• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

چاکسازیى ئایینیى لە ئێراندا.. خوێندنەوەیەک لەسایەى ویلایەتى ڕەهاى فەقیهدا[1]

د. ئەحمەد سالم – مامۆستاى فەلسەفە لە زانکۆى تەنتا

وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: بارام سوبحى

بەرایی

جیاوازى نێوان مسوڵمانان لەبارەى بەڕێوەبردنى کاروبارى مسوڵمانان و سەرکردایەتیکردنیان لە ساتى مردنى عوسمانى کوڕى عەفانەوە، بەشداربووە لە دەرکەوتنى ڕەوت و گروپ و مەزهەبەکاندا. مسوڵمانان لە ململانێى نێوان عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب و موعاویەى کوڕى ئەبو سوفیاندا لە شەڕى سەفین لە ساڵى (40) کۆچى بوونە دوو بەشەوە. ئەو شەڕە سەرەتای دابەشبوونی مسوڵمانان بوو بۆ حزبی سیاسی لەسەر ئەوەی کێ مافی خەلافەتی هەیە. شیعەکان دەڵێن ئیمامەت مافى ئەهلوبەیتە لە وەچەکانى حوسێن، سوننەکان دەڵێن ئیمامەت مافى قوڕەیشییەکانە، خەواریجەکان دەڵێن ئیمامەت مافى هەر مسوڵمانێکە تەنانەت ئەگەر کۆیلەیەکى باشیش بێت، بە مەرجێک کەسێکى بە تەقوا و دادپەروەر بێت. شەهرستانى بەم وتەیە ئەم جیاوازییەى دەرخستووە “لە ئیسلامدا هێندە شمشێر دەرنەهێنراوە، هەروەکو لە بابەتى ئیمامەتدا دەرهێنراوە”، لێرەوە لە باسە عەقیدەییەکاندا لەلاى شیعەكان، دۆزى ئیمامەت بووەتە دۆزێکى ناوەندى، چونکە لەوێوە بناغەکانی باوەڕی ئایینی تەواو دەبن، لە ئەنجامی ئەوەشدا سوننە و ئەشعەریيەکان لە پرسی ئیمامەتدا وەڵامی شیعەکان دەدەنەوە. پاشان پرسی ئیمامەت وەک پرسێکی لاوەکی بە کتێبی بیروباوەڕی سوننەکان بە گشتی و ئەشعەرییەکان بە تایبەتی لکێنرا.

کەواتە تێبینی دەکەین کە بنەمای جیاوازی نێوان مسوڵمانان سیاسی بووە، پاشان بەرەو ڕەهەندی ئایینی ڕۆیشتووە بۆ دروستبوونى مەزهەبە ئایینییە جیاوازەکان لە ئیسلامدا، بۆیە بوون بە موعتەزیلە و شیعە و خەواریج و مورجیئە و ئەشعەری و ئەهلی حەدیس و ماتریدی.

لێکۆڵینەوەکەمان باس لە سروشتی تایبەتمەندییە دامەزرێنەرەکانی شیعەى دوانزە ئیمامی دەکات، هەروەها چۆن لە ڕێڕەوی مێژوودا لە چوارچێوەی کۆدە عەقیدەییەکاندا چەسپاون، چۆن ئەم مەزهەبانە لە بنیاتنانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێراندا بەکارهێنراون. چۆن هەوڵەکانی “چاکسازی ئایینی” هاوچەرخ بۆ خستنەڕووی دیدگایەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو عەقیدەیە لە ئێراندا سەریهەڵداوە؟ چۆن ئەم هەوڵانە لەكاتى هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەڵقەى داخراوی باوەڕی شيعەى دوانزە ئيمامى تووشی ئاستەنگی گەورە هاتن؟ ئایا ئەو هەوڵە چاکسازیيانەی کە لەسەر دەستی کەسانی وەک عەلی شەریعەتی و عەبدولکەریم سروش و محەمەد موجتەهید شەبستەری و ئەوانی تر دەرکەوتن، لە شکاندنی ئەڵقەی داخراوی ئەم باوەڕەدا سەرکەوتوو بوون؟ ئەم پرسیارانە لە لێکۆڵینەوەکەماندا دەوروژێنين و هەوڵدەدەین وەڵامیان بدەینەوە.

يەکەم: ئایا عەقیدەى شیعەى دوانزە ئیمامى کراوەیە یان داخراوە؟

سەرەڕای زوو سەرهەڵدانی شیعەگەرایی، بەڵام ئەو نووسینانەی پەیوەستن بە خستنەڕووی بنەچەی مەزهەبی شیعەوە تا قۆناغێکی درەنگ لە سەدەی چوارەمی کۆچی دواکەوتن، لەگەڵ دەرکەوتنی نووسراوە گرنگەکانی شیعە لەم سەدەیەوە تا ساتەوەختی ئێستا، ئەم نووسینانە هەوڵیانداوە ناسنامەی مەزهەبی شیعە و جیاوازییەکانی لەگەڵ تەواوى مەزهەبە ئیسلامییەکانى دیکەدا بخەنەڕوو.

مەسەلەی ئیمامەت لە فیکری شیعەدا بە گشتی پرسێکی ناوەندییە، ئەوان وەک باوەڕێکی ئایینی نەک سیاسی تەماشای دەکەن، “ئيمامەت لەلاى شیعەى ئیمامى بیروباوەڕێکى ئایینییە نەوەکو کارێکى دنیایى یان بەرژەوەندخوازانە، ئەو ئیمامانەی کە بەرپرسیارێتی ئیمامەت لە ئەستۆ دەگرن تەنها لەسەر فەرمانی پێغەمبەر بەرپرسیارێتی وەردەگرن، پێغەمبەر وەسیەتنامەی بۆ عەلی کردووە، عەلی وەسیەتنامەی بۆ حەسەن کردووە، حەسەن وەسیەتنامەی بۆ حسێن کردووە، بەم شێوەیە بابەتەکە دەڕوا تا دەگاتە جەعفەر سادق، دوای ئەوە جیاوازییەکە لەنێوان دوانزەییەکان و ئیسماعیلییەکاندا دەبێت. ئەوان دەڵێن بۆ موساى کازمە، دواى موساى کازم بۆ عەلى ڕەزایە، پاشان بۆ محەمەد جەوادە، دواتر بۆ عەلى هادى، ئینجا بۆ حەسەن عەسکەرى، دواى خۆى بۆ محەمەدى کوڕى، کە ئیمامى دوانزەهەمین  و ئیمامى نادیارە”1.

دوانزە ئیمامییەکان پێیانوایە “ئیمامەت یەکێک نییە لەو بەرژەوەندییە گشتیانەی کە بە میللەت بسپێردرێت و کەسی بەرپرسیارى بۆ دابمەزرێنن، بەڵکو پایەيەكی ئایین و بنەمايەكی ئیسلامە، بۆیە دروست نییە پێغەمبەر پشتگوێی بخات یان بیخاتە دەستی میللەتەوە، بەڵکو دەبێت ئیمامیان بۆ دابنێت، ئيمام دەبێت لە تاوانە گەورە و بچووکەکان پارێزراوبێت، عەلی خودا لێى ڕازى بێت ئەو کەسەیە کە دوعاکانی خودا لەسەرى دانراوە، بە دەقێک کە بەپێى عەقیدەى خۆیان دەیگوازنەوە و ئەنجامی دەدەن“2. لێرەوە شیعەى دوانزە ئیمامى پێیوایە ئیمامەت بە دەق و بە دامەزراندنە، بە هەڵبژاردن نییە وەکو سووننەکان واى بۆ دەچن.

شیعەى دوانزە ئیمامى جەخت لە باشترینەکان دەکەنەوە، لەگەڵ ئیمامی پەسەندکراودا هاوڕا نین. چونکە واى دەبینن کە “ئیمامەکانیان زانستەکانی پێغەمبەر و زانستەکانی هەموو پێغەمبەرەکانیان بە میرات وەرگرتووە، ئەم عەقیدەیەش بەڕوونی لە سەردەمی ئیمام جەعفەر سادقدا دەرکەوت. شیعەى ئیمامی ڕازی نین بە ئامادەبوونی باشترینەکان بە ئیمامەتى پەسەندکراوان سەرکردایەتی بکرێن، چونکە ئەوە پێچەوانەی قورئانی پیرۆزە، ئەگەر ئیمام پێشەواى ڕەعیەتەکانی بێت لە فەرمانڕەوایى و زانست و بنەماکانی ئاییندا، ئەوا دەبێت باشترین و زاناترین بێت و زۆرترین پەرستشى هەبێت“3.

تێڕوانینى شیعە بۆ ناوەندگەرایى زانست لەلاى زنجیرەى ئیمامەکان وایکردوە کە زانستى ئایینى داخراو بێت، تەنانەت “ئیمام لەدواى قورئان و فەرموودە پشتڕاستکراوەکان لەڕێگەى ئەهلوبەیتەوە، دەبێتە سەرچاوەى یاسادانان. شیعەکان هیچ گێڕانەوەیەک پەسەند ناکەن تەنها لەڕێگەى ئەوانەوە نەبێت، چونکە ئیمام میراتگرى زانستى پێغەمبەرە، بە پەیوەندى بەردەوامى بە زانستى خوداییەوە لە مرۆڤ باڵاترە، ئەو بە بەدەستهێنان و وەرگرتنی بەڵگەکان بەم پلەیە نەگەیشتووە، بەڵکو زانستەکەى لەناو خۆیدا پاڵفتە کردووە، ئەوەش لە خۆیەوە و لە سروشت و مادەکەیدایە، کە زانستى غەیب دوای زنجیرەیەکی دوور و درێژ لە ڕۆحی ڕۆحانییەکان لە فریشتەکان و پێغەمبەران بۆى هاتووە، لە سەرەتاوە نورێک هەبووە، کە لە پێغەمبەرێکەوە بۆ پێغەمبەرێک گوازراوەتەوە تا گەیشتۆتە محەمەد و لەوەوە گەیشتووە بە عەلی و فاتیمە، نورەکەش لە ئیمامە فاتمییەکاندا کۆبووەتەوە“4.

ئەگەر زانستى ئیمامەکان یەکێک بێت لە سەرچاوەکانى بڕیاردان، ئەوا شیعەى دوانزە ئیمامى بە پێچەوانەى سووننەکانەوە ئەوەى بە کۆدەنگى یان پێوەر (اجماع و قیاس) ناودەبرێت ڕەتدەکەنەوە، هیچ ڕا دەربڕینێک (اجتهاد) نییە تەنها لەڕێگەى ئیمامە هەڵبژێردراوەکانەوە نەبێت، چونکە شیعەى دوانزە ئیمامى پێیوایە “ئیمام سەرچاوەى بڕیاردانە، لە هەموو ئەو بابەتانەى بە حەڵاڵ و حەرام ناودەبرێن بە تەنها خۆى کۆنترۆڵى ڕەهاى بەسەر گەردنى مسوڵماناندا هەیە، ئەوان وەکو سووننەکان بە کۆدەنگى ڕازى نابن، زیاتر و زیاتریش لەسەر پێوەر (قیاس) ڕازى نابن، کاتێک پێوەرەکەیان لێ بشێوێت، پەنادەبەنە بەر فەرمانى ڕاستەوخۆى ئیمام، لەبەر نیگەرانى یان ئیجتیهاد، دەبێت ئیجتیهادەکەى بەدەر بێت لە کەموکووڕى، پارێزراو بێت لە هەڵە، هیچ کۆدەنگى و پێوەرێک نییە، بەڵکو دەقێکى قورئانە یان فەرمودەیەکە لە ئیمامێک لە ئیمامەکانەوە، یان ئیجتیهادێکە لە زەنگى زەنگۆڵەیەک دەچێت“5.

پاشان شیعەى دوانزە ئیمامى پێیانوایە ئایین بە تەواوەتى بەدینایەت بەبێ ویلایەتى ئیمام نەبێت، بۆیە واى دادەنێن “بنەمایەکە لە بنەماکانى ئایین، ئیمان تەواونابێ هەتا بڕوات پێى نەبێت، لاسایکردنەوەى باوان و کەسوکار و پەروەرشیاران هەرچەندە گەورە و مەزن بن ڕێگەى پێنادرێت، بەڵکو دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، هەروەک چۆن دەبێت یەکتاپەرستی و پێغەمبەرایەتی لەبەرچاو بگیرێت“6. ئێمە پێمانوایە کە بابەتى ئیمامەت لە بیرى شیعەى ئیمامیدا دۆگمایەکى ناوەندییە، چونکە تەنها ئەو مافى لێکدانەوەى پەکتاپەرستى و پێغەمبەرایەتى هەیە، شارەزابوون لە ئایین تەنها لەڕێگەى ئەوەوە دەبێت، مافی ئەوەی هەیە لە بنەماکانی باوەڕ و لە حوکمەکانی فیقهدا ڕێنمایی خەڵکى بکات.

شیعەى دوانزە ئـیمامى جەخت لە گرنگى پاکژى ئیمامەکان لە هەڵە و نەزانین دەکەنەوە، چونکە درێژکراوەى زنجیرەى پێغەمبەرن، ئەلفەیومى دەڵێت “پێیانوایە ئیمام وەکو پێغەمبەرە، لە هەموو خراپەکارییەکى دیار و نادیار، لە منداڵییەوە تا مردن، بە ئەنقەست و بە هەڵە پارێزراون. دەبێت لە هەڵە و نەزانین و لەبیرچوونەوە پارێزراو بن، چونکە ئیمامەکان پارێزەرى شەریعەتن و بەرپرسیارن لەسەرى، دۆخى ئەمان لێرەدا وەکو دۆخى پێغەمبەرانە، ئەو بەڵگانەی کە پێویست دەکات ئێمە لە بێ هەڵەیی (مەعسومى) پێغەمبەراندا بیانڵێین، هەمان ئەو بەڵگانە پێویست دەکات لە بێ هەڵەیی ئیمامەکانیشدا باوەڕمان پێیان هەبێت”7.

لە دەرەنجامى ئەم بێ هەڵەییەدا، شیعەى دوانزە ئیمامى وایدەبینن کە دروست نییە ئیمام هەڵە بکات، واتە «بەو پێیەی دانانی ئیمام واجبە بۆ خودای گەورە، مەحاڵە تاوان ئەنجام بدات، چونکە ئەگەر تاوان لەلایەن ئەوەوە بکرێت، ئەوا ڕێگەمان پێدەدرا هەڵە بکەین لە هەموو ئەو حوکمانەی کە فەرمانمان پێدەکات، ئەوەش خراپەکارییەکی گەورەیە”.

لە ئەنجامی تێڕوانینی دوانزە ئیمامییەکان بۆ ئیمامەکان بەم شێوەیە لە کامڵبوون، دەبینین باس لە ئیمامەکانیان دەکەن بە شێوەیەک کە لە کاریگەریی وێنەی پێغەمبەر “دروودى خوای لێ بێت” تێدەپەڕێت، چونکە ئیمامەکان نەوەکانی عەلی و نەوە کاریگەر و هەڵبژێردراوەکانی مێژوون، هەموو چالاکییەکانیان لەژیاندا بەوان سپاردووە. ئەوان وایدەبینن کە ئیمامەکان “بەندە ڕێزلێگیراوەکانن، خواى گەورە بەهۆى کەرامەتى خۆیەوە و بە خۆشەویستیان بۆ ئەرکەکەیان جیاى کردونەتەوە، لەڕووى زانین، تەقوا، بوێری، بەخشندەیی، پاکیزەیی و هەموو ئەخلاقە پەسەندەکان، خەسڵەتە باشەکان لە باڵاترین پلەکانى کامڵبوونى شایستە بە مرۆڤدان، هیچ مرۆڤێک لەو تایبەتمەندییانەدا پێیان ناگات، بۆیە لە هەموو ئەو بڕیار و داناییانەى خەڵکى بۆیان دەگەڕێنەوە، لەهەموو ڕونکردنەوە و یاسادانانەکان کە پەیوەندییان بە ئایینەوە هەیە، لە هەموو ئەو بابەتانەى کە تایبەتن بە قورئان لەڕووی تەفسیر و لێکدانەوەوە شایەنی ئەوەن ببنە ئیمام و ڕێنوێنیکار، لەدوای پێغەمبەر ببنە مەرجەع”9.

لێرەوە دەبینین کە شیعە زانست بەسەر ئیمامەکاندا دادەخات، پاکیزەیى و هەڵەنەکردنیان پێدەبەخشێت، لەلاى دوانزە ئیمامییەکان زانست بەسەر ئیمامەکاندا، پاشان بەسەر زانا هەڵبژێردراوەکاندا دادەخرێت.

پێدەچێت ڕوون بێت کە شیعەکان ڕێنماییەکانی ئیمامەکانیان پیرۆز کردوە. دوانزە ئیمامییەکان بڕوایان وایە كە “فەرمانەکانیان فەرمانى خودایە، قەدەغەکردنەکانیان قەدەغەکردنى خودایە، گوێڕایەڵى ئەوان گوێڕایەڵى خودایە، سەرپێچیکردنیان سەرپێچى خودایە، دەسەڵاتى ئەوان دەسەڵاتى خودایە، نابێت وەڵامیان بدرێتەوە، چونکە وەڵامدانەوەیان وەکو وەڵامدانەوەى پێغەمبەرە د.خ، وەڵامدانەوەى پێغەمبەریش وەکو وەڵامدانەوەى خودایە، پێویستە خۆت ڕادەستیان بکەیت، ملکەچى فەرمانەکانیان ببیت، وتەکانیان بەهەند وەربگریت. هەربۆیە پێیانوایە فەرمانە شەرعییە ئیلاهییەکان تەنها دەبێت لەوانەوە وەربگیرێت، وەرگرتنى ڕاست و دروستیش تەنها لەوانەوە دەبێت. ئەوان وەکو کەشتییەکەى نوحن، ئەوەى سوارى کەشتییەکە بێت ڕزگارى دەبێت، ئەوەشى دوابکەوێت لێى لەو دەریا تاریکە سوێرە پڕ لە شەپۆلى گومان و گومڕایی و پڕوپاگەندە و ناکۆکییەدا دەخنکێت”10. لێرەوە ئیمامەکان لە ڕابردوو ئێستادا، تەنانەت لە ڕێگوزەرى ئاییندەشدا، دەسەڵاتێکى گەردونییان بەسەر خەڵکیدا دەبێت.

لەسایەى ئەوانەى پێشوودا، چەندین ئەفسانە لەبارەى ئیمامەکانى شیعەوە دەگێڕدرێتەوە، هەروەها لە بوارەکانى ناساندنیان لە عەقڵیەتى جەماوەر و لە دەرخستنى کەراماتى بێ سنووریان لە خەیاڵدانى جەماوەریى شیعەدا.

بیروباوەڕی شیعە ئیسلامییەکان لە بیروباوەڕی وڵاتى فارسی کۆندا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. تەنانەت “هەندێک لە مسوڵمانان کە پەیوەندییان بەو بیروباوەڕە کۆنانەی فارسەکانەوە هەبوو، وەکو بوونەوەرێکی خودایی سەیری پادشاکانیان دەکرد کە خودا هەڵیبژاردوون و سەروەری پێ بەخشیون و بە ڕۆحێک لە خۆیەوە پشتگیری کردوون، تاوەکو لەنێو خەڵکیدا حوکمڕانی بکەن”11.

لەماوەى نێوان دیارنەمانى مەهدى چاوەڕوانکراو تا ساتى گەڕانەوەى، شیعەکان لە ویلایەتى ئیمامەوە بەرەو ویلایەتى فەقیهەکان دەچن، فەقیهەکان مافی ئەوەیان هەیە بژاردەى خۆیان بەسەر خەڵکی ئاسایی مەزهەبی شیعەى ئیمامیدا بسەپێنن، «هەروەک لە ئیمامی عەسکەری وەریانگرتووە کە لە ئیمامی سادقی باپیری گێڕاوەتەوە هەر کەسێک لە فەقیهەکان بێت خۆی و دینەکەی پارێزراو دەبێت، دژایەتی ئارەزووەکانی دەکات، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەوان دەبێت، بۆیە پێویستە خەڵکی ئاسایی گوێڕایەڵیان ببن، ئەو فەقیهە کە بە ئایەتوڵڵا ناسراوە، هەمان ڕێز و شکۆمەندی و ملکەچبوون و گوێڕایەڵبوونی فەرمان و ئیجتیهادەکانی وەکو ئیمامەکان هەیە. کەس مافی ئەوەی نییە بەرامبەر بە ئیجتیهاد و فەرمانەکانی ناڕەزایەتی دەرببڕێت، چونکە گوزارشت لە بیروباوەڕى دوانزە ئیمامى دەکات، هەموو ئەو شتانەی خودا بۆ ئیمامى دابینکردووە، بۆ فەقیهیشى فەراهەمکردووە لەڕووی: سەرۆکایەتی بەسەر هەموو مرۆڤەکاندا، دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوونەوەرەکاندا، بەڕێوەبردنی کاروباری ئایین، ئیمامەتى بۆ سەرکردایەتیکردنی میللەت، تێگەیشتن لە یاسا ئایینییەکان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ژیان«١٢.

بەو شێوەیە مەزهەبى دوانزە ئیمامى ڕۆحێکى قەشەیى لە ویلایەتى ئیمامەوە بۆ ویلایەتى فەقیه گواستۆتەوە، لە بەڕێوەبردنى کاروبارى ئەم مەزهەبەدا دەسەڵاتێکى گەورەى بە فەقیهەکان بەخشیوە، “دواى سەردەمى دیارنەمانى گەورە بیرۆکەى پێنج یەک بە فیکرى شیعەى دوانزە ئیمامییەوە لکێنرا، ئەویش بریتیە لە تەرخانکردنى پێنج یەک لە دەستکەوت و قازانجى هەر شیعەیەک – دوانزە ئیمامى- لە سەرانسەرى جیهاندا بۆ ئیمامى نادیار، لەبەرئەوەى ئیمام ئامادەنییە، بەڵام ئەو کەسەى نوێنەرایەتى دەکات ئامادەیە، بۆیە پێویستە داهاتەکە ڕادەستى ئەو زانا و شارەزایانە بکرێت کە نوێنەرایەتى ئیمام دەکەن”13. پاشان دواى دیارنەمانى ئیمامى مەزن، بابەتى بەردەوامبوونى ویلایەتى ئیمامەکان لەڕێگەى فەقیهەکانەوە، تەرخانکردنى پێنج یەک لە پەیڕەوانى ئیمامى نادیار بۆ پیاوانى ئایینى بە مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامییەوە لکێنرا.

لەماوەى دیارنەمانى ئیمام و گەڕانەوەىدا، مرۆڤى باوەڕدارى شیعەى دوانزە ئیمامى وەکو ڕێباز و شێوازێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا، لە دۆخێکى ئیمانیدا دەژێت کە پشت بە (تەقیە) دەبەستێت. (تەقیە) بێدەنگى شیعەکان و ڕانەگەیاندنى ناسنامەیانە لە ترسى چەوساندنەوە و گەمارۆدانیان، بۆیە حەیدەر ئەمولى پێیوایە کە “تەواوى نهێنییەکانى خودا، هەموو نهێنییە ڕووناککەرەوەکان، حیکمەتە ئیلاهییەکان، سپاردەن و بە دڵى ئەولیاکان سپێردراوە، ڕادەستى هیچ کەسێک ناکرێت کە مافى تێدا نەبێت، چونکە لەیەک کاتدا توانا و قودرەتى بەرگەگرتنى تێدەپەڕێنێت، لەبەرئەوەى ئەوە پێداویستى شەریعەت و توڕەبوونى خوداوەندە، ئەمەش هۆکارى ئەوەیە کە خودى ئیمامەکان موریدەکانیان پابەندى (تەقیە) کردووە”14.

لەڕاستیدا مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامى کە هەندێک تایبەتمەندى دیاریکراوى هەیە، پاکیزەیى و پیرۆزیى بە ئیمامەکان دەبەخشێت، لەدواى قورئان و فەرموودە مافى یاسادانیان پێدەبەخشێت، لەساتى دیارنەمانە گەورەکەوە، مافى ویلایەت لە ئیمامەکانەوە بۆ فەقیهەکان دەگوازێتەوە، بۆ ئەوەى ویلایەتى فەقیهەکان وەک زنجیرەیەکى درێژکراوە لە زەمەنێکى بازنەیدا تا گەڕانەوەى مەهدى چاوەڕوانکراو جێگەى بگرێتەوە، بازنە کاتییەکە بە گەڕانەوەى دادەخرێت، کۆتایى بە سەردەمى ئاشوب دەهێنێت، بە دابەزینى مەهدى شیعەکان واز لە (تەقیە) دێنن. ئەمەش وێناکردنێکى ڕەقە بۆ جوڵەى بازنەیى مێژوو لە مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامیدا.

ئەم مەزهەبە لە وڵاتى فارسدا لە سەردەمى سەفەوییەکانەوە (1501 – 1736)و پاشان هەتا ئێستا، بە مەزهەبى فەرمى دەوڵەت ناسێنراوە. هێنرى کۆربان دەڵێت “نزيكەى پێنج سەدەیە شیعەى دوانزە ئیمامى ئایینى فەرمی گەلانى ئێرانە، بەڵام هەر لە سەرەتای چاندنی ئیسلام لە ئێراندا، زۆرێک لە ژینگەکان پشتگیری لە هەڵبژاردنی ئێرانییەکان بۆ ئەم فۆرمەی ئیسلام دەکەن”15. فەیومى لە بەستنەوەى بیروباوەڕى شیعە بە بیروباوەڕە کۆنەکانى فارسەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە و دەڵێت “ئەوەی پەیوەندی بە بیروباوەڕی ئایینی فارسەکانەوە هەبوو بۆ بەشێک لە مسوڵمانان، ئەوە بوو کە ئەوان وەک بوونەوەرێکی ئیلاهی سەیری پادشاکانیان دەکرد کە خودا هەڵیبژاردون تاوەكو حوکمڕانی لەنێو خەڵکيدا بكەن، بە ڕۆحێک لەلايەن خۆیەوە پشتیوانییان دەکات”16. لەبەرئەوە شیعەگەرى سەفەوى لەو ڕۆحە فارسییە عیرفانییەى کە بەسەریدا زاڵە، هەروەها لە مەیلى پاشەڕۆژیدا بۆ ئایین وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕۆحی شارستانی دونیایی خۆی، لە شیعەگەرى عەلەوى جیاوازە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو وتانەی سەرەوە، مەزهەبێکی ئایینی دوانزە ئیمامى باڵادەست لە ئێراندا هەیە، کە لەلایەن پیاوانی ئایینی بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕێبەرایەتى دەکرێت، کە خاوەنى دەسەڵاتێکی مەعنەویە کە لە دەسەڵاتی سیاسی سەرۆکی دەوڵەت زیاترە، تەنانەت مافی سەرپەرشتیکردنى بەسەر خودی سەرۆکی دەوڵەتیشدا هەیە، دەسەڵاتی ئایینی بەهۆى نزیکى پەیوەندییەکانی، دەسەڵاتی سیاسی بەهێزتر کردووە، ئەمەش ئەو سیستمە داخراوەیە کە لە وڵاتى فارس دامەزراوە، چونکە لەگەڵ مەزاجی کلتوورییاندا دەگونجێت.

لێرەوە بۆمان هەیە بپرسین: ڕۆڵی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی “چاکسازى ئایینی” لە ئێراندا چییە؟ ئەو ئامانجە چییە کە ئەم بزووتنەوەیە لە هەڵوێستی خۆیدا سەبارەت بە ئایینداریی فەرمی ئارەزووى دەکات؟ ئایا بزووتنەوەى چاکسازى لە ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو بووە؟ یان مەزهەبی شیعەی ئیمامی لە دەرپەڕاندنی هەموو هەوڵەکانی چاکسازیدا سەرکەوتوو بووە؟ لە دەرەنجامى چەقبەستوویی مەزهەبەکە بە سیمبوڵ و ڕێنمایى و کەسایەتى و سیستمەکەی؟ ئەم پرسیارانە ڕۆڵى ڕاستەقینەى میدیایى بیرمەندانى “چاکسازى ئایینى” لە ڕووبەڕووبوونەوەى “سیستەمى ئاخوندەکان”دا دەوروژێنن”، لەوانەیە ئەو خاڵانە بن کە هەندێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی “چاکسازی ئایینی” لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەزهەبە داخراوەدا سەرنجیان لەسەر بووە؟

دووەم: چاکسازیى ئایینى.. ڕەخنەکردنى دەسەڵاتى ئایینى قەشەگەرى

بەهۆى ئەو دەسەڵاتە فراوانەی بەسەر خەڵکی ئاسایی و بەسەر بزاڤى کۆمەڵایەتیدا لە ئێراندا هەیانە، بزووتنەوەی “چاکسازیی ئایینی” لە ئێراندا بایەخى داوە بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی قەشەیی ڕۆحانییەکانی مەزهەبی دوانزە ئیمامى.

بەبۆچوونى عەلى شەریعەتى (1933-1979) کە “پاش کۆتایهاتنى ماوەى پێغەمبەرە مەزنەکان کە ئایینیان بەڕوونى و ڕاستگۆیانە گەیاند، چارەنووسى ئایین کەوتە دەستى هێزە داگیرکەرە دژە مرۆییەکان، بەناوى جۆراوجۆر ناونراون وەک: چینى ڕۆحانى، چینى مەعنەوى، چینى سۆفى، چینى ڕەبانییەکان، چینى قەشەکان، ئەوانیش ئایینیان وەکو ئامرازێک بۆ کەرکردنى خەڵکى بەکارهێنا، کەرکردنى تاکەکەسى و بەکۆمەڵ، چونکە ئایین بایەخ و گرنگى بە تاک و بەکۆمەڵیش دەدات، بەتایبەتى ئیسلامى ڕاستەقینە”17.

عەلى شەریعەتى ئاستى هاوکارى نێوان دەسەڵاتى ئایینى و دەسەڵاتى سیاسى ئاشکرا دەکات، پێیوایە بۆ بڕیاردان لە گەردنى خەڵکى، دەسەڵاتدارە ئایینییەکان پاساو بۆ دەسەڵاتى سیاسى دەهێننەوە، تەنانەت پشتیوانى لە بە کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی خەڵکى دەکەن18.

 عەبدولکەریم سروش (1945- …..) ڕەخنە لە پیاوانى ئایینى ناو دامەزراوەى ئایینى ئێران دەگرێت، چونکە بە کارەکەیان پارە پەیدا دەکەن و متمانەیان لەدەستداوە، ئەو دەڵێت: “پیاوانى ئایینى ئەگەر دەیانەوێت وتەکانیان لە ژیانى خەڵکی و لە بزاڤى ژیاندا کاریگەر بێت، ئەوا دەبێت بژێوى ژیانیان لە کۆگاى ئایین ببڕن، چونکە قسەی ئەو کەسەی کە بە وتەکانى سوودێک بۆ خۆی بەدەست دەهێنێت، کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە نابێت کە ئاڕاستەیان دەکات، چونکە پێگە و مەزهەب و بژێوییان لەگەڵ یەکتردا ناگونجێت”19.

بەهۆى هەژموونى دەسەڵات بەسەر حەوزەدا، هەروەها هەژموونى گشتى بەسەر پیاوانى ئایینى و ئاڕاستەکردن و کۆنترۆڵکردنیاندا، “ڕیفۆرمخوازەکان“ سەرەتا هەوڵدەدەن بیرۆکەیەک دابنێن بۆ سەربەخۆیى و بێلایەنى پیاوانى ئایینى، بەمەبەستى گەیشتن بە قۆناغى ”شکۆمەندى”! ئەگەر لە ڕوانگەی هەندێکەوە پیاوانی ئایینی شیعە بەو سەرچاوە داراییانەی کە لە خەڵکى وەردەگرن وەکو پێنج یەک و هاوشێوەکانی، سەربەخۆ دەبن و لەلایەن خەڵکیەوە چاودێرى دەکرێن، چونکە مافە شەرعییەکانیان بە پیاوانی ئایینی بەخشیووە. بەڵام لەوبارەیەوە مەرجەع بروجەردى دەڵێت: “کاتێک بۆ یەکەمجار مەرجەعیەتى گشتیم وەرگرت، پێموابوو ئەوەى لەسەر من پێویستە هەڵێنجانە، لەسەر خەڵکیش کارکردنە، هەر فتوایەک بدەم خەڵکى جێبەجێى دەکەن، بەڵام لەمیانى دەرکردنى هەندێک فتواوە بۆم دەرکەوت بابەتەکە بەم شێوەیە نییە“20.

سەربارى ئەو دۆخە، بەڵام هێشتا بۆ سەربەخۆیى پیاوانى ئایینى لە ئێران لە دەسەڵات لەلایەک و خەڵکى لەلایەکى دیکەوە، بەدیلێکى کردارى نییە، چونکە دەسەڵاتى سیاسى سەربەخۆیى ڕاستەقینەى پیاوانى ئایینى قبوڵ ناکات، بەم شێوەیە دووفاقی پەیوەندی نێوان حەوزە و دەوڵەت هەر دەمێنێتەوە!

گومانى تێدانییە قەبارەى ئەو ڕەخنانەى “ریفۆرمخوازەکان“ ئاڕاستەى دۆخى پیاوانى ئایینى “ئاخوندەکان“ى دەکەن زۆر گەورەیە، سروش ڕەخنە لە ویلایەتى فەقیه دەگرێت و دەڵێت: “دواى سەرکەوتنى شۆڕش بەڕێوەبردنى دەوڵەت کەوتە دەستى پیاوانى ئایینی، ئەو تیۆرییەى کە وڵات بەڕێوەدەبات ویلایەتى فەقیهە، کە پێویستى دەکات فەقیه لە لوتکەى حکومەت و دەسەڵاتدا بێت، دەسەڵاتى بەدەستەوە بێت، دیارە دەبێت ئەم جۆرە فەقیهە موجتەهیدیش بێت، خوێندنى زانستى لە حەوزە تەواوکردبێت، واتە لەو قوتابخانەیەى پیاوانى ئایینى و فەقیهەکان لێى دەخوێنن“21.

ڕیفۆرمخوازێکى دیکە کە موجتەهید شەبستەرییە پێیوایە ویلایەتى فەقیه ڕەوایەتى و ڕەسەنایەتى بۆ بۆچوونى خەڵکى نەهێشتووە، چونکە لە دامەزراندنى سیستمى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیدا، لەڕێگەى شەرعیەتى هەڵبژاردنەوە ڕەوایەتى سیاسى بە دەستەى فەرمانڕەوا دەبەخشێت“22.

لێرەوە سروش بە کۆنترۆڵکردنى دەوڵەت لەلایەن کەمینەیەکى ئایینییەوە، قەبارەى قەیرانى ئایینى لە ئێران دەردەخات، بۆیە دەڵێت: “ئەو دۆخەى کۆمەڵگەکەمان لەدواى شۆڕش تیایدا دەژێت ئەوەیە کە کەمینەیەک سەرکەوتووە و گەیشتۆتە دەسەڵات، ستەملێکراوەکان لە تاریکی خۆیان ڕزگاریان بووە، پیاوانى ئایینى کە فیقهو ئسوڵیان بەشێوەیەکى گشتى خوێندوە بوونەتە خاوەنى پێگەیەکى فیکرى و سیاسى لە کۆمەڵگەدا، هەر ئەوانیش پێیانوایە تەواوى سیستەمە فیکرى و سیاسیەکانى دیکە لەجیهاندا پوچن و تەنها خۆیان بە ڕاست دەزانن“23. سروش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنترۆڵى پیاوانى ئایینى بەسەر بوارى گشتیدا لەڕێگەى بەگەڕخستنى ئەو دەسەڵاتە ئایینیەوە بووە کە هەیانە، هەروەها جەختکردنەوەیان بووە کە فیقه یەکێکە لە پایە هەرە گرنگەکانی ئیسلام، فیقهیش زۆر تایبەتە بەوان، دەڵێت: “ئەوان لە کۆماردا دروشمى ئیسلامى فیقهی و لڤین بەرەو بناژۆخوازى و دەرخستنیان بەرزکردۆتەوە“24.

سروش تەنها ڕەخنە لە پیاوانى ئایینى لە ئێران ناگرێت، بەڵکو لەلایەکى دیکەوە بەتوندى ڕەخنە لە ڕۆڵى حەوزە زانستییە ئایینیەکان لە ئێران دەگرێت، بەهۆى باڵادەستیان بەسەر فەزاى گشتى کۆمەڵایەتى و سیاسى لە ئێراندا، “حەوزە زانستییەکان لە بابەتە سیاسییە حکومیەکاندا خاوەنى قسەى کۆتایین، چونکە حکومەتەکە ئایینییە، ئەگەر حکومەتەکە ئایینى نەبوایە ئەوا پیاوانى ئایینى خاوەنى ئەو جۆرە توانا و دەسەڵاتە نەدەبوون، حکومەتى ئایینى پێویستى بە ڕادەستکردنى دەسەڵاتە بە پیاوانى ئایینى، زانستى ئایینەکان ئەو جۆرە دەسەڵات و توانایە بەو کەسانە دەبەخشن کە مەرجەکانیان جێبەجێ دەکەن، لەئێستادا پیاوانى ئایینى سەرۆکى دادگا و دادوەرن، هێزى خۆیان لەوەوە وەردەگرن کە جێگرى وەلى فەقیهن، لە دیدى ئەوانى دیکەدا خاوەنى پێشەنگى و پیرۆزى و ڕێزن، کە لە کەسانی دیکەدا نییە“25.

سروش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاوێتەکردنى زانست لەگەڵ دەسەڵاتدا کاریگەرییەکى خراپى لەسەر زانست لە حەوزە زانستییەکاندا هەبووە، دەڵێت “لە ئێستادا حەوزە بە زمانى دەسەڵات نەک بە زمانى لۆژیک قسە دەکات، بەڵگەش ئەوەیە کە حەوزە لە هەموو سەرچاوەیەکدا خۆی بە لاواز و بێتوانا لە بەڵگەی زانستی و لۆژیکی دەبینێتەوە، بۆیە ناچارە ئەم کەموکووڕییە بە میکانیزمەکانی دەسەڵات قەرەبوو بکاتەوە، لەبری ڕێنوێنیکردنى دەسەڵاتداران لە حکومەت و ڕەخنەکردنیان، کەچى بەپێی سەلیقە و قازانجی دەسەڵاتداران بۆچوون و فەتواکانی خۆیان دەخەنەڕوو“26. هەموو ئەمانە پەیوەندی بەردەوامیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و حەوزەى زانستى ئایینی لە ئێران ئاشکرا دەکات.

سروش دەریدەخات کە حەوزە حزبێکی ئایینی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە کە هەموو بوارەکانى کۆنترۆڵ کردوە، هەروەها ئەو پیاوە ئایینیانەی دەرچووی حەوزەکانن کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر ژیاندا هەیە، دەڵێت: “حەوزەى زانستى پێش شۆڕش ئەم پێگەیەی نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە وای لێهاتووە جیاوازە، ناڵێین دەرچووانى زانکۆکان دەرفەتی کارکردنیان بۆ ناڕەخسێت یان پۆستیان لە دەوڵەتدا دەستناکەوێت، بەڵام بارودۆخیان لەم ڕوانگەیەوە زۆر لە دۆخی پیاوانی ئایینی جیاوازە، چونکە لەژێر دەستی ئەواندان و کلیلى دەسەڵات لەژێر خواستى ئەواندایە. بەکردارى دەتوانن دەستوەردان لە ورد و درشتى هەموو کاروبارەکاندا بکەن، جومگە بنەڕەتیەکانى دەسەڵات بەدەستى ئەوانەوەیە، دامەزراوەى ئایینى لە ڕابردوو ئێستاشدا وەکو حزبێکى کاریگەر ماوەتەوە و گەیشتوەتە لوتکەى هێزى خۆى، کاریکردوە بۆ دوورخستنەوەی هەموو حزبەکانی تر“27.

دیارە کە مەترسیدارترین ڕەخنە کە دەکرێت ئاڕاستەى حەوزەى زانستى بکرێت بریتیە لە باڵادەستیان بەسەر هێزدا، لەڕێگەى ئەو پەیامە ئایینیەى کە پێشکەشیان دەکەن، سروش دەڵێت: “حەوزە زانستیەکان بۆ تەواوى خەڵکى دەدوێن، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵدا دەگرن. ئەو دڵنەواییە زانستیەى کە حەوزە پێشکەشى دەکات لەگەڵ سەلیقەى نوخبەدا ناگونجێت، کارەکانیان تەنها وتنەوەى وانە لە بوارە زانستیەکان و وەڵامدانەوەى پرسیارى شوێنکەوتوانیان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووى جەماوەر دەبنەوە لەلایەکەوە، لەلایەکى دیکەشەوە سەرکردایەتی بابەتی ڕێنماییکردن و پەروەردەکردنیان دەکەن“28.

لەلایەکى دیکەوە حەوزەى زانستى لە خستنەڕووى پرسە ئایینییەکان و سنووردارکردنی مەعریفە و دوورخستنەوەی ئەوانی دیکەدا، ستەمکارانە ڕەفتار دەکات، سروش دەڵێت: “ئەو ڕۆحی پیرۆزییەی کە حەوزە هەیەتى، بووەتە هۆی تەمومژاویکردنی بۆچوون و پرسە زانستیەکان، بە ناڕوونی مانەوەیان و شاردنەوەیان و ڕۆنەچوونە ناو وردەکارییەکانیانەوە، کەسیش بوێری تەواوەتى نییە بۆ ڕەخنەکردن و لە بێژنگدانیان، بۆیە بۆچوون و تیۆرییە کۆنە بۆماوەییەکانیان لە کەشوهەوای فیکریدا بەزاڵى دەمێنێتەوە، تەنانەت بەدرێژایی مێژووی خۆیان پیرۆزی گەورەتر بەدەستدەهێنن. کاری زاناکانیش دەبێتە پاراستن و پاسەوانیکردنی ئەم تیۆری و بۆچوونە کۆنانە، ئەمەش جەوهەری داڕمان و لەدەستدانی فیکرییە”29.

ئەو پیرۆزییە “خەیاڵییە”ى کە مستەفا مەلەکیان هەوڵیدا پارچە پارچەی بکات و هەژموونەکەی لێ دابماڵێت، داوای گەڕان بەدوای سەرچاوەی پیرۆزی ئەو دەقانەی دەکرد کە پیاوانی ئایینی لە دژی نەیارەکانیان پێیانەوە دەلکێن، ئەوانەی پیرۆزی دەقەکە بۆ گێڕەرەوەکانی دەکێشنەوە، بۆیە لە ئاستی ڕەخنە و گفتوگۆدا هەڵدەبەزنەوە: “لەبەر ڕۆشنایى ئەوە، یەکەم شت کە دەتوانین لێى ورد ببینەوە ئەوەیە: ئایا تێڕوانینمان بۆ ئەو کەس یان کەسانەى کە لە ئاستى ڕەخنە و مشتومڕدا هەڵدەبەزنەوە ڕاستن یان نا؟”30.

حەوزەى زانستى هەوڵى فەرامۆشکردنى هەموو ئەو بیر و بۆچوونانە دەدات کە پێچەوانەى بۆچوونەکانیەتى، پیاوانی ئایینی حەوزە جەخت لە نەهێشتنی ئەو کەسانە دەکەنەوە کە دژایەتیان دەکەن، ئەمەش لەناوبردنی سەروەتى فیکرە. سروش دەڵێت: “ئەو کەسانە دەڵێن: سەرپێچیکارانمان لە بواری فیقه و باوەڕدا نەهێشتووە، ڕەنگە هەندێک پێیانوابێت ئەوە لە بەرژەوەندییانە. بەڵام من دەڵێم پاکتاوکردنى کۆمەڵگە لە بۆچوونە پێچەوانەکان، ئەگەر بەرژەوەندى خەڵکیشى تێدا بێت، ئەوا پێویستە کەسانى دەستەبژێر قبوڵى نەکەن، چونکە زیان بە هەموان دەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە ناسەلمێنرێت و چڕتر ناکرێتەوە، تەنها بە بوونى ململانێیەکی فیکری و مشتومڕ لەنێوان پاڵەوانەکانمان و پاڵەوانەکانی قوتابخانەکانی دیکەدا نەبێت”31. بەم پێیە سروش داوا دەکات پیاوانی ئایینی شیعە بەرامبەر بە مەزهەبە جیاوازەکان و بەڕووی کلتوورە مۆدێرنەکاندا بکرێنەوە، کە لەلایەن بیری جیهانییەوە بەرهەم دەهێنرێن.

سروش ڕەخنە لە سروشتى زانست لە حەوزەکاندا دەگرێت، چونکە بەرمەبناى گوێڕایەڵى ڕەهایە لەنێوان مامۆستا و قوتابیدا، لە قاڵبی زانستێکی نەریتی ڕەقی مردوودایە، هەروەها “ئەو زانستەى کە پرسیارێکى نییە، لە گەشەکردن دەوەستێت، تەنانەت ئەگەر ئەم بەڵایە لە دامەزراوەیەکی زانستیشدا ڕووبدات، بەجۆرێک هەڵوێستێکى نەرێنیان لەسەر پرسیارەکە هەبێت، دواتر بە گوماناوى وەسفى بکەن، ئەو کەسەشى پرسیارەکەى خستۆتەڕوو بە لادەر و وروژێنەرى گومان وەسف بکرێت، ئەوا ئەو جۆرە دامەزراوەیە تووشى دابەزینى زانست و سەرلێشێواوى دەبێت، هەروەها گرفت لە عەقڵیەتی زانستی شوێنکەوتووانیدا دروستدەکات”32.

سروش جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانستەکانى حەوزەى زانستى لەسەر بنەماى باوەڕ و ملکەچبوون دامەزراون، ئەم زانستە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن قبوڵ ناکات، بۆیە ئەو کەسانەى لە حەوزەى زانستین لە ململانێدان لەگەڵ ئەو کەسانەى کە زانستە هاوچەرخەکان دەخوێنن، کە لەسەر بنەماى ڕەخنەگرتن و پرسیارکردنن، سروش پێیوایە کە “هەردوولا دەتوانن یەکتر تۆمەتبار بکەن، مۆدێرنەکان ئەوانیتر بە دۆگما و چەقبەستوو لە ڕابردوودا تۆمەتبار دەکەن، حەوزەییەکانیش ئەوان بە ڕێژەگەرایى و نامۆ و بێباوەڕ تۆمەتبار دەکەن”33.

سروش ڕەخنە لەو ڕۆحی فەرامۆشکردنە دەگرێت کە حەوزەى زانستى لە ئێران پەیڕەوى دەکات و ئەویتر بەدەر دەکات، مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمی فیکری مۆدێرن و سوودبینین لێى ڕەتدەکاتەوە. دەڵێت: “ئێمە لەسایەى کۆماری ئیسلامیدا دەژین، ڕۆژانەش باس لە تەکفیرکردنى بیروبۆچوونە ڕۆژهەڵاتى و ڕۆژئاواییەکان دەکەین، باوەڕمان بە پووچەڵبوونەوەی کرانەوەى بیری مرۆیی هەیە، خۆمان لەسەر حەق دەبینین. ئەم جۆرە تێڕوانین و بانگەشانە وامان لێدەکات بێ ئاگا بین لە پێویستی لێکۆڵینەوە و ڕۆچوون لەم زانستانەدا، تەنها ئەوەندە بەس نییە کە بڵێین زاناکانمان لەوە تێگەیشتوون کە ئەم زانستانە نادروستن، ئێمەش لەلاى خۆمانەوە دەستبەردارى شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە ببین”34.

سروش پێیوایە ئێرانییەکان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە لە سیستەمە فیکرییە جیاوازەکان هەیە، هەروەها داواى کرانەوە بەڕووی ئەویتر و پێویستی لێکۆڵینەوە لە فیکر و فەلسەفەدا دەکات، چونکە ئەمە ئاسۆکانی چەقبەستوویی ئایینی دەکاتەوە، گرنگی ئیجتیهاد و بیرکردنەوە بە عەقڵی مرۆڤ دەبەخشێت. لەوبارەیەوە دەڵێت: “پیاوانى ئایینى بەتایبەتى لەم سەد ساڵەى دواییدا، بەشێوەیەکى پێویست وانەیان لە فەلسەفە و زانستى کەلام نەخوێندووە، زۆربەى خوێندنەکانى حەوزە تایبەت بووە بە فێربوونى فیقهو ئوسوڵ، تەواوى پیاوانى ئایینى لە حەوزە زانستییەکاندا تەمەنى خۆیان لە فێربوونى فیقهو ئوسوڵدا بەسەربردوە، بەدەگمەن کەسانێکیان ئارەزووى فەلسەفە و کەلام و تەفسیر دەکەن، فەلسەفە و کەلام و تەفسیر لە حەوزەدا بە وانەى فەرمى ناژمێردرێن”35. کەواتە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئایینی سیمایەکی ڕیفۆرمخوازانی شیعەی ئێرانە، چونکە ئەو دەسەڵاتە لە دیدى ئەواندا لە گرنگترین هۆکارەکانى ستەمکارى ئایینى و سیاسییە، لەڕێگەى پیاوانى ئایینیەوە کە بە هەموو دامەزراوەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لە کۆمەڵگەو لە هەموو دەزگاکاندا باڵادەستن.

سێیەم: لە ویلایەتى داخراوەوە بەرەو کرانەوەى ئایین

لە تەفسیرى ئاییندا ویلایەتى فەقیه (بەڕەهایى) داخراوە، بۆیە ئەم بابەتە یەکێکە لەو ئامانجانەى کە لەلایەن کەسایەتییەکانى “چاکسازیی ئایینی” لە ئێراندا ڕەخنەی لێدەگیرێت، شکاندنی دەسەڵاتى ویلایەتى فەقیه بەسەر ئاییندا بەپێویست دەزانن. چونکە هەر ئەو سەرپەرشتیکردنەیە کە دیدگایەکى یەکلایەنەى داخراو بەسەر خوێندنەوەى فەقیهەکاندا بۆ دەقە ئایینییەکان دەخاتەڕوو، هەر ئەو دیدگایەشە بە زەبرى دەسەڵاتى سیاسیى خۆى سەپاندوە و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا کۆنترۆڵ کردووە.

سروش جەخت لە گرنگی باوەڕبوون بە فرەیی تێگەیشتنی ئایینی و پێویستى قبوڵکردنى ئەم فرەییە ئایینییە دەکاتەوە، چونکە “تێگەیشتنمان لە دەق و تێکستی ئایینی پێویستە هەمەجۆر و هەمەچەشن بن، چونکە ئەو تێگەیشتنە هەمەچەشن و فرەییە، کورتکردنەوە بۆ یەک تێگەیشتن قبوڵ ناکات. هۆکارى پێویستى بوونى تێگەیشتنى هەمەچەشن و فرەیی ئەوەیە کە دەقەکان بێدەنگن، ئێمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێشینە فیکرییەکانمانەوە، بەردەوام هەوڵدەدەین بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی دەقە ئایینییەکان، چ لە فیقه و فەرموودە یان لەقورئاندا بێت”36.

سروش ڕەخنە لە ئاخوندەکان دەگرێت کە پەیڕەوی لە دیدگایەکی تاکلایەنە بۆ ئایین دەکەن، چونکە پەیڕەوانى هەر ئایین و مەزهەبێک وایدەبینن تەنها خۆیان بەڕەهایى ڕاستن، لە ئەنجامدا “پەیڕەوانى هەر یەکێک لەم ئایینانە بۆ خۆیان نیعمەتێکی تایبەت لەلای خودا دەبینن کە لەلاى ئەوانی تر نییە، بەڵام ئەگەر پەیڕەوانى هەر یەکێک لەم ئایینانە ئایینەکەى خۆیان بە ڕاستى ڕەها و بە ڕاستییەکى تەواو ببینن، وایببینن کە ڕزگاربوون تەنها بۆ خۆیانە بەبێ ئەوانیتر، ئایا ئەمە ماناى وانییە کە جیهان دەبێتە دۆزەخێکى بێسنوور؟”37. بۆچوونی هەر مەزهەبێک بەرامبەر هەر مەزهەبێکى دیکە هەمان شتە، لەبەرئەوەى “هەر گروپێک پێیوایە ئەوانیتر لە خراپ تێگەیشتنیان لە ئایینى ڕاستەقینە کەمتەرخەمن، لەڕووى فیکرییەوە هەژارن، بەڵام پێویست بە سەرزەنشت و لۆمەکردنیان ناکات، چونکە ئێمە گەیشتوینەتە تێگەیشتنى دروست بۆ ئایین، بووینەتە دەستەى ڕزگاربوو، بەگوێرەى بانگەشەى خۆیان”38.

مستەفا مەلەکیان فرەیى دابەش دەکات بۆ فرەیى لە ڕاستگۆیى و لەسەر حەق بوون، هەروەها فرەیى لە ڕزگاربوون، بەدیدى ئەو جیاوازییەکى فراوان لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام دەیەوێت دەرگا لەبەردەم پیاوانى ئایینى بکاتەوە بۆ بیرکردنەوە، بۆ دەرچوون لە تاکلایەنى بۆ بەتوانایى و نەرمى نواندن و فرەیى39.

سروش پاساو و بیانوى جۆراوجۆر بۆ گرنگى باوەڕ دەهێنێتەوە، هەروەها بۆ فرە جۆرى ڕێگاکانى، پێیوایە کە “خودای جیهان، کاتێک مرۆڤی دروستکردووە و فڕێیداوەتە ناو کایەی بیرکردنەوەوە، زمان و جیهانی جیاوازی بۆ دروستکردووە، هۆکار و بەڵگەکانی هەمەچەشن کردووە، سەدان گرێ و وەرچەرخانی هزری لە ڕێگای عەقڵدا دامەزراندووە، چەندین نێردراوی ناردووە، بانگەوازی چەندین ڕەنگی جیاواز و جۆراوجۆرى کردووە، مرۆڤی کردووەتە نەتەوە و هۆزى جیاواز بۆ ئەوەی بجووڵێن، نەک لە پێگەی لووتبەرزییەوە، بەڵکو زیاتر لە پێگەی ئاشنابوون و خۆنەویستییەوە”40.

سروش فرەیی وەک جەوهەری بوون لە هەموو شتەکاندا لێکدەداتەوە، واى بۆ دەچێت “فرەیى لێکدانەوە لەڕاستیدا بریتیە لە ڕووە جیاوازەکانى حەقیقەت، بە دەربڕینێکى ناسراوى ئایینى خودا سەد ناوى هەیە، بۆیە حەقیقەت بە یەک شێوە دەرناکەوێت و ڕووخساری جۆراوجۆرى هەیە، تەنانەت لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە بە دیدگاى جۆراوجۆر سەیری ئەم ڕاستییە دەکەن، پەیوەندی بە لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانەوە هەیە”41.

سروش پێیوایە کە زانایانی ئایینی لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئەم فرەییەیان بەوە لێکداوەتەوە کە بەرەنجامی جیاوازی دیدگاکانە لەنێوانیاندا، بۆیە دەڵێت: زانایان و مسوڵمانان لە شیکردنەوەیان بۆ دیاردەی فرەیی لە وەحیەکاندا دەڵێن کاتێک دیدگای ئەهلی وەحی و ئەزموون جیاواز دەبێت، ئەوا دەرئەنجامی ئەو ئەزموونانە نایەکسان و جیاواز دەبێت”42.

سروش سروشتی ئەو فرەییە ئاشکرا دەکات کە لە فرەیی ئایینەکاندا هەیە و دەڵێت ئەوە دەرئەنجامی دەرکەوتە جیاوازەکانی خودایە، پاشان دەڵێت: “نهێنی جیاوازیی لە ئایینەکاندا بەهۆى جیاوازی بارودۆخی کۆمەڵایەتی یان ئەو شێواندنەوە نییە کە لە ئایینەکاندا ڕوویانداوە و بووەتە هۆى دەرکەوتنى ئایینێکی دیکە، بەڵکو بەهۆی دەرکەوتنە جیاوازەکانی خودای گەورەیە لە جیهانی بووندا، هەروەک چۆن جیهانی پێکهاتن هەمەچەشنە، جیهانی یاسادانانیش هەمەچەشنە”43.

ڕیفۆرمخوازەکان وایدەبینن کە مەعریفەى ئایینى مەعریفەیەکى ڕێژەییە و ڕاست و هەڵە هەڵدەگرێت، ڕێژەگەرایش ڕێگاى باوەڕبوونە بە فرەیى، ئەوەش لەبەرئەوەى کاتێک ئایین هاتۆتە ناو مێژووەوە، جلوبەرگێکی مێژوویی پۆشیوە و بەر ڕەفتار و عەقڵی مرۆڤەکان و ڕەفتارەکانیان دەکەوێت، سەربارى ئەوەى پیاوانى ئایینى مامەڵە لەگەڵ کێشە هاوچەرخەکان، گرێ و گۆڵە فەلسەفییەکان کە دەرهاویشتەى مۆدێرنەیە دەکەن، بەڵام بەجۆرێک لە ڕوکەشگەرایى و گاڵتەجاڕییەوە، ئیسلامى فیقهى بەلاى ئەوانەوە زامنى چارەسەرى هەموو کێشەو ئاستەنگەکانە، بەڵام ئەو بابەتانەى کە ناتوانن چارەسەرى بۆ بدۆزنەوە، ئەوا پلانگێڕى دوژمنانە و پێویست بەوە ناکات ئاوڕى لێبدرێتەوە یان تەنانەت بیریشى لێ بکرێتەوە، پێویست دەکات کۆمەڵگەى لێ بپارێزرێت44.

پێشەنگەکانی چاکسازیی ئایینی دان بەوەدا دەنێن کە زیندوێتى ئایین لە واتا زۆرەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دەتوانرێت لە دەقەکانی وەحییەوە لێى تێبگەین، چونکە لە خوێندنەوەی فرەیی لە لێکدانەوەی ئەم وەحییەدا بەشدارن.

فرەیى لەلاى سروش لە ئەنجامى “ئەگەری بوونی پلەی جیاواز بۆ یەک وتارە، بۆیە ئێمە لە جیهانى تەفسیردا هەمیشە لە دۆخێکى فرەییدا دەژین، واتە ئێمە فرەییمان لەم دۆخەدا قبوڵ کردوە، دان بەهیچ موفەسیر و شیکەرەوەیەکدا نانێین بەوەى کە کۆتا موفەسیر یان کۆتا شیکەرەوەیە، ئەمەش زیندوێتى ئایین و هۆشیارى زانستیمان دەسەلمێنێت”45.

لەلایەکى دیکەوە فرەیى خوێندنەوە ئایینیەکان لە گۆڕانى بزاڤى کۆمەڵایەتى و پێشکەوتنیەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها کاریگەریشى لەسەر دروستدەکات، سروش پێیوایە کە “ئەزموونە کۆمەڵایەتییە دەرەکییەکان قووڵایییەکی یەکگرتوو و هەمەلایەنە بە ئایین دەبەخشن، مسوڵمانان لەڕێگاى فتوحات و ناسینى کولتوورە نوێیەکانەوە لە بڵاوکردنەوە و فراوانکردنی مشتومڕەکان لەبارەى کەلام و ئەخلاقەوە بەشداربوون. لەڕاستیدا ئەوان بەشدارییان لە فراوانبوونی ئایینی ئیسلامدا کرد، لە بازنەی گشتاندنەوە هێنایانە دەرەوە بۆ ناو بازنەی وردەکاری. بۆیە دەتوانین بڵێین لەبەرئەوەى تا ئێستا دەرگاى ئەم ئەزموونانە کراوە و بەردەوامن، ئەوا ئایینى ئیسلام بەردەوامە لە کامڵبوون و فراوانبوون”46.

چوارەم: ئەرکى کۆمەڵایەتى ئایین

لەڕاستیدا لەلاى بزاڤى چاکسازیى ئایینى، دۆخى دیندارى لە ئێران پاڵەرێکى بەهێز بووە بۆ پێویستى ڕەخنەکردنى ئەو دۆخە زاڵە بەسەر دۆخى کۆمەڵایەتى ئێراندا، چونکە هاوکارى نێوان دەسەڵاتى ئایینى و دەسەڵاتى سیاسى، باڵادەستى پیاوانى ئایینى بەسەر فەزاى گشتى کۆمەڵایەتیدا فەراهەمکردوە، شێوازێک لە دیندارى ڕەقى داخراوى بەرهەمهێناوە کە ئەویتر فەرامۆش دەکات، لەبرى کۆمەڵایەتى جەخت لە نادیار دەکاتەوە، هەموو دەستکەوتێکى شارستانیەتى هاوچەرخ تەکفیر دەکات.

ئەو جۆرە دیندارییە، عەلى شەریعەتى ناچارکردوە ڕەخنەى لێ بگرێت، چونکە پیاوانى ئایینى ئەو دۆخەیان دروستکردووە کە ناوى لێناوە “ئایینى کەرکردن، کە بە دینامیکی ڕۆیشتن بە دوو ئاڕاستەدا بەڕێوەدەچێت، یەکەمیان نەزانییە، بە بزواندنی عەقڵ بەرەو نەزانی و بێ ئاگابوون لە پرسە چارەنووسسازەکان، دووەمیان سەرقاڵکردنە، بە سەرقاڵکردنی مرۆڤ بە مافە لاوەکییەکانەوە لەبرى مافە گشتگیرەکان، ئەوەش دەکەوێتە ژێر ناونیشانى فەلسەفەى »گرنگترین و گرنگ» و فیقهى کارە لەپێشینەکانەوە، بەهۆى سەرقاڵکردنى خەڵکى بە گرنگەکانەوە بەبێ گرنگترین، بە پەراوێزەکانەوە بەبێ ناوەند”47.

شەریعەتى جەخت لەوە دەکاتەوە کاتێک پیاوانى ئایینى بانگەوازى پاشەڕۆژ و پەنهان دەکەن، ئەوا ئایین دەگۆڕێت بۆ بە کەرکردن، چونکە بانگەشە بۆ ئارامگرتنى ڕۆح لەسەر حوکمی نادادپەروەری و زاڵبوونى لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەکەن، داوات لێدەکەن دەستبەردارى دونیا ببیت لە بەرژەوەندى پاشەڕۆژدا، پیاوانى ئایینى دەڵێن: واز لە دونیا بهێنە چونکە سەرەنجامەکەى مردنە، هەموو پێداویستى و هەست و خۆزگەکانت بۆ پاشەڕۆژ هەڵبگرە، بۆ دواى مردن، چونکە ماوەیەکى زۆریان لەنێواندا نییە، سى یان چل یان پەنجا ساڵ ئەرزشێکى ئەوتۆى نییە، دواتر هەموو شتێک دەکەوێتە ژێر فەرمانى تۆوە، تۆش لەنێو کەسە نەمرەکاندا دەمێنیتەوە، ساڵانى کورتى تەمەن ئەرزشێکى ئەوتۆى نییە، بۆیە واز لە دونیا بهێنە بۆ دونیاویستەکان”48.

پیاوانى ئایینى بۆ کەرکردنى گەلان، ئەخلاق، عیرفان، ڕێزگرتن لە ڕابردوو، شەفاعەت و دەستڕاگەیشتن بە بەهەشت، هەروەها بۆ ڕەوایەتیدان بە شەرعیەتی ئەو شتانەی کە بانگەوازی بۆ دەکەن لە چەقبەستن و سەقامگیرى دۆخەکە، بۆ نامۆکردنی خەڵکى بەو واقیعەى تیایدا دەژین، میراتێکی کولتووری کۆن بەکاردەهێنن.

شەریعەتی پێیوایە ئایینی شیرک و کەرکردن ئەوەیە کە پاساو بۆ مانەوەی هەلومەرجە دواکەوتووەکان دەهێنێتەوە. لەبارەى ئەم شێوازە لە دیندارى شەریعەتى سوود لە وتەکانى مارکس وەردەگرێت، دەڵێت: ئایین تریاکى گەلانە، لەوەوە هات تاوەکو خەڵکى لەم دونیادا بەناوی باوەڕ و دوای مردن، لەسەر چەوسانەوە و نەهامەتی ڕابهێنێت، قەناعەتیان پێ بهێنێت کە هەموو ئەو شتانەی بەسەریان دێت لە خوداوەیە و بە ویستی ئەوە. هەموو هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە پێچەوانەی ئیرادە و ویستى خودایە، سەرپێچیکردنە لە فەرمانەکانی، ئەم قسەیە بۆ خۆی ڕاستە و ناتوانرێت نکۆڵى لێ بکرێت”49.

شەریعەتى جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەو گوتارە ئایینییەى ئاڕاستەى جەماوەر دەکرێت گوتارێکى شۆڕشگێڕانە بێت، ئایین بگۆڕێت بۆ ئایدولۆژیایەکى گۆڕانخوازانە، لەبرى ئەوەى ئامرازێک بێت بۆ چەسپاندن و دۆگماتیزم، ئاییندارى شیرک و کەرکردن بریتیە لە: “دیندارییەکى کۆنەپەرستانە کە هەوڵى شێواندنى بنەماکانى ئایین و بیروباوەڕ دەدات، وەکو شێواندنى باوەڕبوون بە قیامەت و پیرۆزییەکان و هێزە پەنهانەکان، تاوەکو قەناعەت بە خەڵکى بهێنێت کە ئەو دۆخەى تیایدان بارودۆخێکى نموونەییەو پێویستە پێى قایل بن، چونکە دەرکەوتنى ویستى خوداى گەورەیە، ئەو چارەنووسە حەتمیەیە کە خودا بۆی دیاری کردوون”50.

شەریعەتى پێیوایە ئایینى کەرکردن مرۆڤەکان دەتۆقێنێت، خوێندنەوەی عەقیدە لە فەزای میهرەبانییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامێری ترس و تۆقاندن، سەرنجدان لە پەروەردگار تەنها لە یەک ڕووەوەیە، کە ئەویش لایەنى ترس و تۆقاندنە، بەردەوام لە ئایینە شیرکییەکاندا بە مانا ستەمکارانەکانی خۆیان، خەسڵەتە ئیلاهییەکانی وەک شکۆ و توانا وەردەگێڕن و لێکدەدەنەوە، لەکاتێکدا هەموو خەسڵەتەکان لەناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا کە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە دوو سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە یەکێک لەو دوو بابەتەوە سەرچاوە دەگرن، یەکەمیان: خۆشەویستی و پەرستنی شکۆمەندی و جوانی ڕەهایە، دووەمیان: باوکایەتی، سەروەری، بەخشندەیی و پاراستنە51.

شەریعەتى لەمیانى ڕاڤە مارکسیەکانیەوە بۆ ئایین جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرمایەدارى بۆ بەردەوامبوون و سەروەرێتى یارمەتى ئایینى شیرک و کەرکردن دەدات، دەڵێت: “هۆکارى سەرەکى کە ئایینى شیرک بە درێژایى مێژوو لەسەرى بنیادنراوە بریتیە لە ئابوورى، کە بناغەکەى دەوڵەمەند بوونى دەستەیەکى بچوکى خەڵکى و بێبەشبوونى زۆرینەیە، خودى ئەم هۆکارەش بۆ خۆپاراستن و بەردەوامبوونیەتى، بۆ پاساو هێنانەوەیە بۆ مانەوە و بەردەوام بوونى، بۆیە پێویستى بە ئایینە، چونکە ئایین ئەو هێزەیە کە دەتوانێت تاک ملکەچ بکات و ڕازى بکات بە سەرشۆڕى و ملکەچى”52.

رەخنەگرتنى شەریعەتى لە شێوازەکانى دیندارى کە بەردەوامبوونى دۆخەکە و دۆگمابوونى پیاوانى ئایینى دەخوڵقێنن، بە ماناى ڕەتکردنەوەى ڕۆڵى ئایین لە ژیانى مرۆڤدا نایەت، بەڵکو لە خودی ئیسلامی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. شەریعەتى جەخت لەسەر گرنگی ئایین لە ژیانی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی مرۆڤدا دەکاتەوە، بەڵام بەپێویستى دەزانێت بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکە بێت کە وەسفکردنی ئیسلامە وەکو ئایینی یەکتاپەرستی و ڕزگاری. شەریعەتی پێیوایە کە “ئایینی یەکتاپەرستی ئەو ئایینەیە کە دیدێکی ڕەخنەگرانە بە شوێنکەوتووان و لایەنگرانی دەبەخشێت، لەبارەى هەموو ئەو شتانەى کە لە ژینگەى ماددى و مەعنەوی دەوربەریدا هەن، هەروەها هەستى بەرپرسیارێتییان لە بەرامبەر دۆخی ئێستادا پێدەبەخشێت و وایان لێدەکات بیر لە گۆڕینی بکەنەوە”53.

شەریعەتی داوای پێویستی بنیاتنانی خودێکی شۆڕشگێڕانە دەکات، خودێک کە بتوانێت کۆت و بەند و قاڵبە ڕەقەکانی ئایینگەرایی زاڵ بشکێنێت، خۆیی و کۆمەڵگە لە خوو و نەریت و پەرژینەکانی ڕابردوو ڕزگار بکات، بەردەوامبوونی کۆمەڵگە لە چەقبەستوویی و تێکچوون و دابەزین ڕەتبکاتەوە. پێیوایە ئەو خودە لەسەر بنەمای جەختکردنەوەیە لەسەر ئەرکی کۆمەڵایەتی ئایین، “مەبەست لە پەرستش تەنها پەرستشى ڕووکەش و زیکرە زارەکییەکان نییە، بەڵکو پەیوەندیی وجودی بەردەوامی نێوان خودا و مرۆڤە، پاشان پەرستن لەم ڕوانگەیەوە دەبێتە لەناوبەری نەریت و چوارچێوە کۆمەڵایەتییە تەسکەکان و بوونی ڕاستەقینەی مرۆڤ پاڵفتە دەکات، بارودۆخە وجودییەکان زیندوو دەکاتەوە، گەنجینە شاراوەکان دەردەهێنێت، دەمانگەیەنێت بە دۆخێکی پێشکەوتووتر لەو دۆخەى کە عاریفە گەورەکان لە ڕابردودا پێی گەیشتوون، هەروەها دۆخێکی هۆشیارتری دڵ و پابەندبوونێکی قووڵتر و دڵسۆزی زیاتر و وردبینی و ڕاستگۆیی زیاتر ئاشکرادەکات. ئەمەیە پابەندبوونی ڕاستەقینە، یان بە دەربڕینە قورئانیەکە (پەیمانی غەریزەیی)”54.

شەریعەتى جەخت لە گرنگى کار و ڕۆڵى لە گۆڕانکاریدا دەکاتەوە، چونکە کارکردن بە مانا فراوانەکەى تەنها بەسەر کارى ئایینیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو کارى هزری یان کارى ئابووریش دەگرێتەوە، هەر کارێکى باش، ئیدى ئابوورى یان کۆمەڵایەتى یان سیاسى یان تەندروستى بێت، یان لەپێناوى خەڵکیدا بێت، جۆرێکە لە پەرستشى ئایینى، تەنانەت نووستنى مرۆڤى مسوڵمان و خواردن و پەیداکردنى بژێویش دەگرێتەوە55.

لێرەوە شەریعەتی گرنگی بە پەیڕەوکردنى ئاڕاستەیەکی خەباتی کۆمەڵایەتی دەدات، کە بۆ بنیاتنان و گەشەکردنى کۆمەڵگە لە لایەنی مەعنەوی و ئایینیەوە سەرچاوەی گرتبێت. هەروەها پەرستش و ڕێوڕەسمەکانى هەوڵى ئازادکردنى مرۆڤ بەقووڵى بدەن، دووبارە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان خودا و مرۆڤدا سازبکەن کە لە بەرژەوەندی مرۆڤ و کۆمەڵگەدا بێت، هەربۆیە شەریعەتی ویستی ئایین لە زیندانى تێڕوانینی ڕەق و “دواکەوتووی” شیعە ڕزگار بکات، بۆ ئەوەی لاهووتێکی جددی بێت کە لە ڕێگەیەوە بەرەو ڕزگاری مرۆڤ و گەشەکردن و ڕێنێسانسى واقیعی کۆمەڵگە لە “ئێرانی مەلاکان”دا بڕوات، کە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە کۆنترۆڵ کراوە.

شەریعەتی لە کۆتایی گرنگیدان بە گرنگی کارکردی کۆمەڵایەتی ئاییندا، ئاماژە بەوە دەکات کە دووبارە گێڕانەوەى تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەى ئایین ئەرکی زانا و بیرمەندانە، دەبێت ئەوان ئایینی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە زیندوو بکەنەوە و لە دڵی خەڵکدا جێگیری بکەن. ڕۆڵی ئەوان بریتییە لە چاندنی ویژدانێکی ئایینی وریا و هۆشیار کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤەکان لە مانای یەکتاپەرستی تێبگەن، هەروەها درک بە ڕادەی دژایەتی نێوان ئایینی یەکتاپەرستی و ئایینی بتپەرستی بکەن، تاوەکو بتوانن ئایینی شیرک کە بە پەردەی یەکتاپەرستی داپۆشراوە بناسنەوە، هەروەها پەردەی دووڕوویی بە هەموو شێوەکانیەوە لە هەموو بەشەکانی دونیادا لابەرن، بۆ ئەوەی بگەنە ئایینێک کە لەدایکبووى ترس و نەزانین نەبێت56.

دەرەنجامى بایەخدانى شەریعەتى بە گرنگى ئەرکى کۆمەڵایەتى ئایین و ڕۆڵى لە ڕزگارکردنى مرۆڤ و ژیانى کۆمەڵگەدا، سروش گرنگی ئەم دیدە و ڕۆڵی لە کاریگەری لەسەر لاوانی ئێرانی دەبینێت، سروش پێیوایە “شەریعەتى دەڵێت ئەو ئایینەى کە سودى بۆ دونیا نییە، ئەوا سودى بۆ ئەو دونیاش نابێت، ئەم دروشم یان گوتارەش کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر ناخى گەنجانى پێش شۆڕش هەبوو، ئیلهامبەخش بوو بۆ گۆڕینى واقیعی دواکەوتوو شۆڕشکردن بەسەر دۆخی هەنوکەدا بۆ دامەزراندنی حوکمڕانیەکی ئایینى بە پاڵنەرى ئایینی”57.

بەهەمان شێوە سروش بانگەشە بۆ گرنگی ئەرکى کۆمەڵایەتی ئایین دەکات، بەجۆرێک دیندارى دەبێت پەیوەست بێت بە بارودۆخ و گوزەرانى خەڵکییەوە، دیندارى ڕاستەقینە بریتیە لەوەى کە ئایین ڕۆڵێکى گرنگى لە ژیانى دونیاى خەڵکیدا هەبێت، چونکە ئایین لەپێناوى ئاوەدانکردنەوەى دونیادا هاتووە، تاوەکو ئێمە سوودى لێ ببینین. سروش دەڵێت: “ئایینداری زیندوو لەو ڕاستییەدا کورت دەکرێتەوە کە مرۆڤ ئایینى بۆ بژێوی ژیانی و بۆ خزمەتکردنی ژیانی خۆی لە جووڵەى واقیعدا دەوێت، بەو مانایەی ئەوەی کە لەم ئاییندارییەدا بە پلەی یەکەم گرنگە بژێوییە، هەبوونى ژیانێکی باشە، مرۆڤ لە ژینگەیەکدا بژی کە شایستەى کارکردن بێت. ئەو کەسە دیندارەی کە لەڕێگەى ڕۆچوونى لە دابینکردنى بژێویدا ئایینی دەوێت، پێیوایە ژیان لەگەڵ ئایین لەوانی تر باشترە، بۆ وەستانەوە بەڕووى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى ئاسانترە”58.

لێرەوە سروش بانگەوازى بەستنەوەى ئایین بە کۆمەڵگەوە دەکات، لەڕێگەى ئەوەى کە ناوى دەنێت دیندارى بژێوى کە بەڕووی جیهان و کۆمەڵگەدا کراوەیە. سروش پێیوایە دەتوانین دیندارى بژێوى ناو بنێین “ئایینى دونیایى” لە بەرامبەر “ئایینى قیامەتی”دا، کە تاڕادەیەک لەگەڵ عەلمانیەتدا دەگونجێت، چونکە “عەلمانیەت لەگەڵ ئاییندا ناتەبا نییە، ناکەوێتە سەر ئەوانی تر. دەبینین زۆرێک لە بیرمەندان و ڕیفۆرمخوازانى ئیسلامى لە هەوڵى بەدیهێنانى ئەم جۆرە ئاییندارییەدان لەسەر زەمینەى دۆخى کۆمەڵایەتى، بەدرێژایى ژیانیان هەوڵى سەلماندنى ئەم ڕاستیە دەدەن، چونکە ئایین لە دونیا دانابڕێت، بەڵکو وەکو قفڵ و کلیل وان و هەریەکەیان ئەویتر تەواودەکات”59.

سروش جەخت لە گرنگى ئایین تەنها لە ژیانى کۆمەڵگەدا ناکات، بەڵکو جەخت لە گرنگى ڕۆڵەکەى لە ژیانى تاکەکەسیشدا دەکات، بۆیە دەڵێت: “ئەو ئەخلاقەى کە ئایین بانگەوازى بۆ دەکات یارمەتى مرۆڤ دەدات تاوەکو لەسەر هێڵى ئەدەب بجووڵێتەوە، ئارەزوەکانى سنوردار بکات، لە بزاوتی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا تەقوای هەبێت، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە ئێمە زۆر پێویستە لێی تێبگەین و لەسەر زەمینى واقیعى بەکردارى بەرجەستەی بکەین”60.

لە دەرەنجامى بایەخدانى سروش بە گرنگى ڕۆڵى ئایین لە بزاوتى کۆمەڵگەدا، بانگەشە بۆ شێوازێک لە ئایینى عەلمانى دەکات، ئەو ئایینەى کە بایەخ بە دونیا دەدات، لەوبارەیەوە دەڵێت “ماناى ئایینى عەلمانى ئەو ئایینەیە کە مەبەستى دونیاییمان لێی دەوێت، بۆ ئەوەی ببێتە خزمەتکار و شوێنکەوتووی دونیا. پێوەر بۆ دروستی ئایین بریتیە لە ڕادەی خزمەتکردنی بە ژیانی دونیای مرۆڤ، ئەمەش مانای دەستەواژەی (ئایینی ئایدیۆلۆژی)یە، چونکە ئایدۆلۆژیا ئامانجێکی ئایینی هەیە، مەبەستەکەشی تەنها ئایینە”61. لەسایەى گرنگى بەستنەوەى ئایین بە کۆمەڵگەوە، سروش جەخت لە گرنگى ڕاستکردنەوەى تێگەیشتنمان بۆ ئایین دەکات، هەروەها لە چۆنیەتی بەکارهێنانی بە شێوەیەکی دروست، بەم جۆرە ئاشتەوایی لەنێوان دینداران و کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕوودەدات.

پوختە

“ڕیفۆرمخوازان”ی ئێرانی، لەسەرووى هەموویانەوە عەلی شەریعەتی، سروش و شەبستەری و ئەوانی دیکە، لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە، توانیویانە لەڕووی فیکرییەوە کاریگەرییان لەسەر نەوەیەکی گەورەی لاوانی ئێرانی هەبێت. نووسینەکانى هەندێکیان وەکو شەریعەتى ئیلهامبەخش و ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ شۆڕشى ئێرانى، هاشمى ڕەفسنجانى پێیوایە دیدگاکانى شەریعەتى بۆ ئیسلام، هۆشیاری زۆرێک لە گەنجانی ئێرانی دروستکردووە، چونکە ئاگادارى دۆخى ڕۆحى ئەو گەنجانە بووە. محەمەد ڕەزا حەکیمى پێیوایە شەریعەتی درکی بە گرنگی پێویستی بوونى ئایینێک کردووە کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت، بۆیە توانیویەتى نەوەیەکی گەنج بۆ بەرەی ئیسلام بگوازێتەوە.

هەرچەندە بەشێک لە ئێرانییەکان هەوڵەکانی شەریعەتییان بەرز نرخاندووە، بەڵام خومەینى کە ئاشناى هەموو نووسینەکانى شەریعەتی بوو کە لە تاراوگەکەى لە پاریس دەینووسی، بە بێدەنگى پێشوازى لە بەرهەمەکانى شەریعەتى کردووە و بۆچوونى خۆى لەبارەیانەوە دەرنەبڕیوە. من پێموایە کە خومەینى لە زۆربەى ڕێبازى شەریعەتى ڕازى نەبووە، هەرچەندە ڕژاوەتە خانەى دژایەتیکردنى ڕژێمى شاوە لە ئێران. بەڵگەش بۆ ئەوە بریتیە لەوەى کە ئێران دواى دروستکردنى ڕژێمێکی “توندڕەو” و کۆنەپەرستانە لەسەر دەستی خومەینی، تەواو جیاواز بوو لەوەی کە عەلی شەریعەتی داوای دەکرد.

بابەتەکە بە تیرۆرکردنى شەریعەتى کۆتایهات، موسا سەدر دووپاتی دەکاتەوە کە شەریعەتی لەلایەن ڕژێمی شا لە ئێران، هەروەها لەلایەن ئەو پیاوە ئایینیانەی کە ئیسلامیان بۆ خۆیان  قۆرخ کردبوو، پێیانوابوو میراتەکەی مافی خۆیانە و بەتەنها ئەوان لە ئایین تێدەگەن و کەسی دیکە مافی ئەوەی نییە لێی تێبگات، دژایەتى دەکرا. مستەفا قومران تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە پیاوانی ئایینی کۆنەپەرست عەلی شەریعەتییان لەناوبرد و لە هێرشکردنە سەری و تۆمەتبارکردنیدا درێغییان نەکرد، ئەمەش بە سەرکەوتنی ڕەوتى “کۆنەپارێز” لە ئێران کۆتایی هات. بە وەرگرتنى ڕێبەریی شیعەکانیش لەلایەن خومەینیەوە پاشەکشە لە هەموو هەوڵەکانی شەریعەتی کرا، چونکە حوکمڕانی ویلایەتى فەقیهو کۆنترۆڵی ڕژێمی ئاخوندەکان بۆ سەر ژیانى کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێراندا گەڕایەوە.

شەریعەتى و سروش لە ڕەخنەکردنى فێربوونى ئایینیەوە دەستیانپێکرد، بۆیە گەشتى هەر یەکێکیان بۆ دەرەوەى وڵات و خوێندنى زانستیان لەوێ بۆ پسپۆڕییەکان لە زانستە مرۆییەکانى وەکو فەلسەفە و کۆمەڵناسیدا بووە، کە کاریگەرییەکى گەورەى کردووەتە سەر ئاڕاستەى “چاکسازى” لەلاى ئەوان. پاشان بۆ پێشکەشکردنى دیدگایەکى “ڕیفۆرمخوازانە” کە هەوڵى شکاندنى کۆتى دیندارانەى داخراوى مەزهەبى شیعەى دوانزە ئیمامى و ستەمکارى ڕەهاى ویلایەتى فەقیهى بدات، مۆدێرنە کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر ڕەوتى “چاکسازى ئایینى” لە ئێران هەبووە.

بابەتەکە بە تیرۆرکردنى عەلى شەریعەتى لەلایەن پیاوانى هەواڵگرى ڕژێمى شا لە لەندەن و بە دەستخۆشانەى پیاوانى دۆگماى ئایینى کۆتایى پێهات. عەبدولکەریم سروش-یش دواى ئەوەى دیدگا “ڕیفۆرمیستەکان”ى خۆى خستەڕوو، لەلایەن ڕژێمى ئاخوندەکانەوە ڕەتکرایەوە و بەرەنگارى بوونەوە، بەتایبەتى لەبارەى تیۆرى وەرگرتن و بڵاوکردنەوەوە، تەنانەت گومانیان خستە سەر ئایین و بیروباوەڕیشى، بۆیە لە ڕۆژئاوا گیرسایەوە. هەروەک گەمارۆى محەمەد موجتەهید شەبستەرى درا، کە کتێبەکانى بەشێوەیەکى ڕەخنەگرانە ئاستى دۆگمایانەى دیدگاى سەفەوییەکانى بۆ مەزهەبى دوانزە ئیمامى لە ئێراندا دەردەخست.

“ڕەوتى ڕیفۆرمخوازان”ی ئایینى لە ئێران، بەشداربوون لە دروستکردنى کاریگەرى لەسەر کەرتێکى گەورە و جۆراوجۆر لەنێوان لاوان و ژنانى ئێرانیدا، تەناتەت کاریگەرییان تەواوی پێکهاتەی شیعەی گرتەوە، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڕەوتى “ئاخوندەکان” و باڵادەستیان بەسەر ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسیدا لەوێ، تائێستا ڕەوتێکى کاریگەرى دروستنەکردووە، ئەمەش بەهۆى ئاوێتەبوونێکى بەهێزى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و دەسەڵاتى ئایینیە، لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ستەم و توندوتیژی بەرامبەر هەر دەنگێکی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمەش لەو خۆپیشاندانانەدا دەبینرێت کە گەلى ئێران جارێک لەدژى حیجابى ناچارى، جارێکى دیکەش لەدژى توندوتیژی و ستەمکاری و هەژاری ئەنجامى دەدەن. بەڵام لەڕاستیدا ئەو خۆپیشاندانانە لە جەوهەردا هەڵگرى نیشانەکانی ڕەتکردنەوەی ڕژێم و دیدگا ئایینییەکەیەتی، کە جگە لە نیشانەکانی شکست و نشوستى سیاسی هیچی دیکەی تێدا نابینرێت. ئایا ئەم ناڕەزایەتیانە بەڵگەیەکی دیکەن لەسەر شکستی چاکسازیی سیاسی و ئایینی لە ئێراندا؟ کەواتە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئێران، جگە لە شۆڕش وەک تاکە چارەسەر هیچ ڕێگەچارەیەکى دیکە ماوە؟!

*تێبینی: لەبەر زۆری سەرچاوەكان و جیاوازیی فۆنت سەرچاوەكان دانەنراون. خوێنەری بەرێز دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی سەرەكی كە بریتییە لە (الإصلاح الديني في إيران.. قراءة في ضوء الولاية المطلقة للفقيه مجلة الدراسات الإيرانية • السنة السادسة • العدد السادس عشر • أكتوبر 2022 م).

[1] –  ناونیشانی توێژینەوەكە بە زمانی عەرەبی (الإصلاح الديني في إيران.. قراءة في ضوء الولاية المطلقة للفقيه مجلة الدراسات الإيرانية • السنة السادسة • العدد السادس عشر • أكتوبر 2022 م).

Send this to a friend