هۆكار و ڕەنگدانەوەی رێككەوتنی ئێران ـ سعودیە بە نێوەندگیریی چین
توێژەر: هەڤاڵ ئازاد محی الدین
بەرایی
هەریەک لە ئێران و سعودییە بە دوو لە گرنگترین دەوڵەتەکانی ناوچەکە دادەنرێن، کە ئێران ڕابەرایەتی جیهانی شیعە و سعودییەش جیهانی سووننەی ناوچەکە دەکەن. کاتێک کە لە پەیوەدنییەکانی نێوان ئەم دوو هێزە دەکۆڵینەوە دەبین بە چەندین قۆناغی مێژوویی گرنگدا گوزەردەکەن، کە هەندێک جار پەیوەندی دۆستانەیان هەبووە، هەندێک جاریش ئاستەنگ بۆ پەیوەندییەکان دروستبووە و تەنانەت نزیکبوونەوە لە ئاستی جەنگی ڕاستەوخۆ و جەنگی بەوەکالەت. سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لەو پێشهاتانەن کە کاریگەریان هەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوانیان. بەڵام لە ئازاری ٢٠٢٣ دا بە نیوەندگیری چین هەر دوو وڵات پەیماننامەیەکیان واژۆ کرد بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان کە پێدەچێت ئەو پەیماننامەیە کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک پرسی و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی بەحرێن، سووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن هەبێت. لەم باسەدا هەوڵ دەدرێت تیشک بخرێتە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و پەیماننامەی پەکینی ٢٠٢٣ و هۆکار و لێکەوتەکانی ئەو پەیماننامەیە لەسەر ناوچەکە.
کورتەیەک لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران – سعودیە
بێگومان کاتێک بمانەوێت باسی پەیماننامەی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوەی دوو وڵاتی ئیسلامی مەزهەب جیاوازی گرنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران-عەرەبستانی سعودیە) بکەین ئەوا سەرەتا پێویستە گەشتێکی کورتی مێژووی بەناو پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا بکەین کە تاڕادەیەکی باش یارمەتی دەردەبێت بۆ تێگەشتن لە پەیوەندییەکان، ئاڵۆزییەکان، لێکنزیکبوون و ڕێککەوتنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە. وەک زانراوە لە ڕووی میژووییەوە ئێران خاوەنی قووڵاییەکی مێژوویە، بەڵام ئەو خاکەی کە پێی دەوترێت عەرەبستانی سعودیە مێژووەکەی سەد ساڵ تێناپەڕێت و ئێستا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەشێکبوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەو ئیمپراتۆریەتەوە بەڕێوەدەبرا. بەڵام بەهۆکاری لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بە دیاریکراوی لە دوای شکستهێنانی لە جەنگی جیهانی یەکەم لە هەناوی ئەم ئیمپراتۆریەتەدا چەندین دەوڵەتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبوون، کە بێگومان عەرەبستانی سعودیە یەکێک بوو لەو دەوڵەتانە. ئەگەرچی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم خێزانی بن سعود ڕاستەوخۆ نەیانتوانی دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام لە دوای جەندین ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ شەریفی مەککە حوسەین لە کۆتاییەکانی ١٩٢٥ توانیان سەرکەون بەسەر شەریفی مەککەدا و عبدالعزیز بن سعود بوو بە پاشای حیجاز و سوڵتانی نەجد و لە ساڵی ١٩٣٢ دا دەوڵەتەکەیان ناونا عەرەبستانی سعودیە. 1
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودییە لە سەروبەندی دامەزرانی دەوڵەتی نوێی سعودییەدا، ئەگەرچی بە هۆکاری جیاوازی مەزهەبی هەندێک جار لە ململانێدابوون، بەڵام ئەم ململانێیە هیچ کاتێک نەگەیشتووەتە ئاستی جەنگ، بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نیوان هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی ئاسایی بووە، بۆ یەکەمجار ڕەزا شای ئێران بە مەبەستی نییەت پاکی و درووستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی و سیاسی لەگەڵ کاربەدەستانی سعودییە هەستا بە دامەزرانی حەبیبوڵڵا خان کوڤەیدا وەک نوێنەری دیبلۆماسی ئێران لە حیجاز و نەجد، دوابەدوا ئەم دەستپێشخەرییەی ئێران یەکەمین پەیماننامەی دۆستایەتی لە ئابی ١٩٢٩ لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە تارانی پایتەختی ئێران واژۆ کرا. کە ئەمەش دەرفەتێکی باشبوو بۆ بەرەوپێشەوە چوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی بازرگانییەوە. پەیوەندی نێوان ئێران و سعودیە بەم شێوەیە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ١٩٤٣ کاتێک کە حکومەتی سعودییە حاجییەکی ئێرانی بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە شوێنە پیرۆزەکانی سعودیە دەستگیر کرد و دواتر ڕووبەڕووی سزای لە سێدارەدانی کردەوە، دوا بەدوای ئەم ڕووداوە ئێران هەستا بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سعودییەدا. 2 بەڵام دوای دوو ساڵ بە دەستپێشخەری سعودیە و ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ محەمەد ڕەزا شا جارێکی تر پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و سعودییە ئاسایی بوونەوە. ئەگەرچی دامەزراندنی پاکتی بەغداد تا ڕادەیەک گرژی خستە نێوان پەیوەندییەکانی نیوان هەر دوو وڵات، بەڵام گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە وەک دامەزرانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت (OPEC) لە ١٤ ئەیلولی ١٩٦٠ و هەڵکشانی هەستی نەتەوەخوازیی عەرەبی بەتایبەت ناسرچێتی لە جیهانی عەرەبیدا هۆکارێکی تەواو قایل کەربوون بۆ ئەوەی ئێران و عەرەبستانی سعودییە پەیوەندییەکانیان زیاتر گەشەپێبدەن. 3چونکە لە لایەک وەک نیۆ لیبڕالەکان پێیان وایە ڕکخراوە نێودەوڵەتییەکان کارئاسانی دەکەن بۆ ڕێککەوتنی وڵاتان و دەکرێت ڕیککەوتن لە بوارێک بگوازرێتەوە بۆ بوارێکی تر و ببێتە هۆکار بۆ بەرەو پێشچوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەتان کە بێگومان ڕێکخراوی ئۆپیکیش تاڕادەیەک ئەم کارەی کردووە،4 هەروەها هەستی نەتەوایەتی عەرەبی ناسرچێتی مەترسییەکی گەورەبوو بۆسەر هەردوو وڵات. چونکە وەک دەزانرێت جەمال عبدالناسر چاوی لەوە بوو چەند وڵاتی عەرەبی یەک بگرن و کۆمارێکی بەهێز دروست بکات بۆ ئەم مەبەستەش ڕژێمە پاشاییەتییەکانی ناوچەکەی کردبووە ئامانج. 5 بێگومان بەدیهێنانی ئامانجەکانی جەمال عبدالناسر دەبووە هۆکاری تێکشکاندنی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا وەک ڕییالیستەکان پێیان وایە کە هاوسەنگی هێز تێکشکا ئاسایشی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییە و وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگێکی حەتمی نزیک دەبنەوە کە بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی عەرەبستانی سعودیە و ئێران نییە بە تایبەت ئەگەر بیر بکەینەوە کە فارس یەکێکە لەو نەتەوانەی غەیرە عەرەبن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 6 یەکێکی تر لەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵی هەبوو لە درووستکردن و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندییەکانی ئێران و عەرەبستانی سعودییەدا بێگومان فاکتەری ئایدۆلۆژیا بوو کە ئەویش لە ئاستی هەرێمی وەستانەوە دژ بە ئایدۆلۆژیای بەعس لە عێراق و سۆسیالیستی لە یەمەن، لە ئاستی نێودەوڵەتیش ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی یەکێتی سۆڤیەت بوو کە هەم ئێران هەمیش سعودیە دژی ئەو ئایدۆلۆژیایە بوون و ناچاربوون بخزێنە نێو بلۆکی ڕۆژئاواوە و ببن بە دوو هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. 7 لەگەڵ ئەمانەش گرنگە ئاماژە بەوە بدرێت کە لەگەڵ دۆزینەوەی یەدەکی نەوتی لە کەنداوی عەرەبی بەتایبەتی لە کەنداوی بەسرە سەرەتایەک دەبێت بۆ ئاڵۆزییەکانی نیوان ئێران و سعودییە. 8بەڵام لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە ڕوو لە داکشان دەکات و کاریگەری ئەو داکشانە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا. چونکە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جارێکی تر کێشە و ناکۆکی نێوان شیعە و سووننەی لە ناوجەکەدا زیندوو دەکردەوە و عەرەبستانی سعودیە پێیوابوو کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی سیستەمی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 9 بە تایبەتی کاتیک کە ئێران سیستەمی سیاسی و بەڕیوەبردنی وڵاتی بە تەوای گۆڕی و پێکهاتە و دید و بۆچوونی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی خۆی جارێکی تر لە چوارچێوەیەکی ئیسلامیی شیعەگەرایدا داڕشتەوە. لە هەمووی مەترسیدار تر بۆ جیهانی ئیسلامیی بە گشتی و بۆ عەرەبستانی سعودیە بەتایبەتی بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی هەبوو بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کە ئەمەش مایەی نیگەرانی وڵاتانی تر بوون بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی شیعە مەزهەب بوون کە بێگومان عەرەبستانی سعودیە یەکێک بوو لەو وڵاتانە. ئێران ئامانجی بوو لە ڕێگەی هەنارەکردنی شۆڕشەوە خودی خومەینی وەک ڕابەری باڵای هەموو جیهانی ئیسلامیی بناسێنێت. 10لە هەمانکاتدا ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی دەکرد کە دژی دەسەڵاتی زۆرداری وڵاتەکانیان ببن و شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بکەن بە نموونە بۆ خۆیان بۆ ڕوخانی حوکمی زۆرداری وڵاتەکانیان، بێگومان سعودییە ئەم بانگەشانەی ئێرانی بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەبینی و پێیوابوو کە ئێران لە ڕیگەی هاندانی کەمینە شیعەکانەوە دەیەوێت کە ڕاپەڕین لە وڵاتانی ناوجەکەدا درووست بکات هەر بۆیە بە توندی لە دژی دەوەستایەوە. 11هەربۆیە ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کێشە کەوتە نێوان ئێران و عێراق و جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان توانی کۆتایی بە بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش تاڕادەیەک بهێنێت. جیگەی باسە لەم جەنگەدا لەبەر مەترسییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بیرۆکەی هەناردەکرندی شۆڕش زۆرێک لە وڵاتانی تری عەرەبی بەتایبەت عەرەبستانی سعودییە هاوکاری عێراق بوون بە مەبەستی خامۆشکردنی بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ ناوچەکانی تر.12 لە لایەکی ترەوە عەرەبستانی سعودییە دەیویست لە ڕیگەی هاوکاریکردنی عێراقەوە گەمارۆی ئێران بدات، هەروەها بە زیادکردنی ڕیژەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و دابەزاندنی نرخی نەوت دەیویست پێگەی ئابووری ئێران لاواز بکات.13 هەروەها بیردۆزی (ویلایەتی فەقیە) حوکمی فەقیهیش یەکێکی تربوو لەو بنەمایانەی کە شۆڕشی ئسلامیی ئێران لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە ڕەوایەتی دەدا بە شۆڕش، جێگای نیگەرانی وڵاتانی تر بوو بە تایبەت عەرەبستانی سعودییە. 14هەروەها دەستوری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو مافەیشی دابوو بە دەوڵەت کە پارێزگاری لە تەواوی جیهانی ئیسلامیی بکات. کە ئەمەش ڕەوایەتی دەدات بە ئێران تاکو بتوانێت لەژێر ناونیشانی پارێزگاریکردن لە جیهانی ئیسلامیی هاووڵاتیانی شیعەی وڵاتانی تر بەکاربێنێت تاکو پێگە و نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات.(15) هەر بۆیە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی لەم جۆرە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێگەی نیگەرانی عەرەبستانی سعودییە، چونکە وەک دەزانرێت لە %١٠ دانیشتوانی سعودییە شیعە مەزهەبن کە کە دەکەونە بەشی ڕۆژهەڵاتی عەرەبستانی سعودییە و ناوچەیەکی ستراتیجی نزیک لە ئێرانە گرنگی ئەم ناوجەیە بەتەنها کورت نابێتەوە لە لایەنی ستراتیجی و ئاسایش بەڵکو ناوچەیەکی دەوڵەمەندیشە بە نەوت. بۆیە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی شا و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و عەرەبستانی سعودییە توشی قەیران دەبێت. بەڵام لەبەرئەوەی عەرەبستانی سعودییە وڵاتێکی عەرەبییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتی دۆزینەوەی هاوپەیمانی زیاترە وەک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێجەوانەوە ئێران لەبەرئەوەی یەکێکە لەو دوو وڵاتە غەیر عەرەبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوا بۆ هاوسەنگکردنی هێزی سعودییە هەمیشە دوچاری گرفت بۆتەوە لە دۆزینەوەی هاوپەیمانی هەرێمی بەتایبەت ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە لەگەڵ ئەوەی ئێران وڵاتێکی نا عەرەبی ناوچەکەیە لەهەمان کاتدا ئاینزاکەیشی هۆکارێکە بۆ ئاڵنگارییەکانی ئێران لە دۆزینەوەی هاوپەیمانیدا. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچارە لە ڕێگەی شیعەگەراییەوە بیر لە بەکارهێنانی شیعەکانی وڵاتانی تر و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس بکاتەوە بۆ زیاترکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی و تا ڕادەیەک هاوسەنگ کردنی هێزی عەرەبستانی سعودییە بە تایبەتی شیعەکانی سووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن و بەحرێن. 16بێگومان هەوڵدانی ئێران بۆ نزیکبوونەوە و بەکارهێنانی گرووپە شیعەکانی وڵاتانی ناوچەکە و هەولەکانی سعودییە بۆ زیادکردنی هاوپەیمانی تر و دامەزراندنی کۆمکاری یەکێتی وڵاتانی کەنداو لە ساڵی ١٩٨١17 و بەکارهێنانی کۆمکاری عەرەبی لە دژی هەوڵەکانی ئێران یەکێکن لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی قووڵبوونەوەی جەنگی ناوخۆی سووریا و جەنگی ناوخۆی یەمەن و قەیرانی قەتەر، کە بەڕوونی کاریگەری ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەبینرێت لە هەریەک لەو قەیرانانەدا. 18 بێگومان ئەم ململانێیەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە و جەنگە وەکالەتەکانیان دەگاتە ئاستی ئەوەی کە هەموو جۆرە پەیوەندییەک لە نێوانیاندا بپچڕیت و تەنانەت باڵوێزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر دابخەن. بەتایبەت لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕی بەهاری عەرەبی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە سیاسەتی دژ بەیەک بەرامبەر ئەم ڕاپەڕینانە پەیڕەو دەکەن و ئێران لە لایەن هاوکاری حکومەتی بەشار ئەسەد دەکات و لە لایەک هاوکاری گرووپەکانی سەربە ئێرانی دەکرد لە یەمەن هەرچی عەرەبستانی سعودییەیە بە پێچەوانەی ئێرانەوە لە سووریا پشتیوانی گرووپەکانی دژ بە بەشار ئەسەدی دەکرد و لە لایەکی تریشەو هاوکاری حکومەتی یەمەنی دەکرد لە دژی گرووپەکانی سەر بە ئێران،19 هەر بۆیە لە قەیرانی یەمەندا هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئێران سعودییە کۆتایی دێت و تەنانەت دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ حکومەتی سعودییە بە تۆمەتی تیرۆر هەڵدەستێت بە لە سێدارەدانی کەسایەتی دیاری شیعە شێخ نەمر ئەلنەمر وەک ناڕەزایەتی و کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم کارەی سعودییە لە ئێران دەست دەکریت بە خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران هەڵدەکوتنە سەر کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە تاران و مەشهەد و ئاگری تێبەردەدەن. 20
ڕێککەوتنی نێوان ئێران و چین
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە بەچەندین قۆناغی هەڵبەز و دابەزدا تێپەڕیوە و بێگومان کۆمەڵێک فاکتەری هەرێمی و نیودەوڵەتیش هۆکار بوون هەم لە نزیکبوونەوەی ئەم دوو وڵاتە و هەمیش لەیەک دوورکەوتنەوەیان. ئەگەر ئێمە بمانەوێت باسێکی درووست سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە بکەین ئەوا باشتر وایە کە ئاماژە بدەین بەو ڕێککەوتنەی ساڵی ١٩٩٨ی نێوان ئێران و سعودیە کە زیاتر لە بواری بازرگانی و پەروەردە و کولتووردا بوو، گرنگە ئاماژە بدرێت بە ڕێککەوتنی ئاسایشی ساڵی ٢٠٠١ی نێوان ئێران و سعودییە. وەک زانراوە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانییەوە بۆ یەکەمجار وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران محەمەد خاتەمی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ یەکەمجار وەک سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودییە کە ئەمەش دەستپێکێکی باش بوو بۆ دووبارە بوونیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، دواتر ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەی ئاسایش لە نیسانی ٢٠٠١ دا. جێگەی ئاماژەیە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی ٢٠٠١ دا هەر دوو وڵات ڕایانگەیاند کە لە کێشە نێوخۆییەکان و قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و چاودێری کردنی سنوورەکان و بەڕێوەبردنی ئاو و مەسەلە هەرێمییەکان هاوکاری یەکتر دەبن. هەروەها دوای هێرشی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە و تا ڕادەیەک ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نیوان عەرەبستانی سعودییەو ئەمریکا و نزیکبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ئێران، وای کرد کە هەر یەک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە زیاتر لێک نزیک ببنەوە گەشە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن. دوابەدوای ئەم پێشهاتانە سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودییەو لە گەڵ شای سعودییە شا عبداللەدا کۆبوویەوە، بەم شێوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە جێگری مایەوە هەتا سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی. وەک لە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی خاڵی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودییە. بەهۆکاری جیاوازی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات و قووڵبوونەوەی جیاوازی مەزهەبی جارێکی تر پەیوەندییەکانی ئێران و سعودییە ڕووی لەئاڵۆزبوون کردەوە.(21) بەم شێوەیە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران سعودییە بەردەوام بوو هەتا ساڵی ٢٠٢١ کاتێک کە سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی ڕایگەیاند عێران و سعودییە دوو هاوبەشی گرنگی ئابوورین، ئەم دەربڕینەی کازمی هاندەرێکی باش بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق و عومان ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و سعودییە. هەربۆیە دوا بە دوای لێدوانەکەی کازمی کاربەدەستانی باڵای ئێران و سعودییە بە هاوکاری عێراق دەستیان کرد بە کۆبوونەوە و بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن. دوا بە دوای ئەم کۆبوونەوانە و هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق و عومان هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و سعودییە بۆ یەکەم جار لە دووەم کۆنفرانسی یەکێتی و هاوبەشێتی بەغداد لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دا لە ئوردن کۆبوونەوە. 22 لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانەو دوای نزیکەی دوو ساڵ کۆبوونەوەی کاربەدەستانی باڵای ئێران و سعودییە لە ١٠ ئازاری ٢٠١٣ دا بە نیوەندگیری وڵاتی چین کاربەدەستانی باڵای ئێران و سعودییە لە پەکین کۆبوونەوە و ڕێککەوتننامەیەکی گرنگیان واژۆ کرد. 23بەپێی ڕێککەتننامەکە هەر دوو وڵات لە کورتترین زەمەندا دووبارە کۆنسۆڵخانەکانیان دەکەنەوە لە وڵاتی بەرامبەردا، هەردوو وڵات ڕێز لەسەروەری یەکتری دەگرن و دەست ناخەنە ناو کاروباری ناوخۆی یەکترییەوە، خستنەوە کاری ڕێککەوتننامەی ئاسایشی ساڵی ٢٠٠١ی نێوان هەردوو وڵات.
هەردوو وڵات هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، چالاککردنەوەی ڕیککەتننامەی ساڵی ١٩٩٨. 24 ئەم ڕێککەوتننامەیەی نێوان ئێران و سعودییە بە یەکێک لە ڕودواوە هەرە گرنگەکانی سەرەتاکانی ساڵ دێتە ئەژمار و زۆرینەی وڵاتان و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئەو نیوەندگیرییە سەرکەوتووەی چین کە گێڕاویەتی بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئێران سعودییە. چونکە ئەم ڕێکەوتننامەیە لە کاتێکدا واژۆ کرا کە ئەم دوو وڵاتە حەوت ساڵ بوو کە پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسییان بەتەواوی پچڕابوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژبەڕۆژ لە جەنگ نزیکتر دەبوونەوە، هۆکاری ئەنجامدانی ڕێککەوتننامە و لێکنزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە هەرشتێک بێت ناکرێت لە بەهای هەوڵەکانی چین کەم بکرێنەوە. 25 دوابەدوای ڕێکەتننامەکە شازادەی جێنشینی سعودییە محەمەد بن سەلمان بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی ڕەئیسی کرد بۆ سعودییە. محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە ڕەئیسی بانگهێشتەکەی سعودییەی پەسەند کردووە، بەڵام لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەک نەدراوە سەبارەت بە کاتی سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ سعودییە. 26بەڵام پێدەچێت لە سەروبەندی کردنەوەی کۆنسۆڵخانەکاندا ڕەئیسی سەردانی ڕیاز بکات کە بێگومان سەردانی کردنی ڕەئیسی بۆ ڕیاز کاریگەری ڕێکەوتننامەکە لەسەر ناوچەکە زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری لێکنزیکبوونەوەی ئێران-سعودییە دەکرێت چەندین هۆکار هەبن بۆ دووبارە درووستکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان. وەک زانراوە بە هۆکاری سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و کەم بوونەوەی توانای ئێران بۆ خۆ ڕاگرتن بەرامبەر بەو سزایانە ئێران ناچار بووە کە چاو بە پەیوەندییەکانی بخشێنێتەوە لەگەڵ وڵاتاندا. 27 یەکێکی تر لەو قەیرانانەی کە بەرۆکی ئێرانی گرتووە لە سەردەمی حوکمی ڕەئیسیدا خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتیانی ئێران بووە بۆ مەرگی ژینا ئەمینی کە بیگومان کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر بەهای سیاسی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوتەریب ئاستەنگ بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەئیسی درووست دەکات، دەکرێت ئێران بییەوێت لەڕێگەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودییە، لە لایەک ئەم ڕێککەوتنە وەک دەستکەوتێکی گەورە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا نیشان بدات و لە لایەکی ترەوە دەکرێت بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەئیسی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەکاربهێنرێت. 28 هەروەها دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فرۆشتنی درۆنی ئێران بە ڕووسیا جارێکی تر ئێران کەوتەوە بەر شاڵاوی سزای ئابووری بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە بیگومان ئەم قەیران و سزایانە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر سایەسەتی دەرەوەی ئێران و ئاستەنگی دیبلۆماسی بۆ درووستکردووە بۆیە ئێران دەیەوێت لەڕێگەی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودییەدا دەریچەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان و سزا ئابوورییەکان و گەڕانەوەی بەهای سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسی خۆی بدۆزێتەوە.
سەبارەت بە سعودییە وەک دەزانرێت بە هاتنی جۆ بایدن سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگی بەخۆیەوە بینی، کە گرنگترینیان کشانەوەی ئەو وڵاتەبوو لە ئەفغانستان، هەروەها سعودییە نەیتوانیوە وەک پێشتر لە سەردەمی جۆ بایدندا پشتیوانی سەربازیی ئەمریکا فەراهەم بکات کە ئەمەش هۆکار گەلێکن بۆ ئەوەی هاوپەیمانە لە مێژینەکانی ئەمریکا بەدوای هاوپەیمانی نوێدا بگەڕێن. 29لەلایەکی ترەوە پێدەچێت سعودییە بییەوێت لەڕێگەی دووبارە بوونیادنانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران، کۆتایی بەو جەنگە وەکالەتەی بهێنێت کە لەناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت کە یەکێکە لە فاکتەرە کاریگەرەکانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ناوچەکە بەتایبەت بۆ خودی سعودییە خۆی. 30 وەک دەزانین سعودییە دەیەوێت لە داهاتوودا وڵاتەکەی دوربکەوێتەوە لە ئابووری نەوت و سەرچاوەکانی داهاتی خۆی فراوان بکات و جگە کەرتی نەوت گرنگییش بدات بەلایەنی وەبەرهێنانی بییانی و کەرتی گەشتیاری، کە ئەم پلانەی سعودییە پێویستی بە کەشێکی سەقامگیر و ئاشتیانە هەیە کە بوونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران تاڕادەیەکی باش زامنی ئەو ئاشتی و سەقامگیرییەی بۆ دەکات. 31 ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئێران–سعودییە دەنگۆگی فرانبوونی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەجۆرێک زۆرێک لە چاودێران باس لە لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا و درووستبوونی بۆشایی دەکەن لە ناوچەکەدا. لەم بارەیەوە جۆنازان پانیکۆف کە کاربەدەستێکی باڵای پێشووی هەواڵگیری ئەمریکایە پێیوایە کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران سعودییەو دووبارە بوومژانەوە و فراوانکردنی ڕیککەوتنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی ساڵی ٢٠٠١ بە نێوەندگیری چین بەمانای زیادبوونی هەژموونی چین دێت لە ناوچەکەدا، بێگومان ئەو هەژموونەی چین لە درێژ مەودادا جگە لە لایەنی ئابووری دەگوازرێتەوە بۆ بوارەکانی دیبلۆماسی و ئاسایش و هەواڵگیری، لە هەمانکاتدا پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆ شایانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەجێی دەهێڵێت. بەڵام لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز هیچ بۆشاییەک لە ناوچەکەدا بەجێ ناهێڵت و هەرگیز ناکشێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 32بەڵام ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا ناتوانێت ئەو ڕاستییە پەردە پۆش بکات، کە چیتر ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکە هێزی ناوچەکە نییە و لە ئێستا ئەکتەرانی تری نێودەوڵەتی وەک چین و ڕووسیا یاریکەرێکی چالاکی ناوچەکەن.
لێکەوتەکانی ڕێککەوتننامەی نێوان ئێران–سعودییە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بێگومان ڕێککەوتن یاخود ناکۆکی نێوان دوو وڵاتی گەورەی و بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران-سعودییە) کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، وەک چۆن ناکۆکی نێوان ئێران و سعودییە فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا بە پێچەوانەشەو ئاشتی و ڕێککەوتنی نێوان ئەم دوو هێزە هەرێمییە هۆکار دەبێت بۆ فەراهەمکردنی ئاشتییەکی ڕێژەی بۆ ناوچەیەکی ئامادەباش بۆ ناسەقامگیری. هەروەک نیۆ لیبڕالیزمەکان پێیانوایە دەکرێت لە دوای ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودییەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان ئەم پەیوەندییە پەل بهاوێت بۆ ئەنجامدانی چەندین پەیوەندی تری گرنگ لە نێوانیان و پەیوەندییەکە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی بازرگانی، تەندروستی، ئاسایش … هتد. 33 دەکرێت ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعودییە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر بارودۆخی لوبنان و سەرەتایەک بێت بۆ دەرچوونی لوبنان لەو دۆخەی تێی کەوتووە و کۆتایی بێنێت بەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی کە دامێنی لوبنانی گرتووە. چونکە وەک دەزانرێت هەریەک لە ئێران و سعودییە ڕۆڵی کارایان هەیە لە سەرهەڵدانی ئەو قەیرانانەدا، تەنانەت خودی لایەنە سیاسییەکانی لوبنان ئاماژەیان بە گرنگی ڕیککەوتنەکەی نێوان ئێران و سعودییە کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیواخوازن کە ئەم ڕێککەوتنە کاریگەری باشی هەبێت لەسەر لوبنان. 34
بێگومان وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد بە سەردانی کردنی ڕەئیسی بۆ سعودییە کاریگەری ڕێکەوتننامەکە لەسەر ناوچەکە زیاتر دەبێت و پێدەچیت دوای ئەو سەردانە ئێران پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ بەحرێنیش ئاسایی بکاتەوە، چونکە وەک زانراوە هۆکاری بچڕانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بەحرێن و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ هەڵویستی بەحرێن سەبارەت بە هێرش کردنە سەر کۆنسۆڵخانەکانی سعودییە لە لایەن هاووڵاتیانی ئێرانەوە، کە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودییە ئاسایی کردەوە بێگومان دەکرێت دوای سعودییە بەهەمان شێوەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرێن ئاسای بکاتەوە. 35
هەرچی یەمەنیشە بێگومان نزیکبوونەوەی ئێران و سعودییە زۆرترین کاریگەری لەسەر یەمەن دەبێت، بەو پێیەی ململانی هەر دوو وڵات لە یەمەن گەیشتۆتە لوتکە دەکرێت بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان تا ڕادەیەک کاری ئاگربەست و گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی یەمەن ئاسانتر بێت و هاوکاری مرۆیی پێویست بگاتە هاووڵاتیانی یەمەن. هەر لەم بارەیەوە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە گرنگی ڕێکەوتننامەی نێوان ئێران و سعودییە کردووە گەشبین بووە بەوەی کە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ درووستکردنی حکومەتێکی فرەلایەنی گشتگیر لە یەمەندا.
سەبارەت بە کاریگەری ڕێکەوتنی نێوان ئێران–سعودییە لەسەر دۆخی سیاسی سووریا، دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەکە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیاندنێکدا ئاماژەی بەگرنگی ڕێکەوتنەکە کرد و ڕایگەیاند کە بێگومان نزیکبوونەوەی ئێران و سعودییە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە. 36 دوابەدوای ڕێکەوتنی نێوان ئێران و سعودییە بەپێی چەند هەوڵێکی تەلەفزیۆنی فەرمی سعودییە چەند هەوڵێک هەیە لە نێوان سعودییە و سووریا بۆ دووبارەکردنەوەی کۆنسۆڵخانەکانیان. هاوتەریب هەریەک لە ڕووسیا و ئێران نیوەنگیری دەکەن لە نێوان سووریا و سعودیە بۆ دووبارە درووستکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، ئەمە جگە لەوە چەندین وڵاتی تری عەرەبی دەخوازن سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە ڕاگرتنی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی کۆتای پێبهێنرێت و سووریا بگەڕیتەوە ناو یەکێتییەکە. 37هەر بۆیە لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی ١٩ ی ئایاری ٢٠٢٣ کە لە سعودیە ئەنجامدرا بەشار ئەسەد دوای ١٢ ساڵ بۆ یەکەمجار بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد. 38کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ دووبارە درووستبوونەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان سووریا و سعودیە و گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی. بێگومان دوای ئەم پێشهاتانە دەکرێت چارەسەری قەیرانەکانی سووریا ئاسانتر بێت، هاوتەریب کاتێک کە تورکیاش دەیەوێت لە سووریا نزیک ببێتەوە و چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەی سووریا بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە عێراق بێگومان ڕێکەوتنی نێوان ئێران و سعودیە هەمیشە لەبەرژەوەندی عێراق دەبێت. چونکە ئێران خاوەنی نفوزێکی فراوانە لە عێراق و هەمیشە عێراقی وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بە سعودیە بەکارهێناوە و ئەو دەرفەتەی لە عێراق دوورخستۆتەوە کە پەیوەندی ئاشتیانەی لەگەڵ سعودییەدا هەبێت و سوود لە وەبەرهێنانی سعودییە ببینێت. ئیحسان ئەل شەماری مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی بەغداد پێیوایە کە ڕێکەوتنی ئێران-سعودییە کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر عێراق و تاڕادەیەک کێشەی نێوان گرووپە شیعە و سووننەکانی عێراق چارەسەر دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە زامنکردنی ئاشتی و سەقامگیری عێراقدا. 39
سەرچاوەکان
- ŞAHİN, Türel YILMAZ, 2016, Uluslararası Politikada Ortadoğu, Ankara, Bariş Kitap, 4. Baskı, s. 27-29. And William L. Cleveland, 2008, Modern Ortadoğu Tarihi, Mehmet Harmancı, İstanbul, Agora Kitaplığı, s. 257-260.
- Muwafaq Adil OMAR, 2018, Suudi Arabistan – İran İlişkileri Bağlamında Ortadoğu’nun Güncel Sorunları, ANKASAM, 2 (1), 204, S. 206-207.
- ULUSLARARASI
- کارێن آ. مینگست ، ئیڤان م. ئارێگوین، ٢٠٢٢، بنەماکانی پەیوەدنییە نێودەوڵەتییەکان، عمر علی غەفوور، تاران، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان، ل ١٢٠-١٢٢.
- Şahin, Türel YILMAZ, a.g.e., s. 27-29.
- کارێن آ. مینگست ، ئیڤان م. ئارێگوین، سەرچاوەی پێشوو، ل. ١١٦-١١٧.
- ÖZEV, Muharrem Hilmi, 2016, İran Suudi Arabistan İlişkileri 1932-2014, iktisat Fakültesi Mecmuası, 66 (1), s 86.
- BİLGEHAN ALAGÖZ, 13/3/2023, İran-Suudi Arabistan Anlaşmasına Giden Süreç, https://iramcenter.org/iran-suudi-arabistan-anlasmasina-giden-surec-2336 بەرواری سەردان ٢٥\٥\٢٠٢٣
- ÖZEV, Muharrem Hilmi, a.g.m., s.87.
- Muwafaq Adil OMAR, a.g.m., s. 218.
- Mehdi MATINJAVID, 2019, İran ve Suudi Arabistan ilişkilerinde Uyuşmazlık Nedenleri, Doktora tezi, İstanbul Üniversitesi, s.172.
- Mehmet Şahin, 2019, Ortadoğu Aktörler, Unsurlar, Sistemler, İstanbul, Kopernik kitap Yayınları, s.482. ve William L. Cleveland, a.g.e., s.482.
- ÖZEV, Muharrem Hilmi, a.g.m., s.89.
- یاسین سەردەشتی و بەرزانی مەلا تەها، ٢٠٠٩، مێژووی هاوچەرخی ئێران، سلێمانی، چاپخانەی سایە، چاپی دووەم، ل ٢٩٠-٢٩١.
Taha Kılınç, 2018, Ortadoğu’ya Dair Yirmi Tez, İstanbul, Ketebe Yayınları, s.137.
- Cem Yılmaz, 2011, İran ve Suudi Arabistan’ın Bitmeyen Rekabeti, ORSAM, Cilt3, sayı 26, s. 54.
- Haydar Çakmak, 2017, İran – Suudi Arabistan Rekabeti ve Bölgesel Barışa etkisi, (Uluslararası İran Türkleri Düşünce Platformu), Ankara, Gazi Üniversitesi, s. 90-95.
- ÖZEV, Muharrem Hilmi, a.g.m., s.89.
- Mehmet Şahin, a.g.e., s. 177-178.
- ÖZEV, Muharrem Hilmi, a.g.m., s.89.
- BBC NEWS TÜRKÇE, 10/3/2023, İran ve Suudi Arabistan 7 Yıl Sonra Yeniden Diplomatik İlişki Kuruyor. https://www.bbc.com/turkce/articles/c51kyd982wjo
- Esra Çomarlı, Sayim Türkman, 2020, İran ve Suudi Arabistan’ın Dış Politikası Anlayışları ve Güç Mücadelesine Genel Bir Bakış, Aydın Adnan Menderes Üniversitesi Sosyal Bilimler Enistitüsü Dergisi, Cilt 7, Sayı 1, s193-194.
- Bilgehan Alagöz, 13/3/2023, İran – Suudi Arabistan Anlaşmasına Giden Süreç, https://iramcenter.org/iran-suudi-arabistan-anlasmasina-giden-surec-2336 بەرواری سەردان ٢٥\٥\٢٠٢٣
- İsmail Sarı, 2023, İran-Suudi Arabistan Anlaşmasının Ortadoğu’ya Etkileri: Yeni Bir Bölgesel Normalleşme Dalgası mı?, Ortadoğu Araştırmalar Merkezi, Ankara, Sayı 312, s.3.
- Riad Domazeti, 24/3/2023, Çin Arabuluculuğunda Suudi Arabistan – İran Anlaşması: İçeriği Bölgesel ve Küresel jeopolitiğie Etkileri ve Çıkmazları, İNSAMER Analizi, s. 1-2.
- Nazmul İslam, 2023, İran ve Suudi Arabistan Müzakereleri: Çin’in Ortadoğu’daki Konumu, Ankara Yıldırm Bayezıt üniveristesi ULISA Yayını, Sayı 13, s. 1-2.
- بی بی سی عربی، ٩ مارس ٢٠٢٣، السعودیە وایران: العاهل السعودی یدعو الرئیس الایرانى لزیارە الریاض، https://www.bbc.com/arabic/middleeast-65006084
- Muharrem Hilmi, a.g.m., s. 100.
- HAKKI UYGUR, 17/3/2023, İRAN ARAŞTIRMA MERKEZİ, İran ve Suudi Arabistan Anlaşması İran İçin Ne Anlama Geliyor. https://iramcenter.org/iran-ve-suudi-arabistan-anlasmasi-iran-icin-ne-anlama-geliyor-2342\ بەرواری سەردان ٢٥\٥\٢٠٢٣
- Mustafa Caner, Nisan 2023, İran- Suudi Arabistan Normalleşme Anlaşması Sebepleri ve Sonuçları, SETA Dergisi, sayı 365, s. 1-5.
- Mustafa Caner, Nisan 2023, İran- Suudi Arabistan Normalleşme Anlaşması Sebepleri ve Sonuçları, SETA Dergisi, sayı 365, s. 1-5.
- Haydar çakmak, a.g.e., s. 90.
- Euronews, 13/3/2023, İran ile Suudi Arabistan arasındaki ilişkilerin normalleşmesi için varılan anlaşmada Çin’in üstlendiği rol ABD’de nasıl yorumlandı? https://tr.euronews.com/2023/03/13/suudi-arabistan-ve-iranin-cinin-arabuluculugunda-anlasmasi-abdde-nasil-yorumlandi
- کارێن آ. مینگست ، ئیڤان م. ئارێگوین، سەرچاوەی پێشوو تر، ل ١٢٢.
- Riad Domazeti, a.g.m., s. 3.
- Mustafa Caner, a.g.m., s. 1-5.
- الشرق الاوسط، ١١ ازار ٢٠٢٣، سووريا تعلن موقفها من اتفاق السعودية وإيران على استئناف العلاقات، https://arabic.cnn.com/middle-east/article/2023/03/11/syria-agreement-of-saudi-arabia-and-iran-resume-relations.
- İsmail Sarı, g.m., s. 10.
- الجزیرە، ١٩\٥\٢٠٢٣\ بینهم بشار الآسد.. القادة العرب یتوافدون علی جدة للمشاركة فى القمة العربية، https://www.aljazeera.net/news/2023/5/18/%D8%A8%D9%8A%D9%86%D9%87%D9%85-%D8%A8%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%82%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A8
- İsmail Sarı, g.m., s. 10.