نورەدین كیانوری؛ ماركسیستێكی یاخیی
ئامادەكردن: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد
نورەدین كیانوری؛ ئەندازیارێكی ئاشناو جێباوەڕی دونیای چەپ و ماركسیستە باوەكانی ئێران بوو، ڕەنگە دیارترین ناوێكی یاخی و مانۆڕخوازی دژە شاهانشاهیی و پاشكۆیەتییە ئیمپریالیزمییەكەی بێـت، ناوبانگێكی وەها لە پێشەنگی جووڵانەوەی چەپ و كۆمۆنیزم و هاوڕێی متمانە پێكراوی ستالین بوو، بە یەكەمین ئەو كەسانە ناودەبرێت كە بیروبۆچوونی ماركسیزمی وەرگێڕایە نێو واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێران و لە شێوەی ڕایەڵەیەكی ڕێكخراو و درێژكراوەی ڕەوتی چەپ بە تام و بۆی ڕێبازی سۆڤیەتی تاو بدات، ئەویش لە ڕێگەی ڕێكخستنێكی هاوچەرخ و لە چوارچێوەی كارنامەیەكی هەمە لایەنەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووریی و فەرهەنگی تا ئەو ئەندازەیەی ببێتە ڕێبەری مەزنترین جووڵانەوەی حیزبی و كۆمۆنیستی لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە نموونەی (حیزبی تودەی ئێران) كە بە دایكی بزاڤی چەپی كلاسیكی ڕۆژهەڵاتی دادەنرێت.
نورەدین كیانوری، لە ساڵی 1915 لە شاری بەڵدەی سەر بە شاری مازەندەران و لە خانەوادەیەكی ئسوڵی و ئایینیدا لەدایکبووە، باوكی (مێهدی نوری (ڕۆحانی) ئاشناو بەدین بووە و دایكی (زەهرا سۆڵتانی نووری) نەوەى شێخێكی وەك (فەزڵوڵڵا نوری) و لە باوانی (میرزا حسێن نوری) بووە، كیانوری لە ساڵی 1944 لەگەڵ (مریەم فیرۆز) هاوسەرگیری کردووەو تا کۆتایی تەمەنی هاوسەر و هاودەمی بوو.
ژیانی مەدەنییانە و ئەندازیاری پلانسازی شار
كیانوری لە مێرمنداڵییەوە شەیدای خوێندن و خوێندكارێكی نموونەیی و ئالوودەی كتێب و دانراوە سیاسی، ئەندازیارییە هاوچەرخەكان بووە، بەخێرایی و بێ وەستان تاوی دایە خۆیی و خوێندنی لە ئاستێكی بەرزدا بڕی، لە ئێران و پاشان ئەڵمانیا وێڵی گەڕان بوو بەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامە لە چالاکیی تەلارسازی، پلاندانانی شار و دیزاینی گشتگیر تا ئەو دەمەی دکتۆرای لە ئەندازیاری ڕێگاوبان و بیناسازی لە زانکۆی تەکنەلۆجیای ئاخن وەرگرتووە، دوای خوێندنی بەردەوام لە شارەكانی ئاخن و میونشن، پەڕیەوە ئێران، تا ئەو دەمە دوور لە كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی كارسازێكی ساناو بەرچاو نەبوو، بەڵكو كاركردنی خێرای لە دیزاینی نەخۆشخانەکاندا كردییە ناوێك كە نموونەی دونیای تەلارسازیدا كەم وێنە بوو، ئەمەش كارئاسانی بۆ كرد تا وەك وانەبێژ لە كۆلێژی تەلارسازی زانکۆی تاران لە كارێكی نوێ بەهرەمەند ببێت، لێرەوە کتێبی “چارەسەر و باڵەخانە تەندروستییەکان” لە ماوەی زیندانی بوونیدا نووسی و دواجار دوای هەڵاتنی لە زیندانی قەسر بە چاپی گەیاند و بووە تاکە سەرچاوەی زانستیی لەسەر دیزاین و تەلارسازیی نەخۆشخانەکانی ئێران، لانیکەم تا کۆچی دوایی پتر لە لە ٦٠ ساڵ تاكە ژێدەرو دانراوی بڕوا پێكراو بووە.
لە ژیانی تاراوگە و لە ئەڵمانیای دیموکرات دانراوێكی بە ناوی (Silvio Macetti N.K) بە زمانی ئەڵمانی بڵاوكردەوە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە سەرچاوەیەكی ڕەسەن و بەركەوتنێكی كولتووری و ژیاریی نێوان شارستانیەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕەچاو كردبوو، پاشان سەرقاڵی توێژینەوە و وانەوتنەوە بووە لە یەكێك لە گرنگترین ناوەندە ئەكادیمییەكانی وەك ئەکادیمیای بیناسازی بەرلین ناسراو بە ((Deutsche bauakademie zu berlin (DBA)، کتێبیێكی بە ناونیشانی (یەکە گەورەکانی نیشتەجێبوون) بڵاوكردەوە، کە شیکاری و پلانێکی هەمەلایەنەی تەلارسازی و شارنشینی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ بوو، ئەم كتێبە لە ساڵی 1967 لە هەلومەرجی خۆسازدان و ئاوەدانكردنەوەی ئەڵمانیا دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لە ژێر ناوی خوازراوی (د. تەلارساز. سیلڤیۆ ماسیتی ن.ک) بڵاوكرایەوەو لە ماوەی ساڵێکدا ٨ جار لە چاپ درایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، كیانوری چەند بڵاوكراوەیەكی تری هەبوو، كە دیاترینیان: (پلان و پڕۆژەی N.K) پێشنیار بۆ درووستکردنی خانووبەرەی پیشەسازی (درووستکردنی خانووبەرەی بە کۆمەڵ پیشەسازی) لە نێوان ساڵانی 1967-1968 لە گۆڤاری زانستی شاری ڕۆستۆک لە ئەڵمانیا و ئاسمان ڕوتەکانی نیشتەجێبوون (وتار) لە گۆڤاری زانستی تەلارسازی ئەڵمانی، هەروەها کتێبی ئاسمان ڕوتەکانی نیشتەجێبوون – (ئەنجامی ١٠ ساڵ لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٩٥٦ تا ١٩٦٧)، پاشان پەرەپێدانی شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی گواستنەوەی شارەکان – گۆڤاری زانستی تەلارسازی ئەڵمانی بوون، پاشان شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی گەشەپێدانی ڕێگاوبان و گواستنەوەی شارەکان (وتار) گۆڤاری زانستی تەلارسازی ئەڵمانی. پوختەی ڕیساڵی زانستی لە شێوەی وتارێکی ڕەخنەییدایە سەبارەت بە دۆخی گواستنەوەی شارە گەورەکانی لۆس ئەنجلۆس، لە درێژەی بابەتەکەدا کیانوری پلانێکی گشتگیری گواستنەوەی کۆمەڵایەتی شارەکان بۆ شارە گەورەکان داڕێژێت و لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکراوی كردووەتەوە، هەروەها ڕوانگەی تەلارسازی کۆمەڵایەتی – تیۆری یەکگرتنی تەلارسازی کۆمەڵایەتی جیاواز بابەتێکی هاوبەش – گۆڤاری تەلارسازی ئەڵمانی لەگەڵ ئابووری شار و پلاندانانی شار – (دیزاینی گشتگیری شار)، ئابووری پێکهاتەیی و فەزایی بغرانجی لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە (وتار) لە گۆڤاری تەلارسازی ئەڵمانی، دیزاین و تەلارسازی شار تا ساڵی ٢٠٠٠ و دواتر – ماستەرپلان – کۆمەڵێک پلانی نورەدین کیانوری (ئەنجامی ١٠ ساڵ لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٨) ناسراو بە د. تەلارساز سیلڤیۆ ماسیتی ن.ک، بڵاوبووەوە كە پاشتر ئەکادیمیای تەلارسازی بەرلین بزربوون و دزرانی ڕاگەیاند.
