توێژینەوە ئایندەییەکان: بناغەى مێژوویى، چەمک و میتۆدەکانى
ئامادەكردن: ڕابیح عەبدولناسر جەندەلى، مامۆستا لە بەشى زانستە سیاسییەکان/زانکۆى باتنە – جەزائیر
وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: بارام سوبحى
سەرچاوە: ماڵپەری “المركز الدیمقراطي العربي”، لینک: https://democraticac.de/?p=43833
پوختە
ئەم توێژینەوەیە هەوڵى چارەسەرى پرسى کرۆنۆلۆژیاى توێژینەوە ئایندەییەکان، ڕێکخستن و وردبینکردنى شێوازى چەمکەکانی و چۆنێتیى بەگەڕخستنى میتۆد و تەکنیک و شێوازەکانى دەدات، ئەمەش لە ڕێگەى چارەسەرکردنى ئەم گیروگرفتانەوە:
چۆن دەکرێت توێژینەوە ئایندەییەکان لە ڕووى مێژووییەوە قۆناغبەندى بکرێن؟ سیستمى چەمکەکانى ڕێک بخرێن؟ میتۆد و تەکنیک و شێوازە توێژینەوەییەکانى لە بوارەکانى بەکارهێنانە مەیدانییە جۆراوجۆرەکاندا بەگەڕ بخرێن؟
لێکۆڵینەوەکە لە ڕووى بناغەى مێژوویى توێژینەوە ئایندەییەکانەوە گەیشتووە بەوەى سەرەتا یەکەمینەکانى مێژووى توێژینەوە ئایندەییەکان بۆ توێژینەوەى زاناى فەڕەنسى دۆ کۆندۆرسیە دەگەڕێتەوە. هەر چى چەمکەکانیەتى، لێکۆڵینەوەکە بوونى فرەچەشنی و فرەجۆریى لە پێناسەکانى پەیوەست بە توێژینەوە ئایندەییەکان تۆمار کردووە. کەسانێک سیمایەکى زانستیى پێ دەبەخشن، هەروەک هەندێکى دیکە بڕیارى ئەوە دەدەن کە هونەرە. بەڵام زۆرێک زاراوەى خوێندنى داهاتوو هاوواتاکانیان پێ باشترە، چونکە ملکەچى دۆزە سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان دەبێت، لە ئەنجامدا جیاوازیى چەمکەکانى لێ دەکەوێتەوە وەکوو پلاندانان بە جۆرە جیاوازەکانیەوە (کورتخایەن، مامناوەند، درێژخایەن)، پێشبینیکردن، الاسقاطات، ئایندەبینى. لە ڕووى تیۆرییەوە، بە هۆى نەبوونى بنیادێکى تیۆریى تۆکمەى ئامادە کە بگاتە ئاستى تیۆری، لێکۆڵینەوەکە لەسەر ئاستى تیۆریى کەمتەرخەمیى تۆمار کردووە، بەدەر لە دەگمەنیى چوارچێوەى ئەکادیمى و کەمیى دامەزراوەى تایبەتمەند بەم بوارە مەعریفییە، بەتایبەتى لە دەوڵەتە دواکەوتووەکاندا.
بەرایی
دوو کەس ناکۆک نین لەوەدا کە باسکردن لە ئایندە واتە قسەکردن لە یەکەیەکى کاتى کە دەرهاویشتەى پڕۆسەیەکى کارلێککراوى تێکەڵە لەنێوان شارەزایى ڕابردوو و پێدراوەکانى ئێستادا. واتە توێژەرى ئایندەیى ئەگەر بیەوێت بە نموونە توێژینەوە و شیکارى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى یان سیاسیى دیاریکراو بکات، بۆ وەستان لە ئاستى بوون و دروستبوونى، پێویستە لە چوارچێوەى زەمەنیى بەردەوامى خۆیدا دایبنێت، “واتە دیاردەکە لە ڕابردوودا چۆن بووە؟ لە ئێستادا چۆنە؟ لە ئایندەدا چۆن دەبێت؟”.
دیاردەى سیاسى بەندى ڕابردووى نییە، بارمتەى ئێستا و داهاتووشى نییە، چونکە دیاردەکە بەردەوام بە گۆڕانى کات و شوێنى دەناسرێتەوە. توێژەر بە سروشتى ئەمڕۆى دەیسەلمێنێت، بەڵام لە ئایندەیەکى دیاردا دەگۆڕێت، بەم جۆرەش سەلمێنراوەکە بەردەوام نابێت. لێرەوە گرنگیى توێژینەوە ئایندەییەکان بە شێوەیەکى تایبەت لە زانستە سیاسییەکان و بە شێوەیەکى گشتى لە زانستە کۆمەڵایەتى و مرۆییەکانى دیکەدا دەردەکەوێت.
بنیاد لەسەر ئەوە و لە پێناوى وەرگێڕانى ئەو گرنگییە بۆ واقیعێکى بەرجەستە، ژمارەیەک لە دەوڵەتان بەتایبەتى پێشکەوتووەکان، پەنایان بردووەتە بەر دامەزراندنى کۆلێژ و ناوەندى توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بۆ دامەزراندنى توێژینەوە ئایندەییەکان، سەربارى دابینکردنى چارەسەرى گونجاو بۆ ئەم جۆرە گرفتانە کە لە ماوەیەکى (کورت، مامناوەند و دوور)دا لە چوارچێوەى پلاندانانێکى ستراتیژیى گشتگیردا بەدیار دەکەون.
توێژینەوە ئایندەییەکان لەبەر ئەوەى لقێکى نەرمى فرەپسپۆڕییە، بۆ بەدیهێنانى ئامانجە خوازراوەکان و بە پشتبەستن بە واقیع و ئاڕاستەى ڕووداوەکان، شیکارکردنى پێدراوەکان زامن دەکات. بۆیە توێژینەوەکەمان هەوڵى چارەسەرکردنى پرسى کرۆنۆلۆژیاى توێژینەوە ئایندەییەکان و ڕێکخستن و وردبینکردنى شێوازى چەمکەکانی و چۆنێتیى بەگەڕخستنى میتۆد و تەکنیک و شێوازەکانى دەدات. لەسەر ئەو بنەمایەش، توێژینەوەکەمان هەوڵى چارەسەرکردنى ئەم گیروگرفتانە دەدات:
چۆن دەکرێت توێژینەوە ئایندەییەکان لە ڕووى مێژووییەوە قۆناغبەندى بکرێن؟ سیستمى چەمکەکانى ڕێک بخرێن؟ میتۆد و تەکنیک و شێوازە توێژینەوەییەکانى لە بوارەکانى بەکارهێنانە مەیدانییە جۆراوجۆرەکاندا بەگەڕ بخرێن؟
یەکەم: چوارچێوەى مێژوویى گەشەسەندنى توێژینەوە ئایندەییەکان
زانینى ڕەهەندى زەمەنى لە بوون و دروستبوونی دیاردە مرۆییەکاندا، دەبێتە دیاریکەرى ئاڕاستەى لەخۆگرتنى بوارى مەعریفى بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان. کات (زەمەن) سێگۆشەیەک لەخۆ دەگرێت کە خۆى لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوودا دەبینێتەوە. ڕابردوو هەموو ئەوانەیە پەیوەندیى بە پێشووەوە هەیە، ئێستا گوزارشتە لە بارودۆخى هەنووکەیى لە دۆخى جووڵان یان دینامیکیدا. هەر چى ئایندەیە، “گوزارشتە لەوەى کە لەدواى ئێستا دێت”. دەتوانین جیاوازى لەنێوان ئەم سێگۆشە زەمەنییەدا بکەین بەوەى کە ڕابردوو گوزراشتە لە ڕاستییەکى بەردەوام کە بەتەواوەتى ناتوانرێت بگۆڕدرێت، لە کاتێکدا ئێستا بریتییە لە دەرەنجامى پڕۆسەیەکى دینامیکى کە لە دروستبووندایە و هێشتا سیماکانى تەواو نەبوون. بەڵام ئایندە تەنها چوارچێوەى کاتییە لەبەردەم ویستى مرۆییدا بۆ چوونەناوەوەى لەگەڵ بەهەندوەرگرتنى هەموو ئەگەرەکان لە بارەى دیاردەکە کە جێگەى توێژینەوە و شیکارکردنن، لە ڕێگەى دابینکردن و بەگەڕخستنى ڕێباز و شێواز و تەکنیکەکانى توێژینەوە ئایندەییەکانەوە.
لەلاى توێژەران و شیکەرەوان، مشتومڕێکى فراوان لە بارەى کرۆنۆلۆژیاى دەرکەوتنى توێژینەوە ئایندەییەکان هەیە، یاخود وردتر بڵێین: بۆ ئەو ماوەیەى کە بایەخدان بە توێژینەوە ئایندەییەکان تیایدا دەرکەوتووە. بۆ نەهێشتنى تەمومژ لەسەر ئەم بابەتە، توێژەران و لە دیارترینیان د. وەلید عەبدولحەى، کۆڕان لەسەر دیاریکردنى سێ قۆناغى مێژوویى کرۆنۆلۆژیى بەدواییەکداهاتوو کە بوارى توێژینەوە ئایندەییەکان پیایدا گوزەرى کردووە، ئەوانیش:
- قۆناغى یۆتۆپیا
- قۆناغى پلاندانان
- قۆناغى مۆدێلە جیهانییەکان
یەکەم: قۆناغى یۆتۆپیا
ئاڕاستەى کارى بیرى سیاسى بەتایبەتی و توێژینەوە ئایندەییەکان بەگشتى، لە وێستگەى قۆناغى یۆتۆپیاوە دەستیان پێ کردووە، بەدیاریکراوى لە سەردەمى یۆنانییەکاندا. ئەفلاتون لە دیدى خۆیدا ئەو پێویستییانەى دیاری کردووە کە پێویستە کۆمەڵگە لە داهاتوودا لەسەرى بڕوات، ئەو یەکەم کەس بووە کە بوارى توێژینەوە ئایندەییەکانى لێک داوەتەوە، کاتێک وێناى کۆمارەکەى کردووە کە لە سێ چین پێک دێن، ئەوانیش: چینى فەیلەسووفە حکومڕانەکان، چینى سەربازە جەنگاوەرەکان، چینى تەواوى جەماوەر، کۆمارەکەش لەسەر دادپەروەرى بنیاد دەنرێت. ئەو دادپەروەرییەش کاتێک بەدی دێت کە هەر چینێک کارى خۆى بکات، ئەو کاتە جۆرێک لە تەبایی و پێکەوەگونجان ڕوو دەدات. تێڕوانینى بۆ ئایندە خۆى لە شتێکدا دەبینییەوە کە لە داهاتوودا ڕوو دەدات، نەوەکوو لەو کاتەى کە تیایدا دەژیا.
لەلایەن خۆیەوە قەشە ئۆگەستین پێشبینیى ململانێى دەکرد لەنێوان شارى خودا کە لەسەر چاکە بنیاد دەنرێت و شارى مرۆڤ کە لەسەر خراپە و لەخۆباییبوون بنیاد دەنرێ. گریمانەى ئەوەشى کردبوو کە سەرکەوتن هاوپەیمانى شارى یەکەمە، بۆیە پێویستە لەسەر خەڵکى تێبکۆشن بۆ وەرگێڕانى بە واقیعێکى بەرجەستە.
لەگەڵ کۆتایى سەدەى پازدەدا، تۆماس مۆر (Thomas Moor) لە کتێبەکەیدا بە ناوى “یۆتۆپیا”، پێشبینیى “بیرۆکەى دروستکردنى کۆمەڵگەیەکى نموونەیى خاڵى لە تەواوى ئامرازەکانى توندوتیژی و ستەم و چەوساندنەوە”ى کردبوو. لە کۆتایى سەدەى شازدەدا، فەیلەسووفى ئینگلیزى فرانسیس بیکۆن کتێبێکى بە ناونیشانى “ئەتلانتیکى نوێ” بڵاو کردەوە، تیایدا پێشبینیى چەند بیرۆکەیەکى ئایندەیى بۆ جیهان کردبوو، لە ڕێگەیەوە وێناى سیماکانى کۆمەڵگەیەکى عەلمانیى باشترى بۆ مرۆڤایەتى کردبوو.
هەر چى سەرەتا میتۆدییەکانى توێژینەوە ئایندەییەکانە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى نۆزدە، بەدیاریکراوى لەگەڵ قەشەى ئینگلیزى تۆماس مالتۆس، لە وتارەکەیدا لە بارەى چڕیى دانیشتووانەوە کە تیایدا دیدى ڕەشبینانەى خۆى لە بارەى گەشەکردنى دیمۆگرافى بۆ یەکلاکردنەوەى ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەنجامى شۆڕشى پیشەسازى خستبووە ڕوو، کە خۆى لە جیاوازیى چینایەتى لە سایەى باڵادەستیى سەرمایەدارى لە کۆمەڵگەى بەریتانیى ئەو کاتەدا دەبینییەوە.
کەسانێکى دیکەش هەن، دەیگێڕنەوە بۆ بیرمەندى فەڕەنسى دۆ کۆندۆرسیە و کتێبەکەى بە ناونیشانى “هێڵکاریی وێنەیەکى مێژوویى بۆ پێشکەوتنى عەقڵى مرۆیى” کە لە (1793)دا بڵاو کرایەوە. دوو شێوازى میتۆدۆلۆژیى بۆ پێشبینیکردن بەکار هێنابوو، کە توێژەران بەبەردەوامى لەم سەردەمە هاوچەرخەمانەدا بە شێوەیەکى چڕ بەکاریان دەهێنن، ئەوانیش شێوازى پێشبینکردنى خوێندنەوەیى (استقرائى) و شێوازى پێشبینکردنى مەرجییە.
لەو مشتومڕانەى لە بارەى کرۆنۆلۆژیاى توێژینەوە ئایندەییەکان لەنێوان بیرمەندانى ئەم قۆناغەدا دەکرێن، بۆ دەرکەوتنى ڕێگوزەرى دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کە جێگەى توێژینەوە و شیکارکردنن، سێ ڕەهەند دەردەکەون کە دەکرێت بەم جۆرە جیا بکرێنەوە:
– دەگونجێ، دەشێت (Possible): واتە هەر ئەگەرێکى گونجاو کە دیاردەکە دەتوانێت وەریبگرێت، بە پشتبەستن بە نیشاندەرەکانى ئێستا بۆ گەیشتن پێى.
– ئەگەرى هەیە (Probable): یەکێکە لە ئەگەرەکانى گەشەکردنی دیاردەکە، کە نیشانەکانى لە واقیعدا لەبەر دەستدا نین.
– پەسەندە یان باشترە (Preferable): ئەگەرێکى خوازراوە سەبارەت بەو دیاردەیەى کە جێگەى توێژینەوە و شیکارکردنە، لەگەڵ سنوورداریى نیشاندەرە بابەتییەکان بۆ گەیشتن پێى.
دوو: قۆناغى پلاندانان
قۆناغیکە کە لە گۆشەى دەوڵەت یان هەرێمێکى دیاریکراوەوە دەڕوانێتە ئایندە. حکومەتى سۆڤێتى دواى دامەزراندنى لە (1921) لیژنەیەکى پێک هێنا، ئەرکى نەخشەکێشانى پلانێکى حکومەتیان خرایە ئەستۆ بۆ گەیاندنى کارەبا بە سەرانسەرى یەکێتیى سۆڤیەت لە ماوەى پێنج ساڵدا. ئەو پلانەش لە مەیدانى توێژینەوە ئایندەییەکاندا خاڵى وەرچەرخان بوو، چونکە لەبەردەم توێژینەوەى گۆڕین و گونجاندن و چۆنێتیى کارلێکى نێوانیان، بوارێکى فراوانى کردەوە. ئەم وەرچەرخانەش ڕەنگدانەوەیەکى ئەرێنیى لەسەر شیکەرەوانى ڕۆژئاوایى هەبوو، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا گۆڤارى “سبەى” لە ساڵى (1938) لە بەریتانیا بڵاو کرایەوە، ئەم گۆڤارەش پێداگریى دەکرد لەسەر پێویستیى دامەزراندنى وەزارەتێک بۆ ئایندە لە بەریتانیا.
دەرەنجامە کارەساتبارەکانى جەنگى جیهانیى دووەم سایەیەکى تاریکى بەسەر توێژینەوە ئایندەییەکاندا هێنا، بەڵام فەیلەسووفى فەڕەنسى گاستۆن بێرگەر بەرەنگارى ئەو دیدە ڕەشبینە بوویەوە. بە ئامانجى هاندانى توێژەران لەسەر تەماشاکردنى سبەى بە دیدێکى زیاتر گەشبینانە، لە ساڵى (1957) سەنتەرى نێودەوڵەتیى ئایندەناسیى دامەزراند، توێژینەوەکانیشى دوو لایەنى لەخۆ گرتبوو:
لایەنى یەکەم: خۆى لە جیانەکردنەوەى نێوان دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە لایەکى دیکەوە دەبینییەوە. لێرەوە گرنگیدان بە سروشتی پەیوەندیی نێوان هەردوو بوارەکە بە لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکەی ژێر لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە دەستی پێ کرد. ئەم پەیوەندییەش ڕەنگدانەوەیەکى ئەرێنیى هەبوو لەسەر ئەو شۆڕشە میتۆدۆلۆژییەى کە هێنایە ئاراوە، بۆیە پەیوەندیی پێکەوەبەستراوى لەنێوان ئەوەى تەکنیکییە و ئەوەى کۆمەڵایەتییە، هەروەها کارلێکى نێوانیان بووە بنەماى توێژینەوە ئایندەییەکان و جێگەی سەرنجی تەکنیکەکانی توێژینەوە ئایندەییەکان، بەتایبەتى شێوازەکانی توێژینەوە کە گەشەپێدانی تەکنیکی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی داهاتوو تێکەڵ دەکەن.
لایەنى دووەم: لە بارەى ئاڕاستەکردنى شیکارە ئایندەییەکان بوو بەرەو کاریگەرییە درێژخایەنەکان و ئاڕاستەکان، نەوەکوو لەسەر ڕووداوەکان و دۆخەکان. بۆ دیاریکردنى ماوەى کاتى درێژخایەنى توێژینەوە ئایندەییەکان، پۆلێنى مینۆسۆتا ئاماژە بە پێنج ڕەهەند دەکات:
_ ئایندەى ڕاستەوخۆ: بۆ دوو ساڵ درێژ دەبێتەوە.
_ ئایندەى نزیک: دوو بۆ پێنج ساڵ درێژ دەبێتەوە.
_ ئایندەى مامناوەند: پێنج بۆ بیست ساڵ درێژ دەبێتەوە.
_ ئایندەى دوور: بیست بۆ پەنجا ساڵ درێژ دەبێتەوە.
_ ئایندەى نادیار: بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ درێژ دەبێتەوە.
لە دەرەنجامى دامەزراندنى سەنتەرەکەى بیرگەر، توێژینەوە ئایندەییەکان وەرچەرخانێکى جۆریى بەخۆوە بینى، لە سایەى ئەو کارانەى زاناى فەڕەنسى بیرتراند دۆ جۆڤینیل بە هاوبەشى دامەزراوەى فۆردى ئەمەریکى ئەنجامی دا، توانیى پڕۆژەى ئایندە گونجاوەکان ئامادە بکات و تیایدا دان بەوەدا بنێت کە ئایندە چارەنووس نییە، بەڵکوو بوارێکە بۆ مومارەسەکردنى ئازادى لە ڕێگەى دەستتێوەردانى هۆشیارانە لە دروستکردنى واقیعى هەنووکەدا بە ئاڕاستەى “باشتر”، واتە پێویستە تەماشاى ئایندە بکرێت وەکوو کۆمەڵێک نەوەکوو تاکێک.
بڵاوکردنەوەى کتێبى “هونەرى پێشبینى” بە شۆڕشێکى میتۆدۆلۆژى لە مەیدانى توێژینەوە ئایندەییەکاندا دادەنرێت، کە تیایدا شێوازى کارى دەستەکانى پێشبینى شی دەکاتەوە کە ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنى توێژینەوە ئایندەییەکان بۆ دەوڵەتێکى دیاریکراو.
لە سەروبەندى کۆتاییهاتنى جەنگى دووەمى جیهانیدا، دەرکەوتنى توێژینەوە ئایندەییەکان و پێویستیى ئایندەناس و زانینى ئاسۆکانى پەیوەست کرایەوە بە پێداویستییە سەربازی و ستراتیژییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، دواى ئەوەش توێژینەوە ئایندەییەکان بوارە مەدەنییەکانى گرتەوە کە ئاڕاستەى بازرگانی و تەکنەلۆژی و فێرکاری و فیکرییان هەبوو وەکوو دامەزراوە و ناوەندە فیکرییەکان (Think Tanks) کە ژمارەیەک بیرمەندى ستراتیژی و شارەزاى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى لەخۆ دەگرت، ئەو دامەزراوانەش لە خزمەتى سێ ناوەندە گەورەکەى بڕیار دروستکردن بوون لە ئەمەریکا: کۆشکى سپى، کۆنگرێس، پینتاگۆن. ئەمەى دواییان لە گرنگیى بەکارهێنانى توێژینەوە ئایندەییەکان بۆ خزمەتکردنى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکا تێگەیشت.
دامەزراوەى ڕاند لە بەکارهێنانى “تەکنیکى دێلفى”دا ڕۆڵێکى دیارى هەبوو، هەروەها زاناى ئەمەریکى هێرمان کات لە گەشەپێدانى تەکنیکى سیناریۆدا ڕۆڵێکى گەورەى هەبوو. پاشان بە هەوڵى جۆن ماکهێڵ لە سەنتەرى توێژینەوە تەواوکارییەکان لە زانکۆى هیوستن و هاوڵد لینستۆن لە پۆرتلاند و جیمس دایتۆر لە هاواى، توێژینەوە ئایندەییەکان بۆ زانکۆ و ناوەندە تایبەتمەندەکانى توێژینەوە گوازرایەوە، بەو هۆیەوە شەقڵێکى تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتی و زانستى بەسەر ئاڕاستەکانیاندا زاڵ بوو.
هاوشێوەى خێرا بەدەمەوەچوونى ئەمەریکا، بەریتانیاش لە ڕێگەى زانکۆى ساسکس دەستپێشخەریى کرد لە تەواوکردنى یەکەیەکى توێژینەوە ئایندەییەکان لە بارەى گەشەپێدانى بەکارهێنانى تەواوکارانەى میتۆدۆلۆژی و ڕەخنەگرتنى مۆدێلە جیهانییەکان. لە هەمان کاتدا هەوڵى دەوڵەتە سۆسیالیستییەکانى پێشوو لە مەیدانى توێژینەوە ئایندەییەکان، تایبەت بوو بە گۆڕانکارییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکان و ئاستى کارتێکردنیان لەسەر ئایندەى دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە قاڵبێکى زانستیى ورددا.
سێ: قۆناغى مۆدێلە جیهانییەکان
دەرکەوتنى بابەتە نێودەوڵەتییەکانى وەکوو چەکى کۆکوژ و تیرۆرى نێودەوڵەتی و دەستتێوەردانى مرۆیی و ژینگە، بووە هۆى دەرکەوتنى قۆناغى مۆدێلە جیهانییەکان. لە دیارترین بیرمەندەکانى مۆدێلە جیهانییەکان لە چوارچێوەى گەمە نێودەوڵەتییە گەورەکاندا زاناى ئەمەریکى باکمیسنتەر فولەر بوو، کە بە یەکێک لە گرنگترین پێشەنگانى قوتابخانەى پێوانەسازى لە توێژینەوە ئایندەییەکان دادەنرێت.
یانەى ڕۆما لە ساڵى (1968) بە ئەنجامدانى یەکەم کۆبوونەوە لە ڕۆما، بە بەشداریى سى زانا لە دە دەوڵەتەوە دەستپێشخەریى کرد. توێژینەوەکانى لەسەر پەیوەندیى نێوان گەشەسەندنى دیاردەى وابەستەیى یەکتر لەنێوان کۆمەڵگا جیاوازەکان و پەرەپێدانى تەکنیکەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان بوو، بۆ هەڵوەستەکردن بوو لەسەر هەموو ئەگەرەکانى دیاردە جیهانییەکان. لە دەرەنجامى ئەو دیدە ڕەشبینەى بۆ داهاتووى جیهان هەبوو، ڕاپۆرتى یەکەمى یانەى ڕۆما کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو.
لەنێو ئەو بنەمایانەى کە توێژینەوە ئایندەییەکان لە مۆدێلى جیهانیدا جەختى لێ دەکەنەوە، ئەمانەن:
– کۆنترۆڵکردنى ئەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى داڕمانى سیستمى نێودەوڵەتى یان مانەوەى لە دۆخى هاوسەنگیدا، ئەمەش زانا پرۆگۆجین باسی کردووە و ناوى ناوە فەلسەفەى ناسەقامگیرى، شانازیى داڕشتنى چەمکى سیستمى لە توێژینەوە ئایندەییەکاندا هەیە.
– ڕێکخستنى میکانیزمەکانى گونجاندن کە لەبەر دەستى سیستمى نێودەوڵەتیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانگارییە چاوەڕوانکراوەکان.
– ڕێکخستنى تواناى یەکە سیاسییەکان و سەرچاوەى هێزەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانگارییە گریمانەکراوەکان.
– ڕێکخستنى شەرعیەتى دەستوەردانى هێزە دەرەکییەکان بۆ پاراستنى هاوسەنگیى سیستمەکە و چارەسەرکردنى بەر لە تێکچوونى.
– پڕۆسەى گۆڕانگارى بکرێتە نۆرم نەوەکوو ڕیزپەر.
هەر چۆنێک بێت گەشەسەندنى توێژینەوە ئایندەییەکان بە دوو ئاڕاستەى سەرەکیدا ڕۆیشتووە:
– ئاڕاستەى دامەزراوە و ناوەندەکانى توێژینەوە و بڵاوکراوە زانستییەکان بەرەو توێژینەوەى ئایندەیى کە زیاتر ئاڕاستەیەکى جیهانیى هەبێت، زیاتر لەوەى هەرێمى یان بۆ دەوڵەتێکى دیاریکراو بێت. شەقڵێکى گشتگیرى هەبێت، زیاتر لەوەى تایبەتمەند بێت و لە کەرتێکى دیاریکراودا بێت.
لە ئێستادا ئەورووپا (124) دەستەى لەخۆ گرتووە کە لە بوارى توێژینەوە ئایندەییەکاندا کار دەکەن، (67%)یان کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و دامەزراوە سەربازییەکان بەڕێوەیان دەبەن. دەوڵەتە پێشکەوتووەکان نزیکەى (97%) بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان خەرج دەکەن. لە دیارترین ئەو کۆمەڵە زانستییانەى لە بوارى توێژینەوە ئایندەییەکاندا کار دەکەن، دامەزراوەى ئایندەى جیهانى کە گۆڤارى “The Futurist” بڵاو دەکەنەوە، فیدراسیۆنى جیهانیى توێژینەوە ئایندەییەکان کە وەرزنامەى “Futures Bulletin” بڵاو دەکەنەوە. ئەوان لە ڕێگەى خوێندنەوە و بەدیهێنانى هاوسەنگى لەنێوان بژاردە ئایندەییە بەردەستەکان و چارەسەرە ئایندەییە پەسەندەکاندا، کار لەسەر هاندانى فرەجۆریى توێژینەوە ئایندەییەکان دەکەن.
– ئاڕاستەى میتۆدۆلۆژى لە توێژینەوە ئایندەییەکاندا. کەسانێک هەن گریمانەى ئەوە دەکەن کە سەرەتا یەکەمینەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان لەسەر بنەماى میتۆدۆلۆژیى زانستى دەوەستێتە سەر گەشەپێدانى میتۆدى چەندێتی و “الاستقرائیە والاسقاطیە”. هەر چى گەشەپێدانى پلە بە پلەى تیۆرى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، وەکوو گەمەیەکى سفرى لەبریى گەمەى ناسفرى، دەگەڕێتەوە بۆ زاناى فەڕەنسى دۆ کۆندۆرسیە و بڵاوکردنەوەى کتێبەکەى بە ناونیشانى “هێڵکاریی وێنەیەکى مێژوویى بۆ پێشکەوتنى عەقڵى مرۆیى” لە ساڵى (1793).
دووەم: داڕشتنى چەمکى توێژینەوە ئایندەییەکان
بە هۆى هاوچەرخی و ئاڵۆزى لە یەک کاتدا، پێناسەکان لە بارەى چەمکى توێژینەوە ئایندەییەکانەوە زۆر و فرەجۆر بوون. لە پۆلێنکردنى زانستدا هەر کۆمەڵگایەک پێوەرى خۆى هەیە، لە کاتێکدا توێژینەوە ئایندەییەکان ملکەچى ئەو یاسایانە دەبن کە لە زانستەکانى ماتماتیک و ئەگەرەکان و ئامارەوە وەردەگیرێن، کە لە ڕێگەیانەوە توێژەرى ئایندەیى دەگاتە ئەنجامگەلێک کە بە وردی و دڵنیایى دەناسرێتەوە.
کۆمەڵەى نێودەوڵەتیى توێژینەوە ئایندەییەکان، توێژینەوەى ئایندەیى بەم جۆرە پێناسە کردووە: “لە سنوورى زانست فراوانترە، مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک وەرگردا دەکات لە ماوەگەلێکدا کە لەنێوان پێنج بۆ پەنجا ساڵدایە”. ئەم پێناسەیە ئەوە دەردەخات کە مەیدانى توێژینەوە ئایندەییەکان مەیدانێکە پسپۆڕییەکان دەبڕێت و لە ئاڵوگۆڕى شوێنەکان و سەردەمەکاندا لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڕوات، چونکە خۆیلەخۆیدا لە زانست گشتگیر و فراوانترە.
ئیدوارد کۆرنیش توێژینەوە ئایندەییەکان بەم جۆرە پێناسە دەکات: “ئەو زانستەیە چاودێریى گۆڕانکارییەکان لە دیاردەیەکى دیاریکراودا دەکات، بۆ گەشەپێدانى لە داهاتوودا هەوڵى دیاریکردنى گریمانە جیاوازەکان دەدات، بۆ پەسەندکردنى ئەگەرێک بەسەر ئەگەرێکى دیکەدا، هەوڵى پۆلێنکردنى یارمەتیدەرەکان دەدات”. ئەم پێناسەیە وا دیارە سنووردارە، چونکە توێژینەوە ئایندەییەکان بە زانست و هەڵبژاردنى ئەگەرى ڕاستترین لەنێو کۆمەڵێک ئەگەردا دەبەستێتەوە.
کەسانێکى دیکەش بەم جۆرە پێناسەى دەکەن: کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە، بە ئامانجى ئاشکراکردنى ئەو کێشانەى شەقڵێکى ئایندەییان هەیە، هەروەها کارکردن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کردارى بۆیان، ئامانجیشى دیاریکردنى ئاڕاستەى ڕوووداوەکان و شیکردنەوەى گۆڕاوە جۆراوجۆرەکانە بۆ دۆخى ئایندە، کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕەوتى ڕووداوەکان لە ئایندەدا هەبێت.
کەسانێکى دیکەش بەم جۆرە پێناسەى دەکەن: پێشبینیکردنێکى مەرجدارە لە ڕوانگەیەکى گریمانەیی و ڕێژەیی زانستییەوە. هەروەها گوزارشتە لە: پسپۆڕییەکى زانستی کە گرنگى بە پاڵاوتنى داتاکان و باشترکردنى ئەو پڕۆسانە دەدات کە لە بوارە جیاوازەکانى ڕەفتارى مرۆییدا بڕیار و سیاسەتەکانیان لەسەر بینا دەکرێت، بە نموونە کارە بازرگانی و حکومی و فێرکارییەکان، مەبەست لەم پسپۆڕییەش یارمەتیدانى بڕیاربەدەستانە تاوەکوو بە دانایى لەنێو ڕێبازە بەدیلەکاندا کە لە کاتێکى دیاریکراودا بۆ کردار بەردەستن، بەدیلێک هەڵبژێرن.
لەوانەیە وردترین پێناسەى ئایندەناسى پێناسەکەى گۆڤارى “World Future Society” بێت کە دەڵێت: توێژینەوەیە بە ئامانجى دیاریکردن و شیکارکردن و هەڵسەنگاندنى هەموو پێشهاتەکانى داهاتووى ژیانى مرۆڤایەتى لە تەواوى جیهاندا بە ڕێگەیەکى عەقڵانی و بابەتى. ئەگەر بوار بۆ دروستکردن و ئەفراندنى مرۆیی و تاقیکردنەوەى زانستى بڕەخسێنێت، بە مەرجێک ئەو چالاکییانە لە بەدیهێنانى ئەو ئامانجانەدا بەشدار بن.
سەربارى ئەوانە، توێژینەوە ئایندەییەکان ملکەچى دۆزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەبێت، ئەوەش جیاوازیى چەمکەکانى لێ دەکەوێتەوە، وەکوو پلاندانان بە جۆرە جیاوازەکانیەوە: (کورتمەودا، مامناوەند، درێژخایەن)، پێشبینى، مەزەندەکردن، ئایندەناسى. هەر چى پلاندانانە: “ئەو پڕۆسەیەیە کە لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتى ناوەندى پەیکەرى ئابووری و کۆمەڵایەتى دادەڕێژێتەوە، بە هاوکاریى کۆمەڵێک سیاسەتى چڕوپڕ و کە لەبەر دەستدایە ئامادەى دەکات، لەسەر جێبەجێکردنى بە کرداری و چاودێریکردنى مکوڕن. هەروەها پلاندانان پێناسە دەکرێت بەوەى کۆمەڵێک بژاردەیە کە نوێنەرایەتیى کەناڵى ناوەندى دەکەن بۆ هێنانەئاراى گۆڕانکارى بە ئاڕاستەى گەشەپێدان لە هەردوو بوارى ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بە گرتنەبەرى ئەو ئامراز و میکانیزمانەى بۆ پارەدارکردنى ڕاسپێردراون.
بۆ پلاندانان سێ ڕێگاى سەرەکى هەیە، ئەوانیش:
– پلاندانانى دوابەدواى یەک: خۆى لە سەربەخۆیى هەر ئاستێک لە پلاندانان لە ئاستى دواى خۆى دەبینێتەوە. ئەم ڕێگەیە لە کاتى هەبوونى کاتى پێویستدا جێبەجێ دەکرێت.
– پلاندانانى هاوتەریب: پلاندانان بۆ دوو ئاست یان زیاتر لە یەک کاتدا، ئاستى سەرکەوتنى ئەم ڕێگەیەش دەوەستێتە سەر بەدیهێنانى گونجاندنێکى ورد لەنێو ئاستە جیاوازەکان و هەبوونى کاتێکى دیاریکراو بۆ پلاندانان.
– پلاندانانى تێکەڵ: دەرەنجام و تێکەڵەیەکە لە دوو شێوازەکەى پێشوو. پلاندانان لەسەر ئاستى بەرز دەست پێ دەکات و پاشان بەدوایدا پلاندانانى هاوتەریب دێت بۆ تەواوى ئاستەکان لە یەک کاتدا، ئینجا گونجاندن و سەرپەرشتی و چاودێرى دێت. ئەم ڕێگەش دەرفەت دەکاتەوە بۆ گرتنەبەرى شێوازێکى هاوتەریب بۆ تەواوى بەشەکانى پلانەکە، لەگەڵ پاراستنى نهێنیى پلاندانەکان بە شێوازى یەک لەدواى یەک.
پڕۆسەى پلاندانان بە پێنج قۆناغدا دەڕوات، ئەوانیش: قۆناغى دیاریکردنى ئامانجەکان بە تەواوى ڕەهەندە کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەنەکانەوە، قۆناغى کۆکردنەوەى فاکت و داتاکان و هەڵسەنگاندنى توانا بەردەستەکان، قۆناغى بەکارهێنانى شێوازێکى زانستى بۆ پێشبینى، قۆناغى دیاریکردنى بەدیلەکان و هەڵسەنگاندنیان، دواهەمینیان قۆناغى جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنە.
کەسانێکیش هەن پلاندانان بە چەمکى ستراتیژییەوە دەبەستنەوە، واتە پلاندانانى ستراتیژى. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە توێژینەوەى ئایندەیى جیاوازە لە توێژینەوەى ستراتیژى. توێژینەوەى ئایندەیى گرنگى بە زانینى ئەو ئەگەرانەوە هەیە کە لە ئایندەدا بەدەست دەهێنرێن، “واتە ئەنجامەکانى فرەئەگەرن، لەگەڵ هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەى نزیکترین ئەگەریان لە واقیعەوە بەبێ ئەوەى پێویست بکات بگاتە ئەنجامێکى دیاریکراو. لە کاتێکدا پلاندانانى ستراتیژى پەیوەستە بە ئامانجێکى پێشووەوە لەگەڵ پێداگرى لەسەر وەرگێڕانى بۆ واقیعێکى بەرجەستە. پەیوەندیى نێوانیشیان پەیوەندییەکى جیانەکرایەوە، چونکە توێژینەوەى ئایندەیى زۆر یارمەتیدەرە لە ڕێنمایکردنى ئاڕاستەى پلاندانانى ستراتیژیدا.
پێشبینییەکان لەو بیرۆکەیەوە سەرچاوە دەگرن کە داهاتوو بابەتێکى پێدراوى پێشوەختەیە، ئەوەى لێرەدا پێویستە تەنها لابردنى تەمومژە لەسەرى. پێشبینییەکان وێنەیەکى چڕوپڕى ئایندە تێکەڵاو و جیاوازەکان دەکێشن. بەم شێوەیە دەکرێت لە ڕوانگەى ئەو پێدراوانەى کە لە ئێستادا دەوریان داوە و لە ڕابردوودا هەبوون، پێشبینیى ئەوە بکرێت کە لە داهاتوویەکى پێشبینیکراودا چى بەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکەدا دێت.
لە کاتێکدا “اسقاط” خۆى لەو چەمکەدا دەبینێتەوە کە لە شیکارکردنى توێژینەوە کورتخایەنەکاندا بەکار دەهێنرێت، بۆ هەڵهێنجانى ئاڕاستە گشتییەکان و پەیوەندییە چەندایەتییەکان کە لە هاوسەنگی لەگەڵ ڕابردووی دیاردە کۆمەڵایەتییەکەی ژێر لێکۆڵینەوە و شیکارییەکەوە ئەنجام دەدرێن.
هەر چى ئایندەناسییە: “گوزارشتە لە پڕۆسەیەکى زانستیى ڕێکخراو بۆ کۆمەڵێک پێشبینیى مەرجدار، کە سیما سەرەکییەکانى کۆمەڵگەیەکى دیاریکراو یان کۆمەڵێک لە کۆمەڵگاکان لە قۆناغێکدا لەخۆ دەگرێت کە بیست ساڵى تێنەپەڕاندبێت. ئایندەناسى پڕۆسەیەکى دوورە لە بابەتەکانى پێشبینی و پێودانگى کەسى، ملکەچى شێوازى زانستییە، چونکە ڕابردوو شیکار دەکات و ئێستا لێک دەداتەوە، لە پەیوەندیى هۆکاریى نێوان فاکتەرەکان و گۆڕاوە کاریگەرەکان دەکۆڵێتەوە. واتە ئایندەناسى لە بارەى ئەو دیاردانەى ئێستا هەن و ڕیشەیەکى مێژوویى ڕابردوویان هەیە، پشت بە بنەمایەکى تۆکمەى داتا زانستییەکان و زانیارییە وردەکان لە ڕووى چەندێتی و چۆنێتییەوە دەبەستێت، بەو پێیەى بەشێکى گرنگن لە پێشبینیکردنى گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە داهاتوودا. هەروەها لیستێک لە ئەولەویات و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆمەڵگا لە داهاتوودا ڕێک دەخات، لە ڕێگەیەوە بە ئامانجى زانینى ئاستى ئەگەرى ڕوودانیان، پێشبینیى ڕووداوەکانى داهاتوو دەکرێت.
بەڵام هێشتا مشتومڕەکان بەردەوامن لە بارەى ئەوەى ئایا توێژینەوە ئایندەییەکان زانستە یان هونەرە، یان هەردووکیانە پێکەوە. بیروبۆچوونەکان جیاوازن لەنێوان ئەوانەى وەکوو “زانست” دەیبینن و ئەوانەشى وەکوو “هونەر” دەیبینن، بۆچوونى سێیەمیش کۆکەرەوەیە لەنێوان زانست و هونەردا.
ڕەوتى یەکەم: توێژینەوە ئایندەییەکان زانستە
هێربەرت جۆرج وێڵز بە یەکەم کەس دەژمێردرێت کە لە ساڵى (1902) چەمکى “زانستى ئایندە”ى لە توێژینەوەکانیدا بەکار هێناوە، ئەو زیادکردنى قووڵى پێشکەش کردووە لە ڕەگداکوتانى گرنگیدانى زانستى بە توێژینەوە ئایندەییەکان. هەروەها کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەى کە ئۆسیپ فێلختهایم (Ossip Flechtheim) یەکەم کەسە باسى لە چەمکى “زانستى ئایندە” لە (1943) کردووە. فێلختهایم “زانستى ئایندەیی”ی بە لقێک لە زانستى کۆمەڵناسى داناوە، نزیکیشە لە کۆمەڵناسیى مێژووەوە، هەر چەندە جیاوازیى بنەڕەتى لە نێوانیاندا هەیە، ئەمەى دواییان گرنگى بە ڕووداوەکانى ڕابردوو دەدات، لە کاتێکدا “زانستى ئایندەناسى” گرنگى بە ڕووداوەکانى سەردەمى داهاتوو دەدات و لە ئەگەرەکانى ڕوودانى دەکۆڵێتەوە.
ڕەوتى دووەم: توێژینەوە ئایندەییەکان هونەرە
فرید پۆلاک (Fred Polak) لە کتێبەکەیدا (وێناکردنەکانى ئایندە) ڕەخنە لە فێلختهایم دەگرێت و دەڵێت ئایندە نادیارە، ئیدى چۆن زانستێک لەسەر نادیار جێگیر دەکرێت. ناوزەدکردنى “زانستى ئایندە”، ناونانێکە زیادەڕۆیى تێدا کراوە، پیشاندانى ئەوەى کە بەڕوونى ئامانجەکانى ئایندەناسى دەزانرێت و دەتوانێت بەدروستى بە ئامانجە مسۆگەرکراوەکانى بگات، بابەتێکە پێچەوانەى ڕاستییە.
برتراند دى جۆڤنال لە کتێبەکەیدا (هونەرى پێشبینى) کە لە (1967) بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە توێژینەوەى زانستى ئایندە “هونەر”ێکە لە هونەرەکان و ناتوانرێت بکرێتە زانستێک، تەنانەت جۆڤنال دەرکەوتنى زانستى ئایندەناسى ڕەت دەکاتەوە. داهاتوو جیهانێکى دڵنیاکەرەوە نییە، بەڵکوو جیهانێکى گریمانەکراوە، ئایندە دڵنیاکەرەوە نییە، ئیدى چۆن دەبێتە بابەتى زانستێک لە زانستەکان.
ڕەوتى سێیەم: توێژینەوەى ئایندەیى لە یەک کاتدا زانست و هونەرە
ڕەوتى سێیەم؛ توێژینەوە ئایندەییەکان دەخاتە ڕیزى “توێژینەوە نێوانییەکانەوە”، وەکوو لقێکى نوێ کە بەرهەمى کارلێکى نێوان پسپۆڕییەک یان زیاترە کە پێکەوە پەیوەستن یان پەیوەست نین. لەم بارەیەوە بیرمەند مەهدى مونجەرە دان بەوەدا دەنێت: “توێژینەوەى زانستى ئایندە، بەردەوام گرتنەبەرى ڕێگایەکى کراوەیە کە بیرکردنەوە لێى پشت بە توێژینەوەى بژاردە و بەدیلەکان دەبەستێت، هەروەها گشتگیرە و میتۆدەکەشى فرەپسپۆڕییە”.
بە دیدى هەندێک کەسى تر، دەرەنجامى پڕۆسەکى کارلێکى نێوان زانستى سروشتی و زانستى کۆمەڵایەتییە و زانست نییە، چونکە دیدگاکانى لەسەر زانستە جیاوازەکان بینا دەکات. بوارێکى زانستى نێوانییە، بەشدار و دابڕاوە لە پسپۆڕییەکان و تەکنیکەکانى هەموو زانست و میتۆدە زانستییەکان، کراوەیە بەسەر داهێنانە مرۆییەکاندا کە لەسەر هونەر و وێژە و زانست ناوەستێت. ماناى وایە کە توێژینەوە ئایندەییەکان بوارێکى فراوان و فرەپسپۆڕیى زانستی و تەکنیکییە.
بە گوێرەى ڕاپرسییەکى کۆمەڵەى ئەمەریکى بۆ ئایندەى جیهان لە بارەى ئەو ناوەى کە پێویستە لەم جۆرە توێژینەوانە بنرێت، کە لە گۆڤارە مانگانەکەیان (Futurist) لە مانگى شوباتى (1977) بڵاو کراوەتەوە، زۆرینەى بۆچوونەکان بە ڕێژەى (72%) لەگەڵ ڕاستکردنەوەى چەمکى توێژینەوە ئایندەییەکان و هاوماناکانیەتى، لە کاتێکدا تەنها (14%) دەنگیان لە بەرژەوەندیى چەمکى “زانستى ئایندەناسى” داوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بوارێکى نێوانییە نەوەکوو زانستێک یاخود تەکنیکێک.
تایبەتمەندییەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان:
لە ڕێگەى دیاریکردنى جەوهەرى توێژینەوە ئایندەییەکانەوە، دەتوانین تایبەتمەندییەکانى بەم جۆرە پوختە بکەین:
– ئەو توێژینەوانەیە لە لێکۆڵینەوە و شیکارکردنى دیاردە شاراوەکاندا پشت بە ڕێبازى زانستى دەبەستێت.
– توێژینەوە ئایندەییەکان هاوشان لەگەڵ کۆششە زانستییەکاندا، بەشداریى زانستی و تەکنیکى لەخۆ دەگرێت.
– ئەو توێژینەوانەن کە چارەسەرى ئایندە دەکەن لە ماوەیەکى کاتیدا کە لەنێوان پێنج بۆ پەنجا ساڵدایە.
– توێژینەوە ئایندەییەکان بە شیکارکردنى پێدراوەکان پاڵپشت بە واقیع و ئاڕاستەى ڕووداوەکان جیا دەکرێنەوە.
سەربارى ئەو تایبەتمەندییانە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیى میتۆدۆلۆژیى دیکە هەن کە پێویستە لە توێژینەوە ئایندەییەکاندا ڕەچاو بکرێن، گرنگترینیان ئەمانەن:
– گشتگیرى و تێڕوانینى هەمووەکى بۆ دیاردەى ژێر توێژینەوە و شیکارییەکە.
– ڕەچاوکردنى ئاڵۆزییەکان: کە پێویستى بە ڕوانین لە دیاردە ئاڵۆزەکە هەیە بەتەواوەتى لە ڕێگەى ڕێبازێکى پسپۆڕى بڕەوە.
– خوێندنەوەیەکى باش بۆ ڕابردوو.
– تێکەڵکردنى شێوازەکانى چەندێتی و شێوازەکانى چۆنێتى لە کارى ئایندەییدا.
– بێلایەنیى زانستى و بابەتیبوون و پاراستنى زانستیبوون.
– کارى هاوبەش و داهێنانى بەکۆمەڵ لە ڕێگەى تیمێکى کارى تێگەیشتوو و هاوکار و تەواوکارەوە.
– خۆفێرکردن و ڕاستکردنەوەى بەردەوام بۆ شیکاری و ئەنجامەکان، توێژینەوەى ئایندەیى بە یەک گوژمە نابێت، بەڵکوو لە ڕێگەى پڕۆسەیەکى فرەقۆناغەوە دەبێت کە تیایدا شیکارییەکان پێدەگەن و تێگەیشتنەکان قووڵ دەکرێنەوە و ئەنجامەکان وردبینى دەکرێن، لە ڕێگەى خولى بەردەوامى خۆفێرکردن و ڕەخنەلەخۆگرتن و وەرگرتنى بۆچوونى لایەن و هێزە جیاوازەکان و ڕەخنەکانیان و پێشنیارەکانیان و کارلێکردن لەگەڵیاندا، لە چوارچێوەى دیاردەى ڕاستەوخۆ و ئامرازى ناڕاستەوخۆوە بۆ بەشداریکردنى خەڵکى لە وێناکردن و نەخشەکێشانى داهاتوودا.
سێیەم: گرنگیى توێژینەوە ئایندەییەکان
بەهاى توێژینەوە ئایندەییەکان لەوەدایە کە فرەپسپۆڕییە و ئامانجى توێژینەوەیەکى ڕێکخراوى داهاتووە، هەروەکوو سلۆتەر لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانى “بیرکردنەوەیەکى باش بۆ هەزارەیەکى باش” باسی کردووە کە ساڵى (1996) چاپ کراوە. لەم بارەیەوە کۆرنیش دوو گۆڕانکاریى جەوهەریى لە تێڕوانینى خەڵکیدا بۆ داهاتوو تۆمار کردووە: یەکەم: “خەڵکى گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى کە دەکرێت لە ئایندە بکۆڵنەوە. دووەم: دانپێدانانە بەوەى کە داهاتوو جیهانێکە تواناى پێکهێنانى هەیە، نەوەکوو شتێکى پێشتر ئامادەکراو یان پێشوەخت پێدراو بێت.”
هارۆڵد شان (Harold Shan) دەریخستووە کە ئامانج لە توێژینەوەکانى ئایندەناسى وەکوو پسپۆڕییەکى زانستیى نوێ ئەوەیە کە بڕیاربەدەست و کارسازانى سیاسى بتوانن لەنێو کۆمەڵێک بژاردەى پێشنیارکراودا، بژاردەى عەقڵانی و گونجاو و پێگەیشتوو هەڵبژێرن.
دەکرێت گرنگیى توێژینەوەکانى ئایندەناسى لەم خاڵانەدا کۆ بکرێنەوە:
– توێژینەوەکانى ئایندەناسى بوونەتە پێویستییەکى هەنووکەیی و بابەتێکى واقیعى بۆ دەوڵەتانى پێشکەوتوو و دواکەوتوو وەکوو یەک، بە مەبەستى خۆگونجاندن لەگەڵ پێدراوەکانى گەشەسەندنى تەکنەلۆژی و ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە دەرەنجامى کۆتاییهاتنى شەڕى سارددا هاتووەتە ئاراوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە دەوڵەتە پێشکەوتووەکان (97%)ی کۆى خەرجیى جیهانى بۆ توێژینەوەکانى ئایندەناسى خەرج دەکەن، لە کاتێکدا دەوڵەتە دواکەوتووەکان ئەوەى لەو ڕێژەیە دەمێنێتەوە واتە تەنها (3%) خەرج دەکەن.
– توێژینەوەکانى ئایندەناسى لە کارەکتەرى ئایندەیى خۆیاندا، هەوڵ دەدەن لەسەر شێوازەکانى بیرکردنەوە وەکوو نیشانەیەک لە نیشانەکانى پێگەیشتنى عەقڵی و مەعریفى، بۆ کێشانى نەخشەیەکى گشتگیرى داهاتوو.
– توێژینەوە ئایندەییەکان بژاردە گونجاوەکان دەخەنە ڕوو، لە پێناوى دۆزینەوەى بژاردەى هەرە گونجاودا کار لەسەر هەڵسەنگاندنیان دەکەن.
– توێژینەوە ئایندەییەکان لە ڕێگەى پێشبینکردنى پێشوەختەى قەیرانەکان و ئامادەکارى بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، کار لەسەر کەمکردنەوەى ئاستى توندیى قەیرانەکان دەکەن.
– توێژینەوە ئایندەییەکان دەروازەیەکى پێویستە بۆ گەشەپێدانى پلاندانانى ستراتیژى کە پشت بە وێناى ئایندە دەبەستێت.
– بۆ ئەو دەرهاویشتە ئاڵۆزانەى کە لە هەڕەشەى ئەتۆمی و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و دووبارە نەخشەکێشانەوەى سیاسی و جیۆپۆلەتیکى لەسەر بنەماى ڕەگەزی و نەتەوەیی و کولتوورى دەکەونەوە، بەدەر لە هەڕەشەکانى کەمبوونەوەى وزە و ئاو و خۆراک، گرنگیى ئایندەناسى لە شەقڵى بەکۆمەڵیدا دەردەکەوێت.
– لە بوارى زانستى سیاسیدا، توێژینەوە ئایندەییەکان ئامانجیان داڕشتنى قاڵبێکى هزریى سیستماتیکە کە بەرپرسیار بێت لە دیاریکردن و شیکردنەوەى سروشتى ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەى کە لە داهاتوودا دووچارى ڕێگاى گەشەکردنى مرۆیى دەبنەوە، چونکە ئەوەى تا ئێستا بەدی هاتووە، بوارى ئاستى پێش تیۆرى (Pre-Theory) لە لایەک، بەهێزکردنى پڕۆسەى بڕیارسازیى سیاسى لە ڕێگەى ڕەخساندنى دەرفەتى چاوگى ئایندەیى بۆ بڕیاربەدەستان، پێشنیارکردنى کۆمەڵێکى فرەجۆرى بەدیلى گونجاو بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردنى بژاردەیەکى شیاو بۆ چارەسەرکردنى گرفتە بەردەوامەكان لە لایەکى دیکەوە، تێنەپەڕاندووە.
– چڕکردنەوەى بەشداریى سیاسى لە دروستکردنى داهاتوو و وێناکردنى سیناریۆکانی و پلاندانان بۆى، چونکە توێژینەوە ئایندەییەکان لەبەردەم پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان و بوارى بەکارهێنانى ڕێبازەکانى هاوبەشیدا کراوەیە، کە لە وێناکردنى ئایندەیى لە بۆچوونى شارەزایان و پسپۆڕان وەردەگیرێت. لەنێو ئەو شێوازانەى کە بۆ ئامادەکردنى توێژینەوە ئایندەییەکان هەن، ئەمانە دەبینین: کۆبوونەوەکانى زریانى هزرى (Brainstorming)، لیژنەى شارەزایان، مۆدێلى سیگما و تەکنیکى دێلفى و دۆڵابى ئایندەیى پیتەر واگشال، هەروەها شێواز و تەکنیکەکانى دیکەى کارى بەکۆمەڵى هاوبەشى. بەڵام ئەو گرنگییەى کە بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان دەخوازرێت، بەو پێیەى کولتوورێکى کۆمەڵایەتیی ڕەگداکوتاو و شێوازێکى بیرکردنەوە و شێوازێکى ژیانى تایبەتە، تەواوى ئەم بوارانە تێدەپەڕێنێت، چونکە ئامانجى جەوهەریى ئەم توێژینەوانە خۆى لە ڕوونکردنەوەى مەبەستەکان و هەوڵدان بەرەو بەدیهێنانى ئامانجەکان دەبینێتەوە، سەربارى سوودبینین لە بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، پاش وەرگێڕانیان بۆ توێژینەوەى زانستی و بژاردەى جۆراوجۆر کە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێن.
ئەرکەکانى توێژینەوەى ئایندەیى:
دەکرێت نۆ ئەرکى توێژینەوە ئایندەییەکان دیارى بکرێن کە ئەمانەن:
– بەکارهێنانى هزر و وێناکردن لە توێژینەوە ئایندەییە ئەگەرییەکاندا (Possible Futures)
– توێژینەوەى ئایندە گریمانەکراوەکان (Probable Futures)
– توێژینەوەى وێنەى داهاتوو (Images of the Future)
– توێژینەوەى بنەما مەعریفییەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
– توێژینەوەى بنەما ئەخلاقییەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
– شیکردنەوەى ڕابردوو و ئاڕاستەکردنى ئێستا، چونکە ڕابردوو کاریگەریى لەسەر ئێستا و داهاتووش هەیە.
– چڕکردنەوەى بەشداریى سیاسى لە وێناکردن و پلاندانانى داهاتوودا
– پاڵپشتیکردنى وێنەیەکى ئایندەیى پەسەند و برەودان پێى.
چوارەم: بنەما و گریمانەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
– بنەماکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
دەکرێت لە سێ بنەمادا بەم شێوەیە چڕ بکرێنەوە:
– بنەماى بەردەوامى: واتە سێگۆشەى زەمەنى هاوشێوەى بازنە کاتییە بەردەوامەکانە کە لە ڕابردووەوە دەست پێ دەکات، بە ئێستادا تێدەپەڕێت و دەگاتە ئایندە.
– بنەماى هاوشێوەیى: واتە دووبارەکردنەوەى هەندێک شێوازى ڕووداوەکان لەسەر شێوازى هاوشێوە، لە ماوەیەکى کاتییەوە بۆ ماوەیەکى دیکە.
– بنەماى کەڵەکردن: واتە کەڵەکەکردنى هەمان بڕیارەکان بەسەر ڕووداوەکاندا، لەگەڵ جیاوازیى تاکەکان لە ماوەکانى دواى بەدواى یەکدا.
گریمانەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
توێژینەوە ئایندەییەکان کار دەکەن بۆ داڕشتن و وەرگێڕانى ئەم گریمانانە بۆ واقیعێکى بەرجەستە:
– ئەو گۆڕانکارییانەى لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، جیاوازن لە ڕابردوو.
– ئەو گۆڕانکارییانەى لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، پێشبینیکردنیان ئەستەمە.
– ئەو گۆڕانکارییانەى لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، خێراترن لە گۆڕانکارییەکانى پێشوو.
– ئەو گۆڕانکارییانەى لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، لە ڕێگەى دابینکردنى زانیاریى وردەوە دەکرێت چارەسەر بکرێن.
– ئەو گۆڕانکارییانەى لە ئایندەدا ڕوو دەدەن، دەکرێت بە شێوازى بابەتى دوور لە کاریگەریى کەسى چارەسەر بکرێن.
سەربارى ئەوانە، پێودانگى زانستی و میتۆدۆلۆژى تەنها لە بەگەڕخستنى زانست بۆ گریمانەکان چڕ ناکرێنەوە، بەڵکوو ئاستى لۆژیکیى ئەو گریمانانە و پێکەوەگونجان و پەیوەستیى نێوانیان و توانایان لە کردنەوەى بوارێکى فراوان لەبەردەم ڕووداوە زانستییە نوێیەکان لە زانست و تەکنیکە جۆراوجۆرەکانیشدا دەگرێتەوە. بۆیە گرنگە ئەم گریمانە لۆژیکییانەى خوارەوە بخەینە ڕوو:
– خوێندنەوەى مێژوو سەرەتاى بیرکردنەوەى زانستییانەیە لە ئایندە، لەگەڵ بەهەندگرتنى ئەوەى ڕابردوو ئامانجەکە نییە، بەڵکوو ئامانجەکە ئایندەیە. مەبەست لە توێژینەوەى ڕابردوو، چاودێریکردنى ئێستا و شیکردنەوەى ڕووداوەکان و دەرهاویشتەکانیەتى وەکوو ئامادەکارییەک بۆ ئایندە.
– مێژوو لە ڕوانگەى ئەرکەکەیەوە دوو جۆرە، مێژوو بارێکە، واتە کەوتنە خەیاڵى گێڕانەوەى ڕابردوو و سەروەرییەکانى بە شێوە و وێنەکانیەوە. مێژووى هەڵکۆڵین وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە کێشەکانى ئێستا بکات، بە هەستکردنێکى ورد و زانیارانە.
– گۆڕینى عەقڵیەتى مرۆڤ جەوهەرى هەموو چاکسازییەکە، گۆڕانکارى بە ڕاست گەڕانى فەرموودەکەى پەروەردگارە (إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ).
– ناتوانرێت مامەڵە لەگەڵ هیچ کۆمەڵگەیەکدا بکرێت، بەدەر لەو زەمینە گشتییەى کە سەر بەو کۆمەڵگەیەیە و کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگەکانى دیکەشدا دەکات.
– داهاتوو تاک نییە، بەڵکوو کۆمەڵێکە لە داهاتووەکان.
– دەکرێت داهاتوو دروست بکرێت و دابهێنرێت و پێداویستییەکانى دابین بکرێت.
– زەمەن چەقى هەر گۆڕانکارییەکە کە ڕوو دەدات، بە هۆى گونجان و تواناى بۆ ئاڕاستەکردن.
– توێژینەوەى ئایندە پێویستى بە دیدگایەکى گشتیگر و دابینکردنى شێواز و میتۆد و تەکنیکى زانستی هەیە کە تواناى شیکردنەوە و وێناکردنیان هەبێت.
– پێویستە تەماشاى ئایندە بکرێت وەکوو درێژکراوەیەکى سروشتى ڕابردوو، یان لە ڕاستیدا ئەوەى لە ئێستادا هەیە، واتە دیدگاى ئایندەیى تەنها بارمتەى شێوازە “اسقاطیە”کان نییە.
پێنجەم: ڕێبازى میتۆدۆلۆژى بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان (میتۆد و تەکنیک و شێوازەکان)
سەربارى زیادبوونى ئەو گرنگیپێدانەى کە لە ئێستادا لەلایەن توێژەرانى ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و بوارەکانى دیکەوە بە توێژینەوە ئایندەییەکان لە ڕووى تیۆری و پراکتیکەوە دەدرێت، بەڵام هێشتا میتۆد و ئامرازەکانى لێتوێژینەوەى سیماکانى ڕوون نین، تا ئێستاش لەنێوان بیرمەندى ڕەوتە جیاوازەکان و قوتابخانە هزرییەکاندا جێگەى مشتومڕێکى فراوانە. هەر چۆنێک بێت دەتوانین پۆلێنى کۆمەڵێک لە پێودانگە سنووردارەکانى میتۆدى توێژینەوە ئایندەییەکان بە هەردوو بەشەکەى هەمووەکی و بەشەکى (الکلى و الجزئى) بەم شێوەیە بکەین:
– دیاریکردنى چوارچێوەى توێژینەوەى ئایندەیى: بە گوێرەى ناوەرۆک و میتۆد و یاساکان کە سیماکانى دیاریکراون دیارى دەکرێت.
– دابینکردنى بنکەیەکى زانیارى لە بوارى توێژینەوەدا: واتە بانکى زانیاری و داتا بەردەستەکان.
– ماوەى زەمەنیى توێژینەوەکە: بە هەرسێ ڕەهەندەکەیەوە: نزیک، مامناوەند، دوور.
– لێکۆڵینەوە تیۆرییەکان بە ئاڕاستەى توێژینەوەکە: واتە سوودبینین لە توێژینەوەکانى پێشوو، لەگەڵ ئەو یاسایانەى کۆنترۆڵى دیاردە و پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و چۆنێتیى کارکردنیان دەکەن.
– بیروبۆچوونى ئایدۆلۆژیى توێژەر لە سروشتى لێکۆڵینەوەکەدا، ڕەنگدانەوەى لە ئاڕاستەکردنى توێژینەوەکان لەسەر چۆنێتیى گەیشتن بە ئایدۆلۆژیاکەى.
– پێشکەوتنى زانستی و تەکنیکی و کاریگەرییەکانى لەسەر ڕەوتى لێکۆڵینەوەکە، هەر چەندێک دیاردە لێکۆڵراوەکە زانیاریى زیاترى لەسەر بێت، ئەوەندە سەرنجى توێژەرانى ناو توێژینەوەکە ڕادەکێشێت.
میتۆدەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
توێژینەوە ئایندەییەکان لەسەر بنەماى فرەمیتۆدۆلۆژییەکى یەکگرتوو دامەزراون، کە لەم ڕێبازانەى خوارەوە پێک دێن:
– میتۆدى پەیبردن: پشت دەبەستێت بە شارەزایى خودی و کەڵەکەکردنى زانیارییەکانى پێشوو، هەروەها هەوڵى تێگەیشتن لە کارلێک و پێکداچوونەکان کە دەبنە هۆى وێنەیەکى دیاریکراو کە توێژەر پێشبینیى دەکات بەبێ ئەوەى بانگەشەى چەسپاندنى بکات، لە دیدگایەکى ئایندەییەوە دروست دەبێت و ڕەنگدانەوەى خودێتی و شارەزاییە تایبەکانیەتى.
– میتۆدى دۆزینەوە: پەیوەستە بە زانینى ئاڕاستەى بۆچوونەکان کە پەیوەستە بە ئایندەى پەیوەندییەکانى ڕابردوو، بە یارمەتیى مۆدێلێک لە پەیوەندییەکان و پێکەوە گرێدانەکان.
– میتۆدى ئامانجدار: ئەمەش لە کارلێکى هۆشیارانە و ڕاستەوخۆدا بۆ گۆڕینى ڕێگوزەرەکانى داهاتوو دەردەکەوێت، لە چوارچێوەى ئامانج و بڕیارە سنووردارەکاندا لەگەڵ سوودوەرگرتن لە میتۆدە زیادکراوە جۆراوجۆرەکان.
– میتۆدى گشتگیر یان هەمووەکى: گوزارشتکردنێکى وردە لە دیاردەکان و بزاڤەکان و گۆڕانکارییەکان و یەکتر گرێدانەکان و کارلێکى هەموویان، بۆیە پەیوەندییەکانى ڕابردوو فەرامۆش ناکات، لە هۆکارە بابەتییەکانیش بێئاگا نابێت کە بۆ گۆڕینى ڕێگوزەرەکانى داهاتوو خۆیان دەسەپێنن، ئەم میتۆدەش بە ڕێگوزەرى توێژینەوە ئایندەییە هاوچەرخەکان دادەنرێت.
– میتۆدى وێناکردن: میتۆدێکى زانستییە لە توێژینەوە ئایندەییەکاندا بەفراوانى بەکار دەهێنرێت، شارەزایان و توێژەران و بڕیارسازان لە توێژینەوە و بڕیارە ستراتیژییەکانیاندا لە بوارى سیاسەتى نێودەوڵەتیدا ئەنجامى دەدەن و پشتى پێ دەبەستن. لە بوارى سیاسیدا ڕێگە بەم جۆرە توێژینەوانە دەدرێت بۆ ڕێکخستن و دیاریکردنى پەیوەندیى سیاسى، وا باشترە لەژێر ڕۆشنایى پێشبینییە جیۆسیاسییە لێکۆڵراوەکاندا پەیڕەو بکرێت.
بەو پێیەى زۆر زەحمەتە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت زانستە سیاسییەکان ملکەچى ئەزموونکردنى ڕاستەوخۆ بکرێن، بۆیە وێناکردن بووەتە میتۆدێکى زانستى بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان لە بوارى زانستى سیاسیدا، دەکرێت ئەم ڕێبازە بەم دوو ڕێگایەش بەکار بهێنرێت:
– بەکارهێنانى پێشبینیکراوى وێناکردن: بۆ توێژینەوەى ژمارەیەک لە سیناریۆ پێشنیارکراوەکان و دۆزینەوەى ئەنجامەکانى بەکار دەهێنرێت، پاشان هەڵبژاردنى ئەو سیناریۆیەى باشترین ئەنجامى دەبێت. ئەم شێوازەش لە ئێستادا زۆر بڵاوە و بەکار دەهێنرێت، لەسەر بنەماى پێدراوەکانە بۆ زانینى ئامانجەکان. شارەزایانى ئەمەریکا پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانى ئەم شێوازە بۆ وێناکردنى نەخشەى جیهان لە ساڵى (2020)دا، لە ڕێگەیەوە زانیاریى بەنرخیان لەلایەن دەیان شارەزا و پسپۆڕى بوارەکانى پەیوەندیى نێودەوڵەتی و توێژینەوە ئایندەییەکانەوە دەست کەوت.
– بەکارهێنانى ڕاپۆرتى وێناکردن: پەیوەستە بە سروشتى ئەو ئامانجەى کە لە ڕێگەى لێکۆڵینەوەکەوە دەتەوێ پێى بگەیت، پاشان دۆزینەوەى باشترین سیناریۆ بۆ جێبەجێکردنى. شێوازێکە لەسەر بنەماى ئامانجەکان بۆ وێناکردنى ئامرازەکان، هەوڵ دەدات وەڵامى پرسیارێکى جەوهەرى بداتەوە، ئەویش: ئەو سیناریۆیە کامەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکە پێویستە بەکار بهێنرێت؟
ئەم میتۆدە بە شێواز و هەنگاوەکانیەوە خۆى دەبینێتەوە لە: دیاریکردنى ئەو دیاردەیەى لێى دەکۆڵرێتەوە و شیکار دەکرێت، نووسینى مۆدێلەکان، بەدەستهێنانى زانیارى، پڕکردنەوەى فۆرم، پلاندانانى ئەزموونەکان، بەکارهێنانى مۆدێلەکان بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان، شیکردنەوەى ئەنجامى وێناکردنەکان، وەرگێڕانى ئەنجامەکان و شیکردنەوەیان.
شێوازەکانى توێژینەوەى ئایندەیى
شێوازەکانى توێژینەوەى ئایندەیى زۆر و جۆراوجۆرن، لێرەدا بوارى باسکردنى هەموویان نییە، بۆیە تەنها باس لە گرنگترینیان دەکەین:
– تەکنیکى دێلفى: بە ناوى پەرستگایەکى کۆنى یۆنانییەکانەوە ناو نراوە کە مەزارى کاهین و پیاوە ئایینی و فەلەکناسەکان بوو بۆ پێشبینیکردنى ئایندەى دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. بە پێى ئەو زانیارییە ئایینی و کۆمەڵایەتییانەى کە بەدەستیان دەهێنا، بە هۆیەوە دەیانتوانى ئاسۆى داهاتووى ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییەى کە قسەى لەسەر دەکرێت؛ دابڕێژن. ئەم تەکنیکە لەدەوری خستنەڕووی هەموو ئەگەرەکان بۆ پەرەسەندنی دیاردەیەکی دیاریکراو لە داهاتوودا دەسووڕێتەوە، بە پشتبەستن بە شێوازەکانی ڕاپرسی و پاشان دەرهێنانى ئەنجامەکان قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێگەی هەنگاوەکانەوە سەبارەت بە هەندێک ئەگەر تاوەکوو لە ئەگەرێکی دیاریکراودا یەکلایی دەکرێنەوە. باوترین تەکنیکە کە قوتابخانەی ئایندەگەریی ئەمەریکی بەکاری دەهێنێت.
تەکنیکى دێلفى لە توێژینەوە ئایندەییەکاندا و قۆناغەكانی:
قۆناغى یەکەم: خۆى لە دیاریکردنى دیاردەى ژێر لێکۆڵینەوە و شیکارییەکە دەگرێتەوە.
قۆناغى دووەم: تیایدا کۆمەڵێک لە شارەزایان و پسپۆڕانى شارەزا لە هەردوو بوارى تیۆری و پراکتیکى لە بارەى دیاردە لێکۆڵراوەکەوە لەخۆ دەگرێت.
قۆناغى سێیەم: پەیوەستە بە ڕێکخستنى ماوەى زەمەنیى دیاردەى ژێر لێکۆڵینەوە و شیکارییەکە.
قۆناغى چوارەم: ئاڕاستەکردنى زنجیرەیەک ڕاپرسییە کە کۆمەڵێک پرسیار و گریمانەى پێشبینیکراوى لەخۆ گرتووە لە بارەى ئەو دیاردەیەى لە ئایندەدا لێى دەکۆڵرێتەوە.
قۆناغى پێنجەم: پەیوەستە بەو ئەنجامانەى لە ڕێگەى ژماردنى وەڵامە دووبارەکانى ئەو ڕاپرسییانەوە دەست دەکەون.
– دۆڵابى ئایندە: سەرنج دەخاتە سەر هەڵبژاردنى ڕووداوێکى دیاریکراو، پاشان چاودێریى زنجیرە پەیوەندییەکانى نێوان ئەم ڕووداوە و لێکەوتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانى.
– شێوازى زنجیرەى کاتى: شێوازێکە پشت بە مۆدێلە هۆکارییەکان نابەستێت کە ڕەفتاری گۆڕاو یان گۆڕاوەکانی ژێر لێکۆڵینەوە بە پێی تیۆرێک دەردەبڕن، بەڵکوو شێواز و مۆدێلەکان لەخۆ دەگرێت، لەوانەش مۆدێلی هەنگاوی هەڕەمەکی و شێوازی “اسقاط” ئاڕاستەی گشتی.
الاسلوب الاسقاطات السکانیە و التنبۆ الاستقرائی: دیارترینیان شێوازی شەپۆل و پێکهاتەکانە، چونکە گەشەی دیمۆگرافی لە پێکهاتە وردەکانی وەکوو لەدایکبوون، مردن، کۆچکردن بۆ دەوڵەت و کۆچکردن لە دەوڵەتەوە حیسابی بۆ دەکرێت.
– شێوازى مۆدێلە هۆکارییەکان: لە دیارترینیان مۆدێلى ئابووریى سیاسى، مۆدێلى داخڵکردن و دەرهاویشتن، مۆدێلى پرۆگرامینگ، ئایدیالى، مۆدێلى هاوشێوەکردن، مۆدێلى داینامیکى.
– شێوازى گەمە و یارى: ڕێگەیەکە بۆ هاوشێوەکردن بە بەشداریکردنى خەڵکى کە وەکوو یاریزان ڕۆڵ دەگێڕن، لە ڕێگەیەوە بڕیار دەدەن و وەڵامى بڕیارى کەسانى دیکە دەدەنەوە، کاردانەوەى خۆیان لە بارەى ڕووداوێکەوە دەردەبڕن. بە بەکارهێنانى مۆدێلە ماتماتیکییەکان یان هاوشێوەکردنە کردارییەکان، وێنەى ئایندەیى بەدیل دەردەهێنن.
– شێوازى شیکارى شوێنەوارى یەکتربڕ: شێوازێکە بۆ لەخۆگرتنى لڤینى نەخشێکى دیاریکراو و لابردنى پەردە لەسەر هێزە کاریگەرە بزوێنەرەکانى.
– شێوازە هاوبەشییەکان: لە نێویاندا شێوازی پراکتیکی ئایندەیى بە بەشداریکردن، شێوازی توێژینەوەی بەشداریکردن کە ئاڕاستەی کردەی کۆمەڵایەتی دەکرێت، شێوازی ۆرکشۆپە ئایندەییەکان، شێوازەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوەی داهاتووی ئێتنۆگرافی.
– شێوازى پێشبینیکردن لە ڕێگەى “هاوتاکردن و الاسقاط بالقرینە”: شێوازەکانى هاوتاکردن یان لەیەکچوون، پشت دەبەستێت بە دەرهێنانى هەندێک لایەنى وێنەى ئایندەیى بە پێى ڕووداوەکان یان پێشینە مێژووییە دیاریکراوەکان و پێوانەکردنى بەسەر دەوڵەتێکدا کە لە قۆناغێکى گەشەکردنیدا بۆ بەدەستهێنانى تێکڕایەک بە نموونە بۆ گەشەکردنى ئابوورى. هەر چى شێوازى “الاسقاط بالقرینە”یە، گریمانەى ئەوە دەکات کە پەیوەندییەکى کاتى لەنێوان دوو ڕووداودا هەیە. لە دیارترین شێوازەکانى، ئاماژە بە شێوازى زنجیرەى کاتی دەکەین کە بە شێوەیەکى نەریتى لەگەڵ پێشبینیکردنى سووڕە ئابوورییەکان بەکار دەهێنرێت، کە گەشەسەندنی خاو لە هەندێک گۆڕاوی ئابووریدا وەک گریمانەیەک بۆ خاوکردنەوەی جووڵەی چالاکیی ئابووری بەگشتی وەردەگیرێت.
– شێوازەکانى چاودێرى و بەدواداچوونى دیاردەکان و شیکردنەوەى ناوەرۆک: شێوازی بەدواداچوونی دیاردەکانە، بە مەبەستی بەکارهێنانى کەناڵە جیاوازەکانی زانیاری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڕاستە گشتییەکانی ئەو گۆڕانکارییە جۆراوجۆرانەی کە بڕیارە لە داهاتوودا زاڵ بن. توێژەرى ئایندەیى نەیسبێت (Naisbitt) یەکەم کەسە لە توێژینەوە ئایندەییەکانیدا گەیشتووە بە ئاڕاستە گشتییە گەورەکان. هەر چى شێوازى یان تەکنیکى شیکارى ناوەرۆکە، پشت دەبەستێت بە شیکردنەوەى ناوەرۆکى پەیامى کەناڵەکانى میدیا و پەیوەندیکردن و چاوگ و سەرچاوەکانى دیکە، بۆ تۆمارکردنى ئەو دەستەواژە و وشانەى بەهای ئاڕاستەکراوى دیاریکراویان تێدایە، لەسەر ڕۆشنایى ئەوانەش دەرەنجامە ئایندەییەکان هەڵدەهێنجرێن.
– شێوازى شیکردنەوەى بۆچوونى شارەزا و بەئەزموونەکان: لە نێویاندا شێوازى ڕاپرسییەکان کە پشت دەبەستێت بە زانینى ئاڕاستەکانى ڕای گشتى یان نموونەیەک لە خەڵکى لە ڕێگەى ڕاپرسى یان چاوپێکەوتنى کەسى یان پەیوەندیى تەلەفۆنییەوە. لە شێوازەکانى دیکەى؛ پانێڵى شارەزایان یان شێوازى هاوبەشى هزرییە، هەروەها شێوازى دێلفى. ئەمەى دواییان لە وێناکردنى ئایندەدا جەخت دەکاتە سەر پێشبینیى کۆمەڵێک لە شارەزایان. هەروەها بۆ زانینى بۆچوونى شارەزایان، پەنا دەبرێتە بەر بەکارهێنانى ئەم شێوازە، بەڵام ئەوەی لە شێوازی دێلفیدا گرفتە ئەوەیە کە لە دابەشکردنی پرسیارنامەکاندا کاتێکی زۆری لە توێژەر دەوێت تاوەکوو بگاتە ڕای گشتی.
– شێوازى سیناریۆکان: ئەم شێوازە لەناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى بیستەمدا لەگەڵ بیرمەند جەودەت دەرکەوت. سیناریۆ وەسفکردنى دۆخێکى ئایندەییە کە دەکرێت ڕوو بدات یان گریمانەى دەکرێت یان دەشێت ڕوو بدات، بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى هەنووکە یان دۆخى سەرەتایى گریمانەکراو. سیناریۆکان باسى ئەگەرە بەدیلەکان بۆ داهاتوو دەکات، کۆمەڵێک بژاردە دەخاتە بەردەم توێژەرى ئایندەیی و ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانى بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئیدى باش بن یان خراپ، بەڵام بە شێوەیەکى ورد ئەوە دەرناخات کەی و چۆن ئەو دیاردە دیاریکراوە لە داهاتوودا ڕوو دەدات، بەڵکوو هەوڵى ڕێکخستنى چوارچێوە گشتییەکانى دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو گۆڕاوانە دەدات کە هەر چوارچێوەیەک بەجیا کۆنترۆڵ دەکەن. بە نموونە: پرسیارکردن لە بارەى ئەوەى ئایا دیاردەى ململانێ لە زیادبوون یان لە پاشەکشەدایە؟ ئایا جیهان بەرەو یەکگرتوویى یان هەڵوەشانەوە دەچێت؟ بەم پێیە، تەکنیکی سیناریۆ شێوازێکی شیکاریی ئەگەرییە کە بەدواداچوون یان چاودێریی پڕۆسەی پەرەسەندنی ڕووداو و دیاردە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بە پشتبەستن بە دۆخ و بارودۆخی ئێستایان، تا دەگات بە بەدواداچوونى زنجیرەیەک لە پێشبینییە ئایندەییەکانى ئەم ڕووداو و دیاردانە.
سیناریۆ بە چوار قۆناغدا دەڕوات
قۆناغى یەکەم: پەیوەستە بە دیاریکردنى دیاردەى ژێر لێکۆڵینەوە و شیکارییەکە.
قۆناغى دووەم: خۆى لە پڕۆسەى کۆکردنەوەى زانیاری و داتاکانى پەیوەست بە دیاردە لێکۆڵراوەکە دەبینێتەوە.
قۆناغى سێیەم: خۆى لە ڕێکخستنى چوارچێوە جۆراوجۆرەکانى پەرەسەندنى دیاردە لێکۆڵراوەکە دەبینێتەوە، بە گوێرەى زانیاری و پێدراوە بەردەستەکان. هەروەها تیایدا گۆڕاوە جۆراوجۆرەکان ڕێک دەخرێنەوە کە کار دەکەنە سەر گەشەسەندنى دیاردە لێکۆڵراوەکە و بە پێى گرنگییان لە گۆڕاوە بنچینەییەکانەوە بۆ گۆڕاوە پەراوێزییەکان ڕێک دەخرێن، ڕەنگە گۆڕاوە چاوەڕواننەکراوەکانیشى تێدا بێت کە لەوانەیە چوارچێوەى پەرەسەندنى دیاردە نێودەوڵەتییەکانیش بەدواى خۆیدا بهێنێت.
بۆیە لێرەدا پێویستە زەمینەى گەشەکردنى دیاردەکە لە داهاتوودا دیارى بکرێت کە هێڵکارییە یان چاکسازییە یان رادیکاڵییە.
قۆناغى چوارەم و کۆتایى پەیوەستە بە ئەنجام و دەرهاویشتەکانەوە کە لە پەیڕەوکردنى یەکێک لە چوارچێوەکانى گەشەسەندنى دیاردەکە لە داهاتوودا دەکەوێتەوە.
گرنگترین ڕەوتە هزرییەکان بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان کۆڕان لەسەر پۆلێنکردنى سیناریۆکان بۆ ئەم سێ جۆرە:
– سیناریۆى ئاڕاستەیى یان هێڵى: دان بە پاراستنی دۆخی ئێستای دیاردەی نێودەوڵەتیدا دەنێت لە داهاتوودا، کە پێویستی بە پێشبینیکردنی هێڵی وێنەیی ئێستای دیاردەکە لەسەر داهاتوو هەیە.
– سیناریۆى چاکسازى: بە پێچەوانەى سیناریۆى پێشووەوەیە، چونکە جەخت دەکاتە سەر بیرۆکەى ڕوودانى هەندێک چاکسازى لە دیاردە نێودەوڵەتییە لێکۆڵراوەکەدا لە ڕووى چەندێتی و چۆنێتییەوە. ئەوەی کە ڕەنگە لە ئەنجامی ئەم چاکسازییانە دەربکەوێت، ڕێکخستنەوەی پلەبەندیی ئاشتییانەی گۆڕاوە کۆنترۆڵکەرەکانە لە چوارچێوەی گەشەسەندنی دیاردەی ژێر لێکۆڵینەوە و شیکاریدا، کە پێشبینیی باشتربوونی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکات.
– سیناریۆى وەرچەرخان یان رادیکاڵى: ئەو سیناریۆیە دەیەوێت دابڕانێک لەگەڵ ئەو چوارچێوانەدا دروست بکات کە لە دوو سیناریۆى پێشوودا باس کرا، چونکە مانەوە لە دۆخى ئێستا یاخود ئەنجامدانى هەندێک دەستکارى یان چاکسازى لە دیاردە لێکۆڵراوەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو زۆر دوورتر لەوە دەچێت، چونکە جەخت دەکاتە سەر بیرۆکەى گۆڕینى ڕیشەیى قووڵى دیاردە لێکۆڵراوەکە لە ئاستى ناوخۆیی و دەرەکیدا، لە ڕێگەى بەهەندگرتنى ئەو گۆڕاوانەى گریمانەیەکى کەمى ڕوودانیان هەیە، کە لە کاتى ڕوودانیاندا دەتوانن گۆڕانێکى ڕیشەیى لە چوارچێوەى گشتیى دیاردە لێکۆڵراوەکە بهێننە ئاراوە.
شەشەم: بوارەکانى بەکارهێنانى زانستییانەى توێژینەوە ئایندەییەکان
گرنگیدان بە توێژینەوە ئایندەییەکان زیادى کردووە و بووە بە پێویستى، کە بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان بێت ناتوانرێت دەستبەردارى بین، بابەتێکى کاتبەسەربردن نییە، بەڵکوو بڕوایەکى پتەوە لەلاى توێژە جەماوەرییە جۆراوجۆرەکان و ناوەندەکانى دروستکردنى بڕیارى سیاسى لە دەوڵەتە پێشکەوتوو و دەوڵەتە دواکەوتووەکاندا. هەروەکوو ئالڤین تۆفلەر (Alvin Toffler) لە کتێبەکەیدا (نەخشەکانى داهاتوو) جەختى لێ کردووەتەوە کە توێژینەوە ئایندەییەکان پاڵنەرى پراگماتیکیى لە پشتەوەیە. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا خاڵى دەستپێکە لە بەکارهێنانى توێژینەوە ئایندەییەکان بۆ مەبەستى سەربازى لە سەروبەندى کۆتاییهاتنى جەنگى دووەمى جیهانیدا، بەر لەوەى بەفراوانى لە کەرتەکانى بازرگانی و فێرکاری و تەکنەلۆژیدا بەکار بهێنرێت.
ئەم زیادبوونى گرنگیپێدانە چەندین ئاماژەى لێ کەوتووەتەوە، دیارترینیان زیادبوونى ژمارەى زانایان و توێژەرانە لە بوارى توێژینەوە ئایندەییەکاندا لە زانکۆ جۆراوجۆرەکاندا، سەنتەرەکانى توێژینەوە و دەستە زانستییەکان و پەیمانگا تایبەتمەندەکانە، هەروەها کۆمەڵەکانى پەیوەندیدار بە توێژینەوە ئایندەییەکان وەکوو ڕایەڵەى نێودەوڵەتیى ئایندە کە جۆفنێل دایمەزراندووە، کۆمەڵەى جیهانیى ئایندە کە ئیدوارد کۆرنیش لە (1996) دایمەزراندووە، لیژنەى ساڵى (2000) کە دانیاڵ بێڵ سەرۆکایەتیى کردووە و شەقڵێکى زانستی و ئەکادیمیى بۆ زیاد کردووە.
بوارەکانى بەکارهێنانى توێژینەوە ئایندەییەکان بڵاو بوونەتەوە و فرەجۆر بوون و باس لە گرنگترینیان دەکەین:
– گەشەکردنى دیمۆگرافیى جیهانی و خۆراک و برسێتیى جیهانی و سەرچاوەکانى وزە و پیسبوونى ژینگە.
– ئاستی ململانێى جیهانی و جەنگەکان
– سیستمى نەتەوە یەکگرتووەکان و بەسیاسیکردنى بەجیهانیبوون.
– کەلێن و پەیوەندییەکانى نێوان باکوورى دەوڵەمەند و باشوورى هەژار
– تەکەتولە ئابوورییە جیهانی و هەرێمییەکان
– ڕەوتەکانى جیهانگیریى سیاسى
– هەڵوەشانەوە و پارچەپارچەبوونى هێزە کۆمەڵایەتییەکان
– تەکنەلۆژیاى نوێ و بیناکردنى کۆمەڵایەتى
– گۆڕانى مۆدێلە کۆمەڵایەتییەکان
– ڕەوتەکانى فێرکردن و فێربوون.
حەوتەم: هەڵسەنگاندنى توێژینەوە ئایندەییەکان
- لەمپەر و ئاستەنگەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
لە دنیاى ئەکادیمی و جێبەجێکردندا، توێژینەوە ئایندەییەکان دووچارى زۆر لەمپەر و ئاستەنگ دەبنەوە، لێرەدا گرنگترینیان دەخەینە ڕوو:
– کورتهێنان لە تیۆریزەکردن و نەبوونى بنیادێکى تیۆریى تۆکمە و چوارچێوەى ئەکادیمى یان دامەزراوەى تایبەتمەند بەم بوارە مەعریفییە، گرنگیپێنەدانى لەلایەن دەوڵەتە دواکەوتووەکانەوە بە هۆى کەمیى سەرچاوەى ماددی و تواناى مرۆیى کە لە بناغەوە پەیوەستە بە سیستمى بەهاکانى ئەم دەوڵەتانەوە، چونکە قەدەر بەسەر کاروبارەکانیاندا زاڵە. ئەم ئاستەنگەش دەرەنجامى نەبوونى پەیبردنە بە ئایندە لە پێکهاتەى ژێرخانى عەقڵى عەرەبیدا، هەروەها نەبوونى دیموکراسیەتى توێژینەوەى زانستى لە ڕووى تیۆری و کردارییەوە. بەم شێوەیە کولتوورى توێژینەوە ئایندەییەکان لە جیهانى عەرەبیدا لە جێگەى خۆیدا دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەى دووبارە عەقڵى عەرەبى دادەڕێژرێتەوە و لە هەر سیاسەتێکى دەمارگیرى ڕزگار دەکرێت، دامەزراندن و پاشان گەڵاڵەکردنى قوتابخانەیەکى عەرەبیى یەکگرتوو بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان و برەودان بە تەکنیک و شێوازەکانى، لەبریى ئەو ناوەندە توێژینەوە پەرتوبڵاوانەى لێرە و لەوێ هەن، کە تەنها جەستەیەکى بێڕۆحن.
– داهاتوو پێدراوێکى پێشوەخت و سەربەخۆ نییە، بەڵکوو تەنها بیرۆکە و دیمەنى گریمانەییە بە هۆى قورسی و ئاڵۆزیى بابەتە سەرەکییەکە تیایدا، چونکە دیاردەى کۆمەڵایەتى لە گۆڕانێکى بەردەوامى کات و شوێندایە لە لایەک، نەبوونى تەنها ئایندەیەک، بەڵکوو کۆمەڵێک ئایندەى جیاواز هەن لەنێوانى دەگونجێ و ئەگەری و پەسەندە یان باشتردا، هەروەها ئەو پەیوەندییە کارلێککراوەى لەنێوان گۆڕاوە کۆمەڵایەتی و شارستانی و بەهاکاندا دەورى داون، ناتوانرێت یەکێکیان فەرامۆش بکرێت یان بە گرنگتر لە تەواوى گۆڕاوەکانى دیکە دابنرێت.
– گۆڕانى خێراى بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و سەربازى لە سایەى پێشکەوتنى هەنووکەیى تەکنەلۆژیادا، دەبێتە هۆى ئەوەى توێژەرى “ئایندەیى” دووچارى کۆمەڵێک لەمپەر ببێتەوە و بەو هۆیەوە نەگاتە ئەنجامێکى ورد لە بارەى دیاردە کۆمەڵایەتییە لێکۆڵراوەکەوە، کە ڕێگرى دەکات لە گەیشتن بە ئەنجامێکى ورد سەبارەت بەو دیارە کۆمەڵایەتییەى کە لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێت.
– خۆدەوڵەمەندنەکردنى توێژەران لە مەیدانى توێژینەوە ئایندەییەکاندا بە بابەتیبوون و بێلایەنی و زانستیبوون لە توێژینەوەى دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى ژێر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدا، بە مەبەستى گەیشتن بە ئەنجامێکى ورد.
– بە بەکارهێنانى شێواز و مۆدێلى ماتماتیکى بۆ پێوانەکردنى هەندێک دیاردەى کۆمەڵایەتى بە شێوەیەکى ورد، توێژەر دووچارى گرفتى ملکەچکردنى دیاردەکە دەبێتەوە بۆ پێوانەکردنى جموجۆڵى هەندێک لە پێکهاتە و گۆڕاوەکانى.
سوودەکانى توێژینەوە ئایندەییەکان
سەربارى ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەى دێنە ڕێگاى توێژینەوە ئایندەییەکان لە تەواوى زانستە مرۆییەکاندا، بەڵام لە بەها زانستى و سوودە جۆراوجۆرەکانى کەم ناکەنەوە، کە دەتوانین لەم خاڵانەدا پۆلێنیان بکەین:
– توێژینەوەى ئایندەیى بایەخ بە گۆڕاوە جۆراوجۆرەکانى دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى ژێر لێکۆلێنەوە و هۆکارەکانى چواردەورى دەدات.
– لابردنى پەردە لەسەر خاڵە لاوازەکانى دیاردە لێکۆڵراوەکە.
– کار دەکات بۆ پابەندکردنى توێژەر بۆ دووربینى و ئاگاداربوون لە هەر پێشهاتێکى نوێ لە دیاردە لێکۆڵراوەکە لە ئایندەى چاوەڕوانکراودا ڕوو بدات.
– توێژینەوەى ئایندەیى دیاردە لێکۆڵراوەکە وامان لێ دەکات بگەین بە سیناریۆى گونجاو و چاوەڕوانکراو کە ڕوو بدات.
– توێژینەوە ئایندەییەکان لە ڕێگەى ناوەندە تایبەتمەندەکانى توێژینەوەوە زانیاریى پێویست و تەواو دەبەخشێت بە پلاندانەر و ستراتیژ دانەرەکان و بڕیارسازەکان لە هەریەکە لە دەوڵەتە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکاندا، بە گوێرەى پێدراوەکانى ئێستا و شارەزایى ڕابردوو.
ئەنجام
توێژینەوە ئایندەییەکان بووەتە پێویستییەکى ناچارى بۆ هەر پێشکەوتن و گەشەسەندێک، هەروەها سەر بە زانستێکى دیاریکراو یان هونەرێک لە هونەرەکان نییە، بەڵکوو فرەپسپۆڕییە، بەرهەمى کارلێکى نێوان زانستە سروشتییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەها زانستێک یان هونەرێک نییە، بەڵکوو ڕوانگەکانى خۆى لەسەر زانستە جۆراوجۆرەکان بینا دەکات. بوارێکى مەعریفیى نێوانى هاوبەش و بڕەرى پسپۆڕ و تەکنیکەکانە لە هەموو زانست و میتۆدە زانستییەکاندا، بەسەر داهێنانە مرۆییەکاندا کراوەیە و لەسەر هونەر و ئاداب و زانستەکان ناوەستێت، بەردەوام کراوەیە بۆ داهێنان و ئەفراندن. ئەم فرەییەش گرفتى کرۆنۆلۆژی و قەیرانى دیاریکردنى چەمک و داڕشتنى پێناسەیەکى ورد، بەکارهێنانى لێکنزیککردنەوەیەکى میتۆدى گونجاو، پاشان داڕشتنى لە قاڵبێکى میتۆدلۆژیى تیۆریى یەکگرتوو کە زامنى چارەسەرکردنى دیاردە مرۆییەکان لە هەموو ڕووەکانەوە بێت، لە چوارچێوەیەکى زەمەنیى بەردەوامدا لەگەڵ جەختکردنە سەر ڕەهەندى ئایندەیى دیاردەکە لە ڕێگەى هەڵبژاردنى بڕیارسازیى بەدیل و سەرکەوتوو و سوودبەخش لە چوارچێوەى کۆمەڵێک بەدیلى پێشنیارکراودا لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕووى ڕیشەى مێژوویى توێژینەوە ئایندەییەکانەوە، بە سەرنجدان لەو سێ قۆناغەى کە تۆمارمان کرد، دەتوانین بڵێین سەرەتا مێژووییە یەکەمینەکانى دەگەڕێتەوە بۆ زاناى فەڕەنسى دۆکۆندۆرسیە. هەر چى چەمکەکانیەتى، پێناسەکانى پەیوەست بە توێژینەوە ئایندەییەکان زۆر و جۆراوجۆرن. کەسانێک سیمایەکى زانستیى پێ دەبەخشن، هەندێکى دیکە بڕیارى ئەوە دەدەن کە هونەرە، بەڵام زۆرێک زاراوەى خوێندنى داهاتوو هاوواتاکانیان پێ باشترە، چونکە ملکەچى دۆزە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان دەبێت، لە ئەنجامدا جیاوازیى چەمکەکانى لێ دەکەوێتەوە وەکوو پلاندانان بە جۆرە جیاوازەکانیەوە: (کورتماوە، مامناوەند، درێژخایەن)، پێشبینیکردن، الاسقاط، ئایندەبینى.
سەربارى زیادبوونى گرنگیدان بە توێژینەوە ئایندەییەکان لە ئێستادا، لە ڕووى تیۆرى و کردارییەوە لەلایەن توێژەرانى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و بوارەکانى دیکەوە، بەڵام میتۆردە جۆراوجۆر و ئامرازە جیاوازەکانى توێژینەوە هێشتا سیماکانى نادیارە و جێگەى مشتومڕێکى فراوانە لەنێوان بیرمەندانى ڕەوت و قوتابخانە هزرییە جیاوازەکاندا. لە ڕووى تیۆرییەوە، دەتوانین کەمتەرخەمى تۆمار بکەین لەسەر ئاستى تیۆریزەکردن بە هۆى نەبوونى بنیادێکى تیۆریى تۆکمە کە بگاتە ئاستى تیۆرە، بەدەر لە دەگمەنیى چوارچێوەى ئەکادیمی و کەمیى دامەزراوەى تایبەتمەند بەم بوارە مەعریفییە، بەتایبەتى لە دەوڵەتە دواکەوتووەکاندا. لەو دەوڵەتانەدا کولتوورى توێژینەوە ئایندەییەکان لە جێگەى خۆیەتى دەمێنێتەوە تاوەکوو دووبارە عەقڵى مرۆڤى جیهانى سێیەم دانەڕێژرێتەوە و ئازاد نەکرێت لە هەر سیاسەتێکى دەمارگیرى، دامەزراندن و پاشان گەڵاڵەکردنى قوتابخانەیەکى یەکگرتووى جیهانى سێیەم بۆ توێژینەوە ئایندەییەکان، برەودان بە تەکنیک و شێوازەکانى، لەبریى ناوەندە توێژینەوە پەرشوبڵاوەکان لێرە و لەوێ، کە تەنها جەستەیەکى بێگیانن.
سەرچاوەكان:
كتێب:
- العيسوي إبراهيم، الدراسات المستقبلية ومشروع مصر 2020م، القاهرة: معهد التخطيط القومي، 2000م.
- النعيري محمد بن أحمد حسن، أسس دراسة المستقبل المنظور الإسلامي”، دمشق، دار الفكر، 2009م.
- بن أحمد الرشيد محمد، رؤية مستقبلية للتربية والتعليم في المملكة العربية السعودية، 2003.
- بندي جيروم وآخرون، مفاتيح القرن الحادي والعشرين، ترجمة حمادي الساحل، (تونس: المجمع التونسي للعلوم والآداب والفنون، بيت الحكمة، 2003م).
- تافلر ألفين، خرائط المستقبل، ترجمة: أسعد صقر، (دمشق: منشورات اتحاد الكتاب العرب، 1987م).
- زاهر ضياء الدين، مقدمة في الدراسات المستقبلية: مفاهيم-أساليب-تطبيقات، القاهرة: مركز الكتاب للنشر، 2004م.
- عبد الحي وليد، الدراسات المستقبلية في العلاقات الدولية، الجزائر، باتنة، شركة الشهاب للنشر والتوزيع، 1991م.
- عبد الحي وليد، مناهج الدراسات المستقبلية وتطبيقاتها في العالم العربي، أبو ظبي، مركز الإمارات للدراسات والبحوث الإستراتيجية، 2007م.
- فلية فاروق عبده، وأحمد عبد الفتاح، الدراسات المستقبلية: منظور تربوي، عمان دار المشيرة، 2003م.
گۆڤار:
- بوقارة حسين، ”الاستشراف في العلاقات الدولية: مقاربة منهجية”، مجلة العلوم الإنسانية، الجزائر، جامعة منتوري، قسنطينة، عدد 21، جون 2004 م.
- محمد إبراهيم منصور محمد إبراهيم، “الدراسات المستقبلية: ماهيتها وأهمية توطينها عربيا”، مجلة المستقبل العربي، عدد 416، أكتوبر 2013.
- محمد إسماعيل وائل، “التخطيط العلمي لصنع المستقبل: رؤى نظرية”، مجلة دراسات دولية، جامعة بغداد، عدد47، 2011م.
- محمد جبر دينا، “تفعيل منهج التصور المستقبلي في دراسة العلاقات الدولية من الوجود الترفي إلى الضرورة الإستراتيجية”،مجلة العلوم السياسية، العراق، العددان 38-39.
كۆنفڕانسی زانستی:
- عبد الزعبوط سمية، ”استشراف المستقبل في البحوث العربية”، المؤتمر العربي حول البحث العلمي بين الطموح والواقع، الأردن، عمان 25-27/10/ 2015.
ماڵپەڕ:
- الجميل أمينة، “ماهية الدراسات المستقبلية..التطور التاريخي للتفكير نحو المستقبل”، على الموقع التالي:
www.http://birutme.com/?p=2201
- الجهني محمد فالح، ”الدراسات المستقبلية: شغف العلم وإشكالات المنهج”، مجلة كلية التربية، السعودية، جامعة طيبة، عدد 175.
http://www.almareth.org/news.php?action=show&id=4309
- المستقبل والاقتصاد في الدراسات المستقبلية”، على الموقع التالي:
www.http://ust.edu/open/library/mang/19/19.pdf
- سعيد حبيب سامي، ”دور الدراسات الاستشرافية في صناعة المستقبل”، 11/01/2014.
www.http://al.madina.com/node/504205?risala
- عبد الحي وليد، “الدراسات المستقبلية: النشأة والتطور والأهمية”، على الموقع التالي http://alexandriamedia.blogspot.com/2014/05/blog-post_27.html
- علي بشار أغوان، ”الدراسات المستقبلية: ضرورة ملحة أم ترف فكري؟”، 18/08/2011، على الموقع التالي:
www.http://nashiri.net/articles/…/4929–v15-4929.htm
- نصحى إبراهيم محمد، ”الدراسات المستقبلية (نشأتها،مفهومها،أهميتها)”، على الموقع التالي:
www.http://kenanaonline.com/users/drnoshy/posts/269417
- نزيهة أحمد التركي، ”مستقبلنا هو حاضرنا وماضينا:علم المستقبل وأهمية الدراسات الاستشرافية”، على الموقع التالي: http://ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=204775
كتێب بە زمانی ئینگلیزی:
23- Cornish Edward, the Study of the Future, World future Society, Washington, 1977.
24- Dupont Louis, la Planification du Développement à l’Epreuve des Faits,Paris: édition Published, 1995.
25- James Morrison (Ed), Applying Methods and Teaching of Future Research, San Francisco: Jossey – Bass Inc Publishers, 1983.
26- Polak Fred, the Images of the Future, (Amesterdam:London and New York: Elsevier, 1973).
27- Sergiev .A, «La Prévision en Politique», URSS, Edition du Progrés, 1978.
28- Slaughter Richard, New Thinking for a New Millenium (New York: Routledge, 1996).
ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی