• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 22, 2024

لە پەراوێزی جەنگی نێوان ئیسڕائیل – غەزە و هێرشەکانی ئێران

 

چاوپێكەوتن لەگەڵ بەڕێز هیوا مەجید، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان/گەشەسەندنی سیاسی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسی، زانکۆی سەلاحەدین.

ئێرانناسی: ئەم وتووێژەمان لەگەڵ دكتۆر هیوا مەجید / دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکانە. دەمانەوێت تێڕوانینی بەڕێزیان سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەم چاوپێكەوتنەدا بخەینەڕوو.

یەکەم پرسیارمان بەوە دەستپێدەکەین:

ئێرانناسی: بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و شەڕی نێوان ئیسڕائیل و غەزە، بارودۆخی گشتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

حەوتی ئۆکتۆبەر خاڵێکی جیاکەرەوەبوو لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەواتایەکی تر حەوتی ئۆکتۆبەر لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتا هاوپەیمانییەتییەکان سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە.

ئەگەر بێتوو بگەڕێینەوە بۆ پێش حەوتی ئۆکتۆبەر ئێمە دەبینین کە دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەمریکا هێدی هێدی بەتایبەت لە سەردەمی جۆ بایدن و باراک ئۆباما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێتەوە، شوێنی ئەمریکا، چین و ڕووسیا دەیگرێتەوە، ئەمریکا زۆرتر جەخت دەکاتەوە لەسەر ناوچەی پەسەفیک واتا ئەو ناوچەیەی گەمارۆی چینیداوە، بەڵام حەوتی ئۆکتۆبەر بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا ناچاربێت یاخود پێی خۆشبێت یاخود بە دەرفەتی بزانێت کە سەر لە نوێ ئامادەییەکی فراوانی عەسکەری بێنێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەلایەکی تریشەوە خودی ڕووداوەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر تا دەگاتە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە شەوی سیانزە لەسەر چواردەی چوار(١٣-١٤/٤/٢٠٢٤) وایکرد کە خودی وڵاتانی عەرەبی ئەوانەی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل کردووە وەک بەحرێن و ئیمارات سەرلەنوێ ترسی ئەوەیان لێبنیشێتەوە کە ئەوان پێویستیان بە ئەمریکا هەیە بگەڕێتەوە ناوچەکە.

 لە لایەکی تریشەوە حەوتی ئۆکتۆبەر شتێکی تری سەلماند بریتیی بوو لەوەی کە دەوڵەتی خاوەن سوپای ڕیکخراوە بە زەحمەت دەتوانێت بەرەنگاری گرووپە چەکدارییەکان بێتەوە.

بۆچی؟ چونکە دەوڵەتی خاوەن سوپای ڕێکخراو لە ئێستادا تەکنەلۆجیایەکی عەسکەری زۆر پێشەکەوتووی هەیە کە تێچوویەکی دارایی و ئابووری زۆری دەوێت، ئەم سوپایە ڕاستە کە باڵا دەستە لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە، بەڵام گورزی عەسکەری پێدەکەوێت بە کەمترین تێچوو، بۆ نموونە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان بێت یاخود بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بێت یاخود ئەو درۆنانەی لە هەولێر دەدرێت، هەموو ئەمان بوونەتە هۆی ئەوەی کە سەر لە نوێ پێناسەیەک بکرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، مەبەستم چییە، تا ئێستا ئێمە لە چەمکی جوگرافیای سیاسی و سیاسەتی جواگرافیایی ئێمە چەمکێکمان هەبوو(لاندلۆکانچری) ئەو وڵاتانەی داخراون، هەمیشە دەیانگووت ئەو وڵاتانەی داخراون دەستیان بە دەریا ئازادەکان ناگات لە ژێر هەژموونی وڵاتانی دەوروبەردان، بەڵام ئەم جەنگی حەوتی ئۆکتۆبەرە ئەوەی سەلماند کە لە پاش دەریا ئازادەکان ئەسڵەن نا ئەمن، بەڵکو وڵاتان بە دوای کلیدۆری وشکانیدا دەگەرێن، ئەگەر سەیری بکەین ئەم هەموو کلیدۆرانەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرباز دەبن، کلیدۆری تاپی، تاناب، ڕێگەی گەشەی عێراق(تەریقی تەنمیەی عێراق) کلیدۆری باکوور باشووری ئێران، کلیدۆری زەنگەزور و ڕێگەی ئاوریشمی چین، هەموو ئەمانە وا دەکەن، سەر لە نوێ نەخشەی سیاسیی و جوگرافیایی هاوپەیمانییەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکارییان بەسەردابێت.

  • ئێرانناسی: هۆکاری هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ فەرماندە و ڕاوێژکارە باڵاکانی ئێران لەم کاتەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەگەر سەیری بکەین هەموو گرووپە شیعە چەکدارەکان پرۆکسی ئێرانن، واتا ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە تەختەیەکی شەترەنج کە خۆی وەکو پاشا تەحەکوم بەو تەختەی شەترەنجانە دەکات، ئەم پرۆکسیانە هەموویان داشەکانی ئێرانن، ئێران دەیەوێت لە ڕیگەی ئەم پرۆکسیانەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپێکێت، بۆیە ئیسرائیل زۆر باش لە موعادەلەیە تێگەیشتووە، هەموو ئەوانەی ئیسڕائیل لێیداون تەواجوودیکی زۆر پڕ هێزیان لە سووریا و لوبنان هەیە، واتا دوو شوێنی ستراتیجی کە بە بەردەوامی مەترسی لەسەر ئەمنی نیشتیمانی ئیسڕائیل دروست دەکەن، بۆیە ئیسڕائیل هزر دەکات خۆشی چەندجار وای وتووە، ئێران وەکو هەشت پێ یاخود ئەختەبووتێکە کە دەبێت ئەو پێیانەی ببڕین، بەڵام دواجار گەشتە قەناعەت و بنیامین ناتەنیاهو ڕایگەیاند کە دەبێت ئەمجارە لەسەر ئەختەبووتەکە بدرێت بۆیە ئیسڕائیل هزر دەکات ئەگەر بێت و لە فەرماندە باڵاکانی ئێران بدات ئەمە لە لایەک توانای هێزە پرۆکسییەکان کەم دەکاتەوە.

 لە لایەکی ترەوە وای داناوە کە ئێران پەلکیشی جەنگێکی ڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا. ئیسڕائیل جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران پێباشترە لەوەی جەنگی پرۆکسییەکان بکات، چونکە جەنگی پرۆکسییەکان تێچوویەکی زۆری دەوێت، هەروەها جەنگێکی بەرفراوان و بێ کۆتایە، ئیسڕائیل لەو هاوكێشەیە تێگەیشتووە، بەڵام ئەگەر بێت و لەگەڵ ئێران بە شەڕ بێت جەنگێکی مونەزەم(ڕێکخراو) لە نێوان دوو دەوڵەتدا دەبێت.

خاڵی دووەم ئەگەر بێت و لە ڕێگەی لێدان لە فەرماندە سەربازییەکانی ئێران پەلکێشی جەنگی ڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ ئیسڕائیل ئۆتۆماتیکیەن ئیسڕائیل بە هۆی ئەو باگراوندە هۆڵۆکۆسیەی کە هەیەتی بەهۆی ئەو فشارەی کە بە دڕێژای پەنجا ساڵ تا حەفتا ساڵ لەسەر ئیسڕائیل هەبووە وادەکات ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بێن یارمەتی ئیسڕائیل بدەن، ئەمە لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بەدەرکەوت کە بینیمان ئەمریکاو بەریتانیا و فەرەنسا ڕاستەوخۆ هاتنە ناو شەڕەکەوە وڵاتانی وەک ئوردن و عەرەبستان لە ڕێگەی زانیاری سیخوڕی(ئیسخباراتی) هاتنە ناو شەڕەکەوە، کەواتا نەک ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دێن و پشتگیری لە ئیسڕائیل دەکەن، بەڵکو بە ڕاستەوخۆ دێنە ناو شەڕەکە و تێچووی شەڕەکە لەسەر ئیسڕائیل کەم دەکەنەوە، پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی وەردەگرن.

لە لایەکی ترەوە ئەگەری زۆرە شەڕی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل و ئێران بێتە هۆکاری لێکنزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبیش لە ئیسڕائیل، چونکە ئەگەر بێت و سەیرکەین لە ئێستا وڵاتانی عەرەبی ئەوەندی کە ئێرانی ئیسلامیی شیعە بە دوژمنی خۆیان هەژمار دەکەن، ئیسڕائیل سەیهۆنیستی جوو بە دووژمنی خۆیان هەژمار ناکەن. بۆیە تەنانەت وڵاتانی عەرەبی وەک بەحرێن و ئیمارات و ئەمانە هەستاون پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردوەتەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا، لە ڕاستیدا لە ترسی هێرشەکانی ئێران بووە، تەنانەت کە عەرەبستانیش هاتووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی کردۆتەوە لەوە دەترسا سەرلەنوێ بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان بکەوێتە بەر مەترسییەوە، بەتایبەتی کۆمپانیای نەوتی وەک ئارامکۆ، بۆیە وتی با من پەیوەندییەکانم لەگەڵ ئێران ئاسایی بکەمەوە تا لەو ڕێگەیەوە بتوانم پەیوەندییەکانم لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکەمەوە، کەواتا لێدانی فەرماندە باڵاکان بۆ ئیسڕائیل دەسکەوتێکی زۆر گەورە دەبێت، ئەم فەرماندە باڵایانە هەم بۆ ئیسڕائیل کێشەیان دروستکردووە، هەم بۆ وڵاتانی عەرەبیش، هەم ئەوەتا هیلالی شیعی تەکمیلیەکەی لەناو دەچێت کە وڵاتانی عەرەبیش لێی دەترسن.

ئیستا ئێران سەنعایە، بەغدادە، لوبنانە، دیمەشقە هەموو ئەمانە و بەشێک لە کەرتی غەزە بە پایتەختی خۆی هەژمار دەکات، کەواتا ئیسڕائیل بە پلانێک دەیەوێت فەرماندە باڵاکانی بکوژێت بۆ ئەوەی ئێران ڕاستەوخۆ بێت و شەڕێک لەگەڵ ئیسڕئیل بکات لەو ڕێگەیەوە ئیسڕائیل پشتیوانی نێودەوڵەتی بە دەست دەهێنێت و دەتوانێت بەسەر ئێراندا زاڵ بێت.

  • ئێرانناسی: پاڵنەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هاندەر و دنەدانی ئێران بۆ وڵامدانەوەی تۆڵەئاسا بۆ سەر ئیسرائیل چی بوون؟

پاڵنەرە ناوخۆی و دەرەکییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە ڕۆژی دامەزراندییەوە دوو دروشمی بەرزکردەوە یەک هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوە، دووەم یارمەتیدانی موستەزعەفین لە جیهان، تا ئیشتایش لەسەر ئەم درووشمانە کاردەکات، ئێران لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا هەرچەند بۆ پێشووتریش دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆی تاران و ڕووداوەکانی جومبش سەبس بۆ کوشتنی نێرگز بۆ شۆرشی مەهسا، ئێران لە ڕووی ناوخۆییەوە لە ژێر گوشاریکی زۆر زۆر بەهێزدا بووە، واتا متمانە بە دەسەڵاتی سیاسی ئێران نەمابوو لە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بە پێی داتا فەرمییەکان ١٢ بۆ ١٣ ملیون کەس بەشداری هەڵبژاردنیان کردبوو، دۆخی ئابووری ئێران لە ناوخۆدا هەرەسی هێنابوو، سەرەڕایی ئەوەی فەرماندە باڵاکانی ئێران یەک لە دوای یەک دەکوژران وەک قاسم سولێمانی و فەروخزادی کە شارەزای بۆمبی ئەتۆمی بوو، وەک فەرماندە ڕەزی کە بەر لە ماوەیەک لە سووریا کوژرا چەندی فەرماندەیتری سەربازی، ئێران پێویستی بەوە بوو ئەم کێشە ناوخۆیانەی کە لەناوخۆیدا هەبوو، بۆ دەرەوە هەناردە بکات، چونکە لە بەلوجستان و خۆزستان و ناوچە کوردییەکان و ئەسفەهان توشی کێشە بووبن ئەمانە کێشە سیاسییەکان بوون سەرەرایی کێشە ئابوورییەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، واتا ئێران لە هەموو لایەکەوە لە ناوخۆدا تووشی کێشە هاتبوو. هەرچەندە لە و وڵاتانەی کە سیستەمی نا دیموکراسیان هەیە ناڵێم دیکتاتۆری دەڵێم نادیموکراسیان هەیە، بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکان پەردەپۆش بکەن یاخود چارەسەریان دوای بخەن پەنا بۆ خوڵقاندنی قەیران بۆ دەرەوەی وڵات دەبەن، ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئێران ناچاربوو هێرس بکاتە سەر ئیسڕائیل، هاوکات لەگەڵ هۆکارە ناوخۆییەکان، هۆکاری دەرەکیش هەبوون لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئێران چاوەڕوانی ئەوەبوون کە ئێران تۆڵەیەکی زۆر بەهێز لە ئیسرائیل بکاتەوە یاخود پشتیوانییەکی زۆر بە هێزبیت بۆ پرۆکسییەکان، بەڵام ئێران نە لە حزبوڵڵا پشتیوانی کرد بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە نە لە حوسییەکانی یەمەن، نە لە حزبوڵڵای عێراقی، ڕایگەیاند کە ئێمە هیچ ئاگاداری هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل نەبووین و پەیوەندیمان بەو جەنگەوە نییە، وات لە لایەن پرۆکسییەکانەوە کوشاری لەسەر بوو پرۆکسییەکان توشی نائومیدی بوون لە ئێران، بۆیە ئێران ناچاربوو وەڵامێکی هەبێت، بەڵام وەڵامدانەوەی ئێران زیاتر وەڵامدانەوەیەکی حەیسییەتی (ناموسپارێزیی) بوو، مانۆڕێکی حەیسییەتی بوو، چۆن مانۆفێکی حەیسێتی بوو؟ بە کوشتنی قاسم سولیمانی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە خودی ترەمپ دانی پێدانا کە ئێرانییەکان ئێمەیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئێمە لە عەین ئەسەد دەدەین، واتا شوێنەکەی دیاریکراوبوو، لە هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسڕائیل شەوی سیانزە لەسەر چواردەی مانگی چوار(١٣-١٤/٤/٢٠٢٤) خودی ئەمیر عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند پێش ٧٢ کاتژمێر وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکییەکانمان ئاگادارکردۆتەوە کە هێرش دەکەینە سەر ئیسڕائیل، واتا بە ڕاستەوخۆ بەوانی گووت لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن، هەربۆیە دەبینی لەو شەوەی هێرشەکەی ئەنجامدا تەواوی فڕینی مەدەنی و فڕینی فڕۆکە مەدەنییەکان لەسەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەستا، کەواتا ئەو چاوەڕوانی و گوشارەی لە ناوخۆ لە لایەن پرۆکسییەکانەوە لەسەر ئێران بوو، هەروەها ئەو پێشبینییەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانیان دەکرد ئێران وەڵامێکی زۆر توندو بەهێز دەداتەوە، ئێرانی گەیاندە قۆناغێک کە ئیتر ناچارە وەڵامبداتەوە، بۆیە بەم شێوەیە وەڵامیدایەوە کە پێشتر وڵاتانی ئاگادار کردەوە بۆیە من پێی دەڵێم مانۆڕی ناموسپەرستی تا هێرشێکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسڕائیل.

  • ئێرانناسی: تا چەند ئەو گریمانە ڕاستە کە ئیسڕائیل دەیەوێت، بازنەی شەڕی غەزە فراوان بکات و ئێران تێوە بگلێنێت؟ ئامانجی ئیسڕائیل لەمەدا چییە؟

ئەو گریمانەی ئیسڕائیل دەیەوێت ئێران بگلێنێتە جەنگێکی ناوخۆ، بەڵێ ئیسڕائیل هەم هەوڵیدا کە ئێران بە ڕاستەوخۆ بێتە ناو جەنگەکەوە کە باسمانکرد، هەم پشتیوانی نێودەوڵەتی بە دەست بهێنێت هەم ئەم ڕێگەیە بۆ ئیسڕائیل خۆش بێت کە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، چونکە ئیسڕائیل و ئێرانیش باش دەزانن ئیسڕائیل لە ڕووی تەکنەلۆجیای سەربازییەوە باڵادەستە لەسەر ئێران، بەڵام ئیسڕائیل لە چەکی ئەتۆمی ئێران دەترسێت، ئەشترسێت ئێران ئەم چەکە ئەتۆمییە لە دژی بەکاربهێنێت، بۆیە ئیسڕائیل هەوڵیدا جەنگەکە بەرفراوان بێت و وڵاتێکی وەک ئێران بێتە ناوجەنگە، ئێران سپۆنسەری ماددی و مەعنەوەی جەنگەکەیە، وەکو ئاماژەمان پێدا سەلمێنرا ئەگەر ئێران بە ڕاستەوخۆ بێتە ناوجەنگەکە لە دژی ئیسڕائیل زۆرێک لە وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ دێن پاڵپشتی لە ئیسڕائیل دەکەن، ئەوەش سەلمێنرا لە شەوی سیانزە لەسەر چواردە لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، بەڵی دەیویست ڕاستەوخۆ بێتە ناوجەنگەکە و لە ناوخودی ئێرانیش بارودۆخەکە هاوکاربوو، چونکە تەلەفزیۆنی وەک ئێران ئینتەرناشناڵمان هەیە کە بە دیوێکی تر هەواڵ بە ئێران دەگەیەنێت، بە بەراود بە تەلەفزیۆنە ڕەسمیەکانی تری ئێران.

  • ئێرانناسی: لە هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل کێ براوەی سیاسی ئەو هێرشانە بوو؟ چ گۆڕانکارییەک بە سەر پشتیوانی نێو دەوڵەتی دێت؟

لە هێرشە درۆنییەکاندا دەبێت هەردوولایان وەرگرین، ئەگەر بە چاوێکی بێ لایەنەوە بڕوانین لە ڕاستیدا ئیسڕائیل سەرکەوتووی یەکەم بوو، بەڵام هاوکات ئێرانیش شوێن پێی خۆی لە ناوچەکە لە لایەن پرۆکسییەکانەوە قایمکرد، بۆ نمونە ئێستا وڵاتانی وەک ئیمارات و عەرەبستان و قەتەر و بەحرێن لەو هێرشە درۆنیانەی ئێران دەترسن و بە لایەنی کەمەوە ئەوەی سەلماند کە خاوەنی توانای بەرفراوانی درۆنییە بۆ هێرشکردن. ئیسڕائیل گومەزی ئاسنینی هەیە دەتوانێت بەرپەرچی بداتەوە و وڵاتانی دیکە هاوکاریان کردووە و بەرپەرچیان دایەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئیمارات، بەحرێن، عەرەبستان لە ئەگەری هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئێراندا ئەو گومەزە ئاسنینییەیان هەیە کە ئیسڕائیل هەیەتی؟ بێگومان نەخێر.

کەواتا ئێران توانی ترسێک لە ناو دڵی وڵاتانی عەرەبیدا دروست بکات، کە وڵاتانی عەرەبی بە هاوپەیمانییەتییەکانی خۆیاندا بچنەوە، لە داهاتوودا دڵنیابە وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل داوا دەکەن کە سیستەمی بەرگری یەکپارچەیی ناوچەی وڵاتانی عەرەبیش بگرێتەوە. واتا وڵاتانی عەرەبی بۆ هەرجۆرە ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ ئیسڕائیل یاخود لە هەرجۆرە ئیمتیازدانێک بۆ ئەمریکا داوا دەکەن کە ئاسمانی ئەم وڵاتانە لە لایەن ئەمریکاوە پارێزراوبێت واتا سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەم وڵاتانەدا دابمەزرێت، کەواتە لەم ڕووە ئێران براوە بووە، لە لایەکی تریشەوە خودی ئیسڕائیل براوە بووە، چونکە توانی ڕای کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و وڵاتانی عەرەبی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. واتا سبەینێ ئەگەر ناتۆ دانیشت بە ڕاشکاوی دێت پشتگیری لە ئیسڕائیل دەکات کۆنگرێسی ئەمریکاش لەمەودوای ناچارە پشتگیری لە ئیسڕائیل بکات تەنانەت نوێنەری جووەکانی دانیشتوی ئەمریکا کە چاویان بە ئەنتۆنی بڵینکین کەوت، دڵنیایی پێداوە کە پابەند دەبێت بە پاڕێزگاریکردن لە ئەمنی قەومی ئیسڕائیل، واتا بە هێڵی سوور هاتە هەژمارکردن، کەواتە تا ئێستا ئەمریکا بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕێک سستی دەنواند لە پشتیوانیکردنی ئیسڕائیل، بەڵام ئەمجارە بەڕاستەوخۆی هاتنە ناو شەڕەکە و بەرپەرچی درۆنەکانی دایەوە، نەک تەنها ئەمریکا بەریتانیا و فەرەنسایش هاتنە ناوشەڕەکە. بۆیە پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئیسڕائیل بەرفراوانتر دەبێت، بەڵام ترسی وڵاتانی ناوچەیی لە ئێرانیش بەرفراوانتر دەبێت، واتا ئێستا لە سیاسەتدا دوو جۆرە چەمکمان هەیە (Balance of Powers – Balance of Fright ) ئێستا ئێران لە ڕێگەی باڵانس ئۆف فرێت واتا هاوسەنگی ترس ئیش دەکات لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا.

  • ئێرانناسی: ئایا دەتوانین ئاماژە بکەین بەوەی ئەم هێرشانەی ئێران هەڵەیەکی مەترسیدار بوو کە ئابووری ئێران و نمایشی توانا سەربازییەکانی گەیاندە ئاستێکی لاواز؟

سەبارەت بە ئابووری ئێران، بەڵێ هەڵەیەکی کوشدەبوو، دڵنیابە گەمارۆکان لەسەر ئێران زۆرتر دەبن، وڵاتانی عەرەبی کە بە نیازبوون سەرمایەگوزاری لە ئێراندا بکەن بە ترسەوە دێن ئەم کارە دەکەن، چینیش تا ڕادەیەک لەو ڕێکكەتنە ٢٣ بیست و سێ ساڵییەی لەگەڵ ئێران ئەنجامیداوە پاشەکشێ دەکات. بینیمان لەشەوی هێرشەکاندا تمەنی ئێرانی توشی داڕمانی ئازاد بوو. واتا لە شەش هەزار تمەنەوە بۆ سەروی حەوت هەزار تمەن چوو، بەنزین بە دەست نەکەوت، کەواتە ئێران ئابوورییەکی لاوازی هەیە، هەڵاوسان لە ئێران ٨٦% تێپەڕاندووە، ئێمە دەزانین کەرتی سەربازی کەرتێکی بەرهەم هێنەر نییە، کەرتێکی بەرخۆرە، هەرچەندە توانای سەربازیی ئێران زۆرتربێت ئەو پارەییەی پێویستە لە سێکتەرەکانی تر خەرج بکات، دێت لە سێکتەری سەربازیی خەرجی دەکات، ئەمەش جۆرە ناهاوسەنگیەک لە نێوان سێکتەرەکان لە ئێران دروست دەکات، بۆیە گەورەترین لێدانبوو لە ئابووریی ئێران درا.

خاڵی دووەم ئێران ئەمەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە سەلماند کە وڵاتێکی عەسکەرتاریەتە. ڕاستە هەڵبژاردن دەکرێت و خەڵک دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و پەرلەمان هەیە و شورایی محەلی هەیە، بەڵام لە ناخی خۆیدا وڵاتێکی عەسکەرتاریەتە، و وڵاتێکە مەترسی هەیە بۆ سەر ئابووریی خۆی و ناوچەکە. چۆن؟ سەیری دەستوەردانی ئێران لەسەر سووریا، لوبنان، عێراق، فەلەستین و یەمەن ئابووریی ئەم وڵاتانەی توشی داڕمان کرد. ئەوەی کە تا ئێستا ئابووریی ئێرانی تا ئەو ڕادەیەی بە جیهێشتووە بەرفراوانی خاکی ئێران و جۆراو جۆری سێکتەرەکانە لە ئێران، و هەبوونی دوو هاوپەیمانە وەکوو چین و ڕووسیا کە تا ئێستا ئێران لەسەر پێ ماوەتەوە، بۆیە ئێران لەم کارەدا هەڵەیەکی کوشندەی کردو ئابووریی خۆی زۆرتر توشی قەیرانکرد.

  • ئێرانناسی : چ جۆرە وڵامدانەوەیەک و چ جۆرە هێرشێک وەک وڵامدانەوە، دەتوانێت ئاستی ململانێی ئیسرائیل و ئێران بەرەو شەڕێکی گەورە و ڕاستەوخۆتر ببات؟

ئێران و ئیسڕائیل چی جۆرە وەڵامدانەوەیەکیان دەوێت، بە ڕاستی من وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئیسڕائیل گوشارێکی لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بەرپەرچدانەوە نەداتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە کە ئیسڕائیل ئەو سێ هەڵبژاردە بەکاربێنێت، یا هێرشێکی سایبێری بکاتە سەر ئێران، یان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات یاخود فەرماندە باڵاکانی ئێران بکاتە ئامانج، ئەم سێ ئۆپشنە سەرەکییە لە بەردەستی ئیسڕائیلدایە.

  • ئێرانناسی: پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاش ئەم کردە سەربازییە ڕاستەوخۆیە و کاریگەری بە سەر دۆسییەی ئەتۆمی ئێران چی دەبێت؟ ئایا دەستی هەردوو لا کراوەتر دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی یەکتر؟ ئایا پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران چی لێدێت و ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران؟

نەخێر من بۆچوونێکی ترم هەیە ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواوکەری یەکترن، لە هیچ جووڵەیەکی سەربازی نییە چی ئەمریکا ئەنجامیدابێت یاخود ئێران ئەنجامیدابێت یەکتریان ئاگادار نەکردبێتەوە، لە هێرشی بۆسەر عێراق بگرە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا هەر هێرشێک بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەی ئێران ئاگادار کراوەتەوە، بۆیە هەر زوو هەر بنکەیەک کە پرۆکسییەکانی ئێرانی لێیە و ئەمریکا هێرشی کردۆتە سەر پێشتر چۆڵکراوەو خودی ئێرانیش لە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەمریکای ئاگادارکردۆتەوە.

هاوپەیمانییەتییەکی نەنووسراو لە ڕووی جووڵەی سەربازییەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران تا ئێستا بەردەوامە، ئەمە عێراق لە دوای ٢٠٠٣ تا ئێستا ئەم ڕاستییەی سەلماندووە و بۆیە من وێنای ئەوە ناکەم ئەمریکا و ئێران بچنە جەنگی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ یەکتری، چونکە هەردوولا زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لەم جەنگەدا، بە پلەی یەک ئێران زەرەرمەند دەبێت ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا زەرەرمەند نابێت، ئەمریکا زۆرتر لە ناوچەکە بە دوای سەقامگیری دەکەوێت، چونکە پرسی گەورەتری لە ئێستادا هەیە، پرسی ڕووسیا و چین و ئۆکرانیاییە، بۆیە تاقەتی ئەوەی نییە بێتوو خۆی بە ئێرانەوە سەرقاڵ بکات، دەبێت ئاگاداری جوگرافیای ئێرانیش بین، تەجروبەی ئەفغانستان و عێراقمان هەیە لە لایەن ئەمریکاوە، تا ڕادەیەک تەجروبەی سووریا و زەحبی قوواتی خۆی لە سووریامان هەیە لە لایەن ئەمریکاوە، هەروەها ئێران پاروویەکی زۆر ئاسان نییە ئەمریکا بیەوێت داگیری بکات بۆچی؟ چونکە هەرچی چەنگێک ئەمریکا بەرپایکردووە لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە ئەمریکا ئەو وڵاتەی داگیرکردووە، واتا هاتووە حوکمی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتەی کردووە، حکومەتێکی مەدەنی بۆ پێکهێناوە، ئەمریکا ئەم هەڵەیە لە ئێران دووبارە ناکاتەوە، بێت جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامبدات، خودی ئێرانیش دەزانێت هەر جۆرە جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بە مانای نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت. ئەمە کێشەیە بۆ خودی ئێران.

لە لایەکی تریشەوە بوونی ئێرانی شیعە کە مەترسی لەسەر وڵاتانی عەرەبی هەیە دەرچەیەکە بۆ شەرعییەتدان و داواکردنی وڵاتانی عەرەبی بۆ مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بۆیە دەبێت ئەم هەموو هاوکێشە لە یەکبدەینەوە، من بڕوا ناکەم ئەمریکا بێتە جەنگێکی ڕاستەوخۆوە.

  • ئێرانناسی: چ جۆرە ڕۆڵبینینێکی ئەمریکا دەتوانێت ئەم ململانێیە یەکلایی بکاتەوە؟

ڕۆڵبینی وەک باسمانکرد ئەمریکا لە ئێستادا بە تایبەت لە ئیدارەی جۆبایدن هەوڵی کەمکردنەوەی تەنگەژەکان دەدات، بە پێچەوانەی ئیدارەی ترامپ کە سیاسەتی (بەرزکردنەوەی تەنگەژەکان) لەگەڵ ئێران پەیڕەوکردبوو، زۆرترین گەمارۆ لەگەڵ ئێران، نەخێر جۆبایدن ڕێک سیاسەتێکی بە پێچەوانەی بەرامبەر بە ئێران پەیڕەوکرد، واتا کاتێک کە هات وتی ئێمە لە ڕادەی تەنگەژە کەم دەکەینەوە هەندێک لە گەمارۆ لەسەر ئێران هەڵدەگرین، واشبوو هاتە سەر تەلەفزیۆن قسەیکرد وتی ئەو شەش بۆ حەوت ملیار دۆلارەی کۆریای باشوور بلۆککراوە لە پارەی ئێران ئازادی دەکەین، هەندێک ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە نێوان هەردوو وڵات، چەندین جار لەسەر مەلەفی نەوەوی پێکەوە بە ناڕاستەوخۆ دانیشتوون، نەخێرێک لە ئەمریکا زۆر چالاکە و مومارەسەی سیاسەتی ئێران دەکات لە ئەمریکا گوشاریشی هەیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی ئەمریکا، بۆیە من بڕوا ناکەم ئەمریکا هەوڵی بەرفراوانکردنی تەنگەژەکان بدات، بەڵکو ئەوەندەی کە بتوانێت هەوڵی خاوکردنەوەی تەنگەژەکان دەدات، چونکە لە ئێستادا ئەمریکا ناتوانێت ئەم هەموو جەنگە پێکەوە بەڕێوەببات بەتایبەت لە دوای سەرهەڵدانی پەتایی کۆڕۆنا کە ئابووریی ئەمریکا لیی دراوە.

ئێرانناسی: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز دكتۆر هیوا.

Send this to a friend