• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 21, 2024

سادات؛ سێبەری سەربازیی ئەردۆغان لە جیهاندا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکى

کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی‌و سەربازييەکان لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە سەر گۆڕەپانی سياسەتى نێودەوڵەتی دەرکەوتوون‌و ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسەتی ژمارەیەک لە وڵاتە زلهێزەکان.

کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی‌و سەربازييەکان کاردەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی حکومەتەکانیان بەبێ ئەوەى وڵاتەكانيان ناچاربن دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکەن. ئەم ڕێکارە ئێستا بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە شەڕە مۆدێرنەکان‌و کۆمپانیا تایبەتەکانیش بوون به یەکێک لە گرنگترین گەمەکارەکان. لە دەیەکانی ڕابردوودا، زلهێزە نێودەوڵەتی‌و ناوچەییەکان، بۆ دۆزینەوەی دەلاقەیەک بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ دەستوەردان لە بوارەکانی شەڕی چەکداریدا، چالاکیی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکانیان فراوانترکرد، هەتا ئەم کۆمپانیایانە ئامانجەکانی ئەو وڵاتانە بەدیبهێنن، بەبێ ئەوەی سوپاکانیان لە شەڕەکاندا بەشداریبکات. لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی دیاردەی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکاندا، کۆمپانیای ڕاوێژکاریی بەرگریی تورکیا؛ سادات، وەک یەکەم کۆمپانیای تایبەتی ئەمنی لە تورکیا دەرکەوت، کە توانیی ڕۆڵ لە ژمارەیەک وڵاتدا بگێڕێت، بە تایبەتی وڵاتانی ئەفریقا. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین ڕۆشنایی زیاتر بخەینەسەر ئەو کۆمپانیا سەربازییەو ڕۆڵی لە ناوچەکەدا.

کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی‌و سەربازییەکان

سەبارەت بە ناساندنى کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی‌و سەربازييەکان، دەتوانین بڵێین کە دامەزراوەیەکى بازرگانیی تایبەتن بە پێشکەشکردنى ڕاوێژکاری‌و کارى خزمەتگوزاریی سەربازیی وەک پاراستنی کەسایەتى، کاروان، بینا، شوێنەکانە گرنگەکان، زیندانییەکان‌و ڕاهێنان بەهێزە ناوخۆییەکان. بەم پێیە دەتوانین بڵێین: کۆمپانیا تایبەتە ئەمنی‌و سەربازييەکان بریتین لە قەوارەیەکى بازرگانی، کە خزمەتگوزاریی ئەمنی‌و سەربازی پێشکەش بە دەوڵەت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان‌و گەمەکارە لاوەکییەکان دەکات، بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانجی ماددی. بەم پێیە ئەم جۆرە کۆمپانیایانە ئامانجی سەرەکییان قازانجی داراییە، هەروەها سەر بە حیزبێکی دیاریکراو یان گرووپێکی جوداخواز نین، کە هەوڵی ئازادکردنی ناوچەیەک بدات(1).

کۆمپانیا ئەمنییەکان لە دوای ساڵی (١٩٩٨)و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد بوونە بە دیاردە لە سەر گۆڕەپانی سیاسەتى نێودەوڵەتی، بەو پێیەی بە ناوی هاوکارى لە بوارى کاروباری سەربازیی وڵاتانەوە بەشدارییان لە شەڕەکاندا کردووە. ئەم کۆمپانیایانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆى ڕۆڵى ئەمریکاوە گەشەى زیاتریان سەند، پاشان زۆرێک لە وڵاتانی گەورەى دیکەش هەمان شوێنپێیان هەڵگرتەوە.

ئەمڕۆ ئەم کۆمپانیایانە بە شێوەیەکی بەهێز لە گۆڕەپانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەن‌و لە هەندێک ناوچەدا وەک ڕەگەزێکى سەرەکى لە پڕۆسە سەربازییەکان سەیردەکرێن. هەر لەو بارەوە کۆمەڵێک گۆڕاو بەشدارییانکردووە لە گەشەسەندنی خێرای ئەم کۆمپانیایانە، کە دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، سەرهەڵدانی دیاردەی تیرۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتکردنی کەرتی ئەمنی، دابەزینی بودجەی بەرگری لە زۆرێک لە وڵاتان، گەشەسەندنى پیشەسازیی سەربازی‌و بەردەستبوونی چەک، سەربارى ئەوەى کە لاوازیی زۆرێک لە وڵاتان لە چارەسەرکردنی ململانێ ناوخۆییەکان وایکردووە پەنا بۆ کۆمپانیا تایبەتە سەربازی‌و ئەمنییەکان ببرێت(2).

دیارترینی کۆمپانیا ئەمنی‌و سەربازییەکان بریتین لە کۆمپانیای بلاک_وۆتەری ئەمریکی، کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی ئەمریکا، کۆمپانیای (G4S)، کە کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەیی بەڕیتانییە، گرووپی ڤاگنەر، کە کۆمپانیایەکی نیمچەدەوڵەتیی سەربازیی ڕوسیایەو دواجار کۆمپانیای سویدی (Securitas AB). هاوشێوەی ئەم کۆمپانیا ئەمنییانە، لە ساڵانی ڕابردوودا ناوی سادات وەک یەکەم کۆمپانیای تایبەتی سەربازیی تورکی سەریهەڵداوە، کە ئەرکی بەرفراوان لە دەرەوەی سنوورەکانى تورکیا جێبەجێدەکات(3).

دامەزراندنى سادات

کۆمپانیای سادات لە (٢٨)ی شوباتی (٢٠١٢) لە ئەستەمبوڵ لەلایەن عەمید عەدنان تانریڤێردییەوە دامەزراوە. ناوبراو سەرۆکی بەشی تەندروستی بووە لە هێزە وشکانییەکان، بەڵام لە (٣٠)ی ئابی (١٩٩٦) بە هۆى باکگراوندی ئیسلامییەوە خانەنشینکراوە. بڕیاری دەرکردنی تانریڤێردی لە سوپای تورکیا کۆتایی بە ژیانی سیاسیی ئەو کەسە نەهێنا، بەڵکو بوو بە سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانى قۆناغێکى نوێ لە ژیانی ناوبراودا.

تانریڤێردی لە (٣٠)ی ئایاری (٢٠٠٤)، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەری خانەنشینکراودا بەشدارییان لە دامەزراندنی کۆمەڵەی بەرگریکارانی دادپەروەری (ASDER) کردووە، کە ڕۆڵى هەبوو لە بەهێزکردنی بیرۆکەکانی بەرەوپێشبردنی دیموکراسی‌و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە کودەتای سەربازی. لە (٢٨)ی شوباتی (٢٠١٢) تانریڤێردی کۆمپانیای ڕاوێژکاری‌و ڕاهێنانی بەرگریی سەربازیی ساداتی دامەزراندو لەو کارەدا نزیکەی (٢٣) ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزە چەکدارەکانی تورکیا پستیوانییانکردووە. ئەو دروشمەی کە سادات هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە بە ئاشکرا ڕایگەیاند، بریتی بوو لە کارکردن بۆ دروستکردنی کەشێکی هاوکاری لە بواری بەرگری‌و پیشەسازیی بەرگری لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا، هەتا جیهانی ئیسلامی بتوانێت ببێت بە خاوەنی هێزێکی سەربازیی خۆبژێو لە بوارى پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان‌و ئاسایشی ناوخۆدا.

تانریڤێردی ناسراو بوو بە پەیوەندییە مشتومڕاوییەکانی لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا، ئەمەش بە ئامانجی فراوانکردنی پێگەی دەوڵەت لە جیهانی ئیسلامیدا. ناوبراو لە (٢٦)ی ئابی (٢٠١٦) دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کێشایەوەو لە (٤)ی ئابی (٢٠٢٤) کۆچیدوایی کردو لە گۆڕستانی ئەیوب سوڵتان لە ئەستەنبوڵ بەخاکسپێردرا. ئێستا سادات لە لەلایەن عەلی کامیل مێلیح تانریڤێردی کوڕیەوە سەرۆکایەتیدەکرێت(4).

سادات تاکە کۆمپانیای سەربازیی تایبەتە لە تورکیا کە خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری، ڕاهێنانی سەربازی‌و خزمەتگوزاریی لۆجیستی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لە کەرتی بەرگری‌و ئاسایشی ناوخۆدا پێشکەشدەکات‌و ڕێکخراوێکی پاشکۆى هەیە بە ناوی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی بەرگریکارانی دادپەروەری (ASSAM).

سادات بە سەرمایەی (٦٤٣) هەزار لیرەی تورکی دامەزراوە، سەرەتا (٢٣) ئەفسەری خانەنشینى یەکە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیاى لەخۆگرتبوو، دواتر نزیکەی (٦٤) کارمەندی سەربازیی ديكەى بۆ زیادبوو، کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی مەشق‌و ڕاهێنانیان دەکرد لە زیاتر لە (٢٢) وڵاتدا. سەرەتا ژمارەی هێزى سادات نزیکەی (٥٦١) هەزار بوو، بەڵام لە (١٠)ی ئەیلوولی (٢٠١٦) نزیکەی (٢٠٠) هەزار سەربازی لێکەمکرایەوەو ژمارەکەى دابەزی بۆ (٣٥١) هەزار کەس(5).

کارەکانى کۆمپانیای سادات

کارەکانی کۆمپانیاکە پەیوەندییەکی نزیکیان بە حکومەتی تورکیاوە هەیە، ساداتیش هەوڵدەدات بە پلەى یەکەم بەرژەوەندییەکانی تورکیا بپارێزێت‌و لە هەمان کاتدا خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری، سەربازی‌و بەرگریی خۆی پێشکەشبکات، بەو پێیەی کۆمپانیاکە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەو بەرگریدا کاردەکات بۆ چالاکییە بازرگانییەکانی. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆیەکی ناوخۆییدا لە (٢٢)ی (١)ی (٢٠٢١)، تانریڤێردی سەبارەت بە شێوازی کارکردنی کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە: کاتێک کۆمپانیاکە ئۆفەرێک وەردەگرێت کە لەگەڵ ستانداردەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیاندا دەگونجێت، ئەوان ئۆفەرەکە دەگەیەنن بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندی(6). خزمەتگوزارییەکانی سادات تەنها لە ڕاوێژکاریی بەرگریدا کورتنابێتەوە، بەو پێیەى خزمەتگوزاریی ڕاهێنان لە بواری سەربازیدا پێشکەشدەکات لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕاهێنانەوە لە سەر شەڕی ئاسایی‌و ناڕێکخراوو لە بواری لۆجیستیدا خزمەتگوزاری پێشکەش بە پۆلیس‌و هێزە چەکدارەکان دەکات.

دارایی

بۆ تێگەیشتن لە کارەکانی سادات، تێگەیشتن لە سەرچاوە داراییەکەى زۆر گرنگە. زۆرینەی بودجەی کۆمپانیاکە لە دوو سەرچاوەوە دێت، یەکەم: سەرمایەی دەوڵەتى تورکیا، دووەم: داهات لە چالاکییە بازرگانییەکانى کۆمپانیاکە، بەو پێیەى کە سادات لە ڕێگەی کەرتی ڕاوێژکاریی بەرگرییەوە داهات بەرهەمدەهێنێت، نموونەى دابینکردنى خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاری، بەرنامەکانی ڕاهێنان‌و پشتگیریی سەربازی/ لۆجیستی بۆ کڕیارە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکان. بە پێی زانیارییەکان، سادات بە هۆی پەیوەندییە پتەوەکانیەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیاداو هەندێک ئامانجی هاوبەش، پارە لە حکومەت وەردەگرێت. خەڵکى ئاسایی دەستی بەو زانیاریانە ناگات کە تایبەتن بە سروشتی تایبەت و بڕی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە حکومەتی تورکیا پێشکەشی ساداتی دەکات. سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بازرگانیی کۆمپانیاکە، دەکرێت بڵێین: بەشێکى دیکەى سەرچاوە داراییەکانى لە ڕێگەی گرێبەستە نوێیەکانەوە بەدەستدەهێنێت(7).

خەونی کۆنفیدراسیۆنی ئیسلامی

سادات زياتر گرنگى بە وڵاتانی ئیسلامی دەدات‌و ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی ژینگەيەکە بۆ هاوکاری لە نێوان وڵاتە ئیسلامییەکان لە بوارى پیشەسازیی بەرگریدا، بە ئامانجى دروستکردنی هێزێکى سەربازیی خۆبژێو بۆ جیهانی ئیسلامی لە ناو وڵاتانی زلهێزدا. تانريڤێردی لە میانەی “سێیەمین کۆنفرانسی یەکگرتووی ئیسلامی”، کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژییەوە (ئاسام) لە ئەستەنبوڵ لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠١٩) بەڕێوەچوو، مۆدێلی “دەستووری یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی”ی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ناوی دەوڵەتەکە “ئاسریکا”و بە شێوەى کۆمارێکی کۆنفیدراڵی بێت. بە پێی ئەو مۆدێلە دەستوورییەی کە تانريڤێردی ڕوونیکردووەتەوە، فیدراسیۆنی وڵاتانی ئیسلامی (ئاسریکا) ملکەچی سیستەمی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەبێت‌و سیستەمێکی سەرۆکایەتی بەڕێوەیدەبات، پایتەختەکەی ئەستەنبوڵ‌و زمانی فەرمی عەرەبی دەبێت، هەروەها تانريڤێردی دەڵێت: یەکگرتنی وڵاتە ئیسلامییەکان پێویستیی سەردەمەکەیەو ئەم دەوڵەتانە پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە لە ژێر ئیرادەیەکدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبێت وەزارەتی یەکێتیی ئیسلامی لە حکومەتەکانی وڵاتانی ئیسلامیدا دابمەزرێت، هەروەها جەختى لە سەر دروستکردنی دراوێکی ئەلیکترۆنیی ئیسلامی بە ناوی ئاسريكا دینار  کردووەتەوە(8).

هەڵوێستى ئۆپۆزسیۆن

زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێیانوایە هۆكارى دامەزراندنی سادات دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا بە سوپای وڵاتەکەی‌و ترسی لە ئەنجامدانى کودەتای سەربازی‌و سەرهەڵدانی جەمسەرێکی بەهێز لە ناو سوپادا، هەروەها بە هۆی ترسی بەردەوامی لە ئەنجامدانى کودەتا، ئەردۆغان دەسەڵاتێکى زۆرى بەخشیوە بە کۆمپانیاکەو ئێستا سادات بە تەواوی پەیوەستە بە ئەردۆغانەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێیوایە سەرۆککۆمار سادات بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانێت بۆ دەزگاى هەواڵگری‌و سوپاى توركياو بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی کەسیی خۆی داکۆکى لە بوونیان دەکات. جێى ئاماژەپێدانە کە هەر سادات بوو ئامۆژگاریی ئەردۆغانی کردووە کە سيستەمى حوكمڕانى لە پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی، بۆئەوەی ڕێگری لە هەر کودەتایەکی سوپا بکات لە داهاتوودا(9).

چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ساڵی (٢٠٢٣)، کەمال کلیچدارئۆغڵو و ئەندامانی پارتەکەی، ويستيان سەردانی سادات بکەن، دوای ئەوەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی مەشقی سەربازی لەلایەن ئەو کۆمپانیایە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوریا بڵاوبووەوە. دواى ئەوەى ڕێگرى لە چوونەژوورەوەیان لێکرا، کلیچدارئۆغڵو لە بەردەم بارەگای کۆمپانیای سادات کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ڕێکخست‌و نیگەرانیی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیایە دەربڕی لە سەر ئاستی ناوخۆیی‌و دەرەکی، لەوانە: ئەگەری ئەوەی کە ئەردۆغان لە داهاتوودا سوود لە هێزەکانى ئەم کۆمپانیایە وەربگرێت لە ناوخۆی تورکیا، هەروەها کڵیچدارئۆغڵو کۆمپانیاکەی تۆمەتبارکرد بەوەى بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی دەسەڵاتدار، کەشوهەوای تیرۆریستی‌و تۆقێنەر لە وڵاتەکەدا دەهێنێتەئاراوە(10). هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا کڵیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند: ئامانجی ئەم کۆمپانیایە ڕزگاربوونە لە کۆماری عەلمانیی تورکیاو دامەزراندنی کۆنفیدراڵیزمێکى ئیسلامی، کە وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە لەخۆبگرێت(11). کڵیچدارئۆغڵو دواى سەردانەکەى لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) (تویتەر) ڕایگەیاند: “ڕێگە بە هیچ پێکهاتەیەکی نیمچەسەربازی نادەین کە دوژمنایەتیی گەل بکات”(12).

تورکار ئارتورک؛ دەریاوانى خانەنشین، سەبارەت بە چالاکییەکانی سادات لە سوریا، لیبیاو سۆماڵ، دەڵێت: سادات مەشق‌و ڕاهێنان بە چەکدارەکان دەکات لە بوارەکانى بۆردومانکردن، بۆسەدانان، تیرۆرکردن‌و شەڕی گەریلادا. ئارتورک نیگەرانە لەوەی کە ئەگەری هەیە ئەم کۆمپانیایە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەبێت بە گواستنەوەی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەفغانیی تەمەن (٢٠) بۆ (٣٠) ساڵ لە سنووری ئێرانەوە بۆ تورکیا، بە مەبەستى سوودوەرگرتن لێیان لە ئەرکی مەترسیداردا(13). کاتێکيش ئەردۆغان لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمپانیاکەو سەرۆکی کۆمپانیاکەدا نییە، میدیاکانى توركيا بە خێرایی وێنەی کۆبوونەوەیەکیان بڵاوکردەوە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان‌و ئامادەبوونی عەدنان تانريڤێردی‌و هاکان فیدان؛ بەرپرسی هەواڵگریی تورکیا.

ئۆرهان بورساڵی لە ڕۆژنامەی جمهوریەت لەو بارەوە نوسیویەتی: “سەرۆککۆمار لەم دواییانەدا زۆر شتی لەبیر نییە، کەواتە چۆن پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ عەدنان تانریڤێردی لەبیردەکات! کاتێک سەرۆک دەڵێت: ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ساداتەوە نییە، لەبیریدەچێتەوە کە سەرۆکی دامەزرێنەری کۆمپانیاکەی بردە نهێنیترین‌و هەستیارترین کۆبوونەوەی ئەمنیی وڵات‌و کردی بە ڕاوێژکاری سەرەکیی خۆی‌و ئەندامی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی‌و ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە”(14).

ئۆپۆزسیۆن کۆمپانیاکە تۆمەتباردەکات بە کردەوەی مەترسیدار، کە خزمەت بە پڕۆژەو پلانەکانی ئەردۆغان دەکات لە سوریا، لیبیا، سۆماڵ، عێراق‌و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە(15). لە ساڵی (٢٠١٤)دا، ڕۆژنامەكانی تورکیا ئاشکرایانکرد کە چەک بە بارهەڵگری یارمەتیی خۆراک گوازراوەتەوە بۆ سوریاو گومان هەبووە لە بەشداریکردنی دەزگای هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنەكانى ساداتدا(16).

کەمپەکانی مەشقی سەربازیی سادات دەکەونە ئەم ناوچانەوە:

  1. باکووری ڕۆژئاوای تورکیا لە ناوچەی مەڕمەڕە بۆ مەشق‌و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا،
  2. لە پارێزگای کۆجائێلی، لە سەرەتادا ئەم کەمپە سەر بە هێزی دەریایی تورکیا بووە، بە هەمان شێوە بۆ مەشق‌و ڕاهێنان بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێت،
  3. لە تۆکات‌و مونیا لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ هەندێک لە چەکدارەکانى ئەم دوو کەمپە ڕاهێنانیانپێکرا بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستی هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ساڵی (٢٠١٨)دا پشێوی دروستبکەن.

سادات‌و ڕێکخراوی پاسەوانان

ڕێکخراوی پاسەوانان لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) لە تورکیا دامەزرا، بە پێی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، ئامانجی کۆمپانیاکە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پۆلیس بوو لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ. ئەردۆغان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە چیتر ناتوانن تەنها پشت بە هێزە ئەمنییە تەقلیدييەکان ببەستن بۆ ڕێکخستنی ئاسايشی شارەکانی تورکیا، جێگەى ئاماژەپێدانە کە ڕێکخراوی پاسەوانان، کۆمپانیایەکی دیکەی ئەمنییە، کە هەوڵدەدات هاوکاریی سادات بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامی تورکیا، بەو پێیەی ئەم ڕێکخراوە گەنجانی چەکداری لایەنگری ئەردۆغان دادەمەزرێنێت‌و هێزەکانی هاوشێوەی هێزەکانى بەسیجی ئێرانن. بە پێی زانیارییەکان بڕیار وایە ژمارەی هێزەکانی سەر بە ڕێکخراوی پاسەوانان بگەیەنرێتە (٣٠) هەزار کەس لە ژێر فەرماندەیی ئەردۆغان.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەزموونی ئێران، کە وا دیارە ئەردۆغان پێى کاریگەرە، دەردەکەوێت بیرۆکەی ئەو دوو دامەزراوەیە هاوشێوەى سوپاى پاسداران‌و هێزەکانى بەسیجە، واتە سادات هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان‌و ڕێکخراوی پاسەوانان، کە هاوشێوەی بەسیجە، بەرپرسە لە دابینکردنى ئاسایشی ناوخۆ، بەڵام جیاوازیی نێوان سادات‌و سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەیە کە سادات هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە. ئێستا سادات لە سوریا، لیبیا، قەتەر، تونس، سۆماڵ، ئەسیوپیا، بۆسنەو هەرزەگۆڤیناو کۆسۆڤۆ هەیە. هیچ ئاماژەو زانیارییەک نییە لە بارەی بوونی کۆمپانیاکەوە لە وڵاتانى یەکێتیی ئەوروپادا، بەڵام بە فەرمانی هەواڵگریی تورکیا ئامرازی هەماهەنگی هەیە لە نێوان ڕێکخراوە چالاکەکان لە ئەوروپاو ساداتدا(17).

بوونى کۆمپانیای سادات

  1. سوریا

تانریڤرێدی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا، دانی بەوەدا نا کە کۆمپانیای سادات ڕاهێنان‌و مەشقى بە چەکدارەکانى سوپای ئازادی سوریا كردووە لە کەمپەکانی ناوخۆی تورکیادا، بۆ بەشداریکردن لە شەڕو پێکدادانەکانی ناوخۆی سوریا. لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا، کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی هابەرتورکدا کراوە، تانریڤێردی دەستیخستەسەر کۆمەڵێک دۆسیەى ئەمنی، کە پەیوەندییان بە تورکیاوە هەیە، لەوانە: دۆسیەى هێزە بەکرێگیراوەکان، کاتێک کە سەردانی یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەرانی شاری هاتای کردووە لە نزیک سنووری سوریاو لەگەڵ ئامادەبواندا گفتوگۆی لە سەر دامەزراندنی بەرەیەکی چەکدار کردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سوریا. لە میانی گفتوگۆکەدا، تانریڤێردی گوتبووی: گەیشتینە ڕێککەوتنی هاوبەش لەگەڵیانداو دەسەڵاتدارانی فەرمیی تورکیامان لەو بارەیەوە ئاگادارکردەوە(18).

لەلایەن ساداتەوە گرووپە چەکدارەکانی چالاک لە باکووری حەلەب، کە دیارترینیان فیرقەی سوڵتان مورادە، بە شێوازی نهێنی ئامادەدەکرێن‌و دەنێردرێن بەرەو ئەفریقا. گەشتەکەیان لە کیلیسەوە دەستپێدەکات، لەو شارە مۆبایلەکان لە چەکدارەکان وەردەگیرێنەوە هەتا شوێنپێیان هەڵنەگیرێت، بەڵێنى مووچەى مانگانەی نزیک بە (١٥٠٠) دۆلاریان پێدەدرێت، ئەگەرچی ئەو بەڵێنانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا دراون، جێبەجێنەکراون. سادات چەکدارەکان کۆدەکاتەوە بەبێ گوێدانە تەمەن یان ڕادەی ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکداو داوای هیچ بەڵگەنامەیەک لەو کەسانە ناکات کە دەیانەوێت لە ژێر فەرماندەییەکەیدا شەڕبکەن، جگە لە بەڵگەنامەیەک کە ناوو ڕەچەڵەکی چەکدارەکەى تێدا نوسرابێت. بارودۆخی زۆر خراپی ژیان لە سوریا وا لە زۆرێک لە گەنجان دەکات بەرەو ئەم ڕێگەیە هەنگاوبنێن، بەو هیوایەی کە ئاستی ژیانیان باشتربکات، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی لە کەمپە سەرەتاییەکانى نزیک سنوور نیشتەجێن. ئەو چەکدارانە پێویستیان بە تێچووی دارایی کەم هەیە، بەراورد لەگەڵ هێزەکانی دیکەى تورکیا، جگە لەوەی پشتبەستن بەو کەسانە ڕێگە بە دوورکەوتنەوە لە هەر فشارێکی ناوخۆیی دەدات لە ئەگەری گیانلەدەستدان یان برینداربوونیان، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی ئاستى جەماوەریی پارتی دادو گەشەپێداندا(19).

لە لایەکى دیکەوە، تورکیا دەیەوێت ئەو هێزانە لە سنوورەکانى دووربخاتەوەو بیاننێرێت بۆ جێگەى دوور، هەتا لە داهاتوودا گرفت بۆ خودی تورکیا دروستنەکەن، لە ئەگەرى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی سوریادا. لەم چوارچێوەیەدا سەرچاوەکان ئاماژە بە پارادۆکسێکی سەیر دەکەن، ئەو چەکدارانەى لە لادێکانی حەلەبەوە کۆدەکرێنەوە، شەڕیان دژ بە هێزەکانی ڕوسیا کردووە، کە بە دوژمنی خۆیانى دەزانن لە سوریا، لە کاتێکدا لە ئەفریقا هاوپەیمانن‌و شانبەشانی ڕوسەکان شەڕدەکەن(20).

  1. ئازەربایجان

لە مانگی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٠)، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە وردی باسیان لە جێگیرکردنی چەکدارانی سوریا کرد بۆ پشتیوانیکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە لە ئازەربایجان. ئەم بریکارانە بەشدارییان لە شەڕى ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباخدا کرد، کە کێشەى لە سەر بوو. لە تشرینی دووەمی (٢٠٢٠)، نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی بەکرێگیراوان جەختیکردەوە لە سەر ئەوەى کە تورکیا بە شێوەى بەرفراوان چەکدار لە سوریاوە دەگوازێتەوە، کە هەندێکیان سەر بە سوپای نیشتیمانیی سوریان. لێکچوون لە حاڵەتى جێگیرکردنی بەکرێگیراوانی سوریا لەلایەن تورکیاوە لە هەردوو وڵاتی لیبیاو ئازەربایجان بوو بە هۆی تۆمەتبارکردنی ڕۆڵی سادات لە ململانێکاندا(21).

  1. ئەفغانستان

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە هەواڵگریی تورکیاو سەرکردەکانی سوپای ئازادی سوریا گەیشتوونە بە ڕێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی چەکدارانی سوریا بۆ ئەفغانستان، بە پێی گرێبەستی فەرمیی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان، بەڵام دواى دەسەڵاتگرتنەدەستى تاڵیبان‌و کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ، تورکیا پلانەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابول هەڵوەشاندەوە(22).

  1. ئەفریقا

کیشوەری ئەفریقا لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لە ناو سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دەرکەوتووە، لە سەرەتادا لە ڕێگەی هێزى نەرم‌و یارمەتییە مرۆییەکان‌و وەبەرهێنان‌و بازرگانییەوە، پاشان بە خێرایی بەرەو بەکارهێنانی ئامرازەکانی هێزی ڕەق هەنگاویناوە هەتا دامەزراندنی بنکەی سەربازی‌و کردنەوەی بازاڕ بۆ هەناردەکردنی چەک‌و بەرنامەی مەشقی سەربازی‌و ڕێککەوتنە ئەمنی‌و سەربازییەکان. کۆمپانیای سەربازیی سادات لە ساڵی (٢٠١٣)وە لە ئەفریقا دەرکەوت، دوای سەردانێکی عەدنان تانریڤێردی؛ دامەزرێنەری کۆمپانیاکە بۆ لیبیا، بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارە نوێیەکانی لیبیاو گەڕان بە دوای ئەگەری پێشکەشکردنی ڕاوێژو ڕاهێنان‌و خزمەتگوزاریی تەقەمەنی بۆ لیبیا. لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپانیای سادات توانیویەتی ئامادەیییەکی بەرفراوانى هەبێت لە ئەفریقا، پێشبینییشدەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بینەرى زیادبوونی بەرچاوی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە بین، بە تایبەتی لە نەیجیریا و مالی. زيادبوونى ئەم کاریگەرییە لە کاتێکدايە کە ناوچەی ساحل گۆڕانکارییەکی قووڵ بەخۆیەوەدەبینێت، دواى کەمبوونەوەى کاریگەرییەکانی فەڕەنساو ناچاربوونى ئەمریکا بە کشانەوە لە ناوچەکە(23). تورکیا بوونی خۆی لە نەيجيريا فراوانترکردووە لە ڕێگەی یارمەتییە مرۆییەکان‌و گەشەپێدان‌و بازرگانییەوە، هەروەها پێکهاتەی بەرگریی ئەو پەیوەندییە گرنگتربووە لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاریی سەربازی لە ساڵی (٢٠٢٠)و فرۆشتنی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان(24).

جگە لە پەرەسەندنی کاریگەریی ئابووری‌و سیاسیی تورکیا لە سەر کیشوەرەکە، کۆمپانیای سادات ڕێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتدا واژۆکرد، دیارترینی ئەم ڕێککەوتنانە لە سۆماڵ بوو، کە لە کەمپێکی مەشقی سەربازیی تورکیا لە سۆماڵ دەستیکرد بە ڕاهێنانی هێزەکانی سۆماڵ. مالی‌و لیبیا ڕێککەوتنێکی هاوکارییان واژۆکرد لەگەڵ کۆمپانیاکەدا بۆ دابینکردنی بەرنامەی مەشقی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانیان، کە گرنگی بە ئاسایشی سەربازیی ناوخۆیی‌و دەرەکی دەدەن، سەربارى تونس‌و ئەسیوبیا. لە ڕووی سەربازییەوە تورکیا (٣٧) نوێنەرایەتیی لە ئەفریقا هەیەو چاوەڕواندەکرێت ڕێککەوتنێکی سەربازی بۆ مەشق‌و ڕاهێنان بە سوپای ئۆگەنداو هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە پەسەندبکات(25).

  • لیبیا

ماڵپەڕی ڕادیۆى فەڕەنسا_ئینتەرناشناڵ بڵاویکردووەتەوە: ئەردۆغان هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بە سەر لیبیادا بسەپێنێت‌و لە ژێر ناوی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سەراجدا، چەک‌و ڕاوێژکاریی سەربازی ڕەوانەى ئەو وڵاتە بکات. بە گوێرەی زانیارییەکانى ماڵپەڕی سادات، هاوکارییەکان تەنها لە پێشکەشکردنی پشتگیریی لۆجیستی یان تەکنیکیدا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی کەسایەتییەکان‌و ڕاوێژى سەربازى لە لیبیا(26).

تانریڤێردی لە لێدوانێکدا، کە ڕۆژنامەی ئاکشامی تورکی لە (١٧)ی کانوونی دووەمی (٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: تورکیا پێویستی بە کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان هەیە، کە سەربازی بەکرێگیراو بەکاردەهێنن، وەک کۆمپانیاکانى بلاک_وۆتەرو ڤاگنەر(27). لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٩) کۆمپانیای سادات گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمنیی سایدی لیبیادا واژۆکرد، کە تایبەتمەندە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان‌و خزمەتگوزاریی مەشق‌و ڕاهێنان. کۆمپانیاکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەبازاڕکردنی ئەو چەکانەی کە لەلایەن پیشەسازیی بەرگریی گەشەسەندووی تورکیاوە بەرهەمدەهێنرێن، بە تایبەتی لە ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و سادات ڕۆڵی نێوەندگیری بینی لە تەواوکردنی گرێبەستی چەک لە نێوان کۆمپانیاکانی تورکیاو حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتیمانیدا. بە پێی زانیارییەکان، سادات له نێوان مانگی تەمموز هەتا ئەیلوولی (٢٠١٩) نزیکەی (١٠) هەزار تەن چەک‌و تەقەمەنیی بۆ لیبیا ناردووه(28).

  • نەیجیریا

لە مانگی ئەیلوولی (٢٠٢٣)وە ناوی کۆمپانیاى سادات لە ناوخۆی نەیجيريا دەرکەوتووە، ئەمەش لە ڕێگەى ناردنی ژمارەیەک سەربازی بە ڕەگەز سوریی کۆمپانیاکە بۆ دەستەبەرکردن‌و پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا لە پڕۆژەکانی کانگاو ژێرخانی ئابووریی نەیجیریادا، هەروەها بۆ دابینکردنى ئاسایش بۆ کۆمپانیا تورکییەکان لە نەیجیریا(29).

لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوخۆی نەیجيريا داوە، بەو پێیەی بازاڕی بەکارهێنەری فراوان‌و هەلی وەبەرهێنانی تێدایە، کە یارمەتیدەرە بۆ زیادبوونی هەناردەی تورکیا، بە تایبەتی هەناردەی پیشەسازیی بەرگری. بوارى سەربازی گرنگترین بوارە لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بەرگریی دووقۆڵیی نێوان تورکیاو نەیجيريا لە ساڵی (٢٠٢٠)، کە بریتی بوو لە ڕاهێنان‌و پڕچەککردنی سوپای نەیجیریا، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی کەرتەکانی گواستنەوەو بیناسازی‌و وزەو چەندین کەرتی دیکە. دوای کودەتا سەربازییەکەی نەیجیریا لە تەمموزی (٢٠٢٣)، تورکیا نیگەرانیی هەبوو سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیجیریاداو ڕادەی کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لە سەر بەرژەوەندییە ئابووری‌و ئەمنییەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینیوە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە باشی بەردەوامبوو، ئەمەش یارمەتیی تورکیای داوە بۆ ئەوەی ئامادەیی سەربازیی خۆی بەهێزتربکات، بە ناردنی سەدان چەکداری سادات بۆ نەیجيريا. لە ئەیلوولی (٢٠٢٣)وە لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری‌و سەربازییەکانی ئەنقەرەدا لە نەیجیریا، کۆمپانیای ڕاوێژکاریی بەرگریی سادات نزیکەی هەزارو (١٠٠) چەکداری بە ڕەگەز سوریی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە(30). ڕوانگەی سوری ڕایگەیاندووە کە چەکدارانی سوری، کە تورکیا پاڵپشتییاندەکات لە ناوچەی سنووریی نێوان نەیجيرياو مالی‌و بورکینا فاسۆ، جێگیرن‌و مانگانە (٣٠) هەزار دۆلار مووچەوەردەگرن(31).

  1. هەرێمی کوردستان

بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (Lêkolîn.org)، کۆمپانیای سادات لە ساڵی (٢٠١٧) یەکەم بنکەی خۆی لە پارێزگای دهۆک دامەزراندووە. زۆرێک لە کارەکانی سادات لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی (TİKA, HAKSİAD)وە دەکرێت. بە پێی زانیارییەکان، لە ساڵی (٢٠١٨) هێزەکانی گوڵان‌و پێشمەرگەی ڕۆژی سەر بە ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سەر دەستی کۆمەڵێک شارەزای سەربازیی سادات لە دهۆک مەشقی بەرفراوانیان پێکراوەو ڕەوانەى ناو ڕیزەکانی سوپای ئازادی سوریا کراون‌و لە چوارچێوەی لیوای سەڵاحەدین‌و فاروقدا کاریانکردووە. تەنها لە ناو سوریادا سنووردار نەبوون، بەو پێیەی چەکدارەکان نێردراون بۆ لیبیاو لەم دواییانەشدا بۆ ئازەربایجان، بە ئامانجی خزمەتکردن بە ئەجێنداکانی تورکیا. هەروەها ئەو چەکدارانەی شەڕی کوردیان لە عەفرین‌و گرێسپی‌و سەرێکانی کردووە، لەلایەن کۆمپانیای ساداتەوە ڕاهێنانیانپێکرابوو. ئەم کۆمپانیایە چەندین خولی ڕاهێنانی بۆ ئەندامانی پێشمەرگەی ڕۆژ لە زاپ، خواکوڕک‌و قەرە ڕێکخستبوو، ئەمەش بە ئامانجى بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)(32). هەروەها سادات لە کەرکووک، کە بە یەکێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و عێراق دادەنرێت، پێشتر توانیبووى سوود لە بۆشایی ئەمنیی ناوچەکە وەربگرێت‌و ڕاهێنان بە گرووپە چەکدارەکان بکات، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان هێزە کوردییەکان‌و تورکمانەکاندا(33).

ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى سادات کراون

  1. دەزگاى هەواڵگریی فەرەنسا یەکەم لایەن بوو کە سەرنجی بە لاى چالاکییە گوماناوییەکانی ساداتدا لە ناوچەکەدا ڕاکێشا. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا باس لەوە دەکەن سادات لە لیبیاو شانشینی سعوديەو پاکستان چالاکیی مەشقی سەربازی‌و ڕاوێژکاری دەکات(34).
  2. بە پێی زانیارییەکانى ناوەندی ئازادییەکانی ستۆکهۆڵم، کۆمپانیای سادات لە شەوی هەوڵی کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)دا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی ئەردۆغان، هەروەها ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە لە هێنانی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ناو لیبیا. هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سادات هاوشێوەى سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵیگیڕاوە لە دروستکردنى هەزارو (٥٠٠) مزگەوت لە تورکیا، دوای ئەوەش دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی گەنجانی مزگەوتەکانی ئاسیای ناوەڕاست‌و پەیوەستکردنیان بە ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمینەوە(35).
  3. میدیاکانی ڕوسیا بە تایبەتی باسیان لەوە کردووە کە سادات لە نێوان مانگەکانی تەمموزو ئەیلوولی (٢٠١٩) چەکی بە لایەنە شەڕکەرەکانی نزیک لە تەڕابلوس فرۆشتووە، نموونەى زرێپۆش، موشەک_هەڵگرو فڕۆکەیبێفڕۆکەوان. جێى ئاماژەپێدانە، ساڵی (٢٠١٥) لێکۆڵینەوەیەک لە مۆسکۆ کراوە سەبارەت بە گەشتی (٨٨٩) چەکداری بیانی لە ڕوسیاوە بۆ سوریاو عێراق. لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە (٢٥٪)ی ئەو چەکدارانە پەیوەندییان بە ساداتەوە هەبووە(36).
  4. بە گوتەی مایکڵ ڕۆبن؛ بەرپرسی پێشووی ئەمریکی لە پنتاگۆن، سادات ڕاهێنانی بە (٣) هەزار چەکداری بیانی کردووە کە ئێستا لە سوریاو لیبیا شەڕدەکەن، هەروەها حکومەتی تورکیاش پشتگیریی کۆمپانیاکە دەکات بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ کارەکانی لەو وڵاتانەدا. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە داعش‌و ئەلنوسرە لە ناو ئەو گرووپانەدا بوون کە لە سەر دەستی پسپۆڕانی سەر بە کۆمپانیاکە مەشقی سەربازییان وەرگرتووە. بە پێی زانيارييەکانى ماڵپەڕی بێرگۆنی ئەمریکی، ئەو کارانەی سادات بۆ تورکیا دەیانکات، ئەردۆغان ناتوانێت بە سوپاو پۆلیسی بسپێرێت(37).
  5. ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند: کۆمپانیای سادات لە ناوخۆی سوریا لە چوارچێوەی ڕێکخراوە نهێنییەکاندا کاردەکات‌و بارودۆخی گەنجان دەقۆزێتەوە بۆ دامەزراندنیان لە بەرانبەر موچەدا، هۆشداریشیدا لە مەترسیی ئەو كارانەی ئەم دامەزراوەیە لە سوریاو وڵاتانی ناوچەکە دەیانکات(38).

ئەنجام

  1. پێدەچێت لە داهاتوودا چالاکییەکانی سادات زیادبوون بەخۆیەوەببینێت‌و هەوڵبدات کاریگەرییەکەی لە چەندین شوێنی پڕ لە ململانێدا فراوانتربکات. شارەزایی کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی‌و ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکاندا بە ئەگەرێکی زۆرەوە خواستێکی زۆری لە سەر دەبێت، بە تایبەتی لە شوێنە ستراتیژییەکاندا، هەروەها لە ماوەى درێژخایەندا، پڕۆگرامى مەشق‌و ڕاهێنانەکانى سادات فراوانترو چڕتردەبن.
  2. شارەزایی کۆمپانیاکە لە مەشق‌و پسپۆڕی سەربازیدا ئەو دەرفەتەى بۆ دەڕەخسێنێت پێداویستییەکانی دەوڵەتە جیاوازەکان، هێزە لەبرییەکان‌و ڕێکخراوە چەکدارەکان دابینبکات‌و زیاتر سەرنجی لە سەر ئەو ناوچانە بێت کە هەژموونى تورکیا لە مەترسیدایە، یان ململانێکانی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا هەیە.
  3. کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان بەو پێیەى کە بە شێوەى نافەرمى کاردەکەن، ئەو دەرفەتە دەدەن بە دەوڵەتەکانیان کە خۆیان بێبەریبکەن لەو کارانەى کە کۆمپانیا تایبەتەکان دەیکەن. بەم شێوەیە وڵاتەکان دەتوانن بە شێوەى ناڕاستەوخۆ لە شەڕەکاندا بەشداریبکەن‌و هەژموونى خۆیان بسەپێنن لە ململانێ ناوچەییەکانداو پێشبینییشدەکرێت وەک نۆڕم ئەم شێوازە لە کارکردن بەردەوامببێت بە هۆی توندبوونەوەى ململانێ‌و کێبڕکێی وڵاتانەوە لە سەر ناوچە گرنگ‌و ستراتیژییەکان.
  4. سادات دەکرێت وەک کار_ڕێکخەرێک لێیبڕوانین، کە کاردەکات لە نێوان دەوڵەتی تورکیاو هێزە چەکدارە لەبرییەکانى تورکیا لە سوریاو ناوچەکەو تەواوکەری هەوڵە فراوانخوازییەکانى تورکیایە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی نزیکی سادات لەگەڵ هێزە لەبرییەکانى تورکیا لە سوریا، دەتوانێت ئەنقەرە ڕووبەڕووى چەندین ئەنجامی نەخوازراو بکاتەوە.
  5. سادات سوودمەندە لە پشتیوانیی بەهێزی حکومەت‌و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان، ئەم پەیوەندییە نزیکەش هاوکاریی نێوان سادات‌و دامەزراوەکانی دەوڵەت ئاساندەکات‌و توانای کارکردنی بەرزدەکاتەوە.
  6. تێوەگلانی سادات لە ململانێ جیاوازە ناوچەییەکاندا، پرسیارو نیگەرانیی سەبارەت بە چالاکی‌و ئامانجەکانی وروژاندووە، بە تایبەت پشتیوانیکردنى سەربازی‌و لۆجیستیی بەکرێگیراوان لە ناوچە جێناکۆکەکانداو ڕاهێنان‌و مەشقپێکردنیان.

سەرچاوەکان

  1. أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر.https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/).
  2. أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر.https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/).

3.     الأبعاد القانونية للشركات الأمنية والعسكرية الخاصةhttps://irajournal.academy/2023/07/08/security-military-companies.

4.    شركة سادات التركية.. بين فكَّي الاتهامات وحلم الكونفدرالية الإسلامية (https://www.noonpost.com/46312/).

5.سعيد عبد الرازق:  تقرير غربي يكشف دور «سادات» التركية في حرب ليبيا.https://aawsat.com/home/article/2360001/%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D9%8A-%D9%8A%D9%83%D8%B4%D9%81-%D8%AF%D9%88%D8%B1-%C2%AB%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA%C2%BB-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D9%84%D9%8A%D8%A8%D9%8A%D8%A7

  1. سادت للاستشارات الدفاعیة و الانشاءات و الصناعة و التجارە (https://www.sadat.com.tr/ar/component/tags/tag/%D8%B9%D8%AF%D9%86%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%A7%D9%86%D8%B1%D9%8A%D9%81%D8%B1%D8%AF%D9%8A.html)
  2. Tomás Fonseca: SADAT Defense Inc.: Turkey’s PMC (https://greydynamics.com/sadat-defense-inc-turkeys-pmc/
  3. شركة سادات التركية.. بين فكَّي الاتهامات وحلم الكونفدرالية الإسلامية(https://www.noonpost.com/46312/).
  4. سادات التركية شركة دفاعية تدعم أردوغان وتقلق إسرائيل وتحبط الانقلابات (https://www.alestiklal.net/ar/article/shrkhsadataltwkyhqwhhaelhfyydardwghan).
  5. محمد نور الدين: بلاك ووتر التركية: لإردوغان أيضاً… جيش سرّي https://al-akhbar.com/World/337715
  6. خسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9).
  7. هل يُمكن لشركة “سادات” الأمنيّة أن تُعيد سيناريو “تمرّد فاغنر” الروسي في تركيا؟ (https://www.raialyoum.com/%D9%87%D9%84-%D9%8A%D9%8F%D9%85%D9%83%D9%86-%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D9%86%D9%8A%D9%91%D8%A9-%D8%A3%D9%86-%D8%AA%D9%8F%D8%B9%D9%8A/).
  8. حسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9
  9. محمد نورالدین: بلاك ووتر التركية: لإردوغان أيضاً… جيش سرّي (https://al-akhbar.com/World/337715)
  10. حسني محلي: إردوغان يتوعّد الخصوم والمعارضة تتخوف من حرب أهلية (https://www.almayadeen.net/articles/%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%AA%D9%88%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D8%B5%D9%88%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D8%B6%D8%A9-%D8%AA%D8%AA%D8%AE%D9%88%D9%81-%D9%85%D9%86-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A3%D9%87%D9%84%D9%8A%D8%A9
  11. شركة سادات الأمنية تكشف عن عدد الدول الأجنبية التي تعاملت معها (https://www.zamanarabic.com/2022/05/18/%d8%b4%d8%b1%d9%83%d8%a9-%d8%b3%d8%a7%d8%af%d8%a7%d8%aa-%d8%a7%d9%84%d8%a3%d9%85%d9%86%d9%8a%d8%a9-%d8%aa%d9%83%d8%b4%d9%81-%d8%b9%d9%86-%d8%b9%d8%af%d8%af-%d8%a7%d9%84%d8%af%d9%88%d9%84-%d8%a7/)
  12. شركة السادات الدولية للاستشارات الدفاعية (https://www.mena-researchcenter.org/ar/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%81/)
  13. جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/).
  14. علاء حلبي: صناعة المرتزقة لا تتعطّل: تركيا تصدّر سوريّين إلى النيجر(https://al-akhbar.com/Syria/382096).
  15. علاء حلبي: صناعة المرتزقة لا تتعطّل: تركيا تصدّر سوريّين إلى النيجر(https://al-akhbar.com/Syria/382096).
  16. [1]Matt Powers: Making Sense of SADAT, Turkey’s Private Military (https://warontherocks.com/making-sense-of-sadat-turkeys-private-military-company/)
  17. Matt Powers: Making Sense of SADAT, Turkey’s Private Military (https://warontherocks.com/making-sense-of-sadat-turkeys-private-military-company/)
  18. تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/).
  19. تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/)
  20. تركيا تزيد نفوذها الأمني في النيجر على وقع التنافس في الساحل الأفريقي (https://www.asbab.com/%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%81%D9%88%D8%B0-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AD%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A-%D8%B9%D8%A8%D8%B1-%D8%A7/).
  21. جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/).
  22. جوان محمد: شركة “سادات SADAT” هدف التأسيس ودورها الخفي؟(https://ronahi.net/%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-sadat-%D9%87%D8%AF%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%A3%D8%B3%D9%8A%D8%B3-%D9%88%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%AE%D9%81%D9%8A/).
  23. سارة عبدالعزيز: جيش الظلّ: ماذا تفعل شركة “سادات” التركية في الصراعات؟ (https://arabwall.com/%D8%A3%D8%A8%D8%B9%D8%A7%D8%AF-%D8%AF%D9%88%D8%B1-%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%B7%D9%82/).
  24. أماني السروجي: القوةُ الصلبةُ لتركيا في إفريقيا: دورُ شركةِ «سادات» للاستشاراتِ الدفاعيةِ في النيجر https://shafcenter.org/%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A9%D9%8F-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%84%D8%A8%D8%A9%D9%8F-%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A7-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8F/
  25. تركيا تنشر مئات المرتزقة في النيجر لحماية مصالحها الاستراتيجية (https://www.agenzianova.com/ar/news/niger-la-turchia-schiera-centinaia-di-mercenari-per-tutelare-gli-interessi-strategici/)
  26. تركيا تنشر مئات المرتزقة في النيجر لحماية مصالحها الاستراتيجية (https://www.agenzianova.com/ar/news/niger-la-turchia-schiera-centinaia-di-mercenari-per-tutelare-gli-interessi-strategici/)
  27. Lekolin, Roj Peşmergeleri’ni SADAT Eğitti!, https://www.lekolin.org/roj-pesmergelerini-sadat-egitti-ozel-haber-1/11.2020
  28. (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
  29. تقرير: شركة سادات تشرف على تدريب قوات كولان وبيشمركة روج (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
  30. تقرير: شركة سادات تشرف على تدريب قوات كولان وبيشمركة روج (https://rojnews.news/ar/?p=55579).
  31. من هي شركة “سادات” التركية المساعد الرسمي لتدخلّ أردوغان في ليبيا ؟ (https://www.mc-doualiya.com/articles/20200203-%D9%85%D9%86-%D9%87%D9%8A-%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%B3%D9%85%D9%8A-%D9%84%D8%AA%D8%AF%D8%AE%D9%84%D9%91-%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D9%84%D9%8A%D8%A8%D9%8A%D8%A7).
  32. “سادات” العسكرية.. أدوار مشبوهة وذراع تركية في 20 دولة (https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2020/02/04/%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%88%D8%A7%D8%B1-%D9%85%D8%B4%D8%A8%D9%88%D9%87%D8%A9-%D9%88%D8%B0%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-20-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-).
  33. “سادات” العسكرية.. أدوار مشبوهة وذراع تركية في 20 دولة (https://www.alarabiya.net/arab-and-world/2020/02/04/%D8%B3%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B3%D9%83%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%88%D8%A7%D8%B1-%D9%85%D8%B4%D8%A8%D9%88%D9%87%D8%A9-%D9%88%D8%B0%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A9-%D9%81%D9%8A-20-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-).

 

Send this to a friend