• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 28, 2024

گوتاری نوخبە و میدیای فارسی لە جیاکاریی ئەتنیکییەوە بۆ نەژادپەرستی

د. ڕەحیم سورخی

  

پوختە

ئەم وتارە گوتاری جیاکاریی نوخبە و میدیای فارسی لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا تاوتوێ دەکات. جیاکارییەکی سیستیماتیک کە پێکهاتەی گوتارەکەی شێوەیەکی نەژادپەرستانە بەخۆوە دەگرێت. لەم توێژینەوەیەدا بەپێی ڕێبازی شیکردنەوەی ڕەخنەگرانەی گوتاری ڤاندایک بەدواداچوون بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان زمان، گوتار و جیاکاری لە میدیاکان و ئەو تریبوونانە دەکرێت کە نوخبەکان تیایدا جیاکارییە ئەتنییەکان بنیات دەنێن. نواندنی کەیسی ژینا، دانیشتنی جۆرج تاون، وتوێژی تەلەفزیۆنی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبە کوردییەکان لە میدیای ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا و میدیاکانی سەر بەڕژیم لە ئێراندا بە نمونە وەرگیراون، ئەو شێوازەی کە گوتاری جیکارانە لە کرداری ڕۆژانەی ڕۆژنامەنووسان و نوخبەی فارس لە میدیاکاندا بەرهەم دێت و دەنوێندرێت، دەخرێنە ڕوو. شێوەکانی داپۆشین(کیتمان) و پەراوێزخستن یان بەکارهێنانی هەندێک کڵێشەی تایبەتی کە سەرکوت و پەراوێزخستنی کورد پاساو دەدات، هەروەها کۆنتڕۆڵی ڕای گشتی لەڕێگەی میدیا و تریبونە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانەوە تیشکیان دەخرێتە سەر. دەرکەوتەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخەن کە گوتاری ئیلیت و میدیاکانی سەربە زمان و نەتەوەی زاڵ لە ئێراندا لەسەر کورد بە شێوەیەکی بابەتییانە یان بێلایەنانە ڕاستییەکان یان چیرۆکەکانیان ڕاناگەیەنن و لەبەکارهێنانی مۆرکە کڵێشەییە پەراوێزخەرەکانیاندا یەک هەڵوێستیان هەیە و بەردەوام بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا، بەرژەوەندیی باڵادەستانە، بەها دیاریکراوەکانی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ و قاڵبە خشتەییەکانی هەواڵ واقیع بنیات دەنێنەوە. دیمەنی وێنە و گێڕانەوەی میدیایی مانا و پەیامی بەهێز بەڵام ڕەمزێندراو هەڵدەگرن لە پێناو زاڵکردنەوەی گوتاری زاڵی دەوڵەت و نەتەوەی زاڵدا هەوڵی پەراوێزخستن و بە پاشکۆکردنی کورد و نەتەوە غەیری فارسەکان دەدەن. بیرۆکەی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە تەونی گێڕانەوەی ئێرانییەکان هەر لەسەر ڕابردووی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بنیاد نراوەتەوە، و واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران دادەپۆشێت. کڵێشەسازی و مۆرک لێدانی تاڕادەیەک نەژادپەرستانەش دەورێکی سەرەکیی لە واتاسازیی و دەمەتەقێ لەبارەی شوناسەکان لە بەستێنی گوتارەکەدا دەگێڕێت.

خستنە ڕووی کێشەکە

ژینا ئەمینی کیژێکی ٢٢ ساڵی خەڵکی کوردستان لە شاری سەقزەوە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ سەردانێک چوونە تاران پایتەختی ئێران. لە وێستگەی میترۆی تاران لە کاتێکدا لەگەڵ براکەی بوو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ سیپتەمبەری ٢٠٢٢ لەلایەن گەشتی ئیرشادی ئیسلامیی هێزی ئینتیزامیی ئێرانەوە بە بیانووی بێ حیجابی گیراو کەوتە بەر توندوتیژی و کوژرا. ئەم بابەتە بوو بە هۆی شۆڕشێک لە کوردستانەوە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی پێکرد و بەرەو ناوچەکانی تری ئێران پەرەی سەند. لە ڕۆژی بە خاک سپاردنی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، لە سەر کێلی مەزارەکەی بە کوردی نووسرا: “ژینا گیان تۆ نامری ناوت دەبێتە ڕەمز”. ئەم دروشمانە بە خێرایی وەرگێڕدرانە فارسی و زمانە بیانییەکان و بە میدیاکان و لە درێژی شۆڕشەکەدا بە دەم خۆپیشاندەراندا گوترانەوە کە بەشێکی بەرچاوی شەقامی ئێرانی، بەتایبەتی ناوەندە ئەکادیمییەکان و ژنان تێیدا چالاک بوون. میدیا، ڕێکخراوە و نوخبەی ئێرانی لەسەرەتادا بە زوومکردنی لەسەر خۆپیشاندانەکانی کوردستان، ڕووماڵکردنیان و بڵاوکردنەوەی سروودە کوردییەکانیش، هەوڵیان دا کوردستان بەرجەستە بکەن تا بەشەکانی تری ئێرانیشی پێ بهێنێنە شەقام، بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ تەشەنەسەندنی شۆڕشەکە هەوڵی ئەوەیان دەدا کورد بە شێوەیەکی ئامرازییانە بەکاربهێنن نەک دەوری کارایەکی چالاکی ڕاستەقینەی خاوەن تایبەتمەندیی خۆی پێبدەن. هەربۆیە ویستیان، پاشکۆیەتیی کوردییەکە بۆ فارسییەکە بپارێزن و نەهێڵن لە گوتاری زاڵ دەربچێت. بۆیە لەگەڵ کزبوونەوەی خۆپیشاندانەکان شێوەی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، دەستڕاگەیی کورد و حیزبە کوردییەکان بە میدیاکانیان کەوتە پەراوێزەوە. ئێستا ئیتر دەکرێت بڵێین داپۆشین و پشتگوێخستن و نەگوتن لەسەر کوردستان پەیڕەو دەکرێت.

بەستێنی مێژوویی چالاکیی سیاسی لە کوردستان، ئاگایی سیاسیی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە مافەکانیان، پەیوەندیی ڕێکخراوەیی حیزب و ڕێکخراوەکانی بە کۆمەڵگەکەوە، و هەبوونی کولتوورێکی شێوە سیکۆلار کوردستانی لە ناوەند و بەشەکانی تری ئێران جیا دەردەخات. ئەوە لەحاڵێکدایە کە زاڵبوونی زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی لە ئێراندا و بوونی ڕۆژنامە و میدیا سەرەکییەکان بەو زمانە، ئامرازێکی گرنگی سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی فارسەکان بەسەر نەتەوەکانی دیکەی ئێراندایە. بەتایبەتی لەسەر کەیسێکی وەک کوژرانی ژینا ئەمینی، هەموو شت دەبوو بەو زمانە بنوێندرێت و لەو پەنجەرەیەوە سەیر بکرێت. لە ڕاپۆرتە هەواڵەکانی ڕۆژنامەکانی “شەرق” و “هەم میهەن”دا ناوی “ژینا” لە پاڵ ناوی ڕەگەزنامەییەکەی کە فارسییە (مهسا) بە شێوەی “مهسا (ژینا) امینی” بڵاو کرایەوە، بەشی فارسیی بی.بی.سی لە ١٩ سیپتەمبەری ٢٠٢٢ و ڕۆژنامەی “همشهری” لە ٢٠ سیپتەمبەری ٢٠٢٢ بەهەمان شێوە ناوەکەیان بڵاوکردەوە. دەوری کوردستان لە شۆڕشەکەدا لە ناوخۆی ئێران کاریگەرتر و بەرچاوتر بوو، هەربۆیە لە باری گوتارییەوە ناوچەکانی تری ئێرانی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بە جۆرێک کە لە تاران دروشم دەدرا: تاران ببێتە کوردستان، ئێران دەبێتە گوڵستان”. گریمانەی ئەم وتارە ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی، ڕۆشنبیریی و میدیایی هەوڵ دەدەن بە شێویەکی ئۆرگانیک (وەک گرامشی ١٩٧١ دەڵێت سیستەمێک لە پەیوەندییەکان کە چالاکییەکانیان لە قاڵب دەدات و ناتوانرێت بە ئاسانی لێی جیاببنەوە) لە پێناو پاراستنی دۆخی ئێستای ناوەندبوونی نەتەوەی زاڵ و ئەویترە پەراوێزەکانیدا لەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بنیاتی حکومەتی پێشووی پەهلەوییەکان گێڕانەوەی زاڵ بۆ دەسەڵات بپارێزن.

لەم پێناوەدا، زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە پێکهاتن کە یەک لەوانە کۆنفرانسی ڕۆژی جومعە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر١٠ فێبریوەری ٢٠٢٣ کە بە ناوی “داهاتووی بزووتنەوەی دیموکراسیی ئێران” لە زانکۆی جۆرج تاون لە ئەمریکا بوو کە بە هاشتاگی هاوپێوەندی(همبستگی) بەڕای گشتی گەیەنرا. ئەم کۆنفرانسە سەکۆیەکی بۆ بەرهەمهێناوە و زاڵکردنەوەی گوتاری زاڵی ئێرانشاری. دەستپێکی ئەم کۆنفرانسە کە بە دەستپێشخەری و ڕێکخستنی بژاردە ئەکادیمی و سیاسییە چالاکەکانی فارسەکان پێکهاتبوون، بە وتەکانی سیناتۆرێکی ئەمریکی، دەستی پێکرد. لەیەکەم دەستپێکدا و لە زمان ئەم سیناتۆرەوە، ژینا وەک “ژنێکی کوردی گەنجی ئێرانی، بە ناوی “مەهسا ژینا ئەمینی” نوێندرایەوە کە “لە پاش گیرانی لە گرتووخانەی پۆلیسی ئەخلاقی کۆماری ئیسلامیی گیانی سپارد. لەم ناساندنەدا، پێشخستنێکی وشەیی هەیە کە “مەهسا” ناوە فارسییە زاڵکراوەکەی بە سەر “ژینا” ناوە ڕاستەقینە خێزانی و زمانییە زگماکییەکەیدایە. بەشێوەیەک کە بەستراوەیی ناسنامەکەی لە پێشخستنی “مەهسا”دا بە ناوبردنی بە “مەهسا ژینا”دا دەکاتەوە بە هاوتای “ژنێکی گەنجی کوردی ئێرانی” تا پارسەنگی باڵادەستییەکە بە قازانجی زمان و گوتارە زاڵەکە پپارێزێت. بەتایبەتی، بەکارهێنانی “ژن” و “گەنج” لە ئاماژە بۆکراوە کۆمەڵایەتییەکانیان لە توێژ و تەمەن وەک “ژنان” و “گەنجان”دا، لایەنی جەختکراویی گوتارەکەی لەسەر بە توێژی دەرخستنی شۆڕشەکە و بەناوەندیکردنی لە بەکارهێنانی “سەرانسەری ئێراندا”، لەبەرامبەر “ژنێکی گەنجی کوردی ئێرانی”دا لایەنی بەستراوە پیشاندان و دەرهاویشتنی ناسنامە نەتەوەییەکەی ژینای زیاتر بەرجەستە دەکرد. ئەوەی بە ئاشکرا دەردەخست کە تەنیا “کورد” بوونەکەی بۆیە بەکارهاتووە ئاخێزگەی گوتاریی دروشمەکە “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانی بوون و کولتووری سیکولاری گوتاری سیاسیی کوردی داماڵێت، بۆیە بەناوی کوردی ئێرانی ناوی دەبات. لە دەقی ئاخاوتنی ئەم کاربەدەستە فەرمییە ئەمریکییەدا، دەرهاویشتنێکی ئاشکرای نەتەوەی کورد و نەتەوە غەیری فارسەکان لە ئێراندا هەیە و بە بازدان بەسەر ئاخێزگەی شۆڕشەکە و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەرەنگاریی نەتەوەکان و بەتایبەتی ناوچە پەراوێزییەکانی ئێران لە توێژ و چینی کۆمەڵایەتیدا قەتیس کرا و نوێندرایەوە:

“مەرگی ئەو بروسکەیەک بوو بۆ ناڕەزایەتیی لە سەرانسەری ئێراندا و زۆربەی ژنانی گەنج لە هێڵی پێشەوەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەدا بوون، زۆر زوو خوێندکاران و کۆمەڵەی ئەکادیمیی و ژنان و خەڵکی تر لە سەرانسەری ئێراندا تێوەی گلان، خەڵکانێک لە هەموو پۆلە تەمەنەکان، هەموو توێژەکان و هەموو چینەکان”[1].

ئەمە بونیادی گێڕانەوەیەکی تایبەت و زاڵبوو لە ڕووداوەکە و لە دەوری ئاماژەی “دەوڵەت”ی ئێران دا کە بەڕاشکاوی تەنیا ژنبوونی ژینا بە دوور لە ناسنامە نەتەوەییەکەی وەک کورد و شوێنەکەی وەک کوردستان تێیدا بەرجەستە بکرێتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە گوتارێکە کە زۆربەی بەشداربووەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەری کۆکن. ئەویش گوتاری “ئێرانشاری”یە کە تێیدا، ڕەزا پەهلەوی بە سیمبۆل و “سەرمایەیەکی سیاسی”ی ئەو گوتارە دانرا و زۆربەی کەسایتییەکان بەدەوری ئەوەوە کۆبوونەوە، یان وا نوێندرا. هەربۆیە شایانی سەرنجدانە بزانین لەباری گوتارییەوە چۆن نوێندراوەتەوە. ئەوەی زۆر گرنگە ھێز یان دەسەڵاتێکە کە گوتارەکە بەرھەمی دەھێنێتەوە یان کۆمەک دەکات بە بەرھەمھێنانەوەی و ئەو ئایدۆلۆژیا زاڵەیە لەخزمەتی بەرھەمھێنانەوەی دەسەڵاتەکەدایە.

 ڕاستییەکەی، نە بەستێنی گەیاندن و نە بابەت و ناوەڕۆکی بەرهەمە میدیاییە پڕ بینەر و بەناوبانگە فارسییەکان لە دەست نوخبەی نەتەوە غەیری فارسەکاندا نین. ژوورەکانی ڕێکخستنی هەواڵ تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست فارسەکاندان و ئەوانن کە وەک خاوەن و سەرنووسەرانی میدیاکان ئامانج، سیاسەت و کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەرنامەکانی دیکەش دیاری دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، زۆربەی هەواڵەکان هەواڵی “ئێران” بە ناوەندێتیی تاران (زمانی فارسی و ئاینی فەرمی)ن. ئەم باڵادەستییە لە بەرهەمهێنانی گوتاردا هەڵاواردن و نا یەکسانییەکی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەیی قووڵی لەسەر بەشێکی سەرەکیی ئەو خەڵکانە هەیە کە دەکەونە دەرەوەی ئەو ئەرک و ناسنامەیەوە

شیکردنەوەی گوتار

تاوتوێکردنی گوتاری میدیا و نوخبەی سیاسی هەم ڕەهەندی شیکردنەوەی پێکهاتەی زمانیی گوتارەکەی هەیە، هەم ڕەهەندی شیکردنەوەی کردە و بەستێنەکانی بەرهەمهاتنی گوتارەکەی هەیە. لە دۆخێکی پێویستی پەیوەندی یان گەیاندندا گرنگە کە ڕووماڵکردن و قسەکردن لەبارەی دۆخەکەوە هەڵبژێرین یان نا. ئەگەری لێدوان و قسەکردن لەبارەیەوە، نەبوونی بە شێوەیەکی متبوو مانادار دەکات. بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە بوونی نیشانەکانی ئاخاوتن نەبێت، پێدەچێت مانا و لێکدانەوەکانی بێدەنگی بە تەواوی وابەستەی بەستێنەکان بێت. بۆیە بێدەنگی خۆی لە خۆیدا زۆر ناڕوونە، دەکرێت ئامانجێکی ستراتیژیی مەبەستناسانەی لە شێوەی شاردنەوە(کیتمان) لە پشت بێت. لەبەرئەوە شیکردنەوەکە تەنیا لە پێکهاتەکانی گوتاری میدیای جیکارانەدا سنووردار نین، بەڵکو لە بەستێنی گەیاندن و پەیوەندییەکانیشیان دەکۆڵنەوە، وەک دەستڕاگەیشتن، ڕەوتەکانی بەرهەمهێنانی گوتار، کۆکردنەوەی هەواڵ و ڕۆتینی ڕێکخراوە میدیاییەکان، کردار و ئایدۆلۆژییەکان لە نواندنەوە فرە ڕەهەندە زمانی و وێنەییەکانیشدا خۆ دەردەخەن.

گوتار وەک پێکهاتە، کردە و بەستێن لە ڕوانگەی ڤاندایکەوە

 دەشێت گوتار لە ئاستە جیاوازەکانی پێکهاتەدا وەسف بکرێت. ئەم پێکهاتانە، بۆ نمونە لە ڕستەسازیی، واتاناسی، شێوازناسی و ڕەوانبێژی، هەروەها لە لێکۆڵینەوە لە ژانرە تایبەتەکاندا، وەک بەڵگاندن(argumentation ) و چیرۆکبێژی، بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەچاو دەکرێن. هەروەها، جگە لەم ڕێبازە پێکهاتەییانە، دەشێت گوتار لە ڕووی پرۆسەی مەعریفی (زەینی)ی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان و تێگەیشتنی لەلایەن بەکارهێنەرانی زمانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. ڕەهەندێکی بنەڕەتی گوتار ئەوەیە کە دیاردەیەکی پراکتیکی، کۆمەڵایەتی و کولتووریشە. کاتێک کە بەکارهێنەرانی زمان بە شێوەیەکی تایبەت لە دیالۆگ و جۆرەکانی تری گفتوگۆدا، کردە کۆمەڵایەتییەکان جێبەجێدەکەن و بەشداری لە کارلێکی کۆمەڵایەتیدا دەکەن، بە گوتارەوە خەریکن. ئەم جۆرە کارلێککردنە لە بەرامبەردا لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری جۆراوجۆردا چەسپاوە، وەک کۆبوونەوەی نافەرمی لەگەڵ هاوڕێیان یان بەریەککەوتنی پیشەیی و دامەزراوەیی وەک دیبەیتی پەڕلەمانی. گرنگیدان بە گوتار وەک کردار لە کۆمەڵگەدا بەو مانایە نییە کە ئێمە چیتر حەزمان لە پێکهاتە نییە. بە پێچەوانەوە گوتارشیکار وەک کارێکی بەردەوام، سەرنجی لەسەر ڕیزبەندیی (order) و ڕێکخستن (organization) کردەی کۆمەڵایەتیشە. بە گشتی، بەکارهێنانی گوتارییانەی زمان نەک هەر لە زنجیرە وشە، بڕگە، ڕستە و گەڵاڵە ڕێکخراوەکان بەڵکو لە زنجیرەی (sequence) کردەی پەیوەندیدار بە یەکتریش پێکدێت.

جەختکردنەوە لەسەر کارلێک و _ پراکتیکی ناو گوتار بە شێوەیەکی سروشتی پەیوەستە بە گرنگیدان بە بەکارهێنانی زمان وەک کارلێکی قسەکردن- لەڕاستیدا، زۆربەی کاری گوتار وەک کردار لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ، واتە لەسەر قسەکردنە. ئاشکرایە کە نووسین و خوێندنەوە فۆرمەکانی کردەی کۆمەڵایەتین.

بەکارهێنەرانی زمان نەک هەر وەک قسەکەر، نووسەر، گوێگر یان خوێنەر، بەڵکو وەک ئەندامی پۆلە کۆمەڵایەتییەکان، گرووپەکان، پیشە، ڕێکخراوەکان، کۆمەڵەکان، کۆمەڵگەکان یان کولتوورەکان چالاکانە بەشداری دەق (نووسین)و قسە کردنن. ئەوان وەک ژن و پیاو، ڕەشپێست و سپی پێست، پیر و گەنج، هەژار و دەوڵەمەند، پزیشک و نەخۆش، مامۆستا و خوێندکار، دۆست و دوژمن، چینی و نیجیریایی و هتد کارلێک دەکەن و زۆرتر لە… تێکەڵە ئاڵۆزەکانی ئەم ڕۆڵ و ناسنامە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەوە تێوەگلاون. بە پێچەوانەشەوە، بە بەدیهێنانی گوتار لە دۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەکارهێنەرانی زمان لە هەمانکاتدا چالاکانە ئەو جۆرە ڕۆڵ و ناسنامانە دروست دەکەن و دەیخەنە ڕوو.

قسەکەران بەگشتی لە دەوروبەرە جیاوازەکانی پەیوەندیی و گەیاندندا، بە پێی فۆرمە جیاوازەکانی زانینی کۆمەڵایەتی، کولتووری و بیروباوەڕی دیکە، بە ئامانج، مەبەست و ئەنجامە جیاوازەکانەوە، کردارەکانیان جێبەجێ دەکەن. گوتارەکەیان بەزۆری ئەم تایبەتمەندییانە نیشان دەدات یان ئاماژەیان پێدەدات: بە پێی بەستێنەکانیان ئاسایی ئەم تایبەتمەندییانە دەخەنە ڕوو و نیشان دەدەن. بۆیە دەوترێت قسە و دەق بە ڕێژەی بەستێنەکانیان ئاماژەیی(indexical)ن. بۆ نمونە، فۆڕمی ناونیشانی فەرمی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا ڕەنگە بە وردی فۆرماڵیزمی ئەم ڕووداوە یاساییە ئاماژە پێبکات. بە کورتی، گوتار زۆربەی ئەو تایبەتمەندییە پەیوەندیدارانەی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەردەخات یان دەریدەبڕێت و لە هەمانکاتدا لە قاڵب دەدات کە ئێمە بە بەستێن(context) ناوی دەبەین(Van dijik, 1997).

کۆنتڕۆڵکردنی گوتاری کورد لە میدیای فارسیدا

میدیای فارسی، لەلایەکەوە بە سەپاندنی زاراوەسازییەکی مەزنخوازانە بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا کە دەسەڵاتی دامەزراوەیی پەروەردەی دەوڵەتی لە پشتە و کار بۆ گۆڕینی زەینیەتی تاکی کورد دەکات، لەلایەکی دیکەوە، بە دەرهاویشتنی کورد لە گوتاری هەواڵ و زانیاری گەیاندنی ڕۆژانەشیدا گوتاری سیاسیی کوردیش کۆنتڕۆڵ دەکات. نوخبە و ڕێکخراوی ئۆپۆزسیۆنی فارس دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە گوتاری کورد لە زمانی دەسەڵاتی خۆیدا کەناڵیزە بکات. واتە هەم لە پێکهاتە و هەم لە بەستێنی گوتاردا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر کورددا بسەپێنێت.” ئەگەر کۆنتڕۆڵی بەستێنەکان و پێکهاتەکانی دەق و ئاخاوتن یەکەم شێوەی سەرەکیی بەکارهێنانی دەسەڵاتە، کۆنتڕۆڵکردنی زەینی ئەوانی دیکەش لە ڕێگەی گوتارێکی ئەوتۆوە ڕێگەیەکی ناڕاستەوخۆ, بەڵام بنەڕەتییە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و هەژموونی”(Van Dijik, 2015).بۆ نمونە، فارسەکان لە پێکهاتەی گوتاری خۆیاندا وشەی “قەوم” لە بری ئەتنیک بۆ نەتەوە غەیری فارسەکان بەکار دەهێنن. ئەوە لە حاڵێکدایە، وشەی ئێرانییبوونیان بە واتا فارسبوون بەسەر گشت نەتەوەکانی دیکەدا سەپاندووە، هەموو نەتەوەکانی دیکە بەناوی ئێرانییبوونەوە کۆنتڕۆڵ دەکەن. چونکە، «قەوم» بە واتا فارسییەکەی، پەیوەندی بە پلەبەندیی نەتەوەکانەوە هەیە، و باڵادەستی و ژێردەستی دروست دەکات، وشەیەکی سادە و بێ لایەن نییە. واتایەکی ئایدۆلۆژییانەی هەیە. بە ئاسایی نواندنەوەکەی خزمەتی باڵادەستییەکە دەکات. کاتێک نوخبەیەکی سیاسی کورد یان نەتەوە غەیری فارسەکانی دیکە کە بەرپرسیارێتییەکی حیزبی، یان پێگەیەکی تری کۆمەڵایەتیی و سیاسی هەیەو نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکەسێکی تریش دەکات، لە چوارچێوەی گوتارە زاڵکراوە فارسییەکەدا «قەوم» بە واتا فارسییەکەی بەکار دەهێنێت، واتە خۆی وا دەناسێنێت، و هەر بەو شێوەیە دەدوێ کە دەسەڵاتداری فارسیش پێیان خۆشە وای بناسێنن. کەوابوو، لایەنێکی تریشی هەیە، ئەویش ڕازیبوون بەو شێوە ناساندن و ناسنامە سازکردنە بۆ نەتەوە ژێردەستکراوەکەیە و داننانە بە پلە بەندییەکە.

