خوێندنی ئایینی وەك بەشێك لە ئاسایشی نیشتمانی
ئیدریس سیوەیلی
بەدرێژایی سەدان ساڵ خوێندن لە كوردستان لە حوجرە و مزگەوتەكان بوو، کولتووری باوی كۆمەڵگەش بەشێكی ڕەنگدانەوەی ئەو ناوەندە مەعریفییانە و خوێندنە ئایینییەكە بوو، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە وەردە وردە خوێندنی فەڕمی لە شارەكانی كوردستان بڵاوبووەوە، بەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خوێندنی حوجرە پاشەكشەی كرد، كۆلێجەكانی شەریعە لە زانكۆكان وەكو جێداری ئەو ناوەندانە ئەژمار كران، بێگومان هۆكارگەلێك لە پشت پاشەكشەی خوێندنی حوجرەوە بوو، كە تێكڕا و بە تینی جیاواز ڕۆڵیان بینیوە، ڕەنگە سەرەكیترین هۆكار ئەوە بێت كە خوێندنی حوجرە پێبەپێی سەردەمەكە و ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی سەدەی بیست و چارەكی یەكەمی سەدەی بیستویەك بەخۆیەوە بینی نەڕۆیشتووە، نەیتوانیوە خۆی نوێ بكاتەوە و وەكو پێویستییەكی بەردەوامی كۆمەڵگە خۆی نمایش بكات. بەمەش لە هەناوی خۆیدا تووشی جۆرێك لە خۆخواردنەوە و پوكانەوە بووە.
لەگەڵ پەرەگرتنی ڕەوتی ئیسلامی بە ئاڕاستە جیاوازەكانییەوە لە باشووری كوردستان. جێكەوتەی لەسەر خوێندنی حوجرە و ئایینی جێهێشت، بەشێك لە حوجرەكان و خوێندنی ئایینی بە گشتی بەو ئاراستە جیاوازانە كاریگەر بوون، هاوكات پەراوێزحستنی خوێندنی ناو حوجرە و ناوەندە ئایینییەكان لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە هێندەی تر ڕۆڵی حوجرەكانی لاواز كرد، لەوانەیە بەشێك لە هۆكاری ئەم پەراوێزخستنە بێئاگایی لە كاریگەری ئەو ناوەندانە و خوێندنی ئایینی بێت لەسەر بوونیادی كۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانیی لە دوورمەودادا.
لە دونیای ئەمڕۆدا زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی دەخوازن بەجۆرێك گرنگی بەو ناوەندە ئایینییانە بدەن كە لەگەڵ دیدگای كۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی لە دوورمەودادا تەبا بێت، ئەزهەر لە میسر، كۆلێجەكانی شەریعە لە مەككە و مەدینە، حەوزەی زانستی قوم و نەجەف، هەریەكەیان بەجۆرێك ڕەنگدانەوە و تەریبە لەگەڵ دیدگای ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتانە، بۆیە گرنگە لە هەرێمی كوردستان چی تر ئەو ناوەندانە پەراوێز نەخرێن، حوجرەكان و كۆلێجەكانی شەریعە لە زانكۆكان لە ڕێگەی پلانێكی ستراتیجی وەك بەشێك لە ئاسایشی نیشتمانی ئەژمار بكرێن، چاكسازی پێویستیان تێدا بكرێت، مەنهەجی خوێندن تێیاندا بەجۆرێك بێت ڕەنگدانەوەی واقیعی باشووری كوردستان و وەڵامدەرەوەی پێویستییە هەنوكەییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بێت لە پێكەوەژیان، لێبوردەیی و یەكتر قبووڵكردن.