تێگەیشتنو تێڕوانینە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی کورد
(Kürt Meselesi İle İlgili Algılar ve Siyasal Eğilimler)
ناوەندی بیرو توێژینەوەکانی سپێکتڕووم هاوس (Spectrumhouse Düşünce ve Araştırma Merkezi)
وەرگێڕانی: یاد نورسی | ماستەر لە فەلسەفەى سیاسی
ناوەندی سپێکتڕووم هاوس وەک ناوەندێکی تایبەت بە بیرو توێژینەوە لە تورکیادا بایەخ بە بابەتە سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابوورییەکان دەدات. بەشێکی ناوەندەکە تایبەتە بە کردنی ڕاپرسی بە شێوەی مەیدانی لە سەر بابەتە گرنگەکانی ڕۆژ. لەم ڕاپۆرتەیداو لە چوارچێوەی (٢٨) لاپەڕەدا، ڕاپرسییەکی تێروتەسەلی لە بارەی تێگەیشتنو تێڕوانینی سیاسیی هاوڵاتیان سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیا خستووەتەڕوو. بە هۆی گرنگیو زۆریی بابەتەکە، وەرزنامەی تورکیاناسی بەپێویستیزانیوە پوختەی توێژینەوەکە وەربگێڕدرێتو بخرێتەبەر چاوی خوێنەران.
توێژینەوەکە بە شێوەی چاوپێکەوتنی تەلەفۆنی لە (٢٥)ی تشرینی دوهەم هەتا (٣)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤)، بە بەشداریی دووهەزارو بیستوهەشت کەس لە (٢٦) پارێزگای تورکیا کراوە. ئەو (٢٦) شارە ئەوانەن، کە ناوەندەکانی توێژینەوە؛ ڕاپرسیی تێدا دەکەنو وەک پێوەرێک ئەنجامەکانی دەکرێت بە سەر تەواوی تورکیادا بە شێوەیەکی ڕێژەیی بگشتێنرێت.
پرسی کورد وەک یەکێک لە ئاڵۆزترینو کاریگەرترین پرسەکان لە سەر پەیوەندییە ناوخۆییو هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانی تورکیا دەمێنێتەوەو بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی سیاسیی ئەنقەرە پێکدەهێنێت. ڕەگوڕیشەی ئەم پرسە بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیو سەرەتای کۆماری تورکیا دەگەڕێتەوەو بەردەوامە لە بوون بە کێشەیەکی پێکهاتەییو بنەڕەتی، کە کاریگەریی لە سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیو گۆڕانکاریی دیموکراسی لە وڵاتدا هەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا لاوازیی ڕژێمی بەعس لە سوریاو بۆشایی دەسەڵات، کە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە هاتووەتەئاراوە، بازنەی پرسی کوردیان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا فراوانترکردووەو بووە بە پرسێکی هەرێمیو نێودەوڵەتی. پێشهاتە سیاسیو سەربازییە نوێیەکان لە سوریا، لەگەڵ گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزو تێڕوانینی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ناوچەکەو عێراقیش گۆڕیوە. پرسی کورد ناوەندی بەردەوامی داینامیکیی ململانێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو هەروەک پرسێکی ناوەندی لە گەڕان بە دوای چارەسەرو ئاشتیدا دەمێنێتەوە.
ئەم زەمینە مێژووییو سیاسییە ئەوە دەردەخات، کە پرسی کورد ئاڵۆزترە لەوەی کە بتوانرێت بە تەنها لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیادا کورتبکرێتەوە. بەو پێیەی پرسێکی فرەڕەهەندە، بۆیە تێگەیشتن لە تێڕوانینو هەڵوێستو چاوەڕوانییەکانی پەیوەست بەوەوە سنووردار نییە بە گەیشتن بە ئاشتیی ناوخۆیی، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پێناسەکردنی هەڵوێستە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانی تورکیا بە هەمان شێوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، تەوقەکردنو دەستگرتنێکی چاوەڕواننەکراوی نێوان دەوڵەت باخچەلی؛ سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)و هاوسەرۆکو پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا سەرنجی هەموانی ڕاکێشا، ئەمەیش بە هۆی ڕەمزگەراییو کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانیەوە. ئەم هەنگاوە سەرلەنوێ جەختی لە سەر تێڕوانینو چاوەڕوانیو هەڵوێستەکان سەبارەت بە پرسی کورد کردەوەو مشتومڕێکی نوێی لە سەر ڕەهەندە هەرێمییەکانیو کاریگەریی لە سەر دینامیکیی سیاسیو کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێکەوتەوە.
ناوەندی بیرو توێژینەوەی سپێکتڕوم هاوس ڕاپرسییەکی بۆ پێوانەی تێگەیشتنو تێڕوانینە سیاسییەکان سەبارەت بە پرسی کورد کردووە. توێژینەوەکە تیشکیخستووەتەسەر باسەکانی دەستووری نوێو گرنگیی پرسی کورد بۆ تورکیاو تێگەیشتنەکانی پەیوەست بە ناسنامەو وێنەی کورد. جگە لەوەیش، لە توێژینەوەکەدا باس لە هۆکارەکانی ئەم پرسەو ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بنرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکو چاوەڕوانییەکانی پەیوەست بە پرسەکانی چارەسەرو ئاشتی، شرۆڤەکراوە.
توێژینەوەکە باسی لە تێڕوانینەکانی نوێنەرایەتی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، هەڵوێستەکان بەرانبەر بە هۆکارە ئاسانکاریو تەواوکەرەکان لەم پڕۆسەیەدا دەکات. هەروەها ئاستی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی وەرگیراوە، جگە لە هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی شکستی پڕۆسەی چارەسەری، کە لە نێوان ساڵانی (٢٠١٣) بۆ (٢٠١٥) بەڕێوەچوو، هەروەها چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی.
جگە لەوەیش، لێکۆڵینەوەکە لە ڕۆڵی میدیا لە پرسی کورد، تێڕوانینەکان بۆ سیاسەتەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)و هەروەها پرسیارەکان سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە تورکیا دەبێت بیگێڕێت لە داینامیکیی شەڕو ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاووتوێکراوە. هەروەها لە ڕێگەی وەرگرتنی بۆچوونی بەشداربوانی ڕاپرسییەکەوە ڕاڤەی چۆنیەتیی سیاسەتی تورکیا بەرانبەر به کورد لە عێراقو سوریا کراوە.
لە ناو ئەو بابەتە سەرەکییانەی کە لە توێژینەوەکەدا پشکنراون، ئاڕاستەی سیاسیو ڕەفتاری دەنگدانی بەشداربوان بوون. لەو چوارچێوەیەدا پرسیارێک کرا: “ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کام لایەن دەدەیت؟” بە مەبەستی پێوانەکردنی ئاستی پشتیوانی بۆ لایەنە سیاسییەکان.
توێژینەوەکە لە نێوان (٢٥)ی تشرینی دوهەم هەتا (٣)ی کانوونی یەکهەمی (٢٠٢٤) کراوەو (٢٠٢٨) کەسی تەمەن (١٨) ساڵو سەرووتر لە (٢٦) پارێزگای تورکیا بەشدارییان تێدا کردووە. ئامانجی توێژینەوەکە ئاشکراکردنی تێڕوانینە مۆدێرنەکانە بۆ پرسی کوردو تێگەیشتن لە تێڕوانینو هەڵوێستو چاوەڕوانییەکانی پەیوەست بەو پرسەوە.
ئامانجی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە شیکردنەوەی پرسی کوردو مشتومڕەکانی ئاشتییە لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە بۆ تێگەیشتن لە دینامیکیی کۆمەڵایەتی لە تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا، تێڕوانینو ڕەفتارەکانی بەشداربوان بە پشتبەستن بە گۆڕاوەکانی وەک نەتەوە، ڕەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندنو لایەنداری بۆ حیزب لێیانکۆڵراوەتەوە. ئەنجامەکان زانیاریی وردی لێکەوتووەتەوە، کە ڕۆشناییدەخەنەسەر کاردانەوەکانی پرسی کورد لە سەر چینو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی تورکیا.
توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی شێوازی چەندایەتی لە ڕێگەی پرسیارنامەیەکەوە کراوە، کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (CATI) (چاوپێکەوتنی تەلەفۆنی بە یارمەتیی کۆمپیوتەر) کراوە. مۆدێلی نموونەیی بە پێی شێوازی دابەشکردنی ڕێژەیی داڕێژراوە، بە پشتبەستن بە داتای هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی (٢٠٢٣). داتا کۆکراوەکان بە وردی بە بەکارهێنانی بەرنامەى (SPSS 22) شیکراونەتەوە.
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەکە
– (٥٣٪)ی بەشداربوان بۆچوونێکی ئەرێنییان سەبارەت بە پێویستیی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ دەربڕیوە.
– (٥٩.٣٪)ی بەشداربوان پێیانوایە، کە پرسی کورد کێشەیەکی گرنگە بۆ تورکیا. ئەم ڕێژەیە لە سەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنانەیە، کە لە ئاستەکانی “کێشەی زۆر گرنگ”و “کێشەی گرنگی مامناوەند”دا دراون.
– (٨٦٪)ی بەشداربوان ڕایانگەیاندووە، کە دەتوانن دۆست یان دراوسێی کەسانی هەردوو ناسنامەی تورکیو کورد بن.
– سەبارەت بە هۆکارەکانی پرسی کورد، (١٩.٢٪)ی بەشداربوان ناسنامە بە هۆکاری سەرهەڵدانی پرسی کورد دەزانن، دواتر هۆکارە سیاسییەکان بە ڕێژەی (١٤.٥٪)، جیاکاری بە ڕێژەی (١٣.٤٪)و خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە ڕێژەی (١٣٪)، لە کاتێکدا هۆکارە دەرەکییەکان بە ڕێژەی (١٠٪)، تیرۆرو هاندانو بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بە ڕێژەی (٧.٧٪)، سیاسەتەکانی حکومەت بە ڕێژەی (٥.٧٪) کەمتریان هەبووە.
– لە وەڵامی پرسیاری “کام حیزب دەتوانێت پرسی کورد چارەسەربکات؟”دا پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) ڕێژەی (٣٩٪)ی وەرگرتووە، لە دوای ئەویش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە (٢٦.٨٪)، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە (٩.٨٪)و لە کۆتاییدا پارتی یەکسانیی دیموکراتیی گەلان (دەمپارتی) بە ڕێژەی (٨.٤٪). هەروەها لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە، کە نزیکەی نیوەی بەشداربوان پێیانوایە، کە پارتە دەسەڵاتدارەکان (ئاکپارتیو مەهەپە) کاریگەرتر دەبن لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا.
– لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “بڕوات بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد هەیە؟”دا (٢٩.٤٪)ی بەشداربوان گوتوویانە: “بڕوام پێیەتی”. بە واتایەکی تر، لە هەر سێ بەشداربوویەک دوو کەس باوەڕیان بە ئەگەری چارەسەری ئاشتییانە هەیە.
– لە کاتی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی “پێویستە چ هەنگاوێک بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد؟”، “دیالۆگو دانوستان” بە ڕێژەی (٢٤.٥٪) لە پلەی یەکهەمدا هات، دواتر “بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیو تیرۆر” بە ڕێژەی (٢١.٨٪)، دواتر “چاکسازیی دەستووری” بە ڕێژەی (١٦.٦٪)و “بەرەوپێشبردنی مافە کولتوورییەکان” بە ڕێژەی (١٣.١٪). ڕێژەی ئەوانەی وەڵامیانداوەتەوە، کە “نابێت هیچ ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر”، (١٥.٣٪) بووە.
– کاتێک پرسیار لە بەشداربوان کرا، کە پێویستە پەیوەندی بە کێوە بکرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی کورد بکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا، لە وەڵامدا “خەڵکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێژەی (٢٥٪)ی وەرگرتووە، سەرکردە کوردەکان بە ڕێژەی (١٨.٩٪)، پاشان “هەموو پارتە سیاسییەکان” بە (١٤.٣٪)و لە کۆتاییدا دەمپارتی ڕێژەی (٥.٤٪)ی بەدەستهێناوە.
– سەبارەت بە ڕۆڵی نێوەندگیری یان لایەنی سێیەم لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەرکەوتووە، کە (٧٠.٨٪)ی بەشداربوان ئاماژەیان بە هیچ لایەنو نێوەندگیرێک نەکردووە.
– بە پێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، (٥٨.٥٪)ی بەشداربوان ڕایانگەیاندووە، کە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە تێیدا گوتبووی: “با کۆتایی تیرۆرو هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە ڕابگەیەنێت، ئەوا با بێتو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیادا قسەبکات”، بە هەڵە دەزانن. لە بەرانبەردا (٢١.٤٪) ئەم قسانەیان بە ڕاست زانیوە. لە کاتێکدا کۆی ڕێژەی ئەوانەی دوودڵ بوون، بێئاگا بوون، یان ڕەتیانکردووەتەوە وەڵامبدەنەوە، (٢٠.١٪) بووە.
– کاتێک پرسیار لە بەشداربوان کرا سەبارەت بە هۆکارەکانی شکستی پڕۆسەی ئاشتی، کە لە نێوان ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٥) بوو، (٢٠٪)ی بەشداربوان “مامەڵەکردنی حکومەت لەگەڵ پڕۆسەکەدا لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە” وەک گرنگترین هۆکاری شکستەکە وێنادەکەن. هۆکارەکانی تر بەم جۆرەی خوارەوە بووە:
١. نەبوونی ئیرادەی سیاسی، (١٥.٥٪)،
٢. بێمتمانەیی بە یەکتر، (١٥.٣٪)،
٣. نەبوونی گفتوگۆیەکی تەندروست، (١٤٪)،
٤. توندوتیژیو تیرۆر، (١١.٨٪).
– سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی بەشداربوان لە بارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نوێوە، (٤٥.٧٪) خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەربڕیوە. لە کاتێکدا (٤١.٣٪) دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەیان بەپێویستنەزانیوە. لە کاتێکدا ڕێژەی ئەوانەی دوودڵ یان نادڵنیا بوون، (١٣.١٪) بووە.
– سەبارەت بە تێڕوانینی بەشداربوان بۆ پرسی کوردو ڕۆڵی میدیا، (٥٣.٤٪) پێیانوایە، کە میدیا بە شێوەیەکی “لایەنگریو ئاڕاستەکراو” مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکات، لە کاتێکدا تەنها (١٩.٢٪) پێیانوایە، کە میدیا بە شێوەیەکی “بێلایەنو بابەتیانە” مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
– کاتێک پرسیار لە بەشداربوان کراوە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ سیاسەتەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەرانبەر بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، تەنها (١٦.٢٪) پێیانوابوو، کە ئەو سیاسەتانە بەسن. لە کاتێکدا (٧٠.٩٪) بە “ناتەواو”یان زانیوە، یان پێیانوایە، کە “جەهەپە سیاسەتێکی ڕوونی نییە بەرانبەر بە پرسی کورد”.
– سەبارەت بە تێڕوانینی بەشداربوان بۆ ڕۆڵی تورکیا لە چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، (٣٩.٨٪) پشتگیرییان لە گرتنەبەری گفتوگۆ کردووە. لە کاتێکدا (٢٦.٢٪) بەکارهێنانی هێزی سەربازییان بە گونجاوترین چارەسەر زانیوە. سەبارەت بەوانەی پێیانوابووە، کە تورکیا نابێت هیچ ڕۆڵێک بگێڕێت، ڕێژەکەیان گەیشتووە بە (٢٠.٨٪).
– سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا بەرانبەر بە ناوچە کوردییەکان لە سوریاو عێراق، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە (٣٩.١٪)ی بەشداربوان پشتیوانیی ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکیا ناکەن، هاوکات (٣٤.٧٪) پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو سیاسەتانە دەربڕیوە. ڕێژەی ئەوانەی ڕەتیانکردەوە، کە وەڵامبدەنەوە، یان هیچ بۆچوونێکیان نەبووە، (١٤.٥٪) بووە.
– لە کۆتاییدا لە کاتی شیکردنەوەی نیازی دەنگدان لە ئەگەری ئێستای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکان، جەهەپە بەرزترین ڕێژەی پشتیوانیی بەشداربوانی بەدەستهێناوە، کە (٣٢.٤٪) بووە، لە دوای ئەویش ئاکپارتی بە ڕێژەی (٣١.٣٪)، پاشان دەمپارتی بە ڕێژەی (١٠.٥٪) پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە، مەهەپە بە ڕێژەی (٧.١٪)و پارتی باش (İYİ Parti) بە ڕێژەی (٤.٥٪)و پارتی سەرکەوتن (Zafer Partisi) بە ڕێژەی (٤.٣٪). پارتی خۆشگوزەرانیی نوێ (یەرەپە) (٣.٦٪)و پارتی کلیل (Anahtar Partisi) (٢.١٪)و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) (١.٣٪)ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.
________________
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت
https://spectrumhouse.com.tr/kurt-meselesi-ile-ilgili-algilar-ve-siyasal-egilimler/