• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 13, 2024

حزبى سیاسى و فرەحزبى

د.عابد خالد رسول

هەرچەندە قورسە بتوانرێت پێناسەیەکی هەمەلایەن و گشتگیر بۆ دیاردەگەلێکی ئاڵۆزی وەک حزبە سیاسییەکان و فرەحزبی پێشکەش بکرێت، کە ڕەنگە بەهۆی جیاوازی بیروڕا و پاشخانی ئایدیۆلۆژیی زانایان و توێژەران بێت کە پێناسەی ئەم چەمکانەیان کردووە، بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە ناساندنێکی گونجاو بۆ هەر یەکێکیان و شرۆڤەکردنی پەیوەندی نێوانیان. بۆ ئەمەش، سەبارەت بە چەمکی (حزبی سیاسی – Political Party) سەرەتا پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو ئاڕاستەی سەرەکی بکرێت:
– ئاراستەی یەکەم: کە بنەڕەتەکەی بۆ فیکری مارکسی دەگەڕێتەوە و پێی وایە هەر حزبێکی سیاسی جگە لە دەربڕینێکی سیاسی بۆ چینێکی دیاریکراو هیچی تر نییە، هەر بۆیە بە پێی ئەم ئاڕاستەیە هەموو حزبێکی سیاسی لەسەر بنەمای چینایەتی دروست بووە، ئامرازێکی دیکەی ململانێی چینایەتییە.
– ئاراستەی دووەم: کە لە ئەدەبیاتی سیاسی لیبراڵی و دیموکراسییەوە وەرگیراوە، و پێی وایە بنچینەی دروستبوونی حزبە سیاسییەکان پەیوەستە بە پەرەسەندنی سیستەمی دیموکراسی نوێنەرایەتییەوە، هەر بۆیە بەپێی ئەم ئاڕاستەیە حزب بریتییە لە ڕێکخراوێک کە لە هەڵبژاردنەکاندا کاندید پێشکەش دەکات.
سەرەڕای ڕەچاوکردنی ناوەرۆکی پێناسەکانی ئەم دوو ئاڕاستەیە، هەندێک لە زانایان هەوڵیان داوە پێناسەی حزب ببەستنەوە بە دیاردەی دەسەڵاتەوە، بەو پێیەی کە حزب ڕێکخراوێکە هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات دەدات، جا لە سیستەمێکی دیموکراسیدا بێت یان لە سیستەمێکی نادیموکراسیدا. هەر لەم ڕوانگەیەوە بەشێک لە زانایان ڕایان وایە کە دوا ئامانجی حیزب بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەر تەنها لە پێناو دەسەڵات خۆیدا نییە، بەڵکو بۆ باڵادەستبوون یان لایەنی کەم بەشداریکردنێتی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی وڵاتدا. لەگەڵ ئەو ئامانجە سەرەکییەشدا کە گەیشتنە بەدەسەڵات دەکرێت، پارتی سیاسی چەند ئەرکێکی تر ئەنجام بدات، وەک: دەربڕین و خستنەڕووی خواست و بەرژەوەندییەکانی جەماوەر، دروستکردنی ڕای گشتی و ئاڕاستەکردنی، پێگەیاندنی کادیر و بەرهەمهێنانی سەرکردە سیاسییەکان، دروستکردنی ئۆپۆزسیۆن. بەدەر لەم تێگەیشتنەش بەشێک لە توێژەران ڕایان وایە کە حزبی سیاسی هاوشێوەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ئامرازێکە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ. لەم چوارچێوەیەشدا هەندێکیان حزب بەوە پێناسە دەکەن کە بریتییە لە کۆمەڵێک کەس کە پابەندبوونیان بە بیروباوەڕ و هزرێکی دیاریکراو کۆی کردوونەتەوە.
بەگشتی لای زۆربەی پسپۆڕان حزبی سیاسی، بەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ هەیە دیاردەیەکی تەواو تازەیە و تەمەنی لە ١٥٠ ساڵ بۆ ٢٠٠ ساڵ تێپەڕ ناکات، کە سەرەتا لە وڵاتانی ڕۆژئاوەوە (ئەمریکا و ئەوروپا) سەریهەڵداوە و دواتر بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئێستا لە کۆی (١٩٤) دەوڵەتی دانپێدانراو لە جیهاندا، (١٧٩) دەوڵەت دیاردەی حزبی سیاسی و حزبایەتی تێدایە، لەبەرامبەردا تەنها (١٥) دەوڵەت لە جیهاندا ڕێگە بە کاری حزبایەتی نادەن یان بەئاشکرا حزبی سیاسییان تێدا نییە، وەک (عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، ڤاتیکان و…). لەم پێگە جیهانییەی حزبیشەوە، زانایان سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتانەی کە دیاردەی حزبایەتییان تێدایە، بەپێی پێوەری ژمارەی حزبە سیاسییە کارا و چالاکەکانی ناویان، پۆلێن دەکەن بۆ سێ جۆری سەرەکی:
– سیستەمی تاک حزبی (الحزب الواحد): کە جگە لە (یەک حزب) ڕێگە بە بوونی هیچ حزبێکی سیاسی نادات، لەم سیستەمەدا کەمترین بەشداری سیاسی هەیە، یان هەر نییە. لە جیهاندا (٧) دەوڵەت خاوەنی ئەم جۆرە سیستەمەن و بریتین لە (ئێریتریا، کوبا، تورکمانستان، چین، کۆریای باکور، لائۆس، ڤێتنام).
– سیستەمی دوو حزبی (الثنائیة الحزبیة): کە تێیدا، تەنها (دوو حزبی سیاسی) سەرەکی، بوونەتە چەقی هەڵسووڕانی زۆربەی چالاکییە سیاسییەکان. هەرچەندە دەکرێت لەپاڵ ئەو دوو حزبەدا چەند حزبێکی تر هەبن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ژیانی سیاسی کەمە. ئەم سیستەمە بە نزیکەیی لە (٢٦) دەوڵەتدا هەیە، وەک (بەریتانیا، ئەمریکا، ماڵتا، ئیسپانیا، لیختنشتاین، مۆزەمبیق، هندۆراس، نیکاراگوا، سریلانکا و…).
– سیستەمی فرەحزبی (التعددیة الحزبیة): کە تێیدا، (سێ حزبی سیاسی یان زیاتر) پێشبڕکێ لەسەر کورسی دەسەڵات و فەرمانڕەواییکردن دەکەن. سیستەمی حزبایەتی زۆربەی وڵاتانی جیهان لەم جۆرەیە کە بە نزیکەیی لە (١٤٦) دەوڵەتدا هەیە، وەک (سویسرا، نەرویج، هۆڵەندا، دانیمارک، تورکیا، هیندستان، لوبنان، ئەرجەنتین، بەڕازیل، مەغریب، کامیرۆن، باشووری ئەفریقا و…). لەناو ئەم وڵاتانەدا (٣٢) دەوڵەت خاوەنی جۆرێک لە سیستەمی فرەحزبین کەپێی دەوترێت (سیستەمی حزبی باڵادەست – الحزب المهیمن)، کە هەر سیستەمی فرەحزبییە، بەڵام لەناو هەموو ئەو حزبانەی پێشبڕکێ لەسەر کورسی دەسەڵات دەکەن، زۆربەی کات لە چەند هەڵبژاردنێکی یەک لە دوای یەکدا، تەنها یەک حزب زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت و بۆ ماوەیەکی دریژخایەن بە تەنیا حوکمڕانی دەکات.
لەم پۆلێنکردن و دیاردەی بەجیهانیبوونەی حزبەوە، زۆرێک لە زانایان پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان چەمکی (حزبی سیاسی) و چەمکی (فرەحزبی) بەدی دەکەن، لەو ڕوانگەیەوە کە چەمکی دووەمییان (فرەحزبی)، بە واتا گشتییەکەی: ئاماژەیە بۆ بوونی ئازادی ڕێکخستن و دروستکردنی حزبی سیاسی و چوونە ناو حزب و بەشداریکردن و ئەنجامدانی کاری حزبی، لە چوارچێوەی مەرجە یاساییەکانی پیادەکردنی مافی ڕادەربڕین و ئازادی ئەنجامدانی کۆبوونەوە گشتییەکان و گوزارشتکردن لە ڕای گشتی، بەپێی جیاوازی بیروباوەڕ و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان و دابەشبوونە ئیتنی و نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کۆمەڵگادا. بەڵام چەمکی (فرەحزبی) بەواتا تایبەتەکەی: ئاماژەیە بۆ (سیستەمی فرەحزبی) بەو شێوەیەی کە لە سەرەوە باسمان کرد و وتمان ئەو سیستەمەیە کە تێیدا (سێ حزبی سیاسی یان زیاتر) پێشبڕکێ لەسەر دەسەڵات دەکەن.
بەپێی ئەم جیاکارییەش لە نێوان واتا گشتییەکەی فرەحزبی و واتا تایبەتەکەیدا، ئەو وڵاتانەی کە ڕێگە بە کاری حزبی نادەن یان خاوەنی سیستەمی تاک حزبین، ڕێگە بە پیادەکردنی دیاردەی (فرەحزبی) بە واتا گشتییەکەی نادەن، ژمارەی ئەم وڵاتانەش لە جیهاندا زۆر کەمە، کە بەپێی ئەو ژمارانەی لە سەرەوە خستمانەڕوو لە کۆی (١٩٤) دەوڵەت لە (٢٢) دەوڵەت تێپەڕ ناکات، ئەمەش بە نزیکەیی تەنها ڕێژەی (11.4%) ی وڵاتانی جیهان دەکات. بەرامبەر بە ئەمەش، لەو وڵاتانەدا کە یەکێک لە هەر دوو جۆری (سیستەمی دوو حزبی) یان (سیستەمی فرەحزبی) هەیە، ئەوا بە ئاستی جیاواز جۆرێک لە ئازادی فرەحزبی بە واتا گشتییەکەی پەیڕەو دەکرێت، کە بەپێی ئەو ژمارانەی لە سەرەوە خستمانەڕوو لە کۆی (١٩٤) دەوڵەت (١٧٢) دەوڵەت دەکات، ئەمەش بە نزیکەیی ڕێژەی (88.6%) ی وڵاتانی جیهانە.
کەواتە، تەبا لەگەڵ تێبینییەکانی زانای فەڕەنسی (مۆریس دوڤێرجییە)، کە ڕای وایە گەشەی حزبە سیاسییەکان لە مێژوودا پەیوەست بووە بە گەشەی دیموکراسی و فراوانبوونی مافی دەنگدانی گشتی و جەماوەرییەوە، بڵاوبوونەوەی دیاردەی حزبایەتی و حزبی سیاسی لەسەر ئاستی ئەو ڕێژە زۆرەی وڵاتانی جیهان، ڕەنگدانەوەی بەجیهانیبوونی چەمکی (فرەحزبی) ییە وەک ئازادییەکی دیکەی مافی ڕادەربڕین و ڕوویەکی دیکەی فرەیی سیاسیی (التعددیة السیاسیة – Political Pluralism)، بە واتای دەستەبەرکردنی مافی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ سەرجەم توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، لە ڕووی فیکری یان نەتەوەیی یان ئیتنی یان ئایینییەوە. لەو ڕوانگەیەوە کە چەمکی (فرەیی – Pluralism) خۆی وەک فەلسەفەیەکی سیاسی، بریتییە لە دانپێدانان و جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتن لە فرەچەشنی لەناو کۆمەڵگایەکی سیاسیدا، کە وەک لێبووردەیی و ڕێگەدان بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان بەرژەوەندی و بیروباوەڕ و شێوازە جیاوازەکانی ژیانکردن سەیر دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدوداچوونەکانی (ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا – OSCE) لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا، حزبە سیاسییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبنەوە، وەک نەبوونی بودجەی پێویست، لاوازی شەرعیەت لەنێو هاووڵاتییان، نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و کۆتوبەندکردنی چالاکییەکانیان، کە ئەمانەش ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پیادەکردنی ماف و ئازادی (فرەحزبی) لەو وڵاتانەدا دروستدەکەن.
لێرەدا، جێی خۆیەتی کە ئاماژە بۆ دیاردەیەکی دیکە بکرێت، کە پێی دەوترێت (پاشەکشێکردنی حزبەکان لە ژیانی سیاسیدا)، کە ماوەیەکی زۆرە توێژەران بەتایبەتی لەناو گەنجاندا تێبینییان کردووە، نەک لە وڵاتانی تازەگەشەکردوودا بەڵکو لە وڵاتە دیموکراسییە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا، بەتایبەت کە زۆربەی حزبە سەرەکییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک لاوازە و پێگەی جەماوەرییان لە پاشەکشەدایە. هۆکارەکانی ئەمە دیاردەیە زۆرن، وەک تۆمەتی گەندەڵی کە دەدرێتە پاڵ سیاسەتمەدارە حزبییە هەڵبژێردراوەکان، دابەزینی ئاستی بەئەندامبوون لە حزبەکاندا، بڵاوبوونەوەی دیاردەی بێئومێدبوون لە حزبایەتی لەنێو چالاکواناندا، دابەزینی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەم دیاردەیە لەلایەک بووەتە زەمینە بۆ برەوسەندنی حزبە میانڕەو و ئیسڵاحییەکان کە هەمیشە لە هەوڵی ڕازیکردنی هەموواندان، بە شێوەیەک کە زۆربەی حزبەکان بوونەتە وێستگەی هێورکردنەوە و سازان و خۆیان لە چارەسەری ڕادیکاڵ بە دوور دەگرن و لە گۆڕینی ڕیشەیی دەترسن. بەڵام لەلایەکی ترەوە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی ڕەوتە توندڕەوە شۆڤێنییەکان و سەرکرد پۆپۆلیستییەکان کە لافی چارەسەری خێرا و توندوتیژ لێدەدەن. لە هەمان کاتدا، شۆڕشی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و ڕاگەیاندن، بە تایبەت ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا، دەرگای ژمارەیەک کەناڵی بێشوماری بۆ ڕادەربڕینی سیاسی کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئەو ڕۆڵە تەقلیدییەی کە حزبە سیاسییەکان پێشتر لەم بوارەدا هەیانبوو بەرەو لەناوچوونی دەبەن، لەم کاتەشدا، دەشێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئەو پەیوەستبوونەی کە لەنێوان چەمکی فرەحزبی و چەمکی فرەیی سیاسیدا هەبووە، ئیدی بەرەو لاوازبوون بچێت.
_________________
سەرچاوەکان:
– موریس دیفرجیة، الاحزاب السیاسیة، ترجمة: علب مقلد و عبد المحسن سعد، الهیئة العامة لقصور الثقافة، القاهرة، ٢٠١١، ص ص ٦-١٩.
– أ.م.د.هادي مشعان ربيع، التعددية السياسية وعلاقتها بالتعددية الحزبية، مجلة القانون الدستوري والمؤسسات السياسية، الجزائر، العدد ١، المجلد ١، ٢٠١٧، ص ص ٢١٧-٢١٩.
– Peter Holmes Collin, Dictionary of Politics and Government, Bloomsbury Publishing Plc, London,This edition, 2004, p. 183.
– Roger Scruton, The Palgrave Macmillan Dictionary of Political Thought, 3rd edition, PALGRAVE MACMILLAN, Antony Rowe Ltd, Chippenham and Eastbourne, New York, 2007, pp 510-511, p 528.
– David Robertson, The Routledge Dictionary of Politics, 3rd edition, University of Oxford, Taylor & Francis Group, New York, 2004, pp 326-327, PP 373-274, PP 380-281, pp 445-446, pp 488-489.
OSCE, Good governance requires vibrant political parties, pluralism, participants at OSCE meeting say, 18 May 2011, available at: https://www.osce.org/odihr/77704

Send this to a friend