ڕەوتە سیاسەکان لە ئێران.. ململانێی پیاوانی ئایینی و سیاسەتمەداران
ئامادەكردن: د. عابد خالد
ئەم کتێبە لە نووسینى توێژەرى ئوردونى و مامۆستای زانکۆ خاتوو (فاتیمە ئەلسەمادى)یە، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵى ٢٠١٢، بە زمانى عەرەبى بەناونیشانى (التيارات السياسية في إيران)، لە دووتوێى (٣٩٢) لاپەڕەدا، لەلایەن (المركز العربي للأبحاث و دراسة السياسات)ەوە لەچاپدراوە. دواتر لە ساڵى ٢٠١٩ لە لایەن هەمان دەزگاوە بەکۆمەڵیک زیادکردن وپاکسازییەوە لە دووتوێى (٥٤٣) لاپەڕەدا، بۆجارى دووەم بەناونیشانى (التيارات السياسية في إيران: صراع رجال الدين والساسة) لە چاپدراوەتەوە.
فاتیمە ئەلسەمادى، توێژەرێکی پسپۆڕە لەبوارى کاروبارەکانی ئێران، کە لە زانکۆی (علامە طباطبایی) لە تاران بڕوانامەی ماستەرى لە لێکۆڵینەوە فێمینیستییەکان بەدەستهێناوە، هەر لەهەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر ناوەڕۆکە فێمینیستەکان لە سینەمای ژنانی ئێرانیدا بەدەستهێناوە. خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەیە لەسەر کاروبارەکانی ئێران، کە لەپاڵ ئەو کتێبەى لێرەدا خوێندنەوەى بۆکراوە، خاوەنى کتێبیى دیکەیە لەو بوارەدا، وەک کتێبى (عەرەب و ئێران: پێداچوونەوەیەک بە مێژوو و سیاسەتدا) و کتێبى (لەخۆ ڕەخنەگرتن: ئایەتوڵڵا حسێن عەلی مونتەزەری لە دیالۆگێکى ڕەخنەییدا بۆ ئەزموونی ئێران). ئەمە وێڕاى نووسین لەسەر هەمان بوار لەزۆرێک لە ڕۆژنامە عەرەبییەکان، هاوکات لە سەنتەری توێژینەوەی ئەلجەزیرە کاریکردووە، هەروەها سەرپەرشتی چەندین توێژینەوەی لە بوارەکانى پەیوەست بە ئێران و تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست کردووە.
کتێبی (ڕەوتە سیاسییەکان لە ئێران) بە یەکێک لە گرنگترین هەوڵە مەعریفیەکان دادەنرێت بۆ وێناکردنی تەوژم و گرووپە سیاسییەکانی ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ەوە، کە بە شێوەی چەند ڕەوتێک لەدەرەوەى دابەشبوونە تەقلیدییە باوەکەى نێوان ئوسوڵگەرایی و ڕیفۆرمخوازیى گوزارشت لەخۆیان دەکەن و ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکارییانەن کە لەو کاتەوە کۆمەڵگەى ئێرانى پێییاندا تێپەڕبووە. ئەم کتێبە بە پشتبەستن بە میتۆدۆلۆژیای وەسفی و شیکاری باس لە هۆکارانە دەکات کە ڕۆڵیان لە دەرکەوتن و دروستبوونی ڕەوتە سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران هەبووە، لە پێشەنگی ئەو هۆکارانەش ئاستی وەرچەرخان و گواستنەوە لە کۆمەڵگەی تەقلیدییەوە بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن، تێکڕاى مۆدێرنەکردن و گەشەپێدانی ئابووری و تەرازوى بەدیموکراسیکردنی کۆمەڵگە، کە پێکەوە کاریگەری بەرچاویان لەسەر بونیاتنانی دامەزراوە و کۆمەڵە و پەیوەندییەکانی چینەکانی خوارەوە کۆمەڵگەى ئێرانى هەبووە. توێژەر لەم کتێبەدا پشت بە تیۆرییەکانی کۆمەڵناس و زانای سیاسی ئێرانی (حوسێن بەشیریە) بەستووە، کە سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئێرانى پێی وایە کۆمەڵێک کەلێنى مێژوویی و بونیادی، بە درێژاى مێژووى هاوچەرخى ئێران، بوونەتە هۆکاری دروستبوونی چەندین هێز و ڕەوتى کۆمەڵایەتی و سیاسی ئاڵۆز، کەسەرچاوەى زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆرش و کاریگەریشیان بۆ دواى شۆڕش هەرماوە.
بە ڕەچاوکردنى پێڕستى بابەتەکانى چاپى دووەم، کتێبی (ڕەوتە سیاسییەکان لە ئێران) لە شەش بەش پێکهاتووە، کە بەسەر سێ پارى سەرەکیدا دابەشکراون. پارى یەکەمی بەناونیشانى (ئێرانی دوای شۆڕش: فرەچەشنییەک کە بووە هۆی ململانێ)، هەردوو دوو بەشی یەکەم و دووەمى کتیبەکەى لە خۆگرتووە. لە بەشى یەکەمدا بەناونیشانى (هێز و پارتە سیاسییەکان- تەوەرەکانی هزر و ئایدۆلۆژیا) ئەلسەمادى وێناى پانۆرامایەکی حزبی – سیاسی بۆ کۆمەڵگەی ئێرانى لە ساڵانى سەرەتاى دواى شۆڕش دەکێشێت، بەشێوەیەک کە هێز و پارتە سیاسییەکانى ئەوکاتە بۆ سێ ڕەوتی سەرەکی پۆلێن دەکات: هێزە ئیسلامییەکان کە (لایەنگرانی ئیمام خومەینی و پارتی کۆمارى ئیسلامیی) و تۆڕێکی بەرفراوانى لە مزگەوتەکان و لیژنەکانی سەر بە حوسێنییەکان لەخۆدەگریت. ڕێکخراوە چەپە عەلمانی و ئایینییەکان بەتایبەت (حزبی توودەی ئێران و ڕێکخراوی فیدائیینی گەل). ڕەوتە لیبراڵەکان (بەرەی میللی ئێران و نەهزەى ئازادی).
لە بەشی دووەمدا، بەناونیشانى (گووتاری شۆڕش و دواترى)، توێژەر بنکۆڵى بۆ ئەو قۆناغانە کردووە کە گووتاری شۆڕش پێیدا تێپەڕیوە، بەپێی ئەو ڕووداوانەی کە ئێران پێیدا تێپەڕیوە، هەر لە گووتاری بەرگریی پیرۆزەوە، تا گووتاری بونیاتنانەوە و ئیسڵاحگەرایی، ئەمجا گووتاری ئوسوڵگەرایى و بناژۆخوازى. بە وتەى ئەلصەمادی: گووتاری ئوسوڵگەرایی لە ئێراندا، وەک یەکێک لە گووتارە سەرەکییەکان سەریهەڵداوە، کە بە ڕوونی لەم ساڵانەی دواییدا تەواو گەڵاڵەبووە، بە تایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی پوکانەوە و شکستی گووتاری ئیسڵاحگەرایی و ڕیفۆرمخوازی، ئەگەرچى پێکهاتەی بنەڕەتیی ئەم گووتارە هەر لە سەرەتاوە بوونی هەبووە، بەڵام بەکارهێنانی زاراوەی ئوسوڵگەرایی زیاتر وەک بەرپەرچدانەویەک بۆ چەمکى ئیسڵاحگەرایی بووە، کاتێک بزووتنەوەی ئیسڵاحگەرایی نازناوى کۆنەپەرستی بەسەر ڕکابەرەکانیدا بڕیبوو.
پارى دووەمى کتێبەکە، بەناونیشانى (لە ڕاستڕەوییەوە بۆ ئوسوڵگەرایی و لە چەپڕەوییەوە بۆ ئیسڵاحگەرایی) بەهەمان ڕیتمى پارى یەکەم، هەردوو بەشى سێیەم و چوارەمى کتێببەکەى لە خۆگرتووە، لە بەشى سێیەمدا بەناونیشانى (ڕاستڕەویی تەقلیدییەوە بۆ ئوسوڵگەرایی)، فاتیمە ئەلسەمادى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە باڵی ڕاستڕەو لە ئێراندا، کە لە ئەنجامی پەرەسەندنە سیاسییەکانی دوای شۆڕش هاتۆتە ئاراوە، هەمیشە وەک یەکێک لە دوو دەستە یان تاقمی سەرەکی دەسەڵات ماوەتەوە. لەبەرامبەریشیدا باڵی چەپڕەوی بەرهەڵستکردووە، بەشێوەیەک کە گۆڕەپانی سیاسی ئێران لە ساڵانى هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ناوەڕاستى ساڵانى نەوەدەکان، مەحکومی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەى نێوان ئەو دووباڵە بووە، کە گۆڕانکاریی بەرچاوى بەسەر دابەشبوونی ڕەوت و تەوژمە سیاسییەکانی ئێراندا سەپاندووە، هەر لە شێوازى زاراوەسازى و گووتاریانەوە تا ڕێبازى کارکردنیان. دواتر باڵى ڕاستڕەوی ئێران، کە بە ڕاستڕەوى تەقلیدیی ناسرابوو، ناوی گۆڕا بۆ ئوسوڵگەرایى. کەواتە لە هەناوى ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەدا، کە هەم شێوازی گووتار و هەم ڕێبازى کارکردنیشی گرتبۆوە، هەروەها لە بەرداشى ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا کە چەندین شێوازى لەخۆگرتبوو، ڕەوتی ئوسوڵگەرایى لە ئێراندا سەریهەڵداوە، کە لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا زیاتر بە ڕەوتى موحافیز ناودەبرێت.
لەبەشى چوارەمدا، بەناونیشانى (لە چەپڕەوی ئیسلامییەوە بۆ ئیسڵاحگەراکان)، نووسەر لێکۆڵێنەوە بۆ ڕیفۆرمخوازەکانى ئێران دەکات، هەر لە باڵى چەپڕەوی تەقلیدییەوە تا چەپڕەو مۆدێرنخوازەکان، لەگەڵ دیارترین کۆمەڵە و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان. بەڕاى ئەو، سەرکردایەتی سیاسی بزووتنەوەی ئیسڵاحی لە ئێران هەمیشە هەوڵیداوە لە سنووری دەستوور و یاسادا هەڵسوکەوت بکات، ئەمەش وایکرد کە سەرەڕاى ڕەخنەگرتنى ڕووکەشى هەندێک لە مونەزیراکانى لە فیقهى ویلایەتى فەقیه، بەڵام هەمیشە دیلى فیقهی باڵادەست بووە لە وڵاتدا، هەرگیز لای خۆیەوە بەڕاشکاوى خواستی بۆ شکاندنی قۆرخکاریی ئەم فیقهە بەسەر کۆى گۆڕەپانی سیاسیدا دەرنەبڕیوە. لێرەوە، هۆگربوونى ڕەوتى ئیسڵاحگەراکان بۆ ئەو دۆخە باوە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی وتەزاکانی پەیوەست بە کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەپێدانی سیاسی و دیموکراسی. بەشکستخواردنى ئەم ڕەوتەش لە ڕووی سیاسییەوە، ئیدى ئەوە ڕوون بووەوە کە ڕەوتەکە لەوە لاوازترە کە بتوانێت تیۆرێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی گشتگیرى گونجاو بخاتەڕوو. بۆیە، لەکاتێکدا کە ڕەوتەکە سەرقاڵى بەفیرۆدانى هەوڵ و کاتێکی زۆربوو بەدواى بیرۆکەی فراواندکردنی بەشداری سیاسیدا، کۆمەڵگەی ئێرانى سەرگەرمى باسوخواسی ئەولەویەتی دیکەبوو، کە تیایدا بابەتگەلەکانى وەک ئاسایش و ئابووری و خۆشگوزەرانی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان بەچەندین پلە لە پێش بابەتى بەشداریکردنەوە بوون.
هەرچى پارى سێیەمى کتێبەکەیە، بەناونیشانى (لە دەرەوەی دوانەیی ئوسوڵگەرایی و ئیسڵاحگەرایی)، ئەوا هەرسێ بەشى پێنجەم و شەشەم و حەوتەمى کتێبەکەى لەخۆگرتووە. لە بەشی پێنجەمدا، بەناونیشانى (سەوزگەراکانی ئێران… کێشەی پێناسە و مانا)، ئەلسەمادی تیشک دەخاتەسەر بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، لەگەڵ خستنەڕووى پرسی ناکۆکی نێوان سەوزگەراکان و ئیسڵاحگەراکان، هاوکات باسى ناڕەزایەتییەکانی مەشهەد دەکات. لە تەوەرێکى ئەم بەشەدا بە ناونیشانی (بزووتنەوەی سەوز لە تەرازوى ڕژێمدا فیتنەیەکە جلێکی شۆڕشگێڕانەی مەخمەلی سەوزى لەبەردایە)، نووسەر دەڵێت لێکدانەوەى فەرمی ئێران بۆ بزووتنەوەی سەوز، هەمیشە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی ناڕەزایەتییەکانی پشتگوێ خستووە، ئەوەی ڕوودەدات، ڕاگەیاندنى فەرمى ئێران بەفیتنە و شۆڕشی مەخمەلى و دەستى دەرەکى و پیلانی ئەمریکى و شەڕی نەرم لەدژى ڕژێم لەقەڵەمی دەدات. ئەو پشتیوانییەی کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ بزووتنەوەی سەوز هەیانبووە، بەڵگەیەک بووە بەدەست ڕێبەرانی سوپای پاسدارانەوە تا بیانوى هەبوونى پێکدادانی نەرمى پێ پاساوبدەن.
بەڵام لە بەشی شەشەمدا، بەناونیشانى (بزووتنەوەی ئەحمەدی نەژادی… نزیک لە ئوسوڵگەراکان، زۆر دوور لەوان)، ئەلسەمادی باسى دیاردەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد و سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی و پەیوەندییە گرژەکەی لەگەڵ ڕژێم و سوپای پاسداران و پێکدادانى کۆتایی لەگەڵیاندا دەکات. هەروەها باس لە بانگەشەکانى نەژاد دەکات سەبارەت بە زەمینەسازیکردنى بۆ دەرکەوتنى ئیمام مەهدى، لەگەڵ خستنەڕووى گووتاری دووفاقی ئەو بەرامبەر ژنانی ئێرانی و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، ئەمجا ئاماژە بۆئەوە دەکات کە نەژادی پۆپۆلیست سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانى بەجێهێشت، بەڵام بەبێ ئەوەى گۆڕەپانی سیاسی ئێران بەجێبهێڵێت. لە بەشی حەوتەم و کۆتایی کتیبەکەشدا، بەناونیشانى (بزووتنەوەی میانڕەوی… گووتار یان نیمچە گووتار)، ئەلسەمادی باس لە زاراوەی میانڕەوی و گەشەپێدان دەکات، کە گووتاری بزووتنەوەی میانڕەوەکانى ئێرانى لەسەر بنیات نراوە. لەو چوارچێوەیەشدا تیشک دەخاتەسەر هەوڵى جۆراوجۆرى میانڕەوەکان بۆ پێناسەکردنی میانڕەوی و ڕاڤەکردنی گەشەپێدان، لەگەڵ خستنەڕووى مشتومڕەکانیان لەسەر ئەولەویەتەکان لە گەشەپێداندا، هەروەها پێودانگەکانیان بۆ سیاسەتێکی دەرەکی میانڕەو و سیاسەتی ئابووری میانڕەوانە.
لەهەمبەر ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوەی میانڕەویشدا نووسەر دەڵێت: ڕەنگە کێشەی بنەڕەتی ئەو تێزانەى کە بزووتنەوەی میانڕەوی وەک گووتارێک پێشکەشیان دەکات، ئەوەبێت کە ئەو تێزانە خاوەنى ئەو تایبەتمەندی و پێکهاتانە نیین کە ئەو بانگەشەیان بۆ دەکات. لێرەوە ئەلسەمادى تێبینییەکى گرنگ دەخاتەڕوو، کە دەشێت بەسەر زۆربەى ڕەوتە هزرى و بزووتنەوە سیاسییەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسى ئێراندا گشتاندنى بۆ بکرێت ئەویش ئەوەیە؛ لەو ڕوانگەیەوە کە هەر ڕەوت و بزووتنەوەیەک خۆى بە خاوەنى گووتارێکى تایبەت بەخۆى دەزانێت و بانگەشەى بۆ دەکات و هانى کۆکردنەوەى خەڵک لەدەورى دەدات، هەر گووتارێکیش کە وەک سیستەمێک لە ماناى پێکەوگرێدراو سەیر دەکرێت و لە توخمى زمانی و نازمانی پێکهاتووە، جیاوازى نێوان ئەم واتا و توخمانە وەک دژایەتی نێوان گووتارەکان دەخرێتەڕوو، بەشێوەیەک کە کارلێککردنی نێوان ماناکان لە واقیعدا وەک ململانێیەک لە نێوان گووتارە ناکۆکەکاندا وێنادەکرێت، کە ئەمەش بۆخۆى لەکارى سیاسیدا گرنگییەکى گەورەى هەیە.
بەڵام لێرەدا گرنگە بپرسین؛ ئاخۆ کام لە گووتارى ئەو ڕەوت و بزاڤە سیاسییانەى ئێران توانیویەتى لە ئاستى کرداریدا ڕەنگدانەى خولیا و خواستى زۆربەى هێز و چینەکانى کۆمەڵگەى ئێرانى بێت؟ ئاخۆ کامیان دەتوانێت ئەوە بهێنێتەدى کە ئەوان دەیخوازن؟