پیسبوونى ڕووبارى سیروان؛ گرفت و چارەسەر
عەبدولموتەڵیب ڕەفعەت سەرحەت / پسپۆڕى بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو
بەرایی
بەهای ئاو وەك گرنگترین سەرچاوەی سروشتی، تەنها پشت بە بەردەستبوونی نابەسترێ، بەڵکوو پشت بە کواڵتییەکەی دەبەسترێ بۆ مەبەستە جیاوازەکان، لەوانە: خواردنەوە، ئاودێری، گەشەپێدانى ژینگه. کواڵتیی ئاو دەگۆڕێت بە پێی شوێنی جوگرافی و سەرچاوەکانی پیسبوون و هۆکارە ئیکۆلۆژییەکان. زاراوەی کواڵتیی ئاو ئاماژەیەکە بۆ تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆژییەكانى ئاو کە ڕادەى گونجاویی ئاو دەپێوێت بۆ بەکارهێنانی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا. لە ئێستادا پیسبوونی ئاو بە هۆی کانزا قورسەکانەوە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان لە هەموو جیهاندا. ڕەنگە هەندێک لە کانزا قورسەکان کاریگەریی توندیان لە سەر تەندروستیی هەبێت، بە تایبەت کاتێک خاستیەکانیان لە سنوورى ڕێگەپێدراویان لە ئاودا زیاتر دەبێت[1]. چاودێریکردنی کواڵتیی ئاو بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانى ئاو و شیکاری دەیتاکانى کواڵتیی ئاو زۆر گرنگە بۆ دەستنیشانکردن و وەسفکردنی کێشەکانی پیسبوون و سەرچاوەکانیان. پڕۆسەی چاودێریکردنی کواڵتیی ئاو بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن وەکوو “WQI”، بە سەرەکیترین بنەماکانی بەڕێوەبردنی کواڵتیی سەرچاوەکانى ئاو دادەنرێت. چەمکی “WQI” پشت بە بەراوردکردنی پارامێتەرەکان دەبەستێت لەگەڵ بەهاى ستانداردەکان. ئامانجی سەرەکیی ئەم نووسینە هەڵسەنگاندنی پیسبوونی یان تێکچوونى کواڵتیی ئاوى ڕووبارى سیروانە بە ماددە پیسکەرە جیاوازەکان و بە تایبەتى کانزا قورسەکان و ڕادەى بەکارهێنانى بۆ خواردنەوە و ئاودێری. ئەنجامەکانى ئەم نووسینە پێویستە سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕابکێشێت، پێویستە جەخت بکرێتەوە لە سەر پەیڕەوکردنى سیاسەتێکی توند بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوەکانى پیسبوونی ئاوى ڕووباری سیروان.
ڕووبارى سیروان
ڕووباری سیروان لە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێت، پاشان دێتە باشووری کوردستان و دواتر لە ناوچەى “جسر دیالا” لە باشووری بەغدادی پایتەخت دەڕژێتە نێو ڕووباری دیجلەوە. درێژیی ئەم ڕووبارە لە عێراق و کوردستان زیاتر لە ٤٤٥ کیلۆمەترە. ڕووباری سیروان یەكێكە لە گرنگترین ڕووبارەکانی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق و بۆ سێکتەرەکانى خواردنەوە، ئاودێری، پیشەسازی… هتد؛ سەرچاوەی دابینکردنی ئاوە. هەروەها ئەم ڕووبارە بە یەکێک لە گرنگترین لقەکانی ڕووباری دیجلە دادەنرێت و بۆ دهریاچهی دهربهندیخان و حەمرین سەرچاوەى سهرهکیی ئاوه، نزیکهی ٧٠٪ی ئاوی ئهم دوو دهریاچهیه ڕووبارى سیروانە.
لە ئێستادا ڕووباری سیروان بووهته سینکێک یان شوێنێک بۆ كۆكردنهوهی ههموو پاشهڕۆ و پاشماوە و مادده قورسهكان كە ئهگهر هاوڵاتی به شێوهیهكی ڕاستهوخۆ لە ئاوى ئەم ڕووبارە بخواتەوە، ئەوە بێگومان له جهستهیدا كۆ دهبێتهوه و دواتر دوور نییه تووشی نهخۆشیی ترسناک ببێت. ڕاسته پاڵاوتن بۆ ئهو ئاوه دهكرێت، بهڵام تا چهند زانستییه؛ ئهوه دیار نییه و پێویستى بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى زیاترە.
هۆکارەکانى پیسبوونى ڕووبارى سیروان
هۆكارهكانی پیسبوونی سەرچاوەکانى ئاو بە گشتى له زیادبووندایه و كواڵتییان بە شێوەیەکى بەرچاو تێك چووه، ڕووبارى سیروانیش یەکێکە لەو ڕووبارانەى کە بە شێوەیەکى زۆر خراپ تێک چووە لە ڕووى کواڵتییەوە. بە هۆى ئەوەى کە پاشماوە و پاشەڕۆى هەموو شار و شارۆچکە و لادێیەکان لەو ناوچانەى تێیدا تێپەڕ دەبێت بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەڕژێنرێتە نێو ڕووبارەکەوە بەبێ هیچ چارەسەر و پاڵاوتنێک، ئەمەش بۆخۆى مەترسیی زۆر گەورە لە سەر ژیانى هاوڵاتییان دروست دەکات.
گرنگترین ئەو سەرچاوانەى کە بوونەتە هۆى پیسبوونى ئاوى ڕووبارى سیروان و تێکچوونى کواڵتییەکەى، بریتین لە:
- پاشهڕۆ: به ههموو جۆرهكانیهوه كه له یهكهكانى نیشتهجێبوون و بازاڕ و شوێنه گشتییهكانهوه دهردهچێت و فڕێ دهدرێته نێو ڕووبارى سیروانهوه، تەنانەت بەبێ هیچ چارەسەرکردنێکى سەرەتاییش.
- پاشماوهى ڕهق: یهكێكه له سهرچاوه سهرهكییهكانى پیسبوونى ئاوى سهر زهوى و ژێر زهوی و مهترسییهكى زۆر گهوره له سهر دانیشتووان دروست دهكات. دیاره گهورهترین كێشهى شارەکانى هەرێمى کوردستان و بە تایبەتى ئەو شار و شارۆچکانەى کە ڕووبارى سیروان تێیاندا تێپەڕ دەبێت، ئهوهیه كه جێگایهكى تایبهت نییه بۆ لهناوبردنى پاشماوهكان “ردم صحی” و به شێوهیهكه ههڕهمهكى فڕێ دهدرێت و زۆر جار له لێوارى ڕووبارى سیروان ههندێ لهو پاشماوەیانه لهناو دهبرێت كه جوانیی سروشتیى ڕووبارهكهى شێواندووه.
- سهرچاوه پیشهسازییهكان: سهرچاوهیهكى ترسناكن بۆ پیسبوونى ڕووبارى سیروان. ههندێك لهو مادده ژههراوییانه له ڕێى ئاوى بارانهوه تێكهڵ به ڕووبارى سیروان دەبن و هەندێکیان بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە ڕێى کەناڵى تایبەتەوە دەڕژێنرێنە نێو ڕووبارەکە. سهرچاوهى زۆربهى پاشماوه پیشهسازییهكان پێك هاتووه له كارگهكان و سهربڕینخانه و ناوچهى پیشهسازیی وێستگهكانى سووتهمهنى، ئهمه و جگه له پاشماوهى بیره نهوتییهكان كه ڕۆژانه له زیادبووندان و نازانرێت پاشماوهكان به چ شێوهیهك لهناو دەبرێن.
- سهرچاوه كشتوكاڵییهكان: كه له ئهنجامى بهكارهێنانى پهینى كیمیایى و دهرمانى قڕكهر و پاشماوهى دهواجین و پهلهوهر زیاد دهبێت، ئاوى باران ئهو پاشماوانه ڕادهماڵێت و دهیانگوازێتهوه و تێكهڵ به ڕووبارەکەیان دەکات.
- پاشماوه تهندروستییهكان: كه سهرچاوه دهگرن له نهخۆشخانه و كلینیكه تهندروستییهكان و ژوورى نهشتهرگهرى… هتد، بهشێك لهم پاشماوانه دهسووتێنرێت به شێوهیهكى ناتهندروست كه دهبێته هۆى پیسبوونى خاك و ههوا و سهرچاوهكانى ئاو. ههندێكى به شێوهیهكى ههڕهمهكى فڕێ دهدرێته نێو دۆڵهكان و له لێوارى ڕووبارى سیروان و دواتر تێكهڵ به ئاوى ڕووبارهكه دهبێت، ئهمهش بە شێوەیەکى ڕاستهوخۆ كاریگهرى دهكاته سهر كواڵتیی ئاوى ڕووبارەکە و سەرچاوەیەکى پڕ مەترسییە بۆ هاوڵاتییان.
- كارگهكانى چهو و لم: ئهم كارگانه سهرچاوهیهكى ترسناكن بۆ پیسبوونى ئاوى ڕووبارى سیروان، چونكه دهبنه هۆى زیادبوونى لێڵیی ئاو (Water Turbidity) . بهڵام لهوه خراپتر ئهوهیه كه ئهو كارگانه زیاتر ڕێڕهوى ڕووبارهكه قووڵ دهكهنهوه به هۆى شێوهى كاركردنیانهوه و له ئهنجامدا دهبێته هۆى بهناوداچوونى پێچهوانه (جریان عكسی)ى ئاوى ژێر زهوى بۆ نێو ڕێڕهوى ڕووبارهكه. قووڵبوونى ڕێڕهوى ڕووبارهكه دهبێته هۆى دهركهوتنى دیاردهى قووڵبوونى بادانهكان به شێوهیهك كه ئاوى ڕووبارهكه بكهوێته یهك لێوارهوه، ئهو كاره واى كردووه كه ڕووبارهكه له توانایدا نهبێت كهنارهكانى به ئاو دابپۆشێت و زۆر ئهستهمه بۆ ئاودێرى سوودى لێ وهربگیرێت. هەروەها ئەم کارگانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر سامانى ماسى دروست کردووە، چونکە بە بەردەوامى ڕێژەى ماددە ڕەقەکانى نێو ئاوى ڕووبارەکە زیاد دەکەن و بەو هۆیەوە ڕێژەى لێڵیی ئاوەکە بەرز دەبێتەوە و دواتر ڕێژەى ئۆکسجینى تەواو بە شێوەیەکى بەرچاو دادەبەزێت.
- پاشماوهى بینا: پێشکەوتن و فراوانبوونى شارەکان و دروستكردنى باڵەخانەى نوێ یان تازەکردنەوەیان، وای كردووه كه پاشماوهکانى بینا ڕوو له زیادبوون بكەن لهگهڵ نهبوونى پلانى تایبهت به دووباره بهكارهێنانەوەى پاشماوهكاندا، بۆیه زۆر جار ئەم جۆرە پاشماوەیە له لێوارى ڕووبارى سیروان لهناو دهبرێت.
- ڕووبارى سیروان بووهته جێگایهك بۆ شوشتنى ئۆتۆمبێل، به هۆى نهبوونى چاودێرى و بهدواداچوونى لایهنه پهیوهندیدارهكانهوه و لاوازیی هۆشیاریی تاك. تێكهڵبوونى پاشماوهى ئۆتۆمبێل وهكوو چهورى (هایدرۆکاربۆنییەکان) به ئاو و دواتر بهكارهێنانى كلۆر بۆ خاوێنكردنهوهى ئهو ئاوه دهبێته هۆى یهكگرتنى هایدرۆکاربۆنییەکان و كلۆر و لە ئەنجامدا ماددەى شێرپەنجەیی کارسینۆجین ( (Carcinogenدروست دەبێت كە هۆکارى سەرەکییە بۆ تووشبوون به نهخۆشییهكانى شێرپهنجه.
کانزا قورسەکان
بە “میتاڵە قورسەکان” ناسراون کە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە پێکهاتەکانى ژینگەدا بوونیان هەیە، بەڵام بەرزبوونەوەى خەستییان بە ڕێژەیەکى زۆر کەمیش کاریگەریی خراپ لەو ناوەندە بەجێ دەهێڵێت و دەبێتە هۆى تووشبوونى مرۆڤ بە نەخۆشی بە تایبەتى شێرپەنجە. ڕێژەى کانزا قورسەکان لە ئاودا زیاد دەبن لە ئەنجامى تێکەڵبوونى پاشەڕۆى یەکەکانى نیشتەجێبوون، پاشەڕۆى پیشەسازى، پاشەڕۆکانى سێکتەرى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى بە سەرچاوەکانى ئاو[2]. بەڵام سەرچاوە سروشتییەکانی کانزا قورسەکان بریتین لە ڕاماڵینیان لە خاکەوە[3]. ئاوى سەر زەوى زۆرترین سەرچاوەی ئاوە کە بە ئاسانى دووچارى پیسبوون بە کانزا قورسەکان دەبێت، چونکە بە ئاسانی بەرکەوتەی پاشەڕۆکان دەبن. بۆیە زۆربەی دەریاچە و ڕووبارەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە هۆی کانزا قورسەکانەوە مەترسییان لە ئەنجامى گەشەسەندنی شارەکان و فراوانبوونی پیشەسازی و نەبوونی یەکەى پاڵاوتنى پاشەڕۆکان لە سەرە.
کانزا قورسەکان بە ترسناکترین پیسکەر دادەنرێن کە لە ژینگەدا بوونیان هەیە، بە هۆی ئەوەى کە ماددەى ژەهراوین و مەترسیدارن، هەروەها لە سروشتدا شی نابنەوە (Non-biodegradable)، یان هیچ بەکتریا یان زیندەوەرێک نییە لە توانایدا بێت ئەو کانزایانە شی بکاتەوە لە ژینگەدا.[4] جێگای سەرنجە کە کەلێنی نێوان خەستیى ڕێگەپێدراوى کانزا قورسەکان و ئاستی ژەهراویبوونیان زۆر کەمە[5]، بۆیە چاودێریکردنی پیسبوونی سەرچاوەکانى ئاو بە کانزا قورسەکان لە ڕووبار و دەریاچەکاندا زۆر گرنگە بە هۆی ئەوەى کە تواناى ژەهراویبوونیان زۆر بەرزە و کاریگەرییان لە سەر زنجیرە خۆراکییەکان هەیە[6].
کاریگەریی پیسبوونى ڕووبارى تانجەرۆ لە سەر ڕووبارى سیروان
ڕووباری تانجەرۆ یەکێک لە ڕووبارە گرنگەکانى پارێزگاى سلێمانییە و بە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی دانیشتووانی ناوچەی تانجەرۆ دادەنرێت. ئەم ڕووبارە لە ئەنجامى یەکگرتنی هەردوو چەمی قلیاسان و کانی بەن پێک دێت، درێژیی ئەم ڕووبارە نزیکەى ٥٨ کیلۆمەترە و بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەڕژێتە نێو دەریاچەی دەربەندیخان و پاشان ڕووباری سیروان.
ناوچەى تانجەرۆ ناوچەیەکی پیشەسازییە و کەمتر لە ١٠ کیلۆمەتر دوورە لە شارى سلێمانییەوە. ئەم ناوچەیە لە ڕووى ژینگەییەوە بە مەترسیدارترین ناوچەى کوردستان دادەنرێت، بە هۆى بوونی ژمارەیەکى زۆر لە کارگەی نایاسایی و بێمۆڵەت. سەرجەم پاشەڕۆى شارى سلێمانی دەڕژێنرێتە نێو ئەم ڕووبارەوە و جگە لەوە زۆربەى پاشماوە ڕەقەکانى شاری سلێمانى لە لێوارى ئەم ڕووبارە فڕێ دەدرێن کە دواتر لەگەڵ ئاوى باران و لافاودا تێکەڵ بە ئاوى ڕووبارەکە دەبن. بۆیە ئاوی ئەم ڕووبارە لە ڕووى کواڵتییەوە بە تەواوەتى تێک چووە و تایبەتمەندییە کیمیایى و فیزیایى و بایۆلۆژییەکانى لەدەست داوە و تەنانەت بۆ ئاودێرییش گونجاو نییە بەکار بهێنرێت.
نەبوونى سیستمی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشەڕۆ (ڕیسایکلین) مەترسییەکى زۆر گەورەى لە سەر سەرچاوەکانى ئاو لە هەموو هەرێمى کوردستاندا بە تایبەتى ڕووباری تانجەرۆ دروست کردووە. هەموو ئەو توێژینەوە زانستییانەى کە لە سەر کواڵتیی ئاوى ڕووبارى تانجەرۆ ئەنجام دراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەموو ڕوویەکەوە ئاوى ڕووبارەکە بە تەواوەتى دووچارى پیسبوون بووە و گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان. لە لایەکى ترەوە ئەم ڕووبارە بە هۆکارى سەرەکیی پیسبوونى دەریاچەى دەربەندیخان دادەنرێت بە کانزا قورسەکان و ماددە پاککەرەوەکان[7] و کاریگەریی ڕاستەوخۆى لە سەر کواڵتیی ئاوى ڕووبارى سیروان هەیە.
هەڵسەنگاندنى ئاوى ڕووبارى سیروان
ساڵانە چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەى تایبەت بە پیسبوونى ڕووبارەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆر کەم لەو لێکۆڵینەوانەدا باس لە هەڵسەنگاندنی کواڵتیی ئاو لە ڕووی کانزا قورسەکانەوە دەکەن. ئەگەر ڕووبارى سیروانیش وەکوو نموونە وەربگرین، ئەوە دەیان توێژینەوەى زانستى لە سەرى ئەنجام دراوە، بەڵام بە دەگمەن لەو توێژینەوانە هەیە لێکۆڵینەوەیان بە شێوەیەکى زانستى و فراوان لە سەر کانزا قورسەکان کردبێت. بۆیە چاودێریکردنی پارامێتەرەکانی کواڵتیی ئاو بە تایبەتى خەستیی کانزا قورسەکان، گرنگترین ئەولەویەتی لە هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکانی ئاودا هەیە.
بە پێى دوایین توێژینەوە کە لە سەر کواڵتیی ئاوى ڕووبارى سیروان ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە تێکڕای چڕیی کانزا قورسەکان وەکوو: (جیوە، قوڕقوشم، نیکڵ، زینک، ئاسن، ئەلەمنیۆم، کرۆم، کادیمیۆم) بەرز بووە و خەستیی هەندێکیان زۆر بەرزترە لە ڕێژەى ستانداردى جیهانى، بە پشتبەستن بە ستانداردى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى (WHO) و ڕێکخراوى خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) و دەزگای پاراستنی ژینگەى ئەمەریکى (EPA). بۆ نموونە: ڕێژەى ئەلەمنیۆم بە درێژایى ڕووبارەکە زۆر بەرزترە لە بەهای ڕێگەپێدراو بۆ ئاو خواردنەوە، بەڵام بەهاکانی لە سنووری ڕێگەپێدراوی ستانداردی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO)دان[8]. سەرچاوەى سروشتیی ئەلەمنیۆم لە ئاودا بۆ ڕاماڵین و داخورانى ئەو بەردانە دەگەڕێتەوە کە پێکهاتەکانیان بە ئەلەمنیۆم دەوڵەمەندە. هەروەها چالاکییە مرۆییەکان، بە تایبەتی فڕێدانى پاشەڕۆ و پاشماوەکان بۆ نێو ڕووبارەکان، بۆ بەرزبوونەوەى ڕێژەى ئەلەمنیۆم لە سەرچاوەکانى ئاودا دیارترین هۆکارە. جگە لەوەش، فڕێدانى پاشماوەى پاڵاوگەکانى ئاو بۆ نێو یان لێوارى ڕووبارى سیروان سەرەکیترین هۆکارە بۆ زیادبوونى ڕێژەى ئەلەمنیۆم لە ئاودا، چونکە لە پاڵاوگەکاندا ماددەى ئەڵۆمن (شەب) بە چڕى بەکار دەهێنرێت بۆ ڕوونکردنەوە و کەمکردنەوەى لێڵیى ئاو و دواتر پاشماوەکەى دووبارە فڕێ دەدرێتە نێو ڕووبارەکەوە و بەم شێوەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی چڕیی ئەلەمنیۆم و ئاسن لە ئاوى ڕووبارەکەدا[9].
هەروەها نیکڵ و قوڕقوشم و کادیمیۆم لەو کانزایانەن کە ڕێژەیان لە هەندێ شوێن لە ڕووبارى سیرواندا زۆر بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ سنووری ڕێگەپێدراوی بە پێى ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و زۆرێک لە کانزا قورسەکان بە ئاسانی لە فایتۆپلانکتۆن و زۆربەی ڕووەکە ئاوییەکان کۆ دەبنەوە. بۆیە ڕژاندنی بڕێکی زۆر لە پیسکەرەکان لە هەموو شار و شارۆچکە و ناوچە پیشەسازییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ نێو ڕووباری سیروان، بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەو کانزا قورسانە دادەنرێت. جگە لەوەش، بەکارهێنانی پەیینى کیمیایى و دەرمانى قڕکەر و مێروکوژەکان لەڕادەبەدەر سەرچاوەیەکن بۆ زیادبوونى ڕێژەى زۆرێک لە کانزا قورسەکان لە ئاوی ڕووباری سیرواندا.
هەر بە پێى ئەو دەیتایانە، لە ئێستادا ئاوى ڕووبارى سیروان بۆ خواردنەوە بەبێ پاڵاوتن گونجاو نییە، بەڵام تا ڕادەیەک گرفتى زۆر گەورەى بۆ مەبەستى ئاودێرى تێدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بە وریاییەکى زۆرەوە هەوڵى پارستنى ڕووبارى سیروان بدرێت لە ماددە پیسکەرەکان، چونکە دوور نییە لە ساڵانى داهاتوودا لەگەڵ زیاتر دابەزینى ئاستى ئاو گرفت بۆ کواڵتی دروست بێت و ببێتە سەرچاوەى مەترسى بۆ سەر خاک و ڕووەک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. بە تایبەتى لە ئێستادا ئاوى ڕووبارەکە لە ڕووى ڕێژەى “ئیندێکسى ژەهراویبوون بە مەگنیسۆم”ەوە بەرزە و ئەمەش بۆ خاک زۆر مەترسیدارە. لە دیوێکى ترەوە، ڕێژەى ترتى یان قورسى (Total Harness)ى ئاوی ڕووبارەکە زۆر بەرزە، هەر بۆیە کێشەى بۆ خواردنەوە و ئاودێرى دروست کردووە، چونکە ئەم پارامێتەرە کاریگەریى لە سەر توشبوونى مرۆڤ بە نەخۆشییەکانى گورچیلە و پێست هەیە، هۆکارى سەرەکییە بۆ لەناوچوون یان ئۆکساندنى ماددەى ئەندامیی نێو خاک کە دواتر گرفت بۆ کواڵیتیی خاک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروست دەکات.
دابەزینى ئاستى ئاوى ڕووبارى سیروان
بێگومان دابەزینى ئاستى هەر سەرچاوەیەکى ئاو کاریگەریی ڕاستەوخۆى لە سەر ڕێژەى پیسى و ماددە پیسکەرەکانى (pollutants) بە تایبەتى لە ڕووبارەکاندا دەبێت. ئاوى هەموو ڕووبارێک تواناى خۆپاڵاوتنى سروشتیى هەیە و بەندە بە خێرایى ئاوەکەوە، بۆیە دابەزینى ئاستى ئاو یان داهاتى هەر ڕووبارێک کاریگەرى لە سەر خێرایى ئاو دروست دەکات و لە ئەنجامدا ڕووبارەکە تواناى خۆپاڵاوتنى سروشتى لەدەست دەدات.
لە ساڵى (٢٠٠٧)ەوە وڵاتى ئێران دەستى کردووە بە دروستکردنى چەندین پڕۆژەى ئاودێریی گەورە لە سەر ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان، وەکوو ڕووبارى سیروان و زێى بچووک و یەکێک لەو پڕۆژە گەورانە (پڕۆژەى ئاوى گەرمەسێر) کە لە سەر ڕووبارى سیروان دروست کراوە و پڕۆژەیەکى ستراتیژییە و مەبەست لێى فراوانکردنى زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینى زەوییە دەیمەکانە بۆ زەویى کشتوکاڵى بەراو و دابینکردنى ئاوى پێویست بۆ هەموو سێکتەرەکان لە ڕۆژئاواى ئێران کە ماوەیەکى زۆرە بەدەست وشکى و کەمئاوییەوە دەناڵێنێت. تەنانەت ڕێڕەوى هەندێک لە لقەکانى ڕووبارى سیروان بۆ ناوەوەى ئێران گۆڕدراوە و ئاو لە ئاوەزێڵى ڕووبارى سیروانەوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانى پارێزگاى ئیلام و سنوورى ئەهواز دەگوازرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە لە ١٣ بەنداو و تونێلێکى گەورە بۆ گواستنەوەى ئاو کە ناسراوە بە “تونێلى نەوسوود” پێک هاتووە و جگە لەو بەنداوانەى کە لە سەر لقەکانى ترى ڕووبارى سیروان دروست کراون وەکوو ڕووبارى قۆرەتوو و ئەڵوەن. کۆى گشتیی بەنداوەکانى ئێران لە سەر هەموو لقەکانى ڕووبارى سیروان؛ ٢٢ بەنداوە و ساڵانە ڕووبارى سیروان زیاتر لە (٣-٤ ملیار م٣) ئاوى لەدەست داوە، هەست دەکرێت کە ئاستى ڕووبارى سیروان لە دواى ساڵى (٢٠١٩)ەوە بە تەواوەتى دابەزیوە. بۆیە ڕێژەى ماددە پیسکەرەکان بە تایبەتى ماددە هیدرۆکاربۆنى و میتاڵە قورسەکان، بە ڕێژەیەکى بەرچاو بەرز بوونەتەوە.
تەنانەت ئاوى بارانیش تواناى جێگرتنەوەى ئەو بڕە ئاوەى نییە کە لە ئێرانەوە گل دراوەتەوە، چونکە ڕێژە و ڕیتمى دابارین لە هەموو ناوچەکانى جیهان و بە تایبەتى لە کوردستاندا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. بۆیە لە ئێستادا ڕووبارى سیروان مەترسییەکى زۆر گەورەى لە سەرە بە هۆى ئەو ماددە پیسکەرانەوە و تایبەتمەندییە سروشتییەکانى لەدەست داوە و تێچووى پاڵاوتنى ئاوەکە بۆ مەبەستە جیاجیاکان و بە تایبەتى خواردنەوە بەرز بووەتەوە.
دەرەنجام
بە پێى نوێترین داتاى کواڵیتیی ئاوى ڕووبارى سیروان، دەرکەوتووە کە ئاوى ڕووبارەکە گرفتى زۆر گەورەى بە تایبەتى بۆ خواردنەوە تێدا بەدى دەکرێت، بۆیە ناکرێت ئەو ئاوە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و بەبێ پاڵاوتن بەکار بهێنرێت و لە ئێستادا ئەمە گەورەترین ئاڵنگارییە کە ڕووبەڕووى خەڵک دەبێتەوە، چونکە ڕووبارەکە دەوڵەمەندە بە هەندێ لە کانزا قورسەکان و ماددە هایدرۆکاربۆنییەکان. بەکارهێنانى کلۆر بۆ پاڵاوتنى ئاوى ڕووبارەکە مەترسى لە سەر تەندروستیى هاووڵاتییان زیاتر دەکات، بە هۆى یەکگرتنى ئەو ماددانەوە کە لە ئەنجامدا ماددەى شێرپەنجەیى (Carcinogen) دروست دەبێت.
لە ڕووى کشتوکاڵى و ئاودێرییەوە تا ئێستا گرفتى گەورەى تێدا بەدى نەکراوە، بەڵام ئهگهری ههیه لە ساڵانى داهاتوودا بەكهڵكی كشتوكاڵیش نهیهت، چونكه ئاو كاتێك بۆ كشتوكاڵ گونجاو دەبێت کە چهند مهرجێكی تێدا بێت، بۆ نموونە دەبێت هیچ ماددهیهكی ژههراویی تێدا نهبێت، بەڵام لە ئێستادا چەند پارامێتەرێک دەرکەوتوون لە ئاوى ڕووبارەکە وهكوو ژەهراویبوون بە مهگنیسیۆم (MH) و قورسیى ئاو (TH) کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر کواڵتیی خاک هەیە. لە ئایندەدا ئاوى ڕووبارى سیروان به هۆی ئهو پاشهڕۆیانهوە مهترسیی ئەوەى له سهر دەبێت کە بهكهڵكی كشتوكاڵیش نهیەت بە تایبەتى دواى دابەزینى ئاستى ئاوى ڕووبارەکە بە شێوەیەکى بەرچاو و بەتایبەتتر لە وەرزى هاویندا.
بۆ کەمکردنەوەى مەترسییەکانى پیسبوونى ڕووبارى سیروان، پێویستە کارى جددى لە سەر سەرچاوەکانى پیسبوون بکرێت و ئەم کارە پێویستە لە ڕووبارى تانجەرۆوە دەست پێ بکات، چونکە مەترسیدارترین سەرچاوەى پیسبوونى دەریاچەى دەربەندیخان و ڕووبارى سیروان و دواتر دەریاچەى حەمرینە. ناوچەى تانجەرۆ پێویستى بە کارگەى ڕیسایکلین و پاڵاوگەى تایبەت بە پاشەڕۆکان هەیە. هەروەها پێویستە پاڵاوگەى تایبەت بە پاشەڕۆکان لە هەموو شار و شارۆچکەکانى سەر ڕووبارى سیروان بۆ پاڵاوتنى پاشەڕۆ پێش تێکەڵکردنى بە ئاوى ڕووبارى سیروان دابمەزرێت. لە لایەکى ترەوە بۆ کەمکردنەوەى زیانەکانى پیسبوونى ئاوى ڕووبارى سیروان لە سەر تەندروستیى هاوڵاتییان، پێویستە پاڵاوگەى ئاو خواردنەوە لە شار و شارۆچکەکان دابمەزرێنرێت.
سەرچاوەکان:
[1] Al Naqeeb N A and Jazza S H 2020 Quality assessment of drinking water by using some Environment Index in Misan Province Ecol. Environ. Conserv. 26 1735–9
[2] Dipak Paul 2017 Research on heavy metal pollution of river Ganga: A review Ann. Agrar. Sci. 15 278–86
[3] Singh R M and Gupta a. 2017 Water Pollution-Sources ، Effects and Control Water Pollution-Sources ، Effects and Control Res. gate 5 1–17
[4] Majhi A and Keshari Biswal S 2016 Application of HPI (Heavy Metal Pollution Index) and Correlation Coefficient For The Assessment Of Ground Water Quality Near Ash Ponds Of Thermal Power Plants Int. J. Sci. Eng. Adv. Technol. IJSEAT 4 395–405
[5] Nair I، Singh K، Arumugam M، K.Gangadhar and Clarson D 2010 Trace metal quality of Meenachil River at Kottayam، Kerala by principal component analysis World Appl. Sci. J. 9 1100–7
[6] Chabuk A، Al-Madhlom Q، Al-Maliki A، Al-Ansari N، Hussain H M and Laue J 2020 Water quality assessment along Tigris River (Iraq) using water quality index (WQI) and GIS software Arab. J. Geosci. 13
[7] Sarhat A R and Al-Obaidi B S 2023 Assessment of Heavy Metal Pollution in Sirwan River by Heavy Metal Pollution Index (HPI) and Metal Index (MI) Water Conserv. Sci. Eng. 8
[8] Sarhat A R and Al-Obaidi B S 2022 Evaluation of the water quality of the Sirwan River in the Garmian region for irrigation purposes using the Irrigation Water Quality Guidelines (IWQG) Rev. Bionatura 7
[9] Alshatteri A، Sarhat A and Jaff A 2018 Assessment of Sirwan River Water Quality from Downstream of Darbandikhan Dam to Kalar District، Kurdistan Region، Iraq J. Garmian Univ. 5 48–58