• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 25, 2024

بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت)

ئەژی ئازاد ئەبوبەكر

بەرەی خۆڕاگری (جبهه مقاومت، محور مقاومت، جبهه مقاومت اسلامی) لە پێناسەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بریتییە لە خۆڕاگریی ئیسلامیانە دژ بە دوژمنانی ئیسلام و بە تاییەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لە مانا گشتییەکەیدا، خۆڕاگرییەکە لەسەر بنەڕەتی پەروەردە و یاساکانی ئیسلام لە لایەن مسوڵمانێک یان گرووپێک لە مسوڵمانان، بەرامبەر بە هێرشی دوژمنانی ئیسلام و مسوڵمانان لە هەر شوێن و کاتێک ئەنجام بدرێت و لە مانا تایبەتییەکەی، بریتییە لە خۆڕاگری وڵاتان، ڕێکخراوەکان، گرووپ و کەسەکان، لەسەر بنەڕەتی ئیسلام بەرامبەر بە ڕژێمە خۆسەپێنەكانی دژ بەئیسلام و هاوپەیمانەکانیان. ئەم خۆڕاگرییە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران ١٩٧٩ (کە لە ئەدەبیاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناسراوە) و هاوتەریب لەگەڵیدا، لە ئاستی ناوچەکەدا و بە میحوەرییەتی پرسی فەڵەستین و بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی هەبووە. چەمكی بەرەی خۆڕاگری، ناونیشانێكە بۆ هاوپەیمانییەتییەكی “نەنووسراو” لە نێوان وڵاتان و هێزە بە زۆرینە شیعەكانی وەك ئێران، عێراق، سووریا و حیزبوڵڵای لوبنان كە ئامانجی سەرەكیان بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ئیسرائیل و پشتیوانە سەرەكییەكەی ئەمریكایە، هەروەها هەر هێزێكی نێودەوڵەتی كە یارمەتیان بدات و هەر هێزیكی هەرێمی كە پشتیان پێ ببەستێت یان پشتگیریان بكات. بۆیە هەر وڵات، ڕێكخراو، گرووپ یان كەسێك كە كە بەپێی ئامۆژگارییەكانی ئایینی ئیسلام و هاوئاڕاستە لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕووبەڕووی دەستدرێژی و پەلامار و ستەمی ڕژێمی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەكانی بە تایبەت ئیسرائیل ببێتەوە، دەچێتە ڕیزی خۆڕاگری ئیسلامییەوە.

لە ڕووی بەكارهێنانی مێژووییەوە، چەمكی بەرەی خۆڕاگری بۆ یەكەمینجار لە لایەن ڕۆژنامەیەكی لیبیایی بە ناوی “الزحف الاخزر” و بە شێوەی “محور المقاومە” لە ساڵی 2002 بەكارهات، كاتێك لە وتارێكدا بە ناوی “بەرەی شەڕانگێزی یان بەرەی خۆڕاگری” جەختی لەوە كردبوویەوە كە “تەنیا دەرچەی هاوبەشی ئێران، عێراق و كۆریای باكوور، بەرەنگاریانە بەرامبەر هەژمونی ئەمریكا”. ئەم دەستەواژەیە دواتر لە ڕۆژنامەی “جمهوری اسلامی” بۆ یەكگرتنی شیعەكانی عێراق دژی داگیركەران و دواتر لە ساڵی 2006 لە لایەن “سەعید سەعیم”، وەزیری ناوخۆی فەڵەستین، وەك ئامانجی سیاسیی هاوبەشی عەرەبەكان دژ بە ئەمریكا و ئیسرائیل پێناسەی بۆ كرا. بەرەی خۆڕاگری بە شێوەیەكی ڕوونتر و لە چوارچێویە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەن “عەلی ئەكبەر ویلایەتی”، ڕاوێژكاری ڕابەری ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، ئاماژەی پێكرا كاتێك ڕایگەیاند: “زنجیرەی خۆڕاگری دژ بە ئیسرائیل، ئێران، سوریا، حیزبوڵڵا، دەوڵەتی نوێی عێراق و حەماس لەخۆ دەگرێت”.

لە دیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرامبەر بە ڕژێمە خۆسەپێنەکان (بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل)، دو گوتاری سەرەکی بوونی هەبووە: ١. گوتاری سازش، بە ڕابەرایەتی ڕیاز و قاهیرە کە پشتگیری لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا دەکەن ٢. گوتاری خۆڕاگری، بە ڕابەڕایەتی تاران و بە هاوکاری دیمەشق، حیزبوڵڵا و حەماس و بە ئامانجی بەرگری لە مافی فەڵەستینییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمە دەسەڵات سەپێنەکان. لە بنەڕەتدا بەرەی خۆڕاگری بە جۆرێك وڵامدانەوەیەكیش بوو بۆ گوتاری “بەڕەی شەڕانگێزی” كە لە لایەن ئەمریكاوە ئاماژەی پێ كرا؛ جۆرج بۆش (٢٠٠١-٢٠٠٩)، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە ڕێککەوتی ٢٩/٥/٢٠٠٢، وڵاتانی ئێران، عێراق و کۆریای باکووری وەک “میحوەری شەڕانگێزی” ناو برد، بەوپێیەی کە پاڵپشتی تیرۆر دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی چەکە کۆمەڵکوژییەکان دەدەن.

بەرەی خۆڕاگری لەسەرەتای جێگیربوون و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پەیوەندییەكی بەتینی بە گوتارە شۆڕشگێرانەكەی ڕژێمی نوێ لە چوارچێوەی پرسی فەڵەستین هەبوو؛ هێڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو كاتەدا بریتیبوون لە “هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی” و “پشتیوانیكردن لە تەواوی ستەملێکراوانی جیهان” و “خەبات دژی وڵاتانی ستەمکار” دەبینییەوە. بۆ هەریەک لەم هێڵانە، ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەر و ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، مەبەست و ئامانجەكانی خۆی لە چوارچێوەی چەمکەکانی ستەملێکراوان (مستضعفین) و ستەمکاران (مستکبرین) ڕوون كردبووەوە. لە دیدی ئەو، ستەملێکراوان بریتیبوون لەو كەسانەی کەوتوونەتە ژێرباری ئازار و ستەمی ستەمکارانەوە و لە ڕووە سیاسییەوە بەو ووڵاتانە دەوترا کە وابەستەی ستەمکاری جیهانی (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی) بوون و  دادەپڵۆسێنران و ئەرکی شۆڕشی ئیسلامی ئەوە بوو بە هانای ئەم دەوڵەتانەوە بچێت و بە یەکگرتووی لەگەڵیان، دژی ستەمکاری جیهانی بووەستن. ئەم گوتارە دواتر لە لایەن ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری دووەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوامی پێ درا، لە دیدی خامنەیی، شۆڕشی ئیسلامی، هاوكێشەی هێزی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و كۆتایی بە دوو جەمسەرێتی هێناوە و بەردەوامی خۆڕاگریش، لەم پێناوەدایە.

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق (1980-1988) و دەرکەوتنی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشی عێراق بۆ کوەیت (1991)، هێرشی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان (2001)، تاوەکو هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق (2003) و دواتر شەڕی سوریا، تێڕوانینی “ئاسایش میحور”، لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران زیاتر بەرجەستە بوو، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد کە سوپای پاسداران و بە تایبەتی لقی “سوپای قودس”، ڕۆڵی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت. یەکێک لە گرنگترین ستراتیژییەكانی سوپای قودس بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و پەلکێشانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکهێنان و ڕێکخستی گرووپەکانی بەرەی خۆڕاگری بووە. نموونەی دیار و ئاشکرای ئەم مۆدێلە کە ئێران بە “سەرکەوتووترین مۆدێلی خۆڕاگری” دەزانێت، “حیزبوڵڵا”ی لوبنانە کە لەسەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠ لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و لە ژێر کاریگەری ئەندێشەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی و بە دروشمی خەبات دژ بە ئیسرائیل دامەزرا. بیانووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ئەوەیە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆی لە ناوەندێکی ستراتیژی لەسەر بنەمای هەڕەشە دەبینێتەوە کە گەورەترین مەترسی، بۆ بوونی “ئیسرائیل” لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە و پێیوایە سەرچاوەی زۆربەی فشارەکانی ئەمریکا بۆ لۆبییەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی ڕەهای ئەمریکا بۆ ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بابەتێکی سەرەکی و نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە پەیوەندیدارە بە گوتاری شۆڕشەوە، داننەنان و دژایەتیکردنی ئیسرائیلە.

بە درێژایی ساڵانی دوای شۆڕشی 1979 و لەسەر بنەمای گوتارەكانی شۆڕش، كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیری دوو هێزی سوننە (الجهاد الاسلامي الفلسطيني و حماس) و حیزبوڵڵای کردووە، ئەگەرچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوو حیزبی یەکەم تەنیا بۆ دژایەتیان بۆ فەڵەستین دەگەڕێتەوە، بەڵام حیزبوڵڵا لە ستراتیژییەتی ئێران و بەرەی خۆڕاگریدا، ڕۆڵێکی سەروپرسی فەڵەستینی هەیە. چەمكی خۆڕاگری دواتر لە شەڕەكانی حیزبوڵڵا و گرووپە فەڵەستینییەكان دژ بە ئیسرائیل لە ساڵانی 2000، 2006 و 2008-2009 ڕەنگدانەوەی بەردەوامی هەبوو، بە هەڵگیرسانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011، ئەم چەمكە بەتەواوی بووە بەشێك لە ئەدەبیاتی میدیایی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەگەڵ دەسپێكردنی شەڕی سووریا و دەرکەوتنی داعش و گرووپەکانی تر وەکو جەبهەی نوسرە لە عێراق و سووریا و یەمەن، مۆدێلی حیزبوڵڵا بەردەوامی پێدرا و هێزەکانی “حشدالشعبی”، “دفاع الوطنی” و “انصاراللە” لە لایەن ئێرانەوە دروستکران و پشتیوانیان لێکرا. دوای ئەم قۆناغە، سوپای پاسدران بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرەی خۆڕاگری، پێكهێنانی هێزی نوێ و فراوانكردنی پانتاییەكەی، هەوڵی ڕاكێشانی خەڵكی وڵاتانی تری دا و لەم پێناوەدا گرووپەكانی تری وەك “فاطمیون” لە شیعەكانی ئەفغانستان، “زینبویون” لە شیعەكانی پاكستان لە ساڵانی 2014 و 2015 پێكهاتن كە هاوكاری دەیان گرووپی تری سەر بە ئێران لە سووریا بوون و لە عێراقیشدا بەبێ ڕەچاوكردنی لایەنی ئایینزایی، گرووپەكانی وەك حەشدی سوننی و حەشدی توركمان (بە شیعە و سوننییەوە) وەك بەشێك لە حەشدی شەعبی پێكهێنران. بەرەی خۆڕاگری لە عێراق و بە دەستێوەردانی ئێران، گۆڕانكارییەكی بەرچاوی لە شێوازی چالاكی و ڕێكخستەنەكانیدا هێنایەكایەوە، كاتێك هێزەكانی حەشدی شەعبی بەپێی یاسای ژمارە 40-ی ساڵی 2016-ی پەڕلەمانی عێراق، وه‌ك هێزێكی یاسایی ناسێنران‌ و لە‌ بودجه‌ی گشتیدا سوودمەن بوون.

بەم شێوەیە بەرەی خۆڕاگری هێڵێکە بە وڵاتانی فەڵەستین، لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن درێژ دەبێتەوە و لە کۆمەڵێک هێزی چەکدار (حیزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی، ئەنساروڵڵا و…) پێکدێن، کە كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیان دەکات، ئامانجیان ڕێگریکردنە لە هاتنەدی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هاوپەیمانە هەرێمییەكانیان، مەترسی گرووپە چەکدارە سوننەکان (داعش، جەبهەی نوسڕە و…) و دواجار پاراستنی ئێران لەو مەترسییەکانی کە هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ناوخۆ و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا. سیاسەتێك كە جاروبار لە لایەن بەشێك لە سیاسەتوان و شرۆڤەكارانی عەرەبەوە، بە پرۆژەی “هیلالی شیعی” ناو دەبرێت، وەك ناونیشانێك بۆ پاوانخوازی و ئامانجە ئایدۆلۆژیایی و ستراتیژییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

 

 

سەرچاوەكان

  • کریمی، ابوالفضل (١٣٩٦)، “نقش ج. ا. ایران در هویت بخشی بە مجموعه امنیت محور مقاومت”، ماهنامه پژوهش ملل، دوره دوم، شماره ٢٠.
  • خوجم لی، عبدالوهاب (1392)، “تبیین موقعیت ژئوپلتیک ایران”، فصلنامه نگین ایران، سال دوازدهم، شمارە٤٤؛ ازغندی، علیرضا (١٣٩٢)، ڕوابط خارجی ایران ١٣٠٠-١٣٥٧، تهران: قومس.
  • مجموعة من الباحثين (2012)، العرب و ايران: مراجعة في التاريخ و السياسة، تحرير: عزمي بشارة و محجوب الزويري، بيروت: المركز العربية للابحاث و دراسات السياسات.
  • ڕاپۆرت: “ڕۆڵی بودجەی عێراق لە بەهێزبوونی پێگەی میلیشا چەكدارییەكاندا، ئامادەكردن: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر، گۆڤاری ئایندەناسی، ساڵی چوارەم، ژمارە 18، ئەیلولی 2023.
  • برزگر، کیهان (١٣٨٨)، “سیاست خارجی ایران از منظر ڕئالیسم تهاجمی و تدافعی”، فصلنامه بین المللی ڕوابط خارجی، سال اول، شماره ١.
  • راسخون (20/11/1393)، “منظور اساسي حمايت حضرت امام(ره) از مستضعفان چيست؟”، قابل دسترسی: http://rasekhoon.net/faq/show/1027726/.
  • بی تا بختیاری و بختيار قلی پور (24/3/1394)، “15 گروهی که «به نیابت از ایران» در سوریه و عراق می‌جنگند”، قابل دسترسی: https://www.radiofarda.com/a/f8-shia-militia-in-iraq-and-syria/27071518.html
  • قراسويى، محمد (28/11/1396)، “محور مقاومت اسلامی، ابعاد و مؤلفه¬ها”، قابل دسترسی: http://alwaght.com/fa/News/124389/.
  • خسروشاهین، هادی (1397)، “بازدارندگی محور مقاومت/ متحدان منطقه‌ای آمریکا وارد جنگ منطقه‌ای با ایران می‌شوند؟”، http://sazandeginews.com/News/900.
  • Washington post (29/5/2002), “Text of President Bush’s 2002 State of the Union Address”, available on: https://www.washingtonpost.com/wp-srv/onpolitics/transcripts/sou012902.htm?noredirect=on.

 

Send this to a friend