• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 12, 2024

حزب و حزبایەتی لە ئیسلامدا

نووسینی: د. بەهرام ئیخوان كازمی

وەرگێڕانی: ئارام مەحموود ئەحمەد

پوختە
حزب و حزبایەتی دیاردەیەکی نوێیە و لە تێڕوانینی فیقهیدا لە کۆمەڵگە و کولتووری شیعە و لە ئەندێشەی ئایینیدا لە بارەی پەسەندکردن، یان ڕەتکردنەوەی، نادیاری و نیگەرانی و تێڕوانینی جیاجیا بوونیان هەیە.
بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی فرەحزبی لە ئەندێشەی ئیسلامیدا هەوڵ دراوە سوود لە سەرچاوە قورئانییەکان و گێڕانەوە و ژیاننامەی هاوەڵان و مێژووی سەرەتای ئیسلام وەربگیرێت، یان هەوڵ دراوە حزب و حزبایەتی وەک کارێکی نوێ و هاوچەرخ لێکبدرێتەوە و بەپێی کارە ئەرێنی و عەقڵانییەکانی و گونجاندنی شەرع لەگەڵ عەقڵ، مۆڵەتی ڕەوایەتی ئەم دیاردە مۆدێرنە سیاسییە بدەن. لەم توێژینەوەیەدا بێجگە لە سەرنجدان لەم دوو چوارچێوەیە، سەرەتا پێگەی حزب و حزبایەتی لە قورئاندا لێکدراوەتەوە، دواتر تێڕوانین و بەڵگەهێنانەوەکانی یار و نەیارانی ڕەوایەتی ئایینی حزبایەتی باس کراوە.

کلیلە وشەکان: حزبایەتی، حزبوڵڵا، سیاسەت، ئەندێشەی ئیسلامی، گێڕانەوەکان، شەریعەت، عەقڵ، فیقهی سیاسی، کەلام.

پێشەکی
حزبی سیاسی لە پێناسە نوێیەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێکی ڕێکخراو لەناو سیستمێکی سیاسیدا، کە لەسەر بنەمای باوەڕ و پەیڕەوێکی هاوبەش بە شێوەیەکی یاسایی بۆ بەدەستهێنان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و جێبەجێکردنی تێڕوانین و ئامانجەکانی هەوڵ دەدات و خەبات دەکات. مێژووی حزبایەتی و فرە حزبی ئەمڕۆ لەگەڵ مێژووی دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا نوێ و هاوچەرخە و پەیوەندیان هەیە، چونکە فرەحزبی بە میکانیزمی سەرەکی ئەو جۆرە دیموکراسییانە هەژمار دەکرێت و لەگەڵ سەرجەم چەمک و میکانیزمەکانی ئەم جۆرە سیستمی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنە پەیوەندی نزیکیان هەیە.
بەپێی پێناسەکەی سەرەوە حزب دیاردەیەکی نوێ و لە ڕوانگەی فیقهییەوە بابەتێکی نوێ لە کۆمەڵگە و فەرهەنگی شیعەدایە، کە لەگەڵ ئەو پێویستییەی لە ژیانی سیاسیدا هەیە، کەمتر لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە.

حزبایەتی لە قورئاندا
ناوی یەکێک لە سووڕەتەکانی قورئان (ئەحزاب)ە. لەبارەی بەکارهێنانی ئەم وشەیە و هاوشێوەکانی لە کتێبە ئاسمانییەکەدا دەبێت ئاماژە بکرێت کە وشەی (حزب) (7) جار (دوو جار لە سووڕەتەکانی مەککی و 5 جار لە سووڕەتە مەدینەییەكاندا) هاتووە، هەروەها (حزبە و حزبین) هەر یەکێکیان یەک جار لە سووڕەتە مەککییەکاندا بەکارهاتوون. هەروەها (الاحزاب) (11) جار، (6) جار لە سووڕەتە مەککییەکاندا و (5) جار لە سووڕەتە مەدینەییەكاندا هاتووە. بەم شێوەیە (4) وشەی وەرگیراو لە (حزب) بیست جار لە قورئاندا هاتووە، کە (8) جار بە تاک و (11) جار بە کۆ باس کراوە و بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکی قورئاندا بە واتای گرووپ، تائیفە، کۆمەڵە و … هاتووە.
شارەزایانی قورئان نووسیویانە “حزب ئەو کۆبوونەوە و گرووپەیە کە لەسەر بیرکردنەوە و ئامانجێک هاوڕان. لە قورئاندا هاتووە [به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵکی بیرو بۆچوونی خۆیان به‌ش به‌ش و پارچه پارچه کرد، هه‌موو ده‌سته‌ و تاقمێك به‌و به‌رنامه ‌و نه‌خشه‌یه‌ی هه‌یانه دڵخۆشن](المؤمنون 53). [له‌وانه‌ی که ئایینه‌که‌یان به‌ش به‌ش کردووه ‌و بوونه‌ته چه‌ندان گرووپ و ده‌سته، هه‌ر گرووپ و پارتێکیش دڵخۆشن به به‌رنامه ‌و نه‌خشه ‌و پلانی خۆیان](الروم 32)
ئەم دوو ئایەتە بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە لە حزبایەتیدا جۆرێک دەمارگیری فیکری و حزبی بوونی هەیە و خۆی لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە. وشەی (فئة) ئاماژەیە بۆ کۆمەڵی هاوکار و پشتیوان، کە بە پشتیوانی یەکتر کاری بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن. ئایەتی [چه‌نده‌ها جار ده‌سته‌ی که‌م، زاڵبوون به‌سه‌ر ده‌سته‌ی زۆردا به‌فه‌رمانی خوا و خوا یار و یاوه‌ری خۆگر و ئارامگرانه](البقرة 249) شایەتی ئەم واتایەیە. بەڵام وشەی (فرقة) هەرچەندە ئەمڕۆ لە کەلامدا بە گرووپی مەزهەبی دەوترێت، بەڵام لە بنەڕەتدا بە واتای گرووپێکی تایبەت لە خەڵکە، کە لە خەڵکی تر جیان و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و ئایەتی (122)ی سووڕەتی (التوبة) ‌[بۆچی له هه‌ر هۆزو ده‌سته‌یه‌ک، که‌سانێک نه‌چوون بۆ خوێندن تا شاره‌زا بن له ئایین تێبگه‌ن و فێر ببن و قه‌ومه‌که‌شیان تێبگه‌یه‌نن و فێریان بکه‌ن کاتێک که گه‌ڕانه‌وه بۆ لایان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان هوشیار ببنه‌وه خۆیان بپارێزن له گوناهـ و خوا له خۆ نه‌ڕه‌نجێنن] هەمان ئاماژەیە. هەڵبەت ئەمڕۆ (فرقة) زیاتر بە واتای گرووپ و دەستەی مەزهەبی بەکاردێت، بەڵام هەر چۆنێک بێت وشەکانی (حزب، فئة، فرقة) ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک کە ئامانجێکیان هەیە و دەمارگیری گرووپییان هەیە.
(ئەمین ئیسلام) لە تەفسیری (مجمع البیان)دا بۆ ئایەتی (37)ی سووڕەتی (مەریەم) حزب بە (ناکۆکی مەزهەبی) دادەنێت، واتا هەر قەومێک باوەڕێکی هەبێت، کە بە پێچەوانەی باوەڕی قەومەکەی دیکە بێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، حزب بریتییە لە کۆمەڵ و گرووپێک کە لە ڕا و بیرکردنەوەدا لە ئەوانی تر جیاوازن.
لە لایەکی ترەوە (تەباتەبایی) لە تەفسیری (المیزان)دا، بۆ هەمان ئایەت شیکارێکی هاوشێوەی کردووە، “ئەحزاب کۆی حزبە و بەو کۆمەڵ و گرووپانە دەوترێت کە لە ڕا و بیرکردنەوەدا لە ئەوانی تر جیاوازن.
(ئەحزاب) بە شێوەی کۆ (11) جار لە قورئاندا بەکارهاتووە و لە تێکڕایاندا ڕەخنەیی بووە و بە دوو واتای گشتی و تایبەتی ئاماژە دەکات، واتا گشتییەکەی لە ڕووکاردا سەرجەم ئەو گرووپانە دەگرێتەوە کە دژی پێغەمبەر وەستاونەوە و خودا تێکیشکاندوون، واتا تایبەتییەکە بە گرووپە هاوەڵدانەرەکانی قورەیش و (غەتەفان) و عەرەبە هاوەڵدانەرەکان و جولەکەکان وتراوە، کە دژی پێغەمبەر حزبیان پێکهێناوە و دژی موسڵمانان شەڕیان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر مەدینە. کەواتە (ئەحزاب) بە واتا تایبەتییەکەی هەمان ئەو سوپا، یان دوژمنانەی پێغەمبەرن، کە هەموویان دژی پێغەمبەر یەکیان گرتبوو. هەروەها ئایەتەکانی [ئه‌وانه هێشتا واده‌زانن که له‌شکر و گرۆ و ده‌سته‌کان نه‌ڕۆیشتوون، ئه‌گه‌ر له‌شکری گرۆکان هات، ئاوات ده‌خوازن بریا له‌ناو عه‌ره‌به بیابان نشینه‌کاندا بوونایه ‌و له‌وێوه ‌هه‌واڵی ئێوه‌یان بپرسیایه‌!! خۆ ئه‌گه‌ر له‌ناو ئێوه‌دا بوونایه ‌ته‌نیا که‌م نه‌بێت جه‌نگیان نه‌ده‌کرد(20) کاتێك ئیمانداران ئه‌و هه‌موو ده‌سته و گرۆهانه‌یان بینی وتیان: ئه‌مه ئه‌وه‌یه که خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به‌ڵێنی پێداوین، دیاره که خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی ڕاستیان فه‌رموو له‌پێش هاتنیدا، بێگومان ئه‌و دژایه‌تییه باوه‌ڕ و ملکه‌چی نه‌بێت هیچی تری بۆ زیاد نه‌کردن(22)]ی سووڕەتی (ئەحزاب) ئاماژە بەو گرووپە شەڕکەرانە دەکات.
هەروەها (حزب) لە قورئاندا وەک ئایەتی (32)ی سووڕەتی (الروم) و ئایەتەکانی (52 و 53)ی سووڕەتی (المؤمنون) ئاماژە بە دۆخی هاوڵدانەران دەکات و حزب لە ئایەتەکاندا بەو گرووپە لە هاوەڵدانەرانە دەوترێت، کە لە ئایین لایانداوە و دەستە دەستە و دابەشبوون و بەپێچەوانەی بانگەوازی پێغەمبەران، کە مرۆڤایەتیان بەرەو یەک ئوممەت و یەکگرتوویی باوەڕ و کۆمەڵێک بانگهێشت کردووە، جیاوازی و حزبایەتیان گرتووەتەبەر، کە تایبەتمەندی هاوبەشیان بریتی بووە لە دابەشبوون، هاوەڵدانان و دوورکەوتنەوە لە خودا.
بە سەرنجدان لە جەختکردنەوەکانی ئایەتەکانی سەرەوە لەسەر یەک ئوممەت و دوورکەوتنەوە لە دابەشبوون، لەوانەیە بتوانرێت بەمشێوەیە لە ئایەتە قورئانییەکان تێبگەین، کە ئەگەر ژمارەی حزبەكان و کێبڕکێی نێوانیان و جەختکردنەوە لەسەر تێڕوانینی حزبی لە ئاستی تێڕوانین و بۆ گەشەپێدانی تواناکان گونجاو لەگەڵ جیاوازی هەلومەرجی کات و شوێن بێت و ئەمانە هەموویان دەرخەری تێگەیشتنی جیاواز بۆ حەقیقەتێک بن، نەک یاساغ نییە، بەڵکو پێویستی ژیان و جوڵەیە، بەڵام ئەگەر ئەم فرەیی و دەمارگیرییە ببێتە هۆی پارچە پارچەبوونی کۆمەڵگە و ببێتە هۆی شەڕ لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و شتە دونیاییەکان بێ سەرنجدانە بەها ئیلاهی و بەرژەوەندییە گشتییەکان، ڕێگەیەکی پووچ دەبێت و ئەمجۆرە حزبایەتییە لە ڕوانگەی قورئانەوە دژی ڕەفتاری باوەڕداران و کۆمەڵگەی باوەڕادارنە.

حزبوڵڵا لە قورئاندا
حزب و ئەحزاب لە قورئاندا تەنیا وەک ڕەخنە بەکارنەهاتوون، بەڵکو بە چوونە ناو باسی (حزبوڵڵا) کە لە سێ باسی ئایەتەکاندا هاتووە، بەکارهێنانی وشەی حزب لە پلەی ستایشکردندا بەکارهاتووە. قورئان لە سووڕەتی (مائیدە)دا کە لە ئایەتی (56)دا باسی دەکات و دەڵێت [جا ئه‌وه‌ی خوا و پێغه‌مبه‌ر و ئه‌وانه‌ی بڕوایان هێناوه به ‌پشتیوان و خۆشه‌ویستی خۆی قبووڵ بکات، ئه‌وه با دڵنیا بێت که هه‌ر کۆمه‌ڵ و ده‌سته ‌و تاقمی خوا، زاڵ و سه‌رکه‌وتوون](المائدة 56)
بە سەرنجدان لە ئەو ئایەتە دەتوانرێت تێگەیشت کە لە ڕوانگەی قورئانەوە، حزبوڵڵا بەو گرووپەی کە لە دەوری تێگەیشتنی سادەی هاوڕێیەتی و یاوەری کۆدەبنەوە، ناوترێت، بەڵکو پێکهاتەیەکی باوەڕدار، لەسەر ڕێڕەوی قورئان و سوننەت دەوترێت، کە دەبێت بە ئامانجی سەرکەوتنی دنیایی و ڕۆژی دوایی شوێنکەوتەی تەنیا خوا، پێغمەبەرەکەی و شوێنکەوتوانی بن. هەروەها ئایەتی (22)ی سووڕەتی (المجادلة) ئاماژە بە باوەڕی ڕاستەقینەی حزبوڵڵا دەکات، کە لەگەڵ سیفەتەکانی وەک دۆستایەتی لەگەڵ دوژمنانی خوا ناسازێت.
بەپێی ئایەتە ناوبراوەکانی قورئان و پشت بەست بە پێناسەی حزبوڵڵا لە ڕوانگەی قورئانەوە و بە پێداچوونەوە بە ئایەتەکانی (51 تا 58)ی سووڕەتی (المائدة) دەتوانرێت ڕاشکاوانە بوترێت کە (ولاء، تولی) گرنگترین بنەمای پێکهاتەی حزب لە فەرهەنگی سیاسی ئیسلامن، هەروەها دەبێت بوترێت، (تولی) هەمان حزبایەتییە، واتا کەسێک کە بە دەسەڵاتداری ئیلاهی ڕەزامەندە و لەسەر ئەو ڕێڕەوە شوێنی ئیمام دەکەوێت و دەچێتە ناو حزبی ئیلاهییەوە، کە ئەندامەکانی یەکگرتوون، هاوڕێ و شان بە شانی یەکتر هەوڵ دەدەن و هەستی خۆشەویستییان بۆ یەکتر هەیە، کە ئەوان بەرامبەر هاوڕێکانیان (باوەڕداران) میهرەبان و بەرامبەر بێگانەکان، بە بەرگریکار دادەنێت و جۆرێک بەڵێنی بەکۆمەڵ و یەکگرتوویی لەم پێکهاتەیەدا دروست دەکات. لەبەر ئەوە لە حزبوڵڵادا ناوەندی پێکهاتە و یەکگرتوویی مرۆڤەکان تەنیا خوایە و بێجگە لەو هیچ کەسێکی تر ناتوانێت پێکهاتە بەهێز و پتەوەکانی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای ئامانجە ئیلاهییەکان ڕێکبخات. ئەندامانی حزبوڵڵا لەسەر بنەمای ئایەتی (54)ی سووڕەتی (المائدة) بریتین لە نوێژخوێنان و ئەوانەی زەکات دەدەن و لەخۆبوردوون بەرامبەر باوەڕداران، بەڵام بەرامبەر کافرەکان توندن و دوژمنی دوژمنانی خوا و پێغەمبەرەکەین، ئەگەر باوک و منداڵەکانیشیان بن، ئەمەش بە واتای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرێک دەمارگیری کوێرانەی حزبی بە واتا ئەمڕۆییەکەی لە حزبوڵڵادایە، چونکە پەیوەندی ڕێژەیی و هۆکاری و خێزانی و حزبی ڕێگرە لە حەقخوازی و ڕاستگۆیی ئەوان.

ڕەوایەتی ئایینی حزبایەتی
یەکەم: لە ڕوانگەی نەیارەکانەوە
لەناو خاوەن بۆچوونە موسڵمانەکان، کۆنەکان و هاوچەرخەکان، کەسانێک هەن بە بەڵگەکانیان ڕەوایەتی ئایینی حزبایەتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. هەڵبەت ئەم نەیارییە زیاتر لەناو بیرمەندە عەرەبە سوننەکاندا هەیە. ژمارەیەک لە پاساوەکانی ئەم نایارانە بریتین لە:
1. حزبایەتی لەلایەن شەریعەتەوە نەهی لێکراوە و دەبێتە هۆی برەودان بە پووچی و ژمارەیەک لە حەرامەکان و هۆکاری دابەشبوون و زیان گەیاندن بە کۆمەڵی جێی ڕەزامەندی ئیسلامە
بەپێی ئەم تێڕوانینە سیستمی حزبایەتی و فرەحزبی هیچ جێگەیەکی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا نییە، چونکە زیان بە بنەما و یاساکانی شەریعەت دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی برەودان بە گەندەڵی و خراپەکاری لە کۆمەڵگەدا، لەوڕووەوە دەبێت بە بەهێزی ڕووبەڕووی بنەوە، چونکە بەردەوام حزبەکان لە دەقە شەرعییەکاندا لۆمە کراون و تەنیا لە بارەی دوژمنانی ئایین ئەم چەمکە بەکار هاتووە و هیچ کاتێک باوەڕداران بەم چەمکە لەلایەن خواوە نەدوێنراون و تەنیا لە دوو باسدا لە قورئاندا بە شێوازی تاک ئەم بابەتە، واتا حزبوڵڵا ناسێنراوە و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە شەریعەتی ئیسلام تەنیا یەک حزب بە ڕەسمی دەناسێت، ئەویش حزبوڵڵایە، بەڵام دەربڕینی وەک حزبەکان (ئەحزاب) ئاماژەیە بۆ سەرجەم گرووپ و لقەکانی دەرەوەی کۆمەڵی موسڵمانان. بێجگە لەوە ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی بەڵگەی دیکەین، کە موسڵمانان لە دابەشبوون و جیاوازی ئاگادار دەکاتەوە و پێشنیاری هاوکاری و یەکگرتوویی دەکات و دوو ئایەتی [به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی ئایینه‌که‌یان به‌ش به‌ش کرد و بوونه ده‌سته ده‌سته و پارچه پارچه، ئه‌وه له هیچ شتێکدا تۆ له‌وان نیت، به‌ڵکو تۆ له‌وان به‌ریت، به‌ڕاستی ئه‌وانه کاروباریان بۆ لای خوایه و تۆڵه‌ی لادانیان لێده‌سێنێته‌وه‌، له‌وه‌ودوا هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و کار و کرده‌وانه‌یان پێ ده‌دات که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن](الانعام 159) و [هه‌ر هه‌مووتان به توندی ده‌ست بگرن به ئایینی خواوه ‌و په‌رت و بڵاو مه‌بن، یادی ناز و نیعمه‌تی خوا بکه‌نه‌وه له‌سه‌رتان، کاتی خۆی دوژمنی یه‌کتر بوون، ئه‌وه بوو دڵه‌کانتانی به‌هۆی نیعمه‌تی (ئیسلامه‌وه‌) په‌یوه‌ست کرد به‌یه‌که‌وه و هه‌موو بوونه برای یه‌کتر](آل عمران 103) لەو ئایەتانەن کە فەرمان بەو واتایە دەکەن.
هەروەها لە فەرموودەکاندا هاتووە “کۆمەڵ ڕەحمەتە و جیاوازی و دابەشبوون عەزابە”. لەلایەکی ترەوە خیلافەتی ئیسلامی بۆ چەندین سەدە بێ پێویستبوونی حزبایەتی قەڵەمڕەوی ئیسلامی بەڕێوەبردووە و تەنیا بە پشت بەستن بە کۆدەنگی ئوممەت و ڕەتکردنەوەی دابەشبوون و دژایەتی، کۆمەڵگەی ئیسلامی بەرەوپێش برد.
دامەزرێنەرانی ئیخوان موسلمین بۆ ڕەتکردنەوەی حزبایەتی پێیان وابوو، کە حزبایەتی دەبێتە هۆی دابەشبوونی موسڵمانان، بۆ نموونە (حەسەن بەننا) پێی وابوو، ئیسلام ئایینی بانگەوازی یەکگرتوویی و تاکێتی، هاوکاری ڕاستگۆیانە لە سەرجەم بوارەکاندا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتییە، بەڵام حزبایەتی و فرەیی لە نێوان گرووپ و چینەکانی کۆمەڵگەیەک لەگەڵ ئەم پەیامە و دەقی ئایەتی (103)ی سووڕەتی (آل عمران) دژە، بە بڕوای (بەننا) سەرجەم پێویستی و لێکەوتەکانی سیستمە حزبییەکان وەک ناکۆکی، جیایی، دوژمنایەتی و کینە بە توندی لەلایەن ئیسلام و ئایەت و گێرانەوە جیاجیاکانەوە ڕەتکراوەتەوە.

2. دژیەکی دەمارگیری و لایەنداری حزبی لەگەڵ بەرنامەکانی ئیسلام و سەربەخۆیی و ئازادی باوەڕەکانی تاک
سیستمە حزبییەکان بەردەوام لە کاری تایبەتی خۆیان وەک ئامڕازێک بۆ ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە جۆرییەکان و بەشداری سیاسی، جەوهەرەکەی گۆڕاوە و شەریعەت و مرۆڤەکان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە حزبییەکان بەکاردەهێنن و ژیانی مرۆڤەکان سنووردار و هەڕەشەی لێ دەکەن. (ئەبوئەعلا مەودودی) بیرمەندی پاکستانی لە ڕەتکردنەوەی حزبایەتیدا پێی وایە، دەمارگیری کوێرانە و لایەنداری بێ مەرجی حزبی لەگەڵ ڕۆحی داواکردنی ماف و دادپەورەری و سەربەخۆیی ڕای تاک لە بیری ئیسلامیدا دژە و لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەهێنانەوەیە و لەپێشتردانانی مافەکان باوەڕی وابووە، کە لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامیدا هیچ جۆرە دابەشکارییەکی حزبی ناتوانێت بوونی هەبێت.
3. نەبوونی پێشینەی حزب و حزبایەتی لە سەرەتای ئیسلام و لە بنەمای فیقهی و کەلامی ئیسلامی
ئەم بەڵگەهێنانەوەیە لەلایەن دوو گرووپەوە سوودی لێ وەرگیراوە: لەلایەکەوە نەریتییە ئایینییەکان هەن، کە بە هۆی نەبوونی حزبایەتی لە سەرەتای ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر و هاوەڵانی، بە ڕەوابوونی ئایینی حزبایەتی ڕەزامەند نین، لەلایەکی ترەوە ژمارەیەک لە بیرمەندە نوێیە موسڵمانەکان هەن کە بە خستنەڕووی ئەم بەڵگەهێنانەوەیە پێیان وایە نابێت بە دوای خواستەی ئایینی حزبەکان بکەوین، بەڵکو لەبەر ئەوەی حزبایەتی دیاردەیەکی نوێ و عەقڵانییە، دەبێت بە شێوەیەکی عەقڵانی پەسەند بکرێت. (محەممەد موجتەهید شەبستەری) لەو کەسانەیە کە پێیوایە حزبایەتی لە بنەڕەتدا تایبەتمەندی سیستمە دیموکراتییەکانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسلام خۆی دیموکراتی نییە، چونکە بەپێی گەواهی مێژوویی لە سەردەمی پێغەمبەردا و لە کۆمەڵگەی حیجاز نە سیستمی سیاسی دیموکراتی لەسەر بنەمای دەسەڵاتداری میللەت و ئازادی و یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە، نە سیستمی فرە حزبی، بەڵکو ڕژێمێکی سیاسی لەسەر بنەما و پێکهاتەیەکی تر بوونی هەبووە، کە مەشروعیەتەکەی لای خودی پێغەمبەر وەک نێردراوی خوا بووە. لەبەر ئەوە ناتوانرێت چاوەڕێ بکرێت لە کتێب و سوونەتدا بنەما فیقهی و کەلامییەکان بۆ حزبایەتی وەک بابەتێکی عەقڵانی بوونی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا (شەبستەری) حزبایەتی بە هۆی نەبوونی یاساغبوونی لە سەرچاوە ئایینییەکاندا بە راست دادەنێت و نووسیویەتی “لە کۆمەڵگەیەکدا کە سیستمی سیاسی دیموکراتی نەبێت، باسکردنی حزبایەتی واتای نییە… دامەزراندنی بنەما فیقهی، یان کەلامییەکان بۆ بابەتی حزبایەتی، یان هەر میکانیزمێکی سیاسی نوێ کە لەگەڵ سیستمە دیموکراتییەکان مامەڵە بکات، ڕەتکراوەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی لە کتێب و سوونەتدا موسڵمانان لە دامەزراندنی سیستمی دیموکراتی و ئیجتیهادە نوێیەکان، کە پێویستییەکی ڕێگری لێ نەکراوە، موسڵمانان دەتوانن لە سەردەمی نوێدا سیستمی دیموکراتی سیاسی دابمەزرێنن و سیستمی فرە حزبی کە پێویستی مانەوە و چالاکبوونی ئەو جۆرە سیستمەیە، هەبێت”.
4. حزبایەتی بیری هیومانیستی، مادی و دژە مەعنەوی دیموکراتی سیکۆلار و نائایینییە
لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە چەمکەکانی وەک بەشداری سیاسی بە شێوازی ڕۆژئاوایی، حزب و سیستمی دیموکراتی لەو بابەتانەن کە لەسەر بنەمای بیری کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانن. ئەگەر بە گشتی لە مێژووی داهێنانی ئەو جۆرە چەمکانە بڕوانین، تێدەگەین کە ئەم بابەتانە هەموویان لقەکانی درەختی فیکری هیومانیزمن، بە واتایەکی تر مرۆڤسالارییە، کە لەسەر ئەو بنەمایە مرۆڤەکان تەوەری هەموو شتێکن و خوڵقێنەری هەموو بەهاکانن و دیاریکەری باشە و خراپەن. ویژدانی مرۆڤ دادوەری کۆتایی دیاریکردنی خراپەکان و باشەکانە. لە پشت مرۆڤ و کارەکانییەوە، بەها، ئەخلاق و باڵاییەک نییە. بەپێی ئەم بیرکردنەوەیە، مرۆڤ لە جێگەی خوا دادەنیشێت. بە سەرنجدان لەم تێڕوانینە گەشەی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەی خۆشگوزەرانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدایە و گریمانەکەی ئەوەیە کە ژیانی مرۆڤ لە ژیانی مادیدا کورت دەبێتەوە. دەسەڵاتداری مرۆڤ بە سەر چارەنووسی خۆیدا بێ سەرنجدانە ڕۆڵی ئایین و مەعنەویەت دەبێت و هەر جۆرێک هێزی مەعنەوی ئینکار دەکرێت. هیومانیزم بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهەشت لەم جیهانەدا بۆ مرۆڤەکان دەبێت و مرۆڤ هیچ جۆرە ئەرکێکی بەرامبەر ئایین و خوا نییە. لەسەر بنەمای ئەم بیرکردنەوەیە و لایەنی تیۆری و پراکتیکی سیکۆلاریزم، دەبێت حزبەکان دابمەزرێن و کێبڕکێکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەست پێ بکەن.
5. لە کۆمەڵگەی ئایینیدا حزبایەتی بۆ موسڵمانان ناڕەوا و بۆ ناموسڵمانەکان ڕەوا و ڕێگەپێدراوە

ئەم بابەتە هەرچەندە بیروڕای خاوەن بۆچوونەکان نییە، بەڵام ئاماژەی پێدراوە. بۆ نموونە لە ئەنجومەنی شارەزایانی یەکەم (مجلس خبرگان اول) داڕشتنی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی گفتوگۆ لە بارەی مادەی پەیوەندیدار بە یاسای دامەزراندنی حزبەکان (مادەی 26) (فاتحی) تەنیا نەیاری ئەو مادەیە بوو. بە بۆچوونی ناوبراو ئیسلام ڕێگە بە موسڵمانان نادات حزب دابمەزرێنن، بەڵام لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین و باوەڕ و ڕوونکردنەوەی مافەکان، ڕێگە بە گرووپ و ئایینەکانی تر دەدرێت حزب دابمەزرێنن و لەگەڵ جەختکردنەوەی لەسەر دامەزراندنی یەک حزب، واتا (حزبوڵڵا) پێی وایە، کە لە سیستمی ئیسلامیدا تێکڕای ڕێکخراو و دامەزراوە ڕاوێژکارییەکان، کە لە چوارچێوەی ئیسلامدا دادەمەزرێن، بە حزب دانانرێن.

دووەم: لە ڕوانگەی هاوڕاکانەوە
بە پێچەوانەی تێڕوانینی نەیارەکانەوە، تێڕوانینی زاڵتر لەناو بیرمەندانی موسڵمان، بە تایبەتی بیرمەندە ئایینییە نوێیەکان بریتییە لە بوونی حزب و حزبایەتی. ئەم گرووپە بە جەختکردنەوە لەسەر بەڵگەهێنانەوە عەقڵانییەکان و پێداگری لەسەر لایەنە ئەرێنییەکانی حزبایەتی لە ڕووی ئایینییەوە بە ڕاستی دادەنێن:
1. ڕەزامەندی ئوسووڵی، یان بنچینەیی
ئەم گرووپە بە پێچەوانەی ئەوانەی بە توندی دژی سازگاری و جێگرەوەی حزبەکانی ئێستا و حزبایەتی لەگەڵ دامەزراوە مەدەنییەکانی سەرەتای ئیسلامن، وای دادەنێن کە حزب و حزبایەتی لە سەرەتای ئیسلامدا هەبووە و ژمارەیەکیش پێیان وایە فەلسەفەی سیاسی دیموکراتی ڕۆژئاوا لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی حکومەت لە ئیسلامدا گونجاوە و دیموکراتی ڕۆژئاوا بە ژێر کۆمەڵەی ئایینی ئیسلام و تۆمارکراو تێیدا لێکدەدەنەوە. ئەوانەی باوەڕیان بە پێشینەی حزب و حزبایەتی لە سەرەتای ئیسلامدا هەیە، کۆمەڵێک بەڵگەیان هێناوەتەوە، لەوانە (عەبدوڵڵا عەلائیلی) نووسیویەتی “مێژوونووسە ئیسلامییەکان پێیان وایە حزبایەتی بە خێرایی هاتە ناو کۆمەڵگەی نوێی ئیسلامەوە و هەر حزبێک بە ئاڕاستەی تایبەتی و خێڵەکی خۆی، دواکەوتنی ئامانجەکانی و گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆی دەست پێ کرد. ئەو حزبایەتییەی باسی دەکەین حزبایەتی بەسوود نەبوو، بەڵکو زیاتر دوژمنکارانە و لەسەر بنەمای هەلپەرستی دامەزرابوو”.
بە بۆچوونی ناوبراو حزبی جیاجیا دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر دەستیان بە چالاکی کرد، کە بریتی بوون لە (1- حزبی نفاق و منافقان، 2- حزبی ئومەوی، 3- حزبی سێگۆشەی ئەبووبەکر، عومەر و ئەبو عوبەیدە جەراح، 4- حزبی ئەنسار، 5- قورەیش و حزبی موهاجیران، 6- دوو خێڵی گرنگی عەدنانی و قەحتانی، 7- شیعە و تەشەیوع، یان ئەهلی بەیت، یان حزبی پاسەوانانی ئیسلام، 8- حزبی میللەت، یان خەڵک، کە ئەندامەکانی پێکهاتبوون لە ئەبوزەر غەفاری لە ڕەبزە و شام، مالیک ئەشتەر لە میسر، محەممەد بن ئەبوحوزەیفە و محەممەد بن ئەبوبەکر بوون و تایبەتمەندییان بریتی بوو لە توندڕەوی.
هەڵبەت (عەلائیلی) لە کۆتاییدا دان بەوەدا دەنێت، کە “ئەگەر ئێمە وشەی حزب بە سەر ئەمانەدا داببڕین، بە واتا گشتی و مەجازییەکەی ئەوەیە، بەڵام حزب بەو واتایەی ئێستا هەیە بێجگە لە (حزبی ئومەوی) بە سەر هیچیاندا ناچەسپێت”.
هەروەها (سەید محەممەد شیرازی) لە کتێبەکەیدا (الفقە السیاسی فی الاسلام) بەڵگەی ئەوە دێنێتەوە کە لەڕووی مێژووییشەوە دەتوانرێت بەو خاڵە گەیشت کە پێشەوایانی ئیسلام، نەک تەنیا دژی پێکهاتەی سیاسی و دامەزراوە ئایینی و سیاسییەکان نەبوون، بەڵکو خۆیان پشتیوان و برەویان پێ داوە. بە وتەی ناوبراو چیرۆکی جەماعەتی موهاجیرین و ئەنسار، کە لەگەڵ هاوبەشییە بنچینەییەکانیان لە بابەتە بنەڕەتییەکانی ئایین، جیاوازییان لە زەمینەکانی جێبەجێکردن و دانانی سیاسەتی حزبی هەبووە و نموونەیەکە لە پێکهاتەی سیاسی، کە بە قووڵبوونەوە لە سنوورەکانی کات و شوێن و لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی و پێویستی حزبە سیاسییە هاوچەرخەکان، دەتوانرێت ئەو کۆمەڵانە وەک حزبێکی سیاسی – ئایینی هەژمار بکرێن.
2. ڕەزامەندی میانەڕەو
بەڵگەهێنانەوەکانی ئەم گرووپە لە بیرمەندان هاوسەنگە، لەبەر ئەوە زۆرێک لە نووسەران و بیرمەندە موسڵمانەکان بۆ ڕەوایەتیی ئایینی حزبایەتی لە بواری کاری سیاسیدا پەیڕەویان لەم تێڕوانینە کردووە. ئەم گرووپە بە تایبەتی بە جەختکردنەوە لەسەر بەڵگەهێنانەوە عەقڵانییەکان و پێداگری لەسەر کارە ئەرێنییەکانی حزبایەتی ڕەوایەتی ئایینی پێدەدەن. ئەم گرووپە لە ڕەزامەندەکان ئەم بەڵگانە پێشکەش دەکەن:
– کاراییە ئەرێنییەکانی حزبەکان، هۆکاری ڕاستبوونی حزبایەتی
لەسەر ئەم بنەمایە و لە ڕوانگەی کاراییەوە، باشییەکانی کارایی حزبەکان لە خراپییەکانی زیاترە و لە واقیعدا ئەم کاراییە ئەرێنییانە کە جێی ڕەزامەندی حکومەتی ئیسلامی و فیقهی ئیسلامییە دەبێتە هۆی ئەوەی حزبەکان و حزبایەتی بە پێویست هەژمار بکرێن.
– نەبوونی گومان لە فەلسەفەی بوونی حزبەکان وەک ئامڕاز و میکانیزمی ئەزموونکراو بۆ چاودێری دەسەڵات و زیاتربوونی بەشداری سیاسی.
– کارایی حزبەکان و حزبایەتی وەک بەرژەوەندی عەقڵی و ڕوانگەیەکی پشت بەستوو بە عەقڵانییەت.
پشتڕاستکردنەوەی ئەزموونی عەقڵانی مرۆڤایەتی بۆ سوودوەرگرتن لە حزبەکان و حزبایەتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەتوانرێت سوودوەرگرتن لێی بۆ بەڕێوەبردن و سیستمی سیاسی ئیسلامی پەسەند بکرێت، لەبەر ئەوە دەتوانرێت بە هۆی پێویستی و بەرژەوەندی عەقڵانی حزبایەتی، ئەم دیاردە سیاسییە بە شەرعی دابنرێت.
– برەودان بە حزبەکان و حزبایەتی وەک کارێکی هاوچەرخ و بابەتێک کە هیچ شتێک نییە لەسەری بوترێت، بە سوودوەرگرتن لە نەبوونی دژایەتی ئایین.
ئیجتیهادی شیعە لەسەر بنەمای شێوازی عەقڵانی خۆی ئەو توانایەی هەیە، کە لە نەبوونی پێشینەی قورئانی و گێڕانەوەی حزبایەتی بە واتاکەی ئەمڕۆ، لەم دیاردەیە وەک کارێکی نوێ و هاوچەرخ و بابەتێک کە باس نەکراوە و دەقێکی شەرعی لەبارەی ڕەزامەندی، یان دژایەتی نەهاتووە، بڕوانرێت و بەپێی عەقڵ و فیقهـ حوکمی لەسەر بدرێت. لەبەر ئەوە زۆر کات لە هەڵسەنگاندنی گێڕانەوە، یان ڕەوایەتی ئایینی زۆرێک لە کار، یان دیاردەکان، کە حوکمێکی شەرعی بۆ ئەو مەبەستە نەهاتووە، دەتوانرێت سوود لە عەقڵ وەربگیرێت و لە نەبوونی دژیەکی لەگەڵ بنەما و حوکمەکانی ئایین، برەوی پێ بدرێت. واقیعەکە ئەوەیە کە بنەمای حزب و حزبایەتی لەگەڵ دەقە قورئانی و گێڕانەوەکاندا دژیەکی نییە.
– ڕەچەتەی حزبایەتی وەک پابەندبوونێکی سەرەتایی ئەرک

لە حوکمە فیقهییەکاندا زۆر باس لە ئەرکی سەرەتای (واجب) دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر نوێژ (واجب)ە، ئەوا دەستنوێژیش وەک سەرەتایەک ئەرکە و واجبە. دەتوانرێت سوود لەم بنەمایەش وەربگیرێت کە ئەمڕۆ زۆرێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە سیاسییەکانی تاک و کۆمەڵ لە سیستمی سیاسی ئیسلامی بە مەبەستی هێنانەدی ئامانجەکان پێویستی بە جۆرێک بەشداری سیستماتیک و ئۆرگانی وەک حزب هەیە و مرۆڤی ئەرکدار و بەرپرسی موسڵمان لەو جۆرە سیستمەدا ناتوانێت بەرامبەر بنەمای بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆی کەمتەرخەم بێت و بەڵگەنەویستە بوونی تاکەکان لە پێکهاتەکانی وەک حزبەکان، ئەنجامدانی ئەم بەرپرسیارێتی و ئەرکە سیاسییانە زیاتر مومکین دەبێت و پێویستی ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە دەبێتە هۆی پێشکەشکردنی پێویستی پێکهاتنی حزبەکان و حزبایەتی.
یەکێک لە بنەما ناسراوە فیقهییەکان بنەمای پەکخستنی سیستم، یان بە دەربڕینی ڕاستتر بنەمای پەکنەخستنی سیستمە. ئەم بنەمایە دەڵێت، هەر کاتێک کارێک ببێتە هۆی پەکخستن و ئاڵۆزبوونی سیستمی موسڵمانان، دەبێت ڕەت بکرێتەوە، ئەگەر لە ڕووکاردا باشیش بن. لەبەر ئەوە هەندێک کات لەسەر بنەمای حوکمی عەقڵ بە مەبەستی ڕێگری لە پەکخستنی سیستم، حوکمێک بۆ (واجب)بوون، یان (حەرام)بوونی بدرێت، چونکە شەقام شوێن ئەو حوکمە عەقڵانییە دەکەوێت. ئەمڕۆ ڕوون بووەتەوە، کە لە نەبوونی حزبایەتی و حزبەکاندا، گرووپەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ناڕەوای خۆیاندا کار دەکەن، لەلایەکی ترەوە پەیوەندی دەوڵەت لەگەڵ خەڵک پەکی دەکەوێت، یان بە لاوازبوونی چاودێری خەڵک (کە پێشتر لە ڕێگەی حزبەکانەوە ئەنجام دەدرا) دیکتاتۆری دەوڵەتەکان زیاتر دەبێت و بەمشێوەیە پەککەوتن لە سیستمی سیاسی ئیسلامیدا دروست دەبێت و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە سوودوەرگرتن لە بنەمای پەکنەخستنی سیستمەکە، حوکمی برەودان بە شەرعیبوونی حزبایەتی بکرێت.
هەڵبەت لەوانەیە بوترێت بە هەمان ئەو شێوەیەی کە نەبوونی حزبایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی پەکخستنی سیستم، کاری لادەرانەی حزبیش هەمان ئەنجامی دەبێت. هەرچەندە ئەمەش دوور لە ڕاستی نییە، حزبایەتی بە هۆی لایەنی نەرێنییەوە دەبێتە هۆی پەکخستنی سیستمەکە.
– حزبەکان و حزبایەتی نموونەیەکی گرنگی جێبەجێکردنی ستراکتۆر و فراوانی فەرمان بە چاکە و ڕەتکردنەوەی خراپە و (شؤون حسبة)
(حسبة) یان (ادارة الحسبة) لە دێرزەمانەوە لە فیقهی ئیسلامیدا هەبووە. (حسبة) لە (احتساب)ەوە هاتووە و بە واتای دەستپێکی کارێک لەگەڵ تەواوی دژوارییەکانی بە پاڵنەرێکی مەعنەوی و بەرفراوانکردنی باشییەکان لە کۆمەڵگەدا بۆ ڕەزامەندی خوا. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، قەڵەمڕەوی (حسبة) و کاروباری پەیوەندیدار بە ئەوەوە بە ڕێژەیەک پەرەیانسەند کە بیرمەندانی موسڵمان، چاودێری خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی بە ئەرکەکانی ئەم ئۆرگانە ئیسلامییە ناو دەبەن و مێژوو گەواهی دەدات لە سەردەمی پێغەمبەردا (شؤون حسبة) بە واتای واقیعی واتا چاودێری بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن حکومەتی پێغەمبەرەوە.

لە ئایەت و گێڕانەوە ئیسلامییەکاندا جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە. لەلایەکی ترەوە لە زۆر ئایەتدا بە تایبەتی ئایەتە پەیوەندیدارەکان بە فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە بەو ئەنجامە دەگەین لە هێنانەدی ئەو گریمانەیە پێویستی بە بوونی ڕێکخستنی ڕێکخراو و هەماهەنگی هەیە و ئەم ڕێکخراوانە نوێنەری دەسەڵاتی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەت و کارمەندانیەتی و دەتوانێت لە دەرگای (النصیحة لائمة المسلمین) لەگەڵ ئامۆژگاری خێرخوازانە، کۆنترۆڵی دەسەڵاتداران و چاودێری کارەکانیان بکرێت. لەم ڕووەوە حزبەکان پێویستن.
8) حزبەکان ڕێکارێک بۆ گرنگیدان بە کاروباری موسڵمانان و هێنانەدی شوورا و گفتوگۆ
لە زۆر گێڕانەوەدا داوا لە موسڵمانان کراوە کە بەرامبەر گرفتی موسڵمانانی تر بێ هەڵوێست نەبن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن. لە ژمارەیەک لەو گێڕانەوانەدا، ئەم گرنگیدانە بە ئازار و کێشەکانی کۆمەڵگە، هێمای موسڵمانییە و گرنگی پێنەدان بە ناموسڵمانی لێکدەدرێتەوە.
کاروباری موسڵمانان هەموو کێشە و گرفتێک لەخۆ دەگرێت، واتا تایبەت نییە بە گرفتە کەسییەکان.لەبەر ئەوە بوونی ستەم و نادادپەورەری کۆمەڵایەتی، گرفتە ئەخلاقی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگە، هەژاری و بێکاری، گەندەڵی بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگە و هاوشێوەکانی، هەموویان دەچنە ناو کاروباری موسڵمانانەوە و گرنگیدان بە چارەسەری ئەوانە ئەرکی کۆمەڵایەتی هەموو تاکێکی موسڵمانە. ڕوونە کە لە کۆمەڵگەیەکی بچووکدا بە شێوازی تاک و بێ پێویستبوونی پێکهێنانی ئەنجومەن و لیژنە و گرووپی تایبەتی بتوانرێت کێشە و گرفتی کۆمەڵگە چارەسەر بکرێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئاڵۆز و پێشکەوتووی ئەمڕۆیی گرنگیدان بە کاروباری موسڵمانان لە زۆر بواردا پێویستی بە ڕێوشوێنی نوێی بە کۆمەڵ و هاوکاری ئۆرگانی و گرووپە.
لە لایەکەوە ڕەوایەتی بنەمای شوورا و گفتوگۆش دەتوانێت بنەمایەک بێت بۆ یەکێک لە قاڵبەکانی شوورا، واتا حزبەکان، بە تایبەتی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە حکومەت و بڕیاری سیاسی لە فیقهـ و کەلامی ئیسلامیدا پێشینەی دووری هەیە. لە ئایەتی (38)ی سوورەتی (شوورا)، ڕاوێژ بە یەکێک لە سیفەتەکانی باوەڕداران هەژمار کراوە، کە دەڵێت [ئەو کەسانەی کە وەڵامی خوای گەورەیان داوەتەوە و نوێژەکانیان ئەنجام دەدەن و کاروباریشیان لە نێوان خۆیاندا بە ڕاوێژ کردنە و ڕاوێژ بە یەکتری دەکەن].
بەم شێوەیە بەپێی باسە قورئانییەکان و گێڕانەوە جیاجیاکان، بنەمای ڕەوایی و خوازراوی گفتوگۆ و بە لایەنی کەمەوە پێویستبوونی ئەو لە هەندێک کاروباردا، جێگەی مشتومڕ و ڕەتکردنەوە نییە. بابەتی گفتوگۆ و هاوشێوەکانی وەک باسی (النصیحة لأئمة المسلمین)، چۆنێتی و هەلومەرجی ئەو دیاردەیە، وەڵامی ئەو پرسیارە بنچینەیییەیە کە ئایا ئیسلام نموونە و شێواز و جۆرێکی تایبەتی بۆ هێنانە دی ئەو جۆرە بەشدارییانەی خەڵک پێشبینی کردووە، یان ئەوەی کە جەختی لەسەر قاڵب و فۆڕمێکی تایبەتی کردووەتەوە و شێوازەکەی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر زەمەنێکدا و زیادبوونی ئەزموونی عەقڵانی سپاردووە، بەڵگەنەویستە کە بژاردەی دووەم ڕاستە و حزب و حزبایەتی دەتوانرێت لە قاڵبی نوێی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە سەردەمی هاوچەرخدا دابنرێت و وەک یەکێک لە ئامڕازەکانی جێبەجێکردنی فەرمانە قورئانی و گێڕانەوەکان بۆ گفتوگۆ لە بارەی سەرجەم کاروبارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی گشتی سیستمی ئیسلامی سوودی لێ وەربگیرێت.
3. ڕەزامەندی مەرجدار
خاوەنانی ئەم بۆچوونە بە تایبەتی بوونی کارەسات لە کاری حزبەکاندا و لە لایەکی تریشەوە سوودەکانی حزبایەتی، بوونی لایەنە ئەرێنییەکانی حزبایەتی لە لایەنە نەرێنییەکانی بە باشتر دەزانن و پێیان وایە بەپێی هەندێک مەرج، حزبایەتی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە ڕەوایەتی هەیە.
پێیان وایە حزبەکان و حزبایەتی لە سیستمە سیاسییەکاندا و بە سەرنجدانە گەندەڵی و خراپییەکانی حکومەتی تاکڕەو و دیکتاتۆر، پێویستە. لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی ڕێنماییەکانی شەریعەت و بنەماکانی ئیسلام بێجگە لە جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی نیشتمانی و ڕێگری لە ناکۆکی و دابەشبوونی سیاسی، کە سەرچاوەی لاوازبوونی میللەت و ئاسایشی وڵاتن، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەر جۆرێک لە فریودان و ڕێزگرتن لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ، جەختی لەسەر ڕێگری لە قەیرانی سیاسی و بەشداری سیاسی خەڵک بە میکانیزمی جیاواز، لەوانە فەرمان بە چاکە و ڕەتکردنەوەی خراپە، مافی ڕەخنەگرتن، مافی یەکسانی حاکمی ئیسلام و میللەت، چاودێری یاسایی میللەت بەسەر دەسەڵات و …. تاد کردووەتەوە، لەبەر ئەوە چالاکی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا مەرجدارە بەم مەرجانەی خوارەوە:
– حزبە سیاسییەکان باوەڕیان بە ئیسلام و حوکمەکانی شەریعەت هەبێت و لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئایەتی وەک (جائەوەی بێجگە لە ئایینی ئیسلام پەیڕەوی هەر ئایینێکی تر بکات لێی وەرناگیرێت، لە قیامەتیشدا لە خەسارەتمەند و زەرەرمەندانە)[آل عمران 85] نابێت لە ڕێنماییەکانی ئیسلام دەربچن.
– هاوکاری حزب و گرووپە سیاسییەکان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا لەگەڵ گرووپ و کۆمەڵە نائیسلامییەکان لەسەر بنەمای ئایەتەکانی خوا ڕێگەپێدراو نییە. بۆ نموونە ئایەتی 51 لە سووڕەتی (المائدة) دەڵێت (ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە جولەکە و گاور مەکەنە یار و یاوەر و پشتیوانی خۆتان).
3)دژایەتی حزب و گرووپە ئیسلامییەکان بەرامبەر ئەو ئەندێشە و گرووپانەی هەوڵی دوورخستنەوەی ئیسلام لە ژیانی سیاسی کۆمەڵایەتی دەدەن.
– چاودێری بەردەوامی حزبەکان بۆ دژیەک نەبوونی یاسا و ڕێنماییەکان لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام.
– پاراستنی بنەما فیقهی و شەرعی و ئەخلاقییەکان لە کاتێکدا کە لەگەڵ حزبە ڕکابەرەکانیاندا جیاوازی بیروڕایان دەبێت، واتا بەکارهێنانی ئامڕازی ڕێگەپێدراو لە بانگەشەی حزبیدا.
– گرنگیدان بە یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی و یەکگرتوویی نیشتمانی و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و دابەشبوون.
– پێویستە حزبەکان باوەڕیان بە دەسەڵاتداری خوا و پابەندبوون بە حاکمی ئیسلامی هەبێت.

دەرەنجام
لەم نووسینەدا هەوڵ درا کە پێگەی حزبەکان لە ئەندێشەی ئایینیدا، هەروەها پەسەندێتی، یان ڕەتکردنەوەی لە ئیسلامدا لێکدانەوەی بۆ بکرێت. لەم ڕووەوە سەرەتا پێگەی حزب و حزبایەتی لە قورئاندا لێکدرایەوە، کە لەگەڵ بوونی وشەی (حزب) لە سەرچاوە قورئانییەکان و گێڕانەوەکان، جێگرەوەی حزب و حزبایەتی لە سەرەتای ئیسلام لەگەڵ چەمکە نوێ و هەنووکەیییەکانی ئەمڕۆ، ڕەوایەتی پێویستییان نییە و بەپێی بۆچوونی زۆرینەی موسڵمانان و ڕۆژئاواییەکان، حزب و حزبایەتی دیاردەیەکی نوێیە و نموونەی هاوشێوەی ئەمڕۆ لە ڕابردووی دووردا نییە.
دواتر باس لە تێڕوانینی نەیار و هاوڕایان لەگەڵ ڕەوایی ئایینی خرایە بەرباس و تێڕوانینی هاوڕاکان بۆ سێ گرووپی (ئوسووڵی، میانەڕەو، مەرجدار) دابەش کرا.
ڕەزامەندە میانەڕەوەکان بە تایبەتی جەخت دەکەنەوە لەسەر بەڵگەهێنانەوە عەقڵییەکان و کاری ئەرێنیی حزبەکان لە ڕووی ئایینییەوە بە ڕێگەپێدراو دەزانن و هاوشێوەی ڕەزامەندە ئوسووڵییەکان ئەو حزبایەتییەی کە پەسەندی دەکەن، مەرجدارە، بەڵام بەڵگەنەویستە کە بازنەی مەرجی ڕەزامەندە میانەڕەوەکان و توندیان بەراورد بە دوو تێڕوانینەکەی دیکە، فراوانترە.
_______________
سەرچاوە:
گۆڤاری (مطالعات اسلامی، فقه و اصول، سال چهل و یەکم، شمارە پیاپی 82/1، بهار و تابستان 1388، ص 11-42)

Send this to a friend