ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان (1979-2001 ) (مەكتەب قورئان و دەعوەت و ئیسڵاح وەك نموونە)
تویژەر: سۆران ئەسعد كەریم
ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان (1979-2001 )
(مەكتەب قورئان و دەعوەت و ئیسڵاح وەك نموونە)
تویژەر: سۆران ئەسعد كەریم
زاراوەی ئيسلامى سياسى هەموو ئەو ئایدیۆلۆژی و جووڵانەوانە دەگرێتەوە، كە باوەڕیان بە تێكەڵكردنی ئایین و سیاسەت و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامی واتە دەوڵەتی ئیسلامیی هەیە، كە یاسا بنەڕەتییەكانی شەرعی بن و هەڵسوكەوتی خەڵك لە ڕێگەی بەها كۆمەڵایەتییەكانی ئایینی ئیسلامەوە ڕێكبخڕێ و ئەمە بزووتنەوەیەكی پەرچەكردارە.(1) سەرهەڵدانى بيرى بناژۆخوازیی (ئوسووڵی- فێندەمێنتاڵ) ئيسلامى لە نيوەى دووەمى سەدەى نۆزدەيەم و سەرەتاى سەدەى بيستەم، تەقەلايەك بوو دەيويست چ لە ئاستى هزرى و چ لە ئاستى كۆمەڵايەتى لە دنياى عەرەب و ئيسلامدا خۆى پيادە بكات.(2)
پاش جەنگى يەكەمى جيهانى، دروستبوونى كۆڕ و كۆمەڵ و ڕێكخراوى مەدەنى، بايەخدان بە ئازادیى ژن و ڕۆيشتن بەرەو خوێندنى ئەكاديمى… هتد، لەو جووڵانە بوون كە ڕەوتى پێشكەوتنخواز، پێشكەشى كۆمەڵگەى ميسرى كرد. لە بەرامبەردا ترس لە گەشەكردنى بزاڤى نوێگەرا و پێشكەوتنخواز، ڕێبەرانى ئايينیى ميسریان هاندا بۆ ئەوەى بكەونە خۆيان و هەوڵی پەكخستنى ئەم ڕەوتە نوێخوازە بدەن. سەرەنجام بەردەوامى هەوڵ و هەڵمەتى پێشكەوتنخوازانە و دەسكەوتە يەك لە دواى يەكەكانیان، ڕێبەرانى ئايينیى ميسرى گەياندە ئەوباوەڕەی، كە دەستبدەنە دروستكردنى ڕێكخراوێكى ئيسلامى و بيكەن بە دژە هێزێك بۆ بەگژداچوونەوەى بەرەى پێشكەوتنخواز. بەم شێوەيە حەسەن بەننا و شەش كەس لە هاوبيرەكانى، دواى كۆبوونەوەيەك لە شارى ئيسماعيلييەى ميسر، لە (٢٢ى مارسى ١٩٢٨)دا بە دەركردنى ڕاگەيەندراوێك، دامەزراندنى ئەو ڕێكخراوەيان ڕاگەياند و ناوى ئیخوان موسلمین (برايانى مسوڵمان)يان لەسەر دانا.(3) دروستبوونی ئیخوان وایكرد ئەمجارە هەوڵ بۆ دروستبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی بكەوێتەگەڕ و بیری بناژۆخوازی چووە قۆناغێكی نوێوە.(4)
ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا بەرهەمی نزیكەی چوار سەدە هەوڵ و تەقەڵای پیاوانی ئایینیی مەزهەبی شیعە بوو. ئيسلامى سياسى شيعى گوتارێك بوو، دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە چوارچێوەی ڕێكخراوی فیداییانی ئیسلام بە سەركردایەتی نەوابی سەفەوی چەكەرەى كرد، هەرچەندە پێشتریش لە ژێر ناوی گرووپی دیكە كەم و زۆر چالاكییان هەبوو. دواتر لە شەستەكانى سەدەى ڕابردوو لە مەيدانى دژايەتیكردنى حكومەتى پەهلەوى پێگەيشت و دواى شۆڕشى گەلانى ئێران و بەدەستەوەگرتنى دەسەڵات و دامەزراندنى حكومەت لە سەر بنەماى ويلايەتى فەقيهـ خۆى سەپاند. ئەم حكومەتە بە بەرهەمی ئیسلامی سیاسی ئینتەرناشناڵ دەنرێت.(5)
ئيسلامى سياسى لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بەراورد بە ناوچەوكانى ديكەی ئێران جياوازیى هەيە. هۆكارى ئەم جياوازييەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونى دوو مەزهەبى ئيسلام (سوننە و شیعە) لەو بەشەى كوردستان، كە هەر يەكە و تێڕوانين و بۆچوونى خۆی هەيە.
لە ڕاستیدا ئيسلامى سياسى لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بەرهەمى ئيسلامى سياسى لە ئێران نەبوو. هەرچەندە لە ژێر هەژموونى شيعەگەریدا و بە تايبەت ئەو دۆخە ئازادەى لە كۆتاييەكانى حكومەتى پەهلەوى و بە هۆى بێدەسەڵاتیى حكومەت لە ناوچەكانى كوردستان، كەسايەتييە ئايينييەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستان هاندران، تاكو بەرەبەرە ئەوانيش جووڵەيەك لە پانتايیى دياریكراو، لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان بكەن و ئيسلامگەرايى و هزرى بناژۆخوازيى ئيسلامى بڵاو بكەنەوە، گەر نا بە شێوەيەكى زەق و بەرچاو نەك هەر كاريگەریى ئيسلامى سياسیى ئێرانيان بەسەرەوە نەبوو، بەڵكو لە ناوخۆى ڕۆژهەڵاتيش تا سەردەمى پێش شۆڕشی 1979، ئیسلامی سیاسی وەك ڕێكخراو بوونی نەبووە، ئەوەى هەبووە تەنيا ئيسلامى كۆنەپارێز و نەريتى بوو لە هەردوو مەزهەبى سوننە و شيعە لە نێو كورد.(6)
لە كوتایی دەیەی شەست و سەرەتای دەیەی حەفتادا بناژۆخوازیی ئیسلامی وەكو هزر خۆی خزاندە نێو كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەرهەمی بڵاوبوونەوەی بیری ئیسلامی لە ناوچەكە بەتایبەت لە باشووری كوردستان و عێراق دابوو. هەروەها بڵاوبوونەوەی چەمكە مۆدێرنەكانی وەك سێكۆلاریزم و ئایدیۆلۆژی كۆمۆنیزم لەم ناوچەیەدا كاریگەرییی خۆی هەبوو. ئیسلامی سیاسیی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستاندا هەمیشە لەژێر كاریگەرییی تێز و گوتارەكانی ئیسلامی سیاسی عەرەبیی و هەڵكشان و داكشانی ئەو گوتارە سیاسییە ئیسلامییانەدا بووە، كە لەدەرەوە ئاڕاستەكراون. لە قۆناغە هەستیارەكانیشدا ئەو جۆرە گوتارە لەمپەر بووە لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی كوردیی. بۆ خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسیی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەبێت تەواوی ئەو فاكتەر و پاڵنەرانە لەبەرچاو بگیرێن، كە ئیسلامی سیاسی لەگەڵ خۆیدا پەلكێشی كردووە، سەرەتا بە وەرگرتنی بیری ئیخوانیزم و كەوتنە ژێر كاریگەرییی گوتاری ئیسلامی لە پێش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و پاشتریش كاریگەربوون بە گوتاری پێچەوانەی مەزهەبی، واتە پێڕەویكردن لە سوننەگەرایی لە بەرامبەر سەرهەڵدانی مۆركی شیعەگەری لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە.(7)
ئەگەر پەيوەندييەكيش لە نێوان ئيسلامى سياسى ڕۆژهەڵات و ئيسلامى سياسیى شيعەدا بوونى هەبێ، لە ڕێگەى ڕەوتە ئيسلامييەكانى باشوورى كوردستانەوە بووە، چونكە وەك باسكرا ئيسلامى سياسى ڕۆژهەڵات، لەژێر كاریگەریی ڕەوتەكانى باشوور دابوو. ڕەوتەكانى باشووريش بە هۆى ئەوەى خومەينى بۆ ماوەيەكى زۆر لە عێراق بوو، بيروبۆچوونەكانى بڵاو دەكردەوە، هەم لە عێراق و هەم لە ئێران و تاڕادەيەكيش كاريگەر بوو بە بيروبۆچوونەكانى سەيد قوتب بە ڕوانينى شيعى، بۆيە پێيانوابوو خومەينى جووڵەيەكى نوێيە و دەسەڵاتى نوێى ئيسلامى دادەمەزرێنێ، كە هەژاران خۆى تێدا دەبيننەوە، بەڵام لە نێو كوردانى شيعە بە هۆى هاومەزهەببوون لەگەڵ ناوەند و پەيڕەویكردن لە مەرجەع لە نێو مەزهەبى شيعە و تاڕادەيەك دووريى و كەمكارى هێزە نەتەوەيى و چەپەكانى كورد لەم ناوچەيە، بە شێوەيەكى ڕێژەيى كاريگەرييان لەسەر هەستى مەزهەبیی خەڵكەكە دانابوو، كە ئەويش تەنيا لە چوارچێوەى خۆپیشاندان و هاندانى خەڵك لە ڕێگەى مەزهەبییەوە بوو.(8)
مەکتەب قورئان:
مەکتەب قورئان ئەو ڕێکخستنە ئایینیەیە، کە لەسەر دەستی ئەحمەد موفتی زادە لە ساڵی 1977 دامەزرا، وەک سەرجەم ڕێکخستن و ڕێکخراوە مەزهەبییەکانی دیکە بە ڕوانگەی پەروەردەيی دروستبوو، خۆی وەک ڕەوتێکی فکری ناساند. موفتی زادە پاش چەند ساڵ لە گووتنەوەی وانەی ئایینی، لە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕۆشنبیری ئايينيى لە فارس و عەرەب، چوارچێوەی چالاکیی خۆی گۆڕی بۆ تەشکیلاتێکی ئایینی- سیاسی و لە ساڵی 1977 لە شاری مەریوان مەکتەب قورئانی دامەزراند، کە سەرەتا ناوی مەدرەسەی قورئان بوو .(9)
لەگەڵ ئەوەى موفتى زادە ئاگادارى بۆچوون و کاريگەرييەکانى سەيد قوتب بوو، بەڵام ڕەوتەکەى هاوشێوەى ئيخوان نەبوو، بەڵکو تەواو جياواز بوو. پرسی کوردستان یەکێک لەو بناغانە بوو لە فکرەکەیدا دەبینرا، بەڵام پرسی نەتەوایەتی لەناو ئیسلامی سیاسيدا شاراوەترە.(10) موفتی زادە کاتێک ڕێکخستنی مەکتەب قورئانی دادەمەزراند، بە هۆی هەبوونی پارت و ڕێبەرانی سیاسی و ئایینیی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بە هێزیان هەبوو، نەیدەتوانی بە ئاسانی و بەبێ پاڵپشت دەربکەوێت. هەر بۆیە لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتيوانیی لە کۆماری ئیسلامییی کرد و لەم ڕێگەیەوە خۆی و مەکتەب قورئانی هێنایە نێو کایەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. لە لایەکی دیکەشەوە، شۆڕش لەسەرەتادا هەلومەرجێکى لەباری بۆ ئەم جۆرە بۆچوونانە ڕەخساند تاکو مەیدان بگرنە دەست و ئەگەرچی تا ئەو سەردەمە لایەنگرێکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام توانييان خەڵکانێک لە خۆیان کۆبکەنەوە بە تایبەت کە خومەینی گەڕایەوە ئێران، مەیلێکی کاتی بە لای کەسایەتییە ئایینیەکانی ئێران بە کوردستانیشەوە هەبوو.(11)
مەکتەب قورئان سەرەتا ئامانجیان پەروەردە و پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگە بوو، بەڵام دواتر لە چوارچێوەی بیری نوێخوازیی ئایینی، کە پەیوەندیی سیاسەت و ئایینى بە پێویست دەزانى و هەوڵیاندەدا کە سیاسەت و ئایین وەک دوو باڵی تەواوکەری یەکتر نیشان بدەن و لە ڕێگەی زانستی سەردەمەوە ئایین نوێ بکەنەوە، بەم شێوەیە ڕێکخراوەکەیان کردە ڕێکخراوێکی سیاسی، کە ئامانجیان بە دەستگرتنی دەسەڵات بوو و زیاتر لە چوارچێوەی خودموختاریی ئیسلامی بۆ کوردستان خۆی وەدەرخست.(12)
ئەم بۆچوونانەی موفتی زادە لە ژێر کاریگەری چەند لایەنێکدابوو. ئەمە جگە لەوەی باوەڕی تەواوی بە گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و ئیسلامی خەلیفەخوازی دوای پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) هەبوو، کە باس لە وەلی ئەمر و شۆرا دەکات، بۆیە جەختی لە خودموختاری ئیسلامی دەکردەوە. هەروەها لە ژێر کاریگەریی بیرمەندانی وەک ڕەشید ڕەزا دابوو، کە دەیویست دەسەڵاتێکی سەردەمیانەی ئیسلامی دامەزرێنێ، جگە لە پاراستنی بەها دینییەکەی، فۆڕمێکی سیاسی پێ ببەخشێت. لە لایەکی دیکەشەوە، هەرچەند موفتی زادە کەسایەتییەکی خاوەن فکر و بۆچوونی خۆی بووە لەسەر ئیسلامی سیاسی، بەڵام کاریگەری عەلی شەریعەتی شيعەمەزهەبی لەسەر دیارە.(13)
لێرەوە دەردەکەوێ کە موفتی زادە لە دەربڕینی بیروبۆچوون لەسەر ئیسلامی سیاسی، هەم دیدی ئیسلامی سیاسی عەرەبی و هەم ئیسلامی سیاسی شیعی ئێرانی پێوە دیار بوو و زیاتر دەیویست ئیسلامی سیاسی لە چوارچێوەی ئیسلامی سۆسياليستى بناسێنێت. ئەمە تایبەتمەندیی ئیسلامی سیاسی ئێرانییە، چونکە هەموو ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی مەیلەو چەپ لە ئێران، لە ژێر کاریگەریی مارکسیزم دان، کە هەم شەریعەتی و هەم نەهزەتی خوداپەرستانی سۆسیالیست بە موجاهیدینیشەوە دەگرێتەوە، چ لە لێکدانەوەى مەهدى ناديار و چ لە باسی دەسەڵات و چ لە تێڕوانینی ئابووری. بۆیە دەبینین موفتی زادە لە پاش دەرکەوتنی مەکتەب قورئان وەک حیزبێکی ئایینی-سیاسی و داواکاری مافەکان، جگە لە مافی مەزهەبی، باسی مافی نەتەوەیی و ئابووریش دەکات. کەواتە دەتوانین بڵێین بیروبۆچوونەکانی ئەحمەد موفتی زادە، کە لە چوارچێوەی مەکتەب قورئان دا خۆی دەنوێنێ، تێکەڵاوێکی ئیسلامیزمی فارسی و ئیسلامیزمی سوننەی عەرەبییە، بەڵام لە شێوەی دەسەڵاتداريدا موفتی زادە عەرەبیانە بیر دەکاتەوە و پێیوایە ئەو دەسەڵاتەى هەیە، ئەگەر ئیسلام نەبێ، ئەوە مسوڵمانێک بوونی نییە، واتە لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامیدایە کە مسوڵمانی ڕاستەقینە بوونی هەیە.(14)
هەموو ئەو بیروبۆچوونانەی مەکتەب قورئان، کە تا ئەو کات ناوی هەر مەدرەسەی قورئان بوو (مکتب قرآن،1394هـ.ش)، وایکرد لە قۆناغی شۆڕش 1979 هانی گرووپەکانی ئەهلی سوننەت بدەن تاکو پشتیوانیی شۆڕشی گەلانی ئێران بکەن و پاش سەرکەوتنی شۆڕش، موفتی زادە و مەدرەسەی قورئان بە هەموو توانا هاوکاریی خومەینیان دەکرد. دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئایینی و تێکەڵاوکردنی ئایین و سیاسەت، گوتار و ستراتیژی هاوبەشی کۆماری ئیسلامییی و مەکتەب قورئانی(موفتی زادە) بوو، ئاماژە بەوە دەدەن کە هەموو کارە پەروەردەییەکانیان لەو سەردەمە ڕادەگرن، تاکو هاوکاریی شۆڕش بکەن بۆ سەرکەوتنی.(15) موفتی زادە سەبارەت بە حکومەتی تازەی ئێران دەڵێ: “خوێنی ملیۆنان شەهیدی مێژووی ١٤ سەدەی ئیسلام، لە شۆڕشی ئێران بەرهەم هات”.(16) هەروەها دەڵێ: “سیستەمی کۆماری ئیسلامییی بە خوێندانی دەیان هەزار شەهید بەدەست هاتووە و ئەگەر درێژەی شۆڕشەکە لەبەرچاو بگرین، دەبێ کۆماری ئیسلامییی بە خونچەی ئامانجەکانی سەرجەم شەهیدانی مێژووی ئیسلام بناسین و بە داخەوە هیچ باغ و گوڵزارێک بێ مێش و مێروو و ئافەتی گەورە و بچووک نییە، بۆیە ئەم شۆڕشەش بێ دژبەر نییە”.(17) لێرەدا مەبەستی لە مێش و مێروو، دژبەرانی کۆماری ئیسلامییی بە تایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. کۆماری ئیسلامییی و موفتی زادە دەیانویست حکومەتێکی تەواو ئیسلامی پێکبێت، بەڵام ئامانجی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چ لایەنی نەتەوەیی و چ لایەنی سۆسیالیستی، سیستمێکی کراوەی دیموکراتیک بوو. بەم پێیە، مەکتەب قورئان و کۆماری ئیسلامییی کەوتبوونە یەک بەرە و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتبوونە بەرەيەکى دیکە و دژی یەک ڕاوەستان. دیارە موفتی زادە بۆ ئەوەی ڕوخساری مەکتەب قورئان ناشیرین نەبێت، ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی ئێرانەوە گوشاری دەخستە سەر حیزب و سەرکردە سیاسییەکان.(18)
بەر لە شۆڕش و دوای سەرکەوتنی شۆڕشيش هێزە کوردیيەکان، کە هەر یەکە لە کۆمەڵە و (حدکا) بوون، چەند جارێک هەوڵیانداوە لە ڕێگەی چاوپێکەوتن و نووسراوە، چاویان بە خومەینی بکەوێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و نامەکانیشیان بێ وەڵام بوو. ئەوان سەرەڕای پشتیوانیکردن لە شۆڕش، بەڵام هەوڵیان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەدا لە شێوەی خودموختاری لە چوارچێوەی ئێرانی دیموکراتیکدا. ئەوەی کە لەو نێوەدا هەڵوێستی جیای هەبوو ئەحمەی موفتی زادە بوو، کە پێچەوانەی لایەنە نەتەوەیی و هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان بوو. ئەو پشتیوانی تەواوی بۆ شۆڕش و خودی خومەینی و دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامیی دەربڕیبوو و پێداگری لە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی حکومەتی ئیسلامیدا دەکرد، بۆ ئەم مەبەستەش دیداری لەگەڵ خومەینی ئەنجامدا.(19)
بە گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران، ئەحمەد موفتی زادە نامەیەک بۆ خومەینی دەنێرێ و هەندێک داواکاری سەبارەت بە کورد تێدا نووسى، دواتر خومەینیش چەند ڕۆژ پێش سەرکەوتنی شۆڕش، نامەیەکی بۆ موفتی زادە ناردەوە لە( 19/2/1979) و نووسی: بۆ زانای گەورە و بوێری ئایینی، “بەڕێز کاک ئەحمەد موفتی زادە، بە خزمەتتانی ڕادەگەیەنم هەوڵ و چالاکیی بەردەوامتان لە ڕێگەی خەباتی ئیسلامیی جێگای ڕێز و پێزانینە، هیوام وایە هەموو کات لە بەڕێوەبردنی ئەرکی ئایینی و بەرەوپێشبردنی ئامانجی ئیسلامیی سەرکەوتوو و پایەدار بێت. هەر بۆیە جەنابی حوجەتولئیسلام شێخ حوسێن نووری، کە لە زانایانی حەوزەی زانستیی قومە، ناردومانەتە کوردستان، ئەگەر هەر باس و مەسەلەیەک هەبوو لە ڕێگەی ئەوەوە پێمان ڕابگەیەنن، بە ئومێدی ئەوەی بە هەوڵی بەڕێزتان و هاوڕێکانتان بە زووترین کات حکومەتی کۆماری ئیسلامییی دامەزرێت…”.(20)
موفتی زادە هەفتەيەک پاشتر سەردانی تارانی کرد و چاوى بە خومەينى کەوت. موفتی زادە بە پێچەوانەی حیزبەکانی دیکەی کوردستان، لە بارەی کارکردن لەگەڵ ڕژیمی تازە گەشبین بوو. دەیگووت: “ئێستا کاتی شەڕ لەگەڵ ڕژیم نییە، ئەمە ڕژیمێکی خەڵکییە، خۆشەویستە، با یارمەتیان بدەین”. ئەم قسانە توڕەیی لایەنە نەتەوەیی و چەپەکانی کوردستانی ئەوەندەی تر بە نیسبەت موفتی زادە ورووژاند.(21) توڕەیی لایەنە کوردستانیيەکان لە هەمبەر مەکتەب قورئان بێهۆکار نەبوو، چونکە موفتی زادە ڕاستەوخۆ پەنجەی لەسەر ئامانجەکانی ئەم لایەنانە دادەنا و بە کردەوە دژە ئیسلامی ناوی دەهێنان، وەک خۆی دەڵێت: “ئەگەر شۆڕشی ئێران بە ئیسلامی بکرێت و جیاوازییەکان لە ناو ببرێت، ئەم ئەگەرە وێرانکەر و ئاژاوە سازکەرەی نەتەوە (گەرایی) لە ئێران و وڵاتە ئیسلامییەکانی دیکە دەکوژێتەوە”.(22)
خومەینی ڕۆژی(30/3/1979)ی وەک ڕۆژی ڕیفراندۆم لە ئێران دیاری کرد، کە ئەم ڕیفراندۆمە تەنیا یەک بژاردەی بۆ خەڵک دیاری کردبوو، ئایا ڕازین بە کۆماری ئیسلامییی یا خود نا؟ هەر زوو لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییی بە تایبەت لە کوردستان، کە هەر یەکە لە حدکا و کۆمەڵە و چریک و چەند ڕێکخراوی دیکە و شێخ عیزەدین حوسەینی، ناڕەزایەتی توندیان دەربڕی و داوایان لە خەڵک کرد لەم ڕیفراندۆمە بەشدار نەبن و بایکۆتی ڕیفراندۆمیان کرد (سنجابی، 1368هـ.ش،18)، بەڵام لایەنگرانی مەکتەب قورئان لە شارەکانی کوردستان بە ڕابەرایەتی ئەحمەد موفتی زادە بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کرد و دەنگیان بە کۆماری ئیسلامییی دا.(23)
لێرەوە بە تەواوەتی دوو لایەنی دژ بە یەکتر دروستبوون، لایەک مەکتەبییەکان و هاوبیرانيان بوون و لایەکەی دیکە پارت و ڕێکخراوە سياسى و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بیروبۆچوونیان دژی حکومەتی ئیسلامی بوو. پاش ڕیفراندۆم ئەمجارە ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەکان کرا و موفتی زادە کەسانێکی بەربژێر کرد، کە ڕێزیان لە مەکتەب قورئان و پلاتفۆڕمی کۆماری ئیسلامییی دەگرت و بە لیستی موفتی زادە ناسران. لە ئەنجام دا ٨ کورسييان بەدەستهێنا. ئەمە بۆ مەکتەب قورئان دەرکەوتنێکی بەرچاوبوو. بە تایبەت کاتێک ڕاگەیاندنەکانی تاران دابەشکاریان لە نێو هەڵبژێردراواندا دەکرد و بە مسوڵمان (مەکتەبیەکان) و نامسوڵمان (کۆمەڵەکان) ناویان دەهێنان، هەرچەند ئەم ئەنجامە تایبەت بوو بە ناوچەی سنە. بەم شێوەیە موفتی زادە ئەوەندە لە حکومەت و دەسەڵاتداران نزیک بوویەوە، کە لای وابوو متمانەیەکی دوو لایەنە لە نێوانیاندا هەیە و تەنانەت لە زۆربەی وتارەکانی خومەینی لە شارەکان، موفتی زادە لە لای ڕادەوەستا.(24)
کێشەی نێوان مەکتەب قورئان و پارتەکانى دیکەی ڕۆژهەڵات بە تایبەت کۆمەڵە، لە پاش ئەو کۆنفرانسەی لە 12ى نیسانی 1979، کە بە کۆنفرانسی خودموختاری بۆ کوردستان بە ناوبانگ بوو و لە شاری سنە گیرا، زیاتر تەشەنەی سەند (دلاویز، 1358هـ.ش ،112). لەسەرەتادا مەکتەب قورئان کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بە تایبەت دکتۆر قاسملوو نەبوو، ڕەنگە گرینگترین خاڵ ئەوە بێت کە موفتی زادە وەک ئەندامێکی پێشووتری حیزبی دیموکرات، ڕێزی زۆری بۆ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان 1946 هەبوو، هەروەها ئامانجى حیزبی دیموکرات بریتی بوو لە “دیموکراسى بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان، کە تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەجێندا ناسیۆنالیستیەکانی موفتی زادە، یەکیان دەخوێندەوە،(25) بەڵام دوای ئەوەی لە شاری سنە کێشەکە لە نێوان مەکتەب و حیزبەکانی دیکە قووڵتر بوویەوە بابەتێکی نوێ بە ناوی “پێشمەرگەی مسوڵمان” هاتە ئاراوە، کە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە چەکداریە دەخرێتە پاڵ مەکتەب قورئان و ئەحمەد موفتی زادە. ئەم بۆچوونە ڕای جیاوازى لەسەرە، بە شێوەیەک کە هەندێک لایەن دروستکردنی پێشمەرگەی مسوڵمان لەلایەن موفتی زادە پشت ڕاست دەکەنەوە و هەندێکی دیکەش بە تایبەت مەکتەبییەکان، ڕەتى دەکەنەوە و خۆی لێ دەبوێرن.(26)
ساڵی 1978، خومەینی نامەیەکى بۆ خەڵکی کوردستان نووسیی و داوای لێكردن لەگەڵ دوای ئەم شۆڕشە بکەون، کە پێیاندەوت “نەهزەتی ئیسلامی”. ئەمە لەکاتێک دابوو کە کورد زۆر زیاتر باجی دابوو لە دژایەتیکردنی حکومەتی پاشايەتى لەچاو سەرانسەری ئێران. هەروەها بە هۆی ئەو ڕوانگەیەی هەیانبوو لەسەر کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی سوننە مەزهەب، کە دەتوانێت مەترسی بێت لەسەر کۆمەڵگەی شیعە مەزهەبی ئێران، لە پاش شۆڕش هەر زوو چەند گرووپی سەربازیی و چەند مەلایەکی شیعە دەنێردرێن بۆ کوردستان، کە ڕۆڵی تێکدەرانەیان هەبوو و نموونەی بەرچاویان دەسماڵ سوورەکان و ئایەتوڵاکان بوو بە تایبەت ئایەتوڵا سەفدەری (1939-2010) کە دەیانوت دەمانەوێ کوردستان پاکسازی بکەین.(27)
واتای پێشمەرگەی مسوڵمان چەمکێکی ئایدۆلۆژیکە و ئەوانەی لە پشت ئەم بابەتەوە بوون، هەوڵیان ئەوە بوو بەشی سیکۆلاری هێزی چەکداری کورد، واتە پێشمەرگەی پارتەکان و هێزی بەرگری وەک هێزێکی نامسوڵمان و لە بواری ئایینیەوە ناشەرعى پێناسە بکەن. بۆیە دوو بۆچوون هەیە، یەکیان لایەنی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوون، کە دەڵێن پێشمەرگەی مسوڵمان لە ژێر کاریگەری خودی موفتی زادە بووە، بەڵام مەکتەبیەکان و خودی موفتی زادەش ئەوە ڕەت دەکەنەوە و تەنانەت ڕەتی دەکەنەوە، کە لەژێر چەتری ئەم ڕێکخراوە دا بووبن.(28)
خاڵێکی گرینگ ئەوەبوو لایەنە ئیسلامییەکانی دیکە، کە تا پێش شەڕی سێ مانگە لە کوردستان چالاک بوون بە تایبەت ئەوانەی وەک مەکتەب قورئان چالاک بوون، پێیان شەرم نەبوو لەگەڵ پێشمەرگەی مسوڵمان چالاکیان هەبێ و هاوکاری ئەو پاسدارانە بکەن کە دەهاتنە کوردستان. تەنانەت دوای ئەو هەموو کوشتار و هێرشەی کرایە سەر کوردستان بە تایبەت دوای هاتنی حاکمی شەرع بۆ کوردستان، بەڵام بەشێک لە لایەنگرانی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بە تایبەت ئەندامانی مەکتەب قورئان لە ڕیزی ئەم ڕێکخراوە چەکدارییە بوون و دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕیان کردووە.(29) تەنانەت لە شەڕی سێ مانگەی کوردستان دا، ڕۆڵی پێشمەرگەی مسوڵمان، لە داگیرکردنەوەی ئەو شار و ناوچانەی لە ژێر دەستی پێشمەرگە و حیزبەکان دا بوون زۆر زەق و بەرچاوە.(30)
هەر لەو سەر و بەندەدابوو مەکتەب قورئان بەیاننامەیەکی هەشت خاڵی لە ڕێکەوتى 16ی مارسی 1980 بڵاو کردەوە، کە ڕوو لە کۆماری ئیسلامییی بوو، بەیاننامەکە زۆر بە ڕوونى داواى کردبوو حکومەت دژى “خۆفرۆشانى کۆمەڵە و ديموکرات و چريکى فيدايي هەڵوێست بگرێ و دەريان بکا و ئەرتەش سنوورەکان بگرێتەوە دەست.هەروەها هانى خەڵک بدەن تاکو پەيوەست بە ڕيزەکانى پێشمەرگەى مسوڵمان بن (اطلاعیه 8 ماده ای احمد مفتی زاده).هەر بۆیە ئەم بەڵگانە بۆ چەپەکان و ناسیۆنالیستەکان ئەوەی پشتڕاست دەکردەوە، کە هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان لەلایەن موفتی زادە دامەزراوە.(31) هەڵبەت بۆچوونێكی دیكە هەیە ڕەتی دەكاتەوە كە ئەم بەیاننامەیە بوونی هەبووبێ و دەڵێن زیاتر بۆ شكاندنی لایەنە ئیسلامییەكان ئەم پڕۆپاگەندایە بڵاوكراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، حەسەن ئەمینی کە جێگری موفتی زادە بوو لە مەکتەب قورئان و ئێستا دوای جیابوونەوى ناو مەکتەب قورئان، ئەو بەرپرسی لايەنى مەکتەب قورئانی کوردستانە، لەم بارەیەوە دەڵێ: “ئێمە بەم کارە ڕازی نەبووین، پاش دامەزراندنیشى دژایەتیمان کرد، چونکە باوەڕمان بە خەباتی چەکداری نییە و هەر لەسەرەتاشەوە ئەحمەد موفتی زادە ڕەتی کردۆتەوە. هەرچەندە ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کەسانێک لە ئەندامانی ئێمە بۆ هەندێک مەبەست لەو ڕێكخراوەدا بەشداربوون و دوای ئەوەی لەگەڵ ئەوان کەوتن ئێمە لە مەکتەب قورئان دەرمانکردن و دژایەتیمان کردن.(32) لەو سەروبەندەی حکومەتی تاران خەریکی دانانی یاسای بنەڕەتی وڵات بوو، موفتی زادە چەند پێشنیارێکی بۆ دەوڵەت نوسیبوو تاكو لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا بگونجێندرێن، تەنانەت موفتی زادە ئەوەندە گەشبین بوو بە لایەنگرەکانی دەكوت خودموختاری (ئەو شێوە خودموختاریەی کە خۆی و مەکتەب قورئان داوایان دەکرد) لە ناو گیرفانمدایە.(33) ئەو کات موفتی زادە و مەکتەب قورئان لە کرماشان بوون، چونکە پاش دەرکردنی فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی کورد شاری سنە بۆ مەکتەب قورئان جێگای مانەوە نەبوو، بۆیە چوونە کرماشان و هەمەدان.(34)
ئەو هەموو هیوایەی موفتی زادە لەسەر کۆماری ئیسلامییی هەڵیچنیبوو، بۆ پێدانی مافی کوردە سوننەکان، ڕووخا. ئەویش بە زیادکردنی ویلایەتی فەقیهـ لە یاسای بنەڕەتیی وڵات دا و دانانی مەزهەبی شیعە بە مەزهەبی فەرمی وڵات و پەراوێزخستنی کەمایەتییە ئایینی و ئیتنیکیەکان بە شێوەی یاسایی و لە یاسای بنەڕەتی لە ماددەی 12 و مادەی 57 چەسپا و لە شيکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی داهاتوو، کە دەسەڵاتی حکومەتی وەردەگرن دەبێ خاوەن ئەو تایبەتمەندییانە بن و سوننە بۆی نییە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و هەموو پۆستە باڵاکان و بە پارێزگاریشەوە بپاڵێوێت.(35)؛(36) لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامیی و بەتايبەت خومەینی دوای کەمتر لە ساڵێک لەسەرکەوتنی شۆڕش، باوەڕێکی ئەوتۆیان بە موفتی زادە و مەکتەب قورئان نەمابوو، تەنانەت موفتی زادە خۆشی دەڵێ: “لەگەڵ ئەوەی هەموو ناوچە و ڕێگە هەستیارەکانمان پاراستبوو، بەڵام فیشەکیان پێ نەداین”.(37)
موفتی زادە دوای ئەوەی یاسای بنەڕەتی وڵات پەسەند کرا و هیچ یەک لە داواکارییەکانی ئەوانی تێدا نەگونجا، یەکسەر بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ خومەینی بەرەو قوم بەڕیکەوت و ناڕەزایەتیی دەربڕی لەسەر نەبردنەسەری بەڵێنەکانی، بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەوتۆی لە خومەینی نەبیست. هەر بۆیە شوێنەکەی بەجێهێشت و دواتر لە حوسەینیەی ئیرشادی تاران وتارێکی توندی بە نیسبەت خومەینی و کۆماری ئیسلامییدا.(38) بەم شێوەیە موفتی زادە تاو کاتی پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی هاوهەنگاو پارێزەری کۆماری ئیسلامیی بوو و هەموو هەوڵیشی بۆ دەدا، بەڵام کە بینیی هیچ لە داواکاریەکانی کە بریتی بوون لە: نەهێشتنی جیاوازی مەزهەبی و جیاوازی نەتەوەیی و جیاوازی چینایەتی لە ئێراندا، گوێی پێ نەدرا، ئیتر لە مەیدانی سیاسی کشایەوە و ڕووی کردە کرماشان تاکوو توشی “شەڕی براکوژی” نەبێ و لەوێ مەکتەب قورئانی وەک ناوەندێکی پەروەردەیی بەڕێوە دەبرد.(39)
هەرچەندە موفتی زادە لە بەیاننامەیەکدا لە ڕێکەوتی 9ی ئۆكتۆبەری1979 ڕایگەیاند چی دیکە کاری سیاسی ناکات و پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامیی و سەرانی حکومەت ناکات و مەکتەب قورئان وەک ناوەندێکی ئایینی و پەروەردەیی بەڕێوە دەبات و هیچ بۆچوونێکی سیاسی دەرنابڕێ و چاوی بە هیچ کەسێکی سیاسی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ناکەوێ،(40) بەڵام دوای گۆڕینەوەی چەند نامە و سازدانی چەند دیدار لەگەڵ خومەینی، نەیتوانی لەسەر بڕیارەکەی بەردەوام بێت، بەڵام هیچ دەسکەوتێکی نەبوو. ئەم دۆخە موفتی زادە وەخۆ دێنێتەوە و لە وتارێکدا لە ساڵیادی دامەزراندنی مەکتەب قورئان کە لە 1ی نیسانی 1980 پێشکەشی کردبوو بە ڕاشکاوی دەڵێ: “مەکتەب قورئان بۆ دەفعی شەڕ دامەزراوە و بە جۆرێک داوای یەکگرتنی سوننەکانی ئێران دەکات لەگەڵ کوردە سوننەکان بەرانبەر ئەو زوڵمەی شیعەی دوازدە ئيمامى خەریکە لە سوننەکانی دەکات، بەڵام زۆر درەنگ بوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی خۆی گرتبوو، ڕکابەرەکانی خۆی لە تاران و بەشێکی زۆر لە ئێران و کوردستانی لەناوبردبوو. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پەسەندکرابوو. بۆیە موفتی زادە بیری لە کارتێکی فشاری دیکە کردەوە، کە بریتیبوو لە شورای شەمس (شورای مرکزی سنت).(41)
لە سەروبەندی نەورۆزی 1981 موفتی زادە بانگهێشتننامەیەک بۆ سەرجەم زانایانی سوننە مەزهەب و سەرجەم زانایانی ئێرانی ناڕازیی چ سوننە و چ شیعە دەنووسێ و داوایان لێدەکات لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی ڕێگەی شۆڕش.(42) ئەم شورایە ڕاستە کەسانێکی زۆری لە سوننەکانی ئێران تێدابوو بۆ نموونە مەولەوی عەبدولعەزیزی مەلازادە (1916-1987) بە نوێنەرایەتی بەلوچستان، بەڵام لە ڕاستيدا تەنیا کوردستانی گرتەوە و لە ئاستی ئێراندا متمانەیەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە مەولەوی عەبدولعەزیز بەو شێوەیەی مەکتەب قورئان ڕێکخراو و ئەندامی نەبوو، تەنیا وەک کەسایەتييەکی مەزهەبی ناسراو بوو .(43)
بەم شێوەيە شورا دامەزرا و بەیاننامەیەکی 15 خاڵییان دەرکرد، کە دواتر بوو بە 16 خاڵ و کۆمەڵێک ئامانجیان دیاری کردبوو. هەر لە تاران نووسینگەیەکیان کردەوە و دوای سێ ڕۆژ داوایان لە کۆمەڵە کەسایەتییەک کرد کە پەیوەست بن پێیانەوە. دواتر ئەندامانی سەرەکیی شورایان هەڵبژارد و لە ڕێکەوتی 1ی نیسانی 1981یەکەمین کۆنگرەی خۆیان بەست و بەرنامە و پەیڕەوی شورای شەمسیان پەسەندكرد. هەروەها دەستەی بەڕێوەبەری شوراشيان هەڵبژارد.(44) شورا پێش ئەوەی حیزبێکی سیاسی بێت، پلاتفۆڕمێکی مەزهەبی سیاسی بوو. ئەو لە هەموو شوێنێک باسی لە سێ ستەمی مەزهەبیی و نەتەوەیی و ئابووری دەکرد و بۆ هەر یەکیشیان بەدیلی هەبوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بە دوای سیستەمێکی ئاوادا دەگەڕێ کە یەکسانیی تێدا حاکم بێت. موفتی زادە زیاتر خوازیاری “وەحدەتی ئیسلامی” و “ئوممەتگەرایی” و هاندانی مەزهەب بوو .(45)
شورای شەمس لە بنەڕەتدا کاریگەرييەکی ئەوتۆی نەبوو و تەنانەت ئەو پەیڕەوە ناوخۆییەی بڵاویان کردەوە کاڵی و کرچیی زۆر پێوە دیارە. لە بەندی یەکەمدا هاتووە: خوازیاری دامەزراندنی ئوممەتی واحیدەی ئیسلامین، کە هەمان بابەتی سەرەکی ئیسلامی سیاسییە. لە بەندی دووەمدا شورا لە هەوڵی پێکهێنانی یەکگرتوویی ئیسلامی دایە لە نێو ئەهلی سوننەتدا. بەندی سێیەم باسی ڕێکخستنی ناوخۆیە. لە بەندی چواردا دەڵێ: “شورا بۆ بەرەنگار بوونەوەی ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئابووری لەسەرتاسەری ئێران درووست بووە”. هەر چەندە ئەمانە داواکاریی گرنگن، بەڵام بێ بەرنامەیی شورا دەردەخات، لە لایەک داوای مافی چینایەتی دەکات کە دروشمێکی مارکسیستییە، لە لایەکی دیکە داوای مافی مەزهەبی دەکات. هەروەها خاڵی پێنجەم زیاتر ئەو بێسەروبەرییەی دەردەخست، کە لەسەر ئەو هەموو ئامانجە گرنگەوە لە ناکاو داوای دروستکردنی مزگەوت بۆ سوننە مەزهەبەکان لە تاران دەکات.(46)
دامەزراندنی شورای شەمس هەروا بێ کاردانەوە نەمایەوە. دوای 10 ڕۆژ لە دامەزراندنی شورای شەمس، خومەینی لە کاتی وتاردان لە شارى گورگان بێ ئەوەی ناوی موفتی زادە بهێنێ، وتی: “کۆمەڵە کەسانێک لە هەوڵی پێکهێنانی ئەنجومەن و ڕێکخراون و دەیانەوێ برایەتیی سوننە و شیعە تێکبدەن. ئەوانە بە سیاسەتی ئەمریکا و لەلایەن تائیفەوە (سعودیە) هەڵدەسوڕێن. دەیانەوێ بەرهەمی شۆڕش تێکبدەن و بیدەنەوە دەستی ئەمریکا. بۆیە ئاگاداریان دەکەینەوە، کە واز لەم کارانە بهێنن. ئێمە چاکتان دەناسین نامانەوێ بەو جۆرە ڕەفتار بکەین، کە پەشیمان ببنەوە…”.(47)
ڕژێمی ئێران لەو ئانوساتەدا تووشی شەڕێکی قورس لەگەڵ عێراق هات، لەسەرەتادا زەبری کاریگەری لێدرا. ئێران بەو ئاکامە گەیشت کە ڕێکخستنی نێوماڵی خۆی پرسێکی گرنگە.(48) هەر بۆیە بە دوای دەرچوونی بەیاننامە توندەکە، دەست بە ڕەشبگیری ئەندامانی مەکتەب قورئان و شورای شەمس کرا. ڕۆژی 30ی ئابی1982 موفتی زادە لە تاران لە ماڵێکدا گیرا. بەم شێوەیە ڕژێم نەک هەر پشتی لە هەموو بەڵێنییەکانی کرد کە بە مەکتەب قورئان و خودی موفتی زادەی دابوو، بەڵکو هەموو مەکتەبیەکانیشی خستە زیندانەوە و بەشێکیان دوای چەند ساڵێک ئازاد کران. چەند کەسێک لە ئەندامانی شورا و مەکتەب لە سێدارە دران و موفتی زادەش سزای پێنج ساڵ زیندانی بە سەردا درا، بەڵام دوای 10 ساڵ ئازاد کرا.(49)
پاش گيرانی بەڕێوەبەرانی مەکتەب قورئان، مەکتەب چووە قۆناغی چالاکی نهێنی. موفتی زادە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنیيەتیيە لە زیندان تێيدابوو، تا شەش ساڵ و نیو هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەرەوە بۆ نەدەڕەخسا.(50) لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە زیندان بوو ئەشکەنجەیەکی زۆر درا و تا کۆتایی ساڵی 1988 لە ژوورى تاکەکەسی دابوو. دواتر لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی هێنایانە ژووری گشتی و دواتر لە بەرەبەری نەورۆزی 1991 لە ماڵێکدا لە ژێر چاودێری توندی ئەمنیەتیدا مایەوە، تاکوو لە مانگی ٨ى ساڵی 1992 لە زیندان ئازاد دەبێ بەو مەرجەی نابێ لە تاران بچێتە دەرێ. لە ژێر کاریگەریی ئەو ئەشکەنجانەی لە زیندان درابوو، زۆر نەخۆش بوو. بەم شێوەیە لە ڕێکەوتی 2/ئەیلولی 1993 کۆچی دوایی کرد.(50)
دوای مردنی موفتی زادە کێشە کەوتە ناو ڕێکخستنەکانى مەکتەب قورئان و دواتر لە ساڵی 1996 جیابوونەوە کەوتە نێو مەکتەب قورئان و بە سەر دوو لایەندا دابەش بوون. لایەنێک بە ناوی شورای مودیریەتی مەکتەب قورئان و بە سەرۆکایەتی سەعدی قوڕەیشی چالاکی دەکەن، کە زۆرینەی مەکتەب پێکدەهێنن. ئەوان بۆچوونەکانی موفتی زادە لە هەموو بوارەکان لە بەرنامەی کارییان دایە و لەسەر ڕاسپاردەی موفتی زادە لە سیاسەت دوورن و لە هەمانکاتیشدا بە پەروەردەکردنی تاکەکان لە ڕووی هزرییەوە بەرەو دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی ئامادەیان دەکەن و لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەدا چالاکیی بەرچاویان هەیە.(51) ئەم لایەنەی مەکتەب قورئان تەواو لە بۆچوونی سەلەفی و عەقڵیەتی سەلەفی دوور کەوتۆتەوە و چالاکییەکانیان زیاتر ڕەهەندی نێوخۆیی و ژێر زەمینییە. ئەمەش بە وتەی موفتی زادەیە، چونکە ئەو پێیوابوو کۆمەڵگە تووشی قەیرانی ڕەوشت و ئایین بووە.(52)
باڵەکەی تری مەکتەب قورئان بە سەرۆکایەتی حەسەن ئەمینییە و بە ناوی مەکتەبی قورئانی کوردستان کار دەکەن. ئەوانیش خۆیان پێ درێژەدەری موفتی زادەیە و بیروبۆچوونەکانی وەک ڕێنیشاندەر دەزانن. شێوەی بەڕێوەبردنی حیزبەکەیان بە شێوەی ئەنجومەنە. هەڵبەت لە بەڕێوەبردن جیاوازیی ئەوتۆیان نییە تەنیا لە فکردا جیاوازن.(113)
جەماعەتى دەعوەت و ئيسڵاح لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان
ساڵی 1979 هەموو ئاکارەکانى کۆمارى ئيسلامیى تازە دامەزراوى ئێران بەرەو ئەوە هەنگاوى دەنا، کە نەتەوە و مەزهەبى جياواز لە نێو ئەو وڵاتە هيچ پێگەيەکيان نابێ و بە پێدانى هەندێک مافى زۆر لاوەکى، ئەويش کومەڵێک تێبينييان لەگەڵ بوو، نەتەوەکان و مەزهەبەکانى ديکە بە تايبەت سوننەيان پەراوێز خست. هەڵبەت لە لايەکى ديکەشەوە، شۆڕشى گەلانى ئێران ئەو دەرفەتەى بۆ هەموو لايەنە هزرى و سياسييەکان هێنايە ئاراوە تاکو بەشدارى کايەى سياسى بکەن. لەگەڵ بەهێزبوونى شيعەگەرى لە ئێران، کەسايەتييە ئايينييەکانى کورديش، کە تا ئەو کات لە چوارچێوەى ئيسلامى نەريتى و بە مەبەستى پەروەردەى تاکەکان چالاکيیان دەکرد، چوونە چوارچێوەى چالاکیی سياسى و دامەزراندنى حيزب. جێگەى ئاماژەيە تا ئەو سەردەمە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان هيچ بزووتنەوەيەکى تەواو دينیى ڕاديکاڵ، بوونى نەبوو و پرسى کورد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە چوارچێوەى نەتەوەيیدابوو.(54)
يەکێک لەو لايەنانەى کاريگەریى لەسەر ڕەوتە ئيسلامييەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان هەبوو، ئيخوان بوو، کە لەم تەوەرەدا بە وردى و بە شێوەيەکى تايبەت باس لە دروستبوونى يەکەم ڕێکخستنى سەر بە ئيخوان موسلیمين لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و چالاکييەکانيان دەکرێت. هاتنە ناوەوەى بيرى بونيادگەرايى ئيسلامى لە نێو پەيڕەوانى مەزهەبى سوننە لە ئێران و ڕۆژهەڵات بۆ ساڵانى بەر لە شۆڕشى گەلانى ئێران لە ساڵى 1979 دەگەڕێتەوە. لە ماوەى ساڵانى بەر لە شۆڕشدا و بە هۆى بانگەشەى نهێنى لايەنگرانى ڕێبازى ئيخوان، ژمارەيەک خەلکى سوننى لە چوارچێوەی بيرى بونيادگەرايى ئيسلامى، بوونە لايەنگر و شوێنکەوتووی بیروباوەڕی ئيخوان.(55) يەکێک لەو کەسانە ناسرى سوبحانى بوو. سوبحانى کە بيرى ئيسلامى بونیادگەرایی هەبوو، پەيوەندیى بە ئيخوانەوە کردووە و توانيويە ببێتە کەسێکى باوەڕپێکراوى ئيخوانى جيهانى و تا ئاستى سەرکردايەتیى ئيخوان لە ئێران ڕۆيشت. ماوەيەکى کەم دواى سەرکەوتنى شۆڕش، لەگەڵ هاوبيرەکانى و لايەنگرانى ئيخوانيزم، هەر لە ساڵى 1979 کۆمەڵەى دەعوەت و ئيسڵاحيان بە سەرکردايەتیى ناسرى سوبحانى دامەزراند. دامەزراندنى ئەم کۆمەڵەيە لە ژێر کاريگەرى ڕابوونى ئيسلامى ناوەندەکانى ئەهلى سوننەتدا ئەو فۆڕمەى ئيسلامى سياسييان لە ڕۆژهەڵات و دواتريش سەرانسەرى ناوچە سوننە نشيينەکانى ئێران هێنايە ئاراوە.(56)
لە ڕاستیدا بیری ئیخوان لە ساڵی 1975 و لە ڕێگای باشوورى کوردستانەوە گەیشتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لە ساڵى 1979 وەکو ڕێکخراوێک کە ئەوڕۆکە پێی دەگوترێت “جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح” دەستی بە چالاکی کرد. لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، ئەحمەدی موفتیزادە هەوڵی ڕاکێشانی لایەنگرانی ئیخوانی بۆ لای خۆی و حيزبی موساواتی ئیسلامی دەدا، بەڵام ئەوان وێڕای هاوکاری، سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی و بیری خۆیان پاراست. بەرە بەرە ئیخوان چیتر بڕوای بە حکومەتی ناوەندیی نەما، کە لەو چوارچێوەدا ئامانجەکانیان بەدیبێت. بە شێوەی بەرچاو خاڵی بە یەکترگەیشتنی ئەو دوو بزاڤە سەرتاسەرییەی جیهانی ئيسلام، واتە ئيخوان و جەماعەتى ئيسلامى لە کوردستاندا لە بیرۆکەی ئەحمەدی موفتیزادە و ناسری سوبحانیدا دەرکەوتن، سەرەڕاى ئەوە کە لە مەکتەبدا لایەنی سەربەخۆیی بیروبۆچوون و ڕێکخراوە زیاتر پارێزراو بوو، بەڵام لە جەماعەتدا ڕاشکاوانە دەنگدانەوەیان هەبووە و وەک لقێکی ئیخوان چالاکییان نواندووە. لە بڵاوكراوەكانیاندا گرنگیی تایبەت بە بیر و هزری ڕێبەرانی هەردوو بزاڤی ئیخوان و جەماعەتی ئیسلامی وەک سەید قوتب و ئەبولعەلا مەودوودی دەدا و ڕەنگدانەوەی بەرچاو و زاڵیان لەسەر جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح هەبوو .(57)
ئيخوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کە لە چوارچێوەى کۆمەڵەى دەعوەت و ئيسلاح ( جەماعەت) دا کاريان دەکرد، تا ئەو کاتە خاوەن ڕێکخراوێکى ڕێکوپێک نەبوون، هەر بۆيە لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشانەى لەگەڵ مەکتەب قورئاندا هەيانبوو ڕێککەوتبوون بۆ دابەزاندنى شەريعەتى ئيسلام لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان.(57)
ناسرى سوبحانى هەر لەسەرەتاى جموجۆڵەکانى شۆڕشى گەلانى ئێران دژى ڕژێمى شاهەنشاهى تێکەڵ بە شۆڕش بوو و لە شارەکانى پاوە، ڕوانسەر، جوانڕۆ، سنە، کرماشان و مەريوان لە چالاکييە جەماوەرييەکاندا گوتارى پێشکەش کردووە. هەروەها لەگەڵ کەسايەتييە ئايينيەکانى سەر بە ڕەوتە ئيسلامييەکانى ڕۆژهەڵات لە چەندين سەردان بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانى کۆمارى ئيسلامیى ئێران بەشدارى کردووە.(58)
دەعوەت و ئيسلاح بە سەرکردايەتیى ناسرى سوبحانى، پاش ئەوەى لە بڕيارەکانى حکومەتى تازە دامەزراوى ئيسلامیى ئێران و بەتايبەت چەسپاندنى بابەتى تاک مەزهەبى، واتە مەزهەبى شيعە لە ياساى بنەڕەتى ئێراندا، وێڕاى مەکتەب قورئان و باقى لايەنە سوننەکانى ئێران شوراى شەمسيان دروستکرد، وەک يەکەم ناوەندى نوێنەرايەتیکردنى دەنگى سوننە لە ئێراندا. سوبحانى لە پێشەنگەکانى ڕابوونى ئيسلامييە، کە بانگەوازى ئيخوان ئەلموسلمينيان لە ئێران بڵاوکردۆتەوە بە هاوکاریی بانگخوازەکانى باشوورى کوردستان. هەروەها چەندين جاريش سەردانى دەرەوەى وڵاتى کردووە هەم بۆ پاکستان لە 1983 و هەم بۆ تورکيا بە مەبەستى پتەوکردنى پەيوەندييەکانيان لەگەڵ ئيخوان و لە تورکيا بەشداریى کۆنگرەى ڕابيتەى ئيسلامى کوردى لە ئەستەمبوڵ کردووە.(59)
دەعوەت و ئيسلاح بە هەموو شێوەيەک خوازيارى دامەزرانى حکومەتى ئيسلامیى لەسەر بنەماکانى ئيسلام بوو و سوبحانى لە دەيان وانە و نووسراو و وتاردا جەختى لەسەر سەرچاوە بنەڕەتييەکانى تەشريع، واتە قورئان و سوننەت و بڕيارەکانى شوراى ئوممەت دەکردەوە بۆ بونيادنانى کۆمەڵگەيەکى ئيسلامى، هەرچەندە لەگەڵ زۆربەى زانايانى پێش خۆى لەسەر ئەم بابەتانە هاودەنگە، بەڵام زۆرجار سەرنجى لەسەر بابەتە شەرعييەکانى تايبەت بە کۆمەڵگە هەبووە.(61)
سوبحانى سەبارەت بە ويلايەتەکەى خومەينى دەڵێت: “ئەم پياوە (مەبەستى خومەينييە) لە ڕوونکردنەوەى پانتايیى ويلايەتە ڕەهاکەى خۆيدا چەند نموونەيەک دەهێنێتەوە، کە ئێمەش لە بارەيانەوە هاوڕاين و هەر وادەڵێين، بەڵام قسەى ئێمە لە بنەما و بنەڕەتدا جياوازە لەوەى ئەو و ئەو قسانەى ئێمە دەيکەين دەچێتە چوارچێوەى تێکڕاى ياسا گشتييەکانى شەريعەت، بەڵام ئەو دەيانخاتە چوارچێوەى پێداويستييەکانى ويلايەتە ڕەهاکەى و جياوازیيش لە نێوان ئەو دوو قسەيە وەک جياوازى نێوان هيدايەتى پەروەردگار و شەريعەتى هەواو و ئارەزوويە و جياوازى نێوان خاوەنى ئەم دوو قسەيە، وەک جياوازى نێوان ئەو بانگخوازييەيە بۆ لاى پەروەردگار لەگەڵ ئەو کەسەى کە دەڵێت من خوداى هەرە بەرزى ئێوە”.(61)
کۆمەڵەى دەعوەت و ئيسلاح دروشمی، بريتييە لە ئازادى و دادپەروەرى و برايەتى، ئامانجەکەشيان بەدەستهێنانى ڕەزامەندیى خودا و هێنانەدى ئاسوودەيى و بەختەوەریى تاک و کۆمەڵ، کە لە ژێر تيشکى قورئان و سوننەتدا خۆى دەبينێتەوە.(62) بە سەيرکردنى ئامانجەکانى دەعوەت و ئيسلاح، جياوازى لە نێوان ئەوان و مەکتەبييەکان بەدى دەکرێ و بەو شێوەى ڕاستەوخۆ کارى سياسييان لە چوارچێوەى ئامانجەکانى خۆيان دانەناوە، کە زياتر لەچوارچێوەى پشتيوانى لە ماف و ئازادييە ئايينى و مەزهەبى و نەتەوەييەکان و پشتيوانى لە ماف و ئازادييە تاکە کەسى و کۆمەڵايەتييەکان و هەوڵدان بۆ گەشەى سياسى، فەرهەنگى، ئابوورى و کۆمەڵايەتى و و بنەبڕکردنى هەژارى و بێ دەرەتانى لە کۆمەڵگەدا خۆى دەديتەوە.(63)
وەک لە ئامانجەکانى جەماعەتى دەعوەت و ئيسلاح ديارە، ئەم ڕەوتە لەسەر لايەنە کۆمەڵايەتييەکان سەرنجى زياترى هەبووە و هەرچەندە خۆيان بە بەشێکى دانەبڕاو لەو کۆمەڵگەيە داناوە، بەڵام دەعوەت و ئیسڵاحیش بە شێوەیەکی تر کۆڕ و کۆمەڵی خۆیان جیاکردۆەتەوە و کاریگەریی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییان لەسەر کورد هەبووە. ئەمان بە شێوەيەک لە مەودای نێوان مەکتەب و زانایانی ئایینی نەریتی دان و وێڕای ڕووناکبیریی ئایینیی، بە تەواوەتی لە زانا نەریتییەکان دانەبڕاون. زۆربەی چالاکیی کۆمەڵایەتی ئەو ڕێکخراوەیە بریتییە لە بەڕێوەبردنی هەندێ کۆڕ و کۆبوونەوەی ناوخۆیی و وتنەوەی وانەکانی ئیخوان و جەماعەت و وەرگێڕانی پەرتووکەکانی ڕێبەرانی ئەوانە بووە. ئەگەرچی بە ڕاشکاوانە و توند دژایەتیی لایەنە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی ناکەن و هەندێ لایەن و کەسایەتیی ناو ئەم ڕێکخراوە بە شێوەی تاکەکەسی گرنگی بە کورد و پرسی کورد و زمان دەدەن، بەڵام بە گشتی ڕێکخراوەکە خۆی وەها نییە و بیرۆکەی ئەمانیش دیسان تاڕادەیەک لە ئاراستەی بیر و کولتوور ئایینی ناکۆک لەگەڵ کولتووری نەتەوەیی بووە و بوارێکی بۆ دوورکەوتنەوە لە دابونەریتی کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان پێکهێناوە.(64)
هەڵبەت دەرکەوتن و بە جەماوەريتر بوونى ئيخوانەکان بە گشتى و دەعوەت و ئيسلاح بە تايبەتى، بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، كە مەکتەب قورئان چيتر نەيتوانى نوێنەرايەتیى فێندەمێنتاليزمى سوننە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بکات و ببێتە ڕێکخراوێکى بەهێز و لێهاتووى ئيسلامى، بەتايبەت دواى دروستکردنى شوراى شەمس و گيرانى سەرکردە و ئەندامەکانيان لە لايەن ڕێژيمى ئيسلامييەوە، پەيڕەوانى ئيخوان بەرە بەرە لە مەکتەب دوورکەوتنەوە و کەوتنەخۆ بۆ پێکهێنانى ڕێکخستنێکى تايبەت بە خۆيان. ئەم ڕێکخستنەش بوو بە بنەماى ڕەوتێکى پێشکەوتووى ئيسلامى سياسى لە ڕۆژهەڵات و دەستپێکى جووڵەيەکى نوێى فێندەمێنتاليستى سوننە. لێرەوە ڕێکخستنى دەعوەت و ئيسڵاح کە لقى ئيخوانن چالاکييەکانيان کەوتە قاڵبى نهێنى وناسرى سوبحانى وەک بەرپەرسى يەکەمى ڕێکخستنى ئيخوان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ماوەيەکى زۆر بە نهێنى ژيا و شوێن گۆڕکەى دەکرد، ڕێکخستنەکەشيى لەوپەڕى شاراوەيیدا کارى دەکرد و کۆڕ و کۆبوونەوەى پێکدەهێنا. سەرەڕاى ئەم هەموو نهێنى کارييە، دواى ماوەيەکى کورت لە دامەزرانى ڕێکخستنەکانى سەر بە ئيخوان، کەوتنە بەر پەلامارى ڕژێمى کۆمارى ئيسلامیى و ژمارەيەکى زۆر لە ئەندامان و لايەنگرانى گيران، کە لەسەرووى هەموويانەوە ناسرى سوبحانى بوو و دواى ماوەيەک مانەوەى لە بەنديخانە، ساڵى 1988 لە سێدارە درا. بەم شێوەيە دەستگيرکردنى ئەندامانى پلەبەرزى ئەم ڕەوتە، بووە هۆى لەبارچوونى شيرازەى ڕێکخستنە نوێيەکەى ئيخوان و ئەمەش واىکرد بۆ ماوەيەک هەڵسووڕان و چالاکييان هەڵپەسارد و تێکۆشانێکى ئەوتۆيان نەما.(65)
لەو سەروبەندەدا بە گشتى بيرى بزووتنەوەى بناژۆخوازى خەريک بوو زیاتر گەشە بستێنێ لە ئاستى جيهانیدا و ڕێکخراوى ئيخوان موسلیمينى جيهانيش وەک لايەنى هەرە بەهێزى ئەم بزووتنەوەيە هەنگاوى بۆ زيندووکردنەوەى لقەکانى هاويشت. هەر بۆيە پەيڕەوانى ئيخوان لە ڕۆژهەڵات جارێکى تر خۆيان ڕێکخستەوە و لەگەڵ ئەوەيدا، کە بۆچوونى کۆمارى ئيسلامیى سەبارەت بە پەيڕەوانى مەزهەبى سوننە تارادەيەک نەرمتر ببوو، بە تايبەت لە نيوەى دووەمى دەيەى 90ی سەدەی ڕابردوو و بەدەستەوەگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار لە لايەن بەرەى “چاکسازیخواز”، ئەمانيش دەستيان بە هەڵسووڕان و ڕێکخستن و ڕاکێشانى خەڵک بۆ لاى خۆيان کرد.(66)
دەعوەت و ئيسڵاح کە نوێنگەى ئيخوانە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، پەيوەندى زۆر باشى لەگەڵ ئيخوانى جيهانى هەيە و بەرنامەکانى خۆى لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە ڕێکدەخست و شێوازى کارکردنيان هاوشێوەى ئيخوان موسلیمينى ميسرە. ئەوان لە هەموو ڕێگەيەک کەڵکیان وەردەگرت بۆ پەرەپێدانی بير و بۆچوونەکەيان لە ناو کۆمەڵگەدا و پێشکەوتنەکانى دونياى مۆدێرنيان کردۆتە هەوێنى بيروباوەڕيان و ئيسلاميزەيان دەکەن. هەرچەندە تا ئێستا سەبارەت بە زۆر شت هەڵوێستى ڕوونيان وەرنەگرتووە و بە کردەوەش توند و تيژييان نەنواندووە، بەڵام بيروباوەڕێکى تەسک و داخراو بەسەرياندا زاڵە و وەک هەموو پەيڕەوانى ديکەى بونيادگەرى ئيسلامى تەنيا بير و بۆچوونى خۆيان بە ڕاست ودروست دەزانن.(67) کۆمەڵەى دەعوەت و ئيسڵاح ئێستا لە لايەن عەبدولرەحمان پيرانييەوە ڕابەرايەتى دەکرێ. ناوبراو کەسى يەکەمى ئيخوانە لە ئێران و لە چوارچێوەى پرۆژەکانى ئيسلامى سياسى هەڵدەسووڕێت. کۆمەڵەی دەعوەت و ئيسلاح لە دامەزرانييەوە تا ئێستا سێ کۆنگرەى ئەنجام داوە و بە پێى قۆناغە مێژوويیەکان، جموجۆڵى بزاڤگەرى دياریکردووە و شوناسى ئيسلامیى تێکۆشانەکەيان هەر جارە و بە شێوەيەک پێناسە کردووە.(68)
جگە لەوەى کەسانى وک حەسەن بەننا و سەيد قوتب نموونەى کەسايەتیى گەورە و زاناى ئيسلامين بۆ ئەوان، بەڵام موفتيزادەش جێگەى ڕێزە لەلايان و پێيانوايە ئەو لە زيندووکردنەوە و ناساندنى ئيسلامى ڕاستەقينە ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە. لەگەڵ ئەوەى کە خۆيان بە ليبراڵ دەزانن، بەڵام ڕێکخستنەکەيان وەک بزووتنەوە ئيسلامييە بونيادگەراکانی دیکە هەوڵی گەڕانەوە بۆ بنەماکانى ئيسلام و شەريعەت دەدەن. بە پێچەوانەى مەکتەبييەکان، ئەوان بڕواى تەواويان بە سياسیبوونى ئيسلام هەيە و دەسەڵاتى ئيسلاميش بە باشترين و دادپەروەرترين دەسەڵات دەزانن و وەک گرووپێکى سياسى- ئيسلامى هەوڵى زاڵکردنى ئيسلام لە نێو کۆمەڵگە دەدەن. ئەوەى جێگەى سەرنجە، ئەوەيە کە ڕێکخستنى سەر بە ئيخوان سەرەڕاى ئەوەى کە خۆى بە نەيارى کۆمارى ئيسلامیى ئێران دەزانێ و لە لايەن ئەو ڕژێمەوە زەبرى گەورەی بەرکەوتووە و سەرکردەکەيانى لە سێدارە داوە، بەڵام بە کردەوە هەوڵى دوژمنايەتیكردنى ئەو ڕژێمە نادات و هەڵوێستێکى دياریکراوى لە بەرامبەريان نييە.(69)
ديارە دەبێ ئەوەش باس بکەين کە دەعوەت و ئيسلاحيش بە هەمان شێوەى مەکتەب قورئان پاش لە سێدارە دانى ناسر سوبحانى، تووشى لێکترازانێک لە ڕێکخستن و بيروبۆچوونیان بوون، چونکە لە ساڵى 1993 بەولاوە بەشێک لە ئەندامانى دەعوەت و ئيسڵاح هەر بە هەمان فۆڕمى ڕێکخستن و بە پێداگرى لەسەر خوێنى ناسرى سوبحانى دژى کۆمارى ئيسلامیى چالاکى دەکەن. هەڵبەت چالاکييەکانيان زياتر بە شێوەى نهێنييە و لە شێوەى چالاکیی نهێنی، کۆڕ و کۆبوونەوەى بە کۆمەڵ، ئەندامگرتن و هاندانى خەڵک لە دژى سياسەتەکانى کۆمارى ئيسلامييە. لايەنەکەى تريش وەک باسمان کرد بە سەرکردايەتیى ڕەحمانى پيرانى بە هەمان شێوە لە ساڵى 1993 لە گۆڕەپانى سياسى دەرکەوتووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەيمەنەى کۆمارى ئيسلامیى قبووڵ کردووە و لەگەڵ ئەوەى بوونى ئاشکرايان لە نێو ئێران دا هەيە، بەڵام زۆر بناژۆخوازن و هەڵوێستەکانيان بەو شێوەیە نییە کە دژایەتی کردن بیت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی لە ئێران.(70)
ئەوان سەرەڕای ئەوەى خۆيان بە بەشێکى دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی کوردی و هەڵقوڵاوى ئەو کۆمەڵگەيە دەزانن، بەڵام هەميشە بەشێوەيەک خۆيان لە خەڵکى کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان جيا کردۆتەوە، جا چ لە ڕێگەى هەڵسوکەوت بێ، يان لە ڕێگەى جلوبەرگ و ئاخاوتن. وەک پێشتريش ئاماژەمان پێدا ڕەوتى ئيخوان بە گشتى لەسەردەمى ناسرى سوبحانیدا کەم تا زۆر لەسەر مەسەلەى نەتەوايەتى هەڵوێستيان هەبوو، بەڵام لە پاش ئەو جەماعەتى دەعوەت و ئيسڵاح کەمتر خۆيان لە ئەم بابەتە داوە و ئەگەر بابەتێک يان داواکارێکيشيان هەبووبێ، زياتر بە شێوەى گشتگير بۆ سوننەکانى سەرانسەرى ئێران بووە و ئێستا هاوتەريبى کۆمارى ئيسلامیى دەڕۆن.
ئەنجام:
- 1. ئيسلامى سياسى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بەرهەمى ئيسلامى سياسى لە ئێران نەبوو. هەرچەندە لە ژێر هەژموونى شيعەگەریدا و بە تايبەت ئەو دۆخە ئازادەى لە کۆتاييەکانى حکومەتى پەهلەوى و بە هۆى بێدەسەڵاتیى حکومەت لە ناوچەکانى کوردستان، کەسايەتييە ئايينييەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان هاندران تاکو بەرەبەرە ئەوانيش جووڵەيەک لە پانتايى دياریکراو لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بکەن و ئيسلامگەرايى و هزرى بناژۆخوازيى ئيسلامى بڵاو بکەنەوە، ئەگەر نا بە شێوەيەکى زەق و بەرچاو نەک هەر کاريگەریی ئيسلامى سياسى ئێرانيان بەسەرەوە نەبوو، بەڵکو لە ناوخۆى ڕۆژهەڵاتيش تا سەردەمى شۆڕش ئەم هزرە بوونى نەبوو، ئەوەى هەبووە تەنيا ئيسلامى کۆنە پارێز و نەريتى بوو لە هەردوو مەزهەبى سوننە و شيعە لە نێو کورد.
- 2. موفتی زادە سەرەڕاى ئەوەی بە کەسێکی ڕۆشنبیر دادەنرێت و خاوەن بۆچوونی خۆی بوو، بەڵام کۆمەڵێک نیشانەی ئاڵۆزی و هەڵە لە کارەکانی دەردەکەوێت، کە بە ناوی مەکتەب قورئانەوە دەیکرد و کاریگەری چەند ڕەهەندی وەک سیاسی و کۆمەڵایەتیی، لێ دەکەوتەوە. یەکێک لە هەڵە گەورەکانی پاش نزیک بوونەوە لە خومەینی ، پێیوابوو خومەینی ئەو وەک حاکمی شەرعی کوردستان دیاری دەکات. ئەو دەنگی بە حکومەتێکی ئیسلامیی پێناسە نەکراو دا، کە تەنانەت بەشێک لە ئاخوندەکانی شیعەش لێی تێنەدەگەیشتن و ناڕازی بوون بە دانانی ویلایەتی فەقیهـ. ئەگەرچی بزووتنەوەکەی موفتی زادە ڕەهەندى ناسیۆنالیستی هەبوو، بەڵام لە پلەی دووهەمدابووجگە لەوەش بزووتنەوەکەی لە باری زەمەنییەوە نەگونجاو بوو، چونکە ئیسلام فاکتەری یەکخستن لە شوناسی کوردیدا نەبوو، بەڵام مەکتەب قورئان ئەوکات دەرکی بەوە نەدەکرد، کە خومەینی متمانەی بە کوردێکی سوننە نییە.
- سەبارەت بە ئيخوانى ڕۆژهەڵات، دەتوانين بڵێين ئەوان هەرچەندە خاوەن بيروبۆچوون و ڕێکخستنى خۆيان و حيزبى تايبەت بە خۆيانن ، بەڵام سەربەخۆييان نييە و وەک مەکتەب قورئان سەنتەرى بڕيار نين. ئيخوانەکان سەر بە ئيخوانى نێودەوڵەتين و لە ڕاستیدا لقێکى ئەوانن و لە ژێر پەيڕەوى ئەواندان و هەموو هەوڵ وتێکۆشانيان بە مەبەستى وەدیهاتنى هەمان ئامانجەکانى ئيخوانى نێودەوڵەتييە. بە هەمان شێوەى ئيخوانى جيهانى بە شێوەيەکى زۆر نهێنى کار دەکەن، سەرەڕاى ئەوەى کە مەرامنامە و بەرنامە و پەيڕەوى خۆيان بە ئاشکرا بڵاو دەکەنەوە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکاندا.
سەرچاوەكان:
- جبرون: محمد،(١٣٩٨هـ.ش)، تاريخ انديشەهاى سياسى در اسلام، ت: ياسين عبدى، تهران، بنگاە ترجمە و نشر پارسە،109.
- ميسرى: فوئاد مەجيد، (٢٠١٦)، فاكتەرەكانى سەرهەڵدانى ڕەوتە ئيسلامييەكان، هەولێر، دەزگاى ميديا چاپخانەى دلێر، 5.
- سينا: عەلى، (٢٠٠٦)، مێژووى فێندەمێنتاليزمى ئيسلامى سوننە لە ئێران، هەولێر، چاپخانەى وەزارەتى پەرەوەردە، 18.
- سزارى: ژوسلين،( ١٣٩٩هـ.ش)، اسلام سياسى چيست؟،ت: عباس جنگ، تهران، انتشارات ڕسپينا، 241.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئالان زاگرۆس، شارەزاى ئيسلامى سياسى -شيعى و سوننى، ڕێكەوتی ١٦/٧/٢٠٢٢ ، لە ڕێگەى واتساپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆر كەماڵ سولەيمانى، شارەزاى زانستە سياسييەكان و ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ٢٤/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ مەلا حەسەنى واژى،شارەزاى ئيسلامى سياسى و نەريتى، ڕێكەوتی ٢٧/٧/٢٠٢٢، هەوڵێر.
- موكرى: ڕزگار، (٢٧١٩ك)، مەكتەبى قورئان بەرانبەر گوتارى نەتەوەيى لە چوارچێوەى ئيسلامى سياسى هاوچەرخدا، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە و لێكۆڵينەوەى حيزبى دێمەكراتى كوردستانى ئێران، ساڵى بیست و یەكەم، ژ٥٤، 143.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- مەلاتەها: بەرزان، (٢٠١٧)، ڕەوتناسى و پێناسەى مەكتەبى قورئان لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان، سايتى ميللەت پرێس، ڕێكەوتی 28/4/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1kr.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆر كەماڵ سولەيمانى، شارەزاى زانستە سياسييەكان و ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ٢٤/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- موكرى: ڕزگار، (٢٧١٩ك)، مەكتەبى قورئان بەرانبەر گوتارى نەتەوەيى لە چوارچێوەى ئيسلامى سياسى هاوچەرخدا، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە و لێكۆڵينەوەى حيزبى دێمەكراتى كوردستانى ئێران، ساڵى بیست و یەكەم، ژ٥٤، 144.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆر كەماڵ سولەيمانى، شارەزاى زانستە سياسييەكان و ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ٢٤/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- مفتى زادە: احمد،( ١٣٥٩هـ.ش)، دربارە كردستان، سنندج، نور،79.
- مفتى زادە: احمد،( ١٣٥٩هـ.ش)، دربارە كردستان، سنندج، نور،68.
- مفتى زادە: احمد،( ١٣٥٩هـ.ش)، دربارە كردستان، سنندج، نور،239.
- سايتى ڕۆچنە، (١٣٩٣هـ.ش)، خاڵە هاوبەشەكانى مەكتەبى قەرئان و كۆمارى ئيسلامى، ڕێكەوتی 22/5/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1kR .
- مەحمود: هۆشمەند عەلى، (٢٠١٢)، ڕۆژهەڵاتى كوردستان، لێكۆڵينەوەيەكە لە دۆخى سياسى بزووتنەوەى ڕزگارى خوازى كورد (١٩٧٩-١٩٨٩)، هەولێر ، شەهاب، 64.
- نامە بە احمد مفتى زادە و اعزام آقاى نوورى بە كردستان، (٣٠/١١/١٣٥٧هـ.ش)، ڕێكەوتی 23/8/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/GsvQ .
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 353.
- مفتى زادە: احمد،( ١٣٥٩هـ.ش)، دربارە كردستان، سنندج، نور،71.
- مەحمود: هۆشمەند عەلى، (٢٠١٢)، ڕۆژهەڵاتى كوردستان، لێكۆڵينەوەيەكە لە دۆخى سياسى بزووتنەوەى ڕزگارى خوازى كورد (١٩٧٩-١٩٨٩)، هەولێر ، شەهاب، 74.
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 360.
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 363.
- دلاويز: على، (١٣٨٥هـ.ش)، احزاب و سازمانهاى اسلامى در كردستان ١٩٧٨-٢٠٠٦، مجلە زريبار، مريوان، ش ٦١-٦٢، 12.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆر كەماڵ سولەيمانى، شارەزاى زانستە سياسييەكان و ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ٢٤/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- خوشحاڵى: بێهزاد، (٢٠١٤)، وردەكارييەكانى شەڕى سێ مانگەى كوردستان، كوردستان ميديا، ڕێكەوتی 8/8/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1k5 .
- مەلاتەها: بەرزان، (٢٠١٨)، سۆفينيزم وشۆڕش، سلێمانى، بينايى، 485.
- مجلەى چشم انداز ايران، (١٣٨٤هـ.ش)، انتساب پيشمرگان مسلمان بە كاك احمد مفتىزادە را تكذيب ميكنم، مصاحبە با حسن امينى، ويژنامە كردستان، ش3٢.
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 361.
- بينندە: مسعود، نادرى: هيوا، (١٣٨٥هـ.ش)، خەسار ناسى ڕەوتە ئيسلامييەكان لە كوردستان. گۆڤارى زرێبار، مريوان، ب.چ، ژ٦١-٦٢، 202.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران همراه با اصالحات، مصوبە (1358هـ.ش)، ڕێكەوتی 19/8/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/HZgq.
- مفتى زادە: احمد،( ١٣٥٩هـ.ش)، دربارە كردستان، سنندج، نور،79.
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 362.
- كديور: محسن، (١٣٩٧هـ.ش)، جفاى جمهورى اسلامى بە احمد مفتى زادە، مقالە، سايت ڕسمى محسن كديور، ڕێكەوتی 14/8/2022 وەگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1lJ.
- هەمان سەرچاوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- كديور: محسن، (١٣٩٧هـ.ش)، جفاى جمهورى اسلامى بە احمد مفتى زادە، مقالە، سايت ڕسمى محسن كديور، ڕێكەوتی 14/8/2022 وەگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1lJ.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- كديور: محسن، (١٣٩٧هـ.ش)، جفاى جمهورى اسلامى بە احمد مفتى زادە، مقالە، سايت ڕسمى محسن كديور، ڕێكەوتی 14/8/2022 وەگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1lJ.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ دكتۆر كەماڵ سولەيمانى، شارەزاى زانستە سياسييەكان و ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ٢٤/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- سخنرانى آيت اللە خمىينى، (٤/١/١٣٦٠)، گرگان، ڕێكەوتی 6/8/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1lA .
- عيزەتيار: عەلى، (٢١٧٩ك)، شۆڕشى كوردستان و بزووتنەوەى مەكتەبى قورئان، و: ڕەزا فتح اللە نژاد، گۆڤارى تيشك، دەزگاى پەروەردە ولێكۆڵينەوەى حيزبى دێموكراتى كوردستانى ئێران، ساڵی بیست و یەكەم، ژ:٥٤، 372.
- هەمان سەرچاوە، 373.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- دلاويز: على، (١٣٨٥هـ.ش)، احزاب و سازمانهاى اسلامى در كردستان ١٩٧٨-٢٠٠٦، مجلە زريبار، مريوان، ش ٦١-٦٢، 113.
- چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاگرى ئيسماعيل نژاد، شارەزاى ئيسلامى سياسى، ڕێكەوتی ١٣/٨/٢٠٢٢، لە ڕێگەى سكايپەوە.
- دلاويز: على، (١٣٨٥هـ.ش)، احزاب و سازمانهاى اسلامى در كردستان ١٩٧٨-٢٠٠٦، مجلە زريبار، مريوان، ش ٦١-٦٢، 114.
- Ezzatyar: Ali, )2016(, The Lost Mofti Of Iranian Kurdistan: Ethnic and Religious Implications In The Greater Middle East, NewYork, Palgrave Macmillan, (PDF).
- سينا: عەلى، (٢٠٠٦)، مێژووى فێندەمێنتاليزمى ئيسلامى سوننە لە ئێران، هەولێر، چاپخانەى وەزارەتى پەرەوەردە، 41.
- مەلاتەها: بەرزان، (٢٠١٨)، سۆفينيزم وشۆڕش، سلێمانى، بينايى، 294.
- موفیدی: سەباح، (2017)، ب، کاریگەرییەکانی بزاڤی ئیسلامی نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان، ڕێكەوتی 22/12/2022 وەرگیراوە لەم بەستەر: https://bityl.co/Gjvc .
- عەبدوڵا: سەروەت، (2014)، كاك ئەحمەدی موفتی زادە دەروازەیەك بۆخەباتێكی نەناسراو، سلێمانی، چاپخانەی سیما، چ 3، 4.
- كۆمەڵێك نووسەر، (٢٠١٥)، سوننەكانى ئێران، و: بەرزانى مەلاتەها، سلێمانى، حەمدى، چ١، 219.
- عبدالعزيز: عمر، (٢٠١٧)، پێگەى فەرموودە و حوجەتى سوننەت لاى عەلامە ناسرى سوبحانى، سلێمانى ناوەندى سارا، 33.
- سوبحانى: ناسر،(٢٠١٧)، ويلايەت و ئيمامەت، و: بشير عيدالكريم ولى، هەڵەبجە، چاپخانەى هەژار، 228.
- مەرامنامەى جەماعەتى دەعوەت و ئيسلاح، ڕێكەوتی 29/8/2022 وەرگیراوە لەم بەستەرە: https://bityl.co/H1ko.
- هەمان سەرچاوە.
- موفیدی: سەباح، (2017)، ب، کاریگەرییەکانی بزاڤی ئیسلامی نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان، ڕێكەوتی 22/12/2022 وەرگیراوە لەم بەستەر: https://bityl.co/Gjvc.
- سينا: عەلى، (٢٠٠٦)، مێژووى فێندەمێنتاليزمى ئيسلامى سوننە لە ئێران، هەولێر، چاپخانەى وەزارەتى پەرەوەردە، 42.
- كەريمى: كاوە، (١٣٨٥هـ.ش)، دەور و مێژووى ڕەوتە ئيسلامييەكانى كوردستان، گۆڤارى زرێبار، مەريوان، ژ ٦١-٦٢، 218.
- سينا: عەلى، (٢٠٠٦)، مێژووى فێندەمێنتاليزمى ئيسلامى سوننە لە ئێران، هەولێر، چاپخانەى وەزارەتى پەرەوەردە، 45.
- مەلاتەها: بەرزان، (٢٠١٨)، سۆفينيزم وشۆڕش، سلێمانى، بينايى، 296.
- سينا: عەلى، (٢٠٠٦)، مێژووى فێندەمێنتاليزمى ئيسلامى سوننە لە ئێران، هەولێر، چاپخانەى وەزارەتى پەرەوەردە، 48.
- اسماعیل نەژاد،2022.