سەرهەڵدانى ڕەوتى چەپی (پارتیزانیى) سازمانى چریکى فیداییانى خەڵکى ئێران (١٩٦٣-١٩٧٨)
ژیلوان لطیف یاراحمد / توێژەر
بەرایی
ڕەوتى چەپ لە ئێراندا ڕیشەیەکى کۆنى هەیە، بەو پێیەی یەکەمینی ئەو وڵاتانە بوو لە جیهانی سێدا بە خێرایی بۆچوون و ئایدۆلۆجیا مارکسییەکانى تێدا گەشەیکردووە، چەپ وەک بنەمایەک لە بەرامبەر ستەمى چینایەتیی و سیاسیی و نەتەوەیی لەو وڵاتەدا لە شێوەی چەندین پارت و ڕێکخراوى سیاسیدا شکڵگیر بووە، لە نێو ئەو هێزانەشدا لەبەرامبەر شکستى بەرەی چەپی کلاسیک و بەردەوامى ستەم و زۆری دەسەڵاتى شاهانشاهیی لە وڵاتەکەدا، لەسەرەتاى ساڵانى حەفتاکان بە کارتێکردنى شۆڕش و جوڵانەوە کۆمۆنیستییە ڕادیکاڵییەکان و سەرپێکەوتنى بزوتنەوەى ماویزم و جوڵانەوەى چەپی چەککداریی، کاتێکیش ڕووخسارى سیاسیی چەپ لەم قۆناغەدا بەهۆی فاکتەر گەلێکى ناوخۆیی و دەرەکى گۆڕانێکى بنەڕەتى بەسەردا دێت، ئیدی ئایدۆلۆجیاى چەپ ئاوێزانى ستراتیجی چەککداریی و پارتیزانیى دەبێت و سیمایەکى توندوتیژ و ڕادیکاڵانە وەردەگرێت، لێرەشەوە بزاڤێکى نوێ بە ناوى چریکی فیداییانى خەڵکى ئێران لە ئەنجامى یەکگرتنى چەند گروپێک پێکهات و لەو کاتەشەوە وەک یەکێک لە هێزە سیاسییە گەورە و چالاکەکان نەخشی لەسەر بەشێکى بەرچاوى ڕووداوە سیاسییەکانى ئێران هەیە، لەم سۆنگەیەوە ئەم توێژینەوەیە ئامانج و گرنگییەکەى لەوەدایە کە لە (مێژووى ڕەوتى چەپی ڕادیکاڵی چەکداریی (پارتیزانیى) لە ئێران و چریکى فیداییانى خەڵکى ئێران) دەکۆڵێتەوە، باس لەسەرهەڵدان و گرنگترین فاکتەرەکانى دەرکەوتنى دەکات، تیشکی خستۆتە سەر گرنگترین کاریگەرییەکانى ئەم ڕیکخراوە لەسەر شانۆی سیاسیی ئێران و، دەرخستنى بەشێکى بەرچاوى بۆچوونەکانى لەسەر ڕووداوەکانى بەر لە ساڵی ١٩٧٩ز و دواى ئەویش تا ساڵی ١٩٩١ز.
سەرهەڵدانى ڕەوتى چەپی چەکداریی لە ئێران
پاش کۆدەتاکەى دکتۆر موسەدیق و یەکلابوونەوەی نەوتى ئێران بە قازانجى کۆمپانیا گەورەکانى وڵاتانى ڕۆژئاواو ئەمریکا، ئێران بووە گرنگترین ناوچەی ستراتیژیی لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست(١)، ئەمەش بووە هۆی پێشکەوتنى دەزگا سەربازییەکانى ئێران، لەم ڕێگەیەوە شا کەوتە پیادەکردنى دەسەڵاتیى ڕەها، پاشان سەرکوتکردن و وەدەرنانى هەر دەنگێکى ناڕازى(٢).
لە نێو ئەو بارە چەقبەستووەدا، بزوتنەوەى بەرگرى نیشتمانیى(٣)، گوڕیدایە خۆی و وەک سەرمەشقی نەیارانى شا، خۆپیشاندانێکى ڕێکخست، بەڵام ناکۆکیە ناوخۆییەکان ڕێگەى سەرکەوتنى لێگرت، سەرەنجام (بزوتنەوى ئازادیى ئێران)ی لێجیابووەوە(٤)، ئەم بزوتنەوەیە، بەگونجاندنى شیعەگەرایی لەگەڵ سۆسیالیزمیی ئەوروپایی، کە ناوەڕۆکەکەى لەسەر یەکسانیى کۆمەڵایەتیى و بونیادنانى کۆمەڵگەى بێ چین و مارکسییزم داڕێژرابوو، شێوەیەکى ڕادیکاڵانەى وەرگرت و جڵەوی ئۆپۆزسیۆنى خستە دەست ڕێبەرانى ئایینی(٥)، هاوکات تەوژمى سوننەگەرایی هاوشێوەى بەرهەڵستکارانى شیعیى، هێنایە ناو بەرەى نەیارانى ڕژێمى شا(٦).
بە گەورەبوونى پانتایی ئۆپۆزسیۆن و زیادبوونى کۆژانى کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، چینایەتى، خێرایی گەشەکردنى بزوتنەوە مارکسییەکان، زیادبوونى هەژموونى سۆڤیەت و کۆمۆنیزمیى ڕادیکاڵی چینیی، شای بەرەو زنجیرەیەک چاکسازیی ڕاکێشاو بەرنامەیەکى بە ناوى (شۆڕشی سپی) ڕاگەیاند، تا بە ئەنجامدانى هەندێک ڕیفۆرم، سیمایەکى مۆدیرن و پێشەکەوتووخوازانە بداتە وڵاتەکەى (٧).
لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی سپی بە ناکامى دەستیپێکرد، بەڵام بنەمای سیستەمى فیوداڵیى لە ئێراندا لەقکردو ئاڵوگۆڕی لە ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی لادێنشین پێکهێنا و بووە هۆی وروژاندنى چەپەکان، چونکە لە کۆمەڵگەى نیمچە داگیرکراوی دەرەبەگى ئێران، سەرمایەداریی و ئیمپریالیزمی بەسەر پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا زاڵکردو بۆرژواى ئێرانى بە بازاڕی سیاسیی و سەربازییەوە بەستەوە، هەروەها دەستى ئەمریکاى لە ئێراندا ئاوەڵاکردو کۆمەڵگەى ئێرانى لە نیمچە فیوداڵیزمەوە بۆ بۆرژوازیی گۆڕی و پایەکانى سەرمایەداریی تیادا چەقاند، بەڵام بە هێنانەپێشی بابەتگەلێکى وەک: (ڕیفۆرمى زەوی و زار، یاساى کار، مافەکانى ژنان…هتد)، شا توانى شکست بە دروشمى مارکسییەکان بێنێت و پاشەکشە بە داخوازییە کلاسیکیەکانى چەپ بکات (٨)، لە هەمان کاتدا ڕەخنەکانى ڕێکخراوە مارکسییەکانى بێبایەخ کرد، وێڕای ئەوە لە دیارترین لێکەوتەکانى بەرنامەى چاکسازیی، هاندانى شا بوو بۆ سەپاندنى دەسەڵاتى تاکڕەویی، بەم هۆیەوە گروپێکى کۆمۆنیستیى، هەوڵێکیان بۆ تێرۆردنى شا لە ساڵى ١٩٦٥ شکستیهێنا.(٩)
هاوکات ئایەتوڵڵا و مەلا گەورەکان، کە ڕیفۆرمى شا زیانێکى گەورە بوو بە بژێوی و داهاتیان، پێش ڕێکخراوە چەپەکان ناڕەزایەتیان دژی چاکساییەکانى شا دەربڕی، لە سەرویانەوە خومەینى، کە هێرشی کردە سەر شاو تاوانباریکرد بەوەى (شا ئێرانى بە ئەمریکا فرۆشتووە)، هەربۆیە لە حوزەیرانى ١٩٦٣ خۆپیشاندان لە شارەکانى قوم و تاران دەستیپێکرد، شا بەتوندى وەڵامی دایەوە، بەمەش هێزە نەیارەکان گەیشتنە ئەو باوەڕەى میکانیزمێکى نوێ بۆ خەبات بدۆزنەوە، کە خۆی دەبینیەوە لە گرتنەبەرى خەباتى چەکداریی (١٠).
لە سەرەتاى شەستەکانەوە، بەهۆی دروستبوونى ململانێی سیاسیی و ئایدۆلۆژییاکانى نێوان چین و سۆڤیەت، ئاڕاستەى چەپڕەویى گۆڕانێکى بنەڕەتى بەسەرداهات(١١)، ئەم ئاڕاستە نوێیە خۆی لە پرەنسیپی خەباتى پارتیزانیی و دوورکەوتنەوە لە چەپی کلاسیکیى وابەستەى سۆڤیەت دەبینیەوە، ئەویش بە دەرکەوتنى ماوتسی تۆنگ(١٢) و شۆڕشە کەلتوورییەکەى(١٣)، کە توانى چین بکاتە وڵاتێکى ناسەرمایەداریی لە نێو جیهانی سێیەمداو سەرکەوتنەکانى لەنێو گەلانى ئاسیایی دا دەنگیدایەوە(١٤). ئەوەى زیاتر بیروڕای ڕادیکاڵیی لە ئێراندا چەسپاند، سەرکەوتنى خەباتى پارتیزانیی گەلانى ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکاى لاتین بوو، وەک: (چین، ڤێتنام، کوبا، جەزائیر)و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازیی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وەک: (میسر، فەلەستین، زەفار)، هەروەها سەرپێکەوتنی خەباتى دژە ئیمپریالیستیى لەسەر دەستى (ماوتسى تۆنگ، هۆشی منە، ڤیدڵ کاسترۆ، گیڤارا).(١٥)
لەم قۆناغەدا بە گەشەسەندنى تەوژمى چەپی ڕادیکاڵیى، ناکۆکی و پەرتبوونى چەپەکان سەریهەڵدا، هەر وڵاتەو بوونەتە لایەنگری یەکێک لەو ڕەوتانە(١٦)، زۆربەی چەپەکانی ئێران کەوتنە ژێر کاریگەریی چین و بیروبۆچوونەکانی ڕێبازى ماویزم(١٧)، چونکە ڕێکخراوە چەپەکان لە دۆخێکى چەق بەستوودا بوون و خاوەنى ناسنامەیەکى سیاسیی و فیکریى سەربەخۆ نەبوون، تا وەڵامدەرەوەى ئەو قۆناغەی ئێران بێت، حیزبی تودەش، وەک گەورەترین حیزبی چەپ لە ئێراندا بەهۆی هەڵوێستى چەوت و سیاسەتى سازشکارانەى تەریک و بێزراوبوو، نەیدەتوانى ڕووناکبیرانى چەپ و گەنجان ڕابکێشێت، لەهەمانکاتدا باوەڕی بە هەڵگرتنى چەک نەبوو(١٨)، هەروەها ڕەچاونەکردنى جیاوازییەکانى نێوان ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕۆژئاواو نەپێوانى قۆناغەکانى ڕیفۆرمو ڕابوونى هزری و شۆڕشی پیشەسازى لە ئێران، چارەنووسی حیزبی تودەی بەرەو شکست برد، بەمەش بەرنامەى مارکسیستى کلاسیکیى پاشەکشەی کردو واى لە چەپی ئێران کرد، بۆ ڕزگاربوون لەم بن بەستیە بکەونە شوێن خەباتى چەکداریی(١٩).
هەر بۆیە ئەو قۆناغە لە ئێراندا بە قۆناغی ڕادیکالیزم و خەباتی خوێناویی و توندوتیژ ناسراوە، ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریى لەسەر خوێندکارانی زانکۆی تاران دروستکرد(٢٠)و، گەیشتە ناوەندی زیندانەکان و تەنانەت لەناو پیاوانى ئایینی و مەزهەبیەکانیشدا کاریگەریى دانابوو، ئەم تەوژمە، ئەمریکایان بە دوژمنى پلەیەک ناودەبرد و ڕژێمى شاهانشاهیی بە درێژکراوەى ئیمپریالیزم دادەنا(٢١)، لەم کاتەدا چەندین ڕێکخراوى سیاسیی و چەکداریی هاتەکایەوە، وەک (ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران(٢٢)، تەوفان(٢٣)…هتد)، کە لەژێر کاریگەریى ڕێبازى ماویدا دژ بە ئیمپریالیزم و شا، شەیداى جەنگى پارتیزانیی ببوون(٢٤).
دامەزراندن و گەشەکردنى ڕێکخراوى چریکى فیداییانى خەڵکى ئێران
دیارترین سیماى ئەو قۆناغەى ئێران، دەرکەوتنى (ڕێکخراوى چریکى فیداییانى خەڵکی ئێران)* بوو، کە بەهۆی کاریگەریی خەباتى چینى و کوبایی، دژ بە سەرمایەداریی و بۆرژوازیەتیى موڵکدار، بیروبۆچوونەکانیان خستە نێو گۆڕەپانى سیاسیی ئێران، لە ڕێگەى بڕوابوون بە خەباتى چەکداریی و بنەماى گەشەی ناسەرمایەداریی، چالاکییان دژی ڕژێمى شاهانشا دەستپێکرد(٢٥). ئەم ڕێکخراوە لە ئەنجامى یەکگرتنى دوو گروپ پێکهات، کە یەکیان لەلایەن ’’بێژەن جەزەنى“(٢٦)، سەرۆکایەتى دەکراو ئەوی تریان گروپێکى مارکسیى بوون و پێشتر بیروڕایەکى مەزهەبیان هەبوو، لەلایەن ’’مەسعود ئەحمەد زادە“ (1947_1972) ڕێبەرى دەکران(٢٧).
جەزەنى، یەکەمین کەسێک بوو، کە بیرى چەپی ڕادیکاڵی لە ئێراندا فۆرمڵەکرد، لە ڕێگەى پەرتوکێک بە ناوی (جمع بندى مبارزات سی سالە اخیرو تحلیل موقعیت اقتصادى فعلی جامعە/ شرۆڤەی خەباتى سی ساڵەى ڕابردوو، لێکدانەوەى بارودۆخى ئابووریى ئێستاى کۆمەڵگە)، لە پاش ئەویش دوو نامیلکە بە ناوەکانى (بەرخۆدانى چەکدارانە، هەم ستراتیژو هەم تاکتیک(٢٨) و بەرخودانى چەکداریی وەڵامدانەوەیەکى تیۆریى) بڵاوبووەوە، کە دەنگدانەوەیەکى بەهێزى هەبوو لە نێو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەى ئێرانیدا (٢٩).
لەو قۆناغەدا، جەزەنى توانی بەهۆی بیروبۆچونەکانییەوە لایەنگرێکى زۆر کۆبکاتەوە، بۆ هەر کەس و لایەنێک نەخشەڕێیەکى پێشکەشکرد، کە تواناى هەڵگرتنى چەکى هەبێت، چونکە جەزەنى لەو باوەڕەدابوو بێ بوونى چەک، هەرگیز چینایەتیى و بۆرژوازیەتى کۆمپرادۆر لەبەین ناچێت، هەروەها لە ڕێگەى لێکدانەوەی وردو زانستیانەى بۆ مارکسییزم و دۆخى سیاسیی و ئابوورى ئێران، توانی قەیرانى تیۆریی چەپی ئێرانى بەقازانجى بیروڕاکانى خۆی بقۆزێتەوە(٣٠)، لەگەڵ ئەوەشدا چەپەکانى لە بەربەرەکانێى ڕژێمى شا خستەوە پێش هەر ڕەوتێکى سونەتیی، ڕۆحانیی و تەریقەتگەریی ئایینی، هاوکات بوونە سەرمەشقی تەواوى هێزە ڕادیکاڵەکان(٣١).
چریکەکان لەو باوەڕەدابوون ماتەوزەى جەماوەر لەڕێگەى بەگەڕخستنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان جەماوەرو ڕۆشنبیرەکانەوە دەستپێدەکات، بۆ ئەم مەبەستە تیۆریی ماتۆڕی بچوک”ڕووناکبیرو شۆڕشگێڕان”و ماتۆڕی گەورە”جەماوەرى خەڵک”یان دەخستەکار، ئەویش بەو واتایەی ڕووناکبیر دەتوانێت چەوساوەکان بەرەو خەباتی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی ڕێنوێنی ببات(٣٢). هەرچەندە ناکۆکی تیۆریى لە نێوان سەرکردەکاندا هەبوو، چونکە جەزنى پێیوابوو ئێران وڵاتێکى فیوداڵیەو هەنگاوى سەرمایەداریی ناوە، چاکسازیى زەویی، چینى بۆرژوایى کردووەتە پێکهاتەیەکى کۆمەڵایەتیی، کە ئێرانى بە ئیمپریالیزمەوە بەستۆتەوە(٣٣)، بەڵام ئەحمەد زادە لەو باوەڕەدا بوو، کە ئێران وڵاتێکى نیمچە داگیرکراوەو نیمچە فیوداڵە، لەژێر بلۆکى سەرمایەداریدا جیاوازى چینایەتیى قووڵکردووەتەوە، سەرەڕای ئەم جیاوازیانە، هەردوو لا بەرەو یەکگرتن هەنگاویاننا، وەک بزوتنەوەیەکى چەکداریی هەڵقوڵاوى بارودۆخى کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئێران، بێ دەستوەردانى هیچ وڵاتێکى تر هاتە مەیدان(٣٤).
ململانێکانى ڕەوتى چەپی چەکداریی و کۆمۆنیزمى کلاسیکی
جیاوازیی ئەم گروپە لەوەدا بوو، کە بەتوندى هێرشیان دەکردە سەر حیزبی تودە، بەو پێیەى بایەخ بە مەسەلەى جوتیارو کێشەى نەتەوەیی نادات، هەروەها باوەڕەی بە بەرەى نەتەوەیی و کۆمارى دیموکراتیى نییە، بەڵکو دەیەوێت ئەڵتەرناتیڤ بێت، بۆ ئەم ڕێگەیەش خەباتى چەکداریی فیداى تاکتیکی مەدەنیى دەکات (٣٥)، چریکەکانیش لە تێڕوانینى تودەدا جگە لە ئاژاوەچیەکى بێکردار هیچی تر نەبوون، پێیانوابوو، کە ئاڵوگۆڕی دیموکراتى بۆرژوایى بەرەو دیموکراتی نەتەوەیى، هەوڵێکى ترۆتیسکیستیە، ئەویش دوور لەواقیعی ئێرانە(٣٦).
لە ساڵی ١٩٦٨، جەزەنى و گروپەکەى لەسەر دەستی ساواک گورزێکی توندیان بەرکەوت، بەجۆرێک خودی جەزەنی و ئەندامەکانى بە زیندانیکردنی ماوەدرێژ بەندکران. بەڵام دواتر دوو لە هاوڕێکانى هەڵهاتن و ئامادەکارى بۆ یەکگرتنیان لەگەڵ گروپی ئەحمەد زادە دەکەن، پاشان دەستیانکرد بە پەیوەندیکردن بە وڵاتانى دەرەوە بە مەبەستى کڕینى چەک و کۆکردنەوەى هاوکارى دارایی، بەم هۆیەوە لە ساڵى ١٩٦٩ هەردوو گروپ یەکیانگرت و ستراتیژیی خۆیان لەسەر خەباتى چەکداریی دادەمەزرێن و یەکەمین دەستەى خۆیان بەسەرۆکایەتى (ئەحمەد فەرهودى) دەنێرنە شاخ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى چەکداریی ئامادەدەبن(٣٧).
ئەوەى هانى سەرکەوتنى ڕەوتى چەکداریدا، ئاڵۆزیی بارودۆخى ناوخۆیی و دەرەکیی ئێران بوو، سنورى بەرفروانى ئێران لەگەڵ سۆڤیەت، شاى دڕدۆنگ کردبوو لە دەستدرێژیی و پلانگێڕیى سۆڤیەت لە ئێراندا(٣٨)، بەرلەوەش نزیکبوونەوەى شاو سۆڤیەت، ڕێڕەوى سیاسیی و ستراتیژیی چەپەکانى ئێرانى بەلاى ماویزمدا وەرچەرخاند، ئەمانە، بوونە هۆی ئەوەى سیاسەتى شا لەنێوان ١٩٦٥_١٩٧٠، خواستى بەرزکردنەوەى ئاستى پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بگرێتەبەرو هەنگاو بنێت بۆ ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، کە لەدواى هاتنە سەرکارى بەعسییەکان زەمینە ڕەخسابوو(٣٩)، لەم کاتەدا ئەمریکا بۆ ڕوووبەڕووبوونەوى کۆمۆنیزم، سیاسەتیى سەقامگیریى لە ڕۆژهەڵاتدا گرتەبەر، دەیوست ئێرانێکى بەهێزو دۆستى ڕۆژوئاوا دروستبکات(٤٠). هەروەها پاشەکشەى بەریتانیا لە کەنداو سەرقاڵی ئەمریکا بە جەنگى ڤێتنام، ڕۆڵی پۆلیسى هەرێمیی و بریکاری ئیمپریالیزمی دایە ئێران، کاتێکیش ئێران بووە کڕیاری چەکی ئەمریکى، شا هەوڵیدا بە پاڵپشتى هێزەکانى ڕۆژئاوا خۆی نیشانبدات، بۆ ئەم مەبەستە لە ٣ی تشرینى یەکەمى ١٩٧١ سێ دوورگەی (تەنبى گەورە، تەنبى گچکە، ئەبوو مووسا) لەناوچەی کەنداو داگیرکرد(٤١).
لەسەر ئاستى ناوخۆیی، گرتنەبەری سیاسەتیی سەرکوتکردنى هێزە بەرهەڵستکارەکان و ڕێگری لە ئازادیى سیاسیی، خەیاڵى دروستکردنى ئیمپراتۆریەت و تێچوونى سەدان ملیۆن دۆلار لە بۆنەو یادەکانى بنەماڵەکەى، تەواوى هێزى نەیارەکانى تووشی نیگەرانیکرد(٤٢). لە ژێر کاریگەریى گۆڕانکارییە جیهانیی و ئێرانییەکان، بزاڤى چەپی ڕادیکاڵ، کاریگەریى لەسەر جیهانى چەپ پێکهێنا، لە ڕێگەى ئەو لاوە مارکسییانەی، کە پەروەردەى زانکۆکانى تاران بوون و بەهۆی هێرشی ساواک، ناوچەکانى خۆیان جێهێشتبوو، ئەم لاوانە لە ژێر کارتێکردنى بزوتنەوە خوێندکارییەکانى ئێران، کەوتونەتە هەڵسەنگاندنى بارودۆخى کۆمەڵگە و ئاشنابوون بە چەپی نوێی ماویى وەک باوترین ڕێگا، هەندێکی تر کەوتنە خوێندنەوەى بەرهەمەکانى ماو و تیۆریاکانى شەڕی پارتیزانیى(٤٣).
لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخى بنبەستى سیاسیی، زەمینەى گەشەکردنی ڕەوتى پارتیزانیی ڕەخساند، چونکە زۆرینەى شارەکان لە دواکەوتووترین ناوچەکانى ڕۆژهەڵات بوو، لە ڕووی پیشەسازیى و کشتوکاڵ و ئاستی خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە، هەرچەندە ڕیفۆرمى زەویی پێگەی کۆمەڵایەتیى چینى فیوداڵ و دەرەبەگەکانى لەرزاندو دەستى وەرزێرانى تا ڕادەیەک ئاوەڵاکرد، بەڵام گرفتى بژێویى و بێکاریى هێنایە کایەوە، کە بووە هۆی کۆچى بەلێشاویی جوتیاران بۆ شارە گەورەکان(٤٤).
نیگەرانى لە حیزبی تودەو هەڵوێستى نەرێنى سۆڤیەت لە هەمبەر زۆرینەى کێشەکانى کۆمەڵگە، وای لە ڕووناکبیران کرد، زیاتر لە چەپەکانى ئێران بیری ماویزم تیایاندا گەشەبکات، بەم شێوەیە باری دواکەوتوو، خەڵکى خستە سەر ئەو باوەڕەی ڕێگەى ڕزگاریى چەوساوە تەنها شەڕی پارتیزانییە، کە دەبێت دێهاتەکان ببنە داینەمۆو جوتیاران ببنە ناوکى خەباتى چەکدارانە (٤٥).
چریکى فیداییانى خەڵک و نەخشی لە ڕووداوە سیاسییەکان
ئەمانە کاریگەریان لەسەر لاوانى چەپ و مارکسییەکان دانا، بەتایبەت لایەنگرانى چریک، کە بڕیارى ئەنجامدانى کردەوەى چەکداریی لە دەشت و کێوەکان و پاشتر بۆ خەباتى شارەکان، بەم هۆیەوە لە ٨ى شوباتى ١٩٧١ چریک دامەزراو پاشان ئامادەکاریان بۆ شەڕی پارتیزانیی لە دارستانە چڕو ناوچە شاخاوییەکانى گەیلان کرد، چونکە ئەو ناوچەیە سەخت و دژواربوو، تانک و زرێپۆشەکان بە ئاسانی نەیدەگەیشتنێ، سەرەنجام لە ١٩ى شوباتى ١٩٧٠ بە سەرۆکایەتى “حەمید ئەشرەف”(٤٦)، هێرشیان کردە سەر سەربازگەى سیاهکل و بۆ مانگێک دەستیان بەسەرداگرت (٤٧)، بەڵام لە کردەوەیەکی دژدا ، بەهەزاران چەکدارو هێلیکۆپتەر دەوریان گرت و توانیان دوو ئەندامیان بکوژن و ١٣ی تریان لە ١٧ ئازارى ١٩٧١ بە بیانوى دزینى چەک گوللەبارانکرد. هۆکارى سەرەکى ئەم شکستە نائامادەگى و تێکچوونى کاتى هەڵمەتەکە بوو، کە زەبرێکى گەورەى لە چریکەکان داو زۆرینەى ڕێبەرایەتیەکەى لەدەستدا، بەڵام ڕووداوەکە، خاڵی ڕەچەشکێن و دیارترین کردەوەى پراکتیکیى بزوتنەوەی چەپی ئێرانى بوو، کە خەیاڵى چەپڕەویی کردە واقیع و دەنگدانەوەیەکى گەورەى هەبوو، تەنانەت شای لە خەیاڵی دوورگەى ئارام هێنایەدەرو زەمینەى ڕەخساند بۆ خەباتێکى توندوتیژو خوێناویى، پاشانیش متمانەی گێڕایەوە بۆ کۆمەڵگە و ئاستى لاوازی دەزگا داپلۆسێنەرەکانى شای نیشاندا (٤٨).
پاش ئەم شکستە، لە ١٩٧٢ پاشماوەی چریکەکان کۆبوونەوەیەکی نهێنیان لە تاران ڕێکخست و ناوى خۆیاننا (چریکى فیداییانى خەڵک)، جەزەنیش لە زینداندا لەڕێگەى نووسینەکانى چرییکەکانى هاندەدا، ئیدی ئەم ڕێکخراوە لە حەفتاکاندا دەستیان دایە کارى تیرۆرستیى و توانییان لە سەربازگەیەک لە گەڕەکى (قلهک)ى تاران، ژەنەڕال ’’فریسۆ“ى سەرۆکى دادگاى سوپا تیرۆر بکەن، بەم جۆرە لە بڵاوکراوەیەکى ئاژانسى هەواڵگرى ئەمریکادا هاتووە، لە نیسانى ١٩٧١ تا شوباتى ١٩٧٥ ، زیاتر لە ٥٠٠ کەسایەتى بەدەستى چریکەکان تیرۆرکران، لەبەرامبەریشدا، شا لە ١٨ نیسانى ١٩٧٥ بێژەنى جەزەنى لە سێدارەدا (٤٩).
پاش ئەوە، قۆناغی توندوتیژیی و تیرۆرى نهێنی هێزە چەکدارییەکان دەستیپێکرد، هەریەکە لە چریکى فیدایی و موجاهیدنى خەڵک، دەستیاندایە چەند چالاکییەکى وەک: پەیوەندی کردنیان بە کەمپەکانى بەرەى ڕزگاریى فەلەستین و لوبنان، فڕاندنى فڕۆکە، تیرۆری ئەمریکییەکان، تەقاندنەوەى تۆڕی کارەباى تاران و هەوڵی تیرۆرى شا، لەبەرامبەریشدا، شا بەوپەڕی توندوتیژییەوە وەڵامى ئەم کردەوانەی داوەتەوە، زۆرینەى هەوڵەکانى پوچەڵکردووەتەوە، بەم هۆیەشەوە چالاکییەکانى ئەم ڕێکخراوە بەهۆی گرتن و لەسێدارەدانى بەشێک لە ڕێبەرانى لاوازببوو، لەوانە (خەسرەوى گوڵ سروگی و کەرامەتى دانیشیان)، کە دواى دەستگیرکردنیان لە دادگایەکى سەربازیدا، لە ٢١ی کانونى دووەمى ١٩٧٤ گوللەبارانکران، هەروەها لە ٢٩ى حوزەیرانى ١٩٧٦ حەمید ئەشرەف و دە هاوڕێى تری لە ڕووبەڕووبوونەوەى ساواکدا کوژران (٥٠).
لە ناوەڕاستى حەفتاکاندا، ساواک کەوتبووە چاودێرى گروپە چەپەکان، بەم هۆیەوە چریکەکان کەوتنە بەرشاڵاوى تیرۆرکردن و زیندانیکردن، لە ساڵى ١٩٧٧، ٣٤١ ئەندامى چریک لە شەقامەکانى تاراندا کوژراون، کە ١٧٧ یان لە ڕووبەڕووبوونەوەى چەکداریدا بوو، ٩١ کەسی تر لە دادگاییەکى نهێنیدا گوللەبارانکراون، ٤٢ کەس لە زینداندا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەتاوانى کۆمۆنیستى بە ١٥ ساڵ زیندانی سزادراون، بە شێوەیەکى گشتى لە کۆی ٣٠٦ کەس لە کوژراوان و زیندانیان ٢٩١ یان، کە دەکاتە ٩١% لە چینى ڕۆشنبیر ، ٩%یان کرێکاریى ناو کارگەکان بوون، لەو ژمارەیە ٣٩ یان ژن و ١٤ یان نەوەى خانەدان ، ٩یان مامۆستاو دوویان پزیشک بوون (٥١).
بەم شێوەیە، بزاڤى چەپی ڕادیکاڵ لە کۆتایی حەفتاکان، کەوتە قەیرانێکى سیاسیی و ڕێکخراوەیی قووڵ، زۆرینەى ڕێکخراوەکان دەرەتانى چالاکى ئاشکرایان نەما، بەشێک لەمانە بەنهێنى لە نێو کاری ڕێکخستن و شانەى بچووکدا کاریان دەکرد، زۆرینەیان لە زیندانەکانى (عادلئاوای شیراز)دا توندکرابوون، زیندانەکان بوونە ناوەندی خەبات دژ بە ڕژێمى شا (٥٢)، ئەو ئەندامەکانیشی لە زیندانەکاندا کەوتبوونە ڕکابەرى چەپەکانى تر و ئاکارى تایبەت بە خۆیان هەبوو، بەیەک فڵچە ددانیان دەشوشت و یەک خاولیان بۆ کۆمەڵێک بەکاردەهێنا، بەکارهێنانى پێخەفیان بە ژیانى بۆرژوایی دادەنا، بایەخیان بە ژیانى پەروەردەیی و فەلسەفی نەدەدا. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، لە ساڵانى ١٩٧٧_١٩٧٨، نزیکەى ١٠٠ هەزار زیندانى سیاسیی لە ئێراندا هەبوو، لە کاتێکدا سەرچاوە حکومییەکان ژمارەکەیان بە ٣_٤ هەزار دەخەمڵاند، بەڵام ڕاپۆرتى لیژنەى مافی مرۆڤى نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتى دژە کۆمۆنیستیدا، ئاماژەی بەوەداوە، کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بە تاوانى جیاجیا، کە زۆرینەیان چەپ و مارکسیین لەلایەن ساواکەوە گیراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەى دژە مرۆیی بوونەتەوە (٥٣).
ئەنجام
لەسەرەتاى شەستەکاندا لەئێران چەند گۆڕانکارییەک ڕوویدا، کە کاریگەریى تەواویان لەسەر هەلومەرجى سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە هەبوو، لەسەر ئاستى ناوخۆ محەمەد ڕەزاشا بەرنامەی (شۆڕشی سپی) ڕاگەیاند، لەسەر ئاستى دەرەکى بەهۆی دروستبوونى ململانێی سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکانى نێوان چین و سۆڤیەت، ئاڕاستەى چەپڕەویى گۆڕانى بەسەردا هات، بەم هۆیەوە بزوتنەوەى چەپ چووە سەر شێوەى خەباتى ڕادیکاڵ و توندوتیژی چەکداریی، بەهۆی کارتێکردنى ڕێبازى ماویزم بەشێک لە چەپەکانى ئێران بوونەتە لایەنگرى ئەو ڕێبازە، لەم قۆناغەدا چەند بزوتنەوەیەکى مارکسیی بە ناوەڕۆکى پارتیزانیی پێکهات، کە دیاترینیان ڕێکخراوى چریکى فیدایی خەڵکى ئێران بوو، ئەم ڕێکخراوە وەک بزوتنەوەیەکى چەکداریی ڕێگەى خەباتى پارتیزانیى گرتووەتە بەر.
چریکی فیداییانى خەڵک، وەک هێزێکى چەپئاژۆی توندڕەوو بە ئەزموونى سەردەمى شاهانشاهیی، کە بە ئایدۆلۆژیایەکى هاوچەرخ و پێشکەوتووخواز، هاتووەتە نێو گۆڕەپانى سیاسیی ئێران، بەڵام لە ئەنجامى لاوازى ناوەندگەرایی ڕێکخراوەکەو نەبوونى بەرنامەیەکى چەسپاو، هاوکات خۆ هەڵقورتاندن لە بەشی زۆری ڕووداوەکان، زیاتر لە هەر ڕێکخراوێکى تر ڕووبەڕووی لێکترازان و داکشان بووەتەوە، هەر بۆیە مامەڵەی نادروستى ڕێبەرایەتییەکەى و وەرگێڕانى نازانستیانەى مارکسیزم و داکۆکیکردن لە دروشمەکانى یەکێتى خاکى ئێران، بووە هۆی دابەشبوونى ڕێکخراوەکە.
سەرچاوەکان
- فرد هالیدى: السیاسە السوڤیتیە فی قوس الازمە، ت. عزیز الرزاز، مؤسسە ابحاث العربیە، لبنان، ب.س، ص95.
- د. فوزیە صابر محەمەد: بەرهەڵستکارانى ئێران دژ بە ڕژێمى شا (1963_1971)، ڕۆشنبیرى نوێ (گۆڤار)، ژ.(147)، ساڵی 2001، ل57.
- ئەندامانى بزوتنەوەى بەرگریى نیشتمانیى پێکهاتبوو لە: (حیزبی ئێران، مەردومى ئێران، حیزبی میللى ئێران، حیزبی زەحمەتکێشانى میللى ئێران، بزوتنەوەى ئازادى ئێران، هێزى سێیەم…هتد). بڕوانە: (محمد صمدى: نهضت مقاومت ملی، چ2، مطبعە نیگا، تهران، 1382، ص205_275).
- بزوتنەوەیی ئازادیى ئێران: ساڵى 1961 بە سەرۆکایەتى (مەهدى بازرگان) پێکهات، ئەم بزوتنەوەیە بە پشت بەستن بە بنەماکانى ئیسلام، لیبرالیی بوونى خۆی ڕاگەیاند. بڕوانە: (وحید میرزادە: تداوم حیات سیاسیی در اختناق تاریخ شفاهى نهضت مقاومت ملى، تهران، 1379، ص43_92)
- بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: (د.وەلید مەحمود عبدونناسر: هەڵکشان و داکشانى تەوژمى ئیسلامیی پێشکەوتوخوازیی لە ئێران 1965_1981، و. بەرزانى مەلا تەها، چ1، چاپخانەى بیناى، سلێمانى، 2013، ل19_47).
- د. علی الشریعتى: بناء الذات الثورە، ت. ابراهیم الدسوقی شتا، ط2، دار للامیر للثقافە و العلوم ش.م.م و مۆسسە النشر اثار، النجف، 2005، 16_82.
- محمد کامل محمد عبدالرحمن: الفلاح ایرانى فی عهد البهلوى (1925_1979)، دراسە تاریخیە، (دکتورا)، کلیە الاداب، جامعە بغداد، 1991، ێ210.
- باقر مومنى: مسالە ارض و جنگ طبقاتى در ایران، نشر پیوندە، تهران، ب.ت، ص493 ؛ د.سعید برزین: م.پ، ص332.
- ڕەحمان ئەمیری: مێژووی بزاڤی خوێندکاری لە ئێراندا 1953_1999، چاپ و بڵاوکردنی، کۆمیتەی ڕاگەیاندن، چاپەمەنی یەکێتی خوێندکارانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 2012، ل 38.
- طلال مجزوب: ایران فی الثورە الدستوریە حتى الثورە الایرانیە ( 1906_1979)، ط1، بیروت، 1980، ص45.
- یاسین خالید سردشتى: العوامل الاساسیە فی اندلاع الثورە و سقوط النظام الشاهنشاهی فی ایران 1979، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان، ژ.(9)، 2016، ص496_497.
- ماوسی تۆنگ: لە 26ى کانونى یەکەمى 1893 لە هەرێمی هۆنان لەدایکبووە، لە 1923 بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی چین، دواتر بووەتە کەسی یەکەمى ئەو حیزبە، چەند تیۆریایەکى نوێی دانا، لە گرنگترینیان: (گواستنەوەی شۆڕش لە لادێ وە بۆ شارەکان، تێکەڵاوی مارکس، ناسیۆینالیزم، کۆمونیزم…هتد)، ماو لە 1949 دا کۆماری چینی دامەزراند، لە 9 ئەیلولی 1979 کۆچی دوایکردووە، بڕوانە: (ئەردەڵان عەبدوڵڵا: چین زلهێزی نوێی جیهان، چ1، چاپخانەی ئاراس، کوردستان، هەولێر،2010، ل115_139).
- شۆڕشی کەلتوریی چین: پڕۆژەیەکى سیاسیی_ئابووریى_پەروەردەیی_کەلتوریى بوو، لە 16 ئایاری 1966 بەسەرۆکایەتى ماوتسی تۆنگ دەستیپێکرد، بەمەبەستى دروستکردنەوەى تاکى نوێ لەسەر بنەماکانى پەروەردەیى ماوییزم، لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگەیەکى بێ چین، یەکسان بەرهەمبهێنێت. بڕوانە: (دێڤید پیترۆز: شۆڕشی کولتوریی چین، و. هەژار ڕەحیمى، چ2، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، هەولێر، ل35_49).
- رمزى براند: مارکسزم ماویی در چین، چ5، چ2، ب.ج ، 1362، ص34.
- یاسین سەردەشتى: خوێندنەوەیەکى مێژوویی جووڵانەوە چەکدارییەکەى کوردستانى ئێران، ل38،39.
- کولن دامس: نخش ماوى در ایران، ت.نادر صوفی، چ2، انتشارات باز، تهران، 1387، ێ275.
- سازمان مجاهدین خلق ایران پیدایی تا فرجام (1344_1384)، مۆسسە مطالعات پژوهشهای سیاسى، ب.ت، ص217_218.
- وفاء عبدالمهدى ڕاشد الشمری: التطورات السیاسییە الداخلیە فی ایران 1964_1979، ڕسالە ماجستیر (غیر منشورە)، قسم تاریخ، کلیە التربیە، الجامعە المستنصریە، 2006، ص115.
- امیر پرویز پویان: ضرورت مبارزە مسلحانە در تئوری بقاء، انتشارات سازمان چریکهاى فیدائی خلق، تهران، 1349، ص51_52.
- ڕەحمان ئەمیری (ئامادەکردن): مێژووی بزاڤی خوێندکاری لە ئێراندا 1953_1999، چاپ و بڵاوکردنی، کۆمیتەی ڕاگەیاندن چاپەمەنی یەکێتی خوێندکارانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 2012، ل36_38.
- سازمانى مجاهیدنى خەلق (دۆسێ ئاڵۆزەکەى شیعە لە عێراق)، DIPLOMATIC (گۆڤار)، ژ.(1)، حوزەیرانى، 2012، ل79.
- رێکخراوی موجاهیدینى خەڵکی ئێران: ساڵى 1965 لەلایەن (محەمەد حەنیف نەژاد، محەمەد سەعید موحسین، عبدی نیکبین)، لەسەر پاشماوەى حیزبی ئازادیى ئێران دامەزرا، ئەم ڕێکخراوە بە سود بینین لە فەلسەفەى مارکسیی_لینینیى ڕێبازى ماویی، کارنامەى زانستیی و تیۆریى داڕشت، هەروەها یەکەمین ڕێکخراوى سیاسیی بوون، کە بە ناوەڕۆکێکى (ئیسلامى مارکسیى_نەتەویی)، ئەم ڕێکخراوە لەلایەن (عبدی نیک بین) یەکەمین شانەى چەکداریی پێکهێنا، بوونە بەهێزترین ڕێکخراوی بەرهەڵستکار لە شەستاکاندا. بڕوانە: (مسعود ڕجوى: اموزشهاى ایدولوژیکى مجاهدین، انتشارات سازمان مجاهدین خلق ایران، تیرو مرداد 1393، ص23_94).
- تەوفان: لە 16 تەموزى 1967 لە ژێر کاریگەریی ڕێبازى ماوییزم لەلایەن: (ئەحمەد قاسمى، د.غولام محسین فروتن، عەباس سەباغیان) دامەزراوە، بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە: (چپ در ایران: شمارە گزارش: 12/10/45_ 2409/20/ه1، موضوع: وضع انشعاب کمیتە مرکزى حزب منحلە تودە در خارج از کشور، 12/10/1345).
- انچە در خرمشهر گژشت، تحلیلی در وقایع خونین خورمشهر، انتشارات سازمان انقلابی، خرداد 1358، ص22_60.
* لە فەرهەنگى سیاسیی چەپ و کۆمۆنیزم لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە ناوى (چریکی فیدایی خەڵکى ئێران) ناسراوە.
- سید جلال الدین مدنى: تاریخ سیاسیی معاصر ایران، ج2، دفتر اتشارات اسلامى، قم، 1361، ص112.
- بێژەن جەزەنى: ساڵى 1935 لەدایک بووە، لە سەرەتاوە ئەندامى حیزبی تودە دواتر بەرەى نیشتمانیی بووە، پاشان خۆی تەرخانکرد بۆ ڕامان لە کاری تیۆریى فیکرییدا، هەروەها لەگەڵ چەند خوێندکارێکى زانکۆی تاراندا گروپێک دروستدەکەن، بەڵام بە ئاشکرابوونى لە هەڵمەتێکی ساواکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانى گیرا، لە 18 نیسانى 1974 لە سێدارەدرا. بڕوانە: محمد حسین خسرو پناە: زندگى و فعالیت بیژن جزنى، نگاە نو (گۆڤار)، شمارە (11)، دورە جدید، 11 بهمن 1381.
- محمود نادرى: چریک هاى فیدایی خلق، از نخستین کنش ها بهمن 1375، چ1، جلد 1، مۆسسە مطالعات و پژوهشهاى سیاسیی، تهران، 1390، ص29.
- بۆ بینینى ئەم نامیلکەیە، بڕوانە: مسعود احمد زادە: مبارزە مسلحانە هم استراتژی هم تاکتیک، چریکهاى فیدائی خلق ایران، 1359، 31_64.
- بڕوانە: امیر پرویز پویان: چرورت مبارزە مسلحانەو ڕد تئورى بقا، انتشارات سازمان چریک هاى فیدایی، 1349، ص10_39.
- بیژن جزنى: تحلیل موقعیت نیرروهاى انقلابی در ایران، با نڤام دو مقالە دربارە وظائف اساسی مارکسیست – لینینستها در مرحلە کنونى ڕشد جنبش کمونیستى ایران، سازمان چریک هاى فیدایی خلق ایران، ب.ت، ص12_15.
- بیژن جزنى: گرح جامعە شناسی مبانى استراتژیک جنبش انقلابی خلق ایران، انتشارات مازیار، تهران، 1358، ص112_151.
- مسعود احمد زادە: م.س، ێ78،79،80 ، گروە شهر تئوریک و زنگى نامە 9 چریک، م.پ، ص54_60.
- بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە: نبرد با دیکتاتورى شاە، انتشارات سازمان چریک هاى فیدایی خلق، ب.ج، 1357، ێ4_21، 32_69.
- محمد احمد السامرائی: الاحزاب و الحرکات السیاسییە فی ایران 1950_1978، ڕسالە ماجستیر( غیر منشورە)، المعهد العالی للدراسە القومیە و الاشتراکیە، الجامعە المستنصریە، 1980، ص165.
- جبهە واحدە چد دکتاتوری و دارو دستە حزب، سازمان چریکهاى فیدائی خلق ایران، انتشارات سازمان چریکى فیدائییان خلق ایران، 1357، ص12_42.
- شایەنى ئاماژەیە، ترۆتیسکى لەو باوەڕەدایە کە شۆڕشی بۆرژوازیی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا ڕوونادات، بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە: (د.فەوزیە صابر محمد: بەرهەڵستکارانى ئێران دژ ڕژێمى شا (1961_1973)، ب2، ڕۆشنبیرى نوێ (گۆڤار)، ژ.(149)، ساڵى 2003، ل25.
- ایرج واحد پور: ادعانامە دادستانى ڕژیم اسلامى علیە چپ، سوسیالیسم و مارکسیسم، عێر نو، 2009، ص2.
- عەبباس ممیلانى: مەتڵۆکەى هوەیدا، و.عەبدوڵڵا حەسەن زادە، چ2، بەڕێوەبەرایەتى خانەى وەرگێڕان، چاپخانەى شڤان، 2011، ل208.
- مارک .ج. گازیوریسگى: سیاست خارجى امریکا و شاە، ت. جمشید زنگنە، چ1، انتشار ڕسا، تهران، 1371، ص350_389.
- هاوار کەمال میرزا عەبدوڵڵا: سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لەسەردەمى ئیدارەى جیمى کارتەردا(1977_1981)، چاپخانەی کەمال، سلێمانى، 2013، ل33_34.
- احمد طاهر: العلاقات الخلیجیە الایرانیە نظرە مستقبلیە، السیاسە الدولیە (نشریە)، مرکز السیاسە للدراسات الاستراتتیجیە، ععد (146)، اکتبر 2001، ص111_112.
- تییزى کوڤیل: ایران الپورە الخفیە، ت. د.ا. خلیل احمد خلیل، ط1، دار الفارابی، بیروت، 2008، ص49_64.
- د.یاسین سەردەشتى: خوێندنەوەیەکى مێژوویی جوڵانەوەى چەکدارییەکەى کوردستانى ئێران، ل23.
- کەریمى حسامى: بیرەوەرییەکانم، ب3، ل103.
- وتووێژ لەگەڵ عەلی کەریمی، کوردو بیرۆکەی چەپ (2_3)، ڕۆژنامە، ژ64،، 20/9/2007.
- حەمید ئەشرەف: لە ساڵی 1946 لە تاران لە دایکبووە، لە ساڵى 1968 پەیوەندى دەکات بە گروپی جەزەنى_زەریفی یەوە، لەدواى دەستگیرکردنى جەزەنى، بووە بەرپرسی ڕێکخراوەکە، لە ساڵى 1971 سەرۆکایەتى جوڵانەوەى سیاهکل دەکات، لە 29 حوزەیرانى 1975 لە هەڵمەتێکى پلان بۆ دارێژراوى ساواکدا لەگەڵ 8 کەس لە هاوڕێکانى کوژران. بڕوانە: تیمور پیروانى: حمید اشرف امیزەى سرود و فلز، چ1، نشر الترناتیو، مرداد 1390، ص8_21.
- سیاهکل: ناوچەیەکى شاخاویە لە باشووری شارى گەیلان هەڵکەوتووە، بڕوانە: محمود نادرى: چریک هاى فیدایی خلق، جلد1، ص190_195.
- چپ در ایران بروایت اسناد ساواک، مرکز بررسی اسناد تاریخى وزارت اظلاعات، وزارت اطلاعات تهران، 1380، ص5.
- مروری بر تاریخچە سازمان، از سیاهکل تا کنفرانس دهم سازمان (1358)، انتشارات سازمان چریکى فیدایی خلق، ب.ت، ص 11.
- جێرمیا گۆلکا و ئەوانى تر: موجاهیدنى خەڵک لە عێراق گرێکوێرەى سیاسەت، و.لە ئینگلیزیەوە لەیلا حامید، چ1، دەزگاى چاپ و بڵاوکرادنەوەى ئاراس، 2011، هەولێر، 2011، ل58_59.
- یرواند ابراهامییان: م.پ، ێ442_443.
- اشرف دهقانى: غزال سرخ ما، بە یاد گرامى چریک فدائی خلق، ڕفیق پری (غزال) ایتى، ب.ج، فرودین ماە 1364، ص32_47.
- مارفن ام. زونیس: م.س، ص25_27.