ڕانانى ئاییندەیى ژمارە (٢) ى ساڵى٢٠٢٠
پرسە دژوارەکانی هەرێمى کوردستان و ئایندەى چاکسازییان
– ڕانانی ئایندەیی ژمارە (٢)
– توێژەران: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردى مهدى میکە
– سلێمانى – هەرێمى کوردستان
– ئازار ٢٠٢٠
پێرستى تەوەرەکان
تەوەری یەکەم: ئاسایشى تەندروستیی هەرێمى کوردستان_لەبەردەم هەڕەشەى ڤایرۆسى کۆرۆنادا
تەوەری دووەم: کێشەى دیموکراسیی ناوخۆیى پارتەکانی هەرێمى کوردستان:
تەوەری سێیەم: یەکگرتووى ئیسلامیی كوردستان پاش هەشت کۆنگرە، قۆناغى بەرزەخى
سەرەتا
ئەم ڕۆژانە، جیهان و هەرێمی کوردستان و هێزەکانى، لەگەڵ چەند هەڕەشەیەکی جیهانی (ڤایرۆسى کۆرۆنا) و پرسى سیاسى و ئاڵوگۆڕیی ناوخۆیی لە پارتە سیاسیەکاندا (کۆنگرەی حزبیی و دیموکراسییەتی ناوخۆیی) ڕووبەڕوو بووەتەوە، بەجۆرێک هەریەکە لەمانە کاریگەریی لەسەر ئایندەی هەرێم و ڕەفتاری سیاسیی هێزەکانى دەبێت، هەریەک لەم پرسانەش ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبنەوە بە ئاسایشیی تەندروستی و ئایندەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕانانی ئایندەیی ئەم ژمارەیەدا، ئەم پرسە سەرەکیانە شرۆڤە کراوون و هەڵوەستەیان لەسەر کراوە، کەم تا زۆر لەبارەی سیناریۆ ئایندەییەکانی پەیوەست بەم پرسانە و کاریگەرییان لەسەر هەرێم و دۆخی هێزە ناوخۆییەکان خراوەتە ڕوو.
تەوەری یەکەم: ئاسایشی تەندروستی هەرێمى کوردستان؛
لەبەردەم هەڕەشەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنادا
بیروڕاکان سەبارەت بە چەمکى ‘ئاسایشى تەندروستى’ هاوڕا نین، بە بڕواى هەندێک، “چەمکێکى سیاسییە” بەو پێیەی ڕەهەندێکى ئاسایشى نیشتمانییە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە دێت کە (ئاسایشى نیشتمانى) تواناى ڕووبەڕووبونەوەى دەوڵەتە بۆ هەموو هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەڵام هەندێکیتر پێیانوایە ‘ئاسایشى تەندروستى’ چەمکێکى مرۆییە، لەو ڕووەوە کە ڕەهەندێکى ئاسایشى مرۆییە، چونکە (ئاسایشى مرۆیى) ئاستێکى گرنگى زامنکردنى مافەکانى مرۆڤە و دەبێت پاراستنى ژیانى مرۆڤ لە هەموو هەڕەشە ناوخۆیى، دەرەکییەکان و دابینکردنى پێداویستییەکانى مانەوەى بەپلەى یەکەم، چەقى سەرجەم سیاسەت و چالاکییەکانى دەوڵەت بێت.
ئەم مشتومڕە تیۆرییە هەرچییەک بێت، ئیستا چەمکى ئاسایشى تەندروستى، یەکێکە لە پێوەرەکانى دەستنیشانکردنى تواناى وڵاتان بۆ دابینکردنى ژیان و ژینگەیەکى تەندروست بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ پێوانەکردنى تواناى وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هەموو ئەو مەترسییانەى دەکرێت هەڕەشە لەسەر ژیانى مرۆڤ دروستبکەن، هەر لە نەخۆشییە درێژخایەن و درمەکانەوە تا پیسبوونى ژینگە و کارەساتە سروشتییەکان. پرسیار لێرەدا ئەمەیە: ئایا دۆخى ئاسایشى تەندروستیی هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ هەرێم توانای دابینکردنى ئەم جۆرە ئاسایشەى هەیە؟ بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئەگەرى دووچاربوونى بە هەڕەشەیەکى وەک (ڤایرۆسى کۆرۆنا)وە بووەتە ڕاستییەکى حاشا هەڵنەگر.
دۆخى ئاسایشى تەندروستى هەرێمى کوردستان:
بۆ دڵنیابوون لە دۆخى ئاسایشى تەندروستى هەرێم، پێویستە لەوە دڵنیابین کە: ئاخۆ هەرێمى کوردستان خاوەنى سیستەمێکى تەندروستى وایە کە بتوانێت ئاسایشى تەندروستى بۆ هاووڵاتیانى دابین بکات، لەو ڕوانگەیەوە کە “سیستەمى تەندروستى” کۆى ئەو سیاسەت و ئامراز و پێداویستییە مادى و مرۆییانەیە کە وڵاتێک بۆ هێنانەدى ئاسایشى تەندروستى دەیخاتەگەڕ، وەک: داڕشتنى سیاسەتى تەندروستى گونجاو، دابینکردنى دارایى بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتەکان، دابینکردنى دەرمان و کەرەستە پزیشکییە پێویستەکان بۆ کاتە ئاسایی و ناکاوەکان، چۆنێتى چاودێریکردنى کواڵیتییان و گەیاندنیان وەک خزمەتگوزارى تەندروستى بە هاوڵاتیان، باش بەڕێوەبردنى دەزگا تەندروستییە حکومى و ئەهلییەکان و چاوێریکردنیان بە پێى پێوەرە جیهانییەکان، بوونى سیستەمێکى زانیاریی و هەواڵگرى تەندروستى نوێ بۆ کۆى پرۆسە تەندروستى و پزیشکییەکان و ئاڵەنگارى و هەڕەشەکان هەر لە ڕووبەڕووبونەوەى نەخۆشییە درمەکانەوە تا کارەساتە سروشتییە لەناکاو و پێشبینی نەکراوەکان و…تاد.
ئەوەى جێى نیگەرانییە سیستەمى تەندروستیی هەرێمى کوردستان بە ڕەچاوکردنى ئەو ڕەگەزانەى سەرەوە، لە ئاستێکى باش‌دا نییە و پێشبینى ئەوەى لێناکرێت بتوانێت بە ڕادەی پێویست پێداویستییەکانى هێنانەدى ئاسایشى تەندروستى بۆ هاوڵاتیانى دابین بکات، ئەمەش بە بەراوردکردنى ئاستی “هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستیی هەرێم” و “تواناکانى ڕووبەڕووبونەوە”ى ئەو هەڕەشانە دەردەکەوێت.
– هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستیی هەرێمى کوردستان
لەسایەى ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى بۆ گرتنەبەرى سيسته‌مێكى ته‌ندروستى ستاندارد له وڵاتێكى پێشكه‌وتودا دیارییکردوون، دەتوانین ئاماژە بۆ گرنگترينی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بکەین کە دەکرێت له ڕووى ته‌ندروستیی و ژينگهوه ڕووبه‌ڕووى هەرێمى كوردستان ببنه‌وه:-
١- توانا مرۆييه‌كان: به‌پێى ئه‌و ژمارانه‌ى به‌رده‌ستن، ئه‌گه‌ر پارێزگاى سلێمانى وه‌ك نمونه وه‌ربگرين، پێويستى به (٢٥,٠٠٠) كارمه‌ند و ستاف و پزيشكى پسپۆر هه‌يه، به تايبه‌ت لە پسپۆڕێتی وورد و ده‌گمه‌ندا، بەڵام لە ئیستادا ژماره‌كه نزيكه له نيوە و ته‌نها (١٣,٠٠٠)ه، به‌شێكى زۆر له‌م ستافەش ئه‌و ستافه نين كه له ڕووى تواناى مرۆيى پزيشكيیهوه ڕاهێنرابن تا له كاتى هه‌ڕه‌شه‌كاندا سودييان لێ ببينرێت.
٢- ژێرخانى پزيشكى: به ئهندازهيهك کەمووکورتە بە ئاستی زیانەکانی ڕوودانی كاره‌ساتێك، يان بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مه‌ترسيداری تەشەنەکەر، به‌راوردکردنی نائومێدکەرە.
٣- ناتوندوتۆڵیی چاودێریی ته‌ندروستى: ئەمەش لە ئەداى ناجۆرى دەزگا تەندروستییە حکومى و ئەهلییەکان و ساغكردنه‌وه‌ى جۆره‌ها ده‌رمانى كواڵێتى خراپ و ئاشكرابوونى چه‌ندين باند و مافياى ده‌رمان و بازرگانیکردنى نادروست بە تەندروستى و ژیانى هاوڵاتیانەوە، وێڕاى پیسى ئاوى خواردنەوە و زیادبوونى سەرچاوەکانى پيسبوونى ژينگه‌ى سروشتى هەرێم، دەردەکەوێت.
٤- نه‌بوون یان لاوازى متمانە: هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى مه‌ترسيدارە كه له سێ هۆكاره‌كه‌ى پێشه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه و بووەتە هۆى لەناوچوونى ئه‌و پردى پهيوهندييەى كه ده‌بێت له نێوان هاوڵاتيان و كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى و تايبه‌تدا هه‌بێت، لە هەرێمى كوردستان بەشێکی کێشەکە کەمی رێژه‌ى متمانه‌ى هاوڵاتيانە به سيسته‌مى ته‌ندروستى، کە ڕادەی پابەندبوونی بە ڕێنمایی و ئەرکە تەندرووستییەکانی هەر هاوڵاتییەکی هێناوەتە خوارەوە.
٥- له هەرێمى كوردستان ئه‌وه‌ى فەرامۆش کراوە و برهوسەندوو نییە و پشتگيرى ناكرێن، سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى پزيشكی و کیمیاگەری و بایۆلۆجیین، وێڕاى نەبوونى هیچ دامەزراوەیەکى نیشمانى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى مەترسییە بایەلۆجییە گواستراوەکان کە بەردەوام هەڕەشەیەکى جیهانین و پێویستە بەردەوام پلان و ئامادەباشى بۆ چاودێرى و ڕوبەڕووبونەوەیان هەبێت، هەموو ئەمانە دامه‌زراوه‌ى گرنگن و دەبێت له‌لايه‌ن حكومه‌ته‌وه دابمەزرێنرێن و پشتگيریی بكرێن، هەروەها دەبێت كه‌رتى تایبه‌ت بۆ گرنگیدان به سه‌نته‌ره‌كانى تويژينه‌وه‌ى پزيشكى و کیمیاگەرى و بایۆلۆجیی هانبدرێت. بەڵام ئه‌وه‌نده‌ى تا ساڵى 2013 یاسای بودجه له كوردستان ئامادە دەکرا، هيچ بەشه بودجه‌يه‌ك بۆ ئه‌م سه‌نته‌ر و دامەزراوانه تەرخان نه‌كرا بوو.
٦- وێڕاى ئەو هەڕەشانەى باس کران، چەندین هەڕەشەیتر هەن وەک: نەبوونى هۆشیاریى تەندروستى لاى حکومەت و هاووڵاتیان، تێكه‌ڵاوى سيستمى كه‌رتى تايبه‌ت و گشتى، نه‌بوونى پزيشكى خێزانى و…تاد.
– تواناکانى هەرێم بۆ ڕووبەرڕووبونەوەى هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستى
هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر ئاسايشى ته‌ندروستى له تواناكان گه‌وره‌ترن، ئه‌وه‌ى پشتى پێ ده‌به‌سترێت، بوونى هه‌ندێك تواناى كه‌سى و پسپۆڕی ده‌گمه‌نە، هه‌روه‌ها خاڵى گرنگ پەیوەستبوونی تۆڕی تەندرووستیی جيهاني به تۆڕى ته‌ندروستیی هه‌رێمى كوردستانەوەیە، خاڵى تر‌ى ئه‌رێنى ئه‌وه‌يه تا ئێستا ژينگه‌ى كوردستان به به‌راورد به ژينگه‌ى وڵاتانی‌تر پاكژتره، کە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا كوردستان ژينگه‌ى كاركردنى پيشهسازیی بەو ئاستە فراوان نيە.
– ئایندەى ئاسایشى تەندروستى هەرێم لەبەردەم هەڕەشەى ڤایرۆسى کۆڕۆنادا
له ڕوانگه‌ى ئه‌وه‌ى هەرێمى كوردستان به پێوه‌رى رێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى، له‌و وڵاتانه‌يه كه سيسته‌مى ته‌ندروستى زۆر لاوازه، بۆيه له‌به‌رده‌م ئه‌م دوو سيناریۆيهداين:
١- له‌به‌رئه‌وه‌ى لهسەرەتاى نزيكبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ڤایرۆسەکەدا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زوو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى گرته‌به‌ر بەرمەبناى ئەوەى کە هەرێم لەخۆپارێزیدا دەتوانێت کاراتر بێت تا چارەسەر، هه‌روه‌ها بهگریمانەى لاوازبوونى ڤايرۆسهكه لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرمادا، دەکرێت پێشبینى ئەوە بکرێت هەرێمى كوردستان بتوانێت تاراده‌يه‌كى باش ئاسايشى هاوڵاتيان بە هاوکاری گۆڕانی ژینگەیی بپارێزێت.
٢- له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاماده‌كارييه‌كان له ژێرخانى تەندروستى و کۆنتڕۆڵکردنى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ى سه‌رچاوه‌ى ڤايرۆسهكهن به‌تايبه‌ت (ئێران) وه‌كو پێويست نيه، ئه‌گه‌رى هه‌ڕه‌شه‌ى ڤايرۆسى کۆرۆنا فراوان و مەترسیدارە، بۆيه دەکرێت پێشبینى ئەوە بکرێت کە ئه‌م سيسته‌مه تهندروستيیهى هەرێمى كوردستان توانايى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌يه‌ى وەک پێویست نيە.
تەوەری دووەم: كێشه‌ی دیموكراسیی نێوخۆیی پارتەکان له هه‌رێمی كوردستان
(کۆنگرەکانی یەکێتی و یەکگرتوو بە نموونە)
یەکەم: كۆنگره‌ی چوارەمی یه‌كێتی
هه‌رچه‌نده كۆنگره وه‌ك میكانیزم و میراتێكی سیاسی له‌نێو پارته‌كاندا، بۆ نوێبونه‌وه و شه‌رعییه‌تدان به سه‌ركردایه‌تی وسیاسه‌ت وپێكهاته‌و داموده‌زگاكانی حزب به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه ئامرازێكی باو و پێویستییەکی سیاسی بووه، به‌ڵام له كولتووری سیاسیی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پابەندییەکی ئەوتۆی به كات و رێوشوێنه دیموكراسی و شه‌فافانه‌ی به‌ستنی کۆنگرەکانەوە نه‌بوه. ئه‌م ڕاستییه بۆ كوردستان و پارته سیاسییه‌كانی(لەناویشیاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان)، تا ئاستێكی زۆر دروست و سەلمێنراوە. هه‌ر ئەمەشە وایکردووە یه‌كێتی له مێژووی ٤٥ساڵهیدا، ته‌نها چوار كۆنگره‌ی به‌ستوه و هه‌موو كاتێك دره‌نگ كه‌وتووه و نیگەرانی و توڕەیی بەدوای خۆیدا هێناوه.
– پێودانگه گشتییەكانی(محددات) كۆنگره چواره‌می یەکێتی:
١- پێودانگه ده‌ره‌كییه‌كانی حزب
ئاشكرایه شێوه‌ی رێكخستنی ژیانی حزبی له زۆربه‌ی سیستمه دیموكراسییه‌كان به ده‌ستور یاسا و رێنمایی رێكده‌خرێت. یاسای پارته سیاسییه‌كانی عێراقی ساڵی ٢٠١٧، سه‌رجه‌م پارته سیاسییه‌كانی ناچار كردوه تا ده‌رباره‌ی كاتی به‌ستنی كۆنگره، پابه‌ندی په‌یڕه‌وی نێوخۆی په‌سه‌ندكراوی حزبەکەیان بن و هەروەها سزای به‌سه‌ر ئه‌و پارتانەشدا دیاریی کردووە كه پێشێلی پێڕەو ده‌كه‌ن. له‌یاساكه‌دا رێگه له خۆكاندیدكردنی ئه‌فسه‌ره باڵاكانی بۆ پۆستە حزبییەکان گیراوە. هەر لەبەر ئەوەش بوو پاش ده‌رچونی ئه‌م یاسایه سه‌رجه‌م پارته سیاسییه‌كان پابه‌ند كران خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م یاسایه‌دا بگونجێنن و هۆكارێكیش بوو بۆ گوشارخستنه سه‌ر یه‌كێتی بۆ به‌ستنی كۆنگره له مانگی ١٢ی ٢٠١٩.
٢- پێودانگه ناوخۆییه‌كان
په‌یڕه‌وی ناخۆی په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی ٢٠١٠ یه‌كێتی، پابه‌ند كردوه کە هه‌ر سێ ساڵ جارێك كۆنگره ببه‌ستێت و ته‌نها بۆ یه‌كجار (بۆ ماوه‌ی سێ تا شەش مانگ) مافی دواخستنی کۆنگرەی هه‌یە، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌ركردایه‌تی شه‌رعییه‌تی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، واته به‌پێی په‌یڕه‌و ده‌بوایه كۆنگرەی یەکێتی له‌سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٤دا ببه‌سترێت. هه‌رچه‌نده ئه‌م پەیڕەوە نه‌یتوانی رێ له دواخستنی كۆنگره بگرێت، به‌ڵام كارتێكی به‌هێز بوو به‌ده‌ست خوازیارانی كۆنگرە و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە.
له‌لایه‌كیتره‌وه كێبڕكێی ناوخۆیی باڵەكانی نێو یه‌كێتی، هۆكارێكیتری شێوە و كاتی به‌ستنی كۆنگره بوو، بە تایبه‌ت پاش نه‌خۆشكه‌وتنی سکرتێری گشتی (جه‌لال تاڵه‌بانی) و دروستبوونی بۆشایی له ترۆپكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیدا، ئه‌م راستییه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٣ی هه‌رێمدا به ئاشكرا ره‌نگی دایه‌وه، وەک بینرا لەو هەڵبژاردنەدا یه‌كێتی شكستی هێنا و بوو به هێزی سێیه‌م و وەپاش بزوتنەوەی گۆڕان كه‌وت. شاراوه نیە کە هۆکارێکی به‌هۆی ململانێ نێوخۆییهكانیەوە به‌شێكی دیاری سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ئامادەی بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردنیش نه‌بوون، کە دواجار ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه هۆكارێكی سەرەکی ترس له به‌ستنی كۆنگره بوو.
دووركه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال و بۆشایی سه‌ركردایه‌تی، ململانێی نێوخۆیی سه‌ركرده‌كان، شكسته‌كانی هه‌ڵبژاردن، پاشه‌كشێی سیاسی و دەسەڵاتداری له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و له‌ده‌ستدانی شه‌رعییه‌ت به‌پێی په‌یڕه‌و، سه‌رجه‌میان هۆكاری دروستبوونی ناڕه‌زایی و نیگەرانی زۆر بوون و سه‌ره‌نجام به‌هۆی زیاتر دواخستنی كۆنگره، هەژموونی نه‌وه‌یه‌كی گه‌نجی سیاسی ئاره‌زومه‌ند بۆ گۆڕینی به‌ربژێری سیاسی له نێو یه‌كێتیدا به‌هێزبوو، دوا كۆنگره‌ش به‌هێزترین ئامرازی جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئارەزوو و ویستە بوو.
– پڕۆژه‌كانی پێش كۆنگره
پێش به‌ستنی كۆنگره چه‌ندین پڕۆژه، كه گوزارشتى لە ڕاوبۆچونی كه‌سایه‌تی و باڵه جیاوازه‌كان ده‌كرد، گه‌ڵاڵه و پێشكه‌شكران، هه‌روه‌ها هه‌وڵی جدیش بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی گشتگیر كه جێی ڕه‌زامه‌ندی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان بێت، درا.
بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك سێ مەسەلەی سه‌ره‌كی دەبوو دەبوو لە هەر پرۆژەیەکدا لەبەرچاو بگیرانانیە و هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینایەتەوە، ئەوانیش: مه‌سه‌له‌ی په‌یكه‌ری نوێی یه‌كێتی، پێگه‌ی سه‌ركرده دێرینه‌كان له ئاینده‌دا و ترۆپكی سه‌ركردایه‌تی.
سه‌باره‌ت به مەسەلەی په‌یكه‌ری سه‌ره‌كی یه‌كێتی، بیرۆكه‌ی دروستكردنی شێوه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی حزبی كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن دیاری ده‌كا، گەڵاڵە کرا، ئەم بیرۆکەیە بۆ پێش كۆنگره‌ی سێی٢٠١٠ ده‌گه‌رێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات نه‌تواندرا له كۆنگرەدا بچەسپێنرێت و ناچار بۆ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند گۆڕدرا، دواتر هه‌مان بیرۆكه بەڵام به دهسكارییەکی زۆرەوە له كۆنگره‌ی چوار په‌سه‌ندكرا، كه تیایدا كۆنگره ته‌نها سه‌ركردایه‌تییه‌كی گشتی(په‌رله‌مان) هه‌ڵبژێرێت، پاشان ئه‌نجومه‌نه‌كه و ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردن(مه‌كته‌بی سیاسی) سه‌رۆكی حزب هه‌ڵبژێردرێن، هه‌موو كاتێكیش سه‌ركردایه‌تی توانای گۆڕینی سه‌رجه‌م ستافی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكایه‌تی ده‌بێت. ئه‌م پرۆژه‌یه به‌زۆرینه له كۆنگره په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام پێداچوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌و به بڕیاری كۆنگره بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو به‌جێهێڵدرا.
مەسەلەی دووەم رۆڵی سه‌ركردایه‌تییه دێرینه‌كانی یه‌كێتی، یه‌كێك بوو له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی ناكۆكی، پێش كۆنگره بیرۆكه‌ی دروستكردنی “ئه‌نجومه‌نی دانایان” یان “ئهزمونگهران” یا “باڵای سیاسی” به ئاشكرا گفتوگۆ ده‌كرا، مێژووی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش كۆنه و بۆ ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤ ده‌گه‌ڕێته‌وە و له‌و كاته‌وه بوو به‌به‌شێك له دیبه‌یتی سیاسیی یه‌كێتییه‌كان. به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له بوونی ئهنجومهنهكەدا نه‌بوو به‌ڵكو له ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا بوو. هه‌رچه‌نده له كۆنگره‌دا بڕیار نه‌بوو كه جگه له سه‌رۆكه‌كه‌ی ناوی كه‌س دیاری بکرێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام به ناو ده‌ستنیشان كرا و كێشه سه‌ره‌كییه‌كه كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی بوو سەرەڕای دیبه‌یتێكی چڕ، بەڵام دیاری نه‌كرا و بە چارەسەر نەکراوی مایەوە و پاشتر به پێی بڕیاری كۆنگره بۆ لیژنەی هاوبه‌شی سه‌ركردایه‌تیی نوێ و ئه‌نجومه‌نه‌كه جێهێڵرا. ئه‌م بابه‌ته، بەو مانایە دێت کە ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی، هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
سه‌باره‌ت به مەسەلەی سێیه‌م كه هەستیار و گرنگترینیانە، سهرۆكایهتیکردنی یه‌كێتییه، ئاشكرایه ئه‌م كێشه‌یه هه‌رچه‌نده له‌سه‌رده‌می جه‌لال تاڵه‌بانی (جگه له‌كاتی سەرهەڵدان و کاریگەرییەکانی دەرکەوتنی بزوتنه‌وه‌ی ریفۆرم)، بوونێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه، به‌ڵام پاش نه‌خۆشكه‌وتنی تاڵه‌بانی و پاشتریش كۆچی یەکجاریی ناوبراو، به توندی سه‌ریهه‌ڵدا. ڕه‌نگه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی زەقبوونەوەی کێشەکە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كه تاڵه‌بانی باوك هیچ بیر و پلانێکی بۆ جێگره‌وه‌ی خۆی، نه لهنێوبنهماڵهكەیدا و نه له‌نێو سهركردهكانیتردا نه‌بووه. بۆیه كاتێك تاڵه‌بانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و حزبی یه‌كێتی نه‌ما، پلانێكی ئاماده‌كراو له ئارادا نه‌بوو و ئه‌گه‌ره‌كانیش كراوه بوون.
سه‌ركرده دێرینه‌كانی یه‌كێتی، (ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا باڵاده‌ست بوون) ئاره‌زووی جێگره‌وه‌ی تاڵەبانییان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ناو سه‌ركردایه‌تیدا كۆده‌نگی له‌سه‌ر یه‌ك سه‌ركرده لە ئارادا نەبوو. له‌و ماوه‌یه‌دا مه‌سه‌له‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كان تێكه‌ڵ به‌مه‌سه‌له‌ی جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی بوو. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بۆ جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی هه‌ر ده‌بوایه كۆنگره ببه‌سترێت، هه‌موو لایه‌كیش ده‌یویست پێش به‌ستنی كۆنگره، مه‌سه‌له‌كه به قازانجی خۆی یه‌كلابكرێته‌وه، بۆیه ئه‌م ململانێیه پڕۆژه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی ئالۆزتر كرد.
هه‌رچه‌ند پێش كۆنگره بیرۆكه‌ی جیاواز بۆ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی هه‌بوو، وه‌ك “ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی” یان “هاوسه‌رۆكی”، به‌ڵام بوونی یه‌ك سه‌رۆك بۆ یه‌كێتی بۆچونێكی زاڵ و باڵاده‌ست بوو، ته‌نانه‌ت له كۆنگره‌دا به ناڕاسته‌وخۆ كاری بۆ كرا و هه‌وڵی زۆر درا كه بەرهەم ساڵح (سه‌ركۆماری عێراق) به‌ربژێری ئاماده‌كراوی ئه‌م پۆسته بێت، بۆیه سه‌رجه‌م باڵه‌كان پشتگیری نه‌بوونی ڕکابەر و خۆپاڵاوتنیان بۆ سه‌ركردایه‌تی كرد، ئه‌مه‌ش زیاتر وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ پاراستنی ناوبانگی و دوورخستنه‌وه‌ی بوو له مه‌ترسییه‌كانی ڕکابەریکردن و ژمارەی دەنگەکان لێکدرایەوە بۆئه‌وه‌ی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە نه‌بێته كۆسپێك. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی پلان و پێشبینییه‌كان سیناریۆكانی دوای كۆنگره سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆكی یه‌كێتی گۆڕانكاری خێرایان به‌سه‌ردا هات.
ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه به‌راییه‌كانی پێش كۆنگره(كۆمیته، مه‌ڵبه‌ند ومهكتهبهكان) به‌هێزیی باڵی تاڵه‌بانی له‌نێو نه‌وه‌ی نوێى كادیرانیدا ده‌رخست، هه‌ربۆیه وه‌ك پێشبینی ده‌كرا، ده‌رئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی كۆنگره له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م باڵه یه‌كلابۆوه. نوێنه‌رانی ئه‌م باڵه كه براوه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ده‌نگه‌كانی كۆنگره بوون به مافی خۆیان ده‌زانی كه پێگه و ڕۆڵیان له داڕشتی سیاسه‌تی یه‌كێتی هه‌بێت، هەربۆیه داوای پێگه‌ی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتییان كرد و بە مافی خۆیانیان دەزانی. پاش چه‌ندین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح كه كاندیدی سه‌ره‌كی سه‌رۆكى یه‌كێتی بوو نه‌توانرا له‌سه‌ر بوونی دوو جێگر بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی رێكبكه‌ون، دواجار مه‌سه‌له‌ی بوونی به‌رهه‌م ساڵح به سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌لانرا، سه‌رقاڵی له کارەکانی به‌غدادیشی هۆکار و پاساوێکیتر بوو چونکە نەدەکرا سەرۆکی یەکێتی بێ جێگرێکی چالاك و گونجاو ئه‌ركی سهرۆكاتییهكهیدا ڕاپەڕێنرێت.
به‌م شێوه‌یه كشانه‌وه‌ی کتوپڕی به‌رهه‌م ساڵح له پرۆسەی سهرۆكایەتیکردنی یەکێتی و نه‌بوونی كه‌سایه‌تییه‌كی جێگرەوەش كه كۆده‌نگی له‌سه‌ر بێت وای له سه‌ركردایه‌تی نوێ كرد بیر له ئهگهرهكانیتر بكاته‌وه كه به‌هێزترینیان بیرۆکەی “هاوسه‌رۆكی” بوو. بۆیه هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م و دووه‌می براوه‌كانی كۆنگره‌ی چوارەم (بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی) وه‌ك چاره‌سه‌رێكی واقعی و دیموكراتییانه هاته به‌رچاو و بێ ڕكابه‌ر هه‌ڵبژێردران.
– ئایندەى پێکهاتەى یەکێتى:
هه‌چه‌نده هێشتا زووه بڕیار له‌سه‌ر پێكهاته‌ی ئێستای یه‌كێتی و شێوه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ ئاینده بدرێت، به‌ڵام ده‌كرێت چه‌ند تێبینیه‌ك تۆمار بكرێن:
١- پاش حەوت ساڵ له قه‌یران و ململانێ و بۆشایی له ترۆپكی سەرکردایەتیکردنیدا، دۆزینه‌وه‌ی رێوشوێنێكی دامه‌زراوه‌یی په‌سه‌ندكراوی كۆنگره بۆ یه‌كێتی به‌كارێكی ئه‌رێنییە، گەر ئه‌م پارته كه‌متر خه‌ریكی كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆی بێت هاوکات سه‌ركه‌وتنیشی پەیوەستە بە نمونه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هاوسهرۆكییەوە كه مۆدێلێكی نوێیه و پێویستی به پارسه‌نگ و لێبورده‌یی و شاره‌زایی سیاسیی و كارگێڕییەوە هه‌یه.
٢- دوای دوورخستنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له سه‌ركرده دێرینه‌كان، ئێستا یه‌كێتی له‌لایه‌ن توێژێكی سیاسی گه‌نجتره‌وه به‌ڕێوه دەبرێت، سه‌رباری خاڵه ئه‌رێنییه‌كان بەڵام هێشتا ڕوون نیه ئه‌م نه‌وه گه‌نجه چ دیدێك یان به‌رنامه‌یه‌كی جیاوازی هه‌یه كه پێویسته هه‌ر نه‌وه‌یه‌كی گه‌نج له‌گه‌ڵ خۆیدا بیهێنێت. نوێبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی گه‌ر نوێبونه‌وه‌ی دید و به‌رنامه و سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێنێت ته‌نها خولانه‌وه ده‌بێت له بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا.
٣- مه‌سه‌له‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌سپێشخه‌ری و دیدی سیاسی، تێكه‌ڵكردنی بازرگانیكردن به سیاسه‌ت، ناچالاكی دامه‌زراوه حزبییه‌كان و گرنگی نه‌دان و كه‌مبونه‌وه‌ی كادیری نه‌وعی و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی، گۆڕان، پارته ئیسلامییه‌كان، په‌كه‌كه و به‌غدا چه‌ند كێشه و مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگن و پێویستە سه‌ركردایه‌تیی نوێ به دیدێكی نوێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
٤- بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركردایه‌تی(١٢٤کەس)، وا ده‌كات پرۆسه‌ی بڕیاردان تێیدا سەخت و ئه‌سته‌م بێت، به‌تایبه‌ت به‌شێكی زۆریان ئه‌زمونیان کەمە، بۆیه به كردەیی دامه‌زراوه‌ی ده‌سته‌ی جێبه‌جێكردن(مه‌كته‌بی سیاسی) كه كه‌متر و شاره‌زاترن چالاكتر ده‌كات، ره‌نگه له ئاینده‌دا پرۆسه‌ی چاودێرییكردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سهركردایهتیەوە قورس‌تر بكات.
٥- بۆ به‌رده‌وامیدان به مانه‌وه‌ی پردێكی به‌سوود لەنێوان نه‌وه‌ی كۆنی به ئه‌زمون و نه‌وه‌ی نوێی به‌توانا، پێویسته میكانیزمێكی گونجاو چ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و چ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كادیره دێرینه بهئهزموونەكان بدۆزرێته‌وه، چونكه زۆربه‌ی جار دوو مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتن، به‌رده‌وامی(به‌هاكان) و نوێبونه‌وه، له‌یه‌ك نه‌وه‌ی سیاسی‌دا، گه‌ر نوێش بێت، كۆنابنه‌وه.
تەوەری سێیەم: یەکگرتووی ئیسلامى کوردستان پاش هەشت کۆنگرە،
قۆناغی بەرزەخی
یەکگرتوو، لەم ساڵانەدا، لە میانی چەندین پرسی ڕیشەییدا، بە هەڵواسراویی جوڵەی سیاسیی و ئاینی خۆی بەڕێدەکات. ئەم هێزە کە تەمەنی ڕاگەیاندنی چارەکە سەدەیەکی تێپەڕاندووە، بەراورد بە گوتاری هزریی-سیاسیی ڕابردووی، لەنێوان دوالیزمەکانی دین و بانگەوازدا، دنیا و دواڕۆژ، نەتەوەیی و ئومەمی(نێونەتەوەیی) و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا لە دۆخێکی ناجێگیری بەرزەخیدایە، دوا تیرێک کە بەر یەکگرتوو کەوت مۆدێلە دیموکراسییە ناوخۆییەکەی بوو کە ئێستا لەبەردەم پاشەکشەدایە و گومانی زاڵبوونەوەی پاسەوانە کۆنەکان و “بەرەوبنەماڵەییبوون” ئەگەرێکی بەردەمییەتی.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رۆژانی ٢٨ و ٢٩ کانوونی یەکەمى ٢٠١٩، کۆنگرەی هەشتەمی بە ئامادەبوونی ٩٠٠ ئەندام (٢٢،٥٪یان ژن‌بوون) لە ھەولێر گرێدا و تیایدا ھەشت خاڵی وەک ستراتیژ وبنەما پەسەندکرد، سێ دەزگای گرنگ بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی حزبەکەیان لە ئەستۆدایە: ئەمینداری گشتیی، دەستەی باڵای چاودێری وئەنجوومەنی سەرکردایەتی. سەڵاحەدین بەهائەدین (لەدایکبووی١٩٥٠-هەورامان) وەک ئەمینداری گشتی بە زۆرینەی ڕەھا (بە بەدەستهێنانی ٥٤٦ دەنگ و بە ڕێژەی ٦٢٪) متمانەی کۆنگرەی بەدەستھێنایەوە، ڕکابەرەکەی (ئەبوبەکر عەلی)، ٣٤٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی بەدەست هێنا، ئەندامانی دەستەی باڵای چاودێریی ژمارەیان پێنج ئەندامی کارا و دوو ئەندامی یەدەگە هەر لە کۆنگرەدا متمانەیان وەرگرت، ٢٧ ئەندامی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیش هەڵبژێردران، پاشتر بەرپرسی مەڵبەندەکان (کە ١٦بەرپرسبوون و پێشتر لەلایەن مەڵبەندەکانیانەوە هەڵبژێردرابوون) لە کۆنگرەدا و لە یەک لیستدا متمانەیان وەرگرتەوە و بوونە ئەندامی سەرکردایەتی، بەمشێوەیە ژمارەى ئەندامانی سەرکردایەتی بووە ٤٣. یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێم پێنج کورسی ولە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش دوو کورسی هەیە، لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ی عێراق چوار کورسی و لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ی کوردستان (١٠) کورسی هەبوو، بەمەش پاشەکشەی دەنگی بەڕوونی هەستپێدەکرێت.
– جێهێشتنی میراتە نموونەییەکانی
مۆدێلی دەرکەوتنى یەکگرتوو، هەڵبژاردنی جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی “خزمەتگوزاری ڕەخنەگرانە” بوو، ئەمەش بەراورد بە دۆخی کوردستان وئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی پاش ٢٠٠٩، پێویستبوو، بەڵام کاریگەری ئەو هێزانە یەکگرتووی لەبەردەم گوتاری خۆیدا پاسیڤکرد وڕایکێشایە یاریگایەکەوە کە سەرەڕای دێرینەیی ئۆپۆزسیۆنبوونی، نەتوانى دەنگی دلێرتربێت ونە دەسپێوەگری گوتارە نەرم وبەخزمەتەکەشی بێت. ئێستا ئەگەر یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆنێکی توندبێت ئەوپەڕی دەگاتەوە بە گۆڕانی جاران ونەوەی نوێی ئێستا، گەر بشبێتەوە بە حزبێکی دینگەرا ئەوا لەبەردەم موزایەدەکانی کۆمەڵدا ناتوانێ شانەخڕێ بکات.
جیاکردنەوەی سیاسەت و بانگەواز ئەو پرسە بەردەوامەیە، هەموو کۆنگرەیەک یەخەی ئەندامانی دەگرێت و هیچ کۆنگرەیەکیش چارەسەری بنچینەیی ئەم پرسەی نەکردووە، هەرجارە سپاردوویەتی بە کۆنگرەی داهاتوو. گرفتەکە تەنها داپۆشینی پرسەکە نییە، بەڵکو لە ڕیشەناسیی کێشە و پاشەکشەی یەکگرتووشدا ئامادەگیی هەیە و بەشێک پێیانووایە ئەم ڕاڕاییە لەم پرسەدا دەستوپێی حزبەکەی لە سیاسەت و دینداریشدا بەستووە، بەجۆرێک نە دەتوانێت دیندارەکەی جاران و نە سیاسییە کارامەکەی جێخواستى لایەنگرانیشی بێت.
پرسێکیتری یەکگرتوو، هەڵواسراوییەتی لەنێوان ئومەمیبوون (کە میراتی ئیخوان و ئیسلامگەراکانی هاوڕێیەتی) لەلایەک و دەستگرتنە بە پرسە نەتەوەییەکانەوە. لە پاش ٢٠٠٣ەوە، یەکگرتوو تاڕادەیەک پشت لە میراتی ئومەمی و ڕووی لەپرسی نەتەوەیی بەسەر گوتاریدا زاڵبوو، کە هیچ هێزێکی نەتەوەیی کوردستان کێبرکێی نەدەکرد، هێندە بەسە کە پرسی ریفراندۆمی ٢٠٠٥ و ٢٠١٧، لە پرسەکانی بەغدا وهەڵوێستی پەرلەمانتارەکانی، لە ڕەخنەگرتنی لە وڵاتانی ئیسلامی وەک تورکیا و ئێران و…تاد، وەک نموونە بهێنرێتەوە، کە زیاتر یەکگرتووی لە پابەندی ئومەمی وئیخوانی دوور کردبوویەوە، بەڵام بە مانای ڕیشەکێشکردنی “ئومەمیبوون”ەکەی نەهات، بە دیققەتدان لە هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی، لە پاش ٢٠١٨ەوە و وەرینی دەنگی و کەمکردنی کورسیەکانی، جۆرێک گەڕانەوەى بۆ دوو میحوەر بەدیدەکرێت:
١.میحوەری ئیسلامگەرایی، کە لە هەڵوێستیدا لایەنگری و گەڕانەوە بۆ بنەما ئیخوانیی و ئایینیەکان هەستی پیدەکرێت، پێدەچێت هۆکاری ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دیدە بگەڕێتەوە کە پێیوایە یەکگرتوو بەهۆی دەستبەردان لە دیدی ئیسلامیی و دینی لاوازبووە و سەردەمی لوتکەی یەکگرتوو بۆ ئەو زەمەنە دەگەڕێتەوە کە وابەستەیی ئیخوانی و ئیسلامی بەهێزتربوو. تەناتەت لە دوا کۆنگرەیدا، پرسی سەربەخۆیی کوردستان کە لە دوو کۆنگری پێشوودا وەک شانازی و ئامانج بازاڕکردنی سیاسیی بۆکرا، ئەمجارە کەمڕەنگتر دەرکەوت.
٢. میحوەری وڵاتانی ئیقلیمی، یەکگرتوو بەهۆی بەرگری لە ڕیفراندۆم و پرسە نەتەوەییەکان لە بەغدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئێران وتورکیا، جۆرێک لە بنبەست و ساردی بەخۆیەوە دی. بەجۆرێک ئێران لە پەیوەندییەکانیدا جگەلە یەکێتی، سودی لە بەدیلەکانی کۆمەڵ وگۆڕان دەبینی، هەرچی بۆ تورکیاشە (پێشتر یەکگرتوو دۆستی یەکەمیبوو) پارتی جێگەی گرتەوە.
دیدێک پێیوایە، ئەوەی یەکگرتووی لاوازکردوە وڵاتانی ئیقلیمیین و بەهۆی هەڵویستەکانییەوە سزای دەدن، بۆیە پاش کۆنگرەی هەشتەم ئاراستەیەک لە یەکگرتوودا گەشاوەتەوە و مەیلی ئیقلیمی بەهێزدەکات. ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی خۆی لە پێشی هەموویانەوەیە و بۆ نموونە یەکەم سەرکردەی کوردبوو کە ئیدانەی کوشتنی قاسمی سولەیمانی کرد و حزبەکەشی بە تۆخی بەشداری پرسەکەی کرد.
هەرچی بەرامبەر تورکیاشە، ئەوا ڕەخنەکانی لە پێ‌کاکا توندترن و هەڵوێستە توندەکانی سەرکردەکانی بەرامبەر تورکیا و دەوڵەتەکەی ئەکەپە کەمڕنگ بوون.
– دیموکراسییەتی ناوخۆیی و مەترسی بنەماڵە
لە کۆنگرەی شەشەمی ٢٠١٢ سەڵاحەددین بەھائەددین بۆ ئەمیندارێتی خۆی کاندید نەکردەوە، محەمەد فەرەج تا کۆنگرەی حەوتەم ئەمیندارێتی کرد، بەڵام پاش ئەوە سەڵاحەدین بەھائەددین گەڕایەوە و دوو خولى تر بە ئەمیندار هەڵبژێردرایەوە.
وازهێنانی لە ٢٠١٢دا، نەک لە ناوخۆی یەکگرتوو، لە مۆدێلی حزبایەتی کوردی‌دا، هەنگاوێکی ئەرێنیبوو، دەنگدانەوەی بە جۆرێک بوو ئومێدی لە دڵی دیموکراسیی حزبییدا چاند، بەڵام گەڕانەوەی دووبارەی سەڵاحەدین بەهائەدین، گورزی یەکەمبوو لەو مۆدێلە درا، گورزی دووەم خۆکاندیدکردنەوەی بوو پاش ٢٢ساڵ ئەمیندارێتی لە کۆنگرەی هەشتەمدا، کە بە دەنگێکی کەمتر لەجاران دەرچۆوە، یەکگرتووەکان پێش هەمووکەس نیگەرانتربوون لەم پرسە، بەڵام هاوپیمانێتی پاسەوانە کۆنەکانی حزب، هەلی دایەوە بە ناوبراو تا دەربچێتەوە.
سەرمایەی ئێستای یەکگرتوو، ڕێکخستن و بانگەواز و بەڕیوەبردنی داراییەکەیەتی، هەردووکیان لەدەست خزمە نزیکەکانی ئەمینداری گشتیدان، گریمانەی تەشەنەی کولتووری بنەماڵەگەرایی ئەگەرێکی زیندووی بەردەم ئایندەی یەکگرتووە.
– سیناریۆکانی ئایندە
لەسەر بنەمای ئەو دیدگا جیاوازانەی لە یەکگرتوودا هەن، گریمانەی ئەم سیناریۆیانە دەکرێت:
یەکەم: زاڵبوونەوەی گوتاری ئیسلامگەرایی-ئیخوانی وهەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی، کە ئەگەری سەرکەوتنی بەهێز نییە و دووجار تاقیکردنەوەی شکست‌خواردووی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر پەیوەندییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی ویەکگرتوو وەستاوە وڕەنگە هەوڵەکان بەو ئاراستەیە ببوژێنەوە.
دووەم: گەڕانەوە بۆ مۆدێلی بەشداری حکومەت (وەک ٢٠٠٦-٢٠٠٩ و٢٠١٣-٢٠١٨). کە ئەمە لە دوورمەودادا نزیکترە وئەگەری بەهێزی هەیە، لەمەشدا دەتوانێ هەم کێشەی دارایی چارەبکات و ڕێگەی سفرکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ پارتى-یەکێتى و وڵاتانی ئیقلیمی بگرێتەبەر. ئارگیۆمێنتی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە کە کشانەوەی یەکگرتوو لەبەر بەشداری حکومەت نییە، گەرنا بۆچی گۆڕان نیوەی دەنگی کەمیکرد؟
سێیەم: گەڕانەوە بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی خزمەتگوزار، بەڵام بە وردبوونەوە لە دۆخی ئێستای، لاوازبوونی پێگەی ئیخوان لە وڵاتانی کەنداو بۆ باربووی پرۆژەکانی، دۆخی ناجێگیری هەرێم و بەغدا ڕێگەی ئۆپۆزسیۆنێکی لەمجۆرە سەختتر دەکەن.