لە ئەندازیارییەوە بۆ سیاسەت؛ ڕۆچوون لە نێو دونیای چەپ و ماركسیزمیدا
دوای تەواوکردنی خوێندن، کیانوری لە ساڵی 1940 گەڕایەوە ئێران و لە ساڵی 1941 پەیوەندی بە ئەڵقەو ڕێكخستنەكانی حیزبی تازە دامەزراوی تودەوە کرد، کیانوری دوای چەند ساڵێک ڕێبەرایەتی سكرتاریەتی لاوانی ئەو حیزبەی گرتە ئەستۆ. لەگەڵ ڕووخانی ڕێکخستنی سەربازیی حیزبی تودە، لە ساڵی 1955 ڕوویكردە یەکێتی سۆڤیەت، پاشان لە ساڵی 1957 لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی تری تودە چوونە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، کیانوری کە یەکێک لە ئەندامە کاریگەرەکانی کومیتەی ناوەندیی حیزبی تودە ئێران بوو، لە پلینۆمی شازدەهەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی تودە ی ئێران لە مانگی ئازاری ساڵی 1978 لە شوێنی ئیرەج ئەسکەندەری وەک یەکەم سکرتێری حیزب هەڵبژێردرا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی سەدای جووڵانەوە شۆڕشییەكەی ئێران لە ساڵی 1979 كیانوری بارەگەی حیزبەكە لە بەرلینی ڕۆژهەڵات جێهێشت و گەڕایەوە ئێران، بەڵام نووسینگەی حیزبەكەیانی لە ئەورووپا بە چالاکی هێشتەوە.
لێرەوە كیانوری بەهۆی سەرمەستی بۆ ڕووخانی ڕژێمی شاهانشاهیی، لەدژی لایەنگرانی ڕژێمی پەهلەوی بووە زایەڵەی دەنگێكی كاریگەر و جیاواز لە نێو فەرهەنگی چەپی كلاسیكی ئێرانیدا، بەجۆرێك كە سیاسەتی نوێی حیزبی تودە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران بادایەوەو و خۆی وەك هاوپەیمان و هاوسۆز لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕە-ئاینییەکان ناساند و ناوەڕۆكی شۆڕشەكەی بە هەمان ئەو شۆڕشە پێناسەكرد كە ماركس پێشنیاری كردووەو لە پێناویدا تێكۆشاوە، بەم شێوەیە خۆی وەك پارێزەری شۆڕش لە دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و خۆبەخشێكی ڕێبەرایەتی جووڵانەوەكە ناساند، بەجۆرێك كە بۆچوونەکانی ڕێبەری شۆڕشگێڕ ئایەتوڵڵا خومەینی وەك ئەركێكی پیرۆزی ئیلاهی لەقەڵەمدا، خۆی و حیزبەكەی بە خزمەتكاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی یاسایی و شۆڕشگێڕی دوای شۆڕش دانا. “تەنانەت لە ساڵانی یەکەمی شۆڕشدا بەهۆی لەسێدارەدانی هێزەكانی “دژە شۆڕش” و ئیمپریالیزم تا دوا هەوڵ بەرگری لە سادق خەڵخاڵی کرد.
لەگەل ئەوەشدا ئەگەرچی شیاوبوونی کیانووری و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی حیزب وەک محەمەد عەلی ئامووی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکەم پشتیوانی كرا، بەڵام زۆری نەبرد ئایدۆلۆژیای مارکسیستی حیزبی تودە لەلایەن حکومەتی نوێوە بە کوفرو بێباوەڕ ناوهێنرا و بیروڕاكانیان لە دەرەوەی ڕێنمایی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی و ڕێبازە سیاسی و فیكرییەكانی شۆڕش لە قەڵەم درا، ئەمە سەرەڕای پشتیوانی حیزبی تودە لە حكومەت و سیستمی نوێ لە سەختترین كاتەكانیدا، لەوانە شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها پێدانی زانیاری نهێنی ئەمنی لە کودەتای نۆژە.
سەرکردایەتی حیزب ڕابردوویەکی ئەرێنی و دۆستانەی لەگەڵ تەوژمی شیعە و هێزەکانی لایەنگری ئایەتوڵڵا خومەینی هەبوو، هەڵوێستی دژە ئەمریکایی ڕێبەرایەتی شۆڕش و ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی جیهان بەرامبەر بەم پرسە و بە جۆرێک لەگەڵ هەڵوێستی دژە ئیمپریالیزمی حیزبی تودە هاوتەریب بوو، هەر ئەمەش بوو بە بنەمای سیاسەتی ئەو حیزبە بۆ پشتیوانیكردن لە ڕێبەرایەتی نوێی شۆڕش، کیانوری پێی وابوو لەگەڵ چڕبوونەوەی لایەنی دژە ئەمریکایی شۆڕش، هێزە نێودەوڵەتییەکان و بارودۆخی سیاسی-جوگرافیای ئێران و میتۆدی دۆستانەی یەکێتی سۆڤیەت، بوار نادەنە کۆماری ئیسلامیی تاكو بژاردەیەکی دیکەی هەبێت جگە لەوەی کە وردەوردە بەرەو بەرەی دژە ئیمپریالیزم ڕابکێشرێت. وا بیر دەکرایەوە کە قووڵبوونەوە (خەباتی دژە ئیمپریالیزم) و نزیکبوونەوە لە یەکێتی سۆڤیەت دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتن و پەیوەندییەکی نزیکتر لە نێوان کۆماری ئیسلامیی و حیزبەكەیدا، لەم ڕوانگەیەوە کیانوری تەلارساز بووە بانگخوازێكی سیاسی و نزیک لە ڕێبەرایەتی شۆڕش، چونكە بەپێی بەڵگەنامەکانی حزبە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکانی جیهان، سەردەمی ئێستا، سەردەمی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆسیالیزم و ململانێی سەرەکی جیهانیش وەک “ململانێی بەرەی وڵاتانی سۆسیالیستی و هاوپەیمانەکانیان لەگەڵ جیهانی” ئیمپریالیزم بە سەرۆکایەتی ئەمریکا”، کیانوری خستە بەرەی لە پشتیوانی لە خەباتی دژە ئەمریکایی و موكوڕبوو لەسەر ئەوەی كە ئایەتوڵڵا خومەینی ئەرکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی خۆی جێبەجێ دەکات، كاتێكیش لایەنێك یان هەر هێزێكی سیاسی لە دەرەوەی ئەم ڕێبازەدا مانۆڕی بكردایە وەڵامی كیانوری ئەوە بوو، “بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنم کە ڕقم لەو گرووپانەیە جا چ کۆمۆنیست بن، مارکسیست بن و جوداخواز بن بە هەر ناوێک و بەرپرسێک بن من بە خیانەتکاری وڵات و ئایین دەزانم”. کیانوری داڕێژەری سیاسەتی یەکگرتوویی کردار و هاوپەیمانی بەرفراوانی هێزە شۆڕشگێڕ و دژە ئیمپریالیستەکانی ڕاستەقینە لە ئێران بە سەرکردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی بوو، بەم هۆیەوە کیانوری ڕۆڵی هەبوو لە هاندانی “خوێندکارانی دژە ئیمپریالیست کە پەیڕەوی لە هێڵی ئیمام دەکەن” بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، لەم بارەیەوە کیانوری وتی: (چڕبوونەوەی خەبات دژی ئیمپریالیزم و فراوانبوونی کاردانەوە ناوخۆییەكان بەدڵنیاییەوە زەمینە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی لەو شێوەیە (بەرەی یەکگرتووی گەل) خۆش دەکات. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەهێزکردنی ئەم پرۆسەیە”، لەسەر ئەم بنەمایە، بە پشتبەستن بە سروشتی دژە ئیمپریالیزمی شۆڕش، کیانوری شۆڕشی ئێرانی لە ڕیزەکانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکانی گەلانی جیهانی سێهەمدا ناساند.