سەرنجێک بدەینە قسەکانی خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ و تەلەفزیۆنی VOA دا لە مانگی جوڵای ٢٠٢٤دا لێکەوتەکانی ئەم کاریگەرییە زەینییەمان بە هۆی گوتارەوە بۆ دەردەکەوێت. عەزیزی بەهەمان شێوەی فارسەکان “ژینا مەهسا ئەمینی”، بەکار دەهێنێت. تەنیا جێگۆڕکێیەک بە شوێنەکانیان دەکات و نایەوێت لە گوتارە فەرمییەکە دەربچێت. ئەو هەروەها لە وتوێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکاش بەهەمان شێوە لە بەکارهێنانی وشەی “قوم” و “نەتەوە”(ملت)دا بە دوو دڵی دەسەڵاتی بەکارهێنانەکەی دەداتەوە بێژەرە فارسەکەی دەنگی ئەمریکا و خۆی ناتوانێت لەسەر ناسنامەکەی پێداگری بکات[2].

بەکار ھێنانی «ناو» و بەگشتی ھەندێک وشە کە پەیوەندییان بە نەتەوە، کۆمەڵەیەک، یان تاقمێکەوە یان تاکێکەوە ھەیە، بە تایبەتی لە بەکارھێنانی سیاسییانەی زماندا و لە گوتاری سیاسیدا زۆر گرنگن، چونکە بە ناوەکە یان وەسفکردنی بە ئاوەڵناوێک کە دەخرێتە پاڵ ناوەکەی، سنووری ناسنامەیی ناولێنراوەکە و جیاوازییەکانی لەگەڵ نەتەوە، پۆل، تاقم و تاکی تر دیاری دەکرێت. لە ئێران ناونانی کوردی لە منداڵ لەلایەنی دەوڵەتی نەتەوەی زاڵەوە قەدەغە کراوە، ئەوە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی زمانییە. بۆیە زۆربەی تاکی نەوەی ئێستای کورد دوو ناوەن. ناوێکیان ڕەگەزنامەیی و فارسییە؛ داسەپاوە، و ناوێکیان ناوی خێزانیی و کوردین. ئەم ناوەیان ناوە سۆزدارانە و ھەستەکییەکەیتی و لە کۆمەڵی خۆمان پێی دەناسرێت. خالید عەزیزی لە بریتی «ژینا»، «مەھسا» یان «مەھسا-ژینا»، یان «ژینا—مەھسا» بەکاردەهێنێت. ڕاستییەکەی ئەمە خۆی داننانە بە ناسنامە فەرمییە ئێرانییەکەی کە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی زمانیی “ژینا ئەمینی” وەک زمانی زگماکییەکەی زاڵکراوە، و هەربۆیە کۆنتڕۆڵکراویی زەینی ئەو نوخبە سیاسییەش بە هۆی گوتاری زاڵەوە دەگەیەنێت.

میدیا بە ئەو ئەرکە ناوەندگرەی لە کۆمەڵدا هەیەتی، دەورێکی کاریگەری لە بەرهەمهێنانەوەی دەرهاویشتن و هەڵاواردنیشدا هەیە. “زۆربەی ئەو شتانەی [خەڵک] و نوخبەکان لەبارەی [خەڵک] و نوخبەکانی ترەوە دەیزانن ئەوەیە کە لە ڕۆژنامەکانەوە لەسەریان دەخوێننەوە” (Van Dijik, 1993). بۆیە داپۆشین(کیتمان)و ڕووماڵ نەکردنی هەندێک نەتەوە، بابەت، ڕووداو و پۆلی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری کە لەباری مرۆڤایەتی و بە پێی بەهاکانی هەواڵ پێویستییان بە ڕووماڵکردنە، بە واتای پەراوێزخستن، هەڵاواردن، دەرهاویشتنی ئەوانە دێت. سەرەڕای ئەوە، لەوانەیە نەتەوە و پۆلە پەراوێزخراوەکان هەندێک مۆرکی تایبەتی نەژادپەرستانەی وایان لێبدرێت، یان بە شێوەیەک لە میدیادا کڵیشەسازی بکرێن کە کار بکاتە سەر ناسینەوەی گشتیی کۆمەڵایتی بەرامبەر بەوانە و تێڕوانینێکی نەرێنیان لەسەر دروست بکرێت بۆ ئەوەی سەرکوتکردنیان بە ڕەوا دابنرێت. ڕەوایەتی سەرکوتی پۆلیسیی و دەوڵەتی لەلایەک، سەرکوت و سەرکۆنەی میدیا و ئیلیتی نەتەوەی زاڵ، لەلایەکی دیکەوە لە پێناوی “ئاسایشی دەوڵەت” و “یەکپارچەیی خاک”ی دەوڵەت دەکرێت کە لە ئەنجامی سەرکوت و سەپاندنەوە بەسەر نەتەوەکانی دیکەی غەیری فارس لە ئێراندا زاڵ کراوە. ڕووداوەکانی کوردستان، ڕۆڵی چالاکانەی ئەم نەتەوەیە لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئێراندا، ئاستی بەکارهێنانی سەرکوتی توندوتیژانەی دەوڵەتی ئێران لە کوردستان بەتایبەتی و ناوچە نەتەوەجیاوازەکانی تری ناوجوگرافیای سیاسی ئێران وەک بەلوچستان کە لێکەوتەکەی نادادپەروەرییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی لەو شوێنانەیە، پێویستیی بە سەرنجێکی تایبەتیی میدیایی هەیە. بەڵام یان وەک پێویست لە بەرنامەی ڕاگەیاندنی میدیا کاریگەر و پڕ وەرگرەکانی فارسیدا نین یان ئەگەر هەشن بەردەوام لەپاڵ کۆمەڵێک کڵیشەی وەک “جیاوازیخواز/تجزیە طلب”(جدایی طلب/تجزیە طلب) و هەندێک مۆرکی لەم شێوانەدا ئاماژە بۆ ئەم پەراوێزخستن و هەڵاواردنانە لە ڕووماڵکردنی میدیا فارسییەکاندا دەکەن.

جیاکارییە ئەتنۆ زمانی و ئایینییەکان لە ئێران تەنانەت “کۆمیتەی پاکتاوی هەموو شێوەکانی هەڵاواردنی نەژادیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان”ی وەدەنگ هێنا و لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ دا لە ١١٣ یەمین دانیشتنیدا ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی ئێرانی لە هەڵاواردنی ئەتنۆ-زمانی و ئەتنۆ-ئایینینییەکان لە ئێراندا لەگەڵ لیژنەی نوێنەرایەتیی ڕژیم تاوتوێی کرد و هەڵیان پێچان و مشتومڕێکی ئاڵنگارانەی ڕژدیان لەگەڵ کردن. لە ڕاپۆرتی کۆمیتەکەی ڕێکخراوەکەدا دەڵێت:

“کۆمیتەکە لە چەندین سەرچاوەوە زانیاری پێگەیشتووە و زانیوێتی کە بە تایبەتی ناوچە ئەتنۆ زمانی و ئەتنۆ ئایینییەکانی کوردستان و بەلووچستان لە مەینەتی هەڵاواردن و جیاکارییەکانی دەوڵەتی ئێراندا دەژین. ئەم هەڵاواردنانە “بەهەڵکەوت” نین، بەڵکو بەشێویەکی “پێکهاتەیی(ساختاری) و سیستیمی” خۆ دەردەخات …. هەروەها سەرکوتی کولتووریش ڕاپۆرت کراوە و سوان(فرسایش)ی زمانە خۆجێیەکان وەک نەریتەکەیان کە ناسنامە و تۆکمەیی کەمینەکان بنکۆڵ دەکات لە ئارادایە. بەتایبەتی ئاماژە بە بریکاران و نوێنەران ([چالاکانی زمانی و کولتووری]) دەکات کە بە زیندانی درێژخایەن و گرتنی سەرەڕۆیانە و لە خۆوە و شکەنجە سزا دەدرێن”[3].

 ئەم دانیشتنە لەلایەن میدیا فارسییەکان و ئیلیتی ئێرانیدا بە تەواوی پشتگوێ خرا، من تەنیا لە بەشی فارسی VOA ئەمریکا، کە ئەویش چونکە میدیایەکی دەوڵەتییە، بینیم ڕاپۆرتە هەواڵێکیان لێ بڵاوکردەوە. بەتایبەتی، تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ کە ڕۆڵی میدیایەکی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت، خۆ گیلکردنی لەم بابەتە واتای هەڵاواردنێکی ئەتنیکی و نەژادی دگەیەنێت کە ئەم کاناڵە بەرهەمی دەهێنێتەوە. هۆیەکەشی لەوانەیە ئەوە بێت کە ئەم دانیشتنەی کومیتەکە فرەچەشنییە نەتەوەییەکانی بەرجەستە دەکردەوە و زوومی لەسەر کوردستان و بەلوچستان بوو، کە لە گوتاری زاڵی نوخبە و دەوڵەتی نەتەوەی زاڵ لە ئێراندا مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان بە ئەرک و ناسنامەی خۆیانەوە دانی پێدا نەنراوە.

حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە گەیاندنی پەیامی سیاسیی خۆیاندا دوو ڕێگەیان لە پێشە. یان دەبێت خاوەن میدیایەکی بەهێز بن کە بتوانن کار لەسەر کەلێنی نەتەوەیی لە ئێران بکەن، یان دەبێت لە لێدوانیان لەگەڵ میدیای فارسیدا بەو دروشمە ستراتیژییانەی هەڵیان گرتووە و بانگەشەی بۆ دەکەن پابەند بن، بە شێوەیەکی ڕووڕاستانە (شفاف) لەگەڵ میدیا بیهێننە ئاراوە.  کاری سیاسی بە پێی سروشتەکەی هاوکات لەگەڵ هێزدا، لە پەیوەندی و کارلێک و مامەڵەشدا دەچێتە پێش. وەک کۆرلێت (2013) دەڵێت: پەیوەندیکردن دراوی سیاسەتە. سیاسەتمەداران بازرگانی بە گوتار و ئارگومێنت، بەیاننامە و وتاری گشتی، نامیلکە و مانیفێستەوە دەکەن. چۆنێتی دەربڕینی خۆیان دیاری دەکات کە کێن و لە پیشەکەیاندا سەرکەوتوو دەبن یان نا؟ بێدەنگبوون بۆ سیاسەتمەدارێک بەڕادەی دوکاندارێک کە هەرگیز فرۆشگاکەی ناکاتەوە قازانجی هەیە”. بەڕاستی کاری سیاسی بۆ نەتەوە و پۆلە ژێردەستکراوەکان لە دابڕان و پەراوێزبووندا ناچێتە پێش. بەتایبەتی، ئەگەر دەسەڵاتی گۆڕینی پارسەنگی هێزەکەیان نەبێت. هێزی تاقمە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی لە نێو فارسەکانیشدا زیاتر ڕواڵەتێکی میدیایی هەیە تا ڕواڵەتێکی ڕێکخراوەیی بە هێز کە بزوێنەر و کۆکەرەوەی هێزی کۆمەڵایەتی لەسەر شەقام بێت. لەبەرامبەردا کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکانی، هەرچەند لەباری ڕێکخستن لە ناوخۆی کوردستان کاریگەربوون، لەباری میدیا و کاریگەریی میدیایی لەسەر ڕەوایەتی داواکانی کوردستان بۆ مافەکانی لاواز و کەم کاریگەربوون. ئەندامان و وتەبێژە سیاسییەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستییان بە میدیایە بۆ ئەوەی ڕای خۆیان بگەیەننە لایەنە سیاسییەکانی تر، هەروەها ڕای گشتتی لە ئێراندا. بەڵام ئەو میدیایانە بە زمانی فارسین، زمانی زاڵی کارلێکی سیاسی لە ئێراندا بەو زمانەیە، و ڕاستییەکەی وەک ئامرازێکی گرنگی پەراوێزخستن و کۆنتڕۆڵکردنی نەتەوەکانی دیکە بەکارهێنراوە کە لە بەرهەمهێنان و پاراستنی گوتاری زاڵدا دەورێکی بەهێزی گێڕاوە. ئەندامان و نوخبەی زمانی زاڵ، ئەگەر لە بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامیشدا بن، نایانەوێت لە چوارچێوەی ئەو گوتارە فەرمییەی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی لە پاش فەرمانڕەوایەتیی قاجارەکانەوە تا کۆماری ئیسلامیی لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی غەیری فارس و بەتایبەتی کورد لە ئێراندا هەیانە دەربچن. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەوان نایانەوێت ئەو دەسەڵاتەی بە سەر نەتەوەکانی دیکەی غەیری فارسدا زاڵیان کردووە لە دەستیان بچێت. بۆیە کۆنتڕۆڵی گوتار و زەینی نەتەوە ژێردەستکراوەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان لە دەست خۆیاندا بەشێوەیەکی ستراتیژیک بەکاردەهێنن. ئەمە بە ڕژدی بانگەشەکانیان بۆئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک لە پاش کۆماری ئیسلامیی دەباتە ژێر پرسیارەوە، و دەریدەخات لەبری ڕێگەچارە دیموکراتیکییەکان هەروەک پێشوو پشت بە هێزی زۆر دەبەستن. لەلایەکی دیکەشەوە، ئەندامانی ڕێبەریی حیزبە سیاسییەکان لە ئەنجامی ململانێی ناوخۆییاندا، بۆ ئەوەی لە میدیای زاڵی فارسی زماندا دەربکەون، بە بەکارهێنانی هەندێک زاراوەی تایبەتی سیاسی لە چوارچێوەی گوتاری فەرمیی و زاڵی نەتەوەی زاڵدا دەدوێن. ئەمەش خۆی پێچەوانەی ئەو دروشم و ئامانجانەیە کە لە پێناویدا خەبات دەکەن. واتە هەبوونی ناسنامەیەکی سیاسی و ڕزگاری لە ژێردەستیی نەتەوەیی. خاڵە گرینگەکە ئەوەیە کە سەرەڕای نەرمی نواندن و تەنانەت هەندێک پاشەکشە لە گوتاری بەرەنگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد، تەنانەت پاشەکشەش لە هەندێک ویست و داخوازیی سیاسی لە گوتاری هەندێک لایەنی سیاسیی کوردیشدا دەبینرا و دەبینرێت، بۆ نمونە، ئاماژەکانی عەبدوڵڵا موهتەدی بە بازدان و تێپەڕین بە سەر ئامانجەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ی نەتەوەکان لە ئێراندا و داننانەوە بە ڕێبازی دەسەڵاتی پەهلەوی بۆ خۆ نزیک کردنەوەی لە گوتاری زاڵی ئێرانشاری لەوانەن. ئەوەندی خۆیان بە دەستەواژەیەکی سواوی کڵێشەیی وەک یەکپارچەیی خاک(تمامیت ارضی) و بەڵگاندن بۆ پابەندی بەو کڵێشە نەژادپەرستانەیەوە خەریک کردووە، بەرجەستەکردنی مافی ڕەوا و ناسنامە کوردییەکەیان بزرکردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە، مافی نەتەوایەتی و هەستی حاکمیەت بەسەر ئاسایش و چارەنووسی خەڵکی کوردستاندا دەبێت لەبەرایی یەکپارچەیی خاکی ئێراندا بێت. واتە مەرجی پاراستنی تەواوییەتەکە دەبێت ببەسترێتەوە بە پێشمەرجی مافداریی کورد لەو چوارچێوەیەدا. بەڵام گوتاری زاڵ لەبری سازان و داننان بە ئەرک و ناسنامەی کورد و نەتەوەکانی دیکە بەشێوەیەکی دەم هەراشانە تاوی سەند بەرەو گوتارێکی ڕەگەز پەرستانەش.

 

نواندنەوەی نەژادپەرەستانە لە پێکهاتەی گوتاری میدیادا

نەژادپەرستی هەم وەک کرداری کۆمەڵایەتی(social practice) و هەم وەک ئایدۆلۆژیا بەشێوەیەکی گوتاری دەردەکەون. کەواتە گوتار بە دوو شێوە لە ناو کرداردا پێکدێت: کردارەکان تاڕادەیەک گوتارین(ئاخاوتن، نووسین و هتد. یەکێک لە شێوەکانی کردنە)، بەڵام بە شێوەی گوتاریش دەنوێندرێنەوە. تا ئەو جێگایەی کە ئەم شێوە نواندنەوانە خزمەت بە پەیوەندیەکانی باڵادەستی لە ناو کردارەکاندا دەکەن، ئایدۆلۆژیکن (Chouliaraki and Fairclough, 1999). بۆیە تاوتوێکردنی گوتار وەک کردە دەکرێت تیشکۆی لەسەر وردەکارییە کارلێکییەکانی ئاخاوتن یان نووسین (پێکهاتەی زمانی بەکارهاتوو) بێت، یان بەستێنی بەرهەمهاتن و بەکارهاتنەکەی بخاتە بەر سەرنج و لە ڕوانگەیەکی بەرفراوانتر لەوەش کە ئەرکە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە ناو دامەزراوەکان، پۆل، کۆمەڵگە و کولتوور لە پانتا گەورەترەکەشدا وەرگرێت و بخاتەڕوو.

لێرەدا نیشان دەدرێت چۆن نوخبەی فارس بەشێوەیەکی ڕۆتینی لە هەندێک کرداری گوتاریدا بەشدار دەبن و لەگەڵ ئەوەی لە ڕواڵەتدا وا دەنوێنن کە دەمارگرژ نین، لە کردە گوتارییەکەیاندا هەڵاواردن ئاسایی دەکەن. نوخبە لێرەدا بۆ بەرجەستەکردنەوەی کردارە گوتارییە دامەزراوەییەکان لە کایە سیاسی و میدیاییەکاندا بەکاردەهێندرێت. لەم بەستێنانەدا سەرنجی سەرەکی لەسەر ئەوەیە کە چۆن گوتاری ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە بەرهەم دەهێنێرێتەوە کە پەراوێزخستن و بەکارهێنان (استغلال)ی “ئەوانی دیکە” ئاسایی و سروشتی دەکات. ئەوەی کە ئاماژە بەڕەگەزپەرستی دەکەم، مەبەستم پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە کە بەشێوەیەکی سیتیماتیک نەتەوەیەک بەسەر ئەوانی دیکەدا پێش دەخات. بۆ نمونە، کاتێک “کورد” و ‘”تجزیە طلب”(جیاوازیخواز) دەکاتە هاوتای جێگیر و چەسپاو. ئەم هاوتاکردنە لە ئەنجامی بەکارهێنانێکی زۆری میدیایی دەوڵەتی و نوخبەی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی فارسدا بە شێوەیەک ئاسایی بووە کە بەکارهێنانی هەر کامیان لە زەینی خوێنەر، بینەر و گوێگری فارسدا ئەوەی تریان ڕادەکێشیت. ئەم وەسفکردنەی ئەوی تری فارس ڕاستییەکەی بۆ هەڵاواردنە تا لە ژێر ناوی ئەو دەرهاویشتن و هەڵاواردنە دا پاساوی حاشاکردن لە مافەکەی و لە ئەنجامدا سەرکوتیشی دروست بکات. بۆیە “بۆ ڕەگەزپەرستی پەیوەندی دەسەڵاتی پۆلیی یان باڵادەستی جەوهەرییە. لێرەدا، ڕەگەزپەرستی وەک تایبەتمەندییەکی پەیوەندی نێوان گرووپەکان دەردەکەوێت کە دەسەڵاتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، یان ئابوورییە”(Van Dijk, 1993).

ئێستا سۆشیال میدیاش “زمانی ڕقاوی”ی ڕەگەزپەرستانە لە ژێر کاریگەری نوخبە پۆپۆلیستییەکانی سیاسەت و میدیای نەریتی وەک بەرنامە ڤیدۆیی و تەلەفزیۆنییەکاندا بڵاو دەکەنەوە. نمونەیەکی بەرچاو لەو جۆرانە، ئەو کۆمێنتانە بوون کە بەر لەکاتی وتوێژێکی عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەگەڵ بیژەنی فەرهودی، بێژەرێکی پێشووی بەشی فارسی تەلەفزیۆنی ئەمریکا(VOA) و ژورنالیستێکی فارس نووسران، ئەویش ئەوانەی کردە بنەمای پرسیاری وتوێژەکە لە ژێر ناوی “ئێران: یەکپارچەیی خاک و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی”(ایران: تمامیت ارضی و جنبش انقلابی)دا و عەبدوڵڵا موهتەدی وەک “تۆمەتبارێک” ناوبرد و لێی پێچایەوە[4]. “دەسەڵاتی پۆلیی(Group power) لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە کۆنترۆڵکردن: مەودا و سروشتی کردارەکانی ئەندامانی پۆلی ژێردەستکراو بەهۆی کردار، کاریگەریی، یان خواستە درک پێکراو و هەست پێکراوەکانی ئەندامانی پۆلی باڵادەستەوە سنووردار دەکرێن. بە واتایەکی تر کرداری کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر پۆلەکانی تردا ئازادی کۆمەڵایەتی ئەم پۆلە جیاوازانە سنووردار دەکات”(Van Dijk, 1993).

ئەم بە ناو وتوێژە، بە شێوازی لێپێچانەوە(بازجویی) لە تۆماتبارێک لە پانتای دادگایەکدا پێکهێنراوە. سەرەتا داوای لێدەکات خۆی بناسێنێت. بە ئاشکرا پێی دەڵێت تۆ لێرە تۆمەتباری(در مظان اتهام هستی). جریوە(تویت) و تێچن (کۆمێنت)ە ڕقاوییەکانی سۆشیال میدیای فارسی کردووەتە بەڵگە و شایەدیدان لە دژی موهتەدی و حیزبە کوردییەکانی دیکە. پێداگریی وتوێژکەرەکە لە دووبارەکردنەوەی پرسیاری “یەکپارچەیی خاک، ناوەندگەرایی و تۆمەتبارکردنی عەبدوڵڵا موهتەدی و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە جیاوازیخوازی و سەربەخۆییخوازی” بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێک بۆ فرچەشنی و پلۆرالیزم بهێڵێتەوە، جەختکردنەوەیەکی واتایی تێدایە کە بزانرێت بەشێوەیەکی خۆئاگایانە خۆی وەک ئەندامێکی ئەتنیکیی دیاریکراو(کورد) دەناسێنێت و حیسابێکی سیاسی لەسەر دەکات؟ لەڕاستیدا، بەر لەوەی خستنەڕووی هەندێک پرسیار (لە فۆرمدا پرسیارن، بەڵام لە واتادا لە جۆری کردەقسە [speech acts]ی ناڕاستەوخۆدان و تۆمەتبارکردنن) بێت، لێپێچانەوەیەکە بۆ حاشاپێکردن لە ناسنامە(هویت)ی سیاسیی ڕێکخراوەیی و نەتەوەیی وتوێژ لەگەڵکراوەکە کە ڕێکخراوەی ئەتنیکیی کوردی نابێت هەبێت. گریمانەکە ئەوەیە کە هەبوونی هەستی هاوپەیوەندی سیاسی هاوبەش بە نەتەوەکەیەوە بەرژەوەندیی هاوبەش دەهێنێتە ئاراوە کەواتە جێی باوەڕ نییە. ئەمەش لە پێداگریی لەسەر ئەوەی بۆ حیزبی دیکەی تری کورد(حیزبی دیموکرات) لەگەڵ تۆ نییە، تۆمەتباربوونەکەی زیاتر کردووە، تەنانەت وتوێژکەرەکە بێڕێزیشی پێدەکات. بەداخەوە، بەڕێز موهتەدی بەوەڵامەکەی کە کۆمەڵە ئەندامێکی تورکی ئازەربایجانی هەبووە، بەشێوەی هاوپێچ حاشا لەناسنامەکەی دەکات. ئەم لێپێچانەوەیە بە جەختکردنی لەسەر بە ناوەندکرنی فارس بە شێوەی هاوپێچ(تلویحی) لە ژێر ناوی (تمامیت ارضی)دا کە لە ئێستاوە ڕای گشتی بۆ ئامادە دەکرێت، بۆ حاشاکردنی لە کوردبوون و ناسنامە نەتەوەییەکەی پێکهاتەی گوتارێکی نەژادپەرستانە دەنوێنێت.

شایانی سەرنجە کە تەنانەت میدیاکانی سەر بە ڕژێمی ئیسلامیش بە هانای گوتاری هەژمونخوازانەی پاشایەتیخوازەوە دێت و دەڵێت: “دەرکەوتووە کە جیاوازیخوازان(تجزیە طلبان) کاسەی لاوازی خۆیان لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پەڕانگیردا لەسەری ڕەزا پەهلەویدا بشکێنن و مەبەستیانە بەخورتی ئەو لە قوژبن پەستێون”(ایسنا، یکشنبه / ۶ اسفند ۱۴۰۲ / ۱۰:۱۷). بەم شێوەیە دەبینین کە لایەنێکی گرنگی دەرخستنی گوتاری نەژاد پەرستانەی نوخبە و میدیای فارسی ئەوەیە کە هەر کوردێک، یان غەیرە فارسێک بۆی هەیە بەسانایی مۆرکی جیاوازیخوازی لێبدرێت، هەرچەند لە ڕووی ڕوانگە، بیروبۆچوون، ئەرک و پیشەیشەوە جیاواز و ناکۆک بن. هەر لەم ڕاپۆرتە هەواڵەی ئیسنادا، سامان ڕەسوڵ پوور، ڕۆژنامەنووس، (کارمەندی پێشووی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرنەشناڵ)، و مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە وەسفکردنیان بە جیاوازیخواز(تجزیە طلب)دا هاوبەش و لە یەک ناسنامەدا کۆ دەکرێنەوە:

–    “سامان رسول‌پور، کارمند پیشین شبکه اینترنشنال و همکار سیما ثابت که مواضع تجزیه‌طلبانه نیز دارد”.

–    “[….] مصطفی هجری، دبیرکل گروه تروریستی تجزیه طلب حزب دموکرات کردستان […].

کەواتە، بەم پێیە گوتاری ڕەگەزپەرستانە تەنیا کاردانەوەی خەڵکی ئاسایی فارس لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و لە شەقامەکاندا نییە. زۆربەی ئەو گوتارە لە سەرەوە داڕێژراوە، و هەندێکجار بە شێوەیەکی نادیار و ناڕاستەوخۆ، لەلایەن تاقمە نوخبە جۆراوجۆرەکان و گوتارەکانیانەوە بەڕێوەدەبرێت یان پێشوەختە داڕێژراوە. بۆ نمونە ڕەگەزپەرستی نوخبە سیاسییەکان نەریتێکی دوور و درێژی هەیە و سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ڕۆتینی، تەنانەت تا ئەمڕۆش و لە لوتکەدا بەردەوامە. ئەمە خۆی دەرخەری پەیوەندی گرنگی نێوان گوتار و دامەزراوەکان لە ڕووی چەمکاندن (conceptualization)ەوەیە. هەربۆیە لە ڕوانگە شیکارییە گوتاریی و زمان تەوەرییەکاندا سەرنجێکی تایبەتی دەدرێتە ئاڵوگۆڕکردن یان مامەڵە زمانییەکان کە پێکهێنانی گوتاری دامەزراوەیین. واتە زمان ئامرازێکی سەرەکییە کە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان واقعی کۆمەڵایەتیی خۆیان لە ڕێگەیە ئەوە بنیات دەنێن. “گوتاری نوخبە لە بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزپەرستیدا ڕەهەندێکی ناسینی(cognitive)ی گرنگی هەیە: دەق و قسەکردن لەسەر بنەمای مۆدێلی زەینیی ڕووداوە ئەتنیکییەکان بەرهەم دەهێنرێن و لێکدەدرێنەوە و ئەم جۆرە مۆدێلانە بە نۆرەی خۆیان بە نواندنەوە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان لە یادەوەریدا (زانین، هەڵوێست، ئایدۆلۆژیاکان) سەبارەت بە تاقمی خۆیی، سەبارەت بە کەمینەکان و پەیوەندییە ئەتنیکییەکان بەدی دێن(Van Dijk, 1993)”.

دەرکەوتنی زمانی کوردی لە شۆڕشی ژینادا لە بەرانبەر زمانی زاڵدا

 فرەزمانی دیاردەیەکی باوە، کە دەتوانرێت لە ڕوانگەی جیاوازەوە لێی بکۆڵرێتەوە. دیمەنی پۆستەری بانگەشەی ڕاگەیاندنی بەکارهێنانی زمانەکان لە بەستێینی کۆمەڵایەتیدا یەک لەو لایەنانەیە. پێگەی چالاکی ئاخێوەرانی زمانی کوردی و زیندوویەتیی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کوردستان وایکردووە ئەم زمانە وەک یەک لە زمانەکانی کە ئێستا لە ئێراندا قسەیان پێدەکرێت لە دیمەنی ئەم پۆستەرەدا دەرکەوێت. ئەمە یەکەمجارە زمانی کوردی بەم شێوەیە هاوتەریبی پێگەی سیاسی کۆمەڵەڵایەتیی کۆمەڵەیە ئاخێوەرەکانی لەگەڵ ئینگلیزی، و فارسیدا دەربکەوێت. بە پێی (لاندری و بۆرهیس، ١٩٩٧) دیمەنی زمانی دەتوانێت خزمەت بە دوو ئەرکی بنەڕەتی بکات: ئەرکێکی زانیاری گەیاندن و ئەرکێکی ڕەمزی.

ئەوەی لێرەدا شایانی سەرنجە لایەنە ڕەمزییەکەیەتی کە لایەنێکی ئایدۆلۆژیانەی هەیە و پەیوەندیەکانی دەسەڵات و هێز دەخاتە ڕوو. گونتەر کرێس (1993)دەڵێت: «هەموو نیشانەکان بە یەکسانی وەک یەک دەکەونە بەر خوێندنەوەی ڕەخنەیی، چونکە هیچ نیشانەیەک بێ سوچ[بێ لایەن] نییە». کە سەیرێکی دیمەنی زمانیی ڕاگەیەنراوی هاوپەیوەندی سیما دیارەکان لە زانکۆی جۆرجتاون دەکەین، زۆر کەس لەوانەیە ئاسایی ببینن و زۆرکەسیش بینیویانە کە ئاسایی نییەوە و ڕەخنەیان لێگرتووە. چونکە، هەموو نیشانە گشتییەکان لە ڕواڵەتدا ئایدیۆلۆژیاوی نایەنە بەرچاو. هەر بۆیە لەوانەیە وا باشتر بێت بڵێین بە جۆرێک، نیشاندەری هێمای پێگە و دەسەڵاتن، و لە چوارچێوەی سیستەمی نیشانەیی پێگەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن. هەڵبژاردنی زمانی و پێشخستن و دواخستنەکان و فۆنتەکانیان لە دەقی نووسراودا، هەروەها ڕەنگ و شێوازی نووسینیان لە فەزای گشتیدا خزمەت بە نیشانکردنی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان بەرامبەر بە زمانە جیاوازەکان و لە ئاکامدا قسەکەرەکانیان دەکەن. ئەم هەڵوێستانە لەوانەیە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی زمانی نوخبە یان دەوڵەتی نەتەوەیی یان ناوچەیەکی دیاریکراو بن، بە تایبەت لەو وڵاتانەدا کە فرە زمانن.

لە ڕێگەی وردبوونەوە و شیکردنەوەی ئەم کردانەوەیە کە دەکرێت پەیوەندییە ڕەمزییەکانی دەسەڵات ئاشکرا بێت.

ڕوونکردنەوەی پۆستەرەکە

سەرنجێکی دیمەنی زمانیی ئەم وێنەیە بدەن، کە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لێ نووسراوە.

زمانی فارسی لەسەرەوەیە. بە ڕەنگی سوور و بە خەتی نەستەعلیق، نووسراوە. نەستعلیق، خەتێکە کە فارسەکان لەبەر باڵادەستییان لە دەسەڵاتدا وەک نوێنەری زمانی فارسی ناساندوویانە و بەکاریان هێناوە. سوور گەرمترین ڕەنگە و لە کەمترین فریکوێنسی نووردا دەناسرێتەوە. لە دەروونناسیی ڕەنگەکاندا ڕەنگی بابەت و دڵخوازی پیاوانە. کە پێدەچێت لە ڕێی ئەم ڕەنگەوە هاوسەنگ لەگەڵ ناوی ڕەزا پەهلەویدا دروشمی «پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی»ی وەک هاوتایەکی «ژن، ژیان، ئازاد»هاتبێت کە لایەنگرانی پەهلەوی بەرزیان کردەوە. لەم سۆنگەیەوە لەم ڕەنگەدا نوێندارابێتەوە. ئینگلیزییەکە لەناوەڕاست و بە فۆنتێکی گەورە، بەڕەنگی ڕەش. کوردییەکە، بەفۆنتێکی تر، بچوکتر لە ھەدووکیان و بە ڕەنگی سپی؛ ڕەنگێکی بێلایەن یان خەسیو کە لەپاڵ ڕەنگی دیکەدا واتا دەدات، بەتایبەتی لەگەڵ ڕەشدا. ڕەنگی سادەیی، پاکی و بێ تاوانییە. سپی لەڕاستیدا جۆرێک واتای بێ ڕەنگی دەگەیەنێت.

بە کورتی، ئەم دیمەنە زمانییە پێمان دەڵێت، هێزی زمانی زاڵ، و گوتاری زاڵ دیاری دەکات زمانی بندەستچوون دەرکەوێت. چ واتایەکی پێ بدرێت. بوونەکەی چۆن لە قازانجی باڵادەستییەکەدا واتادار بێت. ئەوە لەحاڵێکدا بوو کە لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا، کوردستان لەباری گوتاریی و مەیدانی باڵادەستبوو. بۆیە، پێویستە ئەو دەورەی لەباری میدیایی لێوەربگیرێتەوە و بەتایبەتی لە ڕێی ئیلیتی سیاسییەوە کە سیمایەکی ناسراوی هەیە، کۆی نەتەوەکەش بخاتە دووی کەسێک کە بڕیارە دەسەڵاتە ناوەندییەکەی پێڕاست بکرێتەوە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە کە سروشتی بزووتنەوەی دیموکراتیکی کورد، زۆر لەگەڵ بزوتنەوەی دیموکراسیی ئێران(ئێرانشاریی: فارسی) جیایە. چونکە، بزووتنەوەی دیموکراتیکی کورد بزووتنەوەیەکی فرەیی خوازە، لە ڕووی زمانی، نەتەوەیی و ناوچەیی. بەڵام دیموکراسیی ئێران، تاک نەتەوە، تاک زمان و ناوەندخوازە، واتە دیموکراسییەکە کە ڕۆڵێکی ناوەندی داوە بە زمان و نەتەوەی فارس. بۆیە، دەکرێت جۆری ئیتنۆکراسیدا ئاماژەی پێبکرێت، ڕاستییەکەی بەشداریی و ئاکتی کەسایەتییەکی سیاسیی کورد دەکاتە ئامراز بۆ جوانکردنی ویترینی شاپەرستی بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەتێکی شۆڤینیستیی بە ناوەندێتی تاران. هەربۆیە، لە ئەنجامی دەسەڵاتی گوتاریدا و بە پاشکۆکردندا کارلێککردنەکە دەگۆڕێت بۆ کارتێکردنی گوتاری هەژموونخواز و زاڵ کە گوتاری مافخوازی ژێردەسەڵات و بەرەو پاسیڤچوونی دەبات.

ئەنجام

شێوەکانی داپۆشین(کیتمان) و پەراوێزخستن یان بەکارهێنانی هەندێک کڵیشەی تایبەتی کە سەرکوت و پەراوێزخستنی کورد پاساو دەدات، هەروەها کۆنتڕۆڵی ڕای گشتی لەڕێگەی میدیا و تریبونە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانەوە تیشکیان دەخرێتە سەر. دەرکەوتەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخەن کە گوتاری ئیلیت و میدیاکانی سەر بە زمان و نەتەوەی زاڵ لە ئێراندا لەسەر کورد بە شێوەیەکی بابەتییانە یان بێلایەنانە ڕاستییەکان یان چیرۆکەکانیان ڕاناگەیەنن و لەبەکارهێنانی مۆرکە کڵێشەییە پەراوێزخەرەکانیاندا یەک هەڵوێستیان هەیە و، بەردەوام بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا، بەرژەوەندیی باڵادەستانە، بەها دیاریکراوەکانی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ و قاڵبە خشتەییەکانی هەواڵ واقیع بنیات دەنێنەوە. واتە، تەونی گێڕانەوەی ئێرانییەکان هەر لەسەر ڕابردووی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بونیاد نراوەتەوە، واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران دادەپۆشێت. کڵیشەسازی و مۆرک لێدانی تاڕادەیەک نەژادپەرستانەش دەورێکی سەرەکیی لە واتاسازیی و دەمەتەقێ لەبارەی شوناسەکان لە بەستێنی گوتارەکەدا دەگێڕێت. دەوڵەت و ئۆپۆزسیۆنەکەشی کە میدیایان لە کۆنتڕۆڵدایە، لە بەکارهێنانی پێکهاتەیەکی زمانی هاوبەشدا نەتەوە ژێردەستکراوەکان، بەتایبەتی کورددا دەنوێنن. ئەندامانی ڕێبەریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتدا دەورێکی سەرەکی لە ئاساییکردن و زاڵکردنی ئەو گوتارە بەسەر نەتەوەکەیاندا دەگێڕن. چونکە، دەرکەوتن لەو میدیایانەدا وەک ئیمتیازێک بەسەر حیزبی ڕکابەری خۆیاندا دادەنێن، و ناچار دەبن تەمکین بۆ گوتاری ئەوانیش بکەن.  هەربۆیە کورد، پێویستی بە پێکهاتنێکی بنەڕەتیی ناو ماڵی خۆی لەباری کرداری و پراکتیکی سیاسی لە لایەک و دامەزراندنی میدیایەکی کاریگەر لەسەر بنەما نەتەوەییەکان لە لایەکی دیکە هەیە و، دەتوانێت لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەشدا هەوڵی لەو چەشنە بدات.

سەرچاوەکان:

  1. Van Dijk (1997)Discourse as Interaction: Sage
  2. Van Dijk(1993)Elite Discourse and Racism:Sage
  3. Van Dijk (2015) Critical Discourse analysis . In The Handbook of Discourse Analysis / edited by Deborah Tannen, Heidi E. Hamilton & Deborah Schiffrin. – Second
  4. Chouliaraki and Fairclough(1999). Discourse in Late Modernity: Rethinking Critical Discourse Analysis: Edinburgh University Press.

https://www.isna.ir/news/1402120603306

https://webtv.un.org/en/asset/k1y/k1ylul2990

https://isdmovement.com/2023/0223/021323/021323-Text-of-Washingtom-Conference.htm

https://www.youtube.com/watch?v=WoH2G-r75GQ

https://www.youtube.com/watch?v=Gt0pFF142Ns

پرسش و پاسخ از لندن با بیژن فرهودی و همراهی عبدالله مهتدی، ایران: تمامیت ارضی و جنبش انقلابی (youtube.com)

[1] . https://isdmovement.com/2023/0223/021323/021323-Text-of-Washingtom-Conference.htm

[2] https://www.youtube.com/watch?v=cT6JO83QLGg

https://kurdistanmedia.com/fa/news/2024/07/47

[3] .https://webtv.un.org/en/asset/k1y/k1ylul2990

[4] .پرسش و پاسخ از لندن با بیژن فرهودی و همراهی عبدالله مهتدی، ایران: تمامیت ارضی و جنبش انقلابی (youtube.com)

Send this to a friend