• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 27, 2023

دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق: چۆن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر وڵاتدا گرت؟

نووسەران: کریسپین سمز و مایکڵ نایت

وەرگێڕان: بێ وەی مەحمود ساحب

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لینك: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/remaking-iraq-how-iranian-backed-militias-captured-country

گۆڕینی لەسەرخۆی ڕژێمی عێراق بە جەختكردنەوە لە سەر دامەزراوە پشتیوانیكراوەكانی ئەمەریكا و گۆڕینیان بۆ دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، هەڕەشەیەكە گرووپە خاوەن سەرچاوە داراییەكان دژی دیموكراسیی تازەپێگرتووەكان دەیگرنە بەر. گۆڕینی ڕژێمی عێراق لە لایەن هێزە میلیشیاکانەوە کار لە سەر دەستبەسەرداگرتنی جومگەکانی حکومەت دەکات، ئەم پڕۆسەیە بە شێنەیی بەڕێوە دەچێت، لە لایەکەوە ئەمەریکا پشتیوانی دەکات لە کاری فەرمانگەکانی دەوڵەت کە میلیشیاکان لە ڕێگایانەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەجووڵێنەوە. هەڕەشەی میلیشیاکان کە پارەدار و هاندراون، بۆ پڕۆسەی تازەپێگرتووی دیموکراسی لە عێراقدا مایەی گرنگیپێدان و لێکۆڵینەوەیە. داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە لایەن هاوپەیمانانەوە کۆتایی بە دیکتاتۆری سەددام هێنا و قۆناغی گواستنەوە بۆ سیستمێکی شێوە دیموکراسیی پەرلەمانی بە شێنەیی دەستی پێ کردووە. بەڵام دوای دوو دەیە، پڕۆسەی گۆڕینی ڕژێمی عێراق لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی حکومەتی ئێراندا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە بە شێوازێکی ڕادیکاڵانەی جیاواز لە لایەن هەندێ هێزی عێراقیی لۆکاڵییەوە کە وەک بەرەی موقاوەمە (بەرەی خۆڕاگری) دەردەکەون. لە ئێستادا سەرەڕای پاشەکشەیەکی بەرچاو لە کۆنترۆڵکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لە لایەن ئەم بەرەیەوە، جارێکی تر لە ڕێگای نەرمەهێز و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری لە قازانجی خۆی و بەبێ بەکارهێنانی هێزی چەکدار هەژموونێکی دیاری بەسەر دادگاکان و دامودەزگا مەدەنی و پۆلیس و تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەیە. بۆیە ئەوانەی کە شکستیان هێنا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١دا، تاجی پێکهێنانی حکومەتیان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا لە سەر کرا. ئەمە دوا هەنگاوی دیاری گۆڕینی ڕژێمی عێراقە.

موقاوەمەی عێراقی: داڕێژەری گۆڕانکارییەکان

مێژووی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە، هەروەها هێز و بەختی بەرەی موقاوەمە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدا بووە. ئێران و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ هاتنی هێزەکانی ئەمەریکادا ئامادەگییان هەبووە لە عێراق و هەر لە سەرەتاوە دژی بنیاتنانی عێراقێکی سیکۆلار و دیموکرات کاریان کردووە. لە بەرامبەر پڕۆژەی ئەمەریکادا، “پڕۆژەی شیعە”یان لە عێراق وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی جێبەجێ کردووە کە ئامانج دوورخستنەوەی سوننەکان بووە لە ناوەندی هێز و دەسەڵات.

دەستەیەک لە گرووپی میلیشیا شیعەکان وەک موقاوەمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە لە لایەن سوپای قودسی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە پشتگیری کراون. چالاکترینی نێو ئەم دەستەیە، کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهل ئەلحەق و حەرەکات حیزبوڵڵا ئەلنوجەبایە کە لە لیستی تیرۆردان و حکومەتی ئەمەریکا سزایان دەدات. ئەم ڕێکخراوانە و گرووپە میلیشیا بچووکەکانی دیکە لەناو خۆیان وەک موقاوەمە لە کێبڕکێدان. کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهل ئەلحەق بە ئاشکرا بەشداریی کیبڕکێی پارتە سیاسییەکان دەکەن لە ڕێگەی بزووتنەوەی حقوق و کوتلەی ئەلصادقون کە سەرجەمیان لە ژێر چەتری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکاندا کۆ بوونەتەوە.

سەرجەمی گرووپە میلیشیاکان و ئەو سەرچاوەیەی لێیەوە دروست بوون، نەیاری سەرسەختی هاوپەیمانان بوون لە پڕۆسەی داگیرکردنی عێراقدا. بەشداری چالاک بوون لە خۆشکردنی شەڕی تائیفیی پێکهاتەکانی عێراقدا. هەر چەندە بە گوێرەی مادەی ٩، بڕگەی دووەم لە دەستووری نوێی عێراق، هێزی چەکداریی نادەوڵەتی وەک میلیشیاکان یاساغ کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٤ لە سەردەمی سەرۆکوەزیران نووری ئەلمالیکیدا کە گومانی لە دڵسۆزیی سوپای عێراق بوو، دەرفەت ڕەخسا کە میلیشیاکان ڕۆڵ ببین و بەناوبانگ ببن. لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە و لەگەڵ هاتنی داعشدا، میلیشیاکان وەک هێزی پاڵپشتیکار و لە سەر ئەرزی واقیع هاوتەریب لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش بەشدار بوون. لە میانی ئەم پڕۆسەیەدا، مالیکی لە فەرمانێکی جێبەجێكاریدا کە دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ بووە یاسا، ڕێگەی دا بە میلیشیاکان چەک هەڵبگرن و لە بودجە و پاڵپشتیی حکومەتی عێراقی وەک لقێکی نوێی سوپای عێراق لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا سوودمەند ببن.

لەگەڵ لاوازبوونی داعش لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە، بەرەی موقاوەمە ئاڕاستەی کارکردنی گۆڕی بەرەو دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە ئامانجی کۆنترۆڵی تەواوەتیی وڵاتەکە. فەرماندەی ئەوکاتی سوپای قودسی ئێرانی قاسم سلێمانی هاوکاریی تەواوی بۆ فەرماندەی دیفاکتۆی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس کە فەرماندەیەکی دێرینی کەتائیبی حیزبوڵڵایە، نیشان دا بۆ جێبەجێکردنی پلانێک کە بریتی بوو لە بەکارهێنانی گشت دەرفەتەکان لە ڕووی سەربازی، سیاسی و یاسایی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق. ئەم پیلانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە لە ساڵی ٢٠١٩ کە بزووتنەوەی تەشرین ڕابەرایەتیی ناڕەزایەتیی خۆڕسکانەی عێراقییەکانی کرد و پاشان کە ڕووبەڕوو بوونەوە و فشارەکان دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا زیادی کرد، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە بڕیارێکی نایاساییدا و لە گورزێکی سەربازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بۆ سەر فڕۆکەخانەی بەغداد، هەستان بە تیرۆرکردنی هەردوو فەرماندە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠دا.

هاوسەنگیی بەرەی موقاوەمە لە جێبەجێکردنی پلانەکەیان بە هۆی خۆپیشاندانەکان و وەشانی گورزی سەربازی دژی سەرکردەکانیان تێک چوو، بە شێوەیەکی کاتی چالاکی و فشارەکانیان هێزی لەبەر بڕا. بۆیە سەرۆکوەزیرانی ئەوکات عادل عەبدولمەهدی کە لە ژێر هەژموونی میلیشیاکاندا بوو، دەستی لە کار کێشایەوە. لە مانگی پێنجی ٢٠٢٠، موستەفا ئەلکازمی بووە سەرۆکوەزیران و دەستی کرد بە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپە میلیشیاییەکان دەستگیر کران بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و تێوەگلان لە گەندەڵی.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەوڵی میلیشیاکان بێهوودە دەرچوو، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق مانەوە، کاندیدەکانیان لە هەڵبژاردنی نیشتمانیدا دەنگی چاوەڕوانکراویان بەدەست نەهێنا کە ئەمە زیاتر ئەم بەرەیەی تووشی ئیحراجی کرد. چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان و موقاوەمە زیاد لە جارێک هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان دا، سەرەتا لە ڕێگای یاسایی و دادگاکانەوە، پاشان هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر ناوچەی سەوز لە بەغداد کە دامودەزگا سەرەکییەکانی حکومەتی لێیە، هەروەها دواجار هەوڵی تیرۆکردنی سەرۆکوەزیران موستەفا ئەلکازمی لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵ دا درا. هەموو ئەم هەوڵانە شکستی هێنا و ئەم بەرەیە لە لێواری ڕووخان نزیک بووەوە، بەڵام لە پڕ هەموو شت گۆڕا.

گۆڕینی ڕژێم لە ڕێگەی شەڕی یاساییەوە

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢، بەرەی موقاوەمە وازی لە هەوڵە ڕاستەوخۆکانی هێنا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ستراتیژییەکی نوێ  و سەرکەوتووی گرتە بەر کە ئەویش ڕێگای ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و سەرۆکەکەی کە دادوەر فایەق زێدان بوو. لە زنجیرەیەک بڕیاری دادیدا لە نێوان کانوونی دووەم و شوباتی هەمان ساڵدا، دادگا لە سەر بابەتی کوتلەی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەت و لە پێشهاتێکی نوێدا بڕیاری دا کە دەنگی زۆرینەی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمەش بەبێ دەنگی پارتە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و گرووپە میلیشیاییەکان ئەستەم بوو. لە یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکانی دادگادا، ڕێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک یاخود پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە، ئەمەش لێکدانەوەیەکی نوێ بوو بۆ مادەی ٧٠ی دەستووری عێراق کە پێشتر ڕێژەی یاسایی وا لێک دەدرایەوە کە دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت (ڕێژەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران عادەتەن پەنجا زائید یەکی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنە). لە ئەنجامدا چوارچێوەی هەماهەنگی و موقاوەمە کە خاوەنی تەنها ٦٢ ئەندام لە کۆی ٣٢٩ ئەندام بوون، ئەم ژمارەیە بە کەمینە هەژمار دەکرێت، توانییان هەر بابەتێک ڕەت بکەنەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا یەک ناگرێتەوە. سەرەنجام عێراق لە ڕووی سیاسییەوە پەکی کەوت. سیاسییەکانی بەرەی موقاوەمە پەسنی ئەم دەسەڵاتە نوێیەیان بە زاراوەی سێیەکی وەستێنەر کرد کە گورزێکی کوشندە بوو لە پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق و گەڕانەوە بوو بۆ حوکمی کەمینە لە عێراق کە عێراقییەکان لە سەردەمی سەددامدا ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵی هەبوو.

لایەنەکانی موقاوەمە کەوتنە دژایەتی و پەرتکردنی ئەو هاوپەیمانییە زۆرینەیەی کە نەیاری سیاسییان بوون. سەرەتا هەڕەشە لە لایەنە کوردییەکان کرا بە زیندووکردنەوەی مەلەفێک لە دادگای باڵا دەربارەی هەناردەکردنی نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەم بارەیەوە دادگا بڕیاری دا گشت نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت. پاشان بۆردوومانی ئێران و گرووپەکانی میلیشیا بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناو هەرێم ئەنجام درا. لە سەروو هەموو ئەمانەوە، میلیشیاکان بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی هێزی “سێیەکی وەستێنەر” و گەورەترین هێزی شیعە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئەندامانی سەر بە موقتەدا سەدر بوون لە پڕۆسەی سیاسی کشانەوە. سەرەنجام، کورسییەکانیان بە گوێرەی براوەی بازنەکانی هەڵبژاردن دابەش کرایەوە و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە زۆرینەی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەن لە خۆی کۆ بکاتەوە. دواجار محەمەد شیاع سوودانی دانرا بە سەرۆکوەزیران و ئەم ڕووداوە بووە سەرکەوتنی تەواوەتیی ئەم بەرەیە لە پێکهێنانی حکومەتدا.

یاسا و دادگاکان ڕۆڵی بەرچاویان لە بە‌هێزکردن و لاوازکردن و پاشان بەهێزبوونەوەی پێگەی بەرەی موقاوەمەدا بینی. بۆ تێگەیشتنی تەواوی ئەم لایەنەی کارکردنی میلیشیاکان، پێویستە لە گرنگیی بێئەندازەیان بۆ خستنەگەڕی نەرمەهێز و بەکارهێنانی یاساكانی وڵات بۆ خزمەتی ئەجێنداکانیان سەرنج بدەین. کاتێک هێرشە مووشەکییەکان و بەکارهێنانی فڕۆکەی بیفڕۆکەوان و دانانی بۆمبی “عبوە ناسفە” دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا زۆرترین سەرنجی ڕۆژئاواییەکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە، میلیشیاکان ستراتیژی بەکارهێنانی دامودەزگا دادوەرییەکانیان بۆ دەستگرتن بەسەر حکومەتی عێراقدا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا وەک ئامرازێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە خستووەتە گەڕ.

لە نووسینێکدا لەگەڵ هاوپیشەمان حەمدی مالک، جەختمان لە سەر ئەم شەڕە یاساییە کردەوە دوو ساڵ لەمەوبەر. کات و هەوڵێکی زۆر لە لایەن میلیشیاکانەوە دراوە کە وەک پارێزەی یاسا خۆیان نمایش بکەن. میلیشیاکان لە ڕێگەی دامودەزگا دادوەرییەکانەوە، چ ناخۆیی بێت یاخود نێودەوڵەتی، هەموو ئەگەرێک تاقی دەکەنەوە بۆ سنووردارکردن و لێسەندنەوەی متمانە لە نەیارە بە‌هێزەکانیان. ئێمە تێبینیمان کرد کە:

“شەڕی یاسایی موقاوەمە تەنها لە ئاستی قسەدا نەماوەتەوە، بەڵکوو بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیژیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان. کۆنفڕانسی یاسایی بۆ گرنگی و پلەوپایەی موقاوەمە لە عێراقدا بەسترا. هەڕەشەی ڕاپێچکردنی دادگا دژی نەیارەکانیان بەردەوام ئەنجام دراوە. هەروەها قسەوباسی یاسایی لە ئاستی پڕوپاگەندە و شەڕی میدیایی میلیشیاکان زیادی کردووە.”

نەرمەهێز زۆر زیاتر لە سەختەهێز لە گۆڕەپانی ململانێکاندا بە قازانجی میلیشیاکان شکاوەتەوە. لە ڕێگای دەستبەسەرداگرتنی دادگاکان و دەسەڵاتی یاسادانان و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەرەی موقاوەمە چنگی گرتەوە بەسەر پایەکانی دەسەڵاتدا بەبێ ئەوەی زۆرینەی هەڵبژاردنی بەدەست هێنابێت. لە ئێستادا بۆ ئەوەی ئەم هەژموونە بەردەوام بێت، یاساکان لە پەرژوەندیی خۆیان دادەڕێژنەوە.

کۆنترۆڵی تەواوەتیی دەوڵەت: خەبات لە پێناو شەرعیەتدا

موقاوەمە و پارتە سیاسییە هاوئاهەنگەکانیان بە ئاشکرا باس لە کاریگەرییان لە سەر کابینەی حکومەت و سەرۆکوەزیرانەکەی دەکەن. لە مانگی دوازدەی ٢٠٢٢دا، قەیس خەزعەلی فەرماندەی عەسائیب ئەهل ئەلحەق؛ سەرۆکوەزیرانی بە “بەڕێوەبەری گشتی” وەسف کرد. لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: “بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی دەوڵەت لە بابەتی بڕیاردان و لایەنە هەستیارەکانی تر جیاوازە… سەرۆکوەزیران مافی هەموو بڕیاردانێکی نییە، بۆیە مەرجە بۆ بڕیارە ستراتیژییەکان، چ سیاسی و ئابووری و ئەمنی بێت، بگەڕێتەوە بۆ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی.”

لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣دا، عەلی ترکی پەرلەمانتاری عەسائیب ئەهل ئەلحەق وەسفی کابینەکەی دەوڵەتمەدار سوودانیی بە حکومەتی موقاوەمە کرد. وتیشی “کە موقاوەمە نوێنەرایەتیی فەرمیی عێراق دەکات و بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی ڕۆژانەی عێراقییەکان”. حکومەت ئەم لێدوانەی ڕەت نەکردەوە. هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی کەسێکی نزیک لە عەسائیب ئەهل ئەلحەق وەک بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئۆفیسەکەی دامەزراند. بۆیە لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە کاتێکدا موقاوەمە ساڵێک پێش ئێستا لاواز بوو، بەڵام ئێستا قسەی یەکلاکەرەوەی لە پڕۆسەی بڕیاردانی عێراقدا هەیە.

لە ئێستادا میلیشیاکان پێویستە دەستکەوتەکان بپارێزن، کێشەی نەبوونی شەرعیەتی دامەزراوەکانیان چارەسەر بکەن. ئەوان دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ و بەریەککەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنگرەکانی موقتەدا سەدر ساڵی ٢٠٢٢، دەزانن کە لە ڕووی جەماوەرییەوە لاوازن، تەنانەت لە ناو پەیڕەوانی ئایینزای شیعەدا. بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لە هەڵبژاردنەکاندا بووەتە لەکەدارکردنی شەرعیەتی ئەم هێزانە. هەروەها لە سەردەمی سەرۆکوەزیران ئەلکازمیدا، حکومەت لە ڕێگای یاساوە دژی پڕۆژەکانیان وەستایەوە. بۆیە ئەوەی لە توانایاندا بۆ دەستكاریكردنی یاسكان و دانانی کەسانی نزیک لە خۆیان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەیکەن بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگرەکان، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پڕۆسەی دیموکراسی، بەهێزکردنی دەزگا ئەمنییەکانی خۆیان و پێدانی ڕوویەکی تەواو شەرعی و یاسایی هاوشانی دەزگاکانی حکومەت.

 

شەرعیەتی یاسایی هێزەکانی حەشدی شەعبی

پێگەی یاسایی حەشدی شەعبی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە قسەوباسی لێوە کراوە. “ئایا دەستووری عێراقی ڕێگە بە هێزی چەکدار لە دەرەوەی پێکهاتە و کۆنترۆڵی سوپای عێراق دەدات؟”؛ یەکێک بووە لە پرسیارەکان. ئەم بابەتە تا ڕادەیەک بە دەرچوونی یاسای ژمارە 40 ساڵی ٢٠١٦ کە یاسای پێکهێنانی کۆمیتەی حەشدی شەعبییە، چارەسەر کرا. ئەوەی بە دیاریکراوی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزانە لە ژێر فەرمانی ڕاستەقینەی حکومەتی عێراقدان، یاخود لایەنی دیکە وەک فەرماندەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە لە لیستی سزادراوانی نێودەوڵەتیدان. بۆیە دەنگۆی جیاواز دروست بوو تەنانەت لە نێو ئەندامانی میلیشیاکاندا کە حکومەت پلانی چەککردن یاخود چاکسازیی لە ڕیزی ئەم هێزانەدا هەیە.

لە ئێستادا پلانی حکومەت پێچەوانە بووەتەوە. هێزەکانی حەشدی شەعبی زیاتر لە هەموو کاتێک لە هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەچن. حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی سوودانی دەسەڵاتی دروستکردنی کۆمپانیایەکی بە ناوی موهەندیس، وەک وەفایەک بۆ فەرماندەی تیرۆرکراو ئەبو مەهدی موهەندیس، داوە بە هێزەکانی حەشد. ئەمە هاوشێوەی کۆمپانیای خاتم ئەلئەنبیای هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە کە خراوەتە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەم هەنگاوە لە سەردەمی هەردوو سەرۆکوەزیرانی پێشوودا ڕاگیرابوو. هەروەها یاسای ٢٠١٦ی تایبەت بە هێزەکانی حەشد نوێ دەکرێتەوە بە جۆرێک کە دەرفەت دەدات بەم هێزانە کە مەشقی پیشەیی و پەروەردەیی ڕێک بخەن و پلەی سەربازیی هاوشێوەی سوپا وەربگرن. لە ئەنجامدا، فەرماندەکانی حەشد وەک فەرماندەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەستکراوە دەبن لە بەڕێوەبردنی هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی وەک هێزێکی ئاسایی دەوڵەت.

لە ماوەی ڕابردوو کە زەمینلەرزە بەشێک لە خاکی سووریای هەژاند، هێزەکانی حەشد ڕەوانەی ئەوێ کران بۆ هاوکاریی لێقەوماوان. پێشتریش هێزەکانی حەشد ڕەوانەی سووریا کراون بۆ پاڵپشتیی میلیشیاکان و هەوڵەکانی ئێران لەو وڵاتە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی عێراق. لە شوباتی ٢٠٢٣دا، هێزەکانی حەشد بە فەرمی چوونە سووریا بە یاوەریی دوو سەرکردەی باڵا ئەوانیش فالح ئەلفەیاز سەرۆکی دەستەی هێزەکانی حەشد کە تۆمەتبارە لە لایەن ئەمەریکاوە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها سەرۆکئەرکانی هێزەکانی حەشد عەبدولعەزیز ئەلمەحمەداوی ناسراو بە ئەبو فدک کە ناوبراو لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە. بەفەرمیکردنی جووڵە و پەیوەندییەکانی هێزەکانی حەشد لە دەرەوەی سنووری عێراق بە تایبەت بە ئاڕاستەی سووریا، بە دڵنیاییەوە هەماهەنگیی ئەم گرووپە لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد و حیزبوڵڵای لوبنان و تۆڕی هاوکاریی ئێرانییەکان بە هەردوو دیوی سنووردا بەهێز دەکات.

 

بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی

دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بەکار دێن بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، عەسائیب ئەهل ئەلحەق و میلیشیاکانی تر فشاریان لە کۆمسیۆنی میدیا و پەیوەندییەکانی عێراق کرد، بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی هەر شەش ئەندامی بۆردی کۆمسیۆنەکەیان کرد. لەو کاتەوە ئەم کۆمسیۆنە بە مەبەستی بێدەنگکردنی نەیارەکانی موقاوەمە لە ڕێگەی سنوورداکردنی کاری میدیا و کەناڵ و پێشکەشکارەکانیانەوە هەوڵەکانی زیادی کردووە.

بەرەی موقاوەمە زیاتر لە جاران نەیارەکانی ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە، بە تایبەتی تۆمەتی تەشهیر و ناوزڕاندن. لە مانگی دوازدەی ٢٠٢٢دا، پارێزەێکی نزیک لەم بەرەیە لە دادگا داوایەکی بەرز کردەوە دژی پێشکەشکارێکی ناسراوی تەلەڤزێون کە لە بەرنامەکانیدا جەخت دەکاتەوە لە سەر ئەو بابەتانەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە باسکردنیان زەحمەتە. ئەم پارێزەرە داوای لە دادگا کردبوو کە ڕێگە نەدرێت ئەم پێشکەشکارە داخڵی وڵات ببێت. هەمان پارێزەر لەگەڵ بەرپرسێکی موقاوەمە داوایان دژی ئەحمەد ئەلبەشیر، تەنزی سیاسی ئاڕاستەی بەرپرسە سیاسییە عێراقییەکان دەکات و بە جۆن ستیوارتی عێراق ناسراوە، تۆمار کرد.

هەوڵ و حەزەكانی بەرەی موقاوەمە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی و نەیارە سیاسییەکانیان، کارکردنە بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی دەنگی هەڵبژاردنی ئەو لایەنانە، چونکە لە دوا هەڵبژاردندا دەنگی کاندیدەکانی عەسائیب ئەهل ئەلحەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ئاستێکی لاوازدا بوو. بە گشتی لایەنەکانی نزیک لە ئێران کەمینەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوون، ئەگەر دەستتێوەردانەکانی دادگای باڵا نەبووایە، لە پێکهێنانی حکومەتدا لە لایەن کوتلە براوەکانەوە ئەگەری چوونە حکومەتیان لاواز بوو. بۆ داهاتوو، پلانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقە. خوێندنەوەی یەکەمی ئەم بابەتە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣دا لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرا، ئەگەر بە سەرکەوتوویی هەموو قۆناغەکان ببڕێت، ئەوا جارێکی تر سیستمی هەڵبژاردنی سانت لیگۆ بۆ هەژمارکردنی دەنگ و کورسیی پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن لە سەر بنەمای سیستمی نوێنەرایەتیکردنی بەشبەشێنەی لیستەکان کاری پێ دەکرێتەوە. ئەم شێوازە سوودی پارتە سیاسییە خاوەن دامەزراوەکانی تێدایە، وەک لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان تاوەکوو کاندیدە سەربەخۆکان.

سیستمی کارپێکراوی ئێستای هەڵبژاردنەکان کە سیستمی سانت لیگۆ ڕەت دەکاتەوە و هەروەها وەک بەدەمەوەهاتنی داواکاریی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ هاتە کایەوە، هانی پارت و کەسانی سەربەخۆ دەدات وەک هەوڵێک بۆ فراوانکردنی مەودای ئازادیی ڕادەربڕین و بەشداریی سیاسی لە چوارچێوەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکاندا. هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، بەهێزکردنی پێگەی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانی لە دەسەڵاتدا لێ دەکەوێتەوە، چونکە سەرۆکوەزیران سوودانی بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داوە ئەگەر پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت.

دەرکردنی داگیرکەران؟

بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە موقاوەمە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا چالاکی دەکات، ئامانجی دیار و سەرەکییان دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق. لەگەڵ ئەوەی گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ پاڵپشتیی سوپای عێراق بووە لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعشدا، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە ڕووبەڕووی هێزە ئێرانییەکان و میلیشیاکانی موقاوەمە لە عێراق و سووریا بووەتەوە. مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەندە بە ڕازیبوونی حکومەتی عێراق لە ڕووی یاساییەوە. لە ساڵی ٢٠٢١دا ئیدارەی سەرۆکوەزیران ئەلکازمی لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا ڕێک کەوتن کە ڕۆڵی ئەم هێزانە “مەشق و ڕاوێژکاری و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری بێت و لە ساڵی نوێدا هیچ هێزێکی ئەمەریکی بەشداریی ڕاستەوخۆی نەبێت لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراقدا”.

ئێستا کە سەرۆکوەزیرانێکی تەبا لەگەڵ میلیشیاکاندا لە لوتکەی حکومەتدایە، دەسەڵاتی کشانەوە لەو ڕێککەوتنەی هەیە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، ئەمە شەرعیەتی یاسایی هەر هێزێکی ئەمەریکی لە عێراقدا دەخاتە مەترسییەوە و هەروەها داواکاریی دوو ساڵی ڕابردووی میلیشیاکانە دوای ئەوەی هەردوو فەرماندە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تیرۆر کران. لەم بارەوە سەرۆکوەزیران سوودانی دەیەوێت وەزعەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەم هەڵوێستە بە ئاگاییەوە لە لایەن پارتە سیاسییەکانی نزیک لە میلیشیاکانەوە پشتیوانی دەکرێت. هەر چەندە هێزەکانی ئەمەریکا دەرنەکراون و لە عێراقدا ماونەتەوە، بەڵام بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو جووڵە و هەوڵەکانیان سنووردار کراوە.

 

چەند وانەیەک بۆ داهاتوو

بیست ساڵ پێش ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان دەسەڵاتی عێراقیان لە چنگی حیزبی بەعس ڕزگار کرد، لەو کاتەوە ئێران و هێزە بەکرێگرتەکانی کاریان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دیموکراسییە ساوایەی عێراق کردووە کە لە دوای سەددام هاتە کایەوە. سەرەڕای چەندین ساڵ لە وەبەرهێنان و گرنگیپێدانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، میلیشیا عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ئێران دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە.

ئەم پڕۆسەی گۆڕینی ڕژێمە لە عێراق نیشانی دەدات کە دەکرێت ڕژێم و حکومەتەکان کۆنترۆڵ بکرێن لە ڕێگای خراپ بەکارهێنانی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان. دوای ساڵی ٢٠٠٣، ئەمەریکا یارمەتیی عێراقییەکانی دا لە سەرپێخستنی دادگا و دامەزراوە دادییەکان و دەستەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام ئەمانە لە لایەن میلیشیاکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بەکار دێن.

لە هەمان کاتدا ئەدای موقاوەمە و هێزە ئێرانییەکان لە بەرپاکردنی شەڕی یاسایی ناعادەتی، دەریدەخات کە چۆن هێزیان زیرەکانە کاریگەریی دروست کردووە. نیەتی موقاوەمە دەستبەسەرداگرتنی عێراقە لە ڕێگای ئامرازە سەربازی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە. هەر چەندە ئەم هێزانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەوە، بەڵام دواجار بە ئامانجەکەیان گەیشتن، بۆیە هەڕەشەی ئەم گرووپە دەسەڵاتخواز و واقیعی و هاندراوانە لە دیموکراسییە تازەپێگرتووەکەی عێراقدا فەرامۆش ناکرێت. لەمەودوا چونکە سەرکەوتنێکیان تۆمار کردووە، میلیشیاکان بەردەوام دەبن لە فشار خستنە سەر سیستمی دادی و سیاسی بۆ توندوتۆڵکردنی زیاتری دەسەڵاتەکەیان.

سەرکەوتنی میلیشیاکان وەک چۆن هەڕەشەیە بۆ عێراق، کێشەی گەورەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە. ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ڕێگریکردن لە میلیشیاکان و ڕێزگرتنی سەروەریی عێراق. لەم بارەیەوە ئەمەریکا پێویستە ئەم هەنگاوانە بنێت:

دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بڵاوکردنەوەی بۆ بەرچاوی لایەنە پەیوەندیدارەکان: عێراقییە دیموکراتخوازەکان یارمەتیی ئەمەریکایان پێویستە بۆ ئەوەی جارێکی تر بێنە پێشەوە. ئەمەریکا پێویستە زانیاریی ڕاست و دروستی لە سەر عێراق هەبێت. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە نەبوونی زانیاریی باوەڕپێکراو بڕیاری بێبنەمای لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئەمەریکا دەبێت فشار لە حکومەتی عێراق بکات کە دەرگای کراوە بێت بۆ ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی دەستەی نەزاهە لە دەستکەوتنی زانیاری. هەروەها ئەم کەسانە لە مەترسیی میلیشیا دەسەڵاتدارەکان بپارێزێت، چونکە لە ڕابردوودا ئەوانەی گەندەڵیی میلیشیاکانیان باس کردووە، بە ئامانج کراون. حکومەتی ئەمەریکا دەتوانێت مەشق و یارمەتیی دارایی ئەو ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەرانە بدات، چونکە ئەرکی گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست ئەنجام دەدەن بە عێراقییەکان کە ئەمانیش دواجار دەتوانن حکومەتی عێراق بخەنە ژێر بەرپرسیارێتییەوە.

ئاگاداری تەواوی هەوڵ و چالاکیی میلیشیاکان: ئەمەریکا دەتوانێت سوود لە سەرچاوە جیاوازەکانی کۆکردنەوەی زانیاری وەربگرێت و باشتر لە هەوڵ و چالاکیی میلیشیاکان تێبگات. دەتوانێت بەدواداچوون بکات بۆ کاروباری هەندێ دامودەزگای حکومەت وەک: دادگاکان، هەمواری یاساکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەوڵی بەڕێوەبەرانی زیندانی و چاکسازییەکان لە مامەڵەکردنی گونجاو لەگەل گیراوەکان، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە مامەڵەیان لەگەڵ کەسانێک کە لە لیستی تیرۆر و سزا نێودەوڵەتییەکاندان.

ڕێگەگرتن لە جووڵە و چالاکیی دەستدرێژیکاران: گەڕانەوە و تێکەڵبوونەوەی ئەوانەی پێشینەی تاوانیان هەیە بە کۆمەڵگا؛ ڕێکاری خۆی هەیە، ئەویش پابەندبوونیانە بە حوکمی یاسا و بنەماکانی پڕۆسەی دیموکراسی، بە پێچەوانەوە دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت کە ئازادانە بسووڕێنەوە. دەبێت سنوورێک هەبێت کە ئەمەریکا لەوە زیاتر قبووڵ نەکات، بە تایبەتی لە کەیسی ئەوانەی پێشێلکاری گەورەی مافەکانی مرۆڤ و بکوژی ‌هێزەکانی ئەمەریکان. لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر تاوانباران زۆر گرنگە، چونکە هەم ڕێگری لە زیادبوونی هێز و دەسەڵاتیان دەکات، هەم ساڕێژی برینی قوربانییەکان دەکات.

بەدواداچوونی ورد بۆ شەڕی یاسایی میلیشیاکان: لە کۆتاییدا تێهەڵچوونەوە و تانە لە بڕیارەکانی دادگا و پڕۆژەیاسا پەسەندکراوەکان گرنگە. ئەمەریکا پێویستە پاڵپشتیی ئەو کەس و لایەنانە بکات کە چاودێریی دادگاکان دەکەن و ڕێگری لە گەندەڵیی سیستمی دادی عێراق دەکەن. هەوڵی شکستپێهێنانی پڕۆسەی دیموکراسی لە لایەن میلیشیاکانەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا کەمینەیەکن، بۆ ڕای گشتی بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی زیاتر دەست بەسەر ڕژێمی عێراق و ژیانی عێراقییەکاندا نەگرن.

https://www.centerfs.org/files/2023/09/AYNDA-zh-3.pdf

Send this to a friend