توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی
محەمەد ڕەحیمی عیوەزی
وەرگێران لە فارسییەوە: جوتیار نەریمان
سەرچاوە: وەرزنامەی ستراتیژ (راهبرد)، ساڵی بیست و پێنجەم، ژمارە 79، هاوینی 2016.
پوختە
سەبارەت بە ڕاڤەی پێوەندیی نێوان سیاسەت و توێژینەوەی ئایندەناسی دەکرێت سێ ڕێباز وێنا بکرێت. یەکەمیان، توێژینەوەی ئایندەناسی لە بواری سیاسەتدا کە بابەتی وەک گەشەی سیاسی، سیاسەتی دەرەکی، جیهانی ئیسلام و هتد لەخۆ دەگرێت کە دەکرێت وەک یەکێک لە ڕەگەزە پێکهێنەرە گرنگەکانی ئایندە ببێتە بابەتی چالاکییەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی. ڕێبازێکی تر بریتییە لە ئایندە لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە. لەم زەمینەیەدا سەرچاوەی زەوەند لە بواری توێژینەوەی سیاسیدا بەردەستە کە ئاماژە بۆ گەلێک گوزارە دەکات سەبارەت بە ئایندە و بەشێکی بەرچاویان تایبەتن بە بابەتی حکوومەت، دەستەڵاتی سیاسی، بەشداری و جیۆپۆڵەتیکی ئایندەی جیهان و زۆر شتی تر سەبارەت بە بابەتی ئایندە. ڕێبازی سێیەمی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی بریتییە لە جۆرێکی توێژینەوەی ئایندەناسی کە وەک زانستێکی گرێدراو بە ئایندەوە لە سیاسەت دەڕوانێت و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە سیاسەتی ئەمڕۆ و دوێنێ، لە ڕاستیدا ئەو خواستانەی سبەینێیە کە ئەمڕۆ دەتوانرێت دروست بکرێن، یاخود پێداویستییەکانی بەدیهاتنیان لە ئایندەدا بڕەخسێنرێت. ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا لەسەر بنەمای ماهییەت و ماکی توێژینەوەی ئایندەناسی و سیاسەت لەبەر چاو گیراوە بریتییە لە: هەڵسەنگاندنی ئیمکانی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی و ڕوونکردنەوەی هەندێک لایەنی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی و تۆمارکردنی ستراتیژگەلێک لە پێناو بەدیهاتنی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسیدا.
کلیلە وشەکان: توێژینەوەی ئایندەناسی، سیاسەت، ئایندە، ئایندەناسی، سەرچاوە سیاسییەکان
شیکردنەوەی باسەکە
لەمڕۆدا زانستی سیاسەت یەکێکە لەو زانستانەی کە چالاکانی بوارەکە ڕۆڵیکی گرنگیان لە ناساندنی ستراتیژ و بڕیار و هەڵوێست و هەنگاونان بەرەو داهاتووی دڵخوازی وڵاتان هەیە. دەستڕاگەیشتن بە داهاتوویەکی دڵخواز یەکێکە لە سەرەکیترین ئامانجەکانی زانایانی زانستی سیاسەت. مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیرانە هەڵسوکەوت بکات پێویستە بەتەواوی ئاگادار و زانا بێت بە لێکەوتەی هەنگاوەکانی خۆی و ئەوانی دی و کاردانەوەکانیان، هەروەها ئەو هێزانەی لە دەرەوەی ڕکێفی ئەودان، هەروەها ئەو لێکەوتانەی کە تەنها لە ئایندەدا خۆیان نیشان دەدەن. لەم ڕووەوە ئامانجی توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە خوێندنەوەی ڕێکوپێک و سیستماتیکی داهاتوو. یەکێک لە زەمینە گرنگەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو تێگەیشتنی گرنگیی زانستە سیاسییەکان و ڕۆڵی بنچینەیی و بێهاوتایان لە گەشەسەندنی زانستیی داهاتوو و کاریگەریی لەسەر ئامانجە ستراتیژییەکان. قەڵەمڕەوی توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە سەرقاڵبوون بە پێشبینیی زانستی سیاسی و ڕامان لەبارەی داهاتووی زانستەکەوە و ناسینی کێشەکانی، هەروەها هەوڵدان بۆ لابردنی بەربەست و ڕێگرەکانی و ئامادەکردنی دەرفەتە بەردەستەکان بە مەبەستی گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی زانستی سیاسیی گونجاو لەگەڵ گۆڕانەکانی ئایندە و پێداویستییە خۆماڵییەکان. هەندێک ڕەگەزی بنەڕەتی لە توێژینەوەی ئایندەناسیدا هەن کە نیشاندەری گرنگیی [ئەم جۆرە توێژینەوەیەن] لە توێژینەوەکانی بواری زانستە سیاسییەکاندا:
- کرداری پێشگۆیی یان پێشبینیی ئایندە لەڕێی شێوازی جۆراوجۆرەوە؛
- هەڵسەنگاندنی وردی ڕەوتی هەنووکە لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تەکنیکی و سروشتیدا؛
- گریمانەکانی ئایندە، بە واتایەکی دی، دۆخی جیهان لە داهاتوودا.
گرنگیی تێگەیشتن لەو تەوەرانەی سەرەوە وەستاوەتە سەر پێناسەی توێژەرانی ئایندەناسی بۆ توێژینەوەی ئایندەناسی. یەکێک لە بەناوبانگترین پێناسەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی وێندڵ بێڵ[i] پێشکەشی کردووە. ناوبراو پێی وایە توێژینەوەی ئایندەناسی لە هەوڵی دیاریکردن، داهێنان، نیشاندان و ئەزموون و هەڵسەنگاندنی داهاتووی گریمانکراودایە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای بەهاکانی کۆمەڵگا ئایندەی دڵخواز هەڵبژێرێت و یارمەتیدەر بێت بۆ داڕشتنی بناغەی باشترین ئایندەی دڵخواز (بل، ٢٠٠٣: ٧٣). ئامانجی سەرەکیی بێڵ بریتی بووە لە پێشکەشکردنی پێناسەیەک کە هەموو پێناسە بەردەستەکان لەخۆ بگرێت. لەم ڕووەوە دەتوانرێت بگوترێت پێناسەکەی بێڵ لەچاو پێناسەی ئەوانی دیدا لایەنی باشی پترە. لەم ڕووەوە لەنێوان زانستی توێژینەوەی ئایندەناسی و زانستی سیاسەتدا، لە بەشی تیۆری و کرداریدا پێوەندییەکی بەهێز هەیە کە لەم توێژینەوەیەدا لە چوارچێوەی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسیدا دەخرێتە ڕوو.
- توێژینەوەی ئایندەناسی
گەڵاڵەبوونی پسپۆڕیی “توێژینەوەی ئایندەناسی” کە ماکێکی تەواوی چەندپسپۆڕیی هەیە، لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەم و دواترەوە بوو. توێژینەوەی ئایندەناسی لە دەیەی شەستی زاینییەوە دەستی پێ کرد و وەک یەکێک لە پسپۆڕییە نوێیە زانستییەکان دامەزرا (عیوضی، ١٣٨٨: ١٣).
یەکێک لە گرنگترین گریمانکراوەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە ڕوانینی توێ توێ و فرەگەرا بۆ ئایندە. بە واتایەکی ڕوونتر، لە توێژینەوەی ئایندەناسیدا تەنها لەگەڵ یەک ئایندەی دیارکرداودا دەستەویەخە نیین، بەڵکوو هەمیشە چەند توێیەک لە ئایندەکان لەبەردەم توێژەری سیاسەت و بەرنامەڕێژی سیاسەتدان. توێژەرانی ئایندەناسی لەڕێی پێشکەشکردنی هەندێک وەسف و ڕەچەتەوە سەبارەت بە ئایندە، دۆخێک دەڕەخسێنن کە بتوانرێت یەکێک لەو توێیانەی ئایندە هەڵبژێردرێت کە لەبەردەستدان. هەڵبژاردنێک کە زەمینەی ڕەفتاری کارایانە و دەسپێشخەرانە دەڕەخسێنێت. بەڵام بنەمای ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لە بەردەستبوونی وێنەیەک لە ئایندە. پێناسەی جیاواز بۆ توێژینەوەی ئایندەناسی خراوەتە ڕوو. لێرەدا چاوێکی خێرا دەخشێنین بەو پێناسە جیاوازانەدا کە لەلایەن توێژەرانی ئایندەناسییەوە بەکار هاتوون. ڕۆی ئامارا[ii] (١٩٧٤) پێی وایە توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە:
- هەموو هەوڵێکی سیستماتیک کە لەپێناو چاکسازیی تێگەیشتنی ئێمەدا بێت لە لێکەوتەکانی ئایندە و لە گەشەپێدان و هەڵبژاردنەکانی ئێستامانەوە سەرچاوەی گرتبێت.
- هەر هەوڵێک کە بۆ پەیڕەوبوندکردنی [methodical] گریمانە و لێکدانەوەکانمان سەبارەت بە ئایندە بدرێت. ئەم هەوڵانە دەبن بە سێ بەشەوە: هەڵگۆزینی ئایندە گریمانکراوەکان (هونەری ئایندەگەرایی)؛ هەڵگۆزینی ئایندە مومکینەکان (زانستی ئایندەگەرایی)؛ هەڵگۆزینی ئایندە دڵخوازەکان (سیاسەت و دەروونزانیی ئایندەگەرایی).
بە دەربڕینی وێندڵ بێڵ توێژینەوەی ئایندەناسی هەوڵ دەدات بۆ خوێندنەوەی سیستماتیک، کەشف، داهێنان، پێشکەشکردن، ئەزموون و هەڵسەنگاندنی ئایندە مومکینەکان، گریمانەییەکان و دڵخوازەکان. توێژینەوەی ئایندەناسی سەبارەت بە ئایندە بژاردەی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەست تاک و ڕێکخراو و دامەزراوەکان و یارمەتییان دەدات لە هەڵبژاردن و بونیادنانی دڵخوازترین ئایندەدا (Bell, 2003:73).
هەندێک لە توێژەرانی ئایندەناسی لەڕووی ماهییەتەوە توێژینەوەی ئایندەناسی وەک بەشێک لە شیکاریی سیستەم لەبەرچاو دەگرن. لەنێو ئەم توێژەرانەی ئایندەناسیدا ناوی ئی. ئێس. کواید[iii] و وەین ئای. بۆیشەر[iv] بەرچاو دەکەوێت.
بەپێی پێناسەی کواید بۆ شیکاریی سیستەم، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی لەم خاڵانەدا کورت دەکرێتەوە:
١. توێژینەوەی ئایندەناسی، شێوازێکی نوێی هەڵسەنگاندنی ئایندە و ڕێبازێکی نوێیە. هەنگاوێکی شیاوی بەکارهێنانە کە ڕووی لە گۆڕانە کاریگەر و بەهەمدارەکانە؛
٢. توێژینەوەی ئایندەناسی ناتوانێت وەڵامدانەوەی ئایندە بە گریمانە ناکۆتاکانیەوە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵکوو ئەرکی بریتییە لە هەڵسەنگاندنی پرس و کێشەکانی؛
٣. شێوازناسییەکەی کردارگەرایانەیە؛
٤. توێژینەوەی ئایندەناسی لە پێشبینی و هەڵسەنگاندنی دەستەیەک لە جێگرەوە هاوپێوەندەکان لەگەڵ کێشە[ی مەبەست] گرێدراوی ئایندەیە، یان ئایندەتەوەرە.
تایبەتمەندییەکی گرنگ کە توێژینەوەی ئایندەناسی جیا دەکاتەوە لە توێژینەوە لە هەنگاو و کردارەکان، بریتییە لە ئامانجەکانی. توێژینەوەی ئایندەناسی پڕۆسەی بڕیاردان لە زەمینەیەکی درێژماوەدا لەبەر چاو دەگرێت، بەڵام توێژینەوە لە هەنگاو و کردارەکاندا تەرکیز لەسەر زەمینەیەکی کورتماوە دەکات.
سوهەیل عینایەتوڵڵا پێی وایە توێژینەوەی ئایندەناسی بریتییە لە خوێندنەوەی سیستماتیکی ئایندەی مومکین، گریمانەیی و هەڵبژێردراوەکان و ڕوانین و جیهانبینیی و ئەفسانە بنەڕەتییەکانی هەر ئایندەیەک (عنایت الله، ٢٠٠٧: ١). ئەوەی لەو پێناسانەی باس کران بەدەست دێت بریتییە لە نەبوونی کۆدەنگی لە نێوان توێژەرانی ئایندەناسی لە وەسفکردنی ئەم زانستە ستراتیژییەدا. بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە بریتییە لە ساوابوونی توێژینەوەی ئایندەناسی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، دەبێت بڵێین پێشکەشکردنی پێناسەیەکی تێروتەسەل بۆ ئایندەناسی دژوارە.
توێژینەوەی ئایندەناسی لەسەر چەند گریمانە دامەزراوە لەبارەی جیهانی بوون و ڕۆڵی مرۆڤ [تێیدا]. لێرەدا چاو بە هەندێک لەو بنەما سەرەکییانەدا دەخشێنین کە نیشانەی سەرەکیی بیرکردنەوەی توێژەرانی ئایندەناسین:
پێوەندیی ڕابردوو و ئێستا: ئەم بنەمایە تا ڕادەیەک لەنێو هەموو توێژەرانی ئایندەناسیدا هاوبەشە کە جیهانی بوون یەکپارچەیە نەک تێکەڵەیەک بێت لە بەشی سەربەخۆ و لێکدابراو. لە ڕوانگەی ئایندەناسییەوە مرۆڤیش وەک هەموو بوونەوەران بەشێکە لە جیهانی بوون.
بە بڕوای توێژەرانی ئایندەناسی زۆر لە دەرکەوتەکانی جیهانی داهاتوو لە هەناوی جیهانی ئێستاوە دێنە بوون. لەم ڕووەوە بە ڕوانینی ورد بۆ ڕووداوەکانی جیهانی چەند ساڵی ڕابردوو دەتوانین زۆر شت لەبارەی داهاتووەوە بزانین.
چەمکی “ڕوانگەی ستراتیژی”[v]یش بە جۆرێکی دی هەبوونی ئەم پێوەندییە نیشان دەدات. لەسەر ئەم بنەمایە، ئایندە بە نسبەت ئێستا و ڕابردووەوە لایەنی هۆکارێتی پەیدا دەکات و ڕوانگەیەک کە ئێمە هەمانە بۆ ئایندە و ئایندەی دڵخواز، بڕیارەکانی ئێستا و ڕابردوومان دەگۆڕێت: “ئامانجی بیرکردنەوە لەسەر بنەمای ڕوانگە، بریتییە لە ڕوونکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئێستا و ڕابردوو لەژێر تیشکی ئایندە مومکینەکاندا” (گودە، ١٣٧٥: ١٥٤).
هێزی ڕوانگە: لەو شوێنەدا کە ئایندە لە ئارادا نییە، دەبێت دای بهێنین؛ واتە دەبێت ئایدیاگەلێک بخرێنە ڕوو کە لە چوارچێوەی خستنەڕووی مەفهوومەوە ڕەوتی هزری دروست بکەن و ئەو ڕووداوانە نیشان بدەن کە ڕەنگە لە ئایندەدا ڕوو بدەن، هەروەها گوتار بەرهەم بهێنن. گرنگیی ئەم ئایدیایانە لەوەدایە کە بیرکردنەوەی ئێمە تێکەڵەیەکە لە دەرککردنی ڕابردوو و وێنە زەینییەکانی ئێمە سەبارەت بە ڕووداوە گریمانەییەکانی داهاتوو. ئەو وێنەیەی کە ئێمە هەمانە سەبارەت بە داهاتوو ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە بەدیهاتن، یان بەدینەهاتنی ئایندە بەو شێوەیەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە. لەمڕۆدا یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر ئایندە، وێڕای ڕەوت و ڕووداوەکان بریتییە لەو وێنانەی کە ئێمە لەبارەی ئایندەوە هەمانە. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە پێێ دەگوترێت هێزی ڕوانگە بۆ ئافراندنی ئایندەیەکی دڵخواز (مونرو، ١٣٨٥: ١٤).
- هەندێک ئامانج لە توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسیدا
بەهێزکردنی زەمینەی ناسینی بابەتە سیاسییەکان لەڕێی بەکارهێنانی تیۆرییە زۆر بەکارهاتووەکانی ناو کایەی سیاسەتەوە دەبێت وەک: تیۆریی ئاژاوە، تیۆریی گەمەکان، تیۆریی ڕووبەڕووبوونەوە، تیۆریی ئاڵۆزی و هتد. دەتوانین هەندێک لە گرنگترین ئامانجەکانی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی بەم شێوەیە بژمێرین:
١. ئامادەکردن و ڕێکخستنی ڕێسا بۆ گۆڕانە سیاسییەکان کە لە ئایندەدا ڕوو دەدەن و لەسەر بنەمای توێژینەوەی ئایندەناسی شیاوی پێشبینیکردنن؛
٢. ناسین و تێگەیشتنی دروستی بابەتە نوێباوەکان و ئاڵنگارییە سیاسییەکان کە دێنە پێش؛
٣. بەرنامەڕێژیی درێژماوە و کورتماوە و ڕێگری لە ئاکامە زیانهێنەکانی ڕووداوە پێشبینینەکراوەکان؛
٤. خۆپاراستن لە هەنگاونان لە بەستێنی مەترسیدار و نەناسراو و ژینگەی پڕئاژاوەدا؛
٥. قبووڵکردن و تێگەیشتن لە گرنگیی ئایدیاکان، بەهاکان و ڕوانینە ئەرێنییەکانی ڕابردوو و ئێستا لە ئافراندن و بەدیهێنانی ئایندەدا؛
٦. شیکاریی ڕەوتە سیاسییەکانی ڕابردوو و ئێستا بە مەبەستی ناسینی بابەتە پێشگیرانەکان و ئەزموونە نەرێنییەکان کە هەڕەشەن لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئایندە؛
٧. دروستکردنی دیدگایەکی سیستماتیک، ڕێکوپێک و لۆژیکی لەبارەی گۆڕانەکانی داهاتوو لەگەڵ پاشخانێکی مەعریفی و بنچینەیەکی بوونناسی.
- پتەوکردنی تیۆریی سیاسی لە شیکاریی ڕەوتی گۆڕانە سیاسییەکانی ئایندەدا
تیۆرییە سیاسییەکان پتر لە تیۆرییەکانی دی دووچاری گۆڕان و چاکسازی دەبن، بە جۆرێک کە لەمڕۆدا تیۆرییە سیاسییەکان پۆلێن دەکرێن بەسەر کلاسیک و نوێدا کە لە چەند ڕوویەکەوە دەتوانرێت لە نێوان ئەم دوو دەستەیەی تیۆرییە سیاسییەکاندا جیاکاری بکرێت. لەم ڕووەوە بە شێوەیەکی تایبەت دەتوانین ئاماژە بۆ جیاکاریی نێوان ئەو دوو جۆرە تیۆرییە بکەین لە ڕووی بابەت و شێوازەوە. لەم ڕووەوە تیۆرییەکی سیاسی کاتێک کە دەبێت بە تیۆرییەکی سیاسیی نوێ لە ڕووی شێوازیشەوە گۆڕانی بەسەردا دێت. لەبەر ئەمە تیۆریی سیاسیی نوێ پێبەندیی جیاوازی هەیە لە پێبەندی و لێکەوتەی شێوازی تیۆریی سیاسیی کلاسیک. یەکێک لەو پێبەندییە شێوازیانەی گۆڕانی تیۆریی سیاسی لە کلاسیکەوە بۆ نوێ بریتییە لە ڕوانینی هەندەکی (جزئی). لەم ڕووەوە تیۆریسیەنی سیاسیی نوێ بە پێچەوانەی تیۆریسیەنی کلاسیکەوە لە شیکاری و ڕوونکردنەوەی بابەتە سیاسییەکاندا سەرقاڵی بابەتە هەمەکییەکان (کلیات) نابێت، بەڵکوو گرنگی بە بابەتە هەندەکییەکان و نموونەکان دەدات و ڕوانینی هەندەکییە. لە لایەکی ترەوە تیۆرییە سیاسییە نوێیەکان لەسەر بنەمای ئیرادەگەرایین بە پێچەوانەی تیۆرییە سیاسییە کلاسیکییەکانەوە کە جەبرگەرایی زاڵە بەسەریاندا. لەم ڕووەوە تیۆریسیەنە نوێیەکانی زانستی سیاسەت لە شیکاریی دیاردە سیاسییەکاندا پابەندی شێوازێکی تایبەت نین، لەبەر ئەمەیشە شێوازێکی تێکهەڵکێش بەکار دەهێنن. یەکێکی تر لە پێبەندییە میتۆدییەکانی گۆڕانی تیۆریی سیاسی لە کلاسیکەوە بۆ نوێ بریتییە لە ڕوانین بۆ ئایندە. لەم ڕووەوە تیۆریسیەنەکانی تیۆریی سیاسیی نوێ چاو دەبڕنە ئایندە و لەبەر ئەمەیش لەمڕۆدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر گرنگی و زەروورەتی توێژینەوەی ئایندەناسی لە شیکارییە سیاسییەکاندا. لەم ڕووەوە پرسیار ئەوەیە کە تیۆرییەکی سیاسی چۆن دەتوانێت وەک تیۆرییەکی زاڵ لە ڕەوتی ئایندەی گۆڕانە سیاسییەکانی ڕووداوێکی دیاریکراودا جێگەی هەبێت؟
بۆ گەیشتن بە وەڵامی دروست، سەرەتا پێویستە پێناسەی تیۆری بکەین، پاشان پتەوکردنی بنەماکانی بخەینە بەر باس. ئەگەر تیۆرییەک پێکەوەگونجانی لۆژیکی و پتەوی و بەهێزیی هەبوو و بنەماکانی کامڵ بوو، بێگومان دەکرێت وەک تیۆرییەکی زاڵ لە ڕەوتی گۆڕانە سیاسییەکانی ڕووداوێکی دیاریکراودا جێگەی هەبێت. پێناسەی جۆراوجۆر کراوە بۆ تیۆری. نووسەر[ی ئەم توێژینەوەیە] بڕوای وایە: “تیۆری بەرهەمی بیر و کەڵکەڵەی مرۆڤە سەبارەت بە تێگەیشتنی لۆژیکی و ژیرانەی ئەو ڕووداو و گۆڕانانەی کە ژیانی خۆی و هاوڕەچەڵەکەکانی دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە” (عیوضی، ١٣٨٥: ١٦). کەواتە تیۆری سەرەتا بەرهەمی هزرە، پاشان کەڵکەڵەیەکی مرۆییە سەبارەت بە تێگەیشتنی لۆژیکی و ژیرانەی ڕووداو و گۆڕانەکان کە کار دەکەنە سەر ژیانی مرۆڤ. لەسەر بنەمای پێناسەی تیۆری دەتوانین بڵێین تیۆریی سیاسی وەک بەرهەمێکی هزری شیکاریی ڕووداوە سیاسییەکان لە ئەستۆ دەگرێت بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕێگەچارە و وەڵامی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئارێشە و کێشە سیاسییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە. تیۆرییەکی دیاریکراو کاتێک دەتوانێت وەک تیۆرییەکی زاڵ لەنێو تیۆرییە ڕکابەرەکاندا جێی خۆی بکاتەوە کە دەبێت بڕستی ناوەکی و دەرەکیی (ظرفیت درونی و بیرونی) هەبێت بۆ شیکاریی ڕووداوەکان:
١. بڕستی ناوەکی: بڕستی ناوەکیی تیۆرییەکی دیاریکراو بریتییە لە بنەما و بنچینە هزرییەکان وەک بنەماکانی هەبوونناسی، مرۆڤناسی و مەعریفەناسی کە وەک پاڵپشتێکی هزریی تیۆری دەخرێنە بەر باس.
٢. بڕستی دەرەکی: بڕستی دەرەکیی تیۆرییەکی دیاریکراو بریتییە لەوەی کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیۆرییەکانی دیدا توانایی دروستکردنی ئاڵنگاریی هەبێت لەگەڵ تیۆرییە ڕکابەرەکاندا و ئەم تواناییە کاتێک مومکینە کە تیۆرییەکە لەباریدا بێت ڕووداوە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردوو و ئێستا و ئایندە شیکاری بکات.
بە دەربڕینێکی دی ڕوانین بۆ ئایندە لە تیۆریی زاڵدا بابەتێکە کە یارمەتیی ئەوە دەدات تیۆری بتوانێت بە پشتبەستن بە ڕابردوو و سوودبینین لە ئەزموونە بونیادنەرەکانی ڕووداوە سیاسییە هەنووکەییەکان بە شێوەیەکی لۆژیکی شیکاری بکات و گۆڕانیان تێدا بەدی بهێنێت و بۆ داهاتوویش ڕێگەچارە و ڕێکاری لۆژیکی و ژیرانە پێشکەش بکات. لە ڕاستیدا جۆری شیکاریی پرس و ڕووداوە سیاسییەکان و پێشکەشکردنی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئایندە و توانایی وەڵامدانەوەی پرسە سیاسییە هەنووکەییەکان بە پشتبەستن بە بڕستە ناوەکی و دەرەکییەکانی تیۆرییەکە دەرخەری توانایی تیۆرییەکەیە لە مەیدانی ڕکابەرایەتی لەگەڵ تیۆرییەکانی دیدا. لەمڕۆدا تیۆریی سیاسیی جۆراوجۆر بۆ پێشبینی خوێندنەوەی گۆڕانە سیاسییەکانی داهاتوو لە ئارادان کە بە ڕەوتێکی ڕوولەگەشەدا تێ دەپەڕن لە توێژینەوەکانی ئایندەناسیدا. سەبارەت بە ڕووداوە ڕەوتسازە سیاسییەکانی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی ئێمە لە لایەکەوە لەگەڵ نادڵنیاییەکان و لە لایەکی ترەوە لەگەڵ ئاڕاستەکەرەکان مامەڵە دەکەین. یەکێک لە ڕێگا گەشەسەندووەکانی چارەسەری پرسە سیاسییەکان لە دۆخی نادڵنیاییدا بریتییە لە تیۆریی شیمانە (نظریه احتمال) کە دەتوانرێت ئاماژە بکرێت بۆ ئەو نادڵنیاییانەی کە لەو ڕەهەندانەوە سەرچاوە دەگرن کە لە دۆخی هەنووکەدا ڕوو دەدەن. تیۆریی شیمانە لە هەندێک دۆخی نادڵنیاییدا بەکار دەبرێت کە دڵنیاییی تەواو لەگۆڕێ نەبێت، [هەروەها کاتی بوونی] ناجێگیری لە کاریگەرییە ئاڕاستەکەرەکاندا، نەبوون یان گۆڕانی ڕەوتەکان و ئەوەی کە بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی ژینگەیی و فراوانیی هۆکارە کاریگەرەکانەوە بەباشی توانایی دەستنیشانکردنیان لە ئارادا نەبێت و لێکەوتەی ئەم کاریگەرییانە بەشێوەی جیاجیا نەتوانرێت هەڵبسەنگێنرێت.
لەبەر ئەوە بەکارهێنانی تیۆریی شیمانە لە گۆڕانەکانی داهاتوودا و دەستڕاگەیشتن بە ئەلگۆریتمێک بۆ پێشبینیی ئایندە گریمانکراوەکان (سیناریۆ گریمانکراوەکان) لەڕێێ لەبەرچاوگرتنی ڕەوتەکان و نادڵنیاییەکان (گریمانە مومکینەکان) و پێشهات و ڕووداوە نزیک بە ڕوودانەکانەوە دەبێت.
هەرچەند تیۆریی شیمانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئایندە و ئەو لێکەوتانەی لە ئاڕاستەکەرە سیاسییەکان بەدەست دێت زۆر پێویست و گونجاوە، بەڵام بەتەنیایی ناتوانێت شیکاری و سیناریۆسازی بکات؛ لەبەر ئەمە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە مەیدانی سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستکەوتی گەمەکەر تەنها نەبەستراوەتەوە بە هەڵسوکەوتی خۆیەوە، بەڵکوو کاریگەرە بە هەڵسوکەوتی یەک یان چەند گەمەکەری دی و ئایندەکان لەژێر کاریگەریی ئەم ڕێسایەدان، لەبەر ئەوە تیۆریی گەمەکان بۆشاییی شیکارییە تیۆرییەکانی ئایندەی گۆڕانە سیاسییەکان پڕ دەکاتەوە. تیۆریی گەمەکان و گەمەسازیی ئایندە پێوەندیی نزیکی هەیە لەگەڵ بڕیاردان و دانوستاندا. ئەم تیۆرییە بۆ خوێندنەوەی ئایندەی پێوەندیی هێزە سیاسییەکان بەکار دێت کە تێیدا دانوستان و هەوڵ بۆ پێشبینیی هەنگاوەکانی ڕکابەر، یان بەربەستکردنی ڕکابەر و بەکارهێنانی تەکنیکی شیکاریی ئەنجامداری تیۆریی گەمەکان پێکەوە گرێدراون.
گرنگترین بنەما لە تیۆریی گەمەکاندا بریتییە لە ڕوانگەسازیی پێوەندییەکان لە بواری کرداریدا کە لەسەر بنەمای هۆشمەندی و ژیرانەبوونی هەڵسوکەوتی گەمەکەرانە.
تیۆرییەکی دی لە توێژینەوەکانی ئایندەناسیدا لە بواری گۆڕانە سیاسییەکاندا بە شێوەیەکی تایبەت بەکار دێت، بریتییە لە تیۆریی ئاژاوە. لە دیدی تیۆریی ئاژاوەوە سیستمە ئاڵۆزەکان تەنها ڕواڵەتێکی ئاڵۆزیان هەیە و دواجار وا دەکەونە بەر چاو کە ناڕێک و بەڕێکەوتن، بەڵام بەپێی هاوکێشەیەکی بیرکاریی ڕوون لەسەر ڕەوتێکی دیاریکراون. لەم ڕووەوە بابەتی ئاژاوە لە بیرکاریدا بەگشتی لەژێر ناوی “ئاژاوەی دیاریکراو”دا دەخرێتە بەر باس کە لەسەر بنەمای تیۆریی “گەشەی نا-هێڵیی فیدباکی” (رشد غیر خطی بازخوردی) دامەزراوە. لەم ڕوانینەدا دەتوانرێت ئاژاوە بە پڕۆسەیەکی نا-هێڵێی دیاریکراو بزانرێت کە پەشێو و بەڕێکەوت نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت. تیۆریی ئاژاوە ئەم گریمانەیە دەخاتە ڕوو کە زۆر لەو سیستەمانەی بە ڕواڵەت دەردەکەون بەڕێکەوت بن، بەتەواوی پەیڕەوی لە پێوەندییەکی بیرکاریی نا-هێڵی دەکەن و دواجار شیاوی پێشبینیکردنن.
لە سیستمێکی ئاژاوەدا هۆکاری سەرەکیی بەرزونزمیی لێکەوتەکان بریتییە لە میکانیزمە ناوەکییەکانی سەر بە سیستمە نا-هێڵییەکە کە بەرهەمهێنەری پێدراوەکانە نەک ڕوودانی پێشهاتە دەرەکییەکان. کاتێک سیستمێکی فیدباکی نا-هێڵی لە دۆخی ئارامی هاوسەنگیی بەردەوام دەربچێت و بەرەو هاوسەنگییەکی نائارام و فرەناجێگیر بچێت لە قۆناغێکی ناجێگیریی سنووردار ڕەت دەبێت کە تێیدا هەڵسوکەوتێکی یەکجار ئاڵۆز دەنوێنێت. دەتوانرێت ئەم قۆناغە ناو بنرێت ناوچەی سنووریی نێوان هاوسەنگیی جێگیر و هاوسەنگیی ناجێگیر. لەم ناوچە سنوورییەدا دوو هێزی پێکدژ سیستمەکە بە ئاڕاستەی جیاوازدا دەبەن. کاتێک کە سیستمەکە لەم ناوچە سنوورییەدا بێت ناتوانرێت هیچکام لەم هێزە پێکدژانە لەناو ببرێن. کاتێک کە سیستەمەکە لە ناوچەی سنووریدا بێت هەرگیز بە جۆرێکی ڕێکوپێک هەڵسوکەوت ناکات کە ببێتە هۆی هاوسەنگی. بە پێچەوانەوە هەندێک مۆدێلی ڕەفتاری دروست دەکات کە نەک هەر ناڕێکوپێکن، بەڵکوو بەتەواوی لە دەرەوەی پێشبینین. هەرچۆنێک بێت ئەو ڕەفتارانە لەڕووی چۆنیەتییەوە مۆدێلێکی شاراوەیان هەیە. زانایان ئەم تێکەڵەیە لە پێشبینینەکراوی و مۆدێلی چۆنیەتییەیان ناو ناوە فراکتاڵ (fractal). کەواتە ئاژاوە یان پەشێوی بە واتا زانستییەکەی وشەکە بریتی نییە لە بێسەروبەریی ڕەها، بەڵکوو زیاتر بریتییە لە ناجێگیرییەکی سنووردار نەک ناجێگیرییەکی بەهێز و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ. تێکەڵەیەکە لە نەزم و بێنەزمی کە تێێدا مۆدێلەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە نموونەی بێنەزم، بەڵام هاوشێوەدا دەردەکەون.
کاتێک سیستمێک جێگیر یان ناجێگیر بێت، ئایندەی کورتماوە و درێژماوەی سیستمەکە بەتەواوی شیاوی پێشبینیکردنە، بەڵام کاتێک کە سیستم لە پەشێویدا ڕۆ چووبێت، دەتوانرێت هەڵسوکەوتی کورتماوەی پێشبینی بکرێت لەبەر ئەوەی گۆڕانە بچووکەکان بۆ ئەوەی گەورەتر ببن و گەشە بکەن پێویستیان بە کاتە، بەڵام پێشبینیی هەڵسوکەوت و لێکەوتە درێژماوەکانی مومکین نییە. لەم دۆخەدا پێوەندیی نێوان هۆکار و هۆکرد لەڕووی کات و شوێنەوە لێک دوورن. بوونی وەها مەودایەک لەنێوان هۆکار و هۆکردەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی دەستنیشانکردنی ئەوەی چ شتێک بووەتە هۆی چ شتێک دژوار بێت؛ واتە پێشبینیی ورد و دروستی ئەوەی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات یەکجار قورس بێت. لە ڕاستیدا تاکە ئایندەیەک لە ئارادا نییە کە ئەم سیستمە بەهۆی هۆکارێکی دەرەکییەوە بەرەوڕووی دەبزوێت، بەڵکوو ئایندەگەلی گریمانەییی زۆر هەن و ئەوەی دەکەوێتە بەرچاو پێوەندیی هەیە بەوەی سیستمەکە و سیستمە ئافرێنەرەکانی دەوروبەر دەیئافرێنن، بەڵام پێشبینی هەڵنەگریی ناوەکی و خودی (پیشبینی ناپذیری درونی و ذاتی) لە درێژماوەدا، هەروەها پێوەندیی ناڕوونی نێوان هۆکار و هۆکرد تەنها تایبەتمەندیی پەشێوی نییە (روزنا، ٢٠٠٥: ١٤-١٢).
کەواتە تیۆرییە سیاسییەکان بە کردەوە لە شیکاریی ڕەوتی گۆڕانە سیاسییەکانی داهاتوودا لەگەڵ شێوازگەلی بەپێزدا لە پەیوەندیدان کە دەتوانرێت لەسەر بنەمای ئەوانە هەندێک پێشبینی بکرێت بۆ گۆڕانە سیاسییەکان کە پێویستە شێوازە میتۆدییەکانی بواری سیاسەت لەسەر بنەمای پێشبینی لە توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسیدە ڕەچاو بکرێت. ئاتیلا هاڤەس[vi] بە دیاریکراوی گەشەسەندنی بەردەوامی پێشبینی گرێ دەداتەوە بە هۆکاری گرنگی وەک بەجیهانیبوون، گۆڕانە سیستمی و تەکنەلۆژییەکان، ئاڵۆزیی بارودۆخ، ئاڵنگارییەکانی بڕیاردان، بابەتە ژینگەییەکان، دەرکەوتنی نادڵنیاییەکان، بەدەستهاتنی کارامەیی نوێ، هاوکارییە دەستەجەمعی و ڕایەڵەییەکان، پەستانە ئابووری و سیاسییە پەرەسەندووەکان بۆ سەر دەوڵەتان، چوونەژێرپرسیاری متمانەی توێژینەوە زانستییە باوەکان، تاکگەرایی و گرنگی پەیداکردنی بڕیارە تاکەکەسییەکان (Havas, 2003: 34). وا دێتە پێش چاو کە شێوازەکانی توێژینەوەی پێشبینی لە دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و لەڕووی بابەتی و میتۆدناسییەوە بە شێوەیەکی بنچینەیی گۆڕاوە. ئەم گۆڕانە میتۆدناسییانە ناسینی دیاردە سیاسییەکانی بزۆک کردووە.
- پێوەندیی نێوان پێشبینی و ڕوونکردنەوەی زانستی
لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوونکردنەوە پێشەکیی پێشبینییە کە خۆی وەستاوەتە سەر خستنەڕووی وەسفێکی تێروتەسەلی دیاردەکان. گرنگیی ڕوونکردنەوە لەوەدایە کە قانوون و ڕێسا بنچینەییەکانی پێشبینی دەخاتە ڕوو. لە ڕاستیدا ئەو دیاردانەی توێژینەوەیان لەبارەوە دەکرێت لە چوارچێوەی ڕێسایەکی زانستیی دیاریکراودا پێشبینییان بۆ دەکرێت کە ئەویش بریتییە لە تیۆری (دانیل، ١٣٨١: ٨٣). جیاوازیی نێوان پێشبینی و پێشگۆیی لەوەدایە کە پێشبینی خاوەنی میتۆدە و بابەتەکەی ڕوونکردنەوەی هەیە. لە ڕاستیدا پێشبینیی دیاردەکانیش وەستاوەتە سەر ڕێسا و تیۆرییە زانستییە قبووڵکراوەکان کە دڵنیاین لە ڕاستی و دروستییان و توانیویانە بەبەردەوامی ڕاڤەی جیهانی دەوروبەر و بەدیاریکراوی دیاردەی مەبەست بکەن.
- توێژینەوە ستراتیژییەکان، خاڵی پێکگەیشتنی توێژینەوەکانی ئایندەناسیی سیاسی
بە لەبەرچاوگرتنی فرەپسپۆڕێتیی توێژینەوەکانی ئایندەناسی و ڕوولەگەشەبوونی ئەوەی پێوەندیی بە زانستی سیاسەتەوە هەیە، هەروەها [لەبەرچاوگرتنی ئەوەی] لە مەیدانی زانستە سیاسییەکاندا -کە لەسەر تەوەری بابەتی مرۆڤ، سیاسەت و بنەما مەعریفییەکانی دامەزراون- توێژینەوەی ئایندەناسی چۆن دەتوانێت دەرفەتی گونجاوی ڕووبەڕووبوونەوەی لۆژیکیی هەبێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و بڕیارە ستراتیژییە سیاسییەکاندا بە جۆرێک کە دەستکەوتی دڵخواز بەدەست بهێنێت و دواجار دەرفەتی دروستکردنی ئایندەیەک بڕەخسێنێت بۆ تیۆریسیەنە سیاسییەکان و ئۆرگانە جێبەجێکارەکانی سیستمی سیاسی لە پێناو چارەنووسێکی دڵخوازدا؟
لە قەڵەمڕەوی بابەتی و شێوازناسی و پرسناسیدا پێوەندیی زانستی سیاسەت لەگەڵ پۆل (category)ی کات و ئایندەدا لەڕووی ماهییەت و قابیلییەتەوە بریتییە لە گەوهەر و ماکی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی. هەریەک لە مەعریفەناسی و بەکارهێنانی بەستێنی مەعریفە لە مەیدانی کرداردا، لە بابەت و شێواز و پرسگرێکدا دەستنیشانکەری پێگەی خاڵی یەکتربڕی نێوان توێژینەوەی ئایندەناسی و زانستە سیاسییەکانن، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە پشکی شێری توێژینەوەکان لە مەیدانی توێژینەوە سیاسییەکاندا پێوەندییان بە توێژینەوە ستراتیژییەکان و لێکەوتە کردارییەکانیەوە هەیە. سپرەیگنز[vii] پێی وایە لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمین بیر و تیۆرییە هاوپێوەندەکان لەگەڵ زانستی سیاسەت، هەمیشە وێناکردنی ئایندە بە مەبەستی دەرچوون لە دۆخی هەنووکەیی و بەدەستهێنانی دۆخێکی دڵخواز سەرنجی بیرمەندانی ئەم زانستەی ڕاکێشاوە (اسپرینگز، ١٣٧٠: ١٤٣- ١٤٢). توێژینەوەی ئایندەناسی یارمەتیی زانای زانستە سیاسییەکان دەدات کە نەخشەی ئایندەیەکی دڵخوازی گونجاو بکێشێت بەو ئامراز و واقیعانەی بەردەستن و لەڕێی خستنەڕووی ستراتیژ و و سیناریۆی گونجاوەوە بەستێنی وەدیهاتنیان بڕەخسێنێت (عیوضی، بیتا: ٤). لەو ڕووەوە کە توێژینەوە ستراتیژییەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە توێژینەوەکانی ئایندەناسیی سیاسیدا، کەواتە بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەندیی نێوان توێژینەوەی ئایندەناسی و تیۆری لە زانستە سیاسییەکاندا و ڕۆڵی توێژینەوەی ئایندەناسی لە توێژینەوە تیۆرییەکانی زانستە سیاسییەکاندا، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوە تیۆرییەکان، یان بڵێین تیۆرییەکانی زانستی سیاسەت و توێژینەوە ستراتیژییەکانی ئەم بوارە بکرێت.
- توێژینەوەی ئایندەناسی لە بواری توێژینەوە ستراتیژییەکاندا و پێوەندیی لەگەڵ تیۆریدا لە زانستی سیاسەتدا
دەتوانرێت لەنێوان ستراتیژ و تیۆریدا سێ جۆر پێوەندی وێنا بکرێت. لە وێنای یەکەمدا نکۆڵی لە هەموو جۆرە پێوەندییەک لەنێوان توێژینەوەی ستراتیژی و توێژینەوەی تیۆریدا دەکرێت و ئەو دووانە بە سەربەخۆ لە یەک لە قەڵەم دەدرێن. لە وێنای دووەمدا توێژینەوە ستراتیژییەکان بەتەواوی لە هەناوی تیۆریدا چێ دەبن و کاریگەرییەکی یەکلایەنە لەئارادایە لە تیۆرییەوە بۆسەر ئایندەناسی و توێژینەوە ستراتیژییەکان. لە وێناوی سێێەمدا پێوەندییەکە دوولایەنەیە و هەروەک چۆن توێژینەوەکانی ئایندەناسی و ستراتیژی تەنها لەژێر تیشکی تێگەیشتنی بەدەستهاتوو لە تیۆری وەدی دێت، توێژینەوەی ئایندەناسی و ستراتیژییش کاریگەری دەکەنە سەر تیۆرییەکان لەڕووی چاکسازی، پەژراندن (تأیید) و نکۆڵیکردنەوە.
- لەپێشدابوونی ستراتیژ و سەربەخۆبوونی لە تیۆری
ئەوانەی پێیان وایە پێوەندی لەنێوان توێژینەوەی ئایندەناسی و ستراتیژ و بەرنامەڕێژیی ستراتیژیدا نییە، پێیان وا نییە لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی پێکهاتنیدا موحتاج یان وابەستەی تیۆری بێت. توێژینەوەی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان، نووسینی سیناریۆ و دیاریکردنی سیاسەت و هەڵبژاردنی ستراتیژی گونجاو [لای ئەمان] بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە تیۆری و لەسەر بنەمای ڕوانینی تەواو سەربەخۆ، بابەتی و نا-تیۆری دادەڕێژرێت (فریدمن، ١٣٨٢: ٤١١). هەندێکی تر بەم شێوەیە بەڵگە دەهێننەوە کە ئەوەی لە بابەتی سیاسەتگوزاری و دیاریکردنی ستراتیژدا یەکلاکەرەوەیە، بریتییە لە تێڕوانینی بابەتی و هەڵسەنگاندنی ژیرانەی پەتی. گۆڕاوەکانی وەک تەکنەلۆژیا، هێزی مرۆیی، ئەندازە و جۆری ئامێرە سەربازییەکان و … لە پلەی یەکەمی گرنگیدان (عبداله خانی، ١٣٨٦: ٢٤٠). ئەو بڕە زانستەیش کە بەگشتی لە نووسینی سیناریۆکان، شیکاریی ڕەوتەکان و دەستنیشانکردنی ستراتیژەکاندا بەکار دەهێنرێت، بریتییە لە زانستە مادی و ئەندازەگیراوەکان کە هاوپێوەندن لەگەڵ بابەتە ئامارییەکان و شیکارییەکانی [ئەو زانستە] (فریدمن، ١٣٨٢: ٤١١) نەک زانستی تیۆری و ئەو تیۆرییانەی کە چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان دیاردەکان نیشان دەدەن لە بواری سیستمی سیاسیدا. جەختکردنەوە لەسەر کرداریبوونی زانستی ئایندەناسی و بوونی جێگەی “سیاسەتگوزاری” و “دیاریکردنی ستراتیژ”یش لە چوارچێوەی [بابەتە] “کردار”ییەکاندا دەتوانێت وەک پاڵپشتیی ئەو بەڵگەهێنانەوەیەی سەرەوە چاوی لێ بکرێت. بابەتی سیاسەتگوزاری و دیاریکردنی ستراتیژ خۆی لە خۆیدا پراگماتیکییە و سروشتێکی “کردارەکی”ی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، تیۆرییە ستراتیژییەکانیش بریتین لە تیۆریی هەنگاونان. ستراتیژ واتە ئەوەی چۆن کارێک بکەین (بیلیس و ویرتر، ١٣٨٢: ٢٣). ئەم ڕاستییە خۆی لە خۆیدا پاڵپشتیی ئەوە ناکات کە بابەتە ستراتیژی و ئایندەبینییەکان لەپێشترن لە تیۆریی سیاسی و سەربەخۆن لێی، مەگەر ئەوە بکەین بە پێشەکیی قسەکانمان کە تیۆری بەدوای کەشفکردنی نموونە و ڕێسای گشتییەوەیە، لە کاتێکدا توێژینەوەی ئایندەبینانە کاتێک دەرفەتی دەبێت بخرێتە ڕوو کە بڕیارە تاکەکەسییەکان وەک هۆکاری پێکهێنەری مێژوو لەبەرچاو بگیرێن. لەم شێوازەدا جەختکردنەوە لەسەر کارابوونی مرۆڤ پێچەوانەی قبووڵکردنی ئەو نموونە و ڕێسا گشتییانەیە کە ناوەڕۆکی تیۆرییەکان پێک دەهێنن. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێن: “کەسانێک کە پێیان وایە شیکاریی سیاسەت پێویستی بە ناسینی ڕووداوە مێژووییەکان، ڕێسا جیهانییەکانی ژیانی سیاسی و نموونە جێگیرە ڕەفتارییەکان و بڕیارە ستراکچەرییەکانە بۆ کارکردن، بێگومان بەشێوەیەکی ستراتیژی بیر ناکەنەوە” (فریدمن، ١٣٨٢: ٤٢٠). توێژینەوەکانی ئایندەناسی پێوەندییان بە بواری ڕەفتارەوە هەیە و هەڵبژاردنە ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی ڕەفتاردا دروست دەبن. [ئەویش] چوارچێوەیەکی سەربەخۆیە لە بیرکردنەوە کە لێکەوتەی یەکسان و هاوشێوە دەسەپێنێت بەسەر ستراتیژیستەکاندا، تەنانەت ئەگەر سەر بە پاشخانی هزری و تیۆریی جیاوازیش بن (عبداله خانی، ١٣٨٦: ٢٤١). ئەو هۆکارەی بووە بە هۆی وەها یەکسانییەک لە نووسینەوەی ستراتیژەکاندا بریتییە لەوەی هەموویان لەسەر یەک لۆژیک بونیات نراون بە ناوی “عەقڵانییەت” کە فەرمانڕەوایە بەسەر قەڵەمڕەوی ڕەفتارە ستراتیژییەکاندا. عەقڵانییەت دەکرێت وەک هەڵبژاردنێکی کرداری چاوی لێ بکرێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی بەهاییی تاکە کەسێک بگاتە چڵەپۆپە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ورد و سوود و زیانە لێکەوتەکانی و ئەو ئەگەرانەی پێوەندییان بە هەڵبژاردنەکانی لایەنی بەرانبەرەوە هەیە (گارنت، ١٣٨٥: ٢٣ و ٢٤). بە دەربڕینێکی تر، دەوڵەتەکان گۆڕانەکانی ئایندە لەسەر بنەمای لۆژیکی عەقڵانییەت دەپێون بە جەختکردنەوە لەسەر لێکدانەوەی سوود و زیان و هەڵسەنگاندنی دیپلۆماسییانە.
- لەپێشدابوونی تیۆری و دامەزراندنی ستراتیژ لەسەر بنەمای ئەو
ئەوانەی پێیان وایە پێوەندی لەنێوان توێژینەوەی ئایندەناسی و ستراتیژ و بەرنامەڕێژیی ستراتیژیدا نییە، پێیان وا نییە لە هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی پێکهاتنیدا موحتاج یان وابەستەی تیۆری بێت. توێژینەوەی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان، نووسینی سیناریۆ و دیاریکردنی سیاسەت و هەڵبژاردنی ستراتیژی گونجاو [لای ئەمان] بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە تیۆری و لەسەر بنەمای ڕوانینی تەواو سەربەخۆ، بابەتی و نا-تیۆری دادەڕێژرێت. دەتوانرێت بە شێوەی جۆراوجۆر بەڵگە بکرێت بە پاڵپشتی ئەم ڕوانینە. بۆ نموونە دەتوانرێت لەم واقیعییەتە بابەتی و بەرهەستەوە دەست پێ بکرێت کە توێژینەوەی ئایندەناسی و بەدوای ئەویشدا بابەتە ستراتیژییەکان بەگشتی لەژێر هیچ یەک لە پسپۆڕییە تیۆرییە ئەکادیمییەکاندا پۆلێن ناکرێن، لەسەر ئەم بنەمایەیە کە لۆرانس فریدمان[viii] زۆر بەتوندی بەگومانە لەم بابەتە کە بکرێت لەڕێی پسپۆڕییە زانکۆییەکانەوە چوارچێوەیەکی زانایانە لەم بوارەدا دابڕێژرێت (فریدمن، ١٣٨٢: ٤١١). هەندێکی تر بەم شێوەیە بەڵگە دەهێننەوە کە ئەوەی لە بابەتی سیاسەتگوزاری و دیاریکردنی ستراتیژدا یەکلاکەرەوەیە، بریتییە لە تێڕوانینی بابەتی و هەڵسەنگاندنی ژیرانەی پەتی. گۆڕاوەکانی وەک تەکنەلۆژیا، هێزی مرۆیی، ئەندازە و جۆری ئامێرە سەربازییەکان و … لە پلەی یەکەمی گرنگیدان (عبداله خانی، ١٣٨٦: ٢٤٠). ئەو بڕە زانستەیش کە بەگشتی لە نووسینی سیناریۆکان، شیکاریی ڕەوتەکان و دەستنیشانکردنی ستراتیژەکاندا بەکار دەهێنرێت، بریتییە لە زانستە مادی و ئەندازەگیراوەکان کە هاوپێوەندن لەگەڵ بابەتە ئامارییەکان و شیکارییەکانی [ئەو زانستە] (فریدمن، ١٣٨٢: ٤١١) نەک زانستی تیۆری و ئەو تیۆرییانەی کە چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان دیاردەکان نیشان دەدات لە بواری سیستمی سیاسیدا. کڵاوزویتز[ix]یش وەک کەسێک کە لەسەر سنووری نێوان گۆڕانی توێژینەوە ستراتیژییەکاندا وەستاوە، کاتێک باسی پێکهێنەرەکانی ستراتیژ دەکات تەنها جەخت لەسەر پێکهێنەرە مادی و بابەتییەکان دەکاتەوە. وەک بڵێیت توێژینەوەی ئایندەبینانە و ستراتیژی لای ئەو تەنها بابەتی وەک لایەنی دەروونی، فیزیکی، بیرکاری، جوگرافیایی و ئاماری لەخۆ بگرێت (کلازویتس، بی تا: ١٩). جەختکردنەوە لەسەر کرداریبوونی زانستی ئایندەناسی و بوونی جێگەی “سیاسەتگوزاری” و “دیاریکردنی ستراتیژ”یش لە چوارچێوەی [بابەتە] “کردار”ییەکاندا دەتوانێت وەک پاڵپشتیی ئەو بەڵگەهێنانەوەیەی سەرەوە چاوی لێ بکرێت. بابەتی سیاسەتگوزاری و دیاریکردنی ستراتیژ خۆی لە خۆیدا پراگماتیکییە و سروشتێکی “کردارەکی”ی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، تیۆرییە ستراتیژییەکانیش بریتین لە تیۆریی هەنگاونان. ستراتیژ واتە ئەوەی چۆن کارێک بکەین (بیلیس و ویرتر، ١٣٨٢: ٢٣). ئەم ڕاستییە خۆی لە خۆیدا پاڵپشتیی ئەوە ناکات کە بابەتە ستراتیژی و ئایندەبینییەکان لەپێشترن لە تیۆریی سیاسی و سەربەخۆن لێی، مەگەر ئەوە بکەین بە پێشەکیی قسەکانمان کە تیۆری بەدوای کەشفکردنی نموونە و ڕێسای گشتییەوەیە کە لەسەر بنەمای توێژینەوە ئایندەبینانەکان ئیمکانی ناسینی هۆکارە پێکهێنەرەکانی ئایندە دەخاتە بەر دەست، دەنا ئەم لێکدانەوەیە هەر لە بنەڕەتەوە پێچەوانەی لێکدانەوەکەی سەرەوەیە کە کارابوونی مرۆڤ بەپێچەوانەی قبووڵکردنی ئەو نموونە و ڕێسا گشتییانەوەیە کە ناوەڕۆکی تیۆرییەکان پێک دەهێنن. لەسەر ئەم بنەمایەیە کە بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێن: “کەسانێک کە پێیان وایە شیکاریی سیاسەت پێویستی بە ناسینی ڕووداوە مێژووییەکان، ڕێسا جیهانییەکانی ژیانی سیاسی و نموونە جێگیرە ڕەفتارییەکان و بڕیارە ستراکچەرییەکانە بۆ کارکردن، بێگومان بەشێوەیەکی ستراتیژی بیر ناکەنەوە” (فریدمن، ١٣٨٢: ٤٢٠). ئەم قسەیەیش کە دەدرێتە پاڵ وینستۆن چەرچڵ دەبێت هەر لەم چوارچێوەیەدا شیکاری بکرێت کە دەڵێت: “حەقیقەتەکانی جەنگ ڕاستیی ڕەهان، بەڵام ئەو بنەمایانەی بە کردەوە حوکمیان بەسەردا دەکەن، دەبێت لە هەموو کاتێکدا، لە دۆخی تایبەتدا بەدەست بێن کە هەمیشە جیاوازن، لە ئاکامیشدا هیچ ڕێسایەک نابێتە ڕێنیشاندەری کردار” (لطفیان، ١٣٨٣: ٣٢). توێژینەوەکانی ئایندەناسی پێوەندییان بە بواری ڕەفتارەوە هەیە و هەڵبژاردنە ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی ڕەفتاردا دروست دەبن. [ئەویش] چوارچێوەیەکی سەربەخۆیە لە بیرکردنەوە کە لێکەوتەی یەکسان و هاوشێوە دەسەپێنێت بەسەر ستراتیژیستەکاندا، تەنانەت ئەگەر سەر بە پاشخانی هزری و تیۆریی جیاوازیش بن. لەبەر ئەم هۆکارەیش هەموو دەوڵەتان لە شێوازی بەدواداچوونی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکاندا بە شێوەیەکی یەکسان هەڵسوکەوت دەکەن. دەوڵەتەکان لەڕووی کردارەوە جیاواز نین و هەموویان عەوداڵی ئەوەن قازانجی خۆیان بگەیەننە لووتکە. بەگشتی ئەم قازانجکردنە بە شێوەیەکی تەواو سادە لە هێز و بەزۆری لە چوارچێوەی توانایی و سەرچاوەکانیانەوە پێناسە دەکەن. لەبەر ئەمە، دەوڵەتان تواناییەکان دروست دەکەن و پەرەی پێ دەدەن، هەر بەو شێوەیەیش سوود لە دەرفەتە بەردەستەکان دەبینن. بە دەربڕینێکی دی، هەموویان بە یەک لۆژیک کە لۆژیکێکی بابەتی و نا-تیۆرییە دەڕواننە ئایندە و لەسەر بنەمای ئەوە دەست دەبەن بۆ بڕیاردان. هەڵبژرادنە ستراتیژییەکان ئارەزوویان بە ئاڕاستەی لانیزۆر دەڕوات و تەنها و بەزۆری لەڕێی هەندێک گۆڕاوەوە سنووردار دەکرێن، گۆڕاوی وەک جوگرافیا، توانایی، هەڕەشە و حەزکردنی دەوڵەتان لە خۆبەدوورگرتن لە ڕەفتارێک کە دەتوانێت مانەوەی دەوڵەتانی دی بخاتە بەر هەڕەشەی خێراوە (عبداله خانی، ١٣٨٦: ٢٤١). ئەو هۆکارەی بووە بە هۆی وەها یەکسانییەک لە نووسینەوەی ستراتیژەکاندا بریتییە لەوەی هەموویان لەسەر یەک لۆژیک بونیات نراون بە ناوی “عەقڵانییەت” کە فەرمانڕەوایە بەسەر قەڵەمڕەوی ڕەفتارە ستراتیژییەکاندا. لەسەر ئەم بنەمایە هەموو کردەوەیەکی گەمەکەران لە چوارچێوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمای پێڕەویکردن لە یەک لۆژیک ساز دەبن و هەموو گەمەکەران بە شێوەیەکی عەقڵانی ڕەفتار دەکەن. عەقڵانییەت دەکرێت وەک هەڵبژاردنێکی کرداری چاوی لێ بکرێت کە دەبێتە هۆی ئەوە پێگەی بەهاییی تاکە کەسێک بگاتە چڵەپۆپە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ورد و سوود و زیانە لێکەوتەکانی و ئەو ئەگەرانەی پێوەندییان بە هەڵبژاردنەکانی لایەنی بەرانبەرەوە هەیە (گارنت، ١٣٨٥: ٢٣ و ٢٤).
تیۆریی گەمەکان هەر لەسەر ئەم بنەمایە دروست بووە و دەری دەخات کە هەڵبژاردنە ستراتیژییەکانی گەمەکەران چۆن ساز دەبن. تایبەتمەندیی بنەڕەتیی بڕیاردان لە دۆخی گەمەکردندا ئەوەیە کە هەموو گەمەکەرێک بەر لە بڕیاردان و هەڵبژاردن دەبێت کاردانەوەی ئەوانی دی بەرانبەر هەڵبژاردن و بڕیاری خۆی شیکاری بکات، ئەو دەمە بڕیارێک بدات کە باشترینە بۆی. بە دەربڕینێکی دی، دەبێت باشترین دەستکەوتی هەبێت بۆ خۆی بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی لایەنی بەرانبەر (عبدلی، ١٣٨٦: ٢). گریمانە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە لە ژینگەیەکی ستراتیژیدا گەمەکەر ژیرانە هەڵسوکەوت دەکات، واتە بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی گریمانەییی بڕیارەکانی خۆی لەسەر ئەوانی دی، ئەو بڕیارە دەدات کە زۆرترین بەرژەوەندیی تێدا بێت (گارنت، ١٣٨٥: ٢٣). لەسەر ئەم بنەمایە و لەژێر ڕۆشناییی تیۆریی گەمەکاندا، ستراتیژ بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: “بەکارهێنانی ئەوپەڕی کارامەیی لە گەمەدا”، یان “ستراتیژ کارامەییی باش گەمەکردن، یان تاووتوێکردنی وەگەڕخستنی کارامەییە بە باشترین شێوە” (عبدلی، ١٣٨٦: ٤). بە دەربڕینێکی تر، دەوڵەتەکان گۆڕانەکانی ئایندە لەسەر بنەمای لۆژیکی عەقڵانییەت دەپێون نەک لە چوارچێوەی تیۆرییە ئەکادیمییەکانی بواری سیاسەتدا کە دوورن لە واقیعەوە. یەکێک لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەم شێوازەی شیکاریی ستراتیژی دەبێتەوە بریتییە لە جیاوازیی ستراتیژەکان لە دۆخە هاوشێوەکاندا. بۆ نموونە، ڕەخنەی ئەوە لە ستراتیژیستە ئەمریکاییەکانی قۆناغی شەڕی سارد دەگیرێت کە نەیانتوانی پێشبینیی کاردانەوەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بکەن و هۆکاری ئەمەیش بریتی بوو لە گریمانەی گومانهەڵنەگری ئەوەی کە سۆڤیەتییەکانیش هەر ئەو کاردانەوانەیان دەبێت کە ئەمریکا لە هەندێک دۆخی تایبەتدا دەیبێت. لە کاتێکدا کە لێکەوتە سیاسییەکان سەلماندیان کە ئەم جۆرە “پێشبینییە ڕەفتارییانە” لەلای زانایانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە (لەسەر بنەمای پارادایمەکانی گەمەکەری عەقڵانی و مۆدێلسازیی تیۆریی گەمە لە شیکاریی پێوەندیی نێوان زلهێزاندا) هەڵەن (عبداله خانی، ١٣٨٦: ٢٤٢).
لە بەرانبەردا هەندێک پێیان وایە کە سەربەخۆییی توێژینەوەی ئایندەناسی و بابەتە ستراتیژییەکان لە بابەتە تیۆرییەکانی سیاسەت بابەتێکی بێمانایە و لە دیدێکی کاڵوکرچ و ساویلکانەوە سەرچاوە دەگرێت. جۆن گارنت[x] لەم بارەیەوە دەڵێت: “شیکاریی ستراتیژی بەبێ هەبوونی زانستی سیاسی بێمایانە، لەمڕۆدا بیرکردنەوە ستراتیژییەکان وەها پێوەندییەکی پێکەوەبەستراویان لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە کە هەر هەنگاوێک بۆ جیاکردنەوەیان لە یەکدی مەترسیدار و سەرلێشێوێنەرە. کەسانێک کە سەر لە سیاسەت دەر ناکەن، بەزۆری وەها تێگەیشتنێکی ساویلکانەیان سەبارەت بە ڕەفتاری دەوڵەتێکی دیاریکراو هەیە کە تێگەیشتنەکەیان دەبێتە ڕێگر لەوەی لەو زەمینەیە تێ بگەن کە بابەتە ستراتیژییەکان سەرچاوەی لێوە دەگرن، یان نرخ بۆ شیکاری و وردبینیی ئەو زەمینەیە دابنێن” (گارنت، ١٣٨٥: ٦). بە واتایەکی دی، ناتوانین لەو تیۆرییە لۆژیکییەی کە حوکم دەکات بەسەر ڕەفتاری گەمەکەرانی جیهانی سیاسەتدا تێ بگەین یان پێشبینیی بکەین.
ڕەنگە بتوانرێت ڕادیکاڵترین ڕوونکردنەوەی ئەم دیدگایە لەسەر بنەمای تیۆریی بونیادگەرایی (Constructivism) پێناسە بکرێت. بەپێی ئەم دیدگایە لە بنەڕەتەوە سیستمی سیاسی لە دەرەوەی چوارچێوە تیۆری و مەفهوومیییەکان، وێناکان، واتاکان، ڕێسا و نۆڕمەکان واقیعییەتی دەرەکیی نییە. بە دەربڕینی وێنت[xi] گەمەکەران لەسەر بنەمای ئەو واتایانە کار دەکەن کە دیاردەکان لای ئەوان و گەمەکەرانی دی دەیگەیەنن، لەوەیش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو واتایانە لە خودی جیهاندا نین (مشیرزاده، ١٣٨٩: ٣٢٦). بە واتایەکی دی خودی گۆڕانەکان واتا و لۆژیک و مەفهوومێکیان نییە تا لە ڕێی کەشفکردنیانەوە ڕەوتی ئایندەی ئەو شتانە پێشبینی بکەین، مەگەر ئەوەی لە کڵاوڕۆژنەی تیۆرییەوە تێیان بڕوانین. بۆ نموونە، سیستمی نێودەوڵەتی بریتییە لە کۆمەڵێک ئایدیا و چوارچێوەی هزری و دامەزراوەیەکی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک نۆرم کە لەلایەن کەسانێکی دیاریکراوەوە و لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا دامەزراوە. بونیادگەرایان پێیان وایە ئەگەر ئەو بیر و ئایدیایانەی کە دەچنە هەناوی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە گۆڕانیان بەسەردا بێت، ئەوا خودی سیستمیش گۆڕانی بەسەردا دێت (عبداله خانی، ١٣٨٧: ٥٩).
توێژینەوەی مەیدانی لەبارەی داڕێژەرانی سیناریۆ و ستراتیژە نێودەوڵەتییەکانەوە بەگشتی لە چوارچێوەی دوو وەچە (جیل)دا خۆی دەنوێنێت. وەچەیەک کە هاوکات لەگەڵ سەردەمی جەنگی سارد جەختی لەسەر پاراستنی دۆخە هەنووکەییەکە دەکردەوە نەک لەسەر گۆڕینی جیهان و هەموو سیناریۆکانیان فەزایەکی دووجەمسەری، یان لە باشترین دۆخدا فەزایەکی هاوسەنگی وێنا دەکرد. وەچەی دوای ئەو کە عەوداڵی نووسینەوەی ستراتیژ بوو بە مەبەستی دروستکردنی گۆڕان لە سیستمی نێودەوڵەتیدا و لەو سیناریۆیانەدا کە بۆ ئایندەی سیستمی نێودەوڵەتی وێنای دەکرد باسی گوندی جیهانیی دەکرد و لە پشت ستراتیژەکانی وەچەی پێشووەوە دەتوانرێت شوێنپێی گەلێک لە گریمانە فەلسەفییە واقیعگەرایانەکان هەڵبگیرێت.
بۆ نموونە ئایدیا واقیعگەرایانەکانی وەک سروشتی وێرانکەرانەی مرۆڤ و نەشیاوێتیی بۆ چاکسازی و نامومکینێتیی ئاشتیی هەمیشەیی، واقیعگەرایان دەگەیەنێتە ئەوەی کە “لە پێناو هەرەکەمکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ناکۆکی و توندوتیژییە نێودەوڵەتییەکان دەکەونەوە ڕێگەی مامەڵەکردن بخەنە ڕوو لەگەڵ هەڕەشەی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەڕێی بەکارهێنانی ستراتیژەوە” (بیلیس و ویرتر، ١٣٨٢: ٢٦). لەبەر ئەوەی لەژێر ڕۆشنایی تیۆریی لەم شێوەیەدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت داهاتوویەکی تەواو ئاشتییانە پێشبینی بکرێت بۆ مرۆڤایەتی، یان سیناریۆیەک وێنا بکرێت کە ئاشتیی ڕەها لەخۆ بگرێت. هەروەها باوەڕ بە ئەنارشیبوونی سیستمی نێودەوڵەتی و یەکلاکەرەوەبوونی هێزەکان لە ڕووداو و گۆڕانە نێودەوڵەتییەکاندا، “خۆیارمەتیدان” (self-help) یان ڕەچەتەی پەرەپێدان و بەکارهێنانی هێز بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانج وەک ستراتیژ دەخەنە ڕوو (بیلیس و ویرتر، ١٣٨٢: ٢٧)، لەبەر ئەوەی لەم چوارچێوە تیۆرییەدا ناتوانرێت لە هیچ سیناریۆیەکدا باس لە وەلانانی دەستەڵاتی نیشتیمانی و جێگیربوونی تاکە دەستەڵاتێکی جیهانی بکرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گریمانە تیۆرییە واقیعگەرایانەیەیە کە هەندێک لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی سیناریۆنووسان و ستراتیژیستەکان دەبنەوە، پتر لەوەی بپەرژێنە سەر شێوازەکانی نووسینی سیناریۆکان و ستراتیژەکان، ڕووبەڕووی پێشگریمانە تیۆرییەکانیان دەبنەوە. بۆ نموونە دەوڵەتتەوەربوون یەکێکە لە بنەما چەسپاوەکانی تیۆریی نێودەوڵەتیی واقیعگەرایان کە ڕووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. نادیدەگرتنی بڕستی ئاشتی و هاوکاری لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و ڕۆچوون لە بەشی تاریکی ماهییەتی مرۆییدا یەکێکی ترە لەو ڕەخنانەی لە زیاد لە هەموو شت تەگەرە دەخاتە بەردەم ئەو بنچینە تیۆرییانەی ئەم وەچەیە لە توێژەرانی ئایندەناسی و ستراتیژیستەکان لێیەوە بۆ نووسینەوەی ئایندە دەڕوانن (بیلیس و ویرتر، ١٣٨٢: ٢٨).
- پێوەندیی دوولایەنە
ڕاسپاردەی ئەوەی کە ستراتیژ دەبێت بە ئاوێتەکردنی تێبینییە مەیدانییەکان و تێڕوانین و شیکارییە سیاسییەکان دابڕێژرێت، دەکرێت لەسەر بنەمای سێیەمین شێوازی پێوەندیی نێوان تیۆری و ستراتیژ بێت.
“لە کاتێکدا کە بەڕاستی ئەوە سیاسەتمەدارانن کە دەبێت ئامانجی سیاسەتی دەرەکیی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دیاری بکەن نەک بەرفەرمانە سەربازی و مەدەنییەکان، ئەم کارە دەبێت بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسانێک بکرێت کە هەرچەند دەکرێت شیاوێتییان نەبێت لێدوان لە کاروباری سیاسی بدەن، بەڵام بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی لە زانستە پسپۆڕییانەکەی خۆیان بەدەستیان هێناوە باشتر لە کەسانی دی توانایی هزرینیان هەیە و دەتوانن بە باشترین شێوە لەبارەی کردەییبوونی هێڵکارەکان و لێکەوتەکانی بەکارهێنانیانەوە ڕێنوێنی بکەن… بێگومان سیاسەتمەداران دەبێت کۆنتڕۆڵی کۆتاییان لە دەستدا بێت، بەڵام دەبێت بڕیارەکانیان بەو ڕێنوێنییانە هەموار بکرێنەوە کە لە پسپۆڕانەوە پێیان دەدرێت. ئەم ڕستەیە بێت دەدرێتە پاڵ کلیمۆنسۆ[xii] -ئەگەر ڕاست- کە دەڵێت: “جەنگ زۆر لەوە جدیترە کە تەنها بە ژەنەڕاڵەکان بسپێردرێت”. هەر بەو شێوەیەیش جەنگ زۆر لەوە جدیترە کە تەنها بە سیاسەتمەداران بسپێردرێت. ئەوەی کە پێویستە بریتییە لە وتووێژ و پێوەندیی بەردەوام لە نێوان هزرە سیاسی و سەربازییەکاندا” (گارنت، ١٣٨٥: ٧). لەبەر ئەم بنەمایە، پێوەندیی نێوان توێژینەوەکانی ئایندەناسی و بابەتە ستراتیژییەکان لە لایەک و تیۆری لە لایەکی دی، پێوەندییەکی دوولایەنەیە. ئەمە بەو واتایەیە کە توێژینەوەی ئایندەناسی و نووسینەوەی ستراتیژ لە بۆشاییەکی تیۆریدا ڕوو نادات، بەڵکوو هەمیشە لەسەر بنەمای دید و تێڕوانینە تیۆرییەکان دروست دەبێت. هاوکات دۆخی مادییش کاریگەریی تایبەتی خۆی دەبێت. بە دەربڕینی وێنت “دۆخی مادی لە دەرەوەی گریمانەکان، لانیکەم دوو کاریگەریی ئافرێنەری تایبەتیی هەیە: یەکێکیان بریتییە لە ناساندنی سنووردارێتییە فیزیکییەکانی بۆلوان [و دەستڕاگەیشتن]، ئەوی دی یارمەتیدەربوونیەتی لە دەستنیشانکردنی خەرجی و قازانجەکانی ڕەوتە جێگرەوەکان” (مشیر زادە، ١٣٨٩: ٣٢٩). ستراتیژ و سیناریۆکان تەنها بە پشتبەستن بە هەڵبژاردنی گەمەکەر دروست نابن، هەروەک لە پڕۆسەیەکی زۆرەملێییدا لە دەرەوەی هەڵبژاردنی گەمەکەران و تەنها بە پشتبەستن بە چوارچێوە هزری و کولتوورییەکانیش داناڕێژرێن. ستراتیژ ئەڵقەی گەیەنەری نێوان مەیدانی کردار و تیۆرییە. ستراتیژیستێک کە لەسەر بنەمای هزرینی ستراتیژییانە بڕیار دەدات، هەمیشە لە نێوان دوو بەستێنی تیۆری و کرداریدا، یان بە دەربڕینێکی دی، لە نێوان ئامانجەکان و ئامرازەکاندا پێوەندی دروست دەکات. ئەم جۆرە کەسانە نە وەک زانایانی سیاسەت تەنها خاوەنی ڕوانینی تیۆرین، نە وەک گەمەکەرانی سیاسییش تەنها خاوەنی مەیلی پراگماتیکین، بەڵکوو گرووپێکی سێیەمن کە توانایی و هونەری ئەوەیان هەیە کە:
- لە مەیدانی کرداردا بگەن بە شیکارییەکی زانایانە و شێوازمەندی دیاردە سیاسییەکان؛
- ئەو لۆژیکە کەشف بکەن و درکی پێ بکەن کە حوکم دەکات بەسەر گۆڕانکارییەکاندا؛
- وێنایەک (وێناگەلێک) بۆ داهاتووی هاوکێشە سیاسییەکان بخەنە ڕوو (سیناریۆسازی بکەن)؛
- بەپێی ئیمکان و بارودۆخ ڕەچەتەی پێویست بنووسن بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە پەسەندکراوەکان (خلیلی، ١٣٨٥: ٧٧٥).
- توێژینەوەی ئایندەناسیی زانستە سیاسییەکان
لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمین بیر و تیۆرییە هاوپێوەندەکان لەگەڵ زانستی سیاسەت، هەمیشە وێناکردنی ئایندە بە مەبەستی دەرچوون لە دۆخی هەنووکەیی و بەدەستهێنانی دۆخێکی دڵخواز سەرنجی فەیلەسووفانی سیاسیی ڕاکێشاوە (Lombardo, 2010). بە باوەڕی تۆماس سپرەیگنز شاری خەونەکان (Utopia) بریتییە لە بەرجەستەبوونی کۆمەڵگەی سەرلەنوێ داڕێژراوە لەلایەن زانا و تیۆریسیەنی زانستی سیاسەتەوە و نیشاندەری ئایندەیە. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە تیۆریسیەنی زانستی سیاسەت دەستی کراوە نییە کە لە خەیاڵی خۆشدا نوقم ببێت. بە واتایەکی ڕوونتر، بیرکردنەوە لە ئایندە جۆرێک نییە لە خەیاڵچنین و خەونگەرایی، بەڵکوو زۆر بەتوندی هاوپێوەندە لەگەڵ واقیعدا. وێنەی ئایندە دەبێت لەسەر بنەمای کەرەستە واقیعییەکان و لێهاتووییە حەقیقییەکانی ژیان مرۆیی بێت، واتە لەسەر بنەمای ژیانی واقیعیی تاکەکانی کۆمەڵگە دامەزرابێت (اسپریگنز، ١٣٧٠: ١٤٣). زانستی سیاسەت خۆی لەخۆیدا ئایندەبینە و بیر لە ئایندە دەکاتەوە. بە بۆچوونی لاسوێڵ[xiii]بڕیاردان و دانانی ڕێکار سەر بە بابەتی ئایندەبینین. بڕیاردان و دانانی ڕێکار هۆکاری چێکردنی وێنەیەکی واقیعییەتە جێگرەوەکان و پاشان هەڵبژاردنی یەکێک لە وێنەکانن وەک وێنەی دڵخواز. لەم ڕووەوە زۆر لە توێژەرانی ئایندەناسی وەک وێندڵ بێڵ لە هەڵسەنگاندنی ڕیشەی پێکهاتن و بوونی توێژینەوەی ئایندەناسی بە زانست ڕۆڵی زانستە سیاسییەکان و ناوەڕۆکەکانی ئەم زانستە بەرجەستەیە لایان (Bell, 2003: 51). توێژینەوەی ئایندەناسی ژینگەیەکی گونجاوە دەڕەخسێنێت بۆ ئافراندن و چێکردنی وێنەی ئایندەی دڵخواز لە توێژینەوەکانی زانستە سیاسییەکاندا و هەمیشە زەینی توێژەری زانستی سیاسی بەرەو ئایندە و تێپەڕین لە دۆخی هەنووکەیی دەبات (ماسە، ١٣٤٧: ٦).
بە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ڕۆڵی توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسیدا سەرنجدانی ئەم خاڵانە گرنگە:
- توێژینەوەی ئایندەناسی ئیمکانی ڕوانین بەرەو ئایندە بۆ بیرمەندان و زانایانی سیاسەت دەڕەخسێنێت و ڕێگای چۆنیەتیی ئافراندنی ئایندەی سیاسیی دڵخواز دەستنیشان دەکات؛
- توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی چرایەکە لەبەردەم پرۆسەی سیاسەتگوزاری بۆ بەئامانجگەیاندنی وەها ئایندەیەک؛
- توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی بریتییە لە ڕێگری لە شڵەژان بەهۆی دیاردە کتوپڕ و نوێباوەکانەوە و نیشانی دەدات چۆن بە کەمترین زیان و زۆرترین سوود دەتوانرێت ئامانجە دیاریکراوەکان وەدەست بهێنرێن و ڕێگری لە شڵەژان دەکات؛
- توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی برەو دەدات بە چالاکیی سیاسی و کولتووری و بەرنامەڕێژیی سیاسی و هەبوونی هیوا بە ئایندە. لە ڕاستیدا ئیرادەی سیاسیی مرۆڤەکان لە دروستبوونی کۆمەڵگەی دڵخوازدا ڕۆڵی هەیە؛
- توێژینەوەی ئایندەناسی دەبێتە هۆی دروستبوونی کاریگەریی سیستمی سیاسی لەژێر سێبەری کۆدەنگیی خاوەن بەرژەوەندییەکاندا و بە سوود وەرگرتن لە دیدگای خاوەنڕایان بەدەست دێت.
ئەنجام
توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی بەستێنێکی گونجاو بۆ ئافراندنی ئایندەی دڵخواز دەڕەخسێنێت و هزری توێژەری زانستە سیاسییەکان بەرەو ئایندە و تێپەڕین لە دۆخی هەنووکەیی ئاڕاستە دەکات. بە سەرنجدان لە تێکەڵاویی بابەتی و مەفهوومیی قەڵەمڕەوەکانی زانست و مەعریفەی مرۆیی، هەروەها بە سەرنجدان لە زەروورەتی وەگەڕخستنی شێوازەکانی توێژینەوەی چەندپسپۆڕی و چەندپارادایمی بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە تێگەیشتنی قووڵ و وردی ئەو ڕووداو و ڕەوتانەی کە ئایندە پێک دەهێنن. توێژەرانی زانستە سیاسییەکان لەڕێی بەکارهێنانی شێوازەکانی توێژینەوەی ئایندەناسی لە بابەتە سیاسییەکاندا و بە بەکارهێنانی بنەما مەعریفەناسانەکانی ئەم زانستە، پڕۆسەی ڕەوتی یۆتۆپیاییی سیاسییانە بەرەو ئایندە دەڕەخسێنن. توێژینەوەی ئایندەناسیی سیاسی هەوڵ دەدات لەڕێی ناسینی پرسە سیاسییەکانی ئایندەوە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ڕزگاربوون لە قەیرانەکان لە چوارچێوەیەکی میتۆدمەند و ئایندەناسانەدا دەستنیشان بکات و بە گرتنەبەری ستراتیژگەلی بەڕێوەبردن بارودۆخە پێشبینیکراوەکان و سیناریۆ گریمانەییەکان کە لە پرسە کتوپڕەکان دەکەونەوە بگۆڕێت بۆ دەرفەتی سیاسی. بابەتناسیی ڕووداوە سیاسییەکانی ئایندە دەتوانێت ببێت بە پایەی ئەم بنەما زانستییانەی خوارەوە:
مەعریفەناسی و پێوەرەکانی ڕاستی و ناڕاستیی مەعریفەناسی: ناسینی سنووردارییەکان و چۆنیەتیی بەدەستهێنانی مەعریفە دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ تێگەیشتنی ئایندە لای توێژەرانی ئایندەناسی.
هەبوونناسی و ڕوونکردنەوەی چییەتیی ئەو قانوونانەی حوکم بەسەر هەبووندا دەکەن: ڕوونکردنەوە و ڕاڤەی سەرچاوەی هەبوون، قانوونمەندییەکان و ئەو نەریتانەی حوکم بەسەر هەبووندا دەکەن، مەیدانەکان و جۆرەکانی، هەروەها ئامانجی.
مرۆڤناسی و ماهییەتی وجوودیی مرۆڤ: پرسیار لەبارەی چییەتیی مرۆڤ و ڕوونکردنەوەی ماهییەتی وجوودییەوە، ناسینی توانایی و بڕستە وەگەڕنەخراوەکانی، هەروەها ڕوانینە گەشبینانە و ڕەشبینانەکان، تاکڕەهەندێتی یان چەندرەهەندێتی، سۆزداری یان عەقڵانی، ڕابردووخواز و ئایندەخواز، زەروورەتی خستنەڕووی وەڵامگەلی جۆراوجۆر و گونجاو لە زەمینەی چییەتیی مرۆڤدا دەڕەخسێنێت.
کۆمەڵناسی و ڕوونکردنەوەی پێداویستی و لێکەوتەی تایبەتی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: ناسینی ماهییەتی ژیانی کۆمەڵایەتی، زەروورەتەکانی بژێوی، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی ژیانی سیاسی کە لە قوتابخانە کۆمەڵناسانەکاندا لە مەیدانی جۆراوجۆری مرۆییدا بەکار دێن.
سەرچاوە فارسییەکان
احمدی، پروین (۱۳۸۸). «برنامه درسی میان رشته ای» فصلنامه مطالعات میان رشته ای در علوم انسانی، سال اول شماره ۳.
اسپریگنز، توماس (۱۳۷۰). فهم نظریه های سیاسی، ترجمه فرهنگ رجایی، تهران: آگاه.
باوی، محمد (۱۳۷۷)، «وضعیت رشته علوم سیاسی در ایران» فصلنامه علوم سیاسی، سال اول،
شماره ۳.
بل، وندل (زمستان 1374)، «بازاندیشی در ارزشها عینیت و آینده»، ترجمه علی بهار، فصلنامه
رهیافت، شماره ۱۱.
بیلیس، جان و جیمز ورتر (۱۳۸۲)، استراتژی در جهان معاصر مقدمه ای بر مطالعات استراتژیک،
ترجمه کابک خبیری، تهران: مؤسسه ابرار معاصر.
پورعزت، علی اصغر (۱۳۸۷)، «گذار از حصارهای شیشه ای معرفت شناسی با تأکید بر الزامات زبان
شناختی علوم میان رشته ای» فصلنامه مطالعات میان رشته ای در علوم انسانی، سال اول، شماره 1.
ماسه، پی یر (1347)، چند مقاله درباره دورنگری، ترجمه امیر حسین جهانبگلو، تهران: مؤسسه مطالعات و تحقیقات اجتماعی دانشگاه تهران.
پورنگ، حمید (1385)، مقالاتی در باب آینده نگری، تهران: شورای عالی انقلاب فرهنگی.
تانسی، استیون (۱۳۸۱)، مقدمات سیاست، ترجمه هرمز همایون پور، تهران: نی.
حاجی یوسفی، امیر محمد (۱۳۸۸)، «میان رشتگی در علوم سیاسی در دانشگاههای کانادا: مفهوم و اجرا»، فصلنامه مطالعات میان رشته ای در علوم سیاسی، سال اول، شماره ۲.
خلیلی، رضا (1385)، «ایدئولوژی و استراتژی؛ نسبت سنجی مفهومی و نگرش ایدئولوژیک و تفکر
استراتژیک»، فصلنامه مطالعات راهبردی، دوره نهم، شماره 34.
دوورژه، موریس (1362)، روشهای علوم اجتماعی، ترجمه خسرو اسدی، تهران: امیر کبیر.
دیتور، جیمز (۱۳۷۷)، «آینده پژوهی به عنوان دانشی کاربردی»، ترجمه سید احمد ابراهیمی و همکاران، فصلنامه علمی پژوهشی سیاست و رهیافت، شماره ۲۰.
شوارتس، پیتر (۱۳۹۰)، هنر دورنگری ،ترجمه مسعود منزوی، تهران: موسسه آموزش و تحقیقات صنایع دفاعی.
عالم، عبد الرحمن (۱۳۷۳)، بنیادهای علم سیاست، تهران: نی.
عبداله خانی، علی (۱۳۸۷)، فرهنگ استراتژیک، تهران: مؤسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر.
عبداله خانی، علی (۱۳۸۹)، نظریه های امنیت، تهران: مؤسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر.
عبدلی، قهرمان (۱۳۸۶)، نظریه بازیها و کاربردهای آن، تهران: سازمان انتشارات جهاد دانشگاهی
واحد تهران.
عنایت ا…، سهیل (۱۳۸۸)، تحلیل لایه لایه ای علتها، ترجمه مسعود منزوی، تهران: مرکز آینده پژوهی علوم و فناوری دفاعی.
عیوضی، محمدرحیم (۱۳۸۵)، مقدمه بر بایستگی نظریه و نظریه پردازی در علوم سیاسی، تهران: دبیرخانه کرسیهای نقد، نوآوری و نظریه پردازی.
عیوضی، محمدرحیم (۱۳۸۷)، «کاربرد آینده پژوهی در علوم سیاسی با تکیه بر روش تحلیل لایه لایه علی»، مجموعه مقالات انجمن علوم سیاسی ایران.
عیوضی، محمدرحیم (۱۳۸۸)، «آینده انقلاب اسلامی و منازعات آینده جهان»، فصلنامه مطالعات انقلاب اسلامی، سال ششم، شماره ۱۸.
فریدمن، لارنس (۱۳۸۲)، «آینده مطالعات استراتژیک» در: استراتژی در جهان معاصر، مجموعه نویسندگان، ترجمه کابک خبیری، تهران: ابرار معاصر.
گارنت، جان (۱۳۸۵)، «مطالعات استراتژیک و فرضیات آن» در استراتژی معاصر، نظریات و خط مشیها، جان بیلیس و دیگران، ترجمه هوشمند میرفخرایی، تهران: وزارت امور خارجه.
گوده، میشل (۱۳۷۵)، «از پیش بینی تا چشم انداز راهبردی»، ترجمه محمدرضا صالح پور، مجله
برنامه و بودجه، شماره ۱۱.
لطفیان، سعیده (۱۳۸۳)، استراتژی و روشهای برنامه ریزی استراتژیک، تهران: وزارت امور خارجه. مارش، دیوید و جری استوکر (۱۳۷۸)، روش و نظریه در علوم سیاسی، ترجمه امیر محمد حاجی یوسفی، تهران: پژوهشکده مطالعات راهبردی.
مشیرزاده، حمیرا (۱۳۸۹)، تحول در نظریه های روابط بین الملل، تهران: سمت.
مونرو، مایلز (۱۳۸۵)، قدرت چشم انداز، ترجمه فرزانه میرشاه ولایتی، تهران: مرکز آینده پژوهی علوم و فناوری دفاعی.
های، کالین (۱۳۸۵)، درآمدی انتقادی بر تحلیل سیاسی، ترجمه احمد گل محمدی، تهران: نی.
هیوود، اندرو (۱۳۸۳)، مقدمه نظریه سیاسی، ترجمه عبدالرحمن عالم، تهران: قومس.
سەرچاوە ئینگلیزییەکان:
Bell, W. (2011), Foundations of Futures Studies: Human Science for a New Era: Values, Objectivity, and the Good Society, London and New Brunswick: Transaction Publishers.
Dator, J. A. (2002), Advancing Futures: Futures Studies in Higher Education, Greenwood Publishing Group.
Laitin, David d (June, 1995), “Disciplining Polical Science”, American Political Science Review, Vol.89, No.2: 454-56.
[i] . Wendell Bell
[ii] Roy Amara
[iii] E. S. Quade
[iv] Wayne I. Boucher
[v] Strategic Perspective
[vi] Attila Havas
[vii] Spragens
[viii] Lawrence Freedman
[ix] Clausewitz
[x] John Garnett
[xi] Wendt
[xii] Clemenceau
[xiii] Lasswell