بانگەواز و سیاسەت
ئامادەكردنی: ئایینناسی
بانگەواز و سیاسەت وەکو دوو چەمک لە جیهانی ئیسلامیدا پانتایییەکی فراوانی داگیر کردووە، ئەم دوو چەمکە بەردەوام جێگەی مشتومڕ و گەنگەشەی پارتە ئیسلامییەکان و دەرەوەی ئەو هێزانەش بوون، کە ئایا دەکرێت لە یەک کاتدا هێزە ئیسلامییەکان هەم بانگەوازخواز بن و هەمیش کاری سیاسەت بکەن؟ یان تا چەند دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا ڕابگرن؟ لە کاتێکدا ڕەخنەیەکی زۆر هەیە لە هێزە ئیسلامییەکان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بانگەواز دەخەنە خزمەت پڕۆژە سیاسییەکانیان و دواتر بانگەواز ڕۆڵ و کاریگەری ئەوتۆی نابێت لە ئەدای سیاسیدا، کە هەر ئەم هۆکارەیە بووەتە بەشێک لە خواست و داواکاری نوخبەی سیاسی هێزە ئیسلامییەکان بۆ جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت، تاکو ئەو دژیەکییە بە زیانی پڕۆژەی سیاسی هێزە ئیسلامییەکان نەشکێتەوە، بابەتی جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت تەوەری دووەمی مێزگردی وەرزنامەی ئایینناسییە بە میوانداری هەریەکە لە مەولود باوەموراد سەرکردەی دێرینی یەکگرتوی ئیسلامی و ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان، کە تێیدا بە وردی تیشک دەخەنە سەر پرسی بانگەواز و سیاسەت لای هێزە ئیسلامییەکان و چۆنێتی جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەک لە گرفت و ئاڵنگارییەکاندا بکرێتە دەرفەت بۆ پێشخستن و بەهێزکردنی پڕۆژەی ڕەوتی ئیسلامیی.
مەولود باوەموراد لەبارەی پاساوی جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت کە بەڕێزیشیان یەکێکن لە بانگەشەکارانی ئەو جیاکردنەوەیە، دەڵێت: لە ڕاستیدا پاساوەکانی بانگەشەی جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت، بەدەر لە هەر پاساوێکی تر، پاساوی جیاوازی چەند ڕەهەندی ئەم دوو چەمکەیە، پرسی سیاسەت لەگەڵ پرسی بانگەواز لە پێناسە، میکانیزم، تایبەتمەندی و ئامانجەکانیاندا جیاوازن، کەواتە ئەگەر شتێک لە چوار ڕەهەندی سەرەکیدا جیاواز بوو، جگە لە میتۆدی لێکۆڵینەوە و میتۆدی بیر لێکردنەوە و کەرەسەی کارپێکردن، تا ئەو ڕادەیە جیاواز بن، چی تر هەیە دەیانبەستێتەوە بەیەکەوە؟ ئایا پێمانوایە کە ئەمە دوالیزمییەکی پێکەوە گونجاو و پێکەوە هاوسەنگن، یان دوالیزمییەکی لێک جیاوازن؟
باوەڕم وایە بانگەواز و سیاسەت دوالیزمییەکی هاودژە، واتە لە هەر شوێنێک سیاسەت هەبوو مانای وا نییە دەبێت بانگەوازیش هەبێ، یان لە هەر شوێنێکدا بانگەواز هەبێت دەبێت سیاسەت هەبێت، نەخێر. ئەمە عورفێکی هێزە ئیسلامییەکانە و هێناویانەتە پێش.
بە بۆچوونی من تایبەتمەندی سیاسەت لە تایبەتمەندی بانگەواز جیاوازە، بانگەواز کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، بۆ نموونە لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکان بانگەواز (زۆرلێکردن) نییە، تایبەتمەندی (نەبوونی پاداشتی دونیایی)، تایبەتمەندی (کات و شوێنی بۆ نییە)، تایبەتمەندی (پرۆسەیەکی پەیوەندیکردنە)، ئەی تایبەتمەندی سیاسەت چییە؟
تایبەتمەندی سیاسەت ئەوەیە پەیوەندییە لە نێوان حاکم و مەحکوومدا، تایبەتمەندی دووەمی بریتییە لە تایبەتمەندی ململانێ، تایبەتمەندی سێیەم بریتییە لە گشتگیری، تایبەتمەندی چوارەمی بریتییە لە هەمیشە گۆڕان، دەپرسین ئەم هەموو تایبەتمەندییە جیاوازە چۆن پێکەوە کۆدەکرێنەوە. بۆچی کۆدەکرێنەوە؟ بۆیە یەکێک لە پاساوە مەنهەجی و زانستییەکانی ئەوەیە کە ئاماژەم پێکرد.
پاساوی دووەمی ئەم جیاکردنەوەیە ئەوەیە کە ڕەوتی ئیسلامی دەستیدایە بانگەواز، پەروەردە لەسەر بنەمای بانگەوازەکە دەکات، لایەنی پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوەی سیاسی پشتگوێ دەخات، خەڵکێک کوێرانە دەچنە ناو ئەم سیاسەتەوە، لانی کەم مومارەسە نییە و مەعریفەش نییە، چونکە حیزب پێویستی بە پێگەیاندنی کادیرەکانی هەیە، پێگەیاندن مەبەستمان لە ئەوە نییە (یا حەنان و یا مەنان) ەکەی ناو ڕەوتی ئیسلامی بیست ساڵ بیهێنە و بیبە، نەخێر، پێگەیاندنی سیاسی بریتییە لەوەی کۆمەڵێک مەعریفە، بەرچاو ڕۆشنی، هۆشیاری و کۆمەڵێک تێگەیشتن بەرامبەر بە پرسی سیاسەت و چەمکە سیاسییەکان فێری هەموو ئەندامێکی خۆت بکەیت، لە ناو ڕەوتی ئیسلامیدا ئەمە نابینرێت، گرنگییەکە دەدرێت بە لایەنی بانگەوازەکە، مرۆڤەکە لە لایەنی سیاسەتەوە دەستی خاڵییە، هیچی پێ نییە، تەنانەت لە ڕووی گوتاریشەوە کەرەستەکانی گوتار و زاراوەکان و چەمکەکانی گوتاری سیاسی و ئاڕاستەکانی بیری سیاسی خۆی بە شێوەیەکی سیاسی پێ نییە، چونکە لەسەر ڕەهەندی بانگەواز پەروەردە کراوە، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو تاوانبار بێت، یان پێگەیاندنی بانگەواز خراپ بێ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە بانگەواز هەرگیز بەدیلی سیاسەت نییە، بەم میتۆدەی باسم کرد، سیاسەتیش هەرگیز بەدیلی بانگەواز نییە، هەرگیزیش ناتوانیت هیچ کامێکیان لە هیچ شوێنێکدا جێگەی ئەوی تریان پڕ بکاتەوە، لەو شوێنەش کە بۆشایی سیاسی هەیە بە بانگەواز پڕ ناکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بکەری سیاسی جیاوازە لە بکەری بانگەواز، واتە بانگخواز جیاوازە لە بکەری سیاسی، لەبەر ئەوەی بانگخواز خۆی بۆ خۆی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە.
با کۆمەڵیک خەسڵەت باس بکەین، لەسەر ئاستی تاک: ئارامگرتن، زانیاری، زانیاری لەبارەی شەریعەتەوە، ئاکار و ڕاستگۆیی، نەرمی نواندان، ئەمانە بریتین لە خاسیەتەکانی کەسی بانگخواز، لەگەڵ خەسڵەتی سیاسی جیاوازی زۆری هەیە، کە بریتییە لە: ئەزموون، مەعریفە و ئاگاداربوون لە چۆنێتی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڵسوکەوتی سیاسی لە ناو بزووتنەوەی سیاسیدا، ئەوەی پێی دەڵێن بزاوتی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەدا، کەواتە خەسڵەتی کەسەکان جیا بوو، مەنهەجی لێکۆڵینەوەیان جیا بوو، ئەو کەسانەشی لە ناو سیاسەتدا پێ دەگەیەنرێن ناتوانن ببنە کەسێکی کارامە و کاریگەر.
لێرەدا قسە لەو نموونانە دەکەین کە بانگەواز و سیاسەت تێکەڵاو دەکەن، نموونەی ئێمە هەموو ئەو حیزبانەیە کە بانگەواز و سیاسەتیان پێکەوە تێکەڵاو کردووە، وەکو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، وەکو ئەو حیزبانەی تر کە هەموویان بانگەواز و سیاسەتیان تێکەڵاو کردووە، لەبەر ئەوە من یەکێکم لەو کەسانەی کە بانگخوازم بۆ ئەوە پێویستە حیزبی سیاسی خۆی تێکەڵاوی کاری بانگەواز نەکات، نەک بەو مانایەی خۆی لە دین دابڕنێت و واز لە دینداری بهێنێت و واز لە ئیسلامێتی خەڵکە موسڵمانەکەی بهێنێت، ئەوە بەو مانایە نییە، بانگەواز پرۆسەیە، پرۆسە پەیوەندی بە دیندارییەوە نییە، ئێمە خەریکە بە هەڵە تێدەگەین، واتە پرۆسەی بانگەواز جیاوازە لە ئایین و ئایینداری، ئەمە پرۆسەیە و خەڵک پێی هەڵدەستێت، دەڵێین ئایین گشتگیرە، ئایین هەمەگیرە و هەمەلایەنەیە، هەموو سووچ و قوژبنەکانی مرۆڤی گرتووەتەوە، لە دونیاش بۆ قیامەت، ئەمە پێی دەگوترێت گشتگیری، سیاسەتیش هەر وایە.
بۆچی دژایەتی جیاکردنەوەکە دەکرێت؟
لەبارەی ئەوەی سیاسەت و بانگەواز دوو کاری جیاوازن، دوو دونیای جیاوازە، بۆچی دژایەتی ئەم جیاکردنەوەی دەکرێت؟ بۆچی ئیسلامییەکان ئەمە وەرناگرن؟ مەولود باوەموراد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە هۆکاری زۆرە، ئیسلامیی لەبەر دوو لایەن پەسەندی ناکات، یەکەم: سەد ساڵە وا هاتووە، بزووتنەوەی ئیخوان وا دامەزراوە، دووەم بزووتنەوەی ئیخوان کە پێی دەگوترێت دایکی بزووتنەوەکان هەر بۆ خۆی بزووتنەوەیەکی بانگەوازییە، واتا سیاسەت دەکرێت بە شانییەوە، نەک سیاسەت بکات، تۆ ناتوانیت لە ناو بزووتنەوەی ئیخواندا دەست ببەیت بۆ تەرزێکی سیاسی، ئەگەر قسەیەک هەبێت، یان لەم لا وەریانگرتووە، یان کولتوورە، (ئەحکامی سوڵتانییە) و فڵان و فیسار و ئەو قسانەیە کە کراون، یان ئەوەتا لە بەرنامەی ترەوە گواستراونەتەوە، لەبەرئەوە جارێ یەکەم بۆچی دژایەتی دەکەن، لەبەر ئەوەی کولتوورە، کولتوورێکی حەرەکییە، ئەمە یەکەم هۆکارەکەی کولتوورە، دووەم هۆکارەکەی بزووتنەوەی ئیخوان – باسی ئەوان دەکەم -هەڵبەتە خۆی کە دروست بووە، بزووتنەوەیەکی ڕێکخستنە، ئەمان ناتوانن حیزبێک دروست بکەن ڕێکخستنی بێت و بانگەوازیش نەبێت، چونکە بانگەوازەکە لەسەر ڕێکخستن هاتووە، مورادیفەکانی بزووتنەوەی دەعوەی ئیخوان (الأخ، المساعد، العامل،…. تاد) کۆمەڵێک مورادیفمان هەیە، پلەکانی ڕێکخستنی دەعەویە، چونکە هەموو ناوەکان دەعەوین، ئەمە هەر لە پێشەوە هەتا دەگاتە (أخ المجاهد)، کە گەیشتە (أخ المجاهد) ئیتر ئەو کاتە دەبێتە ئەندامی شوورا، هۆکاری یەکەمیان کولتوورە هی دووەمیان ڕێکخستنە، سێیەمیشیان عەلمانییەتە، ئیسلامییەکان پێیانوایە ئەگەر ئەم بانگەواز و سیاسەتە لێک جیا بکەنەوە حیزبەکە دەبێت بە عەلمانی، چوارەم و کۆتایی کە زۆر گرنگە وەکو عەرەب دەڵێن، ئەوەیە کە ئەم بانگەوازە ئامڕازی بەدەستهێنانی جەماوەرە، ئامڕازی ڕاکێشانی خەڵکە (کسب الشعب)، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئەزموون بۆمان دەرکەوتووە سیاسەت ئەو پلەیەی ڕاکێشانی خەڵک نییە. کە لە کوردستانیش ئەم کێشەیەی هەیە، بەڵام لە جیهانی عەرەبیدا کێشەی نەبوونی هۆشیاری سیاسی زەقترە.
هەروەک مەولود باوەموراد لەبارەی ئەوەی کە هەمیشە ئیسلامییەکان بە بانگەواز دەست پێدەکەن و بە سیاسەت کۆتایی دێت، دەڵێت: ئیسلامییەکان لە سیاسەتدا لاوازن، دەپرسێت: کوا مەعریفە و بەرنامە و ئایدۆلۆجیا و دونیابینیان، تا ئێستا لە سەرکردەیەکی ئیسلامیت بیستووە لە هەموو ئەم جیهانی ئیسلامییەدا بە ئیخوان و هەموو ئەوانی ترەوە باس لەوە بکەن کە ئەمە فۆڕمی سیستمی سیاسی ئێمەیە، نەخێر، باسی خیلافە دەکەن.
دەشڵێت: دەوڵەت بە من ناگۆڕێت، دەکرێت دەوڵەتێک بکەین بە دوو کەرت، بەڵام ناتوانین دەوڵەتێک لە هیچ بهێنینە دی، کەواتە ئیسلامی نابێت داوای دەوڵەت بکات، دەوڵەت موئەسەسەیەکی ڕەمزییە، دەوڵەت بوونی نییە لەسەر ئەرزدا، دەبێت تەیاری ئیسلامی باسی چی بکات؟ باسی سیستمی سیاسی بکات، بە دەیان زانای گەورە گەورەمان هەیە، خوێندەوار و خاوەن دکتۆرا و ماستەر و بڕوانامە لە زانستی سیاسیدا، ئەوەندەی ئیخوان هەیەتی کەس نییەتی، کەچی کە دێنە سەر حوکم، دەگەڕێنەوە بۆ لای خیلافە، (قال عمر کذا..) و (قال عوسمان)، لە کاتێکدا ئێمە ئێستا پێویستمان بە شتێکی تر هەیە، کە سیستمی سیاسییە، بۆیە هەر پرەنسیپ و ئایدۆلۆجیایەک قسە لەسەر سیستمی سیاسی نەکات و فۆڕمەڵەی نەکات و ئامادەی نەکات و نەیسازێنێت، ئەوا هیچی پێ نییە، کەواتە ڕەوتی ئیسلامی تا ئێستا نازانێت بۆچی حیزبێکی سیاسی دروست بکات، لەبەر ئەوەیە کە نازانێت قسە لەسەر ئەم بابەتە بکات، بێگومان دەوڵەت ناگۆڕێت، ئەوە سەددام و عارف و بەکر و فڵان ڕۆیشت، بەڵام ئەوەی دەگۆڕێت سیستمی سیاسییە.
لە کوردستان جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت نوێیە
ئارام قادر لەبارەی پرسی جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت کە سەرەتا ئیسلامییەکان لە بانگەوازەوە دەستیان پێکرد و دواجار چوونە ناو کایە سیاسییەکانەوە، تەنانەت هەندێک مامۆستای ئایینی و بانگخواز لەو پێگەیەوە توانیان بگەنە پۆستی سیاسی، دەڵێت: ئەم بابەتە جیاکردنەوەی بانگەواز لە سیاسەت، بیروبۆچوونێکە، تا ڕادەیەک نوێیە لە کوردستاندا و گەنگەشە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەندە لە (2016) ەوە خەریکی ئەم پڕۆژەیەم، بەڵام لە وڵاتی سوودان لە شەستەکانەوە خەریکی ئەم باسەن، لە توونس لە هەشتاکانەوە ئەم باسە بوونی هەیە، لە تورکیا لە شەستەکانەوە خەریکی ئەم بابەتەن، لە مەغریب هەروەها، لەبەر چەندین هۆکاری ڕۆشنبیری و فیکری و بارودۆخی عێراق ئەم بابەتە وەکو زۆر بابەتی تر درەنگ گەیشتووەتە کوردستان، کاتێک ئێمە خەریکی کاری ئیسلامی بووین لە کوردستاندا ئاگامان لە دونیای دەرەوە نەبوو کە چ باسە، چ بابەتێک بووەتە ململانێیەکی فیکری، کاتێک ئەم بابەتە باس دەکەین ئەمە بۆ لێدانی حیزبە ئیسلامییەکان نییە، پێویست ناکات حیزبە ئیسلامییەکان وا بیر بکەنەوە، بۆ نموونە یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە لاواز بکەین، بەڕاستی ئەمە بریتییە لە ئیجتیهادێک، لە بیروبۆچوونێک، کە چەندین بیرمەند، چەندین زانا، چەندین خەڵک لەوە و پێش پێیگەیشتوون، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکە، کە لە ڕابردوودا کراوە، زۆر زۆر ئاسایییە لە فیکری نەتەوەییدا، لە فیکری سۆسیالیستیدا، لە فیکری لیبراڵیدا چەندین هەڵە کراوە و ڕاستکراوەتەوە، بە هەمان شێوە، لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانیشدا ئیجتیهاد کراوە، بیر و بۆچوون دەربڕاوە، کارکراوە، دەبێت ئێستا ڕاست بکرێنەوە، دووبارەی دەکەمەوە ئەمە بۆ لێدان و لاوازکردنی حیزبە ئیسلامییەکان نییە، کە دەڵێین جیاکردنەوەی حیزب لە سیاسەت بریتییە لەوەی دین بۆ هەموو خەڵکییە، بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانیشەوە، بەڵام حیزب بۆ نوخبەیە، پێویستە ئێمە ئەمە جیا بکەینەوە.
ئارام قادر پێشنیاز دەکات کە دەبێت ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی خەریکی بانگەواز بن، خەریکی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنی خەڵک بن بۆ ئیسلام، بانگەوازی خەڵک بکەن بۆ ناو دینی ئیسلام، ئەمە ئیشی ئەوانە، ئیشی مامۆستایانی ئایینییە، ئەو کەسانەیە کە گرنگی بە پەروەردە و ڕۆشنبیری ئیسلامی دەدەن، گرنگی بە کولتوور و فەرهەنگ دەدەن. بەڵام ئەوانە حەز و ویستیان بۆ سیاسەت هەیە، یان خەریکی سیاسەتن، ئەوانە دەبێت حیزبی سیاسی پێکبهێنن، دەتوانرێت حیزبی سیاسی لەسەر بنەمای ژینگە پێکبێنی، لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی پێکیبێنی، لە هەموو دونیا بەوە شێوەیەیە، لە ئەوروپا تەنها نوخبەیەک خەریکی سیاسەتە، خەڵکی تر لە کاتی دەنگداندا دەڕوات دەنگ دەدات، ناکرێت هەموو خەڵک داخڵی سیاسەت بکەیت، بۆیە زیانێکی زۆر گەورەمان لە تێکەڵکردنی سیاسەت لەگەڵ بانگەواز کردووە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی چەندین خەڵک هەبووە کە بووە بە پەرلەمانتار، مامۆستای ئایینی، یان وەزیر، بیانەوێت و نەیانەوێت تووشی گەندەڵی بوون، تووشی پارە خۆری بوون، تووشی کۆمەڵێک لادان بوون، تەنانەت لە دینەکە خۆی، بۆ نموونە دینەکە داوای دادگەرییە، دینی ئیسلام داوای دادگەری دەکات، دینی ئیسلام داوای دەستپاکی دەکات، دینی ئیسلام باسی خێر و چاکە و ڕاستگۆیی و خزمەتکردنی خەڵک دەکات، ئەمانەیان نەکردووە، لەبەر ئەوە دەبینی ئێستا زۆر مەلا هەبووە پێش ئەوەی ببێت بە پەرلەمانتار مزگەوتەکەی جێگەی خەڵک نەبووەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بۆ بە پەرلەمانتار، ئابڕووی چووە، حەیای چووە، بۆ؟ چونکە ئەمە داخڵی سیاسەت کراوە. بە هەمان شێوە لە هەولێر لە بەغدا، لەملاولا، لەبەرئەوە بەڕاستی ئێمە پێویستە ئاگامان لەوە بێ ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی زۆریان کردووە لەوەی کە داخڵی سیاسەت بوون.
ئارام قادر دەشڵێت: کاتێک حیزبە ئیسلامییەکان هەڵوێستێک دەنوێنن، یان قسەیەک دەکەن، یان شتێک دەکەن، خەڵک قسە بە حیزبە ئیسلامییەکە ناڵێت، قسە بە ئیسلام دەڵێت، چونکە خەڵکەکە بە گشتی وا بیر دەکاتەوە کە ئەم حیزبە ئیسلامییە بە تەواوەتی ئیسلام لەم حیزبەدا ڕەنگ بداتەوە، کە بێگومان شتی وا نابێت، لەبەرئەوە هەمیشە ئیسلام لەوێدا زیان دەکات. بەڵام کە بانگەوازت کردە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی، یان سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە، یان سەنتەرێکی ڕۆشنبیری، خەڵک پەروەردە دەکات لەسەر دەستپاکی، لە دژی زوڵم و گەندەڵی و خراپە، کاتێک دەڕوات بۆ دەنگدان دەنگ دەدا بە کەسێک کە دەستپاک بێ، واتا جیاکردنەوەی بانگەواز لە سیاسەت ئەوە نییە بڵێیت دەمانەوێت دین لە سیاسەت جیا بکەینەوە، نەخێر، دەمانەوێت ڕێکیبخەین، واتە ڕێکخستنی بانگەواز لەگەڵ سیاسەتدا؟ چونکە ئەم دوو وشە زۆر زۆر جیاوازن بانگەواز لە سیاسەت، کە جیای دەکەیتەوە، جیاکردنەوە نییە، بەڵکو ڕێکخستنە، بانگەواز دەخرێتە چوارچێوەیەکی مەدەنی، کەواتە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کار دەکات بۆ ڕۆشنبیرکردنی خەڵک، بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک، بۆ ئەوەی دژی ستەم، دژی گەندەڵی، دژی خراپە بێت.
ئارام قادر ڕەتیدەکاتەوە هەندێک دامەزراوە لە دەرەوەی حیزبە ئیسلامییەکان وەکو سەلەفییەکان، سۆفی، مەکتەب قورئان، کە جۆرێک لە بانگەواز دەکەن، ببنە ئەلتەرناتیڤی ئیسلامییەکان، کە بانگەواز و سیاسەتیان تێکەڵ کردووە؟ دەشڵێت: ئەوانە نابنە ئەڵتەرناتیڤی ئیسلامییەکان، چونکە ڕەوتە سەلەفییەکە، یاخود ڕەوتە سۆفییەکان وەکو حیزبە ئیسلامییەکانیان لێهاتووە، مەبەستم ئەوەیە کە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دروست بکرێت و خەریکی بانگەواز بێت، دەبێت بە شێوەیەکی گشتی سەیری خەڵک بکات، بۆ نموونە خەڵکی پارتی و یەکێتی و تەنانەت شیوعیش هەیە نوێژ دەکات، ڕێکخستنی بانگەواز و سیاسەت واتە عیلمانی و بێ دینی ناگەیەنێت، بەڵکو بریتییە لەوەی کە حیزبێکی مەدەنی پێکدێنیت، واتە ئازادی دەدەیت بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بانگەواز بکەن، ئازادی دەدەیت بە ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کە بانگەوازی خۆیان بکەن، بەڵکو من پاڵپشتی بانگەواز و ڕەوت و ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەم، کە بانگەواز بکات، چونکە بەشێکی زۆر ئیشی سیاسی من، ئەوان دەیکەن، کە بریتییە لە وشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگە، بریتییە لەوەی کە پەرە بە ڕەوشت دەدەن، چونکە تۆ کەسێکت پەروەردە کرد بە پەروەردەیەکی ئەخلاقی، گەندەڵی ناکات، خراپە ناکات، واسیتە ناکات، بەرتیل ناخوات، کەواتە تۆ یارمەتی ئەوەت داوە.
ئارام قادر جەخت دەکاتەوە کە سیاسەت و بانگەواز دوو وەزیفەی جیاوازن، بۆ دوو چینی جیاواز، سیاسەت بۆ نوخبەیە، بەڵام دین بۆ هەموو خەڵکە، بە نوخبەکەشەوە، ڕێکخستنی بانگەواز لەگەڵ سیاسەت، واتای ئەوە نییە کە منی سیاسی لە دین دادەبڕێم، یان واز لە دین دەهێنم، یان خۆم دوور دەخەمەوە لە دین، نەخێر، من هەر موسڵمانم و لە جاران باشتر پابەند دەبم بە دینەوە، بەڵام خەریکی کاری سیاسیم، بۆ نموونە حیزبێکی ڕۆشنبیری دروست دەکەم، ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، بەڵام بە جۆرێکی تر، دەوڵەتی ئەیووبی، دەوڵەتی موەحدین، دەوڵەتی عەباسی، دەوڵەتی ئەمەوی، ئەمە دەوڵەتێکی مەدەنی بوون، لەو لاوە دینیان چۆن خستە کار، دادوەرێکیان داناوە کە حوکم بکات، ئەوە بەشی دینەکەی، ئینجا زانا هەبووە خەریکی پەروەردەکردنی خەڵک و ڕۆشنبیری بووە، ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مێژوو، گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵەکە، ئەمە قووڵایییەکی لە ناو مێژوودا هەیە، لە خۆرئاوادا دین سیاسەتی قووت دابوو، واتە کەنیسە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی کردبوو، تەنانەت بە سەر پاشادا، لە خۆرهەڵات وا نەبوو، سیاسەت لەگەڵ دیندا کاری ڕێکخستبوو، بەڵام بە جۆرێکی دیکە، زۆر جار ستەم و زوڵم ڕوویداوە، کێ دژی زوڵمەکە وەستاوە؟ زاناکان، تەنانەت شۆڕشیان کردووە، هەتا شۆڕشی چەکدارییان کردووە، بۆ نموونە حاکم هەبووە زانایەکی بانگ کردووە وتویەتی ئامۆژگاریم بکە، ئەمەیە ڕۆڵی دین، واتە دین ئاڕاستەی سیاسەت دەکات بە شێوەیەک کە زوڵم، ستەم و خراپە نەبێت، ئەگەر لادان بوو، خێرا بێدارمان بکاتەوە، ئەوەیە ئیشی ڕۆشنبیر و زاناکان.
دەبێت دواجار بانگەواز و سیاسەت لە یەک جیا بکرێنەوە
ئارام قادر بەو پەڕی دڵنیایییەوە دەڵێت: بەردەوامبوون لە تێکەڵاوبوونی بانگەواز و سیاسەت لە کوردستان زیان بە هێزە ئیسلامییەکان و خودی بانگەوازیش دەگەیەنێت کە ماوەیەکی زۆرە ئەم حیزبە ئیسلامییانە بەو شێوەیە هاتوون و خەڵکیان پەروەردە کردووە، بەڵام ماوەیەکی پێدەچێت بۆ ئەوەی ئەم فیکرەیە (جیاکردنەوەی بانگەواز لە سیاسەت) بچەسپێت، بەدڵنیایییەوە ڕێکخستنەوەی بانگەواز لەگەڵ سیاسەتدا لە کوردستاندا جێگەی خۆی دەگرێت، بۆ نموونە باسی تورکیا دەکەین، تورکیا دراوسێمانە، ئەوە حیزبێکە، بۆ نموونە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هەموو ئیسلامییەکان بە شان و باڵی ئەودا هەڵدەدەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی دینی نەکردووە، حیزبی داد و گەشەپێدان پاشخانێکی ئیسلامی هەیە، بەڵام لە (2001) ەوە لە حوکمدایە، ئێستاش خواستی هەیە بەردەوام بێت لەسەر حوکم، بەڵام دەرگای کردووەتەوە و مزگەوت دروست دەکرێت، ئەوقافی ئیسلامی دادەمەزرێت، بانگەواز زیاد دەکات، ئەمە باشترینە، لەبەر ئەوە ئێمە دەڵێین ئەگەر بێتو ئەم ڕێکخستنە دروست نەکرێت، حیزبە ئیسلامییەکان زیانێکی زۆر دەکەن، بانگەواز زیانی پێدەگات، لەبەر ئەوە ئەو ڕێکخستنە تا زووتر بکرێت باشترە بۆ حیزبە ئیسلامییەکان و باشترە بۆ بانگەوازیش، بەڵام هەتا درەنگتر بکرێت، بۆ نموونە ئەم فیکرەیە کە بەندە لە (2016) ەوە و پێشتر لە ناو کۆمەڵدا بووم، زۆر گفتوگۆی ئەم شتانەمان کردووە و داکۆکیم دەکرد کە کۆمەڵی ئیسلامی بەرەو ئەم ئاڕاستەیە بڕوات، بەڵام برادەرەکانی ئێمە ئەو فیکرە و بیروبۆچوونەیان لا پەسەند نەبوو، لەبەر ئەوە بە ناچاری بەندە هاتمە دەرەوە بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیەی خۆم تەبەنی بکەم، ئێستاش نەبێت، دە ساڵی دیکە، پانزە ساڵی دیکەش بێت، دەبێت ئیسلامییەکان بێنە سەر ئەم بەرنامەیە، بەڵام هەتا درەنگتر بێ زیانی زیاترە.
ئەڵتەرناتیڤی گونجاو چییە؟
مەلود باوەموراد ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک ئیسلامییەک چووە ناو پرۆسەی سیاسییەوە تێدەگات سروشتی سیاسەت بریتییە لە دەسەڵات، هێز، حوکمڕانی، نفوز، ئەمە سروشتی سیاسەتە لە هەموو شوێنێکدا، سروشتی بانگەوازیش پرۆسەیە، بریتییە لە هەوڵی ئەو مرۆڤانەی کە هەم خوداپەرستن و هەم یەکتاپەرستن و هەم خەڵکانێکی پابەندن بە دروشمەکانی خوداپەرستی و بە ئەخلاقی دین، لەبەرئەوە ئەم دوو سروشتە ئاسمان و ڕێسمان جیاوازییان هەیە، ناکۆکی نێوان ئەم دوو چەمکە لە پێناسەوە دەستپێدەکات، پێناسەی سیاسەت بە چوار شت دەکرێت،: پێناسەی فەلسەفی، سیاسەت بە دەوڵەت، سیاسەت بە دەسەڵات و سیاسەت بە بڕیار، ئیتر لە ئەفلاتوونەوە تاکو ئەمڕۆ بگەڕێ، تاوەکو فەیلەسوفانی هاوچەرخ کەسێک نییە لەمە زیاتری وتبێت، ئەی پێناسەی بانگەواز چییە؟ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئایین بە هەموو کەسێکی عاقڵی پێگەیشتوو، ئەمە پێناسەی بانگەوازە، هەڵبەت پێناسەی دیکەش هەیە؟ کەواتە دەبێت کەسەکە عاقڵیش بێ و پێگەیشتووش بێ، ئینجا مەرجی ئەوەی کەوا سیاسەت بکات چییە، ئەوەش قسە زۆر هەڵدەگرێت، ئەوەی کە پێویستە سیاسەت بکات پێویستە لەو کەسانە بێ کە یەکەم هاووڵاتیی بێ لە پێش هەموو شتێکەوە، دووەم تەمەنی یاسایی بێ، سێیەم و چوارەم ئەوەیە کە ئەو مەرجانەی دانراوە کە بۆ هەر پرۆسەیەکی سیاسی ئەو بگرێتەوە، بۆ نموونە بتوانێت دەنگ بدات، ئامڕازەکانی سیاسەت سیانن: یەکەم بریتییە لە حکومەت، حکومەت ئامڕازێکی گەورەی سیاسییە، دووەم بریتییە لە پارتەکان، سێیەم بریتییە لە ڕایگشتی، ئیتر لە دوای ئەوە ئەگەر لقیشی لێ بکەینەوە. چوارەم بریتییە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
ئەی ئامڕازی بانگەواز چییە؟ ئامڕازی کەلامییە (یا أیها الرسول بلغ ما أنزل الیک) واتە بەمە قسە بکە، بانگ بکە، کەواتە کەرەستەی بانگەواز بریتییە لە وتار، ئەوەیە کە ئامڕازی قسەکردنە، دوای ئەوە ئامڕازی نووسینە، قورئان زۆر باسی نووسین دەکات، سێیەمیش باسی قسە و دەنگ و ڕەنگ.
هەروەها ئارام قادر لەبارەی ئەڵتەرناتیڤەوە دەڵێت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەبینن، ئێستا بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەم سەنتەرەی ئێوە کە سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەیە، هەتا سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان بایەخی زۆر بەم بابەتە بدەن، بێگومان کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت، خەڵک زیاتر هۆشیار دەبێتەوە، خەڵک زیاتر باوەڕی بەم مەسەلەیە دەبێت، چونکە لە فیکرەوە دەست پێ دەکەیت، دوایی دەبێت بە کردار، لەبەر ئەوە ئەم سەنتەرە، ڕێکخراوەکان، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان، سەنتەرە لێکۆڵینەوەکان، ئەمانە پێویستە بایەخێکی زۆر زۆر بدەن بەم مەسەلەیە، چونکە ئەمە مەسەلەیەکە گرنگی زۆری هەیە، ئەگەر بیر بکەیتەوە لە داهاتوودا چۆن توندڕەوی نەهێڵین، دەبێت بەم ڕێگەیە بیری لێ بکەیتەوە، لەبەر ئەوە ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە، یەکێک لەوانە دەبێت بە حیزبە ئیسلامییەکان بوترێت مەترسن، بە بێ (دین) یش دەتوانن جەماوەر بۆ خۆتان ڕابکێشن، بۆ نموونە حیزبی داد و گەشەپێدان لە تورکیا بۆچی زۆرینەی دەنگی هێناوە؟ ئەی بۆچی حیزبێکی تر ناتوانیت زۆرینە بهێنیت؟
مەترسییەکە لە کوێدایە؟
ئێستا حیزبە ئیسلامییەکان لەوە دەترسن ئەگەر بانگەواز و سیاسەت لێک جیا بکەنەوە ئیتر کاریان نامێنێت، یان داهاتوویەکیان نییە؟ مەولود باوەموراد دەڵێت: لە ڕاستیدا کۆمەڵێک مۆدێلم موناقەشە کردووە، وەکو مۆدێلی ئەوەی حیزبەکە خۆی بمێنێت و خۆی سەرکردایەتییەک دروست بکات، لە پاڵ خۆیدا، حیزبێکی هاوتەریب بە خۆی دروست بکات وەکو حیزبی ئیسلامی عێراقی، کە هەرچەند زۆر دووریش بوو لە سەرکردایەتی ئیخوانی، وەکو حیزبی داد و ئازادی میسر، کە سەرکردایەتی هاوبەش بوو تێیاندا، بەڵام مۆدێلی سەرکەوتوو تاکو ئێستا ئەو مۆدێلەیە کە حیزبەکە دروست بووە و دەیەوێت ئەم شتە جیا بکاتەوە، ڕێکخراوێکی کۆمەڵگە مەدەنی دروست بکات بە ڕێککەوتنی سەرکردایەتییەکەی، هەر دوو لایان پێکبێن، دەبێت لێکجیاکردنەوەکە بە بڕیارێکی سەد لەسەدی سەرکردایەتی بێت، ئەو کات دەتوانین بڵێین کە بانگەواز و سیاسەت لەم حیزبەدا بە کردەوە لێک جیا کراوەتەوە، تێگەیشتین کە دوو پرۆسەیە، دوو مەنهەجە، دوو تیگەیشتنە، دوو کارە، دوو دونیایە، دوو جیهانبینییە، ئێمە ئەم شتە لێک جیا دەکەینەوە، دەبێت هاوڕابین، پاشان ئەمە دەکەنە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، دین خۆی بە ڕێکخراوێکی مەدەنی دەڕوات بەڕێوە، ئێستا ئەگەر پارتی ئیسلامیش نەبێت ئێمە دینی ڕەسمیمان هەیە، مەلا، ئەوقاف و وەزارەتمان هەیە، بە سەدان مەلا لە ئەوقاف سەلەفین و دیندارن پەیوەندییان بە پارتی و یەکێتییەوە نییە، دیندارییەکی پوخت و پاک دەکەن، دین هی خەڵکە، حیزب ناوی خۆی تۆمار دەکات وەکو حیزبێکی نوێ، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی تۆمار بکات وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و کاری بانگەواز بکات، هەر پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان ئەم دوانە مایەوە ئەو کاتە پێی ناوترێت لێکجیاکردنەوە.
دەشڵێت: وەختی خۆی پێشنیارێکم بۆ کردوون، لە یەکێک لە کتێبەکانمدا نووسیومە، ڕەوتی ئیسلامی، پێویستی بە چی هەیە؟ پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی. پەیڕەو کێشە نییە، بەڵام ئەوەی کێشەیە پرۆگرامە، پەیڕەو دەڵێت ئەمە لقە و ناوچەیە و مەڵبەندە و چییە و چییە، تا دێتە سەر شانە، ئینجا ڕێکخستنی مەکتەبەکان، بەڵام کێشە پرۆگرامە، حیزب پرۆگرامی پێویستە (البرنامج)، یا (البرنامج السیاسی).
پرۆگرام لە ڕووی دینییەوە بۆ ئەوەیە حیزب پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دیندا هەبێت، خۆ قورئان باسی حکومەت ناکات، قورئان باسی سیاسەت ناکات، قورئان باسی ئەم شتانە ناکات، ئەی قورئان باسی چی دەکات؟ باسی قووڵتر لە حکومەت دەکات، قووڵتر لە سیاسەت، چونکە سیاسەت بە گشتیی بریتییە لە کۆمەڵێک دامەزراوە و کەس و بەهاکان، هەڵبەت مرۆڤەکان دەمرن دامەزراوەکانیش دەڕووخێن، ئەوەی دەمێنێتەوە بەهایە (القیم)، قورئان لە سیاسەتدا باسی بەهای کردووە بە گشتی، سیستمێکی بەهاییە، سیستمێکی مەبادیئییە.
حیزبی ئیسلامی ئەگەر دەیەوێت حیزب دروست بکات و پرۆگرامەکەی لەسەر چی بنووسێتەوە؟ لەسەر بەها و پرەنسیپی ئیسلامی، ئەی بەهای ئیسلامی وەکو چی؟ کە هەموومان لەبەرمانە، وەکو شکۆ، دادپەروەری و دادگەری، شورا، برایەتی… تاد.
ئینجا مەبادیئی دین، ئینجا ڕێساکانی ئوسووڵی فیقهـ، ڕێسایەکی زۆر زێڕینی هەیە پێی دەوترێت (المصلحة)، ئینجا ئەزموونی گەلانی سەرکەوتوو، ئەزموونی مرۆڤەکان کە دەوڵەتیان دروست کردووە، حکومەتیان دروست کردووە، خۆ حکومەت نەبەستراو بە ئێمەوە، ئەسڵەن مەبدەئی خیلافە، مەبدەئی هەموو مرۆڤایەتییە نەک هەر مرۆڤی موسڵمان، لەبەرئەوە ئەگەر حیزبی ئیسلامی دەیەوێت شتێک بکات، با پەیڕەو و پرۆگرامەکەی لەسەر بەهای ئیسلامی دابڕێژێت، لەسەر پرەنسیپی گشتی ئیسلامی دایبڕێژێت، لەسەر ڕێسای ئوسووڵ و ڕێسای فیقهـ دایبڕێژێت، با سوود لەو ئەزموونە زیندووە سەرکەوتووانەی مرۆڤایەتی وەربگرێت، سوید و ئەمەریکا و ڕووسەکان ئەزموونی باشیان هەیە لە دادپەروەریدا، ئەمەریکاییەکان ئەزموونی باشیان هەیە لە ئازادیدا، سویدییەکان ئەزموونی باشیان هەیە لە سۆسیال دیموکرات، واتە دادپەروەری و ئازادی، هەموویان پێکەوە دەتوانن بەرنامەیەک داڕێژن.