گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بونیادنانی كۆشكی لمی
ئامادەکردنى: ئایندەناسی
كتێبی “گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بونیادنانی كۆشكی لمی”، لە لایەن نیكۆ پۆپسكۆ (Nicu Popescu) و ستانیسلاو سكریرۆ (Stanislav Secrieru) ئامادە كراوە. پۆپسكۆ؛ نووسەر و دیپلۆماتكاری مەلدۆڤیایی، خاوەن بروانامەی ماستەر و دكتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لە ساڵانی 2005 تاوەكوو 2007 توێژەری ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی سیاسەتی ئەورووپا(CEPS) لە برۆكسێل بووە. خاوەنی سێ كتێب و 60 توێژینەوەی زانستی و سیاسییە. توێژینەوەكانی لە فایننشاڵ تایمز، نیویۆرک تایمز، گاردیەن، فارین پەڵسی، لۆمۆند، لۆسۆئار و ئوراكتیڤ بڵاو بووەتەوە. سکریرۆ؛ شرۆڤەكار و لێكۆڵەری دامەزراوەی لێكۆڵینەوە ئەمنییەكانی یەكێتیی ئەورووپا و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە ئەنیستیتۆی نیشتمانیی زانستی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لە ڕۆمانیایە.
ئەم كتێبە هەڵسەنگاندنێک بۆ نفووز و كاریگەرییەكانی ڕووسیا دەخاتە ڕوو و دەستكەوتە سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانییە بەدەستهاتووەكانی دەرئەنجامی بڕیاڕەكەی پۆتین بۆ دەستتێوەردامی سەربازی لە سووریا لە سێپتەمبەری 2015 هەڵدەسەنگێنێت. بڕیارێک كە بە “هەڵسانەوە”ی دووبارەی ڕووسیا لە سیاسەتی جیهانی و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێک دەدرێتەوە.
كتێبەكە لە 12 بابەت پێک هاتووە، كە زیاتر لە سەر گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ باكووری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕ بووەتەوە، بە تایبەتی لە پاش بەهاری عەرەبی، ڕووسیا ئامادەییەكی هەمەلایەنەی لە ناوچەكەدا هەبووە و بە بەشداریی ڕاستەخۆی سەربازی لە سووریا گەیشتە لوتكە. ڕووسیا لە كرداردا هۆشمەندانە یاریی بە كاردی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە و توانیویەتی بەسەر گۆشەگیربوونە سەپێنراوە دیپلۆماسییەكی زاڵ بێت.
بابەتی یەكەم: بە ناونیشانی “یەكێتیی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لێكدانەوەیەكی گشتی”، سۆڤیەتی وەكوو زلهێزێكی خۆدوورگر دەزانێت كە بە پێچەوانەوەی ویستی خۆی چووەتە نێو شەڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شكستی خواردووە. بوونی دووبارەی ڕووسیا لە ناوچەكە تەنیا بە لایەنی سەربازی و ئایدۆلۆژییەوە ناوەستێت، بەڵكوو كۆمەڵێک فاكتەری سەربازی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتووری لەخۆ دەگرێت و پشت بە ستراتیژی نوێ دەبەستێت. بۆ نموونە؛ سەرەڕای ستراتیژی یەكێتیی سۆڤیەت لە بواری دەستتێوەردانی سەربازی لە ئەفغانستان كە زیان و قوربانیی زۆری بەدواوە بوو، ستراتیژی سەربازیی نوێی ڕووسیا لە سەر بنەمای تێچوونی كەمتر و بەكارهێنانی هێز بە وەكالەتەكان (پرۆكسی) وەستاوە.
بابەتی دووەم: بە ناونیشانی “چ شتێک سیاسەتی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستە دەكات؟”، لێكدانەوە بۆ دۆخی ڕووسیا لە پاش سەركەوتنی لە سووریا دەكات بۆ ئەوەی چوارچێوەكانی پەیوەندیی ئەمەریكا و ڕووسیا و كێشە و ناكۆكییەكانیان ڕوون بكاتەوە، هەروەها سنووردارییەكانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشان بكات.
بابەتی سێیەم: “دیپلۆماسیی وزەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەم بابەتە تایبەتە بە بابەتەكانی وەک ئۆپێک و وزەی ناوەكیی ڕووسیا لە پەیوەندی بە ئەمەریكا و ئەورووپاوە. دیپلۆماسیی هۆشمەندانەی وزەی ڕووسیا لە زەمینەی هاوكارییە نزیكەكان لەگەڵ وڵاتانی هەناردەكەری نەوت، لە كرداردا بازاڕەكانی وزەی لە دەست وڵاتانی عەرەبی دەرهێناوە. هەروەها داهێنانە سیاسییەكان وای كردووە كە ڕووسیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دژبەیەكی وەک سعودیە و ئێران، ئیسڕائیل و ئێران، قەتەر و سعودیە و…؛ بە باشی بەڕێوە ببات.
بابەتی چوارەم: پەیوەندیی بە یەكێک لە حەزە گرنگەكانی ڕووسیاوە وەک زلهێزێک هەیە كە بریتییە لە هەناردەكردنی چەک و تەقەمەنی. ئەم بابەتە دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە ئایا پێكهەڵپژانەكانی سووریا، یارمەتیی ڕووسیای داوە بۆ هەناردەكردنی چەک و تەقەمەنی؟
بابەتی پێنجەم: شیكارێكی سیاسییە سەبارەت بە بوونی ڕووسیا لە سووریا و ئامانجەكانی لەم لایەنەوە، جێپێی سەربازی لە سووریا بە پێی پێشینە مێژووییەكان و دواتر كاریگەریی ئامادەبوونی سەربازیی ڕووسیا لە سەر ئایندەی هێزە چەكدارەكانی ڕووسیا.
بابەتی شەشەم: لێكدانەوەی خۆپارێزیی ڕووسیا لە شەڕی داعش و دابەشكاریی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا و سەرزەنشتی ڕۆژئاوا بۆ ڕووسیا دەگرێتەوە. دەركەوتنی داعش هەلێكی زێڕێنی بە ڕووسیا بەخشی بۆ ئەوەی لە ڕای گشتیی جیهاندا خۆی وەک پێشڕەوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزمدا نیشان بدات.
بابەتی حەوتەم: ڕووسیا و بەرەی خۆڕاگری كە ئێران لەم گرووپەدا جێی دەبێتەوە، هۆكارەكانی نزیكبوونەوە و دووركەوتنەوە لە نێوان ئەم بەرەیە و ڕووسیا كە دەوڵەتەكانی پەراوێزی كەنداو و ئیسڕائیل كاریگەرن لەم ڕووەوە. وڵامی ئەو پرسیارەی كە ڕووسیا چۆن دەتوانێت هاوسەنگییەک لە نێو ئەم پەیوەندییە دژەیەكانە دروست بكات.
بابەتی هەشتەم: ڕۆڵ و پێگەی ڕووسیا لە باكووری ئەفەریقا؛ بابەتێكی دیكەی گرنگی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ڕووسیایە. پەیوەندیی ڕووسیا لەگەڵ میسڕ وەک هاوپەیمانێتییەكی نوێیی نێوان سیسی و پۆتین خوێندنەوەی بۆ كراوە و پەیوەندییەكانی ڕووسیا لەگەڵ جەزائیر كە لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە، لە پەیوەندییەكی هەناردەكردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە. گەرموگوڕیی ڕووسیا لەگەڵ مەراكش و سەركەوتنەكانی لە تونس؛ دەرخەری پێشكەوتنە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی و ئابوورییەكانی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفەریقا.
بابەتی نۆیەم: تێگەیشتن لە پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئەنجوومەنی هاوكاریی كەنداو؛ یەكێكی تر لە گرنگترین بابەتەكانی ئەم كتێبە پێک دەهێنێت كە وەرچەرخانی سیاسەتەكانی ڕووسیا لە ئاست وڵاتانی هاوكاریی كەنداو و بە تایبەتی سعودیە، قەتەر و ئیمارات ڕوون دەكاتەوە.
بابەتی دەیەم: پەیوەندییەكانی ڕووسیا و توركیا؛ بابەتێكی تری پەیوەست بە پەیوەندییە دەرەكییەكانی ڕووسیایە كە هەوڵی داوە ئارێشە و سنووردارییەكانی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵات و لایەنە شاراوە و ئاڵۆزەكانی ڕوون بكاتەوە و وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە چ شتێک لە هەناوی پەیوەندییەكانی نێوانیان هەیە.
بابەتی یانزەیەم: پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و ئیسڕائیل لە دۆستییەكی ڕێتێنەچوو تاوەكوو هاوكارییەكی چاوەڕواننەكراوی نێوانیان لەخۆ دەگرێت. نزیكبوونەوەی بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا لە سووریا، لەو هۆكارانەیە كە توانبيت کيشە بۆ پەیوەندییەكانیان دروست بكات.
بابەتی دوانزەیەم: ئەنجامگیریی بابەتەكانە و لە كۆتاییدا ئامادەكارانی كتێبەكە لەو بڕوایەدان كە گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵسانەوەیەكە لە كۆتاییدا بووەتە هۆی زەلكاوی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەشێكی زۆری ویستی ڕووسیا بۆ نفووزی دووبارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر كاریگەریی ئەو گۆشەگیرییە بووە كە ڕووسیا لە پاش داگیركردنی كەریمە لە ئاستی سیاسەتە جیهانییەكاندا تووشی بوو. ئەم گۆشەگیرییە لە پاش هێرشی ڕووسیا بۆ ئۆكراین فراوانتر بوو، بەڵام هێشتا ئەو بەشە لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا كە تا ڕادەیەک لەنێو نەچووە، پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێران زیاتر لە ڕابردوو بە لای ڕووسیادا سووڕاوەتەوە و عەرەبستان، ئیسڕائیل و توركیا لەو هێزانەن كە ڕووسیایان پشتگوێ نەخستووە.
ئەم كتێبە ئەوە دەرەدەخات كە چۆن پۆتین بە گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانیی لەو گۆشەگیرییەی كە ڕۆژئاوا لە پاش شەڕی كەریمە لە 2014 و شەری دژ بە ئۆكراین بەسەر ڕووسیادا سەپاندبووی، ڕزگاری ببێت. بە پێچەوانەی سەردەمی سۆڤیەت، دەستتێوەردانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ؛ نائایدۆلۆژیک، پراگماتیک و سازگارە. ڕووسیا تەنیا هێزێكە كە لە تەواوی پێكهەڵپژانەكانی ناوچەكەدا لەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ دەكات، ئەم وڵاتە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ئێران و هەموو وڵاتە گەورە سوننەمەزهەبەكان و هەروەها ئیسڕائیلدا هەیە.
ڕووسیا توانیی ئێران و حزبوڵا لە ئەنجامدانی كردەوەی تایبەت دژ بە ئیسڕائیل پاشگەز بكاتەوە و لەگەڵ عەرەبستان لە ساڵی 2016 هاوپەیمانێتییەكیان بۆ سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕاگرتنی بەهای نەوت پێک هێنا. بۆیە زۆرێک لە وڵاتان و گرووپەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا وەک دەڵاڵێكی ڕاستگۆ لە ڕووسیا دەڕوانن. دەرچوونی ڕێژەیی ئەمەریكا لە سووریا، هەلی گەورەی خستە بەردەم ڕووسیا و بە بڕوای بەشێک لە چاودێران ڕووسیا لە سووریا براوەیە، هەر چەندە ئەمە لێكدانەوەیەكی دوورمەودا نییە.