بۆچوون: دیموکراسییە سەرکەوتووەکەی عێراق کە نادیدە گیراوە
نووسەر: فەرید زەکەریا
وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد
چەند هەفتەیەکی کەم دوای کەوتنە تراژیدییەکەی ئەفغانستان، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لەو وڵاتەی تر کە ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا ئەزموونی بونیادنانی دەوڵەتی تێدا تاقی کردەوە: عێراق هەڵبژاردنی ئەنجام دا کە بەزۆری ئازاد و دادپەروەرانە بوو. گەر ئەم پڕۆسەیە ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی نوێ، ئەوا ئەمە شەشەم جارە لە (٢٠٠٣)ەوە کە گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی دەسەڵات ڕوو دەدات. هەر چەندە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا زۆر کەم بوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە نیشانەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ بەرەوپێشچوون. بەرپرسێكی گەورەی عێراقی وەکوو “زەمینلەرزەیەکی سیاسی” وەسفی کرد لەلای من.
هەژدە ساڵ دوای ئەوەی ئەمەریکا عێراقی داگیر کرد، کە سەردەمی ئاژاوە و شەڕی ناوخۆ و سەرهەڵدانی داعشی بەدوادا هات، سیستمی دیموکراسیی عێراق بەرگەی گرتووە. هەڵبژاردن بووە بە ڕۆتین. پارتە سیاسییەکان پێشبڕکێ دەکەن. بە ئەندازەیەکی کەم؛ فرەیی میدیا و دەسەڵاتێکی دادوەریی خاوەن بڕیار هەیە (هەر چەندە بەپێی ستانداردەکانی ڕۆژئاوا ئازاد و سەربەخۆ نییە، بەڵام بەرەوپێشچوونی پێوە دیارە). بۆ نموونە؛ کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە لە دادوەران پێک هاتووە، بێلایەن و کاریگەرە.
بەرپرسە باڵاکەی عێراق ئەنجامەکانی بە زەمینلەرزەی سیاسی ناو برد، لەبەر ئەوەی بە “شکستی میلیشیا و سەرکەوتنی حکومەتی عێراقی” وەسفی کرد. دوای ئەوەی سوپای عێراق لە سەرەتای داگیرکردنەکەی (٢٠٠٣)ەوە توایەوە، کەسانی خاوەن دەسەڵات و پارتە سیاسییەکان میلیشیای چەکداریی خۆیان دروست کرد. بە تێپەڕینی کات، میلیشیا شیعییەکان دەسەڵاتیان بەهێز بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی داوایان لێ کرا دژی داعش شەڕ بکەن، دواتر بوون بە دەوڵەتی تەریب بۆ خۆیان. زۆریان پەیوەندیی نزیکیان بە ئێرانەوە هەبوو. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئەو پارتانەی میلیشیایان هەیە، کورسییەکانیان لە (٤٥)ەوە بوو بە کەمتر لە (٢٠).
دووەم کاریگەریی زەمینلەرزەئاسای هەڵبژاردنەکە، هەڵکشانی بەشداریی سوننەکانە. سوننەکان کە گرووپێکی کەمینەن لە عێراقدا، لە سیستمی سیاسیدا ناکاریگەرترین گرووپ بوون. ئەوان لە دەنگداندا ڕەشبین و ناڕازی ماونەو، لە ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی دەوڵەت وەستاونەتەوە، بەڵام ئەم جارە دەنگیان دا و سەرکەوتوو بوون لەوەی کە دەنگەکانیان لە چەند پارتێكی کەمدا کۆ بکەنەوە. پێگەی ئەلمۆنیتەر لای وایە ئەگەر چەند کەسێک لەم سەرکردانە پێکەوە کۆ ببنەوە، گرووپی یەکگرتووی سوننە دەتوانن ٥٠ کورسییان هەبێ لە ٣٢٩ کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق کە ئەمەش دەسەڵاتی سیاسیی زیاتریان پێ دەدات لەوەی کە سوننە لە (٢٠٠٣)ەوە هەیانبووە.
براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنەدا موقتەدا سەدرە کە مەرجەعێکی ئایینیی رادیکاڵی توندی دژەئەمەریکایە و میلیشیاکەی شەڕی هێزەکانی ئەمەریکای لە ڕابردوودا کردووە، بەڵام لە ئێستادا سەدر گۆڕانکاریی لە خۆیدا کردووە و بووە بە یاریکەرێکی سیاسی کە لە سیستمی سیاسیی عێراقدا کار دەکات. هەڵکشانی لە دەسەڵاتدا، وای لێ دەکات هەندێ لە میلیشیاکانی لا ببات و بەهێزتر پشتگیریی حکومەت بکات.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە کە سەدر لەم هەڵبژاردنەدا سەر کەوت لە ڕێگای ڕێکخستنێکی تەقلیدییەوە کە پشتی بە پشتیوانانی دەبەست و لە هەمان کاتدا ستراتیژێکی زیرەکانەی بۆ پەیوەندیکردن هەبوو. حیزبەکەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار هێنا و بەرنامەیەکی مۆبایلی دانا کە بە دەنگدەرانی دەگوت کەی و لە کوێ دەنگ بدەن، بەم شێوەیە دەنگەکانی باش دابەش کرد بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندامپەرلەمانی سەر بکەوێت. سەدر لە شۆڕشگێڕێکی یاخییەوە سەری هەڵدا و ئێستا وردە وردە ڕۆڵی سەرۆکێکی زیرەک دەبینێ بۆ حیزبێک.
سێیەم دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەوەیە سەرەڕای کاریگەریی سیاسی، ئایینی و سەربازیی ئێران لە عێراقدا، کەچی حیزبە نزیکەکان لە ئێرانەوە سەر نەکەوتن. بەرپرسە باڵاکەی عێراق گوتی: “هەر چییەک دەڵێن لە بارەی موقتەدا سەدرەوە، ئەوە ڕوونە کە ناسیۆنالیستێکی عێراقییە کە حەزی لە هیچ دەستتێوەردانێکی دەرەکی نییە لە هەر لایەکەوە بکرێت لە وڵاتەکەدا”.
لە بەرپرسەکەم پرسی هۆکاری ئەم سەرکەوتنە ڕێژەییەی عێراق چییە (ئەو بەڕاستی یەکەمین کەسە دان بەوەدا بنێت کە سەرکەوتنەکە ڕێژەیی و قابیلی گۆڕانە)، ئەو ئاماژەی بە دوو فاکتەری گەورە کرد: یەکەم: لەدوای شکستی سیاسەتە بەراییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەوڵی زۆر دران بۆ ئەوەی هەموو گرووپەکان بەشداری پێ بکەن لە سیستمە سیاسییەکەدا. “یەکێ لە سەرکەوتنەکانی ئەو کاتە کە لەلایەن دەیڤد پەترایۆس و جەی ئۆدێرنۆوە ڕابەرایەتی کرا، بۆ ئەوە بوو کە زۆرینەی میلیشیا سوننەکان بهێننەوە ناو سیاسەت”، بەرپرسەکە وای گوت. ئەم هەوڵە سیاسییە زۆر جیاوازە لەو سیاسەتەی لە ئەفغانستان گیرایە بەر کە هەر لە سەرەتاوە هەموو بەشدارییەکی تاڵیبانی لە سیستمی سیاسیدا ڕەت دەکردەوە. فاکتەری دووەم: بە باوەڕی بەرپرسەکە، جەنگی دژی داعش بوو. بەرپرسەکە گوتی: “ئەو جەنگە بەڕاستی وڵاتەکەی پێکەوە کۆ کردەوە”. هەروەها ئەوەشی گوت کە: “عێراق هەمیشە هەستێکی هەبووە کە نەتەوەیەک و دەوڵەتێکە، بەڵام ئەم جەنگە ئەوەی قووڵتر کردەوە، لە کاتێکدا سەرکەوتنیشمان بەدەست هێنا، ئەوە شانازییەکی بە هەموومان بەخشی.”
بەرپرسە باڵاکەی عێراق ئاگاداری کردینەوە کە دیموکراسیی عێراق ناسکە. گەندەڵی یاساییبوونی حکومەت و سیستمە سیاسییەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ئەو وتی لە ئێستادا ئاڵنگارییە هەنووکەییەکە ئەوەیە کە “دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنەکە دۆڕان قبووڵ بکەن و پەنا نەبەن بۆ توندوتیژی یان ڕێگای نادەستووری”. هەر چەندە ئەو ئاماژەی باش دەبینێت: “ئێمەی عێراقی فێر بووین هیچ ڕێگایەکمان نییە لەوە زیاتر کە جیاوازییەکانمان لە ڕێگای سیاسەتەوە مومارەسە بکەین، متمانە بە هەڵبژاردن بکەین و لەسەروو هەموو شتێکەوە مساوەمە، مساوەمە، مساوەمە بکەین.”
دۆڕاوەکان دەبێ دۆڕانەکەیان قبووڵ بکەن و حیزبەکانیش هەموو مساوەمە بکەن. کێ دەیەیەک لەمەوبەر دەیتوانی وێنای ئەوە بکات کە سیاسەتی عێراق ڕەنگە هەندێ وانەی بەسوود پێشکەش بکات بۆ دیموکراسی لە ئەمەریکا؟
سەرچاوە:
https://www.washingtonpost.com/opinions/2021/10/14/underappreciated-success-iraqi-democracy/