• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 12, 2024

ڕووسیا و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە بێدەوڵەتەکاندا هەرێمی کوردستانی عێراق وەك نموونە

نوسینی: د. دڵسۆز جەلال حسێن/ پسپۆر لە زانستی سیاسی و خوێندنی هەرێمایەتیدا

بەرایی

ئەم توێژینەوەیە بە شێوازێکی شیکارییانە لەو ئامانجە سەرەکییانە دەکۆڵێتەوە کە هاندەری دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ بوون لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە دووبارە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا. لەم چوارچێوەیەدا دراساتی دوایین ئەدای سیاسەت و دیپلۆماسیەتی دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەکتەرە نادەوڵەتییە ناوخۆییەکانی ڕووسیای فیدراڵ دەستیان کردووە بە ڕۆڵگێرانێکی بەرچاو لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بنیاتنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکاندا (چ دەوڵەتی بێت یان نادەوڵەتی). لە توێژینەوەکەماندا هەرێمی کوردستانی عێراقمان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و کەیسێکی تایبەت هەڵبژاردووە کە ڕووسیای فیدراڵ پەیوەندییەکی هەمەجۆر و تۆکمەی لەگەڵدا بنیات ناوە، لە هەمان کاتدا ئەم پەیوەندییانە بوونەتە هۆی دەرخستنی کۆمەڵێ بنەمای ڕاستی و بەرپەرچدانەوەی فیکرەی چەمکە کۆنەکانی نێو دنیای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (بە تایبەتی هەردوو چەمکی ڕیالیزم و نیوڕیالیزم)، ئەمەش بە تیشکخستنەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و  هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای هەریەکە لە هۆکارە ئابووری، ئەمنی و ئایینییەکان وەک سێ هۆکاری بنەڕەتی بۆ هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدراڵ کە تێیدا ئامانج لێیان دامەزراندنی بناغەیەکی پتەوی پەیوەندییەکان بووە.

دووبارە هەڵسانەوەی ڕووسیا

ماوەی دوو دەیە بوو ڕۆڵ و ئامادەییە بەرچاوەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وون بوون. دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩٠، وڵاتێکی نوێ بە ناوی ڕووسیای فیدراڵەوە لەدایک بوو و ئەم وڵاتە نوێیەش زۆر سەرقاڵی بارودۆخ و ئاریشە ناوخۆییەکانی خۆی بوو.  دەشێت بوترێت لەم ماوەیەدا دەوڵەتی ڕووسیا زۆر لە پەراوێزدا بوو، لە لایەکی دیکەوە لانی کەم وا دەردەکەوت کە لە پڕۆسەی دووبارە خۆبنیاتنانەوە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی خۆیدا بووە. ئەم بارودۆخەی ڕووسیا درێژەی کێشا تا سەرەتای ساڵانی (٢٠٠٠)ەکان.  دواتر دوای ڕوودانی زنجیرەیەک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی ڕووسیا و نێودەوڵەتی، کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر سیاسەتی ڕووسیا دروست کرد كە بارودۆخی ڕووسیای بە تەواوەتی گۆڕی، ئەوانیش هەریەک لە ڕووداوەکانی وەک: هاتنی ڤلادیمێر ڤلادیمرۆڤیچ پۆتین بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتی، ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا و دواتر بڕیاری هەناردەی هێزی ڕووسی بۆ ناو خاکی سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ کە وایان لە ڕووسیا کرد وەک “game changer”ێکی کاریگەر دەربکەوێتەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی نێودەوڵەتیدا [١]. لە ئەمڕۆدا ڕووسیا بە هێز و بەرگێکی نوێوە هاتووەتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی، زۆر بە تایبەتی ناو گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  بێگومان ئەکتەرێکی سەرەکییشە و لە زۆربەی ئاریشەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو  وکاریگەر و یەکلاکەرەوەشی هەیە.

ڕووسیا لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەیدا پشتی بە هەندێ بنەمای یەکلاییکەرەوە بەستەوە، لەوانەش: فراوانکردنی پەیوەندییەکانی، دۆزینەوەی دۆستی نوێ، دۆزینەوەی کڕیار بۆ چەک و تەقەمەنییەکانی، دروستکردنی لینکی وەبەرهێنان و دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەش و دۆستە دێرینەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا. ئەوەشمان بیر نەچێت کە دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ خۆی بە میراتگری سەرەکیی یەکێتیی سۆڤیەت دادەنێت، بۆیە دۆستە دێرینەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بە دۆستی ئێستای خۆی دەزانێت. لە هەمان کاتدا لە ئەمڕۆدا ڕووسیا زۆر بە ڕژدی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە پەیڕەوی سیاسەتێک دەکات کە هەڵگری پەیامێکی زۆر تایبەتە لە پەیوەندییەکانیدا، ئەوەیش ئەوەیە كە دەوڵەتی ڕووسیا دەتوانێت دڵنیایی بدات کە هەمیشە دۆست و هاوبەشێکی متمانەپێکراوە.

لە توێژیەنەوەیەکدا کە دامەزراوەی ”Rand Corporation” لە ٢٠١٧دا بڵاوی کردووەتەوە، پاڵپشتیی ئەم بیرۆکەیەی کردووە کە لەم دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووسیا هەوڵی بەرچاوی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی داوە لەگەڵ زۆرێک لە ئەکتەرە دەوڵەتییەکان و نادەوڵەتییەکان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵی داوە کە زۆربەی پەیوەندییەکانی لە باشترین شێوەدا فۆڕمەلە بکات و لە چوارچێوەی مامەڵەیەکی تایبەتیشدا هەوڵێکی زۆری داوە کە بەربەستەکان بشکێنێت یان بە لایەنی کەمەوە هیچ نەبێت بەربەستەکان کەم بکاتەوە و کەمترین سنووردارکردنیشی لە بەردەم خۆیدا هێشتووەتەوە [٢]. ”Rand Corporation” زیاتر وردتر بووەتەوە و بە دیاریکراوی هەرێمی کوردستانی عێراقیان (وەک ئەکتەرێکی بێدەوڵەت) هەڵبژاردووە بۆ لێکۆڵینەوە و قسەلەسەرکردن کە تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە هەرێمی کوردستان وەک ئامانجێکی زێڕین لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیادا جێگیر کراوە.

لە ڕووی مێژووییەوە، بە تایبەتی لە چەمکە سیاسییە کۆنەکاندا (Traditional theories)، لە نێو کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پەیوەندیی نێوان وڵاتانی خاوەن سیادەت و ئەکتەری بێدەوڵەت هەمیشە شتێکی نامۆ بووە، بە تایبەتی کاتێک زۆرێک لە چەمکە کۆنەکان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەبێت تەنها لە سەر ئاستی دەوڵەتان بنیات بنرێت و لە نێوان وڵاتانی خاوەن سیادەتدا بێت. لە هەمان کاتدا ئاماژەش بەوە دەدەن کە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە ئابوورییەکان، ئاڵوگۆرە بازرگانییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتووری و هەموو چالاکییەکانی تر تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتە خاوەن سیادەتەکاندا کۆ دەبنەوە و ئەنجام دەدەرێن. کەیسی هەرێمی کوردستانی عێراق و پەیوەندییەکانی لە سەر ئاستی جیهان؛ گومانی لە سەر بنەما فیکرییەکانی ئەم بیردۆزانە دروست کردووە، بە تایبەتی کاتێ کە ڕووسیا لەم دواییانەدا ئاواتەخوازی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی بووە لە ناوچەکەدا و بە فەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەر بنەمای ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنەکان ئاشکرا کردووە و داڕشتووە [٣].

لێرەدا لەم بابەتەدا بە کورتی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەوە دەکەین کە بۆچی ڕووسیا دووبارە ڕووی وەرگێراوە لە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە بێدەوڵەتەکاندا -بە تایبەتی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرێک کە هەندێک وەک ”смутьяни” (کێشەدروستکەر) ناوی دەبەن.

ئەم توێژینەوەیە لە سەرەتادا کورتەیەک لە سەر هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ ڕووسیا شی دەکاتەوە، دواتر خاڵە سەرەکییە هەنووکییەکان دەستنیشان دەکات کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستانی لە سەر بنیات نراون. لە کۆتاییدا هەندێ سەرنج دەخەینە ڕوو بۆ هەردوو لا (هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدراڵ)، تاکوو پەیوەندییەکانیان زیاتر پەرە پێ بدەن و فراوانتریان بکەن.

مێژوویەکی کورت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا

هەندێ فاکتەری سەرەکی دەربارەی هەرێمی کوردستانی عێراق

  • شوێنی جوگرافیای: باکووری عێراق
  • جوگرافیاکەی: ٤٠٦٤٣کم٢، کە لە ١٨٪ی سەرجەم خاکی عێراق پێک دێنێت.
  • دانیشتووان: ٦ ملیۆن کەس، کە بە نزیکەی ١٧٪ دانیشتووانی عێراقە لە ساڵی ٢٠١٨.
  • سەرچاوەکانی نەوت و غاز: ٤٥BBL نەوت و ١٠٠-٢٠٠TCF غاز

کۆدەنگییەکی باش لە نێوان لێکۆڵەرانی سیاسیدا هەیە کە ڕووسیای فیدراڵ هەڵگری نازاناوی زلهێزی جیهانی هەڵگرتووە[٤]، لێرەدا لەم توێژینەوەیەدا هەمان ناو و نازناومان بۆ ڕووسیای فیدراڵ دووبارە کردووەتەوە، بەڵام هەر چی سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی عێراقە زۆر ئەستەمە ناو یان زاراوەیەکی تەواو بدۆزرێتەوە بۆ ناوهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش پەیوەستە بەو ڕاستییانەوە کە کورد بە دریژایی مێژوو، زۆر بەتایبەتیتر هەر لە سەرەتای ساڵانی (١٩٠٠)ەکانەوە چەندین شۆڕشی گەورەی ئەنجام داوە، بەڵام نەگەیشتووەتە کیانێکی سەربەخۆی خۆی. هەر چەندە بە شێوەیەکی فەرمی ڕژێمی سەددام ئەتۆمی دایە کوردستانییانی باکووری عێراق لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٠)کاندا (کە بە ڕێککەوتنی یانزەی ئازار ناسراوە)، وە لە ساڵی (١٩٩٠)ەکاندا کوردستانییانی عێراق توانیویانە خاکەکەیان بەڕێوە بەرن، حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی و دادوەری دابمەزرێنن. دەستووری عێراقیش لە ٢٠٠٥دا هەرێمی کوردستانی وەک هەرێمیکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی سەربەخۆدا ناساندووە.

لە سەر بنەمای ئەم ڕاستییانە، دەسەڵاداران و سەرکردەکانی کوردستان توانییان سیستمێکی بەڕێوەبردن بنیات بنێن (هەرێمی کوردستانی عێراق ١٩٩٢) و پەیوەندییەکی ئاڵۆزی هەمەجۆر لە گەڵ ئەکتەرە جیهانییەکاندا دروست بکەن. ئەم شێوازە ئاڵۆزەی خۆبەڕێوەبردن و پەیوەندییە هەمەجۆر و فراوانەی هەرێمی کوردستان، وای لە لێکۆڵەران کردووە ناو و نازناوی جۆراوجۆر بەم قەوارەیە ببەخشن:  quasi-state [٥]و unrecognized state [٦] و ‘de facto-state’ [٧] و ‘separatist’, ‘contested’   [٨].

