كێشەكانی مامەڵە لەگەڵ زیندانییەكانی داعش وەك مەترسییەكی ئایندەیی
یاسین تەها / توێژەر
بەرایی
سەرباری ڕاگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش لە نزیكەی شەش ساڵ بەر لە ئێستا، هێشتا هەڵسەنگاندنە ئەمەریكییەكان كە یەكێك لەوانە هیی پەیمانگای واشنتنە بۆ توێژینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ٢٠٢٣، باس لەوە دەكەن پڕۆژە جیهانییەكەی هەر مەترسییەكی گەورەیە لە سەر ئاسایشی عێراق و سووریا و ناوچەكە. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە پشتئەستوورە بەو دەیتایانەی باس لەوە دەكەن سەرباری ئەوەی داعش دەیان سەرکردەی باڵای لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەدەست داوە، بەڵام بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی یاخیبوون لەو جێگایانەی كە بۆشایی ئەمنی هەیە، هەروەها سەرۆکایەتیی تۆڕێکی جیهانیی یەکگرتوو دەکات كە تا ئەفەریقا درێژ بووەتەوە. لە پاش تێكشكانی پەیكەری ڕێكخراوەكەش، بەم دواییانە زۆرترین سەرنج چووە سەر زیندانەكان و گرتووخانەكان و كەمپەكانی پاشماوەی داعش بەو پێیەی نەوەی دووەمی ڕۆڵەكانی ڕێكخراوەكە بەرهەم دەهێنن و ژینگەیەكی لەبارن بۆ گەشەكردنی تیرۆر و توندڕەوی. ئەم توێژینەوەیە تیشك دەخاتە سەر دۆسیەی مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوە توندڕەوەكان لە عێراقدا لە ساڵانی پاش ٢٠٠٣ تا ئێستا و ئەو مەترسییە ئایندەییانەی لەم كەموكورتییە كەڵكەبووانە كەوتوونەتەوە:
پاشخانی گرووپە توندڕەوەكانی عێراق
لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دوا، گەورەترین مەترسی لە سەر ئاسایشی عێراق سەرهەڵدانی ڕێکخراوە چەکدارەکان بوو، لە پێش هەموویانەوە هەردوو ڕێکخراوی قاعیدە و پاشان داعش کە هەردووكیان سەر بە ڕەگوڕیشەیەكی ئایدیۆلۆژیی هاوبەشن، بەڵام داعش ئەلقاعیدەی بەجێ هێشت و دەوڵەتی نوێی خۆی ڕاگەیاند (حوزەیرانی ٢٠١٤)، بەمەش بوو بە مەترسییەک نەک تەنها بۆ عێراق، بەڵکوو بۆ سووریا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەموو جیهان، بە تایبەتی دوای ئەوەی توانیی کۆنترۆڵی نەینەوا بكات كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە([1]). ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی عێراق تەنیا لە قاعیدە و داعشدا قەتیس نەبوو، بەڵکوو سەرهەڵدانی گرووپی دیکەی لەخۆ گرتبوو کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمەریکییەکان دەبوونەوە وەک “أنصار”، “جيش رجال الطريقة النقشبندية”، کە تێکەڵەیەک بوون لە چەکدارە ئیسلامییەکان لە نەینەوا و کەرکووک و ناوچەکانی سەر بە بەغدا و هەزاران چەکداری لەخۆ گرتبوو کە پەیڕەوی سیستمێكی سەربازیی هاوشێوەی ئەوەی بەعسی ڕووخاویان دەكرد و لە ڕووی پەیكەربەندییەوە كەڵكیان لە تەكنیكی بەعس وەردەگرت([2]). جگە لە گرووپە چەکدارەکان، عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی تری بڵاوبوونەوەی تیرۆر، ململانێی خێڵەكان و عەشایەر و بڵاوبوونەوەی تاوانەکان و پێکهێنانی گرووپە ناوچەییە لۆكاڵەكان بووەوە، ئەمەش وای كرد ژمارەیەكی هێجگار زۆری گیراو و تۆمەتبار بخرێنە زیندانەكان و بە هۆی زۆریی ژمارە و شێوازی مامەڵەوە قەیرانێك دروست بوو كە پەیوەستە بە لێكەوتەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوان و تۆمەتبارانی گرووپە توندڕەوەكان كە تا ئێستاش درێژەی هەیە و بە ڕای شارەزایان چەند ساڵێكی تریش هەر درێژەی دەبێت.
بنەما و ڕێساكانی مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوەكانی تیرۆردا
یەكێك لە دیارترین ئامانجەكانی هێزی ئەمنی، بە تایبەت پۆلیس، لە دنیادا بریتییە لە پاراستن ئاسایش و سەلامەتیی ئەندامانی کۆمەڵگە، لەوانەش پاراستنی ژیان، شەرەف و دارایی، هەروەها قەوارە و بەها و نەریتەکانی دەوڵەت([3])، لە عێراق یاسا ڕێگری دەكات لە دەستگیرکردنی كەسەكان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر، هەروەها یاسای عێراقی مەرجی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە پۆلیس تەنها شەو و ڕۆژێك دەتوانێت خەڵك دەستبەسەر بكات ئەگەر گومانی تاوانێكیان لێ كرا([4]). بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەشی کە پێیان سپێردراوە، کارمەندانی پۆلیس پێشتر چەندین بەرنامەی چاکسازی وەردەگرن کە زۆر جار بریتییە لە بەرزکردنەوەی تواناکانیان و فێربوونی تەکنەلۆژیای سەردەم، ئەمە جگە لە هۆشیاركردنەوەیان لە بارەی پەیوەندیی نێوان پۆلیس و هاوڵاتی و لەم میانەیەشدا وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی ڕاهێنانی هەیە کە تایبەتە بە كردنەوەی خولی تایبەت بۆ کاری ئەمنی بە شێوازی سەردەمیانە([5]).
هەروەها لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٢)دا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سپۆنسەریی پرۆگرامەکانی بنیاتنانەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراقی كرد کە ئامانجیان ڕاهێنانی هەزاران خۆبەخش بوو بە تێچووی هەشت ملیار دۆلار، لەوانە: چۆنێتیی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە كردەی خۆکوژی ئەنجام دەدەن لەگەڵ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو پڕۆگرامانە تووشی هەندێك كێشە هاتن كە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی وەستانیان، بە تایبەت پاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا (٢٠١١). هۆكارەكانی ئەم پەككەوتنەی ئامادەكردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان زۆر بوون، لەوانەش: کێشەی لۆجستی، نەبوونی متمانە، لەمەش گرنگتر باوەڕنەبوون بە ناوەرۆكی پڕۆگرامەكان و دواجار زاڵبوونی ئەو قەناعەتەی كە ئەو بەرنامەیە لەگەڵ ژینگەی ناوخۆی عێراقدا ناگونجێت([6]).
دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە داعش (٢٠١٨)، نەتەوە یەكگرتووەكان سەپۆرتی پڕۆگرامێكی كرد كە پاڵپشتی لە سەروەریی یاسا دەكات لە چوارچێوەی چاکسازیی گشتی لە کەرتی ئەمنی لە عێراقدا بە هاوکاریی چەند لایەنێكی عێراقی وەك دەزگای ڕاوێژكاریی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و وەزارەتی داد، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕێكخراوەكانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق و کۆمەڵێک هاوبەشی نێودەوڵەتی. ناوەرۆكی پڕۆگرامەكەش تایبەت بوو بە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوان و تاوانباران لە زیندانەکاندا و بنەماکانی مامەڵەی مرۆیی بە پێی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ([7]).
بە سەرنجدانیش لە ڕەوشی مەیدانی، دەردەكەوێت ئەم پڕۆگرامانە تووشی كێشەی گەورە هاتوون لە پێكانی ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا گەڵاڵە كراون، سەرجەم ئەو كێشانەش دەكرێت لە دوو تەوەرەدا كۆ بكرێنەوە كە ئەمانەی خوارەوەن:
یەكەم: ژێرخانی گرتووخانە تایبەتەكان بە گیراوانی داعش
بە پێی ئەو ئامارانەی بەردەستن، پێنج ساڵ دوای داگیرکردنی عێراق (٢٠٠٨)، ژمارەی دەستگیرکراوە ئەمنییەكان هەڵكشا بۆ ٦٠ هەزار کەس، ئەم ژمارە زۆرەش بەشێكی بەرچاویان بەبێ تۆمەت و دادگاییکردن لە ژێر ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی تری خراپیی مامەڵەكردن دەستبەسەر کرابوون، چ لە زیندانەكان بێت یان ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و بنکەکانی پۆلیسی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەمەش خراپتر چەندین تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لە لایەن ئەندامانی هێزە عێراقییەکانەوە لەناو زیندانەكان ورووژێنرا و ئەمەش قەیرانێكی گەورەی متمانە و بەدگومانییەكی زۆری دروست كرد([8]). بە پێی لێکۆڵینەوە بنكۆڵكارییەكانیش، ژمارەی دەستگیرکراوان ساڵ لە دوای ساڵ هەڵكشانی گەورەی بەخۆیەوە دەدی بە تایبەت پاش سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٢، بە هۆی ئاژاوەی ناوخۆیی و ململانێی پێكهاتەیی و شوناسییشەوە كە تێكەڵ بە دۆسییە ئەمنییەكان بوون؛ ڕێژەی “دەستگیرکراوانی بێتاوان” لە سەر بنەمای سكاڵای ڕقاوی و تاكەكەسی و تایفی بە ڕێژەی بەرچاو هەڵكشان، لەم ڕووەشەوە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی ساڵی (٢٠١٤-٢٠١٦) نزیكەی ٣١٥ هەزار كەسی بێتاوان بە هەڵە دەستگیر کراون بە ڕێژەی ٨،٩٩٦ دەستگیرکراو لە مانگێکدا، ٣٠٠ گیراو لە ڕۆژێکدا، ١٢ کەس لە کاتژمێرێکدا و یەک کەس لە هەر پێنج خولەکێکدا([9]).
لە سەر ئاستە فەرمییەكەش، دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی داعشدا وەک دیلی جەنگ بکەن، بەڵکوو وەزارەتی بەرگری ئەوانی بە “بکوژ و تاوانبار” دەزانی و بەو پێیەی سەر بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستین. هەروەها جەختی لەوە كردەوە بڕگە و ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوان ناگرێتەوە، بەڵکوو یاساكانی عێراقیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت و ناچنە خانەی دیلەوە([10]). هەروەها هێزە عێراقییەكانیش ئەندامانی داعشیان خستە بەردەم دوو بژاردە یان خۆڕادەستكردن یان كوشتن([11]). لە لای خۆشیەوە دەسەڵاتی دادوەری لە بەغدا ڕاستەوخۆ ڕێکارەکانی دادگاییکردنی ٩٠٠ گیراوی عێراقی دەست پێ کرد بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش كە هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕادەستی كردبوون([12]). پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدان ئەندامی داعشی دەستگیركراوی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ كرد و حكومەتی بەغداش دوای دادگاییکردنیان و گرتنەبەری ڕێوشوێن بەرانبەریان، دڵنیا بوویەوە لەوەی ١١٠٠ كەس لەوانە داعش بوون و حوكمەكانیشیان بریتی بوو لە سزای زیندانیکردن لە سێ ساڵەوە تا زیندانی هەتاهەتایی بە پێی جۆری تاوانەکانیان. ئەوەشی جێگەی سەرنجە دەسەڵاتی دادوەری ٨٧٠ کەس لەو گیراوانەی بێتاوان دەركرد بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە! سەرجەم ئەم پڕۆسەیەش بە گوێرەی هەردوو یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریی پەرلەمانی كوردستان ٢٠٠٣ و یاسای سزادانی عێراقی ١٩٦٩ بەڕێوە چوو([13]). هەبوونی ئەو ژمارە “بێتاوان”ەش ئاماژەیە بۆ هەبوونی ڕەشبگیر و وردنەبوون لە ئاڕاستەكردنی تۆمەت بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی گیرۆدەی هێرش و پەلكێشانی داعش بوون.
لەم میانەیەشدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک هیومان ڕایتس وۆچ بەڵگەی دەستبەسەرکردنی دەیان دەستگیرکراوی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە تۆمار كردووە کە خەڵكی خوار تەمەنی پێگەیشتن (الرشد)ی تێدایە، لە سێ زیندانیی کاتی بەبێ ئاڕاستەكردنی تۆمەت، “لە بارودۆخێکی ترسناکدا و لە ژێر چاودێریی پزیشکی سنوورداردا”، ژمارەیەکیش لەو گیراوانە مردوون و هەندێکیان قاچیان بڕاوەتەوە بە هۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکی و خراپیی بارودۆخی زیندانەوە([14]). ڕاپۆرتە بنكۆڵكارییەكانیش چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن بە تۆمەتی هەڵبەستراو لە لایەن هەندێک کەسی کاریگەرەوە لە دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی دەسەلمێنن بە مەبەستی ڕەتاندن و ناچارکردنی خاوەنەکانیان بۆ پێدانی پارە یان تاوانباركردنیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا كە بە گوێرەی شایەتحاڵەكان قەرەباڵغ بوون و پڕ بوون لە ئەشکەنجەی دەروونی و هەندێک جار جەستەیی([15])، هەموو ئەمەش لە كاتێكدا ڕووی داوە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەم شتانە قەدەغە دەکەن و پەیماننامەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا هەر ئەشکەنجەدانێک یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ڕەت دەكەنەوە و پێداگرن لە سەر ئەوەی مامەڵەی نامرۆڤانە و سووکایەتیکردن لەگەڵ زیندانییەکاندا لە هیچ بارودۆخێكدا دروست نییە و ڕێگای پێ نادرێت تەنانەت ئەگەر گیراوەكان توندڕەوی توندیش بن([16]).
لە باكوور و باشووری عێراق شوێنی ئەو زیندانانەی دیاری کراون بۆ ڕاگرتنی گومانلێکراوەکانی تیرۆر قایم كران، بە تایبەت پاش چەند حاڵەتێكی هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەریان و تۆپبارانکردنی زیندانەکان لە هەردوو شاری ئەلتاجی و ئەبوغرێب و لە ناوەڕاستی عێراق و لە ناوچەی بازنەی جوگرافیی پشتێنەی بەغدا([17])، سەرباری ئەوەشی یاسای عێراقی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی زیندانەکان جەخت لەوە دەكاتەوە کە هەموو زیندانەکان دەبێت ملکەچی چاودێری و دەسەڵاتی تایبەتی وەزارەتی داد بن و وەزارەت ئەو ستانداردانە جێبەجێ دەکات کە دیاری کراون، كەچی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن کەوتنە ژێر دەست و چاودێریی چەند بەش و وەزارەتێكی تری وەك ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و ئەمەش لە ڕووی پرەنسیپەوە پێشێلكردنی یاساكەیە([18]) و ئەوەش ڕوونە كە ئەو لایەنانە ئەزموونیان نەبووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوە ئەمنییەكاندا و لایەنی پسپۆڕ نەبوون.
سەبارەت بە دۆسیەی زیندانەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وەک هیومان ڕایتس وۆچ، لێبوردنی نێودەوڵەتی، نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا و هەروەها ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ؛ ئاماژەیان بە دیاردەیەکی مەترسیدار کردووە کە ئەویش گۆڕانی زیندانەکانی عێراقە لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٢) بۆ بنكەی تیرۆریستی و فێرگەیەك بۆ بەشكردنی بیرۆکەکان و پێگەیاندنی سەركردەكانی داعش، لەم ڕووەشەوە ئەوە بەسە ئاماژەی پێ بكرێت سەركردەكانی داعش لە چەشنی ئەبوبەکر بەغدادی، ئەبو محەمەد جۆلانی و عەبدوڵا قەرداش لە زیندانەكاندا پێگەیشتوون و دروست كراون([19]). لەو زیندانانەشی لە ژێر چاودێریی دەسەڵاتدارانی حكومەتی فیدراڵیدا بوون، ناوی زیندانی ئەلحوت (١١کم لە ڕۆژهەڵاتی ناسریە) لە باشووری عێراق بەناوبانگە، كە زیاتر بووەتە ئامۆژگایەك بۆ بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەوانە بە هۆی لاوازیی سەرپەرشتیكردنەوە لە لایەن بەرپرسانی زیندان و سیستمی پۆلیس لەگەڵ نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە چەشنی جیاکردنەوەی دەستگیرکراوەکاندا لە سەر بنەمای تاوان لەوانەی كە تۆمەتبار بوون بە تیرۆر. زیندانەكەی ناسریە پێی دەگوترێت “ئەو نەهەنگەی تێر نابێت”، بە هۆی زۆریی زیندانییەکانی لە كەیسی تیرۆر، بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە داعشن و ژمارەیان لە ساڵی ٢٠١٨دا گەیشتە هەزاران زیندانی، هەندێك لەوانەش زۆر مەترسیدارن، ئەمە لە کاتێکدا بڕیار بوو زیندانەکە لە ساڵی دامەزراندنیدا (٢٠٠٨) تەنیا ٨٠٠ دەستگیرکراو لەخۆ بگرێت([20]). قسەوباسی ئەوەش هەیە ژمارەی گیراوەكانی زیندانی “الحوت” لە ٢٠١٩دا گەیشتبێتە ٦٢٠٠ كەس كە زۆربەیان لە تۆمەتبارانی داعشن و هەندێك لە گەورەسەركردەكانی ڕێكخراوەكەشی تێدایە([21]). ئەم قەرەباڵغییە لەڕادەبەدەرەش بوو بە ژینگەیەکی بەپیت بۆ بەندکراوان تا کارلێک لەگەڵ یەکتردا بکەن و بیرۆکەی توندڕەوی لە نێوانیاندا بەش بكەن، بە تایبەت كە زۆر هەستیان بە شكان و ئیهانە دەكرد و هیچ ئەوەش لەبەرچاو نەگیرا كە ڕەنگە ئەو زیندانییانەی کە بە هۆی تاوانەکانەوە سزا دراون و پەیوەندییان بە توندڕەویی توندوتیژەوە نییە؛ پەیوەندی بە دیاردەی توندڕەوییەوە بكەن و بكەونە ژێر كاریگەریی گیراوەكانی داعش([22]).
تێکەڵبوون لە ناو زیندانەکاندا دواتر بوو بە کێشەیەکی گەورە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان و تا ئەم دواییانەش بە ڕوونی مەترسییەكانی ئەم دۆخەیان بۆ دەرنەكەوت، بە تایبەتی لە زیندانەکانی هێزەکانی ئەمەریکادا كە بوون بە شوێنێک بۆ زۆرتربوونی كەسانی “تیرۆریست” و فێرکردنی بیرۆکەی توندڕەوی، ئەمەش بە هۆی نەبوونی تێگەیشتنی سوپای ئەمەریکایە لەوەی لە ناو زیندانەکاندا ڕوو دەدات بە هۆی بەربەستی زمانەوە، هەندێ پڕۆگرامیش ڕۆڵیان لە ئاڵۆزتركردنی دۆخەكەدا هەبووە، لەوانەش متمانەكردن بە ئیمزا و بەڵێننامەی ئەو كەسە توندڕەوانە كە جارێكی تر ناگەڕێنەوە سەر بۆچوونەكانی پێشوویان و لە پای ئەمەدا ئازاد دەكران([23]).
دووەم: كێشەی مامەڵەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ گیراوانی تیرۆردا
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە مەرجی داناوە لە سەر کارمەندانی زیندانەكانی گیراوانی توندڕەو کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی کەسی و شارەزایی تەکنیکیی باشیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ هەموو زیندانییەکاندا بە شێوازی گونجاو بکەن، لە نێویاندا ئەوانەی بە ترسناكی ناسراون یان مەترسیدارن لە ڕووی ئەمنییەوە([24])، بەڵام ئەگەر سەیری پێوەرە عێراقییەکان بکەین بۆ دامەزراندنی ستافی زیندان؛ بەشی هەرە زۆری ئەو ستاندارد و مەرجانەی تێدا نییە، لەم میانەیەشدا وەزارەتی داد چەند مەرجێکی دیاری کردووە بۆ دامەزراندنی ستافی زیندان كە گرنگترینیان بریتین لە: گەیشتن بە ٢٥ ساڵ، مەرجی هاوسەرگیری، بەدەستهێنانی بە لایەنی کەمەوە بڕوانامەی ناوەندی، ناوبانگێکی باش و نەبوونی پێشینەی تاوان، لەگەڵ تێپەڕاندنی کۆرسێکی ڕاهێنانی شایستە بۆ ئەکادیمیای بەشی چاكسازی([25]). هیچ لەم مەرجە عێراقییانەش یارمەتیدەر نین بۆ ستافی زیندان كە مامەڵە لەگەڵ گیراوانی تیرۆر بكات و هیچ یەك لەو مەرجانەش ڕاهێنانی تایبەت بە گیراوە مەترسیدار و هەستیارەكان لەخۆ ناگرێت.
سەبارەت بەو بەرنامانەشی کە بڕیار دراون بۆ کادیرانی بەشی زیندانەكانی چاكسازیی عێراق، ئەگەرچی زۆر و چڕوپڕ و ئاڵۆزن بەڵام هیچیان پەیوەندییان بە مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆریزم و کێشەکانی توندڕەوی نییە([26]). ئەم بارودۆخەی باس كرا لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریدا لەچاو وەزارەتی داد خراپترە، چونكە لەو وەزارەتە ئەمنییانە بەرنامەکانی پەرەپێدان و پێگەیاندن بۆ پاسەوان و کارمەندانی دیکەی پشتیوانی گرنگییان پێ نەدراوە، لە كاتێكدا ئەمە پێچەوانەی یاساکانە و پاسەوانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و هەڕەمەكی دامەزراون و ئەرکەکانیان وەک هەمیشە جێبەجێ دەکەن و زۆربەیان هیچ کۆرسێکی ڕاهێنانیان وەرنەگرتووە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوان و زیندانییەکان، چونكە ئەم وەزارەتانە تایبەت نین بە بەڕێوەبردنی زیندان و ئەمەش بەو مانایە دێت چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ گیراودا ئەركی ئەوان نییە([27]).
بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێی وایە كە فەرامۆشکردنی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوەكاندا زیانێکی گەورەی بە ناوبانگی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەیاندووە، بە تایبەت پاش ئاشکراکردنی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ وەک ئەشکەنجەدان و تەنانەت كوشتن و تەسفیەی ناوخۆیی ناو زیندانییەكان، ئەمەش ناوبانگی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراقی شێواند و خستییە جێگەی گومان لە بەرچاوی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ([28])، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا ئەم پێشینە و ناوبانگە خراپە لە ناوخۆیشدا هیچ متمانەیەكی ئەوتۆی بۆ نەهێشتوون، چ لە لای ئەوانەی لە سەر بنەمای تاوان دەستگیر كراون، یان بە پێی تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر. ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ زیندانەكانیان بە “شوێنی سووتاندن” و “ڕێڕەوی مەرگ” ناو بردووە و چەندین دۆسیەی ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدان و لێکۆڵینەوەی توندی نامرۆیی پڕ لە لێدانیان لەم زیندانانەوە بڵاو كردووەتەوە([29])، لە کاتێکدا مادەکانی (١٤-٣٦)ی دەستووری عێراق مافی یەکسانی و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی داوە بە گیراوان و لە ماددەكانی (٣٧-٤٦)یشدا هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەی جەستەیی و هەر دانپێدانانێک کە بە هۆی هەڕەشە یان ئەشکەنجەوە بەدەست بهێنرێت؛ قەدەغە كردووە.
بەڵگەنامە ئەمەریكییە دزەپێكراوەكان هەبوونی پێشێلكاریی مافی زیندانییەكان لە گرتووخانەكانی عێراق دەسەلمێنن([30])، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراقیش دانیان بە پیشێلكاریی سەخت و قورسی مافەكانی مرۆڤدا ناوە لەگەڵ هەبوونی دەرفەتی زۆری دەربازبوون لە لێپرسینەوە بۆ ئەوانەی لە پێشێلكارییەكانەوە تێوە گلاون([31]). هەندێك لە نوێنەرانی پێکهاتەی سوننەی پەرلەمانی عێراقیش بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکەیان تۆمەتبار کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت کە “شێوازی ئەشکەنجەدان دژی زیندانییەکان لە ژوورە تەنیاکاندا بەکار دەهێنن، کە تیایدا ئەشکەنجەی سیستماتیک لە دژیان بەكار دەهێنرێت بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن دان بە تاوانی تیرۆریستیدا بنێن، بە تایبەتی لە نێو ئەو زیندانییانەی کە سزاکانیان بەسەر دەچێت و چاوەڕێی ئازادکردنیان دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە دان بەو تاوانانەدا بنێن و بۆ ماوەی زیاتر لە زینداندا بمێنەوە([32]).
بۆ تێگەیشتن لە هۆكاری پشێویی ناو هێزە ئەمنییەكان و نەبوونی دیدگایان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوانی تیرۆر و گرتووخانەكاندا، باشترە بگەڕێینەوە بۆ سروشتی دامودەزگای ئەمنیی نوێی عێراق بە وەزارەتی ناوخۆشەوە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، كە لە لایەن هێزە ئەمەریکی و بەریتانیاییەکان (هاوپەیمانی) پێک هێنران پاش ئەوەی فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمەریکی بۆ عێراق پۆڵ بریمەر بڕیاری دەركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی زۆرینەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ملکەچی پلەبەندیی ڕژێم بوون([33]).
پێکهێنانی هێزە ئەمنییە نوێیەکان بە ئاسانی یان بە پێی سیستمی خۆبەخشی و لە سەر بنەمای خواست (التطوع) تێنەپەڕیوە، بەڵکوو گۆڕا بۆ سەنگەری نێوان نوێنەری ئەو پێکهاتە و نەتەوەیانەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی دەرکەوتن و هەموویان كەوتنە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی مومکین لە پۆستە ئەمنییەکان و هاندەریشیان لەمەدا ململانێی تایفی و دەستخستنی دەستكەوتی ماددی بوو لە داڕشتنەوەی بەرنامەی هێزە ئەمنییەکان و قەبارەی نوێنەرایەتی بۆ هەریەک لە دوو پێکهاتە ڕكابەرەكەی شیعە و سوننە، چەند دەقێكی گشتگیر و شلۆق دانران بۆ دڵنیا بوون لە قەبارەی نوێنەرایەتی بۆ هەریەکەیان لەوانەش (مادەی ٩-أ) دەستوور كە دەڵێت: “هێزە چەکدارەکانی عێراق و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق دروست دەكرێن، بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی و وەكیەكییان([34])” و ئەمەش دەرگای كردەوە بۆ ئەوەی ئەو هێزانە ببنە مەیدانی كێبەركێی تایفی و نەتەوەیی و لە ڕەوتی پڕۆفێشناڵانەی خۆیان دەربچن كە مەرجی توانا و لێهاتوویی لەبەرچاو بگرێت.
سەرەڕای ئەمەش، ئاڵنگاریی دامەزراندنی هێزە ئەمنییەكان لە عێراقدا تەنیا لە پرسی نوێنەرایەتیی تائیفیدا سنووردار نەبوو، بەڵکوو کێشەیەکی دیکە لە بەردەمیدا سەری هەڵدا، ئەویش هێرشی هەزاران ئەندامی ئەو هێزانە بوو كە پێشتر نەیاری ڕژێمی سەددام حوسێن بوون بەرەو سلكی ئەمنیی فەرمی و میلیشیاکان پەلەیان کرد بۆ پەیوەندیكردن بە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە دوای ئەوەی دەستوور (مادەی ٩) ئەو هێزانەی قەدەغە کرد و بە نایاسایی لەقەڵەمی دان، ئەوانیش بۆ گونجاندنی دۆخی یاسایی خۆیان بە كۆمەڵ خۆیان خزاندە دەزگا و جومگە ئەمنییە فەرمییەكانەوە([35]) لە كاتێكدا هیچیان ئەزموونی پێشوەختەیان نەبووە لە كاری ئەمنیی فەرمی و دامەزراوەیی و زیاتر جەنگاوەر بوون.
پسپۆڕان پێیان وایە لاوازیی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی ڕێکخراوە چەکدارەکاندا بە هۆی نەبوونی ڕاهێنانەوەیە، سەرنجی سەرکردەکانیش زیاتر لە سەر توانای بەشداریکردنە لە شەڕی مەیدانی، لەگەڵ ئەمەشدا لاوازی لە کولتووری مافەکانی مرۆڤدا هەیە، هەروەها باكگراوندی توندوتیژی و شەڕەنگێزی زاڵە بەسەریاندا بە تایبەتی کە زۆربەی ئەفسەرانی پۆلیس وەک سەرچاوەی بژێوی چوونەتە ئەم سلكەوە بەبێ ئەوەی ستانداردەكان ببڕن([36]).
سەرباری ئەوەشی كە باس كرا، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوان ئاماژەیان بەوە دا کە جیاوازی لە نێوان زیندانەکانی وەزارەتی داد و زیندانەکانی تری سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری هەیە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کارمەندانی وەزارەتی داد -بەشی چاکسازی-، هەندێک ڕاهێنانی ناوخۆیی و هەندێکی تری دەرەكییان بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وەرگرتووە([37]).
ئەزموونی وڵاتانی تر لە مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوانی توندڕەودا
ئەو وڵاتانەی کە گیرۆدە بوون بە ڕێکخراوە توندڕەو و چەکدارەکانەوە؛ بەرنامەی تایبەتیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەستگیرکراوان یان گومانلێکراوان هەیە، لەم ڕووەوە دەتوانرێت ئاماژە بە شانشینی سعودیە یان مەغریبی عەرەبی بکرێت کە دامەزراوە تایبەتەکان سپۆنسەری بەرنامەی تایبەتیان کردووە بە مەبەستی تێکەڵاوبوونەوە و چاککردنەوەی ئەوانەی تۆمەتبارن بە تیرۆر، لەم بوارەشدا دوو نموونە زۆر زەقن كە ئەوانیش ئەزموونی مەغریب و سعودیەن:
لە مەغەریب دەوڵەت ستراتیژێکی نوێی پەیوەست بە دەستبەسەرکراوان و کارمەندانی زیندان پەسەند کرد، بە بەرنامەی “ئاشتەوایی” ناوزەد کرا كە لە سەر سێ بنەمای بنەڕەتە؛ ئەویش: ئاشتەوایی گیراوەكە لەگەڵ خۆیدا، ئاشتەوایی لەگەڵ دەقە شەرعییە ئایینییەكاندا، ئاشتەوایی لەگەڵ كۆمەڵگەدا([38]). ناوەرۆكی بەرنامەکەش زیاتر بریتی بوو لە “بەمرۆییكردنی بارودۆخی دەستبەسەرکردن” و “ئامادەکردنی دەستگیرکراوەکان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری”. یەکەم ئەزموونی بەرنامەی “ئاشتەوایی” لە هاوینی ٢٠١٦دا جێبەجێ کرا و چاکسازیكردنی دەستگیرکراوەکانی لە کەیسەکانی تیرۆردا لەخۆ دەگرت وەک ئامادەکارییەک بۆ دووبارە تێکەڵكردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە، بەرنامەکەش لە لایەن دەستەی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان (حكومی) بە هاوکاریی کۆمەڵەی زانایانی محەمەدی (ڕێكخراوی فەرمی) و ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ (حکومی) بەڕێوە دەبرا([39]).
لە عەرەبستانی سعودیە، دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ لە ناوخۆی وڵاتەكەدا، دەوڵەت لە پەنا بەرەنگاربوونەوەی ئەمنیدا جێبەجێکردنی چەند ستراتیژێكی نەرمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گرتە بەر، ئەم هەنگاوانەش ئامانج لێیان بەرەنگاربوونەوەی پاساوە ئایدۆلۆژی و ئایینییەكانی توندوتیژی بوون و لە سەر بنەمای سێ ناونیشان داڕێژرابوون كە بریتی بوون لە: “خۆپاراستن، ئامادەكردنەوە و چاکسازی، چاودێریی پاش ئازادکردن” و پڕۆگرامەكەش لە سەر چاكسازیكردن لە بیر و قەناعەتی گیراوەكان و چاودێریكردنیان بنەڕەت بوو([40]).
بەرنامە سعودیەكە لە لایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی دەروونناس و پزیشکی دەروونی و پسپۆڕانی فیقهی ئیسلامی و پێشەوای ئایینییەوە سەرپەرشتی کرا، دوای تەواوکردنی سزاکەشیان، تاکەکان دەگوازرانەوە بۆ ناوەندێکی چاکسازی، لەوێدا قۆناغەکانی بەرنامەکەیان بە هاوکاریی تیمێکی تایبەتمەند بە پاشخانی جیاواز تەواو دەكرد. لە کۆتاییدا ئەم تیمە قسەی خۆیان لە سەر چارەنووسی زیندانییەکەدا دەكرد: ئازادی بکەن، یان ڕەوانەی زیندانی بکەنەوە([41]). هەر چەندە ئەم بەرنامەیەش لە لایەن وڵاتانی دراوسێ و ناوچەییەوە جێگەی سەرسامی بوو، بەو پێیەی هەندێکیان هەوڵیان دەدا یان بەهیوای جێبەجێکردنی ئەو ئەزموونە بوون، لە نێویاندا عێراق([42])، بەڵام هیچ كات بەرنامەكە لە عێراق بە گوێرەی ئەزموونە تاقیكراوەكان جێبەجێ نەكرا تەنها ئەوە نەبێت دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هەوڵیان دا بەرنامەکە لە چوارچێوەی سنوورداردا لە زیندانی بوکا کە دەکەوێتە پارێزگای بەسڕە لە باشووری عێراق جێبەجێ بکەن، ئەویش لە ڕێگەی دابینكردنی وانەی ئایینییەوە بۆ گیراوەكان كە لە بەرنامە سعودیەكەدا هەیە([43])، بەڵام ئەم چالاکییە زۆر بەردەوام نەبوو، نزیکەی ساڵێک دوای دەستپێکردنیشی وەستا، چونكە جگە لەو تێبینییانەی کە لەگەڵ جێبەجێکردنیدا بوون، هەندێك كۆسپی تری لە ڕووی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ دروست بوو، ئامادەنەكردنی کەسانی ئایینی بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ و ڕاوێژ پێشكەش بە دەستگیرکراوەکان بکەن، بە تایبەتی لەو کاتەوەی کە زۆربەیان سەرکردەی ڕێکخراوە توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە بوون و هیچ لایەنێكی فەرمیی عێراقییش لەوێدا نەبوو سەرپەرشتییان بكەن، تەنانەت كاتێك چەند ڕێكخراوێكی ئایینی كە هەوڵیان دا هاوشێوەیەكی ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بکەن سەركەوتوو نەبوون و لەم میانەیەشدا سەرۆکی گرووپی زانایانی عێراقی لە ساڵی ٢٠١٢دا داواکارییەکی پێشکەش بە حکومەتی عێراق سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی بەرنامەیەکی لەو جۆرە کرد، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە هیچ وەڵامێکی لە لایەن دەسەڵاتدارانی فەرمییەوە وەرنەگرتووە([44]).
دامەزراوە ئایینییەکان و كۆڕبەندییە فیقهییەكان لە عێراقدا پێیان وایە بوونی بەرنامەیەک بۆ ئامۆژگاریکردنی ئەوانەی تۆمەتبار کراون بە تیرۆریزم؛ کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لە سەر لاوازکردنی بیرۆکە توندڕەوەکانی ئەو كەسانەی کە هەوڵی جێبەجێکردنی چالاكییە تیرۆریستییەکان دەدەن، بەڵام پێشنیارەکە بەر دیواری خەمساردی و بێوەڵامیی لایەنە فەرمییەكان كەوتووە([45])، ڕەنگە هۆكاری سەرەكیی ئەمە ئەوە بێت دەسەڵاتداران شیعەن و گیراوەكان سوننە. هەروەها باوەڕێكی زاڵ هەبوو پێی وا بوو سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە ئایینییەکان و کۆلێژەکانی شەریعە، بەڵام ئاستی زانستیی خوێندكاران و هەندێک لە شێخەکانیش لەوانەیە لە ئاستی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە بەرنامەیەدا نەبێت و ئەمەش ساردكردنەوە و خەمساردیی لە جێبەجێكردنی زیاتر كرد([46]).
دەكرێت بگوترێت لەمپەرەكانی گواستنەوەی ئەزموونە سعودیەكە جگە لە هۆكاری تایفی، بە گشتی بریتی بوون لە نەبوونی كەشی گونجاو لەگەڵ نەبوونی پشتیوانیی حکومەت بۆ دروستکردنی شوێنی تایبەت، جگە لە نەبوونی پسپۆڕانی زانستی شەرعزانی کە بتوانن ئەم جۆرە بەرنامەیە جێبەجێ بکەن و لە نەبوونی پشتیوانیی حکومەتیشدا بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە؛ هاوشێوەی مەغریب و سعودیە شەرعزان و لایەنە ئایینییەكان نەیانتوانی هیچ بكەن([47]).
لە ساڵی ٢٠١٧دا، پەرلەمانتار فەرەح سەڕاج سەردانی سعودیەی کرد و دەستپێشخەرییەکی عێراقی ڕاگەیاند بۆ سوودوەرگرتن لە بەرنامەی “ئامۆژگاری و چاودێری” لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ئایدۆلۆژیای تیرۆریستییان لە سەر بووە، هەروەها ڕایگەیاند سعودییەكان بۆ گواستنەوەی بەرنامەیەکی لەو جۆرە بۆ جێبەجێکردنی لە عێراق ئامادەی هاوكارین([48]) ، بەڵام ئەمەش سەری نەگرت و هیچی نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.
ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی شکستی سەربازیی داعش لە عێراق بە گرتنەوەی موسڵ، نوسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ (دەستەیەکی فەرمییە) لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاکێشانی منداڵ بۆ ناو داعش و كاركردن لە سەر ئەوانەی زووتر كاریان لە سەر كرابوو و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە([49])، بەڵام ئەمەش لە لایەن دەوڵەتەوە سەری نەگرت، کۆمسیۆنەكەش هۆکاری ئەمە بۆ چەند شتێك دەگەڕێنێتەوە، لەوانەش سادەیی هەوڵەکان و ئاڵۆزییەکانی بەردەم پڕۆژەكە و كێشە لە داڕشتنی میکانیزمەکان، لەگەڵ نەبوونی گرنگیدانی دەوڵەت بەم كەیسانە([50]).
دەرئەنجام
بە پێی ئەو شیكار و زانیارییانەی کە لە توێژینەوەكەدا باس کراون، ئەوە دەردەکەوێت کە خراپیی مەشق و ڕاهێنان و نەبوونی لێهاتوویی کارمەندانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە ڕوونی کاریگەریی لە سەر دۆخی زیندانەکانی وڵاتەكە داناوە، لە بریی ئەوەی ئەم زیندانانە دیواری پارێزەر بن، بوونەتە شوێنی لەباری بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزە توندڕەوەکان، ئەمەش بە هۆی سیاسەتی هەڵەی پەیڕەوكراو لە ناو ئەو ناوەندانەی تایبەت بە دەستبەسەرکردنن، وەک تێکەڵبوون و قەرەباڵغی لە شوێنی ڕاگرتن و زیندانیكردن، پەنابردن بۆ ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش تووڕەیی بەردەوام بەرانبەر بە حکومەت و هێزە ئەمنییەکان بە گشتی دروست دەکات و بۆ سەرهەڵدانەوەی بیری توندڕەوی و یاخیگەرانە لە دەوڵەت و هێزە ئەمنییەكانی هەلومەرجێكی لەبارە. هەروەها ئەوە دەردەكەوێت نەبوونی چارەسەری نائەمنی بۆ چاككردنی تۆمەتبارانی تیرۆر بە ڕوونی کاریگەریی لە سەر تێکچوونی بارودۆخی زیندانەکان هەبووە، چ بە هۆی نەکردنەوەی قوتابخانە و خول و بەرنامەی هۆشیاری بێت، یان پڕۆگرامی هۆشیاركردنەوە بە ڕاوێژکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف و لایەنە ئایینییەكاندا سەبارەت بە ڕێکخستنی ئەو جۆرە بەرنامانە. دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە پڕۆگرامی جێگرەوە بۆ ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن بدۆزێتەوە، وەک بنیاتنانەوە و ئامادەكردنەوە؛ بە هۆی زۆر هۆکارەوە، لەوانەش: نەبوونی پسپۆڕی پێویست، پێداگریی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی کە لە سەر کردەی سەربازی و لێپێچینەوەی ئەمنی لە گیراوەكانی داعش بنەڕەتە بەبێ گوێدانە ئامادەكردنەوەی فیكری تێوەگلاوان لە بیری ڕێكخراوەكە. هەروەها ئەوەش دەركەوتووە ئامادەسازیی شەرعزانی و عەقیدەیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و لە عێراقدا توندڕەویی لاوازن، چ هیی وەقفی سوننە بن یان كۆلێژەكانی زانستە ئیسلامییەكان و هەندێك جاریش سەرچاوەی كێشەكان ڕێكنەكەوتنی مەرجەعیەتە سوننەكان و ناكۆكیی زۆریانە بە هۆی نەبوونی ڕایەڵێكی ناوەندگەراییەوە كە كۆیان بكاتەوە.
سەرچاوەكان
([1]) هاوارد ضيه شاتز و إيرين إليزابيث جونسون (2106)، الدولة الإسلامية التي عرفناها، https://www.rand.org/content/dam/rand/pubs/research_reports/RR1200/RR1267/RAND_RR1267z1.arabic.pdf
([2]) بسمة فايد (3/11/2019)، خريطة حواضن التطرف والإرهاب… العراق، https://www.europarabct.com/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
([3]) محمد اسماعيل (1992)، الأساليب الحديثة في تدريب رجال الشرطة، المركز العربي للدراسات الأمنية والتدريب، الرياض، ص18.
([4])World Prison Brief : المرشد إلى حقوق الإنسان الأساسية لضباط التوقيف والاعتقال في العراق، https://www.prisonstudies.org/sites/default/files/resources/downloads/fco_handbook_final_arabic.pdf
([5]) وزارة الداخلية (5/3/2017)، تقرير مديرية مركز تأهيل الشرطة، https://www.youtube.com/watch?v=fcZMj3e38wg
([6]) Tim Arango (13\5\2012), U.S. May Scrap Costly Efforts to Train Iraqi Police, https://www.nytimes.com/2012/05/13/world/middleeast/us-may-scrap-costly-effort-to-train-iraqi-
([7]) UNDP (9/6/ 2018)، تعزيز فاعلية الشرطة المحلية في العراق من خلال التدريب والتوجيه، https://www.iq.undp.org/content/iraq/ar/home/presscenter/pressreleases/2018/06
([8]) بين المجازر واليأس، العراق بعد خمس سنوات، منظمة العفو الدولية، الصفحة (2).
([9]) كاظم سعدون محمد ( 25 تموز/2018)، أكثر من 300 ألف موقوف عراقي بريء في 3 سنوات، https://daraj.com/7490/
([10]) كتابات (20 تموز/2017)، العراق لن يعامل معتقلي داعش اسرى حرب، https://kitabat.com/news/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-
([11]) سكاي نيوز عربية (2/7/2017) الجيش العراقي يخير “الدواعش” بين “الموت أو الاستسلام”، https://www.skynewsarabia.com/middle-east/961164-
([12]) ناس نيوز (14/4/2019)، المباشرة بمحاكمة 900 عراقي بتهمة الانتماء لـ داعش تسلّمتْهم بغداد من قسد، https://www.nasnews.com/view.php?cat=10839
([13]) موقع 24 (21/3/2020)، كردستان تسلم المئات من معتقلي داعش إلى بغداد، https://24.ae/article/426917/
([14]) هيومن رايتس ووتش (15/3/2017)، العراق يحتجز المئات في ظروف مهينة، https://www.hrw.org/ar/news/2017/03/15/301063
([15]) دلوفان برواري وفريق استقصاء نينوى (30/6/2020)، العراق: أبرياء يحاكمون بتهم الإرهاب ورشى تبرئ أمراء “داعش”، https://daraj.com/51191/
([16]) مكتب الأمم المتحدة، إدارة شؤون السجناء المتطرفين العنيفيين، فينا _ نيويورك، 1917 صفحة (10).
([17]) المسلة (10/3/2016) العدل تنقل المحكومين بقضايا الإرهاب إلى جنوب وشمال العراق، https://almasalah.com/ar/NewsDetails.aspx?NewsID=27799
([19]) المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب و الإستخبارات (7/7/2020) كيف ساهمت أجهزة الإستخبارات في صناعة قيادات الجماعات المتطرفة؟ سجن “بوكا”، https://www.europarabct.com/%D9%83%D9%8A%D9%81-؛ علي قيس (13/5/2019)، إرهابيون خلف القضبان… الخطر المقبل على العراق؟، https://www.irfaasawtak.com/iraq/2019/05/13/%D8%A5%D8%B1%D9%87%D8%A7
([20]) دويجه فيله الألماني (5/12/2019)، سجن الحوت العراقي: “حوت” يقبع في “بطنه” أكبرعدد لسجناء داعش وأخطرهم في مكان واحد…، https://www.dw.com/ar/%D8%B3%D8%AC%D9%86-
([21]) الأخبار اللبنانية، (4/12/2019)، «داعش العراق» يجدّد نفسه: مخطّط لاقتحام السجون وتهريب المعتقلين!، https://al-akhbar.com/Iraq/280478
([22]) Jones, C. (2014). “When foreign fighters return: managing terrorists behind bar https://theconversation.com/when-foreign-fighters-return-managing-terrorists-behind-bars-31054
([23]) كاظم الوائلي: نفس المصدر.
([25]) إيناس محمد راضي (23/9/2013)، واقع السجون العراقية، http://law.uobabylon.edu.iq/service_showrest.aspx?pubid=5804
([27]) مقابلة مع مدير في دائرة الإصلاح التابعة لوزارة العدل، (طلب إخفاء هويته لاسباب أمنية) بتاريخ 26/9/2020.
(([29] مركز جنيف الدولي للعدالة (د.ت)، السجون العراقية: تقرير من داخل أروقة الموت، https://www.gicj.org/ar/2017-01-13-21-26-14/53-gicj-iraq_ar/tqryr-lmnzmt-gyr-lhkwmy/127-lsjwn-lrqy-tqryr-mn-dkhl-rwq-lmwt
([30]) بي بي سي عربي (23/10/2010)، “القوات الامريكية تجاهلت انتهاكات حقوق الانسان في سجون الحكومة العراقية”، https://www.bbc.com/arabic/worldnews/2010/10/101023
ألترا عراق (12/4/2019)، حقوق الإنسان تؤشر على انتهاكات جسيمة في بعض سجون العراق، https://ultrairaq.ultrasawt.com/%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-
([31]) ألترا عراق (12/4/2019)، حقوق الإنسان تؤشر على انتهاكات جسيمة في بعض سجون العراق، https://ultrairaq.ultrasawt.com/%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-.
(([32] المنظمة العربية لحقوق الإنسان في بريطانيا (12/5/2019)، ملف انتهاكات السجون العراقية يعود إلى الواجهة، https://aohr.org.uk/ar/%D8%B4%D9%83%D8%A7%D9%88%D
([33]) ميدل أيست أون لاين (23/5/2003)، بريمر يعلن حل القوات المسلحة العراقية، https://middle-east-online.com/%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D9%85%
([34]) مجلس النواب، دستـــور جمهـــورية العــراق، https://ar.parliament.iq/%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1-
([35]) عمر النداوي و مايكل نايتس (22/2/2018)، الميليشيات في قوات الأمن العراقية: السياق التاريخي والخيارات الأمريكية، https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/militias-in-iraqs-security-forces-historical-context-and-u.s.-options
([36]) مقابلة مع كاظم الوائلي، خبير استراتيجي، مستشار سابق للتحالف الدولي 27/9/2020.
([37]) سلمان السويدي، مصدر سابق
([38]) map express (24/8/2017) ، برنامج “مصالحة” لفائدة المدانين في قضايا التطرف، http://www.mapexpress.ma/ar/actualite/%D8%A8%D8%B1%D9%86%D8%A7%D9
([39]) وكالة الأناضول (28/11/2019)، باحث مغربي يدعو إلى تطوير برنامج “مصالحة” لتأهيل سجناء الإرهاب (مقابلة)، https://www.aa.com.tr/ar/%D8%A7%D9%84%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%B1
([40]) Sara Brzuszkiewicz, (28\4\2017) Saudi Arabia: the de-radicalization program seen from within, https://www.ispionline.it/en/pubblicazione/saudi-arabia-de-radicalization-program-seen-within-16484
([42]) الشروق (24/12/2012) 11 دولة من بينها مصر طلبت الاستفادة من تجربة «المناصحة» السعودية، https://www.shorouknews.com/news/view.aspx?cdate=24122012&id=29eecdf9-ce40-43a0-a075-24debee82946 .
([43]) إيلاف (16/2/2008) القوات الأمريكية تطبق برنامج المناصحة السعودي على المعتقلين بالعراق، https://elaph.com/amp/Web/NewsPapers/2008/2/304616.html
([44]) مقابلة مع رئيس جماعة علماء العراق الدكتور خالد الملا، بغداد، 6 تشرين الأول/2020.
([45]) مقابلة مع الدكتور مصطفى البياتي، ضمن علماء المجمع الفقهي العراقي، بغداد، بتاريخ/ 17 أيلول/2020.
([46]) مقابلة مع الدكتور رئيس جماعة علماء العراق، الدكتور خالد الملا، بتاريخ 6 تشرين الأول/2020.
([48]) الشرق الأوسط (29/3/2017) نائبة عراقية: نسعى لاستنساخ برنامج المناصحة السعودي، https://aawsat.com/home/article/889136/%D9%86%D8%A7%D8%A6%D8%A8%D8
([49]) مقابلة مع فاضل الغراوي، عضو مفوضية حقوق الإنسان، بغداد،5/10/2020،