• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 30, 2020

چارەسەری کێشەی ئاسایش لە کەرکوک

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێشەوا جەلال محەمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان، لە ساڵی ١٩٩٥دا لە وەڵامدا بۆ کێشەکانی سۆماڵ و ڕواندا و بۆسنە دامەزرا، بە مەبەستی ئاگاداریدان دەربارەی کێشە مەترسیدارەکان پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن. ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە، کار دەکات بۆ ڕێگرتن لە جەنگەکان و داڕشتنی سیاسەت بە ئاڕاستەی بنیاتنانی ئاشتیی جیهانی.

کەرکووک زۆر جار وەکوو عێراقی بچوککراوە وێنا دەکرێت، بە هۆی فرە نەتەوەیی و ئایینی و دەوڵەمەندیی نەوت. شارەکە چەقی ململانێی حکومەتەکانی عێراق و جووڵانەوەکانی کورد بووە. لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دۆزینەوەی نەوت و دەرکەوتنی وەکوو مەکینەی گەشەی ئابووریی عێراق، هەروەها هێڵی ئاڵۆزیی نێوان کورد و عەرەب؛ هەمیشە جێی بایەخی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بووە. لە چاوی بەغداوە، کەرکووک سەنتەرێکی گرنگی نەوتە و لای کوردیش جگە لە نەوت؛ ڕەهەندی تری سیاسیی هەیە. شارەکە لەدوای دەسەڵاتی بەعسییەکان، لە ساڵی ١٩٦٨ ڕووبەڕووی پڕۆسەی بەعەرەبکردن بووەوە، چەندین شارۆچکەی لێ دابڕێنرا و خرانە سەر پارێزگانی تر. دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، زۆر گۆڕانکاریی تری بەسەردا هات و کوردەکان بە هێزەوە دەرکەوتنەوە و هەوڵی گەڕانەوەی خێزانە ڕاگوازراوەکانیان دا و دەسەڵاتیان زیادی کرد کاتێک داعش پەلامارەکانی بۆ سەر پارێزگاکە زیادی کرد و حکومەتی عێراق سەرکەوتوو نەبوو لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە. لەدوای تێكشاندنی داعش لە عێراقدا لە ٢٥ی سێپتەمبەر، کورد ڕیفراندۆمی کرد بۆ جیابوونەوە لە عێراق و ڕیفراندۆمەکە ئەو ناوچانەشی گرتەوە کە لە دەوەرەی هەرێمی کوردستان بوون و کێشەلەسەرن لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم. ئەوەش کاردانەوەی بەغدا و هەرێمیی بەدوادا هات و لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی فیدراڵی سوپای جووڵاند و توانیی ئەو ناوچانەی کێشەلەسەرن؛ بگەڕینێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. کوردەکان کە گەورەترین نەتەوەی پارێزگاکەن، جارێکی تر خۆیان لە کەمیی نوێنەرایەتیکردن لە پارێزگاکە بینییەوە کە گرنگییەکی سیاسیی زۆری بۆیان هەیە. ڕووداوەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆم، دووبەرەکیی زۆری خستە نێوان هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لاوازیی زیاتری کوردی لێ کەوتەوە.

ئەگەر تەماشای ململانێی بەردەوامی کورد لەسەر کەرکووک لەگەڵ ‌حکومەتەکانی عێراقی فیدراڵ و ئەو بارودۆخە  بەردەوام گرژەی ئێستا هەیە بکەین، هەمیشە ئەگەری گەڕێکی تری ململانێی ئیتنیکی دەردەخات. لەگەڵ ئەوانەشدا کەمیی هەماهەنگیی هێزەکانی ئاسایش لە کەرکووک و دەوروبەری، لەمپەری دروست کردووە لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش لە حەویجە و ڕۆژئاوای شارەکە.

گۆڕانکارییەکانی ئاسایشی کەرکووک

١. پێش داعش (٢٠٠٣-٢٠١٤)

ساڵانی دوای ٢٠٠٣، وەکوو خولگەیەکی ململانێکان دەبینرێت لە عێراقدا. لە ساڵی ٢٠٠٥دا عێراق کەوتە ناو شەڕێکی تایفییەوە کە تا سێ ساڵ کۆتایی نەهات و دواتریش بە شێوەی ڕێژەیی سەقامگیری هەبوو، لە ساڵی ٢٠١١ کۆتایی هات. لەدوای كشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١، خۆپیشاندانەکان لە ناوچە سوننەنشینەکان دەستی پێ کرد دژی حکومەتی زۆرینە شیعە بە هۆی هەستکردن بە فەرامۆشکردنیان، بۆ نموونە؛ لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک، حکومەتەکەی نووری مالیکی زۆر بەتوندی سەرکوتی کردن و ئەمەش کێڵگەیەکی بەپیتی بۆ داعش دروست کرد و دواتریش سوودی لێ وەرگرت.

لەنێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٩، ئاسایشی کەرکووک لەژێر فەرماندارێتیی ئەمەریکا بوو. لە ٢٠٠٣دا، هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ پێشمەرگە کرد بۆ تێکشاندن و کۆنترۆڵکردنی ڕژێم لە باکووری عێراق و کانە نەوتەکانی. کوردەکان خێرا هەنگاویان نا بەرەو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە هۆی نەمانی ڕژێمەوە لە پارێزگاکە دروست بووبوو. دواتریش عەبدولڕەحمان مستەفا بە پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا لە ئەنجوومەنی پارێزگا، بە چاودێریی دەسەڵاتی هاوپەیمانان. لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا، لیستی برایەتی زۆرینە کورد؛ ٢٦ لە کۆی ٤١ کورسیی هێنا و زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی پێک هێنا، لە کاتێکدا عەرەبەکان بایکۆتی پڕۆسەی سیاسییان کرد.

لەدوای دەستکردن بە بنیاتنانەوەی سوپای عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی کرد بە ڕادەستکردنەوەی ئاسایشی ناوچەکە بە سوپای عێراق، جگە لە ناو شاری کەرکووک و ناوچەی حەویجە. لە ناوچەی حەویجە هێزی ڕابوونی خێڵە عەرەبییەکانی دروست کرد، تا نەبێتە شوێنی پێکدادانی تایفی. هەر چەندە ئاستی توندوتیژی لە پارێزگاکە هەرگیز نەگەیشتە ئەوەی لە بەشەکانی تری عێراق ڕووی دا، بەڵام چەندین جار گرژی ڕووی دا، بەتایبەت لەنێوان کورد و عەرەبدا، هۆکاری سەرەکییش شکستی حکومەت بوو لە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.

لەو سەروبەندەدا ئەمەریکا و عێراق دوو ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد، کە یەکێکیان بۆ پەیوەندییە دوولایەنییە سیاسی و ئابوورییەکان بوو، ئەوی تریش لەسەر ئاسایش بوو. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پێویست بوو لێپرسراوێتیی هێزەکانی ئەمەریکا بدرێت بە هێزەکانی عێراق. لە ناوچە کێشەلەسەرەکانیش، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق؛ جەنەراڵ ڕایمۆند ئۆدێرنۆ پێشنیاری هەماهەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کرد بە دانانی سەنتەری هاوکاریی هاوبەش و بازگەی هاوبەش لەژێر چاودێریی ئەمەریکا.

جێبەجێکردنی پلانەکە تووشی کێشە بوو، کاتێک لایەنەکان داواکارییەکانیان لەسەر بنەمای ململانێ بوو. حکومەتی عێراق داوای دەکرد کە لیوای ١٠ی پێشمەرگە کە لە باکووری شارەکە جێگیر کرابوون؛ بەتەواوی بکشێنەوە، کوردەکان دژی وەستانەوە و سکاڵای ئەوەیان کرد کە ژمارەیەکی زۆری سوپای عێراق بوونیان هەیە لە ناوچەکە، عەرەبەکانیش سوپای ئەمەریکایان بە پشتگیری کورد تۆمەتبار دەکرد، کوردەکانیش گومانیان لە نیازپاکیی ئەو فەرماندانە هەبوو کە پێشتر لە سوپای ڕژێمدا بوون. سەرەڕای ئەم کێشانە، میکانیزمەکە بە نێوەندگیریی ئەمەریکا سەری گرت. سەنتەری هەماهەنگی و بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی تایبەت بە ئاسایش لەنێوان سوپا و پێشمەرگە و پۆلیس جیبەجێ کرا. لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا، تێکچوونی باری ئاسایش زیاتر دەرکەوت دوای ئەوەی نووری مالیکی زۆر بەتوندی دژی خۆپیشاندانەکانی ناوچە سوننییەکان وەستایەوە. هەر چەندە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەردوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام هەرێم نیگەرانییەکانی زیادی کرد لەبەرامبەر زیادکردنی توندوتیژییەکانی موسڵ و کەمتەرخەمیی بەغدا.

  1. ماوەی دەرکەوتنی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)

لەدوای هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤، هێزەکانی عێراق تێک شکان و کشانەوە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان. لە ١٢ی حوزەیران، هەموو هێزەکانی حکومەتی فیدراڵ لە کەرکووک کشانەوە. هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ڕۆژهەڵات و باکووری شارەکە جێگیر بوون، بەرەو ناو شارەکە و دەوروبەری جووڵەیان کرد. داعش هێرشی کردە سەر شارەکە و پێشمەرگە بە یارمەتیی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بەرپەرچی دانەوە، بەڵام  باشووری ڕۆژئاوای ڕێگای ٨٠ کە ڕێگای دبسە، ١٥کم  لە باکووری شارەکە و حەویجە کەوتن و داعش کۆنترۆڵی کرد. پارتی و یەکێتی دەستیان گرت بەسەر ئاسایشی شارەکەدا و لەلای باشوور و ڕۆژهەڵاتی شارەکە بەرەو پارێزگای سلێمانی، هێزەکانی یەکەی ٧٠ی یەکێتی کۆنترۆڵی کرد و باكوور و ڕۆژئاوا بەرەو پارێزگای هەولێر، لە ناویشیاندا بیرە نەوتە سەرەکییەکان، هێزەکانی ٨٠ی پارتی کۆنترۆڵیان کرد.

 ئاسایشی دوو حیزبەکە ئەرکەکانیان لەپاڵ پێشمەرگە پێ سپێردرا، لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و یارمەتیی پۆلیس بۆ پاراستنی شار و دەستگیرکردنی داواکراوان. زۆربەی ڕاپۆرتەکان لەسەر ڕووداوەکان دەدران بە ئاسایش لەجیاتیی پۆلیس، هەر چەندە عەرەب و تورکمانەکان ترسیان هەبوو بە هۆی ئەوەی ئاسایش تاوانبار دەکرا بە خراپ بەکارهێنانی هێز و هەراسانکردنی خەڵکی مەدەنی و کاری نایاسایی. ترسەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لە ماوەی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧، بە لایەنی کەم ٣٠ کەس لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوت و سیاسیی عەرەب و تورکمان کوژران و ئەنجامدەرانی نەدۆزرانەوە و خەڵکانێکی زۆریش ئاوارە بوون.

٣. دوای داعش (٢٠١٧ تا ئێستا)

لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧، هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی لە هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد و لایەنگرانی ڕیفراندۆم بە ئەنجامێکی یەکجار زۆر براوە بوون. بەغدا ئەمەی بە نادەستووری دانا و کۆمەڵی نێودەوڵەتییش بە لایەنی کەمەوە بە کاتێکی نەگونجاویان دانا، وڵاتانی ئێران و تورکیای دراوسێ هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی عێراق؛ بە هەڕەشەیان زانی لەسەر خۆیان، بەتایبەت هاوسۆزی لەناو کوردەکانی ئەو وڵاتانە دروست دەکات. کاتێک یاریکەرە سەرەکییەکانی وەک ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا و ئێران و تورکیا ڕیفراندۆمیان ڕەت کردەوە، دەرفەتی ڕەخساند بۆ حکومەتی عێراق کە لەگەڵ قۆناغی کۆتایی داعش دەست بگرێتەوە بەسەر کەرکووکدا. لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی جووڵەیان کرد بەرەو شارەکە و خستیانە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. لە جێگای پارێزگاری شارەکە، کەسێکی عەرەب بە ناوی ڕاکان جبوری دانرا و زۆرێک لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا؛ شارەکەیان بەجێ هێشت.

جیاوازیی گەورە لەنێوان بۆچوونی کوردەکان لە لایەک و عەرەب و تورکمانەکان لە لایەک هەیە، ئەمانەی دووەمیان لایان وایە بە هۆی کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن کوردەوە لەدوای داعش، توانیویانە زۆربەی بەشی بەڕێوەبردن و ئاسایش بۆ خۆیان کۆنترۆڵ بکەن. سیاسییە کوردەکان بەپێچەوانەوە بڕوایان وایە لە بەڕێوەبردن و ئاسایشدا کەنار خراون، چونکە پارێزگاری بەوەکالەت، ئەو ئەندامە کوردانەی کە لە کۆمیتەی ئاسایشی پارێزگاکەن؛ دوور خستووەتەوە و لە ئەنجامدا توانیویانە عەرەب بگەڕێننەوە بۆ پارێزگاکە بەپێی بەرژەوەندییەکانیان. پارێزگاری بەوەکالەت نەک تەنها لەلایەن کوردەکانەوە، بەڵکوو لەلایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و خێڵەکەی کار دەکات، هەروەها دەستی کردووە بە دەرکردنی ئەو خێزانە کوردانەی کە لە گەڕەکی عەرەفە هەن، بە بیانووی ئەوەی ئەوانە لەلایەن دەسەڵاتی پێشووەوە هێنراون و خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک نین.

 

بژاردەکانی دابینکردنی ئاسایش بۆ کەرکووک

لە گفتوگۆکانی دەربارەی ئاسایشی کەرکووک، دوو بژاردەی زاڵ هەن: یەکەمیان: دروستکردنی هێزی هاوبەشی کوردی-حکومەتی فیدراڵە، کە هاوشێوەی ئەو مۆدێلەیە جەنەراڵ ئۆدێرنۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ خستیە ڕوو. دووهەمیان: زیادکردنی هێزێکە لە نەتەوەکانی شارەکە بۆ مۆدێلی یەکەم. ئەم بژاردانە لەناو وتوێژەکاندا بوون لەسەر دوو هێڵی جیاواز، ئەوانیش کۆبوونەوەی لیژنەی بەرپرسە باڵاکانی ئاسایشی بەغدا و هەولێر و گفتوگۆکانی نوێنەرانی سیاسیی نەتەوەکانی کەرکووک بە چاودێریی یۆنامی (نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – عێراق). ئەم دوو شێوازە گفتوگۆکردنە لە سەرەتای ٢٠٠٩ دەستیان پێ کرد، دوای دروستکردنی کابینە نوێیەکەی حکومەتەکەی عادل عەبدول مەهدی. بە هۆی خۆپیشاندانە گەورەکانی بەغدا و هەندێ شوێنی تری عێراق، گفتوگۆکان وەستێنران، پاشان  هەڵوەشانەوەی حکومەتی بەدوادا هات. لە ئێستاشدا موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانە و ‌حکومەتی گرتووەتە دەست، هەندێ کێشە بەرۆکی گرتووە، لەوانەش: کورتهێنانی بودجە کە پێدەچێ ببێتە پێشینەی کارەکانی.

پێدەچێت بژاردەی دووەم بۆ ئارامکردنەوەی گرژییەکان گونجاوتر بێت، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستای بەغدادا مەحاڵە، چونکە چوارچێوەیەکی یاسایی و پشتگیریی زۆرتری دارایی لە بژاردەی یەکەم پێویستە، ئەمە سەرەڕای ڕەزامەندیی حکومەتی فیدراڵ.

لەبەر ئەوەی هەنگاوی بەپەلە پێویستە بۆ هەڵوەشانەوەی ئاسایشی کەرکووک، وا باشترە بەغدا بژاردەی یەکەم پەسەند بکات و ئامادەکاری بکات بۆ بژاردەی دووەم. پێویستە ئەرکەکە بە سوپای حکومەت بسپێرێت لەجیاتیی پۆلیسی فیدراڵ و حەشد، لە هەمان کاتدا ڕەزامەندی دەرببڕێت لە بارەی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا. بە لایەنی کەمەوە پێویستە ئەو فەرماندانە ڕابسپێرن کە پیشەگەرن، چونکە مامەڵەیان کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و ئاستی هاوکارییان لەگەڵ هێزەکانی تردا، هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ دروستکردنی هێزێکی فرەنەتەوە لە داهاتوودا دەرببڕن. نیشاندانی ئەم ئاماژانە، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گفتوگۆکان بە ئاڕاستەی دروستکردنی هێزێکی لەو جۆرە لە ئەگەری باشتربوونی بارودۆخی بەغدا.

بژاردەی یەکەم: ڕێکخستنەوەی ئاسایشی یەکگرتوو

 پێشتر بەڕێوەبردنی دوولایەنەی ئاسایش لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە؛ بە شێوازی جۆراوجۆر بوونی هەبووە، ئەوەش لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کە ئەمەریکا میکانیزمەکانی ئاسایشی یەکگرتووی لە ناوچەکانی کەرکووک و دیالە بنیات نا لە ساڵی ٢٠٠٩. لایەنی کەم ئەم ڕێکخستنە؛ ژووری ئۆپەراسیۆنی یەکگرتوو بۆ هەماهەنگیی ناوخۆیی و گۆڕینەوەی زانیاری لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەی لێ کەوتەوە، ئەمە جگە لە هاوکاریی لایەنەکانی تری ئاسایش لە ناوچەکە. لەوەش گرنگتر، لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١، دوو لایەنەکە بەردەوام بوون لە ئێشکگری و دانانی بازگە و ئۆپەراسێۆنی هاوبەش. دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقی بەشداریی کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە لایەنگرانی داعش لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (لە ناوچە کێشەلەسەرەکان)، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەکوو شەڕی تکریت لە ساڵی ٢٠١٥. پێش ٢٠١٤، هەردوو هێزەکە هەندێ بازگەیان دانابوو لە کەرکووک، بە درێژایی ئەو هێڵەی نێوان سنووری باکووری ژێر دەستی پێشمەرگە و باشووری ژێر دەستی سوپای عێراق، ئەمە میکانیزمەکەی ئۆدێرنۆی خستبووە دۆخێکی ناسکەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی کارکردنی، عادل عەبدول مەهدی هەنگاوی نا بەرەو گەڕانەوە بۆ ئەم مۆدێلە. لە سێپتەمبەری ٢٠١٩، سەرۆکوەزیران بە بڕیارێکی تایبەت فەرمانی کرد بە بەشداریپێکردنی نوێنەرایەتیی پێشمەرگە لە فەرماندارێتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق. ئەمە جووڵەیەکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی ئاساییکردنەوەی هەماهەنگیی ئاسایش لەنێوان بەغدا و هەولێر. لەگەڵ ئەوەی ئەمە ڕەنگە خواستی دروستکردنی متمانە نیشان بدات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم لێکگەیشتنانە درێژمەودا بن، نەخشەڕێگایەک پێویستە لە بارەی چۆنێتیی هاوکاریی نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدراڵ و هێزە کوردییەکان.

کاتێک بەغدا کاری کرد بۆ چارەسەری کێشەی ئاسایش لە وڵاتدا، لەوانەش پشێوییەکانی پارێزگاکانی باشوور، پێشینەیەکی تری دوورخستنەوەی داعش بوو بەو هێزانەی لەبەر دەستین، هێزی کۆکراوەی پێویستی نەبوو بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز لەو بارودۆخە تایبەتەی کەرکووک. ڕێککەوتنی حوزەیرانی ٢٠١٩ لەنێوان بەغدا و هەولێر کرا بۆ جێگرتنەوەی پۆلیسی فیدراڵی بە سوپای عێراق، هێشتا لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردندایە. عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک بەتایبەتی سوننییەکان، ترسیان لە پلانەکانی داهاتوو بەتایبەتی لە ئامادەیی پێشمەرگە کەمتر نییە لە پشتگوێخستنیان لە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر. ئەوان پێیان وایە خواستەکانی کورد پشتگیری دەکرێ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە هەمان کاتدا حکومەتێکی شیعیی ئیسلامی بە نوێنەری خۆیان نازانن.

هەردوو لایەنی عەرەبی و تورکمانی بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ مۆدێلەکەی ئۆدیرنۆ ڕەت دەکەنەوە کە پێشمەرگە لەناو هێزە هاوبەشەکەدا بێت، چونکە وەکوو هەنگاوێک دەیبینن بەرەو باڵادەستیی لایەنە کوردییەکان لە کەرکووک. هەر چەندە دەڵێن کە پاڵپشتیی هێزی هاوبەشی فیدراڵی و کوردەکان دەکەن لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام بوونی پێشمەرگە لەناو پارێزگاکە ڕەت دەکەنەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هێزانە بەپێی دەستوور “پاسەوانی هەرێمی کوردستانن”.

لەوانەیە هەندێ ڕێگا هەبێت بۆ بچووککردنەوەی ئەو بۆشاییە فیزیکییەی نێوان هێزەکانی فیدراڵ و کوردیدا، لە هەمان کاتدا ڕەچآوی نیگەرانییەکانی عەرەب و تورکمانەکان بکرێت. بۆ نموونە؛ لە بارەی هێزە بەسیاسیکراوە کوردییەکانەوە، ‌حکومەتی هەرێم بڕیاری دا تەنها یەکە یەکگرتووەکانی پەدەکە و یەنەکە بخاتە ئەرکەوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی پێشمەرگە نەک ئەرکدارکردنی هەر هێزێکی سەر بە ٧٠ یان ٨٠، کە هەریەکەیان ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی ئەو دوو حیزبەن. عەرەبەکان و تورکمانەکان ئەمەیان ڕەت کردەوە، چونکە بڕوایان وایە ناتوانرێ پێشمەرگە لە سیاسەت دابماڵرێ. ڕێگایەکی تر بۆ چارەسەری کەمیی نوێنەرانی عەرەب و تورکمان لەو هێزە هاوبەشە، لەوانەیە بەشداریی مەدەنییانە بێت هەروەکوو چۆن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەفتانە ئامادە دەبوون لە سەنتەری هەماهەنگیی کەرکووک.

بەغداش پێویستە بیر لە سنووردارکردنی ئامادەیی سەربازی بکاتەوە لەناو شارەکاندا و لە هەر شوێنێک بکرێت، بەتایبەتییش لەناو شاری کەرکووک و بنکە سەربازییەکان لە دەرەوەی شار جێگیر بکات. دواتر کار بکرێت بۆ ڕادەستکردنی لێپرسراوێتییەکانی ئاسایش بە پۆلیسی ناوخۆ. لەگەڵ ئەمانەشدا حکومەت پێویستە پلانی درێژخایەنی هەبێت بۆ بەهێزکردنی پۆلیس، چونکە لە ڕابردوودا ناڵاندوویەتی بەدەست کەمیی ڕاهێنان و کەلوپەل و ڕێکخستن و نەیتوانیوە ڕووبەڕووی هێرشی داعش ببێتەوە لە شار و شارۆچکەکاندا.

بژاردەی دووەم: دروستکردنی هێزی ئاسایشی فرەنەتەوە لە خەڵکی ناوچەکە

دەکرێ بوترێت بژاردەیەکی باشتر پێشنیار کرا لە گفتوگۆکان بە سەرپەرشتیی یۆنامی لە ساڵی ڕابردوودا، ئەویش دروستکردنی هێزێکی ٦ بۆ ١٠ هەزار کەسی لە خەڵکی فرەڕەنگی ناوچەکە بۆ پاڵپشتیی میکانیزمی هێزی هاوبەشی فیدراڵی و پێشمەرگە، بەم شێوەیە دەبێتە هێزی دووەمی پاراستنی ئاسایش. هێزی یەکەم، پۆلیسی شار و هێزی سێیەمیش ئێشکگرەکانی فیدراڵ و پێشمەرگە دەبن لە سنووری پارێزگاکە. ئەم هێزە ئەرکی پۆلیسیان دەبێت، بەڵام توانایەکی سەربازییان دەبێت لە گوند و ناوشارەکان، بەم شێوەیەش ئەو بۆشاییە نامێنێ لەنێوان کۆنترۆڵی سەربازی لە سنووری پارێزگاکە و هێزی یاسا لە شارەکاندا. بەغدا یارمەتیی دارایی دابین دەکات بۆ هێزەکە لە بودجەی حکومەت و تەنها ئەو کەسانە تۆمار دەکات کە لە سنووری پارێزگاکەن، هەروەها ڕێگە دەدرێت حەشد و پێشمەرگەش لەخۆ بگرێت. پێش ئەوەی خۆپیشاندانە گەورەکانی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ڕوو بدات، لە گفتوگۆکاندا پێشنیاری ئەوە کرا کە لە ماوەی ١٢ بۆ ١٨ مانگ؛ هێزەکە دروست بکرێ ئەگەر پەرلەمان ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر بودجەکە. سەرۆککۆمار بەرهەم ساڵح پشتگیریی بیرۆکەکەی دەکرد، بەڵام سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی هێشتا بڕیارەکەی دەرنەکردبوو، لە مانگی نۆڤەمبەر دەستی لە کار کێشایەوە.

هەموو لایەنەکانی کەرکووک پێشوازییەکی باشیان لەم بژاردەیە کرد وەکوو پاڵپشتییەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان، بەڵام لایەنەکان گومانی خۆیشیان نەشاردەوە. یەکێ لە گومانەکان لەسەر ئاڵوگۆڕ و ڕیزبەندیی هێزەکانە، بۆ نموونە؛ سەرکردەیەکی تورکمانی حەشد لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت کە یەکەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕێگە دەدات بە ناونووسکردنی ئەندامەکانی ئەگەر سەرکردە کوردەکان هەمان شت بکەن. پرسێکی تر لەسەر فەرماندەیی و کۆنترۆڵە. عەرەب و تورکمانەکان دەڵێن کاتێک هێزێکی لەو جۆرە قبووڵ دەکەن، ئەگەر تەنها حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتی بکات. یەنەکە ئەو مەرجەی قبووڵە، بەڵام پەدەکە ئەوەی ڕاگەیاندووە کە پێویستە هێزەکە لەژێر دەسەڵاتی پارێزگادا بێت. هەردوو لایەنی یەنەکە و پەدەکە دەیانەوێت پارێزگاری داهاتووی شارەکە کورد بێت.

خاڵێکی تر کە جێی نیگەرانی زۆرە، پێکهاتەی هێزەکەیە. لە ساڵی (١٩٥٧)ەوە هیچ سەرژمێرییەکی پشتپێبەستراو نییە، بۆیە قەبارەی هەر پێکهاتەیەک نەزانراوە، ئەمەش ئالنگاریی دروست کردووە لەبەردەم دابەشکردنی قەبارەی هێزەکە بەسەر لایەنەکاندا. نوێنەرانی تورکمان دەڵێن پێویستە هەر لایەنە و ٣٢% پشکی هەبێت و ٤% بۆ مەسیحییەکان بێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک نەبێتە لایەنی زاڵ. لایەنە کوردییەکان شێوازی دابەشکاریی ٣٢+٣٢+٣٢+٤ ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن کورد پێویستە بە لایەنی کەم پشکی ٤٠%ی هەبێت. ئەم ڕێژانە تا ئێستاش لەبەردەم گفتوگۆدان.

سەرکەوتنی ئەم هێزە پەیوەستە بە پێکهاتەی فەرماندارێتی و کۆنترۆڵییەوە. پێویستە سیاسەتداڕێژەران بزانن چۆن پێشمەرگە و حەشدی ئەو ناوچانە لەو هێزە فرەنەتەوەیە جێگە دەکەنەوە. خاڵی لاواز بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، مەترسیی دووبەرەکییە لەسەر بنەمای ئیتنی و لایەنگریی حیزبی. سروشتی بەسیاسیکراوی زۆربەی هێزە عێراقییەکان وایە، کە زۆر جار فەرماندە سەربازییەکان دوای بەرژوەندیی تەسک دەکەون زیاتر لەوەی ئاسایش دابین بکەن. بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو ئالنگارییەدا، پێویستە بەغدا و هەولێر کاری پێکەوەیی بکەن تا هێزەکە وەڵامی بۆ یەک فەرماندەیی هەبێت. پێویستە ناوتۆمارکردن لەسەر بنەمای تاک بێت. لەوەش زیاتر، وەزارەتی پێشمەرگە پێویستە ئەو هێزانە ئەرکدار بکات کە تێکەڵن لە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و لەژێر فەرمانی وەزارەتدان نەک پاشکۆی یەنەکە و پەدەکە، بۆ ئەوەی پردی متمانە دروست ببێت لە کەرکووک. حکومەتی فیدراڵیش پاشەکشە بە هەر هێزێک بکات کە متمانە بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی کشانەوەی پۆلیسی فیدراڵی و حەشد و جێگرتنەوەیان بە هێزی فرەنەتەوەی کەرکووک.

هەروەها ناڕوونی هەیە لە چۆنێتیی دابەشکردنی هێزەکە لە ڕووی جوگرافییەوە، نوێنەرانی عەرەب و کورد پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە دابەشکردنەکە ڕەنگدانەوەی دیمۆگرافیای ناوچەکە بێت، بۆ نموونە؛ ئەو هێزانەی زۆرینە عەرەبن؛ ئەرکی پاراستنی ئاسایشی حەویجەیان پێ بسپێردرێ، ئەم بیرۆکەیە ئالنگاری بۆ پێکهاتەی  هێزەکە دروست دەکات کە پێویستە چارەسەر بکرێت. بۆ نموونە؛ ئایا ئەو ناوچانەی کە یەک نەتەوەی تیا دەژیەت؛ لەلایەن هێزی فرەنەتەوەوە ئاسایشی بپارێزرێت، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی تێکەڵن وەکوو دبس و داقوق و بەشەکانی کەرکووک، پێویستیان بە هێزی تێکەڵە؟

ئەگەر بەغدا ڕێکارە یاسایی و ئابوورییەکانیش جێبەجێ بکات، پرسیاری ئەوە دەمێنێتەوە کە ئایا کێ مەشق بەو هێزە دەکات و پێکهاتەی ئەفسەر و پلەدارەکان چۆن دەبێت. بۆ مەشق و پێکهاتەکەی، وا باشترە سوود لە پشتگیریی نێودەوڵەتی وەربگیرێت و بخرێتە گفتوگۆکانی پڕۆگرامەکانی داهاتووی مەشقی هێزە عێراقییەکانەوە. بۆ ئەوەی کۆلێجێکی دیکەی ئاسایش دروست نەکرێت، هێزەکە کە پێویستی بە مەشقی پۆلیسی و سەربازییە، هاوشێوەی ئەو هێزانەیە کە لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆن، دەتوانرێ وەکوو لقێکی تایبەت بخرێتە سەر وەزارەت. ئەمە وا دەکات فرەیی لە وەزارەت دروست ببێت، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی سەرەکی شیعە لە پۆلیسی فیدراڵیدا باڵادەستە.

ڕۆڵی داهاتووی ئاسایش، کێشەیەکی ترە؛ بەلای کوردەوە، گەڕانەوەی پێشمەرگە، پێویستە هێزی ئاسایشی پێشوو بگرێتەوە، بەڵام عەرەب و تورکمان ئەو سیناریۆیە ڕەت دەکەنەوە. کارێکی ژیرانە دەبێت هەروەکوو پێشمەرگە، بۆ ئاسایشیش بەرپرسە بێلایەنەکان ئەرکدار بکرێن.

ڕێگرییەک نییە لە دروستکردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و فیدراڵ، بەڵام دروستکردنی هێزێکی فرەنەتەوە نەک تەنها پێویستی بە چوارچێوەی یاسایی و دارایی هەیە، بەڵکوو ڕەزامەندیی بەغدادیشی دەوێت. هەر چەندە یۆنامی بە شێوەیەکی باش ئەم بژاردەیەی بەرەوپێش بردووە لەگەڵ بەرپرسانی کەرکووک لە ساڵی   ٢٠١٩، بەڵام حکومەتەکەی کازمی پێویستە سیاسەتی خۆی ڕوون بکاتەوە لەو بارەیەوە. نەتەوەکانی کەرکووک ڕەزامەندن لەسەر چوارچێوەی گشتی بۆ هێزی هاوبەش و دروستکردنی هێزی فرەنەتەوە، بۆیە ئەمە هەلێکی باشە بۆ بەغدا و هەولێر، بە هاوکاریی نێودەوڵەتی نەخشەڕێگایەک دابنێن بۆ بنیاتنانی ئەم هێزە وەکوو بەشێک لە کێشەی ئاسایش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە ناویشیاندا سەرهەڵدانەوەی داعش و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان.

