“غەزای ڕەمەزان” وەك وێستگەیەكی دەركەوتنەوەی داعش
“یاسین تهها”
لە دەمی سەرقاڵی دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەرەكییەكانی عێراق بە بڕینی كێكی حكومەتی چاوەڕوانكراوی مستەفا كازمی، داعش بە توندترین هێرشی “نەوعی” خۆی لەماوەی ساڵێكدا لە پارێزگای سەلاحەدین بەناوی “غەزای رەمەزان” دەركەوتەوە. ئەم هێرشە كە خۆكوژ و خەڵكانی “انغماسی” تێدا بەكارهاتووە، جگە لەكوشتنی 11 چەكداری هێزەكانی حەشد و پۆلیسی فیدراڵی، شپرزەیی و شۆكێكی زۆری ئەمنی لەدوای خۆی بەجێهێشت، چونكە سەرباری بەرەنگاربوونەوەی چەندین جۆر هێزی ئاسمانی و زەمینی عێراقی رێكخراوەكە تا سپێدەی 2 ئایار لە هێرش و پەلامار و دەست وەشاندن بەردەوام بوو.
راپۆرتە ئەمەریكییەكان باس لەوە دەكەن لە مانگی ئازار و لە دەمی سەرقاڵی جیهان و ناوچەكە بە پەتای كۆرۆنا، داعش زۆرترین چالاكیی ئەنجامداوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جموجوڵانەش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی 20 هێرشی لە عێراق و 8 هێرشیتری ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە. بەو پێەشی چەكدارەكانی ئەم رێكخراوە لە ژێرزەمین و لەناوچە دوورە دەستە دابڕاوەكانی كەركوك و دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا بڵاون، هیچ باكیان بەكۆرۆنا نییە، باوەڕیش وایە بەرگریی و خۆپارێزیی داعشەكان بەرامبەر كۆرۆنا لەخەڵكی شارەكان یاتر بێت، لەهەموو خەڵكیتریش بێ باكتر بن لە نەخۆشییەكە، لەلایەك بەهۆی دابڕانی كۆمەڵایەتی و لە لایەكیتر بەهۆی ئایدۆلۆژیای پەڕگیریانەوە، كە پێی وایە ڤایرۆسەكە “سەربازی خوایە” و دەرفەتە بۆ تۆڵەكردنەوە لە “دوژمنانی خوا”، ئەمەش بەروونی لە ژمارە 227 رۆژنامەی ئەلەكترۆنی “النبأ” دا هاتووە كە زمانحاڵی ئێستای رێكخراوەكەیە.
جگە لەوەش روانگەی چاودێریكردنی فەتوا (GFI) ئاماژە بەوە دەكات 40% گوتاری داعش تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی “گوركی تاك” بە قۆستنەوەی سەرقاڵی جیهان بە بارودۆخی كۆرۆنا كە بەلای ئەوانەوە “بەخششێكی خوایی” یە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكانی سەلاحەدین و سامەڕا سەرەتای هێرشەكانی سپێدەی 2 ئایاری داعش بۆ ناحیەی مكیشیفیە بوووە (40 كم باشوری تكریت) پاشان پەرەی سەندووە بەرەو سامەڕا و دۆر، هێرشبەرەكان لە بەرزاییەكانی حەمرین، عەجیل، عەلاس و حەویجەوە بە سواری ماتۆڕ و بەپیادە رۆشتوون، هەندێ خاڵ و رەبیەیان كردۆتەوە ئامانج كە تازە بنیاتنراون، لەمەش ترسناكتر پشتێتی پڕ لە تەقەمەنییان پێ بووە، هەندێكیش لە هێرشبەران “انغماسی” بوون، كە سەرجەم ئەمانە ئامادەكاریی پێشوەختی هێرشەكان پیشان دەدات، هەندێ لە شارەزایانیش باس لەوە دەكەن هێرشەكە بەرهەمی هەماهەنگی داعشەكانی كەركوك، دیالە، سەلاحەدین، بووە و ئەمە یەكەم كاری هاوبەشی ئەوانە لەو ناوچانە.
وەك دەمی هەموو هێرشە كتوپڕە گورزوەشێنەكانیتری داعش، ناوەندی سیاسی و پەرلەمانی عێراق توشی شڵەژان و پەرتەوازەیی زۆر هاتوون لە شیكاركردنی هۆكار و دیاریكردنی خاڵەكانی لاوازیی هۆكار بۆ ئەم دزەكردنە گەورەیەی داعش، لەلایەك “راستڕەوە شیعەكان” دەیگێڕنەوە بۆ پلانی ئەمەریكا و بەكارهێنانی كارتی داعش بۆ مانەوەی خۆیان، لەلایەكیتر هەندێ لەسوننەكان بەیارییەكی ئێرانی دەزانن بۆ وێرانكردن و دەستگرتنی زیاتر بەسەر شارەكانیان، هەندێكیتر باس لەوە دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتی كازمییە، لەم نێوەندەشدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێیوایە هێرشەكە لە سنوری چاوەڕوانكراودا بووە، بەشێكیشە لە پەرەسەندنی شێوازی كاری نوێی داعش، بەڵام هێندە هەیە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی حكومەنی عێراق وەك پێویست هۆشدارییەكانیان بەهەند وەرنەگرتووە بۆ رێگرتن لێی.
سەرباری ئەو تۆمەت گۆڕینەوانەشی لەبارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی 2 ئایاری داعشەوە هەن، راستییەك هەیە زۆركەم لایەنە عێراقییەكان خۆیانی لێ دەدەن ئەویش نیوەچڵی ئەو سەركەوتنەیە كە بەسەر رێكخراوەكە راگەیەنراوە لەپاش 2017، جگە لەوەش زاڵبوونی گرنگیدان بەقەیرانەكانی كۆرۆنا، داڕمانی ئابووری، شەڕ لەسەر پشكە وەزارییەكانی حكومەتی نوێ، دەرفەتی زێڕین بوون بۆ داعش تا جارێكیتر لەرێگای هێرشی خۆكوژییەوە خۆی بكاتەوە بە سەردێڕی هەواڵ و جێگەی باسی لە عێراق و لەجیهان، ئەم پێشهاتەش نەك بۆ شیعەو سوننە بەڵكە بۆ ناوچە كوردییەكانی جێ ناكۆك بەدرێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر جێگەی مەترسی و نیگەرانییە بۆ داهاتوو.