• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 21, 2022

مەترسییەکانى دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەویی هەولێر و كاریگەریی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون

ئامادەكردن

ڕێکخراوى ستۆپ/ ڕێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان، ڕێكخراوێكی كوردستانیی قازانج نەویستە، بە گوێرەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2011-ی پەرلەمانی كوردستان، لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان تۆماركراوە و لەبواری بەهێزكردنی بنەماكانی حكومڕانیی باش و هەوڵدان بۆ باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە هەرێمی كوردستان كاردەكات.

تۆڕی میدیایی موڵك نیوز/ دامەزراوەیەكـى میدیایى سەربەخۆیه، لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە ژمارە 61 تۆمار كراوە، تایبەمتەنده به پێشـاندانی كەرتی خانووبەرە و وەبەرهێـنان، بەرهەمەكانی به شـێوەى بینراو و بیستراو و نووسراو بڵاو دەكاتەوه.

بەرایی

كاركردن لەسەر پرسی ئاو و هەڕەشەكانی كەمبوونەوەی، ئێستا بابەتیكی جیهانییە. زۆرێك لەو دامەزراوانەی گرنگی بە پرسە گشتییەكان دەدەن، كاری لەسەر دەكەن. بەو پێیەی ئەم بابەتە فرەڕەهەندە، پێویستی بەوەیە بە شێوەیەكی هەمەلایەنەش كاری لەسەر بكرێت، بۆیە ئێمەش لە هەریەك لە ڕێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پەرەپێدان و تۆڕی میدیایی موڵك نیوز، لە ماوەی ڕابردوو لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی هاوبەشدا، بڕیارمان دا كار لەسەر ئامادەكردنی ئەم بابەتە بكەین، هەر لایەكمان بە گوێرەی شارەزایی خۆمان زانیاری و تواناكانی خۆمان خستە گەڕ تاكوو ئەو توێژینەوەى بەردەستتانی لێ بەرهەم هات. ئامانج لەم توێژینەوەیە، بەشێكە لە هەوڵی هێنانە دیی ئەو هۆكارانەی كە لە پێناویاندا دروست بووین. پێمان وایە پرسی ئاو خەمێكی گشتییە، بۆیە خۆبەخشانە لە ماوەی 4 مانگدا چەندین دیدار و كۆبوونەوە و بەدواداچوونی مەیدانیمان ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی بگەینە زانیاریی دروست و شیكار و ئەنجام و پێشنیاری واقعی بۆ چارەسەركردن.

 

كێشەی ئاوی خواردنەوە

دابینكردنی ئاو، بەتایبەت ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، یەكێكە لەو پرسانەی چەند دەیەیەک دەبێ جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە. بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرووی “دوو ملیار كەس” ناگەنە ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، هاوكات عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەچڕیی ڕووبەڕووی دابەزینی ئاستی ئاو لە ژێرزەوی و بەنداوەكان بووەتەوە، بە جۆرێك ساڵی 2022 بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی عەمباركراوی ئاو لە عێراق بۆ نیوە كەم بووەتەوە. ئەو داتا مەترسیدارانە وای كردووە زۆرێك لە وڵاتان بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی لەم شێوەیە، سیاسەتی نیشتمانیی گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو و پاراستنی لە بەفیڕۆدان جێبەجێ دەكەن[1].

ئەوەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی لە ٢/٦/٢٠٢٢ پەرلەمانی كوردستان یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاوى پەسەند كرد، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم خاوەنی سیاسەتێكی پەسەندكراوی بەڕێوەبردنی ئاو نییە، بۆیە بە گوێرەی داتاكانی حكومەتی هەرێم ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن ‌و 600 هەزار) مەتر سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم بڕە ڕۆژانە (850 هەزار) مەترسێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەفیڕۆ دەچێت، تێچووی ئەم ئاوە بەفیڕۆدراوە ڕۆژانە (340 ملیۆن) دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت[2]‌.

بە گوێرەی بۆچوونی پسپۆڕانیش، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2030دا تووشی قەیرانی ئاو دەبێت[3]. بە هۆی بۆشایی نێوان داخوازی و بەرهەمهێنان، بە گوێرەی چەند داتایەك كە دەست تیمی ئامادەكاری توێژینەوە كەوتووە، لە ئێستاوە بە هۆی وشكەساڵییەوە نزیكەی 650 گوند هەڕەشەی چۆڵبوونیان لەسەرە[4].

لەم نێوانەدا ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت نەك كێشەكان لە ڕووی ستراتیژییەوە چارەسەر ناكرێن، بەڵكوو خەریكە فراوانتر دەبن. لەم توێژینەوەدا، بۆ هێنانە بەرباسى ئەو کێشە گەورەیە شاری هەولێرمان بە نموونە وەرگرتووە، لەناو شاری هەولێریش تیشکمان خستووەتە سەر پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی باڵەخانە، بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر باڵەخانە دروست كراون و ئێستاش لە دروستكردندان كە زۆرینەیان لە دەرەوەی ماستەرپلانی شارەكەن كە پێشتر پەسەند كراون، هەموو ئەو یەكانەش پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە لە نێویاندا ئاوی خاوێن كە ئەمەش جارێكی تر بارگرانی دروست دەكات لەسەر شارەكە.

ئەم توێژینەوەیە شیكاری بۆ كاریگەریی نێگەتیڤی ئەم پڕۆژانە لەسەر ئاوی ژێرزەویى هەولێر دەكات. دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بۆ لێدان نییە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی خانووبەرە، بەڵكوو ڕەخنەكردنی شێوازی دابینكردنی ئاوی پاكە بۆیان، لە كاتێكدا هەولێر خۆی تووشی گرفتی دابینكردنی ئاوی خاوێن دەبێتەوە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.

دابینكردنی ئاوی خاوێن لە شاری هەولێر

دابینکردنى ئاوی خاوێن لە ڕێگەی پڕۆژەكانی ئاوی “ئیفراز 1 و 2 و ٣” و هەروەها زیاتر لە “1240 بیری ئاو” دەبێت کە ڕۆژانە (665,000م٣) ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتییانی نێو شاری هەولێر بەرهەم دێت، بە جۆرێك ڕێژەی 60%ی ئاوەكە لە ڕێی پڕۆژەكانی ئیفراز دابین دەكرێن، واتە ئاوی سەر زەوی، ڕێژەی 40%ێ لە ڕێی بیرەوە واتە ئاوی ژێرزەوی دابین دەكرێت، بە هۆی پشتبەستنی زۆر بە ئاوی ژێرزەویی هەولێر. بە گوێرەی ئامارەكان ساڵ دوای ساڵ ئاوی ژێر زەوی دادەبەزێت و بڕەكەی كەمتر دەبێتەوە[5].

 

ئاوی ژێرزەوی

ئەو ئاوەیە کە وا لەژێر ڕووکەشی زەوی و بەدیاریکراوی لەنێو کونە بۆشە خۆڵییەکان و لەنێو جێگا شکاوەکانی کەڤردا بوونی ھەیە. ھەر کاتێک ئاوی سەر زەوی دەچێتە نێو قووڵایی خاکەکە، ئەوا بە ئاوی ژێرزەوی پێناسە دەکرێت. ئەو ئاوەشی کە دەچێتە ژێر زەوی، ڕاستەوخۆ کون و کەلێنە بۆشەکان پڕ دەکاتەوە. ماددەی ڕەقنەبوو (وەک خۆڵ) یان ھەر تەنێک بە چینی ئاوھەڵگر یان ئاوە کۆگای ژێرزەوی بانگ دەکرێت ھەر کاتێ توانای دروستکردنی بڕە ئاوێکی ھەبێت. کاتێ ئاویش دەچێتە ژێر زەوی، دەکرێ بەسەر سێ چیندا دابەش بکرێت کە بریتین لە “ناوچەی نەخوساو – Unsaturated Zone” کە تێیدا ئەو ناوچەیە کە ھیچ ئاوێک لەنێو کەلێنەکانی بەدی ناکرێت، “ناوچەی خوساو – Saturated/Phreatic Zone” کە تێیدا خوساوە یان تێرە لە ئاو. ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان ھەردوو ناوچەکەش پێی دەگوترێ “Water Table – ئاستی وەستانی ئاو”[6].

ئاماری دابەزینی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر

سەرچاوە:  فرمان رشاد (2019)،  تقيیم خدمة المياه في مدينة اربيل، منظمة ستوب

 

سوودوەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی لە ڕێگای لێدانی بیرەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاوڵاتییان لە شاری هەولێر، یەكێكە لە ڕێگا سەرەكییەكانی دابینكردنی ئاوی خاوێن لە دەیان ساڵی ڕابردووەوە لەم شارەدا، بەڵام بەكارهێنانی بە شێوەیەكی بەردەوام وای كردووە قۆناغ بە قۆناغ ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزێت. ئێستا ژمارەی بیرە فەرمییەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر 1240 بیرە، كە ڕێژەی 60%ی پێویستیی هاوڵاتییان لە شارەكە دابین دەكەن. ئەمە جگە لەو بیرانەی كە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە بازرگانییەكانی سەر بە وەبەرهێنان لێدراون كە مەزەندە دەكرێت ئێستا ڕێژەیان (1200) بیر بێت.

دابەزینی ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر لەم دواییەدا زۆر خێراتر بووە، لێرەدا هەوڵ دەدەین دابەزینی ئاوی ژێرزەوی بۆ سێ قۆناغی سەرەكی دابەش بكەین: قۆناغی یەكەم (1960-2000)، قۆناغی دووەم (2000–2010)، قۆناعی سێیەم (2010–2020)، لە خوارەوەدا شێوازى ئاستى دابەزینەکە ڕوون کراوەتەوە.

 

قۆناغی یەكەم (1960-2000)

بە گوێرەی داتای بەردەست (بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر)، لە ساڵی 1960 تا 1980، بیرەكانی هەولێر بە قووڵایی (100) مەتر لێدراون بۆ گەیشتن بە ئاوی خاوێن. لە ساڵی 1980 بۆ 1990، قووڵایی بیرەكان بۆ 120 مەتر دابەزیون، بەرهەمیش بۆ 180 گاڵۆن لە هەر خولەکێک دابەزیوە. لە ساڵی 1990 بۆ 2000، جارێكی تر دابەزین ڕووی داوە، بە جۆرێك قوڵایی بیرەكان 250 مەتر دابەزیون، بەرهەمیش بۆ 1٥0 گاڵۆن لە هەر خولەكێك دابەزیوە. واتە تا ساڵی 2000، بە ڕێژەی 150%ی ئاوی ژێرزەویی هەولێر بە بەراورد لەگەڵ 1960 دابەزیوە.

 

قۆناغی دووەم (2000-2010)

لەم قۆناغەدا دابەزینی ئاوی ژێرزەویی هەولێر بەرەو قۆناغە مەترسیدارەكە دەڕوات، بە جۆرێك قووڵایی بیرەكان بۆ 250 مەتر دادەبەزێت، ئاستی بەرهەمیش لە 150 گاڵۆن لە هەر خولەکێک بۆ 100 گاڵۆن لە خولەکێک دادەبەزێت، واتە بە ڕێژەی ٥٠%، ئەمەش دابەزینێكی هەستپێكراو و خێرایە بە بەراود لەگەڵ قۆناغی یەكەم. ئەمە لە كاتێكدایە لەم 10 ساڵەدا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز-3ی هەولێر خرایە گەڕ كە ڕێژەی 40%ی ئاوی ناو شاری هەولێری دابین دەكرد.

 

قۆناغی سێیەم (2010-2020)

دەكرێت بڵێین ئەمە قۆناغە هەرە مەترسیدارەكەی دابەزینی ئاوی ژێرزەویی هەولێرە، بە جۆرێك ڕێژەی قووڵیی بیرەكان بۆ 450 مەتر دابەزیوە، ڕێژەی بەرهەمی ئاویش 70 گاڵۆن بۆ هەر خولەکێک دابەزیوە.

ئەوەی لەم هاوكێشەیەدا دەبینرێت، لەگەڵ دروستكردنی شارەكانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان و فراوانبوونی خێرای شاری هەولێر؛ ڕێژەی دابەزینی ئاوی هەولێر تەنها لەم 10 ساڵەدا بە شێوەی 100% دابەزیوە و بڕی ئاوی بەرهەمهاتووش بە ڕێژەی 50% دابەزیوە.

ئەم خێرابوونە هەستپێكراوە لە دابەزینی ئاوی ژێرزەوی لەم 10 ساڵەی كۆتایی، ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ ئەوەی لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ڕێژەكە بۆ 100% جارێكی تر دابەزێتەوە[7].

لە نوێترین بڕیاریشدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵى ٢٠٢٢دا بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار بڕیاری لێدانی 138 بیری ئاوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر تەرخان كرد، ٧٠%ى بیری بەدیلن بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان وشكی كردووە یان دابەزیوە، 30%ی بیری نوێن بۆ گەڕەكە نوێكان و گەڕەكە فراوانبووەكان لێدەدرێن.

 پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی باڵەخانە لە هەولێر

كاریگەرییان لەسەر دابینكردنی ئاوی خاوێن

لە ماوەی نێوان 2004 تاكوو 2022، شاری هەولێر ڕووبەرەكەی چوار هێندە زیادی كردووە. لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووانی، بووەتە ناوەندێكی بازرگانیی قەرەباڵغ، سەرەڕای بابەتی گەشتیاری. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی ئەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لە ڕووی دیپلۆماسی و سەردانە زۆرە فەرمییەكانیش قەرەباڵغتر و چڕترە، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵك و گۆڕان لەسەر شێوازی ژیان، خواست لەسەر ئاویش بەرزتر بووەتەوە[8].

تاوەكوو ساڵی 2025، زیاتر لە (50,000) یەكەی نیشتەجێبوون لە (50) پڕۆژەی جیاواز تەواو دەبێت. بە گوێرەی داتای فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەم كابینەیەدا مۆڵەت بە دروستكردنی 14 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە.

نەخشەى فراوانبوونى شارى هەولێر لەنێوان ساڵانى (١٩٨٤–٢٠٢٢)

سەرچاوە: د. توانا ئەحمەد، پسپۆڕى جوگرافیا و GIS

پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بەشێكیان لە چوارچێوەی وەبەرهێنان و بەشێكیشیان لە دەرەوەی وەبەرهێنانە، ئەگەر بەراوردی دروستكردنی ئەو ڕێژەیە بەو ماوەیە بكرێت، بەڕوونی هەست بەوە دەكرێت وەك پێویست لە چوارچێوەی پلان نەبووە، وەك ئاماژەشمان پێ كرد كە لە ماستەرپلانی پێشووی شاری هەولێردا بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بە دروستكردنی ئەو ڕێژەیە باڵەخانە و یەكە نیشتەجێبوونە نەكراوە، بۆ نموونە لە کۆنفڕانسى وەبەرهێنانى د. ئەحمەد ڕێكانی؛ سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، دەڵێت زۆریی داواكاریی دروستكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە پلەی یەكەم بە هۆی چاولێكەریی زۆری قازانجی پڕۆژەكانە، ئەمەش دەریدەخات كە وەڵامدانەوە نییە بۆ پێویستییەكانی شارەكە. هەر بۆیە فشارێكی زۆریان بۆ چۆنیەتیی دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان دروست كردووە، بەو پێیەی ئێمە دابینكردنی ئاومان كردووەتە نموونە لەم توێژینەوە، بە شێوەیەكی مەزندەكراو ئاوی خاوێن كە پێویستە بۆ ئەم پڕۆژانە شی دەكەینەوە. ئەگەرچی بڕی پێویست بۆ هەر تاكێك كە لە شوقە دادەنیشێت كەمترە بە بەراورد لەگەڵ خانووی ئاسایی، بۆ هەر نیشتەجێیەكی شوقە بەتێكڕایی (200) لیترە، لە كاتێكدا بۆ هەر کەسێک لە خانووی ئاسایی (300) لیتری ڕۆژانە بەكار دەهێنێت، ئەمەش هەر چۆنێك بێت قورساییەكی زۆر بەسەر دابینكردنی ئاو لە هەولێر دروست دەكات.

 

بارگرانیی پڕۆژەكانی شوقە لەسەر ئاوی هەولێر بە داتا

نموونەی پڕۆژەیەكی 1000 شوقەیی وەردەگرین، ئەگەرچی بە گوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ناوەندی ئەندامانی خێزان (٢ تا ٥) کەسـە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەو پێیەی بە سروشتی خۆی ئەوانەی شوقە بەكار دەهێنن ژمارەی ئەندامەكانیان كەمترە، ئێمە 4 كەس هەژمار دەكەین.

نموونەیەكی خەمڵێنراو:

پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، 1000 یەكەی نیشتەجێبوون

پێویستیی ئاو بۆ خێزانێكی چوار كەسی[9]:

سەرچاوە: فەرهاد دۆڵەمەری  (6/7/2002)، “لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر تاکێک زیاتر لە تێکڕای ئەڵمانیا و پۆڵەندا ئاو دابین دەکرێت”، https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/060720223.

 

لێكەوتەكانی دابینكردنی ئاو بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبون لە هەولێر

  • بەگشتی لە ماستەرپلانی هەولێردا ڕەچاوی ئەوە نەكراوە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو هەموو یەكەی نیشتەجێبوونە لە هەولێر دروست بكرێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریش لە پێشوودا هۆشداریی داوە لە بارەی كێشەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، بۆیە لە پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی هەولێر، ئەركێكی قورس دەكەوێتە سەر شارەوانی، كارەبا و ڕێگاوبان، بۆ هەزمكردنی ئەو فشارە زۆرەی بە هۆی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كەوتوونەتە سەر هەولێر.
  • بەو پێیەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ناتوانێت لە ڕێی تۆڕە سەرەكییەكانی ئاوی ئیفراز ئاو بۆ ئەم پڕۆژانە دابین بكات، بۆ دابینكردنی ئاوی پڕۆژەكان پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەسترێت، لێدانی ئەم ڕێژە زۆرەی بیر لە دەرەوەی پلانە[10]. پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە نیشتەجێبوون و هۆتێل و نەخۆشخانە و پیشەسازی، ئەوانیش نزیكەی (1200) بیریان لێداوە.
  • سەبارەت بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی شوقە، زۆرینەی ئەم پڕۆژانە دوای تەواوبوونی پڕۆژەكانیان ئینجا بۆ مۆڵەتی وەرگرتنی ئاوی خاوێن سەردانی وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەكەن، بەو پڕۆژانەى ئێستاشەوە كە لە دروستكردندان، كاتێكیش مۆڵەتیان پێ نادرێت، بە ڕێگای خۆیان مۆڵەتەكان وەردەگرن، ئەمەش وا دەكات ئەو بنەمایەی كە پێویستە لەنێوان هەردوو بیرێك 500 مەتر كەمتر نەبێت تێك بدرێت، بە جۆرێك ئێستا لە هەندێ شوێن نێوانی دوو بیر زۆر كەمتر بووەتەوە، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاوی ژێرزەویی هەولێر.
  • دەكرا بۆ دابینكردنی ئاوی ئەم پڕۆژانە، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4 دەستی پێ بكردایە كە دەتوانێت لە هەر كاتژمێرێكدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بكات. بۆ دروستکردنى پڕۆژەی ئاوی ئیفراز-4، پێویستی بە ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام پڕۆژەكە وەك پێویست نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
  • ژێرخانی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی هەولێر ناتوانێت ئەو پێداویستییە زۆرەی ئاو بگوازێتەوە كە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دروستیان كردووە. ئەگەر پڕۆژەی ئیفرازی چواریش دروست بكرێـت، هێشتا پێویستمان بە دووبارە دانانەوەی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی هەولێر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێژەی پێویستی ئاو بگوازێتەوە كە ئەوەش جارێكی تر خەرجی لەسەر حكومەت دروست دەكات.
  • بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی تیمی ئامادەكردنی توێژینەوە، بەڕێوەبردن و دابینكردنی ئاو و وەرگرتنی كرێی دابینكردنی ئاو لەلایەن كۆمپانیاكان خۆیانەوە لە دەرەوەی وەزارەتی شارەوانی بەڕێوە دەچێت، ئەو پارەیەی كە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هاوبەشەكانیان وەردەگرن.
  • بۆ وەرگرتنی پارەی دابینكردنی ئاو، پشت بە سیستمی پێشووی حكومەت دەبەستن، ئەویش لەسەر ڕێنمایی لیژنەی چاودێریی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە گوێرەی ڕووبەری شوقەكە پارە وەردەگیرێت، بۆ نموونە شوقەیەكی 100 مەتری؛ 5 هەزار دینار مانگانە وەردەگیرێت، هەر چەندە بە گوێرەی بەدواداچوونی تیمی ئامادەكاری توێژینەوە پڕۆژەكان بەو ڕێژەیە پابەند نین و زیاتر وەردەگرن.
  • وەرگرتنی پارە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتەوە نییە، خاوەنی پڕۆژەكان دەڵێن بەو پێیەی ئێمە خۆمان بیر لێدەدەین، كارەبا و كلۆر و پێویستییەكانی تر دابین دەكەین، خۆشمان كرێیەكە وەردەگرێن. لە كاتێكدا كەرتی ئاوی حكومی كەرتێكی قازانجنەویستە، واتە حكومەت لە ڕووی داراییەوە قازانجی لێ ناكات، بەڵام بەشێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كۆمپانیاكان قازانج لە دابینكردنی ئاو بۆ هاوبەشەكانیان دەكەن.

 

 

نەخشەى بیرەکانى ئاوى هەولێر

(سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى هەولێر)

 

دەرەنجامەكانی توێژینەوە:

  • دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەتایبەت شوقە، لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا لە دەرەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بووە، بە هیچ شێوەیەك پێشوەختە پرس نەكراوە، هەر بۆیە ژمارەیەكی زۆر لێكەوتی خراپی لێ كەوتووەتەوە.
  • دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەتایبەت شوقە، كە وڵێكۆڵینەوە و بەدواداچوون نەكراوە كە چ کاریگەرییەکى لەسەر (ئاوى خاوێن، ئاوەڕۆ، رێگاوبان و کارەبا)ى شارى هەولێر دەبێت.
  • قووڵایی ئێستای بیرەكانی هەولێر لەنێوان 400 تا 600 مەترە، تا 10 ساڵ پێش ئێستا ساڵانە 50 بۆ 60 سەنتیمەتر ئاستی ئاو دادەبەزی، ئێستا 5 بۆ 6 مەترە ساڵانە[11].
  • هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم پڕۆسەیەدا لە ئاستی پێویستدا نەبووە و ئاگاداربوونیان لە یەك وەك پێویست نەبووە.
  • زۆرینەی پڕۆژەكان لە پێشدا مۆڵەتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیان لە نێویاندا ئاوى وەرنەگرتووە، بەڵكوو لە قۆناغەكانی كۆتاییدا دەستیان بە مامەڵە كردووە، بۆیە دامەزراوەكان ناچار كراون بە پێدانی مۆڵەتی دابینكردنی خزمەتگوزاری.
  • زۆریی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون یەكێكە لە هۆكارەكانی دابەزینی ئاوی ژێرزەویی هەولێر، چونكە لە ڕێی بیرەوە ئاویان بۆ دابین دەكرێت.
  • پڕۆژەكان فشارێكی زۆر لە داهاتوودا لەسەر تۆڕی دابەشكردنی ئاو لە هەولێر دروست دەكەن، بەو پێیەی توانای تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو ئێستا بەرگەى ئەو پڕۆژانە ناگرێت ئەگەر لە داهاتوودا لە ڕێی ئیفرازیشەوە ئاویان بۆ دابین بكرێت.
  • پڕۆژەكان وەك پێویست پابەندی ڕێنماییەكانی دەستەی ژینگە نین، بەتایبەت لە پرسی دروستكردنی یەكەی چارەسەری ئاوی قورس.
  • پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی ڕێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو كرێی ئاو لە نیشتەجێبووانیان وەردەگرن، لەم پڕۆسەدا بە پێچەوانەی حكومەت خاوەنی پڕۆژەكان قازانج دەكەن.
  • بەشێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون پابەندی ڕێنماییەكانی وەرگرتنی پارەی خزمەتگوزاری لە پڕۆژەكان نابن، بەم هۆیەوە تەنها لە شەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا 4 پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شوقە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند لە پارێزگا سزا دراون.

 

سیناریۆكان

لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخەی ئێستا، ئەگەری قووڵبوونەوەی کێشەی ئاو لە هەولێر زیاتر دەبێت، بە جۆرێک لە مەودا جیاوازەکانی داهاتوودا چەند سیناریۆیەک لەئارادان، بەم شێوەیە:

سیناریۆی نزیکمەودا: بەردەوامبوونی پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی، بەتایبەت بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، وا دەکات دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی خێراتر بێت و قووڵایی بیرەکان زیاتر بێت، بەمەش قەیرانی ئاو بەردەوام دەبێت و حکومەت ناچار دەبێت بیری زیاتر لەم گەڕەکانە لێبدات بۆ دابینکردنی ئاو.

سیناریۆی مامناوەندمەودا:  دوای لێدانی ژمارەیەکی زیاتری بیر لە گەڕەکەکان و شارەکانی نیشتەجێبوون، بڕی بەرهەمیان کەمتر بێتەوە، ئەمەش وا دەکات دابینکردنی ئاوی پێویست لە ڕێی ئاوی ژێرزەوی بۆ تەواوی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە ئەستەم بێت، بۆ ئەمەش دەبێت لە ڕێی ئۆتۆمبێلی تایبەت ئاو بۆ ئەم گەڕەکانە دابین بکرێت.

سیناریۆی دوورمەودا: ئەگەری زۆرە ئەم گەڕەک و پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن؛ بەرەو چۆڵبوون بچن، یان دانیشتووانیان زۆر کەم ببێتەوە، بە هۆی نەمانی خواستی خەڵک بۆ ژیان لەم گەڕەکانە، بەمەش فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر ئەو گەڕەکانەی کە ئاویان لە ڕێگای پڕۆژەکانی ئیفراز بۆ دابین دەکرێت.

 

ڕاسپاردەكان:

ڕاسپاردەکان بەتایبەت پێوست دەکات کە هەریەکە لە (ئەنجوومەنى وەزیران، بۆ پارێزگاى هەولێر، دەستەى وەبەرهێنان) کارى بەپەلەى بۆ بکەن.

  • پێویستە پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شاری هەولێردا بكرێت، ئەم گۆڕانكارییانەی ئێستا لە بواری دروستكردنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەبەرچاو بگیرێت و سنوورێكی بۆ دابنرێت یان ڕێك بخرێت.
  • بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە نێویاندا بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، مۆڵەت بە دروستكردنی هیچ پڕۆژەیەك نەدرێت.
  • بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئاوی ژێرزەویی هەولێر لەلایەن ئەم پڕۆژانەی نیشتەجێبوون و ئەو بەشەی شاری هەولێر كە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، پێویستە پڕۆژەی ئیفراز چوار بەپەلە دەست پێ بكرێت.
  • دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان لە نێویاندا ئاو، لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبووندا ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، چیتر لەلایەن كۆمپانیای بەڕێوەبردنی پڕۆژەكانەوە پارە بە قازانجەوە وەرنەگیرێت.
  • ناچاركردنی كۆمپانیاكانی بەرپرس لە دروستكردنی پڕۆژەكان بە دانانی یەكەی چارەسەری ئاوی قورس و بەكارهێنانەوەی لەناو بەشی سەوزایی پڕۆژەكان.
  • بۆ بەرزكردنەوەی ئاوی ژێرزەویی هەولێر و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، پێویستە پڕۆژەكانی دروستكردنی بەنداو لە دەوروبەری شارەكە زیاتر و خێراتر بكرێن.
  • دەستەى وەبەرهێنان هانى کۆمپانیاکان بدەن وەبەرهێنان لە کەرتى ئاوى خاوێن و دروستکردنى بەنداو لە شارى هەولێر بکەن.

سەرچاوەکان

[1]. محەمەد لادێ (12/6/2022)، “یەدەگی ئاو لە ئێراق کەم دەکات و دیسان لە وەرزی گەرمادا کێشەی کەمئاوی بەرۆکی ئێراقییەکان و کوردستانییان دەگرێت”، https://hawlerweb.net/kurdistan/2022/06/22384/.

[2] . كوردستان جەلال (31/8/2022)، “ڕۆژانە 850 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە لە هەرێم بەفیڕۆ دەچێت”، https://xelk.org/slider/387011/.

[3] . USAID, Kurdistan regional government roadmap for long-term regional water Security workshop recommendation, Nov 17, 2021.

[4] . بەدواداچوونى تیمى مەیدانى، ڕاپۆرتى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى سەرچاوەکانى ئاو.

[5] . فرمان رشاد (2019)، تقيیم خدمة المياه في مدينة اربيل، منظمة ستوب.

[6] .  فەرھەنگی زەویناسی (2009)، چاپخانەی بەدرخان، سلێمانی، ل120.

[7] . بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى هەولێر

[8] . چاوپێکەوتنى تیمى مەیدانیی پڕۆژە لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆ، هەولێر.

[9] . فەرهاد دۆڵەمەری (6/7/2002)، “لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر تاکێک زیاتر لە تێکڕای ئەڵمانیا و پۆڵەندا ئاو دابین دەکرێت”، https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/060720223.

[10] . بە گوێرەی بەدواداچوونی تیمی ئامادەكردنی توێژینەوە.

[11] . چاوپێکەوتنى تیمى ئامادەکارى ڕاپۆرت لەگەڵ ئەندازیار عەبدولوەهاب کاکەڕەش، لیژنەى چاودێریى خزمەتگوزارییەکەکانى نیشتەجێبوون.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم

Send this to a friend