• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 12, 2021

خوێندنەوە بۆ كتێبی: ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟ (بەشی دووەم)

بەشی دووەم

ڕانان و وەرگێڕان: زانا كەریم

ناونیشانی کتێب: ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟

نووسەر: جۆزێف ئێس. نای. کوڕ

بڵاوکار:

ساڵی بڵاوکردنەوە: ٢٠١٥

ژمارەی لاپەڕە: ١٥٤

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (6‌)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

  1. هەڵکشانی چین

  بەلای زۆرێک لە شرۆڤەکارانەوە چین زۆرترین ئەگەری هەیە ڕکابەری هاوسەنگی هێزی ئەمەریکایی بێت، هێزی ئەمەریکا تێبپەڕێنێت و سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی پێ بێت.

   لە کاتێکدا خەمڵاندنەکانی هێزی چین پشت بە گەشەی خێرای تێکڕایی کۆی داهاتی خۆجێیی (GDP) دەبەستێت، بەڵام چین خاوەنی سەرچاوە گرنگەکانی تری هێزیشە. ڕووبەری جوگرافیی چین هێندەی ڕووبەری جوگرافیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و ژمارەی دانیشتووانیشی چوار هێندەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. چین خاوەنی گەورەترین سوپایە لە جیهاندا، زیاتر لە ٢٥٠ چەکی ناوکیی هەیە و خاوەنی توانایەکی نوێباوە لە بۆشایی ئاسمان و فەزای ئەلکترۆنیدا (لە نێویدا زۆرترین ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە جیهاندا).

لە ڕووی سەرچاوەکانی نەرمەهێزەوە، پیشەسازیی فەرهەنگیی چین نەگەیشتووەتە ئاستێک ڕکابەریی هۆڵیوود یان بۆڵیوود بکات، زانکۆکانی لە ڕیزبەندیی زانکۆ لوتکەکانی جیهاندا پۆلێن ناکرێن، زۆرێک لەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی کە بەشێکی زۆری نەرمەهێزی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرهەم دێنن؛ لە چیندا نییە. لەگەڵ ئەمانەشدا، چین هەمیشە خاوەنی فەرهەنگێکی تەقلیدیی نیگاڕاکێش بووە و سەدان پەیمانگای کۆنفۆشیۆسی لە سەرتاسەری جیهاندا بە مەبەستی ڕمێندان (promote/ ترویج) بەو فەرهەنگە ئاوا کردووە .

   پێشتر و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، من (جۆزێف نای) نووسیم: هەڵکشانی کتوپڕی چین، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوودانی ململانێیەک لەو جۆرەی سیۆسیدایدس لە کتێبی  “مێژووی جەنگی پیڵۆپۆنیز”دا باسی دەکات، کاتێک هۆکاری بەرپابوونی جەنگی پیڵۆپۆنیز دەگێڕیتەوە بۆ هەڵکشانی هێزی ئەسینا و ئەو ترسەی ئەم هەڵکشانە لە سپارتادا چاندی. بەڵام بەپێچەوانەوە، چین پەیوەست بە هەرسێ ڕەهەندەکەی هێز، هێشتا زۆر لەدوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە و سێرەی سیاسەتەکانی لەسەر هەرێمەکەی خۆی و گەشەی ئابوورییەکەی گرتووەتەوە.

هێزی ئابووری

   “هەڵکشانی چین”؛ ناولێنانێکی هەڵەیە، بەهێزبوونەوە دروستترە. چین هەتا ئەو کاتەی لە دوو سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ئەورووپا و ئەمەریکاوە و بەرەنجامی شۆڕشی پیشەسازی درایە دواوە، گەورەترین ئابووریی جیهان بوو. دوای چاکسازییەکانی بازاڕ کە لەلایەن دێنگ ژیاوپێنگ (Deng Xiaoping) لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەنجام درا، بەرزی تێکڕایی گەشەی ساڵانەی چین لەنێوان 8٪ بۆ 12٪، بوو بە هۆی ئەوەی کۆی داهاتی خۆجێیی چین (GDP) بگاتە سێ هێندە لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا و ئەمەش هەندێکی گەیاندە ئەو باوەڕەی کە وا لە ئایندەیەکی نزیکدا چین پایەی خۆی وەک گەورەترین ئابووریی جیهان بەدەست دەهێنێتەوە.

   وێڕای ئەمانەش، چین بڕینی ڕێگەیەکی درێژی لە بەردەمدایە تاکوو هاوتای سەرچاوەکانی هێزی وڵاتە یەکگرتووەکان بێت و هێشتا چەندین ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنیدایە. لە ئێستادا قەبارەی ئابووریی ئەمەریکا بەگوێرەی تێکڕایی نرخی ئاڵوگۆڕ (exchange rates) نزیکەی دوو هێندەی قەبارەی ئابووریی چینە، بەڵام وەک لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد، قەبارەی ئابووریی چین بەم نزیکانە ئابووریی ئەمەریکا تێدەپەڕێنێت، ئەگەر بەگوێرەی هاوتایی هێزی کڕین (PPP) پێوانە بکرێت. هەموو ئەم بەراورد و خەمڵاندنانە تا ڕادەیەک هەڕەمەکین، چونکە پشت بەو پرسیارانە دەبەستێت کە کەسێک دەیەوێت وەڵامی بداتەوە.

   تەنانەت ئەگەر کۆی داهاتی نەتەوەیی چین (GDP) “بە هەر پێوەرێک” کۆی داهاتی نەتەوەیی ئەمەریکاش تێپەڕێنێت، ئەوا هەردوو ئابوورییەکە لە قەبارەدا هاوتا دەبن، بەڵام لە پێکهاتە و پێشکەوتندا یەکسان نابن. تا ئێستاش چین خاوەنی ناوچەیەکی فراوانی لادێنشینی دواکەوتووە و ژمارەیەک ئاڵنگاریی ڕووبەڕوو بووەتەوە، وەک فراوانبوونێکی خێرای شارنشینی. داهاتی تاکەکەس پێوەرێکی باشە بۆ پێوانی ڕادەی پێشکەوتوویی هەر ئابوورییەک، داهاتی تاکەکەس تەنانەت ئەگەر بە پێوەری هاوتایی هێزی کڕین (PPP)ش بپێورێت، ئەوا تێکڕایی داهاتی تاکەکەس لە چین تەنها 02٪ی ئاستی ئەمەریکایە و چەند دەیەیەکی دەوێت بگاتەوە بە ئەمەریکا (ئەمە ئەگەر بگاتەوە بە ئەمەریکا).

   بێگومان قەبارەی گشتی؛ لایەنێکی گرنگی هێزی ئابوورییە. هەبوونی بازاڕێکی فراوانی سەرنجڕاکێش و هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری وڵاتاندا، سەرچاوەیەکی گرنگی باڵادەستییە و چین بەکاری دەهێنێت، بەڵام ئەمە “هاوتایی” نییە. بۆ نموونە: لەگەڵ ئەوەشدا چین وەک گەورەترین نەتەوەی بازرگانیکاری جیهان لە ڕووی قەبارەوە لە ساڵی ٢٠٠٩دا پێش ئەڵمانیا کەوت، کەچی چینییەکان دوودڵن لە بارەی ئەوەی کە وڵاتەکەیان “هێشتا ماویەتی ببێتە وڵاتێکی بازرگانیکاری بەهێزی ڕاستەقینە”، چونکە بازرگانی لە خزمەتگوزارییەکاندا کەمتینە، زۆربەی هەناردەکان زێدە بەهایەکی نزمیان هەیە، چین لە  براندە ئاست باڵاکاندا کەمبوونی هەیە، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ناوەندە بەهێزەکانی بازرگانیی جیهانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا (لە کۆی ٢٥ براندی جیهانی کە لە لوتکەدان، ١٢ دانەیان ئەمەریکایین). سەبارەت بە کۆمپانیا دەوڵەتبڕەکان، لە کۆی ٥٠٠ کۆمپانیای لوتکە، (46٪)یان لەلایەن ئەمەریکاییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت. بە دەستەواژەیەکی تر: بازرگانیی چینی لە بازرگانیی ئەمەریکایی و ئەڵمانیایی فراوانترە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمتر پێشکەوتووترە.

   ڕوونکردنەوەیەکی تر پەیوەندیی بە بواری نەختینەییەوە هەیە. چین دیراسەی ئەو هێزەی کردووە (لە نێویشیدا سزا داراییەکان) کە وا وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕۆڵی جیهانی دۆلارەوە دەیچنێتەوە. چین هەوڵی داوە  هێزی دارایی خۆی زیاد بکات، لە ڕێگەی هاندانی بەکارهێنانی یوان (دراوی نیشتمانیی چین)ەوە بۆ پارەدارکردنی بازرگانی و لە ئێستادا ٩٪ی کۆی جیهانی دەنوێنێت، بەڵام دۆلار تا ئێستا بە 81٪ی دێتە هەژمار. ڕۆڵی یوان زیاد دەکات، بەڵام ئەگەری نییە شوێنی دۆلار بگرێتەوە تاکوو چین ڕێگە بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان نەدات تێکڕایی ئاڵوگۆڕی دراو دیاری بکەن و بازاڕی سەرمایەی ناوخۆیی پێشکەوتوو، هاوڕێ لەگەڵ پەیکەرێکی قانوونیی متمانەبەخش؛ گەشە پێ نەدات. هەروەک “The Economist” تێبینیی کردووە: “مەرج نییە قەبارە و پێشکەوتوویی هاوڕێ بن، ئەگەری هەیە لە دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا چین ببێتە گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام پێشکەوتووترین نا. پێشکەوتوویی ئەمەریکا لە قووڵیی بازاڕە داراییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.” بازاڕە داراییەکانی چین هەشتیەکی ئەو قەبارە گەورەیە دەنوێنن و بیانییەکان ڕێگەی خاوەندارێتیی بەشێکی بچووکی ئەو بازاڕانەیان پێ دەدرێت.

   تەکنەلۆجیاش هێشتا نموونەیەکی تری جیاوازییە لە پێشکەوتندا. چین خاوەنی دەستکەوتگەلێکی گرنگە لە بواری تەکنەلۆجیادا، بەڵام زیاتر لە داهێنانی ناوخۆیی، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ستراتیجی لەبەرگرتنەوە (copying)ی تەکنەلۆجیای بیانی دەبەستێت. بە وتەی گۆڤاری “Souch Review”ی چینی، “چین شانازی بە نازناوی گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی هێزی جیهانەوە دەکات و بڕوانامەی داهێنانی چینییەکان بەخێرایی زیاد دەکات و وڵاتە پێشکەوتووەکان تێدەپەڕێنێت لەم بوارەدا، بەڵام زۆربەی بڕوانامەکانی داهێنان کە لە چین بەدەست دەهێنرێن، بایەخی کەمترە لە سەراپای زنجیرە پیشەسازییەکان…

بەکورتی: چین لە زانست و داهێنانی تەکنەلۆجیدا هێشتا لاوازە.”

   بە ڕوانین بۆ پێشەوە، لە هەندێک خاڵدا گەشەی چین خاو دەبێتەوە، وەک لە هەموو ئابوورییەکدا کە پێش دەکەوێت؛ ڕوو دەدات. هەندێک لە ئابووریناسان بڕوایان وایە لەگەڵ کەمکردنەوەی قەبارەی وەبەرهێنانی سیاسی لە کەرتی نالێهاتوودا کە دەوڵەت خاوەنیەتی، گەشەی چین خاو دەبێتەوە بۆ 5٪ و ڕەنگە لەگەڵ دەرکەوتنی گرفتی دیمۆگرافیدا، دوای ساڵی ٢٠٢٠ گرفتی پارێزگاریکردنی لەو ئاستە هەبێت. بەڵام تەنانەت لەگەڵ تێکڕاییەکی نزمتری گەشەشدا، چین دەتوانێت خێراتر لە زۆربەی جیهان بەردەوام بێت لە گەشە. هەر چۆنێک بێت خەمڵاندنی ئاسۆییانەی ئاڕاستەکانی گەشە دەکرێت سەرلێشێوێنەر بێت، چونکە وڵاتان مەیلی چنینەوەی بەرهەمە ئاسانەکان دەکەن، کاتێک سوود لە هاوردەکردنی تەکنەلۆجیا و دەستیکاری هەرزان وەردەگرن لە قۆناغە بەراییەکانی سەرپێکەوتنی ئابووریدا. بە شێوەیەکی گشتی تێکڕایی گەشە خاو دەبێتەوە کاتێک ئابوورییەکان دەگەنە ئاستە پێویستەکانی داهاتی ساڵانەی تاکەکەس (per capita levels of income) لە (PPP)دا، ئەوەی چین لە ئێستادا نزیک دەبێتەوە لێی. ئەمەی پێی دەگوترێت “تەڵەی داهاتی مامناوەند”، یاسایەکی ئاسنین نییە (وەک کۆریا و ژاپۆن سەلماندیان)، بەڵام بەدواییەکداهاتنێکی ڕێکوپێکە، زۆربەی وڵاتان ڕووبەڕووی دەبنەوە ئەگەر شکستیان خوارد لە داهێنان و گۆڕینی نموونەی گەشەکەیاندا.

لە بوارەکانی گۆڕانکارییەوە (transition) لە پڕۆژە بێتواناکان کە خاوەندارییان بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، پەرەسەندنی نایەکسانی، ژینگەیەکی وێران، کۆچی ناوخۆیی بەرفراوان، تۆڕێکی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی نەگونجاو، گەندەڵی، حوکمێکی نەگونجاوی؛ چەندین ئاستەنگی مەترسیدار ڕووبەڕووی ئابووریی چین دەبێتەوە. باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات، باشوور و ڕۆژئاوایان تێپەڕاندووە. لە کۆی ٣١ پارێزگا، تەنها ١٣ پارێزگا داهاتی تاکەکەسیی لەسەروو تێکڕایی داهاتی تاکەکەسی نەتەوەییەوەیە. پارێزگا پاشکەوتووەکان ئەوانەن کە ڕێژەیەکی بەرزی کەمینەی وەک تیبتییەکان و ژینجیانگەکانی تێدایە. زیاتر لەمە، چین دەست دەکات بە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتە دیمۆگرافییەکانی لە بابەت کاریگەریی پاشهاتەکانی سیاسەتی “یەک منداڵ بۆ هەر ژن و مێردێک” کە لە سەدەی بیستەمدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. هاتنی کارکەری نوێ بۆ ناو هێزی کاری چینی لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی بە پاشەکشێ کرد و هێزی کاری چینی لە ساڵی ٢٠١٦دا دەگاتە لوتکە. چین زۆر بەخێرایی پیر دەبێت: لە ساڵی ٢٠٣٠دا ژمارەی ئەو بەتەمەنانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەخێو دەکرێن، لە ژمارەی منداڵەکان زیاتر دەبن. چینییەکان گوزارشت لە نیگەرانییەکەیان دەکەن بەوەی وڵاتەکەیان “پێش ئەوەی دەوڵەمەند بێت، پیر دەبێت”.

   کەمکردنەوەی پاشەکەوت و زیادکردنی بەکاربردنی ناوخۆیی، وەک چین نەخشەی بۆ دادەنێت، ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام وەڵامێکی ئاسان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کە چین خاوەنی گەورەترین یەدەکی جیهانیی دراوی بیانییە کە نزیکەی 4 ترلیۆن دۆلارە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە زیادکردنی باڵادەستیی داراییدا، تا ئەو کاتەی دەبێتە خاوەنی بازاڕێکی پشکی کراوە، بە جۆرێک تێکڕایی قازانج لەلایەن بازاڕەوە دیاری بکرێت، نەک لەلایەن حکومەتەوە. هەروەک هەبوونی ڕێژەیەکی زەبەلاحی دۆلار هێزێکی زۆری نەداوەتە چین لە دانوستانی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، چونکە لە پەیوەندییەکی هاوبەستەکیدا هێز پشت بە نەسازانی (asymmetries) هاوبەستەکییەکە دەبەستێت. چین خاوەنی ئەو دۆلارانەیە کە لە فرۆشی کاڵاکانیەوە بە ئەمەریکا بەدەستی دەهێنێت، کەچی وڵاتە یەکگرتووەکان بازاڕەکانی بەکراوەیی هێشتووەتەوە بە ڕووی بەرهەمە چینییەکاندا، ئەمەش گەشە و هەلی کار و سەقامگیری بۆ چین “چێ دەکات”. وێڕای ورووژاندن و هاندان، چین دۆلارەکانی ناخاتە بازاڕە داراییەکانی جیهانەوە، ئەگەر چین ئەمە بکات، ئەمەریکا دەهێنێتە سەر چۆک، بەڵام تێچووی وەها کارێک کەوتنی چین خۆیەتی لەسەر گازی پشت.

   سیستمی سیاسیی دەسەڵاتگەریی چین پەیوەست بە چەند ئامانجێکی دیاریکراو، توانایەکی ناوازەی گۆڕینی هێزی نیشان داوە -بۆ نموونە بونیادنانی شاری نیگاڕاکێشی نوێ و پڕۆژەی هێڵی ئاسنی زۆر خێرا-. ئایا چین دەتوانێت پارێزگاری لەم توانایە بکات بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ؟ ئەوە ڕازێکە هەم بۆ بیانییەکان و هەم بۆ سەرکردە چینییەکانیش. پێچەوانەی هیند کە بە دەستوورێکی دیموکراسییەوە لەدایک بوو، چین تا ئێستا ڕێگایەکی نەدۆزیوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داواکارییەکانی بەشداریی سیاسی کە هاوڕێیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی تاکەکەسدا. ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزم دەمێکە خۆری ئاوا بووە و ڕەوایەتیی پارتی فەرمانڕەوا شانی لەسەر گەشەی ئابووری و ناسیۆنالیزمیی ڕەگەزی هان (Han)دا داوە. ئایا گۆڕانی ئابووری گۆڕانی سیاسییش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەک لە کۆریای باکوور و تایوانی دراوسێ ڕووی دا؟ ئەوەی ئایا چین دەتوانێت هاوکێشەیەک سەرپێ بخات کە بتوانێت فراوانبوونی چینی ناوەندی شارنشین و نایەکسانیی نێوان هەرێمەکان و ناڕەزایی کەمینە ئیتنییەکان بەڕێوە ببات؟ دەمێنێتەوە سەر ئەوەی چاولەڕێ بین. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە وا هیچ کەسێک، تەنانەت سەرکردە چینییەکان، خۆشیان نازانن پاشەڕۆژی سیاسەتی چین چۆن پێشڤە دەچێت و ئەمە چۆن باندۆر لەسەر گەشەی ئابوورییەکەی دادەنێت.

   سیاسەتی ئەلیکترۆنی (cyber) ئاڵۆزییەکی تر نمایش دەکات. چین بە 622 ملیۆن کەس، خاوەنی گەورەترین ڕێژەی دانیشتووانە کە ئینتەرنێت بەکار دەهێنن، لە هەمان کاتدا خاوەنی سیستمێکی حکومیی کۆنترۆڵ و چاودێریی زۆر پێشکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا دزەکردنی زانیاری کارێکی حەتمییە. زاڵبوون بەسەر لێشاوی ڕوولەزیادبوونی هەڵقوڵینی زانیاریدا و کۆتوبەندکردنی، لە کاتێکدا کۆتوبەند دەتوانێت گەشەی ئابووری پەک بخات، تەڵەزگەیەکی توندە لەبەردەم سەرکردە چینییەکاندا. هەر چەندە ئەگەری نییە دەستەبژێری پارتی کۆمۆنیست کۆنترۆڵی دانیشتووان لەدەست بدات، بەڵام چین بە هۆی ئەوەی کە ناتوانێت کۆنترۆڵی کۆچبەری، کاریگەریی ژینگەیی لەسەر کەشوهەوای جیهان، ململانێی ناوخۆیی بکات؛ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی مەترسیداری جیاواز دەبێتەوە.

هێزی سەربازی

   پێبەپێی گەشەی ئابووریی چین، خەرجیی سەربازیی چینیش ئەگەری زیادبوونی هەیە. چین دەوروبەری ٢٪ی کۆی داهاتی نەتەوەیی خۆی لە بواری سەربازیدا خەرج دەکات (نیوەی ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان خەرجی دەکات)، بەڵام تێکڕای داهاتی خۆجێیی چین بەخێرایی زیاد دەکات. بودجەی فەرمیی چین لە ساڵی ٢٠١٤دا ١٣٢ بلیۆن دۆلار بووە و ئەمەش نزیکەی چارەکی بودجەی وڵاتە یەکگرتووەکانە، بەڵام ئاماری خەرجییە سەربازییەکانی چین زۆرێک لەو بابەتانەی لەخۆ نەگرتووە کە بودجەی بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکان لەخۆی گرتووە. دوای ماوەیەک لە نزمیی ئاستی وەبەرهێنان، لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ ساڵی ٢٠٠٩؛ بودجەی سەربازیی فەرمیی چین هەموو ساڵێک دوو ژمارەیی (double digits) زیادی کرد و لە ساڵی ٢٠١٣دا گەیشتە 10٪. لە کاتێکدا سوپای ئازادیخوازی گەل، هێزێکی فراوان و لە ڕووی تەکنۆلۆجییەوە دواکەوتوو، سێرەی لەسەر بەرگریی زەمینی بوو دژی یەکێتیی سۆڤیەت، لەمڕۆدا ئەو سوپایە گەشەی کردووە و بووە بە هێزێکی زۆر هاوچەرخ و فۆكسی سوپای چین لەسەر ڕێگریکردنە لە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئاسیا.

    لە هەمان کاتدا ڕێژەی 11٪ی خەرجیی چین لە کۆی خەرجیی سەربازیی جیهانی، زۆر کەمترە لە خەرجیی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان کە دەگاتە 02٪ی کۆی خەرجیی سەربازیی جیهانی. بەگوێرەی ئەم تێکڕاییەی گەشەی ئێستا، خەرجیی سەربازیی چین ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بگاتە ئاستی نیوەی خەرجیی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لەوانەیە لەناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکیشدا بگاتە ئاستی وڵاتە یەکگرتووەکان. هەروەها بەگوێرەی تفاقی سەربازیی هاوچەرخی کۆگاکراو لەپێشیی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر چین “دە بۆ یەکە”، ئەمە تەنانەت بەبێ هەژمارکردنی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا. لە لایەکی ترەوە چین توانا گرنگەکانی بوون بە هێزێکی جیهانیی پەرە پێ نەداوە، لە کاتێکدا تواناکانی زیاد کردووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی کردە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی، کەچی تەنها پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی پەرەپێدانی کەشتیگەلێکی خاوەن دەستەی شەڕکەرهەڵگری دەست پێ کردووە. هەر چەندە پشتبەستنی چین بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە هەڵکشانە و هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکاش بۆ تەنگەی هورمز لە کەنداوی فارسدا یەکلاکەرەوەن، کەچی هێزە دەریاییەکانی چین پەیوەنددارن بە تێپەڕینی ئارام بە تەنگەی مەلەگادا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

   وێڕای نۆژەنکردنەوەی کەشتیهەڵگرێکی ئۆکرانیایی (وە دوو کەشتیهەڵگری تر کە لە قۆناغی جیاوازی پلانداناندان)، کەچی هێشتا چین چەندین دەیە لەدوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوەیە کە خاوەنی 12 کەشتیهەڵگری شەڕکەر و ئەزموونێکی دوورودرێژی مانۆڕی جیهانییە. چین دوو جۆری جیاوازی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی شەڕکەری پەرە پێ داوە، بەڵام دووبارە وەک وڵاتە یەکگرتووەکان توانای ئامادەگیی لەسەر ئاستی جیهان نییە. چین خاوەنی ژمارەیەکی دیاریکراوی مووشەکی بالیستی کیشوەربڕە و چەندین هەوڵی ناوازەی داوە لە پێناو پەرەپێدانی توانای ململانێی بێوێنە لە بۆشایی ئاسمان و فەزای ئەلکترۆنیدا، بەڵام هێشتا هاوشانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نییە لەو بوارانەدا. لە بواری هێزی تەقلیدییشدا، چین بەراورد بە هێزەکانی ئەمەریکا کەمبوونی هەیە لە: هاوپەیمان، بنکەی سەربازیی ناو زەریاکان، دابینکردنی پێداویستیی لۆجیستیی ماوەدرێژ، ئەزموونی سووسەکردن. لە کاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی ٢٤٠٠٠٠ سەربازە لە دەیان وڵاتی بیانیدا، چین تەنها خاوەنی چەند هەزارێکە و بە شێوەیەکی سەرەکی ئەرکی ئاشتیپارێزیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ دەکەن.

   ئەو ڕاستییەی کە وا چین بەم نزیکانە نابێتە هێزێکی جیهانی هاوشانی وڵاتە یەکگرتووەکان، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە وا وەبەرهێنانی چین لە بەرهەمهێنانی شەڕکەرەکان، ژێردەریایی، مووشەکی کرووز، مووشەکی بالیستی مەودا مامناوەند؛ تێچووی هەر دەستێوەردانێکی ئەمەریکای لە دەریاکانی نزیک لە کەناراوەکانی چینی زیاد کردووە. ئامادەگیی سەربازیی جیهانی نابێت لەگەڵ کاریگەریی سەربازییانەی هەرێمیدا هاوتا بکرێت. ئەگەر ئەم ئاڕاستانەی ئێستا بەردەوام بێت و وڵاتە یەکگرتووەکان بخوازێت بەردەوام بێت لە دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، پێویستی بە کەمکردنەوەی هێزەکانی هەیە لەهەمبەر ستراتیجیی چین بۆ دوورخستنەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا، ئەمەش وەبەرهێنانێکی تێچوودار لە چەند بوارێکدا دەخوازێت، وەک: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دزەکەر کە وا بتوانرێت لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەوە بخرێتە گەڕ، ئەو ژێردەریاییانەی کە توانای هێرشی گەورەی زەمینییان هەیە، بەرگریی مووشەکی بالیستی خۆجێیی، سیستمێکی زۆر نەرمی مانگی دەستکردی بچووک، تواناکانی هێرشی ئەلیکترۆنی.

نەرمەهێز

   بۆ هێزێکی هەڵکشاوی وەک چین کە گەورەبوونی هێزە ئابووری و سەربازییەکەی ترسێک لە دراوسێکانیدا دەچێنێت و ئەم ترسەش ڕەنگە پاڵیان پێوە بنێت دژە هاوپەیمانێتییەک بۆ هاوسەنگیی هێزی چین دروست بکەن، نەرمەستراتیژییەک کە هێزی نەرم لەخۆ بگرێت بایەخی خۆی هەیە، تاکوو ئەم ترسە کەم بکاتەوە و کاریگەریی هاوپەیمانێتییەکی هاوسەنگکاریش لەلایەن دراوسێکانیەوە کەم بکاتەوە.

   نەرمەهێزی هەر وڵاتێک شان لەسەر سێ سەرچاوە دەدات: فەرهەنگەکەی (لەو جێگایانەدا کە سەرنجڕاکێشە بۆ دیتران)، بەها سیاسییەکانی (کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا پەیڕەوییان لێ دەکات)، سیاسەتە دەرەکییەکەی (وەک سیاسەتی ڕەوا کە بنەمای ئاکارییان هەیە، لێیان بڕوانرێت). بەڵام کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی ڕەقەهێز و نەرمەهێز پێکەوە لە ستراتیجییەکی زیرەکدا کارێکی سانا نییە، بۆ نموونە کردنەوەی پەیمانگایەکی کۆنفۆشیۆس بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی چینی لە مانێلا، ڕەنگە یارمەتیی بەرهەمهێنانی نەرمەهێز بدات، بەڵام لە بەستێنێکدا کە چین سەرچاوەی ترسە بۆ فلیپین لە بارەی خاوەندارێتیی دوورگە “ناکۆکیلەسەرەکان” لە دەریای باشووری چین، ئەگەری سەرکەوتنی کەمە. تاکوو چین توندتر بێت لە بارەی داواکارییە هەرێمییەکانیەوە لەگەڵ دراوسێکانیدا، ئەگەری بەدیهاتنی ئامانجی زیادکردنی نەرمەهێزی ئەستەمتر دەبێت.

   زیاتر لەوە، زۆربەی نەرمەهێزی ئەمەریکا لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنیی ئەمەریکاییەوە بەرهەم دێت نەک لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە –زانکۆکان، دامەزراوەکانی هۆڵیوود، فەرهەنگی میللی-، هەندێک جار ئەمەریکا بە هۆی بوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنیی ڕەخنەگر و دوور لە سانسۆر، پارێزگاری لە ئاستی نەرمەهێزەکەی دەکات. تەنانەت لەو بارانەدا کە چالاکییەکانی حکومەت، وەک داگیرکردنی عێراق گورز لە نەرمەهێز دەوەشێنێت، بە هۆی زیرەکەهێزەوە کە ئاوێتەیەکە لە نەرمەهێز و ڕەقەهێز، نەرمەهێز و ڕەقەهێز یەکتری تەواو دەکەن.

   بەراورد بە هەموو ئەو خەرجییانەی چین لە وەبەرهێنانی نەرمەهێزدا دەیکات، بەرهەمەکەی سنووردارە. ئۆڵۆمپیادی ساڵی ٢٠٠٨ سەرکەوتنێک بوو بۆ چین لە بواری نەرمەهێزیدا، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای ئەوە سەرکوتکردنی چالاکانی بواری مافی مرۆڤ لەلایەن چینەوە، ئاستی دەسکەوتەکانی لە بواری نەرمەهێزدا هێنایە خوارەوە. هەروەها پێشانگای شەنگەهای ئێکسپۆ لە ساڵی ٢٠٠٩دا سەرکەوتنێکی گەورە بوو، بەڵام زیندانیکردنی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات (Liu Xiaobo)ی بەدوادا هات.

   چین هەڵە بیر دەکاتەوە کە پێی وایە حکومەت ئامرازی سەرەکیی بەرهەمهێنانی نەرمەهێزە. لە جیهانی ئەمڕۆدا کەميی زانیاری نییە، بەڵکوو کەمیی سەرنج هەیە، سەرنجیش پشت بە متمانە دەبەستێت و پڕوپاگەندەی حکومەتیش متمانەی زۆر کەمە. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی لە پێناو کردنی دەزگای “شینخوا” و “تەلەڤزیۆنی ناوەندیی چین” بە ڕکابەریی “CNN” و “BBC”، کەچی گوێگرێکی کەمیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە.

   پەرەپێدانی نەرمەهێز پێویستی بەوە نییە گەمەیەکی سفر دەرەنجام بێت. بەڵام بۆ چین ئەگەر بیەوێت سەرکەوتوو بێت، پێویستە داواکارییەکانی لە دراوسێکانی سنووردار بکات و سەبارەت بە وڵاتە دوورەدەستەکانیش لە ئەورووپا و ئەمەریکای لاتینی، پێویستە چین توانای ڕەخنەلەخۆگرتنی هەبێت و جڵەوی توانا و وزەی کۆمەڵگا مەدەنییەکەی بەر بدات، بەڵام ئەمە لە سای فەرمانڕەوایەتیی توندی پارتی کۆمۆنیستدا ئەستەمە. لە کاتێکدا سەرکەوتنی چین لە بواری ئابووریدا، بەرنامەی هاوکارییە ئابوورییەکانی، سەدان پەیمانگای کۆنفیوشیەس کە فەرهەنگی چینی بڵاو دەکەنەوە، ئەمانە هەموویان نەرمەهێزی چین بەهێز دەکەن، بەڵام کاریگەرییان بەسنوورداری دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی کۆتوبەندی ناوخۆیی کە دەرەنجامی هەڵکشانی ناسیۆنالیزم و کۆنترۆڵی حیزبییە بەبەهێزی دەمێنێتەوە.

ستراتیجی چین و وەڵامی ئەمەریکا

   سەرکردەکانی چین لە ئێستادا دان بەوەدا دەنێن کە وا گەشەی ئابوورییانەی خێرا کلیلی سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆییە، سێرەیان لەسەر گەشەی ئابووری و ئەوەی پێی دەگوترێت سازان لەگەڵ ژینگەی نێودەوڵەتیدا؛ گرتووە. بەڵام دەبێت بزانین زەمانە دەگۆڕێت، هێز خۆبەزلزانی دروست دەکات.

   هەروەها سەرکردە چینییەکان ئەفسانەیەکیان “چێ کردووە”، گوایا چین هەرگیز وڵاتە دراوسێکانی خۆی داگیر نەکردووە، یاخود هەژموونکارانە هەڵسوکەوتی نەکردووە، بەڵام وەکوو وەزیری دەرەوەی چین (Yang Jiechi) لە کۆبوونەوەی ئاسیان لە ساڵی ٢٠١٠دا وتی: “چین وڵاتێکی گەورەیە و وڵاتانی تر بچووکن، ئەمەش تەنها ڕاستییە و بەس.”

   ئەوەی زۆر گرنگە گومانکردنە لەو ئەگەرەی کە وا چین توانای سەربازیی هەیە، خەونە پاوانخوازانەکانی لە چەند دەیەی داهاتوودا بەدی بێنێت. لێرەدا تێچوون گرنگە، فراوانبوونی داواکارییەکانی کەسێک ئاسانترە کاتێک لیستەکە (menu) خۆڕاییە. سەرکردە چینییەکان پێویستە لەگەڵ پەرچەکرداری وڵاتانی تردا کێبەرکێ بکەن، هەروەها لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی کە ئامانجی گەشەی ئابووری و پێویستی بە بازاڕ و سەرچاوەی دەرەکی دەیهێنێتە بوون. ڕەوشێکی دوژمنکارانەی زیادەڕەوی تێدا کراو لەلایەن چینەوە، ئەگەری چێکردنی دژەهاوپەیمانێتییەکی لەلایەن دراوسێکانیەوە لە ناوچەکەدا هەیە و ئەمەش هەم نەرمەهێزەکەی و هەم ڕەقەهێزەکەی لاواز دەکات.

   ئەو ڕاستییەی کە وا چین ئەگەری نییە ببێتە کێبەرکێکارێکی هاوشانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهان، مانای ئەوە نییە کە چین ناتوانێت ئاڵنگاریی ئەمەریکا بکات لە ئاسیادا. بەڵام وەکوو پێشتر باسمان کرد هەڵکشانی هێزی چین لە ئاسیادا ڕووبەڕووی کێبەرکێ دەبێتەوە لەلایەن هیندستان و ژاپۆن (هەروەک هاوسێیەکی بچووکی وەکوو ڤێتنام)، ئەمەش جیاوکێکی گەورەی هێزە بۆ ئەمەریکا. هەروەها هاوپەیمانیی ژاپۆنی-ئەمەریکایی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هیند و پەیوەندییەکانی ژاپۆن و هیندستان، ئاستەنگی گرنگی بەردەم خواستەکانی چینن.

   ئەمە بەو واتایەیە کە لە سیاسەتی زلهێزانی ناوچەکەدا، چین ناتوانێت بەئاسانی ئەمەریکاییەکان دەربکات. لەم پێگەی هێزەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن و هیندستان و ئوسترالیا و دەوڵەتانی تر دەتوانن کار بۆ پێشکەشکردنی پاڵنەر بکەن بۆ چین، بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرپرسیارانە وازی بکات و لە هەمان کاتدا ئەگەری ڕەفتاری دوژمنکارانەی چین پەک بخات، لە کاتێکدا کە هێزی چین گەشە دەکات.

 

وەڵامدانەوەکانی ئەمەریکا

   کاتێک چین بەهێزتر گەشە دەکات، بیر لە دوورخستنەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکاتەوە لە ڕۆژئاوای زەریای ئارام، بۆیە ڕەشبینەکان پێشبینیی پێکدادانێکی نزیک دەکەن لەنێوان ئەمەریکا و چیندا. هەندێکی تر گفتوگۆی ئەوە دەکەن کە ڕازیبوون بە ناوچەی باڵادەستی بە جۆرێک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تایبەت چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی زەریای ئارامدا سنووردار بکات، ئەم پێکدادانە شکست پێ دەهێنێت. بەڵام بەرخوردی ئەمەریکا لەگەڵ هەڵکشانی چیندا بەم جۆرە، لە لایەکەوە ڕاستگۆیی ئەمەریکا تێک دەشکێنێت، لە لایەکی تریشەوە پاڵ بە دەوڵەتە هەرێمییەکانەوە دەنێت لەجیاتیی ئەوەی ببنە هاوسەنگکاری چین، ببنە لایەنگری. ئەم سیاسەتەش لە ڕاستیدا سەرەتای کۆتاییهاتنی سەردەمی ئەمەریکایی دەنوێنێت. لەجیاتی ئەمە، بوونی بەردەوامی ئەمەریکا دەتوانێت هاوسەنگیی سروشتییانەی پەرچەکرداری دەوڵەتە هەرێمییەکان بەهێز بکاتەوە و هاوکار دەبێت لە شێوەگیربوونی ژینگەکەدا، بە جۆرێک هانی ڕەفتاری بەرپرسیارانەی چین بدات.

   بەرخوردێکی سیاسییانەی گونجاو بۆ هەڵکشانی چین، پێویستە ڕیالیزمی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوکاریدا بێت. کاتێک کارگێڕیی کلینتۆن یەکەم جار سەرنجی لەسەر بەرخورد لەگەڵ هەڵکشانی چیندا گرتەوە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەندێک لە ڕەخنەگران داوای سیاسەتی دەورەدانی چینیان دەکرد، پێش ئەوەی زۆر بەهێز بێت. وەها ئامۆژگارییەک درایە دواوە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە ویستوویانە (تا ئێستاش دەیانەوێت) پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەریەکە لە چین و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشدا هەبێت، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک دژی چین کارێکی نەکردەیە، گرنگتر لەوەش وەها سیاسەتێک لە پاشەڕۆژدا دوژمنایەتییەکی ناپێویست لەگەڵ چیندا دەستەبەر دەکات. لەجیاتیی ئەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سیاسەتێکی هەڵبژارد کە دەکرێت بە سیاسەتی “تەواوکار و دڵنیا” ناو ببرێت. چین لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی پێشوازیی لێ کرا و پەیماننامەی ئاسایشی ئەمەریکا-ژاپۆنیش زیندوو کرایەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەوەی کە چین نەبێتە هێزێکی ترسناک. ئەگەر چینی هەڵکشاو قورسایی خۆی بخاتە سەر دەوروبەرەکەی، ئەمە پاڵ بە دراوسێکانیەوە دەنێت لە هاوسەنگیی هێزی چین بگەڕێن. بەم واتایە، تەنها چین دەتوانێت چین دەورە بدات.

  خاڵێکی کلیلی لە هەڵسەنگاندنی هێزی ڕێژەیی هەریەکە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چیندا، بوونی هاوپەیمان و دۆستە. هیچ دەوڵەتێکی پێشەنگ ناتوانێت پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبێت، بۆیە بوونی هاوپەیمان و دۆستی باش؛ کرۆکی پێشبڕکێی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەیە. لەم خاڵەدا پێگەی ئەمەریکا بەهێزترە بۆ سوودوەرگرتن لەو پەیوەندی و هاوپەیمانێتییانە.

   هەندێک لە شرۆڤەکاران وەکوو دەوڵەتێکی “هەموارگەرا” لە چین دەڕوانن و پێیان وایە لەگەڵ بەهێزبوونیدا پەرۆشی تێکشکاندنی دامەزراوەکانی نەزمی نێودەوڵەتی دەبێت، بەڵام چین سوودێکی زۆری لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە، بۆیە پەرۆشی تێکشکاندنیان نابێت. هەروەها چین لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە سۆنگەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیەوە، ڕۆڵی لە سەقامگیریی قەیرانە نەختینەییەکاندا گێڕاوە.

   سەرباری ئەمە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆجییەکان، ژمارەیەک پرسی دەوڵەتبڕی گرنگیان بۆ کارنامەی جیهانی سەربار کردووە، وەک: گۆڕانی کەشوهەوا، پەتا، تیرۆر، تاوانی ڕێکخراو، تاوانی ئەنتەرنێتی. ئەم پرسانە تەنها گۆڕانی هێز لەنێوان دەوڵەتاندا نانوێنن، بەڵکوو پەرتەوازەبوونی هێزیش دەنوێنن دوور لە هەموو حکومەتەکان. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەشدا، هاوکارییەکی زیاتری نێوان حکومەتەکان دەخوازێت.

   چین چاوی لە گێڕانی ڕۆڵێکی زیاتر بڕیوە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەروەک وڵاتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانی ئاسیایی هەیە و پابەندە بە بەرگریلێکردنیان. هەڵە هەڵسەنگاندن هەمیشە شیاوە، بەڵام ململانێ دوورترە لەوەی حەتمی بێت. ڕەوایەتیی حکومەتی چین شانی لەسەر تێکڕاییەکی باڵای گەشەی ئابووری داداوە و سەرکردە باڵاکانی چین ئەوە دەزانن کە ئابووریی چین چەند دەیەیەکی دەوێت تاکوو نزیک بێتەوە لە پێشکەوتوویی ئابووریی ئەمەریکا. وەکوو بینیمان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهانی چەند دەیەیەک لە تێکڕایی هێزی سەربازی و ئابووری و نەرمەهێزدا لەپێش چینەوە دەمێنێتەوە. سیاسەتێکی سەرکێشانەش لەلایەن چینەوە، سەقامگیری و دەستکەوتەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەخاتە مەترسییەوە.

   بە دەربڕینێکی تر: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاتێکی زیاتری لە بەردەمدایە بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزێکی هەڵکشاودا و چینیش پاڵنەری هەیە بۆ دانبەخۆداگرتن. هەڵەی مرۆڤ و هەڵسەنگاندنی نادروست هەمیشە شیاوە، بەڵام لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دروستەوە جەنگی هەرێمی نابێتە ئەگەرێکی حەتمی .

بەم شێوەیە هەڵکشانی جیهانییانەی چین پڕۆسەیەکی دوورودرێژە و هێشتا دوورە لەوەوە کە ئاماژەی کۆتاییهاتنی سەردەمی ئەمەریکایی بێت.

  1. داکشانی ڕەها: ئایا ئەمەریکا بە ڕۆما دەچێت؟

   لە بەشەکانی پێشوودا نووسەر (جۆزێف نای) باسی لە پووکانەوەی ڕێژەیی کرد و هێزە ئاڵنگارەکان و ئەو هۆکارە دەرەکییانەی خستە بەر باس کە دەبنە هۆکاری داکشانی ڕێژەیی. لێرە بەدواوە داکشانی ڕەها دەبێتە جێگای مشتومڕ. ئێمەش لێرە بەدواوە شێوازی خستنەڕووەکەمان دەگۆڕین و لەجیاتیی پوختە وەرگێڕان و لە پێناو کورتبڕیدا، بەکورتی هێڵە گشتییەکانی بەشەکە دەخەینە ڕوو.

   نووسەر لە سەرەتای بەشەکەدا و لە ڕێگای نموونەی ئیمپڕاتۆریای ڕۆمەوە، دەیەوێت پرسی داکشانی ڕەهای ئەمەریکا بخاتە بەر باس. پووکانەوەی ڕۆما؛ پووکانەوەیەکی ڕێژەیی بوو، واتە بە هۆی هەڵکشانی ئیمپڕاتۆریایەکی ترەوە نەبوو، بەڵکوو پووکانەوەیەکی ڕەها بوو، واتە بە هۆی داڕمانی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و ئابووری و دامەزراوەکانیەوە بوو. کەواتە داڕمانی کۆمەڵگا و فەرهەنگ، ئابووری، دامەزراوە سیاسییەکان؛ سێ ڕەگەزی ناوخۆیین و هۆکاری سەرەکیی داکشان و پووکانەوەی ڕەهان.

هەبوونی ئابوورییەکی نابەرهەمهێنەکی، کۆمەڵگایەکی هەلاهەلا بەدەست جەنگی بەردەوام و وێرانکەرەوە، گەندەڵییەکی بەربڵاو، داڕزانی دامەزراوە ڕامیارییەکان لە ڕۆمای کۆندا؛ وای لێ کرد نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. ئەو ڕاستییانەی سەرەوە وا دەکات لێکچوواندن لەنێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕۆمای کۆندا کارێکی ئەستەم بێت.

 فەرهەنگی ئەمەریکایی کەلێنی تێدایە، بەڵام دەکرێت مودارا بکرێت و لەچاو کاتەکانی ڕابردوودا کەم مەترسیدارترە. گرفتە کۆمەڵایەتییەکان زیادیان کردووە، هەندێکیان خراپتر و هەندێکیان باشتر بوون، کۆمەڵگا کراوەیە بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا و باشتر لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی تر دەتوانێت بە هۆی کۆچبەرییەوە خۆی نوێ بکاتەوە. ئابووریی ئەمەریکا هێواشتر لە ڕابردوو گەشە دەکات، بەڵام هێشتا داهێنەرە لە بەکارهێنان و بەبازرگانیکردنی تەکنەلۆجیادا. گرفتی سەرەکی لە نایەکسانی و پەروەردەکردنی هێزی کاردایە بۆ داهاتوو. وە گەورەترینی پرسیارەکانیش لە بارەی دامەزراوە سیاسییەکانەوەیە.

   بەکورتی: ئەمەریکا گەلێک گرفتی هەیە و ئەم گرفتانەش گەلێک پرسیار دەورووژێنن، بەڵام داکشانێکی ڕەها “چێ ناکەن”، بە جۆرێک وەڵامێکی ڕوون و ڕەوان بخەنە بەردەستمان لە بارەی ئەوەی کە وا کەی سەردەمی ئەمەریکایی کۆتایی دێت.

  1. بادانەوەکانی هێز و ئاڵۆزیی جیهانی

   لەم سەدەیەدا دوو بادانەوەی گەورە لە هێزدا ڕووی داوە: “جێگۆڕکێی هێز” و “پژانی هێز”. جێگۆڕکێی هێز لەنێوان دەوڵەتاندا و لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، پژانی هێزیش لە حکومەتەکانەوە بۆ بکەرە نادەوڵەتەکان، وەک بەرەنجامی شۆڕشی زانیاریی جیهانی. وەرچەرخانی یەکەم، واتە جێگۆڕکێی هێز لەنێوان دەوڵەتاندا شیمانەی ئەوەی نییە ناوەندبوونی ئەمەریکایی بۆ تەرازووی هێزی جیهانی کۆتایی پێ بهێنێت لە سی ساڵی داهاتوودا، بۆیە لەم بەشەدا تەنها پژانی هێز دەخرێتە بەر باس.

 

ئاڵۆزییەکی زۆر

پژانی هێز؛ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرس و گرفتی دەوڵەتبڕ، لە هەمان کاتیشدا سەر دەکێشێت بۆ لاوازکردنی توانای حکومەتەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پرس و گرفتانەدا بەتەنها.

   دوای کۆتاییهاتنی دوو جەمسەریی سەردەمی جەنگی سارد، هێز لە چاخی زانیاریدا بە شێوازێک پژاوە کە لە یاریی شەترەنجی سێ ڕەهەندیی ئاڵۆز دەچێت: لە لوتکەی داشماڵەکەدا هێزی سەربازی تاک جەمسەرییە و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لەپێشینەیی هەبێت، ناوەڕاستی داشماڵەکە هێزی ئابوورییە و فرە جەمسەرە، بنکەی داشماڵەکەش سەرزەمینی پەیوەندییە دەوڵەتبڕەکانە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتەکان سنوورەکان دەبڕێت. لەم بنکەیەدا هێز بە جۆرێک پژاوە ناتوانین باس لە تاک جەمسەری یان فرە جەمسەری یان هەژمووون بکەین، زۆربەی پرسەکان لە ڕووی سەربازییەوە چارسەر ناکرێن و تۆڕەکانی هاریکاری جەوهەرین. لە کاتێکدا ئەم تۆڕ و تاکەکەسە بەهێزانە گرفت بۆ سەرجەم حکومەتەکان دروست دەکەن بەبێ جیاوازی، بەڵام فەرهەنگی کرانەوە و داهێنانی ئەمەریکایی هۆکارن بۆ مانەوەی ئەمەریکا وەک هێزێکی ناوەندی (central) لەم جیهانەدا. ئەم وەرچەرخانانە سەردەمی ئەمەریکایی کۆتایی پێ ناهێنێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەیگۆڕێت.

جیهان لە ساڵی ٢٠٣٠دا

هەر چەندە هیچ “ئایندەیەک” پێشبینی ناکرێت، بەڵام هەندێک ئاڕاستەی دیاریکراو لە ئێستادا دەبینرێت و دەکرێت بەردەوامیش بێت “ئەگەر شتەکانی تر وەک خۆیان بمێننەوە”. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین لە ساڵی ٢٠٣٠دا هەژموونداربوونی نییە، ساتەوەختی “تاک جەمسەری” کۆتایی دێت، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکان بەهێزترین وڵاتی جیهان دەبێت. هەر چەندە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش وەک ڕابردوو بەهێز نابێت، بەڵام داکشان و پووکانەوەی ڕێژەیی؛ ئەو داکشانە نییە کە سەردەمی ئەمەریکایی کۆتایی پێ بهێنێت.

شۆڕشی زانیاری و پژانی هێز

   گرفتی ئەمڕۆی سەرجەم دەوڵەتان لە چاخی زانیاریی جیهانیدا ئەوەیە زۆربەی شتەکان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی تەنانەت بەهێزترینی دەوڵەتەکانیشدا ڕوو دەدەن، ئەوەی کە ناومان ناوە پژانی هێز. لە جیهانێکی زانیاریی بنەمادا (information-based)، موداراکردنی پژانی هێز “زۆر ئەستەمترە لە موداراکردنی جێگۆڕکێی هێز”. لە چاخی زانیاریدا ئەو دەوڵەتە (یان نادەوڵەتە) براوەیە کە خاوەنی باشترین چیرۆکە نەک ئەو دەوڵەتەی کە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازییە، بۆیە نەرمەهێز دەبێتە بەشێکی گرنگتری ئەم ئاوێتەیە.

   لەژێر کاریگەریی شۆڕشی زانیاری و جیهانگیریدا، سیاسەتی جیهانی بە جۆرێک دەگۆڕێت کە ئەمەریکا ناتوانێت بەتەنها زۆربەی ئامانجەکانی بەدی بهێنێت. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەکوو گەورەترین وڵاتی سیستمی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە، کێشەی گەورەترین وڵاتیش بەهێز مانەوەی سەرکردایەتییەکەیەتی لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی شمەکی بەکۆمەڵی جیهانیدا. لە هەندێک بواری سەربازی و ئابووریدا، ئەمەریکا دەتوانێت وەڵامگۆی بەشی گەورەی شمەکەکان بێت. لە بارەی پرسە دەوڵەتبڕەکانیشەوە، هەر چەندە سەرکردایەتیی ئەمەریکا گرنگە، بەڵام پێویستی بە هاریکاریی دیتران هەیە.

   بەکورتی: سەردەمی ئەمەریکایی بە واتای ناوەندیبوونی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ هاوسەنگیی هێز و سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە بەرهەمهێنانی شمەکی گشتیدا (public goods) بەردەوام دەبێت، بەڵام وەکوو دەردەکەوێت جیاوازە لەوەی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا هەبوو.

  1. ئەنجامگیری
  • هەر هەوڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی ئەمەریکایی لە چەند دەیەی داهاتوودا نابێت زیادەڕەوی لە بارەیەوە بکرێت، چونکە چەند ئایندەیەک هەیە نەک تەنها تاکە ئایندەیەک. جێگرەوەکانیش (alternatives) بە چەندین ڕووداو، هەڵە هەڵسەنگاندن، بژاردەی مرۆیی پەڕگیر سکپڕن.
  • بەراوردکردنی هێزی ئەمەریکا بە هێزی چین، شان لەسەر نادڵنیایی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە هەردوو وڵاتدا دادەدات.
  • دانەدواوەی ئەمەریکا و کۆتاییهێنان بە ناوەندێتیی ئەمەریکا لە تەرازووی هێزی جیهانیدا لەلایەن هەریەکێک لە هێزە ئاڵنگارکارە نوێیەکانی وەک: ئەورووپا، ڕووسیا، هیندستان، بەڕازیل یان چینەوە موستەحیل نییە، بەڵام ئەگەری ڕوودانیشی زۆر نییە.
  • ناونانی سەدەی بیست و یەک بە سەدەی داکشانی ئەمەریکایی، ڕەنگە ناولێنانێکی ورد نەبێت و بەلاڕێدابەر بێت.
  • ڕەنگە پژانی هێز بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئاڵنگارییەکی گەورەتر بێت لە چین.
  • سەبارەت بەو پرسیارەی کە چۆن ئەمەریکا دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر وەربدات؟ دەکرێت بڵێین جۆرێک لە دەستوەردان پێویستە، نەک جەنگ و داگیرکردن. واتە بەکارهێنانی هێز، بەڵام لە سنوورێکدا.
  • پاشەکشە لە فەراهەمکردنی شمەکی گشتیی جیهانیدا، ڕەوایەتیی نەرمەهێزی ئەمەریکا لاواز دەکات و نەرمەهێزیش بۆ بەردەوامیی سەردەمی ئەمەریکایی یەکلاکەرەوەیە.
  • بەردەوامیی سەردەمی ئەمەریکایی پشت بە ژمارەیەک هاوپەیمانێتی دەبەستێت، وەرچەرخان بەرەو ناوخۆ و گۆشەگیری، متمانەی وڵاتان بە هاوپەیمانێتیی ئەمەریکا لاواز دەکات.
  • سەردەمی ئەمەریکایی کۆتایی نەهاتووە و پێمان نەخستووەتە ناو جیهانی پاش ئەمەریکا.

 

 

گۆڤاری ئایندەناسی ئازاری2021

Send this to a friend