پەتای چاوەقوڵەی ١٩٠٤-١٩٠٥ لە بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی قاجاردا
هەردی مەهدی میکە
لە ساڵی ١٩٠٤دا و لە شاری سلێمانییەوە ڕاپۆرتێک لە لایەن دپلۆماتکارێکی کونسوڵخانەی قاجاریەکان (ئێران)ەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ حاکمی ئەو کاتەی ویلایەتی کرماشان (عەبدولحسەین میرزا فەرمانفەرمای حاکمی ئەودەمی شارەکە)، ڕاپۆرتەکە چەندین زانیاریی گرنگی مێژوویی، ئابووری، ژمارەی دانیشتووان و قوربانیانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە و زانیاریی لەبارەی سەرۆک هۆزانی عەشرەتی هەمەوەندەوە دەخاتەڕوو، کە گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە و ڕنگە چەند دیوێکی نادیاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و جوڵەی ئابووریی بۆ مێژووی کۆمەڵایەتیی شاری سلێمانی و کوردستان ڕوون بکەنەوە. تەوەری سەرەکی بەڵگەکە ڕوونکردنەوەی پەتای ڕشانەوەکەی ساڵی ۱۹۰٤-١٩٠٥ی شاری سلێمانییە و زیندووکردنەوەی ئەم بەڵگەیە لەم کاتەدا ئاماژەی گرنگ لە خۆ دەگڕێت، بە تایبەت لەم ئانەدا کە هەواڵ و هەڕەشەکانی پەتای ڤایرۆسیی کۆرۆنا، هەڕەشە لە سلێمانی و کوردستان و جیهان دەکات.
دەقی وەرگێڕدراوی بەڵگەنامەکە:
سەرەتای بەڵگە:
٢٠ی جەمادی یەکەمی ١٣٢٢ی کۆچی ( ٢ی ئابی١٩٠٤) سلێمانی
قوربانی خاکی بەرپێی گەوهەرئاسات بم
دەسخەتی گوێلێگیراوی موبارەکتان لە ڕێککەوتی ٢٢ی ڕەبیعی دووەم لە ڕێی پۆستەوە، شەرەفی نێردرانی وەرگرت. لە هەفتەی ڕابردوودا بینیم و دەسخەتی موبارەکتان کە بەمەبەست نێردەکرابوو، پێنج ڕۆژ لەمەوبەر بووە موشەرەفبووم و بووە هۆی سوپاسگوزاری و لە نوسینەکانی تەواو خۆشحاڵ بووم و موژدەی لوتفی شایانەی کە لە حاست ئەم بەندەکۆیلە گیانفیدایە فەرمووبووتان، بە مایەی شانازی و سەربڵندی گەڕا. {ئەم بەندەیە} ئومێدەوارە لە دەرگای یەکتا تا کۆتایی سەردەم وجودی بەختەوەرتان، بەردەوام و چەسپاو(بەرقەرار) بێت، ئامین. دووەم بابەت (عرض) لەبارەی زیانەکانی موڵکوماڵی شێخ نەسرەدین، شتێکیان نەفەرمووبوو کە شتێک زیانی پێگەیشتبێت یان نا. و سێیەمیش لە ڕۆژی بیستوهەشتەمی ڕەبیعی دووەم نەخۆشی پەتا لە سلێمانی تەشەنەی کردووە سلێمانی {بە} پێی تۆمار (دەفتەر)* سێهەزارونۆسەدوسی، چل ماڵە. لە ڕۆژی دەرکەوتنی نەخۆشییەکەوە تا ئەمڕۆ دووهەزاروجوارسەدوهەشت، نۆ کەس مردووە و ئەوانیتر سێسەدکەسی تووشبووش بەم نەخۆشیە چاکبوونەتەوە. تا ئەمڕۆ کەسێک بەمشێوەیە نەخۆشی پەتای {بەم} خێراییە نە بینیووە و نە بیستووە. هەموو خەڵک سەرسام بوون حکومەت لەکارکەوتووە دادگا دیوان نییە. زۆرینەی کاربەدەستان لە ترسی نەخۆشی بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تووشبوونیان، بەرەو دێهات هەڵهاتوون. هەینی و رەند بەستراو{ڕەنگە مەبەستی نوێژیی هەینی و قەرەبڵغی هەینیان بێت}، دوکان و بازاڕ هەموو داخراوو و نیوەی خەڵک لە باڵا و گەدا هەڵهاتوون، ئەو بەشەشی کە ماوەتەوە تا ئێوارە سەرقاڵی تەرم و شەو تا سپێدەش سەرقاڵی نەخۆشخزمەتکردنن. بەساقەت بم (لەدەورت گەڕێم) خوا بکات هیچ کەسێک ئەم بەڵایە نەبینێت، نە باوک و دایک منداڵی خۆیان بیرماوە نە منداڵ لە بیری باوک و دایکیدایە. ئەمڕۆ، دە نۆ ڕۆژێکە کەوتۆتە نێو هۆزی هەمەوەندەوە. دوانزە کەس لە سەرۆکەکان(سەرۆک تیرە)ی ئەوانیشی لەناوبردووە و بەشی سی کەس لە وڵاخەکانی هەمەوەندیش لەناوچوون. لەدەورت گەڕێم لەگەڵ ئەوەی لێی ئاگادار بووم ئەم پوختەیەم جەسارەت کرد (خستە خزمەتت) خوایاربێت ئەگەر ماین ئەنجامەکەی بە وردەکارییەوە دەخەمە خزمەتی خاکی بەرپێی موبارەکت، حەزرەتی باڵا سەلامەت، زیادوتن جەسارەتە.
بەندەی خوا ئەسەدوڵا
کۆتایی بەڵگە
شیکردنەوەی بەڵگەنامە:
پەتای چاوەقوڵە(ڕشانەوە)، کە ساڵانی ١٩٠٤-١٩٠٥ی پەتایەکی جیهانگیر بوو، بڵاوبوویەوە، هەندێک ناوچەی کوردستانی گرتەوە، بەتایبەت سلێمانی، شارەزوور، هەولێر، خانەقین و کرماشان. کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سلێمانی جێهێشت، دەوترێت ئەم پەتایە لە کۆتاییدا زیاتر لە ٧٧٠٠ کەسی لەناوبردووە، لە سلێمانی پەتاکە بە “ڕشانەوە” و لە شارەزووریش بە “چاوەقوڵە” ناسرا. مەلا محەمەدی چرۆستانی لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: “کەس نەیئەوێرا بچێ یاسینی نەخۆش بخوێنێت لە ترسا. من بێسەلیقە بووم، پێم خۆش بوو بانگم کەن، کە یاسینی ئەوانە بخوێنم کە دەڕشانەوە. دەسم ئەدایە قورئان، لە یاسین خوێندندا ئەبووم لەسەر نەخۆشی ڕشاوە، هی وا بوو کە بەسەر نەخۆشەکەوە ئەگریا، قڵپ ها ئەڕشایەوە، پڕشکی ڕشانەوەکەی لە دەموچاوم ئەکەوت، قێزم لێ نەدەکرد، عەقڵم پێ نەدەشکا. کابرای شیوەنکەر وەک تەڕاح لەوێ ئەکەوت. ئیتر دنیا زۆر عەجایب بوو، کەس بە هیوا نەبوو شەو بگاتە سبەی، یان ڕۆژ بگاتە ئێوارە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیەکی گرنگ بە ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی کراوە، لێرەدا گرنگە گۆڕانکاری دانیشتووان و ژمارەی دانیشتوان ئاماژەیەکی پێبدرێت.
سلێمانی لە ڕووی ژمارەی ماڵ و دانیشتوانەوە، چەندین جار ڕووبەڕووی پەتای ئیقلیمگیر و کوشندە، بەرزونزمی سیاسیی و کارگێڕی بووەتەوە، ئاماری شارەکە بە پێی گوزەری زەمان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. بۆ نموونە مستەر ڕیچ کە ١٨٢٠ سەردانی سلێمانی کردووە، باس لەوەدەکات کە سلێمانی ١٠٠٠٠کەس بووە. لیک لاما لە ساڵی ١٨٦٨دا دەڵێ ٦٠٤٥ خێزانە[٦٠٠٠موسڵمان، ٣٠کریستیان و ١٥ جولەکە]. لە ١٨٩٢شدا مونسل دەڵی سلێمانی ٢٥٠٠خانوو بووە. لە ئانی سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمیشدا ٩٠٠٠کەس بووە. بەم پێوەرە بێت، دەردەکەوێت کە پەتاکان و ئاڵوگۆڕی سیاسیی و پەروێزکەوتنی کارگێڕیی و لاوازی گەشەی شار کاریگەرییان هەبووە لەسەر فراواننەبوونی شار و ژمارەی دانیشتووانی.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەکەشدا ئاماژە بە هەمەوەندییەکان کراوە، کە عەشرەتێکی دێرینی کورد بوون، دەگەڕێنەوە سەر سێ برای دامەزرێنەر (رەشوەند، ڕەموەند و صەفروەند)، ناوچەی هەژموونی هەمەوەند لە باکوورەوە دەکەوێتە شاخی بەرزایید و تاسڵوجە لە باشوورەوە زنجیرە چیای سلباتو-جەباری و قەرەحەسەن، لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕوباری باسەڕە و لە ڕۆژئاواشەوە ناوچەکانی شوانی بازیان، قەڵاسێوکە و شوانی خاسە. لەدەورووبەری ١٧٠٠ەوە لە شاری سنەوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی بازیان.
لە کۆتاییدا گرنگە بوترێت کە بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دیکە کە لەبەردەست نووسەری ئەم دێڕانەدایە، دەردەکەوێت ڕاپۆرتنووسەکە(نوسەری بەڵگەکە) (ئەسەدوڵا)، لە ساڵانی پەتاکەدا ١٩٠٤-١٩٥دا کونسوڵی دەوڵەتی قاجاری ئێران بووە لە سلێمانی، چونکە لە بەڵگەنامەکانی دیکەدا لە خوار ناوەکەیەوە وەک کونسوڵ[کارپرداز] لە کۆتایی بەڵگەکاندا خۆی ناساندووە.
پەراوێز و سەرچاوەکان:
– سند شماره 96 ، در کتاب: وبای عالمگیر(اسناد، مدارک و مکاتبات عبدالحسین میرزا فرمانفرما در حکومت کرمانشاه 23-1321ق)، بە کوشش: منصوره اتحادیه(نظام مافی)و اسماعیل شمس و اعظم غفوری ، 1392، نشر تاریخ ایران، ، تهران، صص149-150.
– مەلامحەمەدی چروستانی، ٢٠١٢: دیوان و یادداشتەکانی چروستانی، ئامادەکردنی نوخشە ئەحمەد چروستانی، بەڕیوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، لل٥٥-٥١)
– جەمال بابان،٢٠١٢: سلێمانی شارەکەم، بەرگی ١و٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، هەولێر، لل٥١-٥٣.
– محمدامین زکی بک، ٢٠٠٢: تاریخ السلیمانیە و انحائها، ترجمە: محمد جمیل بندی الروزبیانی، المدیریە العامە للطباعە والنشر، الطبعە الثانیە، سلیمانی، صص٢٠٥-٢٠٧.