لەبارەی بیروڕا فیكرییەكانیەوە مەنوچێهر ئاشتیانی دەگێڕێتەوە: “ڕۆژێک لە ئەڵمانیا لەگەڵ کیانوری و ئیحسان تەباری، مشتومڕمان لەسەر (مارکسیزم و پەیوەندییەکەی لەگەڵ نیشتمان) دەکرد، لە کاتی گفتوگۆکەدا کیانوری ئەو پرسیارەی ورووژاند: ئایا سەرمایەداری نیشتمانێکی هەیە؟ نیشتیمانی سەرمایەداری جیهانییە و لە هەر شوێنێک کە بتوانێت سەرمایەی خۆی دەڕێژێت. بە هەمان شێوە پرۆلیتاریا جیهانییە و نیشتمانێکی نییە، منیش گوتم پرۆلیتاریا نیشتیمانی نییە، واتە پایتەختی ئێمە مۆسکۆیە و تاران نییە، شاعیرەکەمانیش پۆشکین و حافز نییە؟! وتی بەڵێ! وتم، شاعیرەکەمان حافزە و پۆشکین نییە و پایتەختەکەمان تارانە و مۆسکۆ نییە.
لە پارێزەری شۆڕشەوە بۆ كونجی بەندینخانە
بانگەشە تیۆریی و كردارییە بێ وچانەكەی كیانوری و حیزبەكەی نەك دەنگ و سەدای نەگەیشتە جێ، بەڵكو لەپاش دەستخاڵی بوونی هێزە ئەمنییەكان و ڕق ئەستووریان لەبەرامبەر جیهانبینی چەپ و كۆمۆنیزمیدا وردەوردە بەرەو كونجی زیندان و ڕاپێچی بەردەم پەتی سێدارە كرد، هەندێك لەم زیندانییە كۆمۆنیستی و سازكراوەی كۆماری ئیسلامیی بە جۆرێك بوو، كە دیارترین ڕێبەرانی چەپ و كۆمۆنیزم پەیتاپەیتا بێنە بەردەم شاشەی تەلەفیزیۆن و بە بەرچاوی میلیۆنان بینەرەوە پاشگەزبوونەوە لە ڕێبازی كاری چەند ساڵەیان دەرببڕن و دونیای چەپ بە گومانی هەڵبەسترا و سۆسیالیزم بە خەیاڵ و یۆتۆپیاو ماركسیزم بە گوتاری چەواشەكار و شكست خواردوو ناوببەن.
لەنێو ئەوبارەدا، لە شوباتی ساڵی 1983 كیانوری لە خەیاڵی بونیادنانی سۆسیالیزمەوە لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ ئەندامی سەرکردایەتی و کادیرە چالاکەکان و مریەم فیرۆزی هاوسەری، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی” دەستگیرکران و لە زیندانی تەوحید دەستبەسەركرا، چەند مانگ دواتر و لە 10ی حوزەیرانی 1983، لەو دانپێدانانە تەلەفزیۆنییانەی کە لە زینداندا تۆمارکرابوون کە لەلایەن دەزگاکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی و لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پەخشکرابوون، سەرکردەكانی حیزبەكە یەک بە یەک دانیان نا بە سیخوڕیکردن بۆ سۆڤیەت، لەنێویاندا کیانوری كتوپڕ لە تەمەنی پڕ خەبات و تێكۆشانیدا بایدایەوەو ڕایگەیاند کە “حیزبی تودە لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا ئامرازێک بووە بۆ سیخوڕی و خیانەت”.
لە ساڵی 1989 کە تەمەنی ٧٤ ساڵ بوو و دوای زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی بۆ ماوەی شەش ساڵ، لە ڕاپۆرتی (گالیندۆپۆل)دا کە یەکەمین نوێنەری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە سەردانی زیندانی ئەوینی کرد، سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی كیانوری دەنووسێت: (بە نیشاندانی دەستی نیوە ئیفلیج و پەنجە شکاو و قاچی بریندار، باسی لەوە کرد کە چۆن بە ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندانی ئەوین بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە)، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەكراوە کە سێ ئەندامی ئەو حیزبە لە زیندانی تاکەکەسیدان، یەكیان کایانورییە ئەویش پاش ئەوەی سیخوڕی و پیلانگێڕی ڕەتکردەوە و ئیدانەی لەسێدارەدانی هەزاران گەنجی بێتاوانی کردووە.
كیانوری لە زینداندا لە ساڵی 1989 نامەیەکی بۆ سەید عەلی خامنەیی سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان نووسیوە و لەو نامەیەدا باسی لەوە کردووە کە بە توندی ئەشکەنجە دراوە بۆ دانپێدانان بە تۆمەتی درۆ بۆ ئامادەکردنی کودەتای چەکداری بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی و تیایدا بە وردی باسی لە پووچەڵبوونەوەی ئەو دانپێدانانە کردووە کە بە گوشار و هەڕەشە و ئەشکەنجەدانی خۆی و بنەماڵەکەی لە زینداندا کراوە، هەروەها ئاماژەی داوە بە هاوکارییەکانی لە ماوەی زیندان لەگەڵ یەکێک لە پیاوانی ئایینی بە ناوی مووسەوی زەنجانی لە مەدرەسەی قوم، پاشان ئاشکرایكرد کە هاوسەرەکەی مریەم فیروز و ئەفشەنا کچەکەی بە قامچی لێدرا و بە سەقفەوە لە پێش چاویدا هەڵواسراون، دوای ئازادبوونی لە زیندان، کیانوری لە ژێر چاودێری تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بوو و لە ماڵەوە زیندانی بووە تا کۆتایی ژیانی. لە سەروبەندی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتدا دژایەتی چاکسازییەکانی گۆڕباچۆڤ کرد و هۆکاری قەیران و داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتی بۆ پیلانگێڕیی ئەمریکا گەڕاندەوە؟
کیانوری کە لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بەردەوام بوو لە بەرگریکردن لە سیاسەتەکانی حیزبی تودە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تا ئەو كاتەی لە 5ی تشرینی دووەمی 1998 بۆ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بە خاک سپێردرا.
سەرچاوەكان:
- نورالدین کیانوری در گفتگو با مصاحبهگر ناشناس؟ خاطرات نورالدین کیانوری، انتشارات اطلاعات، 1371، ص15.
- نامه سرگشاده نورالدین کیانوری به آیتالله سید علی خامنهای، بیبیسی فارسی، 15 اذار 2009.
- ↑احسان طبری چگونه شکسته شد؟ https://www.radiozamaneh.com/328273
- ↑ ڕادیو زمانه، اسلام آوردن احسان طبری: شکنجه، اقناع یا سندرم استکهلم؟!https://www.radiozamaneh.com/332448
- ↑بیبیسی، نامه سرگشاده نورالدین کیانوری به آیتالله خامنهای، بی بی سی، 12/10/2012 https://www.bbc.com/persian/iran/2012/01/120124_nk_toudeh_party
- ↑بیبیسی، فراز و نشیب حزب توده ایران در دهه ۶۰؛ از کامروایی تا اعدام، ب.س، https://www.bbc.com/persian/iran/2012/02/120222_l10_mesdaghi_toudeh_party
- ↑پیوست کتاب ۲۳ سال محمد، دشتی علی، بولیتیكل، اذارما 1392، http://www.political-articles.com/Com/e-Book/23_YEAR.pd