دەسەڵاتی ئایینی و سیاسیی وەقفە ئیسلامییەكان لە عێراق
ن: حارس حەسەن
و: عومەر ڕەشید
پێشەکی
وەقفی ئیسلامی پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە گۆڕەپانی ئایینی عێراقیدا، خۆی لە دوو بەشی سەرەکیدا دەبینێتەوە، یەکەم مزگەوت و مەزارگە و شوێنە گشتییە ئایینییەکان، دووەم زەوی و شتومەک و ئەو موڵکانەی خاوەنەكانیان وەقفیان کردووە. ئەو شێوازەی لە کارگێڕی ئەوقاف و ڕێکخستنی پەیكەرەكەیدا هەیە بیناکراوە لەسەر ئەزموونی کار لەسەرکراوی ئیسلامی، دیاریکردنی پێگە و ڕۆڵەکان پەیوەستن بە دەسەڵاتە ئایینییەکەوە. هەروەها مزگەوت و مەزارگەکان میحوەری سەرەکین بۆ کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگا بە بەرپرسەکان دراوە بیکەنە مینبەر بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان و بەهێزکردنی پێگەیان لە بوارە ئایینییەکەدا. ئەم دەزگایانە بە زۆری وادروستکراون کە بکرێت بەکاربێن بۆ مەبەستی بازرگانی، یان شوێنی مامەڵەی خانوو و زەوی، ئەمە جگە لە دەستی بەخشینی حاجی و خێرخوازان، کە ئەمیش دەسپێردرێتە لایەنێکی تری ئەوقاف، سەرپەرشتیاران هۆکاری پێویست دەخەنە بەردەست ئەو بەرپرسانەی بەڕێوەیدەبەن تا بەردەوام بن. هەندێک لە سەرپەرشتیاران پشکیان هەیە، بە تایبەت مەزارگەی پێشەوا شیعەکان و گەورە کەسایەتییە ئایینییەکانی سوننە، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئایینیان.
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، پێکهاتەی ئەوقافی ئیسلامی ناچاربوو ملبدات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەرەكەی لە چوارچێوەیەکی فراواندا، ئەم گۆڕانکارییە گرنگانە کاریگەریان هەبوو لەسەر ڕۆڵی دەسەڵاتە ئایینی و پێگەکانیان. وایکرد تائیفەگەری لە گۆڕەپانە ئایینییەکادا سەرهەڵبدات و کاریگەری دژبەیەک لە دەسەڵاتە ئایینییە سونی و شیعیەکەدا دروست بکات. ئەم داڕشتنە نوێیە بووە هۆکاری دابەشبوون و قووڵبوونەوەی دژایەتی لەنێوان گرووپە ئایینییە سوننییەکان، دەرەنجام دەسەڵاتی ئایینی نەجەفی لە گۆڕەپانە ئایینییە شیعییەکەدا چەسپا.
ئەوقافی ئیسلامی و بوونیادنانەوەی پەیكەری بوارە ئایینییەکە
پێش ساڵی ٢٠٠٣، حکومەت لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە دەستیگرتبوو بەسەر بەشێکی گەورە و گرنگی ئەوقافی ئیسلامی عێراقیدا، کە بە دەزگایەکی فەرمی بنچینەیی ئەژمار دەکرا و چاودێرییەکی ورد بەسەریاندا سەپابوو، بە تایبەتی لە بواری ئایینی و یەکپەیامی و ئاڕاستەکراوی فەرمی لە مزگەوتەکاندا. مەزارە شیعی و مزگەوتە سوننییەکان ملکەچی ئەو بەڕێوەبەرانە بوون کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دایدەنان، زۆربەی جار ئەوانە دیاریدەکران کە هەواداری ڕژێم بوون. هەروەک چۆن پێشنوێژ و وتارخوێنەکان زۆربەیان فەرمانبەری دەوڵەت بوون، یان لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، یان لقێکی ناوچەیی حزبی بەعسەوە مۆڵەت درابوون، حزب و دەزگا ئەمنییەکانی تر ڕێکخەر، یان چاودێر بوون بەسەر وتارەکانیانەوە. ئەو پێشەوا و پیاوە ئایینیانەی شوێن ڕێنماییە حکومییەکان نەدەکەوتن، یان وتارەکانیان نەدەکەوتنە چوارچێوەی وتارە دیاریکراوەکانەوە، بە (ناهاوکار) یان (بێ ئەمەک) وەسف دەکران. زۆربەیان یان ڕاودەنران، یان دەگیران، تەنانەت دەشکوژران.
حزب و دەسەڵاتە ئایینییە شیعییەکە پێیان وابوو دەوڵەتی بەعسی دژی شیعە بووە، لەبەرئەوەی پاکتاوی هاووڵاتی و پیاوە ئایینییەکانیانی دەکرد (بەتایبەت پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١)، پیاوە ئایینییە شیعە دیارەکانی دەکوشتن، یان تیرۆری دەکردن، ئەمە جگە لەو کۆت و بەندانەی خستبوویە سەر سروتە ئایینییە شیعییەکان. لەگەڵ ئەوەی حزبی بەعس عەلمانی بوو، بەڵام ڕژێمەکە لەژێر هەژموونی ئەو عەرەبە سوننانەدا بوو کە ڕێگر بوون لە سەربەخۆیی خودی بۆ پیاوە ئایینییە شیعییەکان، ڕووبەڕوو دەبوونەوە لەگەڵ ئەو ئیسلامییە شیعانەی دژی ڕژێم بوون. پاش رووخانی ئەو دەسەڵاتە، ئەو حزب و دەسەڵاتە ئایینییە شیعییەی پێیوابوو لەلایەن ڕژێمەوە تووشی پاکتاوی ناسنامە بوون کەوتنە فراوانبوون، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیان بە هۆکاری سەرەکی دەزانی بۆ ئەو جۆرە سیاسەتە، تەنانەت حزبە سوننییەکانیش بە تایبەت حزبی ئیسلامی عێراقی، ڕەخنەی لەو پاڵنەرە عەلمانییە هەبوو کە لە پشت حزبی بەعسەوە بوو، ڕووخانی ڕژێمیان بە دەرفەت زانی بۆ بەهێز کردنی پێگەی ئایین لە ژیانی کۆمەڵگادا.
بەمشێوەیە سیاسەتی فەرمی پاش ساڵی ٢٠٠٣ نموونەیەکی نوێ بوو، دانینا بە سەربەخۆیی دامەزراوە ئایینییەکان، تا بەشێوەیەک ئازاد بێت و لە کایە گشتییەکەدا کار بکات. یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ئەو نموونەیە ئەو بڕیارە بوو کە مانگی ئابی ٢٠٠٣ ئەنجومەنی حوکمی کاربەڕێکەر دەریکرد (کە دەسەڵاتێکی ئیئتیلافی کاتی دروستکرد بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەشداری پێکردنی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە داڕشتنەوەی بڕیارەکاندا) پاشان بڕیاردرا بە هەڵوەشانەوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی. لەجێگای ئەوەدا بۆ هەر تائیفەیەکی ئایینی دیوانی وەقف کرانەوە، لەمەوە دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وەقفی سوننی و دیوانەکانی وەقفی مەسیحی و ئێزدی و سابیئەی مەندائی دروست بوو. ئەوەش بۆ ئەوە بوو کە دەوڵەت بتوانێت دەسەڵاتی هەبێت بەسەر بوارە ئایینییەکەدا و بەخشینی ئازادی زیاتر بۆ مەزهەب و ئەو ئایینە جیاوازانەی لە عێراقدان تا بتوانن لەو چوارچێوە سیاسییە نوێیەدا کە ڕێگای بە نوێنەرایەتی ئایینە جیاوازەکان دەدات، ناسنامە و بیروباوەڕی خۆیان بپارێزن، ئەم گۆڕانکارییەی لە ئەوقافی ئیسلامیدا ڕوویدا ململانێیەکی تازەی لەسەر ناسنامەی تائیفی بۆ پێگە ئیسلامییەکە و تایبەتمەندی دامەزراوە نوێکەی ئەوقافی لێکەوتەوە. ئەمەش بووە هۆکاری ململانێی تائیفی لە کایە ئایینییەکەدا، بە تایبەت لە نێوان هەردوو تائیفەی سوننی و شیعیدا کە لەیەک دامەزراوەدا بوون، ململانێکانیش لەسەر پێگە و خاوەندارێتی و قازانجە ئابوورییەکان بوو.
لە چوارچێوەی ئەو پشێوی و نائارامییەی پاش هێرشەکانی ئەمەریکاوە دروست بوو، کۆمەڵێک لایەنی ئایینی کەوتنە ململانێ بۆ دەستگرتن بەسەر ئەوقافی ئیسلامیدا، بیانوویەکی نوێیان داتاشی گوایە هەوڵەکانیان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەیەتی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی. لەکاتێدا دابەشکردنی مزگەوت و پێگە ئایینی و شوێنەکانی تری ئەوقاف لەنێوان وەقفی شیعی و وەقفی سوننی ورد نەبوو، داوا دەکرا پێوەرێکی قبوڵکراو هەبێت بۆ دەرکردنی بڕیارێک دەربارەی خاوەنداریتی بۆ ئەم دیوان، یان ئەویان. بەشێکی زۆر لە ئیسلامییەکان و پیاوە ئایینییە شیعییەکان لەو بڕوایەدا بوون کە ڕژێمی پێشوو تەنها ڕێیداوە مزگەوتە سوننییەکان دروست بکرێن، داوای لە بەخشەران و وەهابییەکان کردووە ئەوقافەکانیان لەسەر سوننییەکان تۆمار بکەن، ئەمەش لەسەر پاکتاوی ناسنامەی شیعەکان. دیوانی وەقفی شیعی لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیاندا نووسیویانە کە ڕژێم لەمپەڕی زۆری داناوە تا ڕێگری لە وەهابییەکان بکات کە موڵکەکانیان بکەنە وەقفی مزگەوت و حسێنییەی شیعەکان. بەرپرسان لە وەقفی سوننی بەم وەسفە ڕازی نین، جەخت دەکەنەوە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاوباری ئایینی جیاوازییەکی سودبەخشانەی کردووە لە پەیكەری دامەزراوەییدا لەنێوان ئەوقافی سوننی و شیعیدا، دەکرێت پشتی پێببەسترێت لە بەرەوپێشبردنی پەیكەرێكی نوێدا.
ساڵی ٢٠٠٤ لیژنەیەکی ڕاوێژکاری دروستکرا لە پیاوانی ئایینی و شارەزا شیعی و سوننییەکان بۆ دابەشکردنی وەقفە ئیسلامییەکان. بەرپرسێک لە دیوانی وەقفی سوننی دەڵێت، لیژنەکە هەوڵێکی بەرچاوی دەدا لە دابەشکردنی فەرمانبەرەکان و زۆربەی شوێنە ئایینییەکان لە نێوان دوو دیوانەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکان بەردەوامیان هەبوو دەربارەی وەقفەکان، هەریەک لە نوێنەری دوو لایەنەکە پێداگریان دەکرد کە دەکەوێتە بەشی ئەوەوە، یان ڕاجیابوون دەربارەی ناسنامە تائیفییەکەی. ساڵی ٢٠٠٨ لیژنەی هەڵوەشاندنەوە و کەنارگیری دامەزرا، لەنێوان ئەندامەکانیدا دادوەر و بەرپرس لە دامەزراوەی بانگەشەی خاوەندارێتی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری زەوی و نوێنەری دیوانی وەقفی سوننی و شیعی هەبوو. لەسەرەتادا لیژنەکە ڕێککەوتن لەسەر چوار پێوەری سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی وەقف و شوێنە ئایینییەکان: بەڵگەی تۆماری وەقف، ناسنامەی تائیفی وەقفکەرەکە، ویستی باوەڕپێکراوی وەقفکەر کە پەیوەست بووە بە چ ئایین و مەزهەبێکەوە و مەبەستی کامیان بووە، هەر بەڵگەیەکی تر کە یارمەتیدەر بێت بۆ ناسنامەی تائیفی وەقفکەر. بەڵام ئەمانە نەبوونە چارەسەری پێویست بۆ تەواوی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو دیوانی وەقفی سوننی و شیعی، هاوڕا نەبوون لەسەر هۆکارێکی یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی پێوەر بۆ مزگەوت و بینا و زەویوزار. ناچار پەنایان بردە بەر دادگا بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەو وەقفانەی کێشەیان لەسەر بوو. تانانەت ئەمەش نەیتوانی کۆتایی با جیاوازییەکان بێنێت، چونکە زۆربەیان بەڵگەی تەواویان بەردەست نەبوو، لەگەڵ بەدەمەوە نەچوون، بە تایبەت لەلایەن وەقفی شیعی و گرووپە شیعەکانەوە، لەبەر داننەنانیان بە بەشێک لەو بەڵگەنامانە کە گوایە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ساختەکراون. لەبەرئەوە زۆر بە کەمی خاڵێک دەبینرا کە هەردوولا لەسەری یەکدەنگ بن، کە پێشتر ڕاجیاییان هەبووبێت.
بە تائیفەکردنی ئەوقافی ئیسلامی
داڕشتنەوەی پەیكەری ئەوقافی ئیسلامی بووە هۆکارێکی خێرا بۆ تاکڕەوی تائیفی لە بوارە ئایینییەکەدا، بە تایبەت ڕێکخستنە نوێکە لە چوارچێوەی دابەشکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە سیاسی کردنی ناسنامەی تائیفییەوە سەرچاوەی گرتبوو، هەربۆیە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە توندوتیژی سەریهەڵدا. دەرەنجام ناکۆکی نێوان ئەم تائیفە ئیسلامیانە قووڵ و قووڵتر دەبوو، ئەو ژینگەیەی کۆیکردبوونەوە لەجیاتی ئەوەی هۆکاری پێکەوە ژیان بێت، گۆڕا بۆ خاڵی جیاوازیی. شیعەگەری و سوننەگەری، لەبری ئەوەی دوو پێگەی ئایینی وەگەڕخەری نوێ بن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی گۆڕەپانی ئەوقافی ئایینی و ژینگەی ژیاری، بە شێوەیەک ئەو شوێنە ڕۆشنگەریانە بکەنە ناسنەمەی دوو گرووپەکە، بەڵام بەداخەوە پێچەوانە بووەوە.
یەکێک لەو نموونە دیارانەی کە ململانێ بوون و دەرەنجام بوونە هۆکاری دابەشکاری ئەوقاف، جیاوازی بوو لەسەر هەردوو مەزارگەی ئیمامی دەیەم و یانزەیەم لە شاری سامەڕا، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی سوننی بوون. شوێنەکە لەڕووی مێژووییەوە سەر بە ئیدارەی سوننی سۆفییە. لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکیان دەرکرد بۆ ئیدارەدانی مەزارگە شیعییەکان کە بەگشتی لەڕووی مەزهەبییەوە ناسراون، دەبێت کارگێڕییەکەیان بسپێردرێت بە دیوانی وەقفی شیعی. زۆرێک لە دامەزراوە ئایینییە سوننییەکان و دانیشتوانی سامەڕا دژ بەو ڕێکخستنە وەستانەوە. سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی شێخ عەبدولغەفور سامەڕائی، کە کوڕی شارەکە بوو، بە ئاشکرا ڕەخنەی لەو بڕیارە گرت و ئاماژەی بەوەدا کە سامەڕا شارێکی سوننییە، ئاشکراشە ڕۆڵەکانی ئەم شارە ڕێزیان لەو مەزارگانە گرتووە و پاراستویانن. ساڵی ٢٠١٢ دادگای فیدراڵی ئەو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە وەقفی سوننی کردبوویان دەربارەی ئەو بنەما یاساییەی کە ڕێگا بە دیوانی وەقفی شیعی دەدات تایبەتمەندییەکانیان فراوان بکەن دەربارەی ئەو مەزارگانەی باسکران. ئەو هێرشانەی جیهادییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ کردیانە سەر ئەو مەزارگانە، ئەو بڕوایەی لەلای شیعەکان بەهێزتر کرد کە ئەو شوێنانە دوورەدەستن و پێویستە بەهێزی تایبەت بپارێزرێن. کاتێک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ساڵی ٢٠١٤ ویستی دەستبگرێت بەسەر سامەڕادا، موقتەدا سەدر فەرمانی کرد بە بڵاوەپێکردنی میلیشیای سەرایا سەلام کە سەر بەخۆی بوون لە شارەکەدا بۆ پارێزگاری شوێنەکە، لە هەمان کاتدا چەند فەسیلێکی حەشدی شەعبی (کە سەر بە میلیشیا شیعەکان بوون) لە ناوچەکەدا بڵابوونەوە، دەرەنجام بەشێک لە هاووڵاتیانی شارەکە و بەرپرسانی سوننە، دیوانی شیعی و میلیشیا شیعییەکانیان تۆمەتبار کرد بە هێرش کردنی نایاسایی بۆسەر شوێنی بازرگانی و نیشتەجێبوونی چوار دەوری مەزارگەکە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنیان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوە ئامانجەدا بوو، کە سروشتی دیمۆگرافی ناوچەکە بگۆڕن.
بە هەمانشێوە چەند مزگەوتێک هەبوون لە بەغدا کێشە لەسەربوون، هەریەک لە دیوانی وەقفی سوننی و شیعی مافی خاوەندارێتیان دەدا بە خۆیان. ئەم ڕاجیاییانە پاڵنەر بوون بۆ هەردوولا کە بکەونە دۆزینەوەی بەڵگەی مێژوویی و دۆزینەوەی ناسنامە بۆ مزگەوت و شوێنەکانی دەوروبەریان. بۆ نموونە مزگەوتی ئاسەفیە لە ناوەڕاستی پایتەختدا. دیوانی وەقفی شیعی دەڵێن ئەو مزگەوتە ساڵی ١٠١٧ دروستکراوە، لە سەدەی نۆزدە نۆژەنکراوەتەوە، گۆڕی زانای ئایینی بەناوبانگی شیعی محەممەدی کوڕی یەعقوبی کولەینی (٨٤٦ ـ ٩٤١) تیادایە، لە هەمانکاتدا دامەزراوە ئایینییە سوننییەکان دەڵێن لەمێژە ئەو مزگەوتە پەیوەستە بە تەریقەتی مەولەوی سۆفی، گۆڕی زانای پایەبەرزی سۆفی حارس محاسبی لەخۆگرتووە. هەریەک لە وەقفی سوننی و وەقفی شیعی خۆی لەپێشتر دەبینی بۆ سەرپەرشتیاری ئەو مزگەوتە، دەرەنجام و پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر جیاوازییەکە بە سپاردنی بە وەقفی شیعی کۆتایی هات.
یەکێک لە جیاوازییەکانی تر ئەوە بوو کە لەسەر مزگەوتی مێژوویی خەیلانی لە ناوەڕاستی بەغدا ڕوویدا، دیوانی وەقفی شیعی دەستی بەسەردا گرتبوو، پشی بەستوو بەو بیرباوەڕە شیعییەی کە گۆڕی محەممەدی کوڕی عوسمانی عومەیری تیادابوو، کە یەکێک بووە لە چوار بریکارەکەی ئیمامی دوانزەیەمی شیعەکان، بەڵام دیوانی وەقفی سوننی و کەسایەتییەکانی تری سوننی ئەو پڕوپاگەندانەیان ڕەتدەکردەوە. دواجار هەردوو مزگەوتەکە کەوتنە ژێر چاودێری وەقفی شیعی، ئەگەرچی بەردەوام بەرپرسانی دیوانی وەقفی سوننی بەرهەڵستکاری بوون، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە یەکلاییکردنەوەی ململانێکان شێوازێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک دەسەڵاتی شیعی جەختی لەوە دەکردەوە کە ناسنامەی تائیفی ڕاستەقینەیان لە سەردەمەکانی پێشووتردا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. یارمەتیدەری ئەمەش بوونی کۆمەڵە ئیسلامییە شیعییەکان بوو لە دامەزراوە حکومییەکان و سەرکەوتنی میلیشیا شیعەکان بەسەر میلیشیا سوننییەکاندا لە چەسپاندنی باوەڕە شیعییەکە لە بەغدا و چواردەوریدا و برەودانی زیاتر بە ناسنامەیان لەم ساڵانەی کۆتاییدا.
هەمان جیاوازی دەربارەی چەندان وەقفی ئیسلامی لە موسڵیش ڕوویدا، بەتایبەت پاش ئازادکردنی شارەکە لە چنگی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی. دیوانی وەقفی شیعی داوای ئەوەی دەکرد کە بیست مزگەوت لە شارەکەدا بخرێنە ژێر چاودێری تایبەتی خۆیانەوە، هەندێکیان بەناوی کەسایەتییە مێژووییە شیعییەکانەوە بوون، بەڵام ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری ئەو کاتەی موسڵ بە توندی ئەو داوایەی ڕەتکردەوە کە سڕینەوەی ناسنامەی سوننییەکان بوو. پاش ئازادکردنی شارەکە هەژموونی میلیشیا شیعەکان زیادی کرد، هاوڵیاندا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو مزگەوتانە، یان جەختکردنەوە لەسەر خستنە ژێر دەسەڵاتی وەقفی شیعییەوە. ئەمەش بووە هۆکاری توڕەکردنی دیوانی وەقفی سوننی و سیاسییە سوننییەکان، پێیان وابوو ئەو هەوڵە بۆ گۆڕینی ناسنامەی موسڵە.
داڕشتنەوەی پەیكەری ئەوقافی ئیسلامی بووە هۆکارێکی خێرا بۆ تاکڕەوی تائیفی لە بواری ئایینی لە عێراق
لایەنێکی تری ئەو جیاوازیانە پێگەی جوگرافی بەشێک لە وەقفە کێشە لەسەرەکان بوو. زۆربەی مزگەوتە مێژووییەکان دەکەونە ناوچە بازرگانییەکانەوە، بەشێک لەو وەقفانە بریتین لە دوکان، یان شوێنی نیشتەجێ، یان گەراج. بە زۆری ئەم شوێنانە پاڵپشتن بۆ ئەو دامەزراوە و کۆمەڵانەی بەڕێوەیان دەبەن، بە تایبەت ئەو کرێیانەی لە کرێگرتەکان، یان بەرهەمهێنەکان وەریدەگرن. بە هەرحاڵ ئەم جیاوازیانە تەنها ئایینی نەبوون، بەڵکو بە ئەندازەیەکی زۆر گەورە پەیوەستە بە پاڵنەرە ئابوورییەکەوە. ئەم جیاوازیانە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەکەوتن لەو مزگەوتانەدا کە بە مزگەوتی سەرۆکایەتی ناسرابوون، ژمارەیان نزیکەی چواردە دانە دەبێت، پێکهاتووە لە کارگەی گەورە و چەندان بەشی پەیوەست پێوەی کە بە فەرمانی سەدام حسێن دروستکراون. بەشێک لە بەرپرسانی دیوانی وەقفی شیعی رێگە نادەن بە بەشی سوننی وەسف بکرێن، بەڵکو داوا دەکەن بە یەکسانی دابەشبکرێن لەنێوان دیوانی وەقفی سوننی و دیوانی وەقفی شیعیدا. جیاوازیەکی تر دەربارەی ئەو پێوەرەیە کە وەسفی مزگەوتەکەی پێدەکرێت بەوەی (سەرۆکایەتییە). دیوانی وەقفی شیعی ئەم پێناسەیە گشتگیر دەکات بۆ هەموو ئەو مزگەوتانەی لە تەمەنی بەعسدا دروستکراون، بەڵام دیوانی وەقفی سوننی ئەوە ڕەتدەکاتەوە. دەرەنجام بە تایبەت دەربارەی مزگەوتەکانی بەغدا دیوانی وەقفی شیعی ڕازی بوو مزگەوتە سەرۆکایەتییەکان لەژێر چاودێری دیوانی وەقفی سوننیدا بن (لەبەرئەوەی زۆربەیان پێشنوێژەکانیان لە سوننەکان بوون و لەسەر ئەو مزگەوتانە دامەزراون، زۆربەیان دەکەوتنە ناوچە سوننییەکانەوە) جگە لە مزگەوتی (الرحمن)ی هەڵکەوتوو لە ناوچەی مەنسورییەی بازرگانی نەبێت، کە کۆمەڵێک شیعەی شوێنکەوتەی محەممەد یەعقوب کاریان تیادا دەکرد، دووجار بەپێی یاسا درا بە دیوانی وەقفی شیعی (لەکۆتاییدا جیاوازی لەنێوان لایەنی سەرپەرشیار لەگەڵ لایەنە سیاسی و ئایینی و بازرگانییەکان دروست بوو لەسەر قازانجە بازرگانییەکانی) ئەم مزگەوتە گەراجێکی گەورە و پارچەیەک زەوی هەبوو پاڵپشتییەکی دارایی باش بوو بۆ ئەو لایەنەی بەڕێوەی دەبرد. بەڵام لە شارەکانی تردا دابەشکردنی مزگەوتە سەرۆکایەتییەکان بە گوێرەی سروشتی زۆرینەی مەزهەب بوو.
لە سەروو ئەمانەشەوە لە ساڵانی ٢٠٠٦ ـ ٢٠٠٧ پاش هێرش بۆسەر مەزارگەی سامەڕا جەنگی تائیفی هەڵگیرسا، هێرشی تۆڵە دەستی پێکرد بۆسەر مزگەوتی لایەنی بەرامبەر، بە تایبەت لە بەغدا. سکاڵای سوننییەکان دەربارەی دەستبەسەرداگرتنی مزگەوتەکانیان لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە زیادی کرد، وەک ئەوەی بەرامبەر مزگەوتی قوبا کردیان لە ناوچەی شەعب، مزگەوتی موسەننا لە گەڕەکی قاهیرە، مزگەوتی مودەلەل لە ناوچەی عەتیفییە. ئەمانە بە گوێرەی سەرچاوە سوننییەکان، میلیشیا شیعەکان پیاوە ئایینییە سوننیەکانیان ناچار بەجێهێشتنی مزگەوتەکانیان دەکرد، یان زۆر بە ئاسانی دەستیان بەسەردا دەگرت، کە پێشنوێژە سوننییەکە لە ترسا ئامادە نەبوایە. ئەم کارانە تەنها بە مزگەوت و شوێنە پەرستشییەکان کۆتایی نەهات، بەڵکو سەریکێشا بۆ شوێنە بازرگانی و زەوییە کشتوکاڵییەکان. بەپێی سەرچاوەکان ئەو موڵکانە پێش ئەوەی وەقفی شیعی بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکان و میلیشیا چەکدارە شیعییەکان دەستیان بەسەردا بگرن، موڵکی دیوانی وەقفی سوننی بوون. دیوانی وەقفی شیعی بەوە بەرگری لەخۆی دەکرد کە زۆربەی ئەو وەقفە ئیسلامیانە لە ناوچەی شیعەکاندا بووە و ڕژێمی پێشوو لە چوارچێوەی ڕیشەکێش کردنی شیعەکان پێشەوای سوننەی لەسەر داناون، ئەمە بە ڕوونی دەربارەی مزگەوتی (الرشاد) ڕوویدا کە کەوتبووە ناوچەی سەدرەوە، لە نەوەدەکانەوە جێی ناکۆکی سەدرییەکان و سەلەفییەکان بوو. پاش ساڵی ٢٠٠٣ سەدرییەکان دەستیان بەسەردا گرت و ناوەکەیان گۆڕی بە مزگەوتی (الصدرین).
بەکورتی بە تائیفە کردنی ئەوقافی ئیسلامی پاش ساڵی ٢٠٠٣ لە چوارچێوەیەکی بزواوی فراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد. لەلایەک تائیفەگەری بووە جیاکارییەکی قووڵی نێوان ناسنامە ئایینییەکان و بەرتەسک کردنەوەی ئەو ژینگە گشتییە ئیسلامییەی ببووە خاڵی پێکەوە ژیانی تائیفەکان. لەلایەکی تر ئەم جیاکارییە ئاشکرایە بە بوونی چەندان تائیفە لە عێراقدا پانتایی زیاتری دەبەخشییە بوارە گشتییەکە بۆ دەربڕینی ئازادانەی ناسنامە ئایینییە جیاوازەکان. بەڵام لە چوارچێوەی مەزهەب و ململانێ مێژووییەکان جیاوازی دروستکرد، لە زۆر کاتدا ئەم جیاوازییە بووە هۆکاری گرژی و تانەنەت توندوتیژی. لێرەوە ئاماژەکان ئەوەیان دەردەخست کە تائیفەگەری بە تایبەت پاش تێکشکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دروستکەری جەمسەری سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بەردەوام عێراق لەبەردەم ئاڵنگارییەکی قورسی هاوشێوەدایە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی داننان بە بوونی چەندان تائیفە و نێوان پێویستی داڕشتنەوەی ناسنامە لە دەرەوەی تائیفەگەری، واتا پێشخستنی یادگە و هێمای کۆمەڵگە هاوبەشەکان لە ژینگە گشتییەکەدا.
ئەوقافی ئیسلامی و بنیاتنانەوەی پەیكەری بواری ئایینی سوننی
ئەو جیاوازی و دژایەتیانەی لە دەرەنجامی بەڕێوەبردنی وەقفی ئیسلامییەوە دروست ببوو تەنها لە نێوان تائیفە جیاوازەکاندا نەبوو، بەڵکو لەناو خودی تائیفەکاندا بوونی هەبوو، ئەم دیمەنە بە ئاشکرا لە وەقفە سوننییەکاندا دەرکەوتووە، بەهۆی لەبەریەکهەڵوەشاوەیی بوارە سوننییەکە و نەبوونی دەسەڵاتێکی ئایینی لە گۆڕەپانەکەدا. بە پێچەوانەی بوارە شیعییەکەوە کە هەڕەمیەتی ئایینی ڕوونیان هەیە، لە سەرەوە مەرجەعی باڵا هەیە، بەڵام ئەم شێوە هەڕەمییە لەلای سوننە بوونی نییە، لەوانەیە ئەمە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور، کە نزیکی دەسەڵاتی ئایینی سوننی بووە لە دەوڵەتەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە کردەیی دەستیگرتبوو بەسەر دامەزراوە ئایینییە سوننییەکاندا. ئەمە جگە لەوەی زۆربەی پیاوە ئایینییە سوننییەکان فەرمانبەری حکومی بوون. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەسەڵاتداری یەکەم بووە لە بەڕێوەبردنی قوتابخانە و دامەزراوە سوننییەکاندا، بەڵام نەیتوانیوە بەو ڕێژەیە دەسەڵاتبگرێت بەسەر شوێنە ئایینییە شیعییەکاندا، بەهەمانشێوە بە سەر قوتابخانە و پەیمانگا ئایینییە شیعییەکاندا (ناسراون بە حەوزە). هەمیشە حەوزەکان بە سەربەخۆیی لە دەوڵەت و شێوازی ناحکومی بۆ فێرکردن و مامۆستای لێوەشاوەی دەرەوەی عێراق، بە تایبەت هەڵگرانی ڕەگەزنامەی ئێرانی ناسراون، بنکەی یارمەتیدانی ئەوانەیان هەبوو کە لەودیو سنووری دەوڵەتەوە دەهاتن.
لە دیوانی وەقفی سوننیدا جوڵەیەکی نوێی ناوخۆیی لە بوارە ئایینییەکەدا سەریهەڵدا، کە بووە هۆی ململانێی نێوان کۆمەڵە جیاوازەکان. لە سەرەتاوە بەشداری ئەنجومەنی حوکمی کاربەڕێکەریان کرد لەژێر کاریگەری حزبی ئیسلامی، کە گەورەترین حزبی سوننی بوو، لەگەڵ عەدنان دلێمی زانای ئیسلامی و ئەندامی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی (پۆستەکە لە ئاستی وەزیردا بوو). لێرەوە ناکۆکی کەوتە نێوان حزبی ئیسلامی عێراقی و کۆمەڵەکانی تری وەک دەستەی زانایانی مسوڵمان بە سەرۆکایەتی حارس زاری، هەریەکەیان بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خۆی نوێنەری ڕاستەقینەی سوننەکانە. ئەمە جگە لەوەی دژایەتی دەستەی زانایانی مسوڵمان بۆ داگیرکاری ئەمەریکی و دامەزراوەی حکومەتە نوێکە، لە کۆتاییدا ئەم کارە بووە هۆکاری لاوازی پێگەی دەستەکە و شکانەوەی بە قازانجی ئەوانەی جوڵەیان زیاتر بوو. ئیتر تۆڕ و دامەزراوەی تر کەوتنە کێبڕکێ، وایلێهات هەندێکجار بەڵێنی جیاکردنەوەی ئەوقافی ئیسلامیان دەدا لە بەرژەوەندییە سیاسییەکان.
لە ئابی ٢٠٠٥، حکومەتی عێراقی کاربەڕێکەر (کە ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ حوکمی وڵاتی کرد) عەبدولغەفور سامەڕائی کە پێشەوایەکی میانڕەوی سۆفی بوو کردە سەرۆکی نوێ بۆ دیوانی وەقفی سوننی، لەو کاتەدا دلێمی سەرۆکی کوتلەیەکی سوننی بوو لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی هەبوو لە حکومەت، کوتلەکەی تۆمەتبار دەکرا بە هاوکاری، یان بێدەنگ بوون لە میلیشیا شیعییەکان کە کۆمەڵە سوننییەکانیان بە ئامانج گرتبوو. سامەڕایی خۆی لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قورسدا دەبینییەوە، بە تێڕوانینی بۆ لەبەریەکهەڵوەشانی چوارچێوە سوننییەکە و کاریگەری توندڕەوەکان لە تۆخکردنەوەی مەزهەبی و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی، لە هەوڵدان بۆ پەیداکردنی پاڵپشتی سیاسییەوە گەیشتە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حزبی ئیسلامی عێراقی، دەستە توندڕەوەکان بە دەستەی زانا مسوڵمانەکان و گرووپە جیهادییەکانیشەوە، تاوانباریان دەکرد بەوەی بوکەڵەیەکە بەدەست ئەو حکومەتەی ملکەچی دەسەڵاتی شیعەیە. ڕەخنەکانی ڕووبەڕووی دەکرانەوە بەرەو هەڵکشان چوون، بە تایبەت ئەو کاتەی کە ساڵی ٢٠٠٧ دەستەی زانایانی مسوڵمانی ناچار کرد نووسینگەکەیان دابخەن، کە لە مزگەوتی گەورەی ئومولقوڕادا بوو، پاشان ڕادەستکردنی بە دیوانی وەقفی سوننی. لە ئابی ٢٠١١دا سامەڕائی لە هێرشێکی خۆکوژی ڕزگاری بوو کە ئەگەری زۆربوو ئەوانە ئەنجامیان دابێت کە خۆیان ناونابوو دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی. ئەو هێرشە کە لە کاتی بەشداری سامەڕائی و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبی ئیسلامی عێراقی لە نوێژی بەکۆمەڵدا بوو، بووە هۆی ژمارەیەک قوربانی، لە کوژراوەکاندا پەرلەمانتارێکی حزبی ئیسلامی عێراقی تیادابوو.
لە ساڵی ٢٠١٢ ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی تایبەتی بە دیوانی وەقفی سوننی دەرکرد، چەند بەرپرسیارێتییەکی بەخشییە دیوان، لەوانە بەڕێوەبردنی ئەوقاف، سوودوەرگرتن لە دەستکەوتەکانی، پشتیوانی دامەزراوە ئایینی و خێرخوازییە سوننییەکان. بەگوێرەی ماددەی ٤،٢ لەو یاسایە، ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی دادەنێن، دەبێت ئەو دانانە لەسەر رەزامەندی كۆڕی فیقهی عێراقی بێت، مەبەستیان لەو دامەزراوەیە بوو کە کۆمەڵەی گەورە زانایان لە عێراق پێکیانهێنابوو، بریتی بوون لە پێنج زانای سۆفی و پێنج زانای سەلەفی، نووسینگەیان لە مزگەوتی ئیمام ئەعزەم (ئەبوحەنیفە) بوو لە بەغداد. حزبی ئیسلامی عێراقی لە دامەزراندنی ئەو دامەزراوەیەدا پشکیان هەبوو بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم دەستەی زانایانی عێراقی و بۆ ئەوەی ببێتە دەسەڵاتی بەرزی بە کۆمەڵ بۆ کۆمەڵە سوننییەکان. ئامانج لەو یاسایەی کە ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنیدا بەخشییە حزبی ئیسلامی عێراقی هاوکات یاسایەکیش بۆ دیوانی وەقفی شیعی دەرکرا، لە ڕێکخستنی بوارە سوننییەکە گەورەتر بوو.سامەڕایی ساڵی ٢٠١٣ ناچار بە وازهێنان لە پێگەکەی کرا، پاش ئەوەی تۆمەتی گەندەڵی خرایە پاڵی، بە تایبەت لەلایەن سووننە دژەکانییەوە. پاش ئەوە گرووپە سوننییەکان سەرکەوتوو نەبوون لە دانانی جێگرەوەدا، ساڵی ٢٠١٥ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران عەبدوللەتیف هەمیم وەک سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی بە وەکالەت دانا. ئەم دانانە بە پشتیوانی سەلیم جبوری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو کاتە و ئەندامێکی دیاری حزبی ئیسلامی عێراقی بوو، هەرچەند لەلایەن دامەزراوە سوننییەکانی ترەوە دژایەتی کرا، لەسەر پشتگوێ خستنی كۆڕی فیقهی عێراقی، کە دەبوو پرسی پێبکرایە لەو دانانەدا بە گوێرەی بڕگە یاساییەکانی دیوانی وەقفی سوننی. هەمیم دەسەڵاتی گرتەدەست، گەورە زانایەکی ئیسلامی و پێشتر نزیکبووە لە ڕژێمی بەعس لە ئەنبار، ڕابەری کۆمەڵەیەکی بچووکی دەکرد لە ئیمام و کەسایەتی سوننی میانڕەو لەژێر ناوی (ملتقی العلماء و المفکرین العراقیین). کۆمەڵە سوننییەکانی تری وەک زانا مسوڵمانەکان و كۆڕی فیقهی عێراقی پێیان وابوو حکومەت ملکەچە بۆ دەسەڵاتی شیعە نەک دەسەڵاتی شەرعی سوننی، هەر ئەو حکومەتە هەمیمی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کردووە.
لەگەڵ بوونی ئەو ڕەخنانەدا، بە بڕوا بەخۆبوون و وتاری میانڕەوانە هەمیم خەریکی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی بوو، چەندان دەسپێشخەری کرد بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە سوننییەکان پاش دەرچوونی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لێیان. دەستیکرد بە کارکردن لەسەر شێوازی سامەڕایی کە بە ئامانجگرتنی پێشنوێژ و وتاربێژە توندەکان بوو، هەوڵیدا دەسەڵاتی زیاتر بگرێت بەسەر وتاری ڕۆژی هەینیدا، هێرشێکی لە دژی توندڕەوی و دەمارگیری راگەیاند، داوای چەسپاندنی پیشەیی دەکرد بۆ هێنانەوەی بەڵگە بەو بەڵگە یاساییانەی کە کورتی هەڵهێنابوون لەو فەقیهە ئیسلامیانەی ڕێگەپێدراوون و شاهیدیان بۆ داون.
ئاشکرایە کە هەمیم لەلایەن دامەزراوە سوننەکانی ترەوە رووبەڕووی ململانێ بووەوە لەسەر دەسەڵات و شەرعییەت، لەوانە كۆڕی فیقهی عێراقی بە سەرۆکایەتی شێخ ئەحمەد حەسەن تەها کە پێشتر ئەندام بوو لە دەستەی زانا مسوڵمانەکاندا. خۆی و نەوەکەی عەبدولوەهاب سامەڕایی کە ئەندامێکی دیاربوو لە كۆڕی فیقهی عێراقی سکاڵایان هەبوو لەسەر بێ ڕۆڵی دامەزراوەکەیان لە دەستنیشان کردنی سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی، ئەمەش سەریکێشا بۆ لاوازی خاوەن پۆستەکە و کەوتنە ژێر کاریگەری بەرژەوەندیخوازەکان و کۆمەڵە سیاسییەکان. لێرەوە گرژی نێوان دیوانی وەقفی سوننی و كۆڕی فیقهی عێراقی بەرەو زیادبوون چوو.
ئەو حکومەتەی کە هەیمەنەی شیعە بەسەریدا زاڵبوو، بۆیە خۆی سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی دانا تا بیکاتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی لایەنگرانی، یان ئەوانەی دژایەتی ناکەن لە چوارچێوەی سوننەکاندا، وەک خۆپەنادانێک لە چونەسەرەوەی کەسایەتی دژ، یان نائاشنا بۆ سەرۆکایەتی دیوانی وەقفی سوننی. دەکرێت ئەم جۆرە کارانە بە چاوی سیاسەتی ئامانجدراوە سەیربکرێت، لەوانە ڕێکخستنەوەی بواری ئایینی سوننی لە ڕێگای دیوانی وەقفی سوننییەوە تا ببێتە دۆستی حکومەت و کەمکردنەوەی دژەکانی.
گومانی بەهێز ئەوەیە کە مەبەستی بەشێک لە ئەندامانی كۆڕی فیقهی عێراقی لە سەروو هەمووشیانەوە ڕافیع ڕەفاعی کە هەڵگری نازناوی موفتی وڵاتی عێراقیش بوو، بۆ دژایەتی حکومەت و پاڵپشتی خۆپیشاندانە سوننییەکان بوو دژ بە حکومەت و سەرۆک وەزیرانی پێشوو نوری مالیکی (٢٠٠٦ ـ ٢٠١٤)، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حکومەت و کۆمەڵە شیعەکان بەدگومان بن بەرامبەر كۆڕی فیقهی عێراقی. ئەم دەستپێشخەرییەی حکومەت ئەو کێشەیەی قووڵتر کردەوە کە پەیوەست بوو بە سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی و سیفەتی نوێنەرایەتی، ئەوەی ببووە باوەڕی بەهێز لەلای فەقیهـ و پێشەوا سوننییەکان ئەوە بوو کە حکومەت لایەنگرە و بەرژەوەندی لە لاواز کردنی سەربەخۆییاندایە، زۆربەی دژایەتیان بۆ ئەو شێوازەی حکومەت پەیڕەوی دەکرد لەو بابەتەدا، لەبەر بەرگری ڕاستەقینەیان بوو لە ناسنامەی سوننە و پاراستنی، پێیان وابوو ئەو ناسنەمەیە لەبەر هێرشدایە، عەبدولوەهاب سامەڕایی دەڵێت: «دەمانەوێت لەپەڕگیری دوورکەوینەوە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدەین ناسنامەمان لە ناسنامەی کەسانی تردا بتوێتەوە (مەبەستی ناسنامەی شیعە بوو)». عەدنان دلێمی سەرۆکی یەکەمی وەقفی سوننی کە ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد، پێیوابوو هەوڵێکی سیستماتیکی هەیە لەپێناو «شیعە»ی عێراق، ئاماژە بەوەی کە حکومەت و حزبە شیعییەکان سەرۆکایەتی ئەو هەوڵە دەکەن لە ڕێگای دەستگرتن بەسەر مزگەوتە سوننییەکان و گۆڕینی میراتی سوننی لە بەغدا بە میراتی شیعە. یەکێک لەو دامەزراوانەی نزیکبوونەوەیەکی جیاوازی کرد لە دەرەوەی کۆمەڵە شیعییەکان بۆ خۆشکردنی شوێنی خۆی لە بوارە سوننییەکەدا، دامەزراوەی (دار الافتاء) بوو بە سەرۆکایەتی مەهدی سومەیدعی کە خۆشی وەک موفتی کۆمار ناساندبوو. دارولئیفتاکەی خۆشی واناساندبوو کە نوسخەیەکی تازەیە لە پێگەی موفتی عێراقی میراتگری سەردەمی عوسمانی، کە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لەبیرچووبووەوە و حکومەتی بەعس لە حەفتاکاندا هەڵیوەشاندەوە. بەڵام کۆڕی فیقهی عێراقی و دیوانی وەقفی سوننی سومەیدعیان بەو وەسفە ڕەتکردەوە. بەشێکیان پێیان وابوو کە دامەزراوەی دارولئیفتا هی تاکە پیاوێکە، سومەیدعیش شایستە نییە بە وەرگرتنی پێگەی موفتی کۆمار. کۆڕی فیقهی عێراقی لەبەردەم ئەنجومەنی شورای دەوڵەت (دەستەیەکی دادوەری کارگێڕییە بەرپرسە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دامەزراوە حکومییەکان) تانەی خۆیدا، ئەمەش بووە هۆی پووچەڵ کردنەوەی ئەو هەوڵەی کە دەمەزراوەکەی بە یاسایی بکات، بەڵام ڕێگر نەبوو لەبەردەم ئەوەی کە خۆی بە موفتی ناساندبوو.
سومەیدغی یەکێک بووە لە شێخە سەلەفییەکان، ڕەخنەگری کۆمەڵە جیهادییەکان بوو، هەڵوێستی پێشووی گۆڕی کە دژایەتی شیعە و حکومەت بوو بە بیرێکی سەلەفی و میانڕەوانە، لەلایەن حکومەتەکەی نوری مالیکی و گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێران پشتیوانی دەکرا، ساڵی ٢٠١٣ توانی لەگەڵ شوێنکەوتووەکانیدا دەستبگرن بەسەر مزگەوتی ئوم تبول، کە بە گەورەترین مزگەوتی ناوچەی خۆرئاوای بەغدا ئەژمار دەکرێت، سومەیدعی لە هەوڵێکی سەرنەکەوتوویدا ویستی ناوی مزگەوتەکە بگۆڕێت بە ئیبن تەیمییە، کە زانایەکی حەنبەلی سەدەکانی ناوەڕاست بووە، خۆشی کردە ئیمامی مزگەوتەکە. ١٣٢ شوقە لکابوو بە مزگەوتەکەوە، سومەیدعی دەستی بەسەردا گرت، بەپێی گێڕانەوەی بەرپرسێک لە دیوانی وەقفی سوننی، بە مەبستی پشتیوانی چالاکییەکانی. دیوانی وەقفی سوننی تانەی لەو هانگاوانە دا و پەنای بردە بەر دادگا بۆ ئەوەی مزگەوتەکە و یەکە نیشتەجێییەکان بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، سومەیدعی ئەوەی ڕەتکردەوە و نووسراوێکی ئاڕاستەی دیوانی وەقفی شیعی کرد داوای لێکردن مزگەوتەکە بخەنەژێر دەستی خۆیان، وەقفی سوننی پێیوابوو ئەمە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی دەسەڵاتەکەی و هەنگاوێکی بێ بیانووە بۆ ڕاکێشانی دەسەڵاتی شیعە بۆ ململانێکە، وایلێهات سومەیدعی میلیشیایەک پێکبهێنێت و ناوی بنێت (بزووتنەوەی ئازادیخوازانی عێراق)، لەژێر سایەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. گومانی بەهێز ئەوەیە ئامانجی لەم هەنگاوە جەنگە لە دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و لایەنداری بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ بەدەستهێنانی ئەندامی زیاتر تا بتوانێ لەڕووی دژە سوننەکەی بوەستێتەوە. زۆرێک لە نوێنەری ئەو گرووپانەی حەشد کە ئێران پشتیوانی دەکردن سەردانیان دەکرد، بە ئاشکرا لەگەڵ قاسم سلێمانی سەرۆکی سوپای قودسی سوپای پاسداران دەردەکەوت.
بڵاوبوونەوەی سەلەفییەت هیچ کاریگەری نەبوو لەسەر پەیوەندی شیعە و سوننە، بەڵکو پەیوەندی بە ناوخۆی کۆمەڵە سوننییەکانەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دژایەتی سۆفی و سەلەفییەوە هەبوو. عێراق زۆرترین و دیارترین ڕێبازە سۆفیگەرییەكانی تیادا هەبووە، وەک قادری و نەقشبەندی. لە نەوەدەکاندا ڕژێمی سەدام حسێن پاڵپشتی بۆ رێبازە سۆفیگەرییەكان کەمکردەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سعودیە و بڵاوبوونەوەی سەلەفییەت لەو چوارچێوەیەی ناسراوبوو بە هەڵمەتی ئیمانی. ئەم سیاسەتە پاش ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە سۆفییەکان ئازادی زیاتریان وەرگرت، تەنانەت لەلایەن دەوڵەت و سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانەوە یارمەتی دەدران. بۆ نموونە، سەرۆک کۆماری پێشوو جەلال تاڵەبانی کە (٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤) سەرۆک بوو، لە خێزانێکی خانەدانی پاشخان سۆفی بوو، یارمەتی ڕێبازی قادری دەدا، هەتا سەرپەرشتیاری بۆ مزگەوتی گەیلانی دامەزراند بەو واتایەی ئەو مزگەوتە بنەمای ڕیبازی قادری-یە لە بەغدا. ئەندامانی خێزانە خانەدانەکانی ڕێبازی کەسنەزانی پاش ساڵی ٢٠١٣ ڕوویان کردە سیاسەت، کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و چوونە حکومەتەوە.
بەڵام لە ڕاستیدا سەلەفییەت زیاتر بڵاوبووەوە، بەتایبەتی لە دابەشکاری مەزهەبی و ئەو سروشتە تایبەتەی پاش ساڵی ٢٠٠٣ وڵاتی پیادا تێپەڕی. بەشێک لە کۆمەڵە سەلەفییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک مزگەوتی سوننییەکان لە ناوچەی فەلوجە و دەوروبەری بەغدادا گرت، بەکاریاندەهێنان بۆ دژایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و شیعەکان. کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی دەستی گرت بەسەر شارە گەورە سوننییەکان و مزگەوتی سۆفی و شوێنە ئایینییەکانی تری سوننەی خاپوور کرد، لە ڕاستیدا تایپێکی تری سوننەی بەرهەمهێنا و ململانێی ئەو تەقلیدە کۆنەی سۆفی و میانڕەوەکانی دەکرد، شێوازە تەقلیدییەکە بۆ خۆی بەرەو لاوازی دەچوو بە هۆی مەنهەجی عەلمانییەت و ئەو نوێگەراییەی کە دەوڵەت ساڵانێکی زۆر پەیڕەوی کردووە. تەنانەت پاش ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامیش، تا ئێستاش بەشێک لە مزگەوتەکانی چواردەوری بەغدا لەژێر دەسەڵاتی سەلەفییەکاندان، یان مۆڵگەی کۆمەڵە سەلەفییە ناحزبییەکان بوون. هیشام هاشمی کە توێژەرە لە کاروباری سەلەفی لە عێراق دەڵێت، دیوانی وەقفی سوننی و دامەزراوە سوننییە تەقلیدییەکان دەستیان گرتووە بەسەر مزگەوتی سەنتەری شارەکان، لە هەمان کاتدا سەلەفییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر دەستیان گرتووە بەسەر مزگەوتەکانی چواردەوری بەغدا و شارەکانی تر. زۆربەی تۆڕە سەلەفییەکانی ئەمڕۆ لە میانڕەوەکانن، دوورن لە سیاسەت و زیاتر جەخت لە کاروبارە ئایینییەکان و بابەتە ئەخلاقییەکان دەکەنەوە، زیاتر بانگەشەی یەکسانی دەکەن بەراورد بە دامەزراوە سۆفییەکان، ئەو گەنجانەی بڕوایان وایە ئەم ئایینە ئاسانە و کەمتر هەڕەمییە نزیک دەبنەوە لێی. ئەشکرایە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە سەلەفییەتە ئەو قەیرانانە پێچەوانە دەکاتەوە کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەسەڵاتە ئایینییە سوننییەکە ببوەوە، توانی هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان توندڕەوە سەلەفییەکان و فشاری دەرەکی و ناوەکی بۆ دادپەروەری لە بەرامبەر سوننییەکان.
بە بوونی دیوانی وەقفی سوننی وەک یاریزانی سەرەکی و بوونی بە جێگای ململانێ، بوارە سوننییەکە بەش بەش بوو، بە دەستگرتن بەسەر دامەزراوە و ئەوقافە ئایینییەکان دەسەڵاتیان بەهێز کرد، بەڵام لە چوارچێوەیەکی کاریگەر بە ناسیاوگەرایی و سیاسەتی دوورخستنەوە، لەمەوە زۆرێک لە گرووپەکانی تر بەگومان بوون کە فراوان بوونی دەسەڵاتی دیوان سەردەکێشێت بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانیان و پەراوێزخستنیان لە ڕووی مادی و بیروباوەڕەوە. شایانی باسە پاش پێکهێنانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ساڵی ٢٠١٨، گرووپە سیاسیی و ئایینییە سوننییەکان داوایان کرد بۆچوونیان وەربگیرێت لە دانانی سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننیدا، بەڵام سەرۆک وەزیران بۆی دەرکەوت کە سەختە ئەوان لەسەر کەسێک هاوڕا بن، بە تایبەت کە ئەم پۆستە چەند جەمسەرێکی هەیە لە دەستکەوتی سیاسی و بازرگانی، کەسانێک لە دەرەوەی ئەو دامەزراوە ئایینییە دەیانەوێت بگەن بە پشکی قازانج و خزمگەرایی کە لە ڕێگای دیوانی وەقفی سوننییەوە نەبێت پێی ناگەن. ئەمەش وایکرد لە نێوان گرووپەکاندا ڕێککەوتن بکرێت بۆ بەشکردنی پۆستە گەورەکانی دیوانی وەقفی سوننی، پاشان بەشکردنی قازانجەکان لەنێوان خۆیاندا، بۆ ئەمەش پێویستە کەسایەتییەکی هاوسەنگ دانێن بۆ پێگەی سەرۆکی دیوان. لە هەمان کاتدا حکومەت ڕێی نەدەدا بە کەسایەتی هاوسەنگ و هاودەنگی لەسەرکراو، دەیزانی دیوانی وەقفی سوننی ئامڕازێکی گرنگە بۆ لاوازکردنی شانە سوننییە توندڕەوەکان.
ئەوقافی ئیسلامی و بنیاتنانەوەی پەیكەری بواری ئایینی شیعی
کاتێک بەڕێوەبردنی ئەوقافی سوننی شکستیهێنا لە قەیرانی دەسەڵات لە گرووپە سوننییەکاندا، پلەبەندییەکی دامەزراوەیی نوێی تایبەت بە ئەوقافی ئیسلامی شیعی کرا، ڕۆڵی سەرەکی بە دەسەڵاتی ئایینی درا لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە. ئەمەش بە ئاشکرا لە بەڕێوەبردنی زیارەتگا ئایینییە سەرەکییەکانەوە لە ماوەیەکی دوورودرێژدا دەردەکەوت.
لە قۆناغی یەکەمی دامەزراندنی دیوانی وەقفی شیعی، ململانێ کەوتە نێوان گرووپە شیعییەکانەوە هەروەک ئەوەی لە ناوەندی کۆمەڵە سوننییەکاندا ڕوویدا بۆ دەستگرتنیان بەسەر ئەوقافی ئیسلامیدا. چەندان کۆمەڵەی ئایینی بە شێوەی تاکڕەوی هەوڵیاندا دەستبگرن بەسەر داهاتە مادی و مەعنەوییەکانی مەزارگە ئایینییەکان، بە تایبەتی ئەو مەزارگانەی گرنگی زۆریان هەیە وەک مەزارگەی ئیمامە شیعەکان لە نەجەف و کەربەلا و کازمییە و سامەڕا. ئەو کاتەی جەنگ کەوتە نێوان سوپای ئەمەریکی و سوپای مەهدی بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر ساڵی ٢٠٠٤، زۆربەی جەنگاوەرە سەدرییەکان پەنایان بردە بەر مەزارگە عەلەوییەکان لە نەجەف بە نیەتی بەکارهێنانی وەک هێزی مەعنەوی بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیان دەربارەی بەرگری و خۆڕاگری و بەکارهێنانی دوکانەکانی بۆ چارەسەری بریندارەکان و کۆگاکردنی چەک. بە نزیکی لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی جیابووەوە لە سەدرییەکان بە پێشەوایەتی مەحمود حوسنی سەرخی هەوڵیاندا دەستبگرن بەسەر مەزارگەی حسێنییە لە کەربەلا. رێکخراوێکی لادەری تری شیعە بەناوی (جند السماء) ساڵی ٢٠٠٧ پێشرەویان کرد بەرەو مەزارگەی عەلەوی، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی سەربازی لە نێوان ئەوان و هێزی ئاسایشی حکومی، جەنگەکە بە خستنەوەی قوربانییەکی زۆر و کوشتنی سەرۆکی ڕێکخراوەکە تەواو بوو.
حسێن شامی کە پیاوێکی ئایینی و ئەندام بوو لە حزبی دەعوە، بووە یەکەم سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی، ئەمەش لە دەرەنجامی هەوپەیمانی نێوان حزبی دەعوە و حزبێکی سەرەکی تری شیعە بوو بە ناوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی، ئەوەی کە سەرۆکایەتی دەستەی باڵای حەج و عومرەی دەکرد، بە هەمانشێوە ئەوەش پلەیەکی بەرزی ئایینی بوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەڕێوەبردنی شامی بۆ دیوانی وەقفی شیعی بەرەوڕووی ڕەخنەی توند بووەوە لەلایەن کۆمەڵە شیعەکانی ترەوە، بە تایبەت لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی و ڕەوتی سەدرەوە. بەهەمانشێوە مەرجەعیەتی ئایینی لە نەجەف ڕازی نەبوو لە کارەکەی، بە تایبەت پاش ئەوەی تۆمەتبارکرا بە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن. ساڵی ٢٠٠٥ شامی گۆڕا بە ساڵح محەممەد حەیدەری، ناوبراو تا ساڵی ٢٠١٥ لە پۆستەکەیدا مایەوە.
کاری بنچینەیی کە دەبوو دیوانی وەقفی شیعی ئەنجامی بدات بەڕێوەبردنی ئەو مەزارگانە بوو کە ساڵانە ملیۆنان زیارەتكار سەردانیان دەکرد، ببونە کۆڵەکەی بنچنەیی بۆ بینای یادگەی ناسنامە لەلای شیعەکان. ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەکی نوێی دەرکرد بۆ بەڕێوەبردنی مەزارگەکان و شوێنی زیارەت كردنی شیعەکان، بە دەق ئەو مافەی دەدا بە سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی بۆ دامەزراندنی گەورە بەڕێوەبەری مەزارەگەكان پاش بەدەستهێنانی ڕەزامەندی مەرجەعی باڵای تائیفەکان، ئەو پۆستە لە ئێستادا بەدەست ئایەتوڵا عەلی سیستانی-یەوەیە، ئەوکەسەی نوێنەرایەتی سەری هەڕەمە شیعییەکە دەکات. بۆ یەکەمجارە لەمێژووی نوێی عێراقدا بە ئاشکرا دانبنرێت بە ڕۆڵی مەرجەعی باڵا بۆ سەرپەرشتی و بەیاسا کردنی مەزارگەکان، کارەکە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری کێشەی دەسەڵات کە تا ئێستاش لەلای سوننەکان بێ چارەسەرە. ئەمەش سەرکەوتوو نابێت ئەگەر مەرجەعیەت سەربەخۆ نەبێت، تەنانەت بۆ هاوکاریش دەبێت پشت ببەستێت بە کۆمەڵە شیعەکان و دەوڵەمەندە شیعییەکانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق و پارێزگاری لە نەریتێكی سەربەخۆ و دروستکردنی شوێنەکەی، تا بیسەلمێنێت کە دەتوانێت خۆی ڕابگرێت لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە ڕژێمی پێشوو گرتییەبەر بۆ شکاندنی حەوزە شیعییەکان و لاوازکردنی مەرجەعەکانی. لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ مەرجەعیەت لە پێگەی دەسەڵاتی باڵادا لەلای شیعەکان دەرکەوت، ئەمش بووە پاڵنەر بۆ حزبە شیعییەکان کە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی مەڕجەع بدەن بۆ وەرگرتنی شەرعییەت بە پاڵپشتی ئەو.
ساڵی ٢٠٠٥ دەقی یاسایی دەرچوو لەسەر دیاریکردنی ئەمینداری گشتی بۆ هەریەک لە پێنج مەزارگە بنچینەییەکانی عێراق (مەزارگەی عەلەوی لە نەجەف، هەردوو مەزارگەی حسێنییەی عەباسی لە کەربەلا، مەزارگەی کازمییە لە کازمییە، مەزارگەی عەسکەری-یە لە سامەڕا). نووسینگەی مەرجەعی باڵا ڕۆڵی هەبوو لە دانانی ئەو ئەمیندارە گشتیانەی کە بەشێکیان نوێنەری سیستانی بوون. دوانیان نزیک بوون لە مەرجەعیەتی ئایینیی نەجەفەوە. دواتر بوونە دوو کەسایەتی جێبەجێکار، ئەوانیش عەبدولمەهدی کەربەلایی ئەمینداری گشتی مەزارگەی حسێنییە، دواتر بووە سەرپەرشیتاری شەرعی لەسەری، ئەحمەد سافی ئەمینداری گشتی مەزارگەی عەباسی-یە و دواتر بووە سەرپەرشتیاری شەرعی لەسەری.
لە چەند ساڵێکی کەمدا لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی مەزارگەکان دەستیان بە هەڵمەتی فراوان کردن کرد، سەرەتا بە فراوان کردنی گۆڕەپانی مەزارگە ئایینییەکان و دروستکردنی شوقەی نوێ بۆ سەردانیکاران دەستیپێکرد، تەنانەت سەرپەرشتی دروستکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆی نوێیان کردووە. لەم ڕووەوە بەشێوەیەکی هەندەکی چاویان لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا کردووە لە شاری مەشهەدی ئێران، کە دامەزراوەیەک سەرپەرشتی دەکات، سەرۆکی ئێستای ئیبراهیم ڕەئیسییە کە لەلایەن ڕێبەری باڵا عەلی خامنەییەوە دانراوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ کێبڕکێکاری سەرەکی حەسەن ڕۆحانی بوو. لایەنی بەڕێوەبەری ئەو مەزارگانە لە باج و هەرچییەک دەکەوتە سەریان دەبەخشران بە سیفەتی ئەوەی (دامەزراوەی ئایینین)، ئەمە جگە لە پشتیوانی مادی حکومیی بۆ تێچوونە کارگێڕییەکان لە چوارچێوەی بوودجەی دیوانی وەقفی شیعی. ئەمە پاڵپشتبوو بۆ جێبەجێکردنی چەندان پڕۆژەی (دنیایی). بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەی عەباسییە کارگەی خواردەمەنی و کشتوکاڵی و بیناسازی دامەزراند، قازانجەکانی دەگەڕایەوە بۆ لایەنی کارگێڕی، یان لە پرۆژەی نوێدا بەکاردەهاتەوە. بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەی حسێنییە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (عێراقی ـ بەریتانی) واژۆ کرد بۆ دروستکردنی گەورەترین فڕۆکەخانە لە عێرقدا، لەگەڵ هەموو ئەو ڕێگریانەی پارێزگاری کەربەلا بۆ ئەو کارەی دەکرد. زۆربەی کات حکومەتی ناوەند، یان حکومەتە خۆجێییەکان بڕیاریان دەرنەدەکرد و سەرپەرشتیان نەدەکرد، بەڵکو لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەکە دەیتوانی سەرپەرشتی ئەو کارە بکات لەو شارەی مەزارگە ئایینییەکەی لەخۆگرتووە، لەبەر پێگە تایبەتەکەی و ناچارنەبوون بە داواکاری لەلایەنی حکومی. جگە لەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیانە یاسایین و بەشێکن لە دیوانی وەقفی شیعی، بە دامەزراوەیەکی گشتیش ئەژمار کراون، بەڵام سەروکاریان لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکان و پەیوەندیان بە مەرجەعییەتی ئایینییەوە وایکردووە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە لە پێگەی دەسەڵاتی سەروو دەستوورەوە بن. ئازاد بن لەو کۆت و بەندانەی دەخرێنە سەر دامەزراوەکانی تر.
لە سەروو ئەمانەوە، ئەو قوتابخانە و زانکۆیانەی بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەکان لە کەربەلا سەرپەرشتی دەکردن، خێزانە مامناوەندەکان هەستان بە ناردنی مناڵی زیاتر بۆیان، کە چەند بەش پارەیان لێوەردەگرتن بەراورد بە قوتابخانە فەرمییە خۆڕاییەکان، چونکە لەوێ لەڕووی چۆنێتییەوە باشتر فێردەکران. پاش ئەو فەتوایەی سیستانی لە ساڵی ٢٠١٤ دەریکرد بانگەشەی خەڵکی مەدەنی دەکرد بۆ چوونەپاڵ هێزە ئەمنییەکان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمینداری گشتی مەزارگەی حسێنییە فەتواکەی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەکان چەند شانەیەکی سەربازی نوێیان دامەزراند بۆ بەشداری لە هەڵمەتە سەربازییەکاندا. لەو کۆمەڵانە گرووپی عەباسی جەنگاوەر و لیوای عەلی ئەکبەر بوو. هەندێ جار ئەم شانانە بە (حەشدی سیستانی) ناودەبران بۆ ئەوەی جیا بکرێنەوە لەوانەی خۆیان ناونابوو (حەشدی وەلائی)، ئەم کۆمەڵانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکران.
زۆرێک لە کەربەلاییەکان سەرقاڵی ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزاریانە بوون کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە سەرپەرشتیان دەکردن، کە دەبوو دامەزراوە نیشتمانی و خۆجێییەکان سەرپەرشتی بکەن، ڕێیان نەدەدان بە بیانووی ئەوەی گەندەڵن و بێتوانان. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە تێوەنەگلابن لە گەندەڵییەوە. کەسانێک کە بەرپرسی حکومیشیان تێدابوو پێیان وابوو ئەم دەستە و چالاکی بەڕێوەبەرایەتیانە لە خزمەت بەرژەوەندی تایبەتدان، لە کاتێکدا پشتیوانییە مادییەکانیان لە دارایی گشتییە، هەرچەند توانای خۆبەڕێوەبەریان هەیە، دەرەنجام چالاکی و پڕۆژەکانی بەڕیوەبەرایەتی مەزارگەکان سەریکێشا بۆ تۆڕی نوێی خاوەن بەرژەوەندی هەمەلایەنە و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی گرتەوە.
مەزارگە شیعییەکان خاوەنی قورساییەکی مەعنەوی و مادی گەورە بوون، دەیانتوانی پشتیوانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوانە بکەن کە دەبنە بەرپرسی. وتاری هەینی لە کەربەلا کە نوێنەری سیستانی دەیدا، گۆرا بۆ بۆنەگەلێک بۆ گواستنەوەی ڕێنمایی بۆ خەڵکی و فراوانکردنی دەسەڵاتی بۆ سەر حەوزە ئایینییەکانی نەجەف، لە ئەنجامی ئەمەدا و ڕاجیایی پیاوە ئایینییەکانی تر لە مینبەرە گرنگەکانەوە، بە فەرمی دەسەڵاتی (مەرجەعی باڵا) کرایە یاسایی.
لەبەر ئەم هۆکارانە، دەکرێت ئەو تۆڕی خاوەن پێگە و بەرژەوەندیانە کە لە دەرەنجامی ڕێکخستنەوەی دامەزراوە نوێکانەوە لە ئەوقافی شیعیدا دروستبوون، دەسەڵاتێکی بەهێزیان هەبێت لە دیاریکردنی مەرجەعی باڵای داهاتوو، بتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی ئامانجدار بکەن لە ڕێکخستنی تۆمار بۆ بەڕێوەبردنی ئەوقافی ئیسلامی. ئەم بەڕێوەبەرایەتیانە نموونەیەک بوون لە تێکەڵکردنی لایەنێکی فەرمی (دیوانی وەقفی شیعی سەر بە دەوڵەت) و نافەرمی (مەڕجەعییەتی باڵا)، ئەمەش بووە هۆی نەخشاندنی نموونەیەکی تایبەت، کە دەسەڵاتی شیعی بتوانێت بە هۆیەوە یاریزانی سەرەکی بێت لە داڕشتنەوەی یەکە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لەپاش ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەمە بووە پاڵنەر بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە و بە یاسایی و دامەزراوەیی دیوانی وەقفی شیعی لەپاش ساڵێ ٢٠١٢وە، کە نووسینگەی سیستانی پشکی شێری هەبوو لە داڕشتنەوەکەدا. بەپێی یاسا، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی دادەنێت پاش ڕاوێژ لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵا. دەقی ماددەی ١٣ی یاسا دەڵێت، کە دیوانی وەقفی شیعی بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی هەموو وەقفێک کە بەڕێوەبەری نەبێت، یان دامەزراوەیەکی بۆ بنیات دەنێ، یان مەرجەعی باڵا ڕەوانەی دەسەڵاتی دیوانی دەکات. ماددەی ١٤ دیوانی وەقفی شیعی ناچار دەکات بە پابەندی بە فیقهی شیعی و بۆچوونی مەڕجەعی باڵا بۆ دانانی بەڕێوەبەرانی مەزارگە و ئەوقاف. جیا لەمە، ماددەی ١٥ بە دەق دەڵێت، بۆ دیوانی وەقفی شیعی نییە دەسەڵاتی هەبێت بەسەر قوتابخانە و حەوزە ئایینییەکاندا، ناتوانێت دەستوەربداتە کاروباریان بەبێ ڕەزامەندی مەڕجەعی باڵا.
ئەمە واتای ئەوە نییە کە هیچ هێزێکی تر بۆی نییە بەشداری دەسەڵاتی وەقفی شیعی بکات جگە لە سیستانی و نووسینگەکەی. لەڕاستیدا نووسینگەی سیستانی دەیەوێت پەیوەندی دروست بکات بۆ کۆدەنگی گەورەی پیاوە ئایینییەکان بۆ بەشیک لە بڕیارەکان. یەکێک لەوانە ئایەتوڵڵا محەممەد سەعید حەکیمە، کە تاکە عەرەبە لەنێوان چوار مەرجەعە سەرەکییەکەی نەجەف. بۆچوونێکی بەربڵاو هەیە کە ئەگەری زۆرە ببێتە جێگرەوەی سیستانی. حەکیم نەوەی خێزانە خانەدانە ئایینییەکانی نەجەفە، پەیوەستییە عەرەبی و عێراقییەکەی چانسی زیاتری دەداتێ بۆ گرتنە دەستی ئەو دەسەڵاتە، بە تێڕوانین بۆ ئەمە مەرجەعیەت دەیزانی هەڵمەتی بە عێراقی کردن پشکی شێری دەبێت لە ڕێکخستەوەی ئەوقافی ئیسلامیدا. حەکیم ساڵی ٢٠١٧ ڕۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی سەرۆکی نوێی دیوانی وەقفی شیعی عەلا موسەوی، بە هەمانشێوە لە دامەزراندنی ئەحمەد سافی وەک ئەمینداری گشتی مەزارگەی عەباسی و دواتر سەرپەرشتیاری شەرعی بەسەرییەوە. هەردووکیان لە نزیکەکانی مەرجەییەتی حەکیم بوون. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەجەفەوە دەڵێت نووسینگەی حەکیم فشاری خستووەتە سەر دیوانی وەقفی شیعی بۆ لابردنی نزار حەبلولمەتین لە پێگەی ئەمینداری گشتی مەزارگەی عەلەوی، چونکە پەیوەندییەکی دۆستانەی بە نووسینگەی ناوبراوەوە نییە. سەلیم حوسنی پێیوایە گۆڕەپانی ئەوقافی ئیسلامی لە نەجەف و کەربەلا ململانێیەکی زیاتری بەخۆوە بینیوە لەنێوان بەرپرسانی هەواداری سیستانی و ئەوانەی پەیوەستن بە حەکیمەوە. ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەگەرچی لە شیعەدا پەیكەری هەڕەمی نەجەفی پەیڕەو دەکرێت، بەڵام خاڵی نییە لە ململانێی ناوخۆیی. ئەگەری هەیە ئەم ململانێیانە زیاد بکەن بە فراوانبوونی ئەو دەسەڵاتەی لە بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان بەخشراون بە بەڕێوەبەرایەتی مەزارگەکان. لە هەمان کاتدا ئەم ململانێیە بەردەوامی دەبێت کە ڕۆڵیکی گەورە دراوە بە سەنتەری سیستانی و سەرکردایەتییەکەی. چاوەکان لەسەر ئەوەن سبەی کێ لە بەڕێوەبەرێتی ئەوقافی ئیسلامی ڕۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی گەورە پیاوانی شیعە لە داهاتوودا، بەتایبەت پاش مردنی سیستانی.
کۆتایی
پاش ساڵی ٢٠٠٣ عێراق لە وڵاتێکەوە کە دەسەڵاتدار بوو بەسەر بوارە ئایینییەکە، گۆڕا بۆ سەربەخۆیی لایەن و دامەزراوە ئایینییەکان سەربەخۆتر لە دەوڵەت. وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی کە حکومەتی بەعس وەک دەزگایەکی سەرەکی بەکاری دەهێنا بۆ ڕێکخستنی کاروبارە ئایینییەکان، گۆڕا بۆ دیوانەکانی ئەوقافی تائیفی بەو بیانوەی هەنگاوە بەرەو لامەرکەزی و دیموکراسی و دابەشکردنی سەرمایە ئایینییەکان بە دادپەروەرانەتر. ئەم گۆڕانکاریانە بوونە هۆکاری هەڵگیرسانی دژایەتی و ململانێی نوێ، یەکەم، لەنێوان دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وەقفی سوننی تازە دروستبوو، کە هەر یەکێکیان هەوڵی ئەوەی دەدا موڵکی خۆی دیاری بکات و دەسەڵاتی دیاری بێت لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێک لە وەزیفەکانی. دووەم، لەنێوان ئەو یاریزانە ئایینیانەی هەوڵیان بۆ ئەوە بوو دەسەڵاتی زیاتر بەدەست بێنن بۆ بەڕێوەبەری پێگە و ئەوقافە ئایینییەکان بۆ ئەوەی پێگەی خۆیانی پێ بپارێزن لە بەرامبەر دژەکانیان.
دەکرێت ئەم جوڵانە بە بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و گرووپە ئایینییەکان سەیر بکرێن بۆ بەشداری بوارە ئایینییەکە، لە هەمان کاتدا بە ڕوانین بۆ ئەوەی کە دەوڵەت دەستەیەکی بێلایەن نییە، بڕیارە سەرەکییەکانی لەلایەن گرووپە سیاسییەکانەوە دەدرێن بۆ برەودانی زیاتر بە بەرژەوەندی و باوەڕە ئایدۆلۆجییەکانیان، بە هەمان شێوە ئەم جوڵەیە ململانێکانی گۆڕی بۆ وەستانی دەوڵەت بە قورسایی خۆیەوە لەپشت ئەو لایەنانەی دەسەڵاتی زیاتریان هەیە بۆ بڕیاردان و شەرعیەت پێدان. لەم ڕوانگەیەوە، دیوانی وەقفی شیعی خۆی بە گەورە دەزانی بۆ چەسپاندنی داخوازییەکانی، بە ڕوانین بۆ ئەو پشتوانیانەی دەکرا لەلایەن ئەو حزبە ئیسلامییە شیعانەی لەپاش ساڵی ٢٠٠٥وە دەستیانگرت بەسەر حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەراندا.
بە تائیفە کردنی ئەوقافی ئیسلامی بەشێک بوو لەو هەڵمەتە فراوانەی لەسەر ململانێی مەزهەبی وەستابوو، بووە هۆی فراوانکردنی سنوری نێوان هەر دوو تائیفەکە و دروستکردنی دەسەڵاتی ئایینی لەناو هەریەک لە گرووپە مەزهەبییەکاندا. ئەم هەڵمەتە بووە هۆی چەسپاندنی مەرجەعیەت لە پێگەی دەسەڵاتی باڵادا لە مەزهەبی شیعیدا، لەوێوە سەریکێشا بۆ وەرگرتنی سیفەتی فەرمی بۆ ڕۆڵگێڕان لە بەڕێوەبردنی ئەوقاف و مەزارگە شیعییەکان و بە یاسایی کردنیان. ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە عێراق سروشتێکی مەرجەعی وەربگرێت و ڕۆڵی نەجەف وەک سەنتەرێکی ئایینی شیعی دیاری بکرێت، ئەگەری زۆرە دەسەڵات و بڕیارە شەرعییەکان لە داهاتوودا بکەونە دەستی مەرجەعیەتی باڵا. بە پێچەوانەوە ئاسۆی ڕێکخستنێکی نوێ و تایبەت دەکرێت بۆ ئەوقافی ئیسلامی، تا ئێستا نادیارە و دەسەڵات لەلای تائیفە سوننییەکان ناجێگیرە. ئاشکرایە بینای دەسەڵاتی سوننی لە مەرجەعیەتی شیعە دەچێت، ئەو ئامانجەی بەشێک لە گرووپە ئایینی و سیاسییە سوننییەکان برەوی پێدەدەن، تا ئێستا دوورن لە بەدیهاتنەوە. ئەگەری زۆرە ململانێکان لە ڕیزی سوننییەکاندا بەردەوامیان هەبێت، دواتر ئەمە سەردەکێشێ بۆ جیاوازی بیروباوەڕی و سیاسی و هاوپەیمانی نابەرامبەر، ئەمەش بوار فراوان دەکات لەبەردەم دەوڵەتدا ڕۆڵی دادوەری سەرەکی ببینێت لە دروستکردنەوەی پەیكەری بوارە سوننییەکە.
سەرچاوە:
سهنتهری كارنیگی بۆ خۆرههڵاتی ناوهڕاست.
وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم