ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران: ڕۆڵ و ئاڕاستە و وەرچەرخانەكانی ژێرخانی دروستبوونی
محەمەد سەید ئەلسەیاد
وەرگێڕانی: بارام سوبحی
ژمارەیەك پرسیار پەیوەست بە دیاریكردنی ناسنامەی سوپای پاسداران، ئایدۆلۆژیاكەی، هۆكارەكانی پێكهاتن و دروستبوونی دەوروژێنین، كە باڵیان بەسەر ئاڕاستەكانیدا كێشاوە و لە داڕشتنەوەی بڕیار، كاردانەوە سیاسی، سەربازی و كۆمەڵایەتیەكانیدا بەشدارە، چونكە تێبینی ئەوە دەكەین دروستكردنی ئەندامانی سەر بە سوپای پاسداران لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ، پێچەوانەی سروشتی سوپا نیزامییەكان و پێكهێنەرە ئایدۆلۆژی و هرزی و بیروباوەڕەكان و ڕۆحی سەربازییە، لەو ڕێگەیەشەوە ئامادە دەكرێن.
گرنگی زانینی ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران بەتایبەتی شێوازی دروستبوونی، دوای ئەوە دێت كە زنجیرەیەك ڕووداو ڕوویانداو بووە هۆی ئەوەی سەركردایەتی ئەمریكا لە (8/نیسان/2019)دا سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. پاشان بەدوای ئەوەشدا بڕیاری گورزەیەك سزای ئابووری هات كە ئاڕاستەی شادەماری ئابووری ئێران كرا، لە بەرامبەردا كاردانەوەی سوپای پاسدارانیش لەوكاتەدا توند بوو، هەندێك لە سەركردەكانی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزیان كرد، دواتریش هەندێك پێشهات ڕوویاندا وەكو خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لە ئاوەكانی كەنداوی عەرەبی، تەقاندنەوەی بارهەڵگرە نەوتییەكان لە كەنداوی عەرەبی، جارێكیان لە كەناراوەكانی فوجەیرەو جارێكی دیكە لە كەنداوی عوممان، پاشان دەست بەسەراگرتنی بارهەڵگرێكی نەوتی ئێرانی لەلایەن هێزەكانی بەریتانیاوە لە كەناراوەكانی ئیسپانیا کە بەرەو سووریا دەچوو، كاردانەوەی ئێرانیش دەست بەسەراگرتنی بارهەڵگرێكی نەوتی بەریتانی بوو، دواهەمینیان تەقینەوەكانی ئارامكۆ بوو لە شاری بەقیق لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی (2019)دا كە پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێران كرا.
بۆیە گرنگی ئەم جۆرە لێكۆڵینەوەیە لەوەوە دێت كە لەڕێگەیەوە هەوڵدەدات بناوانە ئایدۆلۆژییەكان تۆمار بكات كە لە پێكهاتنی سوپای پاسداراندا بەشداربوون، هەروەها پێكهاتەو وەزیفە ئایدۆلۆژییەكانی هێزەكانی سوپای پاسداران هەڵدەوەشێنێتەوە كە باڵی بەسەر ستراتیژ و كاردانەوەكانیدا كێشاوە، جگە لەوەی زۆرینەی توێژینەوەكان لەبارەی سوپای پاسدارانەوە، ڕۆڵ و كاریگەری و پەیوەندی بە سیستەمی سیاسیو دامەزراوە سیادییەكانو ئابووری لە ناوخۆی دەوڵەتی ئێراندا لەخۆگرتووە، لەكاتێكدا ئێمە بانگەشەی ئەوە دەكەین ئەم دەركەوتە و پەیوەندییە پەنهان و نادیارانە ڕۆڵی بزوێنەر دەگێڕن كە سیاسەتی سوپای پاسداران ئاڕاستە دەكەن، دیدگای سوپای پاسدارانیش لەسەر ئاستی هەردوو سیستەمەكە دەردەخات، ناوخۆیی: كە سیستەمی حوكمو ناسنامەی دەوڵەت پێكدەهێنێت، دەرەكی: كە بونیادی پەیوەندییەكان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەكان و هێزە هەرێمایەتییەكان پێكدەهێنێت. سەرباری ئەوانە سوپای پاسداران بووەتە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی هاوشێوەی ئەو گرووپە توندئاژۆیانەی كە تیرۆری نێودەوڵەتیو هەرێمایەتی ئەنجام دەدەن، هەڕەشە لە تەونی دەوڵەتەكان و ژیانی هاوڵاتیان دەكەن، ئەم جۆرە پۆڵێنبەندییەش بۆ سوپای پاسداران لە بناغەوە هۆكارەكەی تەناهیو ئابووری نییە، بەڵكو تەنها بۆ هۆكاری ئایدۆلۆژیی دەگەڕێتەوە كە باڵی بەسەر بیروباوەڕ و ڕەفتارەكانیدا كێشاوە.
یەكەم: ڕەهەندی دامەزراوەیی ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و بیروباوەڕی ئەندامەكانی
گەشەسەندنی سوپای پاسداران پەیوەستە بەو وەرچەرخانە ڕیشەییەی كە ئێران لە (1979)دا لەسەر دەستی ئایەتوڵڵا خومەینی بەخۆیەوە بینی، هەروەها پەیوەستە بە هەوڵەكانی ڕژێمی نوێ بۆ چەسپاندنی پایەكانی. چونكە ڕۆڵ و ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و بیروباوەڕی ئەندامەكانی و سیستەمی فیكری ئاڕاستەكراوی پەیوەستە بە بیرۆكە ڕادیكاڵییەكانی خومەینی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لە سایەی ویلایەتی فەقیھدا، دەتوانین لەڕێگەی ئەم ڕەگەزانەوە سەرنجی ڕەهەندەكانی ئەو بابەتە بدەین:
١-مۆدێلی مێژوویی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی ویلایەت بەهێزی سوپای پاسداران
ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ سەردەمی سەفەوییەكان، دەبینین كە شێخ كەركی هەرچەندە زۆر لە شا نزیك بووە، بەڕووكەش كاروباری ئایینی لە هەرێمە فارسییەكاندا بەڕێوەبردوە، بەڵام بەو پێیەی كە جێگری ئیمامی مەعسومە دەسەڵاتێكی فراوانی پێدراوە، ئەوەش لە ڕۆڵگێڕانێكی سیاسی نزیكتربوو، بۆیە توشی دوورخستنەوە هاتو چەندینجار پەیوەندییەكانی لەگەڵ شا تێكچوون، پاشان ڕۆڵەكەی لە چوارچێوەی خواستەكانی شادا سنوورداركرا. لە دامەزراندنی ویلایەتێكی ڕەها یان تەنانەت سنوورداریش بەپێی دیدگای خۆی سەركەوتوو نەبوو، بەڵكو بەپێی تێڕوانینی شا و پێویستی ئەركەكەی كۆت كرابوو، دواجار كەركی دوای ئەوەی دەسەڵاتی كەسی و فراوانكردنی پێگەكەی پێ بەخشرا، بە پەیوەندییەكی دوولایەنە لەنێوان (فەقیھ-سوڵتان)دا قایلبوو، لەگەڵ دەسەڵاتیشدا یەكیگرت. بەڵام ئەوەی باڵكێشە ئەوەیە شێخ كەركی بۆ جێبەجێكردنی خوێندنەوە ئایینیو سیاسییەكانی لەسەر زەمینەی واقیع، دەسەڵاتی ڕەق یان توانای جووڵاندنی هێزی نەبوو، چونكە سوپا تەنها لە دەسەڵاتی شادا بوو. سەرباری ئەوانە، شا پشتی بە كۆمەڵەی قزڵباشەكان دەبەست كە دەیانتوانی هەژموونی سەفەوییەكان بەسەر هەرێمە فارسییەكاندا بسەپێنن(١).
ئەم دوو مۆدێلە بە دیاریكراوی: نەبوونی هێزی ڕەق لەلای كەركی، توانای كەتیبەی قزڵباشەكان بۆ هەژموونو سەركەوتن، دیدگای خومەینی بۆ دامەزراندنی كەتیبەكانی سوپای پاسداران پێكدەهێنا.
دوای چەند سەدەیەك لە نەمانی دەسەڵاتی سەفەوییەكان، خومەینی دركی بەوە كرد كە فەقیھ هەر دەبێ هێزی هەبێتو بە تەنها خۆی بتوانێت بیانجووڵێنێت، هەروەها ویلایەتی فەقیھ تیۆرییەكی بێبەها دەبێت ئەگەر فەقیھ بۆ بەدیهێنانی پڕۆژە و دیدگاكانی، هێزی پێویستی لەبەردەستدا نەبێت. بۆیە بیرۆكەی هاوبەشی نێوان فەقیھو سوڵتانی هەڵوەشاندەوە و پشتی بە تاكلایەنی فەقیھ بەست: “فەقیھ سوڵتانە، سوڵتانیش فەقیھە”. هەر بۆیە گرنگترین بڕیاری شۆڕشگێڕانەی خومەینی بریتیبوو لە دامەزراندنی سوپای پاسداران بە پێكهاتەی ناسنامەی ئاڵۆزەوە، كە لە جەوهەری بیروباوەڕە مەزهەبیو سیاسییەكانیەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە بە ئایدۆلۆژیاكردنی ناوخۆ و ورووژاندنی لایەنگرە مەزهەییەكانیش لە دەرەوە بەشداربوو. بەجۆرێك ساڵی (1979) بە ساڵی ڕابوونی بزاڤەكانی ئیسلامی سیاسی دادەنرێت، نەوەكو تەنها لە ئێراندا، بەڵكو لە ناوچەكەدا بەگشتی، چونكە لە هەمان ساڵدا جوهەیمان پەلاماری كەعبەی دا (2)، بزاڤە توندئاژۆكان لە میسرو سووریاش هەڵكشان، ناوچەكەش چووە ناو ململانێیەكی عەقیدەیی و مەزهەبیەوە كە شوێنەوارە ئایینی و سیاسییەكانی تا ئەمڕۆش لە دیمەنی سیاسیمو ئایینیدا هێشتا بەردەوامن. لەوانەیە ئەم جموجووڵانە بووبێتە هۆی دامەزراندنی كەتیبەی چەكداری نادەوڵەتی نیشتیمانی دیكەی وەكو سوپای پاسداران.
خومەینی كاری لەسەر ئەوە كرد كە سوپای پاسداران تەنها لەژێر دەستی خۆیدا بێت، تەنها ڕابەری باڵا دەسەڵاتی لابردن و دامەزراندنی سەركردەكانی هەبێت، بەم كارەش لە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی جومگەكانی دەوڵەتدا بەشداربوو، هەروەها ڕێگەی لە هەر هەوڵێكی كودەتا لەلایەن سوپای نیزامیەوە بەسەر سیستەمی ویلایەتی فەقیھدا گرت، لەدۆخێكدا ئەگەر هاتوو هەر ئاڵۆزییەكی ناوخۆیی یان دەرەكی ڕووبدات.
ئەم جیاكارییە لەنێوان سەركردەكانی سوپاو سوپای پاسداراندا، تەنانەت لەنێوان فەیلەقەكانی سوپای پاسدارانیشدا كە هەندێكیان لەلای ڕێبەری باڵا خاوەنی هەژموونێكی بێشومار بوون لە نموونەی قاسم سولەیمانی، بووە هۆی سەپاندنی دەسەڵاتی ڕێبەر بەسەر جومگەكانی هێزی ڕەق لە وڵاتدا، هەر ئەو هۆكارەش وایكردووە هەر هەوڵێكی وەرگرتنەوەی دەسەڵات لەو هێزانە ئەستەم بێت، هەرچەندە پەیوەندی هەندێكیان بە هەندێكی دیكەیانەوە لە دۆخی ڕكابەریدایە و بەپێی هەندێك لە چاودێرانیش لەوانەیە بگاتە دۆخی ڕقەبەرایەتی، بەڵام سەركردە سەربازییەكان بەردەوام هەوڵی هێوركردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان سوپای پاسدارانو سوپا دەدەن (3).
خومەینی لە ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتی سەربازیی دەوڵەتە نیشتیمانییەكانەوە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، دركی بەوە كرد پێویستە ڕووبەرێكی گەورە لەنێوان سەربازانی ئێران و هاوتا ڕۆژئاواییەكانیاندا هەبێت، ئەم پەیوەندییانەش بۆ چوارگۆشەی هاوكاری ستراتیژی لە دۆسیەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ناوچەكە و سەرپەرشتیكردنی سەربازیی ناگوێزرێنەوە. ئەمەش سەربەخۆیی لە بڕیاری ستراتیژی و جەنگی بەدەر لە ویستی ڕۆژئاواییەكان بۆ سەربازانی ئێرانی دەستەبەركردووە، بەهەمانشێوە بەشدارییەكی زۆری لە هێشتنەوەیان لەژێر سایەی ئایدۆلۆژیای مەزهەبیو دیدگاكانی ویلایەتی فەقیھدا كردووە، ئەم پەیوەندییەش هێشتنەوەی دەسەڵاتی دەستەبژێری ئایینی بەسەر سەربازانی ئێرانیدا زامن كردووە. ڕێبەری باڵاش مكوڕە لەسەر بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتە ئاسنینەی بەسەر سەربازان و هێشتنەوەی هەموو دەسەڵاتەكانی لە لابردنو دانانی سەرجەم سەركردە سەربازییەكاندا، سەرباری نزیكایەتی تەواوەتییان لەگەڵ ئایدۆلۆژیاو ناسنامەی دەوڵەتدا.
هێزە سەربازییەكانی ئێران بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە جەنگەكانی پەلهاویشتنو فراوانخوازی ئایدۆلۆژی لە ناوچەكە و كۆمەككردنی میلیشیا مەزهەبیەكانی هاوشێوەی هێزە قزڵباشەكان لە ڕابردوودا بەشدارییانكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەژموونی ئایدۆلۆژیو فراوانخوازی ئەندامانی سوپای پاسداران، سەرباری ئەوەی ئەم پەلهاویشتنو جەنگە دەرەكیانە بووەتە هۆی خاڵیكردنەوەی توانای توڕەییو ستەمدیدەییو مەزهەبی كە پێكهێنەری بیروباوەڕی سوپای پاسدارانن.
هەموو ئەوانەش وایكردووە ڕێبەری باڵا لەبارەی سوپای پاسدارانەوە خاوەنی قسەی یەكەمو كۆتایی بێت، هەروەكو لویسی چوارەمی شای فەرەنسا وتی: دەوڵەت منم، شا وتی: سوپا منم (4)، كەواتە ڕێبەری ئێران بەهۆی واقیعی نوێوە، بووەتە سوپا و دەوڵەت پێكەوە.
٢- دیاریكردنی ئایدۆلۆژی بۆ پێشخستنی ئەركەكانی ویلایەت
ڕژێمی ئێرانی بۆ پەیوەندیكردن بە سوپای پاسدارانەوە چەندین مەرجی سەختی داناوە، كە وەلائیان بۆ حكومەتی ئیسلامی زامن دەكات. ئەو مەرجانەش وادەكات ئەو ئەندامانەی دێنە ناو سوپای پاسدارانەوە لەناو دەستەبژێری ئایینی دەسەڵاتداربن نەوەكو لە نەیار و ئۆپۆزسیۆنە سیاسی و ئایینییەكان بن، ئەمەش پابەندبوونی تەواوەتی بە فەلسەفەی بیستنو گوێڕایەڵی (السمع و الطاعە) لەنێوان شێخ و مورید بەگوێرەی ئەدەبیاتی سۆفیگەری، لەنێوان فەقهی و شوێنكەوتوو بەپێی بنەماكانی فیقهی شیعی، لەنێوان سەرباز و فەرماندە بەپێی بنەما سەربازییەكان مسۆگەر دەكات. ئەم سێگۆشەیە – كە دەستەبژێری ئایینی لە پێكهێنانی سوپای پاسداران و وەرگرتنی ئەندامان پەیڕەوی دەكەن- سوپای پاسدارانی وەكو ڕووی سەربازی ئەم دەستەبژێرە بەهێزكردووە، بەهیچ جۆرێكیش لێی جیاناكرێتەوە.
لەو مەرجانەی بۆ پەیوەندیكردن بە هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە دانراون: بڕوابوونی تەواوەتییە بە بنەماكانی شۆڕشی ئیسلامی، باوەڕبوونە بە ویلایەتی فەقیھ لە ڕووكەش و لەناخدا، نابێت سەر بە هیچ حیزب یان ڕێكخراوێكی سیاسی بێت (ئەندامانی سوپای پاسداران بەپێی ماددەی (48) لە پەیڕەوی ڕێكخراوەیی سوپای پاسداران مافی ئەوەیان نییە ببنە ئەندامی هیچ ڕێكخراوێكی سیاسی)، دەبێت ژیانو ڕەفتاری باش بێت(5).
ئەم مەرجانە دوای دامەزراندنی كەتیبە شۆڕشگێڕییەكان هاتن، چونكە لە بنەڕەتدا ئەندامانی ئایدۆلۆژیست بوون، زۆرینەیان لە كردەوە سەربازییەكانی دژی ڕژێمی شا بەشداربوون، ئەوان بە عەلمانییەكانو نەیارانی ویلایەتی فەقیھیان دەگوت “مونافیقەكان: دووڕووەكان”، ئەم چەمكە هەتا ئەمڕۆش دژی هەر كەسێك بەكاردەبرێت كە ڕەخنە لە هێڵی ڕەوتی وەلائی یان خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەڕووی سیاسی و ئایینییەوە بگرێت.
ڕژێم هەوڵیداوە پارێزگاری لە تایبەتمەندی ئایدۆلۆژیو شۆڕشگێڕی ئەندامان بكات، ئەوەش دوو مەرجی بنەڕەتین كە پەیڕەوی ڕێكخراوەیی سوپای پاسداران هەوڵی زامنكردنیان دەدات.
فەلسەفەیەكی پەنهان لەپشت خومەینی و دەستەبژێرەكەی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئایدۆلۆژیستی سوپای پاسداران هەیە، ئەو فەلسەفەیەش بە دیدگای ئایینیو سیاسی خومەینیەوە چەسپاوە، كە بریتیە لەوەی سوپایەكی نیشتیمانی نائایدۆلۆژی ناتوانێت پارێزگاری لە پایەكانی ناسنامەی دەوڵەت بكات، بۆیە هەڵبژاردنی ئەندامانی سەر بە سوپای پاسداران گرنگییەكەی لە دامەزراندنی خودی سوپا پاسداران كەمتر نییە.
بەگوێرەی دیدگای ئایدۆلۆژی ڕژێم، ناكرێت كەسێكی “تێكدەر” پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە بكات، بەڵكو هەر دەبێ كەسانی “چاك” كە ملكەچی ڕێبەر و ویلایەتی فەقیھن وەربگیرێن. چارەسەرەكەش خۆی لە پێكهێنانی هۆشیاری و عەقڵی ئەو كەسانەدا دەبینێتەوە كە دەچنە ڕیزی سوپای پاسدارانەوە، لە دەرەنجامی ئەمەشدا ڕژێم بۆ زامنكردنی بوونو بەردەوامیدان بەو مەرجانە و بۆ دەرچوواندنی ئەندامانی سوپای پاسداران، ژمارەیەك كۆلێژی تایبەتی دامەزراندووە. هەروەها بۆ ڕەگ داكوتانی بیرۆكە و بنەما ئیسلامییەكانی ئەندامانی، سوپای پاسداران ژمارەیەك ناوەندی توێژینەوەی دامەزراندووە، وەكو: پەیمانگەی توێژینەوە ئیسلامییەكان لە سوپای پاسداران، ئەركەكانیشی بریتین لە: توێژینەوە لە بواری زانستە ئیسلامیو مرۆییەكاندا، نووسینەوەی دەقە فێركارییەكان لە بواری ڕەوشت و بیروباوەڕدا، توێژینەوەی مێژوو، زانستە سیاسییەكان، ئامادەكردنی پرۆگرام(6). لە هەر لقێكی سوپای پاسدارانیشدا فەرمانگەی تایبەت بۆ سەرپەرشتیكردنی بابەتەكانی ئایینی و هۆشیاری سیاسیو ئایینی دامەزرێنراون، سەرباری بوونی نوێنەرانی ڕێبەری باڵا لە هەموو لقەكانی سوپای پاسداران –هەروەها سوپا- ئەو فەرمانگانەش هاوشێوەی ناوەندەكانی بیركردنەوەن كە پلانی ستراتیژی بۆ بابەتە عەقیدەیی ئایینیو مەزهەبیو سەربازییەكان بۆ ئەندامانی سوپای پاسدارانو دامەزراوە سەربازییەكان دادەنێن، بەجۆرێك لەگەڵ: دیدگای ڕێبەری باڵا، ناسنامەی دەوڵەت، وەرچەرخانە ئایینیو سیاسیەكان بگونجێت.
لەدیدارێكی نێوان حوجەتولئیسلام قەندەهاری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئایینیو سیاسی لەوەزارەتی بەرگری، لەگەڵ حوجەتولئیسلام سەعیدی سەرۆكی نوسینگەی بیروباوەڕی سیاسی لە سەركردایەتی گشتی هێزەكان، تاوتوێی بەرنامەكانی ڕێكخستنی بیروباوەڕی سیاسییان لە وەزارەتی بەرگری لە ساڵی (2019) كرد. لەم دیدارەدا قەندەهاری ڕاپۆرتێكی تایبەت بە چالاكییە ڕۆشنبیرییەكانی فەرمانگەی بیروباوەڕی سیاسی لە وەزارەتی بەرگری و هەوڵەكانیان لە بوارەكانی: پاراستن و بەهێزكردنی بوارە هزرییەكان، لایەنی ڕەوشتی ئەندامانی هێزە چەكدارەكانی ئێران” پێشكەشكرد، لەكاتێكدا سەعیدی ڕایگەیاند كار لەسەر ئەو بوارانە دەكەن كە بۆ برەودان بە شێوازی ژیانی ئیسلامی پێویستن(٧).
لەگەڵ بوونی كۆلێژو ناوەندەكانی توێژینەوەی بیروباوەڕی سەر بە سوپای پاسداران كە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای ئەندامانی سوپای پاسداران بەهێزدەكەن، بەڵام دەستەبژێری ئایینیو ئاخوندە وەلائیەكان بە بەردەوامی سەرپەرشتی ئەم ئایدۆلۆژیایە دەكەن، لەگەڵ سەركردەكانی سوپای پاسداراندا بەشداری لە دیاریكردنی سیماكانیدا دەكەن.
٣- سوپای پاسداران و ئەولەویەتی جیهاد بۆ دروستكردنی حكومەتێكی جیهانی
پیاو تا نەبێتە پاسدار تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەكی دیاریكراویش بێت لە ژیانیدا، وەلائی تەواو نابێت، چونكە پاسدار هەڵگری ئاڵای جیهادە و لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ شەهیدبوون لەپێناوی خوادا، ئەوەش بەرزترین پێگەی بەهەشتە كە بەڵێن بە بڕواداران دراوە.
لەم ئەدەبیاتەوە كە ئەندامانی سوپای پاسداران بڕوایان پێیەتی، دەكرێت سەرنجی ئەو ئاڵوگۆڕە زۆر و زەوەندە بكەین كە لە فیقهی نەریتی شیعەكان لەسەر دەستی خومەینی و سوپای پاسداراندا ڕوویداوە. ئەوەی لە فیقهی شیعەدا زانراوە ئەوەیە جیهاد تەنها دوای دەركەوتنی ئیمامی مەعسوم هەیە، لێرەشدا مەبەست لە جیهادی سەرەتاییە نەوەكو بەرگری، چونكە تەنها مەعسوم مافی ڕاگەیاندنی جیهادی هەیە، تەنانەت ئەو ئاخوندانەشی كە مۆڵەتی جیهادی سەرەتاییان داوە –لە نموونەی مەرجەعی خوئی- لە بابی حوسبەوە مۆڵەتیان داوە نەوەكو لە بابی ویلایەتەوە، واتە مۆڵەتدان لەژێر سایەی ڕژێمی دەوڵەتێكی مەدەنیدا نەوەكو لەسایەی ڕژێمی ویلایەتی فەقیھدا(8).
رێبازی ئیمامی شیعی عیلمانی تەنانەت لە بوونی مەعسومیشدا پارێزگاری لە مەودایەك لەنێوان بانگەواز و دەوڵەتدا دەكات، یان وەكو كارین ئارمسترۆنگ ناوی ناوە “عەلمانییەتی پیرۆز” (9). ئەوە نەسەلمێنراوە هیچ یەكێك لە ئیمامە مەعسومەكان لەدوای ئیمام حوسێنەوە جیهادی بەرگرییان زیاتر لە جیهادی سەرەتایی ڕاگەیاندبێت. تەنانەت لە سەردەمی سەفەوییەكاندا كاتێك دەوڵەتێكی مەزهەبییان دامەزراند، ئاخوندەكانی حەوزە جیهادیان لەدژی نەیارە سەفەوییەكان لەو كاتەدا ڕانەگەیاند، ئەگەر لەلایەن ئاخوندە فەرمییەكانیشەوە ڕاگەیەنرابێت ئەوا گوزارشت لە ڕەوتی ڕەسەنو میراتگران لە مەزهەبدا ناكەن.
بەڵام وەرچەرخانی گەورە كە لە سیستەمی فیقهی شیعیدا ڕوویدا، لەسەر دەستی بزاڤی نەریتی بوو كە خومەینی و ڕەوتی هێڵی وەلائی نوێنەرایەتییان دەكرد، ئەم ڕەوتە بەسەر نەریت و میراتی حەوزەدا بازیاندا، بەپێی فیقهی سەردەم و بەرژەوەندییەكان مامەڵەیان لەگەڵ واقیعی سیاسی و سەربازیدا كرد، زۆر بایەخیان بە گونجانی ئەو بژاڤانە لەگەڵ فیقهی جەعفەریدا نەدا، زۆرینەی دەرهاویشتەكانو پاساوە شەرعییەكانیان عەقڵانی و بەرژەوەندخوازانە بوون(١٠).
لە سەرەتای شەڕی ئێران عێراقدا، دەسەڵاتدارانی ئێران مەرسومێكیان دەركرد كە ڕێگەی دەدا بە منداڵانی سەروو دوازدە ساڵ، بەبێ باوكیان بەشداری لە شەڕدا بكەن، چونكە لەژێر چاودێری وەلی فەقیھدان. دوای دەرچوونی ئەم مەرسومە دەیان هەزار هەرزەكار بەرەو بەرەكانی شەڕ كۆكرانەوە و پەڕۆیەكی سووریان لەسەریان بەستبوو كە هێمایەك بوو بۆ شەهیدان(١١).
خومەینی ئەوانی بە ئیمان حوسێن چوواند، دەمرن تاوەكو شاهێدی خۆیان لەسەر پێشنۆرەیی غەیب بدەن، بەڵام خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئوممەتیش دەكەن (12). ئەمەش نزیكە لە چەكداركردنی منداڵانو بەكارهێنانیان لە شەڕەكاندا لەلایەن ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە.
ئەوەش هەڵوێستێكی ڕاگوزەر یان بیرۆكەیەكی پەراوێزی خومەینی نەبوو، بەڵكو لە زۆرێك لە دوانەكانیدا دروشمەكان لەبارەی جیهاد و خوێن بەخشین دەبینین كە زامنی پاراستنی شۆڕش و دروستكردنی دەوڵەتن.
عەلی خامەنەئی ڕێبەری ئێستای ئێران لەمیانی ڕێزگرتنی لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، وتی: جیهاد لەپێناوی خوادا بابەتێكە بە هیچ پاداشتێكی دنیایی ناتوانرێت قەرەبوو بكرێتەوە. خودا سولەیمانی سەرخستووە كە چەندینجار لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا گیانی خۆی خستۆتە مەترسیەوە، لەپێناوی خواداو بۆ خودا جیهادی كردووە، هیوای ژیانێكی خۆشو لەكۆتاییدا شەهیدبوونی بۆ دەخوازین نەوەكو لەئێستادا، چونكە ئێران بۆ چەندین ساڵی دیكە پێویستی پێیەتی(١٣).
كارەكانی سولەیمانی لە سووریا و عێراق و ناوچەكە كە بوونە هۆی ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان، بە تێڕوانینی خامەنەئی “جیهادە لەپێناوی خوادا”. لەكۆتایدا هیوای شەهیدبوونیشی بۆ دەخوازێت، دوای ئەوەی خزمەتی زیاتر پێشكەش بە ئێران دەكات!
لەلای دەستەبژێری دەسەڵاتداری ئێران ئەوە خەمڵیوە كە تەنها ڕێگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەوڵەت و مەزهەب خوێنە، بەگوێرەی یەكێك لە سەركردەكانی فەیلەقی قودس شەهیدان پارێزگاری لە ڕێبازی ئیمام حوسێن دەكەن، بە بەرەكەتی خوێنی ئەوان هێزی ڕژێمی ئێران لە ناوچەكە و لە جیهاندا زیادیكردووە(١٤).
لێرەدا جیاوازییەك لە تێگەیشتن لە جیهاد و لە بەكارهێنانیدا هەیە، ئەم فەلسەفەیە ڕشتنی خوێنی نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بەلاوە پەسەندە، بە جیهادكردن لەپێناوی خواو بەفشار خستنە سەر قەوارەی مونافیقانی دەژمێرێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ڕژانی خوێنی ئەندام و فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەلایەن دوژمنان و نەیارانەوە بە شەهیدبوون لەپێناوی خوادا دەژمێرێت. بە ڕێگەیەكی دەزانێت بۆ پاراستنی دەوڵەت و شۆڕش و هەوڵدان بۆ حكومەتێكی جیهانی كە ڕێگە بۆ دەركەوتنی مەهدی خۆشدەكات، چونكە جگە لەم دوو ڕێگەیە هیچ ڕێگەیەكی دیكە نییە: ڕشتنی خوێنی دوژمنان، ڕژانی خوێنی “شەهیدان”!
ئەم فەلسەفەیە ئێرانییەكان والێدەكات بەردەوام لە حاڵەتی شۆڕشو بزاوتندا بن، نەیار و شەڕ دروست بكەن، لە ناوخۆو دەرەوەی سنووردا ئامادەبن بۆ پێكدادان، لەوانەیە ئەمەش سیاسەتێكی بەئەنقەست بێت لەلایەن ڕژێمەوە وەكو جۆرێك لە هەناردەكردنی كێشەكان بۆ دەرەوە، بەلای كەسانی “موجاهید”یشەوە ڕزگاربوونە لە سەرپێچیو تاوان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئیمامی مەعسومە، لەهەمانكاتیشدا “هەڵاتنە لە بێزاری و تەنگەڵانی تاریكی ژیان“.(١٤)
٤-پاسدار و دۆخی جیهادی ئێرانی
پەیوەستن بەوەی كە دەكرێت بە جیهادی ئێرانی ناوببرێت، دوو خاڵ هەن كە ناكرێت لەم چوارچێوەیەدا لێی بێئاگا بین، ئەوانیش ئاستی بیر و بۆچوونە هاوبەشەكانی نێوان سوپای پاسدارانو ڕێكخراوە توندئاژۆكانە، وەكو: ڕێكخراوی قاعیدە و ئەوانیتر. دووەمیش: ئاستی كردارییە لەسەر زەوی.
١- یەكتربڕی هزری لەنێوان سوپای پاسدارانو كۆمەڵە توندئاژۆكاندا:
كۆمەڵە توندئاژۆكان لەگەڵ سوپای پاسداران لەچەند خاڵێكی ناوەندیدا هاوبەشن، كە لە تێڕوانینی ئەو قەوارانەوە بۆ فیقهی جیهاد لە سیستەمی ئایینیدا سەرچاوەی گرتووە، هەردوو لایان هەوڵی دروستكردنی “حكومەتێكی جیهانی” دەدەن، هەردولا هەوڵی ڕزگاربوون لە سنووری دەوڵەتی نیشتیمانی دەدەن، هەردووكیان بەدوژمنی نزیك بەبێ دوژمنی دوور دەستپێدەكەن، هەردووكیان خۆیان كردووە بە وەلیو جێنشین بەسەر تەواوی مسوڵماناندا.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمنی نزیك لە بزوێنەرە پەنهانەكانی كردارەكانی سوپای پاسدارانە، بۆیە ئەندامانی سوپای پاسداران لە عێراق و سووریا و یەمەن دەبینرێن، ئەمەش لەسەر حیسابی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنێكی دوورە، ئیدی ئەو دوژمنە ئەمریكا یان تەنانەت ئیسرائیل بێت كە لەوانەیە هەڕەشەی پێكدادان لەگەڵ سوپای پاسداران بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ شتێك لەسەر زەوی ئەنجام بدەن. لە ئەدەبیاتی دەستەبژێری ئایینیو سەركردەكانی سوپای پاسداراندا، بەردەوام دەبینین كە ڕێگە بۆ قودس بە حەلەبو بەغداو كەربەلاو سەنعا دەستپێدەكات، بەڵام لە قودسەوە دەست پێناكات!
بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئێستا نەبێتە دوژمنی نزیك بۆ گەلی ئێران، هەروەكو لە سەردەمی شادا بەلای شۆڕشگێڕان و خومەینی و هاوڕێكانییەوە وابوو، حكومەتی ئێستای ئێران كار لەسەر ئەوە دەكات دژومنی نزیك لەناوخۆی ئێراندا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بێت بە تەواوی ڕەنگەكانییەوە یان وەكو لە میدیاكانەوە پێیان دەڵێن “مونافقین”، لە دەرەوەش ئەو كەسانە بن كە هەژموونی ئێران ڕەتدەكەنەوە ئیدی سوننە بن یان شیعە.
ب. هاوكاری سەربازیی نێوان سوپای پاسداران و قاعیدە:
لەو فەلسەفەیەی پێشوەوە، هەروەها لە دیدگای هەریەكەیانەوە –كۆمەڵە توندئاژۆكانو سوپای پاسداران- بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی، هەروەها دیدگای هەریەكەیان بۆ دەوڵەتی نیشتیمانی، هاوكاریو دابڕانی هزری دروست دەبێت، كە لەنێوان ئەوپەڕی سوننەی ڕاستڕەو ئەوپەڕی شیعەی ڕاستڕەو زۆر دوور دەردەكەوێت، بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر نزیكن، لەسەر ئاستی مەبەستو گۆشەنیگا دوورن، بەڵام لەسەر ئاستی ئامانجو ئامرازەكان لەیەك نزیكن.
بەهۆی ئەو بەڵگەو دیكۆمێنت و دانپێدانانەی بڵاودەكرێنەوە، ڕاستییەك هەیە ناتوانین پشتگوێی بخەین و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئاشكراتر دەبێت، ئەویش ئەوەیە هاوكارییەكی بەتین لە نێوان پاسداران و كۆمەڵە توندئاژۆ سوننە و شیعیەكاندا هەیە. بەجۆرێك سوپای پاسداران میلیشیا تائیفییەكان و بزوتنەوە سنووربڕەكان لە شیعەی ئەفغانستان و ئەوانیتر لە ئامێز دەگرێت، هەروەها سەربازگەی ڕاهێنانی ئەندامانی ڕێكخراوی قاعیدە و ژمارەیەك لە سەركردە هەڵاتووەكانی ڕێكخراوەكەش لە ئەفغانستان لەدوای داگیركاری ئەمریكا، لە ئامێز دەگرێت.
لەم جۆرە هاوكارییەدا، سوپای پاسداران ئامانجی ستراتیژی خۆیان هەیە، ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران بڕوای بە سنووری دەوڵەتی نیشتیمانی و سیستەمی نێودەوڵەتی هاوچەرخ نییە، سەرباری ئەوانەش –بەگوێرەی واقیع- ناچارە پارێزگاری لە سنووری دەوڵەتی ئێران بەو شێوەیەی ئێستای بكات، بە چاوپۆشین لە تەماحكارییە ئاییندەییەكان یان ڕۆمانسیەتی ئایدۆلۆژی كە بۆ فراوانخوازی ئیمپراتۆرییانە هاوشێوەی ئیمپراتۆرییەتی ساسانی پێشوو بڕوای پێیەتی، بۆیە بۆ پاراستنی ناوەندەكەی لە تاران لە دەركەوتنی هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی، بوون و دیدگا و پەلهاویشتنی خۆی فراوان كردووە، هەروەها هەوڵی دروستكردنی قووڵاییەكی ستراتیژی بۆ دەوڵەتی ئێران لە دەرەوەی سنوور دەدات. ئەم قووڵاییەش لەڕێگەی دەستوەردانی سەربازیی یان بە تەنها پاڵپشتی میلیشیا شیعییەكان نابێت، بەڵكو لە فراوانكردنی دنیابینی ئەم قووڵاییە ستراتیژییە و بە ئایدۆلۆژیكردنێتی، هەروەها لەپێناوی زامنكردنی بەردەوامی دڵسۆزی و بەردەوامیدان بە كۆنترۆڵكردنیان، لە هەوڵی گۆڕینی دڵسۆزی مەزهەبی –نەوەكو تەنها سیاسی- بۆ تارانە.
دەستەبژێری ئایینی دەستوەردانە دەرەكییەكانی سوپای پاسداران بە دیمەنێكی “شۆڕشگێڕی”و “جیهادی” دەناسێنێت. سوپای پاسدارانیش لە سووریا و یەمەن و شوێنەكانی دیكە وەكو ئەركێكی جیهادی پیرۆز لێی دەنواڕن، كە ناكرێت ڕەخنە یان گومان لە ئامانجەكان و پاشهاتەكانی بكرێت.
سەعید قاسمی یەكێكە لە سەركردە گەورە خانەنشینەكانی سوپای پاسداران، دەڵێت: سوپای پاسداران پاڵپشتی هێزە جیهادییەكان لە بۆسنە دەكات، ئەوانیش هاوپەیمانییان لەگەڵ ڕێكخراوی قاعیدە كردووە. بەوتەی خۆی: لەژێر سایەی مانگی سووردا بەرەو بۆسنە ڕۆیشتین، لەوێ ڕاهێنانمان بە هێزە جیهادییەكان دەكرد و لەگەڵ قاعیدە بووین (16) یەكەی جیهادیمان لەگەڵ تەواوی جیهادییەكان لەجیهاندا دروستكردووە(17).
حوسەین ئەڵڵاكەرەم كە یەكێكە لە سەركردەكانی سوپای پاسدارانو ئێستا سەركردایەتی گرووپی “ئەنسار حیزبوڵڵا” دەكات، لێدوانەكانی سەعید قاسمی پشتڕاست دەكاتەوە، گرووپەكەی ناوبراو یەكێكە لە گرووپەكانی فشاری نزیك لە ڕێبەری ئێران عەلی خامەنەئی. (18) ئەم لێدوانانەش بووەتە مایەی وروژاندنی توندڕەوەكانو دەستیانكردووە بە توندكردنی هەڵوێستەكانیان (19)، وا لێكی دەدەنەوە كە جەختكردنەوەیە لە لێدوانەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی دانانی سوپای پاسداران لەسەر لیستی تیرۆر، پەیوەندییەك كە تا ئێستاش دەستەبژێری دەسەڵاتداری ئێران ڕەتیدەكەنەوە.
وتەبێژی فەرمی بەناوی سوپای پاسداران ئەو لێدوانانە ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت: لێدوانەكانی سەعید قاسمی ئەفسەری خانەنشین لەبارەی بەكارهێنانی مانگی سوور وەكو ڕووپۆشێك بۆ پرۆسەكانمان دوورە لە ڕاستییەوە. (20) هەروەها مانگی سووری ئێرانی ئەو لێدوانانەی ڕەتكردەوەو لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: سكاڵایەكی فەرمی لەدژی قاسمی تۆماردەكەن، جەخت لەوەش دەكەنەوە ئەو ڕێوشوێنەی كە قاسمی باسیدەكات بەبێ ڕێگەپێدان یان هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵەكەدا بووە(21).
بەهەرحاڵ واقیع جەخت لەوە دەكاتەوە ئێران تەنها بە هاوكاری لەگەڵ قاعیدە نەوەستاوە، وەكو قاسمی لە لێدوانەكانیدا باسی دەكات، بەڵكو دوای داگیركردنی ئەفغانستان، ئێران داڵدەی سەركردەكانی ڕیزی یەكەمی لە ڕێكخراوەكە داوە، زۆرێكیان تا ئەمڕۆش لە ئێران دەژین، هەندێكیشیان لە بەجێهێنانی كاری “جیهادی”و سەرپەرشتیكردنی كاروبارەكانی ڕێكخراوەكە لە ناوخۆی ئێراندا بەردەوامن، لە نموونەی جەعفەر ئۆزبەكی (22)، كە بەشداریكردووە لە پشتیوانیكردنی بەرەی نوسرە لە سووریا كە لەسەر قاعیدە دەژمێردرێن، هەرچەندە لە ئێران دەژێت (23)، لەگەڵ دەیان سەركردەی دیكەی ئەلقاعیدەدا(24).
دووەم: ئەرك و ڕۆڵە ئایدۆلۆژییەكان
سوپای پاسداران لەڕێگەی بونیادە ئایدۆلۆژییە توندەكەیەوە ڕۆڵێكی دیاری لە ئێراندا گێڕاوە، دەكرێت لەڕێگەی ئەم خاڵانەوە ئەو ڕۆڵە ڕوون بكرێتەوە:
1-چەسپاندنی ئەركەكانی ویلایەت:
ئەگەر هێزە قزڵباشە شۆڕشگێڕەكان بەشدارییان كردبێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەوی و سەپاندنی هەژموونی بەسەر هەرێمەكانی فارسدا (25)، ئەگەر فەیلەقە بیانییەكان –بەدەربڕینی ستانلی بۆلی ڕۆژهەڵاتناس- لە چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی فاتیمی شیعی لە میسرو لەناوبردنی مەڵبەندەكانی یاخیبوواندا بەشدارییان كردبێت (26)، ئەوا سوپای پاسداران ناونیشانی قۆناغی ئێستای دەوڵەتی ئێرانی هاوچەرخە، چاكەی چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتیش ڕاستەوخۆ لەدوای شۆڕشەوە، هەروەها لە كاتی مانگرتنە جەماوەرییەكان لە ساڵەكانی (1999، 2009، 2017، 2018) هەر بۆ سوپای پاسداران دەگەڕێتەوە.
بەسود وەرگرتن لە مێژوی نزیكی ئێران دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێران لە (1979)، كە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی ئێرانی تیایدا بەشداربوون، پاشان هەڵایسانی پرۆسەكانی تیرۆركردن و پێكدادانە فراوانەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان دوای سەركەوتنی شۆڕشەكە، كە سەركردەی تەواوی ڕەوتە ئایینی و سیاسیەكانی گرتەوە، خومەینی لێبڕاوانە بیری لە شێوازی پاراستنی شۆڕشەكە بەشێوەیەكی تاكڕەوانە كردەوە، لەڕێگەی هێزە لایەنگر و ئایدۆلۆژیستەكانەوە كە بڕوایان بە فیكرو ناوەندگەراییو سەركردایەتیكردنی ئەو هەبوو، بەتایبەتی دوای لایەنگری زۆری سەركردەكانی سوپا بۆ شا، ئەوانی دیكەش بێلایەنانە وەستان.
سوپای پاسداران لە سەرەتاوە بریتیبوون لە گرووپە جەماوەری و گەنجە شۆڕشگێڕەكان كە پێشینەیەكی بزاڤی حەوزەییو دیندارییەكی نەریتییان هەبوو، ئەركیان پارێزگاریكردن و پاراستنی گەڕەكەكان بوو، پاشان ئەو هێزانە بوونە بەرپرسی پاراستنی ئاسایشی خومەینی (27)، دوای سەقامگیربوونی لە قوتابخانەی عەلەوییەدا بەدەم پێداویستییەكانەوە دەچوون، ئەم هێزانەش لە نیسانی (1979)دا بەفەرمانی خومەینی دروستكران (28)، بەوتەی یەكێك لە سەركردەكانی سوپای پاسداران، یەكێك لەو هەڕەشانەی كە دوای شۆڕش دوچاری هاتن “تیرۆركردنی كەسایەتییە شۆڕشگێڕەكان بوو، لەوكاتەوە گرووپی پاسەوانی و پارێزگاری لە كەسایەتییەكان دروستكرا، بەر لەوەی سوپای پاسداران بە فەرمی دابمەزرێت”. (29)
ئەم كۆمەڵە و كەتیبە شۆڕشگێڕانە توانیان پایەكانی ڕژێمەكە لەدژی نەیارەكان بچەسپێنن، هەروەها لەو ململانێیەی كە هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ بوو لەنێوان ڕەوتی وەلائی لایەنگری خومەینی و هاوڕێیانی شۆڕش لەگەڵ كۆمەڵە عەلمانییەكانو سوپای پاسداران، توانییان سەركەوتن بەدەستبهێنن (30). هەروەها لەململانێی نێوان پاشماوەكانی شاو ڕەوتی وەلائیشدا سەركەوتوو بوون (31). هێزەكانی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر هەموو كۆكاگانی چەكو تەقەمەنیدا گرت، هەموو ئەو كەسانەشیان دەستگیركرد كە چەكیان شاردبووەوە، چەكیان تەنها لە دەستی دەوڵەتدا هێشتەوە كە خۆی لە هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ڕەوتی وەلائیدا دەبینیەوە (32). كارەكەشیان لە بەرژەوەندی باڵی خومەینی یەكلاكردەوە.
ئەمە لەسەر ئاستی چەسپاندنی پایەكانی ڕژێمەكە لەڕووی سیاسیو سەربازییەوە، یان چەسپاندنی باڵێك لە باڵەكان كە كۆنترۆڵی نەیارانی دەكرد. بەڵام ئاستێكی دیكە هەبوو كە گرنگی لە ئاستی پێشوو كەمتر نەبوو، كەتیبە شۆڕشگێڕەكانیش كاریان لەسەری كرد كە بریتیبوو لە چەسپاندنی: ئایدۆلۆژیاو كولتوور، بنەماكان، بیروباوەڕی ڕژێمی نوێ لەناو كۆمەڵگەدا، بۆیە لە سەرەتای شۆڕشدا سەدان كەس بە تۆمەتی “ڕەفتاری نائیسلامی” لەسێدارەدران (33). هەندێك لەو گرووپە شۆڕشگێڕانە بۆ فەرمانكردن بە چاكەو ڕێگریكردن لە خراپە دابەزینە سەر شەقامەكان، ئەوەش بووە هۆی تەنگ پێهەڵچنین بە زۆرێك لە ژنانو گەنجان (34). دوای دامەزراندنی سوپای پاسداران بەو شێوەیەی ئێستاو گەشەكردنی كاروبارەكانیان، لەسەر ئەو كارە نەمانەوە و ئەركی خۆیان بۆ پاراستنی ئیسلامیزمی دەوڵەت و ناسنامەكەی تەرخانكرد، بەر لە ئەركی پاراستنی سنوور، چونكە جەوهەری ئاسایشی نەتەوەیی لە بیروباوەڕی سوپای پاسداراندا تەنها لە خاكی دەوڵەت و سنوورەكەیدا نامێنێتەوە، بەڵكو فراوان دەبێت تاوەكو ڕژێمی ئیسلامی و شۆڕش و پاشان ویلایەتی فەقیھیش دەگرێتەوە.
2-پاڵپشتیكردنی دیدگای فەلسەفی و بژاردە فیقهیەكانی ڕژێم لەناوخۆدا
سوپای پاسداران لە چەسپاندنی تێزە فەلسەفییەكانی ڕژێمو بژاردە فیقهییەكاندا ڕۆڵێكی گەورەی گێڕا، كە گریمانەی ئەوە دەكرا تەنها گومانێكی ئیجتیهادی هەبێت لەسەر حیسابی تێزی ڕەوتە دژبەرەكان، یان تەنانەت ڕەوتە چاكسازیخوازەكان كە هەوڵی چاكسازییەكی پلە بە پلەیان لەناوخۆی ڕژێمەكەدا دەدا. هێزی سوپای پاسداران بەشێوەیەكی بەهێز لەچەند قۆناغێكی یەكلاكەرەوەدا بەشداریكرد كە هەڕەشەیان لە خوێندنەوەی پەیڕەوكراوی دەستەبژێری ئایینی دەسەڵاتدار دەكرد، بۆ نموونە: خۆپیشاندانەكانی (1999)، هەروەها ئەوەی بە شۆڕشی سەوز ناودەبرێت لە (2009)و خۆپیشاندانەكانی (2017). هەموو ئەم ڕووداوانەش لەبناغەوە بنەما ئایدۆلۆژییەكانی دەستەبژێری ئایینی دەسەڵاتداری بە ئامانج گرتبوو.
هەر بۆیە هەندێك لە ڕووناكبیران ڕەخنە لەوە دەگرن كە بە “ویلایەت بەسەر كاروباری كولتووریدا” ناودەبرێت، داواكارن ڕژێم دەستوەرنەداتە بواری مەعریفە یان كاریگەری دانان لەسەر هزری بەكۆمەڵی نەتەوەی ئێرانی. بە گوزارشتی شەبستەری ئەم تیۆرییە “ویلایەت بەسەر كاروباری كولتووریدا” لەلایەن حكومەتەوە: بە تیۆریزەكردنی كردەوەی توندئاژۆیانە كۆتایی دێت، هەروەها ڕێگەدەدات بە بەكارهێنانی ئامرازەكانی سەركوتكردن، بۆیە پێویست ناكات حكومەت كولتوورسازی كۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرێت، چونكە سپاردنی دانانی كولتوور بە حكومەت واتە قوربانیدان بە دیموكراسیەت لەسەر كوشتارگەی توانا، سپاردنی ڕۆشنبیركردنی خەڵكی بە حكومەت واتە لەسێدارەدانی ڕۆشنبیری و لەناوبردنی“. (35)
ئەم سەرپەرشتیكردنەی كاروباری ڕۆشنبیری بەشێوەیەكی كرداری بە تیۆریزەكردنی توندوتیژی دەوڵەتی كۆتایی دێت. ئایەتوڵڵا میسباح یەزدی پێیوایە پێویستە هێز بۆ پاراستنی حكومەتی ئیسلامی بەكاربهێنرێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن نیوە زیاتری گەلیشەوە كارێكی بێزراو بێت. بەپێی وتەی ئەو: لە پاراستنی حكومەتدا چەندێتی پێوەر نییە، بەڵكو پێوەر ئەوەیە ژمارەیەك لە پەیڕەوانی ئیمام (سڵاوی خوای لێ بێت)، یان ویلایەتی فەقیھی یاسایی، پشتیوانی خۆیان بۆ پارێزگاریكردن لە حكومەت دەرببڕن، هەندێكجار ڕێژەی ئەو كەسانە (90%) یان (50%) یان (40%)ە، بەڵام پارێزگاریكردن لە حكومەتی ئیسلامی بە –وەلی فەقیھ- سپێردراوە و ئەویش پابەندە بە پاراستنی. لەبەرئەوەی كەسانێك هەن كە دەكرێت بەهۆی ئەوانەوە پارێزگاری لە حكومەتی ئیسلامی بكرێت، بۆیە هیچ ئەرزشێك بۆ چەندێتی دانانرێت” (36). پێویستە حكومەت بەهەر شێوەو ئامرازێك بێت بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بێت و پشتیوانانی تەنها (10%) گەلیش بن (37).
بەگوێرەی تیۆریسێنانی ڕەوتی وەلائی ئەگەر بێت و ئامانجە ئیسلامییەكان تەنها بەڕێگەی توندوتیژی بەدیبهێنرێن، ئەوا ئەو كاتە توندوتیژی دەبێتە پێویستی (38). نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو پێویستە لە دەرەوەی یاسا و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا، كوشتار بكرێت (39)، بەمەبەستی پاراستنی “بەها ئیسلامییەكانی دەوڵەت” (40). لێرەوە لە گرنگی سوپای پاسداران لەلای دەستەبژێری ئایینی دەسەڵاتدار دەگەین.
ئەم بابەتە تەنها بە تیۆری لەلای بیرمەندەكانی ڕژێم ناوەستێت، بەڵكو دەزووەكە دەگاتە لای سەركردە سەربازییەكانیش، بەگوێرەی بەیاننامەیەكی فەرمی دەستەی ئەركانی هێزە چەكدارەكان “هەرگیز ڕێگە نادەن بە ئاڕاستەكردنی لانیكەمی زیان گەیاندن بە ڕژێم لە دەرەنجامی دەنگدانی گەلەوە. هێزە چەكدارەكان لەپێناوی پاراستنی سنووری جوگرافیی و سیاسی و بیروباوەڕی ئێرانی ئیسلامیدا، ئامادەن بە گیانی خۆیان قوربانی بدەن(41).
بەدەربڕینێكی ڕوون و ڕەوان، یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ كاروباری سیاسی یەدوڵڵا جەوانی دەڵێت: لەسایەی بوونی هەڕەشە ئاڵۆز و زیرەكەكاندا، ناكرێت سوپای پاسداران تەنها ڕۆڵێكی سەربازیی بگێڕێت، ئەو كەسانەی تەنها چاوەڕوانی ڕۆڵی سەربازیی لە پاسداران دەكەن، دەیسەلمێنن كە ئاگاداری ئەرك و پەیامەكانی سوپای پاسداران نین. شۆڕش لە ئێران لە قۆناغە جیاوازەكاندا بەردەوام بەرەنگاری هەڕەشەكان بووەتەوە، هەندێك كەسی ناوخۆیی و دەرەكی هەوڵی دەرهێنانی ڕژێم لە ئێران لە ڕێڕەوە ڕاستەقینەكەی خۆی دەدەن، ئاشكرایە سوپای پاسداران بەو پلانگێڕییانە دەزانێت و ڕژێمەكە لەهەمبەر ئەو هەڕەشانەدا دەپارێزێت(42).
بەوتەی لیوا جەعفەری فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران: بەپێی دەستوور سوپای پاسداران پارێزەری شۆڕشی ئیسلامی و دەستكەوكانێتێ(43). لیوا جەعفەری ئاماژە بە دەقی ماددەی (150) لە دەستووری ئێران دەكات كە ڕاشكاوانە باس لە ئەركە ئایدۆلۆژییەكانی سوپای پاسداران دەكاتو دەڵێت: هێزەكانی سوپای پاسداران كە لە ڕۆژە سەرەتاكانی سەركەوتنی ئەم شۆڕشەدا دامەزرێنراون، لەپێناوی بەجێهێنانی ئەركەكانیان لە پاراستنی شۆڕشو دەستكەوتەكانیدا بەتوانا و بەجێگری دەمێننەوە”.
ڕێبەری باڵای ئێران عەلی خامەنەئی لە وتارێكیدا بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران ئاماژە بەم ئەركە دەكاتو دەڵێت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە گەورەكان، پارێزگاریی لە ئامادەسازی خۆتان بكەن، چونكە ئەمە یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی سوپای پاسداران. سوپای پاسداران هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاری ڕووداوە گەورەكاندا بووە. لەسەرەتای دروستكردنی سوپای پاسدارانو دەستبەكاربوونیاندا بەرەنگاری ڕووداوە جیاوازەكانو ناكۆكییە نەتەوەییە هاندراوەكان بوونەوە كە لە سەرانسەری وڵاتدا ڕوویاندەدا، بەڵام سوپای پاسداران بەرەوپێش ڕۆیشت و ئامادەسازیی و تەیاربوونی خۆی سەلماند. بەدرێژایی ژیانی پیرۆزی ئیمام خومەینی، كاتێك جەنگی داسەپێنراو ڕوویدا (مەبەست شەڕی هەشت ساڵەی ئێرانو عێراقە) سوپای پاسداران بەرەوپێشچوو، لەو ڕۆژەوە بەرەنگاربوویەوە و تەیاربوونی خۆی سەلماند. پاشتر لە ڕووداوەكانی دوای مردنی ئیمام خومەینی دا، لە ڕووداوە سیاسیو كۆمەڵایەتیەكاندا، لە هاندانە جیاوازو جۆراوجۆرەكاندا لە هەر كوێ بووبێت و لە هەر شوێنێك ڕووداوێك هەبووبێت، سوپای پاسداران سەلماندویەتی ئامادەی كاركردنە(44).
لەوتارێكی دیكەی خامەنەئیدا بۆ سەركردەكانی سوپای پاسداران، ئەولەویەتیان بۆ دادەنێت و ئامۆژگارییان دەكات كە هۆشیاربن لەبەرامبەر هەژموونی كولتووری دوژمن كە لە هەژموونی تەناهی و ئابووری مەترسیدارترە، چونكە دەبێتە هۆی گۆڕانكارییەكی پلە بە پلەی بیروباوەڕەكانی گەل (45).
سوپای پاسداران هەوڵی گشتاندنی مۆدێلەكەی بەسەر باڵەكانیدا دەدات كە لە دەرەوە دایمەزراندونو سەرپەرشتیان دەكات وەكو: حەشدی شەعبی لە عێراق (46)و حیزبوڵڵا لە لوبنان (47).
3-دروستكردنەوەی ناسنامەو كولتووری ئێرانی
بەگوێرەی تیۆری ویلایەتی فەقیھ، والی ویلایەتی فەقیھ كاروباری كولتووری وڵاتیش لە ئەستۆدەگرێت، بۆیە زۆر لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و لە بیرمەندانی ئێرانی وەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا بێزارن لەوەی كە ناویان ناوە “ویلایەت بەسەر كاروباری كولتووریدا”.
ڕۆڵی سوپای پاسداران تەنها لە پاراستنی ویلایەتی فەقیھ یان ئەو كولتوورە دروستكراوەی لەو كاتەوەی خومەینی و هاوڕێكانی كۆنترۆڵی دەسەڵاتیان كردووە، ناوەستێت، بەڵكو فراوان دەبێت تاوەكو بەشداری سەرەكی لە دروستكردنی كولتووری ئێرانی و دەستوەردانی یەكلاكەرەوە لە بەرنامەی خوێندن لە قۆناغی بەر لە زانكۆ و لە زانكۆ و لە ئاڕاستەكردنی عەقڵی جەماوەر و یادەوەری بەكۆمەڵی گەلی ئێرانیشدا بكات. ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوودەدات تاڕادەیەكی زۆر نزیكە لەوەی كە سەفەوییەكان پێشتر ئەنجامیان دەدا، ئەگەر سەفەوییەكان بۆ سەپاندنی شیعەگەرایی بەزۆر بەسەر خەڵكیدا هەڵمەتی فراوانیان ئەنجام دابێت، ئەوا ئەمڕۆ سوپای پاسدارانیش هەڵمەتی فراوانی ڕەقو نەرم ئەنجام دەدات، تاوەكو خەڵكی ئاڕاستەیەكی دیاریكراوی مەزهەبیو تیۆرییەكی دیاریكراوی ناو مەزهەبێك وەربگرن، جگە لەوەش هیچ ڕاستی و فەلسەفەیەكی پوخت نابینن!
سەركردایەتی سوپای پاسداران بڕوایان وایە بەشداریكردنی سوپای پاسداران لەم ئەركەدا زامنی پاراستنی دەوڵەتە لە تاعونی “بە عەلمانیكردن”، هەروەها پاراستنی بنەما ئیسلامییەكانی شۆڕشو پەرەسەندنیەتی لەناو تانو پۆی گەلدا، ڕێگرتنە لە بەزایەچوونی چەمكە ئیسلامییەكانی تایبەتو پەیوەست بە شۆڕشو جیهادەوە، پاشان كێشە لە گەشەكردن و دابینكردنی توخمە ئایدۆلۆژییەكان بۆ سوپا و سوپای پاسداران سەرهەڵدەدات. بۆیە سوپای پاسداران بەشداری لە پێكهاتنی كولتووریی لە قۆناغە جۆراوجۆرەكانی خوێندندا دەكات، هەروەها بەشداری دەكات لە پێكهێنانی عەقڵی بەكۆمەڵی نەتەوەی ئێرانی بۆ دابینكردنی ئەندامانی بە ئایدۆلۆژیكراو لەسەر هەمان ئەو تەرزەی كە سەركردەكانی سوپای پاسداران دەیانەوێت، ئەمەش لە ئامادەكردنو دروستكردنی ئەو ئەندامانەی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە دەكەن كاتەكە كورت دەكاتەوە، سەرباری ڕاهێنانیان لە قۆناغە سەرەتاییەكانی گەنجێتیدا، بەپێچەوانەی دەستپێكردنی پرۆسەكانی دواتری شیاندن، كە تەنها لەكاتی پەیوەندیكردنی ئەندامان بە سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت.
هۆكارگەلی دیكە هەن بۆ هەوڵی سەركردەكانی سوپای پاسداران بۆ سنوورداركردنی ئەو فەرمانگانەی بڕوایان بە ویلایەتی فەقیھو ڕژێمی ئایینی لە وڵاتدا نییە، چونكە فراوانبوونی ئەو فەرمانگانە دەبنە هۆی فراوانكردنی كەلێنی كولتووری لەنێوان دەستەبژێری فەرمانڕەواو جەماوەردا، دەسەڵاتێكی لەم جۆرەش بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام نابێت، تەنها بە زەبروزەنگی تەواوەتی و شەكەتكردنی كۆمەڵگە و دەوڵەت نەبێت بە یەكسانی. بۆیە ڕێبەری باڵا بەردەوام ئامۆژگاری سەركردەكانی سوپای پاسداران دەكات كە لە كۆمەڵگە نزیك ببنەوە، لە خەمەكانیان بگەن، لە وتارێكیدا بە سەركردەكانی سوپای پاسداران دەڵێت: لەلای خەڵكی خۆشەویست بن، بەدەمیانەوە بچن و ڕەفتارتان لەگەڵ خەڵكیدا باش بێت و لە شانازیكردن بەخۆو دنیاویستی و ئەرستۆكراتییەت دووربكەونەوە، چونكە پاسداران لە دروستبوونیەوە لە دڵی خەڵكیەوە سەرچاوەی گرتوە(48).
ڕێبەری باڵا لە ئەیلولی (2011)، ئامانجەكانی شۆڕشی ئیسلامیی دیاریكرد، كە هەندێكیان بەدیهاتوون، وەكو: خودی شۆڕشی ئیسلامیی و دامەزراندنی دامەزراوەی حكومەتی ئیسلامیی، هەندێك كاری دیكەی پێشووش ماون وەكو: پێكهێنانی حكومەتێكی ئیسلامیی جیهانی “مامۆستایەتی جیهان”، شارستانیەتێكی ئیسلامیی جیهانی، كە هەردووكیان پشت بە ویلایەتی دەرەوەی سنوور دەبەستن، هەرچەندە ئێران فراوانبوون و پەلهاویشتنی لە عێراق، لوبنان، سووریا و وڵاتانی دیكەی هەرێمی بەدەستیهێناوە. بەڵام لە لێدوانێكی سەرنجڕاكێشدا فەرماندەی ئەو كاتی سوپای پاسداران لیوا جەعفەری – لە ئایاری 2015- دانی بەوەدانا لەم دوو بوارەدا نەیانتوانیوە پێشكەوتن بەدەست بهێنن: پێكهێنانی حكومەتێكی ئیسلامیی جیهانی، دامەزراندنی شارستانیەتێكی ئیسلامیی جیهانی. بەدیدی ئەو ئەم دواكەوتنە هەڕەشەیە بۆ سەر ڕیشەی شۆڕشی ئیسلامیی. بەزۆری كاتێك سەركردە و ئەفسەرانی پاسداران لەسەر لایەنی ڕەوشتی و كولتووری لە وڵاتدا سەرزەنشت دەكرێن و ئەوانیش تەواو بێزار دەبن، ئەو كارە هانیاندەدات تاوەكو داوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری ڕیشەییو جەوهەری لە قۆناغی خوێندنی زانكۆدا بكەن.
4-بەدیهێنانی ئامانجە وەلائیەكانی دەرەوەی سنوور
ئەركەكانی پاسداران تەنها ناوخۆی وڵات ناگرێتەوە، بەڵكو ئەندامانی سوپای پاسداران لە ڕووی ئایینی و مەزهەبیەوە بڕوایان وایە ویلایەتی ڕێبەری ئێران و پاشان كاریگەرییان، بۆ تەواوی وڵاتانی ئیسلامی درێژ دەبێتەوە، نەوەكو تەنها بۆ هەموو شیعە. لێرەوە سوپای پاسداران لەگەڵ گرووپە توندئاژۆكانی ناوچەكەدا یەكتردەبڕن، ئەویش ئاڕاستەكردنی كردارە بەرەو ناوخۆی ئیسلامی نەوەكو بۆ دەرەوە، یان بۆ دوژمنێكی نزیك نەوەكو بۆ دوژمنێكی دوور، بەگوزارشتی ڕێبەری باڵاش كاركردی سوپای پاسداران سنوورەكان دەبڕێت.
ڕێبەری باڵا لە وتەیەكیدا بۆ سەركردەكانی سوپای پاسداران دەڵێت: پێویستە دیدگای گشتگیر بۆ جوگرافیای مقاوەمەت لە بیر نەكەن كە سنوورەكان دەبڕێت، پێویستە بە سنووری ناوچەكەمان ڕازی نەبن، خۆتان لەنێو چوار دیواردا قەتیس مەكەن و بایەخ بە هەڕەشەكانی ئەودیو سنوور بدەن. دیدگای گشتگیر كە سنوور دەبڕێت و بەرپرسیارێتیەكەی دەكەویتە ئەستۆی سوپای پاسداران قووڵایی ستراتیژی وڵات پێكدەهێنێت، هەندێك كات دەبێتە زیاتر لە پێویستترینی ئەركەكان، بەڵام هەندێك ئاوڕ بەلای ئەم دۆزەدا نادەنەوە(50).
لەم چوارچێوەیەدا چەندینجار سەركردەكانی سوپای پاسداران باسیان لە هیلالی شیعی كردووە، هەروەها باس لەوە دەكەن كە حەلەب و سووریا و عێراق سەر بە قەوارەی ئێرانی گەورەن، سەرەڕای دەستوەردانی سەركردەكانی سوپای پاسداران لە كاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی هەرێمیدا.
ئەم خەونەی ئێران لەدایكبووی ئەم چركەساتە نییە، بەڵكو لە سەرەتای شۆڕشەوە پلانی بۆ دانراوە، بەجۆرێك حەسەنێن هەیكەل لە سەرەتای شۆڕشەوە تێبینی پێكهاتنی ئەم دەریا شیعییەی كردووە كە بە سەرپەرشتی ئێران لە سنوورەكانی پاكستانەوە تاوەكو دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە(51).
ئەمەش هەموی بۆ بیروباوەڕی دەستەبژێری ئایینی ئەمڕۆی ئێران دەگەڕێتەوە، كە بڕوایان بە درێژكردنەوەی ویلایەتی فەقیھ بۆ دەرەوەی سنووری ئێران هەیە، تاوەكو هەمو مسوڵمانان بگرێتەوە نەوەكو تەنها ئێرانییەكان یان شیعە لە ڕۆژهەڵاتو لە ڕۆژئاوادا. لەمبارەیەوە خامەنەئی دەڵێت: پێویستە لەسەر هەموو مسوڵمانان بە موجتەهیدان و مەرجەعە گەورەكانیشەوە لە كاروباری گشتی مسوڵماناندا لەنێویاندا بابەتەكانی ئاشتی و جەنگ، گوێڕایەڵی فەرمان و بڕیارەكانی وەلی ئەمری مسوڵمانان بكەن(52).
لێرەدا تێبینی بەكارهێنانی ئەم چەمكانە دەكەین: (هەموو مسوڵمانان)، (وەلی ئەمری مسوڵمانان)، (كاروباری گشتی مسوڵمانان).
كۆبەندی قسە لێرەدا ئەوەیە سوپای پاسداران ڕووخساری سەربازیی و ئایدۆلۆژی دەستەبژێری ئایینی فەرمانڕەوایە و تەنها متمانە بەم هێزە دەكەن، لە وتاری خامەنەئی بۆ سەركردەكانی سوپای سوپای پاسداران ستایشیان دەكات و ڕایاندەسپێرێت بۆ دیاریكردنی هەموو بابەتە ستراتیژییەكان لە سیاسەتی دەرەوەو ناوخۆدا، هەروەها بۆ هەموو ئەو بابەتانەشی بە سیاسەتو ئایینیو ئابوورییەوە پەیوەستن(53).
سێیەم: ئاییندەی سوپای پاسداران و دەرفەتی تێپەڕاندنی ئایدۆلۆژیا
سوپای پاسداران دووچاری ئاڵەنگاری ڕاستەقینە دەبێتەوە، هەندێكیان پەیوەستن بە ئاییندەی ڕژێمەكە و كارلێكە ناوخۆییەكانی دوای چل ساڵ لە حكومڕانی، هەندێكی دیكەشیان پەیوەستن بە وەرچەرخانەكانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەكی كە فشار دەخەنە سەر ڕژێم و دەوڵەتەكەش، دەكرێت ئاییندەی سوپای پاسداران لەڕێگەی ئەم خاڵانەوە ڕوون بكەینەوە:
1-هەڵوێستی سوپای پاسداران لە ویلایەتی فەقیھ
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆكی سوپای پاسداران لە دیاریكردنی ناوی ڕێبەری داهاتوودا، لە ناوەندەكانی توێژینەوەدا تێزی زۆر دەخرێتەڕوو (54)، تەنانەت هەندێكیان ئەگەرەكانیان فراوانتر دەكەن تا دەگاتە ئەگەری كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لە وڵاتدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە(55). یان فراوانكردنی ڕۆڵی سوپای پاسداران تاوەكو لە جومگەكانی دەوڵەتدا بەبێ دەستەبژێری سیاسیو ئایینی حكومڕانی بكەن.
هەندێك لەو نووسینانە بۆ ئەوە دەچن سوپای پاسداران هەوڵدەدەن تا خامەنەئی لەژیاندا بێت هەوڵی قایلكردنی بدەن، بەڵام دوای خامەنەئی خۆیان بە ناچار نابینن پابەندی ڕەهایان بە ویلایەتی فەقیھەوە هەبێت. هەڵگرانی ئەم بۆچوونە پێیانوایە ئەگەر هاتوو پێگەی پیاوانی ئایینی لاوازبوو یان ویلایەتی فەقیھ بە ڕەهایی پشتگوێخرا، ئەوا سوپای پاسداران ڕۆڵی ڕزگاركەر دەبینن. وادیارە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە لەمپەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان دەزانن و گریمانەی ئەو سیناریۆیە دەكەن كە سوپای پاسداران كەناڵی پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاواو تەنانەت ئیسرائیلیش دەكاتەوە، تاوەكو پشتگیری ئەوان بەدەست بهێنێت.
هەڵگرانی ئەم بۆچوونە بەتەواوی لەناوخۆی ئێران و تەنانەت لە سایكۆلۆژیای سوپای پاسدارانیش بێئاگان. لەم چوارچێوەیەدا باسكردن لە سوپای پاسداران وەكو بارستەیەكی ڕەق كە بە یەك هزرو بەیەك شێواز بیردەكەنەوە هیچ بەهایەكی نییە، چونكە نەزانینی ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و بناوانی فیقهی و بیروباوەڕیان دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم جۆرە گریمانانە تەنها وەكو سیناریۆ بمێننەوە، هیچ ئاماژەیەكی ئایینی یان سیاسی یان بژاڤێكی سەربازی پشتیوانی ناكات، كە سروشتێكی هاوپەیمانییەكی دیاریكراو یان شێوازێكی پێچەوانەی شێوازی وەلائی بگرێتەبەر.
سوپای پاسداران لە دەستەبژێری ئایینی حكومڕان جیاواز نییە، بەڵكو ڕووخساری سەربازیی ئەوانە، هەروەها ڕووی ئایدۆلۆژیست و باوەڕدارە بە ویلایەتی فەقیھ، ئەندامانی سوپای پاسداران لە خوێندكارە دڵسۆزەكانی سەركردە ئایینییە دیارەكانی ئێستای ئێرانن، هەروەها لە شوێنكەوتوانی ڕێبەری باڵا عەلی خامەنەئین، زۆرینەی بەرپرسە سیاسیەكانی ئەمڕۆی ئێران لەو كەسانەن كە بۆ ماوەیەك لە ژیانیان لە سوپای پاسداراندا خزمەتیان كردووە.
تیۆری ویلایەتی فەقیھ یان ئایدۆلۆژیای سیستەمی حوكم و دەستەبژێری ئایینی بەسەر سوپای پاسداراندا نەسەپێنراوە، بەڵكو خۆیان بەشێكن لەو دەستەبژێرە، بەشێكن لەو ئایدۆلۆژیایە، ئەم ئایدۆلۆژیایە هەمووی یان هەندێك لە باڵەكانی تاڕادەیەكی گەورە لە ئامێزی پاسداران یان بە چاودێری و سەرپەرشتی ئەوان خەمڵیوە. زۆرێك لە سەركردەكانی سوپای پاسداران و لقە جۆراوجۆرەكانی زانستە شەرعیەكانیان لە حەوزە زانستییەكان خوێندوە، ملكەچی تەواویان بۆ ڕێبەری باڵا و پڕۆژەی هێڵی وەلائی هەیە. بۆیە ناتوانین بڵێین ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و ئایدۆلۆژیای دەوڵەت لەیەك جیادەكەینەوە یان هەڵیدەوەشێنینەوە، چونكە لەدوای ساڵی (1979)ەوە، سوپای پاسداران بەشێكی دانەبڕاوە لە سیستەمی سیاسیو ئایینیو ئابووری دەوڵەت.
2- خۆگونجاندن لەگەڵ وەرچەرخانەكانی دۆخی سیاسیو كۆمەڵایەتیدا
بەهۆی دەستوەردانە سیاسیو تەناهییە بەردەوامەكانی سوپای پاسداران لە بەرژەوەندی پارێزگارانو باڵی ڕێبەر، ناوبانگی سوپای پاسداران لەلای ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و تەنانەت لەلای ئیسڵاحییەكانی (باڵی ڕیفۆرم) ناو خودی ڕژێمەكەش باش نییە. هەروەها بەهۆی سەرپەرشتی شەرعییان بەسەر كولتوور و كەشی گشتی ئایینی لە وڵاتدا، ناوبانگیان لەلای چینی گەنجانو ژنانیش زۆر خراپە. هەروەك سوپای پاسداران تەنها قەوارە نییە بە فەرمانی سەركردەی سوپای پاسداران یان وەزیری بەرگری فەرمانداری بكرێت، بەڵكو چەندین لیوا لەلایەن ڕێبەری باڵاوە سەركردایەتی دەكرێن و هەر ئەویش سەركردەكانیان دیاری دەكات، ئەمەش وادەكات فەلسەفەی بیستن و گوێڕایەڵی (سمع و طاعە) لەلای ئەم سەركردانە لە پێگەی یەكەمدا بەرەو لای ڕێبەری باڵا ئاڕاستە بكرێت، سەرباری دروستكردنی جۆرێك لە دۆخی كێبڕكێ لەنێوان ئەو سەركردانەدا، كە ڕێبەر بەردەوام كار لەسەر هاوسەنگ كردنیان دەكات(56).
ئەم پێكهاتەیەی ئێستای سوپای پاسداران بەرەنجامی ڕێكەوت نییە، بەڵكو بە ئەنقەستە و لەترسی دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوەكانی پێشتری سوپای ئێرانە كە لەدژی موسەدەق ئەنجامیاندا، یان شكستی شۆڕشی دەستوورییە، هەروەها بۆ بەرگرتنە لە ئەندێشەی كودەتای سەربازیی كە لە هەندێك لە دەوڵەتانی عەرەبی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ڕوویاندا، دەستەبژێری ئایینی شۆڕشگێڕیش بەباشی ئاگاداری ئەو ڕووداوانە بوون.
لە ڕژێمی سیاسی ئێرانیدا هەندێك نەگۆڕ و چەقی ڕوون هەن كە ناكرێت پێشێل یان فەرامۆش بكرێن، گرنگترینیان دەستووری وڵاتە كە پێشێلكردنی زۆر دوورە ئەگەر ژینگەیەكی لەبار نەبێت، وەكو دۆخی شۆڕش یان ئاڵۆزییەكی فراوان.
لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین دەوڵەتی ئێرانی خۆی لەگەڵ ئەو جۆرە ئاڵۆزییانەدا گونجاندووە، چونكە دەستەبژێری فەرمانڕەوا دەستەبژیرێكی شۆڕشگێڕە و لە مناڵدانی شۆڕش و جەنگی ناوخۆیی و پرۆسە چەكدارییەكانی دژی ڕژێمی شا و هاوبەشە شۆڕشگێڕەكانیەوە هاتووە. تەنانەت تا ئێستاش ئێران خۆی وەكو دەوڵەتێكی شۆڕشگێڕ دەناسێنێت، لە وێنەیەكدا كە لە قۆرخكاری شۆڕشگێڕانە بۆ هەڵمژینو ڕێگرتن لە هەر شەپۆلیكی شۆڕش لەدژیان نزیكترە. دەكرێت هەر شەپۆلێكی شۆڕشگێڕانە بەوە تۆمەتبار بكرێت كە بزاڤێكی دژە شۆڕشە “شۆڕشی پێچەوانە”، هەوڵێكیشە بۆ سەرنخون كردنەوەو كودەتاكردن بەسەر بنەماكانیدا.
3- پابەندبوونی دەستووری و ئایدۆلۆژی دوای خامەنەئی
ئەگەری ئەوە هەیە لەپاش مردنی خامەنەئی و لەمیانی گواستنەوەی دەسەڵاتدا پابەندبوون بە دەستوورەوە هەبێت، تەنانەت لەگەڵ گریمانەی سەرهەڵدانی شەپۆلی شۆڕشگێڕانەی كتوپڕی نالایەنگرانە لە ژیانی خامەنەئی یان پاش مردنی، بەڵام ڕفاندنی ئەو شەپۆلانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ڕێی تێناچێت، چونكە لەلای ئێرانییەكان ڕووخسارێكی ناسراوە، ئەمەش لەسەر گریمانەی مانەوەی هێزەكانی سوپای پاسداران بە یەكگرتوویی لە هەمبەر هەر شەپۆلێكی كتوپڕی فراواندا، لە ساتی هەڵوەشانەوەی ڕژێمەكە یان دەستەبژێرەكەیدا. تەنانەت بە ڕادەستكردنی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە سوپای پاسداران یان سیستەمی سەربازیی، ئەوا زیاتر لە حكومەتی پیاوانی ئایینی ئامادەی سازش نین(57).
بەڵام پرسیاری ئەوە دەمێنێتەوە ئایا ئاستی دەستوەردانی سوپای پاسداران لە هەڵبژاردنی ناوی ڕێبەردا چۆنە؟ ڕاستیەكەی ئەوەیە زۆر سنووردارە، تەنها لەوەدا كورت دەبێتەوە ڕێگە بگرێت لەوەی وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی بڕوات، یان لێكترازانی فراوان لەدژی تێزی ویلایەتی فەقیھ ڕووبدات، هەروەها ڕێگرتن لەهەر هەوڵێك بۆ بازدان بەسەر ناسنامەو ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی ئێرانیدا، واتە سوپای پاسداران پرۆسەی پاراستنی حكومەتی ئیسلامیو ئایدۆلۆژیاكەی لە قۆناغی بێدەسەڵاتی سیاسیدا ئەنجام دەدات. ئەم پاسەوانیكردنەش لە دەرەوە دەمێنێتەوە، واتە سوپای پاسداران لە هەڵبژاردنی مەرجەعێك بەسەر مەرجەعێكی دیكەدا دەنگی نابێت. وێنای ئەوەش ناكرێت كە فەرماندەی سوپای پاسداران لەناو ژووری كۆبوونەوەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتوو بێت، لەدوای ئامادەنەبوونی كتوپڕی ڕێبەری ئێستا بەهەر هۆكارێك بێت، یان مافی دەنگدان یان دەربڕینی ڕەزامەندی یان ناڕەزایی هەبێت، چونكە ئەمە مافێكی بنەڕەتی پیاوانی ئایینییە، ئەمەش خاڵی جەوهەری و سەرەكییە لە تیۆری ویلایەتی فەقیھدا، تەنها لەكاتێكدا نەبێت دیارنەبوونی ڕێبەر هاوكات بێت لەگەڵ ئاڵۆزییەكی كۆمەڵایەتی لەسەرانسەری وڵاتدا، یان سەرهەڵدانی ململانێ لەناوەندی دەستەبژیری ئایینی فەرمانڕەوادا.
بەهۆی نەبوونی ڕكابەرییەكی ڕاستەقینە ڕوودانی ئەو جۆرە گرژییانەش لەناو دەستەبژیری ئایینی فەرمانڕەوادا بەدوور دەزانرێت. هەروەك لەكاتی مردنی ئایەتوڵڵا مونتەزەرییەوە ئامادەنەبوونێكی شێوە تەواوەتی ڕیفۆرمخوازە كاریگەر و كاریزماكان هەیە، ئایەتوڵڵا یوسف سانعی (1937 – 2020) وەكو مونتەزەری پێشەنگێكی بەهێز نەبوو. لەگەڵ نەبوونی خوێندكارە گەورەكانی مونتەزەری كە دەیانتوانی ڕكابەری گەورە مەرجەعەكانی پارێزگاران بكەن، ئەوا ڕكابەرییەكە تا ئاستێكی گەورە لەنێوان پارێزگارەكاندا دەبێت، نەوەكو لەنێوان ئەوان و ڕیفۆرمخوازەكاندا. ئەگەر ئەم سیناریۆیەش بەئاسانی بەدی بێت ئەوا ڕۆڵی پاسداران ڕۆڵێكی دیاریكراو دەبێت، ئەگەر لەدەرەوەی ئەم هاوسەنگییانە هیچ پێشهاتێكی دیكە ڕوونەدات.
4-ئاییندەی بژاردە عەقیدەییەكان:
دەتوانین بڵێین سوپای پاسداران تەنها هێزێكی سەربازیی نیزامی نیین وەكو سوپا نیشتیمانییەكان لە دەوڵەتە هاوچەرخەكاندا، بەڵكو كاریگەری و دینامیكیەتی ڕاستەقینەی سوپای پاسداران لە ئایدۆلۆژیاكەیدایە، ئەم ئایدۆلۆژیایەش بزوێنەری سەرەكییە بۆ سیاسەتو ئاڕاستەكانی لە ناوخۆو دەرەوەدا، ئەمەش ناسنامە و ئاستی پلەی دنیابینی هێزەكە و ئەندامەكانی دیاری دەكات.
كورت و پوخت: سوپای پاسداران سوپایەكی عەقیدەییە، بڕوای بە مەهدی هەیە، بڕوای بە حكومەتێكی جیهانی هەیە كە زەوی بۆ هاتنی مەهدی ئامادە دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بكەرە نائایدۆلۆژییەكان پشتگوێ بخەین وەكو: كەسایەتی لەنێو سەركردە و ئەندامەكانی سوپای پاسداراندا كە لە ڕكابەریدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ڕێبەر و موزایەدەكردن لە ڕاگەیاندنی گوێڕایەڵیان بۆ ڕێبەر و شۆڕش و سەركوتكردنی نەیاران، هەروەها گەندەڵی دارایی لە دۆسیەی ئابووریدا، هاوپەیمانی گومانلێكراو لە دۆسیەی سیاسیدا، پشتیوانیكردنی لایەنێك لەسەر حیسابی لایەنێكی تر. هەموو ئەمانەش ئەنجام و دەرهاویشتەی هۆكارێكی ناوەندی و جەوهەرییە ئەویش ئایدۆلۆژیایە. ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و دەوڵەتی ئێرانی خۆی لە ویلایەتی فەقیھ و تیۆری سیاسی خومەینی و ڕەوتی وەلائیدا دەبینێتەوە كە ڕێگە بە بوونی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی نادەن كە لە ڕیشەوە كۆنترۆڵی گەندەڵی بكات، بەڵكو دەوڵەت بۆ كەسایەتیە پیرۆز و پاكەكان سازدەكات، بەو پێیەی پیاوانی ئایینینو فەقیھنو نوێنەرایەتی ئیمامی مەعسوم دەكەن، پاشان حكومڕانی دەكەنو حوكمیان بەسەردا ناكرێت.
ئەم ئایدۆلۆژیایە بووەتە هۆی پێشخستنی گوێڕایەڵی (وەلاء) بەسەر لێهاتوویدا، هێندە بەسە پیاوێكی ئایینی وەلائی خۆی بۆ ماڵی ڕێبەر و شۆڕش و موزایەدەكردن بەسەر نەیاراندا ڕابگەیەنێت، تاوەكو پۆستێكی حكومی وەربگرێت یان هەندێك دەستكەوتی لە دەوڵەتەوە دەست بكەوێت، لەكاتێكدا پسپۆڕە تەكنۆكراتەكان یان ڕیفۆرمخوازەكان یان ئەو كەسانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن هیچ پۆستێكی حكومی گرنگیان لە دەوڵەتدا دەست ناكەوێت. ئەمەش هەمان گرفتە كە خومەینی لەدژی دەوڵەتی شا تیۆریزەی دەكرد، ئەو كاتەی هەندێك لە ئاخوندەكان بە هاوكاریكردنی شا تۆمەتبار دەكران، داوای لە خەڵكی دەكرد عەمامەكانیان فڕێ بدەن، پاشان هەر ئەوبوو لە دەوڵەتی پاش (1979) ڕۆڵی ئاخوندەكانی بەهێزكرد تاوەكو هەمان ڕۆڵ بگێڕن كە كەسانی نەریتخوازی ناحەرەكی لەسەردەمی شادا دەیانگێڕا.
هیچ ئاماژەنمایەكی ڕاستەقینەش نییە كە بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی ئەم ئایدۆلۆژیایە لە مەودایەكی نزیكدا دیار نامێنێت، تەنانەت پاش مردنی ڕێبەری ئێستا یان ئامادەنەبوونی بۆ جێبەجێكردنی ڕۆڵەكەی، لەبەر چەندین هۆی جۆراوجۆر، لە گرنگترینیان: تۆڕەكانی گرووپی فەرمانڕەوا ئاڵۆز و بڵۆزن، بیروباوەڕ بووەتە بەشێك لە بەرژەوەندییەكان، بەرژەوەندییەكانیش بووەتە بەشێك لە بیروباوەڕ، بەشێوەیەك تێكەڵاو بوون ئەستەمە پێداچوونەوە یان چاكسازی خودی ناوخۆیی تێدا بكرێت. چونكە ئەو گرووپە دەسەڵاتدارە خاوەنی هێزی سەربازی و ئابووری و سیاسی و تاڕادەیەكی گەورە حەوزەشن، كلیلی دۆڵابەكانی دەسەڵات و دامەزراوە سەروەری و ناسەروەرییەكان لەدەستی ئەماندایە. ئەو كۆمەڵەیەش تەنها خۆی لە باڵی پارێزگاراندا نابینێتەوە، بەڵكو لەناو پارێزگاران و ڕیفۆرمخوازاندا لە یەك ئاستدایە، هەردوولایان هەمان ئایدۆلۆژیا كۆیان دەكاتەوە، جیاوازییەكانیان لاوەكییە نەوەكو گشتگیر، هەروەها لە جێبەجێكردن و بەكارهێنانی هەندێك لە ئامرازەكاندا جیاوازن. بەتایبەتی لەگەڵ پێداگری ڕیفۆرمخوازەكان بۆ بەجێهینانی ڕۆڵێكی گۆڕانخوازانە لەناو سیستەمی دەسەڵاتدا! خودی ڕیفۆرمخوازەكانیش لەسەر ئاستی هزری و سیاسی پێویستییان بە بەخۆداچوونەوە هەیە.
دەكرێت بڵێین دەوڵەتی ئێران پاش شۆڕشی ئیسلامی بووەتە ئایدۆلۆژی و جیاوازییەكانی نێوان دەوڵەت و دامەزراوەكانی و نێوان ویلایەتی فەقیھ وەكو تیۆری حكومڕانی تواوەتەوە، بۆیە هەر هەڵوەشانەوەیەكی ئایدۆلۆژیاكەی یان دەستبەرداربوون لە بەشێكی ئەوا بەڕاستی هەڵوەشانەوەی ڕژێمی پاش (1979)یە. توبی ماتیسۆن تێبینی ئەمەی كردووە كاتێك ئایدۆلۆژیای مەزهەبی شیعەی كردۆتە بەردی بناغە بۆ تێگەیشتن لە شێوازی كاری دەوڵەتو كۆمەڵگە لەئێراندا(58). بەدەربڕینێكی وردتر بۆ تێگەیشتن لە دەستەبژێری ئایینی فەرمانڕەوا “شیعەی ئێرانی” بە خوێندنەوەی خومەینی، دەروازەی بنەڕەتییە.
پوختە
ئەو ئایدۆلۆژیایەی كە سوپای پاسداران پێوەی پابەندە لەسەر گریمانەی بەردەوامی و لانەبردنێتی بە: شۆڕش یان دەستوەردانی دەرەكی، یاخود ئەنجامدانی بەخۆداچونەوەو پاشەكشە لە دەرەنجامی فشاری ئابووری و پەراوێزخستنی سیاسیدا، بەڵام لەمەودایەكی دووردا لەوانەیە بەكردارێكی خودی دابخورێتو هەڵبوەشێتەوە، ئەویش پێكدادانێتی لەگەڵ مۆدێرنە و دەوڵەتی هاوچەرخدا، چونكە سوپای پاسداران شكستی خۆی گرێداوە بە سەركەوتنی لە هێشتنەوە و مانەوەی كۆمەڵگە دوور لە مۆدێرنە و عەلمانیەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەكاتێكدا سیستەمی مۆدێرنە كە سەركردە ئێرانییەكان لێی هەڵدێن دیفاكتۆیە، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین، هەروەها بەگوێرەی ڕەوڕەوەی مێژوو ناتوانن دەستبەرداری بن.
داخوران لێرەدا مانای ڕوخانی تەواوەتی ڕژێمی سیاسی نییە كە بەهێزی سەربازی سوپای پاسداران دەستی بەسەر جومگەكانی دەسەڵاتدا گرتووە، هێندەی ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو لە كاروانی سەردەم لە ئازادییەكان، مافەكان و هونەری بەڕێوەبردن، كە لەم بارەدا بەخێراییەكی زۆر لە پێشكەوتندان! لەسایەی نائامادەگی تەواوەتی دامەزراوەكان و كاراكردنی قانونو دامەزراوەكانی چاودێریدا، لەناو داڵانی دەسەڵاتدا ئایدۆلۆژیا بووەتە ماددەیەكی بەكارهێنراو بۆ دەستكەوت و قازانج بەشێوەیەكی نایاسایی.
چارەسەر ئەوەیە دەستەبژێری ئایینی پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوەی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی بیروبۆچوون و سیاسەت ئەنجام بدەن. چونكە بەرزكردنەوەی تیۆری ویلایەتی فەقیھ بۆ پلەی پێداویستییە مەزهەبییەكان هەڵەیەكی ستراتیژی ئەو دەستەبژێرە بوو، بووە هۆی پێكدادان لەنێوان هەموو ئەو كەسانەی بڕوایان پێی نییە لەگەڵ دامەزراوە ڕەقەكانی وەكو سوپای پاسداران لە وڵاتدا، هەروەها بەشداربوو لە دەركەوتنی هێزی توند – هێزەكانی ئاسایش و سوپای پاسداران- وەكو پاسەوان بەسەر ڕەوشت و بەهاكانی سەرچاوە گرتوو لەو تیۆرییەوە، بەو پێیەی بەرگری لە پێداویستییەكانی مەزهەبەكە و بیروباوەڕی دەوڵەتەكە دەكەن.
هەرچەندە دەستەبژێری ئایینی هەوڵەكانی لەسەر داڕشتنی فیقهێكی دروستكراوو هەڵبژێردراو لەنێوان مۆدێرنە و كەلەپوری مەزهەبی و نەتەوەییدا چڕ بكاتەوە، هەوڵبدات بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بە دوور لە ڕەهەندی فراوانخوازی و ئایدۆلۆژی، پەیوەندییەكی هێمنی لەگەڵ ڕەوتە دژبەرەكان لەناوخۆدا هەبێت، پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ هێزە هەرێمایەتییەكاندا لە دەرەوە هەبێت، ئەوا هێندە بەرەو دەوڵەتێكی سروشتیو گەشەكردوو دەچێت. بەڵام پێكدادان لەگەڵ مۆدێرنە لە ڕووی بنەما و توانای توانەوە و ئاوێتەبوون لە هەموو ئەوانەی پەیوەستە پێیەوە، ڕێسای ناوخۆیی كۆمەڵایەتی وەهای دروستكردووە، كە بەرگری لە ڕەوتی ڕۆشنگەری بكات و ئەفسانەی بزووتنەوەی نەریتی تێكبدات، ئەمەش وایكردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئێران وەكو دەوڵەتێكی ڕادیكاڵی دەربكەوێت.
* سەرچاوە: گۆڤاری توێژینەوە ئێرانییەكان (گۆڤارێكی زانستییە، ساڵانە دوو ژمارەی بە عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە)، ژمارە دە، ساڵی سێیەم، ئۆكتۆبەری 2019، لاپەڕە (29 – 48)
سەرچاوەكان:
تێبینی سەبارەت بە سەرچاوەكان. لەبەر زۆریی سەرچاوەكان لە ناو بابەتەكەدا ئاماژەمان پێنەكردوون و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ نوسخەی ئۆرجیناڵی بابەتەكە كە بە عەرەبی نووسراوە. ” أيدولوجيا الحرس الثوريّ الأدوار وَالتوجهات وَتحولات البنية العقدية” مجلة الدراسات الإيرانية
دراسات وأبحاث علمية متخصصة مجلة علمية نصف سنوية محكمة تصدر باللغتين العربية والإنجليزية، السنة الثالثة – العدد العاشر – أكتوبر ٢٠١٩. نوسخەی pdf ی توێژینەوەكە لە ناو سایتی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی دادەنرێت.
[1] – ئەم بابەتە وەرگێڕانی توێژینەوەیەك بە ناونیشانی ” أيدولوجيا الحرس الثوريّ الأدوار وَالتوجهات وَتحولات البنية العقدية” مجلة الدراسات الإيرانية
دراسات وأبحاث علمية متخصصة مجلة علمية نصف سنوية محكمة تصدر باللغتين العربية والإنجليزية، السنة الثالثة – العدد العاشر – أكتوبر ٢٠١٩