ستراتیژی دوای هەڵبژاردن و سیاسەتی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نوسینی: بورهانەدین دوڕان(Bürhanettin Duran)
وەرگێڕانی: لاڤە ڕەسوڵ
زۆرێک لە پرسەکانی وەک ناسنامە، دابەشکردنی داهات، سیستەمی سیاسی، دیموکراسیو پێگەی تورکیا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا لە بەردەستن بۆ بەرهەمهێنانی چەندین گوتاری ڕکابەر لە ژێر ناونیشانی دەستووری نوێ دا. داینامیزمی وڵات لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵناسیو نادڵنیاییەکانی جیهانی داهاتوودا، دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن ناچاردەکات سیاسەتی نوێی کاریگەر دروستبکەن.
پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری ئەمساڵی تورکیا، نەخشەڕێیەک بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەدەکەن، ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە تورکیا دەچێتەناو ژینگەیەکی نوێوە، کە ڕکابەریی بەرهەمهێنانی سیاسەت خێراتردەبێت. بێگومان ئەم ژینگەیە لەلایەن هەردوو سیاسەتی حیزبو ڕێڕەوی ئابوورییەوە ڕەنگدانەوەی پێشهاتەکانی سیاسەتی دەرەوە لە سەر تورکیا لەقاڵبدەدرێت. شێوازی سیاسیی نوێو دەستپێشخەرییەکانی جەهەپە، کە متمانەبەخۆبوونی لە بەرزبوونەوەدایە، ئەو ڕێگەیەی کە حکومەت بەدوایدادەکەوێت، کۆنگرەی پارتی باش (İYİ Parti)و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ پارتەکەو جێبەجێکردنی سیاسەتی بلۆک لەلایەن سەرۆکی نوێوە، ئەوەی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەو شارەوانییانەی بەدەستیهێناوە، جێبەجێیدەیکات، لە سەرەوەی ئەجێندای سیاسی دەبێت.
گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، قەیرانی غەززە، شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا، ئۆپراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە عێراق، کۆبوونەوەی ئەردۆگانو بایدن، سەردانەکەی پوتن بۆ تورکیاو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا؛ وەک بابەتگەلێکی شیاو دەردەکەون، کە لەوانەیە کاریگەرییان لە سەر سیاسەتی ناوخۆی تورکیا هەبێت.
زۆرێک لە پرسەکانی وەک ناسنامە، دابەشکردنی داهات، سیستەمی سیاسی، دیموکراسیو پێگەی تورکیا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا کاندیدن بۆ بەرهەمهێنانی چەندین گوتاری ڕکابەر لە ژێر ناونیشانی دەستووری نوێ دا. داینامیزمی وڵات لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵناسیو نادڵنیاییەکانی جیهانی داهاتوودا حکومەتو ئۆپۆزسیۆن ناچاردەکات سیاسەتی نوێی کاریگەر دروستبکەن. هەروەها کۆی ئەوانە دەتوانێت بە ئاڵنگاریی نوێی سیاسەت ناوببات. لە یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا دوای هەڵبژاردنەکان، ئەردۆگان گوتارێکی پێشکەشکرد، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کرد چۆن لە هەڵبژاردنەوە فێرببنو نوێببنەوە . ئەردۆگان، کە بە توندی دەستی بە هاوپەیمانیی کۆمارەوە گرتووە، مۆراڵو ئومێدی لە حزبو دەنگدەرانی چاندووە. گوتارەکەی بە ئیرادەی نوێبوونەوەو خەباتو خزمەتکردنی میللەت کۆکرایەوە. ئەردۆگان جەختیکردەوە لە سەر بەخۆداچوونەوەو ئەو نوێکردنەوەیەی کە پێویستەو ڕێگرییکرد لەوەی ڕەخنەی خودی لە ئاکپارتیو بەرپرسانی، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەی گشتگیرو ڕاستگۆو بوێرانە بەڕێوەدەچێت، بە ئاڕاستەیەکی نەرێنیدا ببرێتو دژی پارتەکەی بەکاربهێنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەیش کردووە کە هیچ کات لە هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی تورکیا دەستبەردارنابن.
لە لایەکی دیکەوە، گوتارەکەی ئەردۆگان پەیامی هەستیاریی بۆ ئۆپۆزسیۆن لەخۆگرتبوو. ئەردۆگان لە ڕێگەی بەکارهێنانی لە ئاستی فەرمانڕەوایی ناوەندیو سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەماندا، هەروەها لە ئاستی شارەوانییەکانو حکومەتە خۆجێییەکاندا لە (٨١) پارێزگای تورکیا تەنها یەک دەسەڵاتدار هەیە وەو پاشان لە بەکارهێنانی ئەم ڕستانەی خوارەوەدا ئۆپۆزسیۆنی بەئامانجگرتبوو، هەر ئەمەیش سیاسەتی داهاتووی بەرەی دەسەڵاتدار بەرانبەر بە ئۆپۆزسیۆن لەخۆدەگرێت.
ئێمە لە پێناوی خەرجکردنی سەرچاوەکانی شارە جیاوازەکانماندا بۆ خەڵکی ئەو شارانە خۆیان نەک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان و ئاژانسەکانی ڕیکلامو ئەوانەی چاویانبڕیوەتە سەروەتو سامانی هاوڵاتیانمان، ئەوەی پێویست بێت، دەیکەین. بە دڵنیاییەوە ڕێگەنادەین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز جارێکی دیکە دەست بە سەر شارەکانمانو هاوڵاتیانماندا بگرێت.
ئەردۆگان جەختی لەوە کردوە کە هەندێک کەس، بە شێوەی خۆیان، هەوڵدەدەن پێکهاتەیەکی دوانە لە تورکیا، وەک حکومەتی ناوخۆیی و حکومەتی ناوەندی ، دابمەزرێنن. لە (٨١) پارێزگاکەماندا تەنها یەک حکومەت هەیە، ئەویش سەرۆکو کابینەکەیە کە خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی (١٤ – ٢٨)ی ئایاری (٢٠٢٣)دا ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێسپاردووە.
هەروەها چۆنیەتیی پێکهاتنی ڕێڕەوی سیاسەت لە تورکیا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەوە دیاریدەکرێت کە جەهەپە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی وڵاتی گرتووە، چی دەکاتو چی ناکات؟ ڕێزگرتن لە دەسەڵاتو ئەنجامدانی گفتوگۆو ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر ، واتە شێوازێکی نوێی سیاسەت پیشاندەدات یاخود نا. لە لایەکەوە جەهەپە دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتدا گفتوگۆ لە سەر کێشە سەرەکییەکانی وڵات بکاتو پێشنیارو ڕێگەچارە پێشکەشبکات، لە لایەکی دیکەیشەوە ئامانجی ئەوەیە ببێتە دەنگی چینو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەو هاودەمی کێشەکانیان بێت. ئەم گوتارانە ئەوە پیشاندەدەن کە مەیدانی سیاسەت لە تورکیا زۆر گەرموگوڕ دەبێت. گوتاری نوێی ئۆزگیور ئۆزێل؛ سەرۆکی جەهەپە، سەبارەت بە دۆزی فەڵەستینو نیازی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ چوونەناو کێشمەکێشمی سیاسەتی دەرەوە، نیەتی جەهەپە بۆ نوێکردنەوەی گوتاری حیزبی لە هەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا نیشاندەدات. ئەم ئامادەکارییانەی ئاکپارتیو جەهەپە بۆ خێراکردنی کێبڕکێی سیاسەت نیشانەی ئەوەیە کە دیموکراسی لە تورکیا بەهێزتردەبێت، ئەمەیش زۆر گونجاو دەبێت بۆ ژینگەی دوای هەڵبژاردن لە دیالۆگو گفتوگۆی گشتگیر بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆسەیەکی گفتوگۆئامێزی بونیادنەر بۆ کێشەکانی وڵات. گفتوگۆ لە سەر دەستووری نوێ دەکرێت، بە شێوەیەک بکرێت کە بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بکات. چۆنیەتیی مامەڵەکردنی جەهەپە لەگەڵ ئەنجامەکانی سیاسەتی ئابووریی حکومەتو ڕێکارە کارگێڕییەکانی دەمپارتی لە شارەوانییەکانو ئۆپراسیۆنی دژی پەکەکە لە عێراق یەکەم دەرفەتو مەیدانی تاقیکردنەوە دەبێت بۆ ئەو حیزبە. بەم جۆرە بە دڵنیاییەوە ململانێی سیاسی بەهێزترو توندتریشدەبێت.
لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پارتی باش (İyi Parti)دا ڕودەدات. لە (۲۸)ی نیسان، موساڤات دێرڤیش ئۆغڵو لە کۆنگرەی نائاسایی پارتی باش وەک سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردرا. دێرڤیش ئۆغڵو، کە ماوەیەک سەرۆکی ئولکو ئۆجاکلاری بووە، لێپرسراوی لقی ئیزمیری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بووە، ساڵی (٢٠١٢) کاندید بووە بۆ سەرۆکایەتیی مەهەپە، جێگری سەرۆکی پارتی باشو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە بووە لە پەرلەمانی تورکیا، بە پشتیوانیی سەرۆکی پێشووی پارتی باش مێرال ئاکشەنەر، بەڕێوەبردنی پڕۆسەیەکی سەختی لەئەستۆگرتووە. هەڵبەت بەشداریکردنی ئاکشەنەر لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەی، بەڵام خۆکاندیدنەکردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەو حیزبە، پەیوەندیی بە شکستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٣١)ی ئاداری ئەمساڵەوە هەیە، کە تەنها (٣.٧٦٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
پەیڕەوکردنی سیاسەتی هاوپەیمانی لە ساڵەکانی (٢٠١٩)و (٢٠٢٣)ی پارتی باش، کە لە سەر هێڵێکی مەترسیدار دامەزراوە، لە سەردەمی ئاکشەنەردا هیچ خێرێکی بۆ ئەم حیزبە نەبوو. چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣) بەجێهێشتنی مێزی شەش_قۆڵیو هاوپەیمانیی میللەت لەلایەن سەرۆکی پارتی باشەوەو دوای کەمتر لە (٢٤) کاژێر گەڕانەوەی بۆ سەر هەمان مێز، ئەو پارتە سیاسییەی بە تەواوی هاڕی. هەروەها وەک پارتە ڕاستڕەوەکانی تری پێهێنەری هاوپەیمانیی میللەت، بە هۆی هاوپەیمانییەوە لەگەڵ جەهەپەدا دەنگدەرەکانی لەدەستدا. جگە لەوەیش، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو بۆ ئەوەی جەهەپە دەنگی چینو توێژە ڕاستڕەوەکانی شارە ناەندییەکانی تورکیا ڕابکێشێت، لە هەمان کاتدا دەرفەتێکی بۆ سەرۆکی شارەوانییەکانی وەک ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو مەنسور یاڤاش ڕەخساند، کە سەرەڕای دەسەڵاتی پارتی باش، مەیلی دەنگدەر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، قەیرانی غەززە، شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا، ئۆپراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە عێراق، کۆبوونەوەی ئەردۆگانو بایدن، سەردانەکەی پوتن بۆ تورکیاو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا، وەک بابەتگەلێکی شیاو دەردەکەون، کە لەوانەیە کاریگەرییان لە سەر سیاسەتی ناوخۆی تورکیا هەبێت.
لە ڕاستیدا مەترسییە سەرەکییەکەی بەردەم پێگەی پارتی باش لە ناو چینو توێژی ڕاستڕەوی تورکیادا لە ماوەی سەرۆکایەتیی موساڤات دارڤیش ئۆغڵوو سیاسەتی ئۆزگیور ئۆزێلی سەرۆکی جەهەپەیە، هەر ئەمەیش مەترسیی جیابوونەوەی سێیەم لە پارتی باشدا دەهێنێتەئاراوە. وەک دەردەکەوێت، ئۆزێل دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە لەلایەن پشتیوانانی بیرۆکەی دامەزراندنی هێڵی سێیەمەوە، واتە بەدەر لە هاوپەیمانیی کۆمارو هاوپەیمانیی میللەت بە دووی ڕێگەی سێیەمدا دەگەڕێن. بە واتایەکی دیکە، سەرۆکی جەهەپە دەیەوێت ئەو مەیدانە پڕبکاتەوە کە لەلایەن پارتی باشو پارتە ڕاستڕەوەکانی دیکەوە هەوڵی پڕکردنەوەو سەرنجڕاکێشانی دەنگدەرەکانی دەدرێت. ئەگەر موساڤات دارڤیش ئۆغڵوی سەرۆکی پارتی باش بەردەوامببێت لە جێبەجێکردنی ئەو گوتەو سیاسەتەی کە لە کۆنگرەی پارتەکەیدا پێشکەشیکرد، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێزە تایبەتەی ئۆزگیور ئۆزێل بەهەدەردەڕوات کە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆککۆماری نیشاندا لە چاوپێکەتنەکەی لەگەڵ ناوبراودا لە کۆشکی کۆماریی تورکیا.
سەرەڕای هەموو ئەو گرێوگۆڵانەی لە بەردەمیدایە، پێدەچێت دەرفەتی پێکهێنانی هاوپەیمانی یاخود ڕێگەی سێیەم لە سیاسەتی تورکیادا لە بەردەم دەمپارتیدا زیاترو ئاسانتر بێت وەک پارتی باش، ئەمەیش بە سوودوەرگرتن لە شەپۆلی نەتەوەپەرستیی کوردی لە تورکیا. پێویستە ئەوەیشمان لەبیرنەچێت کە لەم ڕۆژانەدا چاوپێکەوتنەکانی ئۆزگیور ئۆزێلو ئەردۆگان دەکرێنو گفتوگۆ دەربارەی دەستووری نوێ لە ئارادایە، هێشتا دەرفەت لە بەردەم پارتی باشدا ماوە بۆ خۆڕێکخستنەوەو چاکبوون. پێویستە چاودێرییەکی وردی ئەو ڕێگە نوێیە بکرێت کە ئۆزێل گرتوویەتیەبەر، ئاخۆ بە کوێ دەگات؟ یەکەم تاقیکردنەوەی بانگەشە سیاسییە نوێیەکانی جەهەپە، پارتی باش، دەمپارتیو پارتی ڕەفاهی نوێ (یەڕەپە) بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکان هەردوو بابەتی هەمواری دەستوورو ئۆپراسیۆنە بۆ سەر پەکەکە لە خاکی عێراقدا.
دیبلۆماسیەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیسان زۆر پڕو فراوانە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکە وڵات بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڤیتۆی دژی ئەندامیەتیی تەواوی فەڵەستین بەکارهێنا. ئیسرائیل هێرشێکی کرد کە ئاماژە بوو بەوەی دەتوانێت هێرشبکاتەسەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران لە ئەسفەهان. هەروەک چۆن لە هێرشەکانی (١٣)ی نیسانی ئێران بەبێ کێشەو زیان لێیدەرچوو، ئەم هێرشە هیچ زیانێکی نەبوو. لە کاتێکدا ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێیان بە سەر ئێراندا سەپاند، گۆتێرێس؛ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییدایە ئێرانو ئیسرائیلو ڕایگەیاند کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری کارەساتدایەو داوای کۆتاییهێنان بە سووڕی تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی دەکات. میدیاکان ڕایانگەیاند واشنتۆن گڵۆپی سەوزی داوە بە ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە ڕەفا لە بەرانبەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا. هەروەک چۆن محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی؛ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ناوەندگیری وڵاتەکەی لە نێوان ئیسرائیلو حەماسدا هەڵدەسەنگێنێتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە سوکایەتییپێدەکرێت. فیدان؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە؛ سەرۆکی حەماسدا لە دەوحە کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، فیدان ڕایگەیاند کە حەماس باڵە سەربازییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە ، ئەمەیش دوای چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی هاوتەریب لەگەڵ سنوورەکانی ساڵی (١٩٦٧)دا. لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا لە پەرلەمان، بەراوردکردنی حەماس لەلایەن ئەردۆگان بە هێزە نەتەوەییەکان سەرنجیڕاکێشاو ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هاتە ئەستەنبوڵ، لەگەڵ هانیەدا کۆبووەوە. سەردانی وەزیری دەرەوەی میسر؛ شوکری بۆ تورکیا ئەوە نیشاندەدات کە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی ئاستبەرزی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیو دانوستانەکانی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە بابەتی سەرەکین.
ئەم پێشهاتانە کە تەنها بەشێکیان خرایەڕوو، دەریدەخەن کە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمدەبنەوەو پێکهێنانی هاوپەیمانیو یەکگرتنەکانیش بەرەو هەڵکشان دەڕوات، لە کاتێکدا کە سووڕی تۆڵەسەندنەوەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل نیشانەکانی خاوبوونەوەی لێدەرکەوتووە، پێشبینیدەکرێت جارێکی دیکە ململانێی ئیسرائیلو فەڵەستین لە ڕیزی پێشەوەی کێشەکاندا بمێنێتەوە. زەحمەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانێت سەقامگیریو ئاسایشو ئارامی لە دونیای ئاژاوەگێڕیی ئەمڕۆدا بەدەستبهێنێت، کە شەڕو تیرۆرو داگیرکاری هەمیشە ئامادەبووە، تەنانەت لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کە دەگوترا جەنگی سارد کۆتاییهاتووەو جیهان گەیشتووەتە نەزمێکی لیبڕاڵی. ئاسیا کە بە گەشەی ئابووری لە دەیەکانی ڕابردوودا ناسراوە، ئێستا لە دۆخی دابەزینی گەشەکردنو قەیرانی بازرگانیو سیاسەتی چین بە ئاڕاستەی باشووری ئاسیاو قەیرانی تایوانو فراوانکردنی هاوپەیمانییەکانی دژەچین لەلایەن ئەمریکاوەوەیە. ترسی ئەوە هەیە ئەم ڕەوتە نەرێنییە لە داهاتوودا ململانێی نوێ بەرهەمبهێنێت. بە هەمان شێوە جێگیربوونی وێنای ڕوسیا وەک هەڕەشەیەک لە هزری سیاسەتمەدارانی ئەوروپیدا پێویستی بە ئامادەکاری هەیە بۆ گرژییە نوێیەکان، بە تایبەتی لە باڵکان. بە دڵنیاییەوە، فرەجەمسەری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا؛ لە کاتێکدا کە مەترسیو نادڵنیاییو ناکۆکیی نوێ لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ڕەوتی ئاساییکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە بۆ ناکۆکییەکانی ئیسرائیل-فەڵەستینو ئیسرائیل – ئێران. ناسەقامگیری لە دەریای سوور بەردەوامە. بۆ وڵاتانی ناوچەکە کابوسێکە کە ئەم ململانێیانە دەبنە هەمیشەیی و ناکۆکیی نوێ دەستپێبکەن.
لە ژینگەیەکی وادا ئەردۆگان سەرقاڵی چالاکییەکی نوێیە، کە باس لە پرسە گرنگەکانی ناوچەکە دەکات. گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی نێوان ئیسرائیلو حەماس، پاراستنی ئەجێندای چارەسەری دوو دەوڵەتی، کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، ئۆپراسیۆنی دژی پەکەکە لە عێراق، هاوکاریی ستراتیژی لەگەڵ میسر لە سەر زۆر بابەت لە غەززەوە هەتا لیبیا، بەهێزکردنی ئاسایشی وڵاتانی کەنداو، سۆماڵ، لەگەڵ پرسەکانی وەک هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ هەندێک وڵاتی تری ئەفریقاو دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە دەریای سووردا لە بواری بەرژەوەندیی دیبلۆماسیی تورکیا دەبێت. بێگومان ئەم چالاکییانە بە دانوستانی نوێ لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاو یۆنان بەردەوامدەبێت. سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ واشنتۆن، کە لە سەر داوای تورکیا دواخرا، چاوەڕواندەکرێت لە ڕووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانو سیاسەتی ناوچەییەوە گرنگ بێت. گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی پەیوەندییەکان دوای کۆبوونەوەکانی ئەردۆگانو ئۆباماو ئەردۆگانو ترەمپ دەکرێت وەک نموونە یادبکرێتەوە. هەردوو لایەن هەوڵدەدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی کە بە فرۆشتنی فڕۆکەی (ئێف-١٦)و پەسەندکردنی ئەندامیەتیی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ دەستیپێکردووە، پرسگەلێکی نوێی هاوکاری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. گرنگیی کارکردن لەگەڵ تورکیادا، کە یەکێکە لە زلهێزە دەرکەوتووەکان لە جیهانی فرەجەمسەری ئاڵۆزو شێواودا، پرسێک دەبێت کە زلهێزەکان هەتا دێت، زیاتر هەستیپێدەکەن.
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
Seçim Sonrası Stratejiler ve Türkiye’nin Ortadoğu Siyaseti, Çerçeve Burhanettin Duran | Kriter Dergi.