• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 29, 2023

د. سەباح بەرزنجی: ڕواڵەتگەرایی بووەتە هۆی کورتکردنەوەی پەیامی دینداریی لە وتاری تۆقێنەر و فەتوای ئامادەکراوی ئەودیوی سنوور

گفتوگۆی: ئیدریس سیوەیلی

لەم گفتوگۆیەدا، پرۆفیسۆر دكتۆر سەباح بەرزنجی باس لە گرنگی زانستە عەقڵییەكان لەپاڵ زانستە شەرعییەكان دەكات و دەڵێت زانایانی پێشووی کوردەواری بە حوکمی شارەزایی و قووڵبوونەوەیان لەو زانستانە لێبوردەتر و کراوەتر بوون و دوور بوون لەوەی تەکفیر و تەبدیعی بەرامبەرە جیاوازەکانیان بکەن، سەبارەت بەو بانخگوازانەش كە ڕواڵەتگەران ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت، پێویستە واز لە دابەشکردنی تاپۆی بەهەشت و دۆزەخ و ئاغایەتی بە ناوی دینەوە بهێنن، واتە کار بۆ ناساندنی بەها مەعریفی و ڕەوشتییەکانی ئیسلام بکەن.

ئایینناسی: ئەو زانستە عەقڵیانە كامانەن كە پێشتر لەپاڵ زانستە شەرعییەكان لە حوجرە و خوێندنگە ئایینییەكان دەخوێندران؟

د. سەباح بەرزنجی: لە حوجرەکانی کوردستاندا ژمارەیەک زانستی عەقڵی دەخوێندران، وەکو: لۆجیک، مەقولاتی ئەرستۆ، زانستی کەلام، ئادابی دیالۆگ و دیبەیت و جەدەل، پاشان فەلسەفەی مەشائی و ئیشراقی، بە هەردوو  لق و ڕەهەندی تیۆری و پراکتیکییەوە.

مەبەست لە فەلسەفەی تیۆری بابەتەکانی میتافیزیک و ماتماتیک و سروشتناسییە و فەلسەفەی پراکتیکیش بریتی بووە لە بەڕێوەبردنی خێزان و ئاکارناسی و سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات، کە بە جوانی خوێندراون، لە هەمان کاتدا زانستی ئوسوڵی فیقهـ و زاستی خیلافیش بابەتێکی سەرەکیی بوو لە ئاستە باڵاکاندا گرنگیی پێدەدرا، ئەوەشمان لە بیر بێت کە خودی زانستە شەرعییەکانیش بەر مەبنای میتۆد و ڕێبازی زانستی و عەقڵی دانراون و پێکەوە سیستمێکی مەعریفی ناوازە بەرهەمدەهێنن.

 

ئایینناسی: گرنگی خوێندنی ئەو زانستە عەقڵیانە لەپاڵ زانستە شەرعییەكان چییە؟

د. سەباح بەرزنجی: ئەم زانستانە بیر و هۆشی خوێندکاران فراوان دەکات، ئامادەیان دەکات بۆ بەڵگەهێنانەوە و بیرکردنەوەی بە میتۆد و قووڵبوونەوە لە دەق و تێکستەکانی قورئان و سوننەت، فێری لێبوردەیی و پاساوهێنانەوەیان دەکات بۆ بەرامبەر، لە هەمان کاتدا ڕایاندەهێنێت لەسەر دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی جیاوازییە فیکرییەکان.

ئایینناسی: خوێندنی ئەو زانستە عەقڵیانە تا چ رادەیەك رۆڵی بینیوە لە گەشەپێدانی دونیابینی و واقیعبینی زانایانی ئایینی؟

د. سەباح بەرزنجی: بێگومان تا لەو زانستانە شارەزایی زیاتر بێت دونیابینی واقیعیتر و فراوانتر دەبێت، بۆیە زانایانی پێشووی کوردەواری بە حوکمی شارەزایی و قووڵبوونەوەیان لەو زانستانە لێبوردەتر و کراوەتر بوون و دوور بوون لەوەی تەکفیر و تەبدیعی بەرامبەرە جیاوازەکانیان بکەن، ئەوان بەشدار بوون لە کایەی مەعریفی ڕۆژگاری خۆیاندا، مەبەستم لە زانایانی پێشوو ئەوانەن کە گەیشتبوونە پلەیەکی بەرزی زانستی و مەعریفی و دەیانتوانی هەڵسەنگاندن بۆ بیر و بۆچوونە جیاوازەکان بکەن.

ئایینناسی: ئێستا بەشێك لە زانایانی ئایینی و بانگخوازەكان بە تێگەیشتنێكی رواڵەتی لە دەقەكان فەتوای شەرعی دەردەكەن، سەرنجی ئێوە لەو بارەوە چییە؟

د. سەباح بەرزنجی: وەک ئاماژەت پێدا بەشێکیان بەو جۆرەن، بەڵام هەموویان وا نین، هۆکاری هەبوونی ئەو جۆرە کەسانەش دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی سیستمی خوێندن و پەروەردەی شەرعی و فەرمیی لە وڵاتدا، لەگەڵ هەژموونی گوتاری وەعزی و عەوامپەسەند، کە بووەتە هۆی کورتکردنەوەی پەیامی دینداری لە ڕواڵەتی پەرستش و وتاری تۆقێنەر و فەتوای ئامادەکراوی ئەودیوی سنوور و هەبوونی سیاسەتێکی راگەیاندن و پشتگیریی جیهانی بۆ برەودان بە ئیسلامەتییەکی دیاریکراو و قۆڵبەستکراو بە چەند بابەتێکی دووبارەی ڕۆژانەی دوور لە چەمکەکانی بیر و هزر و داهێنان، ئیسلامێک کە ڕیگا نادات تازەگەریی لە بابەت و پرسەکاندا بکات و خەڵکی دەبەستێتەوە بە چەمکێکی ناڕوون و نادیار و ئاڵۆزەوە، کە ئەویش تێگەیشتنی پێشینانە و ڕێگا لە هەموو پێداچوونەوەیەکی مەنهەجی و ڕیشەیی ئەو تیگەیشتنە دەگرێت.

ئایینناسی: تێگەیشتنی رواڵەتی لە ئایین چ لێكەوتەیەكی نەرێنی لەسەر رەوشی ئایینداری كوردستان جێهێشتووە؟

د. سەباح بەرزنجی: ئەوەی هەنووکە ئێمە دەیبینین لە دینداری ڕووکەش و سەرەتایی و دوور لە عەقڵانیەت و توندوتیژ و نەبوونی لێبوردەیی و بەکافر زانینی خەڵک و سەرقاڵ بوون بە بابەتی بێ بنەما و دوور لە واقیع، بەرهەم و لێکەوتەی ئەم تێگەیشتنە سەقەتەیە لە دین. کە هیچ مەودا و بوارێک بۆ پلۆرالیزم و کرانەوە و لێبوردن و عەقڵانیەت نەماوە و موسوڵمان هێندەی سەرقاڵی تۆمەتبار و تاوانبار کردنی یەکترن و شمشێر لە یەکتر دەسوون.

ئایینناسی: بۆچی لە دیدگای سەلەفییەكانەوە ئەو زانستە عەقڵیانە كەمبایەخن و هەندێكجاریش دژی دەوەستنەوە؟

د. سەباح: پێموانییە تەنها سەلەفییەکان بەوشێوە بن، ئەوانی تریش کە بانگەشەی عەقڵانیەت دەکەن ئەم زانستانەیان فەرامۆش کردووە، تەنها ژمارەیەک مامۆستای ئایینی دیاریکراو هەن کە گرنگیان پێدەدەن، گرنگیدان بە زانستە عەقڵییەکان تەنها بە پیاهەڵدان و شانازی پێوەکردن نابێت، پێویستە ئەم گرنگیپێدانە لە هەڵسوکەوت و قەناعەتی رۆژانە و مامەڵە لەگەڵ کەلەپووری کەڵەکەبووی زانایانی پێشیندا رەنگبداتەوە، لە هەمان کاتدا مامەڵە کردن لەگەڵ ڕای جیاواز و رێزگرتن لە بەرامبەر سەنگی مەحەکی عەقڵانیەتی هەر کەس و لایەنێکە، کەس بۆی نییە قۆرخی راستییەکان و زانستخوازی و دینداری بکات و خۆی بە نوێنەری تاقانە و ناوازەی خوا و پێغەمبەر و ئیسلام بە خەڵک بناسێنێت.

ئایینناسی: چۆن دەتوانرێت رواڵەتگەرایی لە تێگەیشتن لە ئایین لاواز بكرێت؟

د. سەباح بەرزنجی: رێکاری چارەسەری ڕواڵەتگەرایی زۆرن، گرنگترینیان ئەوەیە کە ئاوڕی جیدی بدرێتەوە لە پێگەیاندنی زانای شارەزا لە ئایین بە روانگە و دیدێکی عەقڵانییەوە، کە هەر توخم و ڕەگەزێک لە شوێن و پێگەی سروشتی خۆی دابنێ و گوتاری دینی لە گوتاری وەعز و ترساندنەوە بگۆڕێت بۆ مەعریفە و ئاخاوتنی عەقڵ و زانست، واز لە دابەشکردنی تاپۆی بەهەشت و دۆزەخ و ئاغایەتی بە ناوی دینەوە بهێنێت، واتە کار بۆ ناساندنی بەها مەعریفی و ڕەوشتییەکانی ئیسلام بکات. بەمجۆرە مرۆڤ لە وەرگرێکی ملکەچەوە دەبێتە کەسێکی تێگەیشتووی بەرپرسیار. ئەم پێگەیاندنەش پرۆسەیەکی درێژخایەن و گشتگیر و فرەڕەهەند و فرەلایەنە، تەنها بە حکومەت و وەزارەتەکانی ناکرێت، ئەگەر خودی بانگخوازەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە روون و ئاشكرایی و تەواو دان نەنێن بە کەموکورتی و شکستیاندا و ئامادە نەبن بە دوور و بەدەر لە هەژموونی عەقڵی لە قوتوودراو بێنە مەیدان بۆ چارەسەر و گۆڕانکاری.

ئایینناسی: تەكنەلۆجیا هیچ كاریگەری هەبووە لەسەر پەرەسەندنی تێگەیشتنی رواڵەتگەرایی لە ئایین؟

د. سەباح بەرزنجی: بەڵێ تەکنەلۆجیا ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری بینیوە لەوەی ئەم گوتارە ڕووکار و ڕووکەشەی واعیزان بە خێرایی بڵاوبێتەوە، بێدەنگیی و بەڵکو پەرتەوازەیی سیاسی و هەڕەمەکی و نەبوونی سیاسەتگوزاری دروست سەبارەت بە پرسی ئایین لە لایەن دەسەڵات و بەڵکو مامەڵەی بەرژەوەندخوازانە لەگەڵ جەمسەرە ئایینییەکان لە پاڵ ئاسانکاری تەکنەلۆجیا رێخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵک بۆ ئەو دیندارییە ئاسان و ڕووکەشە خۆیان بەدەستەوە بدەن.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend