په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هۆكاره‌كانی ناسازی، سیناریۆ ئایندەییەکانی
جیهانگیر سدیق گوڵپی
ماستەر لە زانستی ئابووری/پسپۆڕی دارایی گشتی
بەرایی
پازده ساڵه به‌پێی ده‌ستوورێكی فیدڕالی و له‌ژێر ناوی یه‌كگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه عێراقی نوێ دامه‌زرێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تاكوو ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له ناویشیاندا په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان، ناته‌ندروست و ناسه‌قامگیرن و نه‌گونجاون له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی.
پرسی دابه‌شكردنی داهاته جۆراوجۆره‌كان و چۆنیه‌تیی به‌شداریكردن له پێكهێنانی ئه‌و داهاتانه، یه‌كێكه له كێشه هه‌ره بنه‌ڕە‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته گرێكوێره‌یه‌كی گه‌وره و ته‌واوی لقوپۆپهكانی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی لێ بووه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌كیترینیان بریتین له: نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه به‌و جۆره‌ی كه به‌غدا داوایان ده‌كات، سوودمه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم له داهاته فیدڕالییه نائاساییه‌كانی قه‌رز و یه‌ده‌گ.
ئه‌م پرسانه كه وه‌ك هۆكاری ڕاسته‌خۆی كێشه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، خۆیان زاده‌ی چه‌ند هۆكارێكی ڕیشه‌یین كه بریتین له ناسازیی زه‌مینه‌ی سیاسی و كولتووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌یی. به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی هۆكاره ڕاسته‌وخۆ و ڕیشه‌ییه‌كان له یه‌ك كاتدا، نه ده‌توانین له كرۆكی كێشه‌كه بگه‌ین و نه په‌ی به ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ر و سیناریۆكانی ئاینده ببه‌ین.
ئه‌م باسه خوێندنه‌وه بۆ هۆكاره ڕیشه‌یی و ڕاسته‌وخۆكانی ئه‌و كێشه‌یه ده‌كات و له‌وێوه سیناریۆ جیاوازه‌كانی ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌خاته ڕوو.
هۆكاره‌كانی كێشه و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا
هۆكاره ڕیشه‌ییه‌كان
- ناسازیی زه‌مینه‌ی سیاسی و كولتووری بۆ بنیاتنان و سه‌ركه‌وتنی فیدڕالیه‌ت
هه‌رێم و به‌غدا به درێژایی مێژوو له په‌یوه‌ندییه‌كی ناته‌ندروستدا بوون، هیچ كات یه‌كگرتن و پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاره‌زوومه‌ندانه بنه‌مای پێكه‌وه‌بوونیان نه‌بووه، له‌پاش ساڵی (2003)یشه‌وه ئه‌وه‌ی كه ناو نراوه یه‌كگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه (الاتحاد الاختیاری)، له ڕاستیدا یه‌كگرتنێكی ناچاری (الاتحاد الاجباري)ی ناكامڵه.
داڤید کامیرون (David Cameron) شاره‌زای جیهانیی بواری فیدڕالیه‌ت، له توێژینهوهیەكدا له باره‌ی فیدڕالیه‌تی عێراقه‌وه ده‌ڵێت([1]): به‌پێی تیۆری كلاسیكی و باوی فیدڕالیزم، كۆمه‌ڵگه سیاسییه سه‌ربه‌خۆكان به شێوه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه یه‌ك ده‌گرن بۆ پێكهێنانی سیستمێكی نوێ، كه چاوه‌ڕوانیی لێ ده‌كرێت بۆ هه‌مووان به‌سوود بێت و هه‌مووانیش پێوه‌ی پابه‌ند بن، ده‌ستووره‌كه‌ش ده‌كرێته گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی فیدڕالیزم. به‌ڵام له مۆدێلی بنیاتنانی فیدڕالیزمی عێراقدا چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناكۆك و نه‌گونجاو له لوتكه‌ی كێشمه‌كێش و دژایه‌تیدا بوون، له هه‌مان كاتدا له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسیی دیاریكراودا له بۆته درابوون كه نه‌یانده‌توانی لێی ده‌رباز بن. ئه‌گه‌ر به ویست و ئاره‌زوو بووایه، ئه‌وا بژارده‌ی یه‌كه‌می لایه‌نه‌كان فیدڕالیه‌ت نه‌ده‌بوو، به‌ڵكوو بۆ هه‌ندێكیان سه‌ربه‌خۆبوون و جیابوونه‌وه و بۆ ئه‌وانی تریان ناوه‌ندگه‌رایی و تواندنه‌وه ده‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بژاردانه، ئیدی بۆ هێنانه‌كایه‌ی چاره‌سه‌رێكی هاوسه‌نگ، به‌ناچاری فیدڕالیه‌ت په‌سه‌ند كرا.
فیدڕالیه‌ت وه‌ك سیسته‌مێكی سیاسی بۆ پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی پێكهاته و ئاڕاسته جیاوازه‌كان و ڕێكخستنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دارایی و ئابووری و كارگێڕی و سیاسی، پێشمه‌رجی سه‌ره‌كیی بریتییه له بوونی ئاستێكی شیاو له دیموكراسیه‌ت و كولتووری یه‌كدی قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و سه‌روه‌ریی یاسا و سه‌قامگیریی سیاسی([2]).
به‌شێكی زۆر له زانایانی سیاسی و لێكۆڵه‌رانی بواری فیدڕالیه‌ت، پێیان وایه كه حكومه‌تی فیدڕالی ته‌نها بۆ ئه‌و سیستمه سیاسییانه گونجاوه كه له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی دامه‌زراون، ئه‌وان فیدڕالیه‌ت به فۆرمێكی كامڵی دیموكراسی ده‌زانن، به‌و پێیه‌ی كه له‌گه‌ڵ هیچ سیستمێكی حوكمی ڕەها وێك نایه‌ته‌وه، جا حوكمی زۆرینه بێت یان كه‌مینه.
له‌م باره‌یه‌وه ویلیا‌م لیڤیستۆن ده‌ڵێت: “سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی بریتین له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه ئامانجیان بریتییه له ڕێگریكردن له‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕەها له كۆمه‌ڵگا گه‌وره‌كه‌دا بهرژەوهندییهكانی خۆی به‌سه‌ر بهرژەوهندییهكانی پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێ، ده‌وڵه‌تی فیدڕالی به‌پێی پره‌نسیپی زۆرینه كار ناكات، به‌ڵكوو شێوازێكه له پاراستنی كه‌مینه له هه‌رێمێك یان چه‌ند هه‌رێمێكدا، له‌به‌رامبه‌ر زۆرینه‌ی هه‌رێمه‌كانی تر([3]).”
به هۆی ناسازیی ئه‌و پێشمه‌رج و زه‌مینانه‌وه له عێراق، هه‌ر له‌پاش قبووڵكردنی فیدڕالیهتهوه، كێشه‌ی هاوبه‌شیكردن (المشاركه) سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و به هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕە‌تییه‌وه، پاڵنه‌ره‌كانی بژارده‌ی دڵخوازی یه‌كه‌م و ڕێپێنه‌دراو جڵه‌وی كێشه‌كه ده‌كه‌نه‌وه، كێشه‌كه‌ش له بنهڕەتدا زاده‌ی دوو ئاڕاسته و دوو دیدگای جیاوازه بۆ سیستمی حوكمڕانی:
ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌م، ئاڕاسته‌یه‌كی ناوه‌ندخواز و هه‌ژموونگه‌رایه، كه له كولتووری سیاسیی ده‌یان ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی و فه‌رهه‌نگی پانخوازیی قه‌واره و گرووپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقى عه‌ره‌بیيه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و بووه‌ته هۆی تێنه‌گه‌یشتن و په‌سه‌ندنه‌كردنی هه‌موو سیستم و ڕێكارێكی جیاواز و كراوه. سه‌ره‌نجامی ئه‌مه له عێراقی نوێشدا به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێم له باشترین و نه‌رمترین هه‌ڵوێست و هه‌نگاویدا به فشاری سیاسی و ئابووری، له ڕێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و تێپه‌ڕاندنی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و به‌جێنه‌گه‌یاندنی ئه‌رك و پابهندییهكانیهوه، هه‌وڵی سه‌پاندنی ناوه‌ندگه‌رایی ده‌دات و له توندترین هه‌نگاویشدا ڕوو ده‌كاته به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی.
ئاڕاسته‌ی دووه‌م، كه هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌مه‌وه، دیدێكی نه‌رێنیی بۆ هه‌موو جۆرێك له یه‌كگرتوویی هه‌یه و وه‌ك هاوتای ناوه‌ندێتی لێی ده‌ڕوانێت و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ خۆڕاپسكاندن لێی، به جۆرێك كه هه‌موو لێخۆشبوونێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی؛ بۆ حكومه‌تی فیدڕالی و هه‌موو پابه‌ندبوونێكی به‌و یاسا فیدڕالییانهی كه به زۆرینه و به‌بێ هه‌مئاهه‌نگی تێپه‌ڕێنراون، به ملكه‌چبوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوه‌ندێتی ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌ستگرتنی هه‌رێم بێت به مافه دهستوورییهكانیهوه، ئه‌وا به‌شێكی زۆری په‌یوه‌سته به مه‌یلی سه‌ربه‌خۆخوازی و دڕدۆنگیی كورده‌وه له هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی.
سه‌ره‌نجام هه‌رێمیش بۆ خۆڕاپسكاندن له ناوه‌ند، له باشترین و نه‌رمترین كاردانه‌وه‌یدا كار له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به بڕیار و سیاسه‌ت و یاسا ناوه‌ندییه‌كانی به‌غدا ده‌كات و له توندترین هه‌ڵوێستیشدا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بێت هه‌نگاو بۆ جیابوونه‌وه له عێراق ده‌نێت. به‌م جۆره له ئه‌نجامی به‌رده‌وامیی ئه‌و جۆره تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه دژیهكانهوه، هیچ كات زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی هاوبه‌شی نهڕەخساوه، ئه‌وه‌ش له داڕشتنی زۆربه‌ی یاسا و ڕێككه‌وتنه‌كانی بواری دارایی و جێبه‌جێكردنیاندا ڕەنگی داوه‌ته‌وه.
- ناسازیی زه‌مینه یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی
له‌پاڵ نه‌بوونی ئاستی شیاوی دیموكراسیه‌ت و كه‌شی سیاسیی گونجاو، نه‌بوونی ئاستی پێویستی بنه‌ما ده‌ستووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان و پێوه‌ر و ڕێسا گونجاوه‌كانی پڕۆسه‌ی به‌شكاریی سامان و داهاته‌كان له عێراق، هۆكارێكی ڕیشه‌یی تری كێشه‌كه‌ن.
ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی له جیهاندا، جگه له‌وه‌ی كه پشت به بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان ده‌به‌ستن، له هه‌مان كاتدا له ڕێگه‌ی دانانی یاسای تایبه‌ت و ڕێسا و پێوه‌ری ورد و گونجاوه‌وه، كار بۆ دابه‌شكردنی داهات و سامانه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری ده‌كه‌ن. له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مانه‌كانیان له دوو ئه‌نجوومه‌ن پێك هاتوون و یه‌كێكیان تایبه‌ته به نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تیی له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، له هه‌مان كاتدا چه‌ندین دامه‌زراوه و كۆمسیۆنی هاوبه‌ش و پسپۆڕی تایبه‌ت به ڕێكخستن و سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان هه‌ن و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن([4]) و كاره‌كان به‌ته‌نها جێ ناهێڵن بۆ ویستی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و میزاجی سیاسیی حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان و پارته سیاسییه‌كان.
به‌ڵام له فیدڕالیزمی عێراقدا، بنه‌ما ده‌ستووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان به جۆرێكی ترن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیشیان جیاوازه، وه‌ك له خواره‌وه چه‌ند سه‌رنجێكی تایبه‌ت ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ندێكیان:
- ده‌ستوور: ده‌ستووری عێراق یه‌كێكه له‌و ده‌ستووره فیدڕالییانهی كه هه‌م وه‌ك پێویست نه‌چووه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانه‌وه و بابه‌ته‌كانی یه‌كلایی نه‌كردوونه‌ته([5]).
هه‌میش چه‌ند گرێوگۆڵێكی له ناواخنی تێكسته‌كانیدا هه‌ڵگرتووه، كه ڕێخۆشكه‌رن بۆ دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م فیدڕالیه‌تی داراییدا:
- وه‌ك داڤید كامیرۆن ده‌ڵێت ده‌ستووری عێراق بناغه‌كانی فیدڕالیزمی وه‌ك پێویست دانه‌ڕشتووه، له سه‌روبه‌ندی په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه تاكوو ئێستا، زۆرینه‌ی دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانی فیدڕالیزم دروست نه‌كراون، تاكوو ئێستاش یه‌ك هه‌رێم بوونی هه‌یه كه ئه‌ویش به‌ر له په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه هه‌بووه، ده‌ستوور هه‌ریه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی فیدڕالی و دادگای باڵای فیدڕالی و ده‌سته و دامه‌زراوه هاوبه‌شه‌كانی بواری دارایی و ڕێكاری پێكهێنانی هه‌رێمه‌كانی به چه‌ند تێكستێكی ناڕوون به‌جێ هێشتوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان تاكوو یاسای تایبه‌تیان بۆ ده‌ربكات([vi]).
- به‌پێی ڕای شاره‌زایان، ده‌ستووری عێراق له كاتێكدا كه ڕێگه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی ناچوونیه‌كی (غیرمتماثلة – (asymmetrical گرتووەته به‌ر، به‌و مانایه‌ی كه هه‌ندێك له ئاسته پێكهێنه‌ره‌كان ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆیی زیاتریان هه‌یه له‌وانی تر، به‌ڵام به‌گشتی تێكسته‌كانی ده‌ستووره‌كه له‌و باره‌یه‌وه هه‌مئاهه‌نگ نین، به‌پێی ماده‌ی (117) و بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووەم و پێنجه‌م له ماده‌ی (121)، هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ده‌ستووری و سیاسیی هه‌یه و ئاستی سه‌ربه‌خۆیی و پێگه و ده‌سه‌ڵاتی له پارێزگاكان زیاتره، به‌پێی ماده‌ی (122) ده‌سه‌ڵاته‌كانی پارێزگاكان له‌سه‌ر ئاستی كارگێڕییه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازییه بنهڕەتییه، كه‌چی له ته‌واوی ماده‌كانی تری دهستووركهدا هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كراوه له‌نێوان هه‌رێم و پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه، له بابه‌تی دانانی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و ته‌واوی بابه‌ت و بواره گرنگه‌كاندا وه‌ك یه‌ك ئاماژەیان پێ دراوه و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه([vii])، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماده‌كانی 65 و 105 و 106 و 112 و 115 و… هتد هاتووه([viii])، به‌م جۆره ده‌ستوور ده‌رفه‌تێكی دروست كردووه بۆ داڕشتنی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و دامه‌زراندنی ده‌سته و دامه‌زراوه هاوبه‌شه‌كان و زۆر بواری تر له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی فیدڕالی له‌گه‌ڵ هه‌ریم وه‌ك پارێزگایه‌ك.
- هه‌ر چه‌نده له ماده‌ی (112)دا به چه‌ند ئاماژەیه‌ك هێڵه گشتییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز و دابه‌شكردنی داهاته‌كانیان دیاری كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ماده‌ی (111)دا هاتووه (نه‌وت و گاز موڵكی گشت گه‌لی عێراقه له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكاندا) ناڕوون و مایه‌ی لێكدانه‌وه‌ی جیاوازه. شاره‌زایانی یاسا پێیان وایه كه گه‌لی عێراق كه‌سێتیی مه‌عنه‌ویی نییه و موڵكیهتیش مافێكی عه‌ینییه، بۆیه هه‌ر ده‌بێت ئه‌و مافه بۆ ده‌وڵه‌ت بێت به‌و پێیه‌ی كه كه‌سێتییه‌كی یاسایی مه‌عنه‌ویی هه‌یه([ix])، دیاره كه ده‌وڵه‌تیش لێره‌دا گوزارشته له دامه‌زراوه ده‌ستووری و فه‌رمییه‌كان له ئاسته جیاوازه‌كاندا، به‌ڵام به‌غدا هه‌میشه حكومه‌تی فیدڕالی به تاكه نوێنه‌ری گه‌لی عێراق ده‌زانێت له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان، كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كان له ده‌وڵه‌تی فیدڕالی ناگونجێت.
- یاسا و دامه‌زراوه‌كانی بواری فیدڕالیه‌تی دارایی
كه‌لێنه‌كانی بواری یاسا و دامه‌زراوه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی له عێراق دوو جۆرن: یه‌كه‌میان ده‌رنه‌چوونی چه‌ند یاسایه‌كی بنهڕەتییه تاكوو ئێستا، وه‌ك یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدڕالی و یاسای نه‌وت و گازی فیدڕالی، دووه‌میش ده‌رچوونی به‌شێك له یاسا بنهڕەتییهكانه به شێوه‌ی ناوهندگهریانه و دوور له ڕێسا و پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی وه‌ك: یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ته‌رخانكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان (2017)، یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌رێم و پارێزگاكان (2016)، یاسای كارگێڕیی دارایی ئیتیحادی (2019)، یاسای ده‌روازه سنوورییه‌كان (2016)، یاسای كۆمپانیای نیشتمانیی نه‌وتی عێراق (2018).
یاسا و دامه‌زراوه و ده‌سته هاوبه‌شه‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان و دابه‌شكردنی سامان و داهات له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن و ڕێسا و ڕاسپارده‌كانیان له‌و باره‌یه‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام له عێراق به هۆی ئه‌و كه‌لێنه‌وه پرسی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان و دابه‌شكردنی سامان و داهات به‌ته‌نیا به‌جێ هێڵراوه بۆ میزاجی سیاسیی حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و فیدراسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كان و به‌رده‌وام له بازاڕی ڕێككه‌وتنه كاتییه‌كان و یاساكانی بودجه‌ی ساڵانه‌دا مه‌مه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت([x]).
هۆكاره ڕاسته‌وخۆكان
- پرسی ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه.
هه‌ر له‌پاش ساڵی 2013، پاساوی به‌غدا بۆ نه‌ناردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم بریتییه له ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت، هه‌رێم به مافی خۆی ده‌زانێت به پشتبه‌ستن به مادەی (112)ی ده‌ستوور و یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم؛ پڕۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام به‌غدا تێڕوانینێكی تری هه‌یه و پێی وایه كه به‌پێی ماده‌ی (111)ی به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت؛ له گشت عێراق بۆ حكومه‌تی فیدڕالییه. به هۆی نه‌بوونی یاسای نه‌وت و گازی فیدڕالییه‌وه، تاكوو ئێستا ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه و ڕێسایه‌كی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش نییه بۆ چۆنیه‌تیی به‌شداریكردنی هه‌رێم به داهاته‌كانی نه‌وت له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان.
نه‌یاری و ته‌نگپێهه‌ڵچنینی پڕۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غدا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له‌پاڵ نه‌بوونی توانای دارایی هه‌رێم بۆ دابینكردنی تێچووی گه‌ڕان و پشكنین و وه‌به‌رهێنان، وایان كرد كه هه‌رێم بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیا جیهانییه‌كان پشت به گرێبه‌ستی هاوبه‌شی به‌رهه‌م ببه‌ستێت، كه بۆ كۆمپانیاكان له یه‌ك كاتدا ڕیسك و قازانجی زیاتر و بۆ هه‌رێم ڕیسك و قازانجی كه‌متری هه‌یه له‌چاو گرێبه‌ستی جۆری خزمه‌تگوزاری كه له عێراق پشتی پێ ده‌به‌سترێت([xi]). جگه له‌وه‌ش هه‌ڵوێستی نه‌یارانه‌ی به‌غدا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رێم بۆ ساغكردنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی له بازاڕ، ناچار بێت به كه‌متر له نرخی خۆی بیفرۆشێت. له هه‌رێم تێچووی پڕۆسه‌كانی بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان و پاراستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت تا ڕاده‌یه‌ك به‌رزه و ڕاسته‌وخۆ له داهاتی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو ده‌درێت.
هه‌موو ئه‌مانه وایان كردووه كه تێچووی پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌رز بێت و پوخته‌ی داهاته‌كه‌شی كه‌متر، ئه‌مه‌ش له‌پاڵ داننه‌نانی به‌غدا به مافی هه‌رێم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت، هه‌میشه به‌ربه‌ستێكی تر بووه له‌به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
سه‌باره‌ت به داهاته فیدڕالییه به‌ده‌ستهاتووه‌كان له هه‌رێم، باج و ڕسومات و گومرگه‌كان، تاكوو ساڵی 2013 بارته‌قای ئه‌و داهاتانه له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم به شێوه‌ی داشكاندن (المقاصة) له‌لایه‌ن به‌غداوه ده‌بڕدرا، ماده‌ی 29-ی یاسای كارگێڕیی دارایی 2019 بناغه‌یه‌كی بۆ دابه‌شكردنی ئه‌و داهاتانه داناوه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌م ڕووه‌وه چ بۆ ئه‌و داهاتانه و چ بۆ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌كانی نه‌وتیش بریتییه له ڕێكاری جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی، چونكه سه‌ره‌ڕای به‌شداریكردنی هه‌رێم به‌و داهاتانه له ڕێگه‌ی شێوازی له‌بریی داشكاندن تاوەكوو 2013 بۆ باج و گومرگه‌كان و له 2019 و 2020 بۆ ئه‌و داهاتانه و داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه، به‌ڵام هه‌میشه وا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت كه هه‌رێم به هیچ جۆرێك به‌شداریی نه‌كردووه له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش كراوه‌ته پاساو بۆ نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، هه‌ر چه‌نده له ڕاستیدا ئه‌و شێوازه‌ش هه‌ر جۆرێكه له به‌شداریكردن له پێكهێنانی داهاته گشتییه‌كان([xii]).
ڕاسته به‌شداریكردنی هه‌رێمه‌كان له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان به شێواز و بڕ و ڕێژەی جۆراوجۆر، یه‌كێكه له بنه‌ماكانی فیدڕالیه‌تی دارایی، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا مۆدێلێكی هاوبه‌ش نییه بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شێوازی به‌شداریكردنه‌كه و پرسی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی سامان و داهاته‌كان به‌گشتی. ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی له‌سه‌ری كۆكن و پره‌نسیپێكی گرنگی فیدڕالیه‌تی داراییه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له‌لای هیچ یه‌ك له حكومه‌تی فیدڕالی یان حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان قۆرغ ناكرێن و كۆی داهاته‌كانیش ته‌نها ناچنه ناو گه‌نجینه‌ی لایه‌نێكیان.
به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی پرسی نه‌وتیش وه‌ك كێشه‌یه‌ك له‌و نێوه‌نده‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات، هه‌میشه پێی وا بووه كه پێویسته هه‌موو داهاته‌كانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ یان به خه‌مڵاندن و چاودێریی خۆی بخرێنه‌وه سه‌ر گه‌نجینه‌ی ناوه‌ندی، هه‌ر له ساڵی 2006-ەوه له هه‌موو یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا بڕگه‌یه‌ك هه‌یه كه تێیدا هاتووه پێویسته پاكتاوی شایسته‌ی نێوان هه‌ردوولا له 2004-ەوه بكرێت([xiii]). سه‌باره‌ت به نه‌وتیش، ئه‌و ساڵانه‌ی كه به‌پێی ڕێككه‌وتن یان تاك لایه‌نه له یاسای بودجه‌ی عێراقدا بڕێك نه‌وت دیاری كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ند بێت به ڕاده‌ستكردنی، هه‌ر له هه‌مان یاسادا به بڕگه‌یه‌كی تر جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه كه هه‌ر زیاده‌یه‌كی به‌رهه‌می نه‌وت له‌و بڕە دیاریكراوه، پێویسته داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی فیدڕالی([xiv]). به‌و جۆره به‌غدا هه‌میشه پێی وا بووه كه هه‌ر كات بۆی لوا، پێویسته گشت سامان و داهاته‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه به‌غدا و له‌وێوه مه‌ركه‌زیانه به‌سه‌ر گشت پارێزگاكاندا دابه‌ش بكرێن، ئێستاش هه‌مان ویستی هه‌یه([xv])، ئه‌م جۆره ویست و مامه‌ڵانه‌ش له‌گه‌ڵ فیدڕالیه‌تی داراییدا وێك نایه‌نه‌وه.
- پرسی نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم
ڕێژەی پشكی هه‌رێم و پرسی خه‌رجییه سیادییه‌كان و حاكیمه و بودجه‌ی پێشمه‌رگه له‌و پرسانه‌ن كه هه‌ر له (2007)ەوه بابه‌تی ناڕەزایی و ناكۆكین، میدیا و لایه‌نه سیاسییه‌كان له به‌غدا به‌رده‌وام ده‌نگیان لێ به‌رز بووه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه ڕێژەی 17% بۆ هه‌رێم زۆره و هه‌رێم به‌شداری له داهاته‌كان ناكات، هه‌رێمیش هه‌میشه گازنده‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه پشكی فیعلیی ته‌رخانكراو بۆ هه‌رێم نزیكه‌ی 11%([xvi]) بووه نه‌ك 17%، چونكه به‌شێكی زۆر له بودجه‌كه به ڕێژەی زیاتر له 35%-ی بۆ خه‌رجییه سیادییه‌كان ته‌رخان كراوه كه هه‌رێمی كوردستان لێی بێبه‌ش كراوه، به‌شێكی تریشی به ڕیژەی زیاتر له 10% بۆ خه‌رجییه‌كانی حاكیمه ته‌رخان كراوه كه بڕی شایسته‌ی هه‌رێم له‌ویش وه‌ك پێویست خه‌رج نه‌كراوه، وه‌ك پاره‌ی جووتیاران و ده‌رمان و… هتد. جگه له‌وه‌ش هه‌ر له 2007-ەوه تاكوو ئێستا، له یاسای بودجه‌ی زۆربه‌ی ساڵانی عێراقدا ماده‌یه‌ك هه‌بووه بۆ خه‌رجكردنی مووچه و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مه‌شقی پێشمه‌رگه، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و ماده‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه و هیچ بڕە پاره‌یه‌ك بۆ پێشمه‌رگه له بودجه‌ی عێراق خه‌رج نه‌كراوه([xvii]).
پاش سه‌رهه‌ڵدانی پرسی نه‌وت له ساڵانی (2010-2013)، چه‌ند ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌و باره‌یه‌وه كرا، هه‌ر چه‌نده ڕاسپارده‌ی ڕێكکه‌وتنه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه په‌سه‌ند كران، به‌ڵام وه‌كوو خۆیان نه‌خرانه ناو تێكسته‌كانی بودجه‌ی ساڵانه‌وه و جێبه‌جێ نه‌كران([xviii]).
ڕەوشهكه به‌و جۆره به‌رده‌وام بوو تاكوو سه‌ره‌تای 2014 كه پشكی هه‌رێم به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕا، به پاساوی ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته ئیتیحادییه‌كان، له كاتێكدا تاكوو ئه‌و ده‌مه هه‌رێم به‌فه‌رمی نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه نه‌كردبوو، چه‌ند مانگێك پاش ئه‌وه هه‌رێمیش ده‌ستی كرد به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر چوو، پاشتریش له یاساكانی بودجه‌ی عێراق به بڕیاری تاك لایه‌نه و به‌بێ پشتبه‌ستن به سه‌رژمێریی دانیشتووان و هیچ پێوه‌رێكی بابه‌تیی تر له ساڵی 2018-ەوه پشكی هه‌رێم دابه‌زێنرا بۆ 12.67%، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كار به یاساكانی بودجه‌ش نه‌ده‌كرا.
له كۆتایی 2018، پاش ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بووه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ردوو لا ڕێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌رێم ڕۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ست بكات به‌رامبه‌ر به خه‌رجكردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق، یان له‌بریی ئه‌و بڕە نه‌وته و داهاته فیدڕالییهكانی هه‌رێم له پشكی بودجه‌كه‌ی ببڕێت و به‌شه‌كه‌ی تری بۆ خه‌رج بكرێت، بڕێكی دیاریكراویش بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان بكرێت له خه‌رجییه سیادییه‌كان، ئه‌وەش له یاسای بودجه‌ی 2019 جێگیر كرا، بڕگه‌ی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌شه‌كه‌ی تری ڕێككه‌وتنه‌كه له 2019 جێبه‌جێ كرا، له ساڵی 2020 یاسای بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند نه‌كرا، بۆیه پێویست بوو به‌پێی یاسای كارگێڕیی دارایی به هه‌مان شێوه‌ی ساڵی ڕابردوو؛ كار له‌سه‌ر به‌شكاریی ته‌رخانكراوه‌كان بكرێت، به‌ڵام هه‌ر له مانگه‌كانی سه‌ره‌تاوه عێراق خۆی له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی لا دا، به‌تایبه‌تییش كه دۆخی داراییه‌كه‌ی به‌ره‌و خراپییه‌كی زۆر ڕۆیشت.
هه‌موو ئه‌وانه گوزارشت له‌وه ده‌كه‌ن كه پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له عێراق له سه‌ره‌تاوه تاكوو ئێستا ماوه‌یه‌ك له‌ژێر ڕەحمهتی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان و ماوه‌یه‌كیش له سایه‌ی میزاجی سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕالی و پارت و قه‌واره سیاسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا بووه، ئه‌مه‌ش ڕەچاونهكردنی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و باوه‌ڕنه‌بوون به فیدڕالیزم دووپات ده‌كاته‌وه.
- پرسی سوودمه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم له قه‌رزه گشتییه‌كان و یه‌ده‌گی نه‌ختی
قه‌رز ساڵانه به‌شێكی زۆر له داهات و خه‌رجییه‌كانی عێراق پێك ده‌هێنێت، واته عێراق هه‌موو ساڵێك بڕێكی زۆر قه‌رز ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی و بڕێكی زۆریش ته‌رخان ده‌كات بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و سووی سه‌ر قه‌رزه‌كان، ئه‌م پرسه چه‌ند ساڵێكه به‌شێكه له بابه‌تی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌رێم پێی وایه كه له هه‌موو بارێكدا مافی سوودمه‌ندبوونی له قه‌رزه‌كان هه‌یه و له دانه‌وه‌یاندا به‌شداره، به‌ڵام به‌غدا له سووده‌كه‌یان بێبه‌شی ده‌كات، به‌غداش هه‌موو شتێك ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی كه هه‌رێم نه‌وت و داهاته‌كانی تری ڕاده‌ستی به‌غدا ناكات.
ته‌نها له 2014-ەوه قه‌باره‌ی قه‌رزه ناوخۆییه‌كانی عێراق زیاتر له 65 ترلیۆن دینار و قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانیش به نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار زیادیان كردووه، یه‌ده‌گی نهختییش زیاتر له 35 ملیار دۆلار كه‌می كردووه([xix])، ئه‌مه‌ش له پێناوی دابینكردنی پاره‌ی پێویست بۆ مووچه و خه‌رجییه‌كان بووه، كه هه‌رێمی كوردستانیان لێ بێبه‌ش كراوه.
ئه‌و قه‌رزانه‌ی ساڵانه له عێراقدا ده‌كرێن؛ زۆربه‌یان ناوخۆیین، یان له ڕێگه‌ی قه‌واڵه و حه‌واڵه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ن، یان قه‌رزی ڕاسته‌وخۆی بانكه بازرگانییه‌كان و بانكه تایبه‌تمه‌نده‌كانن كه به ده‌ستپێشكه‌ری و ئاسانكارییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ئه‌نجام ده‌درێن، زۆرینه‌ی قه‌واڵه و حهواڵهكانیش هه‌ر له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه ده‌كڕدرێنه‌وه، واته بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزه ناوخۆییه‌كان به ناڕاسته‌وخۆ سوود له نه‌ختینه‌ی دیناری بانكی ناوه‌ندی وه‌رده‌گیرێت و بۆ ڕاگرتنی نرخی دیناری خراوهڕووش ڕاسته‌وخۆ سوود له یه‌ده‌گی نه‌ختی بیانی وه‌رده‌گیرێت([xx]).
پاشتر قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق له ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجییه سیادییه‌كان ده‌درێنه‌وه، كه به‌ده‌رن له هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، واته له‌سه‌ر حسیابی هه‌موو بودجه‌كه و پێش هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم بڕێك ته‌رخان ده‌كرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، به‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ و پێش پڕۆسه‌ی دابه‌شكاری له پشكی هه‌رێمیش ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، واته هه‌رێم له ڕێگەی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی سیادییه‌وه به‌شداره له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان.
سه‌رچاوه‌ی پاره‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیش له فرۆشتنی نه‌وتی باشوور و داهاته ئاساییه‌كانی تره‌وه نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه گوزارشتی لێ ده‌كرێت، چونكه قه‌رزكردن له عێراق پڕۆسه‌یه‌كی ساڵانه‌ی به‌رده‌وامه، واته هه‌ر له ڕێگه‌ی قه‌رزكردنه‌وه به‌شی زۆری پشك و سووی سه‌ر قه‌رزه‌كان ده‌درێنه‌وه، هه‌ر بۆیه سووڕی قه‌رزاری له عێراق به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كان كه له داهاتوودا ده‌بێت له‌سه‌ر حیسابی هه‌موو عێراق، به هه‌رێمیشه‌وه، بدرێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ش، ده‌بێ ئه‌وه بزانرێت كه سه‌رچاوه‌ی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی عێراق ڕاسته‌وخۆ و ته‌نها له داهاتی نه‌وت و داهاته‌كانی تری باشووری عێراقه‌وه كه‌ڵه‌كه نابێت، به‌ڵكوو بوونی دراو و سیاسه‌تی نه‌ختی و بازرگانیی ده‌ره‌كی ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌ده‌نه ده‌وڵه‌تان كه به بڕی جیاواز و له كاتی جیاوازدا خاوه‌نی یه‌ده‌گی نه‌ختی بن.
ڕاسته له عێراقدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌رزی گشتی و سیاسه‌تی نه‌ختی و به‌كارهێنانی یه‌ده‌گ له ده‌سه‌ڵاته فیدڕالییهكانن، به‌ڵام یه‌كێك له پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌ت و پێكهاتنی ئاسته جیاوازه‌كانی حوكم و یه‌كه پێكهینه‌ره‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا ئه‌وه‌یه كه كاتێك هه‌رێمه‌كان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌رز و دراو و سیاسه‌تی نه‌ختی ده‌بن بۆ حكومه‌تی فیدڕالی، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه حكومه‌تی فیدڕالی حكومه‌تی تاكه هه‌رێمێك نییه و هیی هه‌مووانه و پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتانه به‌هاوسه‌نگی بۆ بهرژەوهندیی هه‌مووان به‌كار بهێنێت. كه‌چی به‌غدا به‌م جۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی قه‌رز و یه‌ده‌گی نه‌ختی ناكات.
سیناریۆ ئایندەییەکانی پەیوەندییەکان
له سۆنگه‌ی ئه‌و هۆكاره ڕاسته‌وخۆ و ڕیشه‌ییانه‌ی له سه‌ره‌وه باس كران، سیناریۆكانی ئاینده و چاره‌سه‌ری په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو:
سیناریۆی یه‌كه‌م: بنیاتنان و كاركردن به سیستمی فیدڕالیه‌تی دارایی
واته به‌رقه‌راركردنی هاوبه‌شی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتوویی وه‌ك سێ بناغه‌ی سیستمی فیدڕالیه‌ت، به جۆرێك كه هه‌رێمه‌كان سه‌ربه‌خۆیی داراییان هه‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری و یاسایی و بابه‌تی به‌شدار بن له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان، سوودمه‌ند بن له بودجه‌ی گشتی و قه‌رزه گشتییه‌كان و سوودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته دارایی و نه‌ختی و بازرگانییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی و پابه‌ند بن به به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان. ئه‌مه پێویستی به گۆڕان و چاره‌سه‌ری هۆكاره ڕیشهییهكانه، پێگه‌یشتنی كولتووری دیموكراسی و بڕواهێنان به فیدڕالیه‌ت و په‌سه‌ندكردنی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتوویی و هاوبه‌شی له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا، پێداچوونه‌وه و گۆڕانكاری له بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كان و بره‌وسه‌ندنی كولتووری دامه‌زراوه‌سازی و كارپێكردنی؛ مه‌رج و پێویستی سه‌ره‌كیی ئه‌و گۆڕانه‌ن، ئه‌مه‌ش له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا بۆ عێراق ئه‌سته‌مه، واته ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا زۆر لاوازه.
سیناریۆی دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ سیستمی ناوه‌ندی و حوكمی ڕەها
ئه‌مه ویستی به‌غدا و به‌شی زۆری هێزه عیراقییه‌كانه، به‌ڵام ته‌نیا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ده‌زانن كه گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی ڕەها و ناوه‌ندگه‌رایی توند بۆ دۆخی ئێستای عێراق ده‌ست نادات و عێراق ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌م بژارده‌یه له‌لایه‌ن هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه په‌سه‌ند كرا‌و نییه، سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش نه‌ك هه‌ر قبووڵنه‌كراوه، به‌ڵكوو ته‌نها له ڕێگه‌ی ڕوودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌وه ئه‌گه‌ری هاتنه‌دیی هه‌یه، كه ئه‌ویش ده‌بێته‌وه به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و كاره‌ساتی به‌رده‌وام، واته چانسی ئه‌م سیناریۆیه‌ش ته‌واو لاواز و دووره.
سیناریۆی سێیه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم
كاتێك ئه‌گه‌ری به‌رقه‌راربونی فیدڕالیزمی ڕاسته‌قینه زۆر لاواز بێت و چانسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوهندگهراییش به‌و شێوه‌یه بێت، ئیدی ته‌نها دوو ڕێگه ده‌مێنن، ئه‌وانیش یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم، یان پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی كاتی تا ماوه‌یه‌كی تر.
سه‌ره‌ڕای شكستخواردوویی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی فیدڕالی له عێراق له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك سه‌روبه‌ندی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و دامه‌زراندنی عێراقی نوێ، چ لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، چ هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌تییش لایه‌نی عه‌ره‌بی، له‌گه‌ڵ بژارده‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نین و پرسی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمیش په‌سه‌ندكراو نییه و زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان له دژی ئه‌و بژارده‌یه‌ن، به‌پێی زۆرینه‌ی پێدراوه‌كان ئه‌م ڕەوشه تاكوو ئێستا به‌و جۆره‌یه و مه‌گه‌ر به هۆی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی چاوهڕواننهكراوەوە گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت. به واتا چانسی به‌دیهاتنی ئه‌م سیناریۆیه‌ش له مه‌ودای نزیكدا، چانسێكی زۆر لاوازه.
سیناریۆی چواره‌م: به‌رده‌وامیدا به پێكه‌وه هه‌ڵكردن
له سۆنگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چانسی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین بڵێین له مه‌ودای نزیكدا جارێكی تر سیناریۆی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن تا ماوه‌یه‌كی تر له هه‌موو سیناریۆكانی تر؛ چانسی به‌هێزتری هه‌یه. تا ئەو كاتەی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له عێراق، پێویسته په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان به‌شێكی بنهڕەتی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێك بهێنن، له ڕووی ئابوورییه‌وه قسه‌كردن له بابه‌تی پشتبه‌خۆبه‌ستنی ته‌واو و ده‌ستبه‌ردان یان بێباكبوونی هه‌رێمێك له حكومه‌تی فیدڕالی؛ قسه‌كردنێكی بابه‌تی و ورد نییه، ئه‌مه‌ش لانی كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراو و یه‌ده‌گ و سیاسه‌تی نه‌ختی و قه‌رزوقۆڵه و به‌شێكی زۆری ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی دارایی و بانكداری و بازرگانیی ده‌ره‌كی “كه گرنگترین ئامرازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و شاده‌ماری بزاوتی ئابوورین”، قۆرغی ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌كانی حكومه‌تی فیدڕالین.
هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپا و ده‌یان ده‌وڵه‌تی تریش، له ناویاندا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی، له كاتی قه‌یرانه‌كاندا هه‌ر لە ڕێگه‌ی قه‌رزی گشتی و پشتبه‌ستن به یه‌ده‌گی نهختییهوه، كورتهێنانه گه‌وره‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه و كاشی پێویست بۆ حكومه‌ت و بازاڕ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌بێ سوودمه‌ندبوون له قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته نه‌ختی و داراییه‌كانی ناوه‌ند ناتوانن كاروباره داراییه‌كانیان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه ببه‌ن.
یه‌كێك له كێشه تایبه‌ته‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه ڕاده‌ی پشتبه‌ستنی به به‌غدا له ڕووی داراییه‌وه زۆره و هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی به‌غدایش به‌و شێوه‌یه‌یه كه له سه‌ره‌وه باس كرا، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به دوو هه‌نگاوی هاوته‌ریب كار بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكات، هه‌نگاوێك به ئاڕاسته‌ی چاكسازی له داهات و خه‌رجییه‌كان و هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی شیاوی تر كه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به به‌غدا، هه‌نگاوێكیش به ئاڕاسته‌ی توندوتۆڵكردنی به‌ره‌ی ناوخۆیی و یه‌كخستنی گوتاری سیاسی به‌رامبه‌ر به‌غدا و به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كان و سوودمه‌ندبوون له سیاسه‌ته نه‌ختی و دارایی و بازرگانییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی له به‌غدا.
چانسی سه‌رخستنی ئه‌م بژارده‌یه و پێكهوهههڵكردنێكی ئارامتر و سوودلێوه‌رگرتنی، په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوه‌وه كه پێویسته له‌سه‌ر هه‌رێم كاریان بۆ بكات و عێراق تێگه‌یشتن و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی بۆیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، له‌وانه:
- ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنێكی ڕوون له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك، تاكوو بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بتوانرێت له سایه‌یاندا په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان سه‌قامگیرییه‌كی ڕێژەیی به‌خۆوه ببینن، بۆ ئه‌مه‌ش زۆر پێویسته ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌ڕای حكومه‌تی هه‌ردوو لا، ڕای زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌ردوو لای له‌سه‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له یاساكانی بودجه‌دا جێگیر بكرێت و له په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌ی بۆ دروست نه‌كرێت، وه پێویستیشه كه لایه‌نی سێیه‌م له ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی یان ده‌وڵه‌تانی كاریگه‌ر له ناوچه‌كه وه‌ك چاو‌دێر له ڕێككه‌وتنه‌كه بونیان هه‌بێت یان ئاگادار بن.
- پێویسته هه‌رێم واز له پهیڕەوكردنی شێوازی (مقاصه) له به‌شدرایكردن له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق بهێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به هه‌ر جۆرێك بێت بڕێك له نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات بۆ هه‌نارده‌كردنی له ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه، باشتره ئه‌و بڕە به ڕێژەیهك له نه‌وتی هه‌رێم دیاری بكرێت، بۆ نموونه 50% یان 60%-ی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، یان داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی بانكه‌وه بخرێته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، خه‌رجییه‌كانی بواری ته‌شغیلیی ئه‌و بڕە نه‌وته له‌ناو خه‌رجییه سیادییه‌كان خه‌رج بكرێت، وه‌ك ته‌واوی خه‌رجییه‌كانی نه‌وتی عێراق. سه‌باره‌ت به داهاته‌كانی تری باج و گومرگه‌كانیش، به هه‌مان شێوه واز له له‌بریی داشكاندن بهێنرێت و ئه‌و بڕە داهاته‌ی له سه‌ریه‌تی، مانگانه یان له كاتی پێویست بگوازێته‌وه سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق. ئه‌مه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و پره‌نسیپه فیدڕالییهكاندا ده‌گونجێت و كۆتایی به‌وه ده‌هێنێت كه ده‌وترێت هه‌رێم به هیچ بڕ و به هیچ جۆرێك به‌شداری له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق ناكات، به‌ڵام ڕاده‌ستكردنی دۆسیه‌ی نه‌وت و گشت داهاته‌كان بۆ به‌غدا و له‌وێوه دابه‌شكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاكان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت، واته سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ حوكمی ناوه‌ندگه‌رایی.
- پێویسته به‌جددی كار له‌سه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپه، یان ئه‌و تێگه‌یشتنه بكرێت كه قه‌رزی گشتی و سوودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی نه‌ختی بابه‌تێكی تایبه‌ته و جیاوازه له داهاتی ئاسایی، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی تایبه‌ت به نه‌وت و داهاته ئاساییه‌كان بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هۆكاره ڕاستهوخۆكاندا ڕوونمان كرده‌وه. هه‌رێمیش سوود له قه‌رزه گشتییه‌كان وه‌ربگرێت، وه‌ك ته‌واوی هه‌رێمه‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیی دنیا.
- هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژەی دانیشتووان، له بودجه‌ی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجیی حاكیمه. سه‌باره‌ت به خه‌رجییه سیادییه‌كانیش، پێویسته به سێ ڕێگه كار بۆ سوودمه‌ندبوونی هه‌رێم بكرێت: یه‌كه‌میان كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه سیادییه‌كان، به جۆرێك ته‌نها ئه‌و بابه‌ته سیادییانه بگرێته‌وه كه په‌یوه‌ندیداره به‌ته‌واوی عێراقه‌وه، دووه‌میش هه‌ژماركردنی بودجه‌ی پێشمه‌رگه و تێچووی پڕۆسه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم به‌و بڕانه‌ی له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون له‌سه‌ر خه‌رجییه سیادییه‌كان، سێیه‌میش هه‌وڵدان بۆ سوودمه‌ندبوونی هه‌رێم له‌و كار و چالاكی و پڕۆژانه‌ی كه دامه‌زراوه فیدڕالییه‌كان به خه‌رجیی سیادی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.
________________________________________________________
سه‌رچاوه‌كان:
[1] – داڤید كامیرون، “انجاح الفدرالیه فی العراق”، http://www.forumfed.org/pubs/iraqfed-dc-ara.pdf
[2] – بۆ زیاتر له‌و باره‌یه‌وه، بڕوانه: فوزیه خداكرم عزیز، الفدرالیه فی العراق بین اسس الدستوریه والواقع السیاسی الاقتصادی، مجله الباحث الاعلامی العدد 9-10، حزیران-ایلول 2010. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ژماره (3)ی خواره‌وه.
[3] – چواس حسن(13/2/2019)، “په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له دووڕیانی یه‌كیه‌تیی فیدڕالی و كۆنفیدڕالیدا”، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕووداو، 19، http://rudawrc.net/?p=351.
[4] – بڕوانە: جۆرج اندرسون(2009)، الفیدرالیه المالیه مقدمه مقارنه، ترجمه مها تكلا، منتدی اتحادات الفدرالیه، ص69-74.
[5] – وه‌ك ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا، بڕوانه: كونستانت بروجیكت(2020)، https://www.constituteproject.org/constitution/German_Federal_Republic_2014?lang=ar
[vi] – اللجنه الاقتصادیه والاجتماعیه لغربی اسیا(الاسكوا)(2017)، اللامركزیه فی العراق نظرة اخری، الامم المتحده، بیروت،
[vii] – المصدر نفسه.
[viii] – بڕوانه: د‌ستور جمهوریه العراق، قاعده التشریعات العراقیه، http://iraqld.hjc.iq/LoadLawBook.aspx?page=1&SC=290320063592085
[ix] -د. هادی علی الشكراوی و اخرون(2013)، التنظیم القانونی للامركزیه المالیه فی الدول الفدرالیه(دراسه مقارنه مع قانون العراقی)، مجله المحقق الحلي للعلوم القانونية والسياسية, المجلد 5, العدد 2, ص213.
[x] – بڕوانه ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه:
– جیهانگیر سدیق گوڵپی(19/7/2017)، “شكستی فیدڕالیه‌تی دارایی له عێراق”، http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/458-2018-09-02-18-56-38?fbclid=IwAR0VJo-k8JsNh-5eGWndQV32EElz3c9RJ-tGOP0WwStnHG7ESjB3PTAEsms ؛ جیهانگیری سدیق گوڵپی(16/5/2020)، “كاروانی ڕێكنه‌كه‌وتن، چیرۆكی ڕێككەوتنەكانی نەوت و بودجە لەنێوان هەرێم و بەغدا”، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/0a65bad7-6b20-4020-95db-88b23585351b.
[xi] – بۆ زانیاریی زیاتر له باره‌ی جۆری گرێبه‌سته نهوتییهكانهوه، بڕوانه: طارق كاكهڕەش محی ا‌لدین(2014)، العقود النفطية
وخلافات الحكومة الاتحادية واقميم كردستان حولها، جامعه التنمیه البشریة، https://www.researchgate.net/publication/326096927_alnft_wanwa_alqwd_alnftyt.
[xii] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(21/9/2020)، پرسی مووچه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/35d903b9-045d-4c52-9bcf-67cc2f552eb8.
[xiii] – بڕوانه یاساكانی بودجه‌ی گشتیی عێراق، ساڵانی 2006-2019.
[xiv] – بڕوانه یاساكانی بودجه‌ی گشتیی عێراق، ساڵانی 2015-2019.
[xv] – به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه میدیاكان له باره‌ی گفتوگۆكانی كانوونی یه‌كه‌می 2020 له‌نێوان وه‌فدی هه‌رێم و به‌غدا له باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای كورتهێنانی دارایی عیراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه، به‌غدا هه‌مان ویستی به‌ڕاشكاوی ده‌ربڕیوه.
[xvi] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(2020)، گرفته‌كانی داهاتی گشتی له هه‌رێمی كوردستان و ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیان، گۆڤاری ئاینده‌ناسی، ژماره 2، https://www.centerfs.org/725000-public-revenue-problems-in-the-kurdistan-region-and-ways-to-solve-them/?fbclid=IwAR2o7Qhs8lhGXHPuqU0TGi_30ePHB4W86AA4JhA7NO1XyVYHhZKlrvbF4nI.
[xvii] – ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆ پڕۆژە یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان عێراق ساڵی 2013، هه‌ولێر، كانوونی یه‌كه‌م، 2012.
[xviii] – حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی له حكومه‌تی ناوه‌ندی، هه‌ولێر، كانوونی یه‌كه‌م، 2012.
[xix] – بڕوانه ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه:
The irrefutable logic of numbers and the inevitability of reform in Iraq , Ahmed Tabaqchali
https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/the-irrefutable-logic-of-numbers-and-the-inevitability-of-reform-in-iraq/ ؛ جیهانگیر سدیق گوڵپی(1/9/2020)، “عێراق؛ گه‌مه‌ی قه‌رز و خه‌رج و یه‌ده‌گ”، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/b68e05cb-2e96-4202-9f85-389ffee53cfd.
[xx] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(18/6/2020)، به‌غدا چۆن مووچه دابین ده‌كات، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/8e1e758c-63f5-4208-9a0a-044f0df52c5e.