خوێندنەوەى کتێبى “سەرهەڵدانەوەى گرووپە تیرۆریستییەکان له ناوچە جێناکۆکەکان”
بۆ بینینی بابهتهكه كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا پوختەى پڕۆژەى توێژینەوەیەکى زانستییە، کە لەلایەن توێژەرانی “سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی”، هەریەک لە “د. ئومێد ڕەفیق، د. عـابد خالید، د. جەلال حەسەن، د. هەردى مەهدى)، لە ماوەى شەش مانگدا لە (١ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩–٣٠ى ئازارى ٢٠١٩)، بە هاوکاریی “سەنتەرى توێژینەوى زانکۆى پۆلیتەکنیکى – سلێمانى”؛ ئەنجام دراوە و بە هەرسێ زمانى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى لەناوەڕاستى ساڵى ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە. ئامانج لە پڕۆژەکە، خستنەڕووى خوێندنەوەیەکى ئایندەییە بۆ ئەگەرەکانى سەرهەڵدانەوەى گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستییەکان لە “ناوچە جێناکۆکەکان”، کە جێگاى ململانێى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقن، لەگەڵ شرۆڤەکردنى هۆکارەکانى ئەم سەرهەڵدانەوەیە و پاشان پێشبینیکردنى دیارترین کاریگەرییەکانى لەسەر ئایندەى ئاسایش و ئارامیى عێراق بەگشتى و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتى. لەم ڕوانگەیەوە کتێبەکە هەوڵى بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە داوە: ئایا مەترسییەکانى سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەى گرووپە ڕادیکاڵە تیرۆریستییەکان لەسەر ئایندەى عێراق و ناوچە جێناکۆکەکان، چییە؟ گریمانەى سەرەکیى پڕۆژەکتێبەکەش ئەوەیە کە ناوچە جێناکۆکان ژینگەیەکى لەبارە بۆ سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەى داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان و بەکارهێنانى ئەم ناوچانەش بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى کردەوەى تیرۆیستى لە هەموو عێراقدا، هەر چەندە حکومەتى ناوەندی لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٧دا کۆتاییهاتنى ئەم گرووپانەى لە عێراقدا ڕاگەیاند.
کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە، بەشى یەکەم لە سێ باسدا چوارچێوەیەکى تیۆریی بۆ چەمکە سەرەکییەکان خستووەتە ڕوو، باسى یەکەم و دوووم تەرخان کراوە بۆ ناساندنى هەردوو چەمکى “گرووپە تیرۆریستییە ڕادیکاڵەکان” و “ناوچە جێناکۆکەکان”، باسى سێیەمیش تایبەتە بە ناساندنێکى یاسایى بۆ چەمکى “تیرۆر” لە یاساى نێودەوڵەتى و لە یاسا کارپێکراوەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیشدا.
لە بەشى دووەمى کتێبەکەدا کە لە سێ باس پێک هاتووە، باسى یەکەم تەرخان کراوە بۆ خستنەڕووى ئەو تیۆرانەى شیکردنەوەیان بۆ هۆکارەکانى دروستبوونى تیرۆر و سەرهەڵدانى گرووپە تیرۆریستییە ڕادیکاڵەکان کردووە، لەو ڕوانگەیەوە کە تێگەیشتن لەو هۆکارانە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دیاریكردن و پەیڕەوكردنی میكانیزم و ستراتیژی كاریگەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرتن لە دیاردەى تیرۆر و گرووپە ڕادیکاڵەکان. ئەو هۆکارانەش دابەش بوون بەسەر دوو جۆردا، یەكەمیان فاكتەرە بونیاتییەكانن: وەک هەژارى و پێکهاتەى دیمۆگرافی و باژێڕسازی. دوومیان فاكتەرە بنەڕەتییە ڕاستەوخۆكانن: وەک بێبەشکردن و نایەكسانیی كۆمەڵایەتی و زوڵم و پێشێلكاریی مافی مرۆڤ و گۆشەگیركردن و چەوساندنەوە و توندڕەویى ئایینى و ئایدۆلۆژیای تێرۆریستی. باسى دووەم و سێیەمیش لەم بەشە تەرخان کراوە بۆ پرسی سەرهەڵدانی تیرۆر لە ناوچە جێناکۆکەکان و شیکردنەوە بۆ هۆكاره سیاسییەكانى سهرههڵدانهوهى گرووپه تيرۆريستيیهكان لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە شێوەیەک کە ئەم ناوچانە جگە لەوەى ژینگەیەکە زۆربەى هۆکارە بونیاتى و بنەڕەتییەکانى تیرۆرى لەخۆ گرتووە، هەر لە بێكارى و ههژارى و نهبوونى خزمهتگوزارییە گشتییەکانەوە تا سهروهرنهبوونى ياسا و نادادپەروەرى و پێشێلكردنى مافهكانى مرۆڤ و ئاوارهبوون و دهستتێوهردانى دهرهكى. هاوکات بە وتەى کتێبەکە، لە ئێستادا چەندین هۆکاری تر هەن پرسی تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراقدا بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە گرێ دەدەن، لە دیارترین ئەو هۆکارانەش: یەکەم: خودی ئەو ناوچانە بە حوکمی تۆبۆگرافیا و مێژووی چەوسانەوەی پێکهاتەکان لەپێش ٢٠٠٣ و باکگراوندی ئایینی و فرەیی پێکهاتەکان، هێلانەیەکی گەرمن بۆ لەخۆگرتن و گۆشکردنى تیرۆر. دووەم: ئەم ناوچانە هەمیشە جێى کێشەی بەردەوامی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان بوون، ئەمەش بەردەوام سەرچاوەی بەشێک لە ناسەقامگیری و بۆشایى سەروەر و یاسایى و ئاسایش بووە لەو ناوچانەدا کە هەلى لەبارى بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان ڕەخساندووە تا جووڵە و کردەى تیرۆیستیى تیا ئەنجام بدەن.
بەشى سیێەمى کتێبەکەش، چوار باسە، لە باسى یەکەمدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لە ئاستی میدیایی و لێدوانی لایەنی پەیوەندیداری سیاسی و سەربازی لە عێراق و وڵاتانی هەرێمایەتی، سەرکەوتن بەسەر داعش و بگرە سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکانیشدا ڕاگەیانرا و هەر لایەن و هێز و بەرپرسێکی سیاسی وەک سەرکەوتوویەکی جەنگ لە شاشەکانەوە خۆی نمایش کرد، تا ئەوەی عێراق لە دوا مانگی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی ڕەسمی و کۆتاییهێنان بە داعشی لە میدیاکانەوە ڕاگەیاند، بەپێی ئەوەش دەبوو دوا پێگە جوگرافی و دوا چەکداری داعش لە عێراقدا بوونی نەمابێت، بەڵام بەپێى ئەو سەرچاوانەى لە کاتی نووسینی کتێبەکەدا بەردەست بوون، لە کۆتایى ٢٠١٨ و سەرەتاى ٢٠١٩، ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە کە جووڵە و جێماوەکانی چەکدارانی داعش و گرووپانی تری تیرۆریست، هێشتا هەفتانە و مانگانە بینراون، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە داعش لەلایەن سوپا و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراقەوە، هێندەی ڕاگەیاندنێکى سیاسی و بەشێک بووە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و زیادکردنی هەژموونی لایەنەکان بەسەر یەکتردا، ئەوەندە سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە و بنبڕی داعش و تیرۆرستان نەبووە. لەبەر ئەمەش کتێبەکە دەڵێت هێشتا مەترسییەکان و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپانە لە ئایندەى نزیکدا نەک ئەگەرە، بەڵکوو مەترسیی ڕاستەقینە و هەڕەشەی واقیعییشە. لە باسى دووەمدا، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بەپێى سەرچاوە و زانیارییە بەردەستەکان، ڕێکخراوی داعش پاش شکست، بەتایبەت پاش ڕووداوەکانی گرتنەوەی کەرکووک و کاردانەوەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە قۆناغی خۆڕێکخستنەوەدایە، هاوکات هەوڵ دەدات مۆدێلی شەڕ و چالاکییەکانیشی بگۆڕێت بۆ کردەوەی غافڵگیرانە و بەمەش بگەڕێتەوە سەر شانۆی ڕووداوەکانی عێراق. وێڕاى ئەوەى لەپاڵ بەردەوامبوون لە ئامادەسازکردنی گەنجان و مێردمناڵان لە ناوچە سوننەنشینەکان و لادێ ڕووماڵنەکراوەکان، داعش شانە نووستووەکانی لەو ناوچانە ئامادە دەکاتەوە و لەمەشدا سوودێکی زۆری لە بەجێماوان و کەسوکاری داعشە پێشینەکان وەرگرتووە، زۆرینەی چالاکی و جموجووڵەکانیش لە زۆنی ناوچە جێناکۆکەکاندا خۆی دەبینێتەوە. لە باسى سێیەمى ئەو بەشەشدا، هۆکارەکانى بووژانەى داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە جێناکۆکاندا خراوەتە ڕوو، کە بە پلەى یەکەم جوگرافیای ئاڵۆزى ناوچەکە و لەبارێتیى بۆ داعش، بەتایبەت ناوچەکانی سنوورى موسڵ و مەخموور، لەگەڵ ناوچەکانی خوارووی کەرکووک تا دەگاتە دیالە، سەڵاحەدین و ڕەمادی. لە زۆرێک لەم ناوچانەشدا، پاشماوەکانی داعش سوودیان لەو بۆشایی و پانتاییەی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان وەرگرتووە بۆ خۆگواستنەوە و شمەک و هاتوچۆ و خۆمەڵاسدان و ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی.
لە باسى چوارەمیشدا، سەرەتا ستراتيژيهتى داعش دواى سەرهەڵدانەوەى له ناوچه جيناكۆكهكان خراوەتە ڕوو، کە لەسەر سێ ئاست کار دەکات: یەکەم: ههڵوهشانهوهى خهلافهت و گهڕانهوه بۆ ڕێكخستن لە ڕێى ئەنجامدانى چالاكیى سهربازیى بچووك و زيندووكردنهوهى شانه نووستووهكان. دووەم: گۆڕينى شێوازى بهڕێوهبردن له ناوهندێتيیهوه بۆ ناناوهندێتى، بە گواستنەوەى دەسەڵات لە خهليفه و خاوهنى دهسهڵاتى سهنتهرەوە بۆ والى و ئهنجوومهنى شوورا و ليژنهى كۆميسياران، بە شێوەیەک ههموو دهسهڵاته واقيعیيهكان بۆ والى و جێگرى واليیهكان گوازراونەتهوه، جا ئهو دهسهڵاتانه سهربازی بن ياخود كارگێڕى و دارايى. سێيهم: قۆستنهوهى دهرفهت و سوودوەرگرتن لە بۆشاییەکانى حوکمڕانى و پڕۆسەى سیاسیى عێراق. لە کۆتایى ئەم باسەشدا، سێ سيناريۆ بۆ ئایندەى مهترسیى داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لهسهر ناوچه جێناكۆكهكان خراوەتە ڕووە، یەکەم: گۆڕينى ئەم ناوچانە له ناوچهيهكى ژيانیيهوه بۆ ناوچهيهكى سهربازى، کە تیایدا ژيانكردن تهنها له سهنتهرى شارهكان بێت و بهشێكى زۆر له گوندهكان بۆ ڕێگرتن لە هاوكاری و يارمهتيدانى ئهم گرووپانه چۆڵ بكرێن. دووەم: چارهسهرى ياسايى بە جێبهجێكردنى مادهى (١٤٠)ى دهستوورى عێراقى لە ڕێى ئاسایيكردنهوه و ئەنجامدانى سهرژمێرى و ڕاپرسى له ناوچه جێناكۆكهكان لە پێناو ئارامکردنەوەى دۆخى سياسى و كارگێڕى و ئاسايشى كۆمهڵايهتیى ئهو ناوچانه. سێيهم: لە ڕووى خۆ بە بهرپرسيارزانیى حكومهتى عێراق و ههرێمى كوردستان و هێزهكانى ئهمەريكاش، کە گرووپە تیرۆریستییەکان مهترسیى ئاسايش بۆ هەموویان دروست دەکات، هاوکات لە ترسى بوونى ناوچەکە کە هێڵى تێپهڕبوونى “هيلالى شيعى”یە بە هێلانەى چەکدارە دۆستەکانى ئێران. سیناریۆى گونجاو بۆ هەرسێ لایەن، ههوڵدانیانە بۆ ئاسايیكردنهوهى ئهو ناوچانه به سێ ئاڕاسته: ١. له ڕووى سياسيیهوه، پێكهاتهكان و حكومهتى عێراق ڕازی بكرێن چارهسهرێكى لۆكاڵى بۆ دۆخى ئهو ناوچانه بدۆزرێتهوه كه ههمووان ڕازى بكات. ٢. له ڕووى سهربازييهوه كار بۆ ژوورێكى هاوبهشى پڕۆسهى سهربازى بكرێت بۆ كارى (ههواڵگریى سهربازى، پڕۆسێسى سهربازى و پڕكردنهوهى بۆشايي ئهمنى)، كه لێژنه هاوبهش و مهيدانییەکانى بۆ دروست كراوه. ٣. له ڕووى كارگێڕی، ئهنجوومهنى پارێزگاكان و پارێزگارهكان له دهسهڵاتى ئهمنى دابماڵرێن تا وهك دامهزراوهى مهدهنى كارى خۆيان بكهن، چونكه لەو ناوچانەدا زياتر حوكمى سهربازى جێگير كراوه.
ھەر کەس و دەزگایەکی میدیایی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە، پێویستە ئاماژە بە گۆڤاری ئایندەناسی بدات