هیچ نەگۆڕاوە؛ پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانەوە بۆ زیندان
ئامادەکردنى:تورکیاناسی
ناوی کتێب: هیچ نەگۆڕاوە؛ پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانەوە بۆ زیندان (Değişen Bir Şey Yok: Meclisten Mahpushaneye Kürt Milletvekilleri)
نوسەر: خەیری دەمیرو حەسەن کڵچ (Hayri Demir – Hasan Kılıç)
زمان: تورکی
چاپخانە: (Dipnot yayınları)
نۆبەتی چاپ: یەکەم
ژمارەی لاپەڕە: (٢٤٠)
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە: (٢٠١٩)
ئەم کتێبە باس لە قۆناغی دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر (١٣٨) ئەندامی پەرلەمانی تورکیا دەکات لە (٢٠)ی ئایاری (٢٠١٦)، کە (٥١) پەرلەمانتاریان لە سەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بوونو هەوڵی کودەتا (انقلاب) شکستخواردووەکەی (١٥)ی تەمموزی (٢٠١٦)و ڕۆژەکانی دیکەی دەکات. لە کاتێکدا شیکاری بۆ ئەو “هەڵە مێژووییە” دەکات کە لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا ڕویداوە، لە هەمان کاتدا چۆنیەتیی ڕاستکردنەوەی سیستەمی دیموکراسی لە تورکیاو وردەکاری ڕوداوە، هەستیارەکانی ئەو قۆناغە دەخاتەڕوو.
لە کتێبەکەدا هەریەک لە ڕۆژنامەنوس خەیری دەمیر لەگەڵ پسپۆڕی بواری سیاسەت؛ حەسەن کڵچدا، پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندییان لە سەر پەرلەمانتارە کوردەکانو دەستبەسەرکردنو توندکردنیان لە سوچی زیندانیان باسکردووە.
کاتی پیری (Kati Piri)؛ ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاو ڕاپۆرتنوسی یەکێتییەکە، لە سەر دۆخی تورکیا پێشەکیی کتێبەکەی نوسیوەو کۆتا گوتەیش لە کتێبەکەدا لەلایەن مورات سەڤینچ (Murat Sevinç)؛ پارێزەرو پسپۆڕی بواری دادگای دەستووری نوسراوە.
لەم کتێبەدا دیوی پشتەوەی لابردنی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتارە کوردەکانو هەڵمەتی دەستگیرکردنو دادگاییکردنیان لە (٤)ی تشرینی دووەمی (٢٠١٦)و ڕۆژانی دواتر خراوەتەبەر دیدی خوێنەران. هەر لە کتێبەکەدا نوسەران دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، عەبدوڵڵا زەیدان، سەلما ئڕماک، چاغڵار دەمیرەل، گیولسەر یەڵدرم، بورجو چەلیک ئۆزکان، فەرهات ئێنجو، سڕی سورەییا ئۆندەرو ئیدریس بالوکەنو چەندین پەرلەمانتاری زیندانیکراوی دیکەی هەدەپە، لە زمانی زیندانییەکانەوە باس لە کاتی لێکۆڵینەوە، پڕۆسەی دادگاییکردنو بەرگرییەکانیان دەکات. گرنگیو بایەخی ئەم کتێبەیش لەوەدایە کە لە کاتێکدا دەرگای زۆرێک لە ناوەندە میدیاییەکانی تورکیا بە ڕووی پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکاندا داخرابوو، لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە بەرگرییەکانی ئەوان لە کاتی دادگاییکردندا خراوەتەبەر دیدی ڕایگشتیی تورکیاو باکووری کوردستان.
ئەم کتێبە پێکهاتووە لە پێشەکیو سێ بەشو کۆتا گوتە. پێشەکییەکەی لەلایەن کاتی پیری (Kati Piri)؛ ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاو ڕاپۆرتنوسی یەکێتییەکە، لە سەر تورکیا نوسراوە. کۆتا گوتەیش لەلایەن پارێزەرو پسپۆڕی بواری دادگای دەستووری مورات سەڤینچ (Murat Sevinç) نوسراوە.
کاتی پیری لە پێشەکیی کتێبەکەدا باس لە قاقالێدانی پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) (Adalet ve Kalkınma Partisi) (AK Parti) دەکات لە کاتی دەنگدان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر (١٣٨) هاوپیشەیان، پیری ئەم قاقایانە “وەک گوزارشت لە ئایدۆلۆژیایەک کە زەبرێکی کوشندە لە پڕۆسەی دیموکراسی لە تورکیا دەدات”، ناوزەددەکات. لە هەمان کاتدا کاتی پیری بە توندی ڕەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت، کە بە پشتیوانیی ئەو حیزبە ئاکپارتی توانیویەتی پارێزبەندی لە سەر (١٣٨) پەرلەمانتار هەڵبگرێت، کە دوانیان لە سەر لیستی جەهەپە خۆی بوون، تەنانەت پیری پێیوایە “هۆکاری ناتەباییو لێکترازانی ناوخۆیی جەهەپەو تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بە هۆی ئەو هەڵوێستە مەترسیدارەی جەهەپەوە بووە”.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا نوسەران باسیان لە سیستەمی بەخشینی پارێزبەندی بە پەرلەمانتارو بەرپرسو دیبلۆماتکاران لە جیهانو تورکیا کردووە. وەک لە کتێبەکەدا ڕوونکراوەتەوە، ئەندامی پەرلەمان لە ڕێگەی بەخشینی پارێزبەندییەوە پێی هەتا هەڵگرتنی ئەو پارێزبەندییە لە سەری، لەلایەن دادگاو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستگیرناکرێتو نابێت لێیبکۆڵرێتەوە. لەم کتێبەدا ئاماژە بە پارێزبەندییەکی دیکە بۆ پەرلەمانتار کراوە، کە خەڵکیو تەنانەت شارەزایانی سیاسەتو دەوڵەتداریش درکیانپێنەکردووە، ئەوەیش بریتییە لە بەخشینی پارێزبەندی بە پەرلەمانتار لە مافی ئازادیی ڕادەربڕینو گوزارشت لە بیروڕا کەسییەکانی خۆی پەیوەست بە پێشهاتە ناوخۆییەکانو دەرەوەی وڵات. وەک دەزانرێت، لەو وڵاتانەی سیستەمی دیموکراسیو ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین پەیڕەودەکرێت. پەرلەمانتاریش وەک هەر هاوڵاتییەک ئازادانە ڕای خۆی دەردەبڕێت، بەڵام هەندێک جار دەوڵەت یان خودی پەرلەمان لە هەندێک بابەتو دۆخی نائاساییدا دەکرێت ڕێگریبکەن لە هاوڵاتیانو پەرلەمانتارانیش بۆ ڕادەربرین لە سەر ئەو بابەت یاخود دۆخە نائاساییە، بەڵام خاڵی دووەمی پێدانی پارێزبەندی بە پەرلەمانتار گرەنتیی پاراستنی مافی ڕادەربڕینی پەرلەمانتار لە دۆخە نائاسایشییەکاندا دەکات. نوسەرانی ئەم کتێبەیش جەخت لە سەر ئەم مافەی دووەمیش دەکەنەوەو بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانەوێت بڵێن، نەک مافی دووەم، کە زۆر گرنگە، بەڵکو مافی یەکەمی پارێزبەندی، کە بریتییە لە ڕێگری لە دامەزراوە دادوەریو ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنو لێکۆڵینەوە لە پەرلەمانتار بە کوردەکان نابەخشرێت.
بەشی دووەمی کتێبی “هیچ شتێک نەگۆڕاوە؛ پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانەوە بۆ زیندان” تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی پێشهاتەکانی دوای خۆپیشاندانەکانی باکووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی، گرژیو پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەگەڵ سوپای تورکیا لە قەڵای دیاربەکر، جزیرە، شرناخو ژمارەیەک شارو شارۆچکەی باکووری کوردستانو دواجار هەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی. نوسەران لەگەڵ ئەوەی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو پێشهاتانە زەمینەیان سازکرد بۆ قۆناغی دواتر، کە بە لابردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپەو دانانی قەییوم لە جێگەیان، دەستیپێکردو بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە بەردەوامەو دواتر دەستگیرکردنیانو دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنو (جگە لە چەند پەرلەمانتارێک) سزادانی هەریەکەیان بە ماوەیەکی دیاریکراوی زیندانی. دەتوانین بڵێین: ناونیشانی سەرەکیی ئەم کتێبە (هیچ شتێک نەگۆڕاوە؛ پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانەوە بۆ زیندان) گوزارشتە لە بەشی دووەمی کتێبەکە، ئەمەیش لە ڕێگەی چیرۆکی ژیانی یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی هەدەپە، کە پاش (٢٢) ساڵ هەمان سیناریۆی بە سەردا دووبارەدەکرێتەوە.
لەم بەشەدا باس لە سڕی ساکک (Sırrı Sakık)؛ پەرلەمانتاری هەدەپە، کراوە، کە لە ساڵی (١٩٩٤) کاتێک لە سەر لیستی پارتی دیموکراسی (دێپ) (Demokrasi Partisi)(DEP) دەبێت بە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، پاش ماوەیەک بە تۆمەتی “جوداخوازی” پارێزبەندی لە سەر سڕی ساکک، لەیلا زانا، هاتیپ دیجلە، مەحمود ئاڵناک، سەلیم ساداک، ئۆرهان دۆغان، زوبەیر ئایدارو ئەحمەد تورک هەڵگیرا، دوای کردنەدەرەوەیان بە پاڵ لە هۆڵی پەرلەمان بە زۆر لە بەردەم دەرگای پەرلەمان دەستبەسەرکرانو دوای دادگاییکردنیان هەریەکەیان بە (١٥) ساڵ زیندانی سزادرا. دوای تێپەڕبوونی (١٠) ساڵ بە سەر سزاکەیاندا، ساڵی (٢٠٠٤) ئەنجومەنی دادوەریی تورکیا (Yargıtay) بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سزاکەیانی هەڵوەشاندەوەو سەرجەمیان ئازادکران. لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا نوسەران لە ڕێگەی گواستنەوەی گوتەکانی سری ساکک، کە لە ڕۆژی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر خۆیو (٥٠) پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە لە (٢٠)ی ئایاری (٢٠١٦) لە هۆڵی پەرلەمانی تورکیا، جەختیان لە سەر نەگۆڕانی دۆخی ئەو وڵاتەو چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد کردووەتەوە. لەو ڕۆژەدا سڕی ساکک هاواریکرد کە “ئەم بڕیارە وەک پەڵەیەکی ڕەش دەڕواتە مێژووی تورکیاوە”. ساکک لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئەمڕۆ لە پەرلەمان ڕوداوێکم بۆ جاری دووەم بە چاوەکانی خۆم بینیم، ئەویش بریتییە لەوەی کە لە کاتێکدا خەریکە کێشەکانمان چارەسەردەبێت، تێگەیشتین لەوەی کە دەوڵەت جگە لە ڕێگەی دەستگیرکردن، کوشتنو لەناوبردن هیچ ڕێگەو ڕێبازیکی دیکەی ئەزمووننەکردووە”.
نوسەران خەیری دەمیرو حەسەن کڵچ بەشی سێیەمی کتێبەکەیان تەرخانکردووە بۆ گوتەی ئەو پەرلەمانتارە زیندانیکراوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردوونو لە سەرەتای ئەم بابەتەدا ناوەکانیان خراوەتەڕوو. ئەو پەرلەمانتارە زیندانیکراوانەی هەدەپە، کە بریتین لە هاوسەرۆکانی پێشووی ئەو حیزبە؛ فیگەن یوکسەکداغو سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەگەڵ (٨) پەرلەمانتاری دیکەی زیندانیکراو. هەریەکەیان لە ڕێگەی نوسینی گوتارێکەوە خەرمانی کتێبەکەی دەمیرو کڵچیان دەوڵەمەندترکردووە. پوختەی بۆچوونی ئەو (١٠) پەرلەمانتارە بریتییە لە کودەتای دەوڵەت بە سەر دیموکراسیو خەڵکدا لە ڕێگەی زەوتکردنی مافی نوێنەرەکانیانو توندکردنیانەوە لە بەندیخانە، تێکۆشان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارو ستەمی فاشیزم لە پێناوی دیموکراسیو ئازادی، تاووتوێکردنی ڕوداوەکانی پێش (٤)ی تشرینی دووەمی (٢٠١٦)، کە لەو ڕۆژەدا دەمیرتاشو یوکسەکداغو ئەو (٨) پەرلەمانتارەی دیکەی دەستگیرکران، ئاشکراکردنی هۆکاری زیندانیکردنی ئەو پەرلەمانتارانە، کە بریتی بووە لە بەرگری لە مافی ئەو خەڵکانەی دەنگیانپێداون، جەختکردنەوە لە سەر تێکەڵنەکردنی پێشهاتە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەت جیاکردنەوەی پێشهاتو ڕوداوە ئەمنیو چەکدارییەکان لە کەسایەتییە سیاسییەکانو پەرلەمانتارو خەباتی مەدەنیو دیپلۆماسی، دڵنیاییدان لەوەی کە هەدەپە هێزو پشتیوانی لە جەماوەرەوە وەردەگرێت نەک لە چەند کەسو بەرپرسو ڕێکخراوو دەوڵەتێکەوە، وێناکردنی هەڵگرتنی پارێزبەندیو سزادانی پەرلەمانتارو سیاسەتوانو چالاکانی کورد بە کۆمەڵکوژیی سیاسی، ورەبەرزیو جەختکردنەوە لە سەر بێبایەخیی بەرژەوەندییە کەسییەکانو نەترسان لە سزادانی کەسی، فراوانیی خەباتی ئافرەتی کوردو سەلماندنی پێگەیان لە هەر کاتو شوێنێکدا، لە کۆتا بابەتیشدا کۆمەڵێک ڕاستیی تاڵو گرنگ لەلایەن گیولسەر یڵدرم؛ پەرلەمانتاری زیندانیکراوی هەدەپەوە، خراوەتەڕوو.
کۆتایی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ گوتەی پارێزەرو پسپۆڕی بواری دادگای دەستووریو زانستی سیاسەت؛ مورات سەڤینچ (Murat Sevinç). ناوبراو لەگەڵ ئەوەی نامەی ماستەرو دکتۆراکەی دەربارەی پەیوەندیی یاساو سیاسەت نوسیوە، ئەزموونێکی باشیشی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای دەستووریی تورکیادا سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی پارتە سیاسییەکان بە گشتیو پارتە سیاسییە کوردییەکان بە تایبەتی هەیە. چەندین کتێبو توێژینەوەی لەم بوارەیشدا بڵاوکردووەتەوە. مورات سەڤینچ لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “بەهانەی سەرەکی بە دەست دادگای دەستوورییەوە بۆ داخستنی پارتە سیاسییەکان؛ بریتییە لە تەوەرەی ئیسلامی سیاسیو بزوتنەوەی سیاسیی کوردی”. لە لایەکی دیکەوە سەڤینچ باس لە بابەتی پارێزبەندی دەکات، پێیوایە “لە کاتێکدا مافی پارێزبەندیی بەخششو دەستکەوتێکی یاسایی گرنگە بۆ سیاسەتمەدارانی کورد، بەڵام دەوڵەت ئەم بەخششەی کردووەتە داوێک بۆ کوردەکان، بەو واتایەی هەرچەندە نوخبەی سیاسیو ڕۆشنبیرو دیبلۆماتکاری کورد بەخششی پارێزبەندی بە دەرفەتێک دەزانن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیانو بەدەستهێنانی مافی زیاتری کوردەکان، بەڵام دەوڵەت لێدەگەڕێت هەتا ئەو کەسانە لە ڕێگەی چالاکیی سیاسیو هەڵبژاردنەوە خۆیان دەخەنەپەنای پارێزبەندییەوە. لێرەوە دەوڵەت لە ڕێگەی دامەزراوەی دادوەریو یاسادانانەوە پەناگەکەیان بۆ دەکات بە داوێک کە دەربازبوونیان لێی زەحمەت دەبێت”. دیارە مەبەستی سەڤینچ ئەوەیە کە دەوڵەت قسەناکات، بەڵکو دیموکراسیو هەڵبژاردن بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ئەوەی چالاکوانو سیاسەتمەدارانی کورد بێنەپەرلەمانەوەو لە پەنای پارێزبەندیدا هەوڵی گەشەپێدانی چالاکییەکانیان بدەن، بەڵام دەوڵەت لە ڕێگەی دادگاوە دۆسیەیان بۆ دەکاتەوەو بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتە دەسەڵاتدارەکانو هەندێک پارتی ئۆپۆزسیۆنیش مافی پارێزبەندییان لە سەر هەڵدەگرێتو فڕێیاندەداتە سوچی زیندانەوە.
ئەگەر ئەم تێڕوانینەی مورات سەڤینچ پێچەوانەبکەینەوە، جۆرێک لە ڕەخنەگرتنی لە سیاسەتوانانی کوردیش تێدایە، بەو واتایەی کاتێک دەگەنە پەرلەمان، بە ڕاستو چەپدا هەڵدەدەن، قسەدەکەن، هاواردەکەنو سەردەکەن بە هەموو کونو قوژبنێکدا، دەوڵەتیش ئەم هاتوهاوارو بێنەوبەردەیان بۆ هەندێک شوێن دەقۆزێتەوەو تۆمەتباریاندەکات، دواجار بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەریانو زیندانیکردنیان کۆتاییدێت.
لێرەدا بەپێویستیدەزانین ئاماژە بە ناونیشانی کتێبێکی دیکە بدەین، کە لە ڕووی ناونیشانو هەتا ڕادەیەک ناوەڕۆکیشەوە نزیکە لەم کتێبەی خەیری دەمیرو حەسەن کڵچ، ئەویش کتێبی “هیچ شتێک نەگۆڕاوە” (Değişen Bir Şey Yok)ە، کە لەلایەن دویگو ئاسێنا (Duygu Asena)وە نوسراوە. هەرچەندە ناونیشانی سەرەکیی هەردوو کتێبەکە یەک ڕستەیە، بەڵام کتێبەکەی دەمیرو کڵچ باس لە پڕۆسەی گواستنەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان دەکات لە پەرلەمانی تورکیاوە بۆ زیندان بە زەبری یاساو هێز، بەڵام کتێبەکەی ئاسێنا دەمانگێڕێتەوە بۆ (٤٠) ساڵ بەر لە ئێستاو دەمانخاتەوە دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووریو نەتەوایەتیی کوردەوە لەو سەردەمەدا. دەیەوێت دۆخی کێشەی کورد لە (٤٠) ساڵ لەمەوبەر بەراوردبکات بە دۆخی ئێستاو پێمانبڵێت چی گۆڕاوەو ئەوانە چین کە لە جێی خۆیاندا ماونەتەوە.
دویگو ئاسێنایش لە کتێبەکەیدا هەوڵیداوە بەراوردکاری لە نێوان کێشەی ئافرەتو چەوساندنەوەی لەلایەن پیاوانەوە لەگەڵ کێشەی کوردو چەوساندنەوەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بکات. ئەم تێڕوانینەی دویگو ئاسێنا هەمان بۆچوونی سێڕڕا بوجاک (Serra Bucak)؛ سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر، لە سەر لیستی دەمپارتی بە بیری خوێنەر دەهێنێتەوە، کاتێک لە (١٧)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٣) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر (X) ڕایگەیاند: “خێزان لە دوای دەوڵەت دواکەوتووترین دامەزراوەیە (Aile devletten sonra gelen en gerici kurumdur!)”(١). مەبەستی ناوبراو لەم بۆچوونەی چەوەساندنەوەی کەمینەکانو خەڵکی سادەی کۆمەڵگەیە لەلایەن دەوڵەتەکانو چەوساندنەوەی خەڵکی کوردو هاوڵاتیانی سادەی تورکیاوە لەلایەن دەوڵەتەکەیانەوەو بە هەمان شێوە چەوساندنەوەی کچانو ژنان بە دایکانیشەوە لە چوارچێوەی خێزاندا، دیارە لێرەدا مەبەست لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی مێینەیە لەلایەن نێرینەوە.
لە هەمان کاتدا دویگو ئاسێنا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی کێشەی کوردو کێشەی ژن لە کۆمەڵگەی تورکیاو ستەملێکراوی هەردووکیان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە بەرپرسانی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستانو ئافرەتانی تورکیا دەگرێت کە بەشێکی هۆکاری چەوساندەوەو کێشەکانیان لە خۆیانەوە سەرچاوەدەگرێت.
ئەم دوو کتێبەی کە یەکەمیان بە وردەکارییەوە لەم باسەدا خراوەتەڕوو و دووەمیشان بە کورتی ئاماژەیپێدراوە، دوو سەرچاوەی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە کێشەی کوردو دۆخی دوای تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتیو پێشهاتەکانی دواتری. ئەمە جگە لەوەی کڵاوڕۆژنەیەکی گرنگ دەبێت، خوێنەر دەتوانێت بە سوودوەرگرتن لە ناوەڕۆکەکەی، ڕاڤەی پێشهاتو ڕوداوەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بکات، بە تایبەت بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی دەوڵەتو بەرپرسە سیاسییەکانی تورکیا لەمەڕ هەنگاونانیان بە ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیو چارەسەرکردنی کێشەی کورد.
لە ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
- Serra Bucak X, Aile devletten sonra gelen en gerici kurumdur!, 17.01.2023, https://x.com/serrabucak/status/1618911185776283649?lang=en, 28.11.2024