سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ و كاريگه‌رييان له‌ دروستكردنى بڕيارى سياسى له هه‌رێمی كوردستاندا | CFS Center
  • Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 28, 2020

سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ و كاريگه‌رييان له‌ دروستكردنى بڕيارى سياسى له هه‌رێمی كوردستاندا

پ.ی.د. ئۆمێد ڕەفێق فەتاح

لە ژمارە ٢ی گۆڤاری ئایندەناسی-یەوە وەرگیراوە

بەرایی

گرنگيدان به ‌سه‌نته‌رى توێژينه‌وه،‌ ئاماژەيه‌كى به‌هێزه‌ بۆ بوونى پێشكه‌وتنى بيركردنه‌وه‌ى ستراتيژى و ئاينده‌يى ده‌وڵه‌ت و بڕيارى سياسیى عه‌قڵانى، به‌رامبه‌ر به‌و كێشه‌ و گرفت و ئالنگارييانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ده‌وڵه‌ت يان هه‌ر يه‌كه‌يه‌كى سياسیى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێته‌وه‌. گرنگيدان به ‌سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ وه‌كوو بابه‌تێك بۆ گفتوگۆ و توێژينه‌وه‌ بۆ ئەو ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ تازه‌ پێگه‌شتوون؛ له‌ ڕووى مێژووييه‌وه‌ زۆر نزيكه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدان و گرنگيدان به‌م سه‌نته‌رانه‌ به‌تايبه‌ت له‌ ئه‌مەريكا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزيكه‌ى سه‌ده‌يه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، بۆيه‌ گرنگ نييه‌ زۆر له‌م باسه‌دا بگه‌ڕيێينه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنيان، به‌ڵام گرنگه‌ بزانين مه‌به‌ست له‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ چييه.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كێشه‌ زۆره‌ له‌سه‌ر شوناسى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌به‌ر بوونى تێكه‌ڵى له‌ ناو ته‌نانه‌ت، كارى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناوه‌ندى تر بۆ نموونه‌ ڕێكخراوه‌ ناحكوميیه‌كان، ڕێكخراوه‌ قازانجنه‌ويسته‌كان، بۆيه‌ ڕە‌نگه‌ له‌ كاركردن و ئامانج؛ له ‌يه‌كترى جياواز بن. ته‌نانه‌ت جياوازیى نێوان سه‌نته‌ره‌كانى بيركردنه‌وه‌ و سه‌نته‌ر‌ە‌كانى توێژينه‌وه،‌ به‌تايبه‌تى ئه‌م جياوازييه‌ له‌ ئه‌مەريكا زۆر دياره‌، ئه‌وه‌يه‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ زياتر ئامانجى ئه‌كاديمين، زياتر هه‌وڵى بێلايه‌نى (بێلايه‌نیى زانست) ده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا سه‌نته‌ره‌كانى بيركردنه‌وه‌ ئامانجى ستراتيژیى دوورمه‌ودا و دياريكراويان هه‌يه‌، كه‌ ده‌يانه‌وێت كاريگه‌رى له‌سه‌ر دروستكه‌رى بڕيار دروست بكه‌ن(1). به‌ڵام ده‌توانين ئه‌وه‌ بڵێين كه‌ سه‌نته‌ره‌كانى بيركردنه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێكخراو و ده‌سته ‌و په‌يمانگا و سه‌نته‌رانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ توێژينه‌وه‌ى چڕ و ورد ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ دۆزينه‌وه‌ و پێشكه‌شكردنى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ى خواسته‌كان.

يه‌كه‌م: ئاست و نه‌وه‌كانى گه‌شه‌كردنى سه‌نته‌ره‌كان

دياره‌ ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ به‌ شێوه‌ و كاتی جياواز گه‌شه‌يان كردووه،‌ بۆيه‌ “دۆناڵد ئيبلسۆن” به‌پێی گه‌شه‌كردنيان دابه‌شيان ده‌كات بۆ چوار نه‌وه‌(2):

نه‌وه‌ى يه‌كه‌م: ئه‌و نه‌وه‌يه‌يه‌ كه‌ ده‌يه‌وێت پانتاييه‌ك له‌نێوان خۆى و له‌نێوان سياسيیه‌كانى ئه‌مەريكادا بهێڵێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌ بێلايه‌نى و سه‌ربه‌خۆیى ئه‌كاديمیى خۆى بكات.

نه‌وه‌ى دووه‌م: له‌دواى جه‌نگى جيهانیى دووه‌م گه‌‌شەى ‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مەريكا له‌م جه‌نگه‌دا وه‌كوو هێزى براوه‌ و به‌سه‌ركه‌وتوویى له‌ جه‌نگه‌كەدا‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆيه‌ ئه‌مەريكا زياتر بير له‌ دروستكردن و پێويستیى توانا و ئه‌زموونى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆ دامه‌زراندنى سياسه‌تێكى تازه‌ بۆ پاراستنى ئاسايشى نيشتمانیى ئه‌مەريكا. بۆ نموونه‌؛ له ‌ساڵى 1948دا “ده‌زگاى راند” دروست ده‌بێت كه‌ لەلايه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پشتگيرى دە‌كرێت، ئه‌م ده‌زگايه‌ كارى سه‌ره‌كیى ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ پێشنيار و ئالنگارييه‌كان پێشكه‌ش به‌ بڕيار دروستكەرانى سياسی‌ ده‌كات.

نه‌وه‌ى سێيه‌م: به‌ پێچه‌وانه‌ى نه‌وه‌ى يه‌كه‌مه‌وه،‌ كارى سه‌ره‌كيیان ئه‌وه‌يه‌ توانا و ئه‌زموونى خۆيان پێشكه‌ش به‌ بڕيارده‌رانى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن. له‌ نموونه‌ى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌، “سه‌نته‌رى هيرتدج فاونده‌يشن”ە له‌ ساڵى 1973، هه‌روه‌ها “په‌يمانگاى كاتۆ” له‌ ساڵى 1977. به‌ هۆى زۆربوونى ژماره‌ى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌، له‌ ئێستادا ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ كێبڕكێدان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ لانى كه‌مه‌وه‌ سه‌رنجى ڕاى گشتى بۆ خۆيان رابكێشن له ‌لايه‌ك، له ‌لايه‌كى تره‌وه‌ دروستكه‌رانى بڕيارى سياسى له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م سه‌نته‌رانەوە‌ ئاڕاسته ‌بكرێن بۆ هه‌ر بڕيارێكى چاره‌نووسساز.

نه‌وه‌ى چواره‌م: ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ن كه‌ ده‌يانه‌وێت كار له‌سه‌ر باكگراوندى سياسیى كه‌سايه‌تییه‌ سياسیيه‌كان بكه‌ن، يان به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ به‌ ناوى ئه‌و كه‌سايه‌تيیانه‌وه‌ كه‌ وه‌كوو سيمبوڵ وان؛ كار بكه‌ن، له‌وانه:‌ په‌يمانگه‌ى كارته‌ر، په‌يمانگه‌ى نيكسون بۆ شه‌ڕ و ئاشتى، په‌يمانگه‌ى جيمس بێكه‌ر.

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كه‌ له‌به‌ر ده‌ستن، له‌ ساڵى 2011دا سه‌نته‌رێكى ئه‌مەريكى ئامارێكى بڵاو كردۆته‌وه‌،‌ ژماره‌ى سه‌نته‌ره‌كان دەگەنە 6480 سه‌نته‌ر كە (5%)ی ئه‌م ژماره‌يه‌ له‌ ئه‌فەريقا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌. به‌پێى كاريگه‌رييان له‌ ڕووى جيهانيیه‌وه‌، ئه‌مەريكا له‌ پله‌ى يه‌كه‌م دێت، پاشان به‌ريتانيا، چين، ئه‌ڵمانيا، سويسرا، دانیمارك، ڕووسيا، ده‌وڵه‌تانى ئه‌ورووپاى ڕۆژهه‌ڵات، توركيا، ئوستوراليا. ڕۆڵى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، زۆر دياريكراوه‌(3).

دووه‌م: جۆره‌كانى سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌

پێش ئه‌وه‌ى باس له‌ جۆره‌كانى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ بكه‌ين، گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانين ئه‌م پۆلێنكردنه‌ به‌پێى پێوه‌ره‌كان؛ گۆڕانكاریى به‌سه‌ردا دێت:

يه‌كه‌م: پێوه‌رى پاڵپشتیى دارايی

به‌پێى ئه‌م پێوه‌ره‌، سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر سێ جۆردا:

  1. سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى حكومى: سه‌نته‌ره‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تن يان ده‌زگاى ياسادانان، وه‌كوو: په‌يمانگاى توێژينه‌وه‌ى كۆنگرێس، سه‌نته‌رى شاهانه‌ى يه‌كگرتوو بۆ توێژينه‌وه‌ى ئاسايش و به‌رگرى له‌ به‌ريتانيا.
  2. سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى ئه‌كاديمى: ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ن سه‌ر به‌و زانكۆيانه‌ن كه‌ حكومه‌ت پاڵپشتیى داراييان ده‌كات، وه‌كوو: په‌يمانگا‌ى هۆفه‌ر له‌ زانكۆى ستانفۆرد، سه‌نته‌ره‌كانى گه‌شه‌پێدانى نێوده‌وڵه‌تى، سه‌نته‌رى بيلفير له‌ زانكۆى هارڤارد.
  3. سه‌نته‌ره‌ تايبه‌ته‌كان: ئه‌م جۆره‌، هه‌موو ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى قازانجى گشتى يان تايبه‌ت دامه‌زراون، ئه‌مانه‌ش له‌ دونيادا ژماره‌ زۆره‌كه‌ن.

دووه‌م: پێوه‌رى ئايدۆلۆجى

به‌پێى ئه‌م پێوه‌ره‌ش، ده‌كرێت ئه‌م پۆلێنه‌ بخرێته‌ ڕوو:

  1. سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى ليبراڵى
  2. سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ى كۆنسه‌رڤاتيز (ئايينى، نه‌ته‌وه‌يی، كۆمه‌ڵايه‌تی)
  3. سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى چه‌پگه‌رايی
  4. سه‌نته‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ ڕووى هزرييه‌وه‌

سێيه‌م: پێوه‌رى سه‌ربه‌خۆیی

به‌پێى ئه‌م پێوه‌ره‌، ده‌كرێت ئه‌م پۆلێنه‌ بخرێته‌ ڕوو:

  1. سه‌ربه‌خۆكان
  2. نيمچه‌سه‌ربه‌خۆكان
  3. سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى زانكۆكان
  4. سه‌نته‌ری توێژينه‌وه‌ى حیزبى
  5. سه‌نته‌ره‌ حكومييه‌كان

ئه‌م سێ پێوه‌ره‌ به‌ ماناى ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ لێكچوون و به‌يه‌كداچوون له‌ نێوانياندا هەیە، جياوازييه‌ سه‌ره‌كيیه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ تا چ ڕادەیەك كاريگه‌رى و هێزيان هه‌يه‌ له‌سه‌ر دروستكردنى بڕيار.

‌سێيه‌م: ئامرازه‌كانى كاريگه‌ریى سه‌نته‌ره‌كان له‌سه‌ر دروستكه‌رى بڕيارى سياسى

ئاسان نييه‌ سروشتى كاريگه‌رى و ڕۆڵى ده‌زگاكانى توێژينه‌وه‌ له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى دروستكردنى بڕيارى سياسى و وه‌رگرتنى بڕيار ديارى بكرێت، به‌تايبه‌تى له‌ وڵاتێكى وه‌كوو ئه‌مەريكادا، له‌ لايه‌ك له‌به‌ر بوونى تۆڕێكى زۆرى ڕێكخراوی سه‌نته‌ره‌كان، له‌ لايه‌كى تر به‌ هۆى ئاڵۆزیى ده‌زگاى ئاسايشى نيشتمانیى ئه‌مەريكى و پاراستنى ئالنگارييه‌كان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بوونى ململانێى توندى گرووپه‌كانى فشار و كۆمپانياكان، هه‌روه‌ها بوونى زنجيره‌يه‌كى ئاڵۆز له‌ پڕۆسه‌ى دروستكردنى بڕيار له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و ياسادانان، هه‌روه‌ها ده‌زگاگانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، به‌تايبه‌ت گه‌ڵاڵه‌كردنى بيروڕا له‌نێو حيزبه‌ سياسيیه‌كان و وه‌رگێڕانى بۆ به‌رنامه‌ و سياسه‌تى حكومى(4).

له‌ ڕاستيدا سه‌نته‌رى لێكۆڵينه‌وه‌ و كاريگه‌رييه‌كانى؛ په‌يوه‌نديداره‌ به‌ ژينگه‌ى سياسى و سروشتى حوكمڕانى و په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان، بۆيه‌ سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى به‌هێز و كاريگه‌ر؛ زه‌حمه‌ته‌ له‌ سيستمێكى سياسیى تاكڕە‌و و ئاڕاسته‌كراودا ده‌ربكه‌وێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ته‌رخانكردنى پشتيوانیى دارايی و سه‌ربه‌خۆييان، چونكه‌ پێوه‌رى سه‌ربه‌خۆى سه‌نته‌ره‌كان و كۆنترۆڵنه‌كردنيان، تا ڕاده‌يه‌كى زۆر گره‌نتیيه‌ بۆ كاری باش له‌ ڕووى كوالێتیيه‌وه‌.

بۆيه‌ ده‌بينين سه‌نته‌ره‌كانى ئه‌مەريكا له‌ ڕووى گه‌شه‌كردن و ژماره‌شه‌وە، زۆر له‌پێش وڵاتانى جيهانه‌وه‌ن و زۆرترين كاريگه‌ريیشيان هه‌يه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش به‌ هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌يه‌كى باشى ئه‌زموون و زانيارى و شيكارى و مه‌عريفه‌ن.

هه‌ندێك له‌و ئامرازانه‌ى ده‌توانرێت ئاماژە‌يان پێ بكرێت، ڕۆڵى سه‌نته‌ره‌كانه‌ لەپێش هه‌ڵبژاردنه‌كان، له ‌ڕێگه‌ى ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگا و شيكارييانه‌ى پێشكه‌ش به‌ حيزبه‌كان و كه‌سايه‌تييه‌كانى ده‌كه‌ن. ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار له‌ ئه‌مەريكا زۆر به‌ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت، تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ى توێژينه‌وه‌كان ئاماژە‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن هيچ سه‌رۆكێكى ئه‌مەريكا ناتوانێت بگاته‌ كورسیى سه‌رۆكايه‌تى به‌بێ هاوكاریى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌(5).

