هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵی (١٩٩٣)وە هەتا ئێستا لە تورکیا
ئامادەکردنی: فەرید دەمیرێل (FeriD Demirel)و نەدیم تورفەنت (Nedim Türfent)
تۆڕی سەربەخۆی پەیوەندیی بیئانێت (Bianet Bağımsız İletişim Ağı)
(٩)ی ئەیلوولی (٢٠٢٣)
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: تەحسین وسو عەبدوڵڵا؛ توێژەرو مامۆستای زانکۆ
لە ساڵی (١٩٩٤)وە هەتا ئێستا بۆ چارەسەکردنی پرسی کوردو کۆتاییهێنان بە بیستونۆیەمین خەباتی کوردان (29. Kürt İsyanı)، چەندین هەوڵی جۆراوجۆری ئاشتی دراون، بەڵام هەر جارێک لەبەر کۆمەڵێک هۆکار ئەم هەوڵانە بێئەنجام بوون.
هەروەک دەگوترێت: “لە دوای هەر شەڕێک دەبێت ئاشتییەک هەبێت”، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا؛ سلێمان دێمیریل (Süleyman Demirel)، (١٩٩٣ – ٢٠٠٠)، ئەو شەڕەی لە ساڵی (١٩٩٤)وە دەستیپێکردبوو، ناوبرابوو بە “بیستونۆیەمین خەباتی کوردان”. ئایا ئەم سەرهەڵدانە چۆن بە ڕێگەیەکی ئاشتی چارەسەردەکرێتو کەی بە ئەنجام دەگات؟
ئەم پڕۆسەیە، کە لە (١٥)ی ئابی (١٩٨٤) بە هێرشی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ سەر خاڵە سەربازییەکان لە ناوچەی ئێروح لە سێرتو شەمزینان لە هەکاری (جۆلەمێرگ) دەستیپێکردو بۆ ماوەی چل ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوامبوو، ئەگەرچی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بڕیاری ئاگربەست لە کاتە جیا جیاکاندا دراوە، دانوستانەکان بە شێوازی جیاواز کراوە لە نێوان لایەنەکاندا، کۆتا پڕۆسە بە ناوی پڕۆسەی چارەسەری (Barış Süreci) دەستیپێکرد، بەڵام پرسەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، هەوڵەکانی ئاشتیو پڕۆسەی چارەسەری بە جۆرێک لە جۆرەکان بوون بە ڕۆژەڤ. ئەم هەوڵانە، کە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە زۆر چڕتربوون، لە ساڵی (٢٠١٥)وە بە کرداری خرانەناو چەکمەجەوەو پەردەی بە سەردا دراوە.
جەنگی پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا؛ جەنگێکی بەردەوام
لە ڕۆژانی سەرەتای خەباتی چەکداری لە (١٥)ی ئابی (١٩٨٤) لە ئێروحو شەمزینان؛ پەکەکە بە “یەکەم چالاکیی تەقەکردن” دەستیپێکرد. تورگوت ئۆزال (١٩٨٩ – ١٩٩٣)، (Turgut Özal)؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، گوزارشتی “کاری سێ_کەسی” یان پێنج تاڵانچی”ی بۆ وەسفکردنی ئەو کردەوەیە بەکارهێنا، کە ڕویدابوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پاش ماوەیەک لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دیکەوە دانی بەوەدا ناوە کە “کێشەکە” لەوە ئاڵۆزترە کە ئەوان چاوەڕێیاندەکرد.
ئەم ڕێبازە نوێو بارودۆخە سیاسییە، کە لە کۆتایی هەشتاکانو سەرەتای نەوەدەکان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ماوەیەک لەمە دەرچوو کە کارێکی ڕۆتینی بێت، هەر بۆیە ئەم پڕۆسەیە پێیدەگوترێت پڕۆسەی جەنگی سادە (Düşük Yoğunluklu Savaş) یان جەنگی گەریلایی (Kontrgerilla). دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجی ڕێگری بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گەریلاکانی پەکەکەوە نەکەن، یان بە پێچەوانەوە؛ پەکەکە نەتوانێت پەیوەندی بە خەڵکی ئەو ناوچانەوە بکات، کاتێک پڕۆسەکە لەوە دەرچوو کە وەک پرسێکی ڕۆتینی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئیدی بوو بە هۆی پێشێڵکاریی زۆر جددیی دژ بە مافەکانی مرۆڤ، کە بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام لە تەشەنەسەندندا بوو.
لەم پڕۆسەیەدا گوندەکان سوتێنران، خەڵک بە زۆر ئاوارەکرانو لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دوورخرانەوە، بە هۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە دارستانەکان ئاگریانتێبەردرا، خەڵک بە زۆر بێسەروشوێنکران. دامەزراوەیەک بە ناوی فەرماندەیی جەندرمەو هەواڵگریی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە (ژیتەم) (Jandarma İstihbarat ve Terörle Mücadele Grup Komutanlığı) (JİTEM) پێکهێنرا. ئەم دامەزراوەیە دوور لە هیچ لێپرسینەوەیەکی دادوەری چەندین تاوانی کردو هاوڵاتیی بێسەروشوێنکرد؛ خەڵکیان فڕێدایەناو بیرە کانزاکانەوە (Asit Kuyuları)، ڕێگری لە بەکارهێنانی مافی زمان دەکرا، چەکدارانی پەکەکە دوای کوژرانیان لە پێکدادانەکاندا تەرمەکانیان دەشێوێنران، خەڵک بە کۆمەڵ دەستبەسەردەکرانو لە ماوەی دەستبەسەریدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبوونەوە، هێرشی بۆمبی دەکرایەسەر ڕۆژنامەکان، ڕۆژنامەنوسو دابەشکەرانی ڕۆژنامە دەکوژران، شارەکانی وەک لیجەو شرناخ چەند ڕۆژێک لە ژێر گەمارۆکەدا مانەوە، پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی (دەپ) (Demokrasi Partisi) (DEP)، کە پارتێکی کوردییەو لە ساڵی (١٩٩٣) دامەزراوە، لە پەرلەمان دەستبەسەرکران، حیزبە کوردییەکان دادەخران، پەرلەمانتاران تیرۆردەکران، ڕوداوی دەرخوارددانی پیسایی بە دانیشتوانی گوندی یەشیلیورت لە ساڵی (١٩٨٩)، تەقەکردن لە خەڵک لە شاری جزیزی لە نەورۆزی (١٩٩٢)، کە بە پێی سەرچاوە فەرمییەکان (٥٧) کەسو بە پێی گوتەی خەڵکی ناوچەکە بە سەدان کەس کوژران، بە بیانووی هێرشی پەکەکەوە بۆ سەر ناوەندی شرناخ، لە (١٩)ی ئابی (١٩٩٢) بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک گەمارۆی ناوەندی ئەو شارە درا، ئەمانە تەنها چەند ڕوداوێکن کە لەو ماوەیەدا ڕویانداوە.
ڕاگەیاندنی ئاگربەستو دانوستان
سەرەڕای بەردەوامیو سەختیی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەکان، لە ڕاستیدا هەردوولا (دەوڵەتی تورکیا – پەکەکە) بە چەندین شێوازی جیاجیا دانوستانو دیداریان هەبووە.
ڕاگەیاندنی یەکەمین ئاگربەستی تاکلایەنە لە (٢٠)ی ئاداری (١٩٩٣) لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری پەکەکەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهێنانی بیستونۆیەمین خەباتی کورد ڕاڤەکراوەو پێشبینیدەکرا پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتو چارەسەری پرسی کورد بکرێت. لە (١٥)ی نیسانی ساڵی (١٩٩٣)، پەکەکە ئاگربەستی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکردەوە. دوای دوو ڕۆژو لە (١٧)ی نیسانی هەمان ساڵدا، مردنی تهمومژاویی تورگوت ئۆزال؛ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، یەکەم هەنگاو بوو بۆ لەباربردنی پڕۆسەی ئاشتی. کوشتنی (٣٣) سەربازی تورکیا لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە لە مانگی ئایاری هەمان ساڵو ڕوداوەکانی دوای ئەوە بوون بە هۆی دووبارە چوونەناو قۆناغی شەڕو پێکدادانەوە.
چەند ڕوداوێک، کە دوای ئەوە ڕویانداوەو هەتا ئەمڕۆش لە کارنامەی یاساییو مافی مرۆڤدا ماونەتەوە، ڕوداوەکانیش بەم شێوەیەن: سەپاندنی پاسەوانی گوندەکان (Köy Korucuları) لە ناوچەی دیگۆری قارس، هەڵکوتانەسەر ماڵان، بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزە ئەمنییەکانەوە لەو هاوڵاتیانەی کە لە (١٤)ی ئابی (١٩٩٣) دژی ئەشکەنجەو فشارەکان خۆپیشانیان کرد، (١٧) کەس لە گەنجو منداڵ بەتەمەن گیانیانلەدەستدا. ڕۆژنامەنوسو نوسەر؛ موسا عەنتەر، لە (٢٠)ی ئەیلوولی (١٩٩٢) لە دیاربەکر تیرۆرکرا، دوای تیرۆرکردنی فەرماندەی ناوچەی جەندرمەی ئەو کاتە؛ فەریق بەهتیار ئایدن، لە ناوچەی لیجەی دیاربەکر لە (٢٢)ی ئۆکتۆبەری (١٩٩٣)، ناوچەکە گەمارۆدراو (١٦) کەس کوژران، لە (٣)ی کانوونی دووەمی (١٩٩٤) بە بۆمب هێرشکرایەسەر سێ نوسینگەی ڕۆژنامەی ئازادیی وڵات (Özgür Ülke gazetesi) لە ئەستەنبوڵو ئەنقەرە.
لە کاتێکدا ئەم شەڕو پێکدادانانە بەردەوامبوو، ئۆجەلان لە (١٥)ی کانوونی دووەمی (١٩٩٥) و (١)ی ئەیلوولی (١٩٩٨) دوو ئاگربەستی جیاوازی ڕاگەیاند.
سەرلەنوێ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی
یەکەمین ئاگربەست بە ئۆپەراسیۆنی پۆڵا (Çelik Harekatı) شکێنرا، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە (٢٠)ی ئازاری (١٩٩٥) بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی بنکەو بارەگای پەکەکەی تێدا بوو، دەستیپێکرد. ئاگربەستی ساڵی (١٩٩٨) لە کۆتایی ئەو پڕۆسەیەدا بەدینەهات، ئەمەش وایکرد ئۆجەلان سوریا بەجێبهێڵێتو لە هەمان ساڵدا بچێتە ئەوروپا. لە کۆتایی ئەم پڕۆسەیەدا، کە ئۆجەلان بە “پیلانێکی نێودەوڵەتی” وەسفیکرد، لە (١٥)ی شوباتی (١٩٩٩) ئۆجەلان لە کینیا دەستبەسەرکراو هێنرایەوە تورکیا.
پێشهاتەکانی (١٥)ی شوباتی (١٩٩٩)و دواتر، داتای زۆر گرنگ سەبارەت بە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بیستونۆیەمین خەباتی کورد لە سەر تورکیاو کێشەی کورد دەخاتەڕوو.
ئۆجەلان هێنرایەوە تورکیاو لە دورگەی ئیمراڵی زیندانیکرا، ئەمەش بوو بە هۆی ناڕەزایەتی_دەربڕین، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەموو شارەکانی تورکیادا بەردەوامبوو. پڕۆسەی دادگاییکردنی ئۆجەلان لە دادگای ئاسایشی دەوڵەت (DGM) (Devlet Güvenlik Mahkemesi)و لێدوانەکەی، کە پەکەکە گۆڕانکاریی بەرچاوی لە هێڵی ئایدیۆلۆژیو ڕێبازی ستراتیژیی خۆیدا کردووە، گفتوگۆکانی سەبارەت بە بیرۆکەی کۆتاییهێنان بە خەباتو بیرۆکەی ئەوەی کە دەتوانرێت ڕێگەی نوێ بکرێتەوە، وروژاندەوە. ئەو پێشهاتانەی لەم پڕۆسەیەدا ئەزموونکران، دەرگای چڕبوونەوەی گفتوگۆکانیان لە سەر “چارەسەری دیموکراسیو ئاشتیانەی کێشەی کورد”و ئیرادەی سیاسی بۆ جۆرێک لە “کرانەوە بە ڕووی پرسی کورد”دا کردەوە. ئەم پێشهاتانە، کە هاوکات بوو لەگەڵ پڕۆسەی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، ئومێدێکی نوێی بۆ چارەسەری دیموکراسیو ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد دروستکرد.
پڕۆسەی چارەسەری؛ پڕۆسەیەکی پڕ لە هەڵبەزو دابەز
ئەو پێشهاتانەی لەم ماوەیەدا ڕویاندا، هاوکات بوو لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەو پێشهاتانە بریتی بوون لە پەخشی کوردی لە سەر بنەمایەکی سنووردار لە کەناڵی دەوڵەتدا ڕێگەیپێدرا، دانوستان لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەتو ئۆجەلانو سەرکردەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)دا دەستیپێکرد، بەرپرسانی ئاکپارتیو پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) (Demokrat Bölgeler Partisi) (DBP)و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (Halkların Demokrat Partisi) (HDP) دەستیپێکردو پەکەکە لە ڕێکەوتی جیا جیا بڕیاری ئاگربەستی دا. حکومەتی ئاکپارتی لە ژێر ناوی “پاکێجی مافی مرۆڤ”دا هەندێک هەنگاوی سەبارەت بە زمانی کوردی نا. لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان، دوو گرووپی جیاواز لە ئەوروپاو قەندیلەوە بە ناوی “گرووپی ئاشتی” چوونە تورکیا. “شاندی ئیمراڵی”، کە لە سیاسەتمەدارانی دەبەپەو هەدەپە پێکهاتبوون، لەگەڵ ئۆجەلاندا لە ئیمراڵی کۆبوونەوە. ئۆجەلان لە (٢١)ی ئاداری (٢٠١٣)دا نامەیەکی بۆ یادی نەورۆز ناردو ڕایگەیاند کە ململانێی نێوان تورکیاو پەکەکە کۆتاییهاتووە. گەریلاکانی پەکەکە لە سەر بانگەوازی ئۆجەلان دەستیانکرد بە دەرچوون لە سنوورەکانی تورکیا. “کۆمیسیۆنی چارەسەر” لە پەرلەمانی تورکیا دروستکرا.
لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانەدا پڕۆسەکە بە هێڵێکی ڕاست بەرەوپێشنەدەچوو. جگە لە هەنگاوەکانی لایەنەکان بەرەو چارەسەر، پێشهاتگەلێکیش هەبوون کە ڕێگر بوون لە پێشکەوتنو بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە.
داخستنی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوەو لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە هەریەک لە ئەحمەد تورکو ئایسەل توغلوک، دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ بۆ سیاسەتمەدارانی کورد، بەرپرسانی هەڵبژێردراو، ڕۆژنامەنوسانو نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ناوی “ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە”وە ڕێگر بوون لە بەردەم ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بەئەنجامبگات.
لە لایەکی دیکەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ (١٣) کەس لە (٣٤) ئەندامی “گرووپی ئاشتی” لە کەمپەکانی قەندیلو مەخمور دەرچوو.
دژایەتیی ئۆپۆزسیۆن بۆ پڕۆسەکە
دژایەتیی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا، کە خۆی لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) (Milliyetçi Hareket Partisi) (MHP) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (Cumhuriyet Halk Partisi) (CHP)دا دەبینییەوە، جێگەی سەرنج بوو. هەر لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠) فراکسیۆنی جەهەپە پێشنیاری لێکۆڵینەوەی لە بەشیر ئاتالای (Beşir Atalay)؛ یەکێک لە وەزیرەکانی ئاکپارتی، پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
دەوڵەت باخچەلی؛ سەرۆکی مەهەپە، ڕایگەیاند: “مەکەونە تەڵەی دەستپێشخەرییەوە”. جەهەپەو مەهەپە ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێشکەشنەکرد.
شەوی (٢٨)ی کانوونی یەکەمی (٢٠١١) فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا بۆردومانی ناوچەی “ڕۆبۆسکی”ی لە باکووری کوردستان کردو لە ئەنجامدا (٣٤) هاوڵاتیی مەدەنیی کورد کوژران، کە زۆربەیان مێردمنداڵ بوون. لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا (٣) ئەندامی پەکەکە بە ناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغانو لەیلا شایلەمەز کوژران.
لە ساڵی (٢٠١١) کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات (دەتەکە) (Demokratik Toplum Kongresi) (DTK) خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی ڕاگەیاند.
ئەمانەو پێشهاتە هاوشێوەکانی کاتێک ڕویاندا کە هەموان جەختییان لە سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیو چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد دەکردەوە، هەنگاوەکانی لایەنەکانو ئەو لێدوانانەی کە دەیاندا، نادڵنیایی لە ڕەوتی پڕۆسەکە لێکەوتەوە. سەرکردەکانی کەجەکەو ئۆجەلانو سیاسەتمەدارانی بەدەپە دەستیانکرد بە لێدوان سەبارەت بەو کێشەو گرفتانەی کە لە پێشکەوتنی پڕۆسەکەدا ئەزموونکرانو بەو واتایەی کە چاوەڕوانییەکانیان لە پڕۆسەکە دەبێت جێبەجێبکرێت.
پێشهاتە نەرێنییەکان لە پڕۆسەی چارەسەریدا
خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک، کە لە ساڵی (٢٠١٣) ڕویانداو ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤)دا وەک پێشهاتگەلێک هاوکات بوون لەگەڵ ئەو قۆناغەی ئاماژەیپێکراوەو کاریگەریی لە سەر پڕۆسەکە هەبوو. بە تایبەتی پێشهاتەکانی ڕۆژئاواو هەوڵی گەمارۆدانی کۆبانی لەلایەن داعشەوە، قسەو هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی ئاکپارتیو خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، سەبارەت بە کۆبانی، ڕەوتی پێشهاتەکانی سەبارەت بە چارەسەری ئاشتیانەی بیستونۆیەمین خەباتی کوردانی بردە قۆناغێکی دیکە. لە نێوان (٦–١٢)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٤) لە زۆر شوێنی تورکیا ناڕەزایەتی دژی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی ڕێکخراو لە ئەنجامدا (٤١) کەس گیانیانلەدەستدا.
ڕۆژی (٢٨)ی شوباتی (٢٠١٥) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە نێوان بەرپرسانی حکومەتو ئاکپارتیو ئەندامانی شاندی ئیمراڵی لە ئۆفیسی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو کاتە لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئەستەنبوڵ کرا، کە بە “لێکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچە (Dolmabahçe Mutabakatı) ناسرا، ئەردۆغان سەرەتا پشتگیرییکردو دوای ماوەیەک گوتی: “من دان بەو لێکتێگەیشتنەدا نانێم”، یەکێک بوو لە وەرچەرخانە گرنگەکان لە پڕۆسەی ئاشتیدا.
پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی (٧)ی حوزەیرانی (٢٠١٥)، کە لە کەشێکی ئاڵۆزدا بەڕێوەچوو، لێدوانەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی ئەوکاتی هەدەپە بۆ ئەردۆغان، کە گوتی: “ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک” و (١٢٪)ی ئەو دەنگانەی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستیهێنا، ڕێگر بوون لە ئاکپارتی بتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێتو جارێکی دیکە بە ئاسانی دەسەڵاتبگرێتەوەدەست. لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەکەدا، دروستکردنی بنکەی پۆلیس لە ناوچەکەو بە درێژایی سنوورەکان سەربازەکان دەستیانکرد بە دامەزراندنی بنکە لەو شوێنانەی کە پێشتر نەیانتوانیوە پێیبگەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (٧)ی حوزەیرانی (٢٠١٥) سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو لە تورکیا. بڕیاردرا لە (١)ی تشرینی دووەمی (٢٠١٥) هەڵبژاردن دووبارەبکرێتەوە. هێرشی بۆمبڕێژکراو، کە دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی (٧)ی حوزەیران لە میتینگەکەی هەدەپە لە دیاربەکر ڕویدا، هێرشی داعش لە سوروچ لە (٢٠)ی تەمموزی (٢٠١٥)و کۆمەڵکوژیی وێستگەی شەمەندەفەری ئەنقەرە، کە لە (١٠)ی تشرینی یەکەمی (٢٠١٥) ڕویدا، داتای گرنگیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی پڕۆسەی چارەسەری پێشکەشکرد.
کوشتنی دوو ئەفسەری پۆلیس لە ماڵەکانیان لە ناوچەی جەیلانپنار لە ئورفا لە (٢٥)ی تەمموزی (٢٠١٥) لە ڕاستیدا یەکێک لە خاڵەکانی سەرەتای کۆتاییهێنانی پڕۆسەی ئاشتی بوو. لە ڕوانگەی دەرئەنجامەوە بە هەمان شێوەی ڕوداوی کوژرانی (٣٣) سەرباز لە بینگۆل لە مانگی ئایاری ساڵی (١٩٩٣)، کە هۆکارێکی شکستی پڕۆسەی چارەسەری بوو لەو سەردەمەدا، کوشتنی ئەو دوو ئەفسەرەی پۆلیسیش لە جەیلانپنار یەکێک بوو لە هۆکارە گرنگەکانی کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن ئاکپارتیو حکومەتەوە.
پێکدادان لە شارەکاندا
ڕاگەیاندنی “بەیاننامەی خۆبەڕێوەبەری”، کە لە پاییزی (٢٠١٥) لە شارە جیا جیاکانی باکووری کوردستان، بە تایبەتی سوور، جزیرە، نوسایبین، یوکسەک ئۆڤا، سیلڤانو سلۆپیو دواتر پێکدادانەکانی ئەو شارانە هەتا ساڵی (٢٠١٦) بەردەوامبوو، لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک پێشهات ڕویاندا، کە لە یادەوەریی خەڵکی ناوچەکەدا بە گشتیو تەواوی تورکیادا بە هەمیشەیی جێگیربوون. گەریلاکانی پەکەکە هێرشیانکردەسەر ئەو شارانەو بە تایبەت لە قەزای جزیرەو ناوچەی “سوور/ قەڵا” لە ناوەندی دیاربەکردا پێکدادانی قورسی چەکداری لە نێوان گەریلاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا ڕویدا. لە هەندێک لەو شارانە چەکدارانی پەکەکە دەستیان بە سەر چەند ناوچەیەکدا گرتو شێوەیەک لە “خۆبەڕێوەبەری”یان ڕاگەیاندو لە بریی دادگاکانی حکومەت، “دادگای گەل (Halk Mahkemesi) دروستکرا. ئەو شارانەی ئاماژەیانپێدراوە، هەندێک جار بە تانکو هەندێک جار بە فڕۆکە بۆردوماندەکران. بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ درا، کە چەند مانگێکی خایاند. لەو ماوەیەدا تاهیر ئێلچی؛ سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر، بە هۆی ئەوەی کەوتە نێوان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی گەریلاکانی پەکەکەو سوپای تورکیاوە، لە ناوجەرگەی دیاربەکر کوژرا.
دەوڵەت بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی ڕەهای لەو شارانە ڕاگەیاند، هەر بۆیە تەرمی بێگیانی جەمیلی چاغیرگا (Cemil Çağırga)ی تەمەن (١٠) ساڵ، کە لە پێکدادانەکانی جزیریدا گیانیلەدەستدا، لەلایەن دایکیەوە بۆ ئەوەی جەستەی تێکنەچێت، لە بەفرگر (موجەمیدە)دا بۆ ماوەی هەفتەیەک هەڵگیرا. تەرمی تایبێت ئینان (Taybet İnan)ی تەمەن (٥٧) ساڵ، کە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە ناوەڕاستی شەقامەکانی شارۆچکەی سیلۆپی مایەوە، هێزە ئەمنییەکانیش ڕێگەیان بە هیچ کەسێک نەدا تەرمەکە لاببات. لەو ماوەیەدا سەدان کەس لە خەڵکی سڤیلو پاسەوان گیانیانلەدەستدا، سەدان ئەکادیمی تەنها لەبەرئەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بە ناونیشانی نابینە هاوبەشی ئەم تاوانە (Bu Suça Ortak Olmayacağız) بڵاوکردەوە، لە ئەرکی حکومی دەرکران.
هەوڵی کودەتاکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)و پێشهاتەکانی دواتر، ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، بڕیاری پلانی داڕماندن (Çöktürme Planı)، کە لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەت (DGM)وە دەركرا، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی عەفرینو سەرێکانیو گرێسپی، هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەودیو سنوور، کە لە ساڵی (٢٠١٩)وە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد، هێرشەکانی پەکەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر بنکەکانی پۆلیسو خاڵەکانی پشکنینو ئاسایش، کردنەوەی دۆسیەی تایبەت بۆ داخستنی هەدەپە، دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانو سەدان سیاسەتمەداری هەدەپە، لە ناویاندا هاوسەرۆکانی هەدەپە، بەدەپەو لابردنی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپەو دانانی قەیوم لە جێگەیان، جێبەجێکردنی سیاسەتی گۆشەگیرکردن (Tecrit) لە سەر ئۆجەلان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، بە جۆرێک ڕێگە بە کەسوکاریو تەنانەت پارێزەرەکانیشی نادرێت چاویانپێیبکەوێت، پێشهاتە گرنگەکان لە ڕووی نیشاندانی ئەو خاڵەی دوای هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بیستونۆیەمین خەباتی کوردانو چارەسەری دیموکراسیو ئاشتیانەی کێشەی کورد گەیشتنە بنبەست. سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، بۆئەوەی پرسی کورد لە تورکیا بە ڕێگەی ئاشتیو دیموکراتی چارەسەربکرێت، کەمپەینی دایکانی ئاشتیو دایکانی شەممەو کەسوکاری بێسەروشوێنەکان بەردەوامبوون بۆ دروستکردنی زەمینەی ئاشتی. دواجار “دوای هەر جەنگێک ئاشتی دێتەکایەوە”.
لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت:
https://bianet.org/haber/1993-ten-gunumuze-baris-girisimleri-283396#google_vignette