ژیان وەک سیاسەت: چۆن خەڵکی سادە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن
ئامادەكردن: د. عابد خالد
ئەم ئەم کتێبە لە نووسینى ئەکادیمى و کۆمەڵناسى ئێرانى ئاسیف بەیات (Asef Bayat)ە کە لە بنەڕەتدا بە زمانى ئینگلیزى بە ناونیشانى “Life as Politics: How Ordinary People Change the Middle East” نووسراوە، ساڵى ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار لەلایەن زانکۆی ئەمستردامەوە لەچاپ دراوە و ساڵى ٢٠١٣ لەلایەن زانکۆى ستانفۆردەوە بۆ جارى دووەم لەچاپ دراوەتەوە، دواتر لە ساڵى ٢٠١٤ لەلایەن “ئەحمەد زاید”ەوە بۆ زمانى عەرەبى وەرگێڕدراوە کە بە ناونیشانى “الحياة سياسة: كيف يغير بسطاء الناس الشرق الأوسط؟”، لە دووتوێى (٦٠١) لاپەڕەدا، لەلایەن دەزگاى “المركز القومي للترجمة” لە قاهیرە بڵاو کراوەتەوە.
ئاسیف بەیات؛ پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسی و توێژینەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئیلینۆیس، توێژەرێکی بەرچاوە لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و کاروبارى کرێکاران و هەژاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێشتر لە زانکۆی لیدن لە هۆڵەندا مامۆستاى کورسیى لێکۆڵینەوە لە کولتوور و کۆمەڵگاى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. هەروەها وەک بەڕێوەبەری ئەکادیمی لە “دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان لە جیهانی مۆدێرندا” کاری کردووە، کە لەلایەن کۆمەڵێک زانکۆی هۆڵەندییەوە دامەزرابوو، جگە لەوەى ماوەیەکیش لە زانکۆی ئەمەریکی لە قاهیرە کاری کردووە. لە نووسینەکانیدا بایەخێکى زۆرى داوە بە لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى شارنشینى و سیاسەت لە ژیانی ڕۆژانە و ئایینداری لە جیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەت لە هەردوو وڵاتى ئێران و میسڕدا.
کتێبى “ژیان وەک سیاسەت: چۆن خەڵکی سادە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن”، هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ خوێندنەوەى تیۆرە ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕادەى شیاویى بەکارهێنانیان بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردنى جووڵە و گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگا غەیرەڕۆژئاواییەکاندا. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا کۆکراوەى زنجیرەیەک وتار و توێژینەوەیە کە لە گۆڤارى ئەکادیمیی جیاوازدا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٩ بڵاو کراونەتەوە، کە دواى کۆکردنەوە و دەستکاریکردنیان؛ لە دووتوێ ئەم کتێبەدا لەچاپ دراوە. کتێبەکە لە دەمى ڕاپەڕینەکانی بەهارى عەرەبیدا لە ساڵى ٢٠١١، وەک ئایندەزانییەکى پێغەمبەرانە وەسف دەکرا، بەتایبەت کە دوو ساڵێک بەر لەو ڕووداوانە بڵاو کرابووەوە و بەشێک لە ڕەهەندەکانى ئەو ڕووداوانەى پێشبینی کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە پێشەکیى چاپى دووەمیدا کە لێکۆڵینەوە لە بزافی سەوزی ئێرانیی ٢٠٠٩ و ڕاپەڕینەکانی بەهارى عەرەبیی ٢٠١١ى بۆ زیاد کراوە، بەیات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتبوو، چ جاى ئەوەى پێشبینیی بکات، کە ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە بەکۆمەڵانە بەو شێوەیە بتەقنەوە، ئەم شۆڕشانە نەک تەنها بۆ ڕژێمە حوکمڕانەکانى وڵاتانى ناوچەکە، بەڵکوو بۆ ئەو کۆمەڵناسانەش کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر ناوچەکە کار دەکەن، ڕووداوگەلێکى زێدە سەرسوڕهێنەر و لەناکاو بوون.
بەیات سەرەتا گرنگیى بە لێکۆڵینەوە لە ژیانی گرووپ و توێژە پەراوێزخراوەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، بەتایبەت ژنان و گەنجان و هەژارانى نیشتەجێبووى شارەکان، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە کە ئەم گرووپانە هێزى جووڵێنەرى هەر گۆڕانکارییەکى کۆمەڵایەتی و سیاسین لە ناوچەکەدا. بەمەش بەیات مۆدێلێکی تیۆری بەدیل لەجیاتیى ئەو تیۆرە کۆمەڵایەتییە ڕۆژئاواییە باوانە دەخاتە ڕوو، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوخبەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی تاکە هەڵسووڕێنەرى گۆڕانکارییەکانن. بە بڕواى بەیات، ئەو تیۆرە نێرسالارییانە بە پێى ئەزموون و ململانێ و پەرەسەندنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەورووپى و ئەمەریکییەکانى ڕۆژئاوا داڕێژراون و ناتوانن ئاڵۆزی و وردەکاریی بزووتنەوە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون بکەنەوە. بۆیە بە ڕاى بەیات، دەمێکە خەیاڵدانى باوى ئەم تیۆرانە گریمانەى ئەوە دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها سەرزەمینى موسوڵمان و مزگەوت و منارە و ژنانی باڵاپۆشکراو و ڕژێمە ستەمکارەکان و خۆڵى بیابانەکانە، ناوچەیەکى گیرخواردووە لە تەقالید و مێژووى خۆیدا، نە دەگۆڕێت و نە قابیلى گۆڕانیشە، بەڵام لاى بەیات ئەم گریمانەیە شکستى هێناوە لە داننان بەو خەبات و ناڕەزایەتییە ڕۆژانەییە لەسەرخۆ و بەردەوامەى کە خەڵکانى پەراوێزخراوى ئەم ناوچەیە بەدەم زەحمەتى ژیان و مانەوەوە، لە دژى ستەمى دەوڵەت و ملهوڕیى دەستەبژێرە ئابوورییەکان دەیکێشن و دەریدەبڕن کە پەیتاپەیتا دەرگا و مەیدانى نوێ لەبەردەم گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى و سیاسیى گەورە لە ناوچەکەدا دەکەنەوە. لێرەوە بەیات گریمانەى ئەوە دەکات کە لۆژیکى گۆڕانکارى لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لەسەر دەستى ماندووبوو، ئاڵەنگاری و ناڕەزایەتیى ئەم مرۆڤە سادانە دێتە ئەفراندن.
ئاسیف بەیات، لە چاپى یەکەمى کتێبەکەیدا کۆى تێڕوانین و بیروڕاکانى لە چوارچێوەى ١٢ بەشدا خستووەتە ڕوو، بەڵام لە چاپى دووەمدا ٢ بەشی ترى بۆ زیاد کردووە و بووەتە ١٤ بەش. بەشى یەکەم و دووەمى وەک پێشەکییەک بۆ کتێبەکە تەرخان کردووە، ١٢ بەشەکەی تریشى بەسەر ٣ دەروازەدا دابەش کراوە. لە دوو بەشەکەى سەرەتادا، بەیات تیشک دەخاتە سەر دۆخی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زەحمەتییەکانى ژیان و ئەو کێشانەی کە خەڵکى سادەى ئەم وڵاتانە بەدەستیانەوە دەناڵێنن، هەر لە کەمیی داهات و بەرهەمهێنان و خراپیى خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دۆخى تەندروستی و پاشەکشەکردنى بوارەکانی زانست و پەروەردە و فێرکردنەوە تا بەردەوامبوونی ڕژێمە ستەمکار و توندوتیژ و نادیموکراتەکان، دواتر بەیات گریمانەکانى خۆى لەمەڕ لۆژیکى گۆڕانکارى لەم ناوچەیە و ڕەتکردنەوى تێزە ڕۆژئاواییەکان لەسەر چەقبەستوویى ناوچەکە و نەگۆڕانى دەخاتە ڕوو.
لە دەروازەى یەکەمدا، بەیات چەمکى “نابزاڤى کۆمەڵایەتى” کە هاوکات ناونیشانى دەروازەکەشە، وەک چەمکى سەرەکیى كتێبەکەى دەخاتە ڕوو كە بە پێناسەى ئەو بریتییە لە بەشێک لەو چالاکییە دەستەجەمعییانەی کە تاکەکەسەکان لە چینوتوێژى جیاوازەوە بەشداریى ئەنجامدانیان دەکەن، بێ ئەوەى ئایدۆلۆژیایەک یان سەرکردایەتییەکى دانپیانراو ئەم چالاکییانە ئاڕاستە بکات، تەنانەت ئەگەرچى ڕێکخراوێک یان دامەزراوەیەکیش لەپشت پێکهاتنیانەوە هەبێت. ئەوەش کە نابزافە کۆمەڵایەتییەکان لە بزافە کۆمەڵایەتییەکان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ملیۆنان خەڵکى پەراوێزخراو لە هەژارانى شارەکان و ژنانى موسوڵمان و گەنجانى بێبەش پێشەوایەتیى دەکەن. دواتر بەیات هەر بەشێکى ئەم دەروازەیەى، کە بەشەکانى ٣ تا ٧ى کتێبەکەى لەخۆ گرتووە، تەرخان کردووە بۆ خستنەڕووى دۆخى هەریەک لە “هەژارانى شارەکان و ژنان و گەنجان” کە دەشێت بەدەم زەحمەتییەکانى بەدەستهێنانى ژیانى ڕۆژانەیانەوە ناڕەزایەتى و ئاڵنگارییەکانیان، بە ڕووى ستەم و بێدادیدا، لەسەرخۆ ببنە ئەفرێنەرى گۆڕانکارییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
لە دەروازەى دووەمدا، بە ناونیشانى “سیاسەتی شەقام و شەقامی سیاسی”، کە بەشەکانى ٨ تا ١١ى کتێبەکەى لەخۆ گرتووە، بەیات بایەخ بە لێکۆڵینەوە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەدات وەک گۆڕەپانی سەرەکیى گوزارشتکردن لە تووڕەیى و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى سادە لە دژى ستەم و نادادیى ڕژێمە سەرکوتکارەکانى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هاوکات شوێنى دەربڕینى شێوازەکانى ململانێ و پێکەوەژیانی نێوان کولتوور و تایەفە جیاوازەکانیشە. لەبەرامبەر ئەو پرسەشدا کە بۆچی شەقامى شارەکان دەبنە باشترین شوێن بۆ دەربڕینى توڕەییە گشتییەکان؟ بەیات دەڵێت شۆڕش بزاوتێکی شارییانەیە، شارەکانیش شوێنی ناکۆکى و ململانێ کۆمەڵایەتییەکانن، هاوکات ناوەندی جووڵەى سامان و هێز و خەڵکن، لەبەر ئەمانە شەقامەکان هەر تەنها شوێنى دەبڕینى ناڕەزایەتییەکان نین، بەڵکوو یارمەتیدەریشن بۆ ئەوەی خەڵکانى سادە بتوانن لە دەرەوەى بازنەى دۆخى ئێستایان درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن. دواتر بەیات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە کاتێکدا کە ڕژێمە حوکمڕانەکان لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامرازەکانى توندوتیژى و ئاسایش و پۆلیسەوە سیاسەتەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى جووڵە نوێیەکانى شەقام خستووەتە کار، کاراکتەرە نوێیەکانى ئەم شەقامە پەرە بە میکانیزمی نوێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لە دژى ستەمە ناوخۆیى و دەستتێوەردانە دەرەکییەکان دەدەن، وەک هەڵمەتەکانى بایکۆتکردن و وەگەڕخستنى سۆشیالمیدیا و پانتاییە ئەلکترۆنییەکان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
لە دەروازەى سێیەمدا بە ناونیشانی “شۆڕشەکان”، کە بەشەکانى ١٢ تا ١٤ى کتێبەکەى لەخۆ گرتووە، ئاسیف بەیات لە پەیوەند بە مۆدێرنەدا لێکۆڵینەوە لە شۆڕشەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هاوکات هەوڵ دەدات پێشبینیی ئایندەى شۆڕشەکانى بەهارى عەرەبى بکات و بە بڕواى ئەو شۆڕشی ئێرانى ١٩٧٩؛ یەکەم و کۆتا مۆدێلی شۆڕشى ئیسلامی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە توانیویەتى بە توندوتیژى بە ئامانجەکانى خۆى بگات. بۆیە ئەو شۆڕشانەى کە دەشێت لە ئایندەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا وەدیهێنەرى گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرچاو بن، لە جۆرى “شۆڕشى پۆستئیسلامى” بن، بەو واتایە کە بۆ گەیشتنیان بە ئامانجەکانى خۆیان؛ ئامرازەکانی ناتوندوتیژی و بێدەنگی و ستراتیژى ڕیفۆرمى ئاشتییانە دەگرنە بەر. چەمکى “پۆستئیسلامى یان پۆستئیسلامیزم”، لاى بەیات واتاى پشتبەستن بەو ڕەگەزە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستانەییانەى کە لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکان و خودى ئیسلامیشدا هەن بۆ وەدیهێنانى گۆڕانکارییەکان. لێرەدا بەیات ڕەخنە لەو تێزانە دەگرێت کە ڕایان وایە ئیسلام دیموکراسى قبووڵ ناکات، بۆیە دواى خستنەڕووى پاشخانى ئەو بزاوتە ئاشتیخواز و ناتوندوتیژانە کە لە ئیسلامدا هەبوون؛ لاى بەیات پۆستئیسلامیزم پردى پێکەوەبەستنى ئیسلام و دیموکراسییە.
دواتر بەیات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر چەندە لەوانەیە شۆڕشەکان لەسەر دەستى گرووپ و خەڵکى نابزاڤى کۆمەڵایەتیی گەورە بخولقێنرین، بەڵام زۆربەى جار ئەم خەڵکانە دەسەڵاتی ئیدارەدانیان نییە، چونکە پێشتر ئەزموونى حوکمڕانییان نەکردووە، هەر بۆیە ئەم شۆڕشانە ناچارن دووبارە لە ڕێى ئامرازە کۆنەکانى دەوڵەتەوە سەوداى چاکسازیی شۆڕشگێڕانە بکەن کە ئەمەش هەمیشە مەترسیی گەڕانەوەی دژەشۆڕش لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، بەتایبەت ئەگەر شۆڕشەکە نەیتوانیبێت سیستمە سەرەکییەکانی ئیدارەدانى دەسەڵاتى دەوڵەت بگۆڕێت. بۆیە بەیات جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەورەترین ئاڵنگارى لەبەردەم شۆڕشەکانی ئایندەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە چۆن لە ئامرازە کۆنەکانى ئیدارەدان دوور بکەوینەوە، بەبێ پشتبەستن بە توندوتیژی و لە سایەى بنەماکانی هەماهەنگى و دادپەروەریدا.
لە کۆتاییدا، سەرەڕاى ئەوەى کە ئەم کتێبە ڕووبەڕووى چەند ڕەخنەیەک بووەتەوە، وەک گرنگیدانى تەنها بە بزوێنەرە ناوخۆییەکان و لەبەرچاونەگرتنى کاریگەریى فاکتەرە دەرەکییەکان، هەروەها باسکردنى چەندین ڕووداو بەبێ سەلماندنیان بە سەرچاوەى پێویست، هاوکات پشتنەبەستن بە بەڵگەی تەواو تاقیکراوەی توندوتۆڵ، هەر چەندە بەیات زانیاریى فراوان و شارەزاییەکى قووڵى لەسەر ناوچەکە هەیە، سەرەڕاى ئەم ڕەخنانە، ئەم کتێبە ڕوانگەیەکی دەوڵەمەندە بۆ خستنەڕووى ژیانی ڕۆژانە و تێکۆشانى بەردەوامى ملیۆنان خەڵکى سادە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشدارییەکی تیۆری و چەمکگەرایى گرنگە لە ئەدەبیاتی لێکۆڵینەوە لە لۆژیکى گۆڕانکاری لەژێر سایەى ستەم و سەرکوتکردندا. هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە داینامیکی ئەو ڕاپەرین و جووڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەى کە ئێستا لە دژى ڕژێمە حوکمڕانە ستەمگەرەکانى ناوچەکە دەگوزەرێن. خوێندنەوەی کتێبى “ژیان وەک سیاسەت”، بۆ هەموو توێژەر و چالاکوان و سیاسییەک گرنگە کە بخوازێت لە هۆکار و ئەنجامەکانى بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاگا بێت.
گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی پانزەیەم (15) کانوونی یەکەم، پایزی 2022، ساڵی سێیەم