لێرەدا ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، دەکرێت تەنها بە ئاوڕدانەوەیەک لەو پڕۆژە گرنگەی کە لە ژێر ناونیشانی ”Netgovru project”دا ئەنجام دراوە، زۆرێک لەو هۆکارانە دەستنیشان بکرێن کە  لە پشت ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای فیدراڵن، وە چۆن ئەم هۆکارانە هانی ئەم وڵاتە زلهێزە دەدەن لە هەڵپەهەڵپی دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن تیمێک لە لێکۆڵەرانی نەرویجی، ڕووسی، ئەڵمانی، فینلەندی و بەریتانییەوە ئەنجام دراوە. لە پڕۆژەکەدا تێزی تۆڕی حکومی (network governance theory)  وەک چەقی لێکۆڵینەوەکانیان دەستنیشان کراوە و بەکار هێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی کە وەک مەتریالێک بەکار بهێنرێت بۆ دراسەکردنی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار و سیاسەتی فیدراڵی و هەرێمی و ناوخۆیی دەوڵەتی ڕووسیا. دەرئەنجامی ئەم پڕۆژەیە دەرخستەی ئەو ڕاستییە بوو کە ڕووسیا هەڵسوکەوتی ”unitary actor” ناکات، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە ”پارتی ناوەند لە سەر بنەمای پاوانخوازیی ژێر نەتەوەیی” (centralized party based on subnational authoritarianism) کاری کردووە، بەڵام سەرکردەکانی ئێستای پارتی دەسەڵاتدار، پارتی ڕووسیای یەکگرتوو (Идиная Россия)، زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە دەبێت لەگەڵ ئەکتەرە ناوخۆییە نادەوڵەتییەکانی ڕووسیا (بازرگانی، کۆمەڵایەتی، دینی و کولتووری و… هتد) بەرژەوەندییەکانی وڵات دابڕێژن و دەستنیشان بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی کارکردن و هاوبەشیکردنە لەگەڵ ئەکتەرە ”دەوڵەتی و نادەوڵەتی”یە بیانییەکاندا. لەم نێوەندەدا ئەکتەرە نادەوڵەتییە ڕووسەکان توانیویانە ڕۆڵێکی کارا بگێڕن و ئەم دەرفەتە بە جوانی بقۆزنەوە و فۆڕمەڵەی ویستەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیادا دەستنیشان بکەن و هاوتاکان و بەرژەوەندییەکانیان لە دەرەوەی سنووری ڕووسیادا بدۆزنەوە و پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەن، وە لە کۆتاییدا ئەمەش وای لە دەسەڵادارانی ڕووسی کردووە کە پرسوڕا بە کارەکتەرە بێدەوڵەتە ناوخۆییەکانی خۆیان بکەن و هاوبەشییان پی بکەن لە دەرکردنی بڕیارەکاندا [٩].

لە ئێستادا ئەکتەری بێدەوڵەت زۆر بە باشی شوێنی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای فیدراڵی قایم کردووە و ڕۆڵەکانیان زۆر بەهەند وەردەگیرێن، هەر چەندە بیرۆكەی ئەکتەری بێدەوڵەت لە مێژووی دەوڵەتی ڕووسیادا زۆر هەستیار بووە و تەنانەت زۆر جار بە ”смутьяни” (کێشەدروستکەر) ناو هێنراون، وە ئەگەر پەیوەندییەکیشی لەگەڵ ئەم ئەکتەرانە هەبووبێت زۆر بە نهێنی هێشتوویەتەوە. بەڵام ڕووسیای ئێستا باز بەسەر ڕابردووی خۆیدا دەنێت، بە ئاشکرا پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە بێدەوڵەتە بیانییەکاندا دروست دەکات. ئەم گۆڕانکاری و ئاوڕدانەوە گەورەیەش لە سەر خواست و ویستی ناوخۆیی ڕووسی (بە تایبەتی خواستی ئەکتەرە نادەوڵەتییە ناوخۆییەکانی خۆی) لەدایک بووە و چەکەرەی کردووە.

لەم نێوەندەدا کوردەکان، بە تایبەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک کارەکتەرێکی بێدەوڵەت هەمیشە لە لایەن ڕووسیاوە وەک ئامرازیكی گرنگ بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی کۆمەڵێک ویست و ئارەزووی خۆی بینراوە. پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و کوردەکان لەگەڵ لەدایکبوونی (حکومەتی) هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا دەستی پێ نەکردووە، بڕوا وایە کە سەرەتای ئەم پەیوەندییانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵانی (١٨٠٠)ەکان، کاتێ کە پێکدادان و ململانێی سەربازیی توند لە نێوان ئیمپڕاتۆرەکانی ‌عوسمانی و سەفەوی و ڕووسەکان هەبوو، بە تایبەتی لە شەڕی کرایما (١٨٥٣-١٨٥٦). هەریەک لە ئیمپڕاتۆڕەکانی عوسمانی و سەفەوی ناوچەیەکی فراوانی زەوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقایان داگیر کردبوو و خستبوویانە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، نەتەوەی کوردیش خاکەکەی دەکەوتە ئەم ناوچەیەوە و لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ئیمپڕاتۆریەتانەدا دەژیا. هەریەک لەم ئیمپڕاتۆریەتانەش هەمیشە ویستی فراوانکردنی سنوورەکانیان هەبووە، هەر بۆیە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ڕووسی و سەفەوی و عوسمانییەکاندا ڕووی دا. لەم ماوەیەشدا کوردەکان لە لایەن هەریەکە لەم ئیمپڕاتۆرانەوە وەک ئامێرێکی زۆر باشی ”прокси войны” (شەڕی لەجیاتی) دەبینران و بەکار دەهێنران، بە تایبەتی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە کوردەکانی هان دەدا بۆ وەستانەوە لە دژی هەریەکە لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکان. لەم نێوەندەدا ڕووسەکان کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانیان ناو نابوو ”نەتەوەیەکی خەمناک” (Melancholic Nation [١٠]. ئەگەر بە زمانێکی بازاڕی بیڵێین، ڕووسەکان مەبەستیان ئەوە بوو کە کورد نەتەوەیەکی زۆر گوناح و جێگەی بەزەییە.

سەرئەنجام ئەمە هاوکارێکی باش بوو بۆ ڕووسیای ”تزار” لە فراوانکردنی لینکی سیاسەتەکەی لە ناوچەکەدا و دەستی بگات بە دۆست و هاوپەیمانیەتی لە ناو کورداندا.

لەم سەردەمەشدا دەکرێت بوترێت ڕووسیا هەمان ڕێڕەو و سیاسەت دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لە ژێر ماسکێکی نوێدا. لە ڕابردوودا ئامانجی سەرەکیی ڕووسیا بریتی بوو لە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی لە ڕێگەی فراوانکردنی جوگرافیاکەی، ئەمەش بە بەکارهێنانی چەندین ئامرازی هەمەجۆر، لە نێویشیاندا کورد یەکێ بوو لە ئامرازە هەرە گرنگەکان. لەم ساڵانەی دواییدا ڕووسیا لە ڕێگەی چالاکیی ئابوورییەوە هەوڵی زیادکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا داوە. بۆ نموونە ڕووسیا چەند ڕێککەوتنێکی ئابووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٢دا مۆر کردووە، دواتر لە ٢٠١٦دا ڕێککەوتنەکانی فراوان و هەمەچەشن کردوون و هیچ گرنگییەکیشی بە نیگەرانییەکانی هەریەکە لە وڵاتانی دەسەڵاتدار لە ناوچەکەدا نەداوە و بگرە ڕکابەرییشی کردوون، وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمەریکا و تورکیا و عێراق. بە گوێرەی لێکۆڵەرە سیاسییەکان، ئەمە کاردێک و گوشارێکی سیاسییە کە ڕووسیا بەکاری دەهێنێت لە دژی هێزە ڕکابەرەکانی لە ناوچەکەدا. ڕووسیا تەنانەت لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئەنجامی داون، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە تاوەکو بەرپەرچ و تەگەرە لەبەردەم ئەو بیرۆکە ڕۆژئاواییە دایبنێت کە دەیویست تورکیا لە ڕێگەی کڕێنی ووزەی هەرێمی کوردستانەوە ویست و خواستی تورکی تاڕادەیەک لە سەر وزەی ڕووسی کەم بکاتەوە [١١]؛ بیرمان نەچێتەوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا تورکیا یەکێکە لە و کڕێارانەی کە زۆرترین بەرهەمی ڕووسی هاوردەی ووڵاتەکەی کردوە.

کاتێ دەڵێین ڕووسیا مێژوو دووبارە دەکاتەوە، نموونەیەکی تری بەرچاوی مێژوویی گرنگمان لە بەر دەستە، ئەویش کاتێ لە ساڵی ١٩٤٥دا  یەکێتیی سۆڤیەت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی محەمەد ڕەزا پەهلەویی ئێرانی تێک چوو، دەستی کرد بە هاوکاری و پاڵپشتیکردنی جووڵانەوە سیاسییە ناوخۆییەکانی دژی سیاسەتی پەهلەوی. بۆ نموونە، پاڵپشتیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ هەریەک لە هێزی خەڵکی ئازربایجانی (١٩٤٥) کە لە لایەن سەعید جافر پیشڤاری سەرکردایەتی دەکرا [١٢] و هەروەها  کۆماری مەهاباد لە ١٩٤٦ (کە بە یەکەم دەوڵەتی کوردی ناسرابوو) کە قازی محەمەد پێشەوایەتیی دەکرد. هەر چەندە شا پەهلەوی سەرکەوتوو بوو لە تێکشکاندنی هەردوو جووڵانەوەکە (هێزەکانی خەڵکی ئازربایجان و کۆماری مەهاباد) و ئەنجامیش هەندێ لە سەرکردەکانی هەردوو جووڵانەوەکە دەستگیر کران و لەسێدارە دران، بەڵام سەرکردەکانی تر، لە نێویاندا مەلا مستەفا بارزانی و یاوەرانی، ئاوارەی یەکێتیی سۆڤیەت بوون، لەوێ داڵدە دران کە ١٢ ساڵ دەربەدەرییان لە یەکێتیی سۆڤیەتدا بەسەر برد [١٣]. دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێت کە بارزانی بنیاتنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانە، کە لە ئێستادا یەکێ لە گەورەترین و بەهێزترین پارتی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. دەکرێت بوترێت یەکێتیی سۆڤیەت هاوکاریی ئەم دوو جووڵانەوەی کرد تەنها بە مەبەستی سەرئێشە دروستکردن و لاوازکردنی دەوڵەتی پەهلەویی ئێرانی.

دوای جەنگی جیهانیی دووەمیش، یەکێتیی سۆڤیەتی جاران فۆڕمەلەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی جیهان کرد لە سەر بنەمای پڕۆگرامی ”Societies of Friendship and Cultural Relations” (کۆمەڵگە دۆستەکان و پەیوەندییە کولتوورییەکان). بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریکی (CIA) کە لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاو کراوەتەوە، ئامانجی ئەم پڕۆگرامەی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ بڵاوکردنەوەی فیکرەی (Коммунизм) کۆمیۆنیسم بووە لە نێو نەتەوە جیهانییەکاندا و ڕاکێشانیان بۆ ناو ئەو شێوازی بەڕێوەبردنە کە نزیکە یان هاوتای بەڕێوەبردنە لە یەکێتیی سۆڤیەتدا. سەرئەنجام ئەم پڕۆگرامە کاریگەریی زۆر گەورەی دروست کردووە و ئاڕاستەی هەندێ لە سەرکردە کوردەکانی کرد بە دروستکردنی پارتی سیاسی لە سەر بنەمای فیکری کۆمیۆنیستی، لەوانەش: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – ١٩٧٥، پارتی کرێکارانی کوردستان – ١٩٧٨ و  کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – ١٩٨٤ و… هتد).

کاتێکیش کە ململانێی جەنگی سارد گەیشتە بەرزترین ئاستی، یەکێتیی سۆڤیەت هەوڵی پێناسە و شێوازی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی خۆی دا لەگەڵ دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەوڵی دۆزینەوەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی دا، لەم نێوەندەشدا زۆر سەرکەوتووانە توانیی بگاتە دەوڵەتی عێراق و پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵدا بنیات بنێت. لە هەمان کاتیشدا کورد لەو سەردەمەدا تاوی کۆمەڵی شۆڕشی دابوو لە دژی ڕژێمی عێراقی؛ وە یەکێتیی سۆڤیەت سەرەڕای هەبوونی پەیوەندییە دۆستانەی لەگەڵ عێراقدا، بەڵام هەرگیز کوردەکانی پشتگوێ نەخستبوو، بەڵکوو بە نهێنی بەردەوام بوو لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان -بە تایبەتی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و جەلال تاڵەبانیدا. هەر چەندە هەمیشە هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکاندا بە نهێنی بهێڵێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و بەغدادا بە سەلامەتی و بە هێزی بهێڵێتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٠ تا ساڵی ١٩٩٠، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و دەوڵەتی عێراق زیاتر پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینی و بەهێزتر بوون. لە ماوەی ئەنجامدانی هەردوو تاوانە گەورەکەی ڕژێمی سەددام بەرامبەر کوردانی عێراق -کیمیاییبارانکردنی شار و دێیەکانی کوردستان، ١٩٨٨، تاوانی ئەنفال لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ ئەنجام درا کە تێیدا ١٨٢٠٠٠ کەس بوونە قوربانی، یەکێتیی سۆڤیەت بڕیاری بێدەنگیی هەڵبژاردبوو. دواتر کاتێک کە ملیۆنان کورد چیتر قبووڵی ئەو هەموو تاوانەی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعسیان نەکرد و دەربەدەر و ئاوارەی سنوورەکانی تورکیا و ئێران بوون، لەم نێوەندەدا یەکێتیی سۆڤیەت هاوشان لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی، سەرکۆنەی سیاسەت و کردەکانی سەددامیان کرد بە ئامانجی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی زیاتری تاوانی مرۆیی[١٤].

لەگەڵ لەدایکبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٢، ڕووسیای فیدراڵ لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا بوو، ئەمەش بە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و دروستبوونی پانزە دەوڵەتی نوێ، لە نێویشیاندا ڕووسیای فیدراڵ، وە سەرکردە نوێیەکانی ڕووسیای فیدراڵیش زۆر سەرقاڵی کاروباری ناوخۆی وڵات بوون، زۆر نەیاندەپرژایە سەر کاروباری دەرەوە، هاوشان حکومەتی هەرێمی کوردستانیش حکومەتێکی تازەلەدایکبوو بە بارودۆخی زۆر ناسەقامگیردا تێدەپەڕی، لە بەر ئەوەی لە لایەکەوە کوردەکان بە ئەزموونێکی نوێی خۆبەڕێوەبردندا تێدەپەڕین و لە لایەکی تریشەوە ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئابڵووقەیەکی زۆر قورسی لە سەر عێراق دانابوو بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە هەمان کاتیشدا هەردوو حیزبی فەرمانڕەوا (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨دا شەڕیان لە دژی یەکتر دەکرد، بە کورتی هەرێمی کوردستان لە شەڕی ناوخۆدا بوو. لەم نێوەندەشدا ڕژێمی سەددام ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبینی لە زیاتر ناسەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا، بە حوکمی ئەوەی زۆر دڵخۆش نەبوو بە شێوازی خۆبەڕێوەبردن لە لایەن کوردانی هەرێمی کوردستانەوە. لەو لاشەوە ڕووسیای فیدراڵ سەرەڕای دەردەسەرییە نێوخۆییەکانی خۆی، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراکدا. هەر چەندە چەندین ڕەخنە لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامەکە هەبوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە یەكێ لە پڕۆگرامە هەرە باشەکانی هاوکاریی مرۆیی لەقەڵەم دەدرێت کە توانیی ملیۆنان کەسی عێراق (بە کوردەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە) لە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی ڕزگار بکات کە هەڕەشەی مردنی لە ملیۆنان کەس دەکرد بە هۆی کەمیی خۆراکەوە.

سیاسەتی دوو دەیەی ڕابردووی ڕووسیای فیدرال لە هەمبەر هەرێمی کوردستانی عێراق

  1. ئامانجی ئابووری

دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ٢٠٠٣دا سەرپەرشتیی هاوپەیمانیەتێکی  گەورەی کرد لە داگیرکردنی عێراق و دواتر ڕۆڵی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراقی لەئەستۆ گرت، بەڵام وڵاتانی تر، بە تایبەتی ئەوانەی بەشدار نەبوون لە هاوپەیمانێتییەکەی ئەمەریکا، بێبەش نەبوون لە ڕۆڵی بنیاتنانەوەدا، لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ڕووسیا زیاتر بەلای ئابوورییەکەدا شکایەوە و زیاتر ویستەکانی لەم بوارەدا دۆزییەوە. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گاز پرۆم و لوک ئۆیل و ڕۆست نەفت ژمارەیەک گرێبەستی جۆراوجۆریان لە بلۆکەکانی نەوتدا مسۆگەر کرد. ڕووسیای فیدراڵ زیاتر ئاوڕی لەو ناوچانە دایەوە کە کوردەکان بەڕێوەیان دەبرد، بە تایبەتی کاتێ کە هەستیان کرد کە هەرێمی کوردستانی عێراق شوێن ستراتیژیەتێکی تایبەت بە خۆی کەوتووە لە بواری ئابووریدا و تا ڕادەیەکیش ئابووریی سەربەخۆی بۆ خۆی مسۆگەر کردبوو. ئەم ستراتیژە هەندێ ڕاستیی زۆر گرنگی لە پشتەوە بوو، لەوانەش یەکەم: دوای ٢٠٠٣، ئاستی ناسەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و خراپیی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە عێراق گەیشتبوونە بەرزترین ئاست. دووەم: هەرێمی کوردستانی عێراق ڕێژەیەکی زۆری نەوت و گازی لە خاکەکەیدا دۆزیبووەوە. وەک بەشێک لە ستراتیژەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستی کرد بە دروستکردنی کاری دیپلۆماتیی فراوان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ وڵاتان. هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی سەربەخۆی پەیوەندیی ئابووریی پەیڕەو دەکرد و هەوڵی ئەوەی دەدا کە وزەکەی هەناردە بکات بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بەغدادەوە -هەندێ ناوی ئەم سیاسەتەی هەرێمیان نابوو بە ”easy money for global consumers” (پارەی ئاسان بۆ کڕیارە نێودەوڵەتییەکان). لە ڕاستیدا ڕووسیا نەیدەویست بێبەش بێت لەم دەرفەتە باشە کە هەرێمی کوردستان ڕەخساندوویەتی بۆ وەبەرهێنانی بیانی، هەر بۆیە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە هەر زوو پشکدارییان لەم پڕۆسەیەدا کرد. ویست و سوودی ئابووری هاندەرێکی گەورەی ڕووسیای فیدراڵ بوو تاوەکوو  هەمەجۆریی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.

ڕاستەوخۆ دوای دەوڵەتی ئێران، ڕووسیا کۆنسوڵگەریی گشتیی لە هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٧دا کردەوە. وردە وردە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر بوون. لە ٢٠١٣دا سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) بە فەڕمی بانگهێشتی ڕووسیا کرا و چاوی بە هەریەکە لە ڤلادیمێر ڤلادیمرۆڤیچ پۆتین سەرۆکی ڕووسیا و سێرگیی ڤیکتۆرۆڤیچ لاڤرۆڤ وەزیری کاروباری دەرەوە کەوت. کەمێک دوای چاوپێکەوتنەکە، پۆتین وتی: “پەیوەندیمان لەگەڵ کوردستان و کوردەکان پەیوەندییەکی مێژوویی و دوورودرێژ و زۆر باشە و لە هەمان کاتدا لە سەر بنەمای متمانە پەیوەندییەکانمان بنیات ناون”[١٥]. ئەم دیدار و سەردانەی سەرۆکی پێشووی هەرێم دەرفەتی زیاتری بۆ کۆمپانیا ڕووسییەکان ڕەخساند تا زیاتر چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. بۆ نموونە گازپرۆم نێفت دەرفەتی بەدەستخستنی دوو پشکی گەورەتری بۆ ڕەخسا: ٤٠٪ لە بلۆکی گەرمیان و ٨٠٪ لە هەڵەبجە[١٦]. تەنانەت ئەمە هاندەرێکی باش بوو بۆ ڕووسیا لە ٢٠١٤دا لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، هاوکاریی سەربازیی هێزی پێشمەرگە بکات کە هاوکارییەکانی بە ٢٨٠ جۆری چەک و تەقەمەنیی وەک پێنج تۆپی ئۆتۆماتیکیی دژەتانک و ٢٠٠٠٠ گوللەی تر دەخەمڵێنران [١٧]. دواتر لە ٢٠١٧دا کاتێک کە گەمارۆیەکی گەورەی ئابووری لە سەر هەرێمی کوردستان هەبوو لە لایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراق و وڵاتە دراوسێکانی ترەوە، ئەمەش دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، ڕووسیا و کۆمپانیای ڕۆست نەفت دەستی هاوکارییان گەیاندە هەریم و قەرزێکی ٣.٥ ملیار دۆلاریی پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە هەمان کاتدا گرێبەستێکی وزەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژوو کرد [١٨].

 ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە چوارچێوەی سەردانە دیپلۆماتییەکانیدا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا سێرگیی ڤیکتۆرۆڤیچ لاڤرۆڤ سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد، دواتر جێگری وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند: “لاڤرۆڤ چاوی بە بەرپرسانی کورد کەوت بۆ تاوتوێکردن و زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، پەرەپێدان لە بواری وەبەرهێنانی وزە و ئاڵوگۆڕە بازرگانی و هاوکارییە سەربازییەکان و دۆزینەوەی ڕێگەی باشتر بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر” [١٩].

 

  1. ئامانجی ئایینی

یەکێکی تر لە فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ ڕووسیا بریتییە لە ئایین. لەم نێوەندەدا، ئایینزانی ئۆرسۆدۆکسی مەسیحی (کریستیانی) ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، هەروەک لە ٧١٪ی ڕووسەکان لە مەسیحیی ئۆرسۆدۆکسن. لەم دواییانەشدا، کڵێسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی ڕۆڵێکی بێوێنەی گێڕا و زۆر چالاکانە کاروبارەکانی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی فراوان کردووە. هەر چەندە لە مێژوودا هەوڵێکی زۆر درا کە کڵێسە لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی ڕووسیا بێوچان ئایینی وەک کارتێکی سیاسی بەکار هێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە جیهاندا. لە ڕووی چەمكی سیاسییەوە، بە تایبەتی قوتابخانەی ئینگلیز (English School) زۆر بە فراوانی ئاماژەی بە هەوڵە ئایینییەکان داوە لە چوارچێوەی کارە سیاسییەکاندا و ئامرازی ئایینیی وەک یەکێك لە ئامرازە بۆ یەکخستن و یەکبوونی کۆمەڵگە جیهانییەکان دەستنیشان كردووە. لەم نێوەندەدا، کریستیانە عێراقییەکان بوونە ئیلهامبەخشێکی گەورەی ڕووسەکان و سەرنجی ڕاکێشان. ئەم کەیسە لە لای ڕووسەکان زیاتر گرنگیی پێ درا، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە کریستیانەکانی عێراق بوونە ئامانجی گرووپە تیرۆرستەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٥، کە لە ئەنجامدا ژمارەی کریستیانەکانی عێراق کەمبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی، لە ١،٤ملیۆن کەسەوە بۆ ٣٥٠٠٠٠ کەس دابەزی، زۆربەی ئەو ژمارەیەش بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵهاتن و دەربەدەر بوون [٢٠]. بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیان، نوێنەری کڵێسەی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی لە ٢٠١٨دا کرد و ڕایگەیاند کە کڵێسە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کریستیانەکان و هەرێمی کوردستانی عێراقە [٢١]. ڕاستەوخۆ دوای ئەم سەردانە، کڵێسەی ئۆرسۆدۆکسی لە شاری هەولێر کراویەوە.

یەکێکی تر لەو ئایینانەی کە ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستانی عێراق، بریتی بووە لە ئێزیدییەکان. ئەم ئایینە بە ئاییینێکی کوردی ناوزەند دەکرێت و بنکەی سەرەکیی پەرستگاکەیان دەکەوێتە هەرێمی کوردستان بە ناوی لالشەوە. بە هۆی ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی کە لە مێژوودا هەتاوەکوو ٢٠١٤ ڕووبەڕووی ئاسایشی ئێزیدییەکان بوویەوە، ژمارەیەک لە شوێنکەوتووانی ئێزیدی دەربەدەری وڵاتانی تر و بە تایبەتی ڕووسیا ببن. ئەم ئیزیدییە ئاوارانەش توانیویانە هەندێ کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ناو شارە جیاوازەکانی ڕووسیادا دروست بكەن، وەک لە مۆسکۆ، نیژنی نۆڤگۆرەد، ڕۆستۆڤۆن دۆن، تامبۆڤ، نۆڤۆسیبریسک و یارۆسلاڤل. ئەم کۆمەڵگانە هەرگیز دەستەووەستان نەوەستان،  هەمیشە هەوڵی هاوکاریی هاوئایینەكانیان لە کوردستان داوە. کاتێکیش کە جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان لە ٢٠١٤ لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئەنجام درا، کۆمەڵگەکانی ئێزیدی لە ڕووسیا زۆر هانی دەوڵەتی ڕووسیا و بە تایبەتی سەرۆک پۆتینیان دا تاکوو پاڵپشتیی ئێزیدی و هەرێمی کوردستان بکات. زۆرێک لە لێکۆڵەران ئێزیدییەکان بە هۆکاری سەرەکی لە زوو هاتنە سەر خەتی ڕووسیا لە پێشکەشکردنی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی بە هەرێمی کوردستان دادەنێن [٢٢].

 

دەرئەنجام

ویست و ئارەزووی ڕووسیا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کارەکتەری بێدەوڵەتەدا لە سەر بنەمای: یەکەم: هۆکارە ئەمنییەکانە (ئاسایشە)، کە تێیدا ئامانج لێی بەکارهێنانی کەیسی کوردەکانە وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکەدا. مێژوو بەرچاوڕوونییەکی باشی بە ڕووسیا داوە، هەر کات کورد هێز و دەسەڵاتی فراوان بووبێت و دەستی گەشتبێتە دەسەڵاتەکان، ئەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر وڵاتانی ناوچەکە دروست کردووە. هەر بۆیە کورد هەمیشە وەک کاردێکی گرنگی دیپلۆماتی لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیادا جێی خۆی قایم کردووە. بنەمای دووەم پەیوەستە بە هۆکارە ئابوورییەکانەوە. ڕاستییەکی حەشاهەڵنەگرە کاتێ کوردانی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتینیان بە بازاڕە جیهانییەکان؛ گەڵاڵەی ستراتیژیەتی ئابووریی سەربەخۆیان کرد، کە لەم چوارچێوەیەدا دەرفەتێکی گرنگ درا بە کۆمپانیا بیانییەکان تاکوو بە سانایی دەست بە بزنسەکانیان بکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. هەر چەندە لە ئێستادا، بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمی کوردانی عێراق لە ٢٠١٧ و وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ٢٠٢٣دا، تا ڕادەیەک سستی بە پڕۆژە و ستراتیژیەتی ئابووریی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانەوە دیارە، بەڵام بە گشتی پڕۆژەکەی هەرێم هەر بەردەوامە. کۆمپانیاکانی بواری نەوتی ڕووسی هەر زوو  بۆنی پارەیەکی زۆریان لەم ستراتیژەی هەرێم کرد، بۆیە هەڵپەهەڵپی بەدەستهێنانی گرێبەست بوون لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا. کۆمپانیاکانی ڕۆس نەفت و لوکۆئۆیل هەتا ئێستاش لە سەر هەمان شێواز لە کوردستاندا کار دەكەن و بەردەوامن و چالاکییان هەیە. هۆکاری سێیەم پەیوەستە بە کاروباری دینەکانەوە، کریستیانی ئۆرسۆدۆکسی و ئێزیدییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا بەرامبەر بە کەیسی کوردان. ڕۆڵەکانیان زیاتر بەدیار کەوت لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا کاتێ هانی حکومەتی ڕووسیایان دا لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆرستەکاندا.

لێرەدا ئێمە ئاماژە بە هەندێ خاڵ دەدەین کە پێمان وایە زۆر گرنگن لە زیاتر یارمەتیدان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕووسیای فیدراڵ:

  • زیاترکردنی ڕۆڵ و چالاکییەکانی هەردوو نوێنەرایەتیی حکومەتەکان، کونسوڵگەریی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ.
  • زیاتر پەرەپێدان بە لێکنزیککردنەوە و پتەوترکردنی پەیوەندییە کولتووری و خوێندن و ڕۆشنبیرییەکان.
  • لە پاڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا دەرگا بۆ کۆمپانیای تری ڕووسی بکرێتەوە وەک کۆمپانیا کشتوکاڵی و گەشتیارییەکان، کە ڕووسیا لەم بوارانەدا زۆر پێشکەوتووە و دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەمان کاتدا نابێت ئەوەمان بیر بچێت ئاووهەوا و خاک و سروشتی هەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بۆ ئەم جۆرە چالاکییانە و بگرە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت سەرنجی کۆمپانیا ڕووسییەکانی بەلادا ڕابکێشرێت.
  • دەرفەتی کردنەوەی خوێندنی زمانەکانی هەریەکە لە ڕووسی و کوردی لە زانکۆکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستاندا. هەر چەندە لە ڕابردوودا تا ڕادەیەک بە شێوازێکی سنووردار لە زانکۆی مۆسکۆ و سانک پیترەر بۆرگ زمانی کوردی دەخوێنرێت، بەڵام ئەمە پێوستی بە گەشەپێدان هەیە و زیاتر چالاککردنی زۆر پێویستە.
  • کردنەوە و ڕێکخستنی کۆنفڕانس و سیمیناری زانستی بۆ زیاتر لێتێگەیشتن و فراوانکردنی ڕوانگەی هەردوو لا بەرامبەر بە یەکتری.

سەرچاوەکان

  1. Hugo S & et al. Russian deployment to Syria: Putin’s Middle East Game Changer. ISW, 2015. URL: http://www.understandingwar.org/ backgrounder/russian-deployment-syria-putin%e2%80%99s-middleeast-game-changer — 20.01.20.
  2. James S & et al. Russian Strategy in the Middle East. RAND Corporation, 2017. URL: https://doi.org/10 — 20.01.20.
  3. Далсуз Джаляль Хуссейн. Российско-украинский военный конфликт и его влияние на Иракский Курдистан // Вестник Волгоградского государственного университета. Серия 4, История. Регионоведение. Международные отношения. – 2024. – Т. 29, № 2. – С. 193–204. – DOI:https://doi.org/10.15688/jvolsu4.2024.2.17.
  4. Russel M. & Sean K. The Eight Great Powers of 2017. Hudson Institute, 2017. URL: https://www.hudson.org/research/13270-the-eight-greatpowers-of-2017 — 21.01.20.
  5. Natali D. The Spoils of Peace in Iraqi Kurdistan // Third World Quarterly. Vol. 28. No. 6. 2007. P. 1111–1129.
  6. Kolstø P. The Sustainability and Future of Unrecognized Quasi-States // Journal of Peace Research. Vol. 43. No. 6. 2006. P. 723–740.
  7. Michael M. Arab–Kurdish Relations and the Future of Iraq // Third World Quarterly. Vol. 32. No. 9. 2011. P. 623–1635.
  8. Talhami G. Diplomacy of the Kurdish territorial nation // International Journal of Contemporary Iraqi Studies. Vol. 7. No. 1. 2013. P. 21–42
  9. Sabine K.& Johannes S.  Governance networks and vertical power in Russia — Assessments and collaboration between state and non-state actors // East European Politics. Vol. 32. No. 2. 2016. P. 170–191.
  10. Мухаммад Н.И. Позиция России по отношению к курдской проблеме // Казачество. 2023. №67 (2). URL: https://cyberleninka.ru/article/n/pozitsiya-rossii-po-otnosheniyu-k-kurdskoy-probleme (дата обращения: 03.07.2024).
  11. Amy M. Unraveling the Oil Geopolitics Intertwined in the Kurdish Independence Referendum. // Council on Foreign Relations, 2017. URL: https://www.cfr.org/blog/unraveling-oil-geopolitics-intertwinedkurdish-independence-referendum — 01.02.20. 282 «Россия в глобальном мире: новые вызовы и возможности»
  12. Гасанлы Джамиль Иранский Азербайджан — эпицентр “холодной войны” // Кавказ и глобализация. 2008. №1. URL: https://cyberleninka.ru/article/n/iranskiy-azerbaydzhan-epitsentr-holodnoy-voyny (дата обращения: 03.07.2024).
  13. Jawad M. Kurdistan and Kurds a divided homeland and Nation without state. Western Kurdistan Association Publication. London, 2005.
  14. Nigel D. Commentary on the protection of the Kurdish safe-haven: operation desert strike. // Journal of Conflict and Security Law. Vol. 1. No. 2. 1996. P. 197–204.
  15. Baxtiyar G. KRG Prime Minister visits Moscow, will meet with Putin Wednesday. Kurdistan 24, 2018. URL: https://www.kurdistan24.net/en/ news/c767f220-30a2- — 03.02.20.
  16. Iraq. 2019. URL: https://www.gazprom.com/about/ production/projects/deposits/iraq/ — 04.02.20.
  17. 13. Rudaw. Russia to support Peshmerga in the battle for Mosul, 2016. URL: https://www.rudaw.net/english/kurdistan/150720164 — 03.02.20.
  • بەهرۆز جەعفەر، دەستی ڕووسیا لە ناو کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا: لێکەوتە ئابووری و ناوچەییەکانی، پەیمانگایی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ٢٠٢٣. https://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=288
  1. Hiwa S. Sergey Lavrov to visit Kurdistan Region next month. Kurdistan 24, 2019. URL: https://www.kurdistan24.net/en/news/422d3fea-8b9f422c-9ea9-79a3040e17a9 — 05.02.20.
  2. Sharon O. IRAQ: U.N. Sanctions. Council on Foreign relations, 2005. URL: https://www.cfr.org/backgrounder/iraq-un-sanctions — 02.02.20.
  3. Russian orthodox church. Representative of the Russian Orthodox Church visits Iraq, 2018. URL: http://www.patriarchia.ru/en/db/text/5174427. html — 05.02.20.
  4. Reconsideration Russia. Who Are the Yazidis of the Former Soviet Space? 2014. URL: https://reconsideringrussia.org/category/yazidis/ — 05.02.20.

 

Send this to a friend