پاڵپشتیی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ دەبێت لە دروستکردنی ئاسایشێکی دادگەر و نوێ لە کەرکووک. یۆنامی پێویستە هەوڵەکانی بخاتەوە گەڕ بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکانی کەرکووک و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و پێشکەشکردنی بە حکومەتەکەی کازمی. نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت نوێنەر دیاری بکات بۆ بینین و ناساندنی پلانەکە. ئەمەریکا دەتوانێت پاڵپشتیی ئەم هەوڵە بکات لە ڕێگەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانان بۆ تێکشکاندنی داعش، هەروەها دەتوانێت ڕۆڵی نوێ بۆ ناتۆ دابنێت، لە کاتێکدا پێدەچێت لێپرسراوێتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کەم بێتەوە. ئەرکیان هەر چی بێت، پێویستە پاڵپشتیی دروستکردنی ‌هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە و سوپا و هێزی فرەنەتەوە لە خەڵکی ناوچەکە بکەن. یۆنامی و وڵاتانی ناتۆ، پێویستە فشار بخەنە سەر سەرکردایەتیی نیشتمانی و لۆکاڵی، تا دوور بکەونەوە لە بەسیاسیکردنی مەسەلەی ئاسایش لە ڕێگەی دابینکردنی هاوکاری و هاندانی چاکسازی کە دەزگا حکومییەکان بەهێز دەکات، نەک لایەنە سیاسییەکان کە بانگەشەی دابینکردنی ئاسایش دەکەن.

 

ئەنجام

ئالنگارییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، لەوانەش داعش و دەرکەوتنی هێزی نوێی ئاسایش، لەمپەری لەبەردەم پێکەوەژیان لە کەرکووک دروست کردووە. پێکهاتەی ناجێگیری ئاسایش، گرژیی زیاتری دروست کردووە کە سەرچاوەی لە کێشە چارەسەرنەکراوەکانەوە گرتووە. تاوتوێکردنی بارودۆخەکە ئاڵۆزە و کاتی زۆری دەوێت، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە کە کار بۆ چارەسەر و نێوەندگیری و ڕێکاری بۆ دامەزراندنی ئاسایشی نوێ نەکرێت. بۆ تەواوکردنی ئەم کارە، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێویستە پێکەوە کار بکەن و دەنگی خەڵکی ناوچەکە بەهەند وەربگرن، هەروەها سوود ببینن لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی.

باشترین چارەسەری پێشنیارکراو، دروستکردنی هێزی هاوبەشی بەغدا و هەولێرە لەگەڵ هێزی فرەنەتەوە، بەڵام بە یەک ڕێکخستن کار بکەن. عەرەب و تورکمانەکان بەتوندی دژی ئەو میکانیزمە کۆنەی هێزی هاوبەشن، کە زیاتر پشتی دەبەست بە هێزە کوردییەکان و توانای بەخشیبووە ئەو هێزانە دەست بگرن بەسەر ئاسایشدا کاتێک سوپای عێراقی هێزەکانی کشاندەوە لە ٢٠١٤دا. بڕوایان بە بەغدا نییە کە هاوشانیان بوەستێت لە قەیرانی داهاتوودا. هەروەها دەرکردنی هێزی کوردییش لە ئاسایشی شارەکە، کارێکی نەکردەیە. بێبەشکردنیان نەک هەر دادگەرانە نییە، بەڵکوو حکومەتی فیدراڵ بێبەش دەبێت لە زانیاریی هەواڵگرییان و توانایان و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچە سنوورییەکان.

دابینکردنی فەرماندارێتیی هاوبەشی ئاسایشی بەغدا-هەولێر؛ سنوورەکانی پارێزگاکە دەپارێزێت، هێزی فرەنەتەوەش دەتوانێت ئەو بۆشاییەی حوکمی یاسا پڕ بکاتەوە لەناو شارەکان و پاڵپشتیش بێت بۆ هێزە ئێشکگرەکان لە سنوورەکان. ئەم هێزە دەتوانێت لێپرسراو بێت لە ناوچە گوندنشینەکان و ڕێگا سەرەکییەکان، کە ناوەندی شارەکان پێکەوە دەبەستن و باشترە کە ببێتە جێگرەوەی پۆلیسی فیدراڵی. ئەگەر بەغدا و هەولێر ڕەزامەند بن لەسەر دروستکردنی وەها هێزێک، نەک تەنها یارمەتیی پاراستنی کەرکووک دەدات، بەڵکوو وەڵامی داواکاریی خەڵکیش دەداتەوە لە بارەی نوێنەرایەتیکردنیانەوە، لە هەمان کاتدا پەیوەندیی نێوان پارێزگا و حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بەهێز دەکات.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

________________________________________________________

سەرچاوە: گرووپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان

https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/215-iraq-fixing-security-kirkuk

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ٣ ئەیلولی ٢٠٢٠

Send this to a friend