فرەیی سیاسی لە ئیسلامدا
پ.د. ئومێد رفیق فتاح
ئایا راستە فرەیی لە ئیسلامدا وەكو بنەما مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بەشێكە لە ئیرادەی خوایی بۆ مرۆڤایەتی؟.لە ڕوانگەی ئیسلام و تێكستەوە جیاوازی و فرەیی وەكو بنەمایەكی نەگۆڕی كۆمەڵایەتی و مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت بەڵام جیاوازییەكە ئەو كاتە دروست دەبێت كە بابەتەكە دەگۆڕێت بۆ بابەتی فرەیی سیاسی، واتە لە بیركردنەوەی سیاسی و ئامرازەكانی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی و ئاڵوگۆڕی سیاسی دەسەڵات دروست دەبێت.
ئەو كاتەی دوو ئاراستەی سیاسی پشت ئەستور بەیەك باكگراوندی سیاسی و مەرجەعی فیكری، ئاراستەكانیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە ڕێگەی جیاواز مومارەسە دەكەن، بۆیە بە ئەندازەی ئەو پێوەرانە ئاراستە و گروپ و تێڕوانینی جیاواز لە مێژووی سیاسی ئیسلامدا دروست بووە.
گفتوگۆی گەرمی ئەو ئاراستە و گروپانە لەسەر ڕەتكردنەوەی سیاسەت و فرەیی سیاسی و كارپێكردنییەتی بە پێوەری ئەوەی كۆمەڵگەی ئیسلامی پێویستی بە حیزبی سیاسی و قبوڵكردنی ڕای جیاواز هەیە . لە دەرەوەی ئوممەی ئیسلامی یان پێویستی پێی نییە. ئەمە جگە لەوەی ئایا لە دەسەڵات حیزبە ئیسلامییەكان مامەڵە لەگەڵ حیزبی نا ئیسلامی دەكەن یاخود نا.
ئاراستەیەك وا سەیری فرەیی دەكەن و قبوڵیانە كە لە چوارچێوەی فرەیی ئیسلامی بێت، واتە فرەیی لە چوارچێوەی سەروەری شەریعەت و پابەندێتی تەواو بە بنەما گشتیەكانیەوە، بازنەی جیاوازییەكان لە دوای ئەم بنەما گشتیانەوە دەست پێدەكات.
ئاڕاستەكەی تر كە ئاڕاستەیەكی داخراوە، فرەیی سیاسی و حیزبی سیاسی ڕەتدەكاتەوە، قبوڵی نییە سیاسەت تێكەڵ بە عیبادەت بكرێت و بۆ مەبەستی بەرژەوەندی سیاسی بەكاربهێنرێت.
ڕەگ و ڕیشەی حیزبی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان و باشوری كوردستان زۆر كۆن نییە، بەڵام هەموو ئاراستەكان لە كوردستان هەن، ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە كە گوتاری سیاسی ئەم حیزبانە بەپێی میژووی سیاسیان گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، لەوەی كاری سیاسی و پەرلەمانیان ڕەتدەكردەوەو بە حەرامیان دەزانی، لە ئێستادا بڕوایان بە كاری پەرلەمانی هەیە و وازییان لە گوتاری توندو بیری تەكفیری هێناوە.
دابەشبوونی ئەم ئاراستانە لە كوردستان لەسەر ئاستی گوتاری سەرەتای دابەشبوونی گروپەكان بەرهەمهێنەری دەیان توندوتیژی و بە تەكفیركردنی لێكەوتەوە.
لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی حیزبی جیاواز هەیە، ئاراستەی گوتارییان قبوڵكردنی جیاوازی و پێكەوەژیانە، بەڵام بەبێگومان قبوڵكردنی جیاوازی زیاتر لە دەسەڵاتدا ئەزمون دەكرێت.