ئامرازێكى ترى كاريگه‌رى ئه‌م سه‌نته‌رانه،‌ بريتيیه‌ له‌ ڕێگه‌ى پێگه‌ياندن و ڕاهێنانى كادر له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له‌به‌ر ده‌ستيانه‌، چونكه‌ له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان و تيمى هه‌ڵبژاردن و بانگه‌شه‌دا، پێويستیان به‌ ستراتيژ و پلانى تايبه‌ت و كاريگه‌ر هه‌يه‌. ئامرازێكى ترى كاريگه‌ر، بريتيیه‌ له‌ ڕۆڵى ميديا و ڕاگه‌ياندن و تۆڕە ‌كۆمه‌ڵايه‌تیيه‌ هاوچه‌رخه‌كان، كه‌ ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ ڕێگه‌ى شيكارييه‌كانه‌وه‌ ده‌توانن كاريگه‌ر بن و پانتاييه‌كى گه‌وره‌ له‌ ميديا قۆرخ بكه‌ن. هەروەها ئامرازێكی تر، سه‌رنجڕاكێشانى سه‌ركرده‌ و كارگێڕيى لۆكاڵييه‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ى له ‌ڕووى ناوخۆيی و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌ ده‌توانن ڕۆڵ بگێڕن له‌ سيستمى ناوخۆيى نێوده‌وڵه‌تى، بۆ ئه‌وه‌ى بڕيارى ورد و دروستى له‌ باره‌وه‌ بدرێت. ئه‌مه‌ش كارێكى ئاسان نييه، چونكه‌ ده‌بێت ڕاى زۆرينه‌ يان كۆده‌نگیى له‌سه‌ر دروست بكرێت.

ڕێگه‌يه‌كى ترى كاريگه‌ر له‌ ئه‌مەريكا هه‌يه‌، ئه‌ويش زۆربه‌ى زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ سه‌نته‌ره‌كان كار ده‌كه‌ن؛ يان پێشتر له‌ سياسه‌ت كاريان كردووە و ئه‌زموونێكى باشيان هه‌يه‌، ياخود كه‌سانى ئه‌كاديمیى ناسراون، هه‌ردوو ڕێگه‌كه‌ ده‌مانباته‌ سه‌ر يه‌ك ده‌رئه‌نجام، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ نزيكايه‌تيیان له‌گه‌ڵ كه‌سانى خاوه‌ن بڕيار هه‌يه‌ له‌ ده‌زگاكانى ياسادانان و جێبه‌جێكردن، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌مەريكا هه‌يه‌ له ‌كاتى ئاڵۆگۆڕى ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكه‌كان، به‌شێكى زۆر له‌ كارمه‌نده‌كان ده‌گۆڕن كه‌ ژماره‌يان (4000) كه‌س ده‌بێت، له‌م ژماره‌يه‌ به‌شێكيان بۆ وه‌زير و ڕاوێژكار و سه‌فير و دادوه‌ر و  كارمه‌ندى كۆشكى سپى داده‌مه‌زرێن، بۆيه‌ ژماره‌ زۆره‌كه‌ له‌م سه‌نته‌رانه‌وه‌ داده‌مه‌زرێن(6).

بۆيه‌ لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ندازه‌ى كاريگه‌رى و ئامرازه‌كان زۆر كاريگه‌ر ده‌بن له‌سه‌ر بيروڕا و گه‌ڵاڵەكردنى به‌رنامه‌ و سياسه‌تى حكومه‌ت، تا ڕاده‌ى گۆڕينى دونيابينیى دروستكه‌رانى بڕيار له‌ سياسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌.

چواره‌م: سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان

 سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مێكى كولتوورى و مه‌عريفى بێت، ده‌ستكه‌وتێكى شارستانیى جياكه‌ره‌وه‌يه‌، به ‌مانايه‌كى تر: ديوى ناوه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه ‌و ده‌وڵه‌ت پيشان ده‌دات، كه‌ تا چه‌ند گرنگى و بايه‌خ به‌ تێڕوانين و ئاينده‌ناسى و دونيابينیى زانستى ده‌ده‌ن و به‌لايانه‌وه‌ گرنگه‌ كار بكه‌ن و بڕيارى دروست له ‌باره‌ى ئاينده‌وه‌ بده‌ن. له‌م ڕوانگه‌يه‌وه‌ وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى زۆر له‌ دواوه‌ن، ڕە‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ده‌وڵه‌تى به‌رخۆر و كۆمه‌ڵگه‌ى نه‌خوێنده‌وار و حوكمڕانیى ناته‌ندروست؛ كار نه‌كات به‌ پێوه‌رى زانستى، زياتر خه‌مى ئێستاى بێت و خه‌ونى داهاتووى نه‌بێت، ده‌ستكه‌وته‌ مێژوویيه‌كانيش بۆ ئێستاى بتوانێت هاوكارى سياسيیه‌كان بێت بۆ مانه‌وه‌. بۆيه‌ ده‌سته‌بژێرى سياسی خۆى له‌سه‌روو بيركردنه‌وه‌ و توێژينه‌وه‌ى زانستى و شيكاریى سه‌نته‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌بينێت.

لێره‌دا له‌ دوو بڕگه‌دا باسى واقيعى توێژينه‌وه‌ى زانستى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ين:

يه‌كه‌م: سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان

مێژووى سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زانكۆكان و حيزبه‌ سياسيیه‌كان، پاشان دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى. بۆيه‌ به‌پێى ئه‌و پێوه‌رانه‌ى له ‌به‌شه‌ تيۆرييه‌كاندا باس كران، له‌ كوردستاندا به‌تێكه‌ڵاوى كار ده‌كه‌ن، ناتوانرێت بخرێنه‌ نێو ئه‌و پۆلێنكردنه‌وه‌.

 له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ئه‌م پۆلێنه‌ زياتر كار ده‌كات:

  1. سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى حكومى، كه‌ زياتر ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ن سه‌ر به‌ زانكۆكانى كوردستانن، يان كە زياتر كارى توێژينه‌وه‌ى ئه‌كاديمیى بێلايه‌ن ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
  2. سه‌نته‌ره‌ ناحكوميیه‌كان، ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ن كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێكخراوه‌ ناحكومیيه‌كان كار ده‌كه‌ن و سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نين.
  3. سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى حيزبى، ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ سه‌ر به‌ حيزبه‌ سياسيیه‌كانى كوردستانن.

فاكته‌رى به‌هێز له‌ كوردستان بۆ دروستبوونى ده‌زگاكانى توێژينه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كرانه‌وه‌یەی كه‌ له‌دواى 2003 له‌ عێراق دروست بوو، دوابه‌دواى ڕووخانى سيستمى سياسیی داخراوى به‌عس له‌ عێراق به‌گشتى و له‌ كوردستان به‌ هۆى زۆربوونى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تيیه‌كانی تايبه‌ت به‌ هۆشيارى و كرانه‌وه‌ى زانكۆكانيش به‌ ڕووی زانكۆكانى جيهان، زۆربوونى چالاكى و كۆنفڕانس و دروستبوونى فه‌زاى گشتى و زيادبوونى تۆڕە‌كانى زانيارى، ئه‌م چالاكيیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى به‌ ياساى ژماره‌ (1)ى ساڵى 2011، كارى ڕێكخراوه‌ ناحكومیيه‌كان ڕێك خرا(7).

هه‌روه‌ها كارى سه‌نته‌ره‌كان له‌ زانكۆكان به‌ سيستمى ژماره‌ (1)ى ساڵى 1995 و پاشان پاشكۆى ڕێنمايی ژماره‌ (148)ی ساڵى 2002 و ژماره‌ (158)ی ساڵى 2005؛ ڕێك خران، به‌پێى ماده‌ى (36، يه‌كه‌م) له‌ ياساى ژماره‌ (10)ی ساڵى 2008، ياساى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى، ده‌سته‌يه‌ك دامه‌زرا به‌ ناوى “ده‌سته‌ى كوردستانى بۆ توێژينه‌وه‌ى ستراتيژى و لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى”(8).

هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2016، ڕێنمايى ژماره‌ (6)ی تايبه‌ت به‌ سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ى ناحكومى ده‌رچوو، ئه‌م ڕێنماييه‌ پاڵنه‌رێكى باش بوو بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ى ئه‌كاديمى له‌ ده‌ره‌وه‌ى زانكۆكان و له‌ژێر چه‌تر و ڕێنمايى زانكۆكان. بۆيه‌ هه‌ندێك سه‌نته‌رى ئه‌كاديمیى دیكە له‌ كوردستان كرانه‌وه‌، له‌وانه‌ سه‌نته‌ری لێكۆڵێنه‌وه‌ى ئاينده‌يى ناحكومی، كه‌ كار ده‌كات بۆ پاڵپشتيكردنى توێژينه‌وه‌ى ئاينده‌يى و پرسى ڕاوێژكارى زانستى، به‌تايبه‌ت پرسى زانستى ئاسايش له‌ كوردستان.

ئه‌وه‌ى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ له‌ كوردستان له‌ سه‌نته‌ره‌كانى جيهان جيا ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌و سه‌نته‌رانه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى سه‌نته‌رى سه‌ربه‌خۆى توێژينه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، زياتر كار له‌سه‌ر هۆشياریى كۆمه‌ڵگه‌يى ده‌كه‌ن، كه ‌ئه‌مه‌يان به‌شێكى ئه‌ركه‌كه‌يه‌، به‌تايبه‌ت سه‌نته‌ره‌كانى سه‌ر به‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومیيه‌كان، به‌ڵام ئه‌ركى سه‌ره‌كیى سه‌نته‌ره‌كانى بيركردنه‌وه‌، وه‌كوو له‌ پێناسه‌كه‌دا دياری كرا، بريتيیه‌ له‌و ده‌زگايانه‌ى كه‌ توێژينه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئاڕاسته‌ى بڕيارده‌رى سياسیى ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بڕياربه‌ده‌ستانى سياسى؛ تێگه‌يشتنێكى قووڵ و دروستيان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ و به‌رنامه ‌و سياسه‌تى دروست بده‌ن.

له‌ كوردستاندا ژماره‌ى سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ به‌ هه‌رسێ جۆره‌كه‌‌ زۆر كه‌مه‌، بوونى ئه‌م ژماره‌ كه‌مه‌؛ بۆخۆى به‌ڵگه‌يه‌كى ڕوون و ئاشكرايه‌ له‌سه‌ر نه‌بوونى پێويستى و ئيدراكى ده‌سته‌بژێرى سياسى به‌ بوونى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌. كارى ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ و ئه‌م توێژينه‌وه‌يه‌ش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ گريمانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌ر چه‌نده‌ بڕيارده‌رانى سياسى له‌ بڕياره‌كانياندا پشتئه‌ستوور بن به‌ ڕاوێژ و پێشنيارى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ له‌ بڕيارداندا عه‌قڵانى ده‌بن و بڕيارى تۆكمه ‌و ته‌ندروست ده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ى تێبينى ده‌كرێت كه‌ له‌ هۆكاره‌كاندا باسى ده‌كه‌ين له‌ كوردستان، ئاماژەيه‌كى ئه‌رێنى سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵ و كاريگه‌ریى سه‌نته‌ره‌كان به‌دی ناكرێت له‌سه‌ر دروستكردنى بڕيار. له‌ كاتێكدا كوردستان به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌زموونێكى كه‌مى له‌ حوكمڕانى هه‌يه ‌و تواناكانى دياريكراون، گريمانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كرا كه ‌زياتر گرنگى به‌م سه‌نته‌رانه‌ بدرايه‌.

دووه‌م: هۆكاره‌كانى لاوازیى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان

زۆرينه‌ى ده‌وڵه‌تانى جيهان گرنگیى زۆر به‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ ده‌ده‌ن و تا ئه‌و ڕاده‌يه‌ى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ له‌ ئێستادا بوون‌ به‌ يه‌كێك له‌ بنه‌ماكانى حوكمڕانيیه‌كى دروست، هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پێويستیى زۆرى به‌ بوونى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ و پاڵپشتيكردنيان، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م سه‌نته‌رانه‌ به‌ هۆكارى جياواز له ‌كوردستان لاوازن و كاريگه‌ر نين له‌سه‌ر دروستكردنى بڕيار، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌ر دۆسيه‌يه‌كى ئاڵۆز و ستراتيژى له‌ بواره‌كانى (سياسى، ئابوورى، ئاسايش، ستراتيژى)، پشت به‌ ڕا و وێنابيرى كه‌سى ده‌به‌ستن، به‌و پێيه‌ى له‌دواى 2005، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى هه‌ڵواسراو لەنێوان عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ له‌سه‌ر دۆسيه‌كانى (ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، نه‌وت و وزه‌، بودجه‌ و مووچه، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ‌و سيستمى به‌رگرى)، به‌ڵام له‌ كوردستان بۆ هه‌ريه‌كێك له‌و دۆسيانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى، بيروڕاى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ وه‌رنه‌گيراوه‌، كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌فده‌كانى دانوستانكار سوود له‌ پێشنيار و چاره‌سه‌رييه‌كانيان وه‌ربگيرێت. لێره‌دا ئاماژە به‌ گرنگترين و ديارترين ئه‌و سيما و تايبه‌تمه‌ندييانه‌ ده‌كەین، كه‌ هۆكارن بۆ لاوازیى سه‌نتەره‌كانى توێژينه‌وه‌:

  1. ژينگه‌ى سياسى: ژينگه‌ى سياسى بۆ كارى توێژينه‌وه‌؛ ژينگه‌يه‌كى دروست و له‌بار نيیه‌، له‌ لايه‌ك له‌به‌ر نه‌بوونى ئازادیى ڕاسته‌قينه‌، چونكه‌ كارى توێژينه‌وه‌ پێويستى به‌ ئازادى هه‌يه‌، له‌ لايه‌كى تر نه‌بوونى شه‌فافيه‌ت بۆ گه‌يشتن به‌ زانيارى؛ كۆسپ و ڕێگریى گه‌وره‌ دروست ده‌كات بۆ توێژينه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سيستمى سياسى سيستمێكه‌ ده‌سه‌ڵاتگه‌رايى و كه‌سيیه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌موو جۆره‌ ڕا و ڕاوێژێك ڕە‌ت بكاته‌وه، ياخود به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ خۆى له‌سه‌روو سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ ببينێت. ئه‌م بابه‌ته‌ ڕەگوڕیشه‌ى له‌ناو بابه‌ته‌ سايكۆلۆژى و كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كان هه‌يه‌، كه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ عه‌قڵيه‌تى خێڵ و ميزاجى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌قليديیه‌وه‌ هه‌يه‌، بۆيه‌ هه‌موو پێشنيار و ڕێگه‌چاره‌يه‌كى توێژينه‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ ڕاسته‌قينه‌كه‌ ديارى ده‌كات بۆ به‌عەقڵانيكردنی بڕياردان په‌راوێز ده‌خات. ئه‌مه‌ وا ده‌كات ده‌رگاى دروستكردنى بنه‌ماى كارى توێژينه‌وه‌ى ڕاسته‌قينه‌ دابخرێت و ئيراده‌يه‌كى سياسیى ڕاسته‌قينه‌ نه‌بێت بۆ دامه‌زراندنى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌. ڕاسته‌ له‌ كوردستان له‌ ده‌زگاكانى ياسادانان و جێبه‌جێكردن؛ سه‌نته‌ره‌كان بوونيان هه‌يه‌، به‌ڵام كه‌ بڕياره‌كان ده‌درێن، زۆر ڕوون و ئاشكرايه‌ كه‌ له ‌ڕا و ڕاوێژى سه‌نته‌ره‌كان سووديان نه‌بينيوه‌.
  2. پاڵپشتیى دارايی: پاڵپشتیى دارايى هۆكارى سه‌ره‌كييه‌ بۆ به‌رده‌وامیى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌، به ‌هۆى كه‌مى و نه‌بوونى پاڵپشتیى دارايى، ياخود بوونى پاڵپشتیى دارايى مه‌رجدار، وا ده‌كات سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ نه‌توانن به‌رهه‌مه‌كانيان له‌ ئاست چاوه‌ڕوانیدا بن. ئه‌گه‌ر نموونەیە‌ك وه‌ربگرين له‌ كۆى 22 ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى، كۆى ئه‌و بودجه‌يه‌ى ته‌رخان ده‌كرێت بۆ سه‌نته‌ره‌كان، ناگاته ‌0,3% له‌ كۆى به‌رهه‌مى نه‌ته‌وه‌یی له‌ ساڵى 2003. ئه‌م ڕيژە‌يه‌ زۆر كه‌مه‌ له‌چاو ده‌وڵه‌تانى پێشكه‌وتوو كه‌ به‌ ڕێژەى جياواز له‌نێوان 1% تا 3% بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا ئيسرائيل 4%-ی ته‌رخان ده‌كات(9).

به‌ڵام له‌ كوردستان تا ساڵى 2013 كه‌ ياساى بودجه‌ هاتۆته‌ په‌رله‌مانى كوردستان و بڕيارى لێ دراوه‌، به‌پێى ئه‌و ياسايه‌ هيچ بڕێك له‌ بودجه‌ بۆ بوارى توێژينه‌وه‌ى زانستى ته‌رخان نه‌كراوه‌، جگە له‌و بودجه‌ كه‌مانه‌ى به‌پێى تواناى كه‌مى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ ته‌رخانى كردووه‌، به‌ڵام ئه‌م بڕانه‌ له‌ناو بودجه‌دا شايانى خوێندنه‌وه‌ نين. هه‌ر چه‌نده‌ له ‌سه‌رده‌مى كابينه‌ى هه‌شته‌م، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا گرنگيیه‌كى تايبه‌تى به‌م بواره‌ دا، بودجه‌يه‌كى تايبه‌تى بۆ ته‌رخان كرد و بۆردێكى باڵاى بۆ دروست كرد و گراندێكى بۆ باشترين توێژينه‌وه‌ ڕاگه‌ياند، به‌ڵام بابه‌تى توێژينه‌وه‌ى زانستى؛ بابه‌تێكه‌ پێويستى به‌ ژێرخانى توێژينه‌وه‌ و بيركردنه‌وه‌ى ستراتيژى هه‌يه‌.

  1. لاوازیى ژێرخانى توێژينه‌وه‌ و كه‌میى ئه‌زموونى توێژينه‌وه‌ى هاوچه‌رخ، بوونى ده‌يان ڕێگرى ته‌كنيكى و بيرۆكراتى، يه‌كێك له‌و ته‌كنيكه‌ گرنگانه‌ى كه‌ هاوكار و يارمه‌تيده‌ره بۆ توێژينه‌وه‌ی كارى تيم و به‌ گرووپه‌ كه‌ زياتر له‌ سه‌نته‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌درێت. ئامارێك له‌ ساڵى 2007 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێكڕاى ئه‌و توێژەرانه‌ى له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بيیه‌كان هه‌ن، يه‌كسان نين به‌ ژماره‌ى ته‌نها يه‌ك ده‌وڵه‌تى ئه‌ورووپیى وه‌كوو فه‌ره‌نسا(10).

ئه‌مه ئاماژەيه‌كى زۆر به‌هێزه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى دواكه‌وتوو بايه‌خ به‌ پێگه‌ياندنى توێژە‌ر نادات بۆ ئه‌وه‌ى له ‌سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵينه‌وه‌ كار بكه‌ن، ئێستا له‌ كوردستان جگه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى كه ‌له‌ ئاماژەمان پێكرد و چه‌ند چاره‌نووسسازن له‌ ڕووى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييه‌وه‌، ڕۆژانه‌ كێشه‌كانى داهات و خه‌رجيیه‌كان و ناهاوسه‌نگى له‌ وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى كه‌رته‌كانى تر جگه ‌له‌ كه‌رتى نه‌وت و وزه‌، جێگه‌ى مشتومڕى ڕۆژانه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كوردستان له‌ ئێستادا وه‌كوو هه‌موو جيهان؛ تووشی كێشه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيد نۆزده‌ بۆته‌وه‌، وه‌كوو كێشه‌يه‌كى ته‌ندروستیى جيهانى، به‌ڵام ده‌بينين له‌ كوردستان له‌به‌ر نه‌بوونى سه‌نته‌رى پێشكه‌وتوو له‌ بوارى په‌تازانى و تاقيگه‌ى پزيشكى و ژێرخانى ته‌ندروستیى باش، كوردستان له ‌ده‌ره‌وه‌ى بيركردنه‌وه‌يه‌ له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر، له‌گه‌ڵ بوونى توێژە‌ر، ئه‌مه‌ نيشانه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كوردستان له‌ هه‌موو ئه‌و گرفته‌ گه‌ورانه‌ى ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، پێشبينیكردنى ئاينده‌ى نه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئەو هۆكارانه‌ى باس كران كه‌ فاكته‌رى سه‌ره‌كين بۆ لاوازى و نه‌بوونى تواناى سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌، ڕە‌نگه‌ هۆكارى تريش هه‌بن. پێش هه‌موو هۆكاره‌كان، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانرێت كه ‌ڕۆڵى سه‌نته‌ره‌كان له‌ دونياى زانياریى ته‌كنه‌لۆجيدا؛ ڕۆڵێكى لاوه‌كى نييه‌، به‌ڵكوو سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ ڕۆڵى سه‌ره‌كى ده‌بينن له‌ به‌عه‌ڵانيكردنى بڕيارى سياسى، له‌مه‌ش زياتر سه‌نته‌ره‌كان به ‌كارى بيركردنه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستن له‌بریى حكومه‌ت و ده‌زگا فەرمییەكان، هه‌روه‌ها سه‌نته‌ره‌كان ڕۆڵێكى تريان هه‌يه‌، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ زۆر جار له‌نێوان ده‌زگا بيرۆكراسیيه‌كانى ده‌وڵه‌ت؛ ناهاوسه‌نگى و ململانێ له‌سه‌ر سياسه‌تێك يان به‌رنامه‌يه‌كى سياسى دروست ده‌بێت، سه‌نته‌ره‌كان ده‌بن به‌ هۆكارى به‌يه‌كگه‌يشتن و سازان له‌ پێشكه‌شكردنى بيروڕاى زانستیى قه‌ناعه‌تپێكه‌ر و گونجاو و بێلايه‌ن.

ئه‌نجام

بونيادنانى ده‌زگاى توێژينه‌وه‌ له‌ كوردستان، پێويستى به‌ بيركردنه‌وه‌يه‌كى فه‌لسه‌فى و سترايژیى بونيادنه‌ر هه‌يه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك كه ‌سيستمه‌ سياسیيه‌ ديموكراسيیه‌كانى جيهان؛ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ هاوبه‌شى سه‌ره‌كى له‌ دروستكردنى بڕيارى ستراتيژى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ هه‌رێمى كوردستان ژينگه‌يه‌كى سياسی و زانستیى به‌رهه‌مهێن و پاڵپشتى دارايى، ئه‌زموونى باشى كارى توێژينه‌وه‌ و ژێرخانى توێژينه‌وه‌ بوونى نييه‌، بۆيه‌ بڕيارى سياسى له‌ كوردستان پێچە‌وانه‌ى ئه‌و گريمانه‌يه‌ كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ به‌شدار بن له‌ دروستكردنى بڕيار، به ‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ بڕياره‌كان عه‌قڵانى ده‌بن.

سه‌رچاوه‌كان:

  1. أميمة عبداللطيف، “قراءة في خرائط المراكز الفكرية، متاح على الموقع الاليكتروني”، .www.alaasr.ws.index.cfm
  2. ابلسون، دونالد (2007)، هل هناك أهمية للمؤسسات البحثية؟، أبوظبي: مركز الامارات للدراسات والبحوث الاستراتيجية، صص 36-37.
  3. سامي الخزندار و طارق الاسعد، دور مراكز الفكر والدراسات في صنع السياسات العامة، متاح على الموقع الاليكترونى، www.iugaza.edu.ps.
  4. مجلة العرب الاسبوعي (21/9/2009)، “مراكز التفكير حلقة أساسية في صنع السياسة الخارجية الامريكية”، www.alarab.co.uk،

(متاح: 4/6/2020).

  1. محمد عبدالعزيز (1999)، صنع السياسة الامريكية والعرب، الاردن: دار الكرمل، ص117.
  2. عمر عبدالعاطى، مؤسسات الفكر والرأي والسياسة الخارجية الامريكية، www.annabaa.org.nbanews.
  3. قانون رقم (1) لسنة 2011، قانون المنظمات غير الحكومية في اقليم كوردستان – العراق.
  4. قانون رقم (10) لسنة 2008، قانون وزارة التعليم العالي والبحث العلمي لاقليم كوردستان.
  5. قانون رقم (10) لسنة 2008، قانون وزارة التعليم العالي والبحث العلمي لاقليم كوردستان.
  6. احمد سليمان ال طعمة، البحث العلمي ودوره في تنمية المجتمع، .www.fcdrs.com

Send this to a friend