گەمەی گەورەوارەکان ئایندەی ڕووسیا لە نێوان دەرفەت و ئاڵنگاریدا
د. زانا كەریم
بەرایی
جەنگی ڕووسیا-ئۆکراین و لێکەوتەکانی، جارێکی دیکە گەنگەشەکردنی ئایندەی نەزمی نێودەوڵەتی و گەمەی دەوڵەتە گەورەوارەکانی هێنایەوە بەر باس و بەرەنجامی جەنگەکەش وەک خاڵێکی وەرچەرخان لەم ڕووەوە چاوی لێ دەکرێت. ڕووسیا لەو سۆنگەیەوە کە لایەنێکی ململانێکەیە و جەمسەرێکی پێشبینیکراوە لە گەمەی گەورەوارەکاندا، سەرنجێکی تایبەتی لە سەرە. لێرەوە باسکردن لە ئایندەی ڕووسیا و ئەگەرەکانی هەڵکشانەوەی وەک هێزێکی گەورەوار ڕەوایەتی وەردەگرێت. کۆتاییەکانی سەدەی بیست، بەدیاریکراوییش ساڵی 1991، بۆ یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت (USSR) کۆتاییەکی دڵخواز نەبوو، کۆتاییەک بوو هاوڕێ لەگەڵ داکشانی هێز و سەرەولێژبوونەوەی پێگە نێونەتەوەییەکەی. سەرەنجام یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت وەک جەمسەرێکی کاریگەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیی بەجێ هێشت و بەدوایشیدا پەیکەری دابەشبوونی دوو جەمسەرییانەی هێز لە نەزمی نێودەوڵەتیدا کۆتایی هات و کۆماری ڕووسیای فیدراڵ بوو بە میراتگری یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەت. کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە سەر داروپەردووی هێزێکی گەورە و دەوڵەتێکی کاریگەر خەریکی خۆسازدانەوەیە و بەردەوام چاوی لە سەر گێڕانەوەی پێگە و ڕۆڵی کاریگەری جارانیەتی، بۆیە هیچ دەرفەتێک بۆ ئەم مەبەستە زایە ناکات و سڵ لە وەگەڕخستنی تواناکانی ناکاتەوە. کامانەن ئەو دەرفەتانەی وا دەکەن ئەگەری گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ناو گەمەی هێزە گەورەوارەکان و ئامادەبوونی وەک جەمسەرێکی کاریگەر لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا شیاو بێت؟ لە هەمان کاتدا کامانەن ئەو ئاڵنگارییانەی کە دەبنە ڕێگر لە بەردەم ئەم هەوڵانەی ڕووسیادا بۆ گەڕانەوە و سنوورداری دەکەن؟ ئایندەی ڕووسیا لە نێوان ئەم دەرفەت و ئاڵنگارییانەدا بە کوێ دەگات؟
یەکەم: دەوڵەتی گەورەوار
هەڵکشانی دەوڵەتان و بوون بە هێزێکی گەورەوار لە سیاسەتی جیهانیدا کارێکی کتوپڕ و سانا نییە، بەڵکوو پێواژۆیەکی توولانی و درێژماوەیە و پڕ لە هەڵدێر و بەربەستە، پێویستی بە فەراهەمبوونی پایە و بنەمای پتەو هەیە و پێشمەرج و پێوەری تایبەتی خۆی هەیە.
چەندین پێوەری جیهانی هەن کە وەک توخمی سەرەکیی پێوانەکردن وەهان و دەکرێت بە هۆیانەوە پێگەی دەوڵەتان لە نەزمی جیهانیدا دەستنیشان بکرێت. هەر چەندە ئەم پێوەرانە ڕاکۆیی (اجماع)ان لە سەر نییە، بەڵام دەکرێت هەندێکیان بەم شێوەیە دەستنیشان بکەین: فێرکردن، ڕۆشنبیری، ئابووری، تەکنیک، توانای سەربازی، وزە، گواستنەوە. کاری پێوانەکردنەکەش بە هەڵسەنگاندنی دەوڵەتەکە لە ڕێگەی یەک پێوەرەوە ناکرێت، بەڵکوو بە تێکڕای هەڵسەنگاندنی بە هەموو پێوەرەکان دەبێت[2].
لێرەدا و بۆ مەبەستی ئەم پەڕە باسە، دەتوانین لانی کەم سێ پایە دەستنیشان بکەین کە دەکرێت وەک پێشمەرجەکانی بوون بە هێز یاخود دەوڵەتێکی گەورەوار لێی بڕوانین و ئەگەر دەوڵەتێک بیەوێت وەک جەمسەر یان کایەر (Actor)ێکی تەوەرەیی لە سەر شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئامادەگیی هەبێت، پێویستە بەرجەستەیان بکات. ئەو پایە و بنەمایانەش بریتین لە: هێز، ویست، ژینگەی نێودەوڵەتی.
1-1. هێزی سەراپاگیر
یەکەم مەرجی بوون بە هێزێکی گەورەوار، هەبوونی سەرجەم توخم و بنەماکانی هێزی سەراپاگیرە (القوة الشاملة). مەبەست لە هێزی سەراپاگیری دەوڵەت: “بەکارهێنانی ڕاستەقینەی توانا یان سەرچاوەکانی دەوڵەتە بە جۆرێک دەوڵەتەکە بتوانێت لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیدا کاریگەریی پێویست لە سەر ئەوانی دیکە دابنێت[3].” توانا و سەرچاوەکانی هێزی سەراپاگیری دەوڵەتیش سەرجەم توانا سەربازی و هەواڵگری و سیاسی (دیپلۆماسی) و ئابووری و تەکنەلۆژی و میدیایی و دارایی و جیۆپۆلەتیکی و دیمۆگرافییەکانی دەوڵەت دەگرێتەوە، سەرباری توانای کەسایەتیی سەرکردە و بڕیاردروستکەرانی دەوڵەت و تێگەیشتنیان لە سەرچاوەکانی هێزی سەراپاگیری دەوڵەت.
لە نێو سەرچاوەکانی هێزی سەراپاگیری دەوڵەتدا، سێ سەرچاوەیان پێداگریی زۆریان لە سەر دەکرێت و جێگەی بایەخ و مشتومڕی توێژەرانی هاوچەرخن، ئەوانیش: سەرچاوە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانن.
1-2. ویست
مەرج و بنەمای دووەم؛ ویست (الإرادة)ی دەوڵەتەکەیە بۆ ئامادەبوون وەک هێزێکی گەورەوار و وەگەڕخستنی تواناکانی لەم پێناوەدا و ڕەفتارکردن بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەم خواست و ویستە بێت.
دەوڵەتان لەخۆوە و تەنها بە هەبوونی پایە و توانا پێویستەکان نابن بە گاهێز (Super Power)، دەوڵەتێک بۆ ئەوەی ببێت بە جەمسەر یان کایەرێکی سەرەکی و تەوەرەیی لە جیهاندا، پێویستە ئارەزووی بوون بە جەمسەر و تەوەرەییبوون، هەروەها ویستی جێبەجێکردنی ئەو ئارەزووەشی هەبێت، پاشان ئەو توانا و بنەمایانەی هێز کە دەوڵەتەکە خاوەنیەتی بخاتە گەڕ، لە پێناو وازیکردنی ڕۆڵی دەوڵەتی گەورەواردا[4].
“ویستی گەورەواری” لەم بەستێنەدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت. چەندێک بنەما و مەرجەکانی بوون بە دەوڵەتێکی گاهێز فەراهەم بێت، ئەگەر ویستێک بۆ ئەم گەورەوارییە لەگۆڕێدا نەبێت، دەوڵەتەکە نابێت بە جەمسەر و هێزێکی تەوەرەیی لە سیاسەتی جیهانیدا. لەم بوارەدا، چین دیارترین نموونەیە: سەرەڕای فەراهەمبوونی ئەگەر نەڵێین هەموو بنەماکان، ئەوا دەتوانین بڵێین زۆربەی ئەو بنەمایانەی کە دەوڵەتێک دەکەن بە گاهێزێکی جیهانی، کەچی پەکین خۆپارێزی دەکات و نایەوێت ئەو ڕۆڵە وازی بکات، ئەمەش لە پێناو خۆبەدوورگرتن لە ئەرک و ئیلتیزاماتەکانی دەوڵەتانی گاهێز[5].
1-3. ژینگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی
یەکێکی تر لەو مەرج و بنەمایانەی کە دەبێتە پاڵنەری دەرکەوتنی دەوڵەتێکی گەورەوار، ژینگە و بارودۆخی نێودەوڵەتییە. فراوانبوونی جوغزی دەوڵەتانی گەورەوار پەیوەستە بە سروشتی ململانێ و دابەشبوونی پەیکەری هێز لە نەزمی نێودەوڵەتیدا، هیچ گەورەوارێک بە ئاسانی ڕێگە نادات هێزی تر و هاوتای تری بۆ پەیدا بێت و بۆڕبۆڕێنی لەگەڵدا بکات، بۆیە لە مێژوودا جەنگە گەورەکان دەروازەیەکی گرنگ بوون بۆ وەژوورکەوتنی هێزی گەورەواری نوێ.
لە لایەکی ترەوە و بەدەر لە جەنگ، زۆر جار داکشانی هێزی دەوڵەتە گەورەوارەکانی تر، یاخود پاشەکشە و سەرەولێژبوونەوەیان ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەڵکشان و دەرکەوتنی دەوڵەتی گەورەواری تر.
لەم بەستێنەدا دەکرێت بڵێین گەڕانەوەی ڕووسیا پەیوەستە بە هێز و توانای ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە و پەیوەندییەکە چەپەوانەیە، واتە هەموو سەرەولێژبوونەوە و پاشەکشەکردنێکی ئەمەریکا دەرفەتێکە بۆ هەڵمسان و دەرکەوتنەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەواری جیهانی و بە پێچەوانەشەوە.
دووەم: دەرفەتەکانی بەردەم گەڕانەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەوار
چەند هۆکار و بنەمایەک هەن وا دەکەن قسەکردن لە سەر ئەگەری گەڕانەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەوار و جەمسەرێکی کاریگەر لە سەر شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی ببێتە ئەگەرێکی شیاو و چاوەڕوانکراو، لەم بەشەدا تاوتوێی ئەو بنەمایانە دەکەین و ڕەهەندەکانی شرۆڤە دەکەین.
پێشتر و لە بەشی یەکەمی ئەم پەڕەباسەدا سێ بنەمامان وەک مەرج و بنەما سەرەکییەکانی بوون بە هێزێکی گەورەوار دەستنیشان کرد. لەم بەشەدا و پەیوەست بە ڕووسیا، ئەو بنەمایانە تاقی دەکەینەوە و دەستوپەنجەیان لەتەکدا نەرم دەکەین.
2-1. هێزی سەراپاگیر
ئەگەر سەراپاگیرانە و لە گۆشەی بنەما و سەرچاوە کلاسیکییەکانی هێزەوە لە هێزی ڕووسیا بڕوانین، ئەوا ڕووسیا خاوەنی ڕووبەرێکی جوگرافیی فراوان و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانە و بە چەندین سەرچاوەی سروشتی و کانزا دەوڵەمەندە.
ڕووسیا لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین وڵاتە لە جیهاندا و ڕووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی “حەڤدە ملیۆن و نەوەد و هەشت هەزار و دوو سەد و چل و دوو (17098242) کیلۆمەتری چوارگۆشە”[6]. هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن ڕاژە ئامارییەکانی دەوڵەتی فیدراڵیی ڕووسیاوە (Federal State Statistics Service) بڵاو کراوەتەوە، لە 1/1/ 2024دا ژمارەی دانیشتووانی ڕووسیا گەیشتووەتە “سەد و چل و شەش ملیۆن و سەد و پەنجا هەزار و هەشت سەد کەس” (146150800)[7]. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دانیشتووانە خوێندەوارن و زانا و ئەندازیاری کارامەیان تێدایە[8] و سەرچاوەیەکی مرۆیی بەهرەمەندن، بە تایبەتی لە هەندێک بواری وەک پیشەسازیی سەربازیدا کە دەتوانن بەرهەمی پێشکەوتوو بەرهەم بهێنن[9]. لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانیشەوە ڕووسیا بە نەوت و گازی سروشتی و دار دەوڵەمەندە[10].
ئەگەر لە سێ سەرچاوە سەرەکییەکەی هێزیش کە سەرچاوەی سیاسی و ئابووری و سەربازین بنواڕین، ئەوا بەم بەرەنجامانە دەگەین:
لە ڕووی سیاسییەوە: لەم ساڵانەی دواییدا ڕووسیا چالاکانە گەڕاوەتەوە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و جموجووڵی کاریگەری لە هەنبەر ئەو پرس و قەیرانانەدا کردووە کە ڕەهەند و ئاستی جۆراوجۆریان هەیە. لە هەندێکیاندا ڕاستەوخۆ وەک کایەرێکی سەرەکی تێوە گلاوە، هەروەک لە قەیرانی ئۆکرایندا ڕووی دا و لە هەندێک پرسی دیکەشدا وەک لایەنێکی پاڵپشت بەشدار بووە، وەک قەیرانی سووریا و ڤەنزوێلا، لە بەستێنی هەندێکیشیاندا هەوڵی داوە ڕۆڵی ناوبژیوان یان ڕێخۆشکردن بۆ چارەسەرێکی سیاسی بگێڕێت، هەروەک لە قەیرانی لێدانی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە کەنداو و لە قەیرانی بەنداوی نەهزەدا بەدیار کەوت[11].
لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕووسیا چەندین هەنگاوی ناوە لە پێناو ئامادەگییەکی کارا و کاریگەرانە و کۆکردنەوە و سازدانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ هەنگاوەکانی. دەکرێت ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕووسیا لە چین، لە پێناو پتەوکردنی هاریکاری و پەیوەندییەکانی نێوانیان و کارکردنی پێکەوەیی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی شەنگەهایدا بکەین، ئەمە سەرەڕای مەشق و مانۆڕی هاوبەشی دووقۆڵی[12].
هەر لەم ڕووەوە دەکرێت ئاماژە بە لوتکەی ڕووسیایی-ئەفەریقایی بکەین کە یەکەمین کۆبوونەوەی لە شاری سوچی ڕووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 بەڕێوە چوو، دووەمین کۆبوونەوەشی لە ڕێکەوتی 27-28ی تەممووزی 2023 لە شاری سانپترسبۆرگ بە بەشداریی 49 دەوڵەتی ئەفەریقایی بەڕێوە چوو. دیارترین ئامانجی ڕووسیا لەم لوتکەیەدا بریتییە لە: بنیاتنانی هاوبەشیی ئابووریی نوێ و جێدار، بەهێزکردنی نفوزی جیۆسیاسیی خۆی لە کیشوەری ئەفەریقادا و کارکردن لە پێناو بەدیهێنانی جیهانێکی فرە جەمسەر[13].
لە ڕووی ئابوورییەوە: لە دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو (1991-1999)دا، ئابووریی ڕووسیا لە ڕەوشێکی خراپ و داڕماو و گوزەرانی گەلەکەشی لە ئاستێکی نزمدا بوو. بە گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لە لایەن ڤلادیمێر پۆتینەوە (31/12/1999)، سەرکردایەتیی نوێی ڕووسیا دەستی کرد بە ڕێکخستنەوەی ئابووریی ڕووسیا، بە تایبەتی کەرتی پیشەسازی و کەرتی پیشەسازییە سەربازییەکان و وەبەرهێنانێکی فراوانی لەم دوو کەرتە (کەرتی پیشەسازی و پیشەسازییە سەربازییەکان) و دامەزراوە ئابوورییەکانی دیکەدا کرد. ڕێکەوتێکی مێژووییش لەم هەنگاوانەدا یارمەتیدەر بوو، ئەویش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت و گاز بوو لە سەرەتای ساڵی (2000)ەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2014دا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 120 دۆلار. لە ئەنجامی ئەم ئاڕاستانەی سەرکردایەتیی نوێی ڕووسیا و لەباریی ڕەوشەکەوە، ڕێژەی گەشەی ئابووریی ڕووسیا لە نێوان ساڵانی 2000 و 2008دا گەیشتە ئاستێک لە نێوان 6٪ و 7٪ هاتوچۆی دەکرد، تا ئەو کاتەی قەیرانی دارایی-ئابووریی جیهانی بە هۆی بانکە ئەمەریکاییەکانەوە هات و کاریگەریی نەرێنیی لە سەر ئابووری ڕووسیا بەجێ هێشت[14]. دواتر و لە ساڵانی دواییدا ئابووریی ڕووسیا بەخۆدا هاتەوە و بە گوێرەی دەیتاکانی بانکی نێودەوڵەتی لە ماوەی نێوان (2010-2019) تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی ڕووسیا ڕوو لە هەڵکشان بووە[15]، بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی ڕووسیا لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە 2.24 ترلیۆن دۆلار و ئاستی گەشەشی لە ساڵی 2023دا 3.6٪ بووە[16].
لە ڕووی سەربازییەوە: ژیانەوەی ئابووری و زیادبوونی داهاتە نەوتییەکان بە شێوەیەکی گشتگیر توانایەکی گەورەی بۆ ڕووسیا فەراهەم کرد بۆ بونیادنانەوەی بنکە سەربازییەکان و پەرەپێدانی خۆچەکدارکردنی، هەروەها تەرخانکردنی پارەیەکی زۆر بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی پیشەسازییە سەربازییەکان و چاککردنەوە و نوێکردنەوەی چەکە ستراتیژییەکان (کڵاوە ناوەکییەکان، مووشەکەکان، دوورهاوێژە ستراتیژییەکان و ژێردەریاییەکان… هتد.) و تەرخانکردنی سەرچاوەیەکی تا ڕادەیەک گەورەتر بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێتر لە مووشەکەکان و گۆڕینی مووشەکە کۆنەکان[17].
هەروەک دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم فراوانبوونێکی گەورەی لە بواری بەرهەمهێنانی جۆری نوێی چەکی تەقلیدیی پێشکەوتوو (فڕۆکەکان، دوورهاوێژەکان، کەشتییە جەنگییەکان، تانکەکان و… هتد)ی بەخۆیەوە بینی، وە خەرجکردنی پارە بۆ دروستکردنی (پێکهێنانی) دەستەی سەربازیی نوێ بۆ ناوچە سەربازییە جیاوازەکان لە ڕووسیا، بە تایبەتییش بەرەی خۆرئاوا. هەروەها سەرچاوەیەکی گەورە تەرخان کرا بۆ توێژینەوە سەربازییەکان بە ئامانجی بەرهەمهێنانی چەکی زۆر پێشکەوتووی نوێ لە ساڵانی داهاتوودا، وەک جۆرە پێشکەوتووەکانی مووشەکی سام (S-400) و (S-500). گرنگتر لەمەش، مووشەکی زۆر خێرا، وەک “ئاڤانگارد” و “کینجاڵ” و جۆرەکانی تری مووشەکە تارماییاساکان (الصواريخ الشبحية)، کە ڕووسیا تیایدا پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەوتووە[18].
شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیای سەربازی ئاماژە بە سێ کۆپێکهاتی خۆچەکدارکردن (منظومات تسليح)ی پێشکەوتوو دەکەن کە ڕووسیا تیایاندا بەناوبانگە، ئەوانیش[19]:
- ژێردەریاییە ناوەکییەکان
- سیستمی مووشەکیی “Sarmat”
- بزوێنەری فڕۆکە
سەرباری ئەمانەش، ڕووسیا خاوەنی گەورەترین ژمارەی کڵاوەی ناوەکیی جەنگییە و سوپاکەشی بە دووەم بەهێزترین هێزی سەربازی لە جیهاندا پۆلێن دەکرێت[20].
2-2. ویست
لەگەڵ دەستبەکاربوونی ڤلادیمێر پۆتین لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٩دا وەک سەرۆکی ڕووسیا بە وەکالەت و دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ٢٦ی ئازاری (٢٠٠٠)یشدا وەک سەرۆکێکی هەڵبژێردراو، ڕووسیای فیدراڵ “ڕابوون”ێکی بەخۆیەوە بینی بە ئامانجی کارکردن لە پێناو وەرچەرخان لە دەوڵەتێکەوە کە لە بەردەم هەڕەشەی بوون بە دەوڵەتێکی پلە دوو یان ڕەنگە پلە سێشدا بوو، بە گوێرەی دەربڕینی پۆتین، بۆ هێزێکی گەورەوار. پۆتین لە پەیامێکدا بە ناونیشانی “ڕووسیا لە سەر لێوارەکانی هەزارەی نوێ”دا، کە لە ناو شارەزایانی کاروباری ڕووسیادا بە “پەیامی هەزارە” ناسراوە و لە کۆتاییەکانی ساڵی 1999دا ئاڕاستەی کرد، گوزارشتی لەم خواستە کرد[21].
دەستتێوەردانی ڕووسیا لە جۆرجیا ساڵی ٢٠٠٨ یەکەم هەنگاوی کرداری بوو بۆ وەرگێڕانی “بیرۆکەی ڕووسیایی” بۆ بوونی ڕووسیا بە دەوڵەتێکی گەورەوار کە لە بەستێنی دیدگای پەیامی هەزارەدا گوزارشتی لێ کرابوو، دواتریش دەستتێوەردان و داگیرکردنی نیمچەدوورگەی قرم (کریمیا) و پشتیوانیکردن لە جوداخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین؛ هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو[22].
هەروەها ڕێبازی (Doctrine) سیاسەتی دەرەکیی ڕووسیای فیدراڵ کە لە لایەن سەرۆک ڤلادیمێر پۆتینەوە لە 30/11/2016 پەسەند کراوە، ئاماژە بە کۆمەڵێک ئامانج دەکات کە سیاسەتی ڕووسیا هەوڵی بەدیهێنانی دەدات، دیارترینی ئەو ئامانجانە: بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕووسیا لە چوارچێوەی جیهانێکی فرە زلهێزدا، پاراستنی سەقامگیریی ستراتیژی، پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوبەشەکیی سوودبەخش بۆ هەمووان و بنیاتنانی زۆرترین هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان. هەروەها ڕێبازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بە ئامانجی بەرگری ڕووسیا و فشارخستنە سەری؛ سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تێک دەدات[23].
2-3. ژینگەی نێودەوڵەتی
هەموو ئەو کارلێک و بەریەککەوتنانەی کە لە چوارچێوەی سیستمی نێودەوڵەتیدا ڕوو دەدەن، جا چ سروشتێکی ململانێئامێزیان هەبێت یان هاریکاریئامێز، کاریگەریی بەرچاویان دەبێت لە ڕێخۆشکردندا بۆ بەهێزبوون و هەڵمسانی دەوڵەتی نوێ. پەیوەست بە گەڕانەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی تەوەرەیی و جەمسەرێکی ململانێ، پابەندیی پەیوەندیی ئەم وڵاتەیە بە پێگە و کاریگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.
لە ئێستادا زۆرێک لە توێژینەوە و شرۆڤەکاران، هەروەها ڕووداو و کارلێکە جیهانییەکان، ئاماژە بە سەرەولێژبوونەوە و داکشانی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن[24]. هەموو پاشەکشەیەکی ئەمەریکاش، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، دەرفەتێکە بۆ هەڵمسان و دەرکەوتنەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەواری جیهانی، چونکە پەیوەندیی نێوان گەڕانەوەی ڕووسیا و سەرەولێژبوونەوە و پاشەکشەی جیهانییانەی ئەمەریکا؛ پەیوەندییەکی چەپەوانەیە.
لە لایەکی دیکەوە دەکرێت هەڵکشانی چین وەک سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی نەزمێکی فرە جەمسەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وێنا بکەین، ئەمەش بوارێکی فراوانتر بۆ لڤین و جموجووڵەکانی ڕووسیا دەڕەخسێنێت و دەرفەتی زیاتری دەخاتە بەردەست، تاکوو کاریگەریی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دەورەدان و ڕێگریکردن لە هەڵکشانی ڕووسیا کەم بکاتەوە. هەروەها نزیکبوونەوەی ڕووسیا لە چین و ئەنجامدانی هاوپەیمانێتییەک لە نێوانیاندا، هەر چەندە ئەگەرێکی دووریشە، بەڵام هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ کۆتاییپێهێنانی هەژموونی تاکلایەنانەی ئەمەریکا و چێکردنی نەزمێکی فرەجەمسەری نێودەوڵەتی، کە ڕووسیا لە هەوڵی بەدیهێنانیایەتی.
سێیەم: ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەڕانەوەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەوار
سەرەڕای ئەو خاڵانەی کە لە پێشەوە تیشکمان خستە سەر و وەک بزوێنەری گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ناو گەمەی دەوڵەتە گەورەوارەکان هاتنە هەژمار، بەڵام بەهێزبوونەوە و هەڵمسانی ڕووسیا بەبێ بەربەست نییە و چەندین ئاڵنگاریی لە پێشدایە کە دەکرێت بڵێین گەڕانەوەکەی دەکاتە کارێکی سەخت و دژوار.
لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم گەڕانەوەیە ئاڵنگاریی گەورەی لە بەردەمدایە. یەکێک لە گرفتەکانی ئابووریی ڕووسیا کە داینەمۆی بووژانەوەی هێزی سەربازی و سیاسیی دەوڵەتەکەیە، تاک سەرچاوەی بوونیەتی (one crop economy)[25]، نزیکەی 10٪ی سەرچاوەی دراوی نەختینەیی بیانی لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوت و گاز و دار و کانزا خاوەکانی دیکەوە دێت[26]. هەروەها ئەو ئابڵووقەیەی کە بە هۆی جەنگی ئۆکراینەوە خراوەتە سەر ڕووسیا، گورزی گورچکبڕی لە ئابوورییەکەی داوە و لێکەوتەی لە سەر بوارەکانی دیکەی بەهێزبوونەوەی ڕووسیاش دەبێت. ئەمانە سەرباری گەندەڵیی دامودەزگاکان و گرفتی دیمۆگرافی و تەندروستی کە لە چارەسەرکردن نایەن[27].
لە لایەکی دیکەوە تێکڕای زیادبوونی دانیشتووانی ڕووسیا ڕوو لە کەمییە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی ڕووسیا بەردەوام دەبێت لە کەمبوونەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2070 دا دەگاتە سەد ملیۆن کەس[28].
لە ڕووی تەکنەلۆژیا و ئەو جۆرە پیشەسازییانەوە کە پشت بە نەوەی نوێی تەکنەلۆژیا دەبەستێت، ڕووسیا گرفتی ڕاستەقینەی هەیە، بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بە “میکاترۆنیکس” بدەین کە نەوەیەکی نوێیە لە بواری پیشەسازیدا و پشت بە تێکەڵاوکردنی پیشەسازییە میکانیکییە تەقلیدییەکان و دەزگاکانی کۆنترۆڵی ئەلکترۆنی و پێکەوەبەستنیان لە ڕێگەی بەرنامە و سیستمی کارپێکردنی ئالییەوە دەبەستێت[29]. هەروەها سیاسەتی بەرگریی ڕووسیا گرفتی ڕاستەقینەی هەیە، وەک پیوار (غياب)ی گەشەیەکی ڕاستەقینە بە هۆی سزای وڵاتانی خۆرئاواوە، سەرەڕای بەردەوامنەبوونی خەرجیی ڕوو لە زیادی بەرگری لە سای داکشانی ئابووریدا، داکشانێک کە هۆکارەکەی سزا ئابوورییەکان و هەڵبەزودابەزی نرخی نەوتە.
ئەمانە سەرباری ئەوەی کە تا ئێستاش مۆسکۆ بەدەست گرفتە گەورەکانی ئەو ژینگەیەوە دەناڵێنێت کە ئابووریی ڕووسیای تێدا هەڵدەسووڕێت، بە تایبەتی بەستێنی قانوون داڕشتن و ئەو قانوونانەی کە جموجووڵی ئابووری و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و پێشەنگی لە بواری کاردا ڕێک دەخەن[30].
لە سەر ئاستی دەرەکی و پەیوەست بە ژینگەی کارلێکی نێودەوڵەتییش، بەهێزبوونەوەی ڕووسیا ئاڵنگاریی گەورەی لە بەردەمدایە. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لوتکەی قوچەکی دابەشبوونی هێز لە جیهاندا وەستاوە و وەک شاهێز (Supreme Power)ێک هەڵسوکەوت دەکات. ئەمەریکا لەپێناو پاراستنی ئەم هەژموونەی خۆیدا هەموو هەوڵێک دەدات تاکوو ڕێگە لە هەر هێزێک بگرێت کە بیەوێت ئەمەریکا بداتە دواوە و ئەم لەپێشینەییە (Priority) کۆتایی پێ بهێنێت. پەیوەست بە ڕووسیا، ئەمەریکا بەردەوام کار دەکات لە پێناو سنووردارکردنی جموجووڵەکانی ڕووسیا و جڵەوکردنی خواستی ڕووسیا بۆ ئامادەبوونێکی کاریگەرانە لە پرس و ئاریشە جیهانییەکاندا. هەروەها لە بەستێنێکی هاریکاریئامێز لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپادا، کار دەکات بە مەبەستی هێنانەئارای ڕەوشێکی جوگرافیی لەبار بۆ دەورەدان (احتواء)ی ڕووسیا[31].
چوارەم: ئایندەی ڕووسیا وەک هێزێکی گەورەوار
هەر چەندە پێشبینیکردن و وێناکردنی ئایندەی ڕووداوەکان لە کایەی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کارێکی ئەستەمە و ڕووداوگەلێکی گەورە لە دەرەوەی پێشبینی و چاوەڕوانیی بیریاران و شارەزایانی ئەم کایەیەوە ڕوویان داوە، لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا بیریار و چاودێرانی کایەکە هەوڵی خۆیان لەم بارەوە هەر دەدەن و بەرەنجامی بیرکردنەوە و شرۆڤەکانیان دەخەنە ڕوو، بۆیە دەکرێت ئێمەش هەوڵێکی خاکی بدەین و بەربنەمای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی پێدراوەکان خۆپارێزانە لەم بارەیەوە ئەنجامگیری بکەین.
چاودێران و شارەزایانی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، تێڕوانین و تەرزەبۆچوونی جیاوازیان لە بارەی ئایندەی پێگە و ڕۆڵی ڕووسیاوە هەیە کە دەکرێت لە دوو سیناریۆدا پوختیان بکەینەوە و بە کورتی ئاماژەیان پێ بدەین:
بە لای هەندێک لە شارەزایان و چاودێرانەوە، ڕووسیا سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی چەندین سەرچاوە و توخمی هێزە، بەڵام ئەگەری گەڕانەوە و بوون بە جەمسەرێکی کاریگەر وەک سەردەمی جەنگی سارد کە هاوشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو، لەئارادا نییە و لانی کەم لە ماوەیەکی نزیک یاخود مامناوەند مەودادا ئەم ئەگەرە کارێکی لە کردن نەهاتووە. لەم ڕووەوە جۆزێف نای دەڵێت: “بەخۆداچوونەوەکانی ڤلادیمێر پۆتین، هێزی ناوەکیی ڕووسیا، دەوڵەمەندی بە سەرچاوەی نەوت و غاز، لێهاتووییەکانی لە بواری تەکنەلۆژیای سایبەریدا، هەروەها نزیکیی ڕووسیا لە ئەورووپاوە و ئەگەری هاوپەیمانێتی بەستنی لەگەڵ چیندا؛ ئەو توخم و سەرچاوانەن کە ڕووسیا هەیەتی و بە هۆیانەوە دەتوانێت ئاریشە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروست بکات. بەڵام ڕووسیا نابێت بە خاوەنی ئەو هێز و توانایەی کە بتوانێت هاوسەنگی هێزی ئەمەریکایی بێت، وەک چۆن لە سەردەمی جەنگی سارددا هاوتای هێزی ئەمەریکا بوو[32].
هەندێکی دیکەیان پێیان وایە لە هەموو ئانوساتێکدا گەڕانەوەی ڕووسیا وەک جەمسەرێکی سەرەکیی ململانێ و هێزێکی تەوەرەیی ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە مەرجدارە و پەیوەستە بە چۆنێتیی مامەڵەکردنی ڕووسیا لەگەڵ ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی خاڵە لاوازەکانی و بۆ ئەم بۆچوونەش بەڵگە و ئاڕگومێنتی جۆراوجۆر سەر ڕێ دەخەن[33].
هەر چەندە، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، پێشبینیکردنی ڕووداوەکان کارێکی زەحمەت و پڕ لە ئاڵنگارییە، بەڵام دەکرێت بڵێین بۆچوونی یەکەم بۆچوونێکی واقیعییە و بەربنەمای خوێندنەوەی کارلێک و بەریەککەوتنەکانە و ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن بوونی ڕووسیای فیدراڵ بە جەمسەرێکی سەرەکی و هێزێکی تەوەرەیی ئامادە لە ململانێ و کارلێکە جیهانییەکاندا ئەگەرێکی دوورە. لەم ڕووەوە و لە باشترین بارودۆخدا دەکرێت بڵێین ئەگەر گەڕانەوەی ڕووسیای فیدراڵ وەک هێزێکی گەورەوا ئەگەرێکی شیاو بێت، ئەوا لانی کەم لە ئایندەیەکی نزیک و تەنانەت مامناوەندیشدا ڕوو نادات.
هەر چەندە بە سوودوەرگرتن لە میراتی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ڕەنگە ئەگەری بوونی ڕووسیای فیدراڵ بە جەمسەرێکی کێبەرکێ و هاوتا لە ململانێ جیهانییەکاندا شیاو بێت، بەڵام بۆچوونی دووەم، بە ڕای ئێمە، زیادەڕەویی تێدایە و گەڕانەوەی ڕووسیای فیدراڵ وەک جەمسەرێکی ململانێ و وەک هێزێک هاوتای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین، ئەگەرێکە پێچەوانەی ئاماژە و نیشاندەرەکانی هێزی ڕووسیایە. ڕەنگە قەیرانی ئۆکراین و یەکلانەبوونەوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراین، باشترین بەڵگەیەک بێت کە بکرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بدەین.
لە کۆتاییدا و خاڵێکی دیکەی پەیوەست بە ئایندەی ڕووسیا، پاڵنەر و هۆکاری ناوخۆییە. هەر چەندە ئەم لایەنە لە دەرەوەی بایەخی ئەم پەڕەباسەیە، بەڵام ناکرێت ئەم پاڵنەرە، پەیوەست بە ئایندەی ڕووسیا، فەرامۆش بکرێت و نادیدەی بگرین[34].
سەرچاوە و پەراوێزەکان
[1] گەورەوار = گەورە + وار. بە گوێرەی فەرهەنگی “هەنبانەبۆرینە”، ”وار” پاشگرێکە بە واتای خاوەن ”خوێندەوار” یاخود کەسێک کە شیاوی شتێکە (سزاوار: شیاوی سزادان). هەروەها بە گوێرەی فەرهەنگی “خاڵ”، ”وار” پاشگرێکە دەچێتە سەر هەندێک ناو و دەیکات بە کارکەر (خوێندەوار، کۆڵەوار… هتد). ئێمە وشەکەمان لە مامۆستا ئەحمەد قازی وەرگرتووە و مەبەستمان لێی خاوەن گەورەییە، واتە ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەن پێگەی گەورە و هێزی زەبەلاحن. مەبەستیشمان لە هێزە گەورەوارەکان ئەو دەوڵەت و هێزانەن کە لەنگەری نەزمی نێودەوڵەتی ڕادەگرن و ئامادەبوونێکی گەردوونییان هەیە و لە هەموو پرس و بابەتە جیهانییەکاندا کاریگەرییا هەیە. بڕوانە:
هەژار، هەنبانەبۆرینە: فەرهەنگی کوردی-فارسی، چ12، (تاران: سروش، 1398): “وار”.
شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ: کوردی-کوردی (هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، 2017)، “وار”.
[2] د. جمال سند السويدي، آفاق العصر الأمريكي: السيادة والنفوذ في النظام العالمي الجديد، ط2 (أبو ظبي: 2014)، 55-56.
[3] د. إيمان رجب، “أبعاد التحول في إدراك القوة الشاملة للدولة خلال القرن الحادي والعشرين”، السياسة الدولية (أكتوبر 2023): 260.
[4] سامح راشد، “روسيا قوة عظمى محتملة”، السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 3.
[5] المرجع نفسه.
[6] روسيا وريثة الإتحاد السوفياتي والقوة العسكرية الثانية في العالم، في موقع الجزيرة نت على الرابط:
https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2014/2/17/%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7
[7] https://eng.rosstat.gov.ru/
[8] Joseph S. Nye, Jr., Is American Century Over? (Polity Press: Cambridge, 2017), 38.
[9] Ibid., 34.
[10] روسيا وريثة الإتحاد السوفياتي…، في موقع الجزيرة نت.
[11] د. أحمد حسن، “ركائز العودة ومقومات الإستمرار: قراءة في الداخل الروسي”، السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 9.
[12] محمود خليفة جودة، “الرؤية الروسية لتوسع حلف الناتو بعد انضمام السويد وفنلندا”، السياسة الدولية 234 (أكتوبر 2023): 194-201.
[13] فاروق حسين أبو ضيف، “القمة الروسية- الافريقية الثانية: سياقات الانعقاد والمكاسب المشتركة”، السياسة الدولية 234 (أكتوبر 2023): 208-212.
[14] د. محمد فراج أبو النور، “محرك المواجهة مع الغرب: قدرات وأعباء الاقتصاد الروسي”، السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 6.
[15] وەرگیراوە لە: أبو النور، “محرك المواجهة مع الغرب…”، 7.
[16] روسيا.. وريثة الاتحاد السوفيتي والقوة العسكرية الثانية في العالم…
[17] أبو النور، “محرك المواجهة مع الغرب…”، 6.
[18] المرجع نفسه.
[19] د. عبدالغفار عفيفي الدويك، “دبلوماسية السلاح والتكنولوجيا الروسية”، السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 22.
[20] روسيا.. وريثة الاتحاد السوفيتي والقوة العسكرية الثانية في العالم، …
[21] د. عزمي بشارة، “روسيا وأوكرانيا وحلف الناتو: تأملات في الإصرار العجيب على عدم تجنّب المسار المؤدي إلى الحرب”، في موقع المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات على الرابط:
https://www.dohainstitute.org/ar/ResearchAndStudies/Pages/Russia-Ukraine-and-NATO-Reflections-on-the-Unprecedented-Determination-to-Not-Avoid-the-Road-to-War.aspx
[22] المرجع نفسه.
[23] د. نورهان الشيخ، “الاستجابة المرنة: موسكو في المعادلات الإقليمية”، السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 26.
[24] لەم ڕووەوە سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە: Nye, Jr., Is American Century Over?.
[25] Ibid., 34.
[26] أبو النور، “محرك المواجهة مع الغرب…”، 7.
[27] Nye, Jr., Is American Century Over? 34.
[28] وەرگیراوە لە: حسن، “ركائز العودة ومقومات الإستمرار…”، 9.
[29] راشد، “روسيا قوة عظمى محتملة”، 4.
[30] المرجع نفسه.
[31] السويدي، آفاق العصر الأمريكي…، 508.
[32] Nye, Jr., Is American Century Over? 36.
[33] بۆ زیاتر شارەزابوون لەم ڕووەوە، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
مجلة السياسة الدولية-ملحق تحولات إستراتيجية 219 (يناير 2020): 1-28.
[34] بۆ زیاتر شارەزابوون لە هۆکار و پاڵنەرە ناوخۆییەکان و بنەما و لە هەمان کاتدا گیروگازەکانی هێزی ڕووسیا، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە: د. حسن، “ركائز العودة ومقومات الإستمرار…”، 9-14.