• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 15, 2025

تێڕوانینی گشتی بۆ دانانی قەیوم لە تورکیادا

(Türkiye Geneli Kayyum Algısı)

ناوەندی بیرو توێژینەوەکانی سپێکتڕووم هاوس (Spectrumhouse Düşünce ve Araştırma Merkezi)

وەرگێڕانی: توركیاناسی

ناوەندی سپێکتڕووم هاوس، وەک ناوەندێکی تایبەت بە بیرو توێژینەوە لە تورکیادا، بایەخ بە بابەتە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابوورییەکان دەدات. بەشێکی ناوەندەکە تایبەتە بە ئەنجامدانی ڕاپرسی بە شێوەی مەیدانی لە سەر بابەتە گرنگەكانی ڕۆژ. لەم ڕاپۆرتەیداو لە چوارچێوەی (١٥) لاپەڕەدا ڕاپرسییەکی تێروتەسەلی لە بارەی تێڕوانینی هاوڵاتیان‌و ڕایگشتیی تورکیا بۆ دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لەو وڵاتە خستووەتەڕوو. بە هۆی گرنگی‌و زۆریی بابەتەکە، وەرزنامەی تورکیاناسی بەپێویستیزانیوە پوختەی توێژینەوەکە وەربگێڕدرێت‌و بخرێتە بەرچاوی خوێنەران.
توێژینەوەکە بە شێوەی پرسیاری ڕووبەڕوو لە (٣) بۆ (١٠)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، بە بەشداریی (١٨٠٠) کەس لە (٢٦) پارێزگای تورکیا کراوە. ئەو (٢٦) شارە ئەوانەن، کە ناوەندەکانی توێژینەوە ڕاپرسیی تێدا دەکەن‌و وەک پێوەرێک ئەنجامەکانی دەکرێت بە سەر تەواوی تورکیادا بە شێوەیەکی ڕێژەیی بگشتێنرێت.

دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە ساڵێک بە سەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە لە (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، دەستوەردانەکانی حکومەتی ناوەندی لە ئیدارە ناوخۆییەکان وەک یەکێک لە پرسە سیاسییە دیارەکانی تورکیا ماوەتەوە. لەو شوێنەی کە ئیرادەی جەماوەری، کە هەڵبژاردن بەرهەمیدەهێنێت، بە بڕیارەکانی ئیدارەی ناوەند دووبارە دادەڕێژرێتەوە، بەمەیش جارێکی تر دەرگادەکرێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر پرسەکانی دیموکراسیەت، وەک مافی دەنگدان، خۆکاندیدکردن بۆ پۆست‌و بەڕێوەبردن لە تورکیادا.
لابردنی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان‌و دانانی قەیوم (ئەمیندار)، کە بە پلەی یەکەم بۆ ئەو شارەوانییانەی کە پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) (Halkların Eşitlik ve Demokrasi Partisi) (DEM Parti) بەڕێوەیدەبەن‌و هەروەها شارەوانییەکانی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی (Cumhuriyet Halk Partisi (CHP)) ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن جێبەجێدەکرێت، پراکتیزەیەکی بەردەوامە، کە کاریگەریی نەرێنیی بەردەوامی لە سەر سیستەمی دیموکراسیی تورکیا هەیە. شەرعیەتی سیستەمی سەرپەرشتیکردن‌و قەیوم، کاریگەری لە سەر مەیل‌و هەڵبژاردن بەجێدەهێڵێت، بوارێکی گرنگی مشتومڕ سەبارەت بە بەردەوامیی سیستەمی دیموکراسی پێکدەهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا، تێگەیشتن لە کاریگەریی ئەم پراکتیزانە لە سەر ئیدارە خۆجێییەکان، مافەکانی هەڵبژاردن‌و کاندیدبوون، بەڕێوەبردن، هەروەها لە سەر پڕۆسەکانی گواستنەوەی دیموکراسی، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخرێتەسەر ئەو قەیرانی متمانەیەی کە لە دیمەنی سیاسیی تورکیادا دروستبووە. هەرچەندە ئەم سیاسەتە پاشخانێکی مێژوویی هەیەو بەشێک بووە لە ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئەو شارانەی تورکیا، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بەڵام دانانی ئەو قەیومانە، کە پێشتر بە پلەی یەکەم بۆ شارەوانییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە)و دەمپارتی جێبەجێدەکران، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی (٢٠٢٤) درێژکرانەوە، بۆئەوەی شارەوانییەکانی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)یش بگرێتەوە. بەم واتایە، سیاسەتی دانانی قەیوم بووە بە ستراتیژێک لە حوکمڕانیی تورکیادا، کە هەتا دێت، زیاتر بەکاردەهێنرێت، ئەمەیش وایکردووە ببێت بە کێشەیەکی پێکهاتەیی، کە کاریگەریی لە سەر سیستەمی دیموکراسی لە تورکیا هەیە.
ئەم دەستوەردانە ناوەندییانە، کە ڕاستەوخۆ مافی دەنگدان‌و خۆکاندیدکردن‌و ئیدارەدان پێشێلدەکەن، نەک هەر مافە دیموکراسییە هەنووکەییەکان دەشێوێنن، بەڵکو زەمینە بۆ قەیرانەکانی حوکمڕانیی داهاتوو، قوڵبوونەوەی جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتییش خۆشدەکەن. بە وروژاندنی مشتومڕەکان سەبارەت بە متمانە لە سیستەمی سیاسی‌و کاریگەری لە سەر سەربەخۆیی کارگێڕیی حکومەتە ناوخۆییەکان، دامەزراندنی قەیوم بوار بۆ قەیرانەکانی ئێستاو ئەگەری لە دیموکراسیی تورکیادا دەڕەخسێنێت.

دەستگیرکردنی ئەحمەد ئۆزەر؛ سەرۆکی شارەوانیی ئێسەنیورت لە ئەستەنبوڵ، کە ئەندامی دەمپارتی بووەو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی شار (Kent Uzlaşısı)دا وەک کاندیدی جەهەپە بووە بە سەرۆکی شارەوانی‌و دانانی قەیوم لە جێگەی، پاشان لابردنی سەرۆک_شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و حەلفاتی‌و دانانی قەیوم لە جێگەیان، پرسیاری جددی لە بارەی کارایی سیستەمی دیموکراسی لە تورکیا دەوروژێنێت. هەروەها ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە، کە پرسێکی مێژووییە لە وڵاتدا. فراوانکردنی دانانی قەیوم بۆئەوەی نەک تەنها گرووپێکی ئیتنیکی یان سیاسیی دیاریکراو بگرێتەوە، بەڵکو بۆ سەرۆک_شارەوانییەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی، دەتوانرێت وەک دەستوەردانێکی پێکهاتەیی لە میکانیزمەکانی نوێنەرایەتیی دیموکراسیدا بخوێنرێتەوە.
ناوەندی بیرو توێژینەوەى سپێکتڕوم هاوس، توێژینەوەیەکی بۆ پێوانەکردنی تێڕوانینی کۆمەڵگە سەبارەت بە دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لە تورکیا کردووە. ئەم توێژینەوەیە ئامانجی ئەوەیە تێبگات، کە کۆمەڵگە چۆن لە دانانی قەیوم دەڕوانێت، هەروەها هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی دەنگدەران بەرانبەریان لە ڕووی ناسنامەی نەتەوەیی، ڕەگەز، گرووپی تەمەن، ئاستی خوێندن‌و پەیوەندیی سیاسی. هەر لەم توێژینەوەیەدا بەراوردی تێڕوانینی دەنگدەران سەبارەت بە دانانی قەیوم لە شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و هالفێتی کراوە، کە لەلایەن دەمپارتییەوە بەڕێوەدەبران، هەروەها شارەوانی ئێسێنیورت، کە ئەندامێکی دەمپارتی لە سەر لیستی جەهەپە سەرۆکی شارەوانییەکەی بوو.

ئەم توێژینەوەیە لە نێوان (٣) بۆ (١٠)ی کانوونی دوهەمی (٢٠٢٥)، لە (٢٦) پارێزگا، لە سەرانسەری تورکیا، بە بەشداریی (١٨٠٠) کەسی تەمەن (١٨) ساڵ بەرەو سەر کراوە، بە ئامانجی ڕۆشنکردنەوەی تێڕوانینەکانی کۆمەڵگەی تورکیا سەبارەت بە دانانی قەیوم.
توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی ڕێبازی چەندایەتی کراوە، لە ڕێگەی پرسیارنامەیەکی پێشوەختە ئامادەکراو، بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی (CATI). نموونەکە بە پێی میتۆدۆلۆژیای دابەشکردنی ڕێژەیی پێکهێنراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکان، بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتیی گشتیی تورکیا، بە پشتبەستن بە داتای هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی (٢٠٢٣)، ڕێژەی ڕاستی‌و متمانە لە توێژینەوەکەدا (٩٥٪) بووە، لەگەڵ بوونی بۆشایی متمانە بە ڕێژەی (±٢.٣١). ئەو زانیارییانەی کە بەدەستهاتوون، بە وردی بە بەکارهێنانی پڕۆگرامی (SPSS 22) شیکراونەتەوە.

پوختەی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە
– ڕێژەی ئەو کەسانەی پێیانوایە، کە دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆکی شارەوانی ئێسێنیورت لە ئەستەنبوڵ بڕیارێکی دروستە، (٣٥.٢٪)ە. ئەم ئەنجامانە ئاماژە بەوە دەکەن، کە تەنها نزیکەی یەک لە سەر سێی کۆمەڵگە پشتگیریی دانانی قەیوم بۆ ئەو شارەوانییە دەکەن.
– لە لایەکی ترەوە (٥٢.٨٪)ی بەشداربوان ئەم ڕێکارە ڕەتدەکەنەوە. سەبارەت بەو کەسانەی کە هیچ بڕیارێکیان نەداوە لە سەر ڕاستی یان هەڵەبوونی دانانی قەیوم، دابەشبوون بە سەر دوو گرووپدا: (١٠.٧٪)یان ڕایانگەیاندووە نە بە ڕاست نە بە هەڵەی دەزانن، لە (١١٪)یشیان ڕایانگەیاندووە، کە بۆچوونیان لە سەر ئەو بابەتە نییە، یان نایانەوێت گوزارشتیلێبکەن.
– کاریگەریی ناسنامەی ڕەگەزی لە سەر تێڕوانینەکانی دانانی قەیوم لێیکۆڵرایەوە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە دانانی قەیومیان بۆ شارەوانی ئەسێنیورت ڕەتکردووەتەوە، لە ناو بەشداربوانی بە ڕەگەز کورددا گەیشتووە بە (٧٥.٣٪)، کە ئەمەیش ڕێژەیەکی بەرزە. لە بەرانبەردا ئەم ڕێژەیە لە نێوان بەشداربوانی بە ڕەگەز تورکدا (٤٦.١٪) بووە.
– لە لایەکی ترەوە، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان هەردوو گرووپەکەدا بەدیدەکرێت سەبارەت بە ڕادەی پشتیوانی بۆ دانانی قەیوم. لە کاتێکدا ڕێژەی ئەوانەی پشتیوانییان لەم هەنگاوەی دەوڵەت کردووە لە ناو کورددا، تەنها (١٣.٣٪) بووە، ئەم ڕێژەیە لە ناو بەشداربوانی تورکدا بۆ (٤١٪) بەرزبووەتەوە. ئەم داتایە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە دانانی قەیوم بە پشتبەستن بە ناسنامەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی جیاواز سەیردەکرێت‌و ئەم سیاسەتە قەیرانی متمانەی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانی لە ناو دەنگدەرانی کورددا فراوانترو قووڵتردەبێت.
– لە چوارچێوەی توێژینەوەکەدا کاریگەریی ئاڕاستە سیاسییەکان لە سەر هەڵوێستەکان بەرانبەر بە دانانی قەیوم شیکراونەتەوە. لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە، کە (٥٧.٤٪)ی بەشداربوان، کە لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣)دا دەنگیان بە پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) داوە، دانانی قەیوم بۆ شارەوانیی ئەسێنیورت بە بڕیارێکی دروست دەزانن. ئەم ڕێژەیە لە نێوان دەنگدەرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بۆ (٦٩.٥٪) بەرزبووەتەوە، لە ناو دەنگدەرانی پارتی سەرکەوتن (Zafer Partisi) بە ڕێژەی (٥٩.٤٪)و لە ناو دەنگدەرانی پارتی خۆشگوزەرانیی نوێ (Yeniden Refah Partisi) (٥٨.١٪) بووە.

– لە بەرانبەردا ڕێژەی ئەوانەی لەگەڵ ئەم ڕێوشوێنەدا بوون، لە ناو دەنگدەرانی دەمپارتیدا تەنها (٥٪) بووە، لە کاتێکدا ڕێژەی دەنگدەرانی جەهەپە (١١.١٪) بووە. سەبارەت بەو کەسانەی کە دانانی قەیومیان ڕەتکردووەتەوە، ڕێژەیان لە ناو دەنگدەرانی دەمپارتی گەیشتووە بە (٨٨.١٪)و لە ناو دەنگدەرانی جەهەپەدا گەیشتووە بە (٨٠.٦٪). ئەم داتایانە نیشانیدەدەن، کە پشتیوانی بۆ دانانی قەیوم بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو دەنگدەرانی نەتەوەپەرست‌و فاشیستدا چڕبووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو پراکتیزەیە وەک قەیرانی متمانەی دەسەڵات لە لای دەنگدەرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا سەیردەکرێت.
– بە پێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە دانانی قەیومیان لە جێگەی سەرۆک_شارەوانیەکانی ماردین، باتمان‌و حەلفاتی ڕەتکردووەتەوە، کە لەلایەن دەمپارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، گەیشتووە بە (٥١.٥٪). ئەم ڕێژەیە ئاماژەیە بۆ هەڵوێستێکی ڕەخنەئامێزانەی ڕوون بەرانبەر بەم پراکتیزەیە لە شەقام‌و ڕایگشتیدا. لە لایەکی ترەوە، ڕێژەی ئەو کەسانەی پاڵپشتیی دانانی قەیومیان کردووە لەو شارەوانییانەدا، گەیشتووە بە (٣٥.٤٪). ئەم ئەنجامانە ئەوە دەردەخەن، کە پرسی دانانی قەیوم چیتر تەنها لە ناوچە کوردنشینەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە بە گشتی بووە بە بابەتی مشتومڕی بەرفراوان.
– هەروەها کاریگەریی هۆکاری ناسنامەی نەتەوەیی لە سەر تێڕوانینەکانی دانانی قەیوم لە شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و هالفێتی شیکراوەتەوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە، کە (٧٨.٨٪)ی بەشداربوانی بە ڕەگەز کورد دانانی قەیوم لەو شارەوانییانەدا بە ڕێکارێکی هەڵە دەزانن. لە بەرانبەر ئەم ڕێژەیەدا، لە نێوان بەشداربوانی بە ڕەگەز تورکدا ڕێژەکە تەنها (٤٣.٧٪) دەبێت.
-لە ڕووی ڕێژەی سەدیی ئەو کەسانەی کە پشتگیریی دانانی قەیوم دەکەن، جیاوازییەکی گرنگ بەدیدەکرێت؛ تەنها (١٢٪)ی بەشداربوانی بە ڕەگەز کورد دانانی قەیوم بەڕاستدەزانن. لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ناو بەشداربوانی بە ڕەگەز تورکدا بۆ (٤٢٪) بەرزبووەتەوە. ئەم ئەنجامانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە دانانی قەیوم لە سەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی جیاواز سەیردەکرێت‌و ئەم پراکتیزەیە لە ناو دەنگدەرانی کورددا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەتدەکرێتەوە.
-هەروەها لە توێژینەوەکەدا کاریگەریی ئاڕاستەی سیاسی لە سەر هەڵوێستی دەنگدەران بە گوێرەی هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٣) بەرانبەر بە دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و حەلفاتی شیکرایەوە. لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە، کە (٥٤.٢٪)ی بەشداربوان، کە دەنگیان بە ئاکپارتی داوە، دانانی قەیوم بەدروستدەزانن. لە کاتێکدا ڕێژەی (٦٨.٧٪)ی دەنگدەرانی مەهەپە پشتیوانییان لە دانانی قەیوم بۆ ئەو شارەوانییانە کردووە. هەروەها ڕێژەی (٦٦.٧٪)ی دەنگدەرانی پارتی زافەرو (٥٩٪)ی دەنگدەرانی پارتی خۆشگوزەرانیی نوێ دانانی قەیومیان بەدروستزانیوە. ئەم ڕێژانە نیشانیدەدەن، کە دەنگدەرانی پارێزکارو ناسیۆنالیست زیاتر پشتگیری لە دانانی قەیوم دەکەن.

– لە لایەکی ترەوە ڕێژەی ئەوانەی لەگەڵ دانانی قەیومدا بوون لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و حەلفاتی لە ناو دەنگدەرانی دەمپارتیدا، تەنها (٦.٣٪) بووە. لە کاتێکدا لە نێوان دەنگدەرانی جەهەپەدا (١٢.٢٪) بووە. ئەم ئامارانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە دەنگدەرانی دەمپارتی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی نوێنەرایەتیی کورد لە تورکیا دەکات‌و دەنگدەرانی جەهەپە، کە بە ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، بە توندی دژایەتیی دانانی قەیومەکان دەکەن. هەروەها (٨٩.٣٪)ی دەنگدەرانی دەمپارتی‌و (٧٨.٢٪)ی دەنگدەرانی جەهەپە؛ (٢٦.٢٪)ی دەنگدەرانی ئاکپارتی دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییەکانی ماردین، باتمان‌و حەلفاتی بەهەڵەدەزانن.
-ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵیداوە تیشکبخاتەسەر پاڵنەرە نەتەوەیی‌و مەیلە سیاسییەکان‌و کاریگەرییان لە سەر تێڕوانینی هاوڵاتی بۆ دانانی قەیوم لە جێگەی سەرۆک_شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان. ئەنجامەکان دەریانخستووە، کە دانانی قەیوم قەیرانێکی گەورەی بێمتمانەیی دروستدەکات، بە تایبەتی لە ناو دەنگدەرانی کوردو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بەرانبەر بە حکومەت‌و دەسەڵات. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاریگەریی دانانی قەیوم تەنها لە بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆجێیدا سنووردار نییە، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی لە سەر دیموکراسی لە تورکیاو ئاشتیی کۆمەڵایەتییش دادەنێت.

لینکی بابەتەکە لە تۆڕی ئینتەرنێت
https://spectrumhouse.com.tr/turkiye-geneli-kayyum-algisi/
file:///C:/Users/SABAT/Downloads/Turkiye-Geneli-Kayyum-Algisi-Arastirmasi_Subat_2025%20(1).pdf

Send this to a friend