خوێندنی سەرهێڵ
د. هەردی مەهدی میکە
پێش ئەوەی کەش و پۆلە ئۆنلاین و ئۆفلاینە پەروەردەییەکان ببنە ڕکابەری پۆلە فیزیکییەکان، پێویستە وەک تەواوکار و بەشدار لە سیستم و پڕۆسەی ڕوودانی فێربووندا جێیان بکەینەوە، گەرنا بەو ژێرخانە یاسایی، پەروەردەیی و تەکنەلۆجییەی هەرێمی کوردستانەوە؛ هەردوو بارەکە لەدەست دەردەچن و هەردوو مۆدێلەکە وەک دوو ڕکابەر دۆخەکە لە فێرخواز ئاڵۆزتر و ناپەروەردەیی دەکەن.
لە سەردەمی کۆرۆنا و پۆست کۆرۆناشدا ئیتر هەریەک لە جۆرەکانی خوێندنی ئۆنلاین، ئۆفلاین و پاکێجی و هاوبەشی پۆلەکانن. لە ڕاستیدا ئەوەی هەڕەشەی لەسەرە؛ پۆلەکانن نەک خوێندنی ئۆنلاین و ئۆفلاین و پاکێجە ئەلیکترۆنییەکان. ئیتر ئێرە سەردەمێکە و ژێرخانی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێتی لە گریمانە و ئەگەری بەشداری لە ڕوودانی پڕۆسەی فێربووندا کردە واقیعێکی داسەپاو. کۆمپانیا و دنیای سەرمایەدارییش لە قۆستنەوەی ئەو هەلەدا دەستهەڵگر نین و جۆرەکانی خوێندنی سەرهێل و پشت هێڵ لە ئۆفلاین و ئۆنلاین دەبنە کاڵای بەکارهێنەران و لە مامۆستا و تۆمارکردنی وانەکانیەوە بیگرە تا دەگاتە پڕۆگرامی سەرەکی و هاوکار و جۆری گرێبەستی مامۆستایان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت. پێشتر ئەمە هەبووە، بەڵام بەشێک نەبووە لە پەروەردەی فەرمی بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان و یاسابەرکارەکانیش ڕێگر بوون، بەڵام لێرە بەدوا یاسا و دەزگاکان بەدوایاندا دەگەڕێن و دەیانکەنە هاوبەش. بۆیە دوور نییە ئەم دۆخە تازەیە مامۆستایانی دامەزراو و جۆری گرێبەستەکانیان نەخاتە مەترسییەوە و لە ئایندەشدا بە جۆرێک بکەوێتەوە فێرخواز خۆی ئارەزوومەندانە ئەو مامۆستایە لە هەر جێیەکی جیهاندا هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت، نەک ئەوەی خوێندنگایەک بەسەریدا دەسەپێنێت. ئەمەش کێبڕکێی هەم سەرمایەداری و هەم زانستی گەرمتر دەکات.
نابێت تەنها بەخۆشبینییەوە لە ئۆنلاینکردن و وانە ئامادەکراوە ئەلیکترۆنییەکان بڕوانین، چونکە دواجار پاکێجی گشتگیر و یەکدەستیی ئەلیکترۆنی مەترسی بۆ دروستکردنی یەکزیهنی و کۆمەڵگەی شموولی و یەکڕەنگیی مەعریفی دەسازێنێت و بە جۆرێک هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت لە ڕێی گوتاری پەروەردەیی و بایۆدەسەڵاتە کولتوورییەکانی نێو پەروەردەی پاکێجی ئینتەرنێتییەوە مەترسیی نادیار لەسەر ئازادی و تاکگەرایی بسازێنێت.
ئێستا دۆخی پەروەردە بەنیمچەکراوەیی کار دەکات و هاوتا لەگەڵ نیگەرانی و ناڕوونی لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دۆخەکەشدا دیارە، گۆڕینی بڕیارەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەدا؛ ڕاڕایی لە شێوەی بەڕێوەبردن ڕوونتر دەکەنەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو کەشی پەروەردەیی و دوو مۆدێلمان بەنیوەچڵی و بەنیگەرانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەزموون کرد، هەروەها وەرزێکی داخراویی هۆڵەکانی خوێندن و دەستپێکی وەرزی نوێی نیوە ئۆنلاین و نیوە ئامادەیی نێو پۆلەکان گوزەرا، بەڵام هێشتا دڵنیایی نەداوەتە بەرپرسان و حکومەت و تەندروستی کە کام ڕێگا و شێواز دەتوانێت زانستی، تەندروستی و واقیعییش بێت! بەڵام لانی کەم لەوە تێگەیشتین كه کۆمەڵگە و حکومەت بەناچارییش بێت ئەوەیان پەسەند کرد کە سیستمی پەروەردە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ لە سەردەمی کۆرۆنا و بگرە پۆست کۆرۆناشدا زیانبارە و پێویستە هەر چی زووە ژێرخانی پەروەردەیی و تێکەڵکردنی خوێندنە هاوچەرخەکان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ و پەرەدان بە فێرکردنی خودی و خێزانی لە ئەرکە لەپێشینەکان بێت.
لە ئێستادا خوێندنی ڕەسمییش خێزان و هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوبەش و بەشداری پڕۆسەکەن، تەنها لە دەستی وەزیر و وەزارەت و مامۆستایان‌دا قەتیس نەماوە. بۆیە هەم یاسا بەرکارەکان و هەم ڕێکارەکانی پڕۆسەی فێربوون پێویستیان بە جێکردنەوەی هاوبەشە نوێکانی پڕۆسەکە هەیە و بەڕەسمی دانیان پێدا بنێت و ئەرک و هەنگاوەکانیشیان دیاری بکات.
بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيد 19 وه‌كوو په‌تايه‌كى ڤايرۆسیى جيهانى، كاريگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانى ژيان دروست كرد و لێكه‌وته‌كانى تا ماوه‌يه‌كى درێژخایەن بەردەوام دەبن و كاريگهرییش له‌سه‌ر شێواز و چۆنێتیى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كردنیدا ده‌بێت، چونكه ڕه‌فتارى ڤايرۆسهكه و نه‌بوونى وەڵام و چارەسەرێکی زانستیى یەکلاکەرەوە له لايه‌ك ئاسۆى لێڵ كردووه، له لايه‌كى تر كاريگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئه‌رك و ڕۆڵه‌كان دروست كردووه و بڕياردانی له‌سه‌ر ئاينده‌ى هه‌ر سێكته‌رێك سەخت کردووە تا ملكه‌چى هه‌ڵسه‌نگاندنه ته‌ندروستيیه‌كان بێت، ژينگه‌ى سايكۆلۆجياى كاركردن و بڕياردانى به شێوه‌يه‌ك له شێوه‌كان وەرچەرخاندووە. كه‌رتى په‌روه‌رده و ته‌ندروستى له جيهان به‌گشتى و له كوردستان به‌تايبه‌تى، له‌ژێر كاريگه‌ریى ئه‌م دۆخه تازه‌يه‌دا ڕووبه‌ڕووى چەندین بەربەست بووەتەوە کە شایەنی ههڵوهستهلهسهركردنن.
كه‌رتى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم به‌سه‌ر كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تايبه‌تدا دابه‌ش بووه، به دوو ياساى جياواز په‌يكه‌ره كارگێڕى و داراييه‌كانيان دياری كراوه، له‌و چوارچێوه‌يه‌دا ياسا سيستمى خوێندنى ئه‌م دوو كه‌رته‌ى ڕێك خستووه، هه‌ردوو كه‌رته‌كه له‌ژێر چه‌ترى چاودێریى ياسا و ڕێنماييه‌كانى ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌دا ئاڕاسته ده‌كرێن.
سيستمى فێركردن و یاساکانی له كوردستاندا لە ماوەى ڕابردوودا خۆى له پشتيوانى و پشتئه‌ستووربوون به ته‌كنه‌لۆجياى فێركاریى ئه‌ليكترۆنى لە دوورەوە (التعليم عن بعد) به‌دوور گرتووه، ئه‌مه‌ش له لايه‌ك به هۆى ئاسته‌نگه ياساييهكانیەوەیەتی، بۆ نموونه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا پشتئه‌ستووره به ياساى ژماره (10)ى ساڵى 2008 کە تا ئێستا هه‌موار نهكراوەتەوە، هه‌روه‌ها ياساى ژماره (2)ى ساڵى ٢٠١٣ى زانكۆ تايبه‌ته‌كان، گۆڕانكارييه خێراكانى بوارى تهكنهلۆجيای بۆ پڕۆسەی فێربوونی ئۆنلاین و “لە دوورەوە”ی ڕەچاو نەکردووە، لە کاتێکدا لە خوێندنى مۆدێرندا وه‌ك سه‌رچاوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى و پاڵپشتكار له ڕوودانی فێربوون و گواستنه‌وه‌ى مهعريفە و ئاڵوگۆڕی زانياریدا چەسپاوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، فێربوونی ئۆنلاین و لە دوورەوە به‌پێى ياسا و ڕێنماييه به‌ركاره‌كان له هه‌رێمى كوردستاندا و بەتایبەت لە ئانی يهكسانكردن و متمانەدان بە بڕوانامه و فێرگەکان دەچێتە ژێر پرسیارەوە، جیا لە ڕێگرییە یاساییەکانی، لاوازیى ژێرخانى ته‌كنه‌لۆجيا و خراپیی هێڵەکان و توانای مرۆیی بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ؛ هۆكارێكى ترە بۆ کەمیی بەکارهێنانی كليل و زمانه سه‌ره‌كيیه‌كانى ئەم بوارە و سوودلێوەرگرتنی، وەک بەشێک لە چارەسەر، بەپێچەوانەوە خودی پڕۆسەی بەکارهێنانەکە وا خەریکە دەبێتە بەشێک لە کێشەکە.
بۆیە گرنگە بیرێک لە زەمینەی هاوبەش و تەواوکار بۆ هەردوو مۆدێلەکە بسازێنرێت، کە ببنە تەواوکاری یەکدی و هاوکات ڕەچاوی ناوەرۆک و دنیای ئازادی و ئەخلاقی و زانستیی کۆمەڵگە و فێرخوازیش بکرێت.
_________________________________________________________________
بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە