش دەیانەوێت سەعیدی نوورسی لە کورد، کوردایەتی و کوردبوون دابماڵن. چونکە لە هەموو کتێبەکانیدا هەرچی وشەی کورد، کوردستان، عەقڵی کورد، خەڵکی کورد و میللەتی کورد … گۆڕیوە. ئاڵتان تان درێژە بە ئەم بابەتە دەدات و دەڵێت، بە بڕوای نوورییەکان سەعیدی نوورسی ئەو کاتەی لە ئەنقەرە بوو لەگەڵ مستەفا کەمالدا لەسەر هەندێک بابەت گفتوگۆی کردووە. دواتر ڕاستەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ شاری وان و بۆ ماوەی یەک ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام بە پێی بەڵگەکانی ئەرشیفی عوسمانی، سەعیدی نوورسی لە ئەنقەرەوە ڕاستەوخۆ ناچێت بۆ وان، بەڵکو لە ئەنقەرەوە بە شەمەندەفەر دەچێتە گەبزە و لەوێشەوە دەچێتە ئیستەنبوڵ و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دەمێنێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ماوەی لە ئیستەنبۆڵ بووە چی کردووە؟ دوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، قسە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کێ کردووە؟ کاتێک سەعیدی نوورسی لە ٧ی تەممووزی ١٩٢٤ دەیەوێت بچێت بۆ وان، لە ڕێگەی کەشتییەوە دەچێتە شاری تەرابزۆن لە کەناری دەریای ڕەش، دوای چەند ڕۆژێک لە ٢٢ى مانگدا، والی تەرابزۆن ڕاپۆرتێک دەنووسێت و دەینێرێت بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک و دەڵێت، ئەم کەسە واتە (سەعید نوورسی) هاتووەتە تەرابزۆن و پەیوەندی لەگەڵ هەندێک کەسی کوردستاندا بەستووە. دواتر سەعیدی نوورسی لە تەرابزۆنەوە دەچێتە ئەرزەڕۆم و لەوێ دەبێتە میوانی خالید جبرانی (**)سەرۆکی «کۆمیتەى ئیستیقبالى کورد» کە لەناو خەڵکدا بە کۆمەڵەى ئازادى ناسراوە(37) ، کە بۆ ماوەی پانزە ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و لە کۆتاییدا ٦ی ئەیلوولی ١٩٢٤ دەگاتە شاری وان. ئەو کاتەی سەعیدی نوورسی میوانی خالید جبرانی بوو، خالید بەی پەرلەمانتاری قەزای گەنج لە ڕاپۆرتێکدا بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک دەڵێت، سەعیدی کوردی هاتووەتە ئەرزەڕۆم و لەسەر مەسەلەی کورد پەیوەندی لەگەڵ خالید جبرانی بەستووە. دواتر لەگەڵ بابا بەی ڕەئیسی یەکێک لە عەشیرەتە گرنگ و دیارەکان پەیوەندی بەستووە. لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە و دواتر چووە بۆ وان. ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی سەعیدی نوورسی لە شاری ئەرزەڕۆم، لە مانگی ئەیلوولی ١٩٢٤ فەرمانی گرتنی خالید جبرانی دەردەکرێت و دوای مانەوەی ماوەیەک لە زیندان، لە ٢٠ى١٢ى١٩٢٤دەنێردرێت بۆ بەدلیس. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی پەیوەندی نێوان خالید جبرانی و سەعیدی نوورسی لەسەر مەسەلەی کورد. (38)
ساڵى ١٩٠٨ لەلایەن تورکە لاوەکانەوە سوڵتان عەبدولحەمید ناچارکرا مەشروتیەتی دووەم قبووڵ بکات. ئەم دۆخەش کاریگەری گەورەى لەسەر تەواوى دەوڵەت هەبوو. لە ناو کوردەکانیشدا چەندین کەس بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم بابەتە خستەڕوو. یەکێک لەوانەش سەعیدی نوورسى بوو. سەعیدى نوورسى ئومێدێکى زۆرى بەم دۆخە و بە مەشروتیەت هەبوو، هەر بۆیە دەگەڕا و باسی گرنگی و بایاخی مەشروتیەتى دەکرد.(39) سەبارەت بە مەشروتیەتیش دەڵێت، هەموو چاکانمان لە مەشروتیەت و خراپەکانیشمان لە ستەمکارییەوەیە. چونکە مەشروتیەت واتە ئازادی.(40) لەبارەی ستەمکارییەوە پێی وابووە گەورەترین ستەم سوڵتان عەبدولحەمیدى دووەم کردوویەتی(41). پێی وا بووە مەشروتیەت خێر و بەرەکەتی زۆری هەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگە بە تایبەتی کوردەکان.(42)
سەرەتا لە ٢٠ى نیسانى ١٩٠٩ کاتێک کۆمەڵەى محەمەدییە لە دژى حکومەت کرایەوە، سەعیدى نوورسى یەکێک بووە لەوانەی ئامادە و ئەندامى کردنەوەى کۆمەڵەکە بوو. هەر بۆیە لە مەیدانى سەلانیک، وتارێکى سەبارەت بە چەمکى ستەمکارى و ئازادى خستەڕوو(43). پاشان حەماڵە کوردەکانى ئیستەنبوڵى لە ڕێگەى پەیامێکەوە بەناوى (ئەى حەماڵەکان) بڵاوکردەوە. هەر لەسەر ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەکانى تەعاون و تەرەقى کورد، کوردستان و شەرق و نوتوقدا بڵاوکردەوە. دواتر و لە ساڵى ١٩١٠ نوورسی گەڕایەوە بۆ شارى وان و بەناو عەشیرەتە کوردییەکاندا گەڕا و باسى گرنگى مەشروتیەتى بۆ تەواوى کۆمەڵگە و بە تایبەت کوردەکان و داهاتووى کۆمەڵگەى کوردى بۆ دەکردن. لەم گەڕان و چاوپێکەوتنانەدا، کتێبێکى بە ناوى (مونازەرات) بڵاوکردەوە(44). کە وەک دەوترێت کتێبەکە لە بنەڕەتدا بە زمانی کوردی نوسراوە و سەعیدى نوورسى لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی من بە کوردی بیر دەکەمەوە و بە تورکی و عەرەبی دەنووسم. بەڵام کاتێک سەیرى چاپى نوێ و تورکى کتێبەکە دەکەیت، ئەم ڕستەیە بوونى نییە، چونکە ئەم بەشە لابراوە.(45) کتێبى مونازەرات لە شێوەی پرسیار وەڵامدایە و ڕوانگەی کوردی بۆ مەشروتیەت تێدا خراوەتەڕوو. بەڵام هیچ بەڵگەیک لەسەر ئەوە نییە کە سەعیدى نوورسى لەگەڵ کام تەریقەتی دینیدا چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی ئەنجام دابێت(46). لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەسەر مەسەلەى کورد چاوى بە زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردى ئەو سەردەمە کردووە، لەوانەش بابان زادەکان، بەدرخانییەکان، پیرەمێرد، عەبدوڵڵا جەودەت، خەلیل خەیاڵی(47). سەعیدى نوورسى لە زۆرینەى سەرچاوەکانیدا نازناوى کوردى بۆ خۆى داناوە و هەندێک لە بەرهەمەکانى بەزمانى کوردى نووسیوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەعیدى نوورسى وەکو کەسایەتییەکى ئیسلامى لە خەمى خیلافەتى ئیسلامیدا بووە، هەربۆیە کاتێک لە پاریس بڕیارى دروستکردنى ناوچەیەک بۆ کوردەکان و ئەرمەنییەکان دەدرێت، سەعیدى نوورسى ئەمەى بە پلانێک داناوە بۆ دروستکردنى ناوچەیەک بۆ مەسیحییەکان، نەک کوردەکان، چونکە پێى وابووە دووبارە ئەمە بەکارهێنانى کوردە. بە واتایەکى دیکە ئەو ترسى لە دروستبوونى دەوڵەتێکى مەسیحى لە سەرپشتى کوردەکان هەبووە.(48)
سەعیدی نوورسی بە ناوی سەعیدی کوردییەوە و بە زمانی کوردی کرمانجی بە ناونیشانی چەند ئامۆژگارییەکی سەعیدی کوردى لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی تەعاون و تەرەقی کورددا بڵاوکردووەتەوە. کە تێیدا باسی دەرد و دەرمان و کێشە بنەڕەتیەکان و شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی کوردی کردووە(49). ئەمەشی بە کوردییەکی پاراو کە دەڵێت:
ئەی کوردەکان لە یەکێتیدا هێز، لە پێکەوەبووندا ژیان، لە برایەتیدا سەعادەت و لە حکومەتدا سەلامەتی هەیە. بە توندی دەست بە ئەمانەوە بگرن، بۆ ئەوەی ئێوە لە بەڵا ڕزگار بکات. بۆیە بە باش گوێم بۆ بگرن و دەمەوێت شتێکتان پێ بڵێم. بزانن کە سێ بەهای سەرەکیمان هەیە، ئەمانە ئێمە لە نەهامەتی دەپارێزن. ئەوانیش بریتین لە:
یەک: ئیسلامییەت: کە چەندین کەس لە پێناویدا خوێنی ڕشتووە.
دوو: ئینسانییەت: کە لە چاوی دونیادا پێویستە خۆمان بە زانست و فەزیلەت و ئیسلامەتییەوە بناسێنین.
سێ: شوناسی میللی، یان نەتەوەیی: شەرەفی ئێمەیە، ئێمە لەم بوارەدا بە هەوڵەکانمان شوناسی میللیمان دەپارێزین. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بە چاکەکانمان ئەو باپیرانەمان کە ئەم میراتەیان بۆ بە جێ هێشتووین، ڕۆحیان لە گۆڕەکاندا شاد بکەین. واتە کارێک بکەین کە شانازی بە ئێمەوە بکەن.
سێ دوژمنیشمان هەیە کە ئێمەی لەناو دەبات، ئەوانیش:
یەک: هەژاری: کە چل هەزار حەماڵی کوردی ناو ئیستەنبوڵ بەڵگەی ئەمەن.
دوو: جەهالەت و نەبوونی پەروەردە و خوێندن: تەنانەت لە هەزار کەسی ئێمە یەک کەسیشمان ڕۆژنامە ناخوێنێتەوە.
سێ: دوژمنایەتی و پەرتەوازەیی نێوانمان: کە ئەمە دەبێتە هۆی شکاندنی هێز و لەناوبردنی توانامان.
حکومەت، یاخود دەوڵەتیش بە هۆی بێویژدانییەوە زوڵم لە ئێمە دەکات. ئەگەر لەمانە تێبگەین ئەوە دەزانین کە چارەسەری ئێمە بریتییە لەوەی بۆ ئەوەی ئەم سێ بەهایەمان لە دەست نەدەین و ئەم سێ بەڵایەمان لە کۆڵ بێتەوە پێویستە سێ شمشێر لە خۆمان ببەستین، ئەوانیش پەروەردە و خوێندنە، یەکبوون و بوون بە خاوەنی خۆشەویستی، یان هەستی شوناسی نەتەوەی و سێ بە هەوڵدان لە ڕێگەی پشت بەستن بە هێزی خۆمان، نەک پشت بەستن بە کەسانی بێگانە و خراپ و ئومێد خواستن پێیان.
کۆتا وەسیەتم
خوێندن، خوێندن، خوێندن و پشت بە یەک بەستن، پشت بە یەک بەستن، پشت بە یەک بەستنە.(50)
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەعیدى نوورسى بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى کوردى و مەسەلەى کورد داهاتوویەکى گەشترى هەبێت، هەوڵیداوە گرفتەکانى ناوخۆى کورد و کۆمەڵگەى کوردى دیارى بکات و چۆنێتى چارەسەرکرنى ئەم گرفتانەشى خستووەتەڕوو. هەر لەم ڕوانگەوە پێى وابووە شێوازی بەڕێوەبردن لە ناو عەشیرەتە کوردییەکان و ناوچە کوردییەکان، هیچ جیاوازییەکی نەبووە لەگەڵ ئەو شێوازە تاکڕەوییەی کە دەوڵەتی عوسمانی پەیڕەوی کردووە. هۆکارى ئەمەشى بۆ ناوخۆى کوردەکان، بەتایبەت ڕۆڵى سەرکردەکان و کورد و ستەمکارى دەوڵەتى عوسمانى گەڕاندووەتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیە لەگەڵ عەشیرەتە کوردییەكان لە بارەی مەشروتیەتەوە قسەی کردووە. هەربۆیە پێى وابووە ستەمکاری بە دوو شێوە لەسەر کوردەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە. یەک، ستەمکاری حکومەت کە بۆ تەواوی کۆمەڵگە و کوردەکانیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەیە ڕووبەڕووی ئەم ستەمکارییە بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەى خەڵکى ناوچە کوردییەکان هەژار بوون، بەڵام حکومەت باجێکى زۆرى خستبووە سەر شانیان. لەگەڵ ئەوەشدا سەعیدى نوورسى پێى وابووە دروستکردنى سوارەى حەمیدییە یەکێکى دیکەیە لەو ستەمکارییانەى کە دەوڵەت کردویەتى. چونکە سوارەى حەمیدییە دوژمنایەتى و دووبەرەکى لە نێوان کوردەکان خۆیان و کورد و ئەرمەنییەکان دروست کردووە(51). جۆرى دووەمى ستەمکارى بریتییە لە ستەمکارى دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی فیوداڵ و سەرکردەکانی ناو کورد. لە سەدەى نۆزدەدا بەشێک لە ئاغا و شێخان سوودیان لە نەزانی و جاهیلی خەڵکی وەرگرتووە و بەکاریان هێناوە. بەڵام ئەگەر شێخ و ئاغاکان سوودیان لە مەشروتیەت وەربگرتایە و لە سوودی میللەتدا بەکاریان بهێنایە، هەم خۆیان هەم میللەتیش مەرحەمەت، عەدالەت و مەدەنیەتیان بە دەست دەهێنا(52) . سەعیدى نوورسى پێی وابوو هۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا مەشروتیەت نەهاتووەتە ناو کوردەکان بریتی بووە لە جەهالەت(53). هەربۆیە دەڵێت بۆ ئەوەی مەشروتیەت بێتە ناو کوردستان زەمینەیەکی ئامادە نییە، چونکە لەناو کوردەکاندا تەمبەڵى هەیە و لە هەزار کەس یەک کەسیش ڕۆژنامە ناخوێنێتەوە.(54)
ئەنجام
سەعیدى نوورسى، یاخود سەعیدى کوردى یەکێکە لەو زانا و موفەسیرە گەورانەى کورد و جیهانى ئیسلامى کە لە ڕێگەى بەرهەمەکانییەوە کاریگەرییەکى گەورەى لە دواى خۆى بەجێهێشتووە. لەگەڵ ئەوەى لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا ناوى سەعیدى کوردى بۆ خۆى داناوە، بەڵام لەلایەن تورکە ئیسلامی و چەپڕەوە کوردییەکانەوە هەوڵى داماڵینى کوردبوون و ئیسلامبوونى سەعیدى نوورسى دەدەن.
بەگشتى ژیانى سەعیدى نوورسى بەسەر دوو سەردەمدا دابەش دەکرێت. سەردەمى سەعیدى کۆن لە سەرەتاى لەدایکبوونییەوە تا ١٩١٨ و سەعیدى نوێ لە ١٩٢٣ەوە تاوەکو مردنى. لە سەردەمى سەعیدى کۆندا زیاتر خۆى بە بابەتە سیاسییەکانەوە خەریک کردووە و هەوڵى داوە لە ڕێگەى سیاسەتەوە کار بکات. بە واتایەکى دیکە سەردەمى سەعیدى کۆن سەردەمى ژیانى سیاسى سەعیدى نوورسییە. سەردەمى نوێى سەعیدى نوورسى، بریتییە لەو سەردەمى کە سەعیدى نوورسى وازى لە سیاسەت هێناو ویستى لە ڕێگەى پەروەردەکردنى قوتابییەکانییەوە کار لەسەر ئیمان و ڕزگارکردنى کۆمەڵگە بکات.
سەعیدى نوورسى پێوابووە پێویستە نوێکارى لە زانستە ئایینییەکاندا بکرێت. چونکە ئەگەر نوێکارى لە زانستە دینییەکاندا نەکرێت، ناتوانین لەگەڵ سەردەمى تازەدا بڕۆین. هەر لەبەر ئەم مەبەستە هەم خۆى کۆمەڵێک زانستى نوێى خوێند و هەم هەوڵى کردنەوەى زانکۆیەکى داوە بەناوى زانکۆى زەهرا لە ناوچە کوردییەکان، چونکە بڕواى وابووە تەنیا لەڕێگەى خوێندنەوە کۆمەڵگە پێش دەکەوێت. کوردەکانیش لە بوارى پەروەردەوە زۆر دواکەوتوون و ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى زۆرێکیان ببن بە حەماڵ و لەلایەن سەرکردە و دەرەبەگ و دەوڵەتەوە بەکاربهێنرێن.
سەعیدى نوورسى لەگەڵ ئەوەى لە زۆرێک لە نووسینەکانیدا ناوى سەعیدى کوردى بەکارهێناوە، هەوڵێکى زۆرى داوە بۆ ئەوەى کێشە بنەڕەتییەکانى کۆمەڵگەى کوردى دیارى بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندنى مەشروتیەتى بە دەرفەت زانى و لەڕێگەى بڵاوکردنەوەى ئامۆژگارى و وریاکردنەوە و هەوڵى ئاگادارکردنەوە کوردەکانى داوە لەسەر دۆخى دەوڵەتى عوسمانى. لەگەڵ ئەوەشدا خۆى هەستاوە بەناو عەشیرەتە کوردییەکاندا گەڕاوە و لەگەڵ زۆرێک سەرکردەى عەشیرەتەکاندا چاوپێکەوتنى ئەنجام داوە.
________________
(*) – ئەم کۆمەڵەیە لە شارى ئیستەمبوڵ و لە بەروارى ١٣ى نیسانى ١٩٠٩ لەلایەن دەروێش وەحیدەوە دامەزرا. زمانحاڵى کۆمەڵەکەش ڕۆژنامەى ڤۆڵکان بوو. کۆمەڵەکە زیاد لە بیست ئەندامى کارگێڕى هەبوو، کە سەعیدى نوورسى یەکێک بووە ل ئەندامانى کۆمەڵەکە. سەرەتا کۆمەڵەى موحەمەدییە وەکوو کۆمەڵەیەکى ئاینى دەرکەوت و دواتر گۆڕا و بوو بە گروپێکى سیاسى. هەربۆیە لە دواى ڕاگەیاندنى مەشروتییەت، سەرۆکى کۆمەڵەکە و دووان لە هاوکارەکانى، بەهۆى چەند تۆمەتێکەوە دەستگیر دەکرێت و لە ١٩ى تەموزى ١٩٠٩ لە سێدارە دەدرێت. سەرچاوە: (Azmi Özcan, İtihad-I Muhammed-I Cemiyeti, TDV İslam Ansiklopediyası, 23.cilt, İstanbul, 2001).
(**) – خالید جبرانى کوڕى مەحمود بەیى سەرۆکى عەشیرەتى جوبرانییە و لە ساڵى ١٨٨٢ لە قەزاى ڤارتۆى سەر بە پاڕێزگاى موش لەدایک بووە. بەیەکەمین کوردێک دادەنرێت کە قوتابخانەى ئەرکانى حەربییە تەواو بکات و ببێت بە قوتابیى پۆلى عەشیرەت لە قۆتابخانەى حەربییە. بەشدارى شەڕى فەڵەستین و ڕوسیاى کردووە و پلەى عەقیدى پێبەخشراوە. دواى تەواو بوونى جەنگى جیهانى یەکەم، هاتۆتەوە لە قەزاى ڤارتۆ نیشتەجێبووە. بۆ مەسەلەى کورد و داهاتووى کوردەکان، چەندن هەوڵ و چاڵاکى ئەنجام داوە. دواتر پلەکەى لێوەردەگیرێتەوە و دێتە شارى ئەرزڕۆم و لەگەڵ ٢٤ هاوڕێیدا کۆمیتەى ئیستیقبالى کوردیان درووستکرد. دواى ڕاپەڕینى کوردانى ئەرزڕۆم، دەستگیردەکرێت و دەنێردرێت بۆ بیدلیس و لە بەروارى ١٥ى نیسانى ١٩٢٥ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە سێدارە دەدرێت. سەرچاوە: (https://www.indyturk.com/node/405926/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/demir-
________________
پەراوێزەکان:
1 – حبیب محمد سعید، ژیاننامەى بدیع الزمان سەعیدى نوورسى، چاپى دووەم، چاپخانەى کتێبخانەى سۆز، ساڵى ٢٠١٢، هەولێر، ل٩.
1- Abdülkadir Menek, Kürt meselesi ve Said Nursi, Nesil Basım ve Yayın, 2013, s93.
2 – Risale-i Nur Müellifi, Cihan Neşriyat ve Matbaacılık, Bediüzzaman, Said Nursi Tarihçe-i Hayatı, 1995, İstanbul, s30.
3- Erdal AYDIN, Bediüzzaman Said Nursi’nin siyasete yaklaşımının değerlendirmesi, Ekev Akademi dergisi, Yıl: 22 Sayı: 74 (Bahar 2018), s61. Abdülkadir Menek, Kürt meselesi ve Said Nursi, önceki kaynak, s.103
3- Alparslan Açıkgenç, Said Nursi, TDV İslam Ansiklopedisi, 35.cilt, 2018, Ankara, s 565.
4- حبیب محمد سعید، ژیاننامەى بدیع الزمان سەعیدى نوورسى، سەرچاوە پێشوو، ل٥٩.
5- Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 565.
6- Abdülkadir Menek, Kürt meselesi ve Said Nursi, önceki kaynak, s99.
7- Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 565.
8- Hakan Kaya, Said-i Kürdi ile Kürt Aristokrasisinin Meşrutiyeti Algılama Biçimleri, Muhakemat Uluslararası Risale-i Nur Araştırmaları Dergisi 3, Aralık 2023,s74.
9- Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 566.
10 – Aynı kaynak, s 566.
11 – Maksut ÇETİN, Bir Müspet Hareket Olarak Said Nursi’nin Siyasî Tutumu, Gaziantep University Journal of Social Sciences 2021 20(4), s1548.
12 – Maksut ÇETİN, önceki kaynak, s1546.
13 – Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 566.
14 – Aynı kaynak, s 567.
15 – Erdal Aydın, Bediüzzaman Said Nursi’nin eserlerinde din-siyaset ilişkisine dair bir inceleme, önceki kaynak, s119.
16 – Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 569.
17 – Murat SARICIK, Bediüzzaman Said Nursi’nin Osmanlı Döneminde bir adı neden Said-i Kürdi?, EkevAkademi Dergisi Yıl: 21 Sayı: 72 (Güz 2017),s163-164.
18- Erdal Aydın, Bediüzzaman Said Nursi’nin eserlerinde din-siyaset ilişkisine dair bir inceleme, önceki kaynak, sS322.
19- Mehmet KAPLAN, D ini gruplar ve çatışmaŞ Said Nursi ve Nurculuk örneği, yüksek lisans, Süleman Demirel Üniversitesi, İsparta, 2017,s23.
20- Aydin ÜNEŞİ ve M. Zahir ERTEKİN, Çend Nimûne ji Çanda Gelêrî ya Kurdî di Berhemên Seîdê Nûrsî da, Kovara Kurdinameyê ya Navnetewî, Jimar: 10 Nîsan 2024, s125
21 – Aynı kaynak, s126. Alparslan Açıkgenç, Said Nursi, önceki kaynak, s 570.
22 – İshak Torun ve Hakan Köni, Said-i Nursi’nin düşünce ve tutumunda islamcılık, miliyetçilik ve muhafazakarlık, s223-229. Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 570. Mehmet Kaplan, Dini gruplar ve çatışma: Said Nursi ve Nurculuk örneği, yüksek lisans tezi, Süleymen Demiral Üniversitesi, İsparta, 2017, s85.
23- Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 570.
24- Mehmet Kaplan, önceki kaynak, s85-103.
25 – Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 571.
26 – Mehmet Kaplan, Dini gruplar ve çatışma: Said Nursi ve Nurculuk örneği, önceki kaynak, s86.
27 – Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 572.
28- Aynı kaynak, s 569.
29 – Ahmet Yavuz ÇAMLI, Max Weber ve Bediüzzaman Said Nursi’de Ekonomik Gelişme-Din İlişkisi, İktisat Sayısı, Yıl:2017 Sayı:3, s93
30 – Alparslan Açıkgenç, önceki kaynak, s 569.
31 – Şerif Mardin, Bediüzzaman Said Nursi Olayı/Modern Türkiye’de Din ve Toplumsal Değişim, İletişim Yayınları, 19.baskı, 2015, İstanbul, s88-99.
32 – Hakan Kaya, Said-i Kürdi ile Kürt Aristokrasisinin Meşrutiyeti Algılama Biçimleri, önceki kaynak,2023,s
33- Alparslan Açıkgenç, Said Nursi, önceki kaynak, s 569.
34- Aydin ÜNEŞİ ve M. Zahir ERTEKİN, Çend Nimûne ji Çanda Gelêrî ya Kurdî di Berhemên Seîdê Nûrsî da, önceki kaynak, s124
35 – Abdülkadir Menek, Kürt meselesi ve Said Nursi, önceki kaynak, s175.
36- Altan Tan, Said-i Nursi’yi Kürtlükten soyutlamak, Independent Türkçe, 26 Ocak 2024. https://www.indyturk.com/node/693241/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/said-i-nursiyi-k%C3%BCrtl%C3%BCkten-soyutlamak. 4.6.2024.
37 – Erdal AYDIN, Bediüzzaman Said Nursi’nin siyasete yaklaşımının değerlendirmesi, Ekev Akademi dergisi, Yıl: 22 Sayı: 74 (Bahar 2018), s61.
38 – Hakan Kaya, Said-i Kürdi ile Kürt Aristokrasisinin Meşrutiyeti Algılama Biçimleri, önceki kaynak,s81
39 – Aynı kaynak,s83
40 – Aynı Kaynak,s85
41- Alparslan Açıkgenç, Said Nursi, önceki kaynak, s 565.
42 – Hakan Kaya, önceki kaynak,s74.
43- Nevzat Eminoğlu, Bediüzzaman’dan yüz yıllık Kürt manifestosu, Independent Türkçe, 12 Şubat 2021. https://www.indyturk.com/node/314436/t%C3%BCrki%CC%87yeden-sesler/bedi%C3%BCzzamandan-y%C3%BCz-y%C4%B1ll%C4%B1k-k%C3%BCrt-manifestosu. 4.6.2024.
44- Hakan Kaya, önceki kaynak,s74.
45- Aynı kaynak,s75
46- Erdal AYDIN, Bediüzzaman Said Nursi’nin siyasete yaklaşımının değerlendirmesi, önceki kaynak, s58. Abdülkadir Menek, Kürt meselesi ve Said Nursi, önceki kaynak, s154.
47- Hakan Kaya, Said-i Kürdi ile Kürt Aristokrasisinin Meşrutiyeti Algılama Biçimleri, önceki kaynak,s74.
48- Nevzat Eminoğlu, Bediüzzaman’dan yüz yıllık Kürt manifestosu, önceki kaynak, 4.6.2024.
49- Hakan Kaya, önceki kaynak,s78
50- Aynı kaynak,s79
51- Aynı kaynak,s80
52- Nevzat Eminoğlu, Bediüzzaman’dan 53-yüz yıllık Kürt manifestosu, önceki 54-kaynak, 4.6.2024.