• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 12, 2024

هێزی نەرمی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق وەک نموونە

كەیوان سدیق محەمەد

بەرایی

   هێزی نەرم چەمکێکە بۆ یەکەم جار لە لایەن جۆزێف نایەوە فۆرمولە کراوە و  ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە سیاسەتی ئێستای نێودەوڵەتیدا. بە پێچەوانەی هێزی زبرەوە، کە لە سەر بنەمای فشاری سەربازی و ئابووری دامەزراوە، هێزی نەرم بریتییە لە توانای ڕاکێشان و سەرنجڕاکێشانی وڵاتانی دیکە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە کولتووری و پەروەردەیی و مرۆییەکانەوە. بۆ ڕووسیا، کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەدات، هێزی نەرم بووەتە ئامرازێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و بە دروستی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە، ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە چڕتر کردووەتەوە. نموونەیەکی گرنگ عێراقە، کە ڕووسیا بە شێوەیەکی چالاکانە پەیوەندییە کولتووری و ئابووری و مرۆییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پەرە پێ دەدات. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لە لایەنە سەرەکییەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا لە عێراق بکۆڵێتەوە، لەوانە بەرنامە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکان، هاوکاریی ئابووری، هاوبەشی سەربازی-تەکنیکی و هاوکاریی مرۆیی. تێگەیشتن لەم توخمانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتر تێگەیشتن لەوەی کە ڕووسیا چۆن هێزی نەرم بەکار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە گشتی و لە عێراقدا بە تایبەتی.

  1. چەمکی هێزی نەرم

   چەمکی هێزی نەرم ((soft power، بە ڕووسی ”мягкая сила”، لە ساڵانی  هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە لایەن جۆزێف نای ئەمەریکییەوە فۆرمولە کراوە. مەبەست لێی  گەیشتنی دەوڵەتە بە ئامانجە ستراتیژییەکانی، لە ڕێگەی میکانیزمی کولتووری، ئایدۆلۆژی، زانیاری، ئابووری و کارلێککردن لەگەڵ کۆمەڵگە بیانییەکان، بەبێ بەکار‌هێنانی هێز (دەستتێوەردانی سەربازی و فشاری ئابووری). بە بڕوای جۆزێف نای، ئەم میتۆدە بەشداری دەکات لە پێکهاتن و پاراستنی وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی وڵات و گۆڕینی ڕای گشتیی وڵاتانی دیکە بە سوودی وڵاتی بەکارهێنەری ئەو هێزە[1].

ئەگەر پێشتر باوەڕ وا بوو کە تاکە ڕێگەی یەکلاییکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان هێزی سەربازی و ئامرازە ئابوورییەکانە، ئەوا لە ئێستادا ”هێزی نەرم” کە لە سەر بنەمای هەستی هاوسۆزی و ئایدیاڵ و ئەرێنی دامەزراوە، ڕۆڵی سەرەکیی خۆی دەگێڕێت. سەرچاوە ئابووری و سەربازییەکانی هەر دەوڵەتێک سنووردارن و لە کاتی بەکار‌هێنانی ”هێزی زبر” کۆتاییان دێت، جگە لەوەی دەوڵەت لە چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە ئاساییەکان دوور دەخاتەوە و لە درێژخایەندا تواناکانی دەوڵەت لەو بوارانەدا کەم دەکاتەوە[2].

  • هێزی نەرمی ڕووسیا لە سەدەی بیست و یەکدا

     لە ڕووی مێژووییەوە ڕووسیا هێزی نەرمی بەکار هێناوە و کولتووری ئەو وڵاتە بەشدارییەکی بەرچاوی لە شارستانیەت و هونەر و ئەدەبیاتی جیهانیدا کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا لە پەیوەندی و کارلێکە نێودەوڵەتییەکاندا کەمتر بایەخی بەکارهێنانی هێزی نەرم و دیپلۆماسیی گشتیی داوە[3]. دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕووسیا خۆی لە قەیرانێکی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بینییەوە. لەو هەلومەرجەدا پرسی هێزی نەرم لە ڕاستیدا ئەولەویەتی کارنامەی سەرکردایەتیی وڵات نەبوو. سەرەڕای ئەوەی کە لەم ماوەیەدا دامەزراوەکانی “هێزی نەرم” کە لە سەردەمی سۆڤیەتدا دروست کرابوون، لە ڕووسیای فیدراڵدا بەردەوام بوون لە کارکردن، بەڵام سست بوون و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان نەدەکرا و کارەکانیان ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبوو[4].

    لە ڕووسیای فیدراڵدا پێش ئەوەی هێزی نەرم وەک چەمک بچێتە ناو فەرهەنگی سیاسیی فەرمیی دەوڵەتەوە، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دەستی پێ کردبوو. یەکەم هەنگاویش دامەزراندنی فۆندی ”ڕووسکی میر” بوو لە لایەن ڤلادیمر پۆتن؛ سەرۆکی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٧. ”ڕووسکی میر” ڕێکخراوێکی گشتییە و لە لایەن وەزارەتی دەرەوە و پەروەردە و زانستەوە دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی بڵاوکردنەوە و ئاشناکردنی زمان و کولتووری ڕووسی و هەروەها هەناردەکردن و پشتیوانیکردنی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانی ڕووسیایە[5].

    خاڵی وەرچەرخان لە بەکارهێنانی هێزی نەرمدا دەگەڕێتەوە بۆ تەممووزی ٢٠١٢، کاتێک کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی ڤلایدمر پۆتن لە کۆبوونەوەی باڵوێز و نوێنەرانی هەمیشەیی ڕووسیای فیدراڵدا دانی بەو ڕاستییەدا نا کە ڕووسیا بەراورد بە ڕکابەر و گەمەکەرە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر ستراتیژی هێزی نەرمیان پەرە پێ داوە و جێبەجێ کردووە، دوا کەوتووە. لە هەمان کاتدا پۆتن ڕایگەیاند: “ئێمە وێنەی ڕووسیامان لە دەرەوەی وڵات پێک نەهێناوە، هەر بۆیە ئەو وێنەیە زۆر جار شێوێنراوە و ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ڕاستەقینەی وڵاتەکەمان نییە، گوزارشت لە بەشداریی ئێمە لە شارستانیەتی جیهانی، کولتوور و زانستدا ناکات. پێگەی وڵاتەکەمان لە کاروباری نێودەوڵەتیدا لە یەک ڕوانگەوە سەیر دەکرێت. ئێمە خۆشمان تاوانبارین کە هەڵوێست و دیدگای خۆمان بە باشی ڕوون ناکەینەوە[6].” پەیوەندیدار بەمە، جۆزێف نای پێی وایە کە پۆتن درکی بەوە کردووە کە هێزی نەرم و زبر یەکتری بەهێز دەکەن، بەڵام دیارە لەم قۆناغەدا توانای بەکار‌هێنانی هێزی نەرمی نییە[7].

هەنگاوێکی دیکە لە سیاسەتی هێزی نەرمی ڕووسیادا، بریتییە لە کردنەوەی بەشێکی تایبەت  لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ پرسەکانی هێزی نەرم لە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا. هۆکاری دامەزراندنی بەشێکی لەو شێوەیە،  دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە پەیكەری وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیای فیدراڵدا هیچ بەشێک نەبوو کە بە شێوەیەکی ناوەندی ئەرکەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی کولتووری و مرۆیی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕابپەڕێنێت. کارەکانی ئەم بەشە پێک دێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی هێزی نەرمی ڕووسیا، دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت لەم بوارەدا، هەروەها پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ڕاوێژکاری و هاوکاریی کرداری بۆ هەردوو دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و پێکهاتە ناحکومییەکان[8].

  • ستراتیژ و ئاڕاستەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا

   ستراتیژی هێزی نەرمی ڕووسیا بە چەند ئاڕاستەیەک کار دەکات و ئامانجی بوارێکی دیاریکراو یان گرووپێکی کۆنکرێتییە. واتە ڕووسیا بە کەڵکوەرگرتن لە تایبەتمەندیی مێژوویی، کولتووری و سیاسی، ناوچە و گرووپێکی دیاریکراوی خەڵک هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت سەرنجیان ڕابکێشێت و لە ڕێگەی پیادەکردنی هێزی نەرمەوە کاریگەرییان لە سەر دابنێت. لێرەدا باس لە دوو ئاڕاستەی هێزی نەرمی ڕووسیا دەکەین.

1.2.1 مێژوو و کولتووری ڕووسیا

   یەکەمین ئاڕاستەی هێزی نەرمی ڕووسیا لە سەر بنەمای مێژوو و کولتوورەکەی دامەزراوە و ئامانجی کەمینەی ڕووسییە لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی دروستکردنی هەستی هاوبەشی سەر بە ”جیهانی ڕووسی”. ئەم ستراتیژە بۆ دانانی کاریگەریی خۆی لە سەر ڕەوەندی ڕووسی لە دەرەوە بە دوو شێواز کار دەکات، یەکەم: گەڕاندنەوەی ئەو هاونیشتمانیانە بۆ ڕووسیا لە چوارچێوەی پلانی دەوڵەت کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستی پێ کردووە و تا ئێستا نزیکەی ”٩٠٠ هەزار کەس سوودیان لێ وەرگرتووە”[9]. دووەم: کۆچبەری ڕووسی لە دەرەوە دەتوانێت لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوە و پاڵپشتیی کولتووری و هەندێک جار سیاسی لە ڕووسیا وەربگرێت. ئامانجەکان پەیوەندیدار بەو ڕووسانەی کە لە ئەورووپا و ئەمەریکای باکوور و ئیسرائیل دەژین، جیاوازن. بە هۆی کەمتر ئامادەیی کولتووری و پەیوەندیی ڕۆژانەیان لەگەڵ ڕووسیا، ئەوان زیاتر هان دەدرێن شوناسی ڕووسییانەی خۆیان بپارێزن و بەشداری لە بۆنە ڕۆشنبیرییەکان بکەن و وێنەیەکی ئەرێنیی ڕووسیا پیشانی دەرەوە بدەن، هاوکات هان دەدرێن سەرمایەکانیان لە ڕووسیا بخەنە گەڕ. ”ڕۆس سەترودنچێستڤە[10]” و بە ئاستێکی کەمتر دامەزراوەی ”ڕووسکی میر” وەک ڤێکتەری سەرەکیی دامەزراوەیی و دارایی ئەم ئاڕاستەیە کار دەکەن[11].

    ئاستی دووەمی ئاڕاستەی یەکەم، کارکردنە لە سەر چاندنی هەستی ئایینیی برایانە، بۆ دانانی کاریگەری لە سەر ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی لە ئایینزای ئەرسەدۆکسی دەکەن، بە تایبەتی لە باڵکان و بە پلەی یەکەم قوبروس و یۆنان. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کڵێسەی ئەرسەدۆکسیی ڕووسیا، لە نێو مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵاتدا، چالاکیی پارادیپلۆماسی ئەنجام دەدات، ئەمەش کۆمەکی دەوڵەتی ڕووسیا دەکات تا ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی سیاسیی خۆی بۆ ناوچەکە بە واتایەکی ڕۆحی و وەک ئەرکێکی شارستانی بکات. دامەزراوەی کڵێسە ڕۆڵی سەرەکی وازی دەکات لە ڕاکێشانی بازنە بازرگانی و سیاسییە کاریگەرەکانی لایەنگری ڕووسیا لە لوبنان و بە شێوەیەکی گشتی لە سەرانسەری جیهانی مەسیحیەت، کە کاریگەرن بە کێشەکانی ئایین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە دەتوانین بڵێین کڵێسەی ئەرسەدۆکسیی ڕووسیا بووەتە ئامرازیکی کاریگەری ستراتیژی ڕاستەقینە بۆ کرێملن لە شانۆی ڕووداوەکانی سووریا و دەوروبەری[12].

 2.2.1. ئایدۆلۆژیا و بەڕێوەبردنی دەوڵەت

   یەکێکی دیکە لە ئاڕاستە و ستراتیژی کارکردنی هێزی نەرمی ڕووسیا، ئایدۆلۆژیا و حکومڕانییە کە بە گشتی سێ بواری سەرەکی دەگرێتەوە: مۆراڵی کۆنسێرڤاتیزمی، بەها نالیبڕاڵییەکان، سەروەری (سوڤێرنیزم).

   مۆراڵی کۆنسێرڤاتیزمی: ڕووسیا خۆی بە بەرگریکار و پارێزەری ”بەها نەریتییەکانی خێزان” دادەنێت و ئەمەش لە نێو ئەو کەسانەی کە دژایەتیی بزووتنەوەی کەمینە سێکسییەکان و ژنان دەکەن، نەک تەنها لە ئەورووپا، بەڵکوو لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لایەنگری بۆ خۆی پەیدا کردووە. ڕۆڵی نوێنەرانی ڕووسیا لە ستروکتورە نێودەوڵەتییەکانی وەک ”کۆنگرەی جیهانیی خێزان” و کەناڵەکانی پەیوەندی کە کەنیسەی ئەرسەدۆکسی لەگەڵ ڤاتیکان دایمەزراندوون، تەواو کاریگەرە.  کاسۆلیکە کۆنەپەرستەکان و بزووتنەوەی ڕاستڕەوی مەسیحیی ئەمەریکی، نموونەی ڕوونی ”مۆراڵی کۆنسێرڤاتیزم”ی ڕووسیان[13].

سەبارەت بە حکومڕانیی نالیبراڵ و بڵاوبوونەوەی لە تورکیا و ئیسڕائیلەوە تا بەڕازیل و فلیپین، زۆر جار لە ئەدەبیاتی سیاسیدا وەک بەرهەمی هێزی نەرمی ڕووسیا ئاماژەی پێ دەکرێت. بەڵام ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕی زیاترە و ناکرێت وەک دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێزی نەرمی ڕووسیا لێک بدرێتەوە[14]، بەو پێیەی دەرکەوتنی حکومەتە نالیبراڵەكان لە وڵاتێکی دیاریکراودا بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە هەلومەرجی سیاسی و ناوخۆیی وڵاتەکەوە هەیە.

   ئاڵنگاریی نەزمی جیهانی مۆدێرن و هەژموونی ئەمەریکا، کایەیەکی دیکەیە کە دەکرێت ڕووسیا وەک پێشەنگ و بانگەشەکاری ”سەروەری” خۆی نمایش بکات. چەمکی سەروەری جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی دەکاتەوە، وەک توخمێکی سەرەکیی هەردوو سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی. مۆسکۆ لە سێ بواردا سەروەری بەرەوپێش دەبات: سیاسی،کولتووری و  ئابووری، کە لێرەدا بە کورتی لە سەریان دەوەستین.

   بە لای ڕووسیاوە تەنها دەوڵەتە نەتەوەییەکان شەرعیەتی سیاسییان هەیە و بەمەش هاوڵاتییان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە دەتوانن گوزارشت لە ئیرادەی خۆیان بکەن. هەر بۆیە ئەو دەسەڵاتانەی کە بە دەوڵەتە نەتەوەییەکان دراوە، نابێت بدرێنە دەست دامەزراوە سەروو نەتەوەییە هەڵنەبژێردراوەکان. بەمەش ڕووسیا خەبات دەکات بۆ گەڕاندنەوەی نەزمێکی جیهانی، کە ڕێز لە کایەی هەژموونی زلهێزەکان بگرێت وەک لە دوای کۆنفڕانسی یاڵتای جەختی لێ کردەوە[15].

   لە بواری ئابوورییشدا ڕووسیا جەخت لە پاراستنی ئابووریی نیشتمانی، بە تایبەتی لە ئاکامە نەرێنییەکانی جیهانگیری دەکاتەوە و هانی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی پیشەسازی و دەستی کاری ناوخۆیی دەدات و دژایەتیی پاوانخوازیی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات[16].

سەروەریی نەتەوەییش خۆی لە پێناسەکردنی نەتەوەدا دەبینێتەوە، ئایا ئەم نەتەوەیە کێ دەگرێتەوە؟  تایبەتمەندییە کولتوورییە بنەڕەتی و نەگۆڕەکانی چین؟ لەم ڕوانگەیەوە لە هەموو دەوڵەت-نەتەوەیەکدا؛ نەتەوەی سەرەکی مافی گەشەپێدانی کولتوورەکەی پێ بەخشراوە، هاوکات بیانی و کۆچبەران و کەمینەکان دەبێت بە کولتووری نەتەوەی باڵادەست قایل بن، ئەمەش بە پراکتیکی لە خودی ڕووسیادا بەدی دەکرێت[17].

3.1. ئامرازەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا

   بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سیاسەتی دەرەکیدا و زیاتر ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتان، ڕووسیا ئامرازی جۆراوجۆری هێزی نەرم بەکار دەهێنێت. لەو نێوەندەدا بایەخێکی تایبەت بە پەروەردە و خوێندن دەدرێت و زیادەڕەوی نابێت بە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا ناوزەدی بکەین. لێرەدا بە پلەی یەکەم باس لە فەراهەمکردنی خوێندنی کواڵتیی بەرز دەکەین لە زانکۆکانی ڕووسیا. بە پێی ڕیزبەندیی کۆمپانیای بەریتانی (QS) بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوە لە ساڵی ٢٠١٨، ڕووسیا لە نێو ٥٠ وڵاتدا پلەی (١٥)ی لە ڕیزبەندیی توێژینەوەی نێودەوڵەتیدا بەدەست هێناوە، کە ئەمەش تا ڕادەیەک ئاماژەیە بۆ پێشکەوتوویی خوێندن و پەروەردە لە ڕووسیا[18].

   هەر لەم بوارەدا لایەنێکی گرنگی هێزی نەرمی ڕووسیا دابینکردنی دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕاییە بۆ خوێندکارانی بیانی. خوێندکارانی نێودەوڵەتی لەگەڵ فێربوونی زمانی ڕووسی وردە وردە ئاشنا دەبن بە دەستکەوتەکانی زانست و کولتووری ڕووسیا و بە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان دەبنە گوێزەرەوەیەکی کاریگەری کولتووری ڕووسیا. جووڵەی خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە گەشەکردنی بەردەوامدایە و ڕووسیا لەم ڕووەوە ئاسۆیەکی ڕوونی هەیە. ساڵی ٢٠٢٠، حکومەتی ڕووسیا لە سەر پێشنیاری وەزارەتی زانست و خوێندنی باڵا، پشکی خوێندنی بۆ خوێندکارانی بیانی لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ  ١٨ هەزار کەس (پێشتر ١٥ هەزار کەس بوو) و لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ  ٢٣ هەزار و لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ  ٣٠ هەزار لە سەر بودجەی دەوڵەت زیاد کرد. جگە لەوەش، ڕووسیا نایەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئەو دەرچووانە بپچڕێت کە لە زانکۆکانی ڕووسیا خوێندن تەواو دەکەن و پشتیوانیی هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارە دەرچووە بیانییەکان. ئامانجی ڕووسیا؛ یەکخستن و پەرەپێدانی کار و چالاکیی ئەو خوێندکارە دەرچووانەیە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ زانکۆکانی ڕووسیا و هەروەها بەهێزکردنی پێگەی زمانی ڕووسییە لە دەرەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢، کۆمەڵەی خوێندکارە دەرچووەکان لە ٦٨ وڵاتدا کار و چالاکییان هەبوو[19].

   زمانیش ئامرازێکی دیکەی هێزی نەرمی ڕووسیایە و  ڕۆڵێکی کەمتر گرنگ ناگێڕێت. پەیمانگای پوشکین وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی ڕاهێنان بە ستافی وانەبێژی زمانی ڕووسی دەکات و سەرقاڵی پەرەپێدانی میتۆدەکانی فێربوونی زمانی ڕووسییە وەک زمانێکی بیانی. سەرەڕای ئەوەش، ساڵانە ئۆڵۆمپیادی زمانی ڕووسی بۆ منداڵان و گەورەسەڵان لە ناوخۆی ڕووسیا و وڵاتانی فەزای دوای سۆڤیەت ڕێک دەخات[20].

   وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، یەکێکی دیکە لە ئامرازەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا میراتی کولتووری و مێژووییە. بەرهەمی نووسەرانی بەناوبانگی ڕووس، وەک: دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، چیخۆڤ و پوشکین… هتد، بە نزیکەیی بۆ هەموو زمانەکانی دنیا وەرگێڕدراون. ئاوازدانەراکانی وەک چایکۆڤسکی و ڕیمسکی، ناوبانگێکی جیهانییان پەیدا کردووە[21].

بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژ و بەرنامەکانی هێزی نەرم، ڕووسیا پشت بە کۆمەڵێک دامەزراوە و ڕێکخراو دەبەستێت، لەوانە:

   ڕۆس سەترودنیچێستڤە[22]: دەزگای فیدراڵیی ڕۆس سەترودنیچێستڤە لە ساڵی ٢٠٠٨دا دامەزراوە و سەرپەرشتیی ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات دەکات. لە ئێستادا ٩٠ نوێنەرایەتیی لە ٧٥ وڵاتدا هەیە. لە ئەمڕۆدا ئەرکەکانی ڕۆس سەترودنیچێستڤە خۆی لە هاوکاریکردنی هاونیشتمانییانی ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات و بەرەوپێشبردنی کولتوور و زمانی ڕووسی، پەرەپێدانی هاوکاریی لاوان و دروستکردنی سیستم و میکانیزمێک بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسیی گشتیی ڕووسیا لە ڕێگەی نوێنەرایەتییە بیانییەکانەوە، بە تایبەتی ناوەندە زانستی و کولتوورییەکانی ڕووسیاوە دەدات. دامەزراوەکە کار لە سەر پێشخستنی مۆدێلی پەروەردەی ڕووسی لە دەرەوەی وڵات، هەڵبژاردنی خوێندکارانی بیانی بۆ خوێندن لە ڕووسیا دەکات، ئەمەش بە ئامانجی پیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنی و بابەتی ڕووسیا لە دەرەوە[23]. هەروەها دەکرێت ئاماژە بە فەندی گۆرچاکۆڤ بۆ پشتیوانیی دیپلۆماسیی گشتی بکەین، کە لە ساڵی ٢٠١٠دا دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی؛ پەرەپێدانی دیپلۆماسیی گشتی و پێشخستنی توانای فیکری و کولتووری و زانستیی ڕووسیا و ڕەخساندنی هەلومەرجێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بازرگانیی لەبارە بۆ ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات[24].

   هەر لە کۆنتێکستی هێزی نەرمی ڕووسیادا، پێویستە ئاماژە بە ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی هاونیشتیمانییانی ڕووسیا بکەین کە کارەکانی ئاڕاستەی ڕەوەندی ڕووسیا کراوە و ئامانجی پێکهێنان و پێشخستنی فەزایەکی کولتووری و زانیاری و پەروەردەییە بۆ بەهێزکردن و یەکخستنی ڕەوەندی ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات[25].

   تۆڕی دامەزراوەیی هێزی نەرمی ڕووسیا تا ئاستێکی باش گەشەسەندووە، بەڵام پێدەچێت چالاکی و دەستپێشخەرییەکانی ئەو دامەزراوانە کە بەشدارن لە پێکهێنانی وێنەیەکی ئەرێنیی وڵات لە دەرەوە؛ تەواو هەماهەنگ نەبن، بە تایبەتی لە دابەشکردنی ئەرک و بوارەکان لە نێوان ئەم یان ئەو دامەزراوەدا. نەبوونی ئەو هەماهەنگییەش هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاری ئەو دامەزراوانە سیستماتیک نەبێت و کەمتر کاریگەر بێت.

  1. هێزی نەرمی ڕووسیا لە عێراق

لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕووسیا دەستی بە بونیادناوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا کرد و وردە وردە خاڵە بەهێز و لاوەزەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا، پەیوەندیدار بە عێراق ڕوون بوونەوە. سەرەتا بە پێویستی دەزانین بە کورتی ئاوڕێک لەو پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بدەینەوە و ئەو تایبەتمەندییانە بخەینە ڕوو کە دیپلۆماسیی ڕووسیا لە وڵاتانی دیکە جیا دەکاتەوە.

  • ڕێباز و پرەنسیپەکانی دیپلۆماسیی ڕووسیا لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا

ڕێباز و پرەنسیپەکانی دیپلۆماسیی ڕووسیا لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا، دەکرێت بەسەر سێ گرووپدا دابەش بکرێت:

١. ڕێباز و پرەنسیپە گشتییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتانی بیانی.

٢. ڕێباز و پرەنسیپی پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن.

٣. ڕێباز و پرەنسیپە تایبەتەکان کە ناچنە چوارچێوەی گرووپی یەکەم و دووەمەوە.

   ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان، ڕێزگرتن و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، بەهێزکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان بەبێ بەکار‌هێنانی هێز و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و یەکسان، لەو پرەنسیپانەن کە سەر بە گرووپی یەکەمن[26].

   سەبارەت بە گرووپی دووەم، ئاشکرایە کە ئیسلام فاکتەرێكی جددیی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی ڕووسیای فیدراڵە، هەر بۆیە دیپلۆماسیی ڕووسیا پرەنسیپی تایبەتی پەرە پێ داوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی لە ئایینی ئیسلام دەکەن. یەکەمین و گرنگترین پرەنسیپ، ڕێزگرتنە لە ئیسلام لە ناوخۆ و دەرەوەی ڕووسیا. هەر چەندە بەشی یەکەمی ئەم پرەنسیپە پەیوەندیی بە سیاسەتی ناوخۆییەوە هەیە، بەڵام پراکتیک ئەوە نیشان دەدات کە موسوڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا هەستیارن بەرانبەر بە چۆنێتیی مامەڵەکردنی دەوڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ هاوباوەڕەکانیان. ئەمەشمان لە هەڵوێستی موسوڵمانانی ڕووسیا بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر موسوڵمانانی میانمار ئەنجام درا، بە ڕوونی بەدی کرد[27].

    پرەنسیپی دووەم مامەڵەکردنە لەگەڵ ئاڕاستە جیاوازەکانی ئیسلامدا. بە گوتەی زانای ڕووسیا؛ س.ڤ. کورتونۆڤ، لە عێراقدا دوو ئاڕاستەی سەرەکی (ئیسلامی میانڕەو  و ئیسلامی ئێرانی) ململانێ لە سەر دەسەڵات دەکەن. سەبارەت بە ئیسلامی میانڕەو، وەشانێکی عەلمانیی ئیسلامی سیاسییە و سەردەمانێک بزووتنەوەیەکی بەهێز بووە و لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە پشتیوانی دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ لە پاشەکشەدایە. وەشانی ئێرانیش، نەیاری ڕووسیا نییە و بەهێزبووونی لە عێراقدا مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دروست ناکات[28].

    گرووپی سێیەم، ڕێباز و پرەنسیپی تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا. عێراق وەک هەر دەوڵەتێک تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی هەیە و لە کاتی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەەوەی ڕووسیادا پێویستە بەهەند وەربگیرێن.

   تایبەتمەندیی جیاکەرەوە سەبارەت بە عێراق، فاکتەری جوداخوازیی کوردە. ئاشکرایە کە کوردەکان لە عێراق دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری و سوپای تایبەت بە خۆیان هەیە. سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام چەندین کێشە لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم هەیە، بە تایبەتی کێشەکانی وزە و ناوچە ناکۆکیلەسەرەکان، کە تا ئێستا چارەسەر نەکراون. سیاسەتی ڕووسیا پەیوەندیدار بەمە، پابەندبوونە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق. بە لای مۆسکۆوە، هەر گۆڕانکارییەک ڕوو بدات دەبێت تەنیا لە ڕێگای دانوستاندن و بە خواستی هاوبەشی هەولێر و بەغداد بێت[29]. ڕووسیا لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی و پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەردوو لایەندا دەدات. وەک دەبینین سەرەڕای ئەوەی باڵوێزخانەی ڕووسیا لە بەغداد هەیە، کونسوڵخانەی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر هەیە و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمیش لە ڕووسیا لە کاردایە.

  • بوارەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا لە عێراق

   لە دوو دەیەی ڕابردوودا، لەگەڵ گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و عێراق بە تایبەتی لە بواری وزە و سەربازیدا و لە پاشخانی ڕووداوەکانی سووریادا، کۆمەڵگەی عێراقی زیاتر ئاشنای ڕووسیا کرد و کولتووری ڕووسیا بووە جێگەی سەرنجی عێراقییەکان و لەو نێوەندەشدا زمانی ڕووسی وەک یەکێک لە ئامرازەکانی کارلێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕۆڵی کاریگەری خۆی دەگێڕێت و لێرەدا بە پراکتیکی باسی دەکەین.

1.2.2. زمان و پەروەردە

   ڕووسیا لە ڕێگەی چەند بەش و ناوەندێکەوە هەوڵی بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنی پێگەی زمانی ڕووسی لە نێو خوێندکاران و  توێژی خوێندەواری عێراقدا دەدات. بەشی زمان و ئەدەبی ڕووسی لە زانکۆی بەغداد لەم ڕووەوە ڕۆڵی پێشەنگی خۆی دەگێڕێت. ئێستا لە بەشی ئاماژەپێکراودا (٥٠) مامۆستا، لە نێویاندا سێ پڕۆفیسۆر و چەند مامۆستایەکی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کار دەکەن. لە هەمان کاتدا، (٣١٠) فێرخواز وانە دەخوێنن و هەفتانە ٣٩ بابەتی جیاواز وەردەگرن. پڕۆگرامەکە ڕێزمان، نووسین، خوێندنەوە، ئەدەبی ڕووسی، وەرگێڕان… هتد؛ لەخۆی دەگرێت[30].

   دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ”دار ئەلمەئومن”یش، ناوەندێکی دیکەی لێکۆڵینەوە و بەرەوپێشبردنی زمانی ڕووسییە کە لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراقدا کار دەکات. کار لە سەر وەرگێڕانی ئەدەبی منداڵان و بابەتی دیکە لە ڕووسییەوە بۆ عەرەبی دەکات[31]. لە ساڵی ٢٠١٨، بەشی زمانی ڕووسی لە زانکۆی سامەڕا لە پارێزگای سەڵاحەدین کرایەوە کە ٢٠ خوێندکاری وەرگرت و خاوەنی شەش مامۆستایە. بەشێكی هاوشێوە لە زانکۆی واسیت کرایەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ستافی پێویست بەشەکە هەڵپەسێردرا. سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانییش لە هەرێمی کوردستان، خواستی خۆیان بۆ کردنەوەی بەشی زمانی ڕووسی لە زانکۆکەیان دووپات کردووەتەوە[32]. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی خوازیارانی خوێندن لە ڕووسیا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٧؛ نزیکەی ١٩٠٠ کەس بوو، بە ڕێژەی لە ١٠٪ زیاتر لە ساڵی پێشتر. هەر لە هەمان ساڵدا،  لە سەر پشکی وەزارەتی زانست و خوێندنی باڵای ڕووسیای فیدراڵ، ١٦٧ خوێندکاری عێراقی بۆ خوێندن ڕەوانەی ڕووسیا کران.  بە گشتی بە پێی ئامارەکان و بە گوتەی سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیای فیدراڵ، لە میانەی سەردانەکەی بۆ عێراق لە شوباتی ٢٠٢٣، ٤٢٠٠ خوێندکاری عێراقی لە زانکۆکانی ڕووسیا دەخوێنن و پلانیش هەیە کە ژمارەی کورسیی بێبەرامبەری خوێندن لە ٢٠٠ بۆ ٢٦٠ کورسی زیاد بکرێت. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە گرووپێکی ٦٠ کەسی لە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ساڵی ٢٠٢١، لە ئەکادیمیای دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وەرگیراون و پڕۆسەکە بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.  جێگەی باسە پسپۆڕییەکانی ئەندازیاری و پزیشکی لە نێو خوێندکارە عێراقییەکاندا خواستێکی زۆریان لە سەرە[33].

   سەرەڕای ئەوەی چەند بەشێکی زمانی ڕووسی لە زانکۆکانی عێراق  کراونەتەوە و تا ئاستێکی باش پێگەی زمانی ڕووسی لە عێراق ڕوو لە بەهێزبوونە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە کەم نین و ئەو بەش و ناوەندانەی ئاماژەمان پێ کردن بەدەست چەند کێشەیەکی بنەڕەتییەوە دەناڵێنین کە خۆی لە کەمیی کتێبی خوێندنی زمانی ڕووسی، فەرهەنگی ئەلکترۆنی، سەرچاوەی بینراو، نەبوونی مامۆستا و کادری شارەزا دەبینێتەوە، بە تایبەتی کە هەندێک لە ستافی مامۆستایان ئەزموونی خوێندنی ڕووسیایان نییە. لە دەرەوەی ئەو ناوەندە فەرمییانە، تا ئێستا ناوەندێکی کولتووریی ڕووسی-عێراقی نییە، بۆ نموونە هاوشێوەی ڕۆس سەترودنیچێستڤە، کە هاوڵاتییانی عێراق بە زمان و کولتووری ڕووسیا ئاشنا بکات و چالاکیی جۆراوجۆر لەو بارەیەوە ڕێک بخات، ئەمە جگە لە گرفتە دارایی و تەکنیکییەکانی دیکە. لە دەرەوەی ئەو ناوەندە فەرمییانە، تا ئێستا ناوەندێکی کولتووریی ڕووسی-عێراقی نییە، بۆ نموونە هاوشێوەی ڕۆس سەترودنیچێستڤە کە هاوڵاتییانی عێراق بە زمان و کولتووری ڕووسیا ئاشنا بکات و چالاکیی جۆراوجۆر لەو بارەیەوە ڕێک بخات.

   وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، پەروەردە و زمان لە ئامرازە کاریگەرەکانی هێزی نەرمن و ڕووسیاش لەم ڕووەوە درێغیی نەکردووە. سەبارەت بە عێراقیش، ئاشکرایە کە بەهێزبوونی ڕووسیا لە بازاڕی جیهانیی وزە و کایەی سەربازی-تەکنیکی و ئابووری، خواستی خوێندکارانی عێراقی بۆ فێربوونی زمانی ڕووسی و خوێندن لە ڕووسیا زیاتر کردووە، ئەمە جگە لەوەی کە هەژموون و باڵادەستیی ڕووسیا لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی سووریا، بەردەوام لە فراوانبووندایە و ئەمەش لای خۆیەوە کاریگەریی خۆی داناوە و ڕووسیا لە ڕێگەی پەروەردە و زمان و ئەدەبەوە دەیەوێت وێنەیەکی ئەرێنی و بابەتی بۆ خۆی لە نێو نوخبە و کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی پێک بهێنێت.

 

3.2.2. بازرگانی و وزە

   سەرەڕای هەژموون و کاریگەریی ئەمەریکا، دەسەڵاتدارانی عێراق خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا ڕاگەیاندووە. ئەگەر دەیەی ڕابردوو بە نموونە وەربگرین، ئەوا پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات ساڵ لە دوای ساڵ لە گەشەسەندندایە و  قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١١دا لە بەرزترین ئاستیدا گەیشتە ١٥٠ ملیۆن دۆلار، کە ئەمە لە ئاستی خواستی سەرکردایەتیی هیچ کام لەو وڵاتانەدا نەبوو[34].

   بەو پێیەی هەر لە سەردەمی سۆڤیەتەوە بوارە سەرەکییەکانی هاوکاریی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات کۆمپلێکسی سەربازی-تەکنیکی و وزە بووە، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ و بەغداد زیاتر بە بایەخ بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا دەدەن. هەر بۆیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، ژمارەیەک گرێبەست بۆ دابینکردنی کەلوپەلی سەربازیی ڕووسیا بۆ عێراق بە بەهای ٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار واژۆ کران[35].

    لە کەرتی وزەشدا هەلومەرجێکی لەبار بۆ کارکردنی کۆمپانیا ڕووسییەکان ڕەخسێنراوە. بە هۆی کەمیی تێچووی کارکردن، کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بوونەتە جێگەی سەرنجی کۆمپانیا ڕووسییەکان و بەمەش کۆمپانیاکانی وەک (لوک ئۆیڵ، باش نێفت و ڕۆس نێفت) سەرمەیەکانی خۆیان بۆ پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە خستووەتە گەڕ. کۆمپانیاکانی لوک ئۆیڵ و گازپرۆم توانیویانە چەند تەندەرێک بۆ گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرن.

    قۆناغێکی گرنگ لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کەرتی وزە، بەشداریی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ڕووسیا دەبێت لە پڕۆژەکانی گەڕانی جیۆلۆجی و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە عێراقدا. لەم دواییانەدا سەرکردایەتیی عێراق هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ گەشەپێدانی کێڵگەکانی گازی سروشتی. بە مەبەستی گەڕانی جیۆلۆجی و گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی مەنسوورە، لایەنی عێراقی ئارەزووی ڕاکێشانی کۆمپانیای ”گازپرۆم نێفت” دەکات وەک سەرپەرشتیارێکی ئەگەریی ئەم پڕۆژەیە، بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتوویی و ئەزموونی کەڵەکەبووی، کۆمپانیا ڕووسییەکە لە ئێستادا تاوتوێی مەرجەکانی بەشداریکردنی لەو پڕۆژەیە دەکات[36].

   لایەنی عێراقی خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە لە سێکتەرەکانی دیکەشدا، بە تایبەتی لە پیشەسازیی کارەبا، گواستنەوە و ژێرخانی کۆمەڵایەتی و پیشەسازییەکانی دیکەش. جگە لەوەش، لە سەر داواکاریی عێراق، لایەنی ڕووسی دەتوانێت قەبارەی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکانیش زیاد بکات.

    زەیتی گوڵەبەڕۆژە، ئارد، گەنم و جۆ؛ لە نێو ئەو بەرهە کشتوکاڵییانەی ڕووسیان کە لە عێراق خواستیان لە سەرە. هەروەها بازاڕی عێراق زۆر پێویستی بە ئالیکی ئاژەڵ هەیە و خواست لە سەر گۆشتی پەلەوەریش زیادی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی دەزگای گومرگی فیدراڵیی ڕووسیا، تایبەت بە ئاماری بازرگانیی دەرەکیی ڕووسیا لەگەڵ عێراق، هەناردەکردنی دار و ئەو بەرهەمانەی لێی دروست دەکرێت، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی لە ١٥٪ زیادی کردووە. واتە لە ٢٦،٥ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٣١ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١.  هەناردەکردنی کانزا ئاسنییەکان بە ڕێژەی ٤٣٪ زیادی کردووە (١٤،٩ بۆ ٢١،٤ ملیۆن دۆلار). هەناردەی ئامێر و ئامێرە کارەباییەکان (ئامێرە پزیشکییەکان، کەرەستەی پیشەسازیی نەوت و گاز و پارچە یەدەگەکانیان) بە ڕێژەی ٣٥٪ زیادی کردووە[37]. لەم دواییانەدا سەرکردایەتیی عێراق سیاسەتی خۆی بۆ پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکان بۆ پڕۆسێسکردنی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی چڕ کردووەتەوە، وەک دانەوێڵە، زەیتی ڕووەکی، شەکری خاو و… هتد. لەم بوارەشدا ڕووسیا دەتوانێت بەشداریی چالاکی هەبێت، بە تایبەتی لە دروستکردنی سایلۆ گەورەکان و دابینکردنی ئامێر و بونیادنانی ژێرخانی کشتوکاڵی.

     کەرتی کارەباش بوارێکی گرنگی هاوبەشێتیی نێوان هەردوو وڵاتە، بە تایبەتی دەستپێکردنەوەی کارکردن لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کە لە لایەن ڕووسیاوە تەواو نەکراون و لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگن بۆ عێراق، وەکوو وێستگەی کارەبای گەرمی ئەلخەرتا، وێستگەی کارەبای گەرمی ئەلیوسفیە، وێستگەی کارەبای گەرمی دیبیس و وێستگەی کارەبای ئاوی ئەلعادەیم لە ئەرکی لەپێشینەن بۆ ڕووسیا و عێراق. بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی پێشوو لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکانی جێبەجێکاری ئەم پڕۆژانە و ئەنجامنەدانی گرێبەستی نوێ، ئاسۆی کارکردن لەو وێستگانە ڕوون نییە[38].

    لە بواری پزیشکی و دەرمانیشدا، ڕووسیا هاوکارێکی گرنگی عێراقە و وەک تێبینیمان کرد لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا ڤاکسینی ڕووسیا لە عێراق تۆمار کرا و ئەو وڵاتە ئامادەیی بۆ دابینکردنی ڤاکسین بۆ عێراق نیشان دا. هەروەها پەرەپێدانی هاوبەشێتی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی ڕووسیا بۆ دابینکردنی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکان؛ بوارێکی ئایندەییە و کۆمپانیا ڕووسییە تایبەتمەندەکان ئامادەیی خۆیان بۆ خستنەگەڕی سەرمایەکانیان لەو بوارەدا دەربڕیوە، بە تایبەتی لە دوای لابردنی ئەو بەربەستانەی بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دانرابوون[39].

    ڕەنگە بوارێکی ئومێدبەخشی دیکە هاوکاریی کەرتی دارایی و بانکی بێت. بە لەبەرچاوگرتنی پلانی نیشتمانیی دراو لە عێراق، هاوبەشە عێراقییەکان ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ ڕەچاوکردنی بەشداریکردنی کۆمپانیای ”گۆزناک جەی ئێس سی ڕووسی” لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دەرکردنی پارە و دراوی نوێ. بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ڕووسیا و عێراق، پێدەچێت باشتر بێت کە چالاکانەتر ئامرازەکانی پشتیوانیی هەناردەکردنی دارایی و نادارایی  وەگەڕ بخرێن. جگە لەوەش، لە بارودۆخی ئێستادا گرنگە میکانیزمەکان بۆ پشتگیریی دارایی و بانکیی گرێبەستەکان بە بەکارهێنانی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان بانکی بەدیل بۆ سویفت و بەبێ بەشداریکردنی توخمەکانی سیستمی بانکیی ئەمەریکا؛ بگیرێنە بەر[40].

وەک تێبینیمان کرد، ڕووسیا چالاکانە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق دەکات. کۆمپانیا ڕووسییەکان گرێبەستی گەورە دەکەن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان. کۆمپانیا ڕووسییەکان سەرقاڵی بنیاتنانەوە و مۆدێرنکردنی ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و گازن، ئەمەش دروستکردنی بۆری و پاڵاوگەی نەوت و دامەزراوەکانی تریش دەگرێتەوە كە لای خۆیەوە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کاریگەریی ڕووسیا لە کەرتی وزەی عێراقدا زیاد دەکات.

لە بواری کشتوکاڵیشدا، ڕووسیا بڕێکی بەرچاو دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە بۆ عێراق دابین دەکات. ئەم پێداویستییانە یارمەتیدەرن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە و دروستکردنی وێنەیەکی ئەرێنی لە ڕووسیا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو. ئەمە جگە لەوەی ڕووسیا هاوکارێکی باشی پەرەپێدانی ئەو کەرتەیە لە ناوخۆی عێراقیشدا.

ڕووسیا بە پابەندبوون بە پەرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و دامەزراندنی پەیوەندییەکی بابەتی و هاوسەنگ، هەوڵ دەدات لە بوارە جیاوازەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا پەرە پێ بدات، ئەمەش هەر لە زمان و پەروردەوە تا وزە و ئابووری و بازرگانی دەگرێتەوە. ڕووسیا لە ڕێگەی ئەو بوارانەوە هەم دەیەوێت کاریگەریی خۆی لە عێراق زیاتر بکات،  هەم وێنەیەکی ئەرێنی بۆ خۆی دروست بکات و ئەو بۆچوونەش کاڵ بکاتەوە کە پێی وایە عێراق ناوچەی هەژموونی ئەمەریکایە. هەر بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، لە داهاتوودا، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و عێراق زیاتر فراوان دەبن و ئامادەیی سیاسی و سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەکە زیاتر ڕێگە خۆش دەکات بۆ بوون و کاریگەریی کولتووری و ئابووریی ئەو وڵاتە لە عێراقدا.

 

دەرئەنجام

١. ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵی بەهێزکردنی کاریگەریی خۆی لە عێراق دەدات و بە پلەی یەک لە ڕێگەی بەگەڕخستنی سەرمایە لە کەرتەکانی وزە و کشتوکاڵ و بازرگانی و دواتر تەکنیکی-سەربازی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ عێراق پەرە پێ دەدات.

٢. ڕووسیا لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە هەوڵ دەدات وێنەیەکی ئەرێنی بۆ خۆی لە چاوی نوخبەی عێراقی دروست بکات و بۆ ئەمەش ئامرازە جیاوازەکانی کولتوور و میدیا بەکار دەهێنێت.

٣. لە ڕێگەی پەروەردە و زمانەوە، ڕووسیا چالاکانە پەرە بە کولتووری خۆی و بەهێزکردنی پێگەی زمانی ڕووسی لە عێراقدا دەدات. بوونی چەند بەشێکی زمانی ڕووسی لە زانکۆکانی عێراق و پێدانی کورسیی خوێندن ساڵانە بە خوێندکارانی عێراقی، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن.

٤. ڕووسیا، بە پابەندبوون بە پرەنسیپی دەستتێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، هەوڵی داوە پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی یەکسان و هاوسەنگ لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێت.

پێشنیار و ڕاسپاردە

١. عێراق، بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە داهاتوودا، دەتوانێت سوود لە تواناکانی ڕووسیا لە بوارە جیاوازەکان وەربگرێت. ئاشکرایە کە ڕووسیا زلهێزێکی جیهانییە و لە بواری سەربازی، ئابووری و کشتوکاڵ لە وڵاتانی پێشەنگی جیهانە. هەر بۆیە عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزموون و تەکنەلۆژیا و دەرفەتەکانی زیادکردنی بازرگانی لەگەڵ ڕووسیادا وەربگرێت.

٢. سەرکەوتنی پڕۆگرامە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکانی ڕووسیا لە عێراق،  وەک ڕاکێشانی خوێندکارانی عێراقی بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ڕووسیا، بەشدار دەبێت لە دروستبوونی ڕوانگەیەکی ئەرێنی بەرامبەر بە ڕووسیا لە نێو گەنجانی عێراقدا، ئەمەش وێنەیەکی ئەرێنی بۆ ڕووسیا دروست دەکات لە دەرەوە کە یەکێکە لە ئامانج و پاڵنەرەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا لە ئێستادا. لایەنی ڕووسی دەبێت بایەخی زیاتر بەم بوارە بدات و دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندکارانی عێراقی بڕەخسێنێت. هاوکات لە ڕێگەی کارئاسانیی پێدانی ڤیزا و مانەوە لەو وڵاتەدا، ڕووسیا دەبێت هەندێک لە ڕێکارە ڕۆتیینیەکان هەڵبگرێت تا زیاتر سەرنجی خوێندکارانی عێراقی ڕابکێشێت.

٣. ڕووسیا بۆ ئەوەی کاریگەریی کولتووری و پەروەرردەیی خۆی لە عێراق زیاتر بکات، پێویستە لقی زانکۆ بەناوبانگەکانی ڕووسیا لە شارە پێشکەوتووەکانی عێراق بکاتەوە، وەک لقی زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و دهۆک. جگە لەوە، دەبێت ناوەند و بنکەی فەرهەنگی بکاتەوە کە بتوانن پەرە بە کولتووری ڕووسیا بدەن لە عێراقدا، بەتایبەتییش لە ئێستادا زۆر گرنگە دەستپێشخەریی کردنەوەی لقی ”ڕۆس سەترودنیچێستڤە و ڕووسکی میر” لە عێراق بکات.

٤. لایەنێکی دیکە، پەرەپێدانی کەرتی گەشتیارییە و ڕووسیا لەم ڕووەوە وەک وڵاتێکی داخراو لە لایەن عێراقییەکانەوە تەماشا دەکرێت. بێگومان خواستێکی زۆر لە نێو هاونیشتمانییانی عێراقی بۆ سەردان و بە مەبەستی گەشتیاری بۆ ڕووسیا هەیە، بەڵام بە هۆی مەرج و یاساکانی ڕووسیا بۆ پێدانی ڤیزای گەشتیاری، ئەم کەرتە وەک پێویست نەبووژاوەتەوە و حکومەتی ڕووسیا پێویستە پێداچوونەوە بە یاساکانی لەم بوارەدا بکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات تەنها لە بەغداد بۆ مۆسکۆیە و لە هەفتەیەکدا تەنها چەند گەشتێکە.

سەرچاوە و پەراوێزەكان

[1] М. Д. Юзопольский: ОСОБЕННОСТИ И ПРОБЛЕМЫ  В ДЕЛЕ ПРИМЕНЕНИЯ  «МЯГКОЙ СИЛЫ» РОССИЙСКОЙ  ДИПЛОМАТИЕЙ НА ПРИМЕРЕ  РЕСПУБЛИКИ ИРАК. Журнал «ДИПЛОМАТИЧЕСКАЯ СЛУЖБА», 4 (109) /2023.т19. с 357.

[2] Александровна, Виктория Мережко : «Мягкая сила» России в регионе Ближнего Востока (на примере деятельности Россотрудничества). Конференция «Ломоносов 2020».

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە چەمکی هێزی نەرم، بڕوانە: ئەیوب زاهیر تۆفیق، هێزی نەرمی چین لە عێراق و هەرێمی کوردستان. گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە  (٢٠)، ساڵی پێنجەم، نیسانی ٢٠٢٤.  ل٧٨، ٧٩.

[3] Ф. Руми, А.С. Матвеев: ВОЗМОЖНОСТИ ИСПОЛЬЗОВАНИЯ РОССИЕЙ «МЯГКОЙ СИЛЫ» ДЛЯ

ПРЕОДОЛЕНИЯ НЕДОВЕРИЯ В РОССИЙСКО-ИРАНСКИХ  ОТНОШЕНИЯХ. НАУЧНЫЕ ВЕДОМОСТИ, Серия История. Политология. 2016 № 1 (222). Выпуск 37. С. 176.

[4] КОСЯКИНА А.С: РОССИЙСКИЙ ПОДХОД К КОНЦЕПЦИИ “МЯГКОЙ СИЛЫ. Анализ и прогноз. Журнал ИМЭМО  № 2, 2022. С. 65.

[5] Там же, С. 65.

[6]  Путин В.В. Россия и меняющийся мир.: https://er.ru/activity/news/putin-rossiya-i-menyayushijsya-mir_76109  (27 февраля 2012).

[7] Ф. Руми, А.С. Матвеев: ВОЗМОЖНОСТИ ИСПОЛЬЗОВАНИЯ, С. 176.

[8]  КОСЯКИНА А.С: РОССИЙСКИЙ ПОДХОД, С.69.

[9] . Лаптева А. Россия: программа репатриации соотечественников  пробуксовывает // Eurasianet. 10 сентября 2019. https://russian.eurasianet.org.

[10]  لە بەشی ئامرازەکانی هێزی نەرمی ڕووسیا، بە وردی باسی ”ڕۆس سەترودنیچێستڤە” دەکەین.

[11] Марлен Ларюэль, «Мягкая сила России: источники, цели и каналы влияния», Russie.Nei.Visions, №122, Ифри, апрель 2021. С.16,17.

[12]  Там же, С.17.

بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر ڕۆڵی کڵێسەی ئەرسەدۆکسی ڕووسیا، بڕوانە:

– Aktürk Ş. Five Faces of Russia’s Soft Power: Far Left, Far Right, Orthodox Christian, Russophone, and

Ethnoreligious Networks // PONARS Eurasia Policy Memo. № 623. Ноябрь 2019.

– Adamsky D. The Role of the Russian Orthodox Church in Moscow’s Syrian Campaign // PONARS Eurasia Policy Memo. № 635. Февраль 2020.

[13] Там же, С.18

[14] Там же, С.19

[15]  بۆ زانیاریی زیاتر لە سەر نەزمی جیهانی دوای کۆنفڕانسی یاڵتای، بڕوانە:

Блог, Александра Гаджиева: Пост-ялтинский миропорядок: состояние и сценарии развития. 21 июля 2020, https://russiancouncil.ru/blogs/alexander-gadzhiev/postyaltinskiy-miroporyadok-sostoyanie-i-stsenarii-razvitiya/?sphrase_id=92555762 .

[16]  Марлен Ларюэль, «Мягкая сила России: источники, С.19.

[17] Там же, С.19

[18] КОСЯКИНА А.С: РОССИЙСКИЙ ПОДХОД, С.70

[19] Всемирная ассоциация выпускников. [The International Alumni Association. (In Russ.)] Available at: http://www.alumnirussia.org

[20] КОСЯКИНА А.С: РОССИЙСКИЙ ПОДХОД, С.72

[21] Там же, С. 72

[22]  the Federal Agency for the Commonwealth of Independent States, Compatriots Living Abroad, and International Humanitarian Cooperation

[23] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

  1. Andriyenko: ROSSOTRUDNICHESTVO AS AN INSTRUMENT OF SOFT POWER OF THE RUSSIAN FEDERATION. Innovative Solutions In Modern Science № 5(32), 2019.

[24] фонд поддержки публичной дипломатии им а.м горчаковаю https://gorchakovfund.ru

[25] КОСЯКИНА А.С: РОССИЙСКИЙ ПОДХОД, С.67

[26] М. Д. Юзопольский: ОСОБЕННОСТИ И ПРОБЛЕМЫ,  С.359.

[27] Там же, С.359.

[28]  Там же, С.360.

[29] Там же, С.360.

[30] Трухин А.С, Данакин Н.С, Лесовик Р.В: О положении русского языка в Ираке. Этносоциум 1 (175) 2023. С.48.

[31] Там же, С.48.

[32] Там же, С.48.

[33] Россия увеличит число квотных мест для иракских студентов: 6 февраля 2023,  https://tass.ru/obschestvo/16971225

[34] Владислав Сенькович: возможностях освоения рынка Ирака российскими компаниями, 14 мая 2013. https://russiancouncil.ru/analytics-and-comments/analytics/o-vozmozhnostyakh-osvoeniya-rynka-iraka-rossiyskimi-kompaniya.

[35] Там же.

[36] Трухин А.С, Данакин Н.С: О состоянии и перспективах развития российско-иракских торгово-экономических отношений. Этносоциум 1 (175) 2023. С.67.

[37] Озманян Мидия Саидовна: РОССИЙСКО-ИРАКСКОЕ ТОРГОВО-ЭКОНОМИЧЕСКОЕ СОТРУДНИЧЕСТВО

В ПЕРИОД COVID-19. Восточная аналитика. 2021. С.21.

[38] Трухин А.С, Данакин Н.С: О состоянии и перспективах. . С.68

[39] Там же, С.69

[40] Там же, С.69

Send this to a friend