• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 31, 2020

Prediction – پێشبینى – التنبؤ

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

وەک یەکێک لە چەمکە بنەڕەتییەکانى زانستى ئایندەناسى، لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە زانینى پیشوەخت و ڕێژەیى ڕووداوەکانى ئایندە بەر لە ڕوودانیان، بەپێى لۆژیکى یاسا زانستییە ئەزموونکراوەکان. ئەم چەمکە وەک چۆن لە ئێستادا جێگاى گرنگیپێدانى زۆرى زانستە سروشتى و کۆمەڵایەتییەکانە، بە هەمان شێوە لە سەردەمانى زۆر کۆنەوە یەکێک لە ڕەگەزەکانى بیروباوەڕى ئایینى بووە و لە سەرجەم ئایینەکاندا جۆرێک لە پێشبینى بە کۆتایى جیهان و هاتنى دواڕۆژ و لێپرسینەوە هەیە، ئەمە جگە لە ئایندەبینییە مژدەبەخشەکان بە گەیشتن بە بەهەشت یان ترساندن بە کەوتنە ناو دۆزەخ. وێڕاى ئەمەش، لە سەردەمى نوێدا هەندێک لە ئایدیۆلۆژیا سیکولارەکان لەسەر بنەماى پێشبینکردنى چەندین قۆناغ و ڕووداوى ئایندەیی، هانى هەوادارانى خۆیان داوە بۆ داڕشتنى پلان و دیاریکردنى ئامانجەکانى خەباتى ئایندەیان لە بەرمەبناى ئاڕاستەکانى ئەو پێشبینییانەدا، وەک ئایدیۆلۆژیاى مارکسى و پێشبینییەکانى سەبارەت ئایندەى ململانێى چینایەتى و شۆڕشى کۆمەڵایەتى و دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و قۆناغەکانى سۆشیاڵ و کۆمۆنیزم، یان ئایدۆلۆژیاى نازیزم کە خوازیار بوو لە سایەى بیرۆکەى “نیو ئۆردەرینگ”دا سەرلەنوێ هەموو جیهان لەژێر هەژموونى ڕەگەزى ئاریاییدا ڕێک بخاتەوە.

پێشبینى، لاى زۆرێک لە زانایان بریتییە لە یەکێک لە ئەرکەکانى زانست، بۆ نموونە “ڤان دالین” باوەڕى وایە کە زانست سێ ئامانجى سەرەکیى هەیە، ئەوانیش بریتین لە زیادکردنى توانى مرۆڤ بۆ (ڕاڤەکردن و پێشبینیکردن و ڕكێفكردن) دیاردە و ڕووداوەکان. بۆیە ئەگەر ڕاڤەکردن لە زانستدا بریتی بێت لە دۆزینەوەى ئەو یاسایەى کە پەیوەندیى نێوان دوو گۆڕاوى سروشتى یان کۆمەڵایەتى، سیاسى ڕێک دەخات، وەک پەیوەندیى نێوان “گەرمى و بەهەڵمبوونى ئاو” یان “نادادیى ئابوورى و شۆڕش”، ئەوا پێشبینى بریتییە لە خستنەڕووى ئەگەرەکانى دووبارەبوونەوەى ئەو پەیوەندییەى نێوان گۆڕاوەکان و لێکەوتەکانى لە ئایندەدا. بۆ نموونە؛ هەر کاتێ نادادیى ئابوورى هەبوو، ئەگەرى ڕوودانى شۆڕشیش هەیە. بەم دوو کردەیەش (ڕاڤە و پیشبینى)، دەشێ مرۆڤ ئەو پەیوەندییەى نێوان گۆڕاوەکان ڕکێف بکات و بەر بە لێکەوتە خراپەکانى بگرێت. بۆ نموونە لە کاتى نادادیى ئابووریدا، دەشێت بە گرتنەبەرى سیاسەتى خۆشگوزەرانى و دووبارە دابەشکردنەوەى داهات؛ ڕێ لە ئەگەرى ڕوودانى شۆڕش بگیرێت. بۆیە لە زانستێکى وەک سیاسەتدا، داڕشتن و دروستکردنى بڕیارە سیاسییەکان چەندە وەڵامدانەوەى پێداویستى و داواکارییەکانى خەڵکن، هێندەش ئامانجى دیزاینکردنەوەى ژیانى سیاسییە لە ئایندەدا.

 ئەم تێگەشتنە بۆ پێشبینى؛ جێگەى ڕەخنەگرتنى “کارل پۆپەر”ە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کە پێى وایە پێشبینى لەم زانستانەدا ئارەزووى داڕشتنەوەى ئایندەیە نەک وەک زانستە سروشتییەکان زانینى پێشوەختى ئەگەرى دووبارە ڕوودانەوەى دیاردەیەک بێت، بۆیە هەرگیز پیشبینى زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان وردیى پێشبینیى زانستە سروشتییەکان نییە.

سەرچاوەکان:

Scruton, Roger(2007), Dictionary of Political Thought, 3rd Edition, The Palgrave Macmillan.

وقيدي، محمد (2010)، العلوم الإنسانية والإيديولوجيا، دار الكتب العلمية دار الكتب العلمية.

أبراش، إبراهيم (2009)، المنهج العلمي وتطبيقاته في العلوم الإجتماعية، دار المنهل.

فان دالین، دیوبولد (1997)، مناهج البحث فی علم النفس، ترجمة: محمد نبیل نوفل وآخرین، مکتبە انجلو المصریة.

بوبر، كارل (2006)، منطق البحث العلمي، ت: محمد البغدادی، المنظمة العربیة للترجمة، ٢٠٠٦.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە 2 تەمووزی 2020

Send this to a friend