• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 13, 2025

ریفۆرمی هزری ئیسلامی

ئامادەكردنی: ئایینناسی

ریفۆرمى هزرى ئیسلامى له‌ سێ وشه‌ پێكدێت، وشه‌ى ریفۆرم (الاصلاح) له‌ رووى زمانه‌وانییه‌وه‌ واته‌ چاككردن و چاكسازی، یاخود گێڕانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ و لادانێك بۆ بابه‌تى سه‌ره‌كى و بنه‌ڕه‌تى، هه‌روه‌ها به‌ماناى گۆڕانكاریش دێت كه‌ بابه‌تێك لادان و هه‌ڵه‌شی تێدا ڕوو نه‌داوه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر پێویستى كات و شوێن ده‌بێت گۆڕانكارى تێدا بكرێت.

وه‌ك وشه‌ ریفۆرم هه‌ندێك جار هاوشێوه‌ى گۆڕانكارى به‌كاردێت و دژى گه‌نده‌ڵیشه‌. له‌ڕووى ماناوه‌ ریفۆرم بریتیه‌ له‌ ڕێكخستن و ئاماده‌سازى به‌ پشتبه‌ستن به‌ پلانى زانستى و داڕێژراو له‌سه‌ر واقیعى هه‌بوو بۆ دروستكردنى گۆڕانكارى و ڕوونكردنه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو.

وشه‌ى هزریش به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ بریتیه‌ له‌ پرۆسه‌ى جووڵانه‌وه‌ى ژیرى له‌ بابه‌ته‌ دیاره‌كان بۆ گه‌یشتن به‌‌زانینى نادیار و نه‌زانراوه‌كان. به‌گشتى هزر مانایه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ى قوڵ و زانستیانه‌ و واقیعیانه‌ به‌ڕێوشوێنى گونجاو بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى نه‌گونجاوه‌كان بۆ گونجاو، یاخود لادانه‌كان بۆ ڕاستەڕێى سه‌ره‌كى.

هه‌رچى زاراوه‌ى ئیسلامییه‌ ناسراوه‌ و بریتییه‌ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ و بیروڕاى زانایان به‌درێژاى مێژوو.
سه‌باره‌ت به‌ زاراوه‌ى ڕیفۆرمى هزرى ئیسلامى، ده‌توانرێت پێناسه‌ بكرێت وه‌ك پرۆژه‌یه‌كى گشتگیر و گه‌وره‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى و تیۆری و پشتبه‌ستن به‌ واقیعى كۆمه‌ڵگە و گرفته‌كانى ناو خودى ئایینى ئیسلام، فه‌توای جیاواز و بیركردنه‌وه‌ دژه‌كان و لایەنە نەرێنییەكان به‌ مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى رێگەى گه‌یشتن به‌یه‌ك باوه‌ڕ و ئامانج و ناساندنى ئیسلام وه‌ك ئایینى رێكخه‌رى ته‌واوى بواره‌كانى ژیانى مرۆڤ به‌ پرۆژه‌یه‌كى ته‌واو به‌هێز و هه‌ڵگرى وه‌ڵامى گونجاو بۆ گشت پرسیاره‌كانى به‌رده‌م ئه‌م ئایینه‌.
هه‌روه‌ها پێناسه‌ ده‌كرێت وه‌ك هه‌وڵدان بۆ نوێگه‌رى و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ته‌قلید و ده‌رچوون له‌ ده‌مارگیرى نه‌ته‌وه‌یى، مه‌زهه‌بی و گهڕانه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتنى نوێ و ڕاسته‌قینه‌ى گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م به‌ پشتبه‌ستن به‌ بابه‌ته ‌عه‌قلانی و زانستییه‌كان.
ئه‌وه‌ى گرنگه‌ لێره‌دا سه‌رنجى بده‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئامانجى پرۆژه‌ى ڕیفۆرمى هزرى ئیسلامى بریتییه‌ له‌ ده‌ستكردن به‌ گۆڕنكارى له‌ تێڕوانین و تێگه‌یشتنى تاكى موسڵمان بۆ چۆنێ‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئایینه‌كه‌ى و ده‌رهێنانى له‌ تێڕوانینى ساده‌ بۆ ئایین له‌لایه‌ك و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جیاوازى و ده‌مارگیرى له لایه‌كى تر، هه‌تا لێره‌وه‌ شێوازێكی تەندروستی بیركردنه‌وه‌ى گشتى دروست بێت به‌ هۆیه‌ موسڵمانان ببنه‌ خاوه‌ن ڕۆشنبیرى و شارستانیه‌تێ‌ك كه‌ گرفته‌كانى به‌رده‌م كۆمه‌ڵگە چاره‌سه‌ر بكات و داهاتوو رۆشنتر بكات.

Send this to a friend