سیاسەتی دراو؛ ئامراز و ئامانجەكان
د. ئیدریس ڕەمه‌زان كۆچه‌ر/ پسپۆڕی بواری دارایی و نەختینەیی
بەرایی
سیاسه‌تى دراو به ئامرازێكى سه‌ره‌كى له ئامرازه‌كانى سیاسه‌تى ئابووریى گشتى داده‌نرێت. ده‌وڵه‌ت بۆ كاركردنه سه‌ر ئاستى چالاكیى ئابوورى، هاوشانى سیاسه‌ته‌كانى دیكه‌ى وه‌كوو سیاسه‌تى دارایى و بازرگانى و سیاسه‌تى كرێ و نرخ به‌كاری ده‌هێنێت، به مه‌به‌ستى كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر گۆڕاوه‌كانى پێكهێنه‌رى ئه‌م چالاكییه وه‌كوو وه‌به‌رهێنان، نرخه‌كان، به‌رهه‌م و داهات. بۆیە پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووری و ئاڕاستەدانی، دەتوانێت كاریگەرییەكی گەورە لە سیاسەتڕێژیی هەر وڵاتێك بەجێ بهێڵێت و ڕێڕەوی ئابووری دیاری بكات. سیاسەتی دارایی لە ئێستا و بە هۆی گۆڕانكارییە جیهانییەكان و بەرەوپێشچوونی زانستی ئابووری و دەركەوتنی تیۆرییە نوێیەكانی ئابووری، بابەتێكە كە پەیوەستە بە تێگەیشتن لە گۆڕانكارییە ئابووری-سیاسییەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە چەمكی سیاسەتی دراو و ئامانجەكانی بخرێتە ڕوو و ئامرازەكانی حكومەت لەم چوارچێوەیەدا شی بكرێتەوە.
چه‌مكى سیاسه‌تى دراو
ده‌ركه‌وتنى سیاسه‌تى دراو وه‌كوو چه‌مكێكى تایبه‌ت بۆ كۆتاییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌یەم ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك ڕۆڵهكهى له پارێزگاریكردن له خستنه‌ڕووى دراودا سنووردار كرا، به ڕاده‌یه‌ك كه سه‌قامگیریى نرخه‌كان له‌ناو ئابووریى نیشتمانیدا مسۆگه‌ر بكات، دۆخه‌كه‌ش تاوه‌كوو قه‌یرانى بێبازاڕیى جیهانى له (1929-1933) و ده‌ركه‌وتنى بیرۆكه‌كانى كینزى به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بوو، كه بۆ به‌گه‌ڕخستنى سیاسه‌تى گشتیى ئابوورى له پێناوى چاره‌سه‌ركردنى چه‌قبه‌ستوویى ئابوورى و به‌دیهێنانى گه‌شه‌ى پێویست، داواى پێویستى ده‌ستوه‌ردانى ده‌وڵه‌تى ده‌كرد[1].
سیاسه‌تى دراوى نه‌ریتى؛ سه‌رپه‌رشتى و چاودێریى خستنه‌ڕووى به‌كارهێنانى دراو له ئابووریدا ده‌كات، هه‌روه‌ها بۆ به‌دیهێنانى ئامانجگه‌لى دیاریكراو چاودێریى خه‌رجى ده‌كات. به‌ڵام هه‌ر چى سیاسه‌تى دراوى هاوچه‌رخه ئاره‌زووى فراوانكردنى ئه‌م چه‌مكه ده‌كات تاوه‌كوو سیستمى نه‌ختینه‌یى ئابووریى نه‌ته‌وه‌یى به‌گشتى بگرێته‌وه، نه‌وه‌كوو ته‌نها له ئاستى چاودێریكردنى خستنه‌ڕوو و به‌كارهێنانى دراودا بوه‌ستێت.
به گوێره‌ى په‌ره‌سه‌ندنى تیۆرییه‌كانى دراو، چه‌مكى سیاسه‌تى دراو له ڕووى ئه‌رك و ئامانجه‌كانیه‌وه چه‌ندین پێشكه‌وتنى به‌خۆوه بینیوه، سیاسه‌تى دراویش چه‌ندین چه‌مكى هه‌یه؛ ئابووریناس كه‌نت (Kent) به‌م جۆره سیاسه‌تى دراوى پێناسه كردووه: ئه‌و ڕێكارانه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو بۆ چاودێریكردنى خستنه‌ڕووى دراو و به‌دیهێنانى ئامانجه ئابوورییه دیاریكراوه‌كان به‌كاری ده‌هێنن[2]. هه‌روه‌ها به‌و ڕێكاره دراوی و بانكییانه پێناسه ده‌كرێت كه ئامانجیان كۆنترۆڵكردنى قه‌باره‌ى پاره‌ى نه‌ختینه‌یه كه له ئابووریى نیشتمانیدا ده‌سووڕێته‌وه، ئه‌و فاكتهرهشه كه بۆ كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر قه‌رز و پاره‌ى نه‌ختینه‌یى و قه‌رزكردنى حكومه‌ت ئاڕاسته ده‌كرێت، واته بۆ پێكهاته و قه‌باره‌ى قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت[3]. هه‌روه‌ها ئینزینگ (Einzing) به‌م جۆره پێناسه‌ى كردووه: كۆمه‌ڵێك ڕێكار و كرده‌وه‌ى دراوى و نادراوییه به ئامانجى نه‌ختینه‌یى، كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیستمى دراو هه‌یه[4]. هه‌ر چى ئابووریناس جۆهانسنه (Johanson) به‌م جۆره پێناسه‌ى كردووه: ئه‌و ئامرازه‌یه كه بانكى ناوه‌ندى بۆ كۆنترۆڵكردنى خستنه‌ڕووى پاره، به مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنى بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه گشتییه‌كانى سیاسه‌تى ئابوورى به‌كاری ده‌هێنێت[5]. هه‌روه‌ها به‌م شێوه‌یه‌ش پێناسه كراوه: كۆمه‌ڵێك بڕیارى حكومییه له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندییه‌وه ده‌رده‌چێت، به مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنى قه‌باره‌ى ئه‌و دراوه‌ى له ئابووریدا ده‌ستاوده‌ستى پێ ده‌كرێت[6]. ده‌كرێت سیاسه‌تى دراو به‌م جۆره پێناسه بكرێت: كۆمه‌ڵێك ئامراز و ڕێكار و هۆكاره به مه‌به‌ستى به‌دیهێنانى ئامانجه ئابوورییه گه‌وره‌كان، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى دراوه‌وه پهیڕەو ده‌كرێت.
ئامانجه‌كانى سیاسه‌تى دراو
سیاسه‌تى دراو هه‌وڵى به‌دیهێنانى ژماره‌یه‌ك ئامانج له ته‌واوى بواره‌كانى ئابووریدا ده‌دات، له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكى دیكه جیاوازه، به هۆى بارودۆخى ئابوورى كه پێویستى به هاوكاریى حكومه‌ت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا، تاوه‌كوو ئه‌وله‌ویاتى خۆیان بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه دابنێن، به مه‌به‌ستى كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر خستنه‌ڕووى دراو ئیدى به زیادكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ى بێت، له پێناوى هێنانه‌دیى ئامانجێكى دیاریكراودا[7]، ئه‌و ئامانجانه‌ش به‌سه‌ر سێ ئاستدا دابه‌ش ده‌كرێن:
- ئامانجه یه‌كه‌مینه‌كانى سیاسه‌تى دراو
ئه‌م ئامانجه گۆڕاوه‌كان ده‌گرێته‌وه كه بانكى ناوه‌ندى هه‌وڵى كۆنترۆڵكردنى ده‌دات بۆ كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ئامانجه مامناوه‌ندییه‌كان. كاتێك بڕیارى گۆڕینى تێكڕاى گه‌شه‌كردنى كۆى پاره ده‌درێت، ئه‌وا پێویسته گۆڕاوى یه‌ده‌گى بانكه‌كان و مه‌رجه‌كانى بازاڕى پاره كه له‌گه‌ڵ كۆى پاره‌ى ئه‌و ماوه‌یه‌دا ده‌گونجێت؛ وه‌ربگیرێت. به‌م ڕێكاره‌ش ڕایه‌ڵه‌ى ئامرازه‌كانى سیاسه‌تى دراو له‌گه‌ڵ ئامانجه مامناوهندییهكاندا[8] پێكه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه. له ڕێگه‌ى ئامانجه یهكهمینهكانهوه، ده‌سه‌ڵاتى نه‌ختینه‌یى له باره‌ى ناوه‌رۆكى سیاسه‌تى دراوه‌وه ئاماژەى ڕوون و خێرا و دیاریكراو بۆ مامه‌ڵه‌كاران و بۆ بازاڕ ده‌نێرێت.
ئامانجه یه‌كه‌مینه‌كان له دوو كۆمه‌ڵه گۆڕاو پێك دێن: كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌م، یه‌ده‌گه دراوییه‌كان ده‌گرێته‌وه كه كۆى گشتیى یه‌ده‌گى بانكه‌كان و بنه‌ماى دراو له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها یه‌ده‌گى سپاردنه تایبه‌ته‌كان و یه‌ده‌گى قهرزنهكراویش ده‌گرێته‌وه. هه‌ر چى كۆمه‌ڵه‌ى دووه‌مه، په‌یوه‌سته به دۆخى بازاڕى دراو و یه‌ده‌گى بێبه‌رانبه‌ر و تێكڕاى ڕەسید و ڕێژەى سووده‌كانى دیكه له بازاڕى دراودا له‌خۆ ده‌گرێت.
- حه‌وزى یه‌ده‌گى نه‌ختینه
بنكه‌ى دراو له پاره‌ى دهستاودهستكراو و یه‌ده‌گى بانكى پێك دێت، پاره‌ى دهستاودهستكراو دراوى بانكى و پاره‌ى یارمه‌تیده‌ر و پاره‌ى سپێردراو به بانك له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌ر چى یه‌ده‌گى بانكییه، پاره‌ى سپێردراو به بانك له‌لاى بانكى ناوه‌ندى و یه‌ده‌گى یاسایى و یه‌ده‌گى زیاده و پاره‌ى به‌رده‌ست له خه‌زێنه‌كانى بانك له‌خۆ ده‌گرێت. سه‌باره‌ت به‌و یهدهگانهى بۆ سپاردنى تایبه‌ت به‌رده‌ستن، بریتین له كۆى یه‌ده‌گ كه یه‌ده‌گى ناچارى له‌سه‌ر پاره سپێردراوهكانى حكومه‌ت و پاره سپێردراوه‌كان له بانكه‌كانى دیكه له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌ر چى یه‌ده‌گى قهرزنهكراوه، یه‌كسانه به كۆى یه‌ده‌گه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى یه‌ده‌گى ناچارى[9].
- دۆخى بازاڕى دراو
ئه‌م گرووپه یه‌ده‌گى ئازاد و ڕێژەى ڕەسیدى بانكى و ڕێژەى سوودى بازاڕى پاره له‌خۆ ده‌گرێت، كه بانكى ناوه‌ندى كۆنترۆڵى ده‌كات. به‌گشتى به واتاى تواناى قهرزوهرگرهكان و پێگه‌ى خێرا یان هێواشیانه له ڕێژەى گه‌شه‌ى قه‌رز و ڕاده‌ى ڕێژەى سوودى به‌رز یان نزم و مه‌رجه‌كانى تر‌ى قه‌رزدان. نرخى سوودى ڕەسیدى بانكى بریتییه له نرخى سوودى سه‌ر ڕەسیده قهرزكراوهكان بۆ ماوه‌یه‌كى كورت له‌نێوان بانكه‌كاندا. یه‌ده‌گى ئازاد بریتییه له یه‌ده‌گى زیاده‌ى بانكه‌كان له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى، به كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و یهدهگانهى كه ئه‌م بانكانه له بانكى ناوه‌ندى به قه‌رز وه‌ریانگرتووه و پێى ده‌گوترێت پوخته‌ى قه‌رز. ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گى زیاده زیاتر بێت له یه‌ده‌گى قه‌رزكراو ئه‌وا ئه‌رێنییه، ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گى قه‌رزكراو زیاتر بێت ئه‌وا نه‌رێنییه[10].
- ئامانجه ناوهندییهكانى سیاسه‌تى دراو
مه‌به‌ست لێى، ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردنى گۆڕاوه نهختینهییهكانه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه كۆتاییه‌كان. ئه‌م ئامانجانه وه‌ك نیشانده‌رێك ته‌ماشا ده‌كرێن كه گۆڕانكارییه‌كانى ڕەنگدانه‌وه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى ئامانجى كۆتاییه كه په‌یوه‌ندیى به سه‌قامگیریى دراوه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها به گۆڕاوه دراوییه‌كان ده‌ناسرێت كه له ڕێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دراوه‌وه ده‌توانرێت چاودێرى بكرێن. به شێوه‌یه‌كى جێگر پێكه‌وه گرێ دراون و به ئامانجه كۆتاییه‌كان ده‌خه‌مڵێنرێن، وه‌كوو تێكڕاى گه‌شه‌كردنى ساڵانه‌ى قه‌واره‌ى نه‌ختینه و نرخى سووده‌كان. ئامانجه ناوه‌ندییه‌كان دوو سوودى هه‌یه، یه‌كه‌میان بریتییه له گۆڕاوه دراوییه‌كان كه بانكه ناوه‌ندییه‌كان ده‌توانن كاریگه‌رییان له‌سه‌ریان هه‌بێت. سیاسه‌تى دراو له توانایدایه كاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ڵئاوسانى كۆكراوه‌ى دراو و نرخى ئاڵوگۆڕ و ڕێژەى سوود هه‌بێت، له كاتێكدا ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئاستى نرخ و به‌رهه‌مهێنان و كرێ هه‌بێت. سوودى دووه‌میش بریتییه له ڕاگه‌یاندنى ستراتیژى سیاسه‌تى دراو[11].
سێ مۆدێلى بنهڕەتى له ئامانجه ناوه‌ندییه‌كان هه‌ن، ئه‌وانیش:
أ. ئاستى تێكڕاى بنهڕەتیى سوود: كینزییه‌كان پێیان باشه كه ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو بۆ ڕێنماییكردنى سیاسه‌ته دراوییه‌كان له ڕێگه‌ى چه‌سپاندنى تا كه‌مترین ئاست، ڕێژەى سوود وه‌ك ئامانجى ناوه‌ندى وه‌ربگرن. گۆڕانكارییه‌كانى نرخى سوود له نیشانه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى دیكه زیاتر ئاسانتر ده‌رده‌كه‌ون، چونكه دراوناسهكان زۆر گرنگى به ڕێژەى سوود ناده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕێژانه به گۆڕانكارییه‌كانى خواست له‌سه‌ر پاره كاریان تێ ده‌كرێت. ده‌شڵێن كاتێك ئێمه گرنگى به ڕێژەى سوود ده‌ده‌ین، پێویسته به ئاستى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیه‌وه به‌سترابێته‌وه، به‌ڵام به هه‌مان شێوه خه‌ڵكانێك له تاكهكهكهس و كارگه و خێزان و پڕۆژەكان، له لایه‌كه‌وه له ڕووى تێچووى قه‌رزه‌كانیانه‌وه به‌رانبه‌ر ڕێژەى سوود زۆر هه‌ستیارن، له لایه‌كى دیكه‌وه به وه‌رگرتنى قه‌ره‌بووى به‌كارهێنانى پاشه‌كه‌وته‌كانیان. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى گشتى گرنگییه‌كى تایبه‌ت به هه‌ڵئاوسانى ڕێژەى سوود بده‌ن. به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا له دیاریكردنى باشترین ئاستدایه بۆ ئه‌م ڕێژانه، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران له‌م دۆخه‌دا له مه‌ودایه‌كى زۆر فراوان و له ئاستێكى مامناوه‌نددا، پارێزگارى له گۆڕانكارییه‌كانى ڕێژەى سوود بكه‌ن به جۆرێك له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگى له بازاڕەكاندا هاوتا بێت، چونكه له مه‌ودایه‌كى به‌رفراواندا ده‌بێته هۆى ڕوودانى هه‌ڵئاوسانى ڕێژەى سوود، نه‌وه‌كوو هه‌ڵئاوسان له سنوورێكى دیاریكراودا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى كه‌ڵه‌كه‌بوونى ناهاوسه‌نگ كه له ئه‌نجامدا قۆناغه یهكلهدواییهكهكانى هه‌ڵئاوسان و چه‌قبه‌ستوویى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو گۆڕانكارییه‌كانى ئه‌م ڕێژانه له ناوخۆدا به بڕێكى ڕێژەیى و له په‌راوێزێكى فراوان و له‌ده‌ورى ئاسته مامناوهندهكاندا بهێڵنه‌وه، كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگى له بازاڕەكاندا هاوتا بێت. هه‌روه‌ها په‌راوێزێك بهێڵنه‌وه، به مه‌به‌ستى دروستكردنى بڕێكى گه‌وره‌تر یان كه‌متر له‌و پاره‌یه‌ى كه بڕیاره به هۆى ئامانجى چه‌ندایه‌تى بۆ حه‌وزى دراو سنووردار بكرێت[12].
ب. نرخى خه‌رجكردن: نرخى ئاڵوگۆڕى دراو ئاماژەدهرێكى گرنگه بۆ نیشاندانى بارودۆخى ئابووریى هه‌ر وڵاتێك، چونكه ئه‌م ڕێژەیه ده‌بێت له ئاستێكى نزیك له ئاستى هێزى كڕین بێت. هه‌روه‌ها سیاسه‌تى دراو ده‌توانێت له هاوسه‌نگیى ئابووریدا به‌شدارى بكات، به ئامانجى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى ئاڵوگۆڕى پاره‌ى نه‌ختینه له‌به‌رانبه‌ر دراوهكانى دیكه‌دا. هه‌روه‌ها هۆكارێكیشه بۆ دابه‌زاندنى هه‌ڵئاوسان كه ئامانجى كۆتایى سیاسه‌تى دراوه. سه‌قامگیریى نرخى ئاڵوگۆڕى دراویش ده‌بێته هۆى سه‌قامگیریى بارودۆخى ئابووریى وڵات له‌به‌رانبه‌ر ده‌ره‌وه‌دا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه هه‌ندێك له وڵاته‌كان به ئامانجى مكوڕبوونیان له‌سه‌ر سه‌قامگیریى دراوه‌كه‌یان[13]، دراوه‌كانیان به دراوى به‌هێزه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه.
بۆ زانینى ستراتیژیه‌تى ئابوورى و دارایى هه‌ر حكومه‌تێك، ڕێژەى ئاڵوگۆڕى دراو ڕۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕێت، بۆیه نهخهمڵاندنى نرخێكى گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕى دراو، چه‌ندین ده‌ره‌نجامى نه‌رێنیى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌وانه:
- هه‌ڵئاوسانى گه‌وره‌ى بازاڕەكانى ئاڵوگۆڕ، به‌تایبه‌تى له دۆخى كڕین و فرۆشتن و ڕەفتارى نادروست و ناعه‌قڵانیدا، ده‌بێته هۆى بێ‌توانایى بانكه ناوه‌ندییه‌كان له به‌ڕێوه‌بردن و كۆنترۆڵكردنى نرخى ئاڵوگۆڕكردندا.
- پارێزگاریكردن له ئاستێكى نزمترى ڕێژەى دراو ده‌بێته هانده‌رى فشاره‌كانى هه‌ڵئاوسان، ده‌بێته هۆى گرتنه‌به‌رى سیاسه‌تێكى ئاسان له كورتخایه‌ندا، له به‌رامبه‌ردا ده‌بێته هۆى لاوازبوونى تواناى پیشه‌سازى و ههناردهكاریى وڵات له درێژخایه‌ندا.
- هه‌وڵدان بۆ ڕاگرتنى ئاستێكى به‌رزتر له ڕێژەى دراو، ده‌بێته هۆى دروستبوونى فشارى دابه‌زینى هه‌ڵئاوسان له‌سه‌ر تاكه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆى نه‌مانى هه‌ندێك دامه‌زراوه كه تواناى خۆگونجاندنیان نییه، ئه‌مه‌ش گه‌شه‌كردن خاو ده‌كاته‌وه و ده‌بێته هۆى سیاسه‌تێكى توند كه ده‌توانێت ببێته هۆى شكست.
له‌به‌ر ئه‌وه ئابوورییه فراوان و جۆراوجۆره‌كان كه به كرانه‌وه‌یه‌كى كه‌م به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌دا ده‌ناسرێنه‌وه، به هاوبه‌شێكى ئابووریى بنه‌ڕە‌تییه‌وه په‌یوه‌ستن، له هه‌موو ئامانجه ناوهندییهكانى سیاسه‌تى دراودا ناتوانن جه‌خت بكه‌نه سه‌ر تێكڕاى ئاڵوگۆڕ، چونكه له دۆخى كڕین و فرۆشتنى دراوێكى دیاریكراودا، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هۆكارێكى بابه‌تى ئابوورى نه‌بێت، ئه‌وا بانكى ناوه‌ندى ده‌توانێت له‌به‌رانبه‌ر زیاده‌ڕۆیى له دروستكردنى دراوى نیشتمانیدا یه‌ده‌گى دراوى قورسى خۆى ته‌واو بكات، تاوه‌كوو بتوانرێت له ناوخۆدا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت[14].
ج. حه‌وزى دراوى مامناوه‌ند
بریتییه له نیشانده‌رى ئامارى بۆ بڕى پاره‌ى دهستاودهستكراو، ڕەنگدهرهوهى تواناى ئابووریناسه داراییه نیشتهجێبووهكانه بۆ خه‌رجكردن، له‌لاى دراوناسهكانیش ئامانجى ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵاتى دراوه، ئه‌مه‌ش به جێگیركردنى ڕێژەى گه‌شه‌ى بارسته‌ى پاره له ئاستێكدا كه له ڕێژەى ڕاسته‌قینه‌ى گه‌شه‌ى ئابوورى نزیكه[15].
له‌نێو پاساوه‌كانى به‌كارهێنانى كۆى پاره وه‌ك ئامانجى ناوه‌ندى، ئه‌مانه‌ى خواره‌وه هه‌ن:
- حه‌وزى دراو سه‌رنجى بانكه ناوه‌ندییه‌كان ڕاده‌كێشێت، چونكه هه‌ژماركردن و دیاریكردنى له ئه‌ستۆى ئه‌وانه.
- جه‌ماوه‌ر ده‌توانێت به‌ئاسانى بیناسێته‌وه، بۆیه هه‌مووان ده‌توانن بارسته‌ى دراوه‌كه بناسنه‌وه و بیخه‌مڵێنن.
- ئامانجه كۆتاییه‌كانى سیاسه‌تى دراو
ئامانجه كۆتاییه‌كانی سیاسه‌تی دراو به‌و نیشانده‌رانه پێناسه ده‌كرێن كه وڵاتێك له چوارچێوه‌ی ئامانجه ئابوورییه گه‌وره‌كاندا هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى ده‌دات، به جۆرێك ستراتیژی سیاسه‌تی دراو به ده‌ستنیشانكردنی ئامرازه دراوییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات كه بۆ دروستكردنى كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئامانجه سه‌ره‌تاییه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت، دواتر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئامانجه مامناوه‌ندییه‌كان ده‌بێت تاوه‌كوو بگاته ئه‌و ئامانجه كۆتاییانه‌ی كه له‌ژێر ڕۆشنایی ئامانجه ئابوورییه گشتییه‌كاندا به‌گشتی ده‌یكێشێت.
به‌گشتى ڕێكکهوتنێكى فراوان له‌سه‌ر ئامانجه سه‌ره‌كى و كۆتاییه‌كانى سیاسه‌تى ئابوورى به شێوه‌یه‌كى گشتى[16] و سیاسه‌تى دراو به شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت[17] هه‌ن، كه بریتین له:
أ. به‌ده‌ستهێنانى سه‌قامگیرى له ئاستى گشتیى نرخه‌كاندا
ب. گه‌یشتن به ئاستێكى به‌رزى به‌كارهێنان
ج. هاندانى گه‌شه‌ى ئابوورى
د. هاوسه‌نگیى ترازووى پاره‌دان
ئه‌و ئامانجانه‌ش به‌م جۆره ڕوون ده‌كرێنه‌وه:
- به‌دیهێنانى سه‌قامگیری له ئاستی گشتیی نرخه‌كاندا
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی هه‌موو كاڵاكان به هه‌ڵئاوسان ده‌ناسرێت، ئێمه به‌ساده‌یی به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گشتیی نرخه‌كان ناوزه‌دى ده‌كه‌ین. بۆچوونی ئابووریناسان له‌سه‌ر هه‌ڵئاوسان زۆر جیاوازه، هه‌ندێكیان به گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی ده‌زانن، هه‌ندێكی تریش پێیان وایه هه‌ڵئاوسانێكی كه‌م له هه‌ر قۆناغێكی بووژانه‌وه‌ی ئابووریدا سروشتییه. به‌ڵام هه‌ڵئاوسان به هۆى كاریگه‌رییه جیاوازه‌كانیه‌وه بابه‌تێكى نه‌خوازراوه، چونكه هه‌ندێك له خه‌ڵكى له هه‌ندێكی دیكه‌یان زیاتر زیانیان پێ ده‌گات، له كاتێكدا هه‌ندێكیان ده‌توانن داهاته‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كاندا بگونجێنن، وه‌ك بازرگانان، كه له‌گه‌ڵ زیادبوونی ههڵئاوساندا قازانجیان زیاد ده‌كات. هه‌ر چى كرێكارانه، له ڕێگه‌ى سه‌ندیكاكانى كرێكارانه‌وه ده‌توانن پارێزگارى له ئاستى كرێكانیان بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكى دیكه له‌و كه‌سانه‌ى كه ئاستى داهاتیان دیاریكراوه وه‌كوو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه مووچه‌ى خانه‌نشینى وه‌رده‌گرن، به هۆى زیادبوونى ڕێژەى هه‌ڵئاوسانه‌وه داهاتیان به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت[18].
- به‌دیهێنانى ئاستێكی به‌رزی به‌كارهێنان
واته به‌ده‌ستهێنان و به‌كارهێنانی گونجاوی هه‌موو سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانی به‌رده‌ست له كۆمه‌ڵگادا. ئامانجی گه‌یشتنه به ئاستێكی به‌رزی به‌كارخستن. به‌كارهێنانی گونجاوی هه‌موو سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانی به‌رده‌ست له كۆمه‌ڵگادا، یه‌كێكه له گرنگترین ئامانجه كۆتاییه‌كان كه سیاسه‌تی دراو كار بۆ به‌دیهێنانی ده‌كات. به‌كارنه‌هێنانی باشترین سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان، یان په‌ككه‌وتنى هه‌ندێك سه‌رچاوه له كاركردن، تێچووی ده‌رفه‌تی به‌دیلى ئه‌م ئابوورییه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. لێره‌دا پێویسته ئاماژە به‌وه بكه‌ین كه ئامانجى به‌دیهێنانى بهكارخستنێكى ته‌واو واته ڕێگه‌دان به تێكڕاى بێكاریى نزم كه له‌نێوان (3–5%)دایه[19]، ئه‌م ڕێژە ڕێگهپێدراوهش به چه‌ماوه‌ى فلیپس ناو ده‌برێت و له هێڵكاریی ژماره یه‌كدا ڕوون كراوه‌ته‌وه.
هێڵكاریی ژماره (1)
چه‌ماوه‌ى فلیپس (ڕێژەى ڕێگه‌پێدراوى هه‌ڵئاوسان)
- هاندانی گه‌شه‌ی ئابووری
سیاسه‌تی دراو له ڕێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی قه‌باره‌ی قه‌رز و تێچووه‌كه‌یه‌وه له هاندانی گه‌شه‌ی ئابووریدا به‌شداره، ئه‌مه‌ش به واتای به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌رهه‌می ناوخۆیی ڕاسته‌قینه‌ی وڵات دێت، بانكی ناوه‌ندییش ده‌توانێت گۆڕانكاری له قه‌باره‌ی كۆی یه‌ده‌گی بانكه بازرگانییه‌كان و توانای دروستكردنی قه‌رز و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر قه‌باره‌ی قه‌رزی بانكی بكات. سیاسه‌تى فراوانخوازیى دراو ده‌توانێت ڕێژەى سوودى نزم بهێڵێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هانده‌رى زیادبوونى خواست له‌سه‌ر قه‌رز و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌ى ئابوورى[20].
- هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ى ته‌رازووى پاره‌دان
سیاسه‌تى دراو ده‌توانێت دۆخى ناهاوسه‌نگى له تەرازووى پاره‌داندا هاوسه‌نگ بگات. له ئه‌گه‌رى كورتهێناندا، بانكى ناوه‌ندى ڕێژەى داشكاندن به‌رز ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش هانى سه‌رمایه‌ى كورتخایه‌ن ده‌دات كه به‌ره‌و ناوه‌وه بچێت بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ى ته‌رازووى پاره‌دان یان گواستنه‌وه‌ى بۆ دۆخى سوود و كه‌ڵكێكى بێ‌شومار[21].
ده‌كرێت ئامانجه كۆتاییه‌كانى سیاسه‌تى دراو كه به “چوارگۆشه‌ى جادوویى كالدۆر[22]” ده‌ناسرێت، له هێڵكاریی ژمارە دوودا پوخت بكرێته‌وه، به‌م شێوه‌یه:
هێڵكاریی ژماره (2)
ئامانجه كۆتاییه‌كانى سیاسه‌تى دراو
سەرچاوە: قدي عبد المجيد، المدخل إلى السياسات الاقتصادية الكلية – دراسة تحليلية تقييمية، ط1، ديوان المطبوعات الجزائرية، الجزائر، 2003، ص34.
ئه‌و وێنه‌یه‌ى سه‌ره‌وه ده‌ریده‌خات هه‌ر كاتێك له ناوه‌ند نزیك ببینه‌وه، ئه‌وا بارودۆخ باشتر ده‌بێت، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك دووچارى داڕێژەران و پلاندانه‌رانى سیاسه‌تى ئابوورى ده‌بێته‌وه كه په‌یوه‌سته به پێكدادانى ئامانجه‌كانى سیاسه‌تى دراو، چونكه به نزیكبوونه‌وه له ئامانجێك، ده‌بێته هۆى دووركه‌وتنه‌وه له ئامانجێكى دیكه، هه‌ر چه‌نده له ڕووى پره‌نسیپه‌وه پێكدادان نییه له‌نێوان به‌كارخستنى ته‌واو و گه‌شه‌ى ئابووریدا، به‌ڵام لێكدژییهكه له‌نێوان هاوسه‌نگكردنى ته‌رازووى پاره‌دان و به‌گه‌ڕخستنى ته‌واوه‌تییه، هه‌روه‌ها دژایه‌تییه له‌نێوان بێكارى و ههڵئاوساندا، له‌نێوان سه‌قامگیریى نرخه‌كان و گه‌شه‌ى ئابووریدا. له‌به‌ر ئه‌وه گرنگه بۆ پلاندانه‌رانى سیاسه‌تى دراو ڕەههندهكانى ئه‌و ئامانجانه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌دیی بهێنن، به‌هه‌ند بگرن. به له‌به‌رچاوگرتنی گرنگیی ئامانجی كۆتایی بۆ سیاسه‌تی دراو، پێویسته ئه‌م ئامانجه پێناسه بكرێت و فۆرمێكی ورد هه‌ڵبژێردرێت كه خزمه‌ت به بارودۆخی ئابووری بكات.
سێیه‌م: ئامرازه‌كانى سیاسه‌تى دراو
بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو به شێوه‌یه‌كى نموونه‌یى ئامانجه‌كانى سیاسه‌تى دراو جێبه‌جێ بكه‌ن، پێویسته ئامرازى نه‌ختینه‌یى گونجاو هه‌ڵبژێرن. ئامرازه‌كانى سیاسه‌تى دراو له‌لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ یه‌كێكى تر جیاوازه، ئه‌وه‌ش به هۆى سروشت و بارودۆخى دۆخى ئابووریى ئه‌م ده‌وڵه‌ته له‌وی تر، هه‌روه‌ها به هۆى سروشت و ئامانجه گشتییه‌كانى سیاسه‌تى ئابوورى كه ئامانجه سیاسییه‌كانی دراو به‌شێكه لێى، ئه‌وله‌ویاتى جێبه‌جێكردنى ئه‌م ئامرازانه له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكى تر جیاوازه.
هه‌ر ده‌بێت ئاماژە به‌وه بكه‌ین كه ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو كاتێك سیاسه‌تێكى دراو له ده‌وڵه‌تێكدا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وله‌ویاتى ئامانجه سیاسییه‌كانى دراو ده‌ستنیشان بكه‌ن كه ده‌توانن ئه‌و ئامانجانه به‌دی بهێنن، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیاریى ده‌سه‌ڵاتدارانى دراو له باره‌ى سیاسه‌تى گشتیى ئابووریى ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌بێت[23]. ئامرازه سیاسییه‌كانى دراو بۆ ئامرازى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ دابه‌ش ده‌بن، به‌م شێوه‌یه:
- ئامرازى چه‌ندایه‌تى (ناڕاسته‌وخۆ)
ئه‌م ئامرازانه ئامانجیان كاریگهریدانانه له‌سه‌ر بڕى قه‌رزه‌كه نه‌ك كوالێتییه‌كه‌ى، واته كاریگه‌رى له‌سه‌ر بڕى یه‌ده‌گى نه‌ختینه له سیستمى بانكى و ئامرازه‌كانى كۆنترۆڵكردنى ناڕاسته‌وخۆدا. ئه‌وه‌ش به شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان له‌و وڵاتانه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت كه خاوه‌نى سیستمى بانكیى پێشكه‌وتوون و بازاڕى دارایى و دراوى پێشكه‌وتوویان هه‌یه. ئه‌م ئامرازانه بریتین له گۆڕینى ڕێژەى داشكاندن و كاركردنى بازاڕى كراوه و گۆڕینى ڕێژەى یه‌ده‌گى نه‌ختینه‌یى یاسایى، كاریگه‌ریى ناڕاسته‌وخۆ تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌و ئامرازانه‌یه و كاریگه‌ریى ڕاسته‌وخۆى له‌سه‌ر بڕى پاره‌ى نه‌ختینه نییه. به‌و پێیه‌ى بانكى ناوه‌ندى سه‌ره‌تا كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بانكه بازرگانییه‌كان ده‌بێت، دواتر بانكه بازرگانییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر قه‌رزه‌كه ده‌بێت.
أ. نرخى دووباره داشكاندن
ئه‌م ئامرازه كۆمه‌ڵێك ڕێكار له‌خۆ ده‌گرێت كه ئامانجیان كاریگهریدانانه له‌سه‌ر ئاستى ئه‌و قه‌رزه‌ى كه بانكى ناوه‌ندى پێشكه‌شى بانكه‌كانى ده‌كات. گرنگترینى ئه‌م ڕێكارانه‌ش، ڕێژەى دووباره داشكاندنه كه بریتییه له ڕێژەى ئه‌و سووده‌ى كه بانكى ناوه‌ندى له‌به‌رانبه‌ر داشكاندنى قه‌واڵه‌كان و كاغه‌زه داراییه‌كان یان به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشینانه‌ى ده‌یبه‌خشێت، له بانكه‌كانى وه‌رده‌گرێت[24].
سیاسه‌تى دووباره داشكاندن كاریگه‌ریى له‌سه‌ر قه‌رزى بانكى هه‌یه، به هه‌مان شێوه كاریگه‌ریى له‌سه‌ر خستنه‌ڕووى پاره‌ش هه‌یه، به پێى ئه‌م میكانیزمه‌ى خواره‌وه[25]:
– ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندی هه‌ست به‌وه بكات كه ڕێژەی پاره له ئه‌نجامی فراوانبوونی زۆری قه‌رزه‌كان بۆ ئاستێكی نه‌خوازراو به‌رز بووه‌ته‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی نرخه‌كان دروست ده‌كات، ئه‌وا به ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی كۆی گشتیی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه له سووڕاندایه، ده‌بێت له گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێكی دراوی بچووككراوهدا په‌له بكات، هه‌روه‌ها به به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژەی دووباره داشكاندن، ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و سیاسه‌ته كار بكات، واته به‌رزكردنه‌وه‌ی تێچووی قه‌رز یان نه‌ختینه‌یی كه پێشكه‌شی بانكه بازرگانییه‌كانى ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌رزكردن له بانكی ناوه‌ندی، ئه‌مه‌ش له به‌رامبه‌ردا ده‌بێته هۆی نه‌بوونی یه‌ده‌گی پاره‌ی پێویست له بانكه بازرگانییه‌كان به مه‌به‌ستی فراوانكردنی قه‌رزكردن یان قه‌رزدان.
– به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر بانكی ناوه‌ندی به ئامانجی زیادكردنی دابینكردنی پاره[26] بۆ بووژاندنه‌وه‌ی چالاكییه ئابوورییه‌كان بیه‌وێت سیاسه‌تێكی دراوی فراوانخوازی پهیڕەو بكات، ئه‌وا په‌نا ده‌باته به‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژەی داشكاندنه‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش هانی بانكه بازرگانییه‌كان ده‌دات بۆ داواكردنی نه‌ختینه‌یی زیاتر له بانكی ناوه‌ندییه‌وه، له ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له سه‌روه‌ت و سامانه داراییه‌كانیان بۆ پاره‌ی یاسایی به مه‌رجێك تێچووی به‌ده‌ستهێنانی كه‌م بێت، به‌مه‌ش یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌یی خۆی و توانای دروستكردنی قه‌رز زیاد ده‌كات.
ب. بازاڕی ئازادی كراوە
بانكی ناوه‌ندی وه‌ك فرۆشیار یان كڕیاری كاغه‌زه داراییه‌كان و حكومییه‌كان ده‌چێته ناویه‌وه. بانكه ناوه‌ندییه‌كان ده‌توانن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر نه‌ختینه‌ی بانكه‌كان هه‌بێت، دواتریش بۆ ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕێژەی سوود هه‌بێت، له ڕێگه‌ى كڕین و فرۆشتنی كاغه‌زه داراییه حكومییه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كشانه‌وه‌ی نه‌ختینه‌ی بانكه‌كان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. كاتێك ئه‌ركی بانكی ناوه‌ندی ده‌بێته سنوورداركردنی فراوانبوونی ڕێژەی پاره، كه ته‌ریبه له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گشتیی نرخه‌كاندا، ئه‌وا بانكه‌كه ئه‌و كاغهزانه له بازاڕە دارایی و دراوییهكاندا ده‌فرۆشێت، ئه‌م كاره‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ى كڕیاران ئه‌و كاغهزانه به شێوه‌ی نه‌ختینه‌ی شل له بانكی ناوه‌ندی بكڕن، ئه‌و كاره‌ش یارمه‌تیده‌ره بۆ هه‌ڵمژین یان كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌ختینه‌ی به‌رز له ئابووریدا، یان له ڕێگه‌ی پاره‌دان به چێك كه له بانكه بازرگانییه‌كان ڕاده‌كێشرێن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی ئه‌م بانكه بازرگانییانه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا هاتنه‌ناوه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی وه‌ك فرۆشیاری كاغه‌زه داراییه‌كان، ده‌بێته هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى توانای بانكه بازرگانییه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی قه‌رز، ئه‌مه‌ش به‌شدار ده‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه گشتییه‌كان و له ئه‌نجامدا سه‌قامگیریى نرخه‌كانى لێ ده‌كه‌وێته‌وه. پێچه‌وانه‌كه‌شی كاتێك ڕوو ده‌دات كه بانكی ناوه‌ندی به ئامانجی جووڵاندنی چالاكیی ئابووری سیاسه‌تێكی دراو بگرێته به‌ر، ڕۆڵی كڕیاری بۆند و پشكی دارایی له بازاڕی دراو و داراییدا بگێڕێت[27].
ج. ڕێژەی یه‌ده‌گی یاسایی
ئه‌و ڕێژەیه كه له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه به‌سه‌ر دراوی بانكی بازرگانیدا ده‌سه‌پێنرێت، له كاتێكدا ئه‌و ڕێژەیه ده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ هه‌ژمارى بانكی بازرگانی ده‌یگوازێته‌وه، ئه‌م ڕێژەیهش به پێی ئه‌و بارودۆخه ئابوورییه دیاری ده‌كرێت كه وڵات پیایدا ده‌ڕوات. ئامانجی ڕاسته‌وخۆی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م وه‌به‌رهێنانانه له بانكی ناوه‌ندیدا، دڵنیابوونه له سه‌لامه‌تیی پاره‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران، چونكه ئه‌م پارانه بۆ قه‌رزدان به‌و بانكانه به‌كار ده‌هێنرێن كه ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی یان نه‌بوونی نه‌ختینه ده‌بنه‌وه، به مه‌به‌ستی پاراستنی دۆخی داراییان به‌باشی، هه‌روه‌ها دڵنیاكردنه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنه‌رانه له پاره‌كانیان. ئامانجێكی تری لێبڕینى ئه‌م وه‌به‌رهێنانه وه‌ك یه‌ده‌گی یاسایی، بۆ كاریگهریدانانه له‌سه‌ر دابینكردنی پاره‌ی بانكه بازرگانییه‌كان. به نموونه؛ له حاڵه‌ته‌كانی داكشانى ئابووریدا بانكی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌دات ڕێژەی یه‌ده‌گی یاسایی كه‌م بكاته‌وه، تاوه‌كوو بانكه‌كان بڕێكی زیاتری وه‌به‌رهێنانیان هه‌بێت، به مه‌به‌ستى به‌كارهێنانى بۆ پێدانی قه‌رز، پاشان فراوانكردنى دابینكردنی پاره به مه‌به‌ستى ڕزگاربوون له دۆخى داكشانى ئابووری.
بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووی پاره بۆ قه‌رزوه‌رگران، به دوو شێوه زیادكردنی ڕێژەی پاره به پێویست ده‌زانرێت؛ یه‌كێكیان به هۆی ئه‌و كێبڕكێیهوهیه كه له ئه‌نجامی زیادكردنی پاره‌ی بانكه‌كان ڕوو ده‌دات، كه ده‌بێته هانده‌رى كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژەی سوود تاوه‌كوو زیاتر سه‌رنجى قهرزوهرگرهكان ڕابكێشێت. دووه‌میان، كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی پاره‌یه له‌سه‌ر بانكه بازرگانییه‌كان، هه‌ر چه‌نده چه‌ندین هۆشدارى له به‌كارهێنانی ئه‌م سیاسه‌ته ده‌درێت، ئه‌م سیاسه‌ته‌ش له حاڵه‌تی ههڵئاوساندا كاریگه‌رتره وه‌ك له حاڵه‌تی داكشانى ئابووریدا، ئه‌وه‌ش به هۆى دابه‌زینى خواسته له‌سه‌ر قه‌رز له دۆخى داكشاندا. ڕەخنهی ئه‌وه‌شى لێ ده‌گیرێت له به‌دیهێنانى كاریگه‌ریى خوازراودا، ورد و تواناى كشانى نییه. هه‌ر چه‌نده گۆڕینی ڕێژەی یه‌ده‌گ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕێژەیهكی كه‌میش بێت، ڕەنگه كاریگه‌ریی زیاترى له‌سه‌ر دابینكردنی پاره هه‌بێت له‌وه‌ی كه له سه‌ره‌تادا پێویسته. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گى زیاده له بانكه بازرگانییه‌كاندا هه‌بێت، كاریگه‌ریى ئه‌م سیاسه‌ته كۆتایى دێت.
گۆڕینى ڕێژەى یه‌ده‌گى یاسایى له ماوهیهكەوە بۆ ماوه‌یه‌كى تر، ستراتیژى وه‌به‌رهێنان و ستراتیژى ده‌ستكه‌وتنى پاره و خه‌مڵاندنى تێچوونى له‌لاى بانكه بازرگانییه‌كان دووچارى شڵه‌ژان ده‌كات. دواجار ئه‌م ڕێژەیه ڕەخنهى ئه‌وه‌ى لێ ده‌گیرێت كه جیاوازى له‌نێوان بانكه بچووك و گه‌وره‌كاندا ناكات، یان له‌نێوان ئه‌وانه‌ى كه یه‌ده‌گى زیاده‌یان هه‌یه یان یه‌ده‌گیان نییه. له به‌رامبه‌ردا یه‌كێك له باشییه‌كانی به‌كارهێنانی ڕێژەی یه‌ده‌گی یاسایی ئه‌وه‌یه كه له‌و وڵاتانه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت كه بازاڕی داراییان لاوازه، هه‌روه‌ها به خێراییه‌كه‌ی له دروستكردنی كاریگه‌ریی خوازراو له‌سه‌ر دابینكردنی پاره جیا ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به هۆى كۆنترۆڵى بانكى ناوه‌ندى به‌سه‌ریدا به شێوه‌یه‌كى ته‌واوه‌تى، به پێچه‌وانه‌ى ئامرازه‌كانى دیكه‌وه كه پشت به ڕەفتارى بانكه بازرگانییه‌كان ده‌به‌ستن[28].
- ئامرازی جۆرى (ڕاسته‌وخۆ)
مه‌به‌ست لێی چاودێریكردنی ئه‌و ئاڕاستانهیه كه بانكه بازرگانییه‌كان قه‌رز و وه‌به‌رهێنانی جۆراوجۆرى تێدا دابه‌ش ده‌كه‌ن، ئامانج لێی ئاڕاسته‌كردنی قه‌رزه به‌ره‌و هه‌ندێك كه‌رت كه به گرنگی ستراتیژی دیاریكراو یان به فراوانبوونی نه‌خوازراو له كه‌رته‌كانی تردا ده‌ناسرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ڕێژەی سوودی تایبه‌ته‌وه، وه‌ك ئاسانكردنی مه‌رجه‌كانی پڕۆژە پیشه‌سازییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان بۆ وه‌رگرتنى قه‌رز به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه بۆ وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره یان بۆ كڕینی قه‌واڵه به مه‌به‌ستی كڕین و فرۆشتن ده‌درێن. ئه‌مه‌ش له به‌رامبه‌ردا ده‌بێته هۆی ئاڕاسته‌كردنی ڕەخنه بۆ كه‌ناڵه نوێیه‌كان، كه باشتركردنی دۆخی ئابووری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژەی گه‌شه‌ی به‌رهه‌می نیشتمانیی وڵات له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن[29].
گرنگترین ئه‌و ئامرازانه‌ی كه بانكی ناوه‌ندی به‌كاریان ده‌هێنێت بریتین له:
- ڕێنماییكردنى قه‌رز
ئه‌م سیاسه‌ته وه‌ك ته‌واوكه‌ر و پشتیوانى سیاسه‌ته‌كانی دیكه‌ى دراوه، له‌ده‌وری ڕێكخستنی ئه‌و قه‌رزانه ده‌سووڕێته‌وه كه بۆ كڕینی كاڵای به‌كاربه‌ری جۆراوجۆر ده‌درێن، به مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنی بڕى پاره و ماوه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه و قه‌باره‌ی یه‌كه‌م پاره‌دانیان، بانكی ناوه‌ندی له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ر و كۆنترۆڵى كێشه ئابوورییه‌كانی وه‌ك هه‌ڵئاوسان یان داكشان بكات[30].
- كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ
بانكی ناوه‌ندی قایلبوونى یان ڕەتكردنهوهى ده‌كاته مه‌رج له‌سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه له‌لایه‌ن بانكه بازرگانییه‌كانه‌وه به هه‌ندێك كه‌رت ده‌درێن. هه‌روه‌ها ئه‌م شێوازه هه‌ندێك ڕێوشوێنی زۆره‌ملێیانه له‌خۆ ده‌گرێت كه به‌سه‌ر بانكه بازرگانییه‌كاندا ده‌سه‌پێنرێت، له دۆخى پابه‌ندنه‌بوونیان به‌و یاسا و ڕێنماییانه‌ى كه چالاكیى بازرگانى ڕێك ده‌خه‌ن[31]. ئه‌م ڕێوشوێنه ڕاسته‌وخۆیانه بریتین له به‌كارهێنانی ڕێژەی سوودی جیاواز، یان سه‌پاندنی ڕێژەی نرخى داشكاندنی هه‌ڵبژێردراو له‌سه‌ر كاغه‌زه داراییه‌كان، یان به‌خشینى مافى ئاڵوگۆڕى ڕێژەى یه‌ده‌گى یاسایى جۆرێكى دیاریكراو له قه‌رزه‌كان به بانكه بازرگانییه‌كان[32].
- ڕازیكردنی ئه‌خلاقی
بانكی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌دات به به‌كارهێنانی میتۆدی ڕازیكردنی ئه‌خلاقی یان سیاسه‌تی ڕاشكاوانه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بانكه بازرگانییه‌كان هه‌بێت، تاوه‌كوو ئه‌م سیاسه‌تانه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌دا بگونجێنێت كه هه‌وڵى به‌دیهێنانیان ده‌دات، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ى به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ریی خۆى به پێدانی ئامۆژگاری و ڕێنمایی له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردنی بڵاوكراوه‌ى خولى له ڕۆژنامه و گۆڤار و میدیا جۆراوجۆره‌كاندا، به مه‌به‌ستى ڕازیكردنی بانكه بازرگانییه‌كان و دامه‌زراوه داراییه‌كانی تر بۆ پهیڕەوكردن یان په‌سه‌ندكردنى سیاسه‌تێكی دیاریكراو. به‌ڵام ئه‌م شێوازه ئه‌گه‌ر ئامرازه‌كانى دیكه پاڵپشتیى نه‌كه‌ن كاریگه‌ریى نابێت، چونكه گۆڕینى ڕەفتارى بانكه بازرگانییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى دیكه له ڕێگه‌ى ههڕەشهى زاره‌كى یان پێشكه‌شكردنى ئامۆژگارى و ڕێنمایى كارێكى ئاسان نییه. له‌مانه‌ی پێشووه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه بانكی ناوه‌ندی په‌نا ده‌باته به‌ر به‌كارهێنانى ئامرازی جۆراوجۆر (ڕاسته‌وخۆ، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی)، به مه‌به‌ستى گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی دراو كه به‌شێكه له سیاسه‌تی ئابووریی گشتی، هه‌روه‌ها به له‌به‌رچاوگرتنی یه‌كده‌نگی و هاوئاهه‌نگیی نێوان ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌كار ده‌هێنرێن له لایه‌ك، گونجانی سیاسه‌تی دراو له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی دیكه له لایه‌كی دیكه‌وه[33].
جۆره‌كانی سیاسه‌تی دراو[34]:
- سیاسه‌تی دراوی داكشاو
ئه‌م جۆره له سیاسه‌تی دراو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخى هه‌ڵئاوسان ده‌كات كه دووچارى ئابووریی وڵاتێك ده‌بێت، به هۆى سنوورداركردنی دروستكردنی پاره و پاشه‌كشه‌ى پڕۆسه‌ی كڕینی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان له كاتی داكشانى تواناى كڕیندا.
- سیاسه‌تی دراوی فراوانخواز
ئامانجی ئه‌م سیاسه‌ته بریتییه له چاره‌سه‌ركردنی قۆناغه‌كانی چه‌قبه‌ستوویی یاخود داكشان كه ئابووریی نیشتمانی پیایدا گوزه‌ر ده‌كات، واته ڕەوتی ڕاسته‌قینه له ڕەوتی نه‌ختینه زیاتره، بۆیه بانكی ناوه‌ندی به‌دوای زیادكردنی پاره‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌م جۆره زیادكردنی خواست له‌سه‌ر كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان زیاد ده‌بێت، چونكه زیادبوونى دراو ده‌بێته هۆى زیادبوونى داهاتى تاك و دامه‌زراوه‌كان و له‌سه‌ر كڕینى خواستى كاڵاى ههمهجۆر هانیان ده‌دات.
سیاسەتی دراو و هەرێمی كوردستان
سیاسەتى دراو لە عێراق و هەرێمى كوردستان هەمان سیاسەتە، چونكە بە پێى دەستوور هەرێمى كوردستان بەشێكە لە عێراقى فیدراڵ، بەڵام عێراق زیاتر لە هەرێم سوودى لەم سیاسەتە و نیشاندەر و ئامرازەكانى بینیوە، بەو پێیەى حكومەتى عێراقى هەرێمى پابەند كردووە بە جێبەجێكردنى بەندەكانى سیاسەتى دراو، بەڵام بە هەمان ئەندازە شایستە داراییە دراوییەكانى بە هەرێم نەبەخشیوە، هەر ئەوەش وای كردووە هەرێم بە بڕێكى گەورە سوود لەم سیاسەتە نەبینێت یان نەبێتە بەشێك لەو سیاسەتە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناكۆكییە سیاسییانەى لەنێوان عێراقى فیدراڵ و هەرێمدا هەیە و لێكەوتەى نەرێنیى لەسەر بوارى دراو و دارایى هەبووە.
پێویستە لەسەر حكومەتى هەرێم هەندێك ڕێكارى پێویست بگرێتە بەر تاوەكوو بتوانێت چارەسەرى ئەم كێشە هەڵپەسێردراوانە لەنێوان خۆى و حكومەتى عێراقدا بكات، چ ئەو كێشانەى پەیوەستن بە بودجەى هەرێمى كوردستان و پشكى لە داهاتەكانى حكومەتى فیدراڵى یان كێشە سیاسى و ئابووری و دارایى و دراوییەكانەوە. لەو ڕێكار و سیناریۆیانەى كە ئێستا حكومەتى هەرێم دەتوانێت پەیڕەویان بكات، ئەمانەن:
- چالاككردنى لقى بانكى ناوەندیى عێراقى لە هەریەكە لە هەولێر و لە سلێمانى، ڕاستەوخۆ بەستنەوەیان بە بانكى ناوەندیى عێراقەوە، تاوەكوو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت چارەسەرى دواكەوتنى خەرجكردنى شایستەكانى هەرێم لەلاى حكومەتى ناوەندى بكات.
- چالاككردنى ڕۆڵى نوێنەرایەتیى حكومەتى هەرێم لە بەغدا لە ڕێگەى ئەنجامدانى چەندین چالاكییەوە كە تایبەت بن بە گەشەپێدانى پەیوەندییەكانى نێوان هەردوو لا (حكومەتى فیدراڵى و حكومەتى هەرێم)، ئەنجامدانى كۆبوونەوەى بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانى عێراق.
- كردنەوەى لقێكى نوێنەرایەتیى حكومەتى فیدراڵى لە هەریەكە لە پارێزگاكانى هەولێر و سلێمانى، هەماهەنگى لەنێوان ئەم نوێنەرایەتییانە و نوێنەرایەتیى حكومەتى هەرێم لە بەغدا، تاوەكوو پێكەوە بتوانن چارەسەرى كێشە هەڵواسراوەكانى نێوان هەردوو لا بكەن.
- بەستنەوەى بانكە حكومییەكان لە هەرێم لەگەڵ بانكى ناوەندى لە عێراقى فیدراڵى، تاوەكوو هاوڵاتییانى هەرێم و ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم بتوانن سوود لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە ببینن كە ئەم بانكانە لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق پێشكەشى هاوڵاتییانى عێراق دەكات.
- بەشداریكردنى لایەنە پەیوەندیدارەكانى حكومەتى هەرێم لە كاتى دروستكردنى سیاسەتەكانى ئابوورى و دارایى و دراوى و بازرگانى لە عێراقى فیدراڵ، تاوەكوو ئەم سیاسەتانە تەنها لە بەرژەوەندیى لایەنێكى دیاریكراو و فەرامۆشكردنى لایەنەكانى دیكە لە دەوڵەتدا نەبن.
دەرئەنجام
- سه‌قامگیریى سیستمى بانكى: بۆ به‌گه‌ڕخستنى چالاكیى ئابوورى و پاراستنى له لێكه‌وته ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؛ به كارێكى پێویست داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش به هۆى ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ى كه سیستمى بانكى له ئابووریى هاوچه‌رخدا ده‌یگێڕێت.
- لاوازیى ئامرازه‌كانى سیاسه‌تى دراو كه له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندیى عێراقییه‌وه پهیڕەو ده‌كرێت، به هۆى:
– سنوورداریی بازاڕی بۆرسه له عێراق، به‌تایبه‌ت بازاڕی به‌غدا، به‌و پێیه‌ی هێشتا ته‌واوى مه‌رجه‌كانى بازاڕێكی مامناوه‌ندى تێدا نییه كه له فراوانكردنی بزاوتى ده‌ستاوده‌ستكردنى كاغه‌زه داراییه‌كاندا به‌شدار بێت، به‌و هۆیه‌وه له به‌كارهێنانی ئامرازه ناڕاستهوخۆكاندا بووه‌ته بارگرانی له‌سه‌ر بانكی ناوه‌ندیی عێراق، به‌تایبه‌تی له پڕۆسه‌كانى بازاڕى كراوه و نرخى دووباره داشكێنراودا.
– لاوازیی كاریگه‌ریى ڕێژەی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی یاسایی له‌سه‌ر توانای بانكه بازرگانییه‌كان بۆ پێدانی قه‌رز، چونكه بانكه بازرگانییه‌كان له عێراق به هۆی به‌رزیی ڕێژەی هه‌ڵئاوسانه‌وه خاوه‌نى نه‌ختینه‌یه‌كی به‌رزن.
- لاوازیی ئه‌دای بانكه عێراقی و كوردستانییه‌كان، به هۆی لاوازیی ڕۆڵی سه‌رپه‌رشتیارى و چاودێری له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باڵاى بانكه‌كان و به‌رزیی ڕێژەی قه‌رزه‌كان و به‌كارنه‌هێنانی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دابه‌زینی ئه‌دای بانكه عێراقی و كوردستانییه‌كان.
- لاوازیی كاریگه‌ریی ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی دراو له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كانی سه‌قامگیریی بانكه‌كان، به هۆی هه‌ڵئاوسانی بڕی بارسته‌ی پاره و ته‌سكیی سیستمی بانكیی عێراق و سنوورداربوونی بازاڕی دارایی و دراو و به‌رزیی ڕێژەی بێكاری، هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش بوونه‌ته هۆی لاوازیی كاریگه‌ریی ڕێوشوێنه‌كانی سیاسه‌تی دراو له‌سه‌ر نیشانده‌ره‌كانی سه‌قامگیریی بانكی.
پێشنیار و ڕاسپاردە
- كاركردن بۆ په‌ره‌پێدانی ڕێسا و ڕێنمایی سه‌لامه‌تیی بانكیی پێویست بۆ پشتگیریكردنی سه‌قامگیریی بانكی، پارێزگاریكردن له به‌رده‌وامبوونی له‌به‌رانبه‌ر قه‌یرانه‌كاندا.
- كاراكردنی ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی دراو كه ئێستا له عێراق به‌كار ده‌هێنرێت، به مه‌به‌ستى مۆدێرنكردن و په‌ره‌پێدان و زیادكردنی كارایی بازاڕی بۆرسه له عێراقدا، تاوه‌كوو له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی بازاڕەكانی جیهاندا بگونجێت. هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی ڕۆڵی چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌سه‌ر بانكه عێراقییه‌كان له ڕووی پابه‌ندبوونیان به ڕێسا و یاساكان و چالاككردن و كاراكردنی كه‌رتی بانكی، بۆ خزمه‌تكردنی بنیاتنانی ژێرخانێكی بانكی كه له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانی بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بگونجێت.
- كاركردن بۆ باشتركردنی ئه‌دای بانكه عێراقییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاى پێویست بۆ فراوانكردنی بازنه‌ى چالاكییه‌كانیان، به مه‌به‌ستى دابینكردنی دارایی بۆ پڕۆژەكانی به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنان، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی شێوازی بانكی و ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كڕیاراندا، ئه‌وه‌ش له گه‌شه‌كردنی پێوه‌ره‌كانی سه‌قامگیریی بانكیدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.
- هاندانی بانكه‌كان تاوه‌كوو بۆ پاڵپشتیكردن له ئاڕاسته‌كانى سیاسه‌تی دراو به‌ره‌و بازاڕ بڕۆن، به مه‌به‌ستى دابینكردنی قه‌رز و دارایی بانكی كه له حاڵه‌تی به‌ئامانجگرتنی به‌رهه‌می گشتیی ناوخۆیی و چاره‌سه‌ركردنی لایه‌نه‌كانی بێكاری و چه‌قبه‌ستوویی ئابووری و فراوانكردنی سیستمی بانكی عێراقدا پێویستن، ئه‌مه‌ش به‌ربه‌ستێكه له‌به‌رده‌م گواستنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی سیاسه‌تی دراودا، كه له به‌هێزكردنی سه‌قامگیریی بانكی له وڵات‌دا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت.
[1] البنك الأهلى المصري، النشرة الاقتصادية، المجلد56 ، العدد 4، 2003، ص37.
[2] د. عبد الحسين جليل الغالبي، مصدر سابق، ص171.
[3] للمزيد في ذلك ينظر:
Micheal Burda & Charles Wypolsz, Macroeconomics (Aeurpean Text), 2d. Edition, Oxford University Inc, New York, First Publish, 1997, PP.190-191.
[4] Enzing .P,Monetry policy – Ends & Means , (London: Oxford Wyman Publishing ,1964) , P(49-51).
[5] L . Ritter , W . Sliber , Money , (London : Basic books , 1973), P.3 .
[6] Christopher Ragan ,”Why Monetary Policy Matters-A Canadian Perspective” , September 2004,
PP(1-2). By web:Http://:www.mcgill.ca.
[7] عود محمد الكفراوي، السیاسة المالیة و النقدیة في ظل الاقتصاد الإسلامي، ط1، مركز الإسكندریة للكتاب، 2006، ص161.
[8] باري سیجل، مصدر سابق، ص317.
[9] برعي محمد خليل، سويفي عبد الهادي، النقود والبنوك، ط1، مكتبة نهضة الشروق، جامعة القاهرة، 1984، ص61.
[10] أحمد أبو الفتوح ناقة، نظرية النقود والبنوك والاسواق المالية، ط1، مؤسسة شباب الجامعة، القاهرة، 1998، ص134.
[11] د. وسام ملاك، النقود والسياسات النقدية الداخلية، ط1، دار المنهل اللبناني للطباعة والنشر، لبنان، 2000، ص193.
[12] د. وسام ملاك، مصدر سابق، ص197.
[13] قدي عبد المجيد، المدخل الى السياسات الاقتصادية الكلية – دراسة تحليلية تقيمية، ط1، ديوان المطبوعات الجزائرية، الجزائر، 2003، ص75.
[14] د. وسام ملاك، مصدر سابق، ص205.
[15] يوسف كمال محمد، السياسة النقدية والمصرفية الاسلامية، ط1، دار الوفاء للطباعة والنشر والتوزيع، مصر، 1996، ص28.
[16] نبيل حشاد، استقلالية البنوك المركزية بين التأييد والمعارضة، ط1، اتحاد المصارف العربية، بيروت، 1994، ص50.
[17] Freidman, Milton, The ptimum quantity of money and other wssay, London, Macmillan, 1973, p95.
[18] د. أكرم الحوراني، د. عبد الرزاق حسن حساني النقود والمصارف، ط1، منشورات جامعة دمشق، كلية الاقتصاد، دمشق، 2011، ص218-219.
[19] د. السيد متولي عبد القادر، اقتصاديات النقود والبنوك، ط1، دار الفكر ناشرون وموزعون، عمان – الاردن، 2010، ص195.
[20] أ. د. هيل عجمي جميل الجنابي، رمزي ياسين يسع أرسلان، النقود والمصارف والنظرية النقدية، ط1، دار وائل للنشر والتوزيع، عمان – الاردن، 2009، ص260.
[21] أ. د. عبد الحسين جليل الغالبي، مصدر سابق، ص178-179.
[22] نیكۆلاس كالدۆر: ئابووریناس و ئەكادیمیستى بەریتانى بە بنەچە بولگارى، لە (12/ئایار/1908) لەدایك بووە. لە ڕووى فیكرییەوە سەر بە قوتابخانەى كینزییە لە ئابووریدا، بە یەكێك لە جەمسەرەكانى دادەنرێت، بە چوارگۆشە ئابوورییەكەى بەناوبانگە كە ناوى خۆى هەڵگرتووە (چوارگۆشەى كالدۆر)، كە وێنەیەكى هێڵكارییە بۆ بەڕێوەبردنى ئابوورییەكى دیاریكراو لە ڕێگەى چوار نیشاندەرەوە كە ئامانجە كۆتاییەكانى سیاسەتى دراو لەخۆ دەگرن.
[23] نجيب عبد الله الشامسي، القطاع المصرفي والسياسة النقدية في الامارات العربية المتحدة (1946-1998)، ط1، المسار للدراسات والاستشارات والنشر، الامارات العربية المتحدة، 1999، ص271-272.
[24] د. زكريا الدوري، د. يسرى السامرائي، مصدر سابق، ص194-196.
[25] د. أكرم محمود الحوراني، د. عبد الرزاق حسن حساني, مصدر سابق، ص225-226.
[26] د. أكرم محمود الحوراني، د. عبد الرزاق حسن حساني، المصدر نفسه، ص226 -227.
[27] صادق را‌شد الشمري، إدارة المصارف – الواقع والتطبيقات العملية، ط1، دار الصفا‌ء صفاء للنشر والتوزيع، عمان، 2009، ص141-142.
[28] د. أكرم حداد، مشهور هذلول، النقود والمصارف (مدخل تحليلي ونظري)، ط2، دار وائل للنشر، عمان – الأردن، 2008، ص188-189.
[29] د. عوض فاضل إسماعيل، النقود والبنوك، ط1، مطبعة دار الحكمة للطباعة والنشر، الموصل، 1990، ص612- 613.
[30] د. عوض فاضل، مصدر سابق، ص613-614.
[31] د. عوض فاضل اسماعيل، المصدر نفسه، ص615 .
[32] د. عبد المنعم السيد علي، اقتصادات النقود والمصارف في النظم الرأسمالية والاشتراكية والأقطار النامية، ج2، مطبعة جامعة الموصل، 1984، ص289-290.
[33] باري سيجل، مصدر سابق، ص275.
[34] د. وديع طوروس، الاقتصاد الكلي، ط1، المؤسسة الحديثة للكتاب، لبنان، 2010، 223.