سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره؛ جۆر و پێداویستییه‌كانی جێبه‌جێكردنی
په‌یام محه‌مه‌د تاهیر / ماسته‌ر له یاسای گشتی
به‌رایی
“یه‌ك په‌نجه‌ره” سیستمێكی كارگێڕییه، له هه‌مان كاتدا میكانیزمێكیشه بۆ كارئاسانی له ڕاپه‌ڕاندنی كاروباره‌كانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كان، به تایبه‌تی وه‌به‌رهێنان كه گرێ و ئاڵۆزی و وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی زۆری تێدایه. ئه‌م سیستمه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هۆكاری پێشكه‌وتنی زۆر له وڵاتانی وه‌ك مالیزیا و سه‌نگاپووره بووە. سه‌پاندنی جێبه‌جێكردنیشی؛ نموونه‌یه‌كه له ده‌ستوه‌ردانی ئه‌رێنییانه‌ی ده‌وڵه‌ت له كاروباری كارگێڕی و ئابووری، دروستكردنی كه‌شێكی كێبهركێكارانهیه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ته‌نانه‌ت ئه‌ورووپا بۆ لاساییكردنه‌وه‌ی. ئێستا له كوردستان و به دیاریكراوی له پارێزگای سلێمانی؛ هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه له هه‌ندێك فه‌رمانگه‌دا هه‌یه، ڕه‌نگه ده‌رفه‌ت بێت بۆ تیشك خستنه‌سه‌ر چه‌مك و پێداویستی و جۆره‌كانی ئه‌م سیستمه پێشكه‌وتووه، ئه‌مه‌ش ئامانجی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یه.
یه‌ك په‌نجه‌ره، چه‌مك و بایەخ
یه‌ك په‌نجه‌ره سیستمێكه هه‌ندێك جار به چه‌مك، پڕۆسه، یان ژینگه‌یه‌ك ناو ده‌برێت كه تاكه‌كان، دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان و ڕێكخراوه حكومییه‌كان ده‌توانن له ڕێگه‌ی یه‌ك خاڵی ده‌ستڕاگه‌یشتنه‌وه زانیاری بده‌ن، ئه‌م سیستمه له هه‌ندێك ناوه‌ندی ئابووریدا به “وێستگه‌ی كۆكه‌ره‌وه” یان “یه‌ك نووسینگه” ناو ده‌برێت(1)، به‌و مانایه‌ی ته‌نها وێستگه‌یه بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری له نێوان بازرگانان و ده‌زگا حكومییه‌كاندا. ئه‌م میكانیزمه كات و تێچووی چالاكییه بازرگانییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه. له ئێستادا له زۆرێك له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو، هه‌روه‌ها له سیستمه ئابوورییه‌كانی قۆناغی گواستنه‌وه‌دا به‌كار ده‌هێنرێت، ته‌نانه‌ت له زیادكردنی توانای كێبڕكێی ئابوورییه نیشتمانییه‌كاندا به یه‌كێك له پایه گرنگه‌كان داده‌نرێت(2).
چه‌مكی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌ركه‌وت، مه‌به‌ست له دروستكردنی ئه‌م پڕۆسه‌یه له سه‌ره‌تادا دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ساده و دۆستانه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بوو، چونكه پێویستیان به كۆمه‌ڵێك ڕێكار وه‌ك مۆڵه‌تی جۆراوجۆر، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ڕێكاری كارگێڕی هه‌بوو، كه له ڕووی كات و ماددییه‌وه تێچووی زۆر بوو، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنیی له سه‌ر پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌بوو(3). ئه‌م میكانیزمه به چه‌مكی ئاسانكردنی ڕێكاره‌كان و ئاسانكاریی قۆناغه‌كانی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌كان له به‌رده‌م هاوڵاتیاندا به‌ستراوه‌ته‌وه، به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی كات و ماندووبوون و پاره و كاغه‌ز(4).
سه‌رهه‌ڵدانی یه‌ك په‌نجه‌ره له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت و دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كاندا بوو بۆ به‌شداریكردن له چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ست به بازرگانی، هه‌روه‌ها بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بوو بۆ هه‌ماهه‌نگی له نێوانیاندا. به ئامانجی ئاسانكاریی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی، كه له‌گه‌ڵ ڕێسا و یاسا بازرگانییه‌كاندا به‌ریه‌ك ده‌كه‌وتن و ئاسته‌نگ و ئاڵۆزیی له ته‌واوكردنی ڕێكار و مامه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ست به كاره‌كانی گواستنه‌وه (ترانزێت)دا دروست ده‌كرد، ئه‌وه‌ش ده‌بووه هۆی زیادكردنی تێچوون له سه‌ر هه‌موو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی بازرگانی، له كاتێكدا له بنه‌ڕه‌ته‌وه پێویستیان به خێرایی و كارامه‌یی هه‌بوو(5).
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌نته‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاسانكاریی بازرگانی و بازرگانیی ئه‌لكترۆنی، له چوارچێوه‌ی كۆمیسیۆنی ئابووری بۆ ئه‌ورووپا له ساڵی ١٩٩٦ دامه‌زرا. بۆ باشتركردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی له بواره‌كانی ئاسانكاریی بازرگانی و كاروباره ئه‌لكترۆنییه‌كاندا، ئه‌م سه‌نته‌ره ڕا‌سپێردرا به دانانی به‌رنامه‌یه‌ك كه سروشتێكی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌بێت(6). لێره‌وه یه‌ك په‌نجه‌ره په‌ره‌ی سه‌ند، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی ئاسانكردنی ڕێكاره سنوورییه‌كان بۆ بازرگانان و چالاكییه ئابوورییه‌كانی دیكه گه‌شه‌ی كرد، پاشان له هه‌ندێك وڵات‌دا به هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی له پشتیه‌وه، بیرۆكه‌كه كرایه واقیع(7)، چونكه ده‌توانرێت میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ په‌ره‌پێدان و فراوانكردنی چالاكییه ئابوورییه‌كانی دیكه، نه‌ك ته‌نها بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئه‌لكترۆنی به‌كار بهێنرێت.
به پێی ئه‌و مۆدێلانه‌ی له وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوودا هه‌ن، میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره له تێكه‌ڵه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له هه‌وڵه هاوبه‌شه‌كان له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانه‌وه له چالاكییه بازرگانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پێك دێت، هه‌روه‌ها نوێترین ته‌كنیكی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندیكردن، ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دەیتا و په‌یام ناردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی سیستمی زانیاریی ساده و یه‌كساندا به‌كار ده‌هێنێت(8)، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه سیستمی ئه‌لكترۆنی جێگه‌ی زانیاریی نه‌ریتی بگرێته‌وه كه له سه‌ر بنه‌مای به‌كارهێنانی كاغه‌زه(9).
بۆ هاوكارییه‌كی كاریگه‌ر له هه‌ر قۆناغێكیدا له نێوان هه‌موو لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی ئه‌م سیستمه‌دا، سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره یاسا و ڕێكاره پێشكه‌وتووه‌كان بۆ دارایی و به‌ڕێوه‌بردن، شێوازی كاركردن، بازاڕكردن، پلاندانان و به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌كان به‌كار ده‌هێنێت(10).
یه‌ك په‌نجه‌ره فۆرم و بازنه‌ی جیاوازی سیستمی نیشتمانی یان ناوخۆیی و ئه‌لكترۆنی له‌خۆ ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ ڕێگه‌دان به پێشكه‌شكردنی كاغه‌ز و پێشكه‌شكردنی زانیاری به شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی، ئه‌وه‌ش ئامرازێكی ڕێكخستنه بۆ باشتركردنی حكومڕانی(11). واته بۆ به‌هێزكردن و باشتركردنی حكومڕانی له بواری ئابووریدا ئامرازێكی چالاكه، هه‌ر چه‌نده ته‌نها به ده‌ركردنی بڕیارێك بۆ جێبه‌جێكردنی به‌دی نایه‌ت، به‌ڵكوو بۆ سه‌ركه‌وتنی پێویستی به پاڵپشتیی كۆمه‌ڵێك ناوه‌ندی حكومی هه‌یه.
سه‌باره‌ت به گرنگی و به‌های ئه‌م سیستمه، ده‌توانرێت ئاماژه به‌و چاره‌سه‌ره كرده‌یی و خێرایانه بكرێت كه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره پێشكه‌شی ده‌كات، به ئامانجی نه‌هێشتنی ڕۆتین كه ڕه‌وایه‌تی به گه‌نده‌ڵی ده‌دات، هه‌روه‌ها بۆ نه‌هێشتنی كه‌لێن له نێوان هاوڵاتی و ئه‌و یاسایانه‌دا كه په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ت و هاوڵاتییان ڕێك ده‌خات(12)، چونكه بۆ نه‌هێشتنی كه‌مته‌رخه‌می و سستی نواندن و هه‌ڵه‌كان، یه‌ك په‌نجه‌ره چاره‌سه‌رێكی كارا ده‌خاته ڕوو، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ركردنی بێزاركردنی مامه‌ڵه‌كاران ئامرازێكی گونجاوه، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری له‌ده‌ستدان و به‌فیڕۆدانی كات و چوونه ناو چه‌رخی گه‌شه‌پێدان و به‌رهه‌مهێنان به شێوه‌یه‌كی خێراتر ده‌كات(13). ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئابووریی وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو و كۆمه‌ڵگاكانمان پێویستیانه، چونكه به ده‌ست سستیی نواندن و ڕۆتینه‌وه ده‌ناڵێنن، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ڕێكاره سه‌ختانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕۆحی پێداویستییه ئابوورییه مۆدێرن و هاوچه‌رخه‌كاندا ناگونجێن كه بناغه‌كه‌یان خێرایی و شڵه‌ژانه.
له هه‌مان ڕووه‌وه، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پێداویستییه ڕێكخراوه‌یی و كارپێكردنه ئاڵۆزانه‌ی كه حكومه‌ته‌كان له هه‌ر وڵاتێكدا به‌سه‌ر چالاكییه بازرگانییه‌كاندا سه‌پاندوویانه، سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره چاره‌سه‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌خاته ڕوو(14)، له هه‌مان كاتدا ئامرازێكی كاریگه‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكاراییه ڕێكخراوه‌ییه‌كان له كاری ده‌زگا گومرگی و سنوورییه‌كانی تردا دروست و دابین ده‌كات(15)، واته به‌بێ ئه‌م سیستمه، كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كان ڕووبه‌ڕووی بڕێكی زۆروزه‌وه‌ند له پێداویستییه‌كانی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و پڕكردنه‌وه‌ی چه‌ندین فۆرم و سیستم و نامه ده‌بنه‌وه. بێگومان تا ژماره‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان زیاتر بێت، ئه‌وا ڕێكاره‌كانی چالاكییه ئابوورییه‌كانی په‌یوه‌ست به بازرگانی ئاڵۆزتر ده‌بن، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه ئه‌م میكانیزمه به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی گونجاوی وه‌به‌رهێنانه، چونكه نوێنه‌ری هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت كه به‌شدارن له پڕۆسه‌ی تۆماركردنی كۆمپانیاكان له لایه‌ك، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری داواكارییه گشتگیره‌كان و دەیتاكان له نەبوونی وه‌به‌رهێنه‌ردا به ده‌زگای به‌ره‌وپێشبردنی وه‌به‌رهێنان ده‌دات، سه‌باره‌ت به ستراتیژیی به‌ره‌وپێشبردنی وه‌به‌رهێنان و باشتركردنی ژینگه‌ی بازرگانی له لایه‌كی دیكه‌وه(16). بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌و ڕێكاره ئاڵۆز و درێژانه‌ی كه بۆ ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنانێكی نوێ پێویستن، سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره خێراترین ڕێگه‌ی له‌خۆ گرتووه كه بۆ دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی نوێ پێویسته.
كۆمه‌ڵگای خزمه‌تگوزاریی وه‌به‌رهێنانی نموونه‌یی وا له وه‌به‌رهێنه‌ر ده‌كات بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانی ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌ك فه‌رمانگه‌دا مامه‌ڵه بكات، هه‌روه‌ها هه‌موو به‌ڵگه‌نامه پێویسته‌كان له چوارچێوه‌ی یه‌ك پڕۆسه‌ی ڕێنماییكراو و هه‌ماهه‌نگدا به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌ش ڕێگری له وه‌به‌رهێنه‌ر ده‌كات كه به هۆی بێزاربوونی له زۆریی ڕێكاره‌كان وڵات به‌جێ بهێڵێت(17). به پێی ڕاپۆرته ئابوورییه‌كان و دەیتا بڵاوكراوه‌كانیان، هه‌ریه‌كه له وڵاتانی سه‌نگاپوره، مالیزیا و ئێرله‌ندا ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوویان له‌م بواره‌دا هه‌یه، به تایبه‌تی له بواره‌كانی بازرگانی و وه‌به‌رهێناندا.
ڕاپۆرته ئابوورییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره له سه‌ره‌تادا و به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ ئاسانكاریی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی، پاشان بۆ ئاسانكاریی كار و هاتوچۆی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتیندا دانراوە، هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه پاڵ به وه‌به‌رهێنه‌ره‌وه ده‌نێن بۆ جێهێشتنی پڕۆژه‌كه، ئه‌مه جگه له زیادكردنی توانای كێبڕكێی نیشتمانی به گۆڕینی سیستمی پشتبه‌ستن به كاغه‌ز بۆ سیستمی پشتبه‌ستن به به‌ڵگه‌نامه ئه‌لكترۆنییه‌كان(18).
بە گشتی ئامانج له میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره ئاسانكاریكردنە، له هه‌مان كاتیش‌دا سیستمێكی جیهانییه و به‌بێ ئه‌م سیستمه یاسای وه‌به‌رهێنان و ڕاپەڕاندنی كاروبار سه‌ركه‌وتنی خوازراو به‌دی ناهێنێت(19).
یه‌كه‌م: پێناسه‌ی ڕێكخراوه‌كان و قه‌واره ئابوورییه‌كان بۆ یه‌ك په‌نجه‌ره
پێكهاته ئابوورییه جیاوازه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵێك پێناسه و دیدگایان سه‌باره‌ت به چه‌مكی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره خستووەته ڕوو، هه‌روه‌ها ورده‌كارییه‌كانی چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی سیستمه‌كه‌یان ڕوون كردووەته‌وه، چونكه له ئێستادا ئه‌م سیستمه له كاری ڕێكخراوه‌كان و حكومه‌ته‌كان بووه‌ته به‌شێكی گرنگ، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو وڵاتان و ڕێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به چالاككردنی ئاسانكاریی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان میكانیزمێكی ستراتیژییشه(20).
له‌م ڕووه‌وه، كۆمسیۆنی ئابووریی ئه‌ورووپی (UNECE) یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی به‌م شێوه‌یه پێناسه كردووه: “سیستمێكه ڕێگه به بازرگانان ده‌دات زانیاری پێشكه‌ش به یه‌ك لایه‌ن بكه‌ن، تاوه‌كوو به كرده‌وه هه‌موو پێداویستییه ڕێكخراوهییهكانی په‌یوه‌ست به هاورده‌كردن یان هه‌نارده‌كردن جێبه‌جێ بكه‌ن”. ئه‌و كۆمسیۆنه شێوه و سوودی جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمەی دیاری كردووه كه بریتییه له “دابینكردنی یه‌ك ده‌روازه (جه‌سته‌یی بێت یان ئه‌لكترۆنی) بۆ پێشكه‌شكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو دەیتا و به‌ڵگه‌نامه‌كاندا، پاشان به‌كارهێنانی له مامه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا(21)“.
له لایه‌كی دیكه‌وه، هاوبه‌شیی جیهانی بۆ ئاسانكاریی گواستنه‌وه و بازرگانی كه هاوبه‌شی بانكی جیهانییه، یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی به‌و ئاسانكارییه پێناسه كردووه كه: “بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌موو پێداویستییه ڕێكخراوهییهكانی په‌یوه‌ست به هاورده‌كردن، هه‌نارده‌كردن و ترانزێت، ڕێگه به لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی بازرگانی و گواستنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی یه‌كگرتوو پێشكه‌ش به یه‌ك خاڵی چوونه‌ژووره‌وه بكه‌ن(22)“، له كاتێكدا كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا (ئاسیان) كه سه‌ركه‌وتوو بووه له هاوكاتكردن و یه‌كخستنی دامه‌زراوه نیشتمانییه‌كان له یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا، یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی به‌م شێوه‌یه پێناسه كردووه: “ئه‌و ژینگهیهیە كه په‌نجه‌ره‌یه‌كی نیشتمانی تێیدا كار ده‌كات، ئه‌رك و ڕۆڵه‌كان له ناو یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی نیشتمانیدا ئه‌نجام ده‌دات، كار له سه‌ر یه‌ك شێوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی زانیاری و دەیتاكان ده‌كات(23)“.
به‌ربڵاوترین و باوترین پێناسه له جیهانی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا، ئه‌و پێناسهیەیە كه ناوه‌ندی ئاسانكاریی بازرگانیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕاسپارده‌كانی خۆیدا پێشكه‌شی كردووه، كه به ڕاسپارده‌ی ژماره (٣٣) ناسراوه، تێیدا بوونی ئاسانكارییه‌ك پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه ڕێگه به لایه‌نه به‌شداربووه‌كان ده‌دات له كاتی بازرگانی و گواستنه‌وه‌دا بۆ ڕاییكردنی هه‌موو پێداویستییه‌كانی هاورده و هه‌نارده‌كردن و تێپه‌ڕاندنی مه‌رجه ڕێكخراوهییه په‌یوه‌ندیداره‌كان، زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی ستاندارد پێشكه‌ش به یه‌ك خاڵی چوونه‌ژووره‌وه بكه‌ن(24). ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م پێناسه‌یه بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه باسی لایه‌ن و پایه بنه‌ڕه‌تییه پێویسته‌كانی كردووه كه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره كاری له سه‌ر ده‌كات، ئه‌وانیش: به‌ڵگه‌نامه ئه‌لكترۆنییه‌كان، یه‌ك خاڵی چوونه‌ژووره‌وه، بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌ك به‌ڵگه‌نامه، كارلێكه‌كانی ئاڵوگۆڕی زانیاری له نێوان بازرگانان و ده‌زگا حكومییه‌كاندا، له هه‌مان كاتدا جه‌ختكردنه‌وه له ڕێكاره گومرگییه‌كان، هاورده‌كردن، هه‌نارده‌كردن و ترانزێت(25).
دووه‌م: چۆنێتیی كاركردنی یه‌ك په‌نجه‌ره و میكانیزمه‌كه‌ی
به‌و پێیه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره گوزارشته له سیستمێكی یه‌كگرتوو و سه‌لمێنراو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بابه‌تی بازرگانیی ده‌ره‌كی و وه‌به‌رهێنان، به پشتبه‌ستن به‌و مادده زانستییانه‌ی كه بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه دابین كراوه، ده‌توانرێت كاری ئه‌م میكانیزمه به‌م شێوه‌یه دیاری بكرێت:
ئـ. هه‌بوونی یه‌ك ده‌روازه بۆ پێشكه‌شكردن
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به‌و مانایه‌یه كه بۆ ئاسانكاریی كاركردنی یه‌كتر، بۆ به‌یه‌كگه‌یاندنی تاك و كۆمپانیاكان یه‌ك خاڵ یان وێستگه هه‌یه، نه‌ك تۆڕێكی بهیهكهوهبهستراو و یه‌كگرتوو. لێره‌دا بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران پێویستیان به‌وه نییه به جیا دەیتا بۆ هه‌ر ده‌زگایه‌كی حكومی دابین بكه‌ن، به‌ڵكوو ته‌نها یه‌ك جار پێویستیان به پێشكه‌شكردنی دەیتا هه‌یه، یه‌ك په‌نجه‌ره‌ش ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به باشترین شێوه دابین ده‌كات(26)، ئه‌م سیستمه له كاتی پێویستدا دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی دەیتاكان دابین ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ داخڵ بكرێنه‌وه(27). له پێناوی ڕاپه‌ڕاندنی ڕێكاره‌كانی تایبه‌ت به حكومه‌ت، دەیتاكان ده‌خاته به‌رده‌ستی به‌كارهێنه‌رانی ڕێگه‌پێدراوی ده‌زگا حكومییه‌كان. له كاتی پێویستیشدا ده‌توانرێت له لایه‌ن ده‌زگاكانی دیكه‌ی حكومه‌ته‌وه دووباره به‌كار بهێنرێنه‌وه(28).
ب. ئاسانكاری بۆ ڕێكاره‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاغه‌زه‌كان
ئامانجی یه‌ك په‌نجه‌ره گۆڕینی كاره دهستییهكانه كه له سه‌ر بنه‌مای كاغه‌زه، بۆ سیستمی په‌یامناردنی ئه‌لكترۆنی و كاری ئه‌لكترۆنی له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی نوێترین ته‌كنیكی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندی و دەیتا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، تاوه‌كوو جێگه‌ی زانیارییه نه‌ریتییه‌كان بگرێته‌وه كه له سه‌ر بنه‌مای به‌كارهێنانی كاغه‌زه(29)، بۆیه سروشتییه ناوی ئه‌م میكانیزمه په‌یوه‌ست بێت به ئاسانكاری و كارئاسانی له بواری ته‌واوكردنی كار و ڕێكارهكاندا.
ت. هاوبه‌شیكردنی زانیاری (بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری)
له سایه‌ی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا، زانیارییه گرنگه‌كان (به نموونه: دەیتا و مۆڵه‌ت و بڕوانامه) به شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی له لایه‌ن ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانی توانای پێشكه‌شكردنی ڕاپۆرت له سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌پارێزرێت، به‌مه‌ش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی دەیتا پێویسته‌كان پێویستیی په‌یوه‌ندیكردن به ده‌زگا جیاوازه‌كانه‌وه ناهێڵێت، به‌م شێوه‌یه له بابه‌تی ئابووریدا یه‌ك په‌نجه‌ره ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی حكومه‌ت(30).
سێیه‌م: سووده‌كانی دامه‌زراندنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره
ئه‌زموونه‌كانی بواری یه‌ك په‌نجه‌ره و ڕاپۆرته به‌رده‌سته‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره سوودێكی زۆر به هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌به‌خشێت كه له كاره‌كانی په‌یوه‌ست به بازرگانیدا به‌شدارن، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر یارمه‌تیده‌ره له ئاسانكردنی ڕێكاره‌كان، له‌وانه‌ش دابینكردن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی ڕێكخستنی بازرگانی(31)، تێچووی بازرگانان و حكومه‌ته‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، یارمه‌تیده‌ره له ڕێكخستنی كۆكردنه‌وه‌ی دەیتا و زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌كان و پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌یان له ڕێگه‌ی یه‌ك لایه‌نه‌وه، ئه‌م كاره‌ش به‌كارهێنانی سه‌رچاوه مرۆییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه و ده‌توانرێت به گوێره‌ی پێویستی و گرنگی دابه‌ش بكرێنه‌وه(32).
سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره ده‌توانێت ئاسانكاری و كارئاسانی بۆ دابینكردن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی پێداویستییه‌كان بکات، ده‌توانێت كارایی و كاریگه‌ریی كۆنترۆڵه فه‌رمییه‌كان باشتر بكات، هه‌روه‌ها به هۆی باشتر به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كانه‌وه ده‌توانێت تێچوونه‌كان بۆ هه‌ردوو حكومه‌ت و بازرگانان كه‌م بكاته‌وه(33)، چونكه پێشكه‌شكردنی بڕێكی زۆر زانیاری و به‌ڵگه‌نامه‌ی حكومی به ده‌سه‌ڵاتداران كه له زۆرێك له حكومه‌ته‌كاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ده‌بێته هۆی بارگرانییه‌كی گه‌وره له سه‌ر حكومه‌ته‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی بازرگانی، هه‌روه‌ها له په‌ره‌پێدانی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌توانێت ببێته به‌ربه‌ستێكی مه‌ترسیدار(34).
ڕێكخراوی “ئاسیان” ئامانجه‌كانی جێبه‌جێكردنی سیستمی “تاك په‌نجه‌ره”ی به‌م شێوه‌یه ڕوون كردوەته‌وه: “كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی مامه‌ڵه‌كردنه، ده‌بێته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای كێبڕكێی هه‌نارده‌كردن، هه‌روه‌ها ئاسانكاری بۆ یه‌كخستنی ئاسیان له یه‌ك بازاڕدا بۆ كاڵا و خزمه‌تگوزاری و وه‌به‌رهێنان ده‌كات، جگه له‌وه‌ی ده‌بێته هۆی خێراتركردنی ڕێكاره گومرگییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كات و تێچوونی مامه‌ڵه‌كان، به‌م شێوه‌یه كارامه‌یی بازرگانی و توانای كێبڕكێ به‌رز ده‌كاته‌وه(35).
گرنگیی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ وه‌به‌رهێنان بریتییه له دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی سه‌قامگیری وه‌به‌رهێنان، دوور له بیرۆكراسیه‌ت و ڕۆتینێكی بێزاركه‌ر و تاقه‌تپڕووكێن، چونكه وه‌به‌رهێنه‌ر بۆ وه‌به‌رهێنان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا ده‌كات، هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌موو ڕێكاره ڕۆتینی و یاساییە پێویسته‌كان ته‌واو ده‌كات. ئه‌م سیستمه وه‌به‌رهێنه‌ران به هاتوچۆكردن له نێوان ژووره‌كانی فه‌رمانگه و دامه‌زراوه حكومییه‌كانی په‌یوه‌ست به وه‌به‌رهێناندا ماندوو و بێزار ناكات. به‌بێ ئه‌م سیستمه، ته‌واوكردنی ڕێكاره‌كانی مامه‌ڵه‌كان زیانێكی ماددیی زۆر به وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌گه‌یه‌نێت، جگه له دواخستن و دانانی ئاسته‌نگ له به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ردا بۆ ده‌ستپێكردن و ته‌واوكردنی وهبهرهێنانهكهی، ئه‌و گرفتانه‌ش پاڵ به وه‌به‌رهێنه‌ره‌وه ده‌نێن كه له كاره‌كه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه و وڵاته‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت(36).
ده‌كرێت سووده‌كانی جێبه‌جێكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ حكومه‌ت و مامه‌ڵه‌كاران به‌م شێوه‌یه ده‌ستنیشان بكرێت:
ئـ. سووده‌كانی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ حكومه‌ته‌كان و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان
سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره ده‌توانێت باشترین سیستم و پڕۆسه له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی حكومه‌تدا به‌رهه‌م بهێنێت، چونكه ئامانجی ئه‌وه‌یه كه ڕێبازێكی كراوه‌تر بگرێته به‌ر، هه‌روه‌ها شێوازی كاركردنی حكومه‌ته‌كان بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كه‌رتی بازرگانیدا دیاری بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ڕێكخستنی هاوكاریی نێوان ده‌زگاكانی حكومه‌ت كه له چالاكییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به بازرگانییه‌وه به‌شدارن(37)، جگه له زیادكردنی هۆشیاریی ناوچه‌یی و نیشتمانی له باره‌ی توانا شاراوه‌كاندا، كارئاسانی بۆ بازرگانی به سیستمی ئۆتۆماتیكی (به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر بۆ ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كان) ده‌كات، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ره بۆ ئاسانكاری له هاوكاریی ناوچه‌یی و یه‌كگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی بازرگانیدا(38).
دروستكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره كه نوێترین زانیاری له سه‌ر ڕێژه‌ی باجی گومرگی و مه‌رجه یاسایی و ڕێكاره‌كانی تر له‌خۆ بگرێت، یارمه‌تیده‌ره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه بێمهبهستهكان، هه‌روه‌ها زانیاریی بازرگانه‌كان له سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به مامه‌ڵه بازرگانییه‌كانه‌وه به‌رز ده‌كاته‌وه(39).
زۆرێك له حكومه‌ته‌كان ده‌ستپێشخه‌ریی تاك په‌نجه‌ره‌یان وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانیی كاركردن وه‌رگرتووه، چونكه تێده‌گه‌ن كه یه‌ك په‌نجه‌ره ئامرازێكی گرنگه و ده‌توانرێت وه‌ك ئامرازێكی كاریگه‌ر بۆ نه‌هێشتنی ناكارایی و ناكاریگهری له ڕێكاره‌كانی بازرگانیی حكومیدا به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ تێچووی مامه‌ڵه بازرگانییه‌كان داده‌نێت، ئاسانكارییش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری له نێوان ده‌زگا حكومییه‌كان و كۆمپانیاكانی به‌شدار له بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كیدا ده‌كات(40).
حكومه‌ته‌كان له ڕێگه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره‌وه ده‌توانن له هه‌ر كاتێكدا بیانه‌وێت دەیتای ورد به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ره بۆ شه‌فافیه‌ت و ده‌ستپاكی له ڕێكارهكاندا، جگه له‌وه‌ش ده‌توانرێت له سه‌ر بنه‌مای باشترین هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌ترسییه‌كان ئاسایش به‌هێزتر بكرێت، هه‌روه‌ها به ئاسانی كۆنترۆڵی هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك له سه‌ر گه‌نده‌ڵی له ناو و له ڕێگه‌ی فه‌رمانگه جۆراوجۆره‌كانه‌وه بكرێت(41). سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره گره‌نتیی خێرایی و وردیی ده‌زگاكانی حكومه‌ت له كۆكردنه‌وه‌ی كرێ و هه‌ر باجێكی دیكه‌دا ده‌كات(42)، واته ئه‌م سیستمه بازرگانی به پێداویستییه یاسایی و ڕێكخراوهییهكانی حكومه‌ته‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، توانای شیكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان و باشتركردنی ئاسایشی پڕۆسه بازرگانییه‌كان به‌هێز ده‌كات، هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵی و چالاكییه بازرگانییه نایاساییه‌كان سنووردار ده‌كات و شه‌فافیه‌تیش به‌هێز ده‌كات(43).
ب. سووده‌كانی بۆ بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران
سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه و مامه‌ڵه‌كان به هه‌موو ده‌زگاكانی حكومه‌ت كه به‌شدارن له ڕێكاره‌كانی هه‌نارده‌كردن، هاورده‌كردن یان ترانزێت، یه‌ك خاڵ بۆ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ یه‌ك جار دابین ده‌كات(44)، هه‌روه‌ها یارمه‌تیی بازرگانان ده‌دات بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی نوێ له سه‌ر یاسا و ڕێساكانی بازرگانی، باجی گومرگی، باج و ورده‌كارییه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی دەیتابهیسهكانهوه ده‌بێت كه هه‌موو ئه‌و زانیارییانه له‌خۆ ده‌گرن و به‌رده‌وام نوێ ده‌كرێنه‌وه(45). ئه‌م سیستمه شه‌فافیه‌ت به‌هێز ده‌كات، ئه‌گه‌ری ڕه‌فتاری گه‌نده‌ڵی له كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا كه‌م ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شداری ده‌كات له دابینكردنی زانیاریی ورد و هه‌نووكه‌یی بۆ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه له بواری خزمه‌تگوزاریی لۆجستیدا كار ده‌كه‌ن(46)، له ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه بۆ ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه و كاره‌كانی دیكه پێویسته؛ ئه‌گه‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی كارگێڕییان پێشكه‌ش ده‌كات(47)، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانان و وهبهرهێنهراندایه.
له میانی باسكردنی سوود و گرنگییه‌كانی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا، ده‌توانرێت سووده‌كانی جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره به دابینكردنی چاره‌سه‌ری گرنگ و كاریگه‌ر بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر پێداویستییه ئاڵۆزه‌كانی ڕێكخراوه‌یی و كارپێكردنی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌ستنیشان بكرێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه ئه‌وه‌یه به‌بێ ئه‌م چاره‌سه‌رانه كۆمپانیا و دامه‌زراوه بازرگانییه‌كان دووچاری بڕێكی گه‌وره‌ی پێداویستیی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت، پڕكردنه‌وه‌ی چه‌ندین فۆرم و سیستم و په‌یامناردن ده‌بنه‌وه، هەروەکوو له وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو و له هه‌رێمی كوردستانیشدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه له‌م لێكۆڵینه‌وه كارپێكراوهدا وه‌ك مۆدێلێك وه‌رگیراون. ئاشكرایه تا ژماره‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تایبه‌ت به ڕێكاره بازرگانییه‌كان زیاتر بن، ئاڵۆزییه‌كان كه له به‌رده‌م بازرگانی و وه‌به‌رهێناندا ده‌بنه له‌مپه‌ر زیاتر ده‌بن. به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانرێت گرنگی و سووده‌كانی یه‌ك په‌نجه‌ره به‌م شێوه‌یه كورت بكرێته‌وه:
یه‌كه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی بێكاغهز له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی سیستمی پێكه‌وه‌به‌ستنی ئه‌لكترۆنی.
دووه‌م: شه‌فافیه‌ت له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و ڕێكاره‌كان له هه‌موو ئامرازه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌دا، ئاسانكردنی ڕێكاره‌كان بۆ بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكه بۆ كاركردن و وه‌به‌رهێنان له سایه‌ی ئه‌م سیستمه‌دا.
پێداویستییه‌كانی یه‌ك په‌نجه‌ره و جۆره باوه‌كانی
- پێداویستییه‌كانی جێبه‌جێكردنی سیسته‌می یه‌ك په‌نجه‌ره
جێبه‌جێكردنی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره ئه‌ركێكی گه‌وره‌یه، چونكه زۆرێك له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها پێویستی به پابه‌ندبوونی زۆرێك له كارمه‌ندان له هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و بازرگانیدا هه‌یه، بۆیه به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه له سه‌ره‌تاوه پێویستی به ڕێبازێكی سیستماتیكی هه‌یه. هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانیش كه كاریگه‌رییان له سه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌یه، به هۆی بارودۆخ و نه‌ریتی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له هه‌ر وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازه(48).
حكومه‌ته‌كان له كاتی جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاریی ئاڵۆز ده‌بنه‌وه، نه‌ك ته‌نها له لایه‌نه ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كانه‌وه، به‌ڵكوو له پرسه دارایی، یاسایی، كارگێڕی، سیاسی و ڕێكخستنهكانیشدا(49)، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه جێبه‌جێكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره وه‌كوو چوارچێوه فیكری و تیۆرییه‌كان ده‌یخه‌نه ڕوو كارێكی ئاسان نییه، چونكه ئه‌م سیستمه پێویستی به بڕیاری یاسایی و ته‌كنیكی هه‌یه. به سه‌رنجدان له مۆدێله په‌یڕه‌وكراوه‌كان و واقیعی ئابووریی ده‌وڵه‌تان، تا ئێستا ڕوون نه‌بووەته‌وه ئایا په‌یڕه‌وكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره له ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كاندا له وڵاتانی تازه‌گه‌شه‌سه‌ندوو ئاسانتره؟ چونكه چه‌ندین ده‌وڵه‌تی ئه‌ورووپی هه‌ن تا ئێستا خاوه‌نی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره نین، یان به‌م دواییانه ده‌ستیان به په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م سیستمه كردووه، له كاتێكدا ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ئه‌فەریقا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت له ئه‌مه‌ریكای لاتینیشدا میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌یان به سه‌ركه‌وتوویی به‌كار هێناوه(50)، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سیستمه‌كانیان هه‌ندێك له پێكهاته‌كانی سیستمی ئابووریی ئه‌ورووپییان نییه.
له كاتی به‌كارهێنانی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا، ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه سه‌ركه‌وتنی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره به به‌رده‌ستبوونی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رجی پێشوه‌خته و هۆكاری جۆراوجۆر په‌یوه‌سته. سه‌ركه‌وتنیشی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه، له پڕۆژه‌یه‌كه‌وه بۆ پڕۆژه‌یه‌كی دیكه جیاوازه، به‌ڵام هه‌ندێك ناوه‌ندی په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه مه‌رج نییه هۆكاره‌كان به ڕێكوپێكییه‌كی دیاریكراو ڕێك بخرێن، ده‌كرێت پڕۆسه‌كه له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه زۆر جیاواز بێت(51)، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، له ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه و ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له باره‌ی ئه‌م سیستمه‌وه كراون، سه‌لماندوویانه كه جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره پێویستی به به‌ڕێوه‌بردنی زۆر بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌یه‌كه‌وه هه‌یه كه له پسپۆڕیی زۆر جیاوازه‌وه دێن، وه‌كوو: سیاسه‌ت، بازرگانی، ڕێكاره‌كان، ئیراده‌ی گۆڕانكاری، جگه له یاسا و ڕێسا و پێوه‌ر و ته‌كنه‌لۆژیا، سه‌ركه‌وتنیشی به‌نده له سه‌ر توانا و كارامه‌یی به‌رزی به‌ڕێوه‌به‌رانی سیاسه‌ت و پڕۆژه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی ئه‌و كێشانه‌ی كه له كاتی به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، به شێوه‌یه‌ك له لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه په‌یڕه‌و بكرێت(52).
به‌و پێیه‌ی پڕۆژه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره پڕۆژه‌یه‌كی مه‌یدانییه، كه پلاندانانی ستراتیژی و به‌كارهێنانی كاریگه‌ر و گونجاوی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌توانین بڵێین سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی پێویستی به‌م هۆكارانه هه‌یه:
١. ئیراده‌ی سیاسی
بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسیی به‌هێز بۆ جێبه‌جێكردن و سه‌ركه‌وتنی یه‌ك په‌نجه‌ره؛ یه‌كێك له هۆكاره گرنگ و یهكلاكهرهوهكانە(53)، ئه‌م ئیراده‌یه ئه‌و به‌ردی بناغه‌یه‌یه كه هه‌موو هۆكاره‌كانی تری سه‌ركه‌وتن له‌م بواره‌دا پشتی پێ ده‌به‌ستن(54)، چونكه گرنگترین و بنهڕهتیترینه(55) به هۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه ئیراده‌ی سیاسی خاوه‌ندارێتی له بڕیاردانی سیاسی و كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانی له دامه‌زراوه و ده‌زگا جیاوازه‌كانه‌وه بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م سیستمه دەکات(56)، جگه له‌وه‌ی توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هۆكارانه‌ی هه‌یه كه ڕێگری له هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی یه‌ك په‌نجه‌ره له لایه‌ن فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه ده‌كه‌ن، كه تایبه‌تن به دامه‌زراندن و پێدانی مۆڵه‌ت به‌و كۆمپانیایانه‌ی كه هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه پێشێلی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ده‌كات و به كه‌م سه‌یریان ده‌كات(57).
٢. بنه‌مای یاسایی
دامه‌زراندن و كارپێكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره پێویسته له چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی دروستدا بێت، ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ش پێویستیی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیر به یاسا و ڕێسا و ئامرازه یاساییه كارپێكراوه نیشتمانییه‌كاندا ده‌خوازێت، هه‌روه‌ها دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی كه كاره‌كانی ئه‌م سیستمه له‌گه‌ڵیدا ده‌گونجێت، پاشان ده‌ستنیشانكردنی كه‌لێن و بۆشاییه‌كان و گه‌ڕان بەدوای چاره‌سه‌ردا بۆیان. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا پێویسته ڕه‌چاوی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكرێت و نموونه كردارییه باشه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن(58). ڕه‌نگه گۆڕانكاری له یاساكاندا پێویست بێت، تاوه‌كوو ئاسانكاری بۆ پێشكه‌شكردنی زانیارییه ئه‌لكترۆنییه‌كان بكات. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، له‌وانه‌یه پێویست به زاڵبوون به‌سه‌ر كۆتوبه‌نده په‌یوه‌سته‌كان به دابه‌شكردنی زانیاری له نێوان ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانگه‌كاندا بكات، هه‌روه‌ها بۆ كارپێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره؛ پێویست به زاڵبوون به‌سه‌ر ڕیزبه‌ندییه رێكخراوه‌ییه‌كان ده‌كات، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه یاساییانه‌ی كه له به‌خشینی ده‌سه‌ڵات به ده‌زگایه‌كی سه‌ره‌كی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن(59)، وه‌ك: وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌نامه‌كان به شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی، واژووی ئه‌لكترۆنی، له‌وانه‌ش واژووی دیجیتاڵی، ئاڵ‌وگۆڕكردن و پاراستنی زانیاری و بابه‌ته یاساییه‌كانی تر كه پێویستیان به گۆڕانكاریی یاسایی مه‌ترسیدار نییه(60).
له سه‌ر بنه‌مای مۆدێله په‌سه‌ندكراوه‌كان و مه‌رجه‌كانی كارپێكردن، چوارچێوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی یاسایی بۆ سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسای تایبه‌تمه‌ند له‌خۆ ده‌گرێت كه به نهێنی و ئاسایشپارێزیی ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كان تایبه‌تن، به جۆرێك هاوتای مه‌ترسییه‌كان و قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه بێت كه له ئه‌نجامی به‌كارهێنانی بێمۆڵهتیی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌كه‌ونه‌وه، هه‌روه‌ها ئاشكراكردن، دزین یان له‌ده‌ستدانی زانیارییه هه‌ستیاره‌كان كه له سیستمەكهدا كۆ كراونه‌ته‌وه یان به‌كار هێنراون(61)، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه كه سیستمی كاغه‌زی له سیستمی ئه‌لكترۆنی پارێزراوتره، له ئه‌گه‌ری له‌ناوچوونی یان هێرشكردنه سه‌ری له لایه‌ن كه‌سی سێیه‌مه‌وه له كاتی گواستنه‌وه‌یدا، له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانی دیكه كه گریمانه ده‌كرێن و به دوور نازانرێن(62).
له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا بوونی سیستمێكی یاسایی نیشتمانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه به‌شداربووه‌كان له سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا له چوارچێوه‌ی وڵاتێكدا، هه‌روه‌ها له نێوان حكومه‌ته به‌شداربووه‌كاندا، جا هه‌رێمی بێت یان نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته “كارێك كه شیاوی كارپێكردنی هاوبه‌ش” بێت له‌گه‌ڵ ئاسانكاریی یه‌ك په‌نجه‌ره له هه‌موو جیهاندا پێویسته(63)، له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو یاریزانانی حكومه‌ت و ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له چالاكییه ئابوورییه‌كاندا ڕه‌نگه پێشوازی له جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره نه‌كه‌ن، بۆیه پێویسته خاڵه تایبه‌ته‌كانی نه‌یاران ده‌ستنیشان بكرێن و له پڕۆژه‌كه‌دا به ڕوونی چاره‌سه‌ر بكرێن(64).
٣. بوونی ده‌زگایه‌كی پێشه‌نگ
بوونی ده‌زگایه‌كی پێشه‌نگ بۆ جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره، یه‌كێكه له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سیستمه. ده‌كرێت ئه‌م ده‌زگایه ڕێكخراوێكی حكومی بێت، یان ڕێكخراوێكی هاوبه‌شی لە نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا بێت، ئه‌ركه‌كه‌ی سنووردار بكرێت به كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبهتەوە و به‌ڕێوه‌بردنی یه‌ك په‌نجه‌ره و بره‌ودان به سووده‌كانی(65). ئه‌م ده‌زگا پێشه‌نگه به پێی بنه‌مای یاسایی و سیاسی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازه، به‌ڵام ده‌بێت ڕێكخراوێكی به‌هێز بێت و خاوه‌نی دیدگا بێت، ده‌سه‌ڵاتی یاسایی هه‌بێت كه له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه پشتیوانی بكرێت، له‌گه‌ڵ بوونی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی تاوه‌كوو بۆ ڕێكخراوه سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه ببێته مۆدێلێك(66)، چونكه ئه‌م ده‌زگایه به‌رپرسیاری سه‌ره‌كییه له جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره(67).
به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی كه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره پراكتیزه و جێبه‌جێ ده‌كات حكومی بێت، له‌وانه‌یه دامه‌زراوه‌یه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت وه‌ك ژووری بازرگانی بێت، یان ده‌زگایه‌كی حكومی وه‌كوو ئه‌نجوومه‌نی بازرگانی بێت، به‌ڵام له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ده‌ركردن و وه‌رگرتنی زانیاری و به‌ڵگه‌نامه و ده‌ركردنی یاسا و ڕێساكان ده‌سه‌ڵاتی یاسایی پێویستیان نییه(68)، بۆیه پێویسته له‌م دۆخه‌دا داموده‌زگاكانی كه‌رتی تایبه‌ت داوای پاڵپشتی له حكومه‌ت یان ده‌زگایه‌كی حكومی بكه‌ن كه پێگه‌ی یاسایی و حكومیی دیاریكراوی خۆی هه‌بێت، تاوه‌كوو هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیدا بنیات بنێن(69). جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره ڕه‌نگه هه‌ندێك جار پێویستی به یه‌كگرتنی هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی حكومی هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌نگاپوره ڕووی دا كه له پێناوی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م سیستمه‌دا سێ ده‌زگای حكومی یه‌ك خران(70). له‌م ڕووه‌وه پێداچوونه‌وه‌یه‌ك كه له لایه‌ن سه‌نته‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاسانكاریی بازرگانی و كاروباری بازرگانیی ئه‌لكترۆنی ئه‌نجام درا، گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه دوانزه سیستمی بازرگانیی یه‌ك په‌نجه‌ره له كۆمه‌ڵێك وڵات‌دا جێبه‌جێ كراون، به‌ڵام حه‌وت سیستمی بازرگانی له كۆی ئه‌و سیستمانه كه‌وتبوونه ژێر به‌رپرسیارێتیی ئیداره‌ی گومرگ و وه‌زاره‌تی دارایی، دوو سیستمیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌نده‌ره‌كاندا بوون، دوو سیستمیان به هاوبه‌شی له لایه‌ن كه‌رتی حكومی و تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌بران، یه‌ك سیستمیان له لایه‌ن داموده‌زگا حكومییه‌كانی دیكه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا(71)، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسیار له جێبه‌جێكردنی ئه‌م سیستمه له واقیعێكی سیاسی و ئیدارییه‌وه بۆ واقیعێكی دیكه جیاوازه، بۆیه پێویست ناكات ئه‌م سیستمه له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كاندا هاوشێوه‌ی یه‌كتر بێت.
٤. ژێرخانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندی
جێبه‌جێكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره پێویستی به كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ و ئاڵنگاری له بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندیكردندا هه‌یه، كه زۆربه‌یان په‌یوه‌ندییان به كه‌ره‌سته و ئامێر و پڕۆگرامی نوێ و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه هه‌یه جگه له ڕاهێنان. ئه‌مه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌زموونه‌كان ده‌ریانخستووه كه گرنگترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره بریتین له نه‌بوونی هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، نه‌بوونی ئامێری كارایی به‌رز، لاوازیی تۆڕی نێوان دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و هاوبه‌شه سه‌ره‌كییه‌كان له كاره‌كانی سیستمه‌كه‌دا، خراپیی كارایی و خاوبوونه‌وه‌ی ئینته‌رنێت(72). جگه له‌مه‌ش، پرسی پاراستنی زانیاری له ناو دامه‌زراوه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه به‌بێ هه‌بوونی میكانیزمی گونجاوی پاراستنی زانیاری؛ نابێت ڕێگه بدرێت دامه‌زراوه‌كانی یه‌ك په‌نجه‌ره كار بكه‌ن، گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش پێویستی به به‌كارهێنانی ته‌كنیكه‌كانی شیكاری مه‌ترسی له بواری یه‌ك په‌نجه‌ره‌دا هه‌یه(73)، هه‌روه‌ها پاراستنی سیستمی زانیاری له هه‌ڕه‌شه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا(74)، چونكه سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره له چه‌ندین سیستمی زانیاریی یه‌كگرتوو و په‌یوه‌ندیدار و وابه‌سته به یه‌كتر پێك دێت كه بۆ پێكهێنانی یه‌ك په‌نجه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌كتردا تێكه‌ڵ ده‌بن(75).
٥. هۆكاره‌كانی تر
له هۆكاره‌كانی دیكه بوونی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، بوونی قبووڵكردنی جیاكارینهكردن له نێوان به‌ڵگه‌نامه‌ی كاغه‌زی و ئه‌لكترۆنیدا، ئه‌مه جگه له بوونی ڕێسای به‌ڵگه‌ی دادوه‌ری، بوونی گه‌ره‌نتی و متمانهپێكراویی پێویست بۆ ئه‌م جۆره به‌ڵگه‌نامانه، یان په‌یامی دەیتا سنووربه‌زێنه‌كان، دڵنیابوونه‌وه له په‌سه‌ندكردنیان له ڕێكاره ناوخۆییه‌كاندا(76)، له‌گه‌ڵ به ئاسانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی به‌كارهێنه‌ر به سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره(77).
جگه له‌وه‌ش، به‌ره‌وپێشبردنی چه‌مكی یه‌ك په‌نجه‌ره زۆر گرنگه و پێویسته به وردی پلانی بۆ دابنرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌ڵمه‌تێكی بازاڕكردن له‌خۆ بگرێت، متمانه له نێوان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و به‌شداربووان له چالاكییه ئابوورییه‌كاندا دروست بكرێت و له خراپ تێگه‌یشتن دووریان بخاته‌وه(78). مۆدێلی یه‌ك په‌نجه‌ره كارپێكراوه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ سه‌ركه‌وتن سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌هێزه، كه ده‌كرێت له كه‌رتی تایبه‌ته‌وه بێت (بۆ نموونه: گواتیمالا)، یان له كه‌رتی گشتی و تایبه‌ته‌وه (بۆ نموونه: مالیزیا، سه‌نیگال، ئه‌مەریكا و سه‌نگاپوره)، یان هاوكاری و پابه‌ندبوونی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان (بۆ نموونه: فینلاند، مالیزیا، سه‌نیگال، ئه‌مەریكا و سه‌نگاپوره)(79).
له‌وانه‌ی پێشووه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاریی ئاڵۆز ده‌بێته‌وه كه ته‌نها په‌یوه‌ندییان به لایه‌نه ته‌كنیكییه‌كانه‌وه نییه، به‌ڵكوو لایه‌نه ڕێكخراوهییهكانیش كه هاوبه‌شن له نێوان ڕێكخراوه‌كاندا، هه‌ندێك جاریش ژینگه‌ی سیاسی و یاسایی و نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تییش ده‌گرێته‌وه، بۆ گۆڕینی دیدگاكانیان به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن و دانانی له چوارچێوه‌یه‌كی ستراتیژیی گشتگیردا، ئه‌م لایه‌نانه له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه پێویستیان به په‌ره‌پێدانی ستراتیژی هه‌یه، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی جێبه‌جێكردن و چۆنێتیی چاره‌سه‌ركردنیان به شێوه‌یه‌كی سیستماتیكیی دروست(80).
ب. باوترین مۆدێله‌كانی “یه‌ك په‌نجه‌ره”
زۆر ڕێگه‌ی گریمانه‌یی بۆ دروستكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره هه‌یه، به‌ڵام به پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی كه له لایه‌ن تیمێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه (ITPWG/TBG15) ئه‌نجام دراوه، سێ مۆدێلی بنه‌ڕه‌تی جیا كراونه‌ته‌وه كه به‌م شێوه‌یه‌یه:
١. بوونی یه‌ك ده‌سه‌ڵات كه زانیاری وه‌رده‌گرێت: جا له سه‌ر كاغه‌ز بێت یان ئه‌لكترۆنی، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دەیتا له بازرگانه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه و هه‌ر شتێكیان پێویست بێت بۆیان دابین ده‌كات، ئه‌م مۆدێله ئاڵوگۆڕی زانیاریی هه‌ردوو دەیتای ئه‌لكترۆنی و كاغه‌زی له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م مۆدێله به “ده‌زگای پێشه‌نگ” ناسراوه و به زۆری له حكومه‌ته ناوه‌ندییه‌كان (مه‌ركه‌زییه‌كان) جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆ نموونه: خزمه‌تگوزاریی گومرگی سوید ده‌سه‌ڵاتی یه‌ك په‌نجه‌ره به‌كار ده‌هێنێت، له كاتێكدا له فینلاندا ئه‌م ئه‌ركه دراوه به وه‌زاره‌تی هێزی ده‌ریایی، له هه‌ندێك وڵاتیشدا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه وه‌كوو ئه‌ڵمانیا و سه‌نگاپوره و مۆریس ترایده‌نت جێبه‌جێ ده‌كرێت(81).
٢. سیستمی ئۆتۆماتیكیی یه‌كگرتوو: به‌كارهێنانی یه‌ك سیستمی ئۆتۆماتیكی بۆ كۆكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری (چ گشتی بێت یان تایبه‌ت)، كۆكردنه‌وه، به‌كارهێنان، بڵاوكردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی ئه‌لكترۆنیی دەیتاكانی په‌یوه‌ست به بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی یه‌ك ده‌خات. بۆ نموونه: ئه‌مەریكا به‌رنامه‌یه‌كی دروست كرد كه ڕێگه به بازرگانان ده‌دات ته‌نها یه‌ك جار دەیتای ستاندارد پێشكه‌ش بكه‌ن، سیستمه‌كه‌ش دەیتاكان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه‌دا دابه‌ش ده‌كات كه به‌رژه‌وه‌ندییان له مامه‌ڵه‌كه‌دا هه‌یه(82). لێره‌دا ئه‌گه‌ری جیاواز هه‌یه:
ئـ: سیستمێكی یه‌كگرتوو: دەیتاكان له ڕێگه‌ی سیستمێكه‌وه پرۆسێس ده‌كرێن كه دەیتاكان كۆ ده‌كاته‌وه.
ب: سیستمی پێكه‌وه‌به‌ستنی ناناوه‌ندی (لامه‌ركه‌زی): دەیتاكان ده‌نێرێت بۆ ده‌زگایه‌ك بۆ پرۆسێسكردن، یان دەیتاكان ده‌نێرێت بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ پرۆسێسكردن.
ت: مۆدێلێكی تێكه‌ڵ له یه‌كه‌م و دووه‌م: گواستنه‌وه‌ی یه‌كگرتوو، واته یه‌كگرتوو كارلێككهر و لامه‌ركه‌زی له هه‌مان كاتدا(83).
٣. سیستمی زانیاریی ئۆتۆماتیكی: ئه‌م سیستمه پڕۆسه‌یه‌كه كه له ڕێگه‌یه‌وه بازرگان به یه‌ك داواكاریی ئه‌لكترۆنی ده‌رخسته‌ی پڕۆژه‌كه‌ی بۆ پرۆسێسكردن و په‌سه‌ندكردن پێشكه‌ش به ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌كان ده‌كات، ڕهزامهندییهكانیش به شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی له ده‌زگاكانی حكومه‌ته‌وه بۆ كۆمپیوته‌ری بازرگانه‌كه ده‌گوازرێنه‌وه(84). ئه‌م سیستمه له مۆریسۆس و سه‌نگاپوره به‌كار ده‌هێنرێت، كرێ و باجیش به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی هه‌ژمار ده‌كرێت و له هه‌ژماری بانكیی بازرگانه‌كان ده‌بڕدرێت(85).
له مۆدێله‌كانی پێشووه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه كه بۆ به‌كارهێنانی یه‌ك په‌نجه‌ره یه‌ك پێوه‌ر نییه، به‌ڵكوو به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه به پێداویستی و گونجاویی كۆمهڵگاكهوه په‌یوه‌سته(86)، ئامانجی دامه‌زراندنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره‌ش بۆ ئاسانكاریی ڕێكاره‌كانه. بۆیه له سایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به وه‌به‌رهێنان له یه‌ك شوێندا، ده‌كرێت مامه‌ڵه‌كان به كاغه‌زی بێت، به‌ڵام باشتر وایه سیستمه‌كه ئه‌لكترۆنی بێت، چونكه ئه‌و وڵاتانه‌ی له سیستمی تاكه په‌نجه‌ره‌دا سیستمی ئه‌لكترۆنی به‌كار ده‌هێنن، له ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنه‌راندا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێناوه، وه‌كوو مالیزیا و سه‌نگاپوره.
ئه‌نجام
“یەك په‌نجه‌ره” سیستمێكی كارگێڕییه و له هه‌مان كاتدا میكانیزمێكه ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سنووردار كراوه به‌وه‌ی كه تاكه‌كان و دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان و ڕێكخراوه حكومییه‌كان بتوانن زانیاری پێشكه‌ش به یه‌ك خاڵ بكه‌ن، به مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی كاره‌كان به خێراییه‌كی پێویست. هه‌روه‌ها ئامرازێكی گرنگه كه ده‌توانرێت وه‌كوو ئامرازێكی كاریگه‌ر به‌كار بهێنرێت، به مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی ناكارایی و ناته‌واویی كارایی له ڕێكاره‌كانی بازرگانی حكومیدا، كۆتاییهێنان به تێچووی زۆروزه‌وه‌ند له مامه‌ڵه‌كانی بازرگانی و وه‌به‌رهێناندا.
كاركردنی میكانیزمی یه‌ك په‌نجه‌ره په‌یوه‌سته به زۆرێك له ده‌زگا و دامه‌زراوه حكومییه‌كانه‌وه، چونكه په‌یوه‌ندیی به تۆماركردنی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان و پێدانی مۆڵه‌تی پڕۆژه‌كانه‌وه هه‌یه. له هه‌مان كاتدا په‌یوه‌سته به ژماره‌یه‌ك ده‌زگای ناحكومی له بواری كۆمپیوته‌ر و ئهلكترۆنیاتدا، چونكه به مه‌به‌ستی دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان و بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی، نوێترین ته‌كنیكی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری، په‌یوه‌ندی و دەیتا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌كار ده‌هێنێت. ئه‌م فه‌رمانگه یه‌كگرتووه دەیتا بۆ ده‌زگای به‌ره‌وپێشبردنی وه‌به‌رهێنان دابین و كۆ ده‌كاته‌وه.
له ڕوانگه‌ی پراكتیكییه‌وه، به‌كارهێنانی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره په‌یوه‌سته به به‌كارهێنانی سیستمی ئه‌لكترۆنییه‌وه، ئامانجیشی گۆڕینی پڕۆسه‌ی ده‌ستییه له سه‌ر بنه‌مای به‌كارهێنانی كاغه‌ز بۆ سیستمی نامه‌ناردنی ئه‌لكترۆنی به به‌كارهێنانی نوێترین ته‌كنه‌لۆژیا، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به‌كارهێنانی به مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێشكه‌شكردنی كاغه‌ز نییه ئه‌گه‌ر كاره‌كه وا پێویستی كرد.
سوودی به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه بۆ نه‌هێشتنی فره‌یی و په‌رشوبڵاویی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی به وه‌به‌رهێنانه، چونكه له یه‌ك به‌ش و له ژێر یه‌ك ده‌سه‌ڵاتدا كۆیان ده‌كاته‌وه و زانیارییه‌كان وه‌رده‌گرێت، جا چ له سه‌ر كاغه‌ز بێت یان به ئه‌لكترۆنی. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بۆ كۆكردنه‌وه‌ی دەیتای بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران له یه‌ك خاڵی چوونه‌ژووره‌وه پێك دێت، هه‌ر له‌وێشه‌وه له هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه ئاگاداریان ده‌كاته‌وه كه بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه ڕێكخراوهییهكانی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان پێویستیان پێیه‌تی. ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م میكانیزمه‌یان په‌یڕه‌و كردووه؛ ده‌ریده‌خات كه په‌سه‌ندكردنی پێویستی به هه‌وڵ و كاری زۆر هه‌یه، چونكه كاری ئه‌م به‌شه یه‌كگرتووه به زۆرێك له ده‌زگا حكومی و ناحكومییه‌كانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.
به‌بێ بوونی ده‌زگایه‌كی پێشه‌نگ بۆ جێبه‌جێكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی، ئه‌م سیستمه به‌ئه‌نجام ناگات و سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه بۆ دڵنیابوونه‌وه له سه‌ركه‌وتن و به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی كه له پێناویدا دامه‌زراوه، پێویستی به كه‌ره‌سته‌یه‌كی زۆری ته‌كنیكی، یاسایی، سیاسی و ته‌نانه‌ت كولتوورییش هه‌یه.
ڕاسپارده‌كان
- په‌سه‌ندكردنی سیستمی یه‌ك په‌نجه‌ره بۆ زاڵبوونه بەسه‌ر به‌ربه‌سته‌كانی وه‌به‌رهێنان و ئاسانكاریكردنی ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه ڕێگری له ته‌واوبوونی خێرایی كاره‌كان ده‌كه‌ن، وه‌ك هانده‌رێكیشه بۆ ڕاكێشانی زۆرترین بڕی وه‌به‌رهێنانی بیانی.
- دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی پێشه‌نگ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی په‌یوه‌ست به پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، هاوشێوه‌ی مالیزیا كه “ده‌سته‌ی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی”ی دامه‌زراند كه ئه‌ركی ته‌نها وه‌رگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سه‌ندكردنی داواكارییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی بیانی بوو، به مه‌به‌ستی ئاسانكاری بۆ ڕێكاره‌كان و زاڵبوون بەسه‌ر به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره كارگێڕیییهكاندا كه ده‌بوونه ڕێگر له به‌رده‌م كاره‌كانیاندا.
- كاراكردنی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تمه‌ند له دۆسیه‌ی وه‌به‌رهێناندا دوور له ده‌ستتێوه‌ردانی لاوه‌كی و فشاره تاكه‌كه‌سییه‌كان، كه بوونه‌ته هۆی سه‌پاندنی هه‌ندێك پڕۆژه به‌سه‌ریدا كه په‌یوه‌ندییان به جه‌وهه‌ری چه‌مكی وه‌به‌رهێنانه‌وه نییه.
- پشتبه‌ستن به كه‌سانی ته‌كنۆكرات و شاره‌زا و لێهاتوو له به‌شه په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌به‌رهێنان و پاڵپشتیكردنیان له ڕووی سیاسی و كارگێڕییه‌وه، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له پشك پشكێنه‌ی حزبی و سیاسی له پۆست و پله‌كانی په‌یوه‌ست به چالاكییه‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێناندا، چونكه ئه‌و به‌شانه پێویستیان به كه‌سانی لێهاتوو و زانستی و ڕاهێنراو هه‌یه.
- په‌ره‌پێدانی سیستمی ته‌كنیكی و زانیاریی پێشكه‌وتوو بۆ هاندانی پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ پێشه‌وه، وه‌ك دروستكردنی دەیتابهیسی هه‌لی وه‌به‌رهێنان كه له ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌سته، دروستكردنی ماڵپه‌ڕی بانگه‌شه و سیستمی په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێناندا له ڕێگه‌ی تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه، كه‌ڵكوه‌رگرتن له ته‌كنه‌لۆژیا بۆ زاڵبوون بەسه‌ر به‌ربه‌سته‌كان و دروستكردنی هاوكاری له نێوان پێشكه‌شكارانی خزمه‌تگوزاری له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی له وهبهرهێنانهكهدا به‌شدارن.
- گۆڕینی سه‌رمایه‌ی مرۆیی له هه‌رێم بۆ وزه و توانایه‌كی به‌رزی كێبڕكێ و ئاڕاسته‌كردنی بۆ وه‌به‌رهێنانی به‌رهه‌مهێنانی به‌رز، هاوكات سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی كۆچبه‌رانی كورد كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و ته‌كنه‌لۆژیا و سیستمی مۆدێرندا.
- گرنگیدان به پێشخستنی بواری په‌روه‌رده و فێركردن، به مه‌به‌ستی پێگه‌یاندنی تاك له بواره جیاجیاكاندا، له سه‌ر ڕێگای دروستكردنی هاوڵاتییه‌كی هاوسه‌نگ و به‌رپرسیار، به‌كارهێنانی مۆدێرنترین ته‌كنه‌لۆژیاكانی بواری فێركردن بۆ ته‌یاركردنی كادره شایسته‌كان له جێبه‌جێكردنی سیستمه مۆدێرنه‌كان له‌و فه‌رمانگه و به‌شانه‌ی په‌یوه‌ندییان به چالاكییه ئابوورییه‌كان و فه‌رمانگه‌كانی وه‌به‌رهێنانه‌وه هه‌یه، هاوشێوه‌ی وڵاتانی مالیزیا و سه‌نگاپوره.
- به‌ستنه‌وه‌ی سیستمی په‌روه‌رده‌یی له كوردستاندا به بازاڕ و هه‌موو توخمه‌كانی گه‌شه‌پێدانی ئابوورییه‌وه، به جۆرێك له‌گه‌ڵ ئه‌و پێداویستییه نوێیانه‌دا بگونجێت كه جیهانگیری دروستی كردووه، سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی ده‌وڵه‌تی مالیزیا له‌م بواره‌دا. ته‌یاركردنی هاوڵاتییان به هه‌موو ئامرازه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كان، به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی هێزی مرۆیی لێهاتوو و خوێنده‌وار و ڕاهێنراو كه توانای جێبه‌جێكردنی داهێنانه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه نوێیه‌كانیان هه‌بێت.
- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی لێهاتوویی هێزی كار و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توێژینه‌وه و به‌كارهێنانی سیستمی كۆمپیوته‌ر له فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگ و ڕێكارانه‌ی كه كاریگه‌رییان له سه‌ر بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌یه.
- هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا له بواری ئاماده‌كردن و ڕاهێنان بۆ به‌كارهێنانی یه‌ك په‌نجه‌ره، چونكه له ئێستادا له به‌شه‌كانی وه‌به‌رهێنان كارمه‌ندی شاره‌زا و پسپۆڕی پێویست بۆ كارپێكردنی سیستمی ئه‌لكترۆنی و ته‌كنه‌لۆژیای په‌یوه‌ست به به‌كارهێنانی ئه‌م سیستمه نییه.
- ده‌ستكردن به جێبه‌جێكردنی یه‌ك په‌نجه‌ره له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كان و له قۆناغه به‌راییه‌كانه‌وه، وه‌ك پشتبه‌ستن به كۆمپیوته‌ر و مۆبایل و ئامرازه‌كانی تری په‌یوه‌ندیكردن بۆ هاوكاریكردن ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی گهشهنهكردوودا، بۆ ئاسانكاریی چوونه ناو قۆناغه پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌م سیستمه‌وه.
- پلاندانان له ئاستێكی به‌رزدا، بۆ گرنگیدان به‌و پڕۆژانه‌ی كه سوودێكی ئابووریی به‌رزیان هه‌یه و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری وه‌به‌رهێنانن، هه‌روه‌ها ئاڕاسته‌كردنی وه‌به‌رهێنانه‌كان بۆ ئه‌و كه‌رتانه‌ی كه سوودی ئابوورییان هه‌یه.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
1 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، العوامل الرئيسية في إنشاء النافذة الواحدة لمعالجة الإجراءات والمعاملات الرسمية للتصدير والاستيراد في منطقة الإسكوا، النافذة الواحد وتسهيل التجارة، نيويورك،2011، ص9.
2 UNITED NATIONS, ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window, Implementation Framework, Geneva and New York ,2011, p4.
3 أحمد ماجد الجمال، النافذة الواحدة منهج لتبسيط الإجراءات، مجله المالية، العددان 133_134ينايرو يوليو2009، الجمهورية اليمنية، ص16. http://www.mof.gov.ye/files/mag/mag133-134.pdf
4 أحمد ماجد الجمال، المرجع والصفحة نفسه. http://www.mof.gov.ye/files/mag/mag133-134.pdf
5 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، دراسة حول انشاء النافذة الواحدة وتطبيقها لتسهيل التجارة في السودان، نيويورك، 2012م، ص2.
6 http://www.unece.org/index.php?id=17250#/
7 Jae Young Choi, A Survey of Single Window Implementation, WCO Research Paper No. 17, world customs organization, 2011, p4.
8 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، النافذة الواحد وتسهيل التجارة، نيويورك، 2011، ص10.
9 المرجع والصفحة نفسه.
10 المرجع و الصفحة نفسه.
11 Feasibility Study on a Single Window for Export and Import Clearance at Vnukovo Airport, Final report, Amsterdam/Moscow, 2010, pp11.
http://www.unece.org/fileadmin/DAM/trade/workshop/2011_Moscow/CaseStudyOnAirport_eng.pdf
12 احمد ماجد الجمال، المرجع السابق، ص16.http://www.mof.gov.ye/files/mag/mag133-134.pdf
13 المرجع و الصفحة نفسه.
14 نظام النافذة الواحدة (سينغل ويندو)، حلول التى يقدم النافذة الواحد, 2013. http://wct-inc.com/www/ar/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%84%D9%88%D9%84/%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85-
15 نظام النافذة الواحدة (سينغل ويندو)، الموقع نفسه.
16 المؤسسة العامة لتشجيع الاستثمارات في لبنان وبرنامج الاستثمار في الشرق الأوسط وشمال إفريقيا لمنظمة التعاون والتنمية الاقتصادية، ورشة التدريب حول خدمات النافذة الواحدة للمستثمرين في منطقة الشرق الأوسط وشمال إفريقيا، بيروت، 2010.
http://www.oecd.org/mena/investment/privatesectorinitiatives/44795886.pdf
17 أندرو ه. و. ستون وهدى سليم، تسليط الضوء على الإصلاح المؤسسي، الهيئة العامة للاستثمار والمناطق الحرة في مصر (GAFI). http://siteresources.worldbank.org/INTMNAREGTOPGOVERNANCE/Resources/GNNFinaPrintArabic2.pdf
18 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp14.
19 أحلام الفريجي، مختصون: النافذة الواحدة روح قانون الاستثمار والعمل بدونه لا يكتب النجاح، المواطن نيوز، بغداد، 2014. http://www.almowatennews.com/index.php/2013-04-19-21-18-06/3597-2013-09-24-14-07-52.html
20 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, p14.
21 Ibid.
22 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق،2011، ص25.
23 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, p14.
24 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic ,Business (UN/CEFACT),Recommendation No. 33, Recommendation and Guidelines on establis hing a Single Window, 2005, p7.
25 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp13.
26 Ibid, pp15.
27 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق، 2011، ص15.
28 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp15.
29 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق، 2011، ص14.
30 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp15.
31 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق، 2012، ص8 .
32 المرجع والصفحة نفسه.
33 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, op.Cit., pp10.
34 Johan Ponte, Single Window – Best Practice and the Way Forward, CHAIR UN/CEFACT TBG 15, Swedish National Board of Trade, The paper has been inspired by the discussions in the International Trade Procedures Working Group, TBG 15 in UN/CEFACT, New York, 2011, pp3,4.
35 Japan Association for Simplification of International Trade Procedures, ASEAN Single Window, 2012, pp2,3.
36 عبد الفتاح علي البنوس، الاستثمار عبر النافذة الواحدة. http://www.yemeress.com/algomhoriah/1003613
37 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., pp10.
38 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، 2012، المرجع السابق، ص25.
39 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، 2012، المرجع السابق، ص12.
40 UNITED NATIONS, ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window, Implementation Framework, 2011, pp5.
41 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp22.
http://www.cassandra- project.eu/userdata/file/Public%20deliverables/Cassandra%20D3.4%20-%20FINAL%20-%20Single%20window%20Specification.pdf
42 Rolf H. Weber, Legal Framework for the Single Window Concept in ASEAN – A Successful Movement towards Trade Facilitation in East Asian Countries, Asian Journal of Law and Economics, 2012, vol. 2, issue 4, pages 1-24, pp4.
http://www.sef.hku.hk/aslea2011/private/paper/39.%20Rolf%20H%20Weber%20paper.pdf
43 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، دراسة حول انشاء النافذة الواحدة وتطبيقها لتسهيل التجارة في سودان، المرجع السابق، 2012، ص6.
44 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., pp11.
45 اللجنة الاقتصادية والإجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، دراسة حول انشاءالنافذة الواحدة وتطبيقها لتسهيل التجارة في سودان، المرجع السابق، 2012، ص6.
46 اللجنة الاقتصادية والإجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، دراسة حول انشاءالنافذة الواحدة وتطبيقها لتسهيل التجارة في سودان، المرجع السابق، 2012، ص6.
47 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp22.
48 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., pp14.
49 UNITED NATIONS, ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window, Implementation Framework, 2011, pp15.
50 Johan Pontén, Op.Cit.,pp6.
51 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., pp15 .
52 UNITED NATIONS, ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window, Implementation Framework, 2011, pp4.
53 Jae Young Choi, Op.Cit. ,2011, pp4.
54 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic ,Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., 2005, pp15.
55 Johan Pontén, Op.Cit., pp6.
56 Feasibility Study on a Single Window for Export and Import Clearance at Vnukovo Airport, Final report, Amsterdam/Moscow 2010, pp13.
http://www.unece.org
57 أندرو ه. و. ستون وهدى سليم، المرجع السابق. http://siteresources.worldbank.org/INTMNAREGTOPGOVERNANCE/Resources/GNNFinaPrintArabic2.pdf
58 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا(، المرجع السابق، 2012، ص8 .
59 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic ,Business (UN/CEFACT) ,Recommendation No. 33, Op.Cit., p16.
60 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT) , Draft Recommendation 35,Establishing a Legal Framework for an International Trade Single Window, 2009, pp3.
61 Rolf H. Weber, Op.Cit., pp 4, 7.
62 Ibid., p7.
63 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT) , Draft, Establishing a Legal Framework for an International Trade Single Window, 2009, pp3 ,10
64 Feasibility Study on a Single Window for Export and Import Clearance at Vnukovo Airport, Final report, Amsterdam/Moscow, 2010, pp14.
http://www.unece.org
65 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp16.
66 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT) , Recommendation No. 33, Op.Cit., pp10.
67 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق، 2012، ص5.
68 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع السابق،2012، ص5.
69 للجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المرجع والصفحة نفسه.
70 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp21.
71 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op.Cit., pp10.
72 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، المصدر السابق، 2012، ص14.
73 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Draft Recommendation 35, Op.Cit., pp 9.
74 jae young choi,Op.Cit., pp24.
75 UNITED NATIONS, ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window, Implementation Framework, 2011, pp20.
76 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic ,Business (UN/CEFACT), Draft Recommendation 35, Op.Cit. pp 8.
77 Feasibility Study on a Single Window for Export and Import Clearance at Vnukovo Airport, Final report ,Amsterdam/Moscow 2010, pp14.
http://www.unece.org
78 Rolf H. Weber, Op. Cit, pp 19.
79 United Nations Centre for Trade Facilitation and Electronic Business (UN/CEFACT), Case Studies on Implementing a Single Window to enhance the efficient exchange of information between trade and government, 2005, pp5.
80 UNITED NATIONS ECONOMIC COMMISSION FOR EUROPE, Single Window Implementation Framework, 2011, pp5.
81 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp17.
82 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op. Cit., pp8.
83 اللجنة الإقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (لاسكوا)، 2012، المرجع السابق، ص 4 .
84 اللجنة الاقتصادية والاجتماعية لغربي آسيا (الاسكوا)، 2012، المرجع السابق، ص5.
85 United Nations Centre for Trade Facilitation, and Electronic, Business (UN/CEFACT), Recommendation No. 33, Op. Cit., pp7,8,9.
86 EUROPEAN COMMISSION, Cassandra – D3.4 – Report – Single Window Specification, 2013, pp19.