• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 2, 2023

سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئێران لە نێوان ویست و واقیعدا

توێژەر: تەحسین وسو عەبدوڵڵا

١-بەرایی

ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات لەلایەن ئێران زیاتر بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگییەکی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەوەی یارمەتی تاران بدات لە بەردەم هەڵمەتی زنجیرەی ئابلوقە جۆراوجۆرەکان بەمەبەستی وەستاندن یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانە، تا بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتی ئەمریکا، لە هەمان کاتیشدا بەرگریکردن لە سەربەخۆیی خۆی،  بەڵام ئەگەر بە دیدێکی قووڵتر لە پرسەکە بڕوانرێت ئەوا چوارچێوەی ڕێکخستنی ئەو ئاڕاستەیە ئاماژەیە بۆ ستراتیژییەکی فراوانتر کە ئامانجی سەرەکی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە تاران بتوانێت لەگەڵ زلهێزەکانی ئاستی جیهانیدا بوستێت وەک هێزێکی باڵا دەست لەبەردەم هێزی دژبەر و ناکۆک. لە دوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆمار  نزیکبوونەوەی سیاسەتەکانی بەرەو ڕۆژهەڵات گەواهیدەری ئەو واقیعەیە کە بۆتە جێگەی  گفتوگۆی نوخبەگەرایی و مشتومڕی سیاسی لەسەر پرسەکە وەک چوارچێوەیەکی ستراتیژی گرنگ لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی ئێران.

هاوکات لەگەڵ نزمبوونەوەی ئاستی  پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ژێر ڕۆشنایی دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی بۆ سەر ئێران، ئاڕاستەی سیاسەتی حکومەتی تاران بەرەو ڕۆژهەڵات بە چڕی دەستی پێکرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی تاران بە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بڵێت ئیدی لە بەرامبەر سیاسەتە ئابلوقەدارەکانی ڕۆژئاوا کارتەکانی بەکاردێنی و کاریگەری ئەرێنیشی بۆ سەر دۆخی گشتی دەوڵەتی ئێران دەبێت.

 لێرەدا کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بەرەو ڕوومان دەبنەوە لە بابەتی نزیکبوونەوەی تاران بەرەو ڕۆژهەڵات، یان سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵاتی تاران، کە دەکرێت گرنگترین پرسیارەکان بریتی بن لەوەی ئایا بژاردەی سیاسەتی تاران بەرەو ڕۆژهەڵات  لە چوارچێوەی سیاسەتی کاردانەوەیە یاخود هەڵقووڵاوی دیدگا و ڕوانگەیەکی ستراتیژی نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدارە لە تاران؟ ئایا ئەو بژاردەیە تاران بەرەو چ ئاکامێک دەبات؟ لەم توێژینەوەیەدا، سەرنج دەخەینە سەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەم ئاڕاستەیە، دوای وردەکاری ڕەهەندەکانی، ماناکانی و ئەزموونی پێشووی ئێران لەگەڵیدا، بۆ تێگەیشتن و خستنەڕووی زیاتری ئەو ئاڕاستەیە پێویستە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین بەتایبەتی جێگەی سەرنج و لێکدانەوە بێت.

٢-  سیاسەتی دەرەوەی ئێران؛ مشتومڕی کرانەوە بەرەو دونیای دەرەوە

مۆدێلی چینی نوێنەرایەتی یەکێک لەو مۆدێلە گەشەسەندووە هاوچەرخانە دەکات کە سەرنجی زۆری جیهانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەتانی جیهان لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ خۆ نزیک کردنەوە لەگەڵ ئەو مۆدێلە نوێیە. لە ئێران پرسی دروستکردنی پەیوەندی ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ چین بە یەکێک لە بابەتە هەرە هەستیار و گرنگەکان دادەنرێت، کە ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوە دیاریدەکات، ئەمەش بووەتە هۆی گفتوگۆی تیۆری و مشتومڕی سیاسی زۆر لە ئێراندا.

 لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق و هاتنی هاشمی ڕەفسەنجانی وەک سەرۆک کۆمار، پرۆسەی کرانەوەی ئێران بەڕووی دونیای دەرەوە دەستیپێکرد، بەتایبەت سیاسەتی پراگماتیزم کە بنەمای بەرژەوەندییەکانی کردە پێوەر بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە نەک بنەمای ئایینی و مەزهەبی بۆ ئەوەی بتوانرێت ئابووری وڵات ببووژێنێتەوە و گەشەسەندنی ناوخۆیی دەستپێبکات، ئەمەش دوای ئەو دەرئەنجامە خراپەبوو کە جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق بەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی هێنابوو. پێویستییەکانی ئەو قۆناغە گەلی ئێرانی گەیاندە ئیدارەیەک کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا سەرنجی لەسەر “ئاوەدانکردنەوە” لە ناوخۆ و ” ئارامی و دەستەبەری سەقامگیریی” لەگەڵ  دونیای دەرەوە بێت. ئەم جۆرە میکانیزمە لە سیاسەتی دەرەوە لەژێر کاریگەریی ئەو ئاڕاستەیەدا بوون کە چین پەیڕەوی دەکرد،، بەو واتایەی کە مۆدێلێکی چینی، ئەو کات چین پەیوەندییە دەرەکییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە قۆناغی ئاساییکردنەوەدابوو لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری لە ناوخۆ. بەمەش ئیدارەی ڕەفسەنجانی هاندا بۆ ئەوەی سیاسەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانیدا دەستپێبکات[1].

لەگەڵ هەڵبژاردنی محەمەد خاتەمی بە سەرۆک کۆمار  لە ساڵی ١٩٩٧ وەک ڕەوتێکی چاکسازیخواز، ئاستی گرنگیدان بە گەشەپێدانی ئابووری ڕووی لە نزمبوونەوە کرد لەبەرئەوەی  کارنامەی خاتەمی سەنتەری گەشەپێدانی سیاسی بوو لە ئاستی ناوخۆییدا. بەم شێوەیە سیاسەتی دەرەوە کە داوای هێورکردنەوەی دەکرد لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە بەردەوام بوو، هاوشان لەگەڵ بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی سیاسی لە ئاستی ناوخۆیدا. بە واتایەکی دیکە دەکرێت بگوترێت سەرۆک خاتەمی ئەولەوییەتی حکومەتی لە گەشەسەندنی ئابوورییەوە گۆڕی بۆ ئەولەییەتی گەشەپێدانی سیاسی. سەرۆک کۆماری پێشوو مەحمود ئەحمەدی نەژاد (2005-2013) دیدگایەکی خستەڕوو کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ دیدگاکانی پێش خۆیدا هەبوو،  ئیتر هێورکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە دیدگای ئەحمەدی نەژاددا لە پێشینەی کاردا نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە سیاسەتی گوتاری توند بەرامبەر ڕۆژئاوا بوو بە یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی سەردەمی نەژاد، ئەمەش بەو مانایە دێت کە سیاسەتی ناوخۆی دابڕاند لە سیاسەتی دەرەوە. ئەحمەدی نەژاد گرنگییەکی ئەوتۆی نەدا بە سیاسەتی دەرەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی. لەسەردەمی نەژاددا بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئێراندا باس لە بەرەو ڕۆژهەڵات وەک هەڵبژاردەیەکی ستراتیجی کە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێران مسۆگەر دەکات دەستیپێکرد. ئەم ڕەوتە لە ئەنجامی زیادبوونی گوشارەکانی ڕۆژئاوا بوو لەسەر تاران، کە مەلەفی ئەتۆمی ئێرانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش گواسترایەوە و لە ئەنجامدا بڕیاری ئابڵوقەکان دەرکرا، کەڵەکەبوونی ئەوانە بارگرانی قوورسی لەسەر ئابووری ئێران بەجێهێشت، کە بە هەڵمەتی “سزاکانی پەکخستن”ی حکومەتی تاران ناسران بەتایبەت لەسەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.

 دوای هەشت ساڵ لە سیاسەتی دەرەوەی دژە ڕۆژئاوا کە داوای ئاڕاستەیەک بەرەو ڕۆژهەڵاتی دەکرد، ئێرانییەکان دەنگیان بە بەرنامەی ڕۆحانی دا، کە قسە و سیاسەتی ئەوی بۆ “مۆدێلی چینی” گەڕاندەوە. ڕۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە وتارێکدا کە لە دیدگای ڕەفسەنجانی نزیک بووەوە، بیری ئێرانییەکانی هێنایەوە کە سیاسەتی دەرەوە دەبێت خزمەتی گەشەسەندنی ئابووری لە ناوخۆدا بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەتایبەت ڕۆژئاوا، بەم شێوەیە ئێران لە دەروازەی ئەتۆمیەوە گەڕایەوە سەر مۆدێلی چینی. سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوە دەکرد کە بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمی نابێت ڕێگری لە سوڕانی چەرخی ئابووری بکات. [2]

ڕۆحانی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە تیشکی خستەسەر هێورکردنەوەی قەیرانی ئەتۆمی وەک میحوەرێک بۆ یەکخستنەوەی ئێران بە زنجیرە بەهای جیهانی و بەم شێوەیە پەرەپێدانی ئابووری وڵاتی ڕوونکردەوە. ڕۆحانی باسی مۆدێلی چینی دەکرد و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بەر لە هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆمار  چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو مۆدێلە بڵاوکردبووەوە و سوودەکانی ئەو مۆدێلەی بۆ ئێران دەخستەڕوو. لەسەر بنەمای ئەو مۆدێلە و دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار، ڕۆحانی دەستیکرد بە چالاککردنی دیپلۆماسی ئەتۆمی، دیدگاکانی خۆی لە چوارچێوەی  کتێبێکدا خستەڕوو، بە پێی مۆدێلی چینی، ناچاربوو لە  ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا پرسی ئەتۆمی هێور بێتەوە بۆ ئەوەی بە تێکەڵکردنی ئابووری ئێران لەگەڵ ئابووری جیهانیدا بەرەو گەشەسەندنی ئابووری هەنگاو بنێت. ئەو هەوڵە گەیشتە لوتکە کاتێک بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کە لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتای هات، ئەمە بە دەستکەوتێکی گرنگی سەردەمی ڕۆحانی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەژماکرا. بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ کشانەوەی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و دەستیکرد بە هەڵمەتی فراوانکردنی سزاکان و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری نوێ بەسەر تاران، حکومەتی ڕۆحانی ستراتیژیەتی ئەولەویەتی گەشەسەندنی ئابووری بەرەو “بەرخۆدانی ئابووری” گۆڕی،  ئەمەش کۆتایی بە مۆدێلی چینی لە ئێران بۆ ماوەیەک هێنا و قۆناغێک دەستیپێکرد کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بوو، لە تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەرگەگرتن و وەستانەوە بەرامبەر سزاکانی ڕۆژئاوا[3] .

٣- هۆکار و ڕەهەندەکانی ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات

کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ مۆدێلی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزای تاکلایەنەی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا جارێکی دیکە دەروازەی کرانەوەی زیاتری تاران بەرەی ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات کردەوە، لەبەرئەوەی گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاران و هەروەها سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێ ئێرانیان خستە بەردەم دوو بژاردە یان دەستەوەستان و گەڕانەوە بۆ گەشەی سیاسی ناوخۆیی، یان گەڕان بە دوای دەروازەیەکی تر کە بتوانێت وەک بەدیل لەبەرامبەر ڕۆژئاوا پەنای بۆ ببات لە پێناو کەمکرنەوەی کاریگەری سزاکان، لەم بارودۆخەشدا چین لە پاڵ ڕووسیا باشترین بژرادەیە کە تاران پەنای بۆ ببات بە مەبەستی پێکانی دوو ئامانجی سەرەکی؛ یەکێکیان پەیوەستە بە چۆنیەتی پاراستنی نیزامی سیاسی لەبەرامبەر هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئامانجی دوومیش بەکارهێنانی هەر یەکە لە چین و ڕووسیا وەک کارتی فشار لەبەرامبەر ڕۆژئاوا بۆ هاوسەنگ کردنی هاوکێشەکان لەگەڵ ئەمریکا[4].

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا هاووڵاتیانی ئێرانی خۆیان لەبەردەم دوو بژاردەدا بینیەوە: یەکەمیان هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نزیک لە ڕۆحانی بەو هیوایەی کە ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا ئەولەویەتەکانی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا  واژۆکرابوو، بژاردەی دووەم؛ هەڵبژاردنی کەسێک کە ئەو سیاسەتە بگۆڕێت لە ڕێگەی کارنامە و ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەکی جیاواز لە قۆناغەکانی پێشووتر.

دەرئەنجام لەگەڵ هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆمار، ڕەوت یان ئاڕاستەی سیاسەتی تاران  گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵات، بەڵام بە پاڵنەرێکی بەهێزتر لە جاران، بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات بە شێوەیەکی جیاواز، سیاسەتی ڕەئیسی ئامانجی ئەوە بوو کە تیشک بخاتە سەر توانا ناوخۆییەکان و نزیکبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هێزەکانی ئاسیا، چین، هیندستان و ڕووسیا، واتە نزیکبوونەوە لە زلهێزەکان بە پێی ڕوانگە و ستراتیژییەتەکانی ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قورسایی ئەو سزا یەکلایەنانەی کە سەپێنراون لەسەر وڵات. بەپێی ئەم دیدگایە مەرج نییە گەشەسەندنی ئابووری بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا تێپەڕێت. رەئیسی زۆر بە ڕوونی ئاماژەی دا بەوەی  کە تواناکانی وڵات تەرخان ناکەن بۆ چاوەڕوانی دەرئەنجامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵکو خاڵی جەخت کردنەوە و وەستان لەسەری بریتییە لە دۆزینەوەی دەروازەی دیکە بۆ بەردەوامیدان و بە‌هێزکردنی پایەکانی ڕژیم و پارێزگاریکردن لە ئابووری وڵات[5].

هەرچەندە لەگەڵ وڵاتانی 5+1 بەردەوام بوو لە دیپلۆماسی ئەتۆمی، بەڵام زۆر کاری کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ زلهێزە تازەپێگەیشتوەکان، لێرەدا  دەتوانرێت چوار ڕەهەند و مانای جیاواز بۆ ستراتیژییەتی ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵاتی تاران  دەستنیشان بکەین[6] :

یەکەم ؛ ئەم ڕەوتە یان ئاڕاستەیە وەک بەدیلێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕەتکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئابووری و سیاسی ئێران بەدیدەکرێت. واتە ئەگەری پەرەپێدانی پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا  لە ڕێگەی هاوپەیمانە ڕۆژهەڵاتییەکان بەبێ ئەوەی پشت بە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ببەستێت.

دووەم؛  ئەم جۆرە سیاسەتە دەرگا ئابوورییەکان بۆ ئێران دەکاتەوە کە وای لێدەکات کاریگەرییەکانی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا یەکەمجار کەم بکاتەوە، بتوانێت پەرە بە کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی بدات کە لەلایەن ڕۆژئاواوە سزا دراون، ئامانجی سەرەکی لێرەدا داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تارانە بە شێوەیەک کە بتوانێت کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە لەسەر ئابووری وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. بە واتایەکی تر، ڕژێمی دەسەڵاتدار لە تاران پێیوایە ڕووکردنە هاوپەیمانە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبێت لەسەر گەشەپێدانی ناوخۆیی و سوک کردنی کاریگەری سزا ئابوورییەکان، کە ئەمریکا سەپاندوویەتی بەسەریدا.

سێهەم؛  ئەم ئاڕاستەیە گوزارشت لە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە قۆناغی ئینتقالی لە ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەکات، ئەوەی مەبەستە ئەوەیە هاوتەریبی و پاراستنی باڵانسی ئێرانە لەگەڵ زلهێزەکان (چین لە پلەی یەکەم و ڕووسیا لە پلەی دووەم) لە بەردەم زلهێزە باڵادەستەکان (ئەمریکا)، چونکە نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی، ئیدارەی ئیبراهیم ڕەئیسی و ستراتیژیستەکانی ئێران پێیانوایە جیهان بەشێوەیەکی گشتی لەبەردەم گوڕانکاریدایە بۆیە وا پێویست دەکات تاران خۆی بۆ داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە دیزاینکردنی گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی جیهانی بەشداربێت.

 چوارەم؛  دەتوانرێت باس لە ڕەهەندێکی ناوخۆیی بکرێت بۆ ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات،  لەبەرامبەر ئاڕاستەی ڕەوتی “ڕیفۆرمخواز” و “میانڕەو” کە پشتگیری لە سیاسەتی بەرەو ڕۆژئاوا دەکەن، بۆیە دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت لە ڕێگەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات هاوسەنگییەکی نێودەوڵەتی دروست بکات.

ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات بژاردەیەکی ستراتیجییە بە ئامانجی ڕێکخستنی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران بە دووبارە چوارچێوەدان بە ڕەوتە نێودەوڵەتییەکانی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ گوشارخستنە سەر ئێران بە دابڕانی ئێران لە ئابووری جیهانی لە هەندێک کاتدا و سنووردارکردنی کردەوە نێودەوڵەتییەکانی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی “سیستەمی نێودەوڵەتی”دا. تاران ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم جۆرە سیاسەتەوە لەم بارودۆخەی ئێستادا و دەرکەوتنی نیشانەکانی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ناوچەیی لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، کاریگەری هەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری ناوچەیی لەگەڵ هاوسەنگی نێودەوڵەتی.

جەختکردنەوە  لەسەر ناوچەکە بە ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانییەوە، دەروازەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی ناوخۆیشدا وەک پرسێکی ستراتیژی نیشان بدات، لە کاتێکدا کە ئیدارەکانی پێشوو زیاتر گرنگییان بە ڕەهەندی نێودەوڵەتی دەدا، بۆیە لێرەدا دەکرێت باسی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات بکەین وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ ئاڕاستە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی ئێران، لەگەڵ ڕەهەندە ناوخۆییەکان [7].

٤- پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا لە نێوان واقیعی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕوانگەی ستراتیژییدا

پەیوەندی تاران لەگەڵ مۆسکۆ لەسەردەمی دوای ڕوخانی رژێمی شا و هاتنە ئارای ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەرفەتێکی گونجاوی هێنایە کایەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان بەرەوپێش ببەن، هەروەها دوورکەوتنەوەی تاران لە واشنتۆن و پچڕانی تەواوی پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکان هاندەرێکی دیکەی سەرەکی بوو لەوەی کە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا ڕەهەندێکی ستراتیژی وەربگرن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڤلادیمێر پۆتین دەگاتە ترۆپکی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٠. لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وردەوردە لە ڕەهەندی سیاسییەوە بۆ بوارەکانی دیکەی وەک هاوکاری سەربازیی، بارودۆخی نێودەوڵەتی و پێشهاتە ناوچەییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات[8].

 لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ئێران و ڕووسیا دەخاتە خانەی ئەو وڵاتانەی کە کەوتوونەتە ژێر گەمارۆکانی ڕۆژئاواوە؛ ئەم گەمارۆیانە ناوەڕۆکی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بە هاوکاری ئابووری و سەربازی دەوڵەمەندتر کردووە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا بێهاوتایە. هاوبەشی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پەرەسەندن و دەرئەنجامی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا وەک هاوبەشی ستراتیژی گرنگ لەسەر ئاستی جیهانی بەدیکراون. جگە لە نزیکبوونەوەی سیاسی کە لە سەردانە هاوبەشەکانی نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا، سێ میحوەری  بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەدی دەکرێن:

یەکەم: هاوکاریی ئابووریی بازرگانی؛ تاران لە دەرئەنجامی ئەو گەماڕۆ ئابوورییە سەختانەی کە لەلایەن ڕۆژئاواوە بەسەریدا سەپێنراون لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، وڵاتی دووچاری قەیرانی دارایی سەخت کردۆتەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانە تاران بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی دەروازەیەک دایە بۆ ئەم مەبەستە، لەم چوارچێوەیەشدا ڕووسیا ئامادەیی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بە ئامانجی یارمەتیدانی تاران لە ڕووی ئابووریی و بازرگانییەوە[9] . قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولا لە سەرەتای ساڵی 2022 تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ زیادی کردبوو، بەجۆرێک ڕێژەی جیاواز لە 27% بۆ هەناردەکردنی ڕووسیا بۆ ئێران و 10% بۆ هەناردەکردنی ئێران بۆ ڕووسیا، دەگوترا کە ئەو ڕێژەیە هەبووە ئەو چوار ملیار دۆلارەی تێپەڕاند کە پێشتر وەک زۆرترین ڕێژە تۆمارکرابوو[10].  لێکتێگەیشتنێک کرا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی ناوخۆیی بۆ 40 ملیار دۆلار لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا[11].  گەورەترین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە مێژووی پەیوەندییەکاندا لە نێوان کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران و کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران واژۆ کرا. سەرەڕای پێویستی گواستنەوە لە یاداشتەکەوە بۆ گرێبەستی تایبەت بە مەبەستی هاوکاریی و هەماهەنگی زیاتر، بەڵام پێدەچێت ئاڵوگۆڕکردنەکە قازانج بۆ دوو وڵات بکات، چونکە تەکنەلۆژیای ڕووسیا یارمەتی تاران دەدات لە پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی ئێران کە پێشتر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەک سزا درابوو لەلایەن ڕۆژائاوا،  ڕوسیا هاوکارە لە گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نیشاندانی هاوکاریی خۆی لە بواری وزەدا لەگەڵ ئەوەی گەورەترین هەناردەکاری غاز و نەوت لە جیهاندا لە لایەکی ترەوە[12].

دووەم: فراوانکردنی تۆڕی گواستنەوە و گەیاندن؛ زیادبوونی ئارەزووی ڕووسیا بۆ فراوانکردنی تۆڕی گواستنەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە تا باکووری ئێران درێژدەبێتەوە، مۆسکۆ لە غیابی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا کە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بێبەش کردبوو، گرنگی بەم تۆڕە گواستنەوەیە نەدەدا، تۆڕی گواستنەوەی نێودەوڵەتی نوێ، کە هەردوو وڵات کار بۆ فراوانکردنی دەکەن، لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە تا دەریای هیندستان درێژدەبێتەوە و سێ هەزار کیلۆمەتر لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دوورە[13]. ڕێڕەوێکی دابینکردنە لە دژی سزاکانی ڕۆژئاوا، ڕەهەندی ئاوەکەی لە دەریای خەزەر یارمەتی ڕووسیای دا کە دەریای ئازۆڤ لە دوای شەڕی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکات. لە چوارچێوەی ئەمەشدا، ڕووسیا پشتگیری لە ئەندامێتی ئێران لە یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا  کرد، کە یەکێتییەکە لەسەر بنەمای ئاسانکاری بازرگانی ئازاد و وەبەرهێنانی هاوبەشی نێوان وڵاتانی ئەندام دامەزراوە[14].

سێیەم: هاوکاری چەک و تەقەمەنی لە بواری تەکنیکیدا؛ پێدەچێت ئەم بوارە نهێنییە کە وردەکارییەکانی ئاشکرا ناکرێت، پشکێکی زۆری لە پەرەسەندنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت. ئەو ڕاپۆرتانەی کە زیاتر لەلایەن میدیا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ڕۆژئاواوە بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەناردە کردووە، ئەمەش هاوسەنگی ململانێی ڕۆژئاوا و ڕووسیای لە ئۆکرانیا تێکداوە، ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە ڕاست بن، ئەوا ئێران چەکێک بۆ ڕووسیا دابین دەکات کە هاوسەنگی لە نێوان چەکەکانی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا بە تێچووی کەم تێکدەدات. حکومەتی ئۆکرانیاش دووپاتی کردەوە کە ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێرانی کە ڕووسیا بەکاریان هێناوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٤٠ فڕۆکە [15] . لە بەرامبەر ئەمە و بەپێی ڕاپۆرتەکانی تر، ئێران سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو وەک وەک سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس ٤٠٠ و فڕۆکە جەنگییەکانی باڵادەستی ئاسمانی ئێس یو ٣٥ بەدەست دەهێنێت. ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە ڕاست بن، ئەوا ئەو وڵاتەی کە لە ڕووی سەربازییەوە سزا دەدرێت و لە ئەنجامی ئەو گۆشەگیرییە و بۆ ڕاگرتنی تەماحی دوژمنەکانی بەرنامەیەکی پێشکەوتووی مووشەکیی دروستکرد، فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگریی دەست دەکەوێت کە توانای سەربازیی پێدەبەخشێت کەئەم بابەتە بۆ بەرژەوەندی تاران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێ وێنەیە لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩[16].

بەگشتی، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و فراوانبوونی ناتۆ و لێکەوتەکانی لە ئۆکرانیا، زەمینەیەکی لەباری بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا لە چەند ئاڕاستەیەکدا دروستکرد، لەوانە بواری ئابووری و بازرگانی، گواستنەوە و گەیاندن، وەبەرهێنان،  سەرکردایەتی هەردوو وڵات پێداگری لەسەر هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی فراوانتر و قووڵتر دەکەن کە قورسایی زیاتریان پێببەخشێت لە چوارچێوەی نەزمی جیهانی کە لە داهاتوودا دێتە ئاراوە. ڕوانگە ستراتیژییەکان لە ئێراندا گوزارشت لە مەیلێکی گەورەتر دەکات بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، دوای ئەوەی ئەو بژاردەیە تووڕەیی زۆر کەسی بە هۆکاری مێژوویی و هاوچەرخ ورووژاند، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەبوونی متمانە بە ڕووسیا و ئەو بەڵێنانەی کە دابووی و تەنانەت ئەو گرێبەستانەی کە واژۆی کردبوو پێشتر. ئەو قسە گوماناوییە ئەمڕۆ بە هۆکارێکی ڕوون بچووک دەبێتەوە کە هەندێک بە ئاماژەدان بە هاوسەنگی پەیوەندییەکان لە سەردەمی نوێدا لە نێوان دوو وڵاتی گەمارۆدراودا کە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکان و گوشارەکانی هاوسەنگی دەدەن.

٥- مشتومڕ لەسەر مەبەستی چین

دوای چەندین ساڵ لە مشتومڕێکی چڕ لە ناوخۆی ئێران سەبارەت بە باشترین ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت دیاردەی سەرهەڵدانی چین لەسەر حیسابی دەسەڵاتی باڵادەستی ڕۆژئاوا، لەسەرووی هەمووشیانەوە  ئەمریکا. نزیکبوونەوەی تاران بەرەو ڕۆژهەڵات لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد زیاتر بەدیکراوە وەک وەڵامدانەوەیەک لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا لە هەمبەر ئێران. ئەم دیدگایە هاوکات بوو لەگەڵ واقیعی چین لە هەڵمەتی “گەمارۆ و بەربەستەکان”ی  سەر تاران لەلایەن ئەمریکاوە، لایەنگری پەکین بۆ تاران لە زۆرێک لە گەماڕۆکان دۆخێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران هێنایە ئاراوە، لەم چوارچێوەیەشدا ئێران ئەم دۆخەی بە قازانجی ئابووری خۆی بەکارهێناوە بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ڕۆژئاوا وەک چۆن وەک لەگەڵ ڕووسیاش هەمان ستراتیژییەتی لەپێش گرت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گەڕانەوەی سزاکان بە شێوەی تاکلایەنە. بەم شێوەیە تاران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چین لەسەر بنەمایەکی ستراتیژی درێژخایەن داڕشتووە بۆ ئەوەی لەلایەکەوە کاریگەری سزاکانی سەری کەمبکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین وەک کارتێکی سیاسی لەبەرامبەر ڕۆژئاوا بەکاربێنێت و ببێتە بەشێک لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەچوارچێوەی سیستەمی جیهانیدا، هەروەها لە داهاتووی سیستەمی نوێی جیهانیش شوێنێک بۆ خۆی مسۆگەر بکات[17].

لە ئەنجامدا سیماکانی لێکنزیکبوونەوەی ئێران و چین دوای واژۆکردنی بەڵگەنامەی هەمەلایەنەی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات بە ڕوونی دەرکەوت ئەوەی کە بەرژەوەندی یەکتری بۆ دیدگاکانی ئەو دوو دەوڵەتە نیشاندا بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانیان لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە. لە ماوەی سێ دەیەدا پەیوەندییە ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان لە یەک ملیار دۆلارەوە بۆ ٥١ ملیار دۆلار گەشەیان کردووە، ڕوون و ئاشکرایە کە زیادبوونی بەردەوامی وابەستەیی ئابووری بە یەکەوە پاڵنەرێک بوو بۆ چوارچێوەدان بە پەیوەندییەکە بە بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی گشتگیر و فراوانکردنی بوارەکانی بە پلان کارکردن، بەڵام نابێت گەشەسەندنی گەورە لەو گۆشەیەدا کە تەنها سەرنجی لەسەر ئابووری بێت بەڵکو دەبێت بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە. لە دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە ئەوە یەکەمجارە تاران دەچێتە چوارچێوەیەکی ستراتیژییەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزێکی جیهانیدا، بۆیە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە ئێران پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین وەک ستراتیژییەتێکی گرنگ سەیر دەکات کەوا وابەستەی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ شوێنی تاران لە داهاتووی سیستەمی جیهانیدا [18]. جگە لەوەش چین و ڕووسیا پشتیوانییان لە ئەندامێتی ئێران لە هاوکاریی ئاسایشی شەنگەهای کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی ببینێت وەک ئەندامێکی کارا، کە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و ڕێکخراوە بۆ بە  پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنییەکان و سەربازییەکان.

وەک چۆن لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیادا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاران هەیە، هەنگاوی ئێران بەرەو دروستکردنی هاوسەنگی دەکرێ بە ڕەهەندێک هەژمار بکرێت کە بەسەر باقی ڕەهەندەکانی ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتدا زاڵ بێت. جگە لەوەش مەیلی چینی بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریی لەگەڵ ئێران، تێڕوانینی خۆی بۆ ئێران وەک هاوبەشێکی ستراتیژی کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت نیشاندەدات، هەموو ئەم ئاماژانەش بە مانای دوور دەکەوتنەوە لە پشتبەستن بە چوارچێوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت. چین سەرەڕای هەڵمەتی زۆرترین فشار بەردەوامە لە کڕینی وزە لە ئێران و بۆ کارکردن لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە لەگەڵیدا، ئەو قۆناغەی کە دوای واژۆکردنی بەڵگەنامەی هەمەلایەنەی هاوکاریی هاتە ئاراوە، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی گرنگە لە ئاست و ناوەڕۆکی هاوکاری دوولایەنە. سەرباری هەموو ئەم خاڵە ئەرێنیانەی خرانەڕوو لەبارەی نزیکبوونەوەی تاران و پەکین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت نزیکبوونەوەی چین لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت دوا سەردانی سەرۆکی چین بۆ ڕیاز و واژۆکردنی ڕێکەوتنامەی هەمەلایەنەی گشتگیر دەکرێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی چین زیاتر پشت بە جیهانی عەرەبی ببەستێت، ئەم دۆخەش هۆکارێکی بەهێزتری بە قسەی ڕەخنەگران بەخشی[19].

سەردانەکەی سەرۆک شی بۆ شانشینی سعودیە، ئەو مشتومڕەی لە ناوخۆی ئێراندا هێنایە ئاراوە، ئەگەر لە سنووری ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکان بمایەتەوە، ئەوا لە وتارە فەرمییەکانیدا ڕەنگدانەوەی دەبوو. لە چوارچێوەی ستراتیجیدا، ئێرانییەکان ڕۆڵی چین وەک توخمێکی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا بۆ دیدگای پەکین کە لە ڕۆژئاواوە هاوسەنگترە لە بەرامبەر ئێران و دراوسێکانی لە لایەک و بۆ پێدانی ئەوپەڕی گرنگیدان بە سەقامگیری پەکین دەبینن لە ناوچەی هەناردەکردنی وزە لە لایەکی دیکەوە. بۆیە هابەشیکردنی لە هاوکارییە ئابووریی و بازرگانییە بەرفراوانەکانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ شانشینی سعودیە، ڕکابەری ناوچەیی ئێرانیش بێت، لە چوارچێوەی سیاسەتی ناوچەیی ئێراندا دێت و تێکی ​​نادات. بەڵام ئەم هەنگاوەی چین ئێرانییەکانی ئیستفزاز کرد، کاتێک بوو کە سەرۆک شی ئیمزا لەسەر بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی هاوبەشی کرد کە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی، لەچوارچێوەی بەیاننامەکەدا دووپات لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی چین و جیهانی عەرەبی ڕەهەندێکی مێژوویی دوور و درێژیی هەیە، ئەمەش ئێرانییەکانی توڕە کرد بەهۆی “پشتیوانی چین بۆ بانگەشەکانی ئیمارات سەبارەت بە دوورگەکان”  لە لایەک و لادانی چین لە پەیوەندییە دۆستانە ئاساییەکەی نێوان خۆی و تاران لە لایەکی ترەوە[20].

گفتوگۆ و مشتومڕەکان دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکە بە چڕی لەنێو ئێراندا سەری هەڵداوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم هەنگاوەی پەکین، مشتومڕەکان لەسەر بابەتی هۆکار و مانای واژۆکردنی ریککەوتنامەی چین بوو لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لەسەرووی هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعودیە لەبەر ئەوەی تاران ریاز وەک لایەنێکی ناکۆک و نەیاری خۆی سەیر دەکات.  ئەگەر وەڵامەکانی ئێران لێک بدەینەوە، دەکرێت لە دوو ڕوانگەی سەرەکیدا پۆڵێن بکرێن؛ لە دیدگای یەکەمدا کە زاڵ بوو بەسەر گفتوگۆکەدا، چین گرنگی بە هەستیاری ئەو پرسە سەبارەت بە ئێران نیشان نەدا. هەندێک تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوون کە چین تۆمەتبار دەکەن بەوەی خیانەت لە دۆستی کۆن و نزیکی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە، هەڵسوکەوتی چین بۆ چەند هۆکارێک ڕوون دەکەنەوە، لەوانە پەسەندکردنی کاری ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەڵام تاران کە تا ڕادەیەکی زۆر ناچارە بەردەوام بێت لە هاوکاری لەگەڵ چین بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە،  چینیش هەوڵدەدات بۆ دوورخستنەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئەمریکا، بەڵام سەبارەت بە ئێران کە لە پلەی یەکەمدا دوورە لە واشنتۆن، ئەوا چین کەمتر پێویستی بەوەیە کە کار لەسەر دوورخستنەوەی تاران لە ڕۆژئاوا بکات[21] .

سەبارەت بە دیدگای دووەمیش، پێشنیاری ئەوەی کرد کە چین لە بەرامبەر هەستیاریی ئەو پرسەدا سەبارەت بە تاران بێ ئەرزش ماوەتەوە، هەروەها ئەم دیدگایە ڕەخنەی توند لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەگرێت بەوەی کە  پێشبینی نەکردووە ئەم بارودۆخە لەنێوان چین و جیهانی عەرەبی دێتە ئاراوە. ئەوانەی ئەم جۆرە  خوێندنەوەیان هەیە بۆ پرسی پەیوەندی تاران لەگەڵ پەکین، دەڵێن ئەو بابەتە ورووژێنەرە سەبارەت بە ئێران، لە ڕوانگەی چینەوە، لە هێڵە فراوانە ناسراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی چین تێنەپەڕیوە، کە بەزۆری داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی وتووێژ و پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات[22].

ئێران دوای ورووژاندنی مشتومڕی ناوخۆیی و مشتومڕی نوخبەی سیاسی سەبارەت بە واقیع و پاڵنەرەکانی هەڵوێستی چین، بووە هۆی ئەوەی بە فەرمی ئێران وەڵامی چین بداتەوە، کاتێک یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی چین لە کاتی گفتوگۆی ناڕازیانە سەبارەت بە هەڵوێستی چین سەردانی تارانی کرد و لە دۆخێکی دەگمەندا کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان نەیانزانیوە، تەلەفزیۆنی ئێران وێنەی سەرۆک کۆماری ئێرانی بە تۆنێکی نائاسایی وتارێک بۆ میوانەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە ناوەوە گلەیی کرد سەبارەت بەو شتانەی کە لەلایەن سەرۆک کۆماری چینەوە لە ڕیاز دەرچووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕەفتارەی پەکین گومانی لای ئێرانییەکان دروستکردووە، کە میوانە چینییەکە هەوڵیدا بە قسەی دۆستانە بڕەوێنێتەوە و مشتومڕەکەی سنووردار کرد، هەرچەندە تاران بەمەش نەوەستا،  وەزیری دەرەوە بە زمانی چینی تویتێکی نووسیوە و تیایدا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی “سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی ئێران لەگەڵ هیچ لایەنێکدا میهرەبان نابێت”[23].

سەرەڕای دەربڕینی ئەم هەڵوێستانە و وەڵام و گفتوگۆ ناوخۆییەکان، بەڵام دەکرێت هەڵوێستی ئێران بە دڵنیا نەبوون لە گرنگی گۆڕانکارییە نائاساییەکان کورت بکرێتەوە، کە ئایا مەبەستی ئەوەیە  گوزارشت لە وەرچەرخانێکی چینی دەکات، یان بێ مەبەستە، یا خود دەربڕینی بێئاگایی چینە لە بەرامبەر هەستیاری پرسەکە، پێویست ناکات بڵێین پشتڕاستکردنەوەی هەریەکێک لەو دوو گریمانەیە دەبێتە هۆی هەڵوێست و سیاسەتی جیاواز سەبارەت بە چین و پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا.

دەرئەنجام

کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزاکانی “زۆرترین فشار” بە شێوەیەکی تاکلایەنە بووە هۆی پاشەکشەی مۆدێلی چینی کە ڕەفسەنجانی کاری لەسەر کرد و سەرۆک ڕۆحانی هەوڵیدا دووبارە جێبەجێی بکاتەوە.  ئەو پاشەکشەیە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی جارێکی تر تاران لە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات نزیک بێتەوە،  کە بەدوای ئەڵتەرناتیڤێکی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت بۆ گوشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ کردنەوەی دەرگای ئابووری نوێ بۆ ئێران، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەمسەرە جیهانییە تازە دەرکەوتووەکان لە سیستەمێکی نێودەوڵەتی لە قۆناغی گواستنەوەدا پەرەپێداوە،  شەڕی ئۆکرانیا هاندەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی پاڵنەرێکی بەهێز بدات بە تاران بۆ ئەوەی ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات گەشەپێبدات بەتایبەتی لەگەڵ ڕووسیا.

زیادبوونی قەبارەی بازرگانی نێوان تاران – پەکین، تاران – مۆسکۆ، گەشەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی واژۆکراوی نێوان ڕووسیا و ئێرانە بەڵگەی ڕوونن لەسەر ئەوەی ئاڕاستەی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵات لەلایەن تارانەوە وەک بژاردەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران گەیشتۆتە ئاستێکی بێ وێنە کە لە بەرژەوەندی هەردوولا دایە. دەرئەنجامێکی دیکەی گرنگی سیاسەتی بەرەو ڕۆژهەڵاتی تاران واژۆکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوبەش بۆ مامەڵەی هەمەلایەنەی نێوان ئێران و چین کە مەبەستی سەرەکی تاران بریتییە لەوەی کە ئەم ڕێککەوتنامە هاوبەشە بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەرجەم ئاستەکان بەکاربێنێت.

سەرچاوەکان

[1] . تەحسین وسو عەبدوڵلا، (٢٠٢٢). فاکتەری ئابووری و جیۆپۆلیتیکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین، وەرزنامەی ئێرانناسی، ژمارە (٥) ساڵی دووەم، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ل ٦٢ – ٧٧.

[2]–  دوران عجلة أجهزة الطرد إلى جانب عجلة الاقتصاد كان أفضل شعار، صحيفة كيهان، 24 خرداد 1399. (تاريخ الدخول:٢٠ يناير 2023) shorturl.at/cklqJ

[3] . مەحمود بابان. (٢٠٢١). سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەردەمی رەئیسیدا، سەنتەری لێکۆلینەوەی ڕووداو، shorturl.at/aenMX  (ڕۆژی سەردان: ٢٢/١/٢٠٢٣).

[4] . بارام مەجید خان. (٢٠٢٢). دوو جەمسەری باکوور و باشووری ستراتیجی ئێران، هەرێم نیوز، https://haremnews.com/wtar-detail.aspx?jimare=4247&nuserid=213  (ڕۆژی سەردان: ٢٢/١/٢٠٢٣).

[5] . إبراهيم رئيسي: لن نؤخر الاقتصاد من أجل اتفاقية، وكالة ايسنا. (تاريخ الدخول: 28 ینایر 202٣) shorturl.at/egwDT

[6] . حسن أحمديان، “سياسة رئيسي الخارجية في عامها الأول: أولويات إقليمية وتحديات دولية” مركز الجزيرة للدراسات، 18 أغسطس 2022(تاريخ الدخول: ٢٢ يناير 2023) : shorturl.at/bcJMV

[7] . حسن احمديان، (٢٠٢١). ايران والصين : من التعاون الى الشراكة الاستراتيجية، مركز الجزيرة للدراسات.

[8] . ئالان حەمە سەعید، (٢٠١٧).  پەیوەندییەکانی حێران و ڕووسیا: هەڵکشان و داکشان، وێبسایتی پێنوس، http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/944-2018-09-02-18-56-38  (ڕۆژی سەردان: ٢٠/١/٢٠٢٣).

[9] . ازدياد التجارة بين ايران وروسيا لـ40 مليار دولار، وكالة ايرنا للأنباء، 4 خرداد 1401. (تاريخ الدخول: 1 يناير 2023) shorturl.at/nsIVX

[10] .  تفاصيل مذكرة التفاهم الإيرانية الروسية بقيمة 40 مليار دولار)، موقع تجارت نيوز، 30 تير 1401. (تاريخ الدخول: ٢2 يناير 2023) shorturl.at/cGKV1

[11] .  Jonathan Tirone and Golnar Motevalli (2022) “Russia and Iran are Building a Trade Route that Defies Sanctions,” Bloomberg, December 21. shorturl.at/blM45

[12] .  روسيا: ندعم انضمام ايران لإتحاد أوراسيا الاقتصادي، موقع بصيرت، 9 شهريور 1401. (تاريخ الدخول: 27 ینایر 2022) shorturl.at/ahEUZ

[13] . “Ukraine official urges ‘liquidation’ of Iranian weapons factories” Reuters, January 24, 2023. shorturl.at/orBPX

[14] . Sakshi Tiwari (2022) “US Fears Russia Could Sell Its ‘Most Advanced’ S-400 Air Defense System To Iran On Top Of Su-35E Fighters,” Eurasian Times, January 23 2023. shorturl.at/kvDE8

[15] . حسن احمديان، (٢٠٢١). ايران والصين : من التعاون الى الشراكة الاستراتيجية، مصدر سابق.

[16] . لماذا تخشى واشنطن من “شراكة دفاعية كاملة” بين روسيا وإيران؟ (2023) مركز الجزيرة للدراسات.  (تاريخ الدخول: 27 ینایر 2022)  shorturl.at/oxLM2

[17] .  تەحسین وسو عەبدوڵلا، سەرچاوەی پێشوو، ل ٦٢ – ٧٧.

[18] . حسن احمديان، (٢٠٢١). مصدر سابق.

[19] . “النص الكامل لـ بيان قمة الرياض للتعاون والتنمية بين مجلس التعاون لدول الخليج العربية وجمهورية الصين الشعبية” وكالة الأنباء السعودية، 9 ديسمبر 2022، (تاريخ الدخول: 25 يناير 2023): https://www.spa.gov.sa/2408124

[20] . الصين تدعم إدعائات الإمارات حول الجزر الإيرانية في الخليج الفارسي) موقع تجارت نيوز، 19 آذر 1401. (تاريخ الدخول: 25 يناير 2023) shorturl.at/GMQTV

[21] . بازاڕەکانی چین بە نەوتی ئێران دەبوژێنەوە (٢٠٢١). مالپەڕی نوجە نێت، https://www.nuche.net/post-495.html  (ڕۆژی سردان: ٢٦/١/٢٠٢٣)

[22] .      تقارب الصين وإيران يقلق إدارة بايدن تقرير أميركي توقع تعمق العلاقة الاستراتيجية بينها، (٢٠٢١). جريدة الشرق الاوسط، عدد ١٥٦٦٥. (تاريخ الدخول: ٢٧/١/٢٠٢٣)  shorturl.at/CRV67

[23] . سعد القحطاني، (2021). هل تخدم إيران التوازنات والمصالح الجيوسياسية للصين؟ مركز كارينغي. (تاريخ الدخول: ٢٧/١/٢٠٢٣)

shorturl.at/cmoGV

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (7)، ساڵی دووەم، نیسانی 2023

Send